"طاقە"ی ئیماراتی لە كوردستان كشایەوە

Draw Media

2024-08-07 08:25:22



(درەو): 
كۆمپانیای (طاقە)ی ئیماراتی هەموو پشكەكانی خۆی لە كێڵگەی نەوتی (ئەتروش)ی هەرێمی كوردستان بە كۆمپانیایەكی بەریتانیی فرۆشت و بە یەكجاری لە كەرتی نەوتی هەرێم كشایەوە، ئەو كێڵگەی كە كۆمپانیا ئیماراتییەكە لێی كشایەوە، بە یەكێك لە گەورەترین ناوچەكانی دۆزینەوەی نەوت لە كوردستان ئەژمار دەكرێت و بەپێی خەمڵاندنەكان نزیكەی 2 ملیارو 600 ملیۆن بەرمیل نەوتی تێدایە. 
كۆمپانیای (ئەبوزەبی) نیشتمانیی بۆ وزە كە بە " طاقە" ناسراوەو كۆمپانیایەكی ئیماراتییە، پرۆسەی فرۆشتنی پشكی خۆی لە كێڵگەی نەوتی (ئەتروش) لە هەرێمی كوردستان راگەیاند. 
پشكی ئەم كۆمپانیا ئیماراتییە لە گێڵگەی ئەتروش 47.4% بوو، ئەم پشكەی بە كۆمپانیای (ژەنەراڵ ئیكسپلرۆیشن بارتنرز)ی بەریتانیی فرۆشتووە، رێككەوتنە لەسەرەتای ئەمساڵدا كراوەو ئێستا بەتەواوەتی یەكلایی بوەتەوە. 
كۆمپانیای (ئەبوزەبی) لەرێگەی كۆمپانیای (طاقە ئینتەرنەشناڵ بی ڤی) كە یەكێك لە كۆمپانیایەكی سەربە خۆیەتی، پشكەكانی ئەتروشی بە كۆمپانیا بەریتانییەكە فرۆشتووە، سەرەتای ئەمساڵ كاتێك رێككەوتنی بەرایی كرا، راگەیەندراوی هاوبەشی كڕیارو فرۆشیار باسی لەوەكردبوو دەبێت هەر سێ لایەنی گرێبەستەكە رەزامەند بن لەسەر ئەم مامەڵەیە. 
ئەم كۆمپانیا ئیماراتییە ساڵی (2013) سەرەتا بە بەهای (600) ملیۆن دۆلار رێژەی (53.2%) پشكەكانی كێڵگەی ئەتروشی لە كۆمپانیای ئیكسپلۆرەیشن بارتنرز كڕی، دواتر رێژەی بۆ 47.4% دابەزی. 
تاوەكو بەر لە پرۆسەی فرۆشتنی پشكەكانی كۆمپانیای ئەبوزەبی، دابەشبوونی پشكی كۆمپانیاكان لە كێڵگەی ئەتروش بەمشێوەیە بوو: 
•    كۆمپانیای ئەبوزەبی "طاقة،: 47.4%
•    پشكی (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستان:  25%
•    كۆمپانیای شاماران پیترۆلیۆمی کەنەدی:  27.6%
بەڵام دوای فرۆشتنی پشكەكانی ئەبوزەبی، ئیتر كۆمپانیای ئیكسپلۆرەیشن بارتنرز بەریتانی دەبێت بە خاوەنی (47.4%)ی پشكەكانی كێڵگەی ئەتروش. 

لەبارەی كێڵگەی ئەتروش
بلۆكی ئەتروش دەكەوێتە پارێزگای دهۆکەوە، بە نزیكەی (85) كیلۆمەتر لە باكوری رۆژئاوای هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستانەوە دورە، رووبەرەكەی (269) كیلۆمەتر چوارگۆشەیە.
ئەتروش، یەکێکە لە کێڵگە گرنگ و بەرهەمهێنەرەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2011دا نەوتی تێدا دۆزرایەوە، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2017دا دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت کراوە لەم کێڵگەیە. لە تەموزی 2019دا بەرهەمی كێڵگەكە 34 هەزار بەرمیلی رۆژانە بووە، لەكۆتایی ساڵی (2019)دا بەرهەمی ئەم كێڵگەیە بۆ نزیكەی 50 هەزار بەرمیل رۆژانە بەرزبووەتەوە، بەڵام لە ساڵی 2023و دوای راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم لەرێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهانی توركیا، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەم كێڵگەیە بۆ 25 هەزار بەرمیلی رۆژانە دابەزیوە، دواین داتاكان ئاماژە بەوە دەكەن ئەمساڵ و تاوەكو ئێستا بە تێكڕا ئاستی بەرهەمهێنان لەم كێڵگەیە لە 20 هەزار بەرمیلی رۆژانەدا راوەستاوە. 
وەکو کۆمپانیا نەوتییەکانی کێڵگەکە ئاماژەی بۆ دەکەن، نەوتی کێڵگەکە "كوالیتی بەرزەو بنکەیەکی گەورەی بەرهەمهێنانی هەیەو توانای گەشەکردنی بەرچاوی هەیە". بەگوێرەی خەمڵاندنەكان، ناوچەی ئەتروش نزیكەی 2 ملیارو 600 ملیۆن بەرمیل نەوتی تێدایە، بۆیە ئەم ناوچەیە بە یەكێك لە گەورەترین ناوچەكانی دۆزینەوەی نەوت لە هەرێمی كوردستان ئەژمار دەكرێت، هەروەك خەمڵاندنەكان ئاماژە بەوە دەكەن زیاتر لە 40 ملیار بەرمیل سامانی نەوتیی نەدۆزراوە لە ناوچەكەدا هەبێت. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand