چۆن حكومەتی نوێی ئیسرائیل پێكدەهێنرێت؟
2019-04-13 12:35:32
ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ
ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی ئیسرائیل كە رۆژی سێشەممەی رابردوو بەڕێوەچوو، دەریخست حزبی لیكۆد بە سەرۆكایەتی بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل 36 كورسی لە كۆی 120 كوسی پەرلەمان " كنێست"ی ئیسرائیل بەدەستهێناوە ئەوەش وایكرد ئەو حزبە لە پێگەی یەكەمدا بێت بۆ دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتێكی هاوپەیمانی راستڕەو.
نەتەنیاهۆ بەرەو ئەوە هەنگاو دەنێت بۆ پێنجەم جار لە ژیانی سیاسیدا ببێتەوە سەرۆك وەزیرانو متمانەی بە تواناكانی خۆی هەیە كە حكومەتێكی هاوپەیمانی لە حزبە ئاینی و راستڕەوەكان پێكبهێنێت.
ئەم حكومەتەی كە نەتەنیاهۆ ئەمجارە پێكیدەهێنێت خاوەنی زۆرینەیەكی لاواز دەبێت لە پەرلەماندا، لەبەرامبەر ئۆپۆزسیۆنێك كە پێدەچێت پارتی " شینو سپی" چەپی میانڕەو رابەرایەتی بكات كە 35 كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوەو لە مێژووی ئیسرائیلدا هیچ حزبێك نەیتوانیوە زۆرینەی رەهای پەرلەمانی بەدەستبهێنێت.
لەم بەشەی ئەم راپۆرتەدا چاوخشاندنێكی خێرا دەكەین بە حزبە جیاوازەكانی ئیسرائیلو براوەو دۆڕاوەكانیان دیاریدەكەین و تیشك دەخەینە سەر ئەو رووداوانەی كە رەنگە لە داهاتوویەكی نزیكدا رووبدەن:
ئەو هاوپەیمانێتییەی كە نەتەنیاهۆ هەوڵدەدات پێكیبهێنێت:
پێشبینیدەكرێت حكومەتی ئیئتیلافی نوێی ئیسرائیل كۆپییەكی حكومەتەكەی ئێستا بێت، نەتەنیاهۆ ( 6 ساڵ) لە وتاری سەركەوتندا ئاشكرایكرد " بەنیازە كابینەی نوێی حكومەت لەگەڵ پارتی ئاینیو راستڕەوەكاندا پێكبهێنێت".
هەنگاوی دواتر
هەنگاوی داهاتووی نەتەنیاهۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتییە، ئەم هەفتەیە سەرۆكی ئیسرائیل گفتوگۆ لەگەڵ سەركردەی هەموو حزبەكاندا دەكات دەربارەی ئەو كەسەی كە بەباشی دەزانن ببێتە سەرۆك وەزیران، پاشان ناوی ئەو كەسە ئاشكرادەكات كە بەبڕوای ئەو چانسی گەورەی هەیە بۆ پێكهێنانی حكومەتو پێدەچێت نەتەنیاهۆ كەسە دیاریكراوەكە بێت، بەرەچاوكردنی ئەوەی سەرۆكی ئەو حزبەیە كە خاوەنی زۆرترین كورسییە لە پەرلەماندا، ئەگەر دیاریكردنی راگەیەندرا، ئەوا 42 رۆژی مۆڵەت دەبێت بۆ پێكهێنانی حكومەتو ئەگەر شكستیهێنا، ئەوا سەرۆكی وڵات سیاسییەكی تر هەڵدەبژێرێت.
دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەتی ئیئتیلافی هەمیشە وابووە كاتێكی زۆر دەخایەنێت، حزبە بچوكەكان داوای وەزارەت دەكەنو داواكاری داراییو یاساییان هەیە بۆئەوەی وەڵامی ئەو بەڵێنانەیان بدەنەوە كە لە هەڵبژاردندا بە دەنگدەرانیان داوە، ئەو كاتەش لەسەر نەتەنیاهۆ پێویستە ئەو داواكارییانەو كارە لە پێشینەكانی حزبەكەی هەڵبسەنگێنێت.
ئەو حزبانەی پشتگیری لە نەتەنەیاهۆ دەكەن
* لیكۆد:
36 كورسی لە پەرلەماندا هەیەو بەراورد بە پێشوو شەش كورسی زیادكردووەو نەتەنیاهۆ سەرۆكایەتی دەكات.
لیكۆد چەندین دەیەیە سەرەڕمە لە سیاسەتەكانی بەرەی راستڕەو لە ئیسرائیل و بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1977 بە سەرۆكایەتی مەناحم بێگن سەركردەی گروپی ئیرگۆنو براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی دەسەڵاتی گرتەدەست.
نەتەنیاهۆ هەڵوێستە توندە كلاسیكییەكانی لیكۆد دەربارەی ئاسایش بەرجەستەدەكات لە پرسەكانی وەك ناكۆكیو ململانێی ئیسرائیل – فەلەستینو سیاسەتی دەرەكی كە ئێستا زیاتر دەربارەی ئێرانە.
ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی لیكۆد دژی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینن، نەتەنیاهۆ لە هەڵمەتی بانگەشەی ئەم هەڵبژاردنەی دواییدا بەڵێنیدا كە ئۆردوگا جولەكەنشینەكانی كەرتی خۆرئاوا بهێنێتە سەر ئیسرائیل ئەگەر خولێكی تری سەرۆك وەزیرانی بەدەستهێنایەوە.
لەو ئۆردوگایانەدا نزیكەی 400 هەزار جولەكە دەژینودراوسێی 2.9 ملیۆن فەلەستینین كە لە كەرتی خۆرئاوا دەژینو ئیسرائیل لە جەنگی ساڵی 1967دا داگیركردو هەتائێستاش لەرووی سەربازییەوە لەژێر دەسەڵاتیدایە، بەڵام هەرگیز بە رەسمی وەك بەشێك لە ئیسرئیل نەیناساندووە.
لە هەڵبژاردنەكەدا ئەندامانو لایەنگرانی لیكۆد لەدەوری نەتەنیاهۆ گردبوونەوە كە ئەگەری ئەوە هەیە لە سێ كەیسی گەندەڵیدا تۆمەتی ئاراستەبكرێتو دادگایی بكرێت، بەڵام نەتەنیاهۆ رەتیدەكاتەوە هیچ پێشێلكارییو گەندەڵییەكی كردبێت.
* حزبی یەكێتی راستڕەو
پێنج كورسی كنێستی بەدەستهێناوەو پێشتریش هەمان ژمارە كورسی هەبوو، حاخام رافی پێریتس سەرۆكایەتی دەكات، حزبێكی ئاینیی نەتەوەییە لە ئیسرائیل و یەكێكەلە دیارترین قەوارە سیاسییەكان كە نوێنەرانی جولەكەكانی كەرتی خۆرئاوا دەكات.
ئەم حزبە بیرۆكەی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین رەتدەكاتەوەو جەختدەكاتەوە لەسەر پەیوەندیی تەوراتیو ئایینی جولەكە بەو زەوییانەی كە فەلەستینییەكان هەوڵدەدەن دەوڵەتەكەیان لەسەر دابمەزرێنن.
چاوەڕوان دەكرێت دۆناڵد ترەمپ لە چەند مانگی داهاتوودا پلانەكەی بۆ ئاشتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست رابگەیەنێت، ئەگەر پلانەكەی سازشكردنی خاكی تێدابێت بۆ فەلەستینییەكان ئەوا پێدەچێت ئەم حزبە ناڕەزایەتی توند دەرببڕێت.
* حزبی یسرائیل بیتنو " ئیسرائیل ماڵمانە":
لەم هەڵبژاردنەدا پێنج كورسی كنێستی بەدەستهێناوە، خولی پێشووش هەمان ژمارە كورسی هەبوو، ئەڤیگدۆر لیبەرمان سەرۆكایەتی دەكات، حزبێكی عەلمانی، نەتەوەیی، راستڕەوی توندڕەوە، بنكەی جەماوەریی لەو جولەكانەدایە كە لە یەكێتی سۆڤیەتی پێشووەوە كۆچیان كردووە بۆ ئیسرائیل، لیبەرمان كە لە مۆڵدۆڤا لەدایكبووەو پێشتر وەزیری بەرگری بووە هەوڵدەدات لە توندڕەویدا نەتەنیاهۆ تێبپەڕێنێت.
* حزبی تەوراتی یەهودی یەكگرتوو:
حەوت كورسی لەم هەڵبژاردنەدا بەدەستهێناوە كورسییەكی زیادكردووە، سەرۆكەكەی یەعقوب لیتزمانە، نوێنەرانی جولەكەكانی حەریدیم ئەرسەدۆكسی توندڕەو دەكات كە بەرەچەڵەك ئەوروپین، رەنگە نەتەنیاهۆ لە پێكهێنانی حكومەتەكەیدا پشت بەم حزبە ببەستێت كە لە بنیچنەدا بایەخ بە گەرەنتیكردنی ئیمتیازات دەدات بۆ پیاوانی حەریدیمەكان لە حكومەت, چونكە ژیانیان بۆ خوێندنی ئاینی تەرخانكردووەو كارناكەنو خزمەتی سەربازیی ناكەن.
* حزبی شاس
هەشت كورسی لە كنێستی ئەمجارەدا بەدەستهێناوەو كورسییەكی زیادكردووە، ئەریێ درعی سەرۆكایەتی دەكاتو ناوە تەواوەتییەكەی بریتیە لە " یەكێتی سەفاردیم پاسەوانانی تەورات" لەگەڵ پارتی تەوراتی یەهودی یەكگرتوو, هاوپەیمانەو هاوشێوەی حزبەكانی تر بەردەوام بەشداری حكومەت دەكاتو نوێنەرایەتی جولەكە حەریدییەكان دەكات، كە بەرەچەڵك خەڵكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن.
* حزبی كولانو ( هەموومان):
پێشتر 10 كورسی لە كنێستدا هەبوو، بەڵام ئەمجارە بۆ چوار كورسی دابەزیوە، مۆشێ كاحلون سەرۆكییەتی، خۆی وەكو حزبێكی راستڕەوی میانڕەو دەناسێنێتو لە بانگەشەی هەڵبژاردندا زیاتر جەختی لە پرسە ئابوریو كۆمەڵایەتییەكان دەكردەوە. كاحلون كە وەزیری دارایی بوو لە حكومەتەكەی نەتەنیاهۆدا چەندجارێك بۆ تاوتوێكردنی كاروباری ئابوری لەگەڵ بەرپرسانی فەلەستیندا كۆبوەتەوە، هەرچەندە سەركردە سیاسییەكانی ئیسرائیلو فەلەستین لە ساڵی 2014ەوە كۆنەبوونەتەوە.
كاحلون دەیەوێت، پارێزگاری لە پۆستەكەی بكاتو لە حكومەتی نوێدا وەك وەزیری دارایی بمێنێتەوە، بەڵام بەهۆی شكستی حزبەكەیەوە لەم هەڵبژاردنەدا پێگەی لاواز بووە.
كێ لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن دەبێت؟
* حزبی شینو سپی:
یەكەمجارە بەشداری هەڵبژاردن دەكاتو 35 كورسی كنێستی بەدەستهێناوە، بینی گانتسو یائیر لابید سەرۆكایەتی دەكەن.
گانتس كە فەرماندەی پێشووی سوپایە, وەك ركابەرێكی مەترسیدار بەرامبەر بە نەتەنیاهۆ دەركەوت، بەڵام نەیتوانی بەسەریدا سەربكەوێتو راستگۆیی لەدەستدا كاتێك پەلەیكرد لە راگەیاندنی سەركەوتنی لە هەڵبژاردنەكاندا پێش یەكلایكردنەوەی ئەنجامەكان.
گانتس لەگەڵ مۆشێ یەعلون، وەزیری پێشووی داراییو یائیر لابید كە سەر بە چەپی میانڕەوە كاریانكرد بۆ پێكهێنانی ئەو حزبە نوێیە.
حزبەكە بەڵێنیدا بوو كاربكات بۆ حكومەتێكی خاوێن لەگەڵ پاراستنی ئاشتیو ئاسایش و لابید لەكاتی داننان بە شكستیاندا رایگەیاند حزبەكەیان لە ئۆپۆزسیۆندا ژیانی لیكۆد دەكاتە دۆزەخ.
* حزبی كار:
پێشتر 12 كورسی لە كنێستدا هەبوو، لەم هەڵبژاردنەدا بۆ شەش كورسی كەمبوەوە، ئافی گابای سەرۆكایەتی دەكات، حزبێكی چەپەو لە دەیەكانی سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتەوە حوكمی ئیسرائیلی كردووە.
لە بانگەشەی هەڵبژاردندا جەختیكردەوە لەسەر چاكسازی كۆمەڵایەتی و ئابوری لەگەڵ هەوڵەدان بۆ بەدیهێنانی ئاشتیو جێبەجێكردنی چارەسەری دوو دەوڵەت لەگەڵ فەلەستینییەكان، بەڵام لە هەڵبژاردنەكەدا گورزێكی كەمەرشكێنی بەركەوت.
* بەرەی دیموكراتی بۆ ئاشتی و یەكسانی ( حداش)- حزبی گردبووەنەوەی نیشتمانی دیموكراتی:
ئەیمەن عۆدە و ئەحمەد تەیبیی سەرۆكایەتی دەكەن، ئەم بەرەیە شەش كورسی لە پەرلەماندا هەیە، یەكێك لەو دوو كوتلە گەورەیەی كە عەرەب زۆرینەن تێیدا.
ئەم بەرەیە یەك پەرلەمانتاری جولەكەشی هەیەو بانگەشە بۆ هاوپەیمانی عەرەبو جولەكە دەكات بۆ بەرەنگاربوونەوەی رەگەزپەرستیو نایەكسانی كۆمەڵایەتی.
حزبە عەرەبییەكان هەرگیز لە هیچ حكومەتێكی هاوپەیمانی ئیسرائیلدا بەشداریان نەكردووە لە هەڵبژاردنی ئەمساڵدا عەرەبەكان بەهۆی یاسای ناسنامەی جولەكەی دەوڵەت كە ساڵی 2018 پەسەندكرا بەرێژەیەكی بەرچاو بایكۆتی هەڵبژاردنیان كرد.
* لیستی عەرەبی یەكگرتوو، گردبوونەوەی نیشتمانی دیموكراتی :
عەباس مەنسور و ئیمتانس شحادە سەرۆكایەتی دەكەن، چوار كورسی كنێستیان بەدەستهێناوە، سەركردەكانی تێكەڵەیەكن لە نەتەوە پەرستی عەرەب و ئیسلامییو خۆی وەكو بزوتنەوەیەكی دیموكراتی دژ بە داگیركاری ئیسرائیل بۆ خاكی فەلەستین وەسفدەكات.
* حزبی میرتس:
تەمار زاندبێرگ سەرۆكایەتی دەكات، لەم هەڵبژاردنەدا كورسییەك كەمیكردووەو چوار كورسی بەدەستهێناوە، لەم 20 ساڵەی دواییدا بەشداری هیچ حكومەتێكی نەكردووە، لەناو نێوندە ئیسرائیلییە لیبراڵەكاندا جەماوەری هەیەو بۆ چارەسەری كێشەی فەلەستین بانگەشە بۆ بیرۆكەی دامەزراندنی دوو دەوڵەت دەكات.
حزبە دۆڕاوەكان:
* حزبی راستڕەوی نوێ بە سەرۆكایەتی نەفتالی بینیتو ئیلیت شاكد ، پێشتر سێ كورسی هەبوو، لەم هەڵبژاردنەدا هیچ كورسییەكی بەدەستنەهێنا.
بینیت كە وەزیری پەروەردە بوو لەگەڵ شاكد وەزیری دارایی لە رەوتی ئاینی نەتەوەیی لە ئیسرائیل جیابوونەوەو حزبێكی راستڕەوی توندڕەویان دامەزراند بۆ راكێشانی دەنگی ئەو بازنانەی كە زۆر مەیلیان بەلای عەلمانیەتدا هەیە.
* حزبی زیهۆت:
هیچ كورسییەكی بەدەستنەهێنا، مۆشێ فیلجن سەرۆكایەتی دەكات، لە راپرسییەكاندا دۆخی باش بوو، بەڵام رۆژی هەڵبژاردن كەوت.
حزبێكی ئاینی نەتەوەیی توندڕەوە، داوادەكات رێگە بە كێشانی ماریوانا بدرێت، هەروەها داوادەكات فەلەستینییەكان بە ویستی خۆیان بگوازرێنەوە بۆ وڵاتانی عەرەبی دراوسێو بونیاتنانی پەیكەری یەهودی سێیەم.
سەرچاوە: ئاژانسی رۆیتەرز