Draw Media

بۆ پێنجەمجار پۆستی سەرۆك وەزیران بەدەستدەهێنێتەوە 

بۆ پێنجەمجار پۆستی سەرۆك وەزیران بەدەستدەهێنێتەوە 

2019-04-10 16:03:00


راپۆرتی: بی بی سی 
وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ

رۆژی سێشەممە هاوڵاتیانی ئیسرائیل بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانێكی نوێ بۆ وڵاتەكەیان چونە سەر سندوقەكانی دەنگدان‌و بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەكانیش پێدەچێت بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆكی حزبی لیكۆد بۆ پێنجەمین جار پۆستی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بەدەستبهێنێتەوە.
ئەگەر نەتەنیاهۆ سەركەوتووبێت لە بەدەستهێناوەی پۆستی سەرۆك وەزیراندا بۆ پێنجەمینجار ئەوا دەبێتە دەستكەوتێك بۆی كە لە مێژووی ئیسرائیلدا هیچ كەسێك نەیتوانیوە بەدەستیبهێنێت، جگە لە ئەو كە رۆژانێك رەخنەگران بە كەسێكی ناشارەزا وەسفیاندەكرد كاتێكی بۆ یەكەمجار‌و لە ساڵی 1996 بە جیاوازییەكی زۆر كەم هەڵبژێردرا.
نەتەنیاهۆ ئێستا لە گۆڕەپانی سیاسی ئیسرائیلدا لە ململانێدایە لە پێناوەی مانەوەیدا لەبەرامبەر زنجیرەیەك تۆمەتی گەندەڵی كە ئاراستەی دەكرێن.
چەندین ساڵە نەتەنیاهۆ خۆی بە شێوەیەك وێنادەكات كە ئەو كەسەیە دەتوانێت ئاسایشی ئیسرائیل لە‌و ناوچە سەختەی تێیدا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بپارێزێت، بۆئەوەش هەڵوێستی زۆر توندی بەرامبەر بە فەلەستینییەكان گرتوەتەبەرو مەترسییە ئەمنییەكانی ئیسرائیلی لە سەرووی هەموو پرسەكانەوە داناوە لەهەر دانوستانێكدا كە تایبەت بە ئاشتی ئەنجامبدرێت.


رۆڵی براكەی لە دەركەوتنیدا
بنیامین نەتەنیاهۆی ناسراو بە " بیبی" ساڵی 1949 لە تەلئەبیب لەدایكبووە، خێزانەكەی ساڵی 1963 لە ئیسرائیلەوە كۆچیان كردووە بۆ ئەمریكا ئەو كاتەی كە باوكی " سەهیۆن نەتەنیاهۆ" مێژوونوس‌و چالاكی جولەكە لە تەمەنی 18 ساڵیدا پۆستێكی ئەكادیمی بۆ پێشنیازكرا.
نەتەنیاهۆ گەڕایەوە بۆ ئیسرائیل‌و ماوەی پێنج ساڵ لە سوپادا خزمەتیكرد‌و لە یەكەیەكی دەستەبژێردا بە پلەی رائید كاریكرد‌و ساڵی 1968 لە هێرشێكدا بۆسەر فڕۆكەخانەی بەیروت‌و لە شەڕی ئۆكتۆبەر/ تشرینی یەكەمی 1973 شدا بەشداریكرد.
دوای تەواوبوونی خزمەتی سەربازیی، نەتەنیاهۆ گەڕایەوە بۆ ئەمریكاو لە پەیمانگای ماساچوستس بەكالۆریۆس‌و ماستەری بەدەستهێنا.
ساڵی 1976 جۆناسانی برای لەكاتی سەرپەرشتیكردنی هێرشێك بۆ رزگاركردنی چەند بارمتەیەكی فڕۆكەیەكی رفێندراوی ئیسرائیلی لە فڕۆكەخانەی عەینتیە لە ئۆگەندا كوژرا.
مردنی جۆناسان كاریگەری قوڵی كردە سەر خانەوادەی نەتەنیاهۆ،  ناوەكەی بووە " ئەفسانە" لە ئیسرائیل، پاشان نەتەنیاهۆ پەیمانگایەكی بۆنەهێشتنی تیرۆر بەناوی براكەیەوە كردەوە.
ساڵی 1982 نەتەنیاهۆ بووە جێگری سەرۆكی نێردەی ئیسرائیل لە ئەمریكا‌و لە ماوەیەكی زۆر كەمدا بەناوبانگ بوو كە زۆر بەباشی بە ئینگلیزییەكی شێوە ئەمریكی قسەیدەكرد‌و لە كەناڵە تەلەفزیۆنەكانی ئەمریكادا بووە دەموچاوێكی ناسراو‌و چالاكێكی كارا لە پێناوی ئیسرائیلداو لە ساڵی 1984 دا كرا بە نوێنەری ئیسرائیل لە نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك.


دابەشكردنی خاكی فەلەستین
نەتەنیاهۆ ساڵی 1998 گەڕایەوە ئیسرائیل‌و دەستیكرد بە سیاسەتكردن لە ناوخۆی ئیسرائیلد و كورسییەكی پەرلەمان " كنێست"ی ئیسرائیلی بەدەستهێنا‌و بووبە جێگری وەزیری دەرەوە، لە گۆڕەپانی سیاسیشدا لە سەركردەكانی پێشووی حزبی لیكۆد‌و دوای ئەوەی ئەو حزبە لە هەڵبژاردنە گشتییەكانی ساڵی 1992 شكستیهێنا، نەتەنیاهۆ بوو بە سەرۆكی حزبەكە‌و ساڵی 1996 بووە یەكەمین سەرۆك وەزیران  كە لە هەڵبژاردنی پێشوەختدا هەڵببژێدرێت، ئەوەش دوای تیرۆركردنی ئیسحاق رابینی سەرۆك وەزیران، بەوەش بووە گەنجترین سەرۆك وەزیران كە لە ئیسرائیل لە دایك بوبێت دوای دامەزراندنی لە ساڵی 1948.
خولی یەكەمی نەتەنیاهۆ لە پۆستی سەرۆك وەزیراندا كورت‌و سەرنجڕاكێش بوو، چونكە لەو كاتەدا حكومەتە ئیئتیلافییەكەی دووچاری ناكۆكی نێوخۆیی‌و دابەشبوون ببوو.
نەتەنەیاهۆ سەرەڕای دژایەتیكردنی زۆر توندی رێككەوتنی ئاشتی ئۆسڵۆی نێوان ئیسرائیل‌و فەلەستینییەكان، بەڵام  ساڵی 1997 رێككەوتنێكی ئیمزاكرد‌و 80%ی شاری خەلیلی رادەستی دەسەڵاتی فەلەستینی كرد، هەروەها ساڵی 1998 یاداشتی " وای ریڤەر"ی ئیمزاكرد كە پرۆسەی كشانەوە لە كەناری خۆرئاوای تێدا دیاریكراوە، بەڵام ساڵی 1999 دوای ئەوەی داوای هەڵبژاردنی پێشوەختی كرد پۆستەكەی لەدەستدا‌و لە بەرامبەر ئیهۆد باراك سەرۆكی حزبی كرێكاران شكستیهێنا كە بەڵێنیدابوو بەردەوامبێت لەكاركردن لە پێناوی گەیشتن بە رێككەوتنی ئاشتی هەمیشەیی و كشانەوە لە باشووری لوبنان.


زیندبوونەوەی سیاسیی
دوای شكستهێنانی لە هەڵبژاردندا نەتەنیاهۆ وەك ئەندامی كنێست‌و سەرۆكی حزبی لیكۆد دەستیلەكاركێشایەوەو ئاریێل شارۆن لە سەرۆكایەتی حزبەكەدا جێگەی گرتەوە‌و ساڵی 2001 شارۆن وەك سەرۆك وەزیران هەڵبژێدراو نەتەنیاهۆ وەك وەزیری دەرەو‌و پاشان وەزیری دارایی گەڕایەوە حكومەت‌و ساڵی 2005 وەك ناڕەزایەتییەك بەرامبەر كشانەوەی ئیسرائیل لە كەرتی غەززە دەستیلەكاركێشاوە و جارێكی تر لەو ساڵەدا دوای جیابوونەوەی شارۆن لە لیكۆد‌و دامەزراندنی حزبی كادیماو پاشان توشبونی بە جەڵتەی مێشك‌و بێهۆشبونی، نەتەنیاهۆ هەلەكەی قۆزتەوە.


گرنگترین رووداوەكانی ژیانی نەتەنیاهۆ:
* 1949 لە تەلئەبیب لە دایكبووە.
* 1967- 1973 بە پلەی رائید لە یەكەیەكی تایبەتی موغاویردا كاریكردوە.
* 1984 بووە باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەكگرتووەكان
* 1988 چووە ناو كنێست‌و حكومەتەوە.
* 1996 بووە سەرۆك وەزیران
* 199 لە هەڵبژاردندا شكستیهێنا.
* 2002- 2003 بووە وەزیری دەرەوە.
* 2003- 2005 بووە وەزیری دارایی و پاشتن بەهۆی كشانەوەی ئیسرائیل لە كەرتی غەززە دەستیلەكاركێشایەوە.
* كانونی یەكەمی 2005 بووە سەرۆكی حزبی لیكۆد.
* 2009 بە سەرۆك وەزیران هەڵبژێدرایەوە.
* 2013 بۆ خولێكی نوێ‌ بە سەرۆك وەزیران هەڵبژێدرایەوە.
* 2015 بۆ چوارەمینجار بە سەرۆك وەزیران هەڵبژێدرایەوە.
* 2019 خۆی‌و خێزانەكەی رووبەڕووی چەندین تۆمەتی گەندەڵی كرانەوە.

نەتەنیاهۆ بە ئاشكرا چەمكی دەوڵەتی فەلەستینی داماڵرا‌و لە چەكی پەسەندكردووە، بەڵام سورە لەسەرئەوەی كە دەبێت فەلەستینییەكان سازشبكەن‌و ئیسرائیل وەك دەوڵەتێكی جوولەكە بناسێنن‌و دانی پێدا بنێن و ساڵی 2015 خۆی لە ئەگەری دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی بەدوورگرت‌و رەتیكردەوە بە پاساوی ئەوەی  ئەو پرسە پەیوەندی لە دەركەوتنی ئیسلامی توندڕەوەوە هەیە لە هەموو خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا.


ناكۆكی لە غەززە
لە كۆتایی ساڵی 2012دا نەتەنیاهۆ داوای هەڵبژاردنی پێشوەختی كرد، دوای چەند هەفتەیەك لە هەڵوەشاندنەوەی كنێستن فەرمانیدا بە هێرشێكی گەورە بۆسەر غەززە، دوای ئاراستەكردنی چەند موشەكێك لەو ناوچەیەوە بۆ ناو خاكی ئیسرائیل، پاشان بەبێ‌ بەشداریپێكردنی هێزی زەمینی ئۆپەراسیۆنەكەی راگرت‌و ئۆپەراسیۆنەكە كە هەشت رۆژی خایاند بە سەركەوتوولە قەڵەمدا، بەڵام هەرزوو جارێكی تر پێكدادان لە نێوان سنوری هەردوولادا سەریهەڵدایەوە و دوای چەند هێرشێكی تری موشەكی لە تەمموزی 2014دا نەتەنیاهۆ بڕیاریدا جارێكی تر هێرشبكرێتەوە سەر غەزە لە پێناوی گەڕاندنەوەی هێمنی‌و ئارامیی ماوەدرێژ بۆ ئیسرائیل.
ئەم ئۆپەراسیۆنەیان كە 50 رۆژی خایاند كوژرانی زیاتر لە 2100 فەلەستینی لێكەوتەوە كە بەوتەی لێپرسراوانی نەتەوە یەكگرتووەكانو لێپرسراوانی فەلەستین زۆربەیان مەدەنی بوون، لە ئیسرائیلیش 67 سەرباز‌و شەش هاوڵاتی مەدەنی كوژران.
سەرەڕای ئەوەی ئیسرائیل بەردەوام لەلایەن ئەمریكای هاوپەیمانییەوە پشتیوانی لێدەكرێتن بەڵام پەیوەندییەكانی نەتەنیاهۆ‌و باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووی ئەمریكا زۆر ئاڵۆز‌و لە نزمترین ئاستدا بوو.
ئازاری 2015 نەتەنیاهۆ لە كۆنگرێسی ئەمریكا وتارێكی پێشكەشكرد‌و هۆشداریدا لە " رێككەوتنە خراپەكە" لەگەڵ ئێران دەربارەی پرۆگرامە ئەتۆمییەكان، بەڵام ئیدارەی ئۆباما نیگەرانی‌و بێزاری خۆی بەرامبەری دەبڕی و بە دەستوەردانی ئاشكرای لە كاروباری ناوخۆی ئەمریكای لە قەڵەمدا.
مەرجی دۆستانە لەگەڵ ترەمپ
نەتەنیاهۆ هەڵوێستی توندی بەرامبەر ئێران گرتەبەرن چەندینجار هۆشداریدا‌و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە مەترسیی وازهێنانیان لە ئێران بۆ پەرەپێدانی چەكە ئەتۆمییەكانی ئاگاداركردەوەو داوایكرد سزاكانی سەر ئێران توندتر بكرێت چونكە بە سەرەكیترین هەڕەشە بۆسەر ئیسرائیل دادەنرێت، هەروەها ئامادەی نیشاندا بۆ بەكارهێنانی هێز بۆ وەستاندنی پرۆگرامە ئەتۆمییەكانی ئێران، ئەگەر هەوڵەكانی تر شكستبهێنن.
پاشتم ترەمپ وەك بەهێزترین هاوپەیمانی ئیسرائیل لە گۆڕەپانەكەدا دەركەوت، دوای ئەوەی بووە سەرۆكی ئەمریكاو لە ماوەی یەك ساڵدا قودسی وەك پایتەختی ئیسرائیل ناساند.
ئەم هەنگاوە توڕەی جیهانی عەرەبی لێكەوتەوە كە داوادەكەن هاوكاری فەلەستینییەكان بكرێت بۆ ئەوەی قودسی خۆرهەڵات بەدەستبهێننەوە كە ئیسرائیل ساڵی 1967 داگیركردووە، بەڵام ئیدارەی ترەمپ هەر بەوەوە نەوەستا بەڵكو بە رەسمی دانیشنا بەوەی كە بەرزاییەكانی جۆلان بەشێكن لە ئیسرائیل.
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند ئەو هەنگاوە هۆكاری ستراتیژی لە پشتەوەیە‌و بەشێكە لە هەوڵەكان بۆ گۆشەگیركردنی ئێران, بەڵام چاودێران وایدەبینن كە هەنگاوێكی ئامانج لێی پتەوكردن‌و بەهێزكردنی پێگەی بنیامین نەتەنیاهۆ بوو پێش هەڵبژاردنی گشتی ئیسرائیل.


تۆمەتەكانی گەندەڵیی
لێكۆڵینەوە لە سێ‌ كەیسی گەندەڵی دژی نەتەنیاهۆ لە شوباتی 2019دا گەیشتە لوتكە، واتە شەش حەفتە پێش هەڵبژاردنەكان، ئەو تۆمەتانەش بریتین لە بەرتیل وەرگرتن، فێڵكردن‌و پێشێلكردنی متمانە.
دوو كەیسی پەیوەندیان بە دەنگۆی هەوڵی نەتەنیاهۆوەیە بۆ هاندانی دەزگاكانی راگەیاندن بۆئەوەی ریكلامی خۆڕایی بۆ بكەن، بەرامبەر بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بۆیان، كەیسێكی تریشیان پەیوەندی بە وەرگرتنی دیارییەوە هەیە لە كەسایەتییە بەناوبانگەكانی هۆڵیود لەبەرامبەر پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری سیاسیی، بەڵام نەتانیاهۆ رەتیدەكاتەوە كە هیچ پێشێلكارییەكی كردبێت‌و جەختدەكاتەوە كە ئەوانە لەلایەن نەیارەكانییەوە بۆ هەڵبەستراون.
بە سەركەوتنی لە دواهەمین هەڵبژاردندا، نەتەنیاهۆ دەبێتە یەكەمین سەرۆك وەزیرانی دانیشتوی ئیسرائیل كە ئەو جۆرە لە تۆمەتی تاوانكاریی ئاراستەبكرێت، ئەگەر داواكاری گشتی بەردەوامبێت لە بەدواداچوونی كەیسەكان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand