Draw Media

مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو) لە دوای ھێرشەکەی ئێرانەوە بۆسەر ھەولێر  زاراوەی ”سەروەریی“ بووە بە زاراوەی سەرەوکیی ناو ئەو زمانە سیاسییە کە لایانە جیاواز و دژ بەیەكەکان قسەی پێدەکەن. ئەم زاراوەیە ھەم بەشێک بوو لە زمانی بەرگریرکردنی ئێرانییەکان لە خۆیان و ھەم لە زمانی ئیدانەکردن و ناڕەزایی دەربڕینی ئەوانەیش کە کردەوەکەی ئێرانیان بە کردەوەیەكی توندوتیژ و دوژمنکارانە ناساند. واتە زاراوەکە ھەم زاراوەی بەخشینی رەوایەتی بوو بە پەلامارەکان و ھەم زاراوەی ئیدانەکردن و نارەزیی دەربڕین بوو، بەرامبەر بە پەلامارەکە. دەسەڵاتدارانی ئێران ووتیان "هێرشه‌كه‌ی هه‌ولێر له‌چوارچێوه‌ی به‌رگریكردندایه‌ له‌ سه‌روه‌ری و ئاسایشی ئێران". باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق ئیدانەی هێرشەکەی سەر هەولێری کردو پێی لەسەر ئەوەداگرت کە ئەو ھێرشە و ”هێرشەکانی ئەم دواییە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری عێراقە.“وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش رایگەیاند کە ”هێرشەكەی ئێران دوژمنكاریە بۆ سەر سەروەری عێراق“. مەسرور بارزانیش، وەک سەرۆكی حکومەتی هەرێم، لە داڤۆسەوە ھێرشەکەی بە”پێشێلکردنی سەروەری عێراق و هەرێمی کوردستان“ ناوبرد. بۆ کەسێک کەمێک شارەزای مێژووی فیکری سیاسیی بێت، دەزانێت زاراوەی ”سەروەریی“، لە سەدەی ھەژدەھەمەوە، وەک بەردی بناغەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەبنیرێت و مامەڵەدەکرێت. چەمکەکە بنەمای یاسای سەرەکیی چۆنیەتی مامەڵەکردنی دەوڵەتەکانە بۆ یەکتری. لەپاڵ ئەم زاراوەیەدا، دەوڵەتەکان ھەم لەناو خۆیاندا ”سەروەر“ن لەوەدا چۆن پەیوەندییە ناوەکییەکانی ناو دەوڵەتەکە دادەرێژن و رێکدەخەن و ھەم لە پەیوەندییە دەرەکییەکانیشدا رێ لەوەدەگرێت دەوڵەتان دەست وەردەنە ناو کاروباریی یەکترییەوە. چەمکی سەروەریی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی  بە بەخشینی رەوایەتیشەوە ھەیە بە کردەی ”بەرگریکردن لە خود“، ئەوەی بە ئینگلیزیی پێیدەڵێن self-defence، کە لە دونیای ئەمڕۆدا مانای بەرگریکردن لە نیشتیمان و نەتەوە دەگەیەنێت، لە بەرامبەر ھەر ھەڕەشەیەکی دەرەکیدا. ھاوکات زاراوەی ”سەرەوەریی“ بە بوونی ”دەوڵەتی نەتەوە“وە گرێدراوە. ئەوەی لە کۆتاییەکانی سەدەی ھەژدەھەم و لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەھەمەوە وەک بوونەوەرێکی سەروەر مامەڵە دەکرێت، دەوڵەتە، ”دەوڵەتی نەتەوە“،سەرەتا لە ئەوروپادا دروستدەبێت و دواتر بە بەشەکانی تری جیھاندا بڵاودەبێتەوە. بۆیە ھەر دەوڵەتێک کە باسی سەرەوەی کرد، ئەوا باس لە ”سەروەری نەتەوەیی“ دەکات، باس لەوەدەکات ئەو دەوڵەتە ”دەوڵەتی نەتەوە“یە و ئەو سەروەرییەی ئەو دەوڵەتە ھەیەتی سەروەریی ئەو نەتەوەیەیە کە ئەو دەوڵەتە نوێنەرایەتی و بەرجەستەی، دەکات. بەڵام پرسیاری سەرەکیی لە پەیوەندیدا بە چەمکی ”سەروەری“ەوە ئەوەیە ئایا دەوڵەتەکانی ئەم ناوچەیە دەوڵەتی نەتەوەن یان نا؟ ئایا دانیشتوانە پڕ لە جیاوازییەکانی ناو سنووری ئەو دەوڵەتانە توانیویانە ببن بە نەتەوە یان نا؟ ئایا توانیویانە ئەو کۆمەڵگا خەیاڵکردە یەکگرتو و ھاوشێوەیە دروستبکەن کە بە نەتەوە ناوببرێت؟ وردتر بپرسین ئایا بەراستی ئێران دەوڵەتی نەتەوەیە؟ شتێک ھەیە بەناوی نەتەوەی ئێرانییەوە؟ نەک تەنھا ئێران، ئایا لە کۆی ناوچەکەدا دەوڵەتی نەتەوە بوونی ھەیە یان نا؟ لە ئێراندا، ئایا ئەو وڵاتە سەرزەمینی بەزۆر کۆکردنەوەی چەندان گروپ و کۆمەڵەی ئەتنیی و دینیی و مەزھەبیی جیاواز نییە، کە ھەریەکەیان وێنەیەکیان لەسەر شوناسی کۆیی خۆیان ھەیە، ناچێتە ناو شوناسی بوونی ئەو نەتەوە ئێرانییە کە حوکمڕانانی ئەو وڵاتە بۆ ئەو وڵاتەیان ھەیە؟ ھەمان پرسیار بۆ عێراق و تورکیا و سوریا و لوبنان و سعودیە و یەمەن و لوبنان و زۆرێک لە وڵاتانی تری ناوچەکە ڕاستە. ئایا ئەو وڵاتانە خاوەنی یەک نەتەوەن، یان خاوەنی چەندان گروپی جیاواز و چەندان پێکھاتەی ھەمەرەنگیی بەر لە دروستبوونی نەتەوەن؟ ھەموو ئەو پرسیارانە بەرەو ئەوەمان دەبا کە بپرسین: ئایا بەکارھێنانی چەمکی ”سەروەریی“ لەلایەن دەوڵەتەکانی ئەم ناوچەیەوە، لانی ھەرەکەمی ڕەوایەتی سیاسیی و ئەخلاقیی تێدایە؟ یان چەمکەکە بۆ بەرگریکردن لەو سیستمی حوکمڕانییانە بەکاردەێت کە پەیوەندیان بە دەوڵەتی نەتەوە و بە خودی نەتەوە و نیشتیمانی نەتەوەییەوە، نییە؟ بە بۆچوونی من ھیچ یەکێک لە دەوڵەتە سەرەکییەکانی ئەم ناوچەیە، دەوڵەتی نەتەوە نین، دەوڵەتێک نین لەوەدا سەرکەوتووبن دانیشتوانە جیاواز و ھەمەرەنگەکەیان، بکەن بە نەتەوە و وایان لێبکەن ھەست بەوەبکەن خاوەنی یەک شوناسی سەرەکیی و ھاوبەشن. یان لانیکەمی شوناسی خۆیان لەناو ئەو شوناسەدا بدۆزنەوە کە حوکمڕانان لەسەرەوە بەسەر ھەمووندا دەیسپێنێت؟ دەوڵەتەکانی ئەم ناوچەیە دەوڵەتی گروپێکی ئەتنی یان دینیی یان ناوچەیی یان مەزھەبی دیاریکراون و ئەم دۆخەش وایلێکردون لە باتی ئەوەی دەوڵەتی ھەموو نەتەوە بن، دەوڵەتی نەتەوە بن، دەوڵەتێکی سێکتاریی، تائیفی، یان ئەتنی، یان دینیی، یان نوخبەیەکی تەواو داخراوبن و بەھیچ جۆرێک نوێنەرایەتی کۆی ئەو دانیشتوانە نەکەن کە لەناو سنوورەکانیاندا کۆبوونەتەوە و دەژین و نەتوانراوە بکرێن بە نەتەوە. ئەمەش وادەکات ئەو دەوڵەتانە ھەم لە ئاستی ناوەکییدا و ھەم لە ئاستی دەرەکییدا خاوەنی سەروەریی نەبن. لە ئاستی ناوەکیدا، حوکمڕانەکانی ئەو دەوڵەتانە، خاوەنی سەروەریی نین چونکە ئەوان نوێنەرایەتی کۆی کۆمەڵگاکە ناکەن و سەروەریی ئەوان سەروەریی کۆمەڵگاکە وەک نەتەوەیەکی یەکگرتوو نییە. لە باشترین دۆخدا سەروەری ئەوان سەروەری بەشێکی کۆمەڵگاکەیە، کە ئەمەش نایکاتە خاوەنی ئەو سەروەرییەی لە سەدەی ھەژدەھەمەوە بە سەروەری دەوڵەتی نەتەوەوە، گرێدراوە. لە ئاستی دەرەکیشدا ئەوەی ئەنجامی ئەدەن کردەیەک نییە بتوانن بەناوی ھەموو نەتەوەکەوە ئەنجامیبدەن و لە جەوھەریشدا بەرگریکردن بێت لەو نەتەوەیە. بە کورتییەکەی، ئەگەر لەم بەشەی دونیادا شتێک بەناوی دەوڵەتی نەتەوەوە بوونی نەبێت، ئەمە مانای ئەوەیە شتێکیش بەناوی نەتەوە و نیشتیمانی نەتەوەییەوە دروستنەبووە و دروستنەکراوە، کەواتە ئەو ”بەرگریکردنە لە خود“ کە پەنای بۆ دەبرێت، لە باشترین حاڵەتدا، بەرگریکردنە لەو گروپە تایبەتەی کە حوکمڕانە، ئەو گروپەی، کە زۆربەی جار، ھەم میلەتەکەی خۆی گیری بەدەستییەوە خواردوە، ھەم  دنیای دەرەوە و دەوڵەتەکانی دراوسێشی. لە ڕاستیدا ئەوەی لەم ناوچەیەدا ھەیە کۆمەڵێک حاکمی بێمیلەت و ژمارەیەک دەسەڵاتداری بێ نەتەوە و کۆمەڵێک جوگرفیایە کە نەیانتوانیوە ببن بە نیشتیمان. بەڵام ئەم حوکمڕانانە بەناوی میلەت و دەوڵەتێکی خاوەن سەروەرییەوە قسەدەکەن. بەم مانایە، بۆ نموونە، دەوڵەتی ئێرانی دەوڵەتی نەتەوە نییە، چونکە شتێک بەناوی نەتەوەی ئێرانەوە بوونی نییە کە کۆی دانیشتوانە جیاوازەکەی ئەو وڵاتە خۆیان بە بەشێکی بزانن و ئەو نەتەوە دروستکراو و سەپاوە بە نوێنەرانی خۆیان بزانن.  ئەوەی ھەیە یەکەیەکی سیاسییە نوێنەرایەتی گروپێکی ئەتنی دیاریکراو، واتە فارس، و مەزھەبێکی دینیی دیاریکراو، واتە شیعە، لە وڵاتەکەدا دەکات. ھەمان روانین بۆ دەوڵەتەکانی تری ناوچەکە، لەوانەش تورکیا، سوریا، لوبنان، عێراق و سعودیە و یەمەن، بە ھەمانشێوە راستە. جگە لەمە لەم ناوچەیەی ئێمەدا ژمارەیەک لەو دەوڵەتانە کە دەوڵەتی نەتەوە و نیشتیمانێکی دیاریکراو نین، خۆیان وەک دەوڵەتی ئیمپراتۆری دەبینن و خەونی بوون بە ئیمپراتۆریەتی  ناوچەکە دەبینن. ئەم خەونە ئەو ھەستەی تێدا دروستکردون کە خۆیان بەخاوەنی ھەموو ناوچەکە بزانن. ھەم ئێران و ھەم تورکیای سەردەمی ئەردۆغان و عوسمانیزمی نوێ، ئەم خەون و تەماحە ئیمپراتۆریەتانەیان ھەیە و کاریشی بۆدەکەن. لە قۆناغەکانی پێشوتریشدا ناسیۆنالیزمی عەرەبی، لە فۆرمە ناسریی و بەعسییەکەیدا، باسیان لە خۆ بە خاوەن زانینی ھەموو دونیای عەرەب دەکرد. ئەگەر ئێران و تورکیا لە نموونە ھەرە دیارەکانی نوێنەرایەتیکردنی ئەم خەونە ئیمپراتۆرییە بکەن. لە ئێستادا سعودیە و قەتەر و ئیماراتیشی ھاتۆتەسەر. ھەموو ئەم دەوڵەتانە ھیچ ڕێزێک بۆ چەمکی سەروەریی دانانێن و وا ھەڵسوکەوت دەکەن وەک ئەو چەمکە بوونی نەبێت. ھەرموویان دەستدەخە کاروباری سەرجەمی دەوڵەتەکانی ناوچەکەوە، ھەرجارە و بەشێوەیەک، جارێک لەرێگای دەستوەردانی سیاسییەوە، جارێک لە رێگای دەستوەردانی ئابورییەوە، جارێکی تر لەرێگای دەستدرێژیکردنی سەربازییەوە، تا بە بەرپاکردنی جەنگ دەکات. لە ڕاستیدا ئەوەی لەم ناوچەیەدا لە ململانێدایە و بەیەکدا دەدات تەنانەت کۆمەڵێک ناسیۆنالیزمی تائیفیی توندوتیژ و دوژمنکارانە نییە، بەڵکو کۆمەڵێک گروپ و تاقم و مەزھەب و حوکمڕانن، کە خاوەنی خەونی ئیمپراتۆریەتی گەورەن و ھەریەکێکیشیان ئەوانیتری لەخۆی نەچوو، بە رێگرێکی ترسناک لەبەردەم ئەم خەونە ئیمپراتۆرییە ناشەرعیەدا دەزانێت.   ھەموو ئەم شتانە وادەکەن چەمکی سەرەوەریی نەتەوەیی و نیشتیمانی، کە ئەمرۆ لەسەر زاری کۆی بکەرە سیاسییەکانی ناوچەکەیە، چەمکێکی بەتاڵبێت و ھێما بۆ دۆخێکی کۆنکرێت و مێژووی راستەقینە نەکات، چەمکێک بێت ھێما بۆ بۆشاییەکی سیاسیی گەورە بکات، بۆشاییی نەبوونی نەتەوەیەک بەگریی لێبکرێت. بۆیە ئەوەی چەمکی سەروەریی لەم ساتەدا بەرگریی لێدەکات ئەو خەونە ئیمپراتۆرییە ناقۆڵایەیە کە کۆمەڵێک بکەری سیاسیی خاوەن دەسەڵاتی نانەتەوەیی و نانیشتیمانی و تائیفیی، لەم ناوچەیەدا نوێنەرایەتی دەکەن. یەکێکی تر لە کێشە گەورەکانی ناوچەکە ئەوەیە ئەم ھێزە تائیفییانە دەیان پرۆکسیی و ھێزی ناوچەیی جیاوازیان لە چەندان وڵاتی ناوچەکەدا بۆخۆیان دروستکردوە و چەکداریان کردون، ئەوەی بخوازن و بیانەوێت لە رێگای ئەوانەوە ئەنجامیئەدەن.  حیزبوڵا و حەماس و حوسیەکان و حەشدی شەعبی بۆ ئێران و ئەلقاعیدە و جەبھەی نوسرە و چەندان گروپی تر بۆ تورکیا. پارتی و یەکێتیش بەسەر ئەوو دوو ھێزەدا دابەشبوون.   ھەموو ئەم گۆڕانکارییە نێگەتیڤ و ترسناکانە لە دونیایەکەدا ڕووئەدات کە دونیایەکی بەجیھانیبووە، بەجیھاینبوون، العولمە، بەشە جیاوازەکانی ئەو دونیایە بە چەندەھا شێوە بە یەکترییەوە گرێئەدات و وڵاتێک یان میلەتێک یان دەوڵەتێک نەماوە، بە دەیان و سەدان شێوە بە دەرەوەی خۆیەوە گرێنەدرابێت و نەبسترابێتەوە. جیھانی ئەمرۆ جیھانی ئەو دەوڵەتانە نییە کە وەک دورگە و دارستانی دابڕاو لەپاڵ یەکدا دروستبووبن. بەڵکو جیھانێکی ئاڵۆز و بەناویەکداچووە کە پێویستی بە جۆرێک لە خەیاڵ و بیرکردنەوەی سیاسیی داھێنەرانە ھەیە، کە بکەرە سیاسییەکانی ئەم ناوچەیە و حوکمڕانەکانیان ھەڵگریان نین. خەیاڵ و بیرکردنەوەیەکی سیاسیی کە بچێتە دەرەوەی سنوورەکانی دەوڵەتی نەتەوە و باوەش بۆ دروستکردنی یەکەی ئابوریی و سیاسیی و فەرھەنگیی ناوچەیی و جیھانی گەورە بکاتەوە، بە لۆژیکی تائیفە و گروپێکی ئەتنی و دینیی داخراوی بەر لە دروستبوونی نەتەوە، لەناو ئەو جیھاندا ئامادەنەبێت و کارنەکات.  جگە لەمە ئەو مەسەلە گرنگ و سەرکییانەی لەم ناوچەیەدا پێویستیان بە چارەسەرکردن ھەیە زەحمەتە ھیچ یەکێکیان لەناو چوارچێوەن و سنوورەکانی ھەر دەوڵەتێک لە دەوڵەتەکاندا بەتەنھا چارەسەربکرێن، لەوانەش، بۆ نموونە، گەشەدان بە ئابورییەکی بەرھەمھێن، دروستکردنی بازارێکی چالاک و کراوەی ناوچەیی، گەشەی گەورەی دانیشتوان، مەسەلەی کۆچکردن، کێشەی پیسبوونی ژینگە، مەسەلەی دابینکردنی وزە، پاراستن و رێزگرتنی مافەکانی مرۆڤ، دابینکردنی ئاشتیی و ئاسایشێکی دوورمەودا توانای ژیان و بەردەوامی ھەبێت. مەترسی ژیان لەم ناوچەیەدا و لەپاڵ ئەو جۆرە لە حوکمرانیدا کە ھەیە، لەوەدایە زۆرینەیان بە لۆژیکێکی تائیفیی مەزھەبیی و ئەتنیی پەڕگیرەوە، بوونەتە خاوەنی خەزێنەیەکی گەورە لە تەکنۆلۆژیای کوشتن و وێرانکاریی تازە، بوونەتە خاوەنی ھەزارەھا درۆن و رۆکێتی دوورھاوێژ. ئێران و تورکیا دوو نموونەی زیندووی ئەم مەترسیەن و ئەوەی لە ھەولێر ڕوویدا بەرجەستەکەرێکی ڕۆژانەی ئەم مەترسییەیە.      


(دره‌و):  كۆمپانیا بیانییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ده‌رهێنانی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت داوای 20 دۆلار له‌ حكومه‌تی عێراق ده‌كه‌ن، به‌پێی قسه‌ی ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی نه‌وت و غاز له‌ په‌رله‌مانی عێراق، رێككه‌وتن كراوه‌و بڕیاره‌ نرخه‌كه‌ له‌ یاسای بودجه‌دا هه‌موار بكرێته‌وه، دوای هه‌مواركردنه‌وه‌كه‌ش پرۆسه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم ده‌ستپیبكاته‌وه‌‌.  سەباح سوبحی ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق رایگه‌یاند، ئاسۆیەکی ڕوون ھەیە بۆ ئەوەی دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بكرێته‌وه‌.  سه‌باح سوبحی كه‌ ئه‌ندامی فراكسیۆنی پارتییه‌و قسه‌ی بۆ سایتی فه‌رمی حزبه‌كه‌ی كردووه‌، باسله‌وه‌ده‌كات بۆ ده‌ستپیكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت" تەنیا بەربەستی سەرەکی ئه‌وه‌یه‌ بابەتی تێچووی نەوت لاببرێت و چارەسەر بکرێت". "عێراق بۆ دەرھێنانی ھەر بەرمیلێک نەوت شەش دۆلارو ٨٠ سەنتی داناوە، ئەمە بۆ کۆمپانیاکانی نەوت لە ھەرێمی کوردستان کاردەکەن ناعەدالەتیەکی گەورەی تێدایە، لەبەر ئەوەی ژینگەی کارکردنی کۆمپانیاکان لە ھەرێم جیاوازە لەگەڵ خواروو و ناوەڕاستی عێراق، گرێبەستەکانی کۆمپانیاکان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوانەی لە عێراق کار دەکەن جیاوازە لەڕووی تێچووی دەرھێنانی نەوت و لە شێوازی گرێبەستەکانیش، گرێبه‌سته‌كانی ئەوان خزمەتگوزارییەو ئەوەی ئێمە ھاوبەشییە" سه‌باح سوبحی وا ده‌ڵێ.  ئه‌م ئه‌ندامه لیژنه‌ی نه‌وت ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات"‌ پێویستە لەگەڵ ھەموارکردنەوەی یاسای بودجە تێچووی نەوت دەستکاری بکرێت لە ٦ دۆلار و ٨٠ سەنت بۆ نزیکەی ٢٠دۆلار، بۆ ئەو مەبەستە کۆمپانیاکان کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق کردووە و ئەو پێشنیارەیان بۆ عێراق کردووە، ئەوانیش بۆ حکومەت بەرزی دەکەنەوە بۆ ئەوەی ڕەزامەندی بدات له‌ ھەمواری یاسای بودجە جێگیر بکرێت و یاسای بودجە ھەموار بکرێتەوە، ئێستا چارەسەری ئەو پرسە کەوتۆتە سەر شانی حکوومەتی عێراق". له‌ 25ی ئازاری 2023وه‌ به‌هۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریسه‌وه‌، توركیا هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانی راگرتووه‌، بڕیارێك كه‌ به‌هۆی به‌كارهێنانی بۆری نه‌وتی عێراق بۆ هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم به‌بێ وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی به‌غداد، بڕیار نزیكه‌ی (ملیارێك و 500 ملیۆن) دۆلار قه‌ره‌بووی به‌سه‌ر توركیادا سه‌پاندوه‌.  دوای نزیكه‌ی 10 مانگ راوه‌ستانی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم، ئێستا توركیا ره‌زامه‌ندی نیشانداوه‌ له‌سه‌ر ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت، وه‌كو سه‌باح سوبحی ده‌ڵێ "ئەوەی ماوە یاسای بودجەیە ھەمواربکرێتەوەو دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوت بکرێتەوە، یاسای بودجەش بڕیارە لە مانگی داھاتوو ھەموار بکرێتەوە". له‌ یاسای بودجه‌ی فیدراڵی عێراقدا، حكومه‌تی هه‌رێم قایل بووه‌ به‌وه‌ی رۆژانه‌ (400 هه‌زار) به‌رمیل نه‌وت راده‌ستی كۆمپانیای به‌بازاڕخستنی نه‌وتی عێراق "سۆمۆ" بكات و داهاتی نه‌وته‌كه‌ش راسته‌وخۆ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ی حكومه‌تی فیدراڵ، ئه‌مه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان پشكی خۆی له‌ بودجه‌ی فیدراڵ وه‌ربگرێت.  له‌ كۆتایی حوزه‌یرانی 2023وه‌ یاسای بودجه‌ی عێراق كه‌ بۆ سێ ساڵه‌ (2023-2024-2025) كه‌وته‌ بواری جێبه‌جێكردن، ئیتر له‌وكاته‌وه‌ مشتومڕ له‌باره‌ی بڕگه‌كانی تایبه‌ت به‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌ریهه‌ڵدا، حكومه‌تی هه‌رێم ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕی له‌و نرخه‌ی كه‌ له‌ یاسای بودجه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنان و گواستنه‌وه‌ی نه‌وت دانراوه‌.   


درەو: كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان (CPJ) ئاماری رۆژنامەنووسە زیندانیكراوەكانی جیهانی بۆ ساڵی 2023 بڵاوكردەوە، لە بەشێكیدا باس لە هەرێمی كوردستان دەكات و دەڵێت، چوار رۆژنامەنووس لە هەرێمی كوردستان زیندانی كراون یەكێكیان تازەیە.   دەقی راپۆرتەكەی (CPJ): سەرژمێریی زیندانەکان بۆ ساڵی 2023: ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی زیندانیکراو لە بەرزترین ئاستی تۆمارکراو نزیکبوویەوە؛ زیندانیکردن لە ئیسرائیل هەڵکشاوە لەدوای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل-غەزەوە لە 7ـی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا، ئیسرائیل بووەتە یەکێک لە وڵاتانی پێشەنگ لە زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووساندا، ئەوەش بەگوێرەی سەرژمێریی زیندانەکانی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ) بۆ ساڵی 2023، ئیسرائیل چووەتە پلەی شەشەم و هاوئاستە لەگەڵ ئێران کە دەکەونە دوای چین، میانمار، بیلاڕووس، ڕوسیا و ڤێتنامەوە.   بە گشتی و تاوەکو ڕۆژی سەرژمێرییەکە کە 1ـی کانوونی یەکەمی 2023ـە، کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان 320 ڕۆژنامەنووسی زیندانیکراوی تۆمارکردووە، ئەوەش دووەم بەرزترین ئامارە کە کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ) لە مێژووی سەرژمێرییەکانیدا تۆماری کردبێت کە لە ساڵی 1992ـەوە بەردەوام بڵاویکردووەتەوە، ئەوەش ئاماژەیەکی بێزارکەر و جێگەی نیگەرانییە بۆ ستەمکاریی قووڵ و هێرشی ڕقاوی ئەو ڕژێمانەی کە سوورن لەسەر خنکاندنی دەنگە سەربەخۆکان. هەندێک لە حکومەتەکان هەنگاوی تووندتریان ناوە و ئامڕازی سەرکەوتکردنی نێودەوڵەتییان بەکارهێناوە بۆ هەڕەشەکردن و هەراسانکردنی ڕۆژنامەنووسان لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیان، بۆ نمونە؛ هەنگاوە ترسناکەکانی مۆسکۆ بۆ دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووسی ڕووسی کە لە وڵاتانی دیکە دەژین؛ یاخود ئەسیوپیا کە زۆری لە جیبۆتی دراوسێی کرد ڕۆژنامەنووسێکی دەربەدەرکراو بگەڕێنێتەوە تاوەکو ڕووبەڕووی تۆمەتی تیرۆری بکاتەوە. توێژینەوەکەی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ) ئەوەشی دەرخستووە کە زیاتر لە 65%ـی  – 209 – ڕۆژنامەنووسانی دەستگیرکراوی ناو سەرژمێرییەکە بە تۆمەتەکانی دژ دەوڵەتی وەک هەواڵی هەڵە و تیرۆر زیندانیکراون وەک تۆڵەسەندنەوەیەک دژی ڕووماڵە ڕەخنەئامێزەکانیان. لە 66 کەیسیشدا، ڕۆژنامەنووسان دەستگیرکراو هیچ تۆمەتێکیان پێ نەگوتراوە کە پێی دەستگیرکراون. ئەوان زۆرجار ڕووبەڕووی دۆخێکی دڕندەیی بێوێنە دەبنەوە، زۆرجار پرۆسەی یاسایی دەشێوێنن، چونکە دەسەڵاتداران لە قۆناغی پێش تۆمەتبارکردن و پێش دادگاییکردن، دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەنووسان درێژ دەکەنەوە، پارێزەرانی ڕۆژنامەنووسانیش ڕووبەڕووی تۆڵەسەندنەوە و هەڕەشە دەبنەوە لە سەرانسەری جیهاندا. دەرخستە سەرەکییەکانی دیکە لە ساڵی 2023دا: خراپترین زیندانیکەرانی ڕۆژنامەنووس وڵاتانی چین (44 ڕۆژنامەنووسی زیندانیکراو)، میانمار (43) و بێلاڕوس (28) زیاتر لە یەک لەسەر سێی ئەو ڕۆژنامەنووسانەیان دەستگیرکردووە کە ناویان لە سەرژمێریەکەدا هاتووە، واتە بەڕێژەی 35.8%. ڕۆبێرت پانگ (چەپ)، پارێزەری میدیاکاری لایەنگری دیموکراسی جیمی لای (ڕاست) لە 22ی کانوونی دووەمدا دەگاتە دادگا لە هۆنگ کۆنگ، ئەو ڕۆژەی دادگا داواکارییەکی لای (لە چاوپێکەوتنێکی میدیایی مانگی حوزەیرانی 2020دا نیشان دراوە) ڕەتکردەوە بۆ رەتکردنەوەی تۆمەتێک لەبارەى یاخیبوونی. لە 2ی کانوونی دووەمی 2024دا لای هەموو ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە ڕەنگە بەهۆیانەوە سزای زیندانیی هەتاهەتایی بەسەردا بسەپێنرێت (وێنەکان، چەپ بۆ ڕاست: AFP/پیتەر پارکس، AFP/ئەنتۆنی واڵاس) چین لە مێژە وەک یەکێک لە خراپترین زیندانیکەرانی ڕۆژنامەنووسان لە جیهاندا دانراوە، سانسۆری حکومەتیش زانین و دیاریکردنی ژمارەی تەواوەتی ڕۆژنامەنووسانی زیندانیکراوی سەخت کردووە، لەم ساڵانەی دواییدا سەرکوتکردنی میدیایی لە چین فراوانتر بووە، لە ساڵی 2021دا بۆ یەکەمجار لە مێژووی سەرژمێرییەکەی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووساندا ڕۆژنامەنووسان لە ھۆنگ کۆنگ دەستگیرکران، ئەو دەستگیرکردنانەش دوای ئەوە هات حکومەتی پەکین یاسای توندی ئاسایشی نیشتمانیی بەسەر هۆنگ کۆنگدا سەپاند دوای چەند خۆپیشاندانێکی گەورەی پرۆ دیموکراسی لە هەرێمەکەدا. چەند ڕۆژنامەنووسێک دەستگیرکران کە لە هەمان کاتدا کەیسەکانیان دوادەخرا، بۆ نمونە جیمی لای، دامەزرێنەری ڕۆژنامەی پرۆ دیموکراسیی “ئەپڵ دەیلی” کە ئێستا داخراوە، پرۆسەی دادگاییکردنی جیمی لای کاتێک دەستیپێکرد کە ناوبراو نزیکەی 1100 ڕۆژی لە زینداندا بەسەربرد، ئەگەریش تاوانبار بکرێت، پێدەچێت بۆ هەتا هەتایی زیندانی بکرێت. دەسەڵاتدارانی چین بەکارهێنانی تۆمەتەکانی دژە دەوڵەتیان زیاتر بەکارهێنا بۆ دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان، ئەوەتا لە هەر پێنج کەیسێکی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان کە لە سەرژمێریی 2023ـی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسدا هاتووە، سیانیان بە تۆمەتی سیخوڕیکردن، هاندانی جووداخوازی یاخود ڕووخاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت دەستگیرکراون. زۆرێک لەو ڕۆژنامەنووسانەی کە تۆمەتبار کراون، لە نەتەوەی ئۆیگوورن لە هەرێمی شینجیانگن کە تێیدا پەکین تۆمەتبارکراوە بە ئەنجامدانی تاوانی دژی مرۆڤایەتی بەهۆی دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵ و سەرکوتکردنی توندی گروپە نەتەوەییەکانی ناوچەکە کە زۆربەیان موسڵمانن، لەو 44 ڕۆژنامەنووسەی لە ساڵی 2023دا لە چین دەستگیرکراون، 19ـیان لە نەتەوەی ئۆیگوورن. لە ساڵی 2021ـەوە، سەرکوتکردنی ڕۆژنامەنووسان لە میانمار و بیلاڕووس خراپتر بووە. لە میانمار، ڕەوشی میدیای سەربەخۆ لە دوای کودەتا سەربازییەکەی شوباتی 2021ـەوە وێران بووە، سەرانی کودەتا بە خێرایی دەستیانکرد بە دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان، داخستنی دەزگا میدیاییەکان و ناچارکردنی ڕۆژنامەنووسان بۆ هەڵهاتن بەرەو دەرەوەی وڵات. دوای نزیکەی سێ ساڵیش، بەردەوام ڕۆژنامەنووسان لەڕێگەی یاسایەکی دژە دەوڵەتەوە بە ئامانج دەکرێن کە بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاردەهێنرێت بۆ تاوانبارکردنی “هاندان” و “هەواڵی درۆ”. لە مانگی ئایاردا، ڕۆژنامەنووسی فۆتۆگرافەر سای زاو تایکی لەکاتی ڕووماڵکردنی پاشماوەی زریانە کارەساتبارەکەی مۆچا لە ڕۆژئاوای میانمار دەستگیرکرا و دواتر بە تۆمەتی دروستکردنی فیتنەیی سزای 20 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا، ئەوەش درێژترین سزای زیندانیکردنی راگەیەنراوە کە بەسەر ڕۆژنامەنووسێکدا سەپێنرابێت دوای کودەتاکە. لە بیلاڕووس و لە ساڵی 2020ـەوە، دەسەڵاتداران زۆرترین ژمارەی ڕۆژنامەنووسانیان بەهۆی کارەکانیانەوە زیندانی کردووە ، ئەو کاتەی کە وڵاتەکە بەهۆی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانەوە لەدژی دووبارە هەڵبژاردنەوەی ئەلێکساندەر لوکاشینکۆی سەرۆکی بێلاڕووسەوە کە جێی مشتومڕ بوو، کەوتنە زیندانەوە. زۆرینەی – 71% – ئەو ڕۆژنامەنووسانە ڕووبەڕووی تۆمەتی دژە دەوڵەت بوونەوە؛ نزیکەی نیوەییان سزای پێنج ساڵ یان زیاتریان بەسەردا سەپێنرا. دەسەڵاتدارانی بیلاڕووس یاسای “توندڕەوی” بەکاردەهێنن وەک باوترین چەک بۆ زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسان لە تۆڵەی کارە ڕۆژنامەوانییەکانیان، لە کۆی حەوت ڕۆژنامەنووسە زیندانییە نوێیەکەی بیلاڕووس کە لە سەرژمێریی ساڵی 2023ـی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووساندا هاتووە، پێنجیان تۆمەتبارکراون بە دروستکردن یان بەشداریکردن لە گروپە توندڕەوەکان، یان ئاسانکاریکردن بۆ چالاکییە توندڕەوییەکان. (کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان هەروەها لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە ئاخۆ ڕۆژنامەنووسێکی دیکەی بیلاڕووسی ڕووبەڕووی تۆمەتی هاوشێوە دەبێتەوە یان نا.) بەپێی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی بیلاڕووسی لە هەندەران، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لانیکەم 19 دەزگای ڕاگەیاندن بە “توندڕەو” ناوزەد کراون. پێشهاتە نوێیەکان دوو گۆڕانکاریی سەرەکی لە لیستی سەرژمێرییەکەی 2023دا ئیسرائیل و ئێرانن، کە هەریەکەیان تاوەکو 1ـی کانوونی دووەمی 2023، لانیکەم 17 ڕۆژنامەنووسیان دەستگیرکردووە و هەردووکیان پلەی شەشەمیان گرتووە.  ئیسرائیل چەندین جار ناوی لە سەرژمێریی ساڵانەی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووساندا هاتووە، بەڵام ئەمە یەکەمجارە زۆرترین ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی فەلەستینی زیندانیکردبێت لەو کاتەوەی کە کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان لە ساڵی 1992ـەوە دەستی بە تۆمارکردنی حاڵەتەکانی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان کردووە، هەروەها یەکەمجارە ئیسرائیل لە ڕیزبەندی شەشەمی تاوانبارانی سەرەکیدا ناوی بهێنرێت. هەموو ئەو ڕۆژنامەنووسانەی تاوەکو بەرواری سەرژمێرییەکە کە 1ـی کانوونی یەکەمی 2023ـە، لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستگیرکراون، لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و غەزە لە 7ـی تشرینی یەکەمدا و لە کەرتی ڕۆژئاوای داگیرکراو دەستگیرکراون، زۆربەیان لە زیندانی ئیداریدا ڕاگیراون کە ڕێگە بە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل دەدات بەبێ ئاڕاستەکردنی تۆمەت زیندانیان لە دەستبەسەریدا بهێڵنەوە بە پاساوی ئەوەی کە گومانیان هەیە دەستگیرکراوەکە پلانی ئەنجامدانی تاوانی هەیە لە داهاتوودا. سروشتی داخراویی ڕێکارەکان وایکردووە بۆ توێژەرانی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان قورس بێت ئەو تۆمەتانە بزانن کە ڕووبەڕووی ڕۆژنامەنووسەکان بووەتەوە، بەڵام چەند خێزانێک بە کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسانیان گوتووە کە پێیان وایە ئەوان بەهۆی بڵاوکراوەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زیندانی کراون. (لێرە زیاتر دەربارەی زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسانی فەلەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە بخوێنەرەوە). بە گشتی ئیسرائیل لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە زیاتر لە 20 ڕۆژنامەنووسی دەستگیرکردووە، بەڵام ئەوانەی پێش 1ی کانوونی دووەم ئازاد کراون یان دوای ئەو بەروارە دەستبەسەرکراون، لە سەرژمێریی ساڵی 2023دا تۆمارنەکراون. (بۆ زانینی دوایین ئامارەکانی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ) لەبارەى ڕۆژنامەنووسانی دەستبەسەرکراو تەماشای ئێرە بکە). لە ئێرانیش، ئامارەکانی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە پاش ئەوەی لە ساڵی 2022دا وەک خراپترین زیندانیی ڕۆژنامەنووسان دەستنیشانکرا لەدوای هەڵمەتی سەرکوتکردنی میدیایی بۆ ڕووماڵکردنی ناڕەزایەتییەکانی ئێران کە بەهۆی مردنی ژینا ئەمینی 22 ساڵە سەریهەڵدا. زۆرێک لەو 62 ڕۆژنامەنووسە دەستگیرکراوەی کە لە لیستی سەرژمێریی 2022دا ناویان هاتبوو بە کەفالەت ئازادکران و چاوەڕێی ڕۆژی دادگاییکردن یاخود تۆمەتبارکردنیان دەکەن، واتە کەمبوونەوەی ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی دەستگیرکراو لە ساڵی 2023دا ئاماژە نییە بۆ دەستهەڵگرتنی ئێران لە سەرکوتکردنی میدیا، بەڵکو دەسەڵاتدارانی ئێران وەڵامی ئەو ڕاپۆرتە زۆرانەیان داوەتەوە کە لەسەر مافەکانی ژنان بە تایبەت بە ئامانجگرتنی ژنە ڕۆژنامەنووسە دیارەکان بڵاوکرانەوە کە دەیانویست بیانکەنە نمونە و وانە بۆ ئەوانی دیکە. تا 1ی کانوونی دووەمی 2023، لە کۆی 17 ڕۆژنامەنووس کە لە ئێران زیندانیکراون، هەشتیان ژن بوون. لەوانە؛ نیلوفەر حامیدی و ئیلاهە محەمەدی کە یەکەمین ڕۆژنامەنووس بوون لە مانگی ئەیلولی 2022دا هەواڵیان لەسەر مردنی ژینا ئەمینی بڵاوکردەوە، ئەوان بە تۆمەتی دژە دەوڵەت کە پەیوەندییان بە ڕووماڵ و ڕاپۆرتەکانیانەوە هەیە، سزای 13 و 12 ساڵیان بەسەردا سەپێنراوە، ڕۆژی 14ی کانوونی دووەمی 2024، هەردوو ڕۆژنامەنووس بە کەفالەت ئازادکران دوای بەسەربردنی 16 مانگ لە زینداندا، لە کاتێکدا دادگای باڵای ئێران پێداچوونەوە بە تانەکەیاندا دەکاتەوە (استئناف). لە ئێستادا ڕۆژنامەنووسی فريلانس ڤیدا ڕەبانی لە زیندانی ئێڤینە لە تارانی پایتەخت و بەشی یەکەمی ئەو دوو سزای زیندانییە بەسەر دەبات کە بە هەردووکییەوە 17 ساڵ زیندانی دەکات بەهۆی ڕووماڵکردنی ناڕەزایەتییەکانەوە. ڕووسیاش هەوڵەکانی بۆ سەرکوتکردنی ڕووماڵکردنی ئازادانە چڕترکردووەتەوە، سەرباری خنکاندنی تەواوەتی میدیای سەربەخۆی وڵاتەکە لەدوای جەنگی داگیرکردنی ئۆکرانیا لە شوباتی 2022دا، مۆسکۆ هەوڵدەدات ڕۆژنامەگەری لە دەرەوەی سنوورەکانیشی بە تاوان بناسێنێت بە دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن و سزای زیندانیکردن لە غیابیدا بۆ چەند ڕۆژنامەنووسێکی دیار کە لە دەربەدەریدا کاردەکەن. ڕووسیا هەروەها ژمارەیەکی زۆر ڕۆژنامەنووسی بیانی لە زیندانەکانی خۆیدا دەستبەسەرکردووە، لە کۆی ئەو 17 ڕۆژنامەنووسەی کە لە سەرژمێرییەکەدا هاتوون و لە دەرەوەی شوێن و وڵاتی خۆیان دەستگیرکراون، 12ـیان لەلایەن ڕووسیاوە دەستگیرکراون، دووانیان بە ناوەکانی ئیڤان گێرشکۆڤیچ و ئەلسو کورماشیڤا هاووڵاتی ئەمریکین و لە دەستبەسەریی پێش دادگاییکردندا ماونەتەوە، ئەو 10 کەسەی دیکەش خەڵکی ئۆکرانیان، پێنجیان لە نەتەوەی تەتەری نیمچە دوورگەی کریمیان کە نەتەوەیەکی زۆرینەی موسڵمانە و خەڵکی ڕەسەنی نیمچە دوورگەکەن کە لە ساڵی 2014ـەوە لەلایەن ڕووسیا لکێنرا بە خاکەکەیەوە، چواریان بە تۆمەتی تیرۆر سزای 12 بۆ 19 ساڵیان بەسەردا سەپێنراوە. یەکێکیان، ئامێت سولەیمانۆڤ، تووشی چەندین کێشەی تەندروستی بووە، وەک کێشەی دڵ، سییەکان، گەدە و جومگەکان. دڕندەیی و تۆڵەسەندنەوە بارودۆخی زیندانەکان لەو وڵاتانەی کە خراپترین پێشینەی دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەنووسانیان هەیە زۆر خراپە. ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە لە سەرەتای ساڵی 2023دا بڵاوکراونەتەوە دەریانخستووە کە زیندانیان لە چین، میانمار، بیلاڕووس، ڕووسیا و ڤێتنام بە شێوەیەکی گشتی ڕووبەڕووی دەستدرێژی جەستەیی و سێکسی، قەرەباڵغی، کەمیی خۆراک و ئاو و ناتەواوی چاودێریی پزیشکی دەبنەوە. سیاجێکی دڕکاوی بە دەووری ئەو شوێنەی کە بە فەرمی بە ناوەندێکی پەروەردەی کارامەیی پیشەیی ناسراوە لە دابانچێنگ لە هەرێمی خۆسەری شینجیانگ ئویگور، لە ساڵی 2018دا وێنەکە گیراوە. پۆلیسی دابانچێنگ دوو ڕۆژنامەنووسی ڕۆیتەرزی بۆ زیاتر لە چوار کاتژمێر دەستبەسەر کرد دوای گرتنی ئەم وێنەیە. (وێنەکە: ڕۆیتەرز/تۆماس پیتەر) لە کۆی ئەو 320 ڕۆژنامەنووسە دەستگیرکراوەی کە لە سەرژمێریی ساڵی 2023دا هاتووە، 94 کەسیان، واتە نزیکەی 30%، کێشەی تەندروستییان هەیە، زۆرێکیان ناتوانن دەرمان بەدەست بخەن یان دەستیان بە پزیشک بگات، بەڵام زۆرجار خێزانەکانیان لە ترسی تۆڵەسەندنەوە لە کەسوکارەکانیان ئامادە نین قسە بکەن و دەنگ هەڵبڕن. توێژینەوەکەی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ) چەندین حاڵەتی دەرخستووە کە ڕۆژنامەنووسانی زیندانیکراو لە چاودێری تەندروستی و دەرمان و هەندێکجاریش پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک گەرمی و ئاوی گەرم و کارەبا بێبەشکراون. بۆ نموونە ڕۆژنامەنووسی ڤێتنامی هوین توک ڤی کە سزای دوو ساڵ و نۆ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە لەسەر ئەوەی گوایە ئاڵای ڤێتنامی دڕاندووە، باوکی ئەو ڕۆژنامەنووسە، هوین نگۆک توان، لە تشرینی دووەمی 2023دا بە کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسانی گوتووە کە ڤی تووشی نەخۆشی بەستەری دڵ بووەتەوە کە حاڵەتێکی مەترسیداری دڵە و پێویستی بە دەرمان هەیە کە زیندانەکە دابینی ناکات و خێزانەکەشی توانای کڕینی نییە بۆئەوەی بە بەردەوامی بیگەیەننە زیندانەکە لە 120 میل لە ماڵەکەیانەوە دوورە. هەر لە ڤێتنام، بەرپرسانی زیندان وازیان لە دابینکردنی ئاوی گەرم بۆ تران هونی دوی توک هێنا بۆ ئەوەی نەتوانێت مەعکەرۆنییەکی خێرا ئامادە بکات کە لە کافتریای زیندانەکەدا کڕدرابوو. توک کە سزای 16 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە و دواتریش دەبێت پێنج ساڵی دیکە لە ماڵەکەیدا دەستبەسەر بێت، بەهۆی “چالاکییەکانی بە ئامانجی ڕووخاندنی حکومەت” دەستگیرکراوە، زۆرجار مانگرتنی لە خواردنی راگەیاندووە دژی خراپی بارودۆخی زیندان و لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردووشدا وازی لە خواردنی خۆراکی زیندان هێنابوو وەک ناڕەزایەتی دژی نادادپەروەریی بەشەخۆراکەکەی. ئەندامانی خێزانی توک دەڵێن لە ساڵی 2017دا تووشی نەخۆشی چاو بووە، دوای ئەوەی بەرپرسانی زیندانەکە بە بەردەوامی کارەبای ژوورە تاریکەکەی دەبڕن و ڕەتیانکردووەتەوە کە ئەو لایتە شەحنەی پێ بدەن کە لەلایەن خێزانەکەیەوە دابینکراوە بە بیانووی ئەوەی بردنەناوەوەی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بۆ ناو زیندانەکە قەدەغەیە. لە ڕووسیا، ڕۆژنامەنووسی فریلانسی ئۆکراینی ئیرینا دانیلۆڤیچ کە سزای شەش ساڵ و 11 مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە، سەرەڕای ئەوەی توانای بیستنی لە گوێی چەپیدا لەدەستداوە و تووشی سەرئێشەی بەردەوام بووە، باوکی دانیلۆڤیچ بە کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسانی گوتووە، ئەگەر چارەسەری پزیشکی نەکرێت، ناوبراو لە لێواری تێکچووندایە. هەروەها لە بیلاڕووس، کسێنیا لوتسکینا سەرەڕای ئەوەی بەدەست وەرەمێکی شێرپەنجەیی مێشکەوە دەناڵێنێت لەکاتێکدا سزای هەشت ساڵ زیندانی بەسەر دەبات، چاودێری پزیشکی گونجاو وەرناگرێت. سزای دوای زیندانیکردن زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسان تەنانەت دوای تەواوکردنی ماوەی سزاکانیان لە زینداندا، ئازادییان سنووردار دەکرێت، ئەمەش نەک هەر کاریگەری لەسەر بژێوی ژیانیان هەیە، بەڵکو ڕێگە بە حکومەتە سەرکوتکەرەکانیش دەدات بەردەوام بن لە بێدەنگکردنی دەنگەکانیان. بۆ نموونە لە ڕووسیا، ئەندرێ نۆڤاشۆڤ دوای تێپەڕاندنی سزای هەشت مانگ زیندانی لە چاکسازی گەوراندا، بۆ ماوەی ساڵێک کاری ڕۆژنامەوانی لێ قەدەغە دەکرێت. ئەلێکساندەر ڤالۆڤ کە لە مانگی ئازاری 2023دا دوای تێپەڕاندنی شەش ساڵی تەواو زیندانی ئازادکرا، دەبێت هەموو هەفتەیەک بچێتە لای پۆلیس و پشکنین بکات و لە ژێر “چاودێری ئیداری”دا دەمێنێتەوە، هەروەها بۆ ماوەی دوو ساڵ ناتوانێت شاری سۆچی لەسەر دەریای ڕەش بەجێبهێڵێت، هەرچەندە ئەو بە فەرمی کارکردنی وەک ڕۆژنامەنووس لێ قەدەغە نەکراوە، بەڵام ناوبراو بە کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسانی گوت کە هیچ کەسێک نایەوێت کارێک بدات بە ڕەخنەگرێکی ناسراوی حکومەت. لە ڤێتنامیش، پێنج ڕۆژنامەنووس بە ناوەکانی دۆان کین جیانگ، ترونگ چاو هو دان، نگوین فۆک ترونگ باو، لێ زە تانگ و نگوین تان نها  کە لە دەزگای هەواڵیی سەربەخۆی باو ساچ (ڕۆژنامەی پاک) کە ئێستا لەکارکەوتووە کاریان دەکرد، لە کاری ڕۆژنامەنووسی قەدەغەکراون دوای بەسەربردنی سێ ساڵ زیندانی بە تۆمەتی دژە دەوڵەت. لە ئێران، ڕۆژنامەنووس نەسیم سۆڵتانبەیگی کە هەواڵی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بڵاوکردەوە، بە دوو ساڵ قەدەغەکردنی چوونەدەرەوە لە وڵات و دوو ساڵیش قەدەغەکردنی پەیوەندیکردن بە گرووپ و ئەنجوومەنە سیاسییەکان سزا دراوە، ئەوە جگە لە سزای سێ ساڵ و نیو زیندانی کە بەهۆی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە دژی سیستەمەکە و هەماهەنگیکردن دژی ئاسایشی نیشتمانی سزا دراوە. لە چین کە زیندانییەکان لەدوای بەسەربردنی سزاکانیان دەنێردرێنە کەمپەکانی دووبارە پەروەردەکردنی سیاسی یان لە زینداندا دەهێڵرێنەوە، چارەنووسی کۆمەڵێک خوێندکار کە کاریان کردووە بۆ ئیلهام تۆهتی، دامەزرێنەری ماڵپەڕی هەواڵی شینجیانگ ئویگوربیز کە بە زیندانیی هەتاهەتایی سزا دراوە، هێشتا نادیارە. میسریش مێژوویەکی هەیە لە سنووردارکردنی چالاکیی ڕۆژنامەنووسان دوای ئەوەی سزاکەیان بەسەردا سەپێنراوە. ڕۆژنامەنووسی فۆتۆگرافەری میسری و خاوەنی خەڵاتی ئازادیی ڕۆژنامەگەریی نێودەوڵەتی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان مەحمود ئەبو زەید ناسراو بە “شەوکان” دوای ئەوەی لە ساڵی 2019 لە زیندان ئازاد بوو، بۆ ماوەی پێنج ساڵ گەشتی نێودەوڵەتی لێ قەدەغە کرا. سەرکوتکردنی هەرێمی بە دڵنیاییەوە ئاماری ڕۆژنامەنووسانی زیندانیکراو لە ماوەیەکی دیاریکراودا تەنها بەشێکی وێنە گەورەکەیە، ڕیزبەندییەکان کەم و زیاد دەکەن، هەروەها کەمی ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی دەستگیرکراو لە وڵاتێک، مانای بوونی زیاتری ئازادیی ڕۆژنامەگەریی لەو وڵاتەدا نییە، بۆ نمونە چەندین کەیس هەن لەو وڵاتانەی کە سیاسەتی “دەرگای سووڕاوە“یان هەیە وەک تورکیا، میسر، ئێران و سوریا. ئەفریقای خوار بیابان ئێریتریا کە تێیدا 16 ڕۆژنامەنووس لە زیندانەکاندان، حەوتەم خراپترین زیندانی ڕۆژنامەنووسانی جیهانە و خراپترینی کیشوەری ئەفریقایە. ئەوانەی لە ئێریتریا ڕاگیراون بریتین لە هەندێک لە درێژترین حاڵەتە راگەیەنراوەکانی زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسان  لە سەرانسەری جیهان؛ تا ئێستا هیچکامیان هیچ جۆرە تۆمەتێکیشیان ئاڕاستە نەکراوە. لە ئەفریقای خوار بیابان، ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی تاوەکو 1ی کانونی یەکەم زیندانی کراون بەرزبووەتەوە بۆ 47 کەس، لەکاتێکدا 31 ڕۆژنامەنووس بوو لە ساڵی 2022دا، هەروەها 30 ڕۆژنامەنووس بوو لە ساڵی 2021، ئەسیوپیا (8) و کامیرۆن (6) لە ڕیزبەندی دووەم و سێیەم خراپترین زیندانیی ڕۆژنامەنووسان لە ناوچەکەدا هاتووە. ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی زیندانیکراو لە ئەسیوپیا، ڕەنگدانەوەی ئەو ژینگە سەختەیە کە بۆ میدیاکان درووستکراوە. سەرەڕای واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی ئاشتی لە ساڵی 2022دا کە کۆتایی بە دوو ساڵ شەڕی ناوخۆ هێنا، هێشتا نائارامی و ململانێ لە ویلایەتی ئەمهارا لە وڵاتەکەدا هەیە لە نێوان میلیشیا ناوچەییەکان و هێزە فیدراڵیەکاندا و دۆخەکە زیاتر پەرەی سەندووە. هەر هەشت ڕۆژنامەنووسەکەی ناو سەرژمێریی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان بۆ ساڵی 2023، بەهۆی ڕووماڵکردنی ئەم ململانێیەوە دەستگیرکراون. هەروەها داتاکان ڕەنگدانەوەی سەرکوتکردنی میدیاکانە لە سەنیگال، زامبیا، ئەنگۆلا و ماداگاسکار. سەنیگال کە پێنج ڕۆژنامەنووسی تێدا زیندانی کراوە، پێشتر تەنیا دوو جار و لە ساڵەکانی 2008 و 2022 لە سەرژمێرییەکانی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووساندا ناوی هاتووە کە هەر ساڵێک تەنها یەک ڕۆژنامەنووس لە زیندانەکانیدا بووە. کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ، زامبیا، ئەنگۆلا، بوروندی و نەیجیریا، هەر وڵاتێک بە یەک ڕۆژنامەنووسی دەستگیرکراو لە سەرژمێریی ساڵی 2023دا ناویان هاتووە، ماداگاسکاریش کە بۆ یەکەمجارە لە سەرژمێریەکەدا ناوی دێت، یەک ڕۆژنامەنووسی دەستگیرکردووە. ئەو تۆمەتانەی کە خراوەتەپاڵ ستانیس بوجاکێرا تشیامالا لە کۆماری کۆنگۆی دیموکراتیکی جێگەی نیگەرانین کە تێکەڵەیەکن لە یاسای سزادانی وڵاتەکە، یاسای دیجیتاڵی نوێ و یاسای ڕۆژنامەگەری کە بوار بە دەسەڵاتداران دەدات ڕۆژنامەنووسان دادگایی بکەن و زیندانییان بکەن بەهۆی بڵاوکردنەوەی “هەواڵی درۆ” و هەروەها بڵاوکردنەوەی زانیاری بە شێوەی ئەلیکترۆنی.  ئاسیا کیشوەری ئاسیا هێشتا ئەو ناوچەیەیە کە زۆرترین ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی تێدا زیندانی کراوە، جگە لەو وڵاتانەی کە پێشەنگن وەک چین، میانمار و ڤێتنام، لە هیندستان و ئەفغانستان و فلیپینیش ڕۆژنامەنووسان خراونەتە کونجی زیندانەکان. هیندستان کە حەوت ڕۆژنامەنووسی دەستگیرکراوی تێدایە، یاسا ئەمنییەکانی وەک یاسای چالاکییە نایاساییەکان (ڕێگریکردن) و یاسای سەلامەتی گشتی جامو و کشمیری بەکارهێناوە بۆ بێدەنگکردنی میدیاکان. (دوبارەکردنەوە) ئەفغانستان تا مانگی کانوونی یەکەم یەک ڕۆژنامەنووس لە زینداندا بوو، بەڵام سەرکوتکردنی ڕۆژنامەنووسان و میدیاکانی ئەو وڵاتە لەلایەن تاڵیبانەوە کەمی نەکردووە، بەدرێژایی ساڵ لانیکەم 16 ڕۆژنامەنووسی دیکە دەستگیرکراون و دواتر ئازادکراون، بزوتنەوەی تاڵیبان هەندێکیانی تۆمەتبارکردووە بە کارکردن و بڵاوکردنەوەی راپۆرت بۆ ئەو میدیا ئەفغانیانەی کە لە دەرەوە کاردەکەن. لە فلیپین، دۆخی میدیایی لە سەردەمی سەرۆک فێردیناند مارکۆس جونیۆردا هێشتا سەخت و نالەبارە، بەڵام بە گشتی ڕۆژنامەنووسان کەمتر ڕووبەڕووی دژایەتیکردن بووەنەتەوە بەراورد بە سەردەمی سەرۆکایەتیی پێشتر، لەئێستادا فرانچی مای کومپیۆ وەک تاکە ڕۆژنامەنووس لەو وڵاتەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا کە ڕۆژانێک قەڵای ئازادی ڕۆژنامەگەریی ناوچەکە بوو، دەستگیرکراوە. کومپیۆ نزیکەی چوار ساڵە لە کونجی زینداندایە کە بە گوتەی پارێزەرەکانی، بە تۆمەتی بێبنەمای هەڵگرتنی چەکی نایاسایی و دارایی تیرۆر تۆمەتبار کراوە. ئەوروپا و ئاسیای ناوەڕاست تاجیکستان هێشتا لە سەرەوەی ڕیزبەندی وڵاتانی زیندانیکەری ڕۆژنامەنووسانە لە ئاسیای ناوەڕاست، لەئێستادا حەوت ڕۆژنامەنووس سزای زیندانیکردنیان لە نێوان حەوت بۆ 20 ساڵ بەسەردەبەن، هەموویان لە کۆتایی ساڵی 2022ـەوە سزا دراون. سەردانێکی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ) بۆ ئەو وڵاتە لە کۆتاییەکانی 2023دا دەریخست کە ئەو سزا تووندانە ترسی و دڵەڕاوکێ و خۆسانسۆرکردنی لەناو ڕۆژنامەنووسان زیاتر کردووە لە کەشێکی میدیاییدا کە پێشتر بەهۆی چەندین ساڵ فشاری حکومەتەوە کپکراوە. لە کۆتاییەکانی 2023دا، دۆخی ئازادیی ڕۆژنامەگەری لە ئازەربایجان بە خێرایی خراپتربوو کاتێک ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس دەستگیرکران لە پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کە بڕیارە لە مانگی شوباتی 2024دا ئەنجام بدرێت. چوار ڕۆژنامەنووس و میدیاکارێک لە پێش 1ـی کانونی یەکەم دەستگیرکراون، لانیکەم سێ ڕۆژنامەنووسی دیکەش دواتر دەستگیرکران. ئەو چوار ڕۆژنامەنووسەی لە 1ـی کانوونی یەکەمدا دەستگیرکران لە دەزگای لێکۆڵینەوەی بەناوبانگ “Abzas Media” کاریانکردووە کە بە لێکۆڵینەوەکانی لەبارەى گەندەڵیی بەرپرسانی باڵای دەوڵەت ناسراوە، ئەوان لەکاتی خراپبوونی پەیوەندییەکانی ئازەربایجان و ڕۆژئاوا دەستگیرکران دوای کۆنترۆڵکردنەوەی سەربازیی هەرێمی ناگۆرنۆ-قەرەباخ لەلایەن سوپای ئازەربایجانەوە، لەو کاتەدا دەسەڵاتدارانی ئازەربایجان باڵیۆزخانە و ڕێکخراوە بەخشەرەکانی ئەمریکا و ئەوروپایان تۆمەتبارکرد بە پارەدارکردنی ئەو دەزگا میدیاییە بە شێوەیەکی نایاسایی. بوونی 13 ڕۆژنامەنووس لە زیندانەکانی تورکیا کەمبوونەوەیەکی بەرچاوە بەراورد بەو 40 ڕۆژنامەنووسەی کە لە سەرژمێریی ساڵی 2022ی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووساندا تۆمارکرابوون، بەڵام ژنە ڕۆژنامەنووس هاتیس دومان کە تاکە رۆژنامەنووسی ژنە لە جیهاندا کە درێژترین ماوە لە زینداندا مابێتەوە و سزای هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرابێت، هێشتا لە زینداندایە و پرۆسەی دووبارە دادگاییکردنەوەشی لە ساڵی 2023دا هیچ گۆڕانکارییەکی لە کەیسەکەیدا دروست نەکرد. هەروەها زۆرێک لەو ڕۆژنامەنووسانەی کە لە ساڵی 2023دا ئازاد کراون، هێشتا لەژێر کۆنترۆڵی دادوەریدان، واتە دەبێت پۆلیس لە جموجووڵەکانیان ئاگاداربکەنەوە و ڕەنگە گەشتی دەرەوەی وڵاتیشیان لێ قەدەغە بکرێت، یاخود ئازادکرابێتن تا ڕۆژی لێکۆڵینەوە یان دادگاییکردن. دوو سەردانەکەی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکان لە تورکیا لە کۆتاییەکانی ساڵی 2023دا دەریخستووە کە کەمبوونەوەی ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی دەستبەسەرکراو ڕەنگدانەوەی باشتربوونی ژینگەی ئازادی ڕۆژنامەگەری لەو وڵاتەدا نییە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا میسر ناوی لەناو خراپترین زیندانیکەرانی ڕۆژنامەنووساندایە لە جیهاندا، هاوشێوەی تورکیا، پلەی هەشتەمی لە جیهاندا گرتووە بە دەستگیرکردنی 13 ڕۆژنامەنووسان کە لە سەرژمێریی ساڵی 2023دا تۆمارکراون. سعودیە لە ڕیزبەندی نۆیەمدایە چونکە 10 ڕۆژنامەنووسی لە کونجی زیندانەکاندا شەو و ڕۆژ دەکەنەوە. میسر، سعودیە، مەغریب و هەرێم کوردستانی عێراق هەموویان لەم ساڵانەی دواییدا بەکارهێنانی هەواڵی ناڕاست، تیرۆر و تۆمەتی دژە دەوڵەتیان لە دژی ڕۆژنامەنووسان فراوانتر کردووە. دەسەڵاتدارانی میسر بە بەردەوامی یاسایەک بەکاردەهێنن کە دەستبەسەرکردنی زیندانییەکان بۆ ماوەی دوو ساڵ پێش دادگاییکردنیان، هەروەها بە تۆمارکردنی تۆمەتی زیاتر، ماوەی دەستبەسەرکردنیان زیاتر درێژ دەکەنەوە. بۆ نموونە: محەمەد سەعید فەهمی کە ڕۆژنامەنووسێکی فریلانسە زیاتر لە چوار ساڵ و نیو لە دەستبەسەرکردنی پێش دادگاییکردندا مایەوە دوای ئەوەی لە ساڵی 2018دا بە تۆمەتی هەواڵی درۆ و تیرۆر دەستگیرکرا. بڕیار بوو لە ساڵانی 2020 یان 2021دا ئازاد بکرێت، بەڵام دوای ئەوەی داواکارانی گشتی تۆمەتی زیاتریان خستەڕوو، ماوەی دەستبەسەرکردنی درێژکرایەوە. مستەفا محەمەد سەعد، وێنەگرێکی کەناڵی ئەلجەزیرەی قەتەرییە و لە ساڵی 2019ـەوە بە تۆمەتی تیرۆر و هەواڵی ناڕاست لە دەستبەسەرکردنی پێش دادگاییکردن لە قاهیرە ڕاگیراوە. هیچ کەیسێکی نوێی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان لە بەحرەین و سوریا تۆمارنەکراوە کە هەریەکەیان و لە ساڵی 2023دا پێنج ڕۆژنامەنووسیان لە زیندانەکانیاندا هێشتووەتەوە، بە هەمان شێوە، هیچ کەیسێکی زیندانیکردنی نوێی ڕۆژنامەنووسان لە مەغریب و جەزائیر تۆمارنەکراوە کە هەریەکەیان سێ ڕۆژنامەنووسیان لە زینداندا هێشتووەتەوە. یەکێک لە چوار ڕۆژنامەنووسە زیندانیکراوەکەی عێراق، نوێیە و لە ساڵی 2023دا لە هەرێمی کوردستان زیندانی کراوە. لە تونس، خەلیفە گویسمی لە مانگی ئەیلولدا بۆ تێپەڕاندنی سزای پێنج ساڵ زیندانی بە تۆمەتی ئاشکراکردنی زانیاریی ئاسایشی نەتەوەیی، دەستبەسەر کرا. سەرەتای ئەمساڵ دادگای تێهەڵچوونەوە سزاکەی لە ساڵێکەوە بۆ پێنج ساڵ زیاد کرد. ئەمریکای لاتین و کاریبی ژمارەی تاڕادەیەک کەمی ڕۆژنامەنووسانی زیندانیکراو لە ئەمریکای لاتین و کاریبی – یەک ڕۆژنامەنووس بۆ هەر وڵاتێک لە گواتیمالا، نیکاراگوا و کوبا – هەڕەشە و فشارەکانی سەر میدیا لە ناوچەکەدا بەدرۆ ناخەنەوە بە تایبەت کە هندۆراس و ئەلسەلڤادۆر بەردەوامن لە کپکردنی ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ژمارەیەکی زۆر ڕۆژنامەنووس بە ناچاری دەربەدەر بوون. لە گواتیمالا، شێوازێک لە هێرشی دژە ڕۆژنامەوانی بووەتەهۆی سانسۆر و بێدەنگکردنی دەزگا سەربەخۆ و لێکۆڵەرەوەکان. خۆسێ ڕوبێن زامۆرا هێشتا لە زینداندایە تەنانەت دوای ئەوەی دادگای گواتیمالا سزای حوزەیرانی 2023ی لەسەر سپیکردنەوەی پارە هەڵوەشاندەوە و فەرمانی دووبارە دادگاییکردنی دەرکرد، کە بڕیارە لە شوباتی 2024دا بەڕێوەبچێت، زامۆرا لە دوای زیندانیکردنی لە مانگی تەموزی 20233ـەوە هەشت جار ناچار بووە پارێزەر بگۆڕێت، چونکە چوار لە پارێزەرەکانی ڕووبەڕووی تۆمەتی تاوانکاری بوونەتەوە وەک تۆڵەسەندنەوەیەکی ڕواڵەتی بەهۆی بەرگریکردن لێی لە دادگا. فشارەکانی حکومەت وایکرد لە مانگی ئایاری 2023دا ڕۆژنامە سەربەخۆکەی بەناوی elPeriodico دابخرێت. لە نیکاراگوا، پەیامنێری فریلانس ڤیکتۆر تیکای هەشت ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە بە تۆمەتی دژە دەوڵەت و هەواڵی درۆ، تۆمەتەکانیش رێک لەگەڵ شێوازی هەراسانکردنی یاسایی، تۆقاندن و تۆمەتی تاوانکاری دژی ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆ لە نیکاراگوا دەگونجێت، هەر وەک چۆن سەرۆک دانیال ئۆرتێگا هەوڵەکانی خستووەتەگەڕ بۆ دامرکانەوەی ئازادی ڕادەربڕین. شێوازی سەرژمێری سەرژمێریی زیندانەکان تەنها ئەو ڕۆژنامەنووسانە دەگرێتەوە کە لەلایەن حکومەتەکانەوە دەستگیرکراون و ئەوانە ناگرێتەوە کە دیارنەماون یاخود لەلایەن لایەنە ناحکومییەکانەوە بە دیل گیراون، ئەم حاڵەتانە بە “بێسەروشوێن” یان “ڕفێندراو” پۆلێن دەکرێن. کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ) ڕۆژنامەنووسان بەو کەسانە پێناسە دەکات کە لە هەر جۆرە میدیایەکی چاپکراو، فۆتۆگرافی، ڕادیۆ، تەلەفزیۆن و ئۆنلاین ڕووماڵی هەواڵەکان دەکەن یان قسە لەسەر کاروباری گشتی دەکات. لە سەرژمێریی ساڵانەی زیندانەکانیدا، کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ) تەنها ئەو ڕۆژنامەنووسانەی تێدایە کە پشتڕاستیکردووەتەوە بەهۆی کارەکانیانەوە زیندانی کراون. لیستی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ) ناوی ئەو ڕۆژنامەنووسانە لەخۆدەگرێت کە تاوەکو کاتژمێر 12:01ـی رۆژی 1ـی کانوونی دووەمی 2022 زیندانی کراون. ئەو ژمارە زۆرە ڕۆژنامەنووسە ناگرێتەوە کە لە ماوەی ساڵەکەدا دەستگیرکراون و دواتر ئازاد کراون، ئەو کەیسانە دەتوانرێت لەم لینکەدا بدۆزرێتەوە http://cpj.org. ڕۆژنامەنووسانی دەستگیرکراو لە لیستی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنوسان (CPJ) دەمێننەوە تا ئەو کاتەی ڕێکخراوەکە دڵنیا دەبێت لەوەی ئازادکراون یاخود لە زینداندا مردوون. زانیارییەکان نێردراون لەلایەن: سەمیر ئەلشەریف، ئانا براخا، بێهـ لیه یی، جوان چیروا، شۆن کریسپین، دۆجە داود، ئیگناسیۆ دێلگادۆ کولێبراس، سۆنالی داوان، جیرالدا ئیمبالۆ، ئایریس هسو، نیک لویس، کوناڵ مەجومدەر، محەمەد مەندوور، شەریف مەنسور، سکۆت مایمبا ، موثوکی مومۆ، موسا نگۆم، ئۆزگور ئۆگرێت، ئەنجێلا کوینتال، جۆناسان ڕۆزن، گوڵنۆزا سەعید، سۆران ڕەشید، وەلیوڵڵا ڕەحمانی، یەگی ڕەزاییان، دانای ڤیلچێز، کریستینا زەهار دەستکاریکردنی پرۆفایلی زیندانییەکان لەلایەن ئارلین گێتز، کەتی جۆنز، نائۆمی زێڤلۆف، کەتی میگیرۆ، سارا سپایسەر، جێنیفر دانهام، سۆزانا گۆنزالێس و تۆم بارکلی      


(دره‌و): به‌هۆی ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی نه‌وتی عێراق بۆ وڵاتیانی كیشوه‌ری ئاسیا ده‌ڕوات، هێرشه‌كانی ده‌ریای سور كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هه‌نارده‌ی نه‌وتی عێراق دروست نه‌كردووه‌، وه‌زیری نه‌وتی عێراق له‌ داڤۆس وای وت. حه‌یان عه‌بدولغه‌نی وه‌زیری نه‌وتی عێراق رایگه‌یاند، هێرشه‌كانی ده‌ریای سور، كاریگه‌رییان له‌سه‌ر هه‌نارده‌ی نه‌وتی عێراق نه‌بووه‌.  وه‌زیری نه‌وت له‌ گفتوگۆیه‌كدا له‌ گۆڕبه‌ندی داڤۆس له‌ سویسرا وتی: هۆكاری كاریگه‌رنه‌بوونی هه‌نارده‌ی نه‌وتی عێراق به‌ هێرشه‌كانی ده‌ریای سور بۆ ئه‌وه‌ ده‌گڕێته‌وه‌ زۆربه‌ی نه‌وتی عێراق بۆ ئاسیا ده‌ڕوات. دوای هێرشه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی ئه‌مریكاو به‌ریتانیا بۆسه‌ر حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن، قه‌یرانی نائارامیی ده‌ریای سور زیاتر بووه‌، به‌جۆرێك هه‌ندێك له‌ پسپۆڕانی ئابوری ترسیان له‌ هه‌ڵكشانی زیاتری پشێوییه‌كانی له‌و ئاوانه‌دا هه‌یه‌و پییانوایه‌ ئه‌مه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی نوێیه‌ بۆسه‌ر دابینكردنی پێداویستییه‌كانی جیهان، كه‌ خۆی له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ به‌هۆی په‌تای كۆرۆناو داخستنی بازاڕه‌كانی له‌سه‌رتاسه‌ری جیهان، توشی ناسه‌قامگیرییه‌ك بووه‌. 


درەو: فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە (ماڵی كوردستان) لە داڤۆس رایگەیاند: لە دوو رۆژی رابردوودا حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان رێككەوتوون بۆ دەستپێكردنی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهانی توركیا. هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە 25ی ئازاری 2023ەوە راگیرا، بەهۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس، هەرچەندە پێشتر لە شوباتی 2022 دادگای باڵای فیدراڵی عێراق یاسای نەوت و ڤازی هەرێمی كوردستانی بە نادەستوری لەقەڵەمدا بوو. لە پرسی دۆسیەی نەوتدا، حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ لەبارەی خەرجی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت ناكۆكبوون حكومەتی هەرێم دپێی وابوو پرۆسەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێك نەوت لە هەرێم بڕی (32) دۆلاری تێدەچێت، بەڵام لە یاسای بودجەی فیدراڵی عێراقدا تەنیا بڕی (6) دۆلار بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێك نەوت لە هەرێمی كوردستان دانراوە. فەرمانگەی ئابوری وەزارەتی نەوتی فیدراڵ تێچووی بەرهەمێنان‌و گواستنەوەی هەر بەرمیلێك نەوتی هەرێمی بە بڕی (8 هەزارو 960) دینار دیاریكردووە كە دەكاتە (6,9) دۆلار، ئەمە لەكاتێكدایە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی تێكڕای ئەم خەرجییەی بە بڕی (32,91) دۆلار دیاریكردووە، بەمشێوەیە: •    بڕی (24,32) دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی یەك بەرمیل نەوت •    بڕی (8,59) دۆلار بۆ گواستنەوەی یەك بەرمیل نەوت راپۆرتی پەیوەندیدار ورده‌كاری دانوستانی هه‌ولێرو به‌غداد بۆ هه‌مواری بودجه‌  


درەو: بە بەراورد بە ساڵی رابردوو پێشێلكاری و دەستگیركردنی رۆژنامەنووسان بەرێژەی (42%) كەمیكردووە، پێشێلكاری لە (431) حاڵەتەوە بۆ (249) حاڵەت كەمیكردووە، دەستگیركردن لە (64) حاڵەتەوە بۆ (37) حاڵەت كەمیكردووە. سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی رۆژنامەنووسان راپۆرتی ساڵانەی رەوشی رۆژنامەنووسانی لە هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە. بەپێی راپۆرتەكەی سەنتەری میترۆ لە ساڵاَی رابردوو (2023)دا (249) پێشێلكاری بەرامبەر (247) رۆژنامەنووس ئەنجامدراوە بەجۆرێك: رێگریكردن و جیاكاری: (134) حاڵەت دەستبەسەركردنی كەلوپەلی رۆژنامەنووسان: (38) حاڵەت دەستگیركردنی رۆژنامەنوسان: (37) حاڵەت هێرش و هەڕەشەو سوكایەتی : (27) دەستگیركردنی رۆژنامەنووسان بەدەر لە یاسای رۆژنامەنووسی (5) حاڵەت هێرشی ئەلكترۆنی: (4) حاڵەت شكاندنی كەل و پەلی رۆژنامەنووس (2) حاڵەت هەڵكوتانە سەر ماڵی رۆژنامەنووسان: (2) حاڵەت پێشێلكاری بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان  ساڵی 2022: (431) ساڵی 2023: (249) كەمیكردووە: (182) بەرێژەی (42%) دەستگیركردنى رۆژنامەنووسان  ساڵی 2022: (64) دەستگیركردن ساڵی 2023: (37) دەستگیركردن كەمیكردووە: (27)  حاڵەت بەرێژەی: (42%) كەمیكردووە  


(دره‌و)- راپۆرتی بی بی سی فارسی فه‌رمانده‌كانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی چه‌ندینجار بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان كردووه‌ توانای سه‌ربازی ئێران به‌جۆرێك گه‌شه‌ی كردووه‌، كه‌  توانای روبه‌ڕووبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌ر دوژمنێك له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌. ئه‌وان چه‌ندینجار وتویانه‌ بنكه‌كانی سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌كه‌و شاره‌كانی ئیسرائیل له‌ناو ئامانجی موشه‌كه‌ بالیستییه‌كانی ئێراندان.  سێ شه‌ممه‌ یه‌كه‌ی موشه‌كیی سوپای پاسداران 11 موشه‌كی ئاڕاسته‌ی هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان كرد. یه‌كێك له‌ ئامانجه‌كان ماڵی پێشڕه‌و مه‌جید ئاغای دزه‌یی سه‌رۆكی گروپی فالكۆن بوو، ئه‌م كۆمپانیایه‌ له‌ چه‌ند بوارێكی جیاوازدا له‌ عێراق كارده‌كات له‌وانه‌ نه‌وت و غاز، بیناسازی و سیكیوریتی.  كۆمپانیای سیكیۆریتی فالكۆن ده‌یان گرێبه‌ستی سیكیوریتی له‌گه‌ڵ ئاژانس و كۆمپانیا بیانییه‌كان هه‌یه‌، له‌نێویاندا لایه‌نه‌ ئه‌مریكییه‌كان.  پێده‌چێت به‌ئامانجگرتنی ماڵی دزه‌یی به‌ چوار موشه‌ك، كه‌ چه‌ند كیلۆمه‌ترێك زیاتر له‌ بنكه‌ی ئه‌مریكاوه‌ له‌ هه‌ولێر دوور نییه‌، زیاتر په‌یامێك بێت بۆ ئه‌مریكا، بۆ نیشاندانی وردبینی ئه‌و موشه‌كانه‌و گه‌یاندنی ئه‌و په‌یامه‌ی كه‌ ئه‌گه‌ر ئێران بیه‌وێت، ده‌توانێت ئه‌وانیش بكاته‌ ئامانج.  به‌ڵام سه‌رباری هه‌ڕه‌شه‌كانی، وا نایه‌ته‌‌ به‌رچاو سوپای پاسداران بیه‌وێت له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا ده‌رگیر ببێت. هێرشی موشه‌كی سوپاو گروپه‌ به‌وه‌كاله‌ته‌كانی سه‌ربه‌ ئێران هیچ كاتێك زیانی گیانی جددی به‌ ئه‌مریكاییه‌كان نه‌گه‌یاندووه‌.  ئه‌هم هێرشه‌ ده‌توانرێت بۆ سودی ناوخۆیی به‌كاربهێنرێت، له‌ چوار مانگی دوایدا سوپای ئیسرائیل چه‌ند فه‌رمانده‌یه‌كی باڵای فه‌یله‌قی قودسی سوپای له‌ سوریا كوشتووه‌.  فه‌رمانده‌كانی سوپا هه‌میشه‌ باسیان له‌ "تۆڵه‌ی سه‌خت" كردووه‌. ئێستا كه‌ بازرگانێكی كوردیان كردووه‌ته‌ ئامانج كه‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیا بیانییه‌كاندا كارده‌كات، ده‌ڵێن له‌ تۆڵه‌ی ئه‌و هێرشانه‌دا، "باره‌گای سه‌ره‌كی مۆساد" ده‌زگای هه‌واڵگری ده‌ره‌كی ئیسرائیلیان له‌ هه‌ولێر وێران كردووه‌.  ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ هه‌م حكومه‌تی عێراق و هه‌م حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش ئه‌م تۆمه‌تانه‌یان ره‌تكرده‌وه‌، به‌ڵام ئیسرائیل له‌باره‌ی ئه‌م بابه‌ته‌وه‌ بێده‌نگه‌.  هاوكات، به‌یانی سێ شه‌ممه‌، چه‌ندین موشه‌كی بالیستی له‌ خوزستانه‌وه‌ ئاڕاسته‌ی ئیدلبی سوریا كران، سوپای پاسداران بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كات له‌ تۆڵه‌ی هێرشه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی كرماندا، بنكه‌كانی داعشی له‌ ئیدلب كردوه‌ته‌ ئامانج.  له‌و ناوچه‌یه‌ گروپی (ته‌حریر شام) هه‌یه‌و هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك نییه‌ بیسه‌لمێنێت داعش له‌وێ بنكه‌ی هه‌یه‌.  به‌ڵام به‌له‌به‌رچاوگرتنی دوری خوزستان له‌ ئیدلب، وادیاره‌ ئێران به‌م هه‌نگاوه‌ ده‌یه‌وێت تواناو مه‌ودای (1450) كیلۆمه‌تری موشه‌كه‌ "خه‌یبه‌رشكێنه‌كان"ی خۆی نیشان بدات.  ئازه‌ربایجانی غه‌ربی و كرماشان كه‌ سیسته‌می موشه‌كی خه‌یبه‌ر شكێنیان تێدا جێگیركراوه‌، له‌ خوزستان نزیكترن له‌ ئیدلبه‌وه‌. سوپای پاسداران له‌ ئازاری 2022دا به‌ موشه‌ك هه‌رێمی كوردستانی به‌ئامانج گرتبوو، ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین هێرشی له‌و جۆره‌ نییه‌، به‌ڵام به‌ئامانجگرتنی سوریا، به‌ڕوونی هۆشدارییه‌كی موشه‌كییه‌ بۆ ئیسرائیل. 


(دره‌و):  مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی عه‌ره‌بی كه‌ركوك كۆبوه‌ته‌وه‌، داوای لێبوردنی له‌ "هه‌ڵه‌كانی رابردوو به‌رامبه‌ر به‌ عه‌ره‌ب" كردووه‌، پارتی به‌ر له‌ یه‌كێتیی دانوستانی بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی خۆجێی كه‌ركوك ده‌ستپێكرد.  موهه‌یمن حه‌مه‌دانی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق كه‌ یه‌كێكه‌ له ‌سه‌ركرده‌كانی پرۆژه‌ی عه‌ره‌بی كه‌ركوك ئاشكرایكرد، ئه‌مڕۆ له‌ هه‌ولێر كۆبونه‌وه‌یان هه‌بووه‌.  به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانی (دره‌و)، وه‌فدێكی عه‌ره‌بی كه‌ركوك كه‌ راكان جبوری پارێزگاری به‌وه‌كاله‌تی كه‌ركوك سه‌رۆكایه‌تی كردووه‌، له‌ پیرمام چاویان به‌ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌وتووه‌.  موهه‌یمن حه‌مه‌دانی له‌باره‌ی ئه‌م كۆبونه‌وه رایگه‌یاند" كۆبونه‌وه‌یه‌كی مێژوویی و راستگۆیانه‌ بوو، بۆیه‌كه‌مجاره‌ روونییه‌ك له‌ په‌یوه‌ندی كوردو عه‌ره‌بدا هه‌بێت و هه‌ڵه‌كانی ساڵانی رابردوو ده‌ستنیشان بكرێت و دانیان پێدا بنرێت و داوای لێبوردن له‌ هه‌موو عه‌ره‌ب بكرێت به‌هۆی هه‌موو ئه‌و ئازارانه‌ی به‌سه‌ریاندا هاتووه‌". هه‌ر له‌باره‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ بارزانی، حه‌مه‌دانی ده‌ڵێ: ئه‌وه‌ خرایه‌ڕوو هیچ سازشێك له‌ مافی عه‌ره‌ب ناكرێت و به‌پیی لێكتێگه‌یشتنه‌كان له‌ ئه‌مڕۆ به‌دواوه‌ نه‌ ژووره‌ تاریكه‌كان هه‌یه‌و نه‌ سازشكردن له‌ عێراقیبوونی كه‌ركوك.  " به‌ڵێ بۆ قۆناغێكی نوێی ئاسایش و سه‌قامگیری و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و پێكه‌وه‌ژیانی راسته‌قینه‌ له‌ كه‌ركوك، نه‌ك ئاشتییه‌كه‌ی پێشووی زۆرینه‌ی كورد كه‌ ئه‌م دروشمه‌ی به‌بێ كردار به‌رزكردبووه‌وه‌.. هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌ی رابردوو خواستنی ئێمه‌یه‌" په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی پرۆژه‌ی عه‌ره‌بی وای نوسیوه‌.  كۆبونه‌وه‌ی سه‌رۆكی پارتی له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی عه‌ره‌بی كه‌ركوك له‌كاتێكدایه‌ پارتی و یه‌كێتیی وه‌كو دوو براوه‌ی كورد له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك هیشتا هیچ دانوستانێكیان له‌باره‌ی پرۆسه‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی خۆجێی ئه‌و پارێزگایه‌ ده‌ستپێنه‌كردووه‌.  له‌كۆی 16 كورسی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، له‌ هه‌ڵبژاردنی 18ی كانونی یه‌كه‌می 2023دا، یه‌كێتیی (5) كورسی و پارتی (2) كورسییان به‌ده‌ستهێناوه‌و لایه‌نه‌ عه‌ره‌بییه‌كان (6) كورسی و پێكهاته‌ی توركمانیش (2) كورسی بردووه‌، یه‌ك كورسی "كۆتا"ی پیكهاته‌ی مه‌سیحیش بۆ بزوتنه‌وه‌ی (بابلیۆن)ی ره‌یان كلدانی بووه‌  كه‌ هاوپه‌یمانی یه‌كێتییه‌.  پێكهاته‌ی توركمان كه‌ به‌ره‌ه‌ی توركمانی نوێنه‌رایه‌تی ده‌كات به‌ (2) كورسی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاوه‌ داوای پۆستی پارێزگار ده‌كات، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی راگه‌یاندووه‌ ده‌یه‌وێت پۆستی پارێزگارو سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك به‌ نۆره‌ بێت و بۆ چوار ساڵی داهاتوو، هه‌ر پێكهاته‌یه‌كی كه‌ركوك 16 مانگ پۆستی پارێزگارو سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای به‌ده‌سته‌وه‌ بێت.  پارتی دیموكراتی كوردستان له‌دوای رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه‌ باره‌گاكانی له‌ كه‌ركوك كشانده‌وه‌، كه‌ركوكی وه‌كو داگیركراو و راكان جبوریشی وه‌كو پارێزگارێكی داسه‌پێندراو ناوده‌هێنا، له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی 2018ی عێراقدا له‌ كه‌ركوك پارتی به‌شداری هه‌ڵبژاردنی نه‌كرد، به‌ڵام له‌ هه‌ڵبژاردنی 2021دا به‌شداربوو، به‌ر له‌ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌ 18ی كانونی یه‌كه‌می 2023، پارتی باره‌گاكانی گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ كه‌ركوك. بۆ زانیاری زیاتر له‌باره‌ی سیناریۆكانی پێكهێنانی حكومه‌تی خۆجێی كه‌ركوك كلیك له‌م راپۆرته‌ی خواره‌وه‌ بكه‌:  پارێزگاری كه‌ركوك چۆن یه‌كلاده‌كرێته‌وه ؟‌  


راپۆرتی: درەو 🔻 (1/4/2023 – 31/12/2023) دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ وەرز، هەناردەی نەوتی هەرێم ڕاگیراوەو کاتێکی دیاریکراویش لە ئارادا نیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت. 🔹 پاڵپشت بە داتاکانی دیلۆیت لە پێش ڕاگرتنی هەناردەی نەوت، تواندراوە بە تێکڕای مانگانە زیاتر لە (12 ملیۆن) بەرمیل نەوت هەناردە بکرێت. 🔹 واتە لە ماوەی سێ وەرزدا هەناردەی نەوتی هەرێم دەگەیشتە نزیکەی (110 ملیۆن) بەرمیل نەوت. 🔹 تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە ماوەی (1/4/2023 – 31/12/2023) بریتی بووە لە (82.9 دۆلار). 🔹 ئەگەر هەرێم بە داشکانی (15 دۆلار) نەوتەکەی فرۆشتبایە، وەک ئەوەی لە چارەکی دووەم، سێیەم و چوارەمی ساڵی (2022) دا رویدابوو. ئەوا؛ 🔹 تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوتی فرۆشراوی هەرێم بریتی دەبوو لە (67.9 دۆلار). 🔹 کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی هەرێم بریتی دەبوو لە (7 ملیارو 455 ملیۆن و 479 هەزار) دۆلار. ڕاگرتنی نەوتی هەرێم و زیانە داراییەکانی دوای نۆ ساڵ لە سکاڵایەکی حکومەتی عێراق لەسەر حکومەتی تورکیا لە ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس بەوەی "توركیا ر‌ێكەوتنی ترانزێتی بۆریی نەوتی ساڵی 1973ی  پێشێلكردووە، بەوەی توركیا رێگەیداوە نەوتی خاو لە هەرێمی كوردستانی عێراقەوە بەبێ ر‌ەزامەندیی بەغدا، لە رێگەی توركیاوە هەناردە بكرێت". دواجار ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس بڕیارێکی (277) لاپەڕەیی لە رۆژی (13ی شوباتی 2023) دەرکردووەو لە (25ی ئازاری 2023) بە فەرمی بووە هۆی كە راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی كوردستان. بە پێی بڕیارەكەی ژووری ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس، حكومەتی هەرێمی كوردستان حكومەتێكی دەستوری و یاساییە لە چوارچێوەی عێراقدا، بەڵام ناتوانێت نەوت لە رێگەی بۆریەوە بگوازێتەوە بۆ دەرەوە، چی نەوتی باكور بێت، چی نەوتی هەرێم، چونكە هەرێمی كوردستان بەشێك نیە لە رێككەوتنی ( IPT) واتا ( بە بازاڕكردنی نەوتی جیهانی) كە لە نێوان توركیا و عێراق لە ساڵی 1973 تایبەت بە بۆری نەوت واژۆكراوە. ئێستا زیاتر لە (9) مانگ تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا نەیتواندراوە بگەن بە رێککەوتنێکی کۆنکرێتی و دەست بە هەناردەکردنی نەوت بکرێتەوە. لێرەدا تیشک دەخەینە سەر ئەو زیانە داراییانەی لە ڕاگرتنی نەوتی هەرێم لە ماوەی (1/4/2023 – 31/12/2023) دەکەوێتەوە. بە جۆرێک؛ •    بەپێی ڕاپۆرتەکانی کۆمپانیای دیلۆیت بۆ وردبینی نەوتی هەرێم لە چارەکی دووەم، سێیەم  و چوارەمی ساڵی (2022)، واتە هەمان ئەو ماوەیەی کە لە ساڵی (2023) نەوتی هەرێمی تێدا ڕاگیراوە؛ -    حکومەتی هەرێم بە تێکڕای مانگانە (12 ملیۆن و 192 هەزار و 494) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمەوە هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکی کردووە. -    هەرێم هەر بەرمیلێک نەوتی لە ماوەی ناوبراودا بە (15 دۆلار) کەمتر لە نرخی نەوتی برێنت فرۆشتووە. -    هەر بەپێی ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت (54%) داهاتی نەوت چووە بۆ خەرجی پرۆسەکەو (46%) گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی حکومەتی هەرێم. کەواتە لەسەر بنەمای هەرسێ ڕاپۆرتەکەی دیلۆیت لە ماوەی وەرزەکانی دووەم، سێیەم و چوارەمی ساڵی (2022) ئەم گریمانەنانەی لای خوارە ڕوندەکەینەوە؛ •    لە (1/4/2023 – 31/12/2023) واتە (9) مانگ بەسەر ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم تێپەڕیوە. •    هەرێم دەیتوانی بە تێکڕای مانگانە (12 ملیۆن و 192 هەزار و 494) بەرمیل نەوت هەناردە بکات. •    واتە لە ماوەی (9) مانگدا هەناردەی نەوتی هەرێم دەگەیشتە (109 ملیۆن و 732 هەزار و 446) بەرمیل نەوت. •    تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە ماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە (82 دۆلار و 90 سەنت). •    ئەگەر هەرێم بە داشکانی (15 دۆلار) نەوتەکەی فرۆشتبایە، وەک ئەوەی لە چارەکی دووەم و سێیەم و چوارەمی (2022)دا رویدابوو. ئەوا؛ •    تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوتی هەرێم فرۆشراوی هەرێم بریتی دەبوو لە (67 دۆلار و 90 سەنت). •    کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی هەرێم بریتی دەبوو لە (7 ملیارو 455 ملیۆن و 479 هەزار و 397) دۆلار. •    ئەگەر ئەو بڕەی داهات (54%) بۆ خەرجی پرۆسەی نەوتی هەرێم رۆشتبا، ئەوا هاوتا دەبوو بە (4 ملیار و 25 ملیۆن و 958 هەزار و 874) دۆلار. •    بەم پێیەش بڕی (3 ملیار و 429 ملیۆن و 520 هەزار و 532) دۆلاری بە رێژەی (46%) دەگەڕایەوە بۆ خەزێنەی گشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەم خشتەی خوارە پرۆسەکە رونتر دەکاتەوە. سەرچاوەکان؛ 1.    راپۆرتەکانی دیلۆیت لە سایتی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان •    بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی نیسانی 2022 تاکو ٣٠ی حوزەیرانی 2022. •    بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی تەمموزی 2022 تاکو٣٠ ئەیلوولی 2022. •    بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی ئابی 2022 تاکو31 کانونی یەکەمی 2022. 2.    Crude Oil Brent US Dollars per Barrell; https://countryeconomy.com/raw-materials/brent?year=2023          


مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو) سیاسەت یەکێکە لە چالاکییە ھەرە سەرەکییەکانی ناو ژیانی گشتیی ھەر کۆمەڵە مرۆڤێک بەیەکەوە کۆمەڵەیەک دروستبکەن و بەیەکەوە بژین و ژیانێکی پێکەوەیی ھاوبەش دروستبکەن. لە راستیدا سیاسەت چالاکی دروستکردنی ھاوڵاتییانە بەیەکەوە بۆ ئەو ژیانە پێکەوەیی و ھاوبەشە. چالاکییەکی ھەمیشەیی و بەردەوامیشە، ئەوە نییە کەسەکان بۆ یەکجار ئەنجامیبدەن و تەواو، بە پێچەوانەوە ھاوڵاتییان بە بەردەوامی ئەم چالاکییە تایبەتیەی دروستکردنی ژیانی پێکەوەییان درێژەپێئەدەن و بەشێکی دانبڕاوە لە ژیانی رۆژانە و ھاوبەشیان. لە ڕاستیدا ھیچ چالاکییەکی ئینسانیی ھێندەی سیاسەت پێویستیی بە گرنگیپێدانی رۆژانە و بەردەوام نییە و پێویستی بە بەشداربوونی بەردەوامی مرۆڤەکان، نییە. لە دروستکردنی ئەم ژیانە ھاوبەش و پێکەوەییەدا ھاوڵاتییان پێویستییان بە گفتوگۆ و ڕاگۆرکێ و دیالۆگی بەردەوام ھەیە، پێویستیان بەوە ھەیە قەناعەت بەیەکتری بھێنن و بگەنە ئەو خاڵەی بەیەکەوە بریاربدەن لە چ جۆرە کۆمەڵگا و چ جۆرە حوکمڕانیی و چ جۆرە ژیانێکی پێکەوەییدا، بەیەکەوە کۆببنەوە. بەم مانایە سیاسەت ئەو چالاکییە بنەرەتییەیە کە کاریگەریی لەسەر ھەموو ئەو کەسانە بەجێدەھێڵێت کە ئەندامی کۆمەڵگایەک، تەنانەت، کۆمەڵەیەکی تایبەتن. زۆرجار ئەوە سیاسەتە، بە تایبەتی کاتێک دەزگایەکی گرنگیی وەک دەوڵەت دروستدەبێت، کە تا ڕادەیەکی زۆر دەستنیشانی ئەوەدەکات مرۆڤەکان لەو کۆمەڵگایەدا چی بن و چۆن بن و بشتوانن ببن بە چی. داخۆ بوونەوەری ئازادبن یان نائازاد، بکەربن یان کارلەسەرکراو، تەنانەت دڵشادبن یان خەمبار. دەوڵەت وەک سەركیترین دەزگایەکی سیاسی کاریگەریی و نیشانەکانی لەسەر ھەریەکێکمان بەجێدەھێڵێت، تا ڕادەیەکی گەورەش دەستنیشانی ئەوەدەکات کام شێوازی خودسازیی و کام فۆرمی بەتاکەکەسبوون ھەبێت و باڵادەستبێت. بێگومان سیاسەت تەنھا لەناو خودی دەوڵەتدا ئامادەنییە و کورتناكرێتەوە بۆ بوون و ئامادەگیی دەوڵەت. بڕێکی زۆر لە رووداوەکانی ژیانی رۆژانە، کاردانەوەکانی مرۆڤ بەرامبەر ئەو ڕووداوانە، دروستبوونی رای گشتیی، بوون و ئامادەگیی ئایدیۆلۆژیا و دیدگا سیاسییە جۆربەجۆرەکان، تەنانەت ئامادەگیی ئەوشوناسانەی مرۆڤ بەخۆی و بەو کۆمەڵە و ژینگەیەی دەبەخەشێت کە تیایدا دەژیی، ئەو بەھا و نرخانەی کە ھەڵیاندەبژرێت و بەرگریان لێدەکات، یان ئەوانەی دژیان دەوەستێتە و نەفیاندەکات. چۆنیەتی تێگەیشتنیش لەوەی ڕووئەدات، چۆن ھەڵیان بسەنگێنیت، چۆنیەتی ئەنجامدانی کاری پێکەوەیی و دەستەجەمعیی، گەشەدان بە کام یاداوەریی و لەبیرکردنی کامیان، تەماھیکردن لەگەڵ چ کەس و ھێز و شێوازێکی تێفکرین و بیکردنەوەدا و لابردن و نەفیکردنی کامیان، ھەر ھەموویان پەیوەندییەکی راستەوخۆ و پتەویان بە سیاسەتەوە وەک چالاکیی و تێگەیشتن ھەیە و سیاسەت لەناو ھەر یەکێکیاندا ئامادەیە.   بە کورتییەکەی، ئینسان چۆن ژیانی خۆی وەک تاکەکەس وەک ئەندامی کۆمەڵە و ژینگەیەکی تایبەت دەژیی، مەسەلەیەک نییە دابڕاوبێت لە سیاسەت، یان شتێک بێت لە دەرەوەی سیاسەتدا. تاکەکەس چ تاکەکەسێکی کۆنکریت و مەلموس بێت، چ ئەندامێکی ئەبستراکتی کۆمەڵەیەکی تایبەت، ھەمیشە ھەم تاکەکەسبوونەکەی و ھەم کۆمەڵبوونەکەی بەناو دەیەھا و سەدەھا چالاکی و بڕیار و دیدگادا تێدەپەرێت کە سیاسەت لە سێنتەری ھەریەکێکیاندایە. بەم مانایە سیاسەت دەرەوەیەکی نییە تا مرۆڤەکان بتوانن بۆی بچن و لەوێدا بژین، مادام مرۆڤەکان بە کۆ و بە یەکەوە دەژین، مادامەکی ئەو کۆبوون و بەیەکەوەژیانە پێویستی بە رێکخستن و بەرێوەبردن ھەیە، بۆیە سیاسەت بەشێکە لە ژیانی ھەر تاکەکەسێکی ناو ئەو پێکەوەبوونە. ھەڵسوکەوتی سیاسیی خۆیشی دەرکەوت و بەرجستەبوونی ھەمەرەنگ و فرەجۆری ھەیە، ھەڵسوکەوتێکی ئاڵۆزە و لە زیاد لە سەرێکەوە گرێدراوە بە بوونی رۆژانە و بەردەوامی تاکەکەس ھەم لە پەیوەندیدا بە خۆیەوە،  و ھەم بە بوونی لەگەڵ ئەوانیتردا. ئەمە وادەکات تەنانەت کاروبارە ئینسانییەکانیش کاروباری سیاسیبن، نە سیاسەت خۆی و نە ھەڵسوکەوتی سیاسیی شتێک نین لە دەرەوەی بواری مەسەلە ئینسانییەکاندابن. مرۆڤ لە  پرۆسەی دروستکردنی خۆیدا وەک تاکەکەس و لە دروستکردنی کۆمەڵگایەکدا وەک کایەیەک بۆ بەیەکەوەبوون و ژیانی ھاوبەش، بەناو سیاسەت خۆیدا وەک چالاکییەکی تایبەت و بەناو شێوازی جیاوازیی ھەڵسوکەوتی سیاسیدا تێدەپەرێت، کە بەسەریەکەوە شوناسی ئەو تاکەکەسانە و شوناسی کۆمەڵگاکەش دەستنیشاندەکەن. بەم مانایە ”گرێبەستی کۆمەڵایەتیی“، ئەوەی لە ئەدەبیاتی فیکریی و تیوریدا ناوی گرێبەستی کۆمەڵایەتیی لێنراوە،  تەنھا گرێبەستێکی سیاسیی نییە، واتە گرێبەستێک نییە کە شێوازی حوکمڕانیی دروستبکات، بەڵکو گرێبەستێکی سایکۆلۆژیی و نەفسیشە. واتە جۆرێک لە سایکۆلۆژیای دیاریکراو سەروەردەکات. ھەم رووە کۆمەڵایەتییەکەی گرێبەستی کۆمەڵایەتیی، ھەم ڕووە سایکۆلۆژیی و نەفسییەکەی، نووقمن لەناو کردە و دیدگا و گوتاری سیاسیی جیاوازدا. ھەموو ئەو ھەقیقەتە کۆمەڵایەتییانەش کە بوون بە ھەقیقەت، بە تایبەتی کە بوون بە ھەقیەتی ھەژمونگەر و خاوەن دەسەڵات کە زۆرجار زۆرینەی کۆمەڵایەتیی باوەڕیان پێیەتی، لە پشتییەوە کردە و چالاکیی سیاسیی ئامادەیە. ھەموو ئەوانەی بەشدارن لە دروستکردنی جیھاندا و ھەموو ئەوانەش رێگرن لە دروستبوونی ئەو جیھانەدا بە شێوازی جیاواز، لە کردەی سیاسیی ھەمەجۆرەوە ئاڵاون، بە کردەی دروستکردن و بەرھەمھێنانی ھەقیقەتەکانەوە. تەنانەت خودی زمان خۆیشی، ئەو زمانەی قسەی پێدەکەین و بە ھۆیەوە باسی خۆمان و ھەست و ژینگەکەمان دەکەین، باسی کێشە و چاوەڕوانیی و خەون و خواستەکانمان دەکەین، ئەو زمانەی بەھۆیەوە بیردەکەینەوە،  گوتار بەرھەمدەھێنین، مانا دروستدەکەین، ھەر ھەموویان دەستی سیاسەتیان لەناودایە و سیاسەت رۆڵ لە دروستبوون و بڵاوبوونەوە و بەھێزبوون و لاوازبوونیاندا دەبینێت. تەنانەت ئەو شتانەی کە لە بیریاندەکەین و ئەو شتانەیش کە بیرماندەکەوێتەوە، کە یاداوریمان لەناوەوە بەرنامەرێژدەکات، پڕیدەکات لە وێنە و رەمز و مانا و ناو و گوتار، سیاسەت رۆڵێکی سەرەکیی و بنەرەتیان تێدادەبینێت. ھیچ یاداوەرییەک بوونی نابێت سیاسەت بەشێکی گرنگیی وەبیرھێنانەوە یان لەیادچوونەوەی نەبێت. بۆ نموونە، ئەوەی وایکردوە لەمڕۆدا ئیبن تەیمیە و ئیبن قەیومی جەوزیی و ئیبن کەسیر و ئیبن حەنبەل، وەبیری زۆر موسڵمان بکەوێتەوە، بەڵام ئەلرازیی و ئیبن روشد و ئەل فارابی بیرنەکەونەوە، یان بەو ئەندازەیەی گروپی یەکەمیان بیرنەکەونەوە، دیسانەوە سیاسەت لێی بەرپرسیارە و سیاسەت ئاراستەی دەکات. یاداوەریی یەکێک لە سەرزەمینە سەرەکییەکانی ئیشکردنی سیاسەتە. بە کورتییەکەی، ھەموو بەرگریکردنێک لە دابڕینی سیاسەت لە ژیان و لە جیاکردنەوەی چالاکییە ئینسانییەکان لە سیاسەت وەک چالاکی دروستکردنی ژیانی پێکەوەیی و گشتی، بەرگریکردنێکی ھەڵە و ناڕاستە. سیاسەت دەرەوەیەکی نییە مرۆڤ بتوانێت بچێتە ناویەوە، لە رۆژی دروستبوونی مرۆڤەوە لەناو سکی دایکیدا سیاسەت ئامادەیە و ھەموو منداڵێک کە دروستدەبێت، لەو کاتەدا کە دەکەوێتە ناو سکی دایکییەوە، لە ھەمان ئەوکاتدا دەشکەوێتە ناو سیاسەتەوە. بەم مانایە سیاسەت منداڵدانی کۆمەڵگایە. ئەمەیە وادەکات ھەموو دیدگایەکی دژ بە سیاسەت، دیدگایەکی نابینا و کوشندەبێت.    


(دره‌و):  ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بڕی (615 ملیار) دیناری وه‌كو پشكی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ یاسای بودجه‌دا دیاریكرد، به‌م بڕه‌ پاره‌یه‌ حكومه‌تی هه‌رێم مانگانه‌ نزیكه‌ی 300 ملیار دینار كورتهێنانی ده‌بێت بۆ پڕكردنه‌وه‌ی خه‌رجی موچه‌.  ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی خۆیدا بڕیاریدا مانگانه‌ (615 ملیار) دینار بۆ موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان بنێرێت تا ئه‌وكاته‌ی هه‌مواری یاسای بودجه‌ له‌ په‌رله‌مان په‌سه‌ند ده‌كرێت. ئه‌م بڕه‌ پاره‌ی كه‌ هاوكات وه‌كو خه‌رجی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌ناو بودجه‌ دیاریكراوه‌و له‌ هه‌مواری بودجه‌دا په‌سه‌ند ده‌كرێت، وه‌كو سولفه‌ به‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌درێت نه‌ك وه‌كو قه‌رز، تا ئه‌وكاته‌ی هه‌مواری یاسای بودجه‌ له‌ په‌رله‌مان په‌سه‌ند ده‌كرێت.  له‌دوای به‌ركاربوونی یاسای بودجه‌ له‌ كۆتایی حوزه‌یرانی 2023، ئه‌مه‌ جاری دووه‌مه‌ عێراق له‌بری قه‌رز، سولفه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌نێرێت، سولفه‌ی یه‌كه‌م بڕه‌كه‌ی (598 ملیار) دینار بوو، وه‌كو پشكی هه‌رێم له‌ یاسای بودجه‌ بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران.  حكومه‌تی هه‌رێم مانگانه‌ بۆ خه‌رجی موچه‌ پێویستی به‌ (913 ملیار) دیناره‌، ئه‌گه‌ر به‌م بڕه‌ پاره‌یه‌ قایل بێت مانگانه‌ بڕی نزیكه‌ی (300 ملیار) دینار كورتهێنانی ده‌بێت. ئه‌م بره‌ پاره‌یه‌ بۆ  موچه‌ی (682 هه‌زار) موچه‌خۆری هه‌رێمی كوردستانه‌ كه‌ ده‌كاته‌ 12،67%ی تێكڕای خه‌رجی موچه‌ له‌ یاسای بودجه‌دا.   


(دره‌و): ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی و ئابوری هه‌رێمی كوردستان ته‌مویلكردنی بانكه‌ بازرگانییه‌كانی سنوری پارێزگای سلێمانی له‌رێگه‌ی لقی سلێمانی بانكی ناوه‌ندیی هه‌رێمه‌وه‌ راده‌گرێت، بۆ له‌مه‌ودوا بانكه‌كانی سلێمانی ده‌بێت بۆ پاره‌ بچن بۆ هه‌ولێر.  به‌گوێره‌ی نوسراوێك رۆژی 7ی ئه‌م مانگه‌ مه‌ولود سابر عه‌لی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بانكه‌ بازرگانییه‌كانی هه‌رێم ئاڕاسته‌ی بانكه‌ بازرگانییه‌كانی سنوری پارێزگای سلێمانی كردوه‌و كۆپییه‌كی ده‌ست (دره‌و) كه‌وتووه‌، ته‌مویلكردنی سه‌رجه‌م بانكه‌كان راسته‌وخۆ له‌ ئه‌ژمێری سه‌ره‌كی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری ده‌بێت له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی بانكه‌ بازرگانییه‌كان له‌ هه‌ولێرو هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك ته‌مویلی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی بانكی ناوه‌ندی هه‌رێم له‌ سلێمانی ناكرێت  و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری بانك به‌رپرسیار ده‌بێت". به‌ڕێوه‌به‌ری بانكه‌ بازرگانییه‌كان ئه‌م نوسراوه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای نوسراوێك كردووه‌ كه‌ رۆژی 17ی كانونی یه‌كه‌می 2023 نوسینگه‌ی ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی ئاڕاسته‌ی كردووه‌و تێیدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات"  پاڵپشت به‌ یاسای وه‌زاره‌ت و مامه‌ڵه‌كردنی راسته‌وخۆی بانكه‌كان له‌رێگای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی بانكه‌ بازرگانییه‌كان، ته‌مویلكردنی بانكه‌ بازرگانییه‌كان راسته‌وخۆ له‌رێگه‌ی ئه‌ژماری وه‌زاره‌تمانه‌وه‌ ده‌بێت له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی بانكه‌ بازرگانییه‌كان، هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك ته‌مویلی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی بانكی هه‌رێم له‌ سلێمانی ناكرێت".  له‌ سنوری پارێزگای سلێمانی زیاتر 36 بانكی بازرگانی هه‌ن كه‌ ته‌مویلی خۆیان له‌ لقی سلێمانی بانكی هه‌رێم وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ ئیتر بۆ وه‌رگرتنی ته‌مویلی خۆیان ده‌بێت بچن بۆ هه‌ولێر.  كۆی خه‌رجی سنوری پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌و ئیداره‌كانی راپه‌ڕین و گه‌رمیان مانگانه‌ بڕی (416 ملیار) دیناره‌، له‌مه‌ بڕی (370 ملیار) دیناری به‌ته‌نیا بۆ خه‌رجی موچه‌یه‌ كه‌ بانكه‌ بازرگانییه‌كان دوای ته‌مویلكردنیان بۆ موچه‌خۆرانی خه‌رج ده‌كه‌ن.  له‌دوای ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، چه‌ند جارێك وه‌زیری دارایی چوته‌ ناو كێشمه‌كێش له‌گه‌ڵ لقی سلێمانی بانكی هه‌رێم، به‌تایبه‌تیش له‌كاتی دروستتبوونی قه‌یرانی نه‌ختینه‌ی دارایی كه‌ گرفتی بۆ موچه‌ی موچه‌خۆران دروستكرد، به‌هۆی ئه‌و كێشانه‌وه‌ دواجار گۆڕانكاری له‌ پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری بانكه‌كه‌دا كرا.   


(دره‌و):  گه‌شتكردنی محه‌مه‌د شیاع سودانی بۆ سویسرا، كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقی له‌ رۆژی سێ شه‌ممه‌وه‌ خسته‌ سبه‌ینێ، بڕیاره‌ كۆبونه‌وه‌ی سبه‌ینێ هه‌مواری یاسای بودجه‌ی تێدا په‌سه‌ند بكرێت و چاره‌نوسی موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێمیش بۆ ئه‌م مانگه‌ یه‌كلابكرێته‌وه‌. باسم عه‌وادی وته‌بێژی حكومه‌تی عێراق ئاشكرایكرد، له‌بری سێ شه‌ممه‌، دانیشتنی ئه‌م  هه‌فته‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران خراوه‌ته‌ سبه‌ینێ.  له‌ هه‌رێمی كوردستان دانیشتنی ئاسایی حكومه‌ت له‌ رۆژانی چوارشه‌ممه‌دایه‌، به‌ڵام له‌ عێراق حكومه‌ت رۆژانی سێ شه‌ممه‌ كۆده‌بێته‌وه‌، به‌هۆی به‌شداریكردنی محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ كۆڕبه‌ندی ئابوری جیهان له‌ شاری داڤۆس سویسرا، له‌بری سێ شه‌ممه‌، حكومه‌تی عێراق سبه‌ینێ كۆبونه‌وه‌كه‌ی ده‌كات.  بڕیاره‌ له‌ كۆبونه‌وه‌ی سبه‌ینێدا، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق پرۆژه‌ی هه‌مواری یاسای بودجه‌ په‌سه‌ند بكات به‌مه‌به‌ستی ره‌وانه‌كردنی په‌رله‌مان، هه‌مواری پرۆژه‌یاسای بودجه‌ به‌پله‌ی یه‌كه‌م له‌سه‌ر خواستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌، چونكه‌ حكومه‌تی هه‌رێم به‌ پشكی خۆی له‌ بودجه‌كه‌دا قایل نییه‌و داوا ده‌كات خه‌رجی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌ به‌تێكڕا له‌ یاسای بودجه‌دا بۆ هه‌ر مانگێك بڕی (906 ملیار) دیناری بۆ ته‌رخانكراوه‌، له‌چوارچێوه‌ی خه‌رجی راسته‌قینه‌ی عێراق بهێنرێته‌ ده‌ره‌وه‌و بخرێته‌سه‌ر خه‌رجی حاكیمه‌، ئه‌مه‌ش بۆ به‌دورگرتنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌ هه‌ر هه‌ڵبه‌زو دابه‌زێكی پشكی هه‌رێم له‌چوارچێوه‌ی یاسای بودجه‌دا.  سه‌رباری په‌سه‌ندكردنی هه‌مواری یاسای بودجه‌، پێشبینی ده‌كرێت له‌ كۆبونه‌وه‌ی سبه‌ینیدا بڕیار له‌سه‌ر بڕه‌ پاره‌یه‌ك بدرێت بۆ خه‌رخی موچه‌ی ئه‌م مانگه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم، ئه‌مڕۆ مانگێك تێپه‌ڕی به‌سه‌ر دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی (9)ی 2023ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمدا، سه‌رباری ئه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌ 2023دا سێ موچه‌یان فه‌وتاوه‌، چاره‌نوسی موچه‌ی ئه‌م مانگه‌شیان نادیاره‌، ئه‌وانه‌ی ئاگادارن و (دره‌و) قسه‌ی له‌گه‌ڵ كردون باسله‌وه‌ ده‌كه‌ن ئه‌مجاره‌ حكومه‌تی عێراق له‌بری (قه‌رز) ده‌یه‌وێت (سولفه‌) به‌ هه‌رێمی كوردستان بدات بۆ موچه‌، ئه‌مه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دواترو پاش په‌سه‌ندكردنی هه‌مواری یاسای بودجه‌ له‌ په‌رله‌مان، له‌ پشكی موچه‌خۆرانی هه‌رێم له‌ خه‌رجی حاكیمه‌دا ببڕدرێت.   


درەو: ئامادەكردن: بارام سوبحى - گۆڤاری گۆڤاری ئایندەناسی لە ماوەى ساڵى (2023)دا، بەهاى دینارى عێراقى لە بەرانبەر دۆلارى ئەمەریکى سەقامگیریى بەخۆیەوە نەبینى، ئەو دۆخەش حکومەتەکەى سوودانیى خستووەتە بەردەم بەرداشێکى سەختەوە، کە لەسەر ئاستى ناوخۆ خۆى لە ململانێى لایەنە شیعەکان و ئەگەرى هەڵایسانى ناڕەزایى جەماوەرى، لە سەر ئاستى دەرەوەش خۆى لە توندتربوونەوەى ململانێکانى ئێران و ئەمەریکا دەبینێتەوە. ئاسۆکانى چارەسەرى ئەم پرسە چەندە هەڵگرى قەیران و گرفتە تا ئاستى هەڵوەشانەوەى حکومەتى ئێستا، هێندەش دەرفەتى چارەسەر و بەهێزبوونى حکومەت و سیستمى بانکی و دراوى لەخۆ گرتوە. ئەم ڕاپۆرتە بەدواداچوون بۆ هۆکارەكانى سەرهەڵدان و توندبوونەوەى قەیرانى هەڵکشان و داکشانى بەهاى دینارى عێراقى دەکات، لە هەمان کاتدا سیناریۆ گریمانەکراوەکان و ئاسۆکانى چارەسەر و ئاڵنگارى و دەرفەتەکان ڕوون دەکاتەوە. لە ڕووپیەوە تا دینار عێراق تا ئەو کاتەى بەشێک بوو لە ئیمپڕاتۆریەتى عوسمانى، بە لیرەى عوسمانى مامەڵەى دەکرد. لە دواى داگیرکردنى عێراق لە لایەن بەریتانیاوە لە سەروبەندى یەکەم جەنگى جیهانیدا، ڕووپیەی هیندی جێگەى لیرەى عوسمانیى گرتەوە. لە دواى دروستکردنى دەوڵەتى عێراق لە لایەن بەریتانیاوە لە هەرسێ ویلایەتى بەغدا و بەسڕە و موسڵ، عێراق هەر بە ڕووپیەى هیندى کارى دەکرد، بەڵام دواى ئەوە بووە ئەندامی کۆمەڵەی گەلان و لە ساڵی 1932دا سەربەخۆیى وەرگرت، حکومەتی شاهانە دیناری نوێی عێراقیی بە چەندین جۆری کاغەزی و کانزایى خستە بازاڕەوە، تا جێگەی ڕووپیەی هیندی بگرێتەوە کە لە دوای داگیرکاریی بەریتانیاوە لە جەنگی جیهانیی یەکەمەوە دراوی نیشتمانی کارپێکراو بوو. دیناری عێراقی تا ساڵی 1959 بە پاوەندی بەریتانییەوە گرێ درابوو، دوای ئەوە بە دۆلاری ئەمەریکییەوە پەیوەست بوو کە یەک دیناری عێراقی بەرامبەر (2.80) دۆلاری ئەمەریکی بوو. دوای شۆڕشی 14ی تەممووزی 1958 و دامەزراندنی ڕژێمی کۆماری، عێراق لە زۆنی جونەیهى ئیستەرلینى چووە دەرەوە، دۆخی دینار باشتر بوو، لە بازاڕەکانی دراوی نێودەوڵەتیدا مامەڵەى پێوە دەکرا، تەنها لەو قۆناغە پشێوییانەدا نەبێت کە عێراق لە دە ساڵی یەکەمی سەردەمی کۆماریدا پێیدا تێپەڕی، کە نرخەکەی لە بەرانبەر دۆلار و پاوەند و دراوە بیانییەکانی دیکەدا لە هەڵکشان و داکشاندا بوو. لە نێوان ساڵانی 1971 تا 1973دا، نرخی دیناری عێراقی بۆ (3.38) دۆلار بەرز بووەوە، پاشان بۆ (3.22) دۆلار دابەزی. ئەو ڕێژەیە تا جەنگی کەنداو بەردەوام بوو، هەر چەندە لە بازاڕی ڕەشدا لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٨٩دا نرخەکەى نزیکەی شەش هێندە زیاتر بوو. لە کۆتایی ساڵی 1995دا نرخی یەک دۆلار گەیشتە سێ هەزار دیناری عێراقی. دواى بەرزبوونەوەى نرخى نەوت و زیادبوونى کۆنترۆڵى دەوڵەت بەسەر کەرتى نەوتدا لە دواى ساڵى 1973، نرخى دینارێک گەیشتە سێ دۆلار و حەڤدە سەنت. بەڵام لە سەرەتاى هەشتاکانەوە تا ساتى ڕووخانى ڕژێمى بەعس لە بەهارى 2003، بە هۆى شەڕەکانى عێراقەوە، لەوانە شەڕى هەشت ساڵەى لەگەڵ ئێران (1980-1988)، داگیرکردنى کوەیت و جەنگى کەنداو و گەمارۆى نێودەوڵەتى؛ دینارى عێراقى بە جۆرێک ڕووى لە دابەزین کرد هەر دۆلارێک بەرامبەر سێ هەزار دینارى عێراقى بوو. بە مەبەستی دەرکردنی دراوی فەرمیی کاغەزی و پاراستنی یەدەگی دراوی نوێی دیناری عێراقی، لە ساڵی ١٩٣١دا دەستەی دراوی عێراق لە لەندەن دامەزرا. لە ساڵی ١٩٤٧دا بانکی نیشتمانیی عێراق وەک بانکێکی حکومى دامەزرا و دەستەی دراو لە ساڵی ١٩٤٩دا هەڵوەشایەوە کە لە لەندەن دامەزرابوو، بانکی نوێ بەرپرسیارێتیی دەرکردنی دراوی کاغەزی و پاراستنی یەدەگەکانی گرتە ئەستۆ. لە دواى دروستکردنى بانکی ناوەندیی عێراق، دیناری عێراقی بەر فاکتەرەکانی گەندەڵی و بیرۆکراسی کەوت، ئەوەش وای کرد لەو سەردەمەدا دراوێکی ناجێگیر بێت و لە مامەڵە داراییە نێودەوڵەتییەکاندا مامەڵەى پێوە نەکرێت، بەڵکوو  تەنها بە دراوی بیانی مامەڵەکان ئەنجام دەدران. دەسەڵاتێکى نوێ و دراوێکى نوێ لە نیسانى 2003دا هێزەکانى ئەمەریکا کۆتاییان بە دەسەڵاتى بەعسییەکان هێنا، یەکێک لە دیارترین گۆڕانکارییەکانى ئەم قۆناغە نوێیە؛ گۆڕینى دراوى عێراقى بوو. دراوە نوێیەکە بە سەرپەرشتیی وەزارەتی دارایی، بانکی ناوەندی و دەسەڵاتی هاوپەیمانان لە حەوت چاپخانەی جیاواز لە جیهاندا چاپ کرا، بە (27) فڕۆکەی بۆینگ (747) گوازرایەوە بۆ عێراق. لە ماوەى سێ مانگدا (لە 15/10/2003 تا 15/1/2004) بانکە عێراقییەکان و لقەکانیان لە پارێزگاکاندا دراوە کۆنەکانیان بە دراوى نوێ گۆڕى، بەم هۆیەوە نرخی دیناری عێراقی لە بەرامبەر دۆلاردا بە ڕێژەى (33%) بەرز بوویەوە، چونکە لە سەردەمی سەددامدا یەک دۆلار بەرانبەر (2500) دینار بوو. هەر لە ساڵى 2004دا، بانکی ناوەندیی عێراق لە ژێر کۆنترۆڵی وەزارەتی دارایی ڕزگار کرا، ئەم سەربەخۆییەش بووە هۆی پەرەپێدانی ئەدای بانکەکە و دامەزراندنەوەی بە گوێرەى یاسا و سیستمێکی نوێ. سەرچاوەى سەرەکیى داهاتى عێراق فرۆشتنى نەوتە بە دۆلار. لە دواى ساڵى (2003)ەوە، داهاتى نەوتى عێراق دەچێتە سەر حسابێکی تایبەتی وەزارەتی دارایی عێراق لە بانکى فیدراڵیی ئەمەریکا. لە ماوەى بیست ساڵى ڕابردوودا، هەر چەندە لە پڕۆسەی فرۆشتنی دۆلاری ئەمەریکیدا باس لە پێشێلکاریی گەورە دەکرا، بەڵام بە مەبەستى ئاوەدانکردنەوەى عێراق و ڕێگرتن لە دروستبوونى ناڕەزایى لە بەرانبەر داگیرکاریى ئەمەریکادا، ئەمەریکا دەسەڵاتەکانى خراپ بەکار نەهێنا و بەبێ هیچ گرفتێک ئەو دۆلارەى ڕەوانەى عێراق دەکردەوە. بەڵام لە سەرەتاى ساڵى (2023)ەوە، ئەمەریکا ڕێژەى ناردنى دۆلارى نەختینەى بۆ نزیکەى (250) ملیۆن دۆلار لە ڕۆژێکدا کەم کردەوە. بانکى ناوەندیى عێراقیش ڕۆژانە ئەو (٢٥٠) ملیۆن دۆلارە بە بانکە تایبەتەكان و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕى دراو دەفرۆشێت، ئەوانیش بە نرخێکى بەرزتر بە بازاڕە ناوخۆییەکانى دەفرۆشن. بە هۆى جیاوازى لە نێوان نرخى بانکى ناوەندى و نرخى بازاڕ، کۆمپانیاکانى ئاڵوگۆڕى دراو ڕۆژانە ملیۆنان دۆلار قازانج دەکەن. زۆربەی خەمڵاندنەکان باس لەوە دەکەن لە ساڵى 2003 بەدواوە تا ئێستا، بانکى ناوەندى زیاتر لە (500) ملیار دۆلارى فرۆشتووە. ڕاپۆرتى میدیا عێراقییەکان باس لەوە دەکەن بەشێک لەو دۆلارەى بانکى ناوەندى دەیخاتە بازاڕەوە، بە قاچاخ بۆ ئێران و تورکیا براوە. لەو بارەیەوە ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: لە ساڵی 2022دا بانکی ناوەندی لە ڕێگەى پەنجەرەی فرۆشتنی دراوەوە نزیکەی (37) ملیار دۆلاری فرۆشتووە، بەڵام بەهای ئەو کاڵا هاوردەکراوانەی لە دەسەڵاتی گومرگی عێراق تۆمار کراون؛ لە چواردە ملیار دۆلار تێناپەڕێت، واتە جیاوازییەکە لە نێوان قەبارەی دراوی فرۆشراو و بەهای ئەو شتانەی کە هاوردە کراون؛ لە (٢٣) ملیار دۆلار نزیک دەبێتەوە. مەبەست لە پەنجەرەى فرۆشتنى دراو، میکانیزمى فرۆشتنى دۆلارە لە لایەن بانکى ناوەندییەوە بە: بانکەکان، فەرمانگەکانی دراو و کۆمپانیا مۆڵەتپێدراوەکان، کە کەلوپەل بۆ عێراق هاوردە دەکەن. کۆمپانیا و بازرگانەکانیش دەبێت لیستى ئەو کاڵایانەى هاوردەى دەکەن، پێشکەش بە بانکى ناوەندى بکەن، تاوەکوو دۆلار بە نرخی فەرمی وەربگرن. بەڵام باس لەوە دەکرێت ئەو کۆمپانیایانەى لە لایەن گرووپە سیاسى و چەکدارییە باڵادەستەکانى عێراقەوە پشتیوانى دەکرێن، بە مەبەستی بەدەستهێنانی دۆلار لیستی هاوردەکردنى ساختەیان داوەتە بانکى ناوەندى، تاوەکوو ئەو دۆلارەى دەستیان دەکەوێت ڕەوانەى هەژمارەکانیان لە دەرەوەى وڵات بکەن. بە گوتەی ئابووریناسێکی عێراقی، بەقاچاخبردنی دۆلار لە عێراقەوە بۆ وڵاتانی دراوسێی وەک تورکیا، ئێران، لوبنان و سووریای گرتووەتەوە، تەنانەت بۆ دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش فراوان بووە و وڵاتانی وەک ڕووسیا، کوبا و کۆریای باکووریشی گرتووەتەوە. بەقاچاخبردنى دۆلار بۆ دەرەوەى عێراق یەکێک لە هۆکارەکانى بەرزبوونەوەى بەهاى دۆلار لە بەرانبەر دینارى عێراقیدا، بە قاچاخ بردنەدەرەوەى دۆلارە لە عێراقەوە بۆ وڵاتانى هاوسێى ئێران و تورکیا و سووریا. بە وتەى شارەزایانى ئابوورى، ئەمەش بووەتە هۆى کەمبوونەوەى دۆلار لە بازاڕدا و زۆربوونى خواست لە سەرى، بەو هۆیەوە نرخى دۆلار بەرز بووەتەوە. بە هۆى نەبوونى زانیارى و دەیتاى دروستەوە، لە بارەى بڕى ئەو پارەیەی کە بە قاچاخ دەبرێتە دەرەوە و ئەو لایەنانەی ئەم پارەیەیان دزیوە و ئەو وڵاتانەی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن، وای کردووە جیاوازى لە ژمارەکاندا هەبێت. سەرۆککۆماری پێشووی عێراق بەرهەم ساڵح، ڕایگەیاند کە (١٥٠) ملیار دۆلار بە قاچاخ براوەتە دەرەوەى وڵات، لە کاتێکدا لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکراى کرد قەبارەی ئەو دۆلارەى بە قاچاخ براوەتە دەرەوەى وڵات بە نزیکەی (٣٥٠) ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، کە دەکاتە (٣٢%)ی داهاتی عێراق لە ماوەی هەژدە ساڵدا. بۆ ساغکردنەوەى ئەو ژمارانەش، جگە لە پەنابردن بۆ کۆمپانیا بەناوبانگ و باوەڕپێکراوەکانی وردبینیی دارایی و دادگا نێودەوڵەتییەکان بۆ دیاریکردنی شوێنی مەبەستی پارە قاچاخەکە و ئەو لایەنانەی کە لێی سوودمەندن؛ هیچ بژاردەیەکى دیکە نییە. بانکى ناوەندیى عێراق بە فەرمانى ژمارە (9/2/446) لە (6/11/2020)، بە تۆمەتی قاچاخچێتیی دراو و گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە، لە سەر بنەمای ڕاسپاردەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، بڕیاری دا بە قەدەغەکردنى فرۆشتنى دۆلار بە هەریەکە لە بانکەکانى (ئەلئەنساری، ئەلشەرق ئەلئەوسەت، ئەلقابض، ئاسیا)، کە نیوەی فرۆشی ڕۆژانەی بانکی ناوەندییان وەردەگرت. سەرەڕای جێبەجێکردنی ئەم فەرمانە لە لایەن بانکی ناوەندییەوە، هەرچوار بانکەکە خەریکی پراکتیزەکردنی کاری بانکیی خۆیانن، بەڵام بەشداریکردنیان لە پڕۆسەى زیادکردنی دراودا لێ قەدەغە کراوە. لە هەمان کاتدا بانکى ناوەندى ڕێوشوێنەکانى چاودێریکردنى بەسەر (35) بانکى دیکەدا توندتر دەکردەوە کە بەشدارییان لە زیادکردنی دراودا کردبوو، چونکە پێدەچوو ئەو بابەتە پەیوەندیی بە ناوبانگی بانکی ناوەندی و متمانەی نێودەوڵەتییەوە هەبێت، کە کاریگەرییەکی زۆری لە سەر فرۆشی دۆلار هەبووە، بووە هۆی کەمبوونەوەى لە بازاڕ و دابەزینی بەهای دیناری عێراقی. هەرسێ بانکى (ئەلئەنساری، ئەلشەرق ئەلئەوسەت، ئەلقابض)؛ پەیوەندییان بە بازرگانێکەوە هەیە بە ناوی عەلی غولام، کە پەیوەندیی لەگەڵ سیاسەتمەدارانی باڵای عێراق و بەرپرسانی حکومەتدا هەیە. لە مانگی تشرینى دووەمى ساڵی ڕابردوودا، لە کاتى گەڕانەوەى لە لوبنانەوە بۆ بەغدا دەستگیر کرا، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک بە خێرایی ئازاد کرا، بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەکی ڕوون لە بارەی چۆنێتیی ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی بووەتەوە و هۆکارەکانی ئازادکرنیشى ئاشکرا بکرێت. عێراق لە بەرداشى ئێران و ئەمەریکادا بە گوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئێران لە چەند لایەکەوە هۆکاری ڕاستەقینەی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارە. یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە حکومەتى عێراق بە بەهاى پێنج ملیار دۆلار گازى سروشتیى لە ئێرانەوە هاوردە کردووە، بەڵام بە هۆی ئەو گەمارۆ ئابوورییانەی بەسەر ئێراندا سەپێنراوە، عێراق ئەو بڕە پارەیەى بە دینارى عێراقى پێ داوە، ئەوەش بووەتە هۆى کەمبوونەوەى دینار لە بازاڕدا. جگە لەوەى بەشێک لە بازرگانانی ئێرانی دەستیان کردووە بە کڕینی دۆلار لە بازاڕ و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی خواست لە سەر دۆلار و کەمبوونەوەی لە بازاڕدا، لەو بارەیەوە بانکی ناوەندیی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند “فشاری کاتی هەیە کە لە ئەنجامی هۆکاری ناوخۆیی و دەرەکییەوە سەری هەڵداوە و بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار”. لە لایەن خۆیانەوە کاربەدەستانى ئەمەریکا ڕایدەگەیەنن بەڵگەیان هەیە بەشێک لەو دۆلارە ئەمەریکییەی کە بە کاغەزى دەدرێتە عێراق، بە قاچاخ بۆ ئێران و سووریا و تورکیا و وڵاتانی تر دەگوازرێتەوە، ئەوەش پێشێلکردنی ئەو سزایانەیە کە بەسەر ئێراندا سەپاندوویانە. بۆیە فشاریان خستووەتە سەر لایەنی عێراقی، بە مەبەستى ڕێکخستنەوەی بازاڕی دارایی و مامەڵە بازرگانییەکانیان، بە شێوەیەک ئاسانکاری بۆ بەدواداچوونی جووڵەی دۆلار و شێوازەکانی بەکارهێنانی بکات، ئەو هەنگاوانەش پێویستی بە چاکسازیی ڕیشەیی لە سیستمى بانکی و کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کاغەزی و پەیڕەوکردنى سیستمى ئەلکترۆنی لە مامەڵە بازرگانییەکاندا هەیە. سەرۆکی سەنتەری ئەلئەمسار بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و ئابووری؛ دکتۆر ڕائید ئەلعەزاوی، ڕایگەیاند ململانێی توندی نێوان واشنتن و تاران لە ڕووی ئابوورییەوە کاریگەریی خنکێنەری لە سەر عێراق هەیە، هەر چەندە هەنگاوەکانی بانکى فیدراڵیى ئەمەریکا بووەتە هۆی سنووردارکردنی ڕۆیشتنی دۆلار لە عێراقەوە بۆ ئێران، بەڵام “بێگومان بۆ بەقاچاخبردنی دۆلار بۆ ئێران ڕێگەى زۆر هەیە”، ئەلعەزاوى وا دەڵێت. لە بەرانبەر فشارەکانى لایەنى ئەمەریکى کە پێداگرى دەکات لە سەر ڕاگرتنى حەواڵەى دارایى گەورە و ناڕەوا بۆ ئێران، هەروەها بۆ کۆنترۆڵکردنی هاتنەژوورەوە و چوونەدەرەوەی دۆلار لە عێراقەوە، ئێرانیش فشار لەو لایەنانە دەکات کە بە لایەنگرى دادەنرێن، بۆ هاندانیان لە سەر بەردەوامبوونیان بۆ بە قاچاخ ناردنى دۆلار بۆ ئێران. لەو بارەیەوە ئەلعەزاوى دەڵێت: لە ئێستادا هیچ ئاماژەیەکی ئەرێنی نییە کە حکومەت بتوانێت خۆى لە ململانێى نێوان ئێران و ئەمەریکا ڕزگار بکات، چونکە هیچ لایەکیان ئامادە نین دان بە دابەزینى هەژموونى خۆیان لە بەرانبەر ئەوی تردا بنێن، ئەم چوارچێوەیەش کاردانەوەی نیگەرانکەری لە سەر هاوسەنگیی هێز و لە سەر حزب و هاوپەیمانەکانیان دەبێت. دواى کوژرانى قاسم سلێمانى و ئەبو مەهدیى موهەندیس لە هێرشى فڕۆکەیەکى بێفڕۆکەوانى ئەمەریکیدا لە سەرەتاى ساڵى 2020، لایەنە شیعەکان داواى دەرکردنى هێزەکانى ئەمەریکا و باڵوێزخانەى ئەمەریکایان لە عێراق کرد، لە وەڵامدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەوکاتى ئەمەریکا وتى: ئەگەر حکومەتی عێراق کاتەکانی بە دوورخستنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بەسەر ببات، ئەوا ئێمەش ئەکاونتى عێراق لە بانکى فیدراڵی لە نیویۆرک دادەخەین. لە ئێستادا بە هۆى دۆخى سیاسى و ئابووریى ناوخۆییەوە، ئێران پێویستی بە پشتبەستن بە حکومەتی عێراق هەیە کە واشنتن پاڵپشتیی دەکات. بۆیە پێدەچێت فشارەکانى ئێران لە سەر هێز و میلیشیا عێراقییەکان بەردەوام بێت، تاوەکوو ئەو گرووپانە لەمپەر لە بەردەم هەوڵەکانی حکومەت بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی پابەندبوون بە سیستمە دراوییە نوێیەکان دروست بکەن، بۆ ئەوەى ڕۆیشتنى دۆلار بۆ ئێران بەردەوام بێت. بانكی ناوەندی لە نێوان کازمی  و سوودانیدا لە ساڵی (2020)ەوە نرخی دیناری عێراقی بە بەراورد بە دۆلاری ئەمەریکی دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە. کاتێك حکومەتەکەی مستەفا کازمی بڕیاری دا نرخی یەک دۆلار بەرز بکاتەوە بۆ (1450) دینار، لەو کاتەشدا سوودانی و هەموو سەرکردەکانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی، لە نەیارانی سەرسەختی ئەو بڕیارە بوون. یەکێکى دیکە لە هۆکارەکانى بەرزبوونەوەى نرخى دۆلار، ئاشکراکردنی سکانداڵى “دزی سەدە” بوو کە حکومەتەکەى سوودانى ئاشکراى کرد و خۆى لە دزینی زیاتر لە دوو ملیار و نیو دۆلار لە سامانی باجی عێراق لە سەردەمى کازمیدا دەبینییەوە، لەو ڕووداوەشدا تۆڕێکی فراوانی بازرگانان و سیاسەتمەداران و بەرپرسانی حکومی تێوە گلابوون و بە ڕووپۆشێکى حکومی و پەرلەمانی و دادوەری دایانپۆشیبوو. دواى ئاشکرابوونى ئەو سکانداڵە، بانکی فیدراڵیی ئەمەریکا هەموارکردنی ڕێکارەکانی حەواڵەکردنى بەسەر عێراقدا سەپاند، بە ئامانجى وردبینیکردنی سەرچاوەی پارەکان و تەنانەت وەرگری کۆتاییش، بەو هۆیەوە خستنەڕووى دۆلار لەچاو خواستى بازاڕ کەمی کرد و نرخەکەى لە بەرانبەر دیناردا بەرز بووەوە. وەکوو یەکێک لە رێگەچارەکان، سوودانى لە ڕۆژی 23/1/2023دا دەستلەکارکێشانەوەی مستەفا غالب پارێزگاری بانکی ناوەندیی قبووڵ کرد کە لە ڕەوتى سەدر نزیک بوو، لە شوێنى ئەو عەلى عەلاقى دەستنیشان کرد. عەلاق بەڕێوەبەرى پێشووى بانکەکە بوو، لە لایەن مستەفا کازمییەوە لە کارەکەی دوور خرابووەوە، بە کەسێکى نزیک لە نوورى مالیکیى سەرۆکى حزبى دەعوە دادەنرێت. پارێزگاری نوێش بەڵێنی دا کار بۆ گەڕاندنەوەی دۆلار بۆ نرخی پێشووی خۆی بکات. ئەو گۆڕانکارییەش دەچێتە چوارچێوەی کێبەرکێی توندی نێوان هێزەکانی “چوارچێوەی هەماهەنگی”یەوە، بە تایبەتی لە نێوان مالیکی و قەیس خەزعەلی لە سەر پۆستە سەرەکییەکان، چونکە مالیکی لە بارەى بەڕێوەبردنی پەنجەرەى دراوەوە ڕێبازێکی کراوەتری لەگەڵ داواکارییەکانی ئەمەریکادا گرتووەتە بەر. داواکارییەکانى ڕووسیا و یوانى چینى لێکەوتەکانى قەیرانی ئاڵوگۆڕی دیناری عێراقی کاریگەریی لەسەر ڕووسیاش هەیە، چونکە بەهای وەبەرهێنانەکانی ڕووسیا لە عێراق دەگاتە دە ملیار دۆلار و بە شێوەیەکی سەرەکی لە کەرتی وزەدا چڕ بووەتەوە، بەڵام تائێستا ئەو بڕە پارەیە ئاشکرا نەکراوە کە عێراق قەرزاری کۆمپانیا ڕووسییەکانە، بە تایبەتى کۆمپانیاکانی لۆکۆیل و باشنەفت و ڕۆسنەفت و گازپرۆم. لەو چوارچێوەیەدا لە ٦ی شوباتی ٢٠٢٣، سێرگی لاڤرۆڤى وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سەردانى بەغداى کرد. یەکێک لە ئامانجەکانى سەردانەکەى، دانەوەى قەرزى کۆمپانیا ڕووسییەکان بوو بە دۆلار، واتە بەخشینى کۆمپانیاکانى وڵاتەکەى لەو سزایانەى بەسەریاندا سەپێنراوە، هەروەک چۆن واشنتن ئەو لێخۆشبوونەی بە هاوردەکردنی گاز و کارەبا لە ئێرانەوە بە عێراق بەخشی. لە ئێستادا (75%)ی کارەکانی کێڵگەی نەوتی «قورنە 2ی ڕۆژئاوا» لە لایەن کۆمەڵەیەکەوە بە سەرۆکایەتیی کۆمپانیای لوکۆیلی ڕووسی ئەنجام دەدرێت. بەرهەمی ئەم کێڵگەیە نزیکەی (14%)ی کۆی بەرهەمی ڕۆژانەى عێراقە (450 هەزار بەرمیل لە کۆى 3.3 ملیۆن بەرمیل)، پلانیش هەیە بۆ زیادکردنی بەرهەمی ئەم کێڵگەیە تاوەکوو بگاتە (800) هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. ئەمەریکا لە ڕێگەى سنووردارکردنى بەقاچاخبردنى دۆلار بۆ ئێران، دەخوازێت ڕێگە لە فراوانبوونی هەژموونى ڕووسیا و چین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگرێت، هەروەها کاریگەریی هەر ڕێککەوتنێکى سێ قۆڵیی نێوان تاران، مۆسکۆ و پەکین لە سەر عێراق نەهێڵێت، ئەم خواستەش لە دواى هاوبەشیی ستراتیژی هەمەلایەنەی چین و ئێران (ئازاری ٢٠٢١)، هاوبەشیی دارایی ڕووسیا و ئێران لە دەرەوەی سیستمی سویفت (کانوونى دووەمى ٢٠٢٣) گەشەى کرد. بە ئامانجى کەمکردنەوەى بەکارهێنانى دۆلار، پارێزگارى بانکی ناوەندی عەلی عەلاق ڕایگەیاند بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و کاروبارەکانى دیکە، بانکەکەی هەوڵ دەدات کەناڵی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ بۆ بانکەکانی عێراق لەگەڵ هاوتا بیانییەکانیان بکاتەوە. وتیشى «لە ئێستادا کەناڵەکانی حەواڵەکردن بە دراوی جۆراوجۆر لەوانە: درهەمی ئیماراتی، لیرەی تورکی، ڕووپیەی هیندی و یۆرۆ کراوەتەوە». لە بارەى کاریگەرییەکانى ئەو بڕیارە، نەبیل مەرسوومی پسپۆڕی ئابووری دەڵێت: «ئەو بڕیارە لە ڕووی تیۆرییەوە تێچووی هاوردەکردن کەم دەکاتەوە و نرخی ئاڵوگۆڕی دراو لە ناوخۆی عێراق لە مەترسییەکانی هەڵاوسان دەپارێزێت»، بەڵام «ئەو بڕیارە ڕووبەڕووی ئاستەنگەکانی بەردەستنەبوونی دراوی چینی و دراوەکانی دیکە لە بانکە عێراقییەکاندا دەبێتەوە». واتە ئەو کاڵایانەی کە عێراق لە چین و وڵاتانى دیکە دەیکڕێت؛ بەهاکەی بە دۆلار دەدرێت، چونکە بانکە عێراقییەکان بۆ یەکلاکردنەوەی مامەڵە بازرگانییەکانیان؛ دراوی بیانیی پێویستیان نییە». مەرسوومى لە درێژەی قسەکانیدا وتی: «تا ئەو کاتەی نرخی نەوت بە دۆلار دابنرێت و هەتا هەناردەکردنی نەوت زاڵ بێت بەسەر هەناردەکردنی عێراقدا، ئەوە مەحاڵە عێراق خۆی لە دۆلاری ئەمەریکی ڕزگار بکات. بۆ بەدەستهێنانی دراوی تر؛ عێراق پێویستی بە دۆلارە، هەر بۆیە پشتبەستنی عێراق بە یوان و دراوەکانى دیکە بۆ ئاڵوگۆڕى بازرگانى لەگەڵ چین و وڵاتانى دیکە، هیچ شتێک لە بابەتەکە ناگۆڕێت». وتیشى «بۆ ڕزگارکردنى ئابووریی وڵات و پاراستنى لە هەر لێکەوتەیەکى دارایى مەترسیدار، پرسى دۆلار زیاتر لە هەر ڕێوشوێنێکی دیکە پەیوەستە بە کۆنترۆڵکردنی قاچاخچێتیی دۆلارەوە». بڕیار لە واشنتن و کردار لە بەغدا لە ساڵی (2003)ەوە کە حسابی عێراق لە بانکى فیدراڵی لە نیویۆرک دامەزراوە، ڕۆژانە تێکڕا (250) ملیۆن دۆلار بۆ بانکی ناوەندیی عێراق دەگوازرێتەوە. لە سەرەتای ساڵی 2020دا وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا داوای لە حکومەتی عێراق کرد پابەندی سیستمێکی ئەلکترۆنی بێت، کە بە وتەى بەرپرسانی ئەمەریکا ئامانج لێی دڵنیابوونە لە شەفافیەتیی مامەڵەی دۆلار و بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و “بەقاچاخبردن”ی دۆلارە بۆ ئێران و سووریا و تورکیا. لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢، بانکى فیدراڵیی ئەمەریکا دەستی کرد بە سنووردارکردنی بڕی ئەو دۆلارانەی کە بۆ عێراق دەگوازرێتەوە. بۆ بەدەمەوەچوونى خواستەکانى ئەمەریکا، بانکی ناوەندیی عێراق لە سەرەتای مانگی کانوونى دووەمى 2023دا پلاتفۆرمی ئەلکترۆنی بۆ زیادکردنی دراوەکانی خستە بازاڕەوە، بەڵام سیستمەکە هیچ پێشوازییەکی ئەوتۆى لێ نەکرا، بە هۆی ئەوەی زۆرینەی کڕیاران نەیاندەویست ناسنامەی خۆیان و ناسنامەی بریکارەکانیان ئاشکرا بکەن. هاوکات وەزارەتی دارایی ڕێکارەکانی وردبینی لە ڕەسەنایەتیی بەڵگەنامە و کواڵتیی کاڵا هاوردەکراوەکان توندتر کردەوە، لە دەروازە سنوورییەکانیش لەگەڵ تورکیا و ئێراندا، کۆنترۆڵ و ڕێکارە ئەمنییەکان توندتر کرانەوە. لە هەنگاوێکى دیکەدا، بانکی فیدراڵیی ئەمەریکا داوا دەکات لیستی ئەو دۆلارانەی فرۆشراون پیشان بدرێت، لەگەڵ ناوی کەسەکان و سوودمەندەکان. هەروەها لایەنی داواکار دەبێت (15) ڕۆژ چاوەڕوانى وەڵامى بانکەکەى ئەمەریکا بکات، تاوەکوو ڕەزامەندى لە سەر داواکەى دەدرێت. بە گوتەی ئابووریناسێکی عێراقی، ئەو ڕێوشوێنانە ڕۆڵی گەورەیان لە کەمکردنەوەی دابینکردنی دۆلار لە بازاڕی عێراقدا هەبووە و بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، چونکە «نزیکەی (90%)ی داواکارییەکانی کڕینی دۆلار ڕەت کراونەتەوە، بەو هۆیەوە فرۆشی دۆلار گەیشتە (55) ملیۆن دۆلار لە ڕۆژێکدا». زۆرێک لەو بانکە عێراقییانەی کە دۆلار دەکڕن، زۆرتر ڕووپۆشێکن بۆ ئەو هێزە سیاسی و گرووپە چەکدارییانەى کە بە شێوەیەکی فەرمی یان نافەرمی بەشێکن لەو هاوپەیمانییەی کە پاڵپشتی لە حکومەتەکەی سوودانى دەکەن، بۆیە هەر پێکدادانێکی ڕوون لەگەڵ بەرژەوەندییەکانیاندا، ڕەنگە بیانکاتە دوژمن. بەشێک له هێزه سیاسی و کوتله چەکدارەکان کە لە ڕێکارە نوێیەکانى بانکى ناوەندى زەرەرمەند بوون، دەستیان کردووە به زیادکردنی فشاره سیاسییەکانیان بۆ سەر حکومەت و بانکی ناوەندی، داوا دەکەن پشتبەستنی عێراق به دۆلاری ئەمەریکی و کۆنترۆڵی بانکى فیدراڵیی ئەمەریکا لە سەر یەدەگى دراوى عێراقى کەم بکرێتەوە. بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی قەرزەکان لە بانکی ناوەندیی عێراق مەحموود داغر، دەڵێت: “دابڕاندنی ئابووری لە سیاسەت کارێکی قورسە، ناوەرۆکی قەیرانی ئێستاش لە واقیعدا ململانێی نێوان ئەمەریکا و ئێرانە، بە شێوەیەکی سەرەکییش سروشتی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان عێراق و ئێرانە”. ڕوونیشی کردەوە “چاوەڕوانییەکان لەم جۆرە قەیرانانەدا قورسن، چونکە قەبارەى بازرگانیى عێراق لەگەڵ ئێران نزیکەی دە ملیار دۆلارە، هەر بۆیە مانگانە ملیۆنان دۆلار دەکێشرێتەوە و ئەمەش ئەستەمە بوەستێنرێت”. داغر دەڵێت: «ئەوانەی پێیان وایە سیاسەتی دراو لە عێراق دەتوانێت بە تەنیا کار بکات؛ هەڵە دەکەن، بەڵکوو دەبێت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سیاسەتی دارایی و بازرگانی کار بکات، چونکە ئێمە هەموو شتێک هاوردە دەکەین و پیشەسازى و کشتوکاڵمان نییە، عێراقیش مامەڵەی بانکیی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا نییە کە مامەڵەى بازرگانییان لەگەڵدا دەکات، بۆیە نرخەکانیان بە دۆلاری ڕەش دەدرێت، ئەمە جگە لە بوونی مەرزی نافەرمی و هاتنەناوەوەی کاڵا بەبێ گومرگ». بە وتەى ناوبراو، تاکە چارەسەر بریتییە لە بەستنەوەی مامەڵەی هەموو وڵاتان بە سیستمى بانکییەوە، لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی دەروازەکان و هاتنەناوەوەی کاڵاکان. هەوڵ و هەنگاوەکانى عێراق بە ئامانجى چارەسەرکردنى قەیرانى دابەزینى بەهاى دینارى عێراق، حکومەتى عێراق زنجیرەیەک کۆبوونەوە و دانوستانى لەگەڵ لایەنى ئەمەریکیدا دەست پێ کردووە. لەو چوارچێوەیەدا لە 3ی شوباتی 2023دا لە ئەستەنبوڵ، کۆبوونەوەیەک لە نێوان برایان نیلسۆن یاریدەدەری وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا بۆ هەواڵگریی دارایی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەگەڵ عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ئەنجام درا. لە بەیاننامەى فەرمیی دوای کۆبوونەوەکە، ئاماژە بە خواستی گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکان کراوە بۆ جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی دژەسپیکردنەوەی پارە و دارایی تیرۆریستی و مۆدێرنکردنی سیستمی بانکیی عێراق. عەلاق بە باشی ئاگاداری وردەکاریی پەیوەندییەکانى عێراقە لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، چونکە لە ساڵی 2014 تا 2020؛ پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بووە. لە 9ی شوباتی 2023دا، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە واشنتن لەگەڵ هاوتا ئەمەریکییەکەی ئەنتۆنی بلینکن کۆ بووەوە. دوای کۆبوونەوەکە هیچ بڕیارێکی دیاریکراو ڕانەگەیەنرا، بەڵام پێش ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە، بلینکن جەختی لەوە کردەوە کە ئەمەریکا “ئێستا زۆر بە چڕی سەرنجی لە سەر ڕەهەندی ئابووری”ی ڕێککەوتنی چوارچێوەی هاوبەشی ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵاتە. ڕۆژی دەی شوبات، والی ئادێیمۆ جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا لەگەڵ فوئاد حسێن و عەلی عەلاق کۆ بووەوە، باسیان لە سیاسەتەکانی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆریستان کرد، بەڵام هیچ زانیارییەکی دیاریکراو لە بارەى بڕیارەکانى کۆبوونەوەکەوە ڕانەگەیەنرا. مەحموود محێدین بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سندووقی دراوی نێودەوڵەتی، دواى کۆبوونەوەى لەگەڵ عەلى عەلاق لە واشنتن، ڕایگەیاند سندووقەکەى ئامادەیە هاوکاریی پرۆسەى چاکسازی لە کەرتی بانکیی عێراقدا بکات. لە لایەکى دیکەوە جۆ بایدنى سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی 2/2/2023 لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، ستایشی هەوڵەکانی کرد بۆ “بەهێزکردنی سەروەری و سەربەخۆیی عێراق”. سیناریۆكان بۆ ڕەوتی قەیرانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە عێراق، گریمانەى ئەم سێ سیناریۆیە دەکرێت: سیناریۆی یەکەم: لە ئاکامى ڕێکارەکانى حکومەتى عێراق و دانوستانەکانى لەگەڵ لایەنى ئەمەریکیدا، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دەوەستێت. ئەگەرێکی لەم شێوەیەش پەیوەستە بە سروشتی پەیوەندیی نێوان بەغدا و واشنتنەوە، هەروەها ئایا حکومەتی سوودانى سەرکەوتوو دەبێت لە بردنەوەی واشنتن بۆ لای خۆی و کەمکردنەوەی ئەو تێڕوانینە گشتییەی کە ملکەچی هەژموونى تارانە، ئەمەش واتە بەهێزکردنی هاوپەیمانیی سوودانی لەگەڵ مالیکی لە سەر حیسابی هاوپەیمانییەکەی لەگەڵ “عەسایب ئەهلی حەق” و ڕێکخراوە نزیکەکان لە ئێرانەوە. خالێكی گرنگ لەم بابەتدا، پەیوەندی بە شێوازی مامەڵە و پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ ئێران و ئەمەریكا لە لایەك و ئێران و ئەمەریكا لە لایەكی ترەوە هەیە، بە شێوەیەك ئەگەر ئێران و ئەمەریكا سەبارەت بە سیاسەت و بەرژەوەندییەكانیان لە عێڕاقدا بگەنە جۆرێك لە رێككەوتنێكی نەنووسراو (هاوشێوەی قۆناغی سەرۆكایەتی باراك ئۆباما) و پرسی فشاری سەر ئێران لە چوارچێوەی سزاكان چارەسەر بكرێت، پێشبنی دەكرێت بابەتی بەقاچاغبردنی دۆلاری عێراق بۆ ئێران وەك لەمپەرێكی گەورە لە گەڕانەوە بەهای دۆلار، چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە. سیناریۆی دووەم: بە هۆی شکستی بانک و بازرگانەکان لە خۆگونجاندن لەگەڵ ڕێکارە نوێیەکاندا، هەروەها بەردەوامیی توندکردنەوەی مەرجەکانى بانکى فیدراڵیی ئەمەریکا و شکستی سوودانی لە قەناعەتپێکردنی لایەنی ئەمەریکی تاوەکوو نەرمییەکی زیاتر لەم پرسەدا بنوێنێت، ئەوا دۆلار بەردەوام دەبێت لە بەرزبوونەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی قووڵکردنەوەی قەیرانی ئابووری لە وڵاتدا، فشاری کۆمەڵایەتیی زیاتر لە سەر حکومەتی سوودانى دروست دەکات، ڕەنگە شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتیی لێ بکەوێتەوە، لە هەمان کاتدا پێدەچێت فشارى لایەنە توندڕەوەکانی «چوارچێوەی هەماهەنگی»یش زیاتر بکات، کە داوای گرتنەبەرى ڕێوشوێنی ڕادیکاڵتر دەکەن بۆ کەمکردنەوەی هەژموونی بانکى فیدراڵیی ئەمەریکا لە سەر سیستمی دارایی و بانکى لە عێراقدا. حوسام ئەلخەیزەران شارەزای دارایی لە بۆرسەی بەغدا، دەڵێت: «هاوڵاتییان زۆرترین باجى بەرزبوونەوەى نرخى دۆلار دەدەن، چونکە زۆربەی خۆراک و پێداویستییەکان هاوردە دەکرێن و پەیوەستن بە دۆلارەوە نەک دینار، بۆیە ئەگەر دابەزینی بەهای دینار و ناسەقامگیری بەردەوام بێت، ئەوا پێشبینیی بەرزبوونەوەی نوێی ڕێژەی هەژاری دەکەم». ئەوە لە کاتێکدایە بانکی نێودەوڵەتی ڕێژەی بێکاری لە عێراقدا بە نزیکەی (14.5%) لە نێو دانیشتوواندا بە گشتى و بە (27.5%) لە نێو گەنجاندا بە تایبەتى خەمڵاندووە. سیناریۆی سێیەم: بەردەوامبوونی دۆخی ناسەقامگیریی نرخی دۆلار، بەرزبوونەوە و نزمبوونەوە بۆ ماوەیەکی درێژ، کاریگەری لە سەر ڕەوتی بازاڕ، بێبڕیاربوون لە جێبەجێکردنی ڕێکارە نوێیەکان، یان نەگەیشتن بە ئەنجامێکى ڕوون و یەکلاکەرەوە لە نێوان لایەنی عێراقی و ئەمەریکیدا. مەزهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژکاری ئابووریی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بەرزبوونەوەى بەهاى دۆلار کاتییە و بەم زووانە جارێکی دیکە نرخى دینار بەرز دەبێتەوە. ئاماژە بەوە دەکات نەبوونی زانیاریی بەربڵاو لە نێو عێراقییەکان سەبارەت بە بەکارهێنانی کارتی بانکی بووەتە هۆی ئەم کێشەیە، بۆیە حکومەت دەستی کردووە بە زنجیرەیەک ڕێوشوێن بۆ کەمکردنەوەی قاچاخچێتی بەو کارتانە و لەم بوارەشدا سەرکەوتوو بووە. ئەنجام قەیرانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە عێراق نوێنەرایەتیی گەورەترین ئاڵنگاریى بەردەم حکومەتەکەی سوودانى دەکات، چونکە حکومەتەکەى بەو جۆرە ناساندووە کە سەرنجی لە سەر چاکسازیی ئابووری، باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی ژیانی هاوڵاتییانە. لە هەمان کاتدا دەرفەتێکە بۆ سوودانی تاوەکوو لە چاکسازییە سەرەتاییەکان لە کەرتی دارایی و بانکیدا بەردەوام بێت، بە تایبەتى لە بەرەو مۆدێرنکردن و ئۆتۆماتیکیکردنی و ڕزگارکردنی لە هەژموونی مافیا داراییەکان و ئابووریی هاوتەریب. ئەگەر ئەم قەیرانە پەرە بسێنێت و لە کۆنترۆڵ دەربچێت، ڕەنگە پاڵ بە لایەنەکانی “چوارچێوەی هەماهەنگی”یەوە بنێت تاوەکوو دەستبەرداری پشتیوانی لە سوودانى ببن و بیکەن بە قۆچى قوربانی، بە تایبەتی ئەگەر قەیرانەکە ببێتە مایەى هەڵایسانى شەپۆلی ناڕەزایى جەماوەرى و سەرهەڵدانی خۆپیشاندانی نوێ. لە هەمان کاتدا سوودانى دەتوانێت بە برەودان بە ڕێبازە میانڕەوەکەی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکادا، بەرەنگارى فشاری لایەنە توندڕەوەکانى ناو “چوارچێوەی هەماهەنگی” ببێتەوە کە ئێران لە پشتیانەوەیە، ئەوەش لە ڕێگەى زیادکردنی هۆشیارییانەوە دەبێت لە بارەی ئەو هەژموونەى کە ئەمەریکا لە سەر ئابووریی عێراق هەیەتی. لە سەر ئاستى ئاسایشى ئابوورى، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار ڕەنگە دەرفەتێک بێت بۆ حکومەتی سوودانى کە بەرەو پشتگیریکردنی بەرهەمی ناوخۆیی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە هاوردەکردن هەنگاو بنێت، بە تایبەتی ئەگەر سەرکەوتوو بێت لە کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی «نرخی دۆلار» لە سەر چینە هەژارەکان و چینی ناوەند، بەڵام لێرەدا ناچار دەبێت ڕووبەڕووی خاوەن بەرژەوەندییە ئابوورییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان ببێتەوە، تا لە ئەنجامدا عێراق ببێتە وڵاتێکی هەناردەکار. ئەوەش ڕوونە کە هیچ چاکسازییەک لە سیستمی فرۆشتنی دۆلار لە عێراقدا بەبێ فشاری ڕاستەوخۆی نێودەوڵەتی، بە تایبەتی ئەمەریکا بەدی نایەت. لە هەر حاڵەتێکدا ئەم قەیرانە ئەوە نیشان دەدات کە هەموو کارتەکانی فشار لە دەستی ئەمەریکادایە، وەک چەکی دۆلار، هەروەها توانای کۆکردنەوە و دەرهێنانی زانیاری، بەرمەبناى ئەو ڕاستییەی کە ژێرخانی زانیاریی وەزارەت و دامەزراوە سەرەکییەکانی عێراق بە تەواوی دروستکراوى ئەمەریکایە، ئەگەر عێراق ملکەچ نەبێت ڕەنگە دوا ڕێگە پەنابردن بێت بۆ بە ئامانجگرتنی سەرکردەی میلیشیاکان و دامەزراوەکانیان. بۆیە ناکرێ گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشوو قبووڵ بکرێت. لە ئێستادا سیستمی دارایی ئەلکترۆنی وردە وردە جێبەجێ دەکرێت، گرووپەکانی پەیوەست بە ئێرانەوە دەبێت وەک دیفاکتۆ مامەڵەی لەگەڵدا بکەن، چونکە بەشێکی بەرچاو لە داهاتەکەیان وابەستەی سیستمی کڕینى دۆلار لە بانکى ناوەندى و فرۆشتنى لە بازاڕدا بوو، کەواتە ئەو گرووپانە چەکێکیان دروست کرد کە ئێستا واشنتن دەتوانێت لە دژی خۆیان بەکاری بهێنێت.   سەرچاوەکان: مركز الامارات للسیاسات (6/10/2023)، “العراق وأزمة الدولار: معضلة اقتصادية ذات مضمون جيوسياسي”، https://epc.ae/ar/details/brief/aliraq-wa-azmat-alduwlar-mudilat-aiqtisadiya-dhat-madmun-jiusiasi. مركز الامارات للسیاسات (23/2/2023)، “على المِحَك: الأبعاد الاستراتيجية والسياسية لأزمة سعر صرف الدولار مقابل الدينار في العراق”، https://epc.ae/ar/details/featured/alabaad-alestiratijia-walsiyasia-li-azmat-sier-sarf-alduwlar-muqabil-aldiynar-fi-aleiraq. مركز الامارات للسیاسات (24/1/2023)، “مُعضِلة قديمة وضوابط جديدة: الأبعاد السياسية والاقتصادية لأزمة انخفاض قيمة الدينار العراقي”، https://epc.ae/ar/details/brief/al-abaad-alsiyasia-walaiqtisadia-li-azmat-ainkhifad-qimat-aldiynar-aleiraqi. بغداد الیوم (25/9/2023)، “نهاية الحكاية.. العراق أسير الدولار ولا حلول تلوح في الأُفق ‘تُخفض’ من اسعار الصرف”، https://shorturl.at/kxCM8. زید عبدالوهاب (11/1/2023)، “تذبذب سعر صرف الدينار العراقي: الأسباب والتداعيات”، https://www.orsam.org.tr/ar/irak-dinari-kurundaki-dalgalanma-nedenleri-ve-yansimalari/.    


درەو: بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە سلێمانی بە رەسمی كرایە بارەگای ئەنجومەنی سیاسی و بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتی كە جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوێتی  و تابلۆی سەر بارەگاكە گۆڕاوە، بەم زووانە ئەندامەكانی ئەنجومەنەكە دیاری دەكرێن، تا ئێستا هەریەك لە ( دلێر سەید مەجید، رزگار عەلی، جوتیار نوری، مستەفا چاوڕەش، روناك شێخ جەناب، نەرمین عوسمان، رابەر سەید برایم، سامان گەرمیانی .....) لەوانەن كە دەبنە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای یەكێتی. بە پێی مادەی (54)ی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، دیاریكردنی ئەندامانی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتی لەلایەن سەرۆكی یەكێتیەوە دیاری دەكرێن. رۆژی چوارشەممە بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی سەردانی جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی كرد. لەم سەردانەدا بافڵ تاڵەبانی دڵنیایی بە جەعفەر شێخ مستەفا داوە كە ‌" هەموو ئەو بڕیارانەی دەدرێن لەچوارچێوەی بڕیارو راسپاردەكانی كۆنگرەی پێنج و لەژێر رۆشنایی پەیڕەوی نوێیە". كۆتاییەكانی ئەیلولی 2023، یەكێتیی كۆنگرەی پێنجەمی خۆی بەست، لەم كۆنگرەیەدا بافڵ تاڵەبانی بە فەرمی وەكو سەرۆكی یەكێتیی هەڵبژێردرا، بەشێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی كۆنی یەكێتیی بەشداری كۆنگرەكەیان نەكرد. كۆنگرەی پێنجەم ناوی (ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی) گۆڕی بۆ (ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی)، كۆسرەت رەسوڵ كە سەرۆكایەتی ئەنجومەنەكەی دەكرد، لە كۆنگرەی پێنجەمدا وەكو "سیمبولی یەكێتیی" ناوزەندكراو مەلا بەختیاریش دوای گفتوگۆیەك لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی نەگەیشتە رێككەوتن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنەكە، بەم جۆرە پۆستەكە بۆ جەعفەر شێخ مستەفا مایەوە. بەڵام دوای زیاتر لە سێ مانگ، ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی تەنیا سەرۆكی هەیە كە جەعفەر شێخ مستەفاو هێشتا ئەندامەكانی دانەنراون و ئەنجومەنەكە ئەكتیڤ نەكراوە. بەپێی مادەی (54)ی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیی، ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی ئۆرگانێكی باڵای یەكێتییەو ئەركی رێنماییكردنی ئەنجومەنی سەركردایەتی و ئۆرگانەكانی تری یەكێتییە بۆ پرسە سیاسی و ستراتیژییەكان. ژمارەی ئەندامەكانی لە (9 - 15) كەس پێكدێت و بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی پاش كۆنگرە ئەندامانی ئەنجومەنەكە دیاری دەكات. لە ئێستادا تابلۆی سەر بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە سلێمانی گۆڕدراوە لە (مەكتەبی سیاسی یەكێتی)یەوە بۆ (ئەنجومەنی سیاسی و بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتی)، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، ئەم كەسانە لەوانەن كە وەكو كاندید بۆ ئەندامانی ئەنجومەنەكەی جەعفەر شێخ مستەفا قسەیان لەگەڵدا كراوە: 🔹 جەعفەر شێخ مستەفا 🔹 مستەفا چاوڕەش 🔹 رابەر سەید برایم 🔹 رزگار عەلی 🔹 جوتیار نوری 🔹 دلێر سەید مەجید 🔹 جەمیل هەورامی 🔹 فەرید ئەسەسەرد 🔹 روناك شێخ جەناب 🔹 نەرمین عوسمان 🔹 سامان گەرمیانی  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand