پارەكەی ئەمریكا لە موچەوە دەبێت بە هاوكاریی

Draw Media

2024-08-07 12:50:34



(درەو):
ئەو پارەی كە ئەمریكا لەرێگای هاوپەیمانانەوە بە وەزارەتی پێشمەرگەی دەدات و مانگانە نزیكەی 20 ملیار دینارە، چیتر وەكو موچەی پێشمەرگە ئەژمار ناكرێت و تەنیا وەكو هاوكارییەك بەسەر ئەفسەرو پلەدارانی پێشمەرگەدا دابەش دەكرێت، لە مانگی حەوتەوە بڕی یارمەتییەكە لە (432 هەزار) دینارەوە بۆ (380 هەزار) دینار كەمدەكرێتەوە. 
بڕیار بوو ئەمڕۆ پلەدارو ئەفسەرانی لیواكانی پیادە ئەو هاوكارییە داراییە وەربگرن كە لەلایەن ئەمریكاوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دابین كراوە، هەندێك لە ئەفسەران چونە بەردەم بانكەكان بۆ وەرگرتنی پارەكە، بەڵام دابەشكردنی هاوكارییەكە دواكەوت. 
بەڕێوبەرایەتی گشتی بودجەو بەرنامەکان (ژمێریاری سەربازی) نیگەرانی خۆی نیشاندا لە بڵاوكردنەوەی هەواڵی دابەشكردنی یارمەتییەكەی هاوپەیمانان لە میدیاكانەوە. دوای ئەم نیگەرانییە، وەزارەتی پێشمەرگە بە فەرمی سبەینێی وەكو وادەی دابەشكردنی هاوكارییەكەی ئەمریكا "هاوپەیمانان" راگەیاند. 
ئەو هاوكارییەی دابەشدەكرێت بۆ مانگی (7)ە، وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ:" ئەم برە پارەیە، لێرە بەدواوە وەک هاوکاری دەدرێت بە هێزی پێشمەرگەو هیچ پەیوەندیەکی بە موچەوە نیە".
ئەو هاوكارییەی كە پارەی هاوپەیمانان بە لیواكانی پیادەی هێزی پێشمەرگە دەدرا بڕەكەی (432 هەزار) دینار بوو بۆ هەر پلەدارو ئەفسەرێك،  بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە سبەینێوە ئیتر بڕی پارەكە بۆ (380 هەزار) دینار كەمدەكرێتەوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت دوێنێ شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە بە فەرمی ئاشكرایكرد فەرماندەی پشتوانی دوو خراوەتە چوارچێوەی ئەو هاوكارییە داراییەی كە هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگەی دابین دەكەن. 
بڕیارە تاوەكو ئەیلولی 2026 شێوازی دابەشكردنی هاوكارییەكەی هاوپەیمانیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بەمشێوەیە بەردەوام بێت و لە قۆناغی داهاتوودا لیواو فەوجەكانی تریش زیاد بكرێن بۆ سودوەرگرتن لەو پارەیە. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand