راپۆرت: دره‌و وه‌فدی هه‌رێمی كوردستان دانوستانی خۆی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی عێراق دابه‌شكردووه به‌سه‌ر سێ ته‌وه‌ردا، له‌م رێگه‌یه‌وه ده‌یه‌وێت پرسی موچه‌ی موچه‌خۆران له كێشه‌ی نه‌وت جیابكاته‌وه، سێ شه‌ممه ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق كۆبونه‌وه‌ی هه‌یه، بڕیاره له‌م كۆبونه‌وه‌یه‌دا هه‌م ره‌شنوسی هه‌مواری یاسای بودجه په‌سه‌ندبكرێت و هه‌م بڕیار له‌سه‌ر بڕه پاره‌یه‌كیش بدرێت بۆ خه‌رجی موچه‌ی مانگی یه‌كی موچه‌خۆرانی هه‌رێم، كۆمپانیای سۆمۆ و كۆمپانیا بیانییه‌كانی كه‌رتی نه‌وتی هه‌رێمیش له گفتوگۆدان بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كان له‌باره‌ی نرخی به‌رهه‌مهێنان و گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم، ورده‌كاری زیاتر له‌باره‌ی دانوستانی ئه‌مجاره له‌م راپۆرته‌دا. دابه‌شكردنی دانوستان به‌سه‌ر سێ ته‌وه‌ردا رۆژی 6ی ئه‌م مانگه وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشته به‌غداد بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكومه‌تی فیدراڵی عێراق سه‌باره‌ت به هه‌مواری یاسای بودجه، وه‌فده‌كه دوو رۆژ دانوستانی كرد‌و گه‌ڕایه‌وه. به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانی (دره‌و)، وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێم راپۆرتێكی پێشكه‌شی به‌رپرسانی حكومه‌تی فیدراڵ كردووه، له‌م راپۆرته‌دا دانوستانی خۆی له‌گه‌ڵ به‌غداد له‌باره‌ی هه‌مواری یاسای بودجه دابه‌شكردووه به‌سه‌ر سێ ته‌وه‌ردا، به‌مشێوه‌یه: • موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان • دۆسیه‌ی نه‌وت • دۆسیه‌ی داهاته نانه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان وه‌فدی دانوستانكاری هه‌رێمی كوردستان داوایكردووه، ئه‌م سێ ته‌وه‌ره‌یه به‌شێوه‌ی جیاجیا مامه‌ڵه‌و رێككه‌وتنیان له‌سه‌ر بكرێت و نه‌به‌سترین به‌یه‌كه‌وه، به‌تایبه‌تیش پرسی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم تێكه‌ڵ به دۆسیه‌ی نه‌وت نه‌كرێت و له‌چوارچێوه‌ی خه‌رجی حاكیمه‌دا دابنرێت و له ناكۆییه‌كانی تر دوربخرێته‌وه. عه‌توان عه‌توانی رێككه‌وتنه‌كه رێكده‌خات محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، پرسی رێككه‌وتنی حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵی له‌باره‌ی هه‌مواری یاسای بودجه راده‌ستی (عه‌توان عه‌توانی) سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق كردووه، عه‌توان سه‌ربه كوتله‌ی ده‌وڵه‌تی یاسای نوری مالیكییه‌و ئه‌و سه‌رپه‌ره‌شتی گفتوگۆ‌و رێككه‌وتنه‌كان ده‌كات، سودانی ده‌یه‌وێت هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مان له‌ناو ورده‌كاری رێككه‌وتنه‌كه‌دا بێت بۆئه‌وه‌ی له‌كاتی ده‌نگدان له‌سه‌ر په‌سه‌ندكردنی هه‌مواری یاسای بودجه، په‌رله‌مان گرفت دروست نه‌كات. پرسی موچه له دانوستاندا له پرسی موچه‌دا، وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێم داوایكردووه وه‌كو ئه‌وه‌ی پیش‌تر رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه، خه‌رجی موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێم له خه‌رجی راسته‌قینه‌ی عێراق جیابكرێته‌وه‌و بخرێته چوارچێوه‌ی خه‌رجی (حاكیمه)ی عێراق، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق خۆشی بیرۆكه‌یه‌كی هاوشێوه‌ی هه‌یه‌و ده‌یه‌وێت خه‌رجی موچه‌ی عێراقیش بخاته ناو چوارچێوه‌ی خه‌رجی حاكیمه‌وه. خه‌رجی موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان (موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران+ خانه‌نشینان+ پێشمه‌رگه) به تێكڕا بۆ ساڵێك له بودجه‌ی فیدراڵ‌دا به بڕی (10 ترلیۆن و 867 ملیار) دیناره دانراوه‌و بۆ هه‌ر مانگێك بڕی (906 ملیار) دیناره، خه‌رجی موچه‌ی عێراقیش به تێكڕا بڕی (76 ترلیۆن) دیناره. به‌پێی زانیارییه‌كانی (دره‌و)، به‌رپرسانی حكومه‌تی فیدراڵ و سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مان تاڕاده‌یه‌ك قایل بوون به‌وه‌ی پرسی موچه‌ی موچه‌خۆران له بابه‌تی نه‌وت و داهاته نانه‌وتییه‌كانی هه‌رێم جیابكرێته‌وه. خەرجی حاكیمە كه بڕیاره خه‌رجی موچه‌ی هه‌رێمی كوردستان و عێراقیشی بۆ زیاد بكرێت، ئه‌م جۆره خه‌رجیانه ده‌گرێته‌وه: • كارتی كۆبوونی خۆراك • خەرجی كێشه‌ی ناكۆكی موڵكایه‌تیی • دەرمان • پاڵپشتی گەنم و جۆ • هاوردەكردنی وزە • سەرژمێری دانیشتوان • خەرجی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان یاسای بودجه‌ی گشتی عێراق كه بۆ سێ ساڵه (2023-2024-2025)، له كۆتاییه‌كانی حوزه‌یرانی 2023 كه‌وته بواری جێبه‌جێكردن، یاساكه پشكی هه‌رێمی كوردستانی له‌چوارچێوه‌ی خه‌رجی راسته‌قینه‌ی عێراق دیاریكردووه، له‌گه‌ڵ به‌ركاربوونی یاساكه‌دا حكومه‌تی هه‌رێم بۆی ده‌ركه‌وت پشكی مانگانانه‌ی زۆر كه‌متره له‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی كردووه، به‌تایبه‌تیش بۆ مانگه‌كانی سه‌ره‌تای به‌ركاربوونی یاسای بودجه، كه خه‌رجی راسته‌قینه‌ی عێراق كه‌مبوو، به‌هۆیه‌وه پشكی هه‌رێم بۆ هه‌ر مانگێك له (580 ملیار) دیناردا راده‌وه‌ستا، ئه‌مه‌ش بڕه پاره‌یه‌ك بوو كه به‌ته‌نیا به‌شی دابینكردنی خه‌رجی موچه‌ی هه‌رێمی نه‌ده‌كرد كه بۆ هه‌ر مانگێك بڕی (913 ملیار) دیناره. كه‌می پشكی هه‌رێم له كۆی خه‌رجی راسته‌قینه‌ی عێراق وایكرد، حكومه‌تی هه‌رێم ناڕه‌زایه‌تی ده‌رببرێت، به‌وهۆیه‌وه مادده‌كانی تایبه‌ت به پشكی هه‌رێم له‌یاسای بودجه به هه‌ڵپه‌سێردراوی مانه‌وه‌و حكومه‌تی عێراق تا چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه له‌كۆتاییه‌كانی 2023دا بۆ ماوه‌ی سێ مانگ و بۆ هه‌ر مانگێك بڕی (700 ملیار) دیناری بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به حكومه‌تی هه‌رێم دا. پرسی نه‌وت له دانوستاندا له پرسی دۆسیه‌ی نه‌وتدا، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵ له‌باره‌ی خه‌رجی ده‌رهێنان و گواستنه‌وه‌ی نه‌وت ناكۆكن، حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ڵێ پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنان و گواستنه‌وه‌ی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت له هه‌رێم بڕی (32) دۆلاری تێده‌چێت، به‌ڵام له یاسای بودجه‌ی فیدراڵی عێراقدا ته‌نیا بڕی (6) دۆلار بۆ به‌رهه‌مهێنان و گواستنه‌وه‌ی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت له هه‌رێمی كوردستان دانراوه. به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی كه له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه له به‌غداد ده‌ست (دره‌و) كه‌وتوون، عه‌توان عه‌توانی سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق هاوكات له‌گه‌ڵ سه‌ردانی وه‌فدی هه‌رێمدا، داوای له كۆمپانیا بیانییه‌كانی كه‌رتی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان كردووه سه‌ردانی به‌غداد بكه‌ن، كۆمپانیاكانیش 18 كه‌سیان به نوێنه‌رایه‌تی خۆیان ناردوه‌ته به‌غدادو كۆمپانیای (دیلۆیت)یش كه وردبینی له فرۆش و داهاتی نه‌وتی هه‌رێم ده‌كات نوێنه‌ری خۆی ناردووه، به ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مان نوێنه‌ری كۆمپانیاكان و دیلۆیت له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی كۆمپانیای به‌بازاڕخستنی نه‌وتی عێراق "سۆمۆ" كۆبونه‌ته‌وه. (دره‌و) زانیویه‌تی، له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا كۆمپانیای سۆمۆ داوای له نوێنه‌ری كۆمپانیا بیانییه‌كانی هه‌رێم كردووه بۆ به‌رهه‌مهێنان و گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم، به (6) دۆلار كاربكه‌ن وه‌كو ئه‌وه‌ی له یاسای بودجه‌دا هاتووه، نوێنه‌ری كۆمپانیاكان ره‌تیانكردوه‌ته‌وه‌و رایانگه‌یاندووه ئه‌و نرخه زه‌ره‌ر ده‌كه‌ن و ئه‌وان به نرخێكی تر له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم گرێبه‌ستیان كردووه. دوای ئه‌وه‌ی نوێنه‌ری كۆمپانیا بیانییه‌كانی هه‌رێم نرخی (6) دۆلاره‌كه‌یان ره‌تكردوه‌ته‌وه، كۆمپانیای سۆمۆ ئۆپشنێكی تری خستوه‌ته به‌رده‌میان، ئۆپشنه‌كه ئه‌وه‌یه ئه‌م كۆمپانیایانه گرێبه‌ستی كاركردنیان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق نوێ بكه‌نه‌وه‌و له‌سه‌ر نرخێكی نوێ رێككه‌وتن بكرێت به‌و شێوه‌ی له عێراقدا هه‌یه، نوێنه‌ری كۆمپانیاكان ئه‌م پیشنیازه‌شیان ره‌تكردوه‌ته‌وه. به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانی (دره‌و)، ئێستا كۆمپانیای سۆمۆو كۆمپانیا بیانییه‌كانی كه‌رتی نه‌وتی هه‌رێم خه‌ریكی گه‌ڵاڵه‌كردنی رێككه‌وتنێكی نوێن، رێككه‌وتنێك كه نرخێكی تر بۆ به‌رهه‌مهێنان و گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌نێوان 6 دۆلاره‌كه‌ی عێراق و 32 دۆلاره‌كه‌ی هه‌رێم دیاری بكات. فەرمانگەی ئابوری وەزارەتی نەوتی فیدراڵ تێچووی بەرهەمێنان‌و گواستنەوەی هەر بەرمیلێك نەوتی هه‌رێمی بە بڕی (8 هەزارو 960) دینار دیاریكردووە كە دەكاتە (6,9) دۆلار، ئەمە لەكاتێكدایە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی تێكڕای ئەم خەرجییەی بە بڕی (32,91) دۆلار دیاریكردووە، بەمشێوەیە: • بڕی (24,32) دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی یەك بەرمیل نەوت • بڕی (8,59) دۆلار بۆ گواستنەوەی یەك بەرمیل نەوت ئه‌مه یه‌كه‌مجار نییه كۆمپانیا بیانییه‌كانی كه‌رتی نه‌وتی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی كه‌رتی نه‌وتی عێراق كۆده‌بنه‌وه، ئه‌م كۆمپانیایانه كه خۆیان له‌ناو گروپێكدا به‌ناوی "ئه‌پیكور" رێكخستووه، بۆ یه‌كه‌مجار دوای په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی عێراق و سه‌رهه‌ڵدانی ناكۆكی له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غداد، رۆژی 8ی تشرینی دووه‌می 2023 له (دوبه‌ی) له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق كۆبونه‌وه‌یان كرد، له‌م كۆبونه‌وه‌یه‌دا نوێنه‌ری كۆمپانیاكان پێشنیازی ئه‌وه‌یان بۆ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق كرد كۆمپانیای سۆمۆ ئه‌و نه‌وته‌یان لێبكڕێت كه له هه‌رێمی كوردستان به‌رهه‌می ده‌هێنن، چونكە بەگوێرەی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ حكومەتی هەرێم كردویانە كە گرێبەستی پشكی بەرهەمهێنانە، ئەم كۆمپانیایانە مافی ئەوەیان پێدراوە پشكی نەوتی خۆیان بفرۆشن، داواكارییه‌كی تری كۆمپانیاكان ئه‌وه بوو " رێككەوتنێكی روون‌و ورد‌و یاسایی هەبێت بۆ فرۆشتن‌و هەناردەی نەوت، لەناویشیاندا پێدانی پارەی فرۆشی نەوت لە رابردوو و داهاتووودا" ئه‌مه‌شیان وه‌كو مه‌رج بۆ ده‌ستپیكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم دیاری كردبووه، چونكه وه‌كو خۆیان ده‌ڵێن ئه‌م كۆمپانیایانه بڕی (یه‌ك ملیار) دۆلار قه‌رزیان لای حكومه‌تی هه‌رێمه. كۆمپانیا بیانییەكانی هەرێم ترسیان هەیە وەكو ئەوەی پێشتر وەزارەتی نەوتی عێراق كاری لەسەركردووە، گرێبەستەكانیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم هەموار بكرێتەوەو لە گرێبەستی "شەراكەت"ەوە بكرێت بە گرێبەستی "خزمەتگوزاری"، بۆیە لە گفتوگۆكەی دوبەیدا نوێنەری ئەپیكور داوایكرد" مەرجە بازرگانییەكانی ئێستا وەك خۆیان بمێننەوە‌و گرێبەستەكانی پشكی بەرهەمهێنان كاریان پێبكرێت". له 25ی ئازاری 2023وه هه‌نارده‌ی نه‌وتی كوردستان بۆ به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا راوه‌ستاوه، به‌وهۆیه‌وه حكومه‌تی هه‌رێمی نزیكه‌ی 80%ی داهاته‌كانی خۆی له‌ده‌ستداوه، راوه‌ستانی هه‌نارده‌ی نه‌وت هۆكار بوو بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم له‌یاسای بودجه‌ی فیدراڵ‌دا قایل بێت به‌وه‌ی پرۆسه‌ی فرۆشتنی نه‌وته‌كه‌ی و داهاته‌كه‌شی راده‌ستی به‌غداد بكات ته‌نیا له‌پێناو ئه‌وه‌ی به‌شی خۆی له بودجه‌ی گشتی عێراق وه‌ربگرێت، ئێستا كه توركیا ئاماده‌یی خۆی نیشانداوه به ره‌زامه‌ندی عێراق جارێكی تر پرۆسه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم ده‌ستپێبكاته‌وه، حكومه‌تی فیدراڵ ده‌یه‌وێت به‌ر له ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده، ناكۆكی چه‌ند ساڵه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم له‌باره‌ی نه‌وته‌وه چاره‌سه‌ر بكات، ئه‌مه‌ش له‌دۆخێكدا كه له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمدا نییه. ئه‌م دانوستانه‌ی كه له‌باره‌ی نه‌وته‌وه ئێستا حكومه‌تی هه‌رێم ده‌یكات ته‌نیا تایبه‌ته به‌و بابه‌تانه‌وه له یاسای بودجه‌دا ناكۆكیان له‌سه‌ره، به دیاریكراویش نرخی به‌رهه‌مهێنان و گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم، حكومه‌تی هه‌رێم له 2024دا دانوستانێكی گه‌وره‌تریشی كه له‌به‌رده‌مدایه كه پرسی ئاماده‌كردنی ره‌شنوسی یاسای نه‌وت و غازه، یاسایه‌ك كه ئه‌گه‌ر له په‌رله‌مان په‌سه‌ند بكرێت، بۆ یه‌كه‌مجار له عێراقی دوای سه‌ددامدا ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی فیدراڵ و حكومه‌تی هه‌رێم به‌سه‌ر كه‌رتی نه‌وت و غازدا یه‌كلاده‌كاته‌وه‌و، ده‌بێت به به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی یاسایش له‌به‌رده‌م دادگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ هه‌ر ناكۆكییه‌ك كه له داهاتوودا له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غداد سه‌باره‌ت به سامانه سروشتییه‌كان دروست ببێت. داهاتی نانه‌وتیی له‌دانوستاندا چاودێری دارایی عێراق داهاتی نانه‌وتیی هه‌رێمی كوردستانی بۆهه‌ر مانگێك به‌بڕی (230 ملیار) دینار دیاریكردووه، ئه‌م داهاته بڕی (130 ملیار)ی وه‌كو داهاتی ده‌روازه سنورییه‌كان ئه‌ژماركراوه‌و بڕی (100 ملیار) دیناریشی وه‌كو داهاتی باج و رسومات و داهاتی ناوخۆیی تری هه‌رێم ئه‌ژماركراوه، به‌پێی یاسای ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت له عێراق، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت رێژه‌ی 50%ی تێكڕای داهاته نانه‌وتییه‌كانی خۆی بۆ حكومه‌تی فیدراڵ بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت به‌شه بودجه‌ی خۆی له عێراق وه‌ربگرێت، رێژه‌ی 50%ی تێكڕای داهاتی نانه‌وتیی هه‌رێمی كوردستان به‌پێی ئه‌وه‌ی ده‌سته‌ی چاودێری دارایی عێراق خه‌مڵاندنی بۆ كردووه بۆ هه‌ر مانگێك بڕی (115 ملیار) دیناره‌و ده‌بێت هه‌رێم ئه‌م پاره‌یه بۆ خه‌زێنه‌ی گشتیی عێراق بگه‌ڕێنێته‌وه. واتا مانگانه ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێم بڕی (65 ملیار) دیناری داهاتی ده‌روازه سنورییه‌كان و بڕی (50 ملیار) دیناری داهاته‌كانی ناوخۆ بداته‌وه به به‌غداد. كه‌ی یاسای بودجه هه‌موار ده‌كرێت رۆژی 18ی ئۆكتۆبه‌ری 2023 وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێم به سه‌رۆكایه‌تی ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی و وه‌فدی حكومه‌تی عێراق به سه‌رۆكایه‌تی ته‌یف سامی وه‌زیری دارایی عێراق چوونه به‌رده‌م لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق، لێره‌و هه‌ردوو حكومه‌ت گه‌یشته رێككه‌وتن له‌سه‌ر هه‌مواری یاسای بودجه‌ی فیدراڵ، به‌جۆرێك موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له خه‌رجی راسته‌قینه‌ی عێراق جیابكرێته‌وه‌و له ململانێ سیاسییه‌كان دووربخرێته‌وه. ئه‌م هه‌مواره هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه وا رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كرا بكه‌وێته سه‌ره‌تای ساڵی 2024ه‌وه، له 14ی تشرینی دووه‌می 2023وه په‌رله‌مانی عێراق كه ده‌بوو یاسای بودجه هه‌موار بكات، خۆی توشی قه‌یران هات، محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی په‌رله‌مان به بڕیاری دادگای فیدراڵی له پۆسته‌كه‌ی دورخرایه‌وه، ئیتر له‌وكاته‌وه تائێستا پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌به‌تاڵی ماوه‌ته‌وه‌و په‌رله‌مان به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆ ناتوانێت هیچ دانیشتنێك بكات بۆ خوێندنه‌وه‌و په‌سه‌ندكردنی پرۆژه‌یاساكان، بڕیاره رۆژی شه‌ممه‌ی هه‌فته‌ی داهاتوو (واته 13ی ئه‌م مانگه) په‌رله‌مانی عێراق سه‌رۆكێكی نوێ بۆخۆی هه‌ڵبژێرێت و ده‌ست به دانیشتنه‌كانی بكاته‌وه. رۆژی سێ شه‌ممه‌ی هه‌فته‌ی داهاتوو (واته رۆژی 16ی ئه‌م مانگه) ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق كۆبونه‌وه‌ی هه‌یه، بڕیاره له‌م كۆبونه‌وه‌یه‌دا ده‌نگ له‌سه‌ر ره‌شنوسی هه‌مواری یاسای بودجه بدرێت و دواتر ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان بكرێت به‌مه‌به‌ستی په‌سه‌ندكردنی، هه‌ڵبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن لیژنه‌ی داراییه‌وه خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت. ئه‌گه‌ر پرۆسه‌ی په‌سه‌ندكردنی پرۆژه‌ی هه‌مواری یاسای بودجه له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و دواتریش له په‌رله‌مان گرفتی تری بۆ دروست نه‌بێت، پێشبینی ده‌كرێت له دوو هه‌فته‌ی داهاتوودا په‌سه‌ند بكرێت و چاره‌نوسی موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێم یه‌كلایی بكرێته‌وه. هه‌رێم بۆ موچه‌ی مانگی یه‌ك چی ده‌كات ؟ سه‌رباری ئه‌وه‌ی تا یه‌كلابوونه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كانی له‌باره‌ی یاسای بودجه، حكومه‌تی فیدراڵ كۆتاییه‌كانی ساڵی رابردوو بڕی (2 ترلیۆن و 100 ملیار) دینار قه‌رزی به حكومه‌تی هه‌رێم دا، بۆ ئه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی سێ مانگ و بۆ هه‌ر مانگێك بری (700 ملیار) دیناری بۆ دابینكردنی خه‌رجی موچه له‌به‌رده‌ستدا بێت، به‌ڵام به‌م قه‌رزه‌شه‌وه حكومه‌تی هه‌رێم به سێ موچه‌ی قه‌رزی موچه‌خۆرانه‌وه ماڵئاوایی له ساڵی 2023 كرد. ئێستا كه سه‌ره‌تای ساڵی 2024ه، حكومه‌تی هه‌رێم خه‌رجی موچه‌ی مانگی یه‌كی به‌ده‌سته‌وه نییه، ئه‌گه‌ر په‌سه‌ندكردنی هه‌مواری یاسای بودجه بۆ دوو هه‌فته‌ی داهاتووش دوابكه‌وێت، حكومه‌تی هه‌رێم توانای دابینكردنی موچه‌ی ئه‌م مانگه‌ی نابێت، بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌مه، پێشنیاز كراوه له دانیشتنی سێ شه‌ممه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقدا بڕیارێك په‌سه‌ندبكرێت بۆ ئه‌وه‌ی هاوشێوه‌ی (700 ملیار) دیناره‌كه‌ی ساڵی رابردووه، حكومه‌تی عێراق بۆ ئه‌م مانگه‌ش بڕه پاره‌یه‌ك بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بۆ حكومه‌تی هه‌رێم بنێرێت، به‌ڵام پاره‌كه‌ی ئه‌مجاره ناوی قه‌رزی لێ نه‌نرێت، به‌ڵكو وه‌كو سولفه‌یه‌ك بێت و له‌به‌ر رۆشنایی خه‌رجی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم دوای هه‌مواری یاسای بودجه دیاری بكرێت. به‌پێی ئه‌وه‌ی له یاسای بودجه‌ی فیدراڵ‌دا دیاریكراوه، خه‌رجی موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان (موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران- خانه‌نشینان- پێشمه‌رگه) به تێكڕا بۆ ساڵێك بڕی (10 ترلیۆن و 867 ملیار) دیناره، واتا بۆ هه‌ر مانگێك بڕی (906 ملیار) دینار ته‌رخانكراوه، ئه‌مه‌ش بڕی (7 ملیار) دینار كورتهێنانی بۆ خه‌رجی راسته‌قینه‌ی موچه‌ی مانگانه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌یه (وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم ده‌ڵی خه‌رجی مانگانه‌ی موچه بڕی 913 ملیار دیناره)، به‌ڵام كورتهێنانه‌كه زۆر نییه‌و حكومه‌تی هه‌رێم ده‌توانێت به داهاتی ناوخۆ پڕی بكاته‌وه.
(دره‌و): ژماره‌یه‌ك چه‌كدار ده‌ستیان به‌سه‌ر كه‌شتییه‌كدا گرت كه نه‌وتی به‌سره‌ی عێراقی به‌ره‌و توركیا ده‌گواسته‌وه، كه‌شتییه‌كه ئێستا به‌ره‌و سنوری ئێران ده‌ڕوات، ئه‌م كه‌شتییه پێشتر له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه غه‌رامه كراوه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی نه‌وتی سزادراوی ئێرانی هه‌ڵگرتووه. كۆمپانیای ئامبری به‌ریتانی بۆ سه‌لامه‌تی ده‌ریایی رایگه‌یاند، ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌كی پێگه‌یشتووه له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی له‌دوری نزیكه‌ی 50 میل له خۆرهه‌ڵاتی ویلایه‌تی سه‌حار له عومان، ژماره‌یه‌ك چه‌كدار چونه‌ته ناو كه‌شتییه‌كه‌وه. به‌پێی قسه‌ی كۆمپانیا به‌ریتانییه‌كه، كه‌شتییه‌كه ئاڵای دورگه‌كانی مارشاڵی هه‌ڵداوه‌و 4 بۆ 5 چه‌كدار كه جلوبه‌رگی ره‌شی نیمچه سه‌ربازییان له‌به‌ردایه‌و ده‌مامكیان كردووه، چونه‌ته سه‌ر كه‌شتییه‌كه. ئه‌م كه‌شتییه پێشتر به هه‌ڵگرتنی نه‌وتی سزادراوی ئێران تۆمه‌تباركراوه‌و ده‌ستی به‌سه‌رداگیراوه‌و له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه سزای دارایی به‌سه‌ردا سه‌پێندراوه. كۆمپانیا به‌ریتانییه‌كه ده‌ڵێ: ئێستا سیسته‌می كۆنترۆڵی ئۆتۆماتیكی كه‌شتییه‌كه راوه‌ستاوه‌و به‌ره‌و به‌نده‌ری (جاسك) له ئێران ده‌ڕوات. له‌كاتێكی پێشتری ئه‌مڕۆدا، وته‌بێژێك به‌ناوی كۆمپانیای (ئیمپایه‌ر نافیگیشن) رایگه‌یاند، كاتێك له نزیك ویلایه‌تی سه‌حاری عومانه‌وه به‌ره‌و توركیا رۆیشتووه، كۆمپانیاكه په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كه‌شتییه‌كه‌دا بچڕاوه. به‌پیی قسه‌ی كۆمپانیاكه، ئه‌م كه‌شتییه بارێكی هه‌ڵگرتووه كه 145 هه‌زار ته‌ن نه‌وت پێكدێت و له به‌سره‌ی عێراقه‌وه هه‌ڵیگرتووه. تیمی كه‌شتییه‌كه پێكدێت له (19) كه‌س، كه یه‌كێكیان یۆنانی و 18 كه‌سه‌كه‌ی تریان فلیپینین، پۆلیس هێڵی فریاگوزاری خێرای كردوه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی لێ ئاگاداربكاته‌وه. له‌دوای ده‌ستپێكردنی جه‌نگی ئیسرائیل- حه‌ماس له 7ی ئۆكتۆبه‌ری 2023ه‌وه، هیچ هێرشێك بۆسه‌ر كه‌شتییه‌كان له كه‌ناراوه‌كانی عومان تۆمارنه‌كراوه. ئه‌مه له‌كاتێكدایه حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن به‌شێوه‌یه‌كی رێكخراو هێرش ده‌كه‌نه‌سه‌ر كه‌شتییه‌كان له كه‌نداوی عه‌ده‌ن و ده‌ریای سور، گروپی ئه‌نساروڵا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن هێرشه‌كانیان بۆ به‌ئامانجگرتنی ئه‌و كه‌شتیانه‌یه كه به‌ره‌و ئیسرائیل ده‌ڕۆن. به‌پێی قسه‌ی شاره‌زایه‌تی بواری گواستنه‌وه‌ی ده‌ریایی، جوله‌ی كه‌شتییه بارهه‌ڵگره‌كان له ده‌ریای سور، له ناوه‌ڕاستی تشرینی دووه‌می رابردووه‌وه به‌ڕێژه‌ی 70% كه‌میكردووه، ئه‌مه‌ش به‌هۆی هێرشی حوسییه‌كان بۆسه‌ر كه‌شتییه‌كان له‌و ناوچه‌یه‌دا. هێزه‌كانی ئه‌مریكاو به‌ریتانیا رۆژی سێ شه‌ممه زیاترله 20 فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان و موشه‌كیان له‌سه‌ر ده‌ریای سور خستوه‌ته خواره‌وه كه حوسییه‌كان هه‌ڵیانداوه، ده‌سه‌ڵاتدارانی له‌نده‌ن ئه‌مه به "گه‌وره‌ترین هێرش" ناوده‌به‌ن كه له‌دوای جه‌نگی غه‌ززه‌وه حوسییه‌كانی نزیك له ئێران ئه‌نجامیان دابێت. له چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا حوسییه‌كان زیاتر له 25 كرده‌وه‌ی به‌ئامانجگرتنی كه‌شتییه بازرگانییه‌كانیان ئه‌نجامداوه به گومانی ئه‌وه‌ی ئه‌م كه‌شتیانه سه‌ربه ئیسرائیلن یاخود به‌ره‌و به‌نده‌ره‌كانی ئیسرائیل ده‌ڕۆن له نزیكته‌نگه‌ی (باب مه‌نده‌ب)ی ستراتیژی له‌به‌ری باشوری ده‌ریای سوره‌وه.
درەو: رێژەی جیابوونەوەی هاوسەرگیری لە گەرمیان لە (29%)ەوە بۆ (52%) زیادی كردووە، لە ناوەندی كەلا جیابوونەوە (68%) و كفری لە (11%)ەوە بۆ (30%) زیادیكردووە. بە پێی ئاماری دادگاكانی باری كەسێتی سەربە سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی كەركوك/ گەرمیان، رێژەی جیابوونەوە لە دوو هێندە زیادی كردووە. بە پێی ئاماری دادگاكانی گەرمیان لە 2023: • كەلار: هاوسەرگیری (1198)، جیابوونەوە (819)، رێژەی جیابوونەوە (68%) • كفری: هاوسەرگیری (510)، جیابوونەوە (155)، رێژەی جیابوونەوە (30%) • رزگاری: هاوسەرگیری (455)، جیابوونەوە (137)، رێژەی جیابوونەوە (30%) • دەربەندیخان: هاوسەرگیری (416)، جیابوونەوە (206)، رێژەی جیابوونەوە (50%) • خانەقین/قورەتوو: هاوسەرگیری (39)، جیابوونەوە (35)، رێژەی جیابوونەوە (90%) • كۆی گشتی: هاوسەرگیری (2618)، جیابوونەوە (1352)، رێژەی جیابوونەوە (52%) بە پێی ئاماری دادگاكانی گەرمیان لە 2022: • كەلار: هاوسەرگیری (1271)، جیابوونەوە (460)، رێژەی جیابوونەوە (36%) • رزگاری: هاوسەرگیری (535)، جیابوونەوە (93)، رێژەی جیابوونەوە (17%) • دەربەندیخان: هاوسەرگیری (413)، جیابوونەوە (177)، رێژەی جیابوونەوە (43%) • كفری: هاوسەرگیری (500)، جیابوونەوە (55)، رێژەی جیابوونەوە (11%) • خانەقین/قورەتوو: هاوسەرگیری (27)، جیابوونەوە (12)، رێژەی جیابوونەوە (44%) • كۆی گشتی: هاوسەرگیری (2746)، جیابوونەوە (797)، رێژەی جیابوونەوە (29%)
(دره‌و): هاوكات له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی عێراق سه‌باره‌ت به یاسای نه‌وت و غاز، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆچوونی دادوه‌رێكی به‌ناوبانگ بڵاوده‌كاته‌وه كه پشتیوانی ئه‌وه ده‌كات حكومه‌تی هه‌رێم ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر كه‌رتی نه‌وت و غازی خۆیدا هه‌بێت نه‌ك حكومه‌تی فیدراڵی عێراق. سایتی فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان شیكارییه‌كی بڵاوكردوه‌ته‌وه كه دادوه‌ر (ستیڤن ئێم شوێبڵ) كردویه‌تی و تێیدا پشتگیری ئه‌وه ده‌كات به‌پێی ده‌ستوری ساڵی 2005ی عێراق، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مافی هه‌یه به‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنان و به‌ڕێوه‌بردنی كه‌رتی نه‌وت و غازدا. ئه‌م دادوه‌ره لێكدانه‌وه‌ی بۆ مادده‌كانی (110-114-115-121)ی ده‌ستوری عێراق كردووه‌و وای ده‌بینێت كه ئه‌م ماددانه ده‌سه‌ڵاتی تایبه‌تی به حكومه‌تی فیدراڵی نادات له كه‌رتی نه‌وت و غازدا، به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌سه‌ڵات به هه‌رێمه‌كان ده‌دات. بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م شیكارییه له‌كاتێكدایه له شوباتی 2023وه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراق چوونه‌ته ناو دانوستانێكی نوێوه بۆ ئاماده‌كردنی ره‌شنوسی یاسای نه‌وت و غاز، یاسایه‌ك كه ده‌بوو دوای په‌سه‌ندكردنی ده‌ستوری عێراق ده‌ربكرایه‌و به‌هۆی ناكۆكی نێوان هه‌ولێرو به‌غداده‌وه تائێستا ده‌رنه‌چووه. ساڵی رابردوو (دره‌و) هه‌ندێك له ورده‌كارییه‌كانی دانوستانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵی له‌باره‌ی ئاماده‌كردنی ره‌شنوسی یاسای نه‌وت و غاز بڵاوكرده‌وه، به‌پێی دانوستانه‌كان، حكومه‌تی فیدراڵ زۆرینه‌ی داواكارییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی له ره‌شنوسی یاساكه‌دا ره‌تكردبووه‌وه، به‌تایبه‌تیش هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاسای نه‌وت و غاز‌و ئه‌نجومه‌نی نه‌وت و غاز و دژایه‌تیكردنی ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم بۆری تایبه‌ت به‌هۆی هه‌بێت و ئیداره‌دانی كێڵگه‌كانی نه‌وتیش لای وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵ ده‌بێت. سه‌رباری كێشه‌ی دارایی و پرسی هه‌مواری یاسای بودجه، بابه‌تی ده‌ركردنی یاسای نه‌وت و غازی فیدراڵ یه‌كێك له ئاڵنگارییه‌كانی ساڵی نوێی 2024ه له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غداد. محه‌مه‌د شیاع سودانی كاتێك له پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌ستبه‌كاربوو، به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی دا له‌ماوه‌ی شه‌ش مانگ دوای ده‌ستبه‌كاربوونی حكومه‌ته‌كه‌ی پرۆژه‌یاسای نه‌وت و غاز ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان بكات، به‌ڵام ئه‌م به‌ڵینه‌ی نه‌برده‌سه‌رو ناكۆكی نێوان هه‌ولێرو به‌غدادیش له‌سه‌ر پرۆژه‌كه یه‌كێك له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كان بوو. سودانی هه‌ر له سه‌ره‌تاوه باوه‌ڕی وابوو تاكه چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌ی نه‌وت و بودجه له‌نێوان هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵی ده‌ركردنی یاسای نه‌وت و غازی فیدراڵه، ئه‌و به‌ر له ده‌ستبه‌كاربوونی له كۆبونه‌وه‌یه‌كدا به نوێنه‌رانی كوردی وتبوو ناتوانێت بڕیاره‌كانی 15ی شوبای 2002ی دادگای فیدراڵی دژی كه‌رتی نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستان رابگرێت، باشترین چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه یاسای نه‌وت و غاز ده‌ربكرێت و له‌وێدا ده‌سه‌ڵاتی هه‌ردوو حكومه‌ته‌كه به‌سه‌ر سامانه سروشتییه‌كاندا به‌پێی ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستوردا هاتووه، دیاری بكرێت. ناوه‌ڕاستی شوباتی 2022، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق له‌سه‌ر سكاڵایه‌كی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق، یاسای نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌و هه‌رێمی پابه‌ندكرد به‌وه‌ی نه‌وت و غازه‌كه‌ی راده‌ستی به‌غداد بكات. له 25ی ئازاری 2023دا توركیا هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی بۆ به‌نده‌ری جه‌یهان راگرت، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێوده‌وڵه‌تیی پاریس و سكاڵایه‌ك كه عێراق دژی به‌كارهێنانی بۆرییه‌كانی نه‌وت بۆ هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌سه‌ر توركیای تۆماركردبوو.
درەو: كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق سەرقاڵی ئامادەكردنی خشتەیەكی زەمنیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و بۆ ئەو مەبەستەش رۆژی (30ی ئایاری 2024)ی دیاریكردووە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان. دواتر لەسەر بنەمای ئەو خشتە زەمەنییەی كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بۆ ئامادەكارییەكانی خۆی كردوویەتی، سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان مەرسومی چوارەم دەردەكات بۆ دیاریكردنی رۆژێك بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، پێشتر سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان سێ مەرسومی دیكەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەركردبوو، بەڵام هەڵبژاردن بەرێوە نەچوو. مەرسومی یەكەمی هەڵبژاردن رۆژی 24ی شوباتی 2022 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە مەرسومێك رۆژی 1ی تشرینی یەكەمی 2022ی وەكو وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاریكرد، واتە (7) مانگ بەر لە وادەی تەواوبوونی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكی هەرێم وادەی سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی دیاریكرد. مەرسومی دووەمی هەڵبژاردن 26ی مانگی ئازاری 2023، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەرسومی دووەمی دەركردو تێیدا وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانی دیاریكردەوە، ئەمجارە رۆژی 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی بۆ هەڵبژاردن دیاریكرد، واتە ئەمجارەش ماوەی 8 مانگ دەرفەت بە لایەنەكان درا بۆ ئەوەی بگەنە رێككەوتن لەسەر كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و هەمواری یاسای هەڵبژاردن لەناو پەرلەماندا، ئەم وادەیەك تێپەڕی‌و لایەنەكان بەدیاریكراویش پارتی‌و یەكێتیی نەگەیشتنە رێككەوتن. مەرسومی سێیەم هەڵبژاردن 3ی مانگی ئابی 2023 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەرسومی سێیەمی دەركردو تێیدا وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانی دیاریكردەوە، ئەمجارە رۆژی 25ی شوباتی 2024ی بۆ هەڵبژاردن دیاریكرد.
(دره‌و): محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند ده‌یه‌وێت به‌شێوه‌یه‌كی خێرا ئه‌و هێزه سه‌ربازییانه له عێراق بكشێنه‌وه كه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا سه‌رۆكایه‌تییان ده‌كات، ئه‌مه‌ش له‌رێگه‌ی دانوستانه‌وه، به‌ڵام واده‌ی كۆتایی بۆ چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان دیاری نه‌كرد. له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی هه‌واڵی (رۆیته‌رز)، سودانی ده‌ڵێ:" له‌ناو په‌ره‌سه‌ندنه ناوچه‌ییه‌كانی جه‌نگدا له غه‌ززه، بوونی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان سه‌قامگیری عێراق تێكده‌ده‌ن". بانگه‌وازه درێژخایه‌نی گروپه شیعه‌كان كه زۆرینه‌یان نزیكن له ئێرانه‌وه بۆ چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا له عێراق، به‌هێزتر بووه، ئه‌مه‌ش دوای زنجیره‌یه‌ك هێرشی ئه‌مریكا بۆسه‌ر گروپه توندڕه‌وه‌كانی وابه‌سته‌ی ئێران كه هاوكات به‌شێكن له هێزه ئه‌منییه فه‌رمییه‌كانی عێراق. ئه‌م هێرشانه كه وه‌كو وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك بوون بۆ ده‌یان هێرشی فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌كان و موشه‌ك بۆسه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مریكا، كه له‌دوای هێرشی ئیسرائیل بۆسه‌ر غه‌ززه ده‌ستیانپێكرد، مه‌ترسی ئه‌وه‌یان دروستكردووه جارێكی تر عێراق ببێته‌وه به گۆڕه‌پانی ململانێی ناوچه‌یی. رۆژی سێ شه‌ممه له چاوپێكه‌وتنێكدا له به‌غداد، سودانی به (رۆیته‌رز)ی وت:" پێویسته ئه‌م په‌یوه‌ندییه رێكبخرێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بێت به ئامانج یان به‌هانه بۆ هیچ لایه‌نێكی ناوخۆیی یان ده‌ره‌كی كه سه‌قامگیری عێراق و ناوچه‌كه تێكبدات". له‌چوارچێوه‌ی خستنه‌ڕووی ورده‌كاری به‌رایی له‌باره‌ی بۆچوونی خۆی سه‌باره‌ت به ئاینده‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیی له‌دوای راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی 5ی ئه‌م مانگه‌وه، سودانی ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد" چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی ده‌بێت دانوستانی له‌سه‌ر بكرێت و له‌چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی لێكتێگه‌یشتن و دیالۆگدا بێت". "با له‌سه‌ر چوارچێوه‌یه‌كی زه‌مه‌نیی بۆ چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی هاوپه‌یمانی رێكبكه‌وین، به‌ڕاشكاوی چونه‌ده‌ره‌وه‌یه‌كی خێرا بێت، بۆ ئه‌وه‌ی كاره‌كه دریژه‌نه‌كێشێت و هێرشه‌كان به‌رده‌وام رووبده‌ن، كۆتایهاتنی جه‌نگی ئیسرائیل له غه‌ززه مه‌ترسییه‌كانی ئاڵۆزبوونی دۆخی ناوچه‌كه راده‌گرێت" سودانی واده‌ڵێ. سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق باسله‌وه‌ده‌كات، راگرتنی جه‌نگی غه‌ززه تاكه چاره‌سه‌ره، ئه‌گه‌رنا به‌فراوانبوونی زیاتری ململانی له‌ناوچه‌یه‌كی هه‌ستیار به‌لای جیهانه‌وه ده‌بینین، كه خاوه‌نی به‌شێكی زۆری هه‌نارده‌ی وزه‌یه. پێده‌چێت كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا نیگه‌رانیی واشنتۆن زیاتر بكات سه‌باره‌ت به هه‌ژموونی ئێران به‌سه‌ر ده‌سته‌بژێری ده‌سه‌ڵاتداری عێراق. گروپه شیعه‌كان كه له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه پاڵپشتی ده‌كرێن، دوای ئه‌و له‌شكرێشییه ده‌سه‌ڵاتیان گرته‌ده‌ست، كه له ساڵی 2003دا ئه‌مریكا سه‌ركردایه‌تی كرد. وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا (په‌نتاگۆن) رۆژی دووشه‌ممه رایگه‌یاند، هیچ پلانێكی نییه بۆ كشاندنه‌وه‌ی هێزه‌كانی، كه له‌سه‌ر داوای حكومه‌ت ئه‌و وڵاته له عێراقدان. عێراق دووه‌م گه‌وره وه‌به‌رهێنی نه‌وته له‌ناو رێكخراوی ئۆپێك‌دا، له‌ریزی توندترین ره‌خنه‌گره‌كانی هێرشه‌كه‌ی ئیسرائیله بۆسه‌ر غه‌ززه، كوشتنی به‌كۆمه‌ڵی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی فه‌له‌ستینی به حاڵه‌تێكی نمونه‌یی جینۆساید ناوده‌بات، ئه‌مه‌ش بانگه‌شه‌یه‌كه كه ئیسرائیل به‌توندی ده‌كاته‌وه. به‌ڵام حكومه‌تی عێراق چه‌ندین جاری ئه‌وه‌ی دووپاتكردوه‌ته‌وه كه ئه‌و هێرشانه‌ی گروپه چه‌كداره‌كان ده‌یكه‌نه‌سه‌ر هێزه بیانی و نێرده دیپلۆماسییه‌كان له عێراق، نایاساین و پێچه‌وانه‌ن له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی وڵات و ده‌ڵێ هه‌ندێك له تاوانبارانی ده‌ستگیركردووه‌و رێگری له هێرشه‌كان كردووه. هاوكات، به‌غداد ئیدانه‌ی هێرشه‌كانی ئه‌مریكای كردووه بۆسه‌ر ئه‌و باره‌گایانه‌ی كه گروپه چه‌كداره‌كان به‌كاریده‌هێنن، به هێرشه‌كه‌ی ئه‌مدواییه‌شه‌وه دژی فه‌رمانده‌یه‌كی گه‌وره‌ی میلیشیاكان له‌ناو دڵی به‌غداددا، به‌وپێیه‌ی پێشێلكارییه‌كی قورسی سه‌روه‌ری عێراقه. ره‌خنه‌گران ده‌ڵێن، گروپه چه‌كداره‌كان له‌ناویشیاندا كه‌تیبه‌كانی حزبوڵا‌و بزوتنه‌وه‌ی نوجه‌با، پێگه‌ی خۆیان وه‌كو ئه‌ندام له‌ناو هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی وه‌كو كه‌ڤه‌ر به‌كارده‌هێنن، حه‌شدی شه‌عبی هێزێكی ئه‌منیی حكومییه‌و وه‌كو گروپێك میلیشیا له ساڵی 2014دا دروستبووه. له كاتی لێدان له هێزه‌كانی ئه‌مریكا، ئه‌م گروپانه له ده‌ره‌وه‌ی زنجیره‌ی فه‌رمانده‌یی و له‌ژێر ئاڵای موقاوه‌مه‌ی ئیسلامی عێراقدا كارده‌كه‌ن، به‌ڵام كاتێك ئه‌مریكا تۆڵه ده‌كاته‌وه، ئه‌وان زیانه‌كانیان وه‌كو ئه‌ندامی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی ئه‌ژمارده‌كه‌ن و به‌روبوومی به‌رزبوونه‌وه‌ی هه‌ستی دژایه‌تی ئه‌مریكا ده‌چننه‌وه. ئه‌و هێزانه‌ی كه ئه‌مریكا له عێراق سه‌ركردایه‌تی ده‌كردن، له ساڵی 2003دا سه‌ددام حسێنی سه‌رۆكی پیشوویان روخاند، پاشان له ساڵی 2011دا كشانه‌وه، به‌ڵام ساڵی 2014 جارێكی تر له‌چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیدا گه‌ڕانه‌وه بۆ شه‌ڕكردن دژی رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی و ئێستا ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا (2500) سه‌رباری له عێراقدا هه‌یه. له‌گه‌ڵ كه‌وتنی رێكخراوی داعشدا له ساڵی 2017 له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌و پاشه‌كشێكردنی له‌وكاته‌وه، سودانی ده‌ڵێ: ماوه‌یه‌كی زۆره هۆكاری بوونی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیی له عێراق كۆتایی هاتووه. به‌ڵام بانگه‌وازه‌كانی بۆ كشانه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه هه‌یه‌و تائێستا زۆر نه‌گۆڕاوه. له ساڵی 2020دا چه‌ند رۆژێك دوای كوشتنی ژه‌نه‌راڵی گه‌وره قاسم سوله‌یمانی و فه‌رمانده‌یه‌كی گه‌وره‌ی چه‌كدارانی عێراقی (مه‌به‌ستی ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیسه) له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه له‌هێرشێكدا له‌ده‌ره‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غداد، په‌رله‌مانی عێراق ده‌نگیدا بۆ چونه‌ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیی. ساڵی دواتریش، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كۆتایی ئه‌ركه جه‌نگییه‌كانی خۆی له عێراق هێناو ئه‌ركی خۆی گۆڕی بۆ پێشكه‌شكردنی راوێژ‌و یارمه‌تیدانی هێزه ئه‌منییه‌كانی عێراق، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێك بوو له‌سه‌ر ئه‌رزی واقع، كه‌مێك نه‌بێت، شتێكی ئه‌وتۆی نه‌گۆڕی. جه‌نگی غه‌ززه جارێكی تر پرسه‌كه‌ی هێنایه‌وه پێشه‌وه، زۆرێك له‌و گروپه عێراقییانه‌ی كه حكومه‌تی سودانییان به ده‌سه‌ڵات گه‌یاندو له تارانه‌وه نزیكن، داوایانكرد به‌شێوه‌ی كۆتایی هه‌موو هێزه بیانییه‌كان له‌عێراق بچنه‌ده‌ره‌وه، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكه كه ماوه‌یه‌كی زۆره ئێران و هاوپه‌یمانه ناوچه‌ییه‌كانی هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ن. حه‌سه‌ن نه‌سروڵا ئه‌مینداری گشتیی حزبوڵای لوبنان رۆژی هه‌ینی له‌وتارێكدا وتی: هێرشه‌كانی ئه‌مریكا له عێراق ده‌بێت رێگا خۆش بكات بۆ كشانه‌وه‌ی كۆتایی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له عێراق، ئه‌مه واده‌كات بوونی ئه‌مریكا له باكوری خۆرهه‌ڵاتی سوریاش قبوڵكراو نه‌بێت. سودانی وتی هه‌وڵ بۆ چونه‌ده‌ره‌وه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیی ده‌دات، چونكه عێراق ئێستا ده‌توانێت به‌رگری به‌خۆی بكات دژی تیرۆر‌و پێویسته سه‌روه‌ریی ته‌واوی خۆی به‌سه‌ر خاكه‌كه‌یدا هه‌بێت، به‌مه‌ش دوربكه‌وێته‌وه له‌وه‌ی بیانوو بداته ده‌ست هه‌ر كه‌سێك بۆ راكێشانی عێراق بۆ ناو ململانێی ناوچه‌یی. " كۆتایهێنان به بوونی هاوپه‌یمانان رێگری ده‌كات له ئاڵۆزی زیاتر‌و تێكه‌ڵبوونی پرسه ئه‌منییه ناوخۆیی و ناوچه‌ییه‌كان" سودانی وا ده‌ڵێ. ئاماژه به‌وه ده‌كات، عێراق كراوه‌یه بۆ دامه‌زراندنی په‌یوه‌ندی دووقۆڵی وهاوكاری ئه‌منیی له‌گه‌ڵ وڵاتانی هاوپه‌یمانیدا، له‌ناویشیاندا ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌مه‌ش راهێنان و راوێژكردن به هێزه ئه‌منییه‌كانی عێراق و كڕینی چه‌ك له‌خۆبگرێت. سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق وتی:" ئه‌مریكا دوژمنی ئێمه نییه‌و ئێمه‌ش له‌حاڵه‌تی جه‌نگدا نین له‌گه‌ڵ ئه‌ودا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م ئاڵۆزیانه به‌رده‌وام بن، به‌دڵنیایی كاریگه‌رییان ده‌بێت و كه‌لێن له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا دروستده‌كه‌ن". راپۆرتی ئاژانسی (رۆیته‌رز)
(دره‌و) خشته‌ی بودجه‌ی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2024 ئاماده ده‌كرێت، وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌شداری له كۆبونه‌وه‌كه‌دا كردووه، ئاماده‌یی هه‌رێمی نیشانداوه بۆ هه‌نارده‌كردنی (400 هه‌زار) به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه. محه‌مه‌د عه‌لی ته‌میم وه‌زیری پلاندانانی عێراق كه هاوكات جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانیشه، له باره‌گای وه‌زاریه‌تی نه‌وت له به‌غداد سه‌رۆكایه‌تیی كۆبونه‌وه‌یه‌كی كرد كه هه‌ریه‌كه له حه‌یان عه‌بدولغه‌نی وه‌زیری نه‌وت و ته‌یف سامی وه‌زیری دارایی له حكومه‌تی فیدراڵ و كه‌مال محه‌مه‌د وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به وه‌كاله‌ت له‌گه‌ڵ وه‌فدیكی هاوڕێیدا، تێیدا به‌شداربوون، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی له هه‌ردوو وه‌زاره‌تی نه‌وت و سامانه سروشتییه‌كان وه‌زاره‌تی دارایی عێراق. به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی نه‌وت، له‌م كۆبونه‌وه‌یه‌دا گفتوگۆ له‌باره‌ی میكانیزمه‌كانی ئاماده‌كردنی خشته‌ی بودجه‌ی گشتیی بۆ ساڵی 2024 به هه‌ردوو بواری به‌كاربردن و وه‌به‌رهێنانه‌وه، له‌به‌ر رۆشنایی نرخی نه‌وت و داهاتی پێشبینیكراوی ئه‌مساڵدا. له‌م كۆبونه‌وه‌یه‌دا، وه‌زیری پلاندانانی فیدراڵ وتویه‌تی: حكومه‌ت سوره له‌سه‌ر ته‌واوكردنی ئه‌م خشته‌یه له‌چوارچێوه‌ی بودجه‌ی ئه‌مساڵدا، له زووترین كات و ناردنی بۆ په‌رله‌مان به‌مه‌به‌ستی په‌سه‌ندكردن، به له‌به‌رچاوگرتنی بری نه‌وتی هه‌نارده‌كراو به پشكی هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه، هه‌روه‌ها پابه‌ندبوونی عێراق به پشكی دیاریكراوی وه‌به‌رهێنان له‌لایه‌ن رێكخراوی ئۆپێك پڵه‌سه‌وه. حه‌یان عه‌بدولغه‌نی وه‌زیری نه‌وتیش باسی له بایه‌خی بودجه كردووه كه ده‌خوازێت خشته‌كانی خه‌رجی و داهاتی دارایی بۆ ته‌واوبكرێت، رایگه‌یاندووه" وه‌زاره‌تی نه‌وت هه‌وڵی زۆر ده‌دات بۆ فه‌راهه‌مكردنی باشترین بارودۆخ بۆ وه‌به‌رهێنان و گواستتنه‌وه‌ی نه‌وت و به‌ده‌ستهێنانی داهاتی گونجاو بۆ پاره‌داركردنی بودجه. ته‌یف سامی وه‌زیری دارایی فیدراڵ ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، وه‌زاره‌ته‌كه‌ی سوره له‌سه‌ر به‌دیهێنانی هاوسه‌نگیی له بودجه‌و پاره‌داركردنی پێویست بۆ به‌شه‌كانی خه‌رجی حاكیمه‌و خه‌رجییه بنه‌ڕه‌تییه‌كان، چ له لایه‌نی خه‌رجی به‌كاربردن یان وه‌به‌رهێنانه‌وه. كه‌مال محه‌مه‌د وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌وه‌كاله ئاماده‌یی هه‌رێمی كوردستانی نیشانداوه له‌بواری هه‌نارده‌ی نه‌وت، به‌پێی ئه‌وه‌ی یاسای بودجه بڕیاری له‌سه‌رداوه. هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له 25ی ئازاری 2023وه راوه‌ستاوه‌و سه‌رباری چه‌ند دانوستانێك له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غداد هێشتا هه‌نارده‌ی ده‌ستی پێنه‌كردوه‌ته‌وه. نه‌وت به‌ر له راگرتنی له‌لایه‌ن توركیاوه، رێژه‌ی نزیكه‌ی 80%ی داهاتی حكومه‌تی هه‌رێمی پێكده‌هێنا، دوای راگرتنی، حكومه‌تی هه‌رێم له‌چوارچێوه‌ی یاسای بودجه‌ی فیدراڵ‌دا قایل بووه به‌وه‌ی رۆژانه 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستی كۆمپانیای به‌بازاڕخستی نه‌وتی عێراق بكات به‌مه‌به‌ستی فرۆشتنی، به‌جۆرێك داهاتی نه‌وته‌كه‌ش نه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ حكومه‌تی هه‌رێم و راسته‌وخۆ بچێته بانكی ناوه‌ندیی عێراقه‌وه، هه‌موو ئه‌مه‌ش ته‌نیا له‌پێناو ئه‌وه‌ی حكومه‌تی فیدراڵ ئه‌و به‌شه بودجه‌ی بۆ خه‌رج بكات كه له یاسای بودجه‌دا بۆی دیاریكراوه. له كۆتاییه‌كانی حوزه‌یرانی 2023وه یاسای بودجه‌ی فیدراڵ چوه‌ته بواری جێبه‌جێكردن، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێم هێشتا پشكی خۆی له بودجه‌كه وه‌رنه‌گرتووه‌و ده‌یه‌وێت ئه‌مساڵ و له‌چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵ، یاسای بودجه هه‌موار بكاته‌وه‌و كۆتایی به ناكۆكییه داراییه‌كه بهێنێت.
(دره‌و): وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌غداده‌وه گه‌ڕاونه‌ته‌وه هه‌رێمی كوردستان، به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانی (دره‌و)، بڕیاره وه‌فده‌كه هه‌فته‌ی داهاتوو جارێكی تر بگه‌ڕینه‌وه بۆ به‌غداد. له‌دوای گه‌ڕانه‌وه، ئه‌ندامانی وه‌فدی هه‌رێم خۆیان له هه‌ر جۆره قسه‌و لێدوانێك له‌باره‌ی كرۆكی دانوستانه‌كه‌یان ده‌پارێزن، ئه‌و دوو رۆژه‌شی كه له به‌غداد بوون، هیچ قسه‌یه‌كیان بۆ میدیاكان نه‌كردووه. سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له په‌رله‌مانی عێراق به (دره‌و)ی راگه‌یاند، وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێم ره‌زامه‌ندی نیشان داوه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی خه‌رجی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێمی كوردستان له بودجه‌ی گشتیی عێراقدا له‌چوارچێوه‌ی خه‌رجی راسته‌قینه‌دا بمێنێته‌وه، به‌ڵام خه‌رجی موچه‌ی موچه‌خۆران (موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران- خانه‌نشینان- پێشمه‌رگه) كه به تێكڕا بۆ ساڵێك له بودجه‌دا به بڕی (10 ترلیۆن و 867 ملیار) دیناره دانراوه و بۆ هه‌ر مانگێك بڕی (906 ملیار) دیناره، بخرێته ناو خه‌رجی حاكیمه‌وه. به‌پێی زانیارییه‌كان، محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بیرۆكه‌یه‌كی هه‌یه هاوشێوه‌ی خه‌رجی موچه‌ی هه‌رێمی كوردستان، خه‌رجی موچه‌ی عێراقیش به‌هه‌مانشێوه بخرێته چوارچێوه‌ی خه‌رجی حاكیمه‌وه (تێكڕای خه‌رجی موچه‌ی عێراق له یاسای بودجه‌دا بڕی 76 ترلیۆن دیناره). خەرجی حاكیمە ئه‌م جۆره خه‌رجیانه ده‌گرێته‌وه: • كارتی كۆبوونی خۆران • خەرجی كشێه‌ی ناكۆكی موڵكایه‌تیی • دەرمان • پاڵپشتی گەنم و جۆ • هاوردەكردنی وزە • سەرژمێری دانیشتوان • خەرجی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان یاسای بودجه‌ی گشتی عێراق كه بۆ سێ ساڵه (2023-2024-2025) له كۆتاییه‌كانی حوزه‌یرانی 2023 كه‌وته بواری جێبه‌جێكردن، یاساكه پشكی هه‌رێمی كوردستانی له‌چوارچێوه‌ی خه‌رجی راسته‌قینه‌ی عێراق دیاریكردووه، له‌گه‌ڵ به‌ركاربوونی یاساكه‌دا حكومه‌تی هه‌رێم بۆی ده‌ركه‌وت پشكی مانگانانه‌ی زۆر كه‌متره له‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی كردووه، به‌تایبه‌تیش بۆ مانگه‌كانی سه‌ره‌تای به‌ركاربوونی یاسای بودجه، كه خه‌رجی راسته‌قینه‌ی عێراق كه‌مبوو، به‌هۆیه‌وه پشكی هه‌رێم بۆ هه‌ر مانگێك له (580 ملیار) دیناردا راده‌وه‌ستا، ئه‌مه‌ش بڕه پاره‌یه‌ك بوو كه به‌ته‌نیا به‌شی دابینكردنی خه‌رجی موچه‌ی هه‌رێمی نه‌ده‌كرد كه بۆ هه‌ر مانگێك (913 ملیار) دیناره. كه‌می پشكی هه‌رێم له كۆی خه‌رجی راسته‌قینه‌ی عێراق وایكرد، حكومه‌تی هه‌رێم ناڕه‌زایه‌تی ده‌رببرێت، به‌وهۆیه‌وه مادده‌كانی تایبه‌ت به پشكی هه‌رێم له‌یاسای بودجه به هه‌ڵپه‌سێردراوی مانه‌وه‌و حكومه‌تی عێراق تا چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه له‌كۆتاییه‌كانی 2023دا بۆ ماوه‌ی سێ مانگ و بۆ هه‌ر مانگێك بڕی (700 ملیار) دیناری بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به حكومه‌تی هه‌رێم دا. رۆژی 18ی ئۆكتۆبه‌ری 2023 وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێم به سه‌رۆكایه‌تی ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی و وه‌فدی حكومه‌تی عێراق به سه‌رۆكایه‌تی ته‌یف سامی وه‌زیری دارایی عێراق چوونه به‌رده‌م لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق، لێره‌و هه‌ردوو حكومه‌ت گه‌یشته رێككه‌وتن له‌سه‌ر هه‌مواری یاسای بودجه‌ی فیدراڵ، به‌جۆرێك موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له خه‌رجی راسته‌قینه‌ی عێراق جیابكرێته‌وه‌و له ململانێ سیاسییه‌كان دووربخرێته‌وه. به‌مدواییه محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری مامۆستایانی ناڕازیی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، تاوه‌كو رۆژی 9ی مانگ واتا ئه‌مڕۆ، ره‌شنوسی هه‌مواری یاسای بودجه ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان بكات به‌مه‌به‌ستی په‌سه‌ندكردنی له‌ماوه‌ی 45 رۆژدا، به‌ڵام تائێستا ره‌شنوسه‌كه ئاماده نه‌كراوه‌و له‌لایه‌كی تریشه‌وه په‌رله‌مان كێشه‌ی به‌تاڵبوونی پۆستی سه‌رۆكی هه‌یه‌و ناتوانێت هیچ دانیشتنێك بكات به‌بێ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكێكی نوێ له شوێنه‌كه‌ی محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی له‌كارلادراو، به‌پێی قسه‌ی ژماره‌یه‌ك له په‌رله‌مانتاران پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌كه‌وێته هه‌فته‌ی داهاتوو، ئه‌گه‌ر لایه‌نه سوننه‌كان له‌ناو خۆیان و له‌گه‌ڵ كوتله شیعه‌و كورده‌كان له‌لایه‌كی تر له‌سه‌ر كاندیدی سه‌رۆكی په‌رله‌مان بگه‌نه رێككه‌وتن، واتا درێژه‌كێشانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكێكی نوێ بۆ په‌رله‌مان، كاریگه‌ری راسته‌وخۆ له‌سه‌ر بابه‌تی هه‌مواری یاسای بودجه ده‌بێت كه حكومه‌تی هه‌رێم ده‌یه‌وێت به‌زوترین كات كۆتایی بێت. ته‌نیا به جیاكردنه‌وه‌ی خه‌رجی موچه له خه‌رجی راسته‌قینه‌ی عێراق له‌چوارچێوه‌ی هه‌مواری یاسای بودجه‌دا، كێشه داراییه‌كانی نێوان هه‌ولێرو به‌غداد كۆتایی نایه‌ت، به‌تایبه‌تیش كه هه‌ردوولا له‌یاسای بودجه‌دا له‌باره‌ی خه‌رجی وه‌به‌رهێنانو گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم ناكۆكن و به‌پێی زانیارییه‌كان له‌م دانوستانه نوێیه‌دا وه‌فدی هه‌ردوو حكومه‌ت گفتوگۆی له‌باره‌وه ده‌كه‌ن.
(دره‌و): له سبه‌ینێوه گه‌ڕێكی نوێی كێشمه‌كشێش له‌نێوان مامۆستایانی ناڕازیی و وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌دا ده‌ستپێده‌كات، وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێم له به‌غداده، په‌روه‌رده‌كانی سنوری زۆنی سه‌وز رۆژی 9ی مانگیان بۆ كۆتایهێنان به بایكۆتی مامۆستایان دیاریكردووه، رۆژی 9ی مانگ پشووی په‌رله‌مانی عێراق كۆتایی دێت، سودانی به‌ڵێنیداوه پرۆژه‌ی هه‌مواری یاسای بودجه ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان بكات به‌مه‌به‌ستی په‌سه‌ندكردن. ئه‌مڕۆ ئالان حه‌مه‌ساڵح وه‌زیری په‌روه‌رده نوسراوێكی كرد، تێیدا ره‌زامه‌ندی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی راگه‌یاند بۆ جێبه‌جێكردنی دووان له داواكارییه‌كانی مامۆستایانی مانگرتوو، به‌ڵام دوای هه‌مواری یاسای بودجه‌ی فیدراڵی و ناردنی شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و دوو داواكارییه‌ش: • ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پله به‌رزكردنه‌وه‌ی مامۆستایان كه له كۆتایی 2015وه راگیراوه. • به‌گرێبه‌ستكردنی مامۆستایانی وانه‌بێژی دانه‌مه‌زراو به‌پێی رێنمایی وه‌زاره‌تی دارایی. مامۆستایانی ناڕازیی دوای ده‌رچوونی نوسراوه‌كه‌ی وه‌زیر، به‌په‌له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییان رێكخست، ره‌تیانكرده‌وه جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانیان ببه‌سترێت به هه‌مواری یاسای بودجه‌ی فیدراڵییه‌وه، چونكه به‌وته‌ی ئه‌وان كه‌س نازانێت ئه‌و هه‌موار كه‌ی ده‌كرێت، جه‌ختیان له‌سه‌ر به‌رده‌وامیدان به بایكۆتی پرۆسه‌ی خوێندن كه كه له‌سه‌ره‌تای خوێندنی 2023-2024وه به‌رده‌وامه، له‌مه‌ش زیاتر به‌ڵێنیان داوه سبه‌ینێ ده‌ست به‌خۆپیشاندان بكه‌نه‌وه. له‌به‌رامبه‌ردا، له‌به‌ر رۆشنایی نوسراوه‌كه‌ی وه‌زیردا، په‌یتا په‌یتا په‌روه‌رده‌كانی سنوری ناوچه‌ی ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتیی (پارێزگاكانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌ردوو ئیداره‌ی گه‌رمیان و راپه‌ڕین) نوسراو ده‌رده‌كه‌ن و رۆژی 9ی ئه‌م مانگه‌یان وه‌كو واده‌ی شكاندنی بایكۆت بۆ مامۆستایان دیاریكردووه. ئه‌مه سێیه‌م جاره وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی هه‌وڵی شكاندنی بایكۆت له زۆنی سه‌وز ده‌ده‌ن، له‌دوو جاری رابردوودا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون. رۆژی 9ی ئه‌م مانگه پشووی یاسادانانی په‌رله‌مانی عێراق كۆتایی دێت، به‌مدواییه نوێنه‌ری مامۆستایانی ناڕازیی له به‌غداد چاویان به محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كه‌وت، له‌م دیداره‌دا سودانی به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی پێدان كێشه‌ی موچه‌ی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران چاره‌سه‌ر بكات، ئه‌مه‌ش له‌رێگه‌ی جیاكردنه‌وه‌ی خه‌رجی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له خه‌رجی راسته‌قینه‌ی عێراق و دانانی له‌چوارچێوه‌ی خه‌رجییه سیادییه‌كاندا. ئه‌و دیداره‌دا سودانی به نوێنه‌ری مامۆستایانی ناڕازیی هه‌رێمی وتبوو، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی فیدراڵ تاوه‌كو رۆژی 9ی ئه‌م مانگه ره‌شنوسی هه‌مواری یاسای بودجه ته‌واو ده‌كات و ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی 45 رۆژدا په‌سه‌ندی بكات. له كۆتایی حوزه‌یرانی 2023وه یاسای بودجه‌ی سێ ساڵه‌ی عێراق (2023-2024-2025) چوه‌ته بواری جێبه‌جێكردن، به‌ڵام مادده‌كانی تایبه‌ت به پشكی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ نه‌كراون، حكومه‌تی هه‌رێم ناڕازیی بوو له‌وه‌ی پشكی هه‌رێم له‌كۆی خه‌رجی راسته‌قینه‌ی عێراق دیاری كرابوو، دوای زنجیره‌یه‌ك دانوستان هه‌ولێرو به‌غداد گه‌یشتنه رێككه‌وتن له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م بابه‌ته له‌رێگه‌ی هه‌مواری یاسای بودجه‌وه. حكومه‌تی هه‌رێم ته‌نیا بۆ موچه‌ی موچه‌خۆران، مانگانه پێویستی به (913 ملیار) دیناره، به‌هۆی جێبه‌جێنه‌كردنی یاسای بودجه‌وه، له‌دوای حوزه‌یرانی 2023وه حكومه‌تی عێراق به‌شێوه‌ی قه‌رز بۆ ماوه‌ی سێ مانگ و بۆ هه‌ر مانگێك بڕی (700 ملیار) دیناری بۆ حكومه‌تی هه‌رێم نارد، به‌م قه‌رزه‌شه‌وه كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم به سێ مانگ قه‌رزی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانه‌وه ماڵئاوایی له ساڵی 2023 كرد‌و ئێستا ده‌یه‌وێت له‌رێگه‌ی هه‌مواری یاسای بودجه‌وه چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌م قه‌یرانه بدۆزێته‌وه. له‌دوێنێوه وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێم به سه‌رۆكایه‌تی ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی چوه‌ته به‌غداد بۆ گفتوگۆ له‌باره‌ی هه‌مواری یاسای بودجه‌و یاسای نه‌وت و غاز‌و پرسی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم كه له 25ی ئازاری 2023وه راوه‌ستاوه‌و بووه‌ته‌هۆی له‌ده‌ستدانی نزیكه‌ی 80%ی داهاتی حكومه‌تی هه‌رێم. داواكاری مامۆستایانی ناڕازیی ته‌نیا ئه‌و دوو داواكارییه نییه كه وه‌زیری په‌روه‌رده ئه‌مڕۆ له نوسراوه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی بۆ كردووه، به‌گشتی مامۆستایانی ناڕازیی كه بایكۆتی پرۆسه‌ی خوێندنیان كردووه‌و بایكۆته‌كه‌یان ته‌نیا سنوری زۆری سه‌وزی گرتوه‌ته‌وه، ئه‌م (5) داواكارییه‌یه. ١ــ دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مەدەنی. ٢ ــ دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ. ٣ ــ دیاری کردنی چارەنوسی موچە پاشەکەوتکراوەکان و ئەو بڕە پارانەی بەناوی پاشەکەوت و لێبڕین و خۆگونجاندن و شایستە داراییە خەرج نەکراوەکان لەمووچەکانمان بڕاوە . ٤ــ پێدانی موچە کە له ٣٠ ڕۆژ جارێک تێنەپەڕێت . ٥ــ حکومەتی هەرێم ڕێگری نەکات لەوەی لە هەمواری پڕۆژە یاسای بودجەی عێراقیدا موچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم بەشێوەی ڕاستەوخۆ للایەن بانکە حکومیەکانی حکومەتی عێراقەوە دابەشبکرێ.
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو) بە درێژایی مێژوو, یەکێک لە کارە ھەرەسەرکییەکانی مرۆڤ ئەوەبووە ھەوڵی باشترکردنی جیھان بکات، دەسکاریی ڕووکارە خراپەکانی جیھان بکات و بەشداربێت لە گۆرانیدا بەرەو جیھانێکی باشتر و ئینسانی‌تر. بەڵام پێدەچێت ئەرکی سەرەکیی بەشێکی زۆری مرۆڤەکان لە ئێستادا، بە تایبەتی لەو بەشەی جیھاندا کە ناوی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستی لێنراوە، ئەوەبێت رێ لەوەبگرن شتەکانی ناو ئەو جیھانە، ناو ئەو ژینگەیەی تیایدا دەژین، بشکێن و وێرانببن و لەناوبچن. لەم سەردەمی جەنگ و کوشتن و درۆن و خێمە و رق و بوغز و دوژمنایەتییە گەورانەدا، کە ھەندێکیان لەناو سیاسەتەوە دێن، ھەندێکیان لەناو دینەوە و ھەندێکی تریشیان لەناو لەدەستدانی لانی ھەرةکەمی ڕێز بۆ ژیان، دۆخێکی تەواو ترسناک دروستبووە. کوشتن بە ژمارەی گەورە، بۆمبارانکردنی ڕۆژانە، تەعەداکردنە سەر ژیان، تاوانی جەنگ، بوون بە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانە. لەم دۆخەدا ئەوەی مرۆڤ دەگۆرێت بۆ مرۆڤێک بەلانی ھەرەکەمی بەرپرسیاریەتيەوە، بەرگریکردنە لە دوو شت: بەرگریکردن لە خودی مرۆڤ خۆی وەک مرۆڤ و بەرگریکردن لە ژیان خۆیشی وەک ژیان. لە ئێستادا ئەم دوو ڕەھەندە بنەڕەتییەی بوون لەژێر ھەڕەشەی ھەمەجۆر و گەورەدان. ئەو بڕە گەورەیە لە رق و بوعز و دوژمنایەتی کە دروستکراوە، بەشی ئەوەدەکات ژیانی سەدەھا ملیۆن مرۆڤ وێرانبکات. ھێزگەلی وا ھەیە، جگە لە دۆست و ئەندام و ھەوادارەکانی خۆی، ئامادەیە ھەموو ئەوانیتر بە زیندوویی بۆ جەھەنەم بنێرێت. ئەو جەھەنەمەی لە ئێستادا لە غەزەدا دروستکراوە و ئەو جەھەنەمانەی تریش لەم دوو دەیەی دواییدا لە سوریا و لیبیا و یەمەن و عێراق و ئێران و تورکیا و لوبناندا بەرزکراونەتەوە، شایەتی لەم ڕاستییە ترسناکە، ئەدەن. ملیۆنان مرۆڤ لەدەستی کوشتن و برسیەتی و تەعەدا ھەڵدێن، ماڵیان نەماوە و لەناو خێمە و کەمپە گەورەکاندا دەژین. ڕۆژگارێک دروستبووە تیایدا بە ئاسانی شتەکان دەشکێن، ئەوەی مرۆڤ بەدەیان ساڵ دروستیدەکات دەکرێت لە چەند چرکەیەکی کەمدا وێرانبکرێت، توانای ئەوە دروستبووە لە دووری سەدەھا کیلۆمەتر و لە پشتی شاشەی کۆمپیوتەرەکانەوە، تاوانی جەنگ ئەنجامبدرێت و ژیانی ئەوانەش وێرانبکرێت کە ھێشتا لەدایکنەبوون. لە زۆر سەرەوە ھیچ سەردەمێک لە مێژووی مرۆڤدا بە ڕادەی ئەم سەردەمە پێویستی بەوە نەبووە مرۆڤ بەرگریی لە مانەوە و پاراستنی خۆی وەک مرۆڤ و لە پاراستنی ژیان لە سادەترین مانایدا، بکات. لە ڕاستیدا ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین چەندەھا شت ھەیە پێویستیان بەوەیە بپارێزین و بەرگریان لێبکرێت بۆئەوەی بتوانن بمێننەوە و لەناونەچن، چونکە شکاندن و لەناوبردنیان ھەم ئاسانە و ھەم ئەگەرێکی گەورەیە. یەکێک لەو شتانە کە پێویستی بە بەرگریلێکردنێکی بەردەوام ھەیە، بۆ نموونە، ژیانی ئەو جۆرە مرۆڤانەیە کە لە دۆخی کەمینەبووندان، کەمینەی ئەتنی یان نەتەوەیی یان رەگەزیی یان ئایدیۆلۆژیی یان دینیی، بە تایبەتی لەم بەشەی جیھاندا کەناوی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستی لێنراوە و بەشێکی زۆری سیستمە سیاسییەکانی، سیستمی کەمینەیەکی توندڕە و توڕە و ڕقاوییە، کە بەناوی زۆرینەیەکی وەھمی و خورافییەوە، حوکمدەکات. ئەم دۆخە بە ئاستێک گەیشتوە مرۆڤ بۆئەوەی مرۆڤبوونی خۆی بپارێزێت، پێویستی بە پاراستنی دەیان شت لە دەرەوەی خودی خۆیدا ھەبێت. یەکێک لەو ڕێگایانەی دەکرێت مرۆڤ لە ڕێگایەوە خۆی بپارێزێت و نەبێت بە بەشێک لە ھێزە تاریک و وێرانکەرەکانی ناوچەکە، ئەوەیە کار لەسەر کەسایەتی خۆی بکات و خۆی وەک بوونەوەر و مرۆڤێکی سەربەخۆ دابھێنێت و دروستبکات. ئازادییەکی ناوەکیی ھەبێت کە دەستی ھیچ ھێزێکی نەگاتێ، ھیچ چاوساغێکی سیاسیی و ئەخلاقیی و دینیی نەتوانێت سنورەکانی ببڕێت. بەڵام مرۆڤ بۆئەوەی ببێت بە کەسێکی سەربەخۆ و ئازاد، پێویستی بەوەیە ھۆشیاربێت بەرامبەر بەوەی کە لە دەرەوەی ئەودا جیھانێک ھەیە پڕ لە کەسان و بوونەوەران و ژیانی تر. ئەو جیھانەش پێویستی بەوە بۆ مانەوەی. ھۆشیارییەک پاراستنی شتەکانی ناو ئەو جیھانە، بەشێکە لە پاراستنی خود خۆی و بەشێکە لە کردەی دروستکردنی ئەو خودە سەربەخۆ و ئازادە، خۆیشی. ئازادیی ناوەکیی مانایەکی نابێت گەر گرێنەدرێت بە بەرپرسیارێتی دەرەکییەوە، مرۆڤ بۆئەوەی بتوانێت بوونەورێکی ئازادبێت پێویستی بەوەیە ھەم کەسێکی سەربەخۆبیت، ھەم خاوەن رۆڵێکی بەرپرسیارانە بيت لەو ژینگەیەدا کە تیایدا دەژیی. ئەو ئاسۆ ئەخلاقییەش کە مرۆڤ لە دۆخێکی لەو بابەتەدا پێویستیی پێیەتیی، بەیەکەوەگرێدانی ئەو سەربەخۆییە ناوەکییە و ئەو بەرپرسیاریەتییە دەرەکییەیە بەرامبەر بە جیھان. سۆکرات، فەیلەسوفی یۆنانی، بە مرۆڤ دەڵێت پێویستە ئاگاداری رۆحت بیت، بەڵام ئاگاداربوون لەو رۆحە، بەبێ ئاگاداربوون لە جیھانی دەرەوە، بەبێ ئاگاداربوون لەو ژینگەیەی مرۆڤ تیایدادەژیی، یان بەبێ ئاگاداربوون لەو کەسانەی ژیانیان لەگەڵدا بەشدەکات، ئاگاداربوونێکی نووقسان و بێدەرەنجامە. بە کورتییەکەی، مرۆڤ لەم ساتەدا پێوستی بەوەیە لەیەککاتدا ھەم ئازادیی ناوەکیی ھەبێت و سەربەخۆبیت، ھەم توند بەو ژینگەیەوە گرێدرابیت کە بە ھەموو مەترسییەکانییەوە، تیایدادەژی. بەبێ گرێدانێکی بەھێزی ئەم دوو رەھەندە بەیەکەوە، توانای وێرانکردن ڕوو لە زیادبوون و گەورەتربوون و ھەمەلایەنتر، دەبێت. ھەنگاوی ژمارە یەکیش لەم ھاوکێشە دووجەمسەریەدا بریتییە لە ئامادەگیی دیدگایەکی ئەخلاقیی کە مرۆڤەکان وەک بوونەوەری یەکسان بەیەکتری ببینێت، ئەو لانیکەمە لە رێز و دانپیانان مەیسەربکات کە ژیانی مرۆڤەکان لەسەر ئەم ھەسارەیە، پێوستیی پێیەتی. لە ئێستادا مرۆڤی ئەم دەڤەرە لەبەردەم دوو جۆر لە بەرپرسیاریەتيدایە، یەکەمیان بەرپرسیاریەتی بەرامبەر بە خودی خۆی و دروستکردنی کەسایەتی خۆی وەک خودێکی ناوەکیی سەربەخۆ و ئازاد، لە دەرەوەی کۆی ئەو ھێزە ناشرینانەدا کە ھەن و کاردەکەن. دووھەمیان، بەرپرسیاربوونی دەرەکیی بەرامبەر بەو جیھانەی لەناویدا دەژیی و پاراستنی شتەکانی ناوی لە شکاندن و وێرانکردن. لەناو ئەو ھەموو میلیشیا و گروپە چەکدار و دوژمنکارانەدا کە لەم ناوچەیەدا ھەن و بەردەوامیش لە زیادبووندان، لەناو ئەو سیستمە سیاسیە تاکڕە و پڕ چەکانەشدا کە پەلاماری ھەمووشتێک ئەدەن لەگەڵ قازانجی رۆژانە و ھێڵی بیرکردنەوەی خۆیاندا نەگونجێت، لەناو ئەو تەماحە زۆر و گەورەیەی حوکمڕانیکردنی ئەبەدیشدا، لە بێشکەوە تا قەبر، ھەردوو ئەرکەکەی مرۆڤبوون لە ڕادەبەدەر زەحمەتکراوە. ھەم ئەرکی خۆدروستکردن و خۆداھێنان وەک کەسێکی سەربەخۆ و ئازاد زەحمەتە، ھەم ئەرکی بەرپرسیاربوون بەرامبەر بەو جیھانەی لەناویدا دەژین و ئەو شتانەیش لەبەردەم ھەڕەشەی شکاندن و لەناوچووندان. لەوکاتەدا کە درۆن گۆڕاوە بۆ رەمزی تەکنۆلۆژیای تازەی کوشتن و لەناوبردن، خێمەش بووە بە رەمزی ژیانی ئەو ملیۆنەھا مرۆڤانەی ماڵیان لێسەندراوەتەوە. درۆن وەک داھێنانێکی تەکنۆلۆژیی تازە و خێمەش وەک یەکێک لە کۆنترین ئەو شوێنانەی مرۆڤ ناچاربووە لەناویدا بژیی.
(دره‌و): حكومه‌تی عێراق له‌چوارچێوه‌ی یاداشتنامه‌یه‌كدا نه‌وت به 16 دۆلار كه‌متر له نرخی بازاڕی جیهانی به ئوردن ده‌فرۆشیت، ژماره‌یه‌ك كه‌س ئه‌مه به هه‌ده‌ردانی سامانی وڵات ناوده‌به‌ن و له دادگای فیدراڵی سكاڵایان دژی محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیران تۆماركردووه، دادگای ئه‌مڕۆ سكاڵامه‌ی ره‌تكرده‌وه. دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سكاڵایه‌كی ره‌تكرده‌وه كه (7) كه‌س له‌سه‌ر محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیران تۆماریان كردبوو. سكاڵاكاره‌كان له سكاڵاكه‌یاندا داوا له دادگای فیدراڵی ده‌كه‌ن بڕیارێك هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه كه له 1ی شوباتی 2021دا ده‌ریكردووه بۆ درێژكردنه‌وه‌ی رێكككه‌وتنی عێراق- ئوردن، به‌گوێره‌ی ئه‌م رێككه‌وتنه نه‌وتی عێراق به نرخیكی هه‌رزانتر ده‌درێت به ئوردن، به‌جۆرێك رۆژانه (10 هه‌زار) به‌رمیلی نه‌وتی پێبدرێت به كه‌متر له (16) دۆلار له نرخی بازاڕ. سكاڵاكاره‌كان له سكاڵاكه‌یاندا پشتیان به راگه‌یه‌ندراوێكی كۆمپانیای به‌بازاڕخستنی نه‌وتی عێراق "سۆمۆ" به‌ستوه كه رۆژی 2ی حوزه‌یرانی 2022 بڵاویكردوه‌ته‌وه‌و تێیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، نرخی نه‌وتی هه‌نارده‌كراو بۆ ئوردن گه‌یشتوه‌ته (97) دۆلار، ئه‌مه له‌كاتێكدایه له‌وكاته‌دا نرخی به‌رمیلێك نه‌وت (113) دۆلار بووه. ئه‌م كه‌مكردنه‌وه‌ی نرخه بۆ ئوردن، به‌بۆچوونی سكاڵاكاره‌كان به‌هه‌ده‌ردانی سامانی وڵات و رۆڵه‌كانی عێراقه، یه‌كێك له‌وانه‌ی سكاڵاكه‌ی تۆماركردووه نوێنه‌ری ده‌رچوانی دانه‌مه‌زراوه‌و خۆی وه‌كو زه‌ره‌رمه‌ند له‌و بڕیاره‌ی حكومه‌تی عێراق نیشان ده‌دات. سكاڵاكاره‌كان داوایانكردووه كۆپییه‌كی رێككه‌وتنی عێراق و ئوردن ئاڕاسته‌ی دادگای فیدراڵی بكرێت و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایانه، دادگا بڕیار بدات به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی رێككه‌وتنه‌كه یان هه‌مواركردنه‌وه‌ی، به‌وپێیه‌ی ئه‌م رێككه‌وتنه بۆ هه‌نارده‌ی نه‌وت به نرخێكی كه‌متر بۆ ئوردن مانگانه بڕی (198 ملیار) دینار زیان له عێراق ده‌دات. بریكاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق له رۆژی 17ی نیسانی 2023دا گه‌ڵاڵه‌نامه‌یه‌كی بۆ دادگا ناردووه‌و تێیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، بابه‌تی تانه‌دان له (یاداشتی لێكتێگه‌یشتنی پێدانی نه‌وتی خاو له‌نێوان حكومه‌تی كۆماری عێراق و حكومه‌تی شانشینی ئوردنی هاشمی) یاسا یان په‌یڕه‌و نییه، بۆیه كاری دادگا نییه ته‌ماشای ئه‌م بابه‌تانه بكات و سه‌رباری ئه‌مه‌ش، ئه‌وانه‌ی سكاڵایان كردووه به‌رژه‌وه‌ندییان نییه له به‌رزكردنه‌وه‌ی سكاڵاكه‌یاندا. "یاداشتنامه‌كه له‌نێوان وه‌زیری نه‌وتی عێراق و وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كانی ئوردن ئیمزاكراوه‌و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقیش پشتبه‌ست به ده‌سه‌ڵاته ده‌ستورییه‌كانی له مادده‌ی (80/ سێیه‌م)ی ده‌ستورو مادده‌ی (3/ دووه‌م)ی یاسای به‌ستنی په‌یماننامه‌كان، په‌سه‌ندی كردووه‌و ئه‌مه رێككه‌وتننامه نییه‌و ئه‌و یاسایه‌ی سه‌ره‌وه‌ی به‌سه‌ردا ناسه‌پێندرێت". له به‌شێكی تری گه‌ڵاڵه‌نامه‌كه‌دا، بریكاره‌كه‌ی حكومه‌تی عێراق هۆكاری فرۆشتنی نه‌وتی عێراق به كه‌متر له 16 دۆلار به ئوردن بۆ جیاوازی نرخی نه‌وتی عێراق و نرخی نه‌وتی جیهانی "برێنت" ده‌گه‌رێنێته‌وه، ئه‌مه‌ش به‌هۆی نرخی كوالیتی نه‌وتی عێراق به‌به‌راورد به نه‌وتی جیهانی، سه‌رباری ئه‌مه باس له خه‌رجی گواستنه‌وه نه‌وتی عێراق ده‌كات له شوێنی به‌رهه‌مهینان و ئه‌مباركردنه‌وه بۆ سنوری ئوردن. بریكاره‌كه‌ی حكومه‌ت به‌هانه ده‌هێنێته‌وه‌و ده‌ڵێ" ئه‌گه‌ر ئه‌و ئاسانكارییه له‌به‌رچاوبگیرێت كه له‌لایه‌نی ئوردنی كردویه‌تی بۆ داشكاندنی باج و سودی ئه‌و كاڵایانه‌ی كه عێراق له‌رێگه‌ی به‌نده‌ری عه‌قه‌به‌وه هاورده‌ی ده‌كات، عێراق له فرۆشتنی نه‌وت به‌م نرخه به ئوردن هیچ زیانێكی دارایی به‌رناكه‌وێت". بریكاری حكومه‌ت ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، ئیمزاكردنی یاداشتنامه دوای كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌یه‌كی نوێ بۆ هه‌نارده‌ی نه‌وتی عێراق بۆ زیادكردنی داهاته بۆ خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت، به‌تایبه‌تیش له‌كاتێكدا وه‌به‌رهێنانی نه‌وتی هه‌نارده‌كراوی عێراق له‌لایه‌ن رێكخراوی "ئۆپێك"ه‌وه سنورداركراوه‌و ئه‌و نه‌وته‌ی كه عێراق بۆ ئوردنی هه‌نارده ده‌كات له‌چوارچێوه‌ی دیاریكراوی ئۆپێك‌دا نییه‌و به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوو وڵات به‌دی ده‌هێنێت. دادگای وه‌ڵامی سكاڵاكاره‌كانی داوه‌ته‌وه‌و ده‌ڵێ به‌وشێوه‌یه‌ی سكاڵاكه‌تان نوسیوه، له تایبه‌تمه‌ندی و ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌دا نییه به‌پێی ئه‌وه‌ی له‌مادده‌كانی (52 و 93)ی ده‌ستوردا هاتووه.
راپۆرتی: درەو 🔻 بەپێی ڕاگەیەندراوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگەکانی ساڵی (2022 و 2023)دا؛ 🔹 لە ساڵی (2023)دا؛ عێراق زیاتر لە (ملیارێک و 232 ملیۆن و 170 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشتووە، بە تێکڕای رۆژانەی زیاتر لە (3 ملیۆن و 375 هەزار) بەرمیل. لە کاتێکدا ساڵی (2022) زیاتر لە (ملیارێک و 208 ملیۆن و 531 هەزار) بەرمیل نەوتی بە تێکڕای رۆژانەی زیاتر لە (3 ملیۆن و 311 هەزار) بەرمیل فرۆشتبوو. بەم پێیە لە ساڵی (2023) هەناردەکردن بە رێژەی (2%) بڕی (23 ملیۆن و 639 هەزار) بەرمیل زیادی کردووە. 🔹 لە سەرەتاوە تا کۆتایی ساڵی (2023)، بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی نەوتی عێراق بە (79) دۆلار فرۆشراوە. لە کاتێکدا لە ساڵی (2022) بە تێکڕا بەرمیلێک نەوت درابوو بە (95.5) دۆلار، واتا هەر بەرمیلێک نەوت (16.4) دۆلار بە رێژەی (17%) نرخەکەی لە دەستداوە، بەراورد بە ساڵی (2022). 🔹 کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لە ساڵی (2023)دا (97 ملیار و 578 ملیۆن و 503 هەزار) دۆلار بووە. بەڵام لە ساڵی (2022)دا گەیشتبووە (115 ملیار و 568 ملیۆن و 801 هەزار) دۆلار. واتە لە ساڵی (2023) بەراورد بە ساڵێ پێش خۆی نزیکەی (18 ملیار) دۆلار و بە ڕێژەی (16%) داهاتی نەوت کەمی کردووە. یەکەم: داهات و بڕ و نرخی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە ساڵی 2023 بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق تایبەت بە پرۆسەی نەوتی عێراق بۆ ساڵی (2023)، (وەک لە خشتەی ژمارە (1)دا هاتووە)، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" لە ساڵی (2023)دا بڕی (ملیارێک و 232 ملیۆن و 170 هەزار و 126) بەرمیل نەوتی لە بازاڕەکانی جیهان ساغکردووەتەوە، واتە بە تێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 375 هەزار و 130) بەرمیلی فرۆشراو. هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە لەو ماوەیەدا بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (79.08) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، بەرزترین نرخێکیش تۆمار کرابێت لە مانگی (ئەیلول) بووە‌و بەرمیلێک نەوت بە تێکڕای مانگەکە بە سەروو (91) دۆلار فرۆشراوە، بە درێژایی ساڵ تێکڕای نرخی نەوت نەهاتووەتە خوار (71) دۆلارەوە. هەر بەپێی داتا‌کان کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (97 ملیار و 578 ملیۆن و 503 هەزار) دۆلار. مانگی (تشرینی یەکەم)یش گەورەترین داهاتی نەوتی تێدا کۆکراوەتەوەو گەیشتووە بە (9 ملیار و 669 ملیۆن) دۆلار، هیچ مانگێکی ساڵەکەش داهاتی نەوتی فرۆشراو دانەبەزیوە بۆ خوار (7 ملیار) دۆلار. خشتەی ژمارە (1) دووەم: داهات و بڕ و نرخی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە ساڵی 2022 بە گەڕانەوە بۆ ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق (وەک لە خشتەی ژمارە (2)دا هاتووە)، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" لە ساڵی (2022)دا بڕی (ملیارێک و 208 ملیۆن و 531 هەزار و 119) بەرمیل نەوتی فرۆشتبوو، واتە بە تێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 311 هەزار و 416) بەرمیلی فرۆشراو. لە مانگی (تشرینی یەکەم)یشدا زۆرترین بڕی نەوت فرۆشراوە بە قەبارەی (104 ملیۆن و 831 هەزار و 120) بەرمیل نەوت و کەمترینی لە مانگی (شوبات) بووە بە بڕی (92 ملیۆن و 790 هەزار و 173) بەرمیل نەوتی خاو. هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە لە ساڵی (2022)دا بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (95 دۆلار‌و 53 سەنت) فرۆشرابوو، بەرزترین نرخێکیش تۆمار کرابێت لە مانگی (حوزەیران) بووە‌و بەرمیلێک نەوت بە تێکڕای مانگەکە بە (112 دۆلار 20 سەنت) فرۆشراوە، نزمترین نرخێکیش نەوتی پێ فرۆشرابێت مانگی (کانونی یەکەم) بووە‌و بە تێکڕا بەرمیلێک نەوتی تێدا دراوەتە (73 دۆلار و 63 سەنت). هەر بە گەڕانەوە بۆ داتاکانی ساڵی (2022)، کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق بریتی بووە لە بڕی (115 ملیار و 568 ملیۆن و 556 هەزار) دۆلار. مانگی (ئایار)یش گەورەترین داهاتی نەوتی تێدا کۆکرابوویەوەو گەیشتبووە (11 ملیار و 477 ملیۆن و 496 هەزار) دۆلار، کەمترین داهاتیش لە سەرەتاوە تا کۆتایی ساڵی (2022)دا لە مانگی (کانونی یەکەم)دا بووە‌و بڕی (7 ملیار 708 ملیۆن و 556 هەزار) دۆلار داهاتی گشتی نەوتی هەناردەکراوی عێراق بووە. خشتەی ژمارە (2) سێیەم: داهات و بڕ و نرخی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە ساڵی 2023 بەراورد ساڵی 2022 لە ساڵی (2023)دا؛ عێراق زیاتر لە (ملیارێک و 232 ملیۆن و 170 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشتووە، بە تێکڕای رۆژانەی زیاتر لە (3 ملیۆن و 375 هەزار) بەرمیل. لە کاتێکدا ساڵی (2022) زیاتر لە (ملیارێک و 208 ملیۆن و 531 هەزار) بەرمیل نەوتی بە تێکڕای رۆژانەی زیاتر لە (3 ملیۆن و 311 هەزار) بەرمیل فرۆشتبوو. بەم پێیە لە ساڵی (2023) هەناردەکردن بە رێژەی (2%) بڕی (23 ملیۆن و 639 هەزار) بەرمیل زیادی کردووە. (بۆ وردەکاری تێکڕای بڕی نەوتی هەناردەکراوی مانگانە بڕوانە چارتی ژمارە (1)) چارتی ژمارە (1) هەرچی دەربارەی تێکڕای نرخی نەوتی خاوی عێراقە، لە سەرەتاوە تا کۆتایی ساڵی (2023)، بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی نەوتی عێراق بە (79) دۆلار فرۆشراوە. لە کاتێکدا لە ساڵی (2022) بە تێکڕا بەرمیلێک نەوت درابوو بە (95.5) دۆلار. واتا هەر بەرمیلێک نەوت (16.4) دۆلاری رێژەی (17%) نرخەکەی لە دەستداوە بەراورد بە ساڵی (2022). (بۆ وردەکاری تێکڕای نرخی نەوتی هەناردەکراوی مانگانە بڕوانە چارتی ژمارە (2)). چارتی ژمارە (2) بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە لە بازاڕەکانی جیهان، کاریگەری گەورەی لەسەر داهاتی گشتی نەوتی عێراق جێهێشتووە، بە جۆرێک؛ کۆی داهاتی نەوتی فرۆشراوی عێراق لە ساڵی (2023)دا (97 ملیار و 578 ملیۆن و 503 هەزار) دۆلار بووە. بەڵام لە ساڵی (2022)دا گەیشتبووە (115 ملیار و 568 ملیۆن و 801 هەزار) دۆلار. واتە لە ئەمساڵی (2023) بەراورد بە ساڵێ پێش خۆی نزیکەی (18 ملیار) دۆلار و بە ڕێژەی (16%) داهاتی نەوت کەمی کردووە. (بۆ وردەکاری داهاتی نەوتی هەناردەکراوی مانگانە بڕوانە چارتی ژمارە (3)). چارتی ژمارە (3) سەرچاوەکان؛ - ڕاگەیەندراوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، دەربارە داهات و هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی کۆپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە ساڵی 2022. - ڕاگەیەندراوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، دەربارە داهات و هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی کۆپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە ساڵی 2023.
درەو: رۆژنامەی (The Cradle): 🔹ئاستی هەناردەكردن لەنێوان توركیا بۆ ئیسرائیل بە رێژەی (34.8%) بەرزبووەتەوە, لەگەرمەی لێدوانە توندەكانی ئەنكەرە كە ئیدانەی هێرشەكانی تەلئەبیب دەكات لە غەزە. 🔹هەناردەی توركیا بۆ ئیسرائیل لەمانگی تشرینی دووەمی ساڵی پار (319.5) ملیۆن دۆلار بووە, لەمانگی كانونی یەكەمدا بەرزبووەتەوە بۆ (430.6) ملیۆن دۆلار, بڕەكەی مانگی تەمموزی ساڵی رابردویشی تێپەڕاندووە كە (408.3) ملیۆن دۆلار بووە, پێش دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنی تۆفانی ئەقسا. 🔹ئیبراهیم قەهوەچی, پسپۆڕی ئابوری دەڵێت: نەتەوەیی تورك دیمەنێكی لەرق و توڕەیی پیشاندا, لەكاتێكدا كارەكان لەپشتی دەرگا داخراوەكانەوە بەشێوەیەكی ئاسایی بەڕێوەچن. 🔹رەجەب تەیب ئەردۆغان, سەرۆك كۆماری توركیا پێشتر رایگەیاندبوو, پێویستە بنیامین ناتانیاهۆ دادگایبكرێت, هەروەك چۆن سلۆبۆدان میلۆسۆڤیچ دادگایكرا. 🔹قەهوەچی دەڵێت: بیلالی كوڕی ئەردۆغان بەم دواییە داوای لەگەلی توركیا كرد بایكۆتی ئیسرائیل بكەن, لەكاتێكدا بوراكی برای خاوەنی ئەو كەشتیانە كە بەشێوەیەكی بەردەوام كەرەستە بۆ ئیسرائیل رەوانە دەكەن. 🔹لەمانگی تشرینی دووەمی رابردوو, رۆژنامەنوس مەتین جیهان, پەیوەندییەكانی نێوان بوراك ئەردۆغان و كۆمپانیا ئیسرائیلیەكانی ئاشكراكرد, كە پوختەی قسەكانی ئەمەیە: "لەكاتێكدا سەرۆك ئەردۆغان لە (17) تشرینی یەكەم ئیدانەی بۆردومانی نەخۆشخانەیەكی كرد لە غەزە لەلایەن ئیسرائیلەوە, كۆمپانیاكەی بوراكی كوڕی, سەرقاڵی بارداگرتن بوو لە بەندەرێكی ئیسرائیل". 🔹"لە (28) تشرینی یەكەم, كاتێك ئەردۆغان رەخنەی لە ئیسرائیل دەگرت و داوای لەخەڵك دەكرد خۆپیشاندان بكەن, كەشتیەكەی كوڕەكەی لە گەروی شاخی تارق بە بارەكەیەوە بەرەو ئیسرائیل دەپەڕیەوە. 🔹دوای ئاشكرابوونی پەیوەندیەكانی خانەوادەی ئەردۆغان لەگەڵ كۆمپانیا ئیسرائیلیەكان لەسەرەتای مانگی كانونی یەكەمی ساڵی پار, هاكان فیدان, وەزیری دەرەوە, بەرگری لەو پەیوەندیە بازرگانیە دووقۆڵییەی نێوان توركیا‌و ئیسرائیل كرد‌و وتی: ئەو پەیوەندییانە هیچ زیانێك بە كێشەی فەلەستین ناگەیەنێت. 🔹رۆژنامەنوس مەتین جیهان, ئەوەشی ئاشكراكردووە, ئەو بارانەی توركیا بۆ ئیسرائیلی رەوانە كردوون چەكیشی لەخۆگرتووەو كاری نێوان كۆمپانیا توركی و ئیسرائیلیەكانیش بەشێوەیەكی ئاسایی بەڕێوەچوون, سەرەڕای پەیامە توندەكانی ئەنكەرە دژی تەلئەبیب. 🔹پەیمانگای ئاماری توركیا (TurkStat) ئاماژە بەوەدەكات: هەناردەكردنی چەك لە ئەنكەرەوە بۆ تەلئەبیب سەرەنج راكێش بووە, لەمانگی تشرینی یەكەمدا توركیا بە بەهای (105) هەزار دۆلار چەكی بۆ ئەنكەرە رەوانە كردووە, لەساڵی (2023) كۆی بڕی هەناردەكردن گەیشتووەتە (823) هەزارو (112) دۆلار, كە چەكی سوك و پارچەی یەدەگی لەخۆگرتووە. 🔹لەگەڵ ئەوەشدا توركیا ئیدانەی كردەوەكەی (7) تشرینی یەكەمی نەكردووە لەلایەن بزوتنەوەی حەماسەوە ئەنجامدرا, ئەردۆغان ناتانیاهۆی بە هیتلەر چواند بەهۆی ئەو تاوانەی ئیسرائیل لە كەرتی غەزە ئەنجامیدەدات.
درەو: ئەمڕۆ جارێكی تر شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەی موچەو بودجە دەچنەوە بەغداد، دەیانەوێت پرسی موچە لە هەمواری یاسای بودجەی 2024 جێگیر بكرێت، كە چاوەڕوان دەكرێت بڕی (750) ملیار دینار بۆ موچە لە یاسای بودجەدا جێگیر بكرێت، بەپێی لێدوانی وتەبێژی حكومەتی هەرێم، كۆبوونەوەكانی ساڵی نوێ لەگەڵ بەغداد وەك كۆبوونەوەی ئەنجام سەیر دەكەن و هەمان پشودرێژی ساڵی 2023 یان نابێت. بە پێی بەدوادا چوونەكانی (درەو) جۆرێك لە كۆ دەنگی هەیە لەناو لایەنە شیعەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بەوەی پرسی موچەی موچەخۆرانی هەرێم جیابكرێتەوە لە پشكی هەرێم و لەناو یاسای بودجەدا جێگیر بكرێت، ئەو بۆچوونە لە لێدوانەكانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقیشدا رەنگیداوەتەوەو چەند جارێك رایگەیاندووە كێشەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم چارەسەر دەكەن، لە رێگەی هەمواری یاسای بودجەوەو لە 9ی ئەم مانگەوە كە كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی عێراق دەستپێدەكاتەوە، حكومەتی عێراق هەمواری یاسای بودجەی 2024 دەنێرێتە پەرلەمان. حكومەتی عێراق دەیەوێت موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە پشكی هەرێم جیابكاتەوەو لە بودجەی حاكیمە یان سیادیدا جێگیری بكات و لە كاتی هەمواری یاسای بودجەی 2024 لە پەرلەمان تێپەڕێندرێت، بەپێی بەدواداچوونەكانی بڕی موچەی موچەخۆران لە پشكی هەرێمدا بە نزیكەی (775) ملیار دینار دیاریكراوە. محەمەد شیاع سودانی لە پێشوازی نوێنەری مامۆستایانی ناڕازیدا بەڵێنی داوە: • بۆ ساڵی نوێ كێشەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم چارەسەر بكات • هەمواری یاسای بودجە لە حكومەت ئامادەیەو 9ی مانگی داهاتوو لە پەرلەمان دەبێت لە ماوەیەكی كەمدا هەموار دەكرێتەوە • مامەڵەی یەكسان لەگەڵ سەرجەم پارێزگاكانی عێراق دەكات • لقی بانكی رەشید و رافیدەین لە هەرێمی كوردستان دەكاتەوە • فشار دەكاتە سەر هەرێمی كوردستان بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران. حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەیەوێت پرسی موچە جیابكاتەوە لەخەرجییەكانی تری بودجە، لە راگەیەندراوی رۆژی 6/12/2023ی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمدا ئەوە خرایە روو: مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، شایستەی دارایی مووچەخۆرانە و دەبێت لە ناكۆكیی سیاسی و پابەندییەكان جیابكرێتەوە و دەبێت بڕە پارەكانی هاتوو لە خشتەكانی بودجە، وەك خۆی خەرج بكرێت و بە هیچ شێوەیەك پێوەری خەرجی ڕاستەقینەی لەسەر جێبەجێ نەكرێت و شایستەی دارایی مووچەخۆران، تێكەڵی پرسە سیاسییەكان نەكرێت. حكومەتی هەرێمی كوردستان موچەی مانگەكانی (10، 11، 12)ی 2023ی موچەخۆرانی نەداوە تا ئێستا چارەنووسی ئەو سێ موچەیە دیارنیە، ئایا وەك قەرز حساب دەكرێت یان دەكرێتە پاشەكەوت و دەچێتە سەر قەرزە پاشكەوتەكانی موچەخۆران هاوشێوەی ساڵانی پێشوو. بە پێی راگەیەندراوی فەرمی وەزارەتی دارایی هەرێم لە ساڵی 2023 دا (10) موچە دابەشكراوە، موچەیەكیان هی مانگی 12ی 2022وە، لە 2023دا حكومەتی عێراق، تەنیا (4 ترلیۆن و 298) ملیار دیناری رەوانەی هەرێم كردووە، لەو ژمارەیە (3 ترلیۆن و 700 ملیار) دیناری وەك قەرزو 598 ملیار دیناریشی وەك شایستەی دارایی هەرێم، لە كاتێكدا پشكی خەمڵێندراوی هەرێم لە بودجەی 2023ی عێراقدا (16 ترلیۆن و 498 ملیار) دینار بووە، بەڵام بەپێوەری ئینفاقی فیعلی حكومەتی عێراق پشكی هەرێم بە نزیكەی (6 ترلیۆن و 300 ملیار) دینار دیاریكردووە لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان لە ساڵێكدا (11ترلیۆن) دینار تەنیا بۆ موچە خەرج دەكات، كە كۆی موچەی موچەخۆران (913) ملیار دینارە لەگەڵ (25) ملیار دیناری هاوپەیمانان. داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان مانگانە (320) ملیار دینارە كە لە ساڵێكدا دەكاتە (4) ترلیۆن دینار بەڵام ئەوەی وەك كاش دێتە بەردەستی وەزارەتی دارایی (170 بۆ 200) ملیار دینارە. ئەوەی بۆ ساڵی نوێ لەبەردەستی حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە وەك داهات: • پارەی بەغداد: • داهاتی ناوخۆ: 320 ملیار دینار • پارەی هاوپەیمانان كەمكراوەتەوە بۆ : 15 ملیۆن دۆلار • هیچ هەنگاوێكی كرداری بە ئاراستەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانیش دیارنیە. بۆیە ئەوەی لە ئێستادا لەبەردەستی وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە تەنیا هەمواری یاسای بودجەی عێراقە كە لەوێدا موچەی موچەخۆران جێگیر بكرێت، پێناچێت ئەو بڕەی حكومەتی هەرێم داوای دەكات جێگیر بكرێت كە (913) ملیار دینارە، بەڵكو پشكی موچەی موچەخۆران (775) ملیار دینار دیاری كرابوو چاوەڕوان دەكرێت هەر ئەو بڕە جێگیر بكرێت، لەو حاڵەتەدا: • چیدیكە 700 ملیاری قەرز رەوانەی هەرێم ناكرێت • ئەو بڕەی جێگیر دەكرێت پێویستی بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران نابێت وەك هەر وەزارەتێكی دیكەی عێراق موچە لەكاتی خۆیدا لە بەغدادەوە رەوانە دەكرێت.
درەو: بڕیارە سبەینێ هەردوو جڤاتی گشتی و نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنی رێكخەر و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن كۆببنەوە، ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان بووە لەسەر هەڵبژاردنی رێكخەرو ئەندامانی خانەی راپەڕاندن بە دوو بەرەوە، بەرەی عومەر سەید عەلی و بەرەی چیا نەوشیروان مستەفا، ئەم دوو بەرەیە یەكدی تۆمەتبار دەكەن بە دواخستنی هەڵبژاردنی خانەو رێكخەری گشتی، سەرچاوەیەكی باڵا بە (درەو)ی راگەیاند: عومەر سەید عەلی بە چیا نەوشیروان مستەفای وتووە، ئەتوانیت خۆت هەڵبژێریت بۆ خانەی راپەڕاندن بەڵام ئەگەر بتەوێت ببیتە رێكخەر رێگە نادەین چونكە رێگە بە تەوریسی سیاسی نادەین لەناو گۆڕاندا. كۆبوونەوەی جڤاتەكان بڕیارە سبەینێ لە مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕان هەردوو (جڤاتی گشتی و نیشتمانی) بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر پرسی كێشە ناوخۆییەكانی گۆڕان و هەڵبژاردنى رێكخەر و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن كۆببنەوە، سەرچاوەیەك لە بزووتنەوەی گۆڕان بە (درەو)ی راگەیاند: كۆبوونەوەكەی سبەینێ بۆ بڕیاردان نیە چونكە بڕیاردان لەناو بزووتنەوەی گۆڕان لە دوای كۆبوونەوەی جڤاتی گشتی و گەڵاڵەكردنی پرس و بابەتەكان و دواتر لە كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی وەك بەرزترین دەسەڵاتی بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاری لێدەدرێت. بڕیاربوو 30ی مانگی رابردوو هەڵبژاردنی رێكخەر و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن بەڕێوە بچێت، بەڵام نە دەرگای خۆ كاندیدكردن داخراو نە كۆبوونەوەكەش كرا. سەرچاوەیەك لە بزووتنەوەی گۆڕان بە (درەو)ی راگەیاند: ئێستا لەناو بزووتنەوەی گۆڕان دوو ئاراستەو بەرە درووست بووە، بەرەی عومەر سەید عەلی و بەرەی چیا نەوشیروان مستەفا. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەكرد، نزیكەكانی عومەر سەید عەلی ئەوە دەڵێن كە عومەر سەید عەلی زۆر بە جدی دەیەوێت دەستبەرداری پۆستی رێكخەری ببێت و رادەستی كەسێكی بكات، بە هەریەك لە ( جەلال جەوهەر، دانا ئەحمەد مەجید، مستەفا سەید قادر، ئاوات شێخ جەناب، ) و لە دەرەوەی گۆڕانیش بە عوسمان حاجی مەحمود وتراوە بەڵام كەسیان ئامادە نەبوون ئەو پۆستە وەربگرن. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكردووە، كە لە ماوەی پێشودا عومەر سەید عەلی لەگەڵ چیا نەوشیروان مستەفا قسەی كردووە‌و پێی راگەیاندووە، من خۆم كاندید ناكەمەوەو دەمەوێت كەسێك هەبێت بە ئەمانەتەوە ئەو پۆستەی رادەست بكەم، عومەر سەید عەلی ئەوەی بە چیا نەوشیروان مستەفا ووتوە، ئەگەر دەتەوێت لەناو بزووتنەوەی گۆڕان كار بكەی وەكو ئەندامی خانە یان بەرپرسی هەر ژورێك پشتیوانیت لێ ئەكەین و رێگر نابین، بەڵام ئەگەر بتەوێ ببی بە رێكخەرو بیكەی بە تەوریسی سیاسی بە هیچ شێوەیەك رێگە بەوە نادەین. كەسانی نزیكی عومەر سەید عەلی پێیان وایە چیا نەوشیروان مستەفا دەیەوێت هەڵبژاردن هەرچۆنێك بێت نەكرێت بۆ خانە و رێكخەر، بۆ ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان شەرعیەت لە دەست بدات، بۆ ئەوەی چیا نەوشیروان مستەفا خۆی ئەنجومەنێك درووست بكات بۆ بەڕێوەبردنی بزووتنەوەی گۆڕان و بزووتنەوەكە بكات بە تەوریسی سیاسی، هاوشێوەی یەكێتی و پارتی. لەبەرامبەردا كەسانی نزیكی چیا نەوشیروان مستەفا پێیان وایە، عومەر سەید عەلی فۆرمی خۆكاندیدكردن پڕناكاتەوەو خوازیارە جڤاتی نیشتمانی تەنیا ئەندامانی خانەی راپەڕاندن هەڵبژێرێت و پۆستی رێكخەر بە بەتاڵی بەجێبهێڵێت، بۆئەوەی خۆی بەبێ ركابەر بمێنێتەوە‌و دیمەنەكە وا دەركەوێت بەناچاری لە پۆستی رێكخەری گشتیدا ماوەتەوەو كەس نەبووە پۆستەكە وەربگرێت، هەر بۆیە چیا نەوشیروان مستەفا داوایكردووە چەند كەسێك فۆرمی رێكخەری پڕبكەنەوە بۆیە هەریەكە لە (نزار مەحمود)و (وشیار عومەر عەلی)، ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی فۆرمی خۆكاندیدكردنیان بۆ پۆستی رێكخەری گشتی پڕكردووەتەوە، لەبەرامبەریشدا بڕیار بووە دلێر عەبدولخالق و چۆمان محەمەد فۆرمی رێكخەری پڕبكەنەوە. بڕیاربوو رۆژی 30/12 هەڵبژاردن بكرێت بۆ رێكخەرو ئەندامانی خانەی راپەڕاندن، لە كۆی ٤٨ ئەندامی جڤات پێشتر ٣٥ كەسیان ئیمزایان لەسەر نوسراوێك كردووە‌و وتویانە ئەگەر تا كۆتایی ساڵ خانەو رێكخەر هەڵنەبژێردرێ ئەوا هەردوو ژوری یاسایی و هەڵبژاردن هەڵئەوەشێننەوە، بۆیە بەرەی عومەر سەید عەلی رازی بوون كە 30ی مانگ هەڵبژاردن بكرێت. دواتر بەرەی چیا نەوشیروان مستەفا ئیمزای ٣٧ ئەندامی جڤاتیان كۆكردەوە و تێیدا داوایان كردبوو هەڵبژاردن دوابخرێت تا ئەوكاتەی لەسەر كاندیدی رێكخەر دەگەنە رێككەوتن.. بە پێی مادەی (12) لە دەستوری ناوخۆی بزووتنەوەی گۆڕان خانەی راپەڕاندن بەرپرسی جێبەجێكردنی بڕیار و راسپاردەكانی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕانە. خانەی راپەڕاندن پێكدێت لە ( رێكخەری گشتی، سكرتێری كاروباری جڤاتی نیشتمانی، فراكسیۆنەكان، ژوورەكان، باژێڕەكان، خەڵك و سەرۆكی جڤاتی گشتی)، تەنیا سەرۆكی جڤات لە جڤاتی گشتی هەڵدەبژێرێت ئەوانی دیكە بە رێكخەرەوە لە جڤاتی نیشتمانی هەڵدەبژێردرێن. هەڵبژاردنی رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن دوو ساڵ جارێك دەبێت و رێكخەرو ئەندامانی خانەی راپەڕاندن تەنیا بۆ سێ خولی هەڵبژاردن بۆیان هەیە بۆ هەمان پۆست خۆیان كاندید بكەن. لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 10/10/2021 بەرێوەچوو، بزووتنەوەی گۆڕان بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ یەكێتی بەشداربوو، بەڵام هیچ كورسیەكی بەدەست نەهێنا، بۆیە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێكخەری گشتی دەستیان لەكاركێشایەوە، لە مانگی نیسانی 2022دا ئەندامانی خانەی راپەڕاندن لە جڤاتی نیشتمانی هەڵبژێردران، بەڵام عومەر سەید عەلی ئامادەنەبوو هەڵبژێدرێتەوە، بۆیە وەك رێكخەری دەستلەكاركێشاوە مایەوە. خانەی راپەڕاندن خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان بەرێكخەری گشتیەوە لە (7) ئەندام پێكدێت ئەوانیش: • رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان • سكرتێری كاروباری ژوورەكان • سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان • سكرتێری كاروباری باژێروانەكان • سكرتێری جڤاتی نیشتمانی • سكرتێری كاروباری خەڵك • سەرۆكی جڤاتی گشتی جگە لە سەرۆكی جڤاتی گشتی كە ئەندامی خانەی راپەڕاندنەو راستەوخۆ لەلایەن ئەندامانی جڤاتی گشتیەوە پێشتر هەڵدەبژێردرێت، هەموو ئەندامانی تری خانە بە رێكخەری گشتیەوە لەناو جڤاتی نیشتمانی هەڵدەبژێردرێن. بەشێك لە ئەندامانی ئێستای خانەی راپەڕاندن بەهۆی نەخۆشیەوە خۆیان كاندید ناكەنەوە، بۆیە ناوی چەند كارەكتەر و ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی دێت كە خۆیان بۆ ئەندامی خانەی راپەڕاندن كاندید دەكەن لەوانە: (كاردۆ محەمەد، گوڵستان سەعید، بەختیار ئەولی، كاوە عەبدوڵا، ئەحمەد یوسف سندی، شاخەوان رەئوف بەگ، لیوا جەلال، نزار محەمەد، هۆشیار عومەر، هێمن شیخانی، دڵخواز كاكە رەش، ........) هەڵبژاردنەكانی ئەندامانی خانەی راپەڕاندن دوای دوو مانگ لە كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، رۆژی 25/7/2017 رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردران: خانەی راپەڕاندنی یەكەم: • عومەری سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان • محەمەد تۆفیق ڕەحیم، بۆ سكرتێری كاروباری ژوورەكان • جەلال جەوهەر، بۆ سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان • عوسمانی حاجی مەحمود، بە سكرتێری كاروباری باژێروانەكان • جەمال محەمەد، سكرتێری جڤاتی نیشتمانی • شۆڕش حاجی، سكرتێری كاروباری خەڵك • رەئوف عوسمان سەرۆكی جڤاتی گشتی رۆژی 14/9/2017 خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان و رێكخەری گشتی بزووتنەوەكە هەڵبژێردران: خانەی راپەڕاندنی دووەم: • عومەری سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان • دەرباز محەمەد، بۆ سكرتێری كاروباری ژوورەكان • جەلال جەوهەر، بۆ سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان • شەماڵ عەبدولوەفا، بە سكرتێری كاروباری باژێروانەكان • عەدنان عوسمان، سكرتێری جڤاتی نیشتمانی • برزۆ مەجید، سكرتێری كاروباری خەڵك • جەمال محەمەد سەرۆكی جڤاتی گشتی (لەناو جڤاتی گشتی هەڵبژێردرا) بەهۆی شكستهێنانیان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بەدەستنەهێنانی هیچ كورسیەكیان، رۆژی 13/10/2021 رێكخەر و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان دەستیان لەكاركێشایەوە. بەڵام رۆژی 17/4/2022 لە جڤاتی نیشتمانی بەشێك لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن هەڵبژێردران: خانەی راپەڕاندنی سێیەم: * عومەر سەید عەلی رازی نەبوو هەڵبژێردرێتەوە وەك رێكخەری دەستلەكاركێشاوە مایەوە. * جەمال محەمەد سەرۆكی جڤاتی گشتی و ئەندامی خانەی راپەڕان * سەفین مەلا قەرە ئەندامی خانەی راپەڕان * شێخ كامیل پێنجوێنی ئەندامی خانەی راپەڕان * ئاسۆ رەحیم ئەندامی خانەی راپەڕان هەریەك لە برزۆ مەجید و دەرباز محەمەد رازینەبوون هەڵبژێدرێنەوە.