راپۆرت: دره‌و بەشی دووەم هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان یه‌كه‌م ئاڵنگارییه روبه‌رووی یه‌كێتیی دوای كۆنگره‌ی پێنجه‌م ده‌بێته‌وه، ئه‌م یه‌كێتییه نوێیه به‌سودوه‌رگرتن له په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئێران، له به‌غداده‌وه فشاری له‌سه‌ر نه‌یاره ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كانی توندكردوه‌ته‌وه، له رێگه‌ی گۆڕینی یاسای هه‌ڵبژاردن و به‌كارهێنانی شێوازه‌كه‌ی پارتی بۆ ئیداره‌دان هه‌ڵبژاردن، ده‌یه‌وێت هاوشێوه‌ی كه‌ركوك هه‌ڵبژاردنی كوردستانیش بباته‌وه، لە پارێزگای سلێمانی كە مەڵبەندی سەرەكی دەسەڵاتداریی خۆیەتی، یەكێتیی لەنێوان دوو هەڵبژاردنی رابردوودا ژمارەی دەنگەكانی لە (258) هەزار دەنگەوە بۆ (124) هەزار دەنگ دابەزیوە، بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، یەكێتیی لەناوچەی خۆی روبەرووی سەرهەڵدانی لانی كەم دوو لیستی نوێ دەبێتەوە، ئه‌و ئاڵنگارییانه چین كه روبه‌ڕووی یه‌كێتیی ده‌بنه‌وه، ورده‌كاری له‌م راپۆرته‌دا. دۆخی حزبه‌كان له‌زنجیره‌یه‌ك راپۆرتدا هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رده‌م هه‌ستیارترین هه‌ڵبژاردندایه له مێژووی خۆیدا، ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنی 1992 تاقیكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتیی كورد بووبێت له‌وه‌ی ئایا دوای كشانه‌وه‌ی رژێمی به‌عس له ناوچه كوردییه‌كان، كورد توانای به‌ڕێوه‌بردنی خۆی هه‌یه، ئه‌وا هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره تاقیكردنه‌وه ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئایا دوای 32 ساڵی حوكمڕانیی نیمچه سه‌ربه‌خۆی خۆی، كورد ده‌توانێت پارێزگاری له‌و فیدراڵیه‌ت و نیمچه سه‌ربه‌خۆییه بكات كه به‌ده‌ستیهێناوه؟ بۆ تێگه‌یشتن له دۆخی كورد له ئێستادا، خوێندنه‌وه بۆ دۆخی حزبه‌كان له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی خۆیان و له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه‌یان، هه‌ندێك ئاماژه نیشان ده‌دات، (دره‌و) به زنجیره‌یه‌ك راپۆرت شیكاریی بۆ دۆخی هه‌موو ئه‌و حزب و گروپه سیاسییانه ده‌كات كه به‌شداری له هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كه‌ن. به‌شی دووه‌م: یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان یه‌كێتیی ساڵی 1975 دامه‌زراوه، واتا ئه‌مساڵ ته‌مه‌نی ده‌بێت به (49 ساڵ)و له یوبیلی زێڕینی خۆی نزیكبووه‌ته‌وه، ئه‌م حزبه له كۆی نزیكه‌ی (6 ملیۆن) كه‌س له دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی (100 هه‌زار) ئه‌ندامه، واتا به‌گوێره‌ی ئه‌ندام بێت یه‌كێتیی رێژه‌ی نزیكه‌ی 2%ی كۆمه‌ڵگه‌ی هه‌رێمی كوردستانی عێراق پێكده‌هێنێت. یەكێتیی كه خۆی زاده‌ی جیابوونه‌وه‌و ئینشیقاق بوو له پارتی، لەسەرەتای دامەزراندنییەوە، لە یەكگرتنی سێ ئاڕاستەی سیاسی (كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان، بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان، هێڵی گشتی) دروستبوو، بۆیه له ته‌مه‌نی خۆیدا روبه‌ڕووی چه‌ندین جیابونه‌وه‌و په‌رتبوون هاتووه، دیارترینیان جیابونه‌وه‌ی حزبی سۆسیالیست (حسك) له ساڵی 1981و ئاڵای شۆڕش له 1984و جیابونه‌وه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فاو دروستبوونی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له 2009، دواتر جیابونه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵح له 2018، ئه‌م جیابونه‌وانه دواجارو دوای 48 ساڵ له دامه‌زراندنی یه‌كێتیی، بارودۆخێكیان دروستكرد حزبه‌كه به‌ته‌واوه‌تی بكه‌وێته ده‌ست ماڵباتی جه‌لال تاڵه‌بانی، وه‌كو یه‌كێك له دامه‌زرێنه‌ره‌كانی حزبه‌كه، له 8ی ته‌موزی 2021دا له‌ناو ماڵباتی جه‌لال تاڵه‌بانیشدا په‌رتبونێك روویداو ئامۆزاكان (كوڕانی جه‌لال تاڵه‌بانی و شێخ جه‌نگی) له‌یه‌ك ترازان. دۆخی ناوخۆیی یه‌كێتیی یه‌كێتیی 27ی ئه‌یلولی 2023 كۆنگره‌ی پێنجه‌می خۆی به‌ست، ئه‌مه كۆنگره‌ی یه‌كلابونه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی یه‌كێتیی بوو بۆ كوڕانی جه‌لال تاڵه‌بانی سكرتێری كۆچكردووی حزبه‌كه، ئه‌م كۆنگره‌یه بافڵ تاڵه‌بانی كرد به خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتی یه‌كه‌م و كۆتایی یه‌كێتیی و هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی بۆ ئۆرگانه‌كانی تری حزبه‌كه نه‌هێشته‌وه. له‌م كۆنگره‌یه‌دا گروپێكی تر له سه‌ركرده كۆنه‌كانی یه‌كێتیی له حزبه‌كه‌یان دابڕان و به‌شداری كۆنگره‌یان نه‌كرد، له دیارترینیان (مه‌لا به‌ختیار- به‌رهه‌م ساڵح- مه‌حمود سه‌نگاوی- عه‌دنان حه‌مه‌ی مینا- عه‌دنان موفتی)، ئه‌وانه‌شی كه مانه‌وه‌و به‌شدارییان كرد، له پێگه‌و ده‌سه‌ڵاتیان درا، ئه‌م كۆنگره‌یه كۆتایی به هه‌ردوو گروپی كه‌ركوكی و جافه‌كان هێنا، كوڕه‌كانی كۆسره‌ت ره‌سوڵیش كه له‌دوای 8ی ته‌موزو وه‌ده‌رنانی لاهور شێخ جه‌نگییه‌وه پشتیوانیان له كوڕه‌كانی تاڵه‌بانی كرد، مانه‌وه‌و له مه‌كته‌بی سیاسی و په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتیدا پۆستیان وه‌رگرت، تائێستا شه‌راكه‌ته‌كه‌یان له‌گه‌ڵ كوڕانی تاڵه‌بانی به‌رده‌وامه، له‌كاتێكدا دوو جومگه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی یه‌كێتیی (دارایی+ هێزی چه‌كدار) به‌ته‌واوه‌تی كه‌وته ده‌ست بافڵ تاڵه‌بانی. ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت له‌دوای كۆنگره‌ی پێنجه‌مه‌وه جۆرێك له بڕیاری مه‌ركه‌زی بۆ یه‌كێتیی گه‌ڕاوه‌ته‌وه، كه چه‌ندین ساڵ بوو به‌ده‌ست نه‌بوونی ئه‌م شێوازه له بڕیاردانه‌وه ده‌یناڵاند، به‌ڵام جموجوڵه‌كانیش له ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیی كۆتاییان نه‌هاتووه، لاهور شێخ جه‌نگی له ده‌ره‌وه ئاماده‌كاری بۆ دروستكردنی لیست بۆ هه‌ڵبژاردنی خولی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كات، جافه‌كان به‌دیاریكراویش (مه‌حمود سه‌نگاوی و عه‌دنانی حه‌مه‌ی مینا) چه‌ند رۆژی رابردوو گورزێكیان له‌لایه‌ن (حامیدی حاجی غالی)یه‌وه لێدراو سه‌نته‌ری عێل به‌گی جافیان لێوه‌رگیرایه‌وه، كه ساڵانی رابردوو له‌سه‌ر دارایی یه‌كێتیی به‌كاریانده‌هێنا بۆ كۆكردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی هوزی جاف، حامیدی حاجی غالی به دوركه‌وتنه‌وه‌ی له مه‌حمود سه‌نگاوی و عه‌دنانی حه‌مه‌ی مینا هه‌نگاوێك له بافڵ تاڵه‌بانی نزیكبووه‌و دوێنێ بافڵ تاڵه‌بانی پۆستێكی به‌ناوی لێپرسراوی (نوسینگه‌ی پێكهاته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان) پێ به‌خشی، كه راسته‌وخۆ سه‌ربه مه‌كته‌بی سه‌رۆكی یه‌كێتییه. كاسته كۆنه‌كه‌ی تری سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی كه له‌چوارچێوه‌ی ئه‌نجومه‌نێكدا به‌ناوی (ئه‌نجومه‌نی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی یه‌كێتیی) كۆدەكرێنەوەو جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا كراوه به سه‌رۆكیان، دوای نزیكه‌ی چوار مانگ له كۆنگره، هێشتا ئه‌نجومه‌نه‌كه‌یان كارا نه‌كراوه، به‌مدواییه بینای كۆنی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی تابلۆی ئه‌نجومه‌نی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له‌سه‌ر دانرا، به‌ڵام ئه‌ندامه‌كانی ئه‌نجومه‌نه‌كه هێشتا دیاری نه‌كراون و بافڵ تاڵه‌بانی دایانده‌نێت، واتا ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ش له‌ژیر كۆنترۆڵی سه‌رۆكی حزبدایه، دیارترین ئه‌و كه‌سانه‌ی بۆ ئه‌ندامێتیی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه كاندیدن بریتین له هه‌ریه‌كه له (مستەفا چاوڕەش- دلێر سەید مەجید- جەمیل هەورامی- فەرید ئەسەسەر- روناك شێخ جەناب- نەرمین عوسمان- سامان گەرمیانی). ئیستا دیارترین ئه‌و كاره‌كته‌ره سیاسیانه‌ی كه له ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتین و جۆرێك له جموجوڵی سیاسی‌یان هه‌یه بریتین له هه‌ریه‌كه له (مه‌لا به‌ختیار) كه جوڵه‌ی ئاشكرا ده‌كات، ئه‌وی تر (به‌رهه‌م ساڵح)ه كه به شاراوه‌یی هه‌نگاوه سیاسییه‌كانی هه‌ڵده‌گریت. سه‌رباری ئه‌وه‌ی تا هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كه بڕیاره ئایاری ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌بچێت، پێشینی ئه‌وه ناكرێت كاره‌كته‌ره ناڕازییه‌كانی یه‌كێتیی هیچ جوڵه‌یه‌كی ئه‌وتۆی سیاسی بكه‌ن و خۆیان له‌ناو گروپ و لیستی سیاسی‌دا رێكبخه‌ن (جگه له لاهور شێخ جه‌نگی كه هه‌وڵێكی هه‌یه بۆ دروستكردنی لیست له‌گه‌ڵ ناڕازییه‌كانی ناو یه‌كێتیی و ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیی)، به‌ڵام ده‌كرێت له دورمه‌ودادا ئه‌م گروپانه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی له‌ژێر چه‌ترێكدا كۆبكرێنه‌وه، به‌تایبه‌تیش مه‌لا به‌ختیار كه له‌دواین كتێبیی خۆیدا كه چاوپێكه‌وتنێكه، به ئاشكرا باس له‌وه ده‌كات ئه‌گه‌ر گۆڕانكاری له‌ناو یه‌كێتیدا نه‌كرێت، له یادی زێڕینی یه‌كێتیدا (واتا یادی 50 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتیی له 2025دا) بیر له دروستكردنی حزب ده‌كاته‌وه‌و له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ش له‌گه‌ڵ هاوڕێكانیدا به‌رده‌وام له گفتوگۆدایه، به‌رهه‌م ساڵحیش به بێده‌نگی له ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیی له جموجوڵ و هاتوچۆدایه له‌نێوان به‌غدادو واشنتۆن و ئه‌نكه‌ره‌دا. لەسەرئاستێكی تر، لەدوای رووداوەكانی 8ی تەموزی 2021ەوە بافڵ تاڵەبانی هەڵمەتێكی گه‌ورەی بەرێوەبردووە لەناو پێكهاتەی هێزە ئەمنییەكانی سنوری ناوچەی سەوز، لەچوارچێوەی ئەم هەڵمەتەدا هێزی چەكداری نوێی دروستكردووە، لە نمونەی هێزی (كۆماندۆ) كە لەڕووی چەك و پێداویستی سەربازییەوە پۆشتەو پەرداختره لە هێزە فەرمییەكانی دیكه، ئەم جیاكارییە هەندێك نیگەرانی بۆ فەرماندە ئەمنییەكان دروستكردووە، سەرباری ئەمەش هیزی تایبەتی بافڵ تاڵەبانییە نەك هێزێكی حكومەتی و، بەمدواییەش بەشێكی هێزی كۆماندۆی لەنزیك ماڵەكەی خۆی لە دەباشان جێگیركردووە، ناوبەناو بۆ سەركوتكردنی هەر جۆرە سەرهەڵدانێكی ناوخۆیی سودیان لێدەبینێت. یه‌كێتیی و هه‌ڵبژاردن له‌دوای كۆنگره‌ی پێنجه‌مه‌وه، یه‌كێتییه‌كه‌ی بافڵ تاڵه‌بانی یه‌كه‌م سه‌ركه‌وتنی له هه‌ڵبژاردندا له ناوچه جێناكۆكه‌كان تۆماركرد، به‌دیاریكراویش له كه‌ركوك. بۆئه‌م هه‌ڵبژاردنه بافڵ تاڵه‌بانی هه‌مان سیاسه‌تی پارتی په‌یڕه‌و كرد، سیاسه‌تی فشاركردن و دروستكردنی لیست بۆ ناوی ده‌نگده‌رانی یه‌كێتیی و ئاڕاسته‌كردنیان بۆسه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان، به‌تایبه‌تیش له كه‌ركوك. له دوو كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مدواییه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیدا گفتوگۆ له‌باره‌ی ئاماده‌كارییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كرا، به‌پێی زانیارییه‌كانی (دره‌و)، له‌م كۆبونه‌وانه‌دا سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتیی جه‌ختیان له‌سه‌ر گواستنه‌وەی فۆرم و ستایلی كاركردنی هه‌ڵبژاردنی كه‌ركوك كردووه بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، واتا دابه‌شكردنی سه‌ركرده باڵاكانی یه‌كێتیی به‌سه‌ر چه‌ند ناوچه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن و دروستكردن و ئاماده‌كردنی لیستی ده‌نگده‌رانی یه‌كێتیی به‌تایبه‌تی هێزه ئه‌منییه‌كانی سنوری زۆنی سه‌وز كه ژماره‌یان نزیكه‌ی (130 هه‌زار) كه‌سه، فشاركردن به‌مه‌به‌ستی ئاڕاسته‌كردنیان بۆسه‌ر سندوقی ده‌نگدان، تاڕاده‌ی دیاریكردنی ئه‌و كاندیده‌شی كه ده‌نگی پێده‌ده‌ن. ئه‌م شێوازه‌ی كاركردن له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن كه یه‌كێتیی به‌نیازه بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانیش هاوشێوه‌ی كه‌ركوك په‌یڕه‌وی بكات، شێوازی كاركردنی پارتییه، واتا یه‌كێتیی دوای ئه‌وه‌ی چوه سه‌ر هێڵی پارتی و حزبه‌كه‌ی له باوكه‌وه راده‌ستی كوڕه‌كانی كرد، ده‌یه‌وێت ورده‌كاری پرۆسه‌یه‌كی هه‌ستیاری وه‌كو هه‌ڵبژاردنیش له پارتییه‌وه كۆپی بكات، ئه‌م شێوازه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن نیشانده‌ری ئه‌وه‌یه یه‌كێتیی بێ‌ئومێد بوو له‌وه‌ی له‌ڕێگه‌ی هه‌ڵمه‌ت بانگه‌شه‌و به‌ڵێنی هه‌ڵبژاردنه‌وه بتوانێت خه‌ڵكی زۆنی ده‌سه‌ڵاتی خۆی ئاڕاسته‌ی سندوقه‌كانی ده‌نگدان بكات، خه‌ڵكێك كه ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه به‌ته‌واوه‌تی له هه‌ڵبژاردن تۆراون و بایكۆتیان كردووه به باشترین بژارده‌ی خۆیان. به‌ڵام پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه، ئایا به‌كارهێنانی شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردنی كه‌ركوك له هه‌ڵبژاردنی كوردستاندا هه‌مان كاریگه‌ریی ده‌بێت بۆ یه‌كێتیی ؟ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره ده‌بێت ته‌ماشای دۆخی هه‌ڵبژاردن له كه‌ركوك بكرێت و به‌راورد بكرێت له‌گه‌ڵ دۆخی هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان. له كه‌ركوك به‌شێك له لایه‌نه سیاسییه‌كان و ئه‌وانه‌ی له‌ناو گۆڕه‌پانی یه‌كێتیدا كاری سیاسی ده‌كه‌ن داخڵی هه‌ڵبژاردن نه‌بوون، یه‌كێتیی له كه‌ركوك ركابه‌رێكی به‌هێزی نه‌بوو، سه‌رباری ئه‌مه‌ش هه‌ڵبژاردن بۆ ده‌نگده‌ران له كه‌ركوك واتایه‌كی جیاوازی هه‌بوو، به‌پله‌ی یه‌كه‌م وه‌كو پرسێكی نه‌ته‌وه‌یی ته‌ماشا ده‌كرا، به‌ڵام بارودۆخه‌كه له هه‌رێمی كوردستان جیاوازه، چونكه هه‌موو حزبه سیاسییه‌كان به‌وپه‌ڕی هێزی خۆیانه‌وه به‌شداری ده‌كه‌ن و پێشبینی دروستبوونی دوو لیستی تریش ده‌كرێت كه یه‌كێكیان لیستی (لاهور شێخ جه‌نگی)و ئه‌وی تریان لیستی ناڕازییه‌كانه كه ژماره‌یه‌ك كاره‌كته‌ری سیاسی پیشووی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و لایه‌نه‌كانی تر له‌خۆ ده‌گرێت. به‌م دۆخه‌وه، هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان گه‌وره‌ترین ئاڵنگاری له هه‌مان كاتدا تاقیكردنه‌وه ده‌بێت بۆ ده‌ره‌نجامه‌كانی كۆنگره‌ی پێنجه‌می یه‌كێتیی و شه‌راكه‌تی كوڕانی تاڵه‌بانی و كۆسره‌ت ره‌سوڵ، به‌تایبه‌تیش له هه‌ولێری پایته‌خت كه یه‌كێتیی كۆنترۆڵی به‌سه‌ر هێزه ئه‌منییه‌كاندا نییه‌و ناتوانێت به ستایله‌كه‌ی كه‌ركوك و سلێمانی ژماره‌یه‌كی زۆر ده‌نگده‌ری تایبه‌ت ئاڕاسته‌ی سندوقه‌كان بكات. خاڵی به‌هێزی یه‌كێتیی بۆ هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌و سكاڵایه كه له دادگای باڵای فیدراڵی عێراق له‌باره‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان تۆماریكردووه، دادگای فیدراڵی رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو (4ی شوباتی 2024) بڕیاری خۆی له‌باره‌ی سكاڵاكه‌ی یه‌كێتیی راده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌وه‌ی تائێستا له دانیشتنه‌كانی دادبینیدا ده‌ركه‌وتووه ئه‌وه‌یه، دادگای فیدراڵی شێوازی هه‌ڵبژاردنی كوردستان له یه‌ك بازنه‌ییه‌وه ده‌گۆڕێت بۆ (فره‌بازنه‌یی)، یه‌كێتیی له‌م رێگه‌یه‌وه ده‌یه‌وێت ده‌نگه‌كانی پارتی په‌رت بكات و وابكات چیتر كاندیدێكی پارتی له هه‌ڵه‌بجه به ده‌نگی ده‌نگده‌رێكی پارتی له دهۆك سه‌رنه‌كه‌وێت بۆ په‌رله‌مان، به‌ڵام ئه‌مه چه‌كێكی دوو سه‌ره‌یه، ده‌نگه‌كانی یه‌كێتیش هاوشێوه‌ی پارتی دابه‌ش ده‌بن به‌سه‌ر بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردندا. له‌پاڵ شێوازی هه‌ڵبژاردن، دادگای فیدراڵی ده‌یه‌وێت كورسی "كۆتا"ی پێكهاته‌كان هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه یان ده‌ستكاری بكات و سه‌رله‌نوێ رێكیبخاته‌وه، یه‌كێتیی له‌مه‌دا سودمه‌ند ده‌بێت، (11) كورسی "كۆتا"ی پێكهاته‌كان چیتر نابن به به‌شێك له زۆرینه‌ی پارتی له په‌رله‌مانی كوردستان و چه‌ند كورسییه‌كی "كۆتا"ش ده‌كه‌وێته سنوری سلێمانی. یه‌كێتیی له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه یه‌كێتیی به حوكمی ئه‌و ناوچه جوگرافییه‌ی كه كاری سیاسی تێدا ده‌كرد، له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنییه‌وه له په‌یوه‌ندیدا بووه له‌گه‌ڵ ئێران، به‌تایبه‌تیش دوای شۆڕشی ئیسلامی و كه‌وتنی رژێمی شاهنشایی له ئێران، به‌ڵام دوای رووداوه‌كانی 31ی ئابی 1996 كه پارتی هێزی عێراقی هێنا بۆ گرتنی هه‌ولێرو دواتریش سه‌رتاسه‌ری رووبه‌ری ئیستا هه‌رێمی كوردستانی كۆنترۆڵكرد، په‌یوه‌ندی یه‌كێتیی و كۆماری ئیسلامی ئێران چووه قۆناغێكی تره‌وه‌و یه‌كێتیی به پاڵپشتی كاتیۆشاكانی ئێران گه‌ڕایه‌وه‌و ئیتر له‌وكاته‌وه (دێگه‌ڵه) بوو به خاڵی جیاكه‌ره‌وه‌ی نێوان دوو ده‌سه‌ڵاتدارێتی پارتی و یه‌كێتیی. دوای نه‌خۆشكه‌وتن و دواتریش كۆچی دوایی جه‌لال تاڵه‌بانی سكرتێری مێژوویی یه‌كێتیی، په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتیی له‌گه‌ڵ ئێران هه‌ندێك به‌رزو نزمی به‌خۆوه بینی، به‌ڵام له‌دوای كۆنترۆڵكردنی یه‌كێتیی له‌لایه‌ن كوڕه‌كانی تاڵه‌بانییه‌وه له 8ی ته‌موزی 2021وه، یه‌كێتیی به‌ته‌واوه‌تی خۆی بۆ به‌ره‌كه‌ی ئێران یه‌كلاكردوه‌ته‌وه، له‌دوای هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی په‌رله‌مانی عێراق له ئۆكتۆبه‌ری 2021 كه ماڵی شیعه به‌سه‌ر دوو به‌ره‌ی ناكۆك (به‌ره‌ی سه‌درو به‌ره‌ی لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی) دابه‌شبوو، یه‌كێتیی هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه له به‌ره ئێرانییه‌كه‌دا (واته به‌ره‌ی لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی) راوه‌ستا، ئه‌م هه‌ڵوێسته پێگه‌ی یه‌كێتیی له به‌غداد، به‌دیاریكراویش له‌ناو لایه‌نه شیعه‌كانی دۆستی ئێران به‌هێز كرد، بافڵ تاڵه‌بانی سودی له‌م نزیكایه‌تییه وه‌رگرت بۆ دانانی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هه‌ندێك بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق، به تایبه‌تی له كه‌یسه یاساییه‌كه‌ی لاهور شێخ جه‌نگی و دواتریش ئه‌و كه‌یسه‌ی كه په‌یوه‌ندی به یاسای هه‌ڵبژاردنه‌وه هه‌یه‌و رۆژی 4ی شوبات دادگا بڕیاری له‌سه‌ر ده‌دات. په‌یوه‌ندییه‌كانی یەكێتی له‌گه‌ڵ به‌ره‌كه‌ی ئێران وایكرد، له كۆنگره‌ی پێنجه‌می یه‌كێتیدا جگه له نوێنه‌ری كۆماریی ئیسلامی ئێران و قه‌یس خه‌زعه‌لی و ره‌یان كلدانی، هیچ یه‌كێك له باڵیۆز‌و دیپلۆماتكارانی بیانی به‌شداریی نه‌كه‌ن. له‌مه‌ش زیاتر، دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ ئێران گه‌یشته ئه‌و ئاسته‌ی، یه‌كێتیی له یه‌كه‌م رۆژی كۆنگره‌ی خۆیدا، ده‌رگای بۆ (حەسەن دانایی فەڕ)و (ئاغای مسگریان) كرده‌وه بچنه ناو كه‌مپی حزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له ناوچه‌ی (زڕگوێز)، دانایی فه‌ڕو مسگریان وه‌كو دوو فەرماندەی سوپای قودس چونه ناو كه‌مپه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیا بن له‌وه‌ی یه‌كێتیی هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانی چه‌ك كردووه. قوباد تاڵه‌بانی هه‌ستی به مه‌ترسییه‌كانی نزیكبوونه‌وه‌ی زۆری بافڵ تاڵه‌بانی له ئێرانییه‌كان كردووه، بۆیه بۆ راگرتنی باڵانس له‌گه‌ڵ ئه‌مریكاو وڵاتانی ئه‌وروپا، هه‌وڵه‌كانی چڕكردوه‌ته‌وه‌و خۆی له دیدار‌و كۆبونه‌وه له‌گه‌ڵ ئێرانییه‌كان ده‌پارێزێت. یه‌كێتیی له‌كاتێكدا له‌گه‌ڵ ئێران زۆر نزیكبوه‌ته‌وه، به هه‌مان مه‌سافه له توركیا دوركه‌وتوه‌ته‌وه، توركیا له 3ی نیسانی 2023وه گه‌شته‌كانی بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی راگرتووه‌و ئه‌م راگرتنه هێشتا به‌رده‌وامه، سه‌رباری سه‌ردانێكی بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاڵه‌بانی بۆ ئه‌نكه‌ره، توركیا قایل نه‌بوو به ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گه‌شته ئاسمانییه‌كان و ده‌سه‌ڵاتدارانی سلێمانی تۆمه‌تبار ده‌كات به‌وه‌ی ناوچه‌كه‌یان كردووه به په‌ناگه بۆ هێزه‌كانی پارتی كرێكارانی كوردسان (په‌كه‌كه). له‌پاڵ كه‌یسی په‌كه‌كه‌دا، په‌یوه‌ندی یه‌كێتیی و توركیا به‌مدواییه توشی دوو ئاڵنگاری تریش بوه‌ته‌وه، یه‌كه‌میان پرسی "كۆتا"ی پێكهاته‌كان له په‌رله‌مانی كوردستان به‌دیاریكراوی پێكهاته‌ی توركمان، دووه‌میش پرسی هه‌ڵبژاردنی پارێزگاری داهاتووی كه‌ركوك و ئاستی به‌شداری توركمانه‌كانه. یه‌كێتیی له‌ناوخۆی هه‌رێم له‌ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان و به‌دیاریكراوی له‌و ناوچه‌یه‌ی كه یه‌كێتیی كۆنترۆڵی به‌سه‌ردا كردووه، ژماره‌یه‌ك ئاڵنگاری هه‌ن، كه كاریگه‌رییان له‌سه‌ر پێگه‌ی یه‌كێتیی دروستكردووه‌و بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووش كاریگه‌رییان ده‌بێت، له‌وانه: • خراپی دۆخی خزمه‌تگوزارییه‌كان له سنوری سلێمانی و راوه‌ستانی به‌شێكی زۆر له پرۆژه‌كان، به‌به‌راورد به پارێزگاكانی هه‌ولێرو دهۆك. • گومان و قسه‌وباسه‌كان له‌باره‌ی قاچاغچێتی و شاردنه‌وه‌ی داهاتی سنوری سلێمانی، كه زیاتر له جارێك له‌سه‌ر زاری مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌ته‌وه گوزارشتی لێكراوه‌و بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و گومانانه ساڵی رابردوو قوباد تاڵه‌بانی سایتی "شه‌فافیه‌ت"ی راگه‌یاندووه. • راوه‌ستانی گه‌شته‌كانی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی سلێمانی. • زیادبوونی جه‌نگی درۆنه‌كانی توركیا له سنوره‌كه‌و زیادبوونی ژماره‌ی قوربانیانی مه‌ده‌نی له‌و هێرشانه‌دا. • زیادبوونی كۆچی گه‌نجانی سنوری ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتیی به‌ره‌و ئه‌وروپاو كه‌نه‌دا، به‌جۆرێك به‌پێی ئاماری كۆمه‌ڵه‌ی په‌نابه‌ران، له ساڵی 2023دا له هه‌رێمی كوردستان به‌گشتی (21 هه‌زار) كه‌س كۆچیان كردووه، له‌م رێژه‌یه (3 هه‌زارو 400) كه‌سیان له ده‌ڤه‌ری راپه‌ڕینی سه‌ربه پارێزگای سلێمانییه‌وه سه‌ری خۆیان هه‌ڵگرتووه‌و وڵاتیان به‌جیهێشووه‌و رێگای مه‌ترسیداریان هه‌ڵبژاردووه. • سه‌رباری په‌یوه‌ندییه به‌هێزه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئێران، هێشتا ناوبه‌ناو گروپه چه‌كداره شیعه‌كانی عێراق كێڵگه‌ی غازی (كۆرمۆر) له‌ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتیی ده‌كه‌نه ئامانج، ئه‌م كێڵگه‌یه سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی دابینكردنی غازی ماڵان و غازی وێستگه‌كانی كاره‌بایه له‌سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان. • دواین ئاڵنگاریش كه روبه‌ڕووی ده‌سه‌ڵاتدارێتیی یه‌كێتیی بوه‌ته‌وه له سنوری پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه، بایكۆتكردنی پرۆسه‌ی خوێندنه له‌لایه‌ن مامۆستایانه‌وه، بایكۆتێك كه چاره‌نوسی خویندنی ساڵێكی خستوه‌ته مه‌ترسییه‌وه‌و یه‌كێتیی وه‌كو ده‌سه‌ڵاتداری ناوچه‌كه هیچ چاره‌سه‌رێكی دارایی بۆ ئه‌م قه‌یرانه پێ نییه‌و له‌حاڵی توندكردنه‌وه‌ی فشاره‌كانیشدا له‌سه‌ر مامۆستایان، له هه‌ڵبژاردندا كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر پێگه‌ی خۆی دروستده‌كات. یه‌كێتیی و هه‌ڵبژاردن به ژماره یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە ساڵی 1992ەوە تائێستا بەشداری لە (12) پرۆسەی هەڵبژاردنی گشتی لە هەرێمی كوردستان كردووە: • لە یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 1992، یەكێتیی لەكۆی (ملیۆنێك و 112 هەزار) دەنگدەر، (423) هەزار دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی (38%)ی كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە. • لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2021، یەكێتیی لەكۆی (3 ملیۆن و 450 هەزار) دەنگدەر، (215) هەزار دەنگی بەدەستهێناوە، بەرێژەی (6%)ی كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە. • لە هەڵبژاردنی 2005، یەكێتیی لە پارێزگای سلێمانی (485 هەزار) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی 2021دا یەكێتیی لە سلێمانی (124 هەزار) دەنگی بەدەستهێناوە. • لە هەڵبژاردنی 2005، یەكێتیی لە پارێزگای هەولێر (244 هەزار) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی 2021دا یەكێتیی لە هەولێر (65 هەزار) دەنگی بەدەستهێناوە. بەشی یەكەمی یه‌كه‌می ئه‌م زنجیره راپۆرته له‌م ناونیشانه‌ی خواره‌وه بخوێنه‌ره‌وه: پارتی له یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌ی دوای كۆنگره‌دا
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو) خۆرھەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی ئەو بەشەی کە دەکەوێتە نێوان میسر‌و ئێران و تورکیا‌و ئیسرائیلەوە، ناوچەیەکە پڕ لە جەنگ و ئەگەری جەنگ، پڕ لە کوشتن بڕین و پەلاماردان. شەڕو شۆڕو نائارامیی دیاردەی سەرەکیی ئەو ناوچەیەو لە دوو ده‌یەی رابردوودا بەدەگمەن ساتەوەختێک دەدۆزینەوە خاڵی بووبێت لەم دیاردەیە. جەنگی چەندجارەی ئیسرائیل و فەلەستینییەکان، جەنگی نێوان لایەنە ناکۆکەکان لە یەمەن، جەنگ لە سوریا، جەنگی درێژخایەنی تورکیا لەگەڵ کورد‌و لەناو سوریادا. جەنگی نێوان میلیشیا ناکۆکەکانی ناو عێراق، جەنگی دەوڵەتی عێراقی لەگەڵ ئەو میلیشیایانەدا، جەنگی نێوان ئەمریکاو میلیشیا جیھادییەکان. جەنگ لە ئێران لەنێوان دەوڵەت و بەشێکی زۆری ناوچەکە، کە زۆربەیان جەنگی لەبرییە، جەنگی دەوڵەتی ئێرانی لەگەڵ پێکھاتە جیاوازەکانی ناو سنورەکانیدا. لە ھەرێمی کوردستانیشدا جەنگ و ئەگەری جەنگ لەنێوان ھێزە سیاسییە ناکۆک و دوژمناکارەکانی ھەرێمدا بەشێکی بەرچاوی مێژووی دوای ڕاپەڕینە، جەنگی ھێز‌و بزاوتە دیندارە توندڕەوەکان لەگەڵ کۆمەڵگاو لەگەڵ ھێزە نادینییەکاندا، ئینجا ئامادەگیی توندوتیژو خوێناوی وڵاتانی دراوسێ و تەماحە ئیمپراتۆریەتییەکانیان لە ھەرێمداو تێکەڵبوونیان بە بوونی دەیان ھێزی میلیشیایی لە عێراق و ناوچەکەدا. لە سەرووی ھەموو ئەمانەشەوە ئەگەری پێکدادانی نێوان میلەتانی ناوچەکەو ئەو رژێمە گەندەڵ و توندوتیژو خوێناویانەی حوکمڕانیان دەکەن، ئەگەرێکی کراوەیە. لە سەرجەمی ناوچەکەدا بڕێکی گەورە لە توڕەیی و ناڕازیبوون و نائومێدبوون لە ئارادایە، کە ھەریەکێکیان بەشێوەیەکی تایبەت فو بە کورەی جەنگدا دەکەن، دەیان فۆرمی نادادپەروەریی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئابوریی و دینیی لە ئارادان کە جەنگ و پێکدادان دەکەنە یەکێک لە دەرەنجامە بەھێزو چاوەڕوانکراوەکان. بە کورتیی، زیاد لە بەشێکی ناوچەکە یان لە دۆخی جەنگێکی خوێناویدایە، یاخود لەبەردەم ئەگەری جەنگێکی لەو بابەتەدایە. کۆمەڵێک ململانێی سەختگیر لە ئارادان، کە بەرە جیاوازەکانی ئەو ململانێیە باکیان بە چارەسەرکردنی سیاسییانەو ھێمنی ئەو کێشانە نییەو جەنگ و پێکدادان بەئاسانی دەتوانێت یەکێک لە دەرەنجامە سەرەکییەکانی ئەو ململانێیانە، بێت. ھاوکات ناوچەکە پڕیشیەتی لە چەکی کۆکوژیی ترسناک، ئیسرائیل و پاکستان دوو ھێزن خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ئێرانیش پرۆژەو خەونی بوون بە ھێزێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی ھەیە، تورکیا ئەندامی ناتۆیەو لەڕووی تیورییەوە تەواوی ھێز‌و توانا سەربازییەکەی ناتۆی لەبەردەستدایە. چەندان بنکەی سەربازی ئەمریکیش لە ناوچەکەدا ھەن کە توانای وەگەڕخستنی جبەخانە گەورەکەی چەکی ئەمریکایان ھەیە. ئینجا دەیەھا میلیشیای گەورەش ھەن کە پڕ چەک و پڕ ڕقن و خاوەنی تەکنۆلۆژیای کوشتنی مۆدێرنن، لە فۆرمی بکەری نادەوڵەتیدا ئامادەن و لەھەندێک دۆخدا تواناکانیان لە توانای خودی ئەو دەوڵەتەی تیایدا ئامادەن، بەھێزترە، وەک دۆخی حیزبوڵای لوبنانی و حوسییەکانی یەمەن و حەماسی فەلەستینی. میلیشیاکانی عێراقیش بەھەمان ئاڕاستەدا دەڕۆن و گەشەدەکەن. ئەمە جگە لە بوونی ژمارەیەکی خەیاڵی لە درۆن لەناوچەکەدا کە ھەم لەبەردەستی دەوڵەتەکان و ھەم لە بەردەستی ھێزە میلیشیاکاندایە. دۆخێکی ئابوریی سەختیش لەئارادایە خەڵکانێکی زۆری ناچاردەکات بۆ دابینکردنی نانی رۆژانەیان، ببنە بەشێک لەو نەخشە جەنگاوییە ترسناکەو لەناو ھێزە سەربازیی و میلیشیاکانی ناوچەکەدا دەستبەکاربن. ئەمە جگە لە تێوەگلانی ناوچەکە لە بازرگانی ماددەی ھۆشبەرو وێرانکردنی کەسایەتی و ژیانی بەشێکی گەورەی مرۆڤە خەمبارەکانی ئەو ناوچەیە. لە ھەرێمەکەی ئێمەشدا بەشێکی گەورەی ئەو دیاردانەی باسمکرد ئامادەیە، ھێزی سیاسیی ناتەباو نابەرپرسیار ھەن و حوکمڕانن، ھێزی سەربازیی سەر بە حیزب و کەس و بنەماڵەی سیاسیی ھەن و کاردەکەن، جیھازێکی بیرۆکراسیی گەورەی پڕکراو لە کەسانی بندیار ھەیە، نادادپەروەریی گەورە لە ھەموو بوارەکانی ژیان و حوکمڕانیی و بەڕێوەبردندا ئامادەیەو کاردەکات، سیستمێکی سیاسیی داخراو و دابڕاو لە کۆمەڵگا لەئارادایە، دۆخێکی ئابوریی وێران سەروەرە، بزوتنەوەی کۆمەڵایەتیی بێوەڵام لەسەرشەقامن و داوای مافە ھەرە سەرەتاییەکانی خۆیان دەکەن، بۆ نموونە ناڕەزایی دەربڕینی دەیان ھەزار مامۆستا بۆ چەندان مانگ لەپێناوی وەرگرتنی موچەکانیاندا، ھتد.. ئینجا نفوزی گەورەو ئامادەگی بەرفراوانی وڵاتانی دراوسێ لە ھەرێمەکەدا کە ھەریەکێکیان ھەڵگری پرۆژەی تایبەتی تێکدانی ھەرێمەکەیە، وەک ھەندێک سەرچاوە دەڵێن لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران و دەوڵەتی تورکیا لەڕێگەی(٢١٥) بنکەو بارەگای سەربازییەوە هاتوونەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوەو سەروەری عێراق و ھەرێم و خودی مرۆڤەکانیان پێشێلکردووە. لەسەروو ھەموو ئەمانەشەوە پاشەکشەکردنێکی گەورەو بەرچاوی دۆزی کورد ھەم لەناوخۆو ھەم لە ناوچەکەو ھەم لە جیھاندا. کەچی لەباتی ھەر ھەوڵدانێکی ناوەکیی لە ھەرێمدا بۆ چارەسەرکردنی لانیکەمی ئەو کێشانە، گوێمان لەوەدەبێت کە لە ئایندەیەکی نزیکدا ”حیزبوڵای کوردی“ دروستدەبێت و ھێزێکی دینیی تر، لەسەر مۆدێلی حیزبوڵای لوبنانی، لە ھەرێمەکەدا ئامادەدەکرێت. بێگومان ھێزێک بە میلیشیاو چەکدارو میدیا‌و بودجەو درۆنی تایبەتیی خۆیەوە. یاخود دەبینین دەزگای میدیایی تازەو تەلەفیزیۆنی ساتالایتی نوێ، بە بودجەیەکی گەورەوە، دادەمەزرێت. یاخود لیستێکی پڕ ناوی چەندبارەو پڕ گەندەڵیی بۆ موچە بۆ بەغدا دەنێردرێت کە وادەکات موچەی بەشە ئیشکەرەکەی وڵاتەکەش بخرێتە مەترسییەوە. یان ھێزی تایبەت بۆ ئەم یان ئەو کەس دروستدەکەن کە سەنگەرگۆڕی دەکات و لەم پارتی سیاسییەوە دەچێتە ناو ئەویتریان، ھتد... لە ڕاستیدا ئەوەی لەم ھەرێمدا دەیبینین تەنھا دەرکەوتە جیاوازەکانی ئەو دیمەنە نییە کە لەسەرەوە باسمکرد، تەنھا ھێرش و پەلاماریی دەرەکیی و ئەگەری جەنگ و بوونی حوکمڕانییەکی تەواو نابەرپرسیارو گەندەڵ نییە، ئەوەی ھەیەو ھەموو جیھان بە ئاشکرا دەیبینێت، دابڕان و ڕووتبوونەوەی ”مەسەلەی کورد“ە، لە سەرجەمی رەھەندە ئەخلاقیی و ویژدانییەکانی. ناشیرینبوونێکی سەرتاسەریی سەرجەمی ئەزموونەکەو سەرجەمی ئەو خواست و چاوەڕوانییە ئینسانیی و ئەخلاقییانەیە کە لەم مەسەلەیەوە ئاڵاوە. ئەمەش دەرەنجامی ئەو ڕاستییەیە کە ئەزموونی حوکمڕانی کوردیی، لەدوای ڕاپەڕینەوە تا ئەمڕۆ، بەتایبەتی لە دۆخی ئەم چەند ساڵەی دواییدا، لە ھیچ تاقیکردنەوەیەکی ئەخلاقییدا دەرناچێت. چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ژیانی گشتیی، چۆنیەتی ئیدارەدانی ناکۆکیی و ململانێکان، شێوازی بەڕێوەبردنی دەزگا سەرەکییەکان لە وڵاتەکەدا، چۆنیەتی بڕیاردان لە مەسەلە ستراتیژیی و گرنگەکاندا، شێوازی مامەڵەکردنی نەیاران و کەسانی جیاواز، جۆری پەیوەندیی ناوەکیی ھێزە حوکمڕانەکان لەگەڵ یەکدا، شێوازی پەیوەندیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و لەگەڵ خودی کۆمەڵگاکەی خۆیاندا، بارگاوی نین بە لانی ھەرەکەمی ڕەھەندێکی ئەخلاقیی، کە بشێت وەک رەھەندی ئەخلاقیی مەسەلەی میلەتێک نیشانبدرێت، بەتایبەتی میلەتێک کە زیاد لە سەدەیەکە بە کەمینەکراوەو لەو دۆخی کەمینەبوونەوە خەریکی بەرگریکردنە لەخۆی و شوناس و زمان و بوون و مانەوە و مافی گەشەکردن و پێشکەوتنی. خاڵی سەرەکیی لە رەھەندە ئەخلاقییەکانی ھەر دۆزێکی سیاسی‌دا، بریتییە لە مەسەلەی دادپەروەریی، ھەر سیاسەتێک، بەناوی ھەر مەسەلەیەکەوە ھەبێت و قسەبکات، کاتێک خاڵیی دەبێت لەو لانی کەمەی دادپەروریی کە پێویستە، لەوەدەکەوێت ھەڵگری ئەو لانیکەمە لە رەھەندی ئەخلاقیی بێت کە بشێت بەرگریی لێبکرێت. ھەر سیاسەتێک و ھەر مەسەلەیەک بیەوێت شوێنی ڕێز‌و نرخ بۆدانان بێت، پێویستیی بەو لانیکەمە لە ڕەھەندی ئەخلاقیی ھەیە کە بیرۆکەی دادەپه‌روەریی بنەما سەرەکییەی دەستنیشاندەکات. لەم چەند ساڵەی ڕابردووش‌دا ھیچ دیاردەیەک ھێندەی شێوازی مامەڵەکردن و کاردانەوە بە ڕووی ئەو ناڕەزایی دەربڕینە درێژخایەنەی دەیان ھەزار لە مامۆستای بێموچەو بێدەرامەتدا دەرخەری بزربوون و نەبوونی ئەو رەھەندە ئەخلاقیی و ویژدانییە نییە لە حوکمڕانیی کوردی‌دا. حوکمڕانییەک کە پێیوایە بەناوی مەسەلەی میلەتێکەوە دروستبووەو بەناوی ئەویشەوە حوکمدەکات.
راپۆرتی: درەو 🔹 ئەو داهاتەی بەهۆی ڕاگرتنی بەرزە موچەی موچەخۆرانەوە لە (8) ساڵی ڕابردوودا بۆ حکومەتی هەرێم گەڕاوەتەوە بریتیە لە؛ (5 ترلیۆن و 996 ملیار و 368 ملیۆن و 800 هەزار) دینار، لە هەردوو کابیەی هەشتەم و نۆیەمدا. 🔹 کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی (10 ترلیۆن و 597 ملیار و 997 ملیۆن) دیناری فەرمانبەرانی هەرێم پاشەکەوتکردووە. 🔹 لە کابینەی نۆیەمدا حکومەتی هەرێم بڕی (10 ترلیۆن و 986 ملیار) دیناری موچەخۆرانی بڕیوە. 🔹 کەواتە کۆی شایستە داراییەکانی موچەخۆران لای حکومەتی هەرێم (27 ترلیۆن و 580 ملیار و 365 ملیۆن و 800 هەزار) دینارە. 🔹 ئەگەر موچەخۆرێک بڕی موچەکەی (ملیۆنێک) دینار بێت، بەهۆی پاشەکەوت، لێبڕین و ڕاگرتنی بەرزە موچەوە بڕی (48 ملیۆن و 320 هەزار) دیناری لای حکومەتی هەرێمە. یەکەم؛ سەرە موچە (عەلاوە) و بەرزە موچە (تەرفیع) چییە؟ لە یاسای موچەی فەرمانبەرانی میری و كەرتی گشتی ژمارە 22ی ساڵی 2008 هەموارکراو بە ڕوونی باس لە هەردوو بابەتی سەرە موچە (عەلاوە) و بەرزە موچە (تەرفیع) کراوە، بەجۆرێک لە؛ (مادەی سێیەم) بڕگەی یەکەم: پلەکانی فەرمانبەران و سەرمووچەی ساڵانەیان و ماوەی پلە بەرز کردنەوەیان بەم شێوەیە دەبێت کە لە خشتەی مووچەکان و سەرمووچەی ساڵانە هاتووە (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) سەرمووچەی ساڵانە لە (مادەی پێنجەم)ی یاساکەدا هاتووە: سەرمووچەی ساڵانە دەدرێت بە فەرمانبەر لە کاتی تەواو کردنی (1) ساڵ لە خزمەتی وەزیفی بە رەچاو کردنی مادە (9)ی ئەم یاسایە. هەروەها لە (مادەی نۆیەم)دا هاتووە؛ یەکەم: ئەگەر نەتوانرا فەرمانبەر پلەی بەرز بکرێتەوە بۆ پلەی دواتر یان پێدانی سەرمووچەی ساڵانەی بۆ گەیشتن بە بەرزترین رادەی مووچەی پلەکەی، دەکرێت بەردەوام سەرمووچەی ساڵانەی پێ بدرێت لە پلەی دواتری پلەکەی خۆی. دووەم: فەرمانبەری پایە (11)ی پلە یەکی وەزیفی سەرمووچەی بەردەوام دەبێت کە تێپەڕ نەبێت لە نزمترین رادەی پلە باڵاکان (ب) پلە بەرز کردنەوەی فەرمانبەر لە (مادەی شەشەم)ی یاساکەدا هاتووە؛ یەکەم: پلە بەرز کردنەوە بریتییە لە گواستنەوەی فەرمانبەر لەو وەزیفەیەی کە تێیدایە بۆ وەزیفەیەک کە راستەوخۆ دەکەوێتە پلەیەکی بەرزتر دوای پلەی پێشتری لە پلەبەندنی وەزیفی. سەبارەت بە مەرجەکانی پلە بەرز کردنەوەی فەرمانبەر هەر لە (مادەی شەشەم) و بڕگەی (دووەم) هاتووە: هەبوونی ئەم مەرجانەی کە لە خوارەوە هاتوون لە کاتی پلە بەرز کردنەوە: ا. هەبووونی پلەی بەتاڵ یان وەزیفەی بەتاڵ لە پلەیەکی بەرزتر لەو پلەیەی کە تێیدایە لەنێو (چمن) میلاکی وەزیفی فەرمانگەکەی. ب. تەواوکردنی ماوەی بڕیاردراو بۆ پلە بەرزکردنەوە کە هاتووە لە خشتەی ژمارە (١). ج. دەبێت فەرمانبەر مەرجەکان و توانای پێویستی هەبێت بۆ ئەو وەزیفەیەی بۆی کاندید دەکرێت بۆ پلە بەرز کردنەوە. د. سەلماندنی تواناکانی فەرمانبەر بۆ وەرگرتنی ئەو وەزیفەیەی کە نیاز وایە پلەکەی بۆی بەرز بکرێتەوە بە راسپاردەی سەرۆکی راستەوخۆ و پەسند کردنی سەرۆکی باڵا. لە بەشێکی تری یاساکە تایبەت بە (پێکهێنانی لیژنەی پلە بەرز کردنەوە) لە (مادەی حەوتەم)دا هاتووە؛ یەکەم: بە فەرمانی وەزیر یان سەرۆکی لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت یان کەسی راسپێردراو لیژنەیەکی پسپۆر پێک دەهێندرێت بە سەرۆکایەتی فەرمانبەرێک کە پلە وەزیفیەکەی لە یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی خوارتر نەبێت و دوو ئەندام کە پلەی وەزیفییان لە بەڕێوەبەر کەمتر نەبێت بۆ بینینی داواکارییەکانی پلە بەرز کردنەوە لە ماوەی 60 رۆژ لە رێکەوتی وەرگرتنی داواکارییەکە و کاندید کردنی فەرمانبەر بۆ پلە بەرز کردنەوە پاش دڵنیابوون لە هەبوونی مەرجەکانی بڕیاردراو بۆ پلە بەرز کردنەوە کە هاتووە لە بڕگە دووەم لە مادە 6ی ئەم یاسایە. دووەم: فەرمانی پلە بەرز کردنەوە دەردەچێت لە لایەن وەزیری تایبەتمەند یان سەرۆکی لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت و پلە بەرز کردنەوەکەشی جێبەجێ دەکرێت لە رێکەوتی شایستە بوونی، ئەگەر خودی فەرمانبەر رۆڵی نەبووبێت لە دواکەوتنی پلە بەرز کردنەوەکەی. مادەی هەشتەم یەکەم: ئەگەر مووچەی فەرمانبەری پلە بەرز کراو هاوتا بوو لەگەڵ یەکێک لە پایەکانی پلەی بەرزکراوەکە، ئەوا مووچەی پایەتی دواتری پێ دەدرێت کە لەگەڵ مووچەکەی هاوتا بێت. دووەم: ئەگەر مووچەی فەرمانبەری پلە بەرز کراو کەوتە نێوان دوو پایە (مەرتەبە) لەو پلەیەی کە بۆی بەرز کراوەتەوە، ئەوا مووچەی پایەی بەرزتری پێ دەدرێت. خشتەی ژمارە (١) موچەی بنەڕەتی پلەکانی وەزیفی سیستمی موچە بە هەزار دینار دووەم؛ شایستە داراییەکانی موچەخۆران لای حکومەتی هەرێم فەرمانبەران و موچەخۆران دوو جۆر شایستەی داراییان لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کە ئەوانیش بریتین لە شایستەی (بەرزە موچە)ی فەرمانبەران و موچەی (پاشەکەوت، لێبڕین و چارەکە موچە)، لە خوارەوە ڕاڤەی هەردوو ئەو جۆرە شایستەیە دەکەین و قەبارەی ئەو شایستانە لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕوندەکەینەوە. 1. ڕاگرتنی بەرزە موچەو کاریگەرییەکانی لەسەر فەرمانبەران مامۆستایان لە 1-1-2016ەوە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران، كە مافێكی یاساییە بەپێی یاسای (موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت‌و كەرتی گشتی ژمارە 22ی ساڵی 2008)ی عێراق جێگیركراوە، ئەم یاسایە لە هەرێمی كوردستان كاری پێدەكرێت. ڕاگیراوە و تا ئێستا هیچ بڕیارێكی حكومەتی هەرێم نییە بۆ پێدانەوەی ئەو مافە بە فەرمانبەران، ئەم پرسە دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە (8) ساڵ. ئەمە لە کاتێکدایە پلە بەرزکردنەوەی هێزەکانی ناوخۆ نەوەستاوەو، پلە بەرزکردنەوە لە وەزارەتی پێشمەرگە دەستی پێکردووەتەوە کە لەم وەزارەتەش لە ساڵی ٢٠١٧ەوە ڕاوەستابو. کەواتە فەرمانبەرانی مەدەنی و مامۆستایانی هەرێم زەرەرمەندی یەكەمن، کە بە پێی داتاکانی بایۆمێتری ژمارەی فەرمانبەرانی مەدەنی و مامۆستایان (710 هەزار و 282) کەسە. جگە لەوەی ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوە کێشەی زۆری کارگێڕی وەزیفی دروستکردووە، تەنانەت بە هەزاران فەرمانبەر و مامۆستا هەیه خانەنشین کراون، بەبێ ئەوەی پلەبەرزکردنەوەیان بکرێت، بەمەش ئەو فەرمانبەرانەی مافی پلە بەرزکردنەوەیان هەبووە و پێش وەرگرتنی پلەکەیان خانەنشین بوون بە درێژایی ژیان باجی بڕیاری ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوە دەدەن کە ژمارەیان بە نزیکەی (50 هەزار) خانەنشین دەخەمڵێندرێت. سەبارەت بەو بڕە پارەیەی کە بەهۆی بڕیاری ڕاگرتنی پلە بەرزکرنەوەی فەرمانبەرانەوە لەسەر حکومەت کەڵەکە بووەو دەبێت، هیچ زانیارییەکی ورد لەبەردەست نییەو حکومەتیش هیچ ڕونکردنەوەکی لەو بارەیەوە نەبووە لەبەر ئەوەی؛ 1. فەرمانبەران و مامۆستایان دوو پلە بەرزکردنەوەیان لای حکومەت کەڵەکە بووە،. بەتایبەت ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی پلە وەزیفییەکانیان لە نێوان (٦-١٠) دایەو (4) ساڵ جارێک پلەکانیان بەرز دەکرێتەوە (بۆ بەرچاوڕوونی بگەڕێرەوە بۆ خشتەی ژمارە (1)). 2. بەشێک کەم لە فەرمانبەران و مامۆستایان یەک پلە بەرزکردنەوەیان لای حکومەت کەڵەکەبووە، بەتایبەت ئەوانەی لە ساڵانی (2011 بۆ 2015) لەو مافە سودمەند بوونەو پلەی وەزیفیان لە نێوان (١-٥)دایەو (٥) ساڵ جارێک پلەکانیان بەرز دەکرێتەوە (بۆ بەرچاوڕوونی بگەڕێوە بۆ خشتەی ژمارە (1)). 3. زانیاری ورد نییە لەبارەی کۆی ئەوەی فەرمانبەران و مامۆستایان (هەڵگری چی بڕوانامەیەکن، لە چ پلە و پلکانەیەکی وەزیفیدان، لە چ پۆستێکی ئیداریدان) چونکە دەرماڵەماڵەکان کاریگەری گەورە لەسەر ڕێژەی بەرزبوونەوەی موچەکانیان جێ دەهێڵێت. بەڵام بەشێوەیەکی گریمانەیی بەهای ئەو قەرزەی "بەرزە موچە" كە دەبێت حكومەت بۆ فەرمانبەرانی بگەڕێنێتەوە بەدیاریكراوی نازانرێت، ئەگەر تێكڕای بەرزەموچە بە (50 هەزار) دینار ئەژماربكرێت، كە بۆ هەندێك پلەی وەزیفی لەم بڕە زیاتر‌و بۆ هەندێك تر كەمترە، لەحاڵی دەستپێكردنەوەی خەرجكردنی بەرزەموچە بۆ فەرمانبەران کە ژمارەیان (710 هەزار و 282) موچەخۆرە، کە بۆ هەر مانگێک دەکاتە (35 ملیار و 514 ملیۆن و 100 هەزار) دینار. بەمەش ئەگەر تەنها بۆ فەرمانبەرێک یەک پلە بەرزکردەنەوە و بۆ هەر پلە بەرزکرنەوەیەک (50 هەزار) دینار بخەمڵێنین _چونکە هەر پلە بەرزکردنەوەیەک فەرمانبەر (26 هەزار دینار بۆ 122 هەزار دینار) دەچێتە سەر موچەکەی_ بۆ (8) ساڵی ڕابردوو بەم جۆرەیە؛ • 710 هەزار و 282 موچەخۆری شارستانیX 50 هەزار دینار X 96 مانگ = (3 ترلیۆن و 409 ملیار و 353 ملیۆن و 600 هەزار) دینار. ئەگەر سێ بەشی ئەو فەرمانبەرانە مافی دوو جار پلە بەرزکردنەوەیان لای حکومەتی هەرێم بێت، ئەوا بەپێی ئەم لێکدانەوەیەی خوارەوە، ئەم بڕەش لە شایستەی دارایی موچەخۆران وەک بەرزە موچە لەسەر حکومەت کەڵەکە دەبێت. • 532 هەزار و 711 موچەخۆری شارستانیX 50 هەزار دینار X 96 مانگ = (2 ترلیۆن و 557 ملیار و 15 ملیۆن و 200 هەزار) دینار. بەم پێیەش کۆی ئەو شایستە داراییەی موچەخۆرانی شارستانی کە بەهۆی ڕاگرتنی بەرزە موچەوە بۆ حکومەتی هەرێم گەڕاوەتەوە بریتیە لە؛ • (3 ترلیۆن و 409 ملیار و 353 ملیۆن و 600 هەزار) دینار + (2 ترلیۆن و 557 ملیار و 15 ملیۆن و 200 هەزار) دینار = (5 ترلیۆن و 996 ملیار و 368 ملیۆن و 800 هەزار) دینار 2. پاشەکەت و لێبڕین و ڕاگرتنی بەرزە موچە وەک شایستەی دارایی موچەخۆرانی هەرێم لەسەر شانی حکومەت لە ماوەی (9) ساڵدا، واتا لە (108) مانگدا، هەردوو کابینەی هەشتەم و نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەنها (49) موچەی تەواویان وەگرتووە، (15) موچەیان پێ نەدراوەو (44) موچەشیان بە چارەک و لێبڕین و بەشێک لە پاشەکەوتەوە بۆ خەرج کراوە. کۆی ئەو بڕە پارەیەی وەک شایستەی دارایی موچەخۆران خەرج نەکراوە، قەبارەکەی گەیشتووە بە (21 ترلیۆن و 583 ملیار و 997 ملیۆن) دینار. بەجۆرێک کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێم لە ماوەی (54) مانگدا، تەنها (15) مانگیان موچەی تەواوەتی موچە خۆرانی هەرێمی خەرجکردووە، (34) مانگیشی بە کەم و کوڕی و پاشەکەوتەوە کردووە، (5) مانگیشی خەرج نەکردو ناوینا پاشەکەوت. کۆی شایستەی موچەی موچەخۆران لە سەردەمی کابینەی هەشتەم لای حکومەت مایەوە بە (10 ترلیۆن و 597 ملیار و 997 ملیۆن) دینار خەمڵێندرا. هاوکات لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (54) مانگی رابردوودا، تەنها (34) مانگیان موچەی تەواوەتی موچە خۆرانی هەرێمی خەرجکردووە، (10) مانگیشی بە کەم و کوڕی و لێبڕین خەرج کردووە، (10) مانگیشی خەرج نەکردووە. کۆی شایستەی موچەی موچەخۆران لە سەردەمی کابینەی هەشتەم لای حکومەت مایەوە بە (10 ترلیۆن و 986 ملیار) دینار دەخەمڵێندێت. بڕوانە خشتەکانی خوارە تایبەت بە شێوازی خەرجکردنی موچە و بڕو قەبارەی قەرزی کەڵەکەبوی موچەخۆران لە سەر حکومەت. خشتەی ژمارە (2) خشتەی سێیەم (3) سێیەم؛ شایستە داراییەکانی تەنها موچەخۆرێک لای حکومەتی هەرێم لەسەر بنەمای ئەو ڕاستییانەی لە بەشی یەکەم و دووەمدا ئاماژەمان پێدا، ئەگەر گریمانەی ئەوەی بکەین موچەخۆرێک موچەکەی (ملیۆنێک) دینارە، ئەوا؛ 1. (15) موچەی تەواوی وەرنەگرتووە کە دەکاتە (15 ملیۆن) دینار. 2. (23) جار چارەکە موچەی وەرگرتووەو هەر موچەیەک (750 هەزار) دیناری لێبڕاوە، کە دەکاتە (17 ملیۆن و 250 هەزار) دینار. 3. (11) موچەی بە تێکڕا (40%) و (400 هەزار) دیناری لێبڕاوە، کە دەکاتە (4 ملیۆن و 400 هەزار) دینار. 4. (9) موچەی بە لێبڕینی (210 هەزار دینار) بە رێژەی (21%) لێبڕاوە، کە دەکاتە (ملیونێک و 890 هەزار) دینار. 5. (1) موچە بە لێبڕنی (18%) واتە (180 هەزار) دیناری لێبڕاوە. 6. بەهۆی ڕاگرتنی (1-2) بەرزە موچەوە لە ساڵی (2016 - 2024)، بە لانی کەمەوە مانگانە (100 هەزار) دیناری بۆ خەرج نەکراوە بە درێژایی (96) مانگ، بە کۆی گشتی دەکاتە (9 ملیۆن و 600 هەزار) دینار. کەواتە هەر موچەخۆرێک، ئەگەر موچەکەی (ملیۆنێک) دینار بێت، بەهۆی پاشەکەوت، لێبڕین و ڕاگرتنی بەرزە موچەوە بڕی (48 ملیۆن و 320 هەزار) دیناری لای حکومەتی هەرێمە، بۆ بەرچاوڕونی بڕوانە خشتەی ژمارە (4). خشتەی سێیەم (4)
(دره‌و): له عێراق هه‌ر كه‌سێك ساڵانه بڕی 120 كیلۆ خۆراك وه‌كو پاشماوه فڕێده‌دات، كه‌چی به‌م حاڵه‌شه‌وه ساڵانه زیاتر له (760) كه‌س به‌هۆی به‌دخۆراكییه‌وه گیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن، ئه‌مه به‌گوێره‌ی دوو راپۆرت كه گۆڤارێكی تایبه‌تمه‌ندی ئه‌مریكی له بواری داتاكاندا. گۆڤاری CEOWORLDی ئه‌مریكی كه له‌بواری داتا كارده‌كات، دوو راپۆرتی نوێی بڵاوكرده‌وه، راپۆرتی یه‌كه‌م له‌باره‌ی ئه‌و وڵاتانه‌وه‌یه كه (زۆرترین و كه‌مترین رێژه‌ی مردنیان به‌هۆی به‌دخۆراكی)یه‌وه هه‌یه، راپۆرتی دووه‌میش له‌سه‌ر (ئه‌و وڵاتانه‌ی زۆرترین خۆراك فڕێ ده‌ده‌ن). به‌پێی راپۆرتی تایبه‌ت به داتای فڕێدانی خۆراك له وڵاتان، له‌كۆی نزیكه‌ی 200 وڵاتی جیهان، عێراق له ریزبه‌ندی شه‌شه‌مدایه‌و پێش هه‌موو وڵاتانی ناوچه‌كه كه‌وتووه. به‌پێی راپۆرته‌كه، خۆراكی فڕێدراو له عێراق رێژه‌ی نزیكه‌ی 40%ی ئه‌و پاشماوانه پێكده‌هێنێت كه هاوڵاتیانی عێراقی فڕێی ده‌ده‌ن، واتا له كۆی (11 ملیۆن) پاشماوه كه ساڵانه له عێراق تۆمارده‌كرێت، زیاتر له (4 ملیۆن) ته‌نی پاشماوه‌ی خۆراكه. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه، هه‌ر هاوڵاتییه‌كی عێراقی ساڵانه نزیكه‌ی (120 كیلۆ) خۆراك فڕێ ده‌دات، ئه‌م بڕه بۆ هه‌ر رۆژێك ده‌كاته زیاتر له 300 گرام خۆراكی فڕێدراو بۆ هه‌ر تاكه كه‌سێك (واتا هه‌ر تاكێكی عێراقی رۆژانه زیاتر له چاره‌كه كیلۆیه‌ك خۆراك بڕێده‌دات). ئه‌م به‌هه‌ده‌ردانه زۆره‌ی خۆراك له كاتێكدایه، به‌پێی داتایه‌كی تر كه هه‌مان گۆڤاری ئه‌مریكی له‌باره‌ی رێژه‌ی مردن به‌هۆی به‌دخۆراكییه‌وه له‌سه‌ر ئاستی جیهان ئاماده‌یكردووه، ده‌ریده‌خات عێراق له‌رێژه‌ی مردن به‌هۆی به‌دخۆراكییه‌وه له‌كۆی 193 وڵات له ریزبه‌ندی 110دایه. به‌گوێره‌ی داتاكه، له عێراق له‌كۆی هه‌ر 100 هه‌زار كه‌سێك (1،77) كه‌س به‌هۆی به‌دخۆراكییه‌وه ده‌مرن، ئه‌مه به‌واتای ئه‌وه دێت له عێراق ساڵانه زیاتر له (760) كه‌س به‌هۆی به‌دخۆراكییه‌وه ده‌مرن.
راپۆرت: دره‌و هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌ی راسته‌قینه‌ی ده‌ره‌نجامه‌كانی كۆنگره‌ی 14یه، ناكۆكی نێوان دوو ئامۆزا میراتگره‌كه‌ی پارتی گه‌یشتوه‌ته ناو كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، پارتی به 45 كورسی په‌رله‌مانه‌وه 75%ی پۆسته‌كانی هه‌رێمی به‌ده‌سته‌وه‌یه، به‌ڵام دوای ئه‌و دۆخه نوێیه‌ی له چوار ساڵی رابردوودا هاتوه‌ته پێش، ئایا پارتی جارێكی تر زۆرینه‌ی په‌رله‌مان و حكومه‌ت كۆنترۆڵ ده‌كات، به‌تایبه‌تیش له‌كاتێكدا یاسای هه‌ڵبژاردن گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت و چاره‌سه‌ری دۆخی دارایی‌ش ئاسۆی نادیاره، ورده‌كاری دۆخی ناوخۆ‌و ده‌ره‌وه‌ی پارتی له‌م راپۆرته‌دا، ئه‌مه به‌شی یه‌كه‌می زنجیره‌یه‌ك راپۆرتێكه كه (دره‌و) له‌باره‌ی دۆخی هه‌ریه‌كه له حزبه‌كان بۆ له هه‌ڵبژاردن بڵاویده‌كاته‌وه. دۆخی حزبه‌كان له‌زنجیره‌یه‌ك راپۆرتدا هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رده‌م هه‌ستیارترین هه‌ڵبژاردندایه له مێژووی خۆیدا، ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنی 1992 تاقیكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتیی كورد بووبێت له‌وه‌ی ئایا دوای كشانه‌وه‌ی رژێمی به‌عس له ناوچه كوردییه‌كان، كورد توانای به‌ڕێوه‌بردنی خۆی هه‌یه، ئه‌وا هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره تاقیكردنه‌وه ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئایا دوای 32 ساڵی حوكمڕانیی نیمچه سه‌ربه‌خۆی خۆی، كورد ده‌توانێت پارێزگاری له‌و فیدراڵیه‌ت و نیمچه سه‌ربه‌خۆییه بكات كه به‌ده‌ستیهێناوه. بۆ تێگه‌یشتن له دۆخی كورد له ئێستادا، خوێندنه‌وه بۆ دۆخی حزبه‌كان له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی خۆیان و له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه‌یان، هه‌ندێك ئاماژه نیشان ده‌دات، (دره‌و) به زنجیره‌یه‌ك راپۆرت شیكاریی بۆ دۆخی هه‌موو ئه‌و حزب و گروپه سیاسییانه ده‌كات كه به‌شداری له هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كه‌ن. به‌شی یه‌كه‌م: پارتی دیموكراتی كوردستان له‌و جوگرافیایه‌ی پێی ده‌وترێت "باشوری كوردستان"، پارتی دیموكراتی كوردستان حزبی دایكه، زۆربه‌ی حزبه‌كانی تر له‌ناو عه‌باكه‌ی پارتییه‌وه هاتونه‌ته ده‌ره‌وه، ئه‌م حزبه له 1946 دامه‌زراوه، واتا ئه‌مساڵ ته‌مه‌نی ده‌بێت به (78 ساڵ)، پارتی له‌م ته‌مه‌نه‌دا چه‌ندین نسكۆی به‌سه‌ردا هاتووه‌و هه‌ڵساوه‌ته‌وه، ئه‌م حزبه ئێستا له‌كۆی نزیكه‌ی (6 ملیۆن) له دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان (600 هه‌زار) ئه‌ندامی هه‌یه، واتا به‌گوێره‌ی ئه‌ندام بێت پارتی رێژه‌ی 10%ی تێكڕای دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان پێكده‌هێنێت. دۆخی ناوخۆیی پارتی دوای حه‌وت ساڵ دواكه‌وتن له‌واده‌ی خۆی، رۆژی 3ی تشرینی دووه‌می 2022 پارتی كۆنگره‌ی 14ی خۆی به‌ست، ئه‌م كۆنگره‌یه سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی قۆناغێكی سیاسی نوێ بوو له ناوخۆی پارتیدا، مه‌سعود بارزانی كه له‌دوای مسته‌فا بارزانی باوكییه‌وه، سه‌رۆكی هه‌میشه‌یی پارتییه، له‌م كۆنگره‌یه‌دا نه‌خشه‌ی رێبه‌رایه‌تیكردنی پارتی بۆ دوای خۆی داڕشت. بارزانی كه له‌گه‌ڵ دروستبوونی پارتیدا له ساڵی 1946 له‌دایكبووه‌و به (78 ساڵ) هاوته‌مه‌نی حزبه‌كه‌یه‌تی، له كۆنگره‌ی 14دا سه‌رباری به‌رزبوونه‌وه‌ی ته‌مه‌ن، له پۆستی سه‌رۆكایه‌تیی پارتیدا مایه‌وه، به‌ڵام په‌یكه‌ری سه‌رۆكایه‌تیی پارتی گۆڕی، مه‌سرور بارزانی كوڕی هێنایه پێشه‌وه‌و هاوشان له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی برازای، كردی به جێگری سه‌رۆكی پارتی. هه‌ر له ساتی یه‌كه‌می راگه‌یاندنی جێگری دووه‌می سه‌رۆكی پارتییه‌وه، ئیتر سه‌ره‌تای ناكۆكییه‌كی نوێ، به‌ڵام قوڵتر له‌نێوان نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی ده‌ركه‌وت، میدیای نێچیرڤان بارزانی وه‌كو جێگری (دووه‌م)ی سه‌رۆكی پارتی ناوی مه‌سرور بارزانی هێنا، میدیای مه‌سرور بارزانیش ده‌یوت "هه‌ردووكیان جێگرن" واتا كه‌سیان له‌پێش ئه‌وه‌ی تریانه‌وه نییه. سه‌ره‌تای ئه‌م گۆڕانكارییه له‌ناو په‌یكه‌ری ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی بۆ رۆژی 3ی كانونی یه‌كه‌می 2018 ده‌گه‌ڕێته‌وه، له‌م رۆژه‌دا ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی، به بڕیاری مه‌سعود بارزانی، مه‌سرور بارزانی بۆ پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌ت كاندید كرد، نێچیرڤان بارزانیش دوای 17 ساڵ سه‌رۆكایه‌تیكردنی حكومه‌ت، بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم كاندید كرا. نێچیرڤان بارزانی ئه‌وكات ئه‌م گۆڕانكارییه‌ی قبوڵ كرد، به‌وئومێده‌ی له پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم و له شوێنه‌كه‌ی مه‌سعود بارزانییه‌وه، بۆ داهاتوو ده‌ستی له پۆستی سه‌رۆكایه‌تیی پارتیش گیر ببێت و ئه‌و هاوكێشه‌یه هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه كه ده‌وترێت " هه‌ركه‌سێك به سلكی ده‌زگای پاراستندا تێنه‌په‌ڕیبێت ناتوانێت ببێت به سه‌رۆكی پارتی"، به‌ڵام دوای كه‌متر له هه‌شت مانگ كه مه‌سرور بارزانی له‌پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌ستبه‌كاربوو (10 ته‌موزی 2019)، ئیتر نێچیرڤان بارزانی خۆی له دۆخێكی نوێ‌دا بینییه‌وه كه ره‌نگه هه‌رگیز چاوه‌ڕوانی نه‌كردبێت، مه‌سرور بارزانی هه‌موو كه‌سه نزیكه‌كانی نێچیرڤان بارزانی له حكومه‌ت ده‌رپه‌ڕاندو له‌دوای یه‌كه‌مین قه‌یرانیشه‌وه كه روبه‌ڕووی كابینه‌ی نۆیه‌م بووه‌وه (قه‌یرانی په‌تای كۆرۆناو دابه‌زینی نرخی نه‌وت) یه‌كسه‌ر مه‌سرور بارزانی جه‌نگی دژی نێچیرڤان بارزانی راگه‌یاندو خراپی دۆخی دارایی حكومه‌ت و قه‌رزه كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی خسته ئه‌ستۆی 17 ساڵ حوكمڕانیی نێچیرڤان بارزانی له‌ناو حكومه‌تدا. له‌وكاته‌وه تائێستا په‌یوه‌ندی دوو ئامۆزا میراتگره‌كه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پارتی به‌دۆخی كێشمه‌كێشدا تێپه‌ڕده‌بێت، له‌سه‌ره‌تای ململانێكه‌وه نێچیرڤان بارزانی خۆی له كاردانه‌وه ده‌پاراست، به‌ڵام به‌مدواییه دژه هێرشی ده‌ستپیكردووه، له‌رێگه‌ی میدیاكانییه‌وه (به‌دیاریكراویش تۆڕی میدیایی رووداو) فشاری له‌سه‌ر كابینه‌ی مه‌سرور بارزانی توندكردوه‌ته‌وه‌و به‌رده‌وام ده‌ست ده‌خاته‌سه‌ر كه‌موكورتییه‌كانی حكومه‌ت، ئه‌م هه‌ڵمه‌ته میدیاییه به‌ته‌واوه‌تی مه‌سرور بارزانی بێزار كردووه، تائه‌و ڕاده‌ی له ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و وه‌زیره‌كانی قه‌ده‌غه‌كردووه چاوپێكه‌وتنی رۆژنامه‌وانی له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی (رووداو) بكه‌ن، له‌مه‌ش زیاتر چه‌ند به‌رپرسێكی پارتی سه‌رزه‌نیشت و سزا دراون له‌سه‌ر شكاندنی ئه‌م قه‌ده‌غه میدیاییه، واتا ئێستا دۆخێك له‌ناو پارتیدا دروستبووه، هه‌ر ئه‌ندامێكی ئه‌و حزبه بۆ ئه‌وه‌ی له كێشمه‌كێشی نێوان دوو ئامۆزاكه تێبگات، ته‌نیا پێویستی به‌وه‌یه ته‌ماشای ته‌له‌فزیۆنه‌كانی حزبه‌كه‌ی بكات. پارتی كه جاران به مه‌ركه‌زیه‌تی بڕیاری سیاسی و میدیایی ناسرابوو، ئێستا هاوشێوه‌ی یه‌كێتیی خاوه‌نی زیاتر له میدیایه‌كه، كه هه‌ریه‌كه‌یان گوزارشت له جه‌مسه‌رێكی به‌هێزی ناو پارتی ده‌كه‌ن، هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دروستكردنی مینبه‌ری جیاوازی میدیاییه‌وه له‌ناو پارتی، پێشبینی ئه‌وه هه‌بوو پارتی روبه‌ڕووی هه‌مان دۆخی ساڵانی رابردووی یه‌كێتیی ببێته‌وه، به‌تایبه‌تیش بۆ قۆناغێك كه ئیتر چاره‌نوسی شوێنگره‌وه‌ی مه‌سعود بارزانی له‌نێوان كوڕ‌و برازاكه‌یدا یه‌كلاده‌بێته‌وه، به‌جۆرێك به‌پێی زانیارییه‌كانی (دره‌و)، ساڵی رابردوو له كۆبونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ وه‌زیرو به‌رپرسانی ئیداریی پارتی، مه‌سرور بارزانی وتویه‌تی:" ئێستا ئه‌وه‌ی كه‌ناڵی رووداو به‌رامبه‌ر به حكومه‌ت ده‌یكات، لایه‌نه ئۆپۆزسیۆنه‌كان نایكه‌ن". به‌پێی زانیارییه‌كانی (دره‌و)، له كۆبونه‌وه‌ی رۆژی 10ی ئه‌م مانگه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستاندا، ناكۆكیی نێوان نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی به‌ئاشكراو له‌به‌رده‌م وه‌زیری لایه‌نه به‌شداره‌كانی حكومه‌تدا ده‌ركه‌وتووه، به‌راوركارییه‌كی كابینه‌ی نۆیه‌م به كابینه‌ی هه‌شته‌می حكومه‌ت له‌لایه‌ن رێبه‌ری ئه‌حمه‌دی وه‌زیری ناوخۆوه، كاردانه‌وه‌ی توند‌و ده‌نگ به‌رزكردنه‌وه‌ی (فه‌وزی هه‌ریری) سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستانی به‌دوای خۆیدا هێناوه، هه‌ریری له‌به‌رامبه‌ر ره‌خنه‌كانی رێبه‌ر ئه‌حمه‌ددا، به‌نوێنه‌رایه‌تی نێچیرڤان بارزانی و له‌به‌رده‌م مه‌سرور بارزانیدا به‌رگری له كابینه‌ی پێشووی حكومه‌ت كرد‌و ره‌خنه‌ی له كابینه‌ی نۆیه‌م گرت، ئه‌مه مه‌سرور بارزانی ناچاركرد كۆتایی به كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بهێنێت. (فه‌وزی هه‌ریری كه سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمه، پله‌ی وه‌زیره‌و به‌نوێنه‌رایه‌تی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم به‌شداری كۆبونه‌وه‌كانی حكومه‌ت ده‌كات) ئه‌م كێشمه‌كێشه‌ی نێوان دوو جێگره‌كه‌ی سه‌رۆكی پارتی، له‌دواین هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراقدا كه 18ی كانونی یه‌كه‌می 2023 به‌ڕێوه‌چوو، كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ده‌نگ و پێگه‌ی پارتی دروستكرد، به‌تایبه‌تیش له پارێزگای نه‌ینه‌واو كه‌ركوك، به‌جۆریك له نه‌ینه‌وا پارتی رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی 50% دابه‌زی، له كه‌ركوكیش به‌به‌راورد به یه‌كێتیی، پارتی له‌ئاستی چاوه‌ڕوانكراوی خۆیدا نه‌بوو. نزیكه‌كانی مه‌سرور بارزانی ده‌ڵێن، نێچیرڤان بارزانی ئیداره‌ی گه‌مه‌یه‌كی سیاسی ده‌دات له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی، به‌دیاریكراویش له‌گه‌ڵ قوباد تاڵه‌بانی، له‌م رێگه‌یه‌وه ده‌یه‌وێت له‌پێگه‌ی مه‌سرور بارزانی بدات، تا ئه‌و ڕاده‌ی له هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستاندا كه بڕیاره له ئایاری داهاتوو به‌ڕێوه‌بچێت، پێگه‌ی پارتی له په‌رله‌مان لاواز ببێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌م رێگه‌یه‌وه په‌یامێك به ناوخۆ‌و ده‌ره‌وه‌ی پارتیش بدات و بڵێ: من كه حكومه‌تم راده‌ستی مه‌سرور بارزانی كرد پارتی خاوه‌نی 45 كورسی په‌رله‌مان بوو، به‌ڵام كه مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی وه‌رگرت پارتی كورسییه‌كانی كه‌میكرد". پارتی له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان، پارتی به (45) كورسی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه رێژه‌ی 75%ی پۆسته باڵا‌و هه‌ستیاره‌كانی هه‌رێمی به‌ده‌سته‌وه‌یه، به‌جۆرێك ئێستا بڕیاری سیاسی هه‌رێم له‌ده‌ستی پارتیدایه‌و 100%ی سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی هه‌رێم لای پارتییه (سه‌رۆكی هه‌رێم+ سه‌رۆكی حكومه‌ت+ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی، سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان كه لای یه‌كێتیی بوو، به‌هۆی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی په‌رله‌مان ئه‌م سه‌رۆكایه‌تییه ئێستا نه‌ماوه). له‌ناو پارتیشدا بڕیاری سیاسی له‌ده‌ستی مه‌سرور بارزانیدایه، بۆ ئه‌مه‌ش هه‌م سود له پۆسته‌كه‌ی وه‌كو سه‌رۆكی حكومه‌ت وه‌رده‌گرێت، هه‌م له پێگه حزبییه‌كه‌ی وه‌كو جێگری سه‌رۆكی پارتی و كوڕی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی حزبه‌كه. كابینه‌ی نۆیه‌م كه چوار ساڵی ته‌مه‌نی خۆی به‌ڕێكردووه‌و ماوه‌ی ساڵێكیشه وه‌كو كاربه‌رێكه‌ر به‌رێوه‌ده‌چێت، له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان ناڕه‌زایه‌تی و بێئومێدیی دژی ده‌سه‌ڵاتی پارتی زیاتر كردووه، چونكه له یه‌كه‌م ئه‌زمونی مه‌سرور بارزانیدا، هه‌رێمی كوردستان روبه‌ڕووی زنجیره‌یه‌ك فشاربووه‌ته‌وه كه پێشینه‌ی نه‌بووه، له‌وانه: • شوباتی 2020، بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆناو دابه‌زینی نرخی نه‌وت له كۆتایی كابینه‌ی مه‌سرور بارزانی توشی قه‌یرانێكی دارایی گه‌وره كرد، به‌وهۆیه‌وه حكومه‌ت بۆ ماوه‌ی 10 مانگ به لێبڕینه‌وه موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی دابه‌شكرد، ئه‌مه سه‌ره‌تای نائومێدی خه‌ڵك بوو به‌رامبه‌ر به كابینه‌ی نۆیه‌م و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر پێگه‌ی پارتیش دروستكرد. • له 15ی شوباتی 2022دا، دوای 10 ساڵ چاوه‌ڕوانی، دادگای فیدراڵی عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای سكاڵایه‌كی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق سه‌باره‌ت به فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێم، بڕیاریدا به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاسای نه‌وت و غازی هه‌رێم و هه‌ولێری پابه‌ندكرد به‌وه‌ی نه‌وت و غازه‌كه‌ی راده‌ستی به‌غداد بكات. • له تشرینی یه‌كه‌می 2022دا، به‌هۆی كێشه‌ی ئه‌منیی نێوان پارتی و یه‌كێتیی، قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم بایكۆتی كۆبونه‌وه‌كانی حكومه‌تی كرد، دواتریش وه‌زیره‌كانی یه‌كێتیی له مانگی كانونی یه‌كه‌می هه‌مان ساڵدا بایكۆتی كۆبونه‌وه‌كانی حكومه‌تیان كرد، ئه‌م بایكۆته ماوه‌ی نزیكه‌ی 6 مانگ به‌رده‌وام بوو، له‌دوای یه‌كخستنی ئیداره‌ی هه‌ولێرو سلێمانییه‌وه ئه‌مه یه‌كه‌مجار بوو تیمی یه‌كێتیی له حكومه‌ت بایكۆتی كۆبونه‌وه‌كان بكات. • 13ی شوباتی 2023 دادگای ناوبژیوانی پاریس دوای چه‌ندین ساڵ چاوه‌ڕوانی، دواجار بڕیاری خۆی له‌باره‌ی سكاڵایه‌كه‌وه یه‌كلاكرده‌وه كه حكومه‌تی عێراق له‌سه‌ر توركیا تۆماریكردبوو، له‌م سكاڵایه‌دا عێراق ناڕه‌زایه‌تی نیشاندا بوو له‌باره‌ی به‌كارهێنانی هێڵی بۆری نه‌وتی عێراق- توركیا بۆ هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان به‌بێ ره‌زامه‌ندی به‌غداد، له‌سه‌ر ئه‌م سكاڵایه، دادگای نێوده‌وڵه‌تی بڕی نزیكه‌ی (ملیارێك و 500 ملیۆن) دۆلار قه‌ره‌بووی به‌سه‌ر توركیادا سه‌پاند، به‌هۆی ئه‌م بڕیاره‌وه له به‌ره‌به‌یانی 25ی ئازاری 2023دا توركیا هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانی بۆ به‌نده‌ری جه‌یهان راگرت و تائێستا هه‌نارده ده‌ستیپێ نه‌كردوه‌ته‌وه، به‌هۆی ئه‌م بڕیاره‌وه حكومه‌تی هه‌رێم رێژه‌ی نزیكه‌ی 80%ی داهاته‌كانی خۆی له‌ده‌ستداو سه‌رله‌نوێ كێشه بۆ موچه‌ی موچه‌خۆران دروستبووه‌وه. • 30ی ئایاری 2023 دادگای باڵای فیدراڵی عێراق درێژكردنه‌وه‌ی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه، به‌هۆی ئه‌م بڕیاره‌وه په‌رله‌مانی كوردستان نه‌یتوانی یاسای هه‌ڵبژاردن و كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێم كارابكاته‌وه‌و گرفت بۆ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مان دروستبوو. • كۆتایی ئایاری 2023 یاسای بودجه‌ی سێ ساڵه‌ی عێراق كه‌وته بواری جێبه‌جێكردن، له‌م یاسایه‌دا بۆ جاری یه‌كه‌م له‌دوای روخانی سه‌ددامه‌وه حكومه‌تی هه‌رێم قایل بوو به راده‌ستكردنی نه‌وته‌كه‌ی به كۆمپانیای به‌بازاڕخستی نه‌وتی عێراق "سۆمۆ"و راده‌ستكردنی پاره‌ی كاشی داهاتی نه‌وت به وه‌زاره‌تی دارایی عێراق، ئه‌مه‌ش ته‌نیا له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌رێم به‌شی خۆی له بودجه‌ی گشتی عێراق پێبدرێت، بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی عێراق و دادگای ناوبژیوانی پاریس كاریگه‌رییان هه‌بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی حكومه‌تی مه‌سرور بارزانی له یاسای بودجه‌دا مل بۆ خواسته‌كانی به‌غداد بكات. • 24ی ئه‌یلولی 2023 دادگای باڵای فیدراڵی عێراق به بڕیارێك ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه، به‌ڵام له تائێستا ئه‌م بڕیاره جێبه‌جێ نه‌كراوه‌و ئه‌نجومه‌نه‌كان به‌رده‌وامن له‌سه‌ر كاركردنی خۆیان. • كۆتاییه‌كانی 2023، به‌هۆی راوه‌ستانی هه‌نارده‌ی نه‌وت، حكومه‌تی هه‌رێم توانای دابینكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی نه‌بوو، به‌ناچاری بۆ ماوه‌ی سێ مانگ قه‌رزی (700 ملیار) دیناری له حكومه‌تی فیدراڵی عێراق وه‌رگرت، به‌م قه‌رزه‌شه‌وه حكومه‌ت به سێ مانگ قه‌رزی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانه‌وه ماڵئاوایی له 2023 كرد. • رۆژی 4ی شوباتی ئه‌مساڵ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری خۆی له‌باره‌ی سكاڵایه‌كه‌وه یه‌كلایی ده‌كاته‌وه كه یه‌كێتیی نیشتمانی له‌سه‌ر یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان تۆماریكردووه، ئه‌م بڕیاره‌ش كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر دۆخی سیاسی هه‌رێم ده‌بێت، به‌تایبه‌تیش له بواری گۆڕینی سیسته‌می هه‌ڵبژاردن له كوردستان بۆ (فره‌بانه‌یی)و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌و گۆڕانكاریكردن له كورسی "كۆتا"ی پێكهاته‌كان، ئه‌مه‌ش به‌پله‌ی یه‌كه‌م گورزێكه كه له‌سه‌رده‌می حوكمڕانی مه‌سرور بارزانیدا به‌ر پێگه‌ی پارتی ده‌كه‌وێت له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا. هه‌موو ئه‌و قه‌یرانانه‌ی كه له 5 ساڵی ته‌مه‌نی كابینه‌ی نۆیه‌مدا رووی له هه‌رێمی كوردستان كرد، به‌پله‌ی یه‌كه‌م كاریگه‌رییه‌كه‌ی له‌سه‌ر پێگه‌ی پارتی ده‌بێت، پاشان لایه‌نه‌كانی تری به‌شدار له حكومه‌ت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی پارتی زۆرینه‌ی جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی به‌ده‌سته‌وه‌یه، بۆ ده‌ربازبوون له‌و فشارانه، له‌دوای راگرتنی هه‌نارده‌ی نه‌وته‌وه، مه‌سرور بارزانی رووی له كه‌مپه‌ینێكی میدیایی كرد بۆ هه‌نارده‌كردنی به‌روبومی كوردی بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات له‌وانه هه‌نگوین و هه‌نارو چه‌ند به‌رهه‌مێكی تر، كه كاریگه‌ریی ئه‌وتۆیان له‌سه‌ر تێكڕای داهاتی ناوخۆیی هه‌رێم نییه. پارتی له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان، به‌مدواییه به‌هۆی پارتییه‌وه هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تیش هه‌ولێری پایته‌خت كه‌وتوه‌ته ژێر فشاری توندی ئێرانه‌وه، له‌لایه‌كی تره‌وه هه‌ر به‌هۆی سیاسه‌ته‌كانی پارتییه‌وه حكومه‌تی هه‌رێم كه‌وتوه‌ته‌ژێر فشاری دارایی به‌غداده‌وه. پارتی كه خۆی بۆ به‌ره‌ی توركیا‌و ئه‌مریكا له ناوچه‌كه‌دا ساغكردوه‌ته‌وه، له‌به‌رامبه‌ر فشاره زۆره‌كانی به‌غدادو تاران‌دا، هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی ئه‌وتۆی ئه‌مریكا نه‌بینیوه، ئه‌م نائومێدییه له هه‌ڵوێستی ئه‌مریكا له راگه‌یه‌ندراوی كۆبونه‌وه‌یه‌كی سه‌ركردایه‌تی پارتیدا له 12ی ته‌موزی 2023دا گوزارشتی لێكرا، كاتێك سه‌ركردایه‌تی پارتی رایگه‌یاند" سیاسەت و بەرنامەكانی ئەمریكا لە خورهەڵاتی ناوەراست بە شێوەیەكی گشتی بوەتە مایەی نیگەرانی هاوپەیمانەكان، بەشێك لەم لێكەوتانە راستەوخۆ هەندێكیش ناڕاستەوخۆ كاریگەریان لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە"، ئه‌م نیگه‌رانییه‌ی پارتی له ئه‌مریكا بۆ یه‌كێك له ئاژانسه هه‌واڵییه‌كانی روسیا جێگای سه‌ره‌نج بوو، وا لێكدرایه‌وه ئه‌مریكا یه‌كێك له هاوپه‌یمانه‌كانی تری خۆی له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ده‌ستداوه. پارتی له‌ناو كێشمه‌كێشی ئه‌مریكاو ئێران‌دا له‌ناوچه‌كه گیری خواردووه، له‌لایه‌ك له‌ژێر فشاری ئێران و لایه‌نه شیعه‌كانی عێراقدایه بۆ كردنه‌ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیی، له‌لایه‌كی تر مانه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه به گه‌ره‌نتی بۆ مانه‌وه‌ی خۆی و هه‌رێمی كوردستان ته‌ماشا ده‌كات، پارتی به‌شێكه له هاوپه‌یمانی (ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت)، ئه‌مه هاوپه‌یمانێتی ئه‌و لایه‌نانه‌یه كه پێكه‌وه كابینه‌ی حكومه‌تیان له عێراق دروستكردووه، پێكهێنه‌ری سه‌ره‌كی ئه‌م هاوپه‌یمانێتییه لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگییه كه له‌و شیعانه‌ن، له ئێرانه‌وه نزیكن. له‌كاتێكدا لایه‌نه شیعه‌كانی عێراق فشاره‌كانیان بۆ كردنه‌ده‌ره‌وه‌ی هێزه بیانییه‌كان له عێراق توندكرده‌وه، رۆژی 9ی ئه‌م مانگه مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی ژه‌نه‌راڵ (جۆوڵ ڤاوڵ) فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له عێراق و سوریا بینی، له‌م دیداره‌دا بارزانی جەختی له‌سه‌ر بەردەوامی کاری هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا كرد، به‌ڵام له‌ناو حكومه‌تی عێراق ناچاربووه پابه‌ندبێت به بڕیاری شیعه‌كانه‌وه بۆ كردنه‌ده‌ره‌وه‌ی هاوپه‌یمانان له عێراق، ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش به‌پله‌ی سه‌ره‌كی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سه‌رپه‌ره‌شتی ده‌كات كه وه‌زیره‌كه‌ی (فوئاد حسێن)ی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتییه. یه‌كێك له‌و بنكانه‌ی كه هێزه‌كانی ئه‌مریكای له عێراق تێدا جێگیربووه، بنكه‌ی (هه‌ریره) له‌نزیك هه‌ولێر، سه‌رباری ئه‌مه هاوپه‌یمانان له‌ناو فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێریشدا بنكه‌یه‌كیان هه‌یه، به‌وهۆیه‌وه له‌دوای ده‌ستپێكردنی جه‌نگی ئیسرائیل و حه‌ماسه‌وه له 7ی ئۆكتۆبه‌ری 2023، زیاتر له 150 هێرش له‌لایه‌ن گروپه چه‌كداره‌كانی نزیك له ئێرانه‌وه كراونه‌ته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان. پارتی و هه‌ڵبژاردن پارتی وه‌كو ده‌سه‌ڵاتداری یه‌كه‌می هه‌رێمی كوردستان له دۆخێكی جیاوازدا ده‌چێته ناو هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، دۆخێك كه له دۆخی هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردوو ناچێت، له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه: • دۆخی دارایی هه‌رێمی كوردستان به‌به‌راورد به رابردوو خراپتر بووه، به‌تایبه‌تیش كه هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم وه‌كو سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی داهاتی حكومه‌ت ئێستا ئیتر جڵه‌وه‌كه‌ی له‌ده‌ستی حكومه‌تی فیدراڵی عێراقدایه‌و هه‌مواری یاسای بودجه‌ش چاره‌نوسی نادیاره‌و ئه‌گه‌ر له په‌رله‌مانیش په‌سه‌ند بكرێت ئه‌وه به حكومه‌تی هه‌رێم نادات كه داوای ده‌كات. • یاسای هه‌ڵبژاردن به‌هۆی سكاڵاكه‌ی یه‌كێتییه‌وه له دادگای فیدراڵی عێراق دڵخوازی پارتی نابێت، شێوازی فره‌بازنه‌یی و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه یان دابه‌شكردنی كورسی "كۆتا"ی پێكهاته‌كان تاڕاده‌یه‌ك زامنی ئه‌وه ده‌كات چیتر پارتی ئه‌و زۆرینه‌یه‌ی له‌ناو په‌رله‌مانی كوردستان نه‌بێت كه له خولی پێنجه‌مدا هه‌یبوو، ئه‌مه پارتی ناچار ده‌كات له‌به‌رامبه‌ر ركابه‌ره سیاسییه‌كانی به‌دیاریكراویش یه‌كێتیی، پاشه‌كشێی سیاسی زیاتر بكات. • ناكۆكی نێوان مه‌سرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی كاریگه‌ری و ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر پێگه‌ی پارتی له هه‌ڵبژاردنی كوردستاندا ده‌بێت، به‌تایبه‌تیش له ئاڕاسته‌كردنی بنكه‌ی جه‌ماوه‌ری پارتی بۆ به‌شداربوونیان له هه‌ڵبژاردن و لێكدانه‌وه‌ی حساباتی پێگه‌و هه‌ژمونی هه‌ریه‌كه‌یان دوای هه‌ڵبژاردن. • سه‌رباری ئه‌م خاڵه نه‌رێنییانه، هێشتا پارتی هێزی یه‌كه‌می ده‌سه‌ڵاته له هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ده‌نگده‌ره‌كانی ده‌بێت، به‌تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر تاكاتی هه‌ڵبژاردن حكومه‌تی مه‌سرور بارزانی بتوانێت ریككه‌وتنێكی هاوسه‌نگ له‌باره‌ی یاسای بودجه‌وه له‌گه‌ڵ به‌غداد بكات و به‌مه‌ش هه‌ندێك ئارامی ده‌روونی بۆ موچه‌خۆران و پرۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كان بگه‌ڕێنێته‌وه. پارتی و هه‌ڵبژاردن دەنگی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەرجەم هەڵبژاردنەكانی (پەرلەمانی كوردستان، ئەنجومەنی پارێزگاكان، پەرلەمانی عێراق) لە هەرێمی كوردستان (1992 – 2021) • بۆ نوسینی ئه‌م راپۆرته شیكارییه (دره‌و) له‌گه‌ڵ چه‌ندین سه‌رچاوه‌ی ئاگادار له‌ناو پارتی و یه‌كێتیی قسه‌ی كردووه
درەو: شەوی رابردوو لەیەككاتدا بە درۆن هێرشكرایە سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و كێڵگەی غازی كۆرمۆر، هێرشە درۆنیەكانی هەولێر لەلایەن (گروپی موقاوەمەی ئیسلامی عێراق)یەوە ئەنجام دەدرێن، بەڵام تا ئێستا ناسنامەی ئەنجامدەری هێرشەكەی كۆرمۆر رانەگەیەندراوە، هێرشەكانی سەركۆرمۆر كۆمەڵێك رەهەندی جیاوازی هەیە، كێشە ناوخۆییەكانی گروپە شیعەكان و فراونكردنی كێڵگەی غازی كۆرمۆر و وشككردنی سەرچاوە ستراتیژییەكانی هەرێم بەشێكن لە هۆكاری هێرشە درۆنییەكان. ئەمشەو هێرشكرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر كە لەلایەن كۆمپانیای دانەغازەوە كاری بەرهەمهێنانی تێدا دەكرێت، بە پێی راگەیەندراوی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هێرشەكە لەرێگەی درۆنەوە بووەو بەهۆیەوە هەناردەكردنی غاز بۆ وێستەگانی كارەبا بۆ بەرهەمهێنانی (2800) مێگاوات كارەبا راگیراوە. تا ئێستا ئەنجامدەر و هۆكاری پشت هێرشەكە رانەگەیەندراوە، بەڵام ئاماژەكان بۆ گروپە شیعەكانی عێراقی سەربە ئێران دەچن كە لەناوچە جێناكۆكەكانی نێوان قادر كەرەم و دووزخورماتوو جێگیرن و نزیكەی (20) كیلۆمەترێك لە كێڵگەی غازی كۆرمۆرەوە دوورن، كە لە ئێستادا لەژێر دەسەڵاتی یەكێتیدایە، هەرچەندە بەشێك لەسەرچاوەكان باس لەوە دەكەن ئەو گروپەی هێرشەكەی دوێنێ شەوی ئەنجامداوە، گروپێكی حەشدی توركمانیەو لەو ناوچەیە جێگیرن، بەڵام تا ئێستا بەفەرمی رانەگەیەندراوە. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) هۆكاری هێرشەكەی سەر كۆرمۆر كە چەند مانگ جارێك دووبارە دەبێتەوەو سەرچاوەی سەرەكی غازی وێستگەكانی كارەبای هەرێمەوە بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە: یەكەم: ناكۆكی گروپە شیعەكان: لە ئێستادا لەرووی سیاسیەوە گروپە شیعە چەكدارەكانی سەربە ئێران ناكۆكن لەناو خۆیاندا، نێگەرانن لە پەیوەندییە دۆستایەتیە بەهێزەكەی نێوان قەیس غەزعەلی ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی هەق و بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئەو گروپانە پێیان وایە ئەو دۆستایەتییە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ئابورییەو قەیس خەزعەلی خۆی لە بە ئامانجگرتنی ئەمریكا و هێزەكانی هاوپەیمانان خۆی بەدوور دەگرێت، كە گروپەكانی (بەرەی موقاوەمەت) بۆسەر بنكەو بارەگاكانی هێزەكانی ئەمریكا ئەنجامی ئەدەن، لەرێگەی ئەم هێرشەوە بۆسەر غازی كۆرمۆر ئەیانەوێت ئەو پەیامە بە قەیس خەزعەلی و رەیان كلدانی بدەن یەكێتی نیشتمانی كوردستان و دەسەڵاتدارێتیەكەی لە سلێمانی لەو هێرشانە جیاناكرێنەوە، ئەو هێرشانە پەیام و مەسجی روونی گروپە شیعەكانی نزیك ئێرانە بۆ یەكێتی. دووەم: فراوانكردنی كێڵگەكە: هەر كات باس لە فراونكردنی كیڵگەی غازی كۆرمۆر دەكرێت لەلایەن كۆمپانیای دانەغازەوە، كێڵگەی كۆرمۆر رووبەرووی هێرشی موشەكی و درۆنی دەبێتەوە، فراوانكردنی بەرهەمهێنانی كێلگەی غازی كۆرمۆر نیگەرانی ئێران و گروپە شیعەكانی نزیك ئێرانی لێكەوتووەتەوە، ئەوان پێیان وایە ئەو كێڵگەیە بەشێكە لە كۆمپانیای نەوتی باكورو غازی ئەو كێلگەیە دەبێت لەژێر كۆنترۆڵی كۆمپانیای نەوتی باكووردا بێت. سێیەم: لێدان لە ژێرخانی هەرێم لێدان لە كێڵگەی غازی كۆرمۆر تێكدانی ژێرخانی هەرێمی كوردستانە، لەبەر ئەوەی لە ئێستادا غازی سروشتی وێستگەكانی كارەبای هەرێم و غازی ماڵانیش كە سەرچاوەی رووناككردنەوەو گەرمكردنەوەیە لە هەرێمی كوردستاندا سەرچاوەكەی كێڵگەی غازی كۆرمۆرە، بۆیە ئەو گروپانە دەیانەوێـت ژێرخانی هەرێمی كوردستان بەتەواوی وێران بكەن، هەروەك چۆن یەكێك لە ئامانجەكانی هێرشە درۆنییەكانی سەر هەولێر، راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانی فڕۆكەخانەی هەولێرەو ئەویش بە ئامانجی داخستنی هەرێمی كوردستان بەرووی جیهاندا. كێ هێرشەكان ئەنجام دەدات؟ لە ماوەی رابردوودا چەندین جار هێرشكراوەتەوە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر بەڵام هیچ لایەنێك بەرپرسیارێتی ئەو هێرشانەی نەگرتووەتە ئەستۆ. مانگی حوزەیرانی 2022 چەند جارێك هێرشكرایە سەر كۆرمۆر، بۆیە لیژنەیەكی سەربازی لە نێوان هێزی پێشمەرگەو سوپای عێراق پێكهات، ئەنجامی لیژنەكە دەست (درەو) كەوتوو ئەوكات كۆپییەكی بڵاوكردەوە بەم شێوەیە بوو: • بەپێی شیكاری ئەو چاڵانەی بەهۆی هێرشەكەكانەوە دروستبوون، دەركەوت هەموو ئەو موشەكانەی ئاڕاستەی (كۆرمۆر) كراون، لە یەك ئاڕاستەوە هاتوون واتە لە خۆرهەڵاتەوە بە ئاڕاستەی خۆڕئاوا، هێرشەكان لەناو قوڵایی هەرێمی كوردستان‌و لە پشت كەرتی لیوای 16ی پێشمەرگەوە روویداوە. • نزیكترین خاڵی شوێنی كەوتنەخوارەوەی موشەكەكان نزیكەی (29 بۆ 30) كیلۆمەتر لە هێزەكانی حكومەتی فیدراڵەوە دوورە، ناوچەی بۆشایی ئەمنیی لەنێوان هێزە فیدراڵییەكان‌و پێشمەرگە نزیكەی (9 بۆ 10 كیلۆمەترە) لە شوێنی كێڵگەكەوە. • كێڵگەی كۆرمۆر بە سێ بازنەی ئەمنیی دەورە دراوە، بازنەی یەكەم‌و دووەم كۆمپانیایەكی ئەمنیی تایبەتە، بازنەی سێیەم پێشمەرگەیە، لە ئێستادا هێزێكی كۆماندۆش لەو ناوچەیە جێگیركراوە. بۆچی كۆرمۆر ؟ رۆژی 5ی ئایاری رابردوو كۆمپانیای نەوتی باكور كە سەربە وەزارەتی نەوتی عێراقە بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە، باسی لەوەكرد، حكومەتی هەرێمی كوردستان زیادەڕۆیی كردوەتەسەر كێڵگە نەوتییەكانی سەربە كۆمپانیای باكور لەوانە (خورمەڵە، ئاڤانا، سەفیە، كۆرمۆر). خورمەڵە گەورەترین كێڵگەی نەوتی ژێر كۆنترۆڵی حكومەتی هەرێمە لە زۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان كە رۆژانە توانای بەرهەمهێنانی ( 175 )هەزار بەرمیل نەوتی هەیە، ئەم كێڵگەیە دەكەوێتە ناوچەی كێشەلەسەرو حكومەتی عێراق داوای دەكاتەوە، لە زۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش كێڵگەی (كۆرمۆر) كە گەورەترین كێڵگەی غازی هەرێمی كوردستان‌و پێداویستی غازی ماڵان لەناوخۆو وێستگەكانی كارەبا دابین دەكات، بەهەمان شێوە كێشەی لەسەرەو عێراق داوای دەكات. كۆمپانیای نەوتی باكور لە دادگاكانی عێراق لەبارەی (خورمەڵە‌و كۆرمۆر)ەوە سكاڵای لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆمار كردووە. هەندێك پێیانوایە ئەم بارودۆخە وایكردووە گروپە چەكدارەكانی عێراق هێرشەكانیان لە شوێنە دیپلۆماسییەكانەوە بگوازنەوە بۆسەر دامەزراوەكانی نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستان لەسنوری دەسەڵاتی پارتی‌و یەكێتی. لەبەرامبەردا بۆچونێكی تر هەیە كە هۆكاری پشت هێرشەكان بۆسەر كۆرمۆر دەبەستێتەوە بە كێشەیەكی یاسایی نێوان كۆمپانیای (دانەغاز)ی ئیماراتی‌و حكومەتی ئێرانەوە هەیە سەبارەت بە غاز، كۆمپانیا ئیماراتییەكە كە لە كێڵگەی كۆرمۆر كار دەكات لە دادگای پاریس سكاڵای لەسەر كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئێران تۆمار كردووە لەبارەی پابەندنەبوون بە رێككەوتنێكی (25 ساڵە) كە ساڵی 2005 لەنێوان هەردوولادا ئیمزا كراوە، سكاڵاكەی دانەغاز دوو بەشە، بەشی یەكەمی لە ئێران بردوەتەوە كە بەهاكەی (608 ملیۆن) دۆلارەو بڕیارە دادگا مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ بڕیار لەسەر بەشی دووەمی كەیسەكە بدات. گومان دەكرێت ئێران لەرێگەی میلیشیا شیعەكانی عێراقەوە شەڕی خۆی لەگەڵ كۆمپانیای (دانەغاز)ی ئیماراتی گواستبێتەوە بۆ كێڵگەی كۆرمۆر، بۆ ئەوەی لەم رێگەیەوە پەیام بە ئیماراتییەكان بدات لەبارەی ئەوە دەتوانێت زیان بە ئابورییەكەیان بگەیەنێت. كۆرمۆر.. سەرچاوەی غازی كوردستان كۆرمۆر دەكەوێتە خۆرئاوای ناحیەی (قادر كەرەم)، ئەم ناحیەیە تاوەكو ساڵی 1976 سەربە قەزای خورماتوو بووە، واتە لەسەر پارێزگای كەركوك ئەژماركراوە، بەڵام لەو ساڵەدا خراوەتەسەر پارێزگای سەڵاحەدین، ساڵی 1987 جارێكی تر ناحیەی قادر كەرەمی لەڕووی ئیدارییەوە دەستكاری كرا‌و خرایە سەرقەزای چەمچەماڵ. كۆرمۆر تاوەكو ساڵی 2003و بەر لە رووخانی رژێمی سەددام لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتی عێراقدا بوو، دوای روخانی سەددام كێڵگەكە كەوتەوە دەست حكومەتی هەرێم، نیسانی 2007 حكومەتی هەرێم گرێبەستی لەگەڵ هەردوو كۆمپانیای (دانەگاز)و (كریسنت پتریۆلیۆم)ی ئیماراتی ئیمزا كرد، گرێبەستەكە مافی دەرهێنانی نەوت‌و گازی لە هەردوو بلۆكی (كۆرمۆر)و (چەمچەماڵ)ی بەو دوو كۆمپانیایە بەخشی، لە 2015دا غاز لە كێڵگەكە بەرهەمهێنرا، بە بۆری گواسترایەەوە بۆ وێستگەی كارەبای چەمچەماڵ‌و هەولێر. بەرهەمی ئێستا كێڵگەكە بەمشێوەیە: • گازی سروشتی: رۆژانە (452 ملیۆن) پێ سێجا • كۆندێنسەیت: رۆژانە (22 هەزار) بەرمیل، بەتانكەر دەگوازرێتەوە بۆ وێستگەی خورمەڵە‌و تێكەڵ دەكرێت لەگەڵ نەوتی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی بەرزكردنەوەی كوالیتییەكەی • گازی شل (LPG): بڕی (1050) تۆن، ئەمە داناگاز خۆی دەیفرۆشێت بە كۆمپانیاكانی ناوخۆ، بۆ هەر تەنێك بڕی (315) دۆلار وەردەگرێت، كۆمپانیای (ساوس كوردستان) دەیكڕێت‌و دەیگوازێتەوە. غاز لە هەرێمی كوردستان بەگوێرەی سایتی فەرمی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، هەرێمی كوردستان بڕی 200 تریلیۆن پێ سێجا (5.7 ترلیۆن مەتر سێجا) یەدەگی غازی سروشتی هەیە، كە رێژەی 3%ی تێكڕای یەدەگی غازە لەسەر ئاستی جیهان. بەڵام ئەمە ئەو یەدەگەیە كە نەسەلمێندراوە، چونكە رێژەی سەلمێندراوی یەدەگی غازی سروشتی هەرێم بەگوێرەی راپۆرتەكانی وزەی ئەمریكا، بڕەكەی تەنیا (25 ترلیۆن) پێ سێجایە. گۆڤاری (ئۆیڵ پرایز) كە بڵاوكراوەیەكی تایبەتمەندی بواری وزەیە، ساڵی 2020 لە راپۆرتێكدا باسی لەوەكرد، لەكۆی رێژەی سەلمێندراو و نەسەلمێندراوی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان، تەنیا بڕی (10 ترلیۆن) پێ سێجای دۆزراوەتەوە‌و كاری تێدا دەكرێت، ئەمەش ئەو بڕەیە كە ئێستا لە سنوری ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی‌و لە كێڵگەی (كۆرمۆر) بەرهەم دەهێنرێت. یەدەگی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان زۆربەی دەكەوێتە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی، دابەشبونەكە بەمشێوەیە: یەدەگی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی • كێڵگەی كۆرمۆ: 8 ترلیۆن‌و 200 ملیار پێ سێجا • كیڵگەی چەمچەماڵ: 4 ترلیۆن‌و 400 ملیار پێ سێجا • كیڵگەی میران: 3 ترلیۆن‌و 46 ملیار پێ سێجا • كیڵگەی پەڵكانە: ترلیۆنێك‌و 600 ملیار پێ سێجا یەدەگی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی • كیڵگەی بنەباوێ: 7 ترلیۆن‌و 100 ملیار پێ سێجا • كێڵگەی خۆرمەڵە: 2 ترلیۆن‌و 260 ملیار مەتر سێجا • كیڵگەی شێخان: 900 ملیار پێ سێجا • كیڵگەی پیرمام: 880 ملیار پێ سێجا راپۆرتی پەیوەندیدار غازی هەرێم لە كێشمەكێشی پارتی‌و یەكێتیدا كۆرمۆر لەنێوان پرۆژەی پارتی‌و یەكێتیدا گیری خواردووە دادگای فیدراڵی سكاڵایەك لەسەر غازی كۆرمۆر رەتدەكاتەوە غاز قەیرانی دارایی ھەرێم چارەسەر دەکات ؟ كێ هێرش دەكات ؟ دابەشبوونی جوگرافی بلۆکە غازییەکانی هەرێمی كوردستان توانای کەرتی غازی سروشتی هەرێمی کوردستان
درەو: بەهۆی هێرشە درۆنییەكەی شەوی رابردووی كۆرمۆر، رێژەی (67%)ی كارەبای هەرێم بڕاوەو پێدانی كارەبا بە موسڵ و كەركوك سفر بووەتەوە. بەپێی راگەیەندراوی هەردوو وەزارەتی كارەباو سامانەسرووشتیەكانی هەرێم بەهۆی هێرشە درۆنیەكەی شەوی رابردووی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر رەوانەكردنی غاز بۆ وێستگەكانی كارەبا راگیراوەو بووەتە هۆی بڕینی (2800) مێگاوات كارەبا لە هەرێمی كوردستان. لە كێڵگەی غازی كۆرمۆرەوە (غازی سروشتی) بە بۆری رەوانەی وێستگەكانی كارەبا دەكرێت بۆ وێستەگەكانی كارەبای چەمچەماڵ‌و هەولێر، كە رۆژانە (500) پێ سێجای غازی سروشتی رەوانەی ئەم وێستگانە دەكرێت بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) پێش هێرشەكەی سەر كۆرمۆر لەسەرجەم وێستەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بڕی (4200) مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهات و رۆژانە (6 - 10) كاتژمێر كارەبای نیشتمانی دەدرایە هاوڵاتیان. بەهۆی هێرشەكەوە بڕی (2800) مێگاوات لە كۆی (4200) مێگاوات كارەبای هەرێم بڕاوە دەكاتە رێژەی (67%)ی كۆی بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان كەمكراوەتەوە، وەزارەتی كارەبای هەرێم بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە، پێدانی بڕی كارەبای بە موسڵ و كەركوك راگرتووەو لە نزیكەی (1400) مێگاواتەوە كراوە بە سفر، بۆ ئەوەی بتوانێت رۆژانە دوو بۆ سێ كاتژمێر كارەبا بداتە هاوڵاتیان بۆ ئەوەی مۆلیدە ئەهلییەكان تەحەمول بكەن و بتوانن لە پێدانی كارەبا بەردەوام بن. بە پێی خشتەیەكی وەزارەتی كارەبا كە لە مانگی رابردوو دەست (درەو) كەوتبوو، بڕی پێدانی كارەبا بەم شێوەیە بوو: لە سلێمانی (6:02) خولەك كارەبای نیشتمانی دەدرێتە هاوڵاتیان و لە هەولێر (10:17) خولەك، لە كاتژمێر پێنجی ئێوارەی ئەمڕۆدا (1413) مێگاوات دراوەتە موسڵ و كەركوك و (2318) مێگاوات بۆ هەرێمی كوردستان و (237) مێگاوات بۆ كارگەكان، لەكۆی كارەبای بەرهەمهاتووی هەرێم كە (3968) مێگاوات. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لە ئێستادا دۆخی كارەبای نیشتمانی لە هەرێمی كوردستان لە نزمترین ئاستیدایە، بە جۆرێك ئێستا رۆژانە (6:02) خولەك كارەبا دەدرێتە هاوڵاتیانی پارێزگای سلێمانی و (10:17) خولەك دەدرێتە پارێزگای هەولێر. دابەشبوونی كارەبا بە پارێزگاكانی هەرێم: 🔹 پارێزگای سلێمانی: 669 مێگاوات كارەبای پێدەدرێت 🔹 پارێزگای هەولێر: 1011 مێگاوات كارەبای پێدەدرێت 🔹 دهۆك: 525 مێگاوات كارەبای پێدەدرێت 🔹 گەرمیان: 86 مێگاوات كارەبای پێدەدرێت بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لە كاتژمێر پێنجی ئێوارەی رۆژی 27/12/2023: 🔹 موسڵ: (898) مێگاوات كارەبای لە هەرێمەوە پێدەدرێت 🔹 كەركوك: (515) مێگاوات كارەبای لە هەرێمەوە پێدەدرێت 🔹 كۆی ئەو كارەبایی دەدرێت بە موسڵ و كەركوك ( 1413) مێگاواتە، بەرێژەی (36%) 🔹 كۆی ئەو كارەباییەی دەدرێتە هاوڵاتیانی هەرێم (2318) مێگاواتە بەرێژەی (58%) 🔹 كۆی ئەو كارەبایەی دەدرێتە كارگەكانی هەرێم (237) مێگاواتە بەرێژەی (6%) 🔹 كۆی گشتی كارەبای بەرهەمهاتووی هەرێم (3968) مێگاواتە بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دابەشکردنی کارەبای هەرێم لە مانگی (12)ی ساڵی (2023)، سەرجەم وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا (2 هەزار و 715) مێگاوات کارەبایان هەیە بە توانای (39%)ی خۆیان، بەرهەمەکانیشیان بەم شێوەیە بووە؛ - وێستگەی غازی دهۆک (81) مێگاوات بە توانای (8%)ی خۆی کارەبای بەرهەمهێناوە. - وێستگەی غازی هەولێر (581) مێگاوات بە توانای (39%)ی خۆی کارەبای بەرهەمهێناوە. - وێستگەی غازی چەمچەماڵ (494) مێگاوات بە توانای (33%)ی خۆی کارەبای بەرهەمهێناوە. - وێستگەی غازی خورمەڵە (740) مێگاوات بە توانای (74%)ی خۆی کارەبای بەرهەمهێناوە. - وێستگەی غازی بازیان (475) مێگاوات بە توانای (95%)ی خۆی کارەبای بەرهەمهێناوە. - وێستگەی غازی گەرمیان (80) مێگاوات بە توانای (48%)ی خۆی کارەبای بەرهەمهێناوە. هەریەک لە وێستگانەشی بە (دیزڵ) کاردەکەن؛ - هەولێر (13) مێگاوات بە توانای (45%)ی خۆی کارەبای بەرهەمهێناوە. - سلێمانی (20) مێگاوات بە توانای (69%)ی خۆی کارەبای بەرهەمهێناوە. - دهۆک (0) مێگاوات بە توانای (0%)ی خۆی کارەبای بەرهەمهێناوە. لەو وێستگانەشی بە نەوتی ڕەش کاردەکەن، بەرهەمهێنانی کارەبا بەم شێوەیەبووە؛ - تاسلوجە (0) مێگاوات بە توانای (0%)ی خۆی کارەبای بەرهەمهێناوە. - باعەدرێ (125) مێگاوات بە توانای (83%)ی خۆی کارەبای بەرهەمهێناوە. - خەبات (-2) مێگاوات بە توانای (-1%)ی خۆی کارەبای بەرهەمهێناوە. هەریەک لەو وێستگانەشی بە ئاو کاردەکەن، تێیاندا بەرهەمهێنانی کارەبا بەم شێوەیەبووە؛ - دوکان (35) مێگاوات بە توانای (9%)ی خۆی کارەبای بەرهەمهێناوە. - دەربەندیخان (65) مێگاوات بە توانای (26%)ی خۆی کارەبای بەرهەمهێناوە. - دێرەلوک (8) مێگاوات بە توانای (22%)ی خۆی کارەبای بەرهەمهێناوە. راپۆرتی پەیوەندیدار بەرهەمێنان و دابەشکردنی کارەبای هەرێم لە 2023 دا
ئامادەكردنی: سەردەشت عەزیز تەسلیم بوون بەتەکنۆلۆژیا هەموو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ئەپەکانی پەیوەندی و نەخۆشخانەو بانک و کۆمپانیاو حکومەت بۆ ئەوەی بتوانیت خزمەتگوزاریەکانی بەکاربهێنیت دەبێت بەشێک لەزانیاریە گرنگەکانی خۆتیان پێبدەی وەک (ناو، تەمەن، ژمارە مۆبایل، ئیمەیڵ، باری تەندروستی و هتد)، وە لەم سەردەمەش هەموومان تەسلیم بوین بە تەکنۆلۆژیاو ژیانی گشتی و تایبەتیمان کەوتوەتە دەستی کۆمپانیا گەورەکان. پێشێلکاری زانیاری چیە؟ بریتیە لە دەستگەیشتن یاخود بەدەستهێنانی زانیاری هەستیاری بەکارهێنەران لەلایەن گرووپێکەوە بەبێ هەبونی مۆڵەت یاخود رازیبونی خاوەنی زانیاریەکە، ئەگەر ئەمەش ڕوویدا بەکارهێنەران بەچەندین شێواز رووبەڕوی مەترسی زیان پێگەیاندن دەبنەوە. پێشێلکردنی زانیاری تەنها ئەو زانیارییانە دەگرێتەوە کە پاراستنی خاوەنەکەی دەخاتە مەترسیەوە بۆیە هەموو هاککردنێک پێشێلکاری زانیاری نیە وەک هێرشی (DDOS)، بەڵام هێرشی (Ransomware) پێشێلکاری زانیارییە چونکە زانیاریەکانی بەکارهێنەر دەبات و داوای پارە دەکات لەبری گەڕانەوەی. زانیاری کێ دەدزرێت؟ پێشێلکاری و دزینی زانیاری تەنها کۆمپانیا تەکنۆلۆژیەکان ناگرێتەوە بەڵکو سەرجەم کۆمپانیاو دامودەزگا حکومی و تایبەتیەکانیش دەگرێتەوە، بەپێی توێژینەوەیەک %٨٣ ی رێکخراو و کۆمپانیاکان کە کۆمپانیا بازرگانیە گەورەو بچووکەکان، کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی، هەروەها دامودەزگاکانی حکومەتیشی تێدایە وتویانە زیاتر لەجارێک زانیاری‌یان دزراوە. کەرتی تەندروستی ئامانجە گەورەکەیە بۆ ماوەی ١٣ساڵە لەسەر یەک کەرتی تەندروستی لەپلەی یەکەم دێت بۆ بردنی زانیاریەکانی بەکارهێنەرانی، لەمانگی ٣ی ساڵی ٢٠٢٢ بۆ مانگی ٣ ساڵی ٢٠٢٣ بڕی تێچووی زیانەکانی کەرتی تەندروستی لەبردنی زانیاری زیاتربوە لە ١٠ ملیۆن دۆلار کە لە ٣ ساڵی ڕابردوو بەڕێژەی %٥٣ ئەم زیانە زیادی کردوە. چۆن پێشێلکاری یاخود دزینی زانیاری ڕوودەدات؟ هۆکاری سەرەکی دزینی زانیاری قازانجی دارایی و دەسکەوتنی پارەیە، بۆیە بۆ دزینی زانیاری بەکارهێنەران، هێرشبەرەکان چەندین شێواز و تەکنیک بەکاردەهێنن، کە خاڵە لاوازەکانی کۆمپانیاکان دەقۆزنەوە و لەو تەکنیکێکانە وەک: ١- هێرشی ئەلیکترۆنی: هاککەرزەکان چەندین تەکنیکی ئاڵۆز و بەرنامەی هێرش بردن بەکاردەهێنن بۆ دۆزینەوەی خاڵی لاوازی کۆمپانیاکان و دزەکردنیان بۆ ناو بنکەی زانیاریەکان و بردنی زانیاریەکان. ٢- لینک: ئەمە باوترین جۆری بردنی زانیاری کەسییە لەکوردستان و هێرشبەرەکان تەنها لینکێک دەنێرن و خۆیان وەک کۆمپانیا یاخود لایەنی باوەڕپێکراو دەناسێنن بە خەڵکی و لەو ڕێگەیەوە فریویان دەدەن و پاشان بەکارهێنەر ئەو لینکە دەکاتەوە و زانیاریەکانی دەدزرێت. ٣- دزەکردنی ناوخۆیی: جاری واهەیە کارمەندێک یاخود چەند کارمەندێک لەبەرامبەر وەرگرتنی برێک پارە دەبنە هۆکاری دزەکردنی زانیاریەکانی ناو ئەو کۆمپانیایە. ٤- لایەنی سێیەم: هەندێکجار کۆمپانیاکان زانیاری بەکارهێنەرەکانیان دەفرۆشن بە کۆمپانیاکانی بواری ریکلام و لێکۆڵینەوە کەپێیان دەوترێت لایەنی سێیەم، ئەم لایەنی سێیەمانە زانیاریەکان خراپ بەکارناهێنن تەنها سود لەوە دەبینن کە چ جۆرە ریکلامێک یان بەرهەمێک بۆ بەکارهێنەران بنێرن، بەڵام چونکە ئەم کۆمپانیایانە ئاستی پاراستنیان وەک کۆمپانیاکانی خاوەن زانیارییەکە بەرزنیە، هاککەرەزەکان لەڕێگەی ئەمانەوە زانیاریەکان دەدەزن و بەکاریدەهێنن. ٥- هەڵەی بێ مەبەست: جاری واهەیە بەهۆی هەڵەیەکی تەکنیکی، یاخود کارمەندێکەوە کۆمەڵێک زانیاری بەکارهێنەران دزە دەکاتە دەرەوەی کۆمپانیاکان. ئەم زانیاریە دزراوانە چۆن بەکاردەهێنرێن؟ بەکارهێنانی ئەم زانیارییانە جۆراوجۆرن بۆ نمونە هەندێکیان بۆ گەڕانەوەی زانیاریەکان بۆ کۆمپانیاکە داوای پارە ئەکەن، یاخود هەندێکجار بۆ بواری ریکلام و زانینی حەزو ئارەزوی بەکارهێنەرانە بۆ ئەو بوارە، هەندێکیجاریش بۆ کاری مەترسیدارتر بەکاریدەهێنن وەک: ١- ناسنامەی ساختە: زۆرجار زانیاریە دزراوەکانی بەکارهێنەر، بەکاردەهێنرێن بۆ دروستکردنی ناسنامەی ساختە و بەو ناسنامەیەوە کاری نایاسایی ئەنجام ئەدەن. ٢- مامەڵەی ساختە: هەندێکجار ئەم زانیاریانە بۆ مامەڵەی ساختە بەکاردەهێنرێت و هەروەها پرۆسەی ئەنجامدانی قەرزیشی لەسەردەکرێت. ٣- هەڕەشەکردن لەبەکارهێنەر: ئەگەر هێرشبەر زانیاری هەستیاری بەردەستبکەوێت ئەوا ئەم زانیاریانە وەک هەڕەشە بەکاردەهێنن و داوای بڕێک پارەدەکەن لەپای بڵاونەکردنەوەی. ئایا کۆمپانیاکان خۆیان زانیاری بەکارهێنەرەکانیان بڵاودەکەنەوە؟ هیچ کۆمپانیایەک بەئەنقەست زانیاری بەکارهێنەرانی خۆی بڵاوناکاتەوە چونکە کار لەسەر سومعەی ئەو کۆمپانیا دەکات و زیانی زۆر گەورەی ماددی دەکات، هەروەها توشی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێت. ئایا کۆمپانیاکان ئەگەر زانیاریان بدزرێت قسەدەکەن؟ لەزۆربەی وڵاتەکان بەپێی یاسا کۆمپانیاکان ناچارکراون ئەگەر زانیاری بەکارهێنەرانیان دزرا، ئەوا دەبێت دانبەوەدا بنێن کە زانیاریان دزراوە بۆ ئەوەی بەکارهێنەران بتوانن خۆیان لەمەترسی بپارێزن، بەڵام جاری وا هەیە کۆمپانیاکان لەبەر ناوبانگی خۆیان دوای دەخەن یان تەمەڵی تێدادەکەن. چۆن خۆمان بپارێزین؟ پرۆسەی بردنی زانیاری شتێکی تازەنیەو بەردەوام هەبوە وە دوو شێواز بردنی زانیاری هەیە: ١- بردنی زانیاریەکانت لەو کۆمپانیایەی کەزانیاریەکانتی لایە کە ئەمە دەسەڵاتی تۆی تێدانیە بەڵام کۆمپانیاکان لەگەڵ ئەوەی بەردەوام هێرشیان لەسەرە ئاستی پاراستیان زۆر بەرزە ئەوە نیە هەر کەس ویستی زانیاری ببات ئاسان بێت بۆی. ٢- زانیاریەکان لەخۆت دەدزن کە ئەمە زۆر باوەو هاککەرزەکان ئەم ڕێگەیە زۆر بەکاردەهێنن چونکە خەڵەتاندن و هێرش بردن بۆ بەکارهێنەر زۆر ئاسانترە تا کۆمپانیاکان بۆیە پێویستە تۆش بەوریاییەوە مامەڵە بکەیت و ئەم خاڵانەت لەبیربێت: ١- بۆ هەموو ئەکاونتە ئۆنلاینەکانت پاسۆردی بەهێز و ئاڵۆز بەکاربهێنە وە بتوانیت ٣ مانگ جارێک پاسۆرد بگۆڕیت باشە، بۆ ئەوەی ئەگەر زانیاریەکانیشت دزراوبوو بەو گۆڕینی پاسۆردە دەکرێت لەو دزینە رزگارت بێت. ٢- دوای داغڵکردنی پاسۆرد کۆد بێت بۆ مۆبایلەکەت ڕێگەی زۆر پارێزراوە (two way authentication). ٣- بەهیچ شێوەیەک لینک مەکەرەوە هیچ کۆمپانیایەک نەسزا نە پاداشت لەڕێگەی لینکەوە نانێرێت بۆت، وە هیچ کۆمپانیایەک لەڕێگەی لینکەوە داوای زانیاری هەستیارت لێ‌ناکات، هەروەها پاسۆرد بۆ کەس مەنێرە ئەگەر بەڕێوەبەری فەیسبوک تەلەفۆنی بۆ کردیت پاسۆردی مەدەرێ بەرپرس نابیت. ٤- بەردەوام بەرنامەکانی ناو مۆبایلەکەت ئەپدەیت بکەرەوە و بەرنامەی گوماناوی دامەبەزێنە. مەترسیەکی جدی لەکوردستاندا پرۆسەی بە بانک کردن و ئۆنلاین کردنی زانیاری دەستی پێکردوەو حکومەتی هەرێمیش بەنیازە هەژماری بانکی بۆ کارمەندان بکاتەوە، ئەگەر ئەم هەنگاوانە سەربگرن دزینی زانیاری لەکوردستان زۆر زیاد دەکات، چونکە بەشێکی زۆری سروشتی ئەم هێرشە بۆ قازانجی ماددییەو خەڵکی ئێمەش شارەزایی تەواویان نیەو بەئاسانیش هەڵدەخەڵەتێن، بۆیە زۆر گرنگە کەمپینێکی هۆشیارکردنەوە پێش دەسپێکی ئەم پرۆسەیە ئەنجام بدرێت.
درەو: د. فازڵ نەبی بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ دەنگی ئەمریكا: بابەتی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، گوێم لە هەندێک لە سیاسیەکان دەبێت باسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم دەکەن وەک پێشتر کە دەفرۆشرا لە ڕێگای تورکیاوە، جا لەمنی وەرگرن هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێناکاتەوە، لەبەر دوو لایەن، لایەنی سیاسی، ئێران کە هەژموونی بەسەر عێراقدا هەیە زۆری پێناخۆشە و ئەو نەوتە لە ڕێگای تورکیاوە بفرۆشرێت و ئەمەشی بە حکومەتی عێراقی وتووە کە نایەوێت جارێکی تر نەوتی هەرێم لە ڕێگای تورکیاوە بفرۆشرێت و ماوەیەکیش لەوەوپێش هەوڵیدا بۆرییەک لە ڕێگای بەندەر عەباسەوە نەوتی هەرێم ڕەوانەی دەرەوە بکرێت ئەوە ویستی ئێرانە، لایەنی دووەمیش تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمە کە لە یاسای بودجە دیاریکراوە، هەرێمیش ناتوانێت بڵێ من نەوتی خۆم لە ڕێگای تورکیاوە دەفرۆشم ئەوە موستەحیلە جارێکی تر، بۆیە کێشەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم وەک جاران کێشەیەکە مەگەر تەنها خوای گەورە بتوانێت چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە و چارەسەری بکات ئەگەرنا چارەسەرکردنی موستەحیلە، هەرچەندە ئەگەر بیانەوێت چارەسەری دەکەن، هەرچەندە بەمەحاڵی دەبینم. من ئومێدەوارم کێشەی موچە چارەسەر ببێت چونکە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران هەبووە بۆ ناردنی موچەی فەرمانبەران ئەگەر وەک ئەو چەند ڕۆژەی پێشوو گرفتی تر دروست نەکەن، ئەمە چارەسەر دەبێت، بەڵام بوترێت کێشەی هەموو بە سێ بودجەی هەرێم و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم وا ئاسانی نابینم.
درەو: 🔻 کۆمپانیای شامارانی پترۆلیۆمی کەنەدی ڕاگەیاند: لە چارەکی چوارەمی ساڵ (2023)دا؛ 🔹 لە کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ، بە تێکڕای کاری رۆژانە (36 هەزار و 400) بەرمیل نەوت بەرهەمهێندراوە، هەر بەرمیلێکی بە (42) دۆلار فرۆشراوە، ئەو نرخەش (50%)ی کەمترە لە نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان. 🔹 لە کێڵگەی نەوتی ئەتروش، بە تێکڕای کاری رۆژانە (9 هەزار و 6) بەرمیل نەوت بەرهەمهێندراوە، هەر بەرمیلێکی بە (33) دۆلار فرۆشراوە، ئەو نرخەش (61%)ی کەمترە لە نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان. بەرهەمی نەوتی کێڵگەکانی (سەرسەنگ و ئەتروش) لە چارەکی چوارەمی (2023) کۆمپانیای شامارانی پترۆلیۆمی کەنەدی کە پشکی لە هەردوو کێڵگەی نەوتی (سەرسەنگ و ئەتروش) هەیە، ڕاگەیاند، لە چارەکی چوارەمی ساڵ (2023)دا (وەک لە خشتەکەدا هاتووە)؛ لە کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ، بە تێکڕای کاری رۆژانە (36 هەزار و 400) بەرمیل نەوت بەرهەمهێندراوە، (6 هەزار و 552) بەرمیلی بە ڕێژەی (18%)ی پشکی کاری کۆمپانیاکەیە، هەر بە پێی زانیارییەکانی کۆمپانیای ناوبراو، بەرمیلێک نەوتی بەرهەمهێنراو لە کێڵگەکەدا بە تێکڕا بە (42) دۆلار فرۆشراوە، ئەو نرخەش (42) دۆلاری بەرێژەی (50%)ی کەمترە لە نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان، چونکە لە ماوەی ناوبراودا تێکڕای نرخی نەوتی برێنت بریتی بووە لە (83.72) دۆلار. هاوکات لە کێڵگەی نەوتی ئەتروش، بە تێکڕای کاری رۆژانە (6 هەزار و 552) بەرمیل نەوت بەرهەمهێندراوە، (2 هەزار و 486) بەرمیلی بە ڕێژەی (27.6%) پشکی کاری کۆمپانیاکەیە، هەر بە پێی زانیارییەکانی کۆمپانیای شاماران، هەر بەرمیلێکی نەوتی بەرهەمهێنراو لە کێڵگەکەدا بە تێکڕا فرۆشراوە بە (33) دۆلار، ئەو نرخەش (51) دۆلاری بە رێژەی (61%)ی کەمترە لە نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان، چونکە وەک ئاماژەی پێدرا، تێکڕای نرخی نەوتی برێنت بریتی بووە لە (83.72) دۆلار لە چارەکی چوارەمی ساڵی 2023. کێڵگەی نەوتی سه‌رسه‌نگ کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ دەکەوێتە سنوری (پارێزگای دهۆک)ەوە، ڕوبەری کێڵگەکە (420) کیلۆمەتر دووجایە، دابەشبووە بەسەر دوو ناوچەی نەوتی جیاوازدا کە بریتین لە ناوچەی (سوارە توکەو ڕۆژهەڵاتی سوارە توکە)، هەر یەکێک لەو دوو ناوچەیە سێ کۆگای نەوتی سەربەخۆی تێدایە. لە ئێستادا پشكی (62%)ی کێڵگە نەوتییەکە دراوه‌ته كۆمپانیای (ئێچ كه‌ی ئێن ئێنه‌رجی) ئەمریکی، پشكی (18%)ی درابوو بە لقێکی کۆمپانیای (تۆتاڵ)ی فەرەنسی، بەڵام دواتر کۆمپانیای شاماران پترۆلیۆمی کەنەدی پشکەکانی کۆمپانیا فەرەنسییەکەی کڕییوە، ئەو و پشكی (20%)ی ماوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێم کوردستانە. بەپێی زانیارییەکانی کۆمپانیای (ئێچ كه‌ی ئێن ئێنه‌رجی) ئەمریکی توانای هەردوو ناوچەکەی کێڵگەکە بەم جۆرەیە؛ یەکەم؛ سوارە توکە؛ بەشی گرنگ و سەرەکی کێڵگە نەوتییەکەیە شەش بیری نەوتی تێدایەو توانای بەرهەمهێنانی (29 هەزار) بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەیە بە کولێتیەکی بەرزی (36 – 39 API). دووەم؛ رۆژهەڵاتی سوارە توکە؛ ناوچەیەکی دیکەی نەوتییە لە چوارچێوەی کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ و یەک بیری نەوتی تێدایەو توانای بەرهەمهێنانی (2 هەزار و 500) بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەیە بە کولێتیەکی بەرزی (36 – 39 API). کێڵگەی نەوتی ئەتروش کێڵگەی نەوتی ئەتروش، یەکێکە لە کێڵگە گرنگ و بەرهەمهێنەرەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان و لە ساڵی 2011 نەوتی تێدا دۆزرایەوە و بۆ یەکەم جاریش لە ساڵی 2017 دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت کراوە لە کێڵگەکەدا. وەک کۆمپانیا نەوتییەکانی کێڵگەکە ئاماژەی بۆ دەکەن، بەرهەمی نەوتی کێڵگەکە "نەوتی کوالیتی بەرزە کە بنکەیەکی گەورەی بەرهەمهێنانی هەیە و توانای گەشەکردنی بەرچاوی هەیە". بلۆكی ئەتروش دەكەوێتە پارێزگای دهۆکەوە، بە نزیكەی (85) كیلۆمەتر لە باكووری رۆژئاوای هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستانەوە دورە، رووبەرەكەی (269) كیلۆمەتر چوارگۆشەیە. پشكەکانی کێڵگە نەوتییەکە بەپێی گرێبەستەکان دابەشبوون بەسەر (47.4%)ی دراوه‌ته بە كۆمپانیای نیشتمانی ئیمارات بۆ وزه ناسراو به (تاقە)، بەپێی نوێترین زانیارییەکانیش کۆمپانیای تاقە بڕیاری داوە دوای (10) ساڵ لە کارکردن هەرێمی کوردستان جێبهێڵێت، (27.6%)ی پشکەکانی دراوە بە شاماران پیترۆلیۆمی کەنەدی و (25%)ی پشكی (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستانە.
درەو: ماوەی (40) رۆژ بەسەر دابەشكردنی موچەی مانگی رابردوودا تێپەڕ دەبێت و هێشتا وادەی دابەشكردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم دیاری نیە. دوایین موچە لە رۆژی (16/12/2023) موچەی مانگی ئەیلولی 2023 دابەشكرا، لە ئێستادا (40) رۆژ تێپەڕ دەبێت بەسەر ئەو وادەیەدا، حكومەتی هەرێمی كوردستان چاوەڕوانی ناردنی (618) ملیار دیناری بەغدایە بۆ دابەشكردنی موچە. حكومەتی هەرێم بەم شێوەیە موچەی ساڵی 2023ی دابەشكردووە • موچەی مانگی یەك لە 6/2/2023 دوای (33) رۆژ دابەشكردووە • موچەی مانگی دوو لە 8/3/2023 دوای (33) رۆژ دابەشكردووە • موچەی مانگی سێ لە 6/4/2023 دوای (26) رۆژ دابەشكردووە • موچەی مانگی چوار لە 14/5/2023 دوای (38) رۆژ دابەشكردووە • موچەی مانگی پێنج لە 24/6/2023 دوای (40) رۆژ دابەشكردووە • موچەی مانگی شەش لە 3/8/2023 دوای (40) رۆژ دابەشكردووە • موچەی مانگی حەوت لە 25/9/2023 دوای (52) رۆژ دابەشكردووە • موچەی مانگی هەشت لە 4/11/2023 دوای (39) رۆژ دابەشكردووە • موچەی مانگی نۆ لە 13/12/2023 دوای (40) رۆژ دابەشكردووە • موچەی مانگی دە: • موچەی مانگی یانزە: • موچەی مانگی دوانزە: حكومەتی هەرێمی كوردستان موچەی مانگەكانی (10 ، 11 ، 12)ی 2023ی دابەشنەكردوو خستیە ئەستۆی بەغداد، بڕیارە بڕی (618) ملیار دینارەكەی بەغداد بۆ موچەی مانگی یەكی (2023) خەرج بكات. رۆژی 21ی ئەم مانگە، تەیف سامی وەزیری دارایی فیدراڵ لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كۆبوووە، لەم كۆبونەوەیەدا لەبارەی پرسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان وەزیری دارایی فیدراڵ وتی: ئەو 618 ملیار دینارەی وەكو خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە مانگی یەكی ئەمساڵەوە لە بودجەی فیدراڵ دیاریكراوە، بەردەوامدەبێت، بەڵام بەمەرجێك هەرێم پابەند بێت بە ناردنی زانیاری تەواوی لیستی ناوی موچەخۆران و بڕی موچەكانیان و دەرماڵە و لێبڕینەكان بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ. لەگەڵ ئەوەی ئەو (618) ملیار دینارەی بڕیارە بەشی خەرجی موچە ناكات كە لە ئێستادا بۆ موچەی موچەخۆران بڕی نزیكەی (940) ملیار دینار پێویستە. حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ خەرجییەكانی پشت بە چەند سەرچاوەیەكی داهات دەبەستێت: • پارە بەغداد: 618 ملیار دینار • داهاتی ناوخۆ: 320 ملیار دینار • پارەی هاوپەیمان: 23 ملیار دینار ( لە 20 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 15 ملیۆن دۆلار كەمكراوەتەوە) • كۆی گشتی: 961 ملیار دینار بەپێی راگەیەندراوی حكومەتی هەرێمی كوردستان : • لە داهاتی ناوخۆ كە بە (320) ملیار دینار دیاریكراوە، مانگانە (170 - 200 ملیار دیناری كاشەو دەگەڕێتەوە خەزێنەی حكومەت، خۆ ئەگەر (200) ملیاریش دیاری بكرێت ئەوا بە پارەی بەغدا و هاوكاری هاوپەیمانانەوە دەكاتە (843) ملیار دینار. • خەرجی وەزارەتەكان و دام و دەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پێی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی مانگانە پێویستی بە (167) ملیار دینار كە لە (200) ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ خەرجدەكرێت، واتا بە لێكدانەوەی ژمارە فەرمییەكانی وەزارەتی دارایی داهاتی كاشی مانگانە (200) ملیار دینارەو (167) ملیار دیناری بۆ خەرجی وەزارەتەكان دەڕوات واتا (33) ملیار دیناری دەمێنێتەوە. • بەپێی ژمارە فەرمییەكانی وەزارەتی دارایی بێت داهات بەم شێوەیە دەبێت: - پارەی بەغداد: 618 ملیار دینار - داهاتی ناوخۆ دوای لێدەركردنی خەرجی وەزارەتەكان: 33 ملیار دینار - پارەی هاوپەیمانان: 23 ملیار دینار - كۆی داهات: 841 ملیار دینار بەڵام داهاتی ناوخۆ یەك مانگ نیەو تا دابەشكردنی موچە نزیك دەبێتەوە لە (2) مانگ، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت حكومەتی هەرێمی كوردستان ماوەی دابەشكردنی موچە درێژبكاتەوە. لەماوەی (2015 - 2023) حكومەی هەرێمی كوردستان: 27ترلیۆن و 580ملیار‌و 365ملیۆن دینار قەرزاری موخۆرانە موچەی نەدراو: 15 موچە موچە لێبڕاوەكان: 44 موچە لەكۆی (108) مانگ (59) مانگ موچەی موچەخۆران لێی بڕاوەو نەدراوە تەنیا (49) مانگ موچە دراوە بەتەواوەتی سەرەرای راگرتنی بەرزە موچەی موچەخۆران
(دره‌و): زیاتر له 10 كه‌س ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه كراون، به‌هۆی ته‌قینی بۆرییه‌ك و بڵاوبونه‌وه‌ی غاز له سنوری كه‌ی وه‌ن و یایچی له پارێزگای كه‌ركوك. بۆرییه‌كی غاز لێچوونی هه‌یه، به‌هۆیه‌وه غاز له سنوری گوندی (قزلیار) له‌نێوان كه‌ی وه‌ن و یایچی له سنوری پارێزگای كه‌ركوك بڵاوبوه‌ته‌وه.له‌كاتی كاركردنی شۆفلێك بۆ لێدانی بیر له سنوره‌كه، بۆری گواستنه‌وه‌ی غاز شكاوه، به‌وهۆیه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی خێرا سیستمی ناردنی غاز راگیراوه، لایه‌نی به‌رپرسی ده‌یه‌وێت لێچوونی بۆرییه‌كه چاره‌سه‌ر بكات. هێزه ئه‌منییه‌كانی كه‌ركوك سنوره‌كه‌یان كۆنترۆڵكردووه، رێگری له خه‌ڵك ده‌كه‌ن له بۆرییه‌كه نزیك ببێته‌وه‌و كاركردن بۆ راگرتنی دزه‌كردنی غاز ده‌ستیپێكردووه. به‌هۆی بڵاوبونه‌وه‌ی غازه له سنوره‌كه، زیاتر له 10 كه‌س توشی حاڵه‌تی ته‌نگه‌نه‌فه‌سی بوون و له بنكه‌ی ته‌ندروستی یایچی چاره‌سه‌ریان بۆ كراوه.
راپۆرت: دره‌و چاره‌نوسی خانه‌ی راپه‌ڕاندنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌نێوان عومه‌ر سه‌ید عه‌لی و چیا نه‌وشیروان مسته‌فا به هه‌ڵواسراوی ماوه‌ته‌وه، یه‌كه‌میان داوای مانه‌وه‌ی خانه ده‌كات به په‌یكه‌ره‌كه‌ی خۆیه‌وه، دووه‌م دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌كات و ده‌یه‌وێت له شوێنه‌كه‌ی ده‌سته‌یه‌ك بۆ به‌ڕێوه‌بردنی گۆڕان دروست بكرێت. گۆڕان كۆنفرانسی كرد بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه‌ی خۆی كێشه‌ی یاساییه‌كانی چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵام كۆنفرانس كێشه ناوخۆییه‌كانی ته‌قانده‌وه، ورده‌كاری گفتوگۆكانی كۆنفرانسی دووه‌می گۆڕان له‌م راپۆرته‌دا. ده‌ستور خاڵی ناكۆكی كۆنفرانس كۆنفرانسی دووه‌می بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كه رۆژی 21ی ئه‌م مانگه ده‌ستیپێكردو بڕیاربوو ته‌نیا دوو رۆژ بخایه‌نێت، بۆ سێیه‌م رۆژ هێشتا كاره‌كانی خۆی ته‌واو نه‌كردووه. رۆژی یه‌كه‌م و دووه‌م كۆنفرانس پێنج بابه‌تی تێپه‌ڕاند، بڕیار بوو یه‌كه‌م بابه‌ت كه یه‌كلایی بكرێته‌وه پرسی هه‌مواری ده‌ستوری ناوخۆیی بێت (له فه‌رهه‌نگی سیاسی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا په‌یڕه‌وی ناوخۆ به ده‌ستوری ناوخۆیی ناوده‌برێت)، به‌ڵام ده‌ستكاری به‌رنامه‌ی كاری كۆنفرانس كرا‌و ده‌ستوره‌كه بۆ دواین ته‌وه‌ر دواخرا. كۆنفرانسه‌كه له ئێواره‌ی دوێنێوه ده‌ستی به گفتوگۆ كردووه له‌باره‌ی ده‌ستوری ناوخۆیی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، ئه‌مه ئه‌و بابه‌ته سه‌ره‌كییه‌یه كه له‌پێناویدا كۆنفرانس سازدراوه. گفتوگۆ له‌باره‌ی هه‌مواری ده‌ستوری ناوخۆیی گۆڕان له كاتژمێر 6ی ئێواره‌ی دوێنێوه ده‌سیپێكردو تاوه‌كو كاتژمێر (2ی شه‌و) به‌رده‌وام بوو، به‌ڵام كۆده‌نگیی له‌سه‌ر هه‌مواره‌كه دروست نه‌بوو، بۆیه كاتژمێر 10ی به‌یانی ئه‌مڕۆ جارێكی تر ئه‌ندامانی كۆنفرانس چونه‌وه ناو هۆڵی كۆنفرانس و تائیستا گفتوگۆ به‌رده‌وامه‌و به‌پێی زانیارییه‌كانی (دره‌و) هێشتا نیوه‌ی پرۆژه‌ی هه‌مواری ده‌ستوره‌كه ته‌واو نه‌بووه. به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (دره‌و)، له پرسی هه‌مواری ده‌ستوردا ئیتر جه‌مسه‌ره ناكۆكه‌كانی ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ته‌واوه‌تی له‌ناو كۆنفرانسدا ده‌ركه‌وتوون. عومه‌ر سه‌ید عه‌لی رێكخه‌ری ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌رێگه‌ی لایه‌نگره‌كانییه‌وه له‌ناو كۆنفرانس هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات خانه‌ی راپه‌ڕاندنی گۆڕان له‌ڕووی په‌یكه‌ره‌وه وه‌كو خۆی بمێنێته‌وه‌و ته‌نیا ئه‌ندامه‌كانی گۆڕانكارییان تێدا بكرێت، له‌به‌رامبه‌ردا كوڕه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فا دامه‌زرێنه‌ری كۆچكردووی بزوتنه‌وه‌كه به‌دیاریكراوی (چیا)، له‌رێگه‌ی لایه‌نگره‌كانییه‌وه له‌ناو كۆنفرانس، داوای دروستكردنی ده‌سته‌یه‌كی چه‌ند كه‌سی ده‌كات كه جێگه‌ی خانه‌ی راپه‌ڕاندن بگرێته‌وه. له‌باره‌ی ئه‌م ناكۆكییه‌وه ئێستا‌و له ساتی نوسینی ئه‌م راپۆرته‌دا، هه‌ردوو جه‌مسه‌ره‌كه‌ی ناو گۆڕان له دانوستاندان بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه چاره‌سه‌رێك و هێشتا نه‌گه‌یشتوون، ژماره‌یه‌ك له هه‌ردوولاكه سه‌رقاڵی هاتوچۆن له‌نێوان سه‌ید عومه‌رو چیا نه‌وشیرواندا بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر. مسته‌فا سه‌ید قادر كه له‌سه‌ره‌تای ناكۆكییه‌كانه‌وه له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی رێكخه‌رو خانه‌ی راپه‌ڕاندن وه‌كو ناوبژیكار له‌نێوان سه‌ید عومه‌رو چیا نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌ركه‌وت، له رۆژی یه‌كه‌می كۆنفرانسدا ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تیی دژی به‌رزبووه‌وه، رێگری كرا له‌وه‌ی وه‌كو ئه‌ندامی لیژنه‌ی 5 كه‌سییه‌كه‌ی كۆنفرانس دیاری بكرێت، به‌وهۆیه‌وه نیگه‌ران بوو. له‌م ناكۆكییه‌دا، لایه‌نگرانی هه‌ردوولا به‌هانه‌ی خۆیان هه‌یه، ئه‌وانه‌ی دژی مانه‌وه‌ی خانه‌ی راپه‌ڕاندنن ده‌ڵێن له‌ماوه‌ی رابردوودا ئه‌م ئۆرگانه له‌كاره‌كانیدا شكستی هێناوه، ئه‌وانه‌ی پاڵپشتی مانه‌وه‌ی ده‌كه‌ن ده‌ڵێن خانه‌ی راپه‌ڕاندن بڕیاره‌كانی جڤاتی نیشتمانی جێبه‌جێ كردووه، ئه‌گه‌ر ئۆرگانێك شكستی هێنابێت ئه‌وه جڤاتی نیشتمانییه نه‌ك خانه‌ی راپه‌ڕاندن، له روكه‌شدا به‌م شێوه‌یه گفتوگۆ له‌سه‌ر ناكۆكییه‌كه ده‌كرێت، به‌ڵام له ناوه‌ڕۆكدا چۆنیه‌تی داڕشتنه‌وه‌ی ته‌لاری رێكخراوه‌یی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ هه‌ریه‌كێك له‌و دوو جه‌مسه‌ره ناكۆكه به‌پله‌ی یه‌كه‌م لێكدانه‌وه‌ی پێگه‌و قورساییه‌و پۆسته‌كانه بۆ هه‌ر لایه‌كیان له داهاتوودا. خانه‌ی راپه‌ڕاندن به‌گوێره‌ی ده‌ستوری ناوخۆیی گۆڕان، به‌رزترین ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنه له‌ناو بزوتنه‌وه‌كه‌دا، ئه‌م خانه‌یه (به‌رپرسی جێبه‌جێكردنی بڕیار‌و راسپارده‌كانی جڤاتی نیشتمانییه له‌نێوان دوو كۆبونه‌وه‌دا). سه‌رباری ئه‌وه‌ی له ده‌ستوری ناوخۆیی گۆڕاندا چه‌سپێندرا بوو، به‌ڵام تا دوای كۆچی دوایی نه‌وشیروان مسته‌فا له 19ی ئایاری 2017، خانه‌ی راپه‌ڕاندن دروست نه‌كراو بڕیارده‌ری یه‌كه‌م و كۆتایی له‌ناو بزوتنه‌وه‌كه‌دا نه‌وشیروان مسته‌فای رێكخه‌رو دامه‌زرێنه‌ری بزوتنه‌وه‌كه بوو. دوای دوو مانگ لە كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، رۆژی 25/7/2017 رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردران. به‌پێی ده‌ستوری گۆڕان، جگە لە سەرۆكی جڤاتی گشتی كە ئەندامی خانەی راپەڕاندنەو راستەوخۆ لەلایەن ئەندامانی جڤاتی گشتیەوە پێشتر هەڵدەبژێردرێت، هەموو ئەندامانی تری خانە بە رێكخەری گشتییەوە، لەناو جڤاتی نیشتمانی هەڵدەبژێردرێن. گۆڕان له حكومه‌ت ده‌كشێته‌وه ؟ یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ی كه له كۆنفرانسی دووه‌می بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا گفتوگۆی له‌باره‌وه كرا، پرسی مانه‌وه یان كشانه‌وه‌ی گۆڕان بوو له كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم كه مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات. به‌پێی زانیارییه‌كانی (دره‌و)، له‌مباره‌یه‌وه له كۆنفرانسی گۆڕاندا سێ راسپارده خراوه‌ته‌ڕوو، به‌مشێوه‌یه: • كشانه‌وه‌ی گۆڕان له حكومه‌ت به‌بێ هیچ مه‌رجێك • مانه‌وه‌ی گۆڕان له حكومه‌ت به‌بێ هیچ مه‌رجێك ئه‌م دوو راسپارده هیچ یه‌كێكیان ده‌نگی پێنه‌دراو كێشمه‌كێشی له‌سه‌ر دروستبوو، بۆ ده‌ربازكردنی ناكۆكییه‌كه، راسپارده‌یه‌كی نوێ هێنرایه پێشه‌وه، به‌مشێوه‌یه: • پاش دراسه‌كردن بڕیار له‌سه‌ر كشانه‌وه‌ی گۆڕان له حكومه‌ت بدرێت. واتا كۆنفرانس نه‌یتوانی بڕیار له‌سه‌ر كشانه‌وه‌ی له حكومه‌ت بدات، پێشنیازێكی گه‌لاڵه كردووه بۆ ئه‌وه‌ی دوای دراسه‌كردن، جڤاتی نیشتمانی بڕیاری لێبدات، وه‌كو به‌رزترین ده‌سه‌ڵاتی بڕیاردان له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا، واتا ئه‌گه‌ری كشانه‌وه‌ی گۆڕان له حكومه‌ت ئه‌گه‌رێكی لاوازه. پرسی مانه‌وه یان كشانه‌وه له حكومه‌ت له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا هه‌ر له‌سه‌ره‌تای پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌م له 10ی ته‌موزی 2019وه ده‌ستیپێكرد، گۆڕان كه له كابینه‌ی هه‌شته‌می حكومه‌تدا به‌هۆی پرسی درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم، له‌لایه‌ن پارتییه‌وه له حكومه‌ت وه‌ده‌رنراو ده‌رگای په‌رله‌مانیشی له‌سه‌ر داخرا، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه به دوودڵییه‌وه بڕیاریدا له‌سه‌ر به‌شداریكردن له كابینه‌ی نۆیه‌مدا، به‌ڵام به به‌هانه‌ی ئه‌نجامدانی چاكسازی، جارێكی تر له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان تێهه‌ڵچووه‌وه‌و رێككه‌وتنی سیاسی كرد بۆ به‌شداربوون له حكومه‌ت. له‌دوای به‌شداریكردنه‌وه له حكومه‌ت، جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بڕیاریدا شه‌ش مانگ جارێك پێداچوونه‌وه به دۆخی خۆی له حكومه‌ت بكات و دوای ساڵیك بڕیاری كۆتایی له‌باره‌ی مانه‌وه یان كشانه‌وه له حكومه‌ت بدات. له‌ماوه‌ی ئه‌و ساڵه‌دا كه گۆڕان چاودێری دۆخی خۆی و داواكارییه‌كانی ده‌كرد له ناو كابینه‌ی مه‌سرور بارزانیدا، به‌رپرسانی گۆران جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرده‌وه رێژه‌ی 50%ی خواسته‌كانیان له‌ناو كابینه‌ی نۆیه‌مدا جێبه‌جێ نه‌كراوه، هه‌ندێك له به‌رپرسانی تری بزوتنه‌وه‌كه زیاتر ده‌ڕۆیشتن و ده‌یانوت رێژه‌ی 80%ی خواست و به‌رنامه‌كانیان له‌ناو حكومه‌تدا جێبه‌جێ نه‌كراوه. به‌م ناڕه‌زایه‌تییانه‌شه‌وه، دوای تێپه‌ڕینی یه‌ك ساڵ به‌سه‌ر كابینه‌ی نۆیه‌مدا، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بڕیاری نه‌دا له‌سه‌ر كشانه‌وه، زیاتر گله‌ییه‌كانیان له‌سه‌ر پۆسته‌كان چڕكرده‌وه، بۆ كۆتایهێنان به‌م ناڕه‌زایه‌تییانه، مه‌سرور بارزانی ژماره‌یه‌ك پۆستی تری بۆ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پڕكرده‌وه (به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و راوێژكار). به‌ڵام ئه‌مه كۆتایی نه‌هێنا به ناڕه‌زایه‌تییه‌كان دژی به‌شداریكردن له كابینه‌ی نۆیه‌م، به‌تایبه‌تیش كه له هه‌ڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبه‌ری 2021ی په‌رله‌مانی عێراقدا گۆڕان توشی شكستێكی گه‌وره هات و هیچ كورسییه‌كی نه‌برده‌وه، ئه‌م شكسته له رۆژی 13ی ئۆكتۆبه‌ری 2021دا عومه‌ر سه‌ید عه‌لی رێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌كه‌و ئه‌ندامانی خانه‌ی راپه‌ڕاندنی ناچار كرد ده‌ستله‌كاربكێشنه‌وه، له‌وكاته‌وه تائێستا گۆڕان سه‌ری نه‌ماوه‌و خانه‌ی راپه‌راندیش كه به‌رزترین ده‌سه‌ڵاتی جیبه‌جێكردنه به‌به‌تاڵی ماوه‌ته‌وه. سه‌ره‌تای ئازاری 2022، دواجار جڤاتی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌نگیدا له‌سه‌ر بڕیارێك بۆ كشانه‌وه‌ی گۆڕان له حكومه‌ت، به‌ڵام ئه‌م بڕیاره‌ش جێبه‌جێ نه‌كرا، به‌تایبه‌تیش به‌هۆی ئه‌وه‌ی بڕیاره‌كه به‌شێوه‌یه‌ك داڕێژرا، به‌ر له كشانه‌وه‌ی كتوپڕی له حكومه‌ت، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان نامه‌یه‌كی فه‌رمی ئاڕاسته‌ی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌ت بكات و تێیدا هۆكاری كشانه‌وه‌كه بخاته‌ڕوو، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه بكات گۆڕان بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازی به‌شداری له حكومه‌ت كردووه‌و ئه‌م چاكسازییه نه‌كراوه، سه‌رباری ئه‌مه پرسی داهاته‌كانی حكومه‌ت بۆ خه‌ڵك و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش روون نییه، بڕیاربوو هه‌ریه‌كه له مسته‌فا سه‌ید قادر جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم و دانا عه‌بدولكه‌ریم وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه وه‌كو نوێنه‌رانی حكومه‌ت ئه‌م نامه‌یه به مه‌سرور بارزانی بده‌ن، به‌ڵام دواجار ئه‌م هه‌وڵه‌ش بۆ كشانه‌وه له حكومه‌ت شكستی هێنا. پێشنیاری كۆنفرانسی دووه‌می بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ دراسه‌كردنی پرسی كشانه‌وه له حكومه‌ت له‌كاتێكدایه، كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌ت چوار ساڵی ته‌مه‌نی خۆی به‌ڕێكردووه‌و ماوه‌ی ساڵێكیشه وه‌كو حكومه‌تێكی كاربه‌ڕێكه‌ر به‌ڕێوه‌ده‌چێت و واده‌ی سازدانی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان ته‌نیا چوار مانگی له‌به‌رده‌مدا ماوه. بۆچی كۆنفرانس ؟ بزوتنەوەی گۆڕان تەمەنی دەبێت بە (14) ساڵ، لەم ماوەیەدا تەنیا دوو كۆنفرانسی كردووە، كۆنفرانسی یه‌كه‌م كۆتا رۆژەكانی ساڵی 2013 لە هەولێر بەڕێوەچوو، لەم كۆنفرانسەدا یەكەمین دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەكە پەسەندكرا‌و لەم دەستورەدا بڕیار لەسەر دروستكردنی خانەی راپەڕاندان دراو واده‌ی سازدانی كۆنفرانس به (4 ساڵ) جارێك دیاریكرا، واتا ئه‌و كۆنفرانسه‌ی ئێستا گۆڕان ئه‌نجامی ده‌دات، زیاتر له (6) ساڵ به‌سه‌ر واده‌ی خۆیدا تێپه‌ڕیوه. به‌ر له سازدانی كۆنفرانس، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌نیازبوو بابه‌تی به‌تاڵبوونی پۆستی رێكخه‌ری گشتی و پۆسته‌كانی خانه‌ی راپه‌ڕاندن چاره‌سه‌ر بكات، رۆژی 30ی مانگی رابردوو، واتا كۆتا رۆژه‌كانی 2023 دیاریكرا بۆ هه‌ڵبژاردنی ریكخه‌ری گشتی و ئه‌ندامانی خانه، به‌ڵام ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ش شكستی هێنا، جه‌مسه‌ری عومه‌ر سه‌ید عه‌لی و چیا نه‌وشیروان مسته‌فا نه‌گه‌یشتنه رێككه‌وتن، سه‌ید عومه‌رو لایه‌نگره‌كانی به هه‌وڵدان بۆ "ته‌وریسی سیاسی بزوتنه‌وه‌كه" چیا نه‌وشیروان مسته‌فایان تۆمه‌تبار ده‌كرد، چیا‌و لایه‌نگره‌كانیشی سه‌یدیان تۆمه‌تبار ده‌كرد به‌وه‌ی هه‌وڵ بۆ ئه‌وه ده‌دات به‌بێ هه‌ڵبژاردن له پۆستی رێكخه‌ری گشتیدا بمێنێته‌وه، ئه‌م ناكۆكییه هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی په‌كخست و دواجار هه‌ردوولا ریككه‌وتن له‌بری هه‌ڵبژاردنی ریكخه‌رو خانه، كۆنفرانس بكه‌ن و له كۆنفرانسدا ده‌ستور هه‌موار بكه‌نه‌وه‌و له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌مواره نوێیه‌كه جارێكی تر په‌یكه‌ری بزوتنه‌وه‌كه رێكبخرێته‌وه. سازدانی كۆنفرانس به پله‌ی یه‌كه‌م بۆ ده‌ربازبوون بوون له رێوشوێنه‌كانی فه‌رمانگه‌ی حزبه‌كان له كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، چونكه به‌بێ هه‌ڵبژاردنی رێكخه‌رو خانه‌ی راپه‌راندن پاشان سازدانی كۆنفرانس، له سه‌ره‌تای مانگی شوباتی داهاتووه‌وه گۆڕان له كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق وه‌كو حزبێكی سیاسی دوچاری كێشه‌ی یاسایی ده‌بووه‌وه، كێشه‌یه‌ك كه كاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌شداری ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه له هه‌ڵبژاردنی داهاتووه‌ی په‌رله‌مانی كوردستاندا دروستده‌كرد، كه بڕیاره له كۆتاییه‌كانی ئایاری ئه‌مساڵدا به‌ڕێوه‌بچێت. به سازدانی كۆنفرانس، گۆڕان ویستی خۆی له پرسی چاره‌سه‌ری ریشه‌یی كێشه ناوخۆییه‌كان و به‌سه‌رچوونی دامه‌زراوه حزبییه‌كانی به‌دیاریكراویش (جڤاتی نیشتمانی) بدزێته‌وه، به‌ڵام گفتوگۆكانی كۆنفرانس جارێكی تر كێشه ناوخۆییه‌كانی خسته‌وه به‌ر باس. كورته‌یه‌ك له‌باره‌ی گۆڕانه‌وه دوای چەند ساڵێك ناكۆكی لەگەڵ جەلال تاڵەبانی، نەوشیروان مستەفا ساڵی 2009 لەگەڵ ژمارەیەك لە سەركردەكانی تری یەكێتیی، جیابونەوەی خۆی راگەیاند‌و بزوتنەوەی گۆڕانی دروستكرد. 25ی تەموزی 2009 بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری یەكەمین هەڵبژاردنی كرد كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بوو، لەم هەڵبژاردنەدا (25) كورسی بردەوە‌و بەسەر یەكێتیدا سەركەوت‌و لەدوای پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بوو بە دووەمین هێز لەسەر ئاستی هەرێم . پێگەی بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنەكاندا: • پەرلەمانی كوردستان 2009: (445,024) دەنگ • پەرلەمانی عێراق 2010: (425,793) دەنگ • پەرلەمانی كوردستان 2013: (476,736) دەنگ • پەرلەمانی عێراق 2014: (472,503) دەنگ • ئەنجومەنی پارێزگاكان 2014: (490,572) دەنگ • پەرلەمانی عێراق 2018: (199,611) دەنگ • پەرلەمانی كوردستان 2018: (186,903) دەنگ • پەرلەمانی عێراق 2021: (22,091) دەنگ
درەو: راپۆرتی: رادیۆی دەنگ بە پاڵپشتی رێكخراوی (NED) یه‌كه‌ى چاودێری حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، له‌نوێترین راپۆرتى مانگانه‌ى خۆیدا، تیشكیخستوه‌ته سه‌ر کێشەکانی پەیوەست بە سامانی ئاژەڵ لە گەرمیان. كلیك لەم فایلەی خواره‌وه بكه بۆ خوێندنه‌وه‌ى راپۆرته‌کە به شێوازى (PDF). فایلی پیدی ئێف رادیۆی ده‌نگ له‌چوارچێوه‌ى پرۆژه‌یه‌كى دا به پاڵپشتى سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی NED، له رێگه‌ى یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیانه‌وه، مانگانه راپۆرتێك له‌سه‌ر كه‌رتێك بڵاوده‌كاته‌وه، تیایدا ورده‌كاری ناساندنى ئه‌و كه‌رته و كێشه‌كانى ده‌خاته‌ڕو. بۆ ئه‌م مانگه به پێویستی زانیوه له‌سه‌ر سامانى ئاژه‌ڵ له گه‌رمیاندا بوه‌ستێت، تیایدا به داتا قه‌باره‌ى ئه‌م سامانه‌ى خستوه‌ته‌ڕو، هاوكات ئه‌و كێشه و ئاسته‌نگی و ئاله‌نگارییانه‌یشی باس كردوه كه بواره‌كه هه‌یه‌تى، ئاماژه‌یشی به رۆڵی حكومه‌ت له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م بواره و كێشه‌كانى دا داوه. هه‌روه‌ك له كۆتایی راپۆرته‌كه‌شدا، ژماره‌یه‌ك ده‌ره‌نجام و راسپارده‌ى گه‌ڵاڵه كردوه. ده‌قی راپۆرته‌كه له خواره‌وه ده‌خوێننه‌وه. کێشەکانی پەیوەست بە سامانی ئاژەڵ لە گەرمیان بەشی یەکەم: کێشەکانی پەیوەست بە سامانی ئاژەڵ لە گەرمیان یه‌كه‌م: مه‌ڕوماڵات مه‌ڕوماڵات له پێكهێنه‌ره سه‌ره‌كیه‌كانى سامانى ئاژه‌ڵه له گه‌رمیان، ژماره‌یه‌كى زۆریان له گه‌رمیان به‌خێوده‌كرێن. به‌پێى ئامارێكى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان له سنوره‌كه‌دا رێژه‌ى مه‌ڕوماڵات "مەڕ و بزن" و ره‌شه‌وڵاخ "گا و مانگا و گامێش" به‌مشێوه‌یه‌یە: مه‌ڕوماڵات: 600 هه‌زار ره‌شه‌وڵاخ: 10 هه‌زار بەوتەی: به‌ختیار ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوبه‌رى به‌شى سامانى ئاژه‌ڵ له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى كشتو‌كاڵى گه‌رمیان، هیچ پرۆژه‌یه‌كى ئاژه‌ڵى گۆشت له سنورى گه‌رمیان كه مۆڵه‌تدار بێت، بونی نییە، ئەوەی کە هەیە هاوڵاتیان خۆیان بە شێوەیەکی سەربەخۆیانە ئاژەڵ بەخێودەکەن و دواتر دەیفرۆشنەوە. خاوەن ئاژەڵەکان باس لەوەدەکەن چەندین کێشەیان روبەڕودەبێتەوە، کە لە خوارەوە ئاماژە بە هەندێکیان دەکەین. 1. نه‌بونى کۆمەک و هاوکاریی لەلایەن حکومەتەوە خاوه‌ن ئاژه‌ڵه‌كانى گه‌رمیان جه‌خت له‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه سه‌ربارى ئه‌وه‌ى هه‌ر یه‌كه‌یان و رێژه‌یه‌ك مه‌ڕوماڵاتیان هه‌یه، به‌ڵام حكومه‌ت خزمه‌تگوزارى پێویستى پێشكه‌ش نه‌كردون. به‌ختیار حه‌مه‌خان، خاوه‌نى ئاژه‌ڵ له گوندى توكن له گه‌رمیان، ده‌ڵێت: نزیكه‌ى 200 سه‌ر حه‌یوانم هه‌یه و چه‌ندین ساڵه به‌م كاره‌وه خه‌ریكم، حكومه‌تیش هیچ گرنگیه‌ك به‌م بواره نادات، هیچ هاوكارییه‌كمان ناكه‌ن، به‌جۆرێك بۆ ماوه‌ى 3 ساڵیشه ته‌نها ئه‌مساڵ 4 لیتر ئه‌سپه‌نه‌كى پێداوین كه حه‌یوانه‌كانمان پێ شۆردوه. وتیشى: له ماوه‌ى چه‌ند ساڵى رابردو هه‌ر حه‌یوانێك 7 كیلۆ جۆى پێ ئه‌درا ئه‌ویش به پاره‌یه‌ك بو له‌گه‌ڵ بازاڕ هێنده‌ى جیاواز نه‌بو بۆ هه‌ر ته‌نێك 20 هه‌زار جیاوازى هه‌بوه، بۆیه حكومه‌ت هاوكارى نیه له ئێستادا، به‌تایبه‌ت به‌ڕێوبه‌رایه‌تى كشتو‌كاڵى گه‌رمیان. هاوكات، ئه‌حمه‌د عه‌بدولڕه‌حمان، خاوه‌نى ئاژه‌ڵ له گوندى به‌رلوت، هێماى بۆ ئه‌وه‌كرد: نزیكه‌ى 150 سه‌ر حه‌یوانم هه‌یه و چه‌ندین ساڵه به‌م كاره‌وه خه‌ریكم، حكومه‌تیش گرنگیه‌كى ئه‌وتۆى نه‌داوه به سامانى ئاژه‌ڵ و ئه‌وه‌ى هه‌یه خۆمان به‌خێوى ده‌كه‌ین. وتیشى: له ئێستادا هیچ خزمه‌تگوزارییه‌ك بۆ خاوه‌ن ئاژه‌ڵ نیه و ئه‌وه‌ى هه‌یه له‌سه‌ر داهاتى خۆى به‌خێوى ده‌كات، ئه‌مه‌ش وایكرد رێژه‌یه‌كى زۆرى خه‌ڵك ناچاربون حه‌یوانه‌كانیان بفرۆشن. ستار حسێن، خاوه‌نى ئاژه‌ڵ له گوندى عه‌لى په‌كان له گه‌رمیان، ده‌ڵێت: له ساڵى 2000ه‌كانه‌وه تاوه‌كو ئێستا حكومه‌ت خزمه‌تگوزارى ئه‌وتۆى نه‌بوه بۆ خاوه‌ن ئاژه‌ڵه‌كان، ئه‌وه‌ى هه‌یه له ماوه‌ى 6 ساڵى رابردو به ته‌ن جۆیان ئه‌دا بۆ نمونه ئه‌گه‌ر 300 سه‌ر حه‌یوان بێت ئه‌وه 2 ته‌نێكى به‌رده‌كه‌وت، به‌ڵام ئێستا ئه‌وه‌ش نه‌ماوه. وتیشى: 300 سه‌ر ئاژه‌ڵم هه‌یه، حكومه‌ت هیچ خزمه‌تگوزارییه‌كى نه‌ماوه، به‌تایبه‌ت له‌م 2 ساڵه‌ى وشكه‌ساڵى كه هیچ نه‌كرا بۆمان، ئه‌وه‌ى هه‌بوه خاوه‌ن مه‌ڕوماڵات خۆى له‌سه‌ر ئه‌ركى خۆى به‌خێوى ده‌كات. حەسەن عه‌لى، بزگیرى ره‌شه‌وڵاخه له گه‌رمیان، وتى: رۆژانه كارى كڕین و فرۆشتنى گوێره‌كه و مانگا ده‌كه‌م، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دابه‌سته‌م هه‌یه كه دواى چه‌ند مانگێك له بازاڕدا ساغى ده‌كه‌مه‌وه، دیارییكراویش نیه كه چه‌ند دابه‌سته ئه‌كه‌ین، چونكه هه‌ندێكجار به‌پێى شوێنه، هى وا هه‌یه 50 دانه دابه‌سته ئه‌كات هى واش هه‌یه 30 یان 100 یان 150 دابه‌سته ئه‌كه‌ن. باسى له‌وه‌شكرد: له ئێستادا ئیشەکەمان ئه‌ركى زۆره و هاوكاریش نیه له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه، به‌جۆرێك زۆرجار توشى زیان ئه‌بین. به‌ڕێوبه‌رى به‌شى سامانى ئاژه‌ڵیش هه‌مان راى خاوه‌ن ئاژه‌ڵه‌كانى هه‌یه و ده‌ڵێت: به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه نه‌مانتوانیوه هاوكارییان بكه‌ین. به‌ختیار ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوبه‌رى به‌شى سامانى ئاژه‌ڵ له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى كشتو‌كاڵى گه‌رمیان، وتى: له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یرانى دارایی، نه‌مانتوانیوه خزمه‌تگوزارى پێویست پێشكه‌ش به خاوه‌ن ئاژه‌ڵه‌كان بكه‌ین، له كاتێكدا پێشتر بودجه‌ى پاڵپشتى كشتوكاڵیمان هه‌بو، بۆ ماوه‌ى 4 ساڵه ئه‌و بودجه‌یه نه‌ماوه، كه ده‌مانتوانى به‌شێك له‌و بودجه‌یه بۆ سامانى ئاژه‌ڵ ته‌رخان بكه‌ین. ده‌شڵێت: به‌جۆرێك ده‌مانتوانى 3 هه‌زار ته‌ن ئالیك دابین بكه‌ین و به نیوه‌ى نرخى بازاڕ پێمان ده‌دان. جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: گرفتى خاوه‌ن ئاژه‌ڵه‌كان زیاتر له وشكه‌ساڵیه‌كه بو كه روبه‌ڕوى بونه‌وه، ئه‌گه‌رچى له رێگه‌ى ئیداره‌ى گه‌رمیانه‌وه چه‌ند جارێك كۆبونه‌وه‌مان ئه‌نجامدا و نوسراویشمان ئاراسته‌ى سه‌روى خۆمان كرد كه بودجه‌یه‌ك ته‌رخان بكرێت بۆ ئه‌و بابه‌ته، به‌ڵام هیچ نه‌كرا، هاوكات داواى به‌شێك له بودجه‌ى پارێزگاكانیشمان كرد له رێگه‌ى ئیداره‌ى گه‌رمیانه‌وه ئه‌ویش نه‌كرا، ئێمه‌ش نه‌مانتوانى هیچ بكه‌ین. ئه‌مه له كاتێكدایه له هه‌مو وڵاتان سامانى ئاژه‌ڵ گرنگى پێدراوه و پرۆژه‌ى تایبه‌ت به‌و بواره هه‌یه، به‌ڵام له هه‌رێمى كوردستان كه‌م و سنورداره، ئه‌وه‌ى هه‌یه پشت به‌و سامانى ئاژه‌ڵه ده‌به‌سترێت كه له لادێكان هه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نه‌توانراوه وه‌ك پێویست هاوكارییان بكرێت. شادیه حسێن، به‌ڕێوبه‌رى گشتى كشتو‌كاڵى گه‌رمیان، وتى: گرفتى سه‌ره‌كى خاوه‌ن ئاژه‌ڵه‌كان ئه‌وه‌یه نه‌مانتوانیوه هاوكارییان بكه‌ین له پێدانى ئالیك، كۆتا هاوكارییش ساڵى 2019 بو كه ئالیكمان دابه‌شكرد له دواى ئه‌و ساڵەشەوە هیچ هاوكارییه‌ك نه‌كراون به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه. 2. کێشەکانی لایەنی دروستیی ئاژەڵ "ڤێته‌رنه‌ریى" "وه‌ك ڤێته‌رنه‌رى شتێكیان بۆ نه‌كردوین شایه‌نى باسكردن بێت، ئه‌وه‌ى كردویانه ساڵى جارێك یان 2 ساڵ جارێك دێن كوتانێك ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش سودى ئه‌وتۆى نه‌بوه". به‌ختیار حه‌مه‌خان، خاوه‌نى ئاژه‌ڵ له گوندى توكن له گه‌رمیان وا ده‌ڵێت. باسى له‌وه‌شكرد: هه‌ندێك ده‌رمان هه‌یه نرخیان گرانه، ئه‌گه‌ر بۆمانى دابین بكه‌ن كارئاسانیه، وه‌ك: (ده‌رمانى سی و جگه‌ر، حه‌پى زه‌رد، ده‌رزى مافه‌ته، تاعون و دانكه) كه هه‌مو ئه‌مانه بۆ خۆمان له بازاڕدا ئه‌یانكڕین و ئه‌ركى زۆرى خستوه‌ته سه‌رمان، به‌جۆرێك ساڵانه نزیكه‌ى 2 ملیۆن دینار ده‌ده‌م به ده‌رمان، له كاتێكدا ته‌نها نزیكه‌ى 200 سه‌ر حه‌یوانم هه‌یه. هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: چه‌ند رۆژێك پێش ئێستا حه‌یوانه‌كانم ده‌رمان كردوه 110 هه‌زارم داوه به ده‌رمان، بۆ نمونه ئه‌گه‌ر 2 جار ده‌رمانیان بكه‌م 350 هه‌زارم له‌سه‌ر ده‌كه‌وێت. له هه‌مان كاتدا، ئه‌حمه‌د عه‌بدولڕه‌حمان، خاوه‌نى ئاژه‌ڵ له گوندى به‌رلوت، هێماى بۆ ئه‌وه‌كرد: وه‌ك ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان له ساڵانى رابردو ده‌رمانیان ئه‌دا بۆ شۆردنه‌وه‌ى حه‌یوانه‌كان له‌گه‌ڵ ده‌رزى بۆ نه‌خۆشى تاعون، ئه‌مه‌ش به مه‌رجێك ده‌رزییه‌كانیان ده‌كرد كه‌ژماره‌یان ده‌دا له گوێى ئاژه‌ڵه‌كان. وتیشى: ئێستا ئه‌ركه‌كه هه‌موى له‌سه‌ر خاوه‌ن ئاژه‌ڵه، به‌جۆرێك نزیكه‌ى 150 سه‌ر حه‌یوانم هه‌یه باى 300 هه‌زار ده‌رزى نه‌خۆشى شه‌لكه‌م بۆ كڕیون، ئه‌گه‌ر حكومه‌ت ئه‌مانه‌م بۆ دابین بكات ئه‌و لۆده زۆره‌م له‌سه‌ر نامێنێت. هاوكات، ستار حسێن، خاوه‌نى ئاژه‌ڵ له گوندى عه‌لى په‌كان له گه‌رمیان، ده‌ڵێت: وه‌ك ڤێته‌رنه‌رى ئه‌مساڵ ته‌نها 4 لیتر ده‌رمانى شۆردنه‌وه‌ى حه‌یوانمان پێدراوه، ساڵى رابردوش ده‌رزى نه‌خۆشى دانكه و شه‌لكه‌مان پێدراوه، له‌وه بترازێت هیچ ده‌رمان و پێداویستیه‌كمان پێنه‌دراوه. باسى له‌وه‌شكرد: بۆ هه‌ر وه‌جبه‌یه‌ك ده‌رمان كه ده‌یكڕم بۆ حه‌یوانه‌كانم، ساڵانه به‌پێى جۆرى ده‌رزییه‌كان ده‌گۆڕێت، وه‌جبه‌ى وا هه‌یه به 150 هه‌زار یان 200 هه‌زار و 300 هه‌زار ئه‌یكڕم، ئه‌مه‌ش ئه‌ركه له‌سه‌ر شانى ئێمه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌رمان زۆر گرانه به‌هۆى به‌رزى دۆلاره‌وه. له به‌رامبه‌ردا، ئارام ئه‌حمه‌د سه‌مین، لێپرسراوى هۆبه‌ى ته‌ندروستى ئاژه‌ڵ له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان، وتى: خاوه‌ن ئاژه‌ڵه‌كان به‌گوێره‌ى تواناى حكومه‌ت هه‌ندێك شتمان بۆ دابین كردون، بۆ نمونه وه‌ك كوتانى ده‌مه‌زامه و ته‌به‌ق، له‌گه‌ڵ ششتنه‌وه‌ى ئاژه‌ڵه‌كان و ده‌رمانڕێژكردنى "ره‌شكردنى" خانى ئاژه‌ڵه‌كان، ئه‌مه‌ش بۆ روبه‌روبونه‌وه‌ى تاى خوێنبه‌ربون كه پار ساڵ ئه‌نجاممان داوه. ده‌شڵێت: ساڵانه‌ش ده‌بێت سێ پێکوتە "ڤاكسین= لقاح"ـى سه‌رەكیمان هه‌بێت به به‌رده‌وامیى، ئه‌وانیش: (ته‌به‌ق "شه‌لكه"، دانكه و ده‌مه‌زام)ـه‌ن، ئه‌مانه به‌رده‌وام هه‌مانه، به‌ڵام له ئێستادا له چاو ساڵانى رابردو رێژه‌كه‌ى كه‌مبوه‌ته‌وه. هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: له به‌شه‌كانمان له ناحیه‌كان به‌به‌رده‌وامى نه‌شته‌رگه‌رى ئه‌نجام ده‌درێت بۆ ئاژه‌ڵه‌كان، ئه‌گه‌رچى خاوه‌نه‌كانیان خۆیان پێداویستی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان له ده‌ره‌وه ده‌كڕن، له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر نه‌شته‌رگه‌رییه‌كیش هیچ بڕه پاره‌یه‌كمان وه‌رنه‌گرتوه. به‌پێى وته‌ى لێپرسراوى هۆبه‌ى ته‌ندروستى ئاژه‌ڵ له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان، له به‌شه نه‌سرییه‌ى به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كه‌یان، بڕێكى ته‌رخان ده‌كرێت بۆ كڕینى هه‌ندێك ده‌رمان و پێداویستى مانگانه، به‌ڵام وه‌كپێویست نیه و بۆ حاڵه‌تى زۆر پێویست به‌كار ده‌هێنرێت. 3. ساغكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌م خاوه‌ن ئاژه‌ڵه‌كان جه‌خت له‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه گرفتى ساغكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌كانیان نیه، ئه‌وه‌ى گرفته بۆ ئه‌وان ئه‌و ئه‌ركه‌یه كه ده‌كه‌وێته سه‌ریان تاوه‌كو پێگه‌یاندنى به‌رهه‌مه‌كه‌یان بۆیه ناچار ده‌بن ئه‌وه‌ى ده‌ستیان ده‌كه‌وێت له خزمه‌تى خۆیانى به‌كاربهێننه‌وه. به‌ختیار حه‌مه‌خان، خاوه‌نى ئاژه‌ڵ له گوندى توكن له گه‌رمیان ده‌ڵێت: بۆ ساغكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌كانمان گرفت دروست نابێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ى هه‌یه به‌شى خۆى ناكات، بۆنمونه ئه‌مساڵ ئێستا به‌رهه‌ممان پێبگات باشه و ده‌توانین سودى لێببینین، به‌ڵام پێشتر ئه‌وه‌ى هه‌مان بوه زیان بوه بۆمان، به‌تایبه‌ت 2 ساڵى وشكه‌ساڵى رێژه‌یه‌كى زۆرى خه‌ڵك هه‌مو مه‌ڕوماڵاته‌كه‌ى فرۆشته‌وه، چونكه نه‌یتوانى به‌خێوى بكات، هه‌موى زیان بو بۆى. "له ساغكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مى ساڵانه‌مان خراپ نین باشه، به‌ڵام ئه‌وه‌ى هه‌یه ئه‌گه‌ر 100 سه‌ر به‌رهه‌مت هه‌بێت ئه‌وه 50ـى مه‌سره‌ف ئه‌یبات، ئه‌مه‌یه زیانه‌كه بۆ ئێمه". ئه‌حمه‌د عه‌بدولڕه‌حمان، خاوه‌نى ئاژه‌ڵ له گوندى به‌رلوت وا ده‌ڵێت. ستار حسێن، خاوه‌نى ئاژه‌ڵ له گوندى عه‌لى په‌كان له گه‌رمیان ده‌ڵێت: له ئێستادا ساغكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌كه‌مان باشه، به‌تایبه‌ت له ئێستا ئه‌گه‌ر به‌رهه‌م هه‌بێت، چونكه 1 كیلۆ به 10 هه‌زار دینار مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ده‌كرێت. حەسەن عه‌لى، بزگیرى ره‌شه‌وڵاخه له گه‌رمیان، وتى: ساغكردنه‌وه‌ى به پێى رۆژ و مانگه، هه‌مانه به 4 بۆ 5 مانگ ئینجا ساغ ئه‌بێته‌وه. 4. دابین نه‌كردنى ئالیك له ماوه‌ى ساڵانى پێش قه‌یرانى دارایی حكومه‌ت وه‌ك پاڵپشتیه‌ك بۆ سامانى ئاژه‌ڵ، هاوكارى ده‌كردن به دابینكردنى ئالیكى وه‌ك جۆ و ئاڵف، به‌ڵام له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یرانى دارایی ئه‌و پاڵپشتیه نه‌ماوه، بۆیه له ئێستادا خاوه‌ن ئاژه‌ڵه‌كان خۆیان ئه‌و ئالیكه ده‌كڕن، وه‌كخۆیان ده‌ڵێن زۆریان له‌سه‌ر ده‌كه‌وێت. به‌ختیار حه‌مه‌خان، خاوه‌نى ئاژه‌ڵ له گوندى توكن، ده‌ڵێت: ئاژه‌ڵه‌كانمان جۆى بۆ ده‌كڕین به ته‌ن، بۆنمونه جۆى ره‌ش ئه‌گه‌ر راسته‌وخۆ پاره‌كه‌ى بده‌ى ئه‌وه ته‌نى به 650 هه‌زار دینار ده‌كڕین، جۆى سپیش ته‌نى به 450 هه‌زار دینار، به‌ڵام به رێژه‌ى %80ـى خه‌ڵك به‌قه‌رز ئه‌یهێنێ تاوه‌كو به‌رهه‌م پێ ئه‌گات، بۆیه ته‌نى جۆى ره‌ش به 800 هه‌زار دینار له‌سه‌رمان ده‌كه‌وێت، بۆ ئه‌مه‌ش حكومه‌ت هیچى بۆ نه‌كردوین. جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: خاوه‌ن ئاژه‌ڵ 2 شتى ئه‌وێت: ئاڵف و ده‌رمان، ئه‌گه‌ر دابینیبكه‌ن زۆر باش ده‌بێت. ئه‌حمه‌د عه‌بدولڕه‌حمان، خاوه‌نى ئاژه‌ڵ له گوندى به‌رلوت هه‌مان راى هه‌یه و جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه ته‌نێك جۆ به قه‌رزى درێژخایه‌ن به 800 هه‌زار دینار ده‌كڕێت. سه‌ربارى گله‌ى و گازنده‌ى خاوه‌ن ئاژه‌ڵه‌كان له‌وه‌ى حكومه‌ت هاوكارى نه‌كردون وه‌كپێویست، بزگیره‌كان (ئەوانەی کڕین و فرۆشتن بە ئاژەڵەکانەوە دەکەن)، ئه‌وانیش جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه له هاوكاریی نه‌كردنیان له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه. عوسمان قادر، بزگیر له ناحیه‌ى سه‌رقه‌ڵا، ده‌ڵێت: حكومه‌ت هیچ هاوكارییه‌كمان ناكات وه‌ك دابین كردنى ئاڵف و پێداویستى بۆ ئه‌وه‌ى زیاتر په‌ره به‌م بواره بده‌ین، ئه‌وه‌ى هه‌یه رۆژانه بۆ بژێوى ژیانى خۆمان ئه‌و كاره ده‌كه‌ین و سنورداره. له به‌رامبه‌ردا، شادیه حسێن، به‌ڕێوبه‌رى گشتى كشتو‌كاڵى گه‌رمیان، جەخت لە قسه‌ى ئاژه‌ڵدار و بزگیره‌كان ده‌كاته‌وه به‌وه‌ى نەیانتوانیوە هاوکاریان بکەن بە پێدانی ئالیک. وتیشی: به‌تایبه‌ت له ساڵانى وشكه‌ساڵیه‌كه‌دا به نوسراوى فه‌رمى و به راپۆرتى تایبه‌ت 2 جار له ساڵه‌كانى 2021 و 202شدا داوامان له وه‌زارەتمان كردوه بڕى 6 ملیار دینار ته‌رخان بكه‌ن بۆ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ى خاوه‌ن ئاژه‌ڵه‌كان و دابینكردنى ئالیك بۆیان، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا وه‌ڵام نه‌دراوینه‌ته‌وه. 5. کێشەی بزگیره‌كان "له مه‌یدانى ئاژه‌ڵان كارده‌كه‌م، دۆخى كڕین و فرۆشتن له ئێستادا باشه و حه‌یوان پاره ده‌كات و نرخه‌كه‌ى به‌رزه، هۆكاره‌كه‌شى ئه‌وه‌یه رێگه نادرێت له سوریا و ئێرانه‌وه بێته سنوره‌كه". ئه‌نوره ئه‌حمه‌د، بزگیر له كه‌لار وای وت. وتیشى: له ناوخۆى گه‌رمیان له‌لایه‌ن خودی هاوڵاتیانه‌وه خواست له‌سه‌ر حه‌یوان كه‌مبوه‌ته‌وه و زیاتر بۆ خواروى عێراق ده‌ڕوات، چونكه نرخه‌كه‌ى به‌رزه و له به‌رژه‌وه‌ندى كه‌سیش نیه، به جۆرێك ئه‌گه‌ر بۆ خوار نه‌ڕوات ئه‌وه لێره بازاڕ زۆر ئه‌شكێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش حكومه‌ت رێگرى نه‌كردوه بۆ خوار بڕوات، ئه‌گه‌ر رێگرى بكات ئه‌وه نرخه‌كه‌ى دائه‌به‌زێت. هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: جارى وا هه‌یه وه‌جبه‌یه‌ك حه‌یوان ده‌كڕم به 2 رۆژ له بازاڕدا ساغى ده‌كه‌مه‌وه، جارى واش هه‌یه به مانگ ناتوانم ساغى بكه‌مه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا حكومه‌ت هیچ هاوكارییه‌كى نیه بۆ ئه‌م بواره، ئه‌وه‌ى هه‌یه خه‌ڵك له‌سه‌ر خۆیه‌تى. عوسمان قادر، بزگیر له ناحیه‌ى سه‌رقه‌ڵا هه‌مان راى ئه‌نوەرـى هه‌یه سه‌باره‌ت به دۆخى كڕین و فرۆشتنى مه‌ڕوماڵات. له به‌رامبه‌ردا، به‌ختیار ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوبه‌رى به‌شى سامانى ئاژه‌ڵ له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى كشتو‌كاڵى گه‌رمیان، باسى له‌وه‌كرد: هێنانى ئاژه‌ڵ قه‌ده‌غه نه‌كراوه، ئه‌وه‌ى قه‌ده‌غه كراوه ئاژه‌ڵى قاچاخ بوه، به‌ڵكو رێنماى ساڵى 2023شمان هه‌یه كه چۆن ئاژه‌ڵ له ده‌ره‌وه بهێنرێته سنوره‌كه به شێوه‌ى یاسایى، ئه‌گه‌رچى ئه‌مه زیاتر په‌یوه‌ندى به ڤێته‌رنه‌ریه‌وه هه‌یه، چونكه رێنمایى هه‌یه بۆ ئه‌و بابه‌ته له روى ته‌ندروستیه‌وه. ده‌شڵێت: ئه‌وه‌شى كراوه بۆ پاراستنى به‌رهه‌مى ناوخۆیه و پێداویستى ناوچه‌كه‌ش پڕده‌كاته‌وه به‌پێى وته‌ى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان. شادیه حسێن، به‌ڕێوبه‌رى گشتى كشتو‌كاڵى گه‌رمیان، هه‌مان راى هه‌یه و جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه، نوسراویان ئاراسته‌ى هیچ كۆمپانیایه‌ك نه‌كردوه بۆ هێنانى ئاژه‌ڵى بچوك و گه‌وره‌ش، چونكه به‌پێى راپۆرته‌كانى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى و به‌دواداچونى خۆیان، ئاژه‌ڵى پێویست له سنوره‌كه هه‌یه و پێداویستى ناوچه‌كه‌ش پڕده‌كاته‌وه. دوه‌م: په‌له‌وه‌ر په‌له‌وه‌ر به‌تایبه‌ت مریشكی گۆشت و جوجكه، یه‌كێكى تره له‌و بوارانه‌ى سامانى ئاژه‌ڵ كه له گه‌رمیان گرنگى پێدراوه، به‌جۆرێك به‌پێى ئامارێكى به‌شى سامانى ئاژه‌ڵ له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى كشتو‌كاڵى گه‌رمیان له سنوره‌كه‌دا 144 پرۆژه كه له 164 هۆڵ پێكهاتون، بونیان هه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا 8 له‌و پرۆژانه له ئێستادا كارناكه‌ن و داخراون. به‌پێى ئامارێكى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان لە ساڵه‌كانى 2022 و 2023، رێژه‌ى هه‌ڵهێنه‌رى جوجكه له 3 پرۆژه‌ى تایبه‌ت به هه‌ڵهێنه‌رى جوجكه له سنوره‌كه به‌مشێوه‌یه‌یە: به‌پێى ئامارێكى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان، بڕى به‌رهه‌مى مریشك له نێو كێڵگه په‌له‌وه‌رییه‌كان لە ساڵانی 2020 بۆ 2023 به‌مشێوه‌یه‌یە: جگه له به‌رهه‌مى په‌له‌وه‌ر كه به زۆری مریشكه، به‌رهه‌مى جوجكه‌ى كێڵگه په‌له‌وه‌رییه‌كانیش هه‌یه كه له ناوخۆى گه‌رمیاندا به‌رهه‌م ده‌هێنرێت له رێگه‌ى پرۆژه‌كانى هه‌ڵهێنه‌رى جوجكه‌وه. هاوكات جگه له كێڵگه‌كانى په‌له‌وه‌ر، زۆر هاوڵاتى و خێزانیش به‌شێوه‌ى سه‌ربه‌خۆ خۆیان په‌له‌وه‌رى وه‌كو: مریشك و كه‌ڵه‌شێرى كوردیی، قه‌ل، مراوی و قاز له ماڵان یان كێڵگه و باخه‌كانیان به‌خێوده‌كه‌ن، به‌ڵام وه‌ك ئارى نه‌سره‌دین قادر، لێپرسراوى به‌شى نه‌خۆشیه‌كانى په‌له‌وه‌ر له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان و به‌ختیار ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوبه‌رى به‌شى سامانى ئاژه‌ڵ له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى كشتو‌كاڵى گه‌رمیان ئاماژه‌یان بۆكرد، ئه‌وانه وه‌كو پرۆژه‌ى مۆڵه‌تدار نین و ژماره‌شیان زۆر نییه و هیچ ئامارێكیشیان به‌رده‌ست نییه. دیارترین ئالەنگاری و کێشەکانی په‌یوه‌ست به كه‌رتى په‌له‌وه‌ر لە خوارەوە ئاماژە پێدەدەین. 1. داخستنى كێڵگه په‌له‌وه‌رییه‌كان "ساڵانه 5 بۆ 6 وه‌جبه جوجكه‌م ده‌خسته قاعه‌كانمه‌وه كه 3 كێڵگه‌م هه‌یه، بۆ هه‌ر وه‌جبه‌یه‌كیش 105 بۆ 120 ته‌ن به‌رهه‌مى گۆشتم هه‌بوه، به‌ڵام له ئێستادا به‌هۆى ئه‌وه‌ى توشى زیان بوم 2 له قاعه‌كانم داخستوه، چونكه بۆم نابرێت به‌ڕێوه". ئیدریس ئه‌حمه‌د، خاوه‌نى پرۆژه‌ى كێڵگه‌ى په‌له‌وه‌رى توران له گه‌رمیان وای وت. وتیشى: به‌هه‌ر 3 پرۆژه‌كه‌مه‌وه ساڵانه 450 بۆ 600 ته‌ن به‌رهه‌مى گۆشتى سپیم هه‌بوه، به‌ڵام ئێستا ساڵانه 200 بۆ 250 ته‌ن به‌رهه‌مم هه‌یه، هۆكاره‌كه‌شى بۆ نه‌بونى خزمه‌تگوزارى له‌م بواره ده‌گه‌ڕێته‌وه كه حكومه‌ت ئاوڕى لێ ناداته‌وه. هێماى بۆئه‌وه‌شكرد: پرۆژه‌كان له‌سه‌ر روبه‌رى زه‌وى جیاوازه، هه‌مه له‌سه‌ر روبه‌رى 3 دۆنمه هه‌شمه له‌سه‌ر 2 دۆنمه دانه‌یه‌كى تریشم هه‌یه له‌سه‌ر روبه‌رى 3 دۆنم زه‌وییه، ئه‌م پرۆژانه هه‌ر یه‌كه‌یان و نزیكه‌ى 21 ده‌فته‌ر دۆلارم له‌سه‌ر خه‌رج كردون، ئێستا هه‌ر دانه‌یه‌كى به 14 ده‌فته‌ر دۆلار ده‌فرۆشمه‌وه، هێنده لێى بێزار بوم. هاوكات، ئارام عه‌بدوڵڵا، خاوه‌نى پرۆژه‌ى كێڵگه‌ى په‌له‌وه‌رى قه‌ڵا له گه‌رمیان وتى: كێڵگه‌یه‌كى په‌له‌وه‌ریم هه‌یه و بۆ هه‌ر وه‌جبه‌یه‌ك 25 هه‌زار جوجكه له‌خۆ ده‌گرێت، ساڵانه‌ش 5 بۆ 6 وه‌جبه‌ى تێ ئه‌كه‌م. وتیشى: هه‌ر وه‌جبه‌یه‌كم نزیكه‌ى 55 ته‌ن به‌رهه‌مى هه‌یه، به‌كۆى گشتى ساڵه‌كه‌ش نزیكه‌ى 310 ته‌ن به‌رهه‌مم هه‌یه. جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: له ساڵى 2014ـه‌وه هیچ خزمه‌تگوزارییه‌ك نه‌ماوه له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه بۆ ئێمه، ئه‌وه‌ى هه‌یه خۆمان به‌ڕێوه‌ى ده‌به‌ین، ئه‌مه له كاتێكدایه چه‌ندین خاوه‌ن كێڵگه به‌هۆى زۆرى تێچوى وه‌جبه‌كانه‌وه، ناچاربون جوجكه تێنه‌كه‌ن و توشى زیان بوه. هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: له ئێستادا زۆرمان له‌سه‌ر ده‌كه‌وێت به‌تایبه‌ت به‌هۆى به‌رزى دۆلاره‌وه، بۆ نمونه له ساڵى 2021 كه 25 هه‌زار جوجكه‌م ده‌خسته پرۆژه‌كه‌مه‌وه 89 ملیۆن دینار خه‌رجى هه‌بوه، له ساڵى 2022 هه‌مان رێژه‌ى جوجكه مه‌سره‌فه‌كه‌ى گه‌شتوه‌ته 144 ملیۆن دینار، له ساڵى 2023ـش مه‌سره‌فه‌كه‌ى گه‌شتوه‌ته 160 ملیۆن دینار، كاتێكیش نرخ به‌رز ده‌بێته‌وه یه‌كه ئیدارییه‌كان هه‌زار كێشه‌مان بۆ دروست ده‌كه‌ن و توشى زیانمان ده‌كه‌ن. وتیشی: له هه‌مان كاتدا، ئاڵفیش به گران ده‌كڕین، بۆ نمونه 100 وه‌جبه‌ى ئاڵفم به‌یه‌كه‌وه كڕیوه پێش دۆلار به‌رزى به 124 هه‌زار ده‌مكڕى، كه‌چى ئێستا به زیاتر له 150 هه‌زار دینار ده‌یكڕین، ئه‌مه‌ش وایكردوه ئه‌ڵه‌ف 25 ملیۆن دینارى بڕواته سه‌ر له‌وبڕه‌ى كه ده‌یكڕین. 2. رێگەنەدان بە بردنی بەرهەم بۆ ناوەڕاست و خواروی عێراق خاوه‌ن كێڵگه‌كانى په‌له‌وه‌ر به‌هۆى ئه‌وه‌ى رێگه‌یان لێ داده‌خه‌ن كه به‌رهه‌مه‌كانیان ببه‌نه خواروى عێراق ساغى بكه‌نه‌وه، جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه پلانیان هه‌یه سكاڵا تۆماربكه‌ن، چونكه به‌وته‌ى خۆیان، وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ رێنمایى تایبه‌تى هه‌یه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته كه قه‌ده‌غه نیه. ئیدریس ئه‌حمه‌د، خاوه‌نى پرۆژه‌ى كێڵگه‌ى په‌له‌وه‌رى توران، باس له‌وه ده‌كات: ده‌مێكه ده‌مانه‌وێت سكاڵا تۆمار بكه‌ین له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌مو گرفتانه‌ى توشمان ده‌كه‌ن، به‌ڵام نه‌مانكردوه، چونكه ترسى ئه‌وه‌مان هه‌بوه پرۆژه‌كانمان بكه‌وێته مه‌ترسیه‌وه و شكاندن و شتمان بۆ نه‌كه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى دڵنیاین هه‌مو شتێكمان پێده‌كه‌ن و هه‌مو كێشه‌یه‌كمان بۆ دروست ده‌كه‌ن. ئارام عه‌بدوڵڵا، خاوه‌نى كێڵگه‌ى په‌له‌وه‌رى قه‌ڵا، وتى: رێنمایی وه‌زاره‌تى كشتوكاڵمان هه‌یه كه بڕیارى ژماره 6561 باس له‌وه ده‌كات به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگرى نه‌كرێت له به‌رهه‌مه‌كانمان بیبه‌ینه خواروى عێراق ساغى بكه‌ینه‌وه، كه‌چى رێگریمان لێده‌كه‌ن. ده‌شڵێت: ئه‌و لایه‌نانه‌ى كه رێگرى ده‌كه‌ن ئیداره‌ى گه‌رمیان و قایمقامیه‌ته‌كان و چاودێرى بازرگانى گه‌رمیانه، بۆیه له ئێستادا راوێژمان به پارێزه‌ر كردوه ئه‌گه‌ر رێگه‌مان لێ دابخه‌ن ئه‌وه سكاڵا تۆمارده‌كه‌ین، چونكه كۆتوبه‌ندیان كردوین و وه‌ك دوژمن ده‌مانبینن. ئه‌مه له كاتێكدایه به‌پێى ئه‌و رێكارانه‌ى كه له گه‌رمیان گیراوه‌تەبه‌ر، هه‌ر مریشكێك له 2 كیلۆ گرام كه‌متر بو ده‌توانرێت ببرێته ده‌ره‌وه‌ى ناوچه‌ى گه‌رمیان و له خواروى عێراق ساغ بكرێته‌وه، به‌ڵام یه‌كێك له خاوه‌نى كێڵگه په‌له‌وه‌رییه‌كان جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه یه‌كه ئیدارییه‌كان پێوه‌ى پابه‌ند نین. "كێڵگه‌ى په‌له‌وه‌ر ئەبێت دوای 38 رۆژ مریشکەکەت بفرۆشیت، ئێمەش داوامان بۆ دێت لە ناوەڕاست و خواروی عێراق کیلۆی بە 600 و 700 باردەکەن، جاری واهەیە بازاڕ باشە، بەڵام ئەبێت چاوەڕێ بکەیت تا 38 رۆژ قەپات بکات، مریشکیش بەدەقەیە جاری واهەیە بازاڕ دادەبەزێت یان دەرد لێی ئەدات". ئاسۆ مستەفا حسێن، خاوەنی پرۆژه‌ى كێڵگه‌ى په‌له‌وه‌رى ئامەد وا ده‌ڵێت. له به‌رامبه‌ردا، هه‌ردى سه‌ركه‌وت، به‌رپرسى به‌شى راگه‌یاندنى قایمقامیه‌تى قه‌زاى كه‌لار باسى له‌وه‌كرد: وه‌ك قایمقامیه‌ت هیچ رێگرییه‌كمان نه‌كردوه له رۆشتنى مریشك بۆ خواروى عێراق و ساغكردنه‌وه‌ى، به‌ڵكو پێشمان خۆشه به‌رهه‌مى گه‌رمیان ببرێت و له‌وێ ساغ بكرێته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ته‌نها له حاڵه‌تێكدا نه‌بێت كه نرخى مریشك گه‌شته سه‌روى 3 هه‌زار و 500 دینار ئه‌وكات داوامانکردوە بازگه‌كان به‌شێوه‌ى كاتى دابخرێن بۆ ئه‌وه‌ى نرخه‌كه زیاتر به‌رز نه‌بێته‌وه، ئه‌مه‌ش به ره‌زامه‌ندى نوێنه‌رى كێڵگه په‌له‌وه‌رییه‌كان كه له كۆبونه‌وه له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان له دیوانى قایمقامیه‌ت به كۆنوسێك بڕیارى لێدراوه، ئه‌گه‌رنا له حاڵه‌تى ئاسایی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگریمان نه‌كردوه. ده‌شڵێت: مریشكى خوار 2 كیلۆ گرامیش كه له خواروى عێراق سه‌رفیاتى زۆره، ته‌واو پابه‌ندى ئه‌و خاڵه‌شبوین و رێگریمان نه‌كردوه بۆ رۆیشتنى، به‌ڵكو ئاسانكاریشمان بۆ كردون. هاوكات، ئارى نه‌سره‌دین قادر، لێپرسراوى به‌شى نه‌خۆشیه‌كانى په‌له‌وه‌ر له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان، باسى له‌وه‌كرد: هیچ كات نه‌بوه رێگرى له خاوه‌ن كێڵگه په‌له‌وه‌رییه‌كان بكه‌ین بۆ ساغكردنه‌وه به‌رهه‌مه‌كانیان و به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ك پشتگیریان بون، چونكه مۆڵه‌تیان هه‌یه و له ژێرچاودێرى ئێمه‌دان". ده‌شڵێت: ئه‌وه‌ى كه هه‌یه هاوكارى نه‌بێت به‌ده‌ره له ده‌سەڵاتى ئێمه، راسته لۆدیان له‌سه‌ره و هه‌مو شتێك گرانه به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ به‌رزبونه‌وه‌ى دۆلار و دابه‌زینى نرخى مریشك و رێگهنه‌دانیان به رۆشتنی به‌رهه‌مه‌كانیان بۆ خواروى عێراق، هه‌مو ئه‌مانه گرفته بۆ ئه‌وان، له كاتێكدا ئه‌وه‌شى هه‌یه له پێداویستى ناوخۆ زیاتره، ده‌كرێت رێگه‌یه‌ك هه‌بێت بۆ ساغكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌كان و تا نرخ دائه‌به‌زێت و له ناوخۆش بەرهەم كه‌ڵە‌كه نه‌بێت. 3. دابین نه‌كردنى ده‌رمان یه‌كێك له‌و گرفتانه‌ى كه روبه‌ڕوى خاوه‌ن كێڵگه‌كان بوه‌ته‌وه، دابین نه‌كردنى ڤاكسین و پێداویستی ته‌ندروستییه، وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن له‌گه‌ڵ قه‌یرانى دارایی هاوكارییه‌كان وه‌ستاوه و به‌رپرسێكى ڤێته‌رنه‌ریش ئه‌وه پشتڕاست ده‌كاته‌وه. ئیدریس ئه‌حمه‌د، خاوه‌نى پرۆژه‌ى كێڵگه‌ى په‌له‌وه‌رى توران، باس له‌وه ده‌كات: ساڵانى پێش قه‌یرانى دارایی ڤاكسین و ده‌رزیان پێ ده‌داین، بۆنمونه شەش یه‌كى مه‌سره‌فه‌كه‌یان له كۆڵ كردبوینه‌وه و به نیوه‌ى نرخى بازاڕ پێمان ده‌درا، به‌ڵام ئه‌و خزمه‌تگوزارییه نه‌ماوه له ئێستادا. له به‌رامبه‌ردا، ئارى نه‌سره‌دین قادر، لێپرسراوى به‌شى نه‌خۆشیه‌كانى په‌له‌وه‌ر له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان، باسى له‌وه‌كرد: "ئه‌ركى ئێمه سه‌ردانكردنى كێڵگه په‌له‌وه‌رییه‌كانه له كاتى تێكردنى جوجكه و له‌كاتى فرۆشتنى مریشكه‌كاندا، هاوكات له بونى هه‌ر نه‌خۆشیه‌ك كه ئاگادارمان ده‌كه‌نه‌وه و سه‌ردان ده‌كه‌ین و ده‌رمان و ڤاكسینیان پێده‌ده‌ین كه له ئێستادا كه‌مبوه‌ته‌وه و ته‌نها ده‌رمانى پاكژكردنه‌وه‌مان هه‌یه، ئه‌وه‌ش بۆ ماوه‌ى مانگێكه به‌رده‌سته". وتیشى: له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یرانى دارایی ڤاكسین و ده‌رمانه‌كان كه‌مبونه‌وه، به‌جۆرێك له ساڵى 2018 به‌شێكى باشمان كڕى تاوه‌كو ساڵى 2020 به‌رده‌وامى هه‌بو، دوابه‌دواى ئه‌وه بۆ ماوه‌ى 4 ساڵه هیچ شتێكمان نیه و هیچ به‌شه بودجه‌یه‌كیش بۆ ئه‌و بابه‌ته نیه، به‌ڵكو ئه‌وه‌ى هه‌یه به‌شێوه‌ى راسته‌وخۆ خۆمان ده‌مانكڕى یان به شێوه‌ى داواكارى داوامانكردوه و بۆیان دابینكردوین. جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: به‌به‌رده‌وامى داوامان كردوه، به‌ڵام له سه‌ر ئاستى وه‌زاره‌ت ره‌زامه‌ندى نه‌هاتوه‌ته‌وه بۆمان، ئه‌وه‌شى كه ئێمه ده‌یكه‌ین هه‌موى رێنماییه چ له به‌دواداچون بێت یان سه‌ردان و پشكنین، چونكه ئێمه ئه‌وه‌ى له‌سه‌رمانه جێبه‌جێكردنى رێنماییه‌كانه، ئه‌وه‌شى به ئێمه بكرێت هاوكارین. 4. ئاستەنگی ئیداریی خاوه‌نى كێڵگه‌یه‌كى په‌له‌وه‌رى ده‌ڵێت: حكومه‌ت هه‌وڵى شكاندنى ئه‌م كه‌رته ده‌دات و هیچ هه‌نگاوێكى نه‌ناوه بۆ به‌ره‌وپێشبردنى ئه‌م بواره، حكومه‌تیش له به‌رامبه‌ردا رونكردنه‌وه ده‌دات. ئیدریس ئه‌حمه‌د، خاوه‌نى پرۆژه‌ى كێڵگه‌ى په‌له‌وه‌رى توران، باس له‌وه ده‌كات: حكومه‌ت هیچ هاوكارییه‌كى ئه‌م كه‌رته‌ى نه‌كردوه تاوه‌كو به‌ره‌و پێشه‌وه‌ى ببات، ئه‌وه‌ى هه‌یه هه‌وڵى شكاندنى ئه‌م بواره ده‌دات و نایه‌وێت سه‌ریبخات. وتیشى: ئێستا كێشه‌ى ئه‌وه‌یان بۆ دروستكردوین كه سه‌رپه‌رشتیارى مانگانه هه‌بێت، له كاتێكدا پێشتریش ئه‌م سه‌رپه‌رشتیارە هه‌بوه، به‌ڵام ته‌نها له كاتى شكاندنى كێڵگه‌كان هه‌بوه كه به‌رهه‌مه‌كه‌مان پێگه‌شتوه به 300 هه‌زار دینار، كه‌چى ئێستا ئه‌ڵێن با مانگانه بێت و پاره‌یان پێبده‌ین، ئه‌م بڕیاره‌ش له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و ڤێته‌رنه‌رییه‌وه دراوه. جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: ئه‌و مۆڵه‌تى كه پێمان دراوه بۆمانى تازه ناكه‌نه‌وه و شكاندنمان بۆ ناكه‌ن تاوه‌كو ئه‌و سه‌رپه‌رشتیاره دانه‌نێین، ئه‌مه‌ش یه‌كێكى تره له فێله‌كان كه له ئێمه‌ى ده‌كه‌ن. له‌به‌رامبه‌ردا، ئارى نه‌سره‌دین قادر، لێپرسراوى به‌شى نه‌خۆشیه‌كانى په‌له‌وه‌ر له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان، باسى له‌وه‌كرد: بابه‌تى ئه‌و سه‌رپه‌رشتیاره‌ى كه دانراوه رێنمایی وه‌زاره‌ته و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ره‌زامه‌ندى داوه و له په‌رله‌مانه‌وه كراوه به رێنمایی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خول كراوه‌ته‌وه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته و بۆ ئه‌و كه‌سانه‌شه كه ده‌رچوى زانكۆ و په‌یمانگاكانن و دانه‌مه‌زراون. 5. گرانی بازاڕ و كاریگه‌رى له‌سه‌ر به‌رهه‌م جگه له به‌رهه‌مى په‌له‌وه‌ر كه به زۆری مریشكه، به‌رهه‌مى جوجكه‌ى كێڵگه په‌له‌وه‌رییه‌كانیش هه‌یه كه له ناوخۆى گه‌رمیاندا به‌رهه‌م ده‌هێنرێت له رێگه‌ى پرۆژه‌كانى هه‌ڵهێنه‌رى جوجكه‌وه، ئه‌گه‌رچى به‌شێكى زۆرى هێلكه‌كانى پیتاندان له ده‌ره‌وه‌ى سنوره‌كه ده‌هێنرێت. ئیدریس ئه‌حمه‌د، خاوه‌نى پرۆژه‌ى كێڵگه‌ى په‌له‌وه‌رى توران له گه‌رمیان باس له‌وه ده‌كات: هه‌ڵهێنه‌رى جوجكه‌كان ناوخۆى خۆمانه و هه‌ندێك له هێلكه‌كانى پیتاندنیش هه‌ر ناوخۆى خۆمانه، به‌ڵام وه‌كپێویست نیه، بۆیه له ده‌ره‌وه‌ش ده‌یهێنین. ده‌شڵێت: به‌ڵام وه‌كو به‌رهه‌مه‌كانى ئاڵف و مه‌واده‌كانى دیكه هه‌موى له ده‌ره‌وه ده‌هێنین، ئه‌مه‌ش بارگرانیه‌كى دیكه‌یه بۆ ئێمه، چونكه هه‌موى به دۆلار بۆمان دێت و دۆلاریش به‌و به‌رزى خۆیه‌وه زیانى پێگه‌یاندوین. جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: كشتوكاڵ و سامانى ئاژه‌ڵ و ڤێته‌رنه‌ریش له‌و روه‌وه هاوكارى ئێمه نه‌بون، كه نوسراومان بۆ بكه‌ن و هه‌ر به‌رهه‌مێك ده‌كڕین كه جارى وا هه‌یه نزیكه‌ى 5 ده‌فته‌ر دۆلار مه‌واد و ئاڵف ده‌كڕین، ده‌كرێت دۆلار به 132 هه‌زار بێت نه‌ك 150 هه‌زار دینار. 6. گرفتى ساغ نه‌كردنه‌وه‌ى به‌رهه‌م "گرفتى ساغكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌كانمان هه‌یه له هه‌ر شكاندنێكى كێڵگه‌كانمان، ئه‌گه‌ر سامانى ئاژه‌ڵ و كشتوكاڵ و ڤێته‌رنه‌رى و لایه‌نه‌كانى تر به‌رهه‌مه‌كانى خۆمان له ناوخۆ ساغ بكه‌نه‌وه و رێگه نه‌ده‌ن مریشكى به‌ستو بێته سنوره‌كه، ئه‌وكات ئێمه‌ش توشى زیان نابین و ته‌نانه‌ت نرخى مریشكیش كه‌متر ده‌كه‌وێت له‌سه‌ر هاوڵاتیان". ئیدریس ئه‌حمه‌د، خاوه‌نى پرۆژه‌ى كێڵگه‌ى په‌له‌وه‌رى توران وای وت. جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: سه‌ربارى ئه‌و هه‌مو خه‌رجیه‌ى له‌سه‌رمانه، كاتێك نرخ به‌رز ئه‌بێته ئه‌وه له رێگه‌ى ئیداره‌ى گه‌رمیان و قایمقامیه‌ته‌كانه‌وه رێگرى ده‌كرێت مریشك بڕوات بۆ خواروى عێراق، له كاتێكدا ئه‌وان بتوانن نرخ دیارى بكه‌ن و جێگیربێت به به‌رده‌وامى، بۆ نمونه هه‌ر كیلۆیه‌ك 150 دینار بخاته سه‌رى ئه‌وه نرخ به‌رزونزمى نامێنێت و هه‌موانیش سودى لێ ده‌بینن و ئێمه‌ش توشى زیان نابین. له به‌رامبه‌ردا، هه‌ردى سه‌ركه‌وت، به‌رپرسى به‌شى راگه‌یاندنى قایمقامیه‌تى قه‌زاى كه‌لار، باسى له‌وه‌كرد: له ساڵانى رابردودا مریشكى توركى هێنراوه‌ته سنوره‌كه، به‌ڵام له ئێستادا به ده‌گمه‌ن ده‌بینرێت، ئه‌مه‌ش به‌هۆى لیژنه هاوبه‌شه‌كانى قایمقامیه‌ته‌وه‌یه كه به‌به‌رده‌وام پشكنین و به‌دواداچونیان هه‌یه. ده‌شڵێت: به ته‌واوى ئه‌و رێنماییه‌مان جێبه‌جێ كردوه كه بۆ مریشکى به‌ستو ده‌رچوه له سنورى قایمقامیه‌تمان. 7. گرفتى دابین نه‌كردنى غاز گرفتى غاز یه‌كێكى دیكه له‌و گرفتانه‌ى كه روبه‌ڕوى خاوه‌ن كێڵگه په‌له‌وه‌رییه‌كان بوه‌ته‌وه، وه‌كخۆیان ده‌ڵێن حكومه‌ت هیچ هاوكارى نه‌كردوین له‌و روه‌وه و به نرخى گرانیش ده‌یكڕین. ئیدریس ئه‌حمه‌د، خاوه‌نى پرۆژه‌ى كێڵگه‌ى په‌له‌وه‌رى توران، باس له‌وه ده‌كات: بۆ هه‌ر وه‌جبه‌یه‌ك به‌م سه‌رمایه‌ى ئێستا، نزیكه‌ى 14 ته‌ن غاز به‌كار ده‌هێنم، هه‌ر ته‌نێكیش به 970 هه‌زار دینار ده‌كڕین، واتا نزیكه‌ى 14 ملیۆن دینار خه‌رجى ئه‌مه‌شم هه‌یه. وتیشى: ئه‌گه‌ر حكومه‌ت له‌و روه‌وه هاوكارمان بێت، ئه‌وه ئێمه‌ش توشى زیان نابین و نرخى مریشكیش گران نابێت. له به‌رامبه‌ردا، یادگار فه‌تاح، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى نه‌وت و كانزاكانى گه‌رمیان، ده‌ڵێت: دابینكردنى غاز به‌پێى سیاسه‌تى حكومه‌ت ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ هاوڵاتیانه، بۆ كێڵگه په‌له‌وه‌رییه‌كانیش به‌گوێره‌ى بارودۆخ ده‌توانین هاوكارییان بكه‌ین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مه‌رج نیه به‌رده‌وام هاوكاریان بین، بۆیه ئه‌گه‌ر غازى پێویست به‌رده‌ست بێت ئه‌وه ده‌توانن له رێگه‌ى كشتوكاڵه‌وه پشتگیرى بهێنن و له رێگه‌ى یه‌كه ئیدارییه‌كانه‌وه بڕى غازیان بۆ دابین بكه‌ین به هه‌مان ئه‌و نرخه‌ى كه ده‌درێت به هاوڵاتیان. ده‌شڵێت: به‌و نرخه‌ى كه خاوه‌ن كێڵگه په‌له‌وه‌رییه‌كان باسى لێوه‌ده‌كه‌ن ئه‌وه بازرگانیه، بۆیه بڕى غازى پاڵپشتیكراوى حكومه‌ت %100 به‌شى هاوڵاتیان ناكات به‌تایبه‌ت له وه‌رزى زستاندا و ئه‌وانیش زیاتر ئه‌م وه‌رزه پێویستیانه. هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: تاوه‌كو ئێستاش هیچ رێنمایی و بڕیارێك نیه كه به نیوه‌ى نرخ غاز بدرێت به‌و خاوه‌ن كێڵگانه، چونكه ده‌بێت حكومه‌ت پاره‌ى پاڵپشتیكراوى ئه‌و بڕه غازه بدات. 8. گرفتى كاره‌با یه‌كێك له كێشه‌كان كه روبه‌ڕوى خاوه‌ن كێڵگه په‌له‌وه‌رییه‌كان بوه‌ته‌وه، گرفتى نه‌بونى كاره‌باى به‌رده‌وامه، وته‌بێژى كاره‌باى گه‌رمیانیش ده‌ڵێت: له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له سنورى گونده‌كانن ناتوانین كاره‌باى به‌رده‌وامیان پێبده‌ین. ئیدریس ئه‌حمه‌د، خاوه‌نى پرۆژه‌ى كێڵگه‌ى په‌له‌وه‌رى توران، باس له‌وه ده‌كات: گرفتى كاره‌با یه‌كێكه له‌و كێشانه‌ى كه روبه‌ڕومان بوه‌ته‌وه، چونكه له كاتژمێر 3ـى بەرەبەیانەوە تاوه‌كو 5 ئێواره كاره‌با نیه، ته‌واوى ئه‌و كاته مۆلیده كارپێده‌كه‌ین، بۆ هه‌ر وه‌جبه‌یه‌كیش 7 بۆ 8 هه‌زار لیتر گاز ده‌سوتێنم، كه باى 5 ملیۆن دینار ده‌بێت. وتیشى: له پێش قه‌یرانى دارایی حكومه‌ت هاوكارى ده‌كرین، بەجۆرێك نوسراوى بۆ ده‌كرین كه گازمان وه‌رده‌گرت به نرخى حكومه‌ت وه‌رمانده‌گرت، ئه‌مه سودى هه‌بو بۆ ئێمه، به‌ڵام له ساڵى 2014ـه‌وه ئه‌و هاوكارییه نه‌ماوه. ئارام عه‌بدوڵڵا، خاوه‌نى پرۆژه‌ى كێڵگه‌ى په‌له‌وه‌رى قه‌ڵا، دەڵێت: له ساڵى 2021 بۆ هه‌ر 2 مانگ جارێك 450 هه‌زار دینارم داوه به كاره‌با، دواتر نرخه‌كه به‌رزبوه‌ته‌وه بۆ 560 هه‌زار دینار. له به‌رامبه‌ردا، ئالان ئه‌ركان، وته‌بێژى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى كاره‌باى گه‌رمیان، وتى: به‌هۆى ئه‌وه‌ى زۆربه‌ى كێڵگه په‌له‌وه‌رییه‌كان له سنورى گونده‌كانن، بۆیه ناچارن له گونده‌كانه‌وه كاره‌با ببه‌ن، له گونده‌كانیش له كاتژمێر 4 بۆ 5ـى ئێواره كاره‌بایان پێ ده‌درێت تاوه‌كو 2 بۆ 3ـى به‌یانى، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م كاتژمێرانه كه‌م و زیا ئه‌كه‌ن به‌پێى خواستى هاوڵاتیان و وه‌رزه‌كانیش. ده‌شڵێت: ئێمه ناتوانین كاره‌باى به‌رده‌وام بده‌ین به‌م كێڵگانه، چونكه كاره‌باى به‌رده‌وام ته‌نها بۆ ئه‌و شوێنه خزمه‌تگوزاریانه‌یه كه له خزمه‌تى هاوڵاتیاندان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كێڵگه په‌له‌وه‌رییه‌كان ئه‌هلین، ناتوانین كاره‌باى به‌رده‌وامیان پێبده‌ین. 9. بونى كێله‌گه‌ى په‌له‌وه‌رى نایاسایی "له سنورى گه‌رمیان چه‌ندین كێڵگه‌ى په‌له‌وه‌ر به زیاده‌ڕه‌وى و نایاسایی دروستكراون و به‌بێ مۆڵه‌ت كارده‌كه‌ن، كه‌چى ئێمه‌ش كۆت و به‌ندكراوین". ئارام عه‌بدوڵڵا، خاوه‌نى پرۆژه‌ى كێڵگه‌ى په‌له‌وه‌رى قه‌ڵا وای وت. ده‌شڵێت: ئیدخالمان بۆ ده‌كه‌ن، شكاندنمان بۆ ده‌كه‌ن، كه‌چى مریشكێكیشمان تۆزێك ناساغ بێت و هیچ زیانێكى نه‌بێت بۆ ته‌ندروستى رێگه ناده‌ن بیخه‌ینه بازاڕه‌وه تاوه‌كو چاك ده‌بێته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پاره‌ى كاره‌با ده‌ده‌ین، باج ده‌ده‌ین، ساڵانه مۆڵه‌ت نوێ ده‌كه‌ینه‌وه كه به 50 هه‌زاره، هه‌مو كاره‌كانمان به پاره ئه‌نجام ده‌ده‌ین، كه‌چى هەشە بەبێ مۆڵەت کاردەکات و به‌بێ هیچ یه‌كێك له‌وانه‌ى كه باسم كرد. وتیشى: چه‌ندینجار ئه‌م بابه‌ته‌مان بردوه‌ته لاى یه‌كه ئیدارییه‌كان، به‌ڵام گوێمان لێناگرن. له به‌رامبه‌ردا، ئارى نه‌سره‌دین قادر، لێپرسراوى به‌شى نه‌خۆشیه‌كانى په‌له‌وه‌ر له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان، باسى له‌وه‌كرد: كێڵگه‌ى نایاسایی له سنورى گه‌رمیان هه‌بوه و به لیژنه چوینه‌ته سه‌رى و به نوسراوى فه‌رمى و به راپۆرت ناوه‌كان و شوێنه‌كانیانمان داوه به ئیداره‌ى گه‌رمیان و قایمقامیه‌ت و ناحیه‌كان، بۆیه ئه‌وه‌ى له‌سه‌رمان بوه كردومانه". ده‌شڵێت: ئیجرائات له‌لاى یه‌كه ئیدارییه‌كان و هێزه ئه‌منیه‌كانه. هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: ئه‌وانه‌شى كه سه‌رپێچیان كردوه و مۆڵه‌تیان نوێ نه‌كردوه‌ته‌وه به‌هه‌مان شێوه راپۆرتى خۆمان داوه له‌سه‌ریان، بۆیه له پێش ساڵى نوێ 2 شوێنمان هه‌بو له نزیكه جاده‌ى پشتێنه‌ى كه‌لار كه به نایاسایی ئه‌و كاره‌یان كردوه و جوجكه‌یان هێناوه و به‌خێوى ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى قایمقامیه‌ت رۆشتوینه‌ته سه‌ریان و راپۆرتى خۆمان داوه به به‌شى یاسایى و داویه‌تى به قایمقامیه‌ت چاوه‌ڕوانى ئه‌وانین لایبده‌ن. جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له سنورى گه‌رمیان كێڵگه‌ى نایاسایی زۆر كه‌مه، به‌جۆرێك له په‌نجه‌كانى ده‌ست تێناپه‌ڕن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ره‌نگه دور له چاوى ئێمه كه‌سێك یان بازرگانێك مریشك بهێنێت و بۆماوه‌ى چه‌ند رۆژێك بیهێڵێته‌وه و دواتر بیفرۆشێته‌وه، ده‌كرێت ئەمە روبدات، چونكه به‌هۆى كه‌مى ستافه‌وه ناتوانین به‌رده‌وام ده‌رچونمان هه‌بێت. 10. بونی مریشكی قاچاخ خاوه‌ن كێڵگه‌یه‌ك باس له‌وه‌ده‌كات به‌رپرس هه‌بوه مریشكى نایاسایی هێناوه‌ته سنوره‌كه و ساغى كردوه‌ته‌وه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش سكاڵاى تۆماركردوه، ئه‌گه‌رچى بۆماوه‌ى 5 ساڵه تاوه‌كو ئێستا ئیجرائات نه‌كراوه. ئارام عه‌بدوڵڵا، خاوه‌نى پرۆژه‌ى كێڵگه‌ى په‌له‌وه‌رى قه‌ڵا له گه‌رمیان باس له‌وه ده‌كات: به‌رپرس هه‌بوه له سنوره‌كه مریشکى نایاسایی هێناوه‌ته ناوچه‌كه و ساغى كردوه‌ته‌وه، له رێكه‌وتى 21ـى 4ـى 2019 سكاڵام تۆماركردوه له دادگا تاوه‌كو ئێستا هیچ ئیجرائاتێك نه‌كراوه. وتیشى: بۆ ئه‌و مه‌به‌سته چه‌ند جارێك سه‌ردانى قایمقامیه‌تى قه‌زاى كه‌لارم كردوه كه نوسراوه‌كه له‌لایه‌ن ئه‌وه‌وه كراوه وتومه بۆ ئیجرائات ناكه‌ن كه توشى زیانى كردوین، كه‌چى نه‌كراوه، بۆیه ئه‌یبه‌ستمه‌وه به‌وه‌ى كه چاو له به‌رپرسان و ده‌ستڕۆشتوان داده‌خه‌ن. له به‌رامبه‌ردا، هه‌ردى سه‌ركه‌وت، به‌رپرسى به‌شى راگه‌یاندنى قایمقامیه‌تى قه‌زاى كه‌لار، وتى: له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته نوسراومان بۆ هاتوه له به‌ڕێوبه‌رابه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیانه‌وه، ئه‌وه‌ى ئه‌ركى ئێمه‌بوه كردومانه و رێكارى یاسایمان به‌رامبه‌ر گرتوه‌ته‌به‌ر و نوسراومان ئاراسته‌ى دادگا كردوه، دواجار بڕیار له‌لاى ئه‌وانه كه چى ده‌بێت و سزاكه‌ى چییه. 11. دروستكردنى ئاستەنگ له‌لایه‌ن حکومەتەوە خاوه‌ن كێڵگه‌یه‌كى په‌له‌وه‌رى جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه بەڕێوبەرایەتی ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان كێشه‌ى بۆ دروست كردوه و ناچاربوه كێڵگه‌كه‌ى دابخات، لێپرسراوى به‌شى نه‌خۆشیه‌كانى په‌له‌وه‌ر له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان رونكردنه‌وه ده‌دات. ئاسۆ مستەفا حسێن، خاوەنی پرۆژه‌ى كێڵگه‌ى په‌له‌وه‌رى ئامەد، دەڵێت: "بەڕێوبەرایەتی ڤێته‌رنه‌رى بەناوی یاساوە چاو لە خەڵک سور دەکاتەوە، من جوجکە دەکەمە قاعەوە داوادەکەم ئیدخالەکەم بۆ بکات مەعقول نییە من لە کەلارەوە دکتۆر بخەمە سەیارە و بچمە کوڵه‌جۆ لەوێشەوە یەکێکی کە بێنم بۆ قاعە دوبارە لەقاعەوە بگەرێمەوە بۆ کەڵەجۆ لە وێوە بێمەوە بۆ کەلار، یانی ئەمە بێزارکردن نییە چییە؟" باسى له‌وه‌شكرد: دو-سێ دکتۆریان لەگەڵدایە عەیادەیان هەیە لەشاردا، بەناوی یاساوە چاو سور دەکەنەوە لەخەڵک بۆ ئەوەی مەجبوریان بکەن لە دەرمانخانەکانیان دەرمانیان لێ بکڕن، بەبەڵگەوە دێمە بەرامبەریان واژۆشیان بوێت 200 بۆ 300 واژۆیان بۆ کۆدەکەمه‌وە کە خەڵک ناڕازییە لەئەوان. جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: ناچاربوم هه‌ردو كێڵگه په‌له‌وه‌رییه‌كه‌م دابخه‌م کە "پرۆژەکەم فول مواسەفاتە و زۆر پێشکەوتوە بو". به‌پێى یاسا و رێنماییه‌كان ده‌بێت پزیشكى ڤێته‌رنه‌رى سه‌رپه‌رشتى كێڵگه په‌له‌وه‌رییه‌كان بكه‌ن، بۆئه‌وه‌ى ئه‌و به‌رهه‌مه‌ى دێته بازاڕه‌وه شیاوبێت بۆ به‌كارهێنان و رێگرى كردن له به‌رهه‌مى نه‌خۆش، به‌ڵام وه‌ك خاوه‌ن كێڵگه‌كان ده‌ڵێن بێزاریان كردوین و ناچار به‌هه‌ندێك شتمان ده‌كه‌ن یه‌كێك له‌وانه كڕینى ده‌رمانه له‌لاى خودى خۆیان. له‌به‌رامبه‌ردا، ئارى نه‌سره‌دین قادر، لێپرسراوى به‌شى نه‌خۆشیه‌كانى په‌له‌وه‌ر له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان باسى له‌وه‌كرد: هه‌مو ئه‌و وتانه دوره له راستیه‌وه، هه‌ر كه‌سێك گله‌ییه‌كى هه‌یه و چاوسوركردنه‌وه‌یه‌ك هه‌یه ده‌توانن سه‌ردان بكه‌ن و ئیداره هه‌یه، بێمنه‌تیشن له‌و بابه‌ته ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندى به ڤێته‌رنه‌رییه‌وه هه‌یه و به‌رپرسین لێى. جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: له ساڵى 2018ـه‌وه له‌وێم هیچ حاڵه‌تێكى وا روى نه‌داوه و رێگه‌پێدراویش نیه و جێگه‌ى قبوڵ نیه. لەبارەی بردنى پزیشكان له لایه‌ن خاوه‌ن كێڵگه‌كانه‌وه بۆسه‌ر پرۆژه‌كان به ئۆتۆمبیلی خۆیان، وتى: ئه‌مه هه‌ر وابوه، له یه‌ك وه‌جبه‌شدا له‌ماوه‌ى 6 هه‌فته‌دا ته‌نها 2 جار سه‌ردان ده‌كه‌ن، ئه‌و كاته‌ى كه جوجكه ده‌كه‌نه پرۆژه‌كه له‌گه‌ڵ ئه‌وكاته‌ى كه ده‌یشكێنن. هێماى بۆئه‌وه‌شكرد: ته‌نها له حاڵه‌تى نه‌خۆشى مریشكه‌كان ئۆتۆمبێلى خۆمان ده‌به‌ین، چونكه ده‌زانن کێشەی ئۆتۆمبێل هەیە له به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كان. باس له‌وه‌شده‌كات: هیچ بڕه پاره‌یه‌ك وه‌رناگرین بۆ كه‌شفى مریشكه‌كان، به‌ڵام بۆ هه‌ر 10 هه‌زار مریشكێك 500 دینار وه‌رئه‌گیرێت، ئه‌مه‌ش له رێنمایى وه‌زاره‌تى داراییدا هاتوه، بۆ نمونه گه‌وره‌ترین پرۆژه كه 25 هه‌زار مریشكى تێدا بێت ئه‌وه ته‌نها بڕى 12 هه‌زار دینار وه‌رئه‌گیرێت. ده‌شڵێت: دوابه‌دواى ئه‌وه فۆرمێكى شكاندنى مریشكمان هه‌یه كه پشكنینى بۆ ده‌كرێت و ته‌ندروست و شیاوبێت ئه‌وه ده‌خرێته بازاڕه‌وه و نوسراو بۆ بازگه‌كان ده‌كه‌ین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر شیاو نه‌بێت ئه‌وه راده‌گیرێت به‌گوێرى پێویست له 3 رۆژ تاوه‌كو 7 رۆژ دواتر ئه‌خرێته بازاڕه‌وه. سێیه‌م: سامانى ماسى جۆرێكى دیكه‌ى سامانى ئاژه‌ڵ له گه‌رمیان، ماسییه، به‌پێى ئامارێكى به‌شى سامانى ئاژه‌ڵ له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى كشتو‌كاڵى گه‌رمیان ساڵانه 300 بۆ 500 ته‌ن ماسى له گه‌رمیان به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، له كۆى 7 پرۆژه‌ى ماسى له سنوره‌كه كه 3 پرۆژه‌یان كار ناكات. ئالەنگاری و کێشەکانی ئەم کەرتەش لە خوارەوە دەخەینەڕو. 1. بڵاوبونەوەی نەخۆشی به‌پێى وته‌ى خاوه‌نى پرۆژه‌كانى ماسى له گه‌رمیان، بۆ ماوه‌ى 2 ساڵه توشى نه‌خۆشیى ڤایرۆسى بون، ئه‌مه‌ش بوه‌ته مایه‌ى زیان بۆیان، هه‌ر یه‌كێك له خاوه‌ن پرۆژه‌كانیش راى جیاوازیان هه‌یه و حكومه‌تیش رایه‌ك. ئه‌ركان بالول، خاوه‌نى پرۆژه‌ى ماسى هه‌ستى له گه‌رمیان، ده‌ڵێت: بۆماوه‌ى 2 ساڵه نه‌خۆشى ڤایرۆسیی توشى ماسیه‌كانمان ده‌بێت، كێشه له ئاوه‌كه‌یدا هه‌یه كه زێراب ده‌ڕژێته ناو ئه‌و جۆگه ئاوه‌ى بۆ پرۆژه‌كه‌مان دێت، ئه‌مه‌ش وایكردوه به‌رهه‌ممان خراپ بێت، به‌جۆرێك %30 كه‌مبوه‌ته‌وه، له كاتێكدا ساڵانى پێشتر 25 بۆ 30 ته‌ن به‌رهه‌ممان هه‌بوه. به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان لیژنه‌ى تایبه‌تمه‌ندى هه‌یه بۆ سه‌ردانكردنى پرۆژه‌كانى ماسى له گه‌رمیان كه پشكنینیان بۆ ئه‌نجام ده‌دات و به‌به‌رده‌وامى سه‌ردان ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تاقیگه‌ى تایبه‌تیان هه‌یه بۆ ئه‌نجامدانى پشكنین بۆ ئه‌وه‌ى له روى ته‌ندروستیه‌وه پشكنین بۆ ئه‌و ماسیانه بكرێت ئایا نه‌خۆشن یان نا. له‌وباره‌یه‌وه، ئه‌ركان بالول، هێماى بۆ ئه‌وه‌كرد: ماسیه‌كانمان كه توشى ئه‌م ڤایرۆسه‌بون، چه‌ند ماسیه‌كم بردوه‌ته ڤێته‌رنه‌رى بۆ پشكنین، به‌ڵام مه‌وادیان نه‌بوه پشكنینه‌كه بكه‌ن، به‌ڵكو پێیان وتوم بڕۆ له ده‌ره‌وه ده‌رمان بكڕه و بیهێنه بۆ ئه‌وه‌ى پشكنینه‌كه ئه‌نجام بده‌ین، بۆیه پشكنینى تاقیگه‌ى باشیان نیه. وتیشى: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا 8 ساڵه پرۆژه‌ى ماسیم هه‌یه بوتڵێك ده‌رمانم له ڤێته‌رنه‌رى وه‌رنه‌گرتوه، ئه‌مه‌ش بۆخۆى خه‌مساردیه به‌رامبه‌ر به پرۆژه‌كانى ماسى له گه‌رمیان. لێپرسراوی به‌شى سامانى ئاژه‌ڵ لە بەڕێوبەرایەتی گشتی كشتو‌كاڵى گه‌رمیان، ئاماژە بەوەدەکات: 2 بۆ 3 پرۆژه‌مان هه‌یه به‌هۆى نه‌خۆشیه‌وه دایانخستوه و په‌نجه ماسییان نه‌كردوه‌ته حه‌وزه‌كان. به‌پێچه‌وانه‌وه خاوه‌نى یه‌كێك له پرۆژه‌كان باس له‌وه ده‌كات ئه‌و ڤایرۆسه‌ى كه توشى ماسیه‌كان ده‌بن په‌یوه‌ندى به ئاوه‌وه نیه، به‌ڵكو به‌په‌یوه‌ندى به کەشی ناوچه‌كه‌وه هه‌یه. حیكمه‌ت محه‌مه‌د، خاوه‌نى پرۆژه‌ى ماسى سێوڵه، وتى: 2 ساڵه نه‌خۆشى ڤایرۆسى داویه‌تى له پرۆژه‌كانمان، هۆكاره‌كه‌شى بۆ جه‌وى ناوچه‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه له مانگى 10 بۆ 12 شه‌وان سارده و رۆژ گه‌رمه له‌گه‌ڵ مانگى 3 بۆ 5، بۆیه په‌یوه‌ندى به ئاوه‌وه نیه، چونكه ئه‌وانه‌شى كه پشت به ئاوى بیر ئه‌به‌ستن هه‌مان كێشه‌یان هه‌یه. ده‌شڵێت: ڤێته‌رنه‌ری گه‌رمیانیش هیچ رێنماییه‌كان پێنه‌داوین و بگره ئێمه له ئه‌وان باشتر ده‌زانین كێشه‌كه چیه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیچ ده‌رمانێكیان بۆ دابین نه‌كردوین و ده‌رمانێكیشیان نیه و هیچ هاوكارییه‌كیان نه‌كردوین. هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: له‌و ماوه‌یه‌ى كه توشى ئه‌و ڤایرۆسه ده‌بێت ئه‌گه‌ر ئاڵفه‌كه‌ى لێ ببڕین باشتره، ئه‌مساڵیش له هه‌مو ساڵه‌كانى تر خراپتربوین و به رێژه‌ى له %50 توشى زیان بوین. ئه‌و ڤایرۆسه له ناوچه‌كه زۆر بڵاوه له ئێستادا و به‌شێكى زۆرى خاوه‌نى پرۆژه‌كانى ماسى توشى زیان كردوه، یه‌كه‌مجاریش له خواروى عێراق بڵاوبوه‌ته‌وه دواتر له كوردستان و به‌تایبه‌ت گه‌رمیان، هه‌مو ساڵێكیش زۆربه‌ى حه‌وزه‌كان توشیبوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وه‌ك خاوه‌ن پرۆژه‌كان باسى لێوه‌ده‌كه‌ن، بەڕێوبەرایەتی ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان هیچى له‌ده‌ست نایات بۆیان بكات. له به‌رامبه‌ردا، به‌ختیار ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوبه‌رى به‌شى سامانى ئاژه‌ڵ له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى كشتو‌كاڵى گه‌رمیان، وتى: 2 ساڵه پرۆژه‌كانى ماسى له گه‌رمیان توشى نه‌خۆشى ڤایرۆسى بون، ئه‌م نه‌خۆشیه‌ش سه‌ره‌تا له خواروى عێراق بڵاوبویه‌وه به‌هۆى زۆرى پرۆژه‌كانى ماسى له‌و سنورانه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ بڕیاریدا به هیچ شێوه‌یه‌ك په‌نجه ماسى له خواروى عێراق به‌تایبه‌ت حله‌وه نه‌هێنرێته هه‌رێم بۆ ماوه‌ى 3 ساڵ ئه‌و بڕیاره كارى پێده‌كرا. هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: دواتر خاوه‌ن پرۆژه‌كان خۆیان وایانكرد نه‌خۆشیه‌كه بڵاوببێته‌وه، ئه‌ویش به‌هێنانى په‌نجه ماسى به‌شێوه‌ى قاچاخ، ئه‌مه‌ش وایكرد نه‌خۆشیه‌كه بڵاوببێته‌وه، دواتر وه‌زاره‌ت بڕیاره‌كه‌ى راگرت. باسى له‌وه‌شكرد: ئه‌م نه‌خۆشیه ڤایرۆسیه له هه‌مو جیهان چاره‌سه‌رى نیه و ڤاكسینیشى نیه تاوه‌كو به‌كاربهێنرێت بۆیان، بۆیه تاوه‌كو ئێستا چاره‌سه‌ر نه‌كراوه. لەبارەی بەدواداچونی حکومەت بۆ چاودێریی لایەنی تەندروستی پرۆژەکان، ئارام ئه‌حمه‌د سه‌مین، لێپرسراوى هۆبه‌ى ته‌ندروستى ئاژه‌ڵ له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان، وتى: به‌مه‌به‌ستى سه‌ردانكردن و پشكنین بۆ پرۆژه‌كانى ماسى، لیژنه‌یه‌كمان هه‌یه به‌ناوى لیژنه‌ى به‌دواداچون كه مانگانه 2 بۆ 3 جار به‌گوێره‌ى تواناى خۆمان سه‌ردان ده‌كه‌ین و ده‌پرسینه‌وه ئه‌م ماسیانه له كوێوه هاتون و له كه‌یه‌وه هێناویانه. وتیشى: به‌ڵام وه‌ك ده‌رمان و پێداویستى ئه‌وانه‌مان نیه و بۆمان دابین نه‌كردون، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له پلانى ساڵانه‌ى خۆمان داوامان كردوه بۆیان دابین بكرێت، ئه‌گه‌ریش دابین نه‌كرێت ئه‌وه له ده‌سه‌ڵاتى ئێمه‌دا نیه. له‌با‌رەى ئه‌و نه‌خۆشیه ڤایرۆسیه‌ى كه بڵاوبوه‌ته‌وه له نێو پرۆژه‌كانى ماسى، لێپرسراوى هۆبه‌ى ته‌ندروستى ئاژه‌ڵ له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان ده‌شڵێت: هۆكارى ئه‌و نه‌خۆشیه ئه‌وه‌یه كه په‌نجه ماسیه‌كان له خواروى عێراقه‌وه ئه‌هێنرێن، كۆنترۆڵكردنى ئه‌و نه‌خۆشیه‌ش زه‌حمه‌ته و ده‌رمان و پێکوتەی تایبه‌ت به خۆى نیه و زیاتر له 2 وه‌رزدا توشیان ده‌بێت (مانگه‌كانى 9 و10 له‌گه‌ڵ 3 و4 ، هاوكات خاوه‌ن پرۆژه‌كانیش خۆیان به هه‌ڕه‌مه‌كى پرۆژه‌كانیان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن. 2. كێشه‌ى سه‌رچاوه‌ى ئاوى حه‌وزه‌كانى ماسى گرفتى سه‌رچاوه‌ى ئاوى پرۆژه‌كانى ماسى له گه‌رمیان یه‌كێكى تره له كێشه‌كانى خاوه‌ن پرۆژه‌كان، وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن ئاوەڕۆ و زێراب ده‌ڕژێته ناو روباره‌كه و ئه‌مه‌ش كێشه‌ى بۆ دروست كردون به‌تایبه‌ت له روى ته‌ندروستى ماسیه‌كانه‌وه. ئه‌ركان بالول، خاوه‌نى پرۆژه‌ى ماسى هه‌ستى، ده‌ڵێت: یه‌كێك له‌و كێشانه‌ى روبه‌ڕومان بوه‌ته‌وه پیسى ئاوى روبارى سیروانه كه بۆ پرۆژه‌كانمان به‌كارى ده‌هێنین له قه‌ره‌بڵاغ و باناسیاو، به‌جۆرێك هه‌مو زێرابى كه‌لار ده‌هاته ناو روباره‌كه، دواتر له‌گه‌ڵ حكومه‌ت ئه‌وه‌مان چاره‌كرد و لاماندا، به‌ڵام ئێستا ئه‌وه‌ى گرده‌گۆزینه دێته ناو مه‌شروعه‌كه، ئه‌مه‌ش بوه‌ته هۆى نه‌خۆشى. باسى له‌وه‌شكرد: بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌م بابه‌ته‌ش له‌هه‌وڵداین، ئه‌گه‌رچى بودجه‌ى پێویسته و چاره‌سه‌ره‌كه‌شى لاى كشتو‌كاڵى گه‌رمیان و ئاودێرى گه‌رمیان و سامانى ئاژه‌ڵه، خۆشیان ئه‌وه ده‌زانن و ده‌بێت به بۆرى ئه‌و رێڕه‌وى ئاوه بگوازرێته‌وه. جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: ئاودێرى گه‌رمیان 2 بۆ 3 ساڵ جارێك ئه‌و مه‌شروعه ئه‌گه‌ر چاكى بكه‌ن، له‌كاتێكدا هه‌مو ساڵێك خۆمان پاكى ئه‌كه‌ینه‌وه، بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌و گرفته چاره‌سه‌ر بكرێت ئه‌وا %50ـى كێشه‌كانمان نامێنێت له روى ته‌ندروستیه‌وه. "له‌باره‌ى ئه‌و گرفته‌ى كه هه‌یه و ئاوى زێراب ئه‌ڕژێته ناو روبارى سیروانه‌وه و گرفته بۆ پرۆژه‌كانى ماسى له سنوره‌كه، ئیداره‌ى گه‌رمیان و ئاودێرى گه‌رمیان و شاره‌وانیشمان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ئاگاداركردوه‌ته‌وه، كه چاره‌سه‌رێكى سه‌رەتایى بكرێت بۆ ئه‌و بابه‌ته، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا ئه‌و گرفته چاره نه‌كراوه". به‌ختیار ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوبه‌رى به‌شى سامانى ئاژه‌ڵ له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى كشتو‌كاڵى گه‌رمیان وای وت. له‌به‌رامبه‌ردا، موئه‌یه‌د ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاودێریى گه‌رمیان، وتى: چاره‌سه‌ركردنى ئاوى زێراب كه ده‌ڕژێته ناو روبارى سیروان له ده‌سه‌ڵاتى ئێمه‌دا نیه و له‌لاى شاره‌وانیه، شاره‌وانیش پلانى ئه‌وه‌یان هه‌یه له داهاتو یه‌كه‌یه‌كى چاره‌سه‌ر بۆ قه‌زاى كه‌لار دابنرێت، ئه‌مه‌ش بودجه‌یه‌كى زۆرى پێویسته. باسى له‌وه‌شكرد: ئه‌و ئاوه‌شى كه دێته ناو سیروانه‌وه هه‌ندێكى ده‌ڕژێته ناو پرۆژه‌ى ئاودێرى شێخله‌نگه‌ر، كه زۆنه‌كانى سه‌ر روبارى سیروان ته‌واو ببێت ئه‌وكات چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌وه‌ش دائه‌نرێت. هاوكات، ئه‌كره‌م ساڵح، سه‌رۆكى شاره‌وانى كه‌لار، له‌باره‌ى رژانى ئاوى زێرابى قه‌زاكه بۆ ناو روبارى سیروان، وتى: له پلانماندایه پرۆژه‌ى یه‌كه‌ى چاره‌سه‌رى ئاوى قورس بۆ كه‌لار دابنرێت و پرۆژه‌یه‌كى ستراتیژى گه‌وره‌یه، به‌لاى ئێمه‌شه‌وه زیانێكى گه‌وره‌یه ئه‌و ئاوه‌ڕۆیە ده‌ڕژێته ناو روبارى سیروانه‌وه. هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: ئه‌م بابه‌ته به‌ستراوه‌ته‌وه به پرۆژەی زۆنه‌كانى سه‌ر روبارى سیروانه‌وه كه بڕیاره هه‌ر زۆنێك یه‌كه‌ى چاره‌سه‌رى خۆى نه‌بێت بەتەنیا، به‌ڵكو هه‌مویان له‌گه‌ڵ قه‌زاى كه‌لار یه‌ك یه‌كه‌ى چاره‌سه‌رى گه‌وره‌ى هه‌بێت، بۆ بودجه‌ى ئه‌م پرۆژه‌یه‌ش نازانرێت چه‌ندى تێده‌چێت به دیاریكراویى، ره‌نگه نزیكه‌ى 20 ملیۆن دۆلارى تێبچێت. له‌باره‌ى خاوێنكردنه‌وه‌ى مه‌شروعه‌كه‌وه كه ساڵانه پێویستى به پاكردنه‌وه‌یه و به‌پێى وته‌ى خاوه‌ن پرۆژه‌كانى ماسى خۆیان پاكى ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڕێوبه‌رى ئاودێریى گه‌رمیان وتى: ئه‌و مه‌شروعه 24 كیلۆمه‌تره و هه‌ر پاكکردنه‌وه‌یه‌ك 30 بۆ 40 ملیۆن دینارى پێویسته، به‌هۆى قه‌یرانى داراییشه‌وه نه‌مانتوانیوه كارى جدى له‌سه‌ر بكه‌ین، ئه‌گه‌رچى هه‌مو پاكردنه‌وه‌یه‌كى قورس و قوڵ خۆمان كردومانه، شته سه‌ره‌تاییه‌كان خاوه‌ن پرۆژه‌كان ده‌یكه‌ن بۆ نمونه كه قه‌وزه ده‌یگرێت. 3. ساغكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مى ماسى خاوه‌نى پرۆژه‌كان وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن گرفتى ساغکردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مەكانیان نیه له سنوره‌كه، به‌ڵكو ئه‌وه‌ى گرفته بۆ ئه‌وان وه‌رگرتنى مۆڵه‌ته بۆ ئه‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌كانیان له ده‌ره‌وه‌ى گه‌رمیان ساغ بكه‌نه‌وه، كه ئه‌مه‌ش رۆتیناتى زۆرى هه‌یه. ئه‌ركان بالول، خاوه‌نى پرۆژه‌ى ماسى هه‌ستى، ده‌ڵێت: بۆ ساغكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌كه‌مان گرفتمان نیه، به‌شى گه‌رمیان ده‌كات و بۆ سلێمانى و خواروى عێراقیش ده‌ڕوات، له بازگه‌كان هه‌ندێكجار گرفتمان بۆ دروست ده‌بێت ئه‌مه‌ش له رێگه‌ى ڤێته‌ر‌نه‌رییه‌وه‌یه، چونكه پێویستمان به رێگه‌پێدانى ئه‌وان ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى ماسیه‌كانمان ببه‌ینه ده‌ره‌وه‌ى گه‌رمیان. ده‌شڵێت: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌شێكى په‌یوه‌ندى به خه‌مساردى خۆمانه‌وه‌یه كه رێگه‌پێدانه‌كان ناكه‌ین، چونكه كاتێك پرۆژه‌كان ده‌شكێنین لیژنه‌یه‌ك دێت بۆ پشكنین و دواتر به راپۆرت بۆ ڤێته‌رنه‌رى ده‌باته‌وه كه به‌رهه‌مه‌كه‌مان شیاوه یان نا، دواتر ڤێته‌رنه‌ریش رێگه‌پێدان ده‌كات، كه ده‌توانین به‌بێ كێشه به‌رهه‌مه‌كه‌مان ببه‌ینه ده‌ره‌وه. هاوكات، حسێن حه‌سه‌ن، خاوه‌نى پرۆژه‌ى ماسى باڵا، هێماى بۆ ئه‌وه‌كرد: راسته ئێمه زۆربه‌ى ئه‌ركه‌كان له روى مادیه‌وه له‌سه‌ر خۆمانه و بۆ هه‌ر كیلۆیه‌ك زیاتر له 3 هه‌زار دینارمان له‌سه‌ر ده‌كه‌وێت، ئه‌وه‌ى ئێستا ده‌مانه‌وێت رێگرى له به‌بازاڕكردنى نه‌كه‌ن، چونكه پێویستى به مۆڵه‌ته بۆ ئه‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌كه‌مان ببه‌ینه خواروى عێراق، ئه‌مه‌ش رۆتیناتى زۆرى هه‌یه له ڤێته‌رنه‌رى و سامانى ئاژه‌ڵ. وتیشى: له بردنى هه‌ر بارێكى به‌رهه‌مه‌كانمان بۆ ناوچه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى گه‌رمیان هیچ بڕه گومركێك وه‌رناگیرێت له بازگه‌كان، به‌ڵكو ئه‌وه‌ى هه‌یه له رێگه‌پێدانه‌كه رێژه‌یه‌كمان بۆ دیارییده‌كرێت و ئاماژه‌ى پێده‌كه‌ن، بۆ نمونه ئه‌گه‌ر من 20 ته‌ن به‌رهه‌مم هه‌بێت ئه‌وه به گوێره‌ى ئه‌وه ده‌توانم به‌رهه‌م ببه‌م، بۆیه ئه‌گه‌ر رێژه‌كه زیاتر بێت له‌و بڕه ئه‌وه ناتوانین بیبه‌ین، له هه‌مان كاتدا ئه‌و رێگه‌پێدانه سودى هه‌یه بۆ ئێمه، چونكه رێگر ده‌بێت له به‌رهه‌مى ده‌ره‌وه. له به‌رامبه‌ردا، ئارام ئه‌حمه‌د سه‌مین، لێپرسراوى هۆبه‌ى ته‌ندروستى ئاژه‌ڵ له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان، وتى: خاوه‌نی پرۆژه‌كان هه‌ندێكیان مۆڵه‌تى ڤێته‌رنه‌ریمان بۆ ده‌ركردون و به‌رده‌وامین بۆ ئه‌وه‌كانى دیكه‌ش. وتیشى: كاتێك خاوه‌ن پرۆژه‌كانیش به‌رهه‌مه‌كانیان پێده‌گات سه‌ردان ده‌كه‌ن و پشكنین بۆ ماسیه‌كان ده‌كه‌ین له رێگه‌ى هه‌ڵدڕینى سكیانه‌وه، دواى ئه‌وه بۆمان ده‌ركه‌وت ته‌ندروسته و شیاوه بۆ به‌كارهێنان، ئه‌وه رێگه‌پێدانیان بۆ ده‌كه‌ین له رێگه‌ى نوسراوى فه‌رمیه‌وه بۆ بازگه‌كان كه ده‌توانن ماسیه‌كانیان ببه‌نه ده‌ره‌وه و ساغى بكه‌نه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه هیچ بڕه پاره‌كیان لێوه‌رناگیرێت. 4. هاوكاریینه‌كردنى حكومه‌ت بۆ پرۆژه‌كانى ماسى له پێش سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یرانى داراییه‌وه حكومه‌ت هاوكارى پرۆژه‌كانى سامانى ماسى كردوه له سنورى گه‌رمیان به‌تایبه‌ت له دابینكردنى ئاڵف بۆیان، به‌ڵام خاوه‌ن پرۆژه‌كان جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه له‌م ساڵانه‌ى دواى ئه‌و هاوكارییانه نه‌ماوه. ئه‌ركان بالول، خاوه‌نى پرۆژه‌ى ماسى هه‌ستى، ده‌ڵێت: هه‌ر پرۆژه‌یه‌ك تاوه‌كو ده‌گاته به‌رهه‌م، له روى مادیه‌وه زۆرى تێده‌چێت، به‌جۆرێك هه‌مو جۆره ده‌رمانێك له ده‌ره‌وه دێت و ده‌یكڕین ئه‌مه‌ش به‌پێى به‌رزى دۆلار زۆرمان له‌سه‌ر ده‌كه‌وێت، هاوكات په‌نجه ماسیه‌كانیشمان له حله‌وه بۆ دێت بۆ هه‌ر بارێك 400 بۆ 500 هه‌زار دینار تێچوى هه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ته‌نێك ئاڵف به 1 ملیۆن بۆ 1 ملیۆن و 250 هه‌زار دینار ده‌كڕین له ناوخۆى خۆماندا. باسى له‌وه‌شكرد: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا 3 كارگه‌ى ئاڵفمان هه‌یه له گه‌رمیان جگه له ناوچه‌كانى تر‌ى كوردستان. به هه‌مان شێوه‌ى ئه‌ركان، حسێن حه‌سه‌ن، خاوه‌نى پرۆژه‌ى ماسى باڵا هێما بۆ ئه‌وه ده‌كات كه په‌نجه ماسییه‌كان له خواروى عێراقه‌وه ده‌هێنن و به‌رهه‌مى ده‌هێنن. هاوكات، به‌ختیار ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوبه‌رى به‌شى سامانى ئاژه‌ڵ له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى كشتو‌كاڵى گه‌رمیان، وتى: له ساڵى 2019 هاوكارییه‌كان بۆ پرۆژه‌كانى ماسى له سنوره‌كه راگیراون، كۆتا هاوكاریشمان ئه‌و ساڵه بوه كه ئاڵفمان داوه پێیان. 5. نه‌بونى پرۆژه‌ى هه‌ڵهێنه‌رى ماسى له گه‌رمیان له سنورى گه‌رمیان پلان هه‌بوه پرۆژه‌یه‌كى تایبه‌ت به هه‌ڵهێنه‌رى په‌نجه‌ماسى له سنوره‌كه‌دا بكرێته‌وه، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا نه‌كراوه‌ته. ئه‌ركان بالول، خاوه‌نى پرۆژه‌ى ماسى هه‌ستى له گه‌رمیان، ده‌ڵێت: زیاتر له 10 ساڵ پرۆژه‌یه‌كیان هه‌بو كشتو‌كاڵى گه‌رمیان ئه‌ویش پرۆژه‌ى (هه‌ڵهێنه‌رى په‌نجه‌ماسى) بو، به‌ڵام به نیوه‌ناچڵى به جێهێڵرا و ته‌واو نه‌كراوه، ئه‌ویش به‌هۆى خه‌رج نه‌كردنى بودجه‌وه بۆیان، ئه‌گه‌رچى حه‌وزه‌كانیشیان دروست كرد. جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: به‌دروستكردنى ئه‌و پرۆژه‌یه خه‌رجییه‌كى زۆر له‌سه‌ر ئێمه لاده‌چێت و ده‌توانین ئه‌و په‌نجه ماسیانه‌ى خۆمان به‌رهه‌م بهێنین نه‌ك له حله‌وه بیهێنین، بۆیه ئه‌گه‌ر خۆشیان ناتوانن ده‌توانن بیده‌ن به كه‌رتى تایبه‌ت یاخود ئێمه ده‌توانین ئه‌و كاره‌بكه‌ین و به‌شى هه‌مو گه‌رمیان بدات و بۆ ناوچه‌كانى تریشى بنێرین. له وه‌ڵامدا، شادیه حسێن، به‌ڕێوبه‌رى گشتى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى كشتو‌كاڵى گه‌رمیان وتى: پرۆژه‌ى هه‌ڵهێنه‌رى په‌نجه‌ماسى له ساڵى 2013 له‌سه‌ر بودجه‌ى پاڵپشتى كشتو‌كاڵى كراوه، به دو قۆناغ كارى تێداكراوه، له‌ساڵى 2014 هه‌ندێك بودجه‌ى دیكه‌مان بۆ خه‌رج كرده‌وه و دواتر كاره‌كانى وه‌ستا به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه. ده‌شڵێت: له ئێستادا رێژه‌یه‌كى زۆرى كاره‌كانى ته‌واو بوه، ئه‌وه‌ى ماوه‌ته‌وه هێنانى دایكانه و باوكانه‌یه كه بۆیان بكڕین، له گه‌ڵ دابینكردنى كرێكار و ستاف بۆ به‌ڕێوه‌بردنى. هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش نوسراومان ئاراسته‌ى وه‌زاره‌ت كردوه به شێوه‌ى هاوبەش لەنێوان کەرتی گشتی و تایبەت بەڕێوەببرێت، بەڵام هێشتا وەڵاممان وەرنەگرتوەتەوە. بەشی دوەم: ده‌ره‌نجام و راسپارده‌كان یه‌كه‌م: ده‌ره‌نجامەکان 1. له گه‌رمیاندا به‌نزیكه‌ى 610 هه‌زار سه‌ر ئاژه‌ڵ له مه‌ڕوبزن و ره‌شه‌وڵاخ هه‌ن، ئه‌مانه زۆربه‌یان به‌شێوه‌ى تاك یان به هاوبه‌شێتى چه‌ند كه‌سێك له لادێكاندا به‌خێوده‌كرێن و هیچ پرۆژه‌یه‌كى كێڵگه‌ى به‌رهه‌مهێنانى ئاژه‌ڵی گۆشت له سنوره‌كه‌دا بونی نییه. هه‌رچی په‌له‌وه‌ره، ئه‌وا 144 پرۆژه‌ى به‌رهه‌مهێنانى گۆشتى په‌له‌وه‌ر "مریشك" بونیان هه‌یه، ساڵانه سەروی (3) ملیۆن مریشک به‌رهه‌مده‌هێنن. له پاڵ ئه‌مانه‌شدا چه‌ندین كێڵگه‌ى نافه‌رمیی به‌رهه‌مهێنانى قه‌ل و قاز و مراوی هه‌ن، به‌ڵام ئه‌مانه هیچیان كێڵگه‌ى گه‌وره‌ى مۆڵه‌تدار نیین، به‌ڵكو هه‌وڵ و كاسبیی تاكه‌كه‌سیین و ژماره‌ى به‌رهه‌میشیان به دیارییكراوی نازانرێت. هه‌رچی ماسیشه، ئه‌وا 7 كێڵگه‌ى ماسی له سنوره‌كه‌دا بونیان هه‌یه، كه به‌رهه‌مى ساڵانه‌یان له‌نێوان 300 بۆ 500 ته‌نه. 2. یه‌كێك له‌و كێشه سه‌ره‌كیانه‌ى روبه‌ڕوى ئه‌م كه‌رته ده‌بێته‌وه، بونى نه‌خۆشیی و په‌تایه، كه‌واده‌كات زیانى زۆر بدات له‌م سامانه. نه‌خۆشیه‌كانیش به‌شێكیان به وه‌رگرتنى ڤاكسین پێش‌گیرییان لێده‌كرێت، به‌شێكى دیكه‌شیان به‌هۆی ئه‌وه‌ى له‌ناوچه‌ى دیكه‌وه دێن، چاره‌سه‌ریان زه‌حمه‌ته و زیانى زۆریان ده‌بێت. ئه‌و كه‌سانه‌یشی له‌م بواره‌دا كارده‌كه‌ن، ره‌خنه‌یان له‌وه هه‌یه كه حكومه‌ت له‌مڕوه‌وه هاوكاری ئه‌وتۆیان نییه و كۆمه‌كیان ناكات به دابینكردنى ده‌رمان و پێداویستی. 3. ئه‌م بواره به‌ته‌واوى له‌لایه‌ن كه‌رتى تایبه‌ته‌وه به‌ڕێوه‌ده‌برێت و حكومه‌ت جگه له چاودێریی، رۆڵی نییه له به‌رهه‌مهێنان دا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ى له‌م بواره‌دا كارده‌كه‌ن، ره‌خنه‌ى ئه‌وه‌یان له حكومه‌ت هه‌یه كه ئاسته‌نگی زۆریان بۆ دروست ده‌كات و هاوكاریان نییه، له‌به‌رامبه‌ریشدا حكومه‌ت ئاماژه به‌وه‌ده‌كات به‌پێی یاسا و رێنماییه‌كان ئه‌ركی خۆیان به‌جێدێنن. 4. له‌ساڵانى پێش قه‌یرانى داراییدا، حكومه‌ت هاوكاریی راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆی پێشكه‌ش به‌م كه‌رته كردوه، به‌ڵام له دواى قه‌یرانى داراییه‌وه هه‌مو هاوكارییه‌كى گرتوه‌ته‌وه. 5. به‌شێك له به‌رهه‌مه‌كانى سامانى ئاژه‌ڵ بره‌ویان زۆره و به‌شێكى دیكه‌شیان گرفتى ساغكردنه‌وه‌یان هه‌یه، بۆنمونه گۆشتی ئاژه‌ڵ و ماسی كه‌متر كێشه‌ى ساغبونه‌وه‌یان هه‌یه و خواست له‌سه‌ریان به‌رزه، به‌ڵام به نیسبه‌ت گۆشتى په‌له‌وه‌ره‌وه كێشه‌ى ساغكردنه‌وه‌ى هه‌یه. 6. به‌رهه‌مى سامانى ئاژه‌ڵی سنوره‌كه، به‌ته‌واویی خواستى ناوچه‌كه له پێداویستی گۆشت پڕ ده‌كاته‌وه، نه‌ك هه‌ر ئه‌مه، به‌ڵكو به‌رهه‌مه‌كانیشی بۆ ناوچه‌كانى دیكه‌ى هه‌رێم و عێراق ده‌چێت. 7. دیارده‌ى بونى ئاژه‌ڵی قاچاغ له ناوچه‌كه‌دا بونى هه‌یه، چ به هێنانى مه‌ڕوماڵات بێت له وڵاتانى دیكه‌وه به قاچاغ، یاخود بونى كێڵگه‌ى په‌له‌وه‌رى نایاسی و بێمۆڵه‌ت و هێنانى مریشك به قاچاغ، یاخود هێنانى په‌نجه‌ماسیی بۆ كێڵگه‌كانى ماسی به‌بێ رێگه‌پێدان. 8. هه‌ندێك پرۆژه‌ى گرنگ و ستراتیژی په‌یوه‌ست به‌م كه‌رته‌وه كراون، له‌نمونه‌ى پرۆژه‌ى هه‌ڵهێنه‌رى جوجك، به‌ڵام كه‌م و سنوردارن و داخوازیی ناوچه‌كه پڕناكه‌نه‌وه، جگه له‌وه‌ى له بوارى مه‌ڕوماڵات و ماسی دا پرۆژه‌ى گه‌وره نیه چ به بونى كێڵگه‌ى مه‌ڕوماڵاتى گه‌وره یاخود هه‌ڵهێنه‌رى په‌نجه‌ماسی. دوه‌م: راسپارده‌كان 1. سامانى ئاژه‌ڵ پێكهێنه‌رێكى سه‌ره‌كی ئاسایشی خۆراكه، بۆیه پێویست ده‌كات له‌سه‌ر حكومه‌ت گرنگیی زۆری پێبدات. خۆشبه‌ختانه له گه‌رمیاندا ئه‌م سامانه بره‌وى هه‌یه و وایكردوه پێویستی ناوچه‌كه پڕ بكاته‌وه، به‌ڵام ناوچه‌كه قابیلیه‌تى ئه‌وه‌ى هه‌یه ئه‌م كه‌رته زیاتر تیایدا په‌ره پێبدرێت. گرنگه حكومه‌ت پلانی گونجاو دابڕێژێت بۆ بره‌ودان به‌م كه‌رته و هه‌روه‌ها دانانى نه‌خشه‌یه‌ك بۆ فراوانتركردن و زیادكردنى بڕى به‌رهه‌مى سامانى ئاژه‌ڵ. 2. جۆراوجۆربونى سه‌رچاوه‌كانى ئه‌م كه‌رته زۆر گرنگه، ئه‌ویش به‌وه‌ى حكومه‌ت گرنگیی به هه‌مو لایه‌كانى ئه‌م كه‌رته بدات و هه‌مویان وه‌كو یه‌ك پێشبخات. هه‌روه‌ك هه‌وڵبدات پرۆژه‌ى ته‌واوكاریی پێویست و گه‌وره له‌ناوچه‌كه‌دا له‌م بواره‌دا بونیاد بنێت یان ئاسانكاریی بۆ بونیادنانى بكات. 3. پرۆژه‌كانى سنوره‌كه له بوارى سامانى ئاژه‌ڵدا ته‌قلیدیی و كۆنن، گرنگه حكومه‌ت هه‌وڵی نوێكردنه‌وه و پێشخستنیان بدات و ده‌رگا بكاته‌وه له‌سه‌ر وه‌به‌رهێنان كردن له‌م كه‌رته‌دا، ئه‌ویش چ به بانگهێشتكردنى كۆمپانیا و وه‌به‌رهێنه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ سه‌رمایه‌گوزاریی كردن له‌م ده‌ڤه‌ره، یاخود به ئاماده‌كردنى پرۆژه‌ی جیاواز و پێشكه‌شكردنى به وه‌به‌رهێنه‌ره ناوخۆییه‌كان بۆ ئه‌نجامدانى. 4. له‌كاتێكدا حكومه‌ت رۆڵی چاودێرییكار ده‌بینێت به‌سه‌ر ئه‌م كه‌رته‌وه، به‌ڵام خۆیشی كێشه‌ى هه‌یه، به‌وه‌ى هێشتا به ته‌واویی ناتوانێت چاودێریی بكات، ئه‌ویش به‌هۆی كه‌می ستافى ئه‌و ده‌زگایانه‌ى په‌یوه‌ندیدارن به ئاژه‌ڵه‌وه. بۆیه گرنگه حكومه‌ت خه‌مێك له‌م بواره بخوات، به‌تایبه‌تى كه ئاژه‌ڵ به‌شێوه‌یه‌كى راسته‌وخۆ گرێدراوه به ته‌ندروستی گشتییه‌وه. هه‌روه‌ك هه‌وڵی جیدیی بدرێت له رێگرییكردن له دیارده‌ى قاچاغیی ئاژه‌ڵ و بونى پرۆژه‌ى نایاسایی و بێمۆڵه‌ت. 5. پێویسته حكومه‌ت بودجه‌یه‌كى هه‌بێت تایبه‌ت بۆ به‌هاناوه‌چونى خاوه‌ن ئاژه‌ڵان له‌كاتى رودانى نه‌خۆشی و په‌تا، یاخود بتوانێت ئاسانكاریی بكات بۆ ئاژه‌ڵدار و خاوه‌ن پرۆژه‌كانى ئاژه‌ڵداری به‌پێدانى قه‌رز پێیان. 6. پێشنیاز ده‌كه‌ین حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، ساڵانه كۆنفرانس و وۆركشۆپی تایبه‌ت به باسكردنى كێشه‌كانى ئه‌م بواره و به‌ه‌روپێشبردنى ئه‌نجام بدات، هه‌روه‌ك هانى ئه‌و رێكخراو و ده‌زگا نێوده‌وڵه‌تى و ناوخۆییانه بدات كه له بوارى په‌ره‌دان به ئاژه‌ڵ و كشتوكاڵدا كارده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى چالاكیی جۆراوجۆر له سنوره‌كه‌دا ئه‌نجام بده‌ن. 7. ئه‌و ئاسته‌نگیی و گرفتانه‌ى ئاژه‌ڵدار و خاوه‌ن پرۆژه‌كان ئاماژه‌ى پێده‌كه‌ن، ده‌بێت حكومه‌ت به‌هه‌ند وه‌ریانبگرێت، هه‌وڵبدات نه‌یانهێڵێت یان نه‌بنه بارگرانى به‌سه‌ر ئاژه‌ڵدار و كاسبكارانى ئه‌م بواره‌وه.
درەو: 🔹كۆمپانیای ئەبوزەبی نیشتمانی بۆ وزە, كە لەلایەن حكومەتی ئەبوزەبی ئیماراتەوە خاوەندارێتی دەكرێت, ئامادەكاریدەكات بۆ فرۆشتنی پشكەكانی لە كێڵگەی ئەتروش نەوتی لە هەرێمی كوردستان, دوای (10) ساڵ لەكڕینی پشكەكانی و كاركردن لە هەرێم. 🔹كۆمپانیاكە ئەمڕۆ رایگەیاندووە: رێككەوتنی كۆتایی لەگەڵ كۆمپانیای جەنەراڵ ئیكسپلۆرەیشن بارتنرز واژووكردووە, بۆ فرۆشتنی تەواوی پشكەكانی ئەو كێڵگە نەوتیە. 🔹كۆمپانیاكە لە ساڵی (2013) دا (53.2%) پشكەكانی ئەو كێڵگە نەوتیانەی بە بەهای (600) ملیۆن دۆلار لە كۆمپانیای ئیكسپلۆرەیشن بارتنرز كڕیووە. 🔹لەئێستادا پشكەكانی كۆكپانیاكە دەگاتە (47.4%)ی كێڵگەكە, لەكاتێكدا حكومەتی هەرێمی كوردستان(25%) و كۆمپانیای ئیكسپلۆرەیشن بارتنرز خاوەنی(27.6%) پشكەكانیان هەیە. 🔹كێڵگەكە, كەوتووەتە نزیكی شاری هەولێر, لەكۆتایی ساڵی (2019) نزیكەی (50) هەزار بەرمیل رۆژانە نەوتی بەرهەمهێناوە.