عەبادی هەوڵی گەڕانەوە دەدات
2019-04-16 13:41:05
راپۆرت: نامیق رەسوڵ- فازل حەمەڕەفعەت
كابینەی نوێی حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی لەلایەن دوو كوتلەی فراوانی نێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پێكهێنراوەو پشتیوانی لێدەكرێت، كە بریتین لە " هاوپەیمانی بونیاتنان" بە سەرۆكایەتی هادی عامریو "هاوپەیمانی چاكسازی" كە موقتەدا سەدر رابەرایەتی دەكات.
ئێستا ئەو دوو كوتلە گەورەیە لەبەردەم هەڵوەشانەوەدایە، پێدەچێت لە ئایندەیەكی نزیكدا كوتلەی نوێو هاوپەیمانێتی نوێی لێبكەوێتەوە، كە رەنگە كاریگەری لەسەر مانەوە یان لابردنی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆك وەزیران هەبێت، بەتایبەتی تائێستا كابینەكەی (4) وەزارەتی (بەرگری، ناوخۆ، پەروەردە، داد" بەهۆی ململانێو ناكۆكی كوتلەكانەوە پڕنەكراوەتەوەو بەوەكالەت بەڕێوەدەبرێن.
عەبادیو مالیكیو حەكیم یەكدەگرن
چەند سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار ئاشكرایانكرد، پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكی نوێ زۆر نزیكبوەتەوە، هاوپەیمانێتییەكە پێكدێت بەشێك لە لایەنەكانی هەردوو هاوپەیمانی چاكسازیو بونیاتنان.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، كە بۆ میدیا عێراقییەكان قسەیانكردووە، حەیدەر عەبادی، سەرۆكی هاوپەیمانی نەسرو نوری مالیكی سەرۆكی دەوڵەتی یاساو عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە كاردەكەن بۆئەوەی هاوپەیمانێتییەكی نوێ پێكبهێننو گفتوگۆكانیان لەوبارەیەوە قۆناغی باشی بڕیوە.
خەونی گەڕانەوە بۆ سەر كورسی
ئاژانسی ئاژانسی (فارس)ی سەربە كۆماری ئیسلامی ئێران، لە زاری رۆژنامەی (الاخبار)ی لوبنانییەوە نوسیویەتی:" ئامانجی ئەو كەسانەی كە ئەم بەرە نوێیە دروستدەكەن، دوورخستنەوەی عادل عەبدولمەهدیو گەڕاندنەوەی حەیدەر عەبادییە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق".
بەپێی قسەی كەسانی نزیك لە عەبادی، پاڵنەری سەرەكی پشت ئەم جموجوڵە سیاسییە نوێیە" میكانیزمی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت"ە، كابینەیەك كە بە رێككەوتنی دوولایەنەی نێوان هاوپەیمانی (سائیرون)و (فەتح) پێكهاتووەو هاوپەیمانی یەكەم (موقتەدا سەدر) رێبەری رەوتی سەدر سەرۆكایەتی دەكاتو هاوپەیمانی دووەمیش (هادی عامری) سەرۆكی رێكخراوی بەدر سەرۆكایەتی دەكات.
سەدر پشتیوانی دەكات ؟
وەكو رۆژنامە لوبنانییەكە باسی دەكات، سەرباری ئەوەی هەردوو لایەن، واتە سەدرو عامری لەناو دوو هاوپەیمانی گەورەتردان بەناوی هاوپەیمانی (چاكسازی)و هاوپەیمانی (بونیادنان)، بەڵام زۆرینەی ئەو لایەنانەی تر كە لەناو ئەو دوو هاوپەیمانێتییەدان، لەسەر رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەت قایل نەبوون.
سەرچاوەكانی نزیك لە عەبادیو عەممار حەكیم، هەردوو هاوپەیمانی سائیرونو فەتح تۆمەتبار دەكەن بەوەی ئەو دوو لایەنە بەبێ گەڕانەوە بۆ هاوپەیمانەكانی تریان پێكەوە كێكی دەسەڵاتیان لەنێوان خۆیاندا دابەشكردووە.
لەبەرامبەردا سەرچاوەكانی نزیك لە هاوپەیمانی فەتح كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات دەربارەی ئەو جموجوڵە سیاسییانەی كە بەمدواییە دەستیانپێكردووە، دەڵێن" ئەو جموجوڵانە ناتوانێت ئۆپۆزسیۆن دروستبكاتو بە ئامانجەكەی خۆشی لە گەڕاندنەوەی عابادی بۆسەر كورسی دەسەڵات سەركەوتوو نابێت"، بەڵام بەوتەی رۆژنامە لوبنانییەك، عەبادی رایگەیاندووە كە لەم هەنگاوەیدا موقتەدا سەدر پشتیوانی لێدەكات.
كەسانێك كە عەبادییان بینیوە، لەزاری ئەوەوە دەڵێن" موقتەدا سەدر قایلە بەوەی عەبادی ببێتە سەرۆك وەزیران"، بەڵام سەرچاوەكانی نزیك لە هاوپەیمانی فەتحی هادی عامری باسلەوەدەكەن" عەبادی لەناو خەیاڵەكانی خۆیدا نقوم بووە، چونكە سەدر لەم كاتەدا عامری ناكاتە قوربانی بۆ عەبادی، لەگەڵ عەبادیدا هاوبەشی ناكات كە دواجار نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاساش ببێتە شەریكی رێككەوتنەكەیان".
لایەنە كوردییەكان لە هاوكێشەدا !
سەرچاوەكانی نزیك لە هاوپەیمانی چاكسازی دەڵێن، تاڕادەیەكی زۆر یەكلابوەتەوە عەبادیو حەكیم دەبن بە ئۆپۆزسیۆن لە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدیدا، پایەكانی ئەم ئۆپۆزسیۆنەش بریتییە لە هاوپەیمانێتی نێوان عەبادیو حەكیمو مالیكیو جەمال كەربولی سەرۆكی حزبی حەلو شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، ئەگەریش هەیە لە كۆتاییدا یەكێتی نیشتمانی پەیوەندی بە كاروانەكەوە بكات.
ئەم هاوپەیمانێتییە نوێیە لەلایەن خودی عەبادییەوە سەرۆكایەتی دەكرێتو ناوبراو لە سەردانی ئەمدواییەدا بۆ نەجەف پێشنیازی خۆی بۆ سەرجەم مەرجەعەكانی شیعە خستەڕوو (جگە لە عەلی سیستانیی كە ئامادەنەبوو پێشوازی لێبكات).
هەڵوێستی رەوتەكەی عەممار حەكیم كەمێك دەربارەی ئەم هەوڵە جیاوازەو ئەوان دەیانەوێت ببنە ئۆپۆزسیۆنێكی كارا چاودێری حكومەتی ئێستا بكەن، نەك هەوڵ بدەن بۆ رووخاندنی.
سەرچاوەكانی نزیك لە عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە رایانگەیاند" ئەوان پشتیوانی كابینەی حكومەت دەكەن، بەڵام لەوباوەڕەدان كە حكومەتەكە سائیرونو فەتحو پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بەڕێوەدەبرێت.. حكومەت دەبێت كاروباری خۆی چاكبكاتەوە، چونكە ئێمە بەرپرسیارێتی هەڵەی ئەوان لە ئەستۆناگرین".
هەڵوێستی نێودەوڵەتیو سەرۆك كۆمار
بەگوێرەی زانیاری میدیاكانی ئێران، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق دژی هەموو هەوڵێكە بۆ گەڕاندنەوەی حەیدەر عەبادی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانو هاوكات دژی ئەوەشە نوری مالیكی پۆستی جێگری سەرۆك كۆمار وەربگرێت.
كەسە نزیكەكان لە عەبادی دەڵێن" بەرپرسانی ئەمریكا لە عادل عەبدولمەهدی نیگەراننو ئاگاداریان كردەوەتەوە كە بە سیاسەتەكانی رازی نین، ئەمەش دوای ئەوەی عەبدولمەهدی خۆی لەسەر میحوەری ئێران یەكلاكردەوە".