گفتوگۆی رۆژنامهوانی: هێمن خۆشناو سهباحهت تونجهل، ژنه سیاسهتمهدار و پهرلهمانتاری پێشووی كورد، كه ماوهی چهند ساڵێك بههۆی پرسی كوردەوە زیندانیكراوه، لهم دیمانهیهیدا كە تایبەت بۆ (درەو) كراوە لهبارهی رووداوهكان و گرژیهكانی ئهم دوایهی ناوخۆی توركیا وهڵامی پرسیارهكان دهداتهوه. له ههمان كاتدا باس له داهاتووی پڕۆسهی گفتوگۆی ئیمڕالی له نێوان (عهبدولڵا ئۆجالان) و سهرانی دهوڵهتی توركیا دهكات. پ: ئۆپاراسیۆنی سیستهمی دادوهری توركیا، كه له بهرهبهیانی رۆژی 19 ئاداری 2025 دهستی پێكردووه، تهنیا پهیوهسته به (ئهكرهم ئیمامئۆغڵو)، سهرۆكی شارهوانی گهورهی ئیستانبۆڵ، یان پارتی گهلی كۆماریش (جهههپه) دهگرێتهوه؟ وهڵام: ههڵه نابێت ئهگهر بڵێین پهیوهسته به ههردووكیانهوه. پارتی داد و گهشهپێدان (ئاكهپه) لهلایهك دهخوازێت له رێگای ئهم ئۆپاراسیۆنهوه (ئهكرهم ئیمامئۆغڵو) كه ئهكتهرێكی گرنگه بخاته دهرهوهی بازنهی پێشبڕكێی ههڵبژاردنی سهرۆكایهتی كۆمار، لهلایهكی دیكهش دهخوازێت (جهههپه) كه پارتی گهورهی ئۆپۆزسیۆنه له توركیا له ئهركی سهرهكی خۆی داببڕێت كه چاودێریكردنی دهسهڵاته، له رێگای ئهم ههڵمهتهوه ئهم پارته به كێشه ناوخۆیهكانیهوه خهریك بكات. لهبهر ئهوهی قهیرانی خراپ بهڕێوهبردنی توركیا لهلایهن ئاكهپه، قهیرانی سیستهمه و دهسهڵات دهخوازێت لهژێر ناوی قهیرانی سیاسی و ئابووری جهوههر و جۆری قهیرانهكه بشارێتهوه، پێویسته جهههپه به مهسهله و كێشهی لاوهكی خهریك بكرێت. پ: خۆپیشاندان و ناڕهزایهتیهكان شهقام دژ به دهستگیركردنی (ئیمامئۆغڵو) تا كهی بهردهوام دهبێت، به تایبهتی كه لهم چهند شهوهی دواییدا توندوتیژی پۆلیس دژ به خۆپیشاندهران زیاتر بووه؟ وهڵام: (جهههپه) توانایهكی له رادهبهدهری ههیه له جوڵاندنی شهقام. له ساڵی 2015 تا ئهمڕۆ له بهرامبهر كردهوهی فاشیست، دڕنده و تاكڕهوانه، جهههپه داوا له بزوتنهوهی گهنجان و ئۆپۆزسیۆن دهكات بڕژێنه سهر شهقامهكان. به پێشڕهوی جهههپه، كه پێشتر وێنهی نهبووه گهنجان له ههموو زانكۆكان له شهقامن. تێكهڵبوونی ئهم گهنجانه لهگهڵ سیاسهت له داهاتوودا رێگا بۆ گۆڕانكاری و وهچهرخانی گرنگ خۆش دهكات. بهبێ رێككهوتن لهگهڵ كورد دهنگدان بۆ جهههپه سوودی نیه پ: وهكو دهزانین لهناو جهههپهدا، كلتووری یاخیبوون زۆر لاوازه. له ئێستادا جهههپه دهتوانێ تا سهر به تهنیا له شهقام بمێنێتهوه؟ وهڵام: ناڕهزایهتیهكانی سهر شهقام تا ماوهیهكی دیكه كۆتاییان پێدێت. ئهوهی دهمێنێتهوه، جهههپه لهناو سیستهمی دهوڵهتدا پارتێكی سیاسیه دهخوازێت دهسهڵات بگرێـته دهست. بهو پێیهی جهههپه پارتی دامهزرێنهری كۆماره، ئهو توانا و وزهیهی نیه تا سهرۆكایهتی ئۆپۆزسیۆنی كۆمهڵایهتی بكات. بۆیه كۆكردنهوهی جهماوهر له گۆڕهپانهكان به ههمان گوڕ و وزهی رۆژی یهكهم دوای ماوهیهكی دیاریكراو زهحمهت دهبێت. پ: ئایا جهههپه دهتوانێ لهگهڵ پارتهكانی دیكهی ئۆپۆزسیۆن بهرهیهك دروست بكات؟ وهڵام: له ئێستادا جهههپه به كێشه ناوخۆیهكان و سازكردنی كۆنگرهی نا ئاسایی خهریكه. له كۆنگرهی نائاساییدا جارێكی دیكه متمانه به (ئۆزگور ئۆزهل) دهدرێتهوه و سیاسهتی هاوپهیمانی كردن دیاری دهكرێت. لهوێ دهبینین رێككهوتنی جهههپه لهگهڵ لایهنه موحافهزهكار و نهتهوهپهرسته راستڕهوهكان تا چهند گۆڕانی بهسهردا دێت. لهگهڵ لایهنی كوردیش له رێككهوتن زیاتر، جهههپه داوای دهنگ دهكات له دهنگدهرانی كورد كه ئهمهش به كهڵك نایهت و سوودی نیه. بهبێ رێككهوتن لهگهڵ سیاسهتی كورد دهنگدان بۆ جهههپه سوودی نیه. پ: سهرۆكی گشتی جهههپه (ئوزگور ئۆزهل) له سهراجخانه داوای لێبوردنی كرد له كورد. بۆ ئاشتكردنهوهی دڵی كورد ئهمه تهنیا بهسه؟ وهڵام: له قسهكانی (مهنسور یهڤاش) سهرۆكی شارهوانی گهورهی ئهنقهره، كورد زۆر نیگهران و توڕه بوو، بۆ ئهمه ئوزگور ئۆزهل داوای لێبوردنی كرد. بهڵام كورد و گهنجانی كورد، پهیوهست به كێشهی كورد چاوهڕێ دهكهن جهههپه سیاسهتێكی روون و ئاشكرا بگرێتهبهر. ئهگهر دهربارهی كێشهی ئازادی میللهتی كورد، زمان، ناسنامه و كلتووری كوردی، ههروهها له ئهگهری بهرقهرابوونی ئاشتیدا ئهگهر جهههپه ههنگاوی ئهرێنی بنێت، ههڵوێستی كورد بهرامبهر ئهم پارته ئهرێنی دهبێت. جهههپه ئهو توانا و وزهیهی نیه تا سهرۆكایهتی ئۆپۆزسیۆنی كۆمهڵایهتی بكات، ناڕهزایهتیهكانی سهر شهقام تا ماوهیهكی دیكه كۆتاییان پێدێت پ: چاوەڕوان دەكرا لە نهورۆزدا پهیامی (عهبدولڵا ئۆجالان) بخوێندرێتهوه، بهڵام له ئاههنگهكانی نهورۆزدا هیچ پهیامێكی ئۆجالان نهخوێندرایهوه. هۆكار چی بوو؟ وهڵام: بهڵێ گهلی كورد، ههروهها ئهوانهی له توركیا داوای چارسهری كێشهی ئازادی كورد دهكهن لهگهڵ دۆستانی كورد له نهورۆزدا چاوهڕێی پهیامێك بوون. بهڵام بهداخهوه دهسهڵات ئهم دهرفهتهی نهڕهخساند. باشتر نهكردنی دۆخی بهڕێز (عهبدولڵا ئۆجالان) له زیندانی ئیمڕالی، ههڵنهگرتنی گۆشهگیری و نهگرتنهبهری ههنگاوی پێویست، دهستپێكردنی ئهم پڕۆسهیه مێژوویه كه به بانگهوازهكهی 27 ی شوبات هاتۆته ئاراوه ئاستهنگ دهكات. پ: لهبهر ئهوهی ئۆجالان به ویستی دهوڵهت پهیامهكهی دانهڕشتووه، دهوڵهت رێگای نهدا پهیامهكهی بگاته ئاههنگی نهورۆز؟ وهڵام: لهمبارهیهوه ههرچیهك بڵێین دهبێته ههڵسهنگاندنێكی نا بابهتی. بانگهوازی بهڕێز ئۆجالان بۆ دهرهێنانی مهسهلهی كورد له گۆڕهپانی جهنگ و ململانێ، جێگیركردنی له چوارچێوهی یاسایی دیموكراتیدا، نیشانمان دهدات كه پێویسته له قۆناخی داهاتوودا رێڕهوی سیاسهت و ئایدیۆلۆژی بهچ شێوهیهك بێت. رۆژهڤی سهرهكی ئاههنگی نهورۆزیش له كوردستان، توركیا و ئهوروپا بانگهوازی 27 شوبات بوو. له نهورۆزی 2025 دا بانگهوازه نوێیهكهی بهڕێز ئۆجالان لهلایهن كۆمهڵگاوه زۆر بههێزهوه پشتگیری لێكرا، كه ئهمهش پهیامێكی گرنگه. پ: دهگووترێت پڕۆسهی ئیمڕالی به بنبهست گهیشتووه. ئهگهر به بنبهست گهیشتووه هۆكارهكهی چیه؟ له كوێ به بنبهست گهیشتووه؟ وهڵام: بۆ بهرهوپێشچوونی پڕۆسهكه پێویسته دهوڵهت و دهسهڵات چهند ههنگاوێك بنێت. له ئهگهری گرتنهبهری ئهم ههنگاوانه پڕۆسهكه بهرهوپێش دهچێت. ئهو گفتوگۆیانهی لهدوای جهژن ئهنجام دهدرێت بۆ دیاریكردنی داهاتووی پڕۆسهكه گرنگی تایبهتی خۆی ههیه. ئهو كێشهیهی سهدهیهك زیاتره مۆری خۆی له مێژووی توركیا داوه، ههروهها ئهو كێشهیهی 45 ساڵه شهڕ و توندوتیژی لێكهوتۆتهوه چارهسهری ئاسان نابێت. ههروهها ئهم ههوڵانهی تا ئهمڕۆ له پێناو بهرقهرار كردنی ئاشتی كاریان بۆ كراوه، بههۆی سیاسهتی نكۆڵیكردنی دهوڵهت نهگهیشتوونهته ئامانجهكانیان. گرنگترین بڕگهی بانگهوازی 27 شوبات، ناسنامهی كورد و ناسنامهی باوهڕیهكانه. ئهمهش به واتای گۆڕینی پارادیگمای نكۆڵیكردنی دهوڵهته له كورد. له ههمان كاتدا جێبهجێكردنی ئهم بڕگهیه به واتای ههڵگرتنی گهورهترین ئاستهنگ دێت لهبهردهم چارهسهری پرسی كورد.
راپۆرتی: درەو 🔹 کۆی قەبارەی بازرگانی نێوان چین و بەشێک لە وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵی (2024) گەیشتووتە (428 ملیار) دۆلار، کە دەکاتە 7%ی کۆی بازرگانی دەرەکی چین، کە لە هەمان ساڵدا گەیشتووەتە (6.16 ترلیۆن) دۆلار. 🔹 هەناردەی چین بۆ عێراق لە ساڵی 2024دا بە ڕێژەی 12% گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوەو گەیشتووەتە نزیکەی (16 ملیار) دۆلار، لە کاتێکدا لە ساڵی 2023دا (14.3 ملیار) دۆلار بووە. 🔹 قەبارەی هەناردەی عێراق بۆ چین (38 ملیار) دۆلار بووەو نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان (99.9%)ی ئەو هەناردەیەیان پێکهێناوە.إ 🔹 لە ساڵی 2024دا تێکڕای کڕینی نەوتی خاوی ڕۆژانە لە چین نزیکەی (10.98 ملیۆن) بەرمیل بووە، عێراق لە دوای ڕوسیا، سعودییەو مالیزیاوە لە پلەی چوارەمدایە لەنێو گەورەترین هەناردەکارانی نەوتی خاو بۆ چین، هەناردەی ڕۆژانەی گەیشتووەتە (ملیۆنێک و 240 هەزار) بەرمیل. 🔹 قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئەمریکاو چین لە ساڵی 2024دا نزیکەی (600 ملیار دۆلار)ی تێپەڕاندووە، بەو پێیەی هەناردەی چین بۆ ئەمریکا نزیکەی (438 ملیار) دۆلار بووە، لەکاتێکدا هەناردەی ئەمریکا بۆ چین لە (160 ملیار) دۆلار تێنەپەڕیوە. یەکەم؛ قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان چین و عێراق لە نێوان ساڵی 2023 و 2024 بەپێی داتا فەرمییەکانی دەستەی گومرگی چین، هەناردەی چین بۆ عێراق لە ساڵی 2024دا بە ڕێژەی 12% گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و گەیشتووەتە نزیکەی (16 ملیار) دۆلار لە کاتێکدا لە ساڵی 2023دا (14.3 ملیار) دۆلار بووە. ئەم بەرزبوونەوەیە بە پلەی یەکەم بەهۆی هەناردەکردنی ئامێرە میکانیکییەکانی چینەوە بووە، بەتایبەتی "ئامێری ساردکەرەوە و پاشکۆکانی"، کە لە ساڵی (2024)دا بەهاکەی گەیشتووە بە نزیکەی (3.1 ملیار) دۆلاری ئەمریکی، لە کاتێکدا لە ساڵی (2023)دا بەهای ئامێرە میکانیکییەکانی چین بۆ عێراق گەیشتووە بە (2.7 ملیار) دۆلاری ئەمریکی. هەروەها هەناردەکردنی "ئامێری ئەلیکترۆنی" بەتایبەتی "مۆبایل و ئیکسسوارات و پارچەی یەدەگ" زیادبوونی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەهاکەیان لە ساڵی (2024)دا بۆ (2.2 ملیار) دۆلاری ئەمریکی بەرزبووەتەوە، لەکاتێکدا لە ساڵی (2023)دا (1.7 ملیار) دۆلاری ئەمریکی بووە. یەکێک لە سەرنج ڕاکێشترین و دیارترین بازرگانی نێوان هەردوو وڵات، هەناردەکردنی ئۆتۆمبێلی چینی بووە بۆ عێراق، کە بازدانێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە، بووە بە سێیەم گەورەترین کاڵای هەناردەی چین بۆ عێراق، کە لە هەناردەکردنی ئاسن و پۆڵا تێپەڕاندوە، ئەو کاڵایانە دابەزیوە بۆ پلەی چوارەم. بەم گۆڕانکارییە ئۆتۆمبێلی چینی بووەتە یەکێک لە کاڵا هەرە دیارەکان و ساڵانە هەناردەکردنی بەهای زیاتر لە (یەک ملیار) دۆلار بۆ بازاڕەکانی عێراق تێدەپەڕێنێت. لەلایەکی دیکەوە هەناردەی عێراق بۆ چین (38 ملیار) دۆلار بووە و نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان (99.9%)ی ئەو هەناردەیەیان پێکهێناوە. بەڵام هەندێک هەناردەی نانەوتی هەبوونە کە بەهای سنوورداریان هەبووە، وەک خورما، کە بەهای (4.7 ملیۆن) دۆلار بووە، بە کۆی (10 هەزار)تەن، واتە نرخی هەر کیلۆیەک لە (543 دینار)ی عێراقی تێنەپەڕیوە. هەروەها عێراق بە بەهای (5 ملیۆن و 500 هەزار) دۆلار گۆگردی هەناردە کردووە و بە کۆی کێشی (49 هەزار) تەن بووە. هەرچەندە هاوسەنگی بازرگانی نێوان عێراق و چین بە بڕی (22 ملیار) دۆلار لە بەرژەوەندی عێراقە، بەڵام ئەم زیادەیە نزیکەی تەواوی بەهۆی هەناردەکردنی "نەوتی خاو"ەوەیە. ئەمەش ئاڵنگارییەکی گەورە بۆ ئابوری عێراق دروست دەکات. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە خشتەو چارتی ژمارە (1) خشتەو چارتی ژمارە (1) دووەم؛ قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان چین و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان چین و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵی 2024دا گەشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، کۆی قەبارەی بازرگانی نێوان چین و بەشێک لە وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتووتە (428 ملیار) دۆلار، کە دەکاتە 7%ی کۆی بازرگانی دەرەکی چین، کە لە هەمان ساڵدا گەیشتووەتە (6.16 ترلیۆن) دۆلار. لەو چوارچێوەیەشدا سعودیە لە پێشەنگی لیستی ئەو وڵاتانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە کە زۆرترین قەبارەی بازرگانییان لەگەڵ چیندا هەیە، قەبارەی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات گەیشتووەتە (107 ملیار) دۆلار، لە دوای ئەویش ئیمارات بە قەبارەی بازرگانی (101 ملیار) دۆلار، عێراقیش پلەی سێیەمی بەدەستهێناوەو قەبارەی بازرگانی گەیشتووەتە (54 ملیار) دۆلار. هاوسەنگی بازرگانی (17 ملیار) دۆلار لە بەرژەوەندی چین بووە، چین بە بەهای (205 ملیار) دۆلار کاڵاو شمەک لەو وڵاتانە هاوردە دەکات، هاوکات هەناردەکردنی بۆ ناوچەکە گەیشتووەتە (222 ملیار) دۆلار. لەڕووی هەناردەکردنەوە، سعودیە لە پلەی یەکەمدایە لەنێو ئەو وڵاتانەی هەناردە دەکەن بۆ چین، بە قەبارەی بەهای هەناردەکردنی (57 ملیار) دۆلار، هاوکات هاوردەکردنی کەلوپەل لە چینەوە بە بەهای (50 ملیار) دۆلار بووە. لە ڕووی هاوردەکردنەوە، ئیمارات لە پێشەنگی لیستی هاوردەکارانی چین بووە، بەهای هاوردەکردنی (65 ملیار) دۆلارە، هاوکات هەناردەکردنی بۆ چین (36 ملیار) دۆلاری تێنەپەڕاندووە. سەبارەت بە عێراقیش _وەک لە تەوەری یەکەم ئاماژەمان پێدا_ هەناردەکردنی بۆ چین گەیشتووەتە (38 ملیار) دۆلار، هاوکات بە بەهای (16 ملیار) دۆلار کەلوپەلی هاوردە کردووە، کە بەرزترین ئاستی هاوردەکردنی عێراق لە چینەوە بووە لە ساڵانی ڕابردوودا، ئەمەش ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی قەبارەی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە. (نەخشەکە قەبارەی بازرگانی چین لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیشان دەدات) نەخشەی قەبارەی بازرگانی چین لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ماوەی ساڵی 2024دا تێکڕای کڕینی نەوتی خاوی ڕۆژانە لە چین نزیکەی (10.98 ملیۆن) بەرمیل بووە، ئەم بڕە لە نێوان چەند وڵاتێکدا دابەشبووە، کە پشکی جیاوازی فرۆشیان پێکهێناوە. ڕووسیا لە پێشەنگی لیستی دابینکەرانی وڵاتەکەیدایە و ڕۆژانە نزیکەی (2 ملیۆن و 200 هەزار) بەرمیل بۆ چین دابین دەکات، پێش سعودیە کەوتووە کە بە فرۆشتنی (ملیۆنێک و 560 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا پلەی دووەمی بەدەستهێناوە. مالیزیا پلەی سێیەمی گرتووه، که ڕۆژانە (ملیۆنێک و 39 هەزار) بەرمیل نەوتی ئێرانی هەبووە، بەشێوەیەکی نافەرمی هاوردە کراوە و دواتر له ڕێگەی کەشتییەکانی مالیزیاوە گوازراوەتەوه بۆ ئەوەی به چین بفرۆشرێتەوه. عێراق لە پلەی چوارەمدایە لەنێو گەورەترین هەناردەکارانی نەوتی خاو بۆ چین، هەناردەی ڕۆژانەی گەیشتووەتە (ملیۆنێک و 240 هەزار) بەرمیل، بە تێکڕا نرخی هەر بەرمیلێک بە (81.7 دۆلار) فرۆشراوە. چین، هاوشانی هیندستان، گەورەترین بازاڕی نەوتی عێراقە، پێکەوە نزیکەی (85%)ی کۆی هەناردەکردنی نەوتی عێراق پێکدەهێنن. لە ماوەی ساڵی 2024دا کۆی گشتی هەناردەکردنی عێراق بۆ چین نزیکەی (452 ملیۆن) بەرمیل بووە، کە بەهای کۆی گشتیی (37 ملیار) دۆلار بووە. چارتی ژمارە (2) وڵاتانی هەناردەکارانی نەوت بۆ وڵاتی چین لە ساڵی (2024) نیشان دەدات. چارتی ژمارە (2) سێیەم؛ قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان چین و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داتاکانی هەردوو وڵاتی ئەمریکا و چین ئاماژەیان بەوە کردووە کە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی 2024دا (600 ملیار دۆلار)ی تێپەڕاندووە. چین سوودێکی بەرچاوی بینیوە، بەو پێیەی هەناردەی چین بۆ ئەمریکا نزیکەی (438 ملیار) دۆلار بووە، لەکاتێکدا هەناردەی ئەمریکا بۆ چین لە (160 ملیار) دۆلار تێنەپەڕیوە. هەروەها داتاکان دەریانخستووە کە زۆربەی هەناردەکردنی چین بەرهەم و کاڵای تەواو و ئامادەکراو بووە، لەکاتێکدا زۆربەی هەناردەکردنی ئەمریکا بۆ چین مادەی خاو و کەرەستەی سەرەتایی و سووتەمەنی کانزایی بووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی چین سوود لە پرۆسەکانی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی خۆی وەردەگرێت لەکاتێکدا پشت بە ئەمریکا دەبەستێت بۆ هەناردەکردنی کەرەستەی خاو.
راپۆرتی: درەو " ئەو بەرپرسانەی بە گەشبینیەوە باس لەوە دەكەن بەمزووانە حكومەت پێكدێت، ئاگایان لەهیچ نیە" ئەمە وتەی بەرپرسێكی باڵای یەكێتیە، " یەكێتی لەگەڵ پارتی كات دەكوژێت دانوستانی ئامادەكردنی وەرقەی حوكمڕانی چوار مانگی پێویست بوو دابەشكردنی پۆستەكانیش دوو مانگ زیاتری دەوێت بۆیە بەمزووانە حكومەت پێكنایات" بەرپرسێكی پارتی وای وت. پارتی پۆستی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەتی بۆ نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی یەكلاكردووەتەوە، یەكێتی پۆستەباڵاكانی چۆن پڕدەكاتەوە؟ جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ جەعفەر شێخ مستەفا دەبێت یان دەرباز كۆسرەت رەسوڵ؟ قوباد تاڵەبانی بەجێگری دەمێنێتەوە یان پۆستەكەی رادەستی عیماد ئەحمەد دەكات؟ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ وەری دەگرێت یان دكتۆر میران؟ بافڵ تاڵەبانی چۆن كاندیدی پۆستەكان یەكلا دەكاتەوە؟ مەسرور بارزانی وەزیرەكانی لەسەر چی بنەمایەك دادەنێت؟ زانیاری وورد لەم راپۆرتەدایە..... گەشبینی بەرپرسان "ئەو بەرپرسانەی یەكێتی كە زوو زوو لێدوان دەدەن و بە گەشبینیەوە دەڵێن بەمزووانە كابینەی نوێی حكومەت پێكدێت، ئاگایان لە هیچ نیە هەر لەخۆیانەوە قسە دەكەن" ئەمە وتەی بەرپرسێكی باڵای یەكێتییە. ئەو بەرپرسە باڵایەی یەكێتی بە (درەو)ی راگەیاند: كۆبوونەوەو دانوستانی پارتی و یەكێتی بۆ ئامادەكردنی رەشنوسی پرۆژەی حوكمڕانی چوار مانگی پێویستی بوو لە (30/11/2024 یەكەم كۆبوونەوەكراو دوا كۆبوونەوەش 18/3/2025) بۆیە بۆ پرسی یەكلاكردنەوەی پۆستەكانیش زیاتر لە دوو مانگ پێوستە لەبەر ئەوەی ئەگەری ئەوە هەیە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێ لەدوای مانگی شەش و حەوتەوە بێت. " دەزانین یەكێتی خۆی قورس دەكات و كات دەكوژێت و دەیەوێت پارتی ناچار بكات تەنازول بكات، بۆیە ئەوەی یەكێتی لەرێگای بەرپرسانیەوە دەیڵێت كە بەمزووانە حكومەت پێكدێت راست نیەو كات بەڕێ دەكات" ئەمە وتەی بەرپرسێكی باڵای پارتیە. ئەو بەرپرسە باڵایەی پارتی ئەوەشی بە (درەو) وت: ئێستا یەكێتی تاكە بەدیلی پارتیە بۆ رێككەوتن و دەشبێت لەگەڵی رێكبكەوێت، پارتیش گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی كە بەبێ هاوبەشی راستەقینەی یەكێتی مەسرور بارانی ناتوانێت حكومەتێكی بەهێز درووست بكات، بۆیە پارتی بەناچاری چووەتە پێش لە یەكێتی، یەكێتیش ناچارە بێتە پێش چونكە خاڵی لاوازی یەكێتی لە ئێستادا لاوازی بەرەی مقاوەمەو ئەگەری گۆڕانكارییە لە عێراق، ئێستا یەكێتی و پارتی لەسەر تەواوی پرسەكان رێككەوتوون تاكە مەرجێك پارتی قبوڵی نیە ئەوەیە سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی بەیەكەوە رابسپێردرێن و لەهەمانكات ئەگەر یەكێكیان بكشێتەوە ئەوە حكومەت بە دەستلەكاركێشاوە لەقەڵەم دەدرێت پارتی ئەوەی قبوڵ نیە، لە دونیادا شتی وانیە سەرۆك و جێگر پێكەوە رابسپێردرێن و بەیەكەوە سوێند بخۆن و بەیەكەوە . بەڵام پارتی رازی بووە بە چەند داواكاری و خاڵێكی یەكێتی لەوانە دەسەڵاتی سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران كەمكراوەتەوە، دەسەڵاتی وەزیرەكان زیاتر كراوە، دەستوەردانی نوسینگەی سەرۆكی حكومەت كەمكراوەتەوە بەسەر وەزیرەكانەوە، ئەمجارە وەزیرەكان هەموو دەسەڵاتیێكیان دەبێت كە لە رابردوودا بەبێ گەڕانەوە بۆ سەرۆكی دیوان و نوسینگەی ئەنجومەنی وەزیران نەیاندەتوانی بڕیار بدەن. شێوازی دابەشكردنی پۆستەكان بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) تا ئێستا بەشێوەی رەسمی باس لە دابەشكردنی پۆستەكان نەكراوە لە نێوان یەكێتی و پارتی، بەڵام گفتوگۆی یەكێتی و پارتی لەناو خۆیان و لەگەڵ یەكدی هەبووە لەسەر پۆستەكان. لای یەكێتی چەند بژاردەیەك لەبەردەستدایە بۆ دابەشكردنی پۆستەكان لەوانە: - دابەشكردنی پۆستەكان بەشێوەی خاڵ واتا پۆستی سەرۆك وەزیران چەند خاڵێك و جێگری سەرۆك وەزیران چەند خاڵێك و وەزیرەكانیش هەریەكەو خاڵ بەخاڵ دیاری دەگرێت - دابەشكردنی پۆستەكان بە پێی ستونی دیاریكراوە واتا سەرۆك وەزیران و چەند وەزیرێك لە ستونێك و جێگری سەرۆك وەزیران و چەند وەزیرێك و پۆستەكانی دیكە لە ستونێكی تر . - پۆلێنكردنی پۆستەكان بەپێی لیستی (A,B,C) لای پارتی دیموكراتی كوردستان: - پۆلێنكردنی پۆستەكان بەپێی (A,B,C) واتا گروپێك لە وەزارەتەكان لە (A) دەبن: وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی دارایی، وەزارەتی سامانەسروشتیەكان، وەزارەتی پێشمەرگە، وەزارەتی داد،،، گروپێك لە وەزارەتەكان لە (B) دەبن بەو شێوەیە، ئەوەی یەكلا بووەتەوە و موناقەشەی لەسەر ناكرێت: - پۆستی سەرۆكی حكومەت بۆ پارتی دەبیت - پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ پارتی دەبێت - جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ یەكێتی دەبێت - جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ یەكێتی دەبێت - سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی دەبێت - جێگری سەرۆكی پەرلەمان بۆ پارتی دەبێت . - وەزیری ناوخۆ دابەشكردنی پۆستەكان لای پارتی بۆ دابەشكردنی پۆستەكان (درەو) قسەی لەگەڵ چەند بەرپرسێكی باڵای پارتی كردووە، دابەشكردنی پۆستەكان ئەوەی یەكلا بووەتەوە: - پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ مەسرور بارزانیەو یەكلابووەتەوە - پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ نێچیرڤان بارزانی دەبێت و یەكلا بووەتەوە سەبارەت بە پۆستەكانی حكومەت، دەسەڵاتی یەكلاكردنەوەو دیاریكردنی وەزیرەكان دراوەتە دەست خودی مەسرور بارزانییەكان واتا كاندیدی وەزیرەكان لەلایەن مەسرور بارزانیەوە یەكلا دەكرێتەوە، سەرچاوەیەك لە پارتی بە (درەو)ی راگەیاند نەك تەنیا بۆ پۆستەكانی پارتی تەنانەت بۆ پۆستەكانی یەكێتیش دەبێت مەسرور بارزانی یەكلای بكاتەوە بڕیارە داوا لە یەكێتی بكرێت بۆ هەر پۆستێكی وزاری (3) كاندید پێشكەش بكەن و مەسرور بارزانی خۆی یەكێكیان یەكلا دەكاتەوە، بەڵام دەكرێت یەكێتی لە سێ كاندیدەكەی پێشكەشی دەكات خۆی یەكێكیان دەستنیشان بكات كە مەبەستیەتی. لە پۆستە وزارییەكان پارتی هێڵی سوری لەسەر هیچ وەزارەتێك نیە بۆ یەكێتی تەنیا (وەزارەتی ناوخۆ) نادات بە یەكێتی تەنانەت ئامادەن وەزیری سامانەشروشتیەكانیش بدەن بە یەكێتی. ئەو سەرچاوەیەی پارتی ئاماژەی بەوەشكرد، مەسرور بارزانی لە هەندێك وەزیرەكانی كابینەی نۆیەم رازی نەبووە بۆیە رەنگە زۆرینەیان بگۆڕدرێن و یەك بۆ دوو كەسیان دابنرێنەوە لەوانە رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، لە شوێنی خۆی دەمێنێتەوە. یەكێتی و پارتی وا رێككەوتوون كە پۆستی وەزیرەكان 100% لە نێوان پارتی و یەكێتی دابەش دەكرێن، هەرلایەكیان ئازادن چۆن لە پشكی خۆیان دەدەن بە هێزو لایەنەكانی تر، پارتی لە پشكی خۆی كە زیاتر لە (10) وەزارەتی بەردەكەوێت یەك وەزیر دەداتە توركمان و وەزیرێكیش دەداتە پێكهاتەی مەسیحی. بۆ پشكەكانی پەرلەمانیش پارتی وای دانا بوو ئەگەر سەرۆكی پەرلەمانی لابێت ئەوا د. ڤالا فەرید كاندیدی بەهێزەو دەبێتە سەرۆكی پەرلەمان، ئەگەر سەرۆكی پەرلەمانیش لای یەكێتی بێت ئەوا كاندیدی بەهێز بەهجەت عەلیە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت بەهجەت عەلی لە پشكی پارتی ببێتە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان. پۆستەكانی یەكێتی بۆ دابەشكردنی پۆستەكان (درەو) قسەی لەگەڵ چەند بەرپرسێكی باڵای یەكێتی كردووە، دابەشكردنی پۆستەكان ئەوەی یەكلاییە: - پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان - پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان - پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ئێستا جموجوڵ و گفتوگۆی دابەشكردنی پۆستەكان لەناو یەكێتی گەرمە، یەكێتی لە ئێستادا لەلایەك سەرقاڵی دیاریكردنی پۆستەكانی پۆستەكانی حكومەتەو لەلایەكیش سەرقاڵی دیداری یەكێتیەو بەشێك لە پۆستە حزبیەكانیشی دەگۆڕێت، بۆیە یەكێتی دەیەوێت دڵی بەشی زۆری كادرانی رازی بكات ئەوەی پۆستی حكومی دەوێت كاندیدی پۆستە حكوییەكانەو ئەوەشی پۆستە حزبیەكانیشی دەوێت كاندیدی پۆستە حزبییەكانە. پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت گفتوگۆ زۆر دەكرێت لە ناو یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەت ئەویش بەهۆی ئەوەی قوباد تاڵەبانی چەند جارێك رای گەیاندووە جارێكی تر ئەو پۆستە وەرناگرێتەوە تەنانەت لە كۆبوونەوەی رۆژی 22ی شوباتی 2025 لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە سلێمانی قوباد تاڵەبانی بەرەسمی بە هۆشیار زێباری سەرۆكی وەفدی پارتی راگەیاندووە كە چاوەڕێی من نەكەن جارێكی تر پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم وەربگرمەوە، بەڵام سەرچاوەیەك لە پارتی بە (درەو)ی راگەیاند ئێمە دڵنیاین كە قوباد تاڵەبانی ئەو پۆستە وەردەگرێتەوە لەبەر ئەوەی بەپێی رێككەوتنی نێوانمان دسەڵاتەكانی جێگری سەرۆكی حكومەت زیادكراوەو جیاوازە لە رابردوو جێگری سەرۆكی حكومەت دەسەڵاتی زۆری دەبێت و وەك سەرۆكی حكومەتی ناوچەی سلێمانی دەبێت و هەموو دەسەڵاتێكیشی دەبێت، پارتی دەیەوێت پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت كە وەك سەرۆكی حكومەتی ناوچەی سلێمانی دەبێت لای كارەكتەرێكی بنەماڵەی تاڵەبانی دەبێت. لە حاڵەتی وەرنەگرتنی پۆستەكە لەلایەن قوباد تاڵەبانی ناوی هەریەك لە عیماد ئەحمەد و هاوڕێ دارا شێخ نوری دێت، بەڵام ئەگەری زۆرە ئەگەر قوباد تاڵەبانی ئەو پۆستە وەرنەگرێت عیماد ئەحمەد ئەو پۆستە وەربگرێت. پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم لە رێككەوتنی یەكێتی و پارتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان یەك جێگری هەبێت ئەویش بۆ یەكێتی بێت، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) كاندیدی بەهێز بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەرباز كۆسرەت رەسوڵە، هەرچەندە پڕكردنەوەی ئەو پۆستە پەیوەندی بە چەند پۆستێكی ناو یەكێتیەوە هەیە. ئەوەی (درەو) دەستی كەوتووە، جەعفەر شێخ مستەفا هەوڵی جدی دەدات پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم وەربگرێت، لەماوەكانی رابردوودا و لە چەند شوێنێكی جیا نیگەرانی خۆی دەربڕیوە لە سیاسەتی یەكێتی ئەویش لە پێناو ئەوەی پۆستەكە وەربگرێتەوە، بەڵام دواجار بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی بە هاوڕێیەتی دلێر سەید مەجید رۆژی 16ی ئازاری 2025 سەردانی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی یانكرد بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییەكانی لەوێش پێان راگەیاند كە ئەنجومەنەكەی بۆ ئەكتیڤ دەكەن و دەسەڵاتەكانی بۆ دیاری دەكەن و دەبێت خۆی بۆ ئەنجومەنەكە یەكلا بكاتەوەو دەستبەرداری پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بێت. زانیارییەكانی ناو یەكێتی باس لەوەش دەكەن لە دیداری یەكێتی كۆمەڵێك گۆڕانكاری دەكرێت و جێگرێك بۆ بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی دادەنرێت و ئەو پۆستە باڵایەش دەدرێتە كەركوكیەكان و رەفعەت عەبدوڵا كاندیدی ئەو پۆستەیە. بۆیە پۆستە باڵاكان بەم شێوەیە دەبێت - جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ ماڵی كۆسرەت رەسوڵ و دەرباز كۆسرەت رەسوڵ كاندید دەبێت - جێگری سەرۆكی یەكێتی بۆ باڵی كەركوكیەكان دەبێت و رەفعەت عەبدوڵا كاندیدی ئەو پۆستە دەبێت - لێپرسراوی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی بۆ جەعفەر شێخ مستەفا ئەكتیڤ دەكرێت و ئەندامانی دیاری دەكرێت و دەسەڵاتەكانی پێدەدرێت . پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان هەرچەندە باس لەوە دەكرا كە یەكێتی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی ناوێت، بەڵام یەكێتی لە پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم تەنیا پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی دەبێت و ئەویش پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانە، سەرچاوەیەكی باڵای یەكێتی بە (درەو)ی راگەیاند یەكێتی نایەوێت پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەك پێشوو وەربگرێت كە لە پەرلەمان سەرۆكایەتیەو لە حكومەت سەرۆكە یەكێتی دەیەوێت هاوشێوەی سەرۆكی حكومەت سەرۆكی پەرلەمانی هەبێت نەك سەرۆكایەتی پەرلەمان كە بەبێ جێگر و سكرتێری پەرلەمان نەتوانێت بڕیار بدات، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بەدەستكارییەوە وەربگرێت. كاندیدی بەهێز بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان شاڵاو كۆسرەت رەسوڵە كە لەناو ئەندامانی فراكسیۆنی سەوز ئەندامی مەكتەبی سیاسیە، بەڵام ئەگەر دەرباز كۆسرەت رەسوڵ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم وەربگرێت ئەوا پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بەر شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ ناكەوێت و ناكرێت لە ماڵێكدا دوو پۆستی باڵا هەبێت، لەو حاڵەتەدا كاندیدی بەهێز بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان د. میران محەمەد دەبێت. لە كاتی تۆماركردنی ناوی كاندیدان بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان فراكسیۆنی یەكێتی هەریەك لە شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ و میران محەمەدی بۆ ئەو پۆستە كاندید كردووە. سەبارەت بە پۆستەكانی دیكەش لە ئێستاوە هەوڵەكان بۆ دەستخستنی كاندیدی پۆستەكان دەستیپێكردووەو بافڵ تاڵەبانی رۆژانە چەندین كادری باڵای یەكێتی دەبینێت، لەوێ پێیان رادەیەگەیەنێت، پۆستی حزبیت دەوێت یان حكومی و خۆتان یەكلا بكەنەوە، چونكە ئەوەی پۆستی حزبی بوێت بافڵ تاڵەبانی خۆی یەكلای دەكاتەوەو پۆستە حكومییەكانیش تیمی قوباد تاڵەبانی یەكلای دەكەنەوە. كۆبوونەوەكانی مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی لە ماوەی رابردوودا دوجار بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی سەردانی مەسرور بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی كرد لە پیرمام ( 16ی كانونی دووەمی 2025 و 16ی ئازاری 2025) سەرچاوەیەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند: لە كۆبوونەوەی دووەمدا بافڵ تاڵەبانی زۆر بەجدی هاتووەتە پێشەوەو وتوویەتی با یەك تیم و یەك سیاسیەت بین بەرامبەر بە رسەكانی بەغداد و من ئامادەم بۆ هەموو هاوكاریی و پشتیوانیەك و ئامادەم هەرچی پەیوەندی و دەسەڵاتێكی خۆمە بیخەمە گەڕ بۆ پشتیوانیتان لە بەغداد. سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەتیش بافڵ تاڵەبانی بە مەسرور بارزانی راگەیاندووە: پێویست بە كۆبوونەوەو دانوستاندن ناكات با پێكەوە هەردوكمان هەموو پرسەكان یەكلا بكەینەوە، (لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەسەڵاتی تەواو دراوە بە بافڵ تاڵەبانی لە رێككەوتنی حكومەت بەبێ گەڕانەوە بۆ سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی)، ئەو سەرچاوەیە وتی دوای كۆبوونەوەكەش لەسەر داوای بافڵ تاڵەبانی خۆی داوای كردووە لێدوان بدات لەسەر باشی كۆبوونەوەكە. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكرد: لەبارەی "هەژماری من" ئێستا هیچ كێشەیەك لەوبارەیەوە نەماوە چونكە دوای ئەوەی لە كۆبوونەوەی یەكەمی نێوان بافڵ تاڵەبانی و مەسرور بارزانی بافڵ تاڵەبانی باسی "هەژماری من"ی كردووە، مەسرور بارزانی بڕیاریدا تیمێكی "هەژماری من" سەردانی بافڵ تاڵەبانی بكەن و بۆی روونبكەنەوە" دواتر تیمێكی هەژماری من بەسەرۆكایەتی ( عەزیز ئەحمەد سەرۆكی تیمی هەژماری من ) سەردانی بافڵ تاڵەبانیان كردووە و بافڵ تاڵەبانی زۆر دەستخۆشی لێكردوون بۆیە ئێستا كێشەی هەژماری منیش نەماوە و دەیانەوێت بیكەنە پرۆژەی هەردوولا، یەكێتی هەوڵی داوە ناوەكە بگۆڕێت بەڵام پارتی رازی نەبووە. پۆستەكان: • سەرۆكی هەرێمی كوردستان - جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان • سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان - جێگری سەرۆكی پەرلەمان - سكرتێری پەرلەمانی كوردستان • سەرۆكی حكومەتی هەرێم • جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم - وەزیری ناوخۆ - وەزیری پێشمەرگە - وەزیری داد - وەزیری سامانەسروشتییەكان - وەزیری دارایی - وەزیری تەندروستی - وەزیری پەروەردە - وەزیری ئاوەدانكردنەوە - وەزیری شارەوانی - وەزیری خوێندنی باڵا - وەزیری پلاندانان - وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی - وەزیری رۆشنبیری - وەزیری شەهیدان - وەزیری كشتوكاڵ - وەزیری بازڕگانی - وەزیری گوستنەوە - وەزیری ئەوقاف - وەزیری هەرێم بۆكاروباری پێكهاتەكان - وەزیری هەرێم بۆكاروباری پەرلەمان - وەزیری هەرێم بۆ كاروباری دانوستان لەگەڵ حكومتی فیدراڵ - سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران - سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران
راپۆرت: درەو ئەمڕۆ دوو ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر راوەستانی هەناردەی نەوتی كوردستاندا بە (بۆریی) بۆ بەندەری جەیهانی توركیا، كابینەی مەسرور بارزانی بەبەڵێنی چارەسەری كێشەی نەوت و بودجە لەگەڵ بەغدادو؛ كابینەی سودانی-ش بەبەڵێنی چارەسەری ریشەیی و دەركردنی یاسایی نەوت و غازی فیدراڵ دەستبەكاربوون، بەڵام لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان لەسەروبەندی پێكهێنانی كابینەیەكی نوێدایەو، عێراقیش ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردن دەكات لە مانگی ئۆكتۆبەردا، كێشە نەوتی كوردستان وەكو خۆی ماوەتەوەو مەترسی هەیە كاریگەریی لەسەر بەشە بودجەی هەرێم لەمساڵدا دروستبكات، بۆ یادی دوو ساڵەی راوەستانی هەناردەی نەوت بە (بۆریی) و دەستپێكردنەوەی هەناردە بە (تانكەر)، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا بخوێنەرەوە. راوەستانی هەناردە بەرەبەیانی 25ی ئازاری 2023، توركیا هەناردەی نەوتی كوردستانی بۆ بەندەری جەیهانی راگرت، ئەمەش لەبەر رۆشنایی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی پاریسدا. رۆژی 13ی شوباتی 2023، دوای نزیكەی (9 ساڵ) چاوەڕوانیی؛ دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس بڕیاری خۆی لەبارەی سكاڵایەك یەكلاكردەوە، كە حكومەتی فیدراڵی عێراق سەبارەت بە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان (بەبێ رەزامەندی بەغداد) بە بۆری هاوبەشی (عێراق- توركیا) لەسەر توركیا تۆماركردبوو. دەرچوونی حوكمی دادگای پاریس دوای چەندین ساڵ دواخستن، هاوكات بوو لەگەڵ سەردانێكی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ پاریس و، سەردانی كتوپڕی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم بۆ ئەنكەرەو كۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە كەیسی وزە. لەم دۆسیەدا، دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی پاریس بری نزیكەی (ملیارێك و 500 ملیۆن) دۆلار قەرەبووی بەسەر توركیادا سەپاند لەبەرامبەر ئەوەی بێ رەزامەندی حكومەتی بەغداد نەوتی هەرێمی كوردستانی بە بۆرییە هاوبەشەكەدا هەناردە كردووە. بەپێی بڕیارەكەی ژووری ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس، حكومەتی هەرێمی كوردستان حكومەتێكی دەستوری و یاساییە لە چوارچێوەی عێراقدا، بەڵام ناتوانێت نەوت لە رێگەی بۆریەوە بگوازێتەوە بۆ دەرەوە، چی نەوتی باكور بێت، چی نەوتی هەرێم، چونكە هەرێمی كوردستان بەشێك نیە لە رێككەوتنی ( IPT) واتا (بە بازاڕكردنی نەوتی جیهانی) كە لە نێوان توركیا و عێراق لە ساڵی 1973 تایبەت بە بۆری نەوت واژۆكراوە. لەبارەی دۆسیەكەی پاریسەوە لە پرۆژە بودجەكانی ساڵانی 2013و 2013دا، عێراق لەبەرامبەر پێدانی بەشە بودجەی هەرێم، داوای رادەستكردنی داهاتی (200 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە هەرێمی كوردستانی دەكرد، ساڵی 2014 حكومەتی عێراق رەشنوسێكی نوێی بودجەی هێنایە پێشەوە، ئەمجارە لەبری داهاتی (200 هەزار) بەرمیل، داوای داهاتی (400 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانەی لە هەرێم دەكرد. ساڵی 2014 حكومەتی هەرێم رەشنوسی بودجەی عێراقو رادەستكردنی داهاتی (400 هەزار) بەرمیل نەوتی بە حكومەتی فیدراڵ رەتكردەوە، ئەمە بوو بەهۆی ئەوەی رەشنوسەكە لە پەرلەمان پەكی بكەوێتو پەسەند نەكرێت، دواتریش شەڕی "داعش"ی بەسەردا هاتو ئیتر یاسای بودجە لە 2014دا دەرنەچوو. نوری مالیكی لە كۆتاییەكانی ویلایەتی دووەمی سەرۆكایەتییەكەیداو لەسەرەتاكانی 2014دا، ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانی راگرت، ئیتر لێرەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان كە ئەوكات (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكایەتی دەكرد، بڕیاریدا سیاسەتی "ئابوری سەربەخۆ" جێبەجێ بكات، هەرچەند ئامادەكارییەكان بۆ هەناردەی نەوت بەشێوەی سەربەخۆ بەر لە راگرتنی ناردنی بەشە بودجە دەستیپێكردبوو. هەرێم كە لەساڵی 2003وە بە تانكەر نەوتی هەناردەی دەرەوە دەكرد، لەچوارچێوەی سیاسەتی "ئابوری سەربەخۆ"دا بەردەوامیدا بە هەناردەكردنی نەوت بە تانكەر بۆ توركیاو ئێران، هەناردە لەرێگەی تانكەرەوە تاوەكو 2013 بەردەوام بوو، حكومەتی هەرێم كە لە ساڵی 2010وە پرۆژەی دروستكردنی بۆری نەوتی كوردستانی دەستپێكردبوو، لە كۆتاییەكانی 2013دا پرۆژەكەی تەواوكرد، لەو كاتەوە بۆ یەكەمینجار نەوتی هەرێم بە بۆری گەیەندرایە ناو خاكی توركیاو لەوێوە لەرێگەی بۆری هاوبەشی عێراق- توركیاوە گەیەندرایە بەندەری "جەیهان"و رەوانەی بازاڕەكانی جیهان كرا، لێرەوە ناكۆكی لەنێوان حكومەتی عێراقو توركیا لەبارەی خاوەندارێتی بۆرییەكە سەریهەڵدا. حكومەتی عێراق لەسەردەمی حەیدەر عەبادیدا لە 2015دا، لەسەر كەیسی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەبێ رەزامەندی بەغدادو بەكارهێنانی بۆری عێراق لەم بابەتەدا، لە دادگای نێودەوڵەتی لە پاریس سكاڵای لەسەر توركیا تۆماركرد، داوای (26 ملیار) دۆلار قەرەبووی لە توركیا دەكرد. كەیسەكە لەسەر ئەوەیە توركیا رێگای داوە نەوتی هەرێم بە بۆری عێراق لەناو خاكی توركیاوە بۆ بەندەری جەیهانی بگوازرێتەوە، عێراق لە سكاڵاكەیدا ئەمەی بە پێشێلكردنی رێككەوتنی ساڵی 1973ی تایبەت بەو بۆریە هاوبەشە ناوبردووە، كە لەنێوان توركیاو عێراقدا هەیە. عادل عەبدولمەهدی 2019 پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقی وەرگرت، بڕیاری دادگای پاریسی راگرتو دەرفەتێكی نوێی دا بە توركیاو هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی كەیسەكە بەلایەكدا بخەن. سەرباری ئەوەی پارتیو یەكێتیی وەكو دوو لایەنی سەرەكی دەسەڵاتداری هەرێمی كوردستان بەشدارن لە كابینەی محەمەد شیاع سودانیدا، بڕیاری دادگای پاریس دژ بە هەناردەی نەوتی هەرێم، لەسەردەمی كابینەی سودانیدا دەرچوو. ئەوكاتەی كە هەناردەی نەوت راوەستا (تاوەكو ئێستاش)، لە هەرێمی كوردستان هەموو ئەو دەزگایانەی بۆ ئیدارەی دۆسیەی نەوت دانراون، ناكاران، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بە "وەكالەت" بەڕێوەدەبرێت، ئەنجومەنی هەرێمیی نەوتو غاز لە تەمەنی ئەم كابینەیەدا یەكجار كۆبوەتەوە. نەوت وەكو سەرچاوەی سەرەكی داهات لەوكاتەدا كە هەناردەی نەوت بە بۆریی راگیرا، لە هەرێمی كوردستان حكومەت بەرێژەی 77% پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەست بۆ بەدەستهێنانی داهاتەكانی، رۆژانە نزیكەی (400 هەزار) بەرمیل هەناردە دەكرد. سەرباری ئەمەش، ئەوكاتەی هەناردەی نەوت لە 25ی ئازاری 2023دا راوەستا، حكومەتی هەرێم هێشتا موچەی فەرمانبەرانی بۆ شوباتی 2023 دابەش نەكردبوو، ئەوكات وەزارەتی دارایی هەرێم باسی لەوە دەكرد بۆ مانگی شوباتی 2023، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان تەنیا رێژەی 50%ی داهاتی نەوتی رادەستی وەزارەتی دارایی كردووە، واتە لە كۆی (680 ملیار) دیناری داهاتی نەوت؛ بڕی (340 ملیار) دینار دراوە بە وەزارەتی دارایی. دادگای فیدراڵی بەر لە دادگای پاریس لەدوای راوەستانی هەناردەی نەوتەوە، كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێم ئاستی بەرهەمهێنانی خۆیان بەتەواوەتیی كەمكردەوە، لە بەشێك لە كێڵگەكان بەرهەمهێنان بەتەواوەتیی راوەستا، ئیتر لێرەوە كۆمپانیا نەوتییەكان پەنایان برد بۆ دروستكردنی هاوپەیمانێتییەك بەناوی (كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان- ئەپیكور)، لەرێگەی ئەم هاوپەیمانێتییەوە كۆمپانیا بیانییەكان راگەیەندراوی هاوبەشیان دەردەكرد (تائێستاش بەردەوامن)، داوای دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت و جێبەجێكردنی كرۆكی گرێبەستەكانیان و قەرزەكانی خۆیان لە حكومەتی هەرێم دەكردەوە. بەر لە دەرچوونی بڕیاری دادگای نێودەوڵەتیی پاریس بە ساڵێك، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە 15ی شوباتی 2022دا دوای چەندین ساڵ چاوەڕوانیی، بڕیاری خۆی لەسەر سكاڵایەكی وەزارەتی نەوتی عێراق دژ بە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان یەكلاكردەوە. دادگای باڵای فیدراڵی عێراق یاسای نەوتی و غازی ساڵی 2007ی هەرێمی كوردستانی هەڵوەشاندەوەو، هەرێمی پابەندكرد بەوەی نەوت و غازەكەی رادەستی بەغداد بكات. كرۆكی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بەمشێوەیە: • یاسای ژمارە (22)ی ساڵی 2007 نەوتو غازی هەرێمی كوردستان نادەستورییەو هەڵدەوەشێندرێتەوە. • حكومەتی هەرێم پابەند دەكرێت بە (رادەستكردن تەواوی بەرهەمی نەوتی كێڵگەكانی هەرێمی كوردستانو ناوچەكانی تر، كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم نەوتیان لێ دەردەهێنێت)و رادەستكردنی بە حكومەتی فیدراڵی. • سكاڵاكار مافی ئەوەی هەیە بەدواداچوون بكات بۆ پوچەڵكردنەوەی ئەو گرێبەستە نەوتیانەی كە حكومەتی هەرێمو نوێنەرەكەی سكاڵالێكراو (وەزیری سامانە سروشتییەكان) لەگەڵ لایەنە دەرەكیو دەوڵەتو كۆمپانیاكان سەبارەت بە دۆزینەوەی نەوتو دەرهێنانیو هەناردەكردنو فرۆشتنی ئیمزای كردووە. • پابەندكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەوەی رێگا بە وەزارەتی نەوتی عێراقو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بدات پێداچونەوە بە هەموو ئەو گرێبەستە نەوتییانەدا بكەن كە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەرباری هەناردەكردنو فرۆشتنی نەوتو غاز، ئیمزای كردوون، بەمەبەستی وردبینیكردنیانو دیاریكردنی مافە داراییەكانی كە لە ئەستۆی حكومەتی هەرێمدایە، هەروەها پشكی هەرێم لە بودجەی گشتیدا دیاری بكرێت، بەجۆرێك گەیشتنی بە هاوڵاتیانی پارێزگاكانی هەرێم گەرەنتی بكات. بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بەدوور نەبوو لە مشتومڕی سیاسی لەو سەروەختەدا لە عێراق، ئەوكات دەرەنجامەكانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان لە ئۆكتۆبەری 2021دا ناو ماڵی شیعەكانی دابەشكردبوو بەسەر دوو بەسەر دژ بەیەكدا (موقتەدار سەدرو لایەنە شیعەكانی نزیك لە ئێران)، پارتی و یەكێتیی وەكو دوو لایەنی سەرەكی كورد، بۆ جاری یەكەم و لەدوای كەوتنی رژێمی سەددامەوە دابەشبوون بەسەر بەرە ناكۆكەكانی ناو ماڵی شیعەدا، پارتی و بارزانی بەرەی موقتەدا سەدریان گرت كە وەكو بەرەی دژ بە ئێران دەناسرا، یەكێتیش كەوتە بەرەی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی نزیك لە ئێرانەوە، بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی دژ بە یاسای نەوت و غازی هەرێم لەم سەروبەندەدا دەرچوو. لەدوای ئەم بڕیارەوە، حكومەتی مستەفا كازمی كە لەدوای مانگەكانی تەمەنی خۆیدا بوو، دەستیكرد بە گرتنەبەری رێوشوێن بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، واتا رادەستكردنی نەوتی هەرێم بە بەغداد، بۆ ئەمەش (ئیحسان عەبدولجەبار)ی وەزیری نەوتی پێشوو سەرەتا دەستیكرد بە ناردنی (ئیمێڵ) بۆ كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێم، داوای لێكردن بچنە بەغدادو لەوێ گرێبەستەكانیان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ نوێ بكەنەوە، كۆمپانیا بیانییەكان لەگەڵ حكومەتی هەرێم گرێبەستی (هاوبەشی لە بەرهەمهێنان)یان هەبوو، ئامادە نەبوون دەستكاری گرێبەستەكانیان بكرێت بۆ جۆری (گرێبەستی خزمەتگوزاریی) كە لە عێراق كاری پێدەكرێت. ئیحسان عەبدولجەبار چەندین فشاری كرد، بەڵام سەركەوتوو نەبوو لە ملكەچكردنی كۆمپانیا بیانییەكانی هەرێم و دەستكاریكردنی گرێبەستەكانیان، دواجار حكومەتی كازمی كۆتایی پێهات و؛ دوای ساڵێك لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و مشتومڕی توند، لە ئۆكتۆبەری 2022دا كابینەی نوێی حكومەت بە سەرۆكایەتی (محەمەد شیاع سودانی) دەستبەكاربوو، سەدر كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردن بوو لە پرۆسەی سیاسی كشایەوە، لایەنە شیعەكانی نزیك لە ئێران لەگەڵ پارتی و یەكێتیی و چەند لایەنێكی سوننەدا ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەتیان دروستكرد، كە ئیئتیلافی لایەنە بەشدارەكانە لە حكومەتدا. سودانی بەبەڵێنی چارەسەركردنی ریشەیی كێشەی نەوت و بودجە لەنێوان هەولێرو بەغداد دەستبەكاربوو، بۆ ئەمەش باسی لە دەركردنی یاسای نەوت و غازی فیدراڵ دەكرد، یاسایەك كە دەبوو لە 2005و دوای دەرچوونی دەستوریی هەمیشەیی عێراق پەسەندبكرێت و تێیدا ناكۆكیی هەرێم و بەغداد لەبارەی چۆنیەتی ئیدارەدانی سامانە سروشتییەكانەوە یەكلابكرێتەوە، بەڵام دوای چەندین هەوڵ هەردوولا نەگەیشتونەتە رێككەوتن و یاساكەش دەرنەچووە. بەڵێنی سودانی ئەوە بوو لەماوەی 6 مانگی یەكەمی دەستبەكاربوونی حكومەتەكەیدا، رەشنوسێكی نوێی یاسای نەوت و غاز رەوانەی پەرلەمان بكات بەمەبەستی پەسەندكردنی، بۆ ئەمە لە سەرەتاكانی شوباتی 2023وە وەفدی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ چوونە ناو زنجیرەیەك كۆبوونەوەو دانوستان بۆ رێككەوتن لەسەر یاسای نەوت و غازی فیدراڵی، بەڵام ئەم هەوڵەش هاوشێوەی ئەوانەی پێش خۆی نەگەیشتە ئەنجام و شكستی هێنا. ئێستا كە عێراق ئامادەكاری دەكات بۆ سازدانی هەڵبژاردنێكی پەرلەمانی نوێ لە مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵدا، كابینەی محەمەد شیاع سودانی هیچ بەرەوپێشچوونێكی ئەوتۆی لەبابەتی چارەسەری كێشەی نەوت و بودجە لەنێوان هەولێرو بەغداد بەدی نەهێناوە، نەك یاسای نەوت و غازی فیدراڵ دەرنەچووە، هەناردەی نەوتی كوردستانیش بە بۆریی دەستی پێ نەكردوەتەوە. لەیادی دوو ساڵەی راوەستانی هەناردەی نەوتدا لەدوای راوەستانی هەناردەی نەوتەوە بە (بۆریی)، سەرلەنوێ لە هەرێمی كوردستان هەناردە لەڕێگەی (تانكەر)ەوە دەستی پێكردەوە، لەئێستادا نزیكەی (320 هەزار) بەرمیلی رۆژانە بە تانكەر هەناردەی وڵاتانی دراوسێ دەكرێت، بەشێكی داهاتی ئەم نەوتە بۆ كۆمپانیا بیانییەكانی بواری وەبەرهێنانەو پشكی داهاتی نەوتەكە بۆ خەزێنەی وەزارەتی دارایی تائێستا لەلایەن وەزارەتەوە هیچ زانیارییەكی لەبارەوە ئاشكرانەكراوە، بەپێی ئەوەی وەزیری دارایی هەرێم ساڵی رابردوو رایگەیاندووە، ئەو نەوتەی بە تانكەر دەفرۆشرێت هەر بەرمیلێكی بە نرخی (31.3) دۆلار دەفرۆشرێت و رێژەی 55%ی داهاتەكەی بۆ حكومەت و 45%ی بۆ كۆمپانیاكان دەڕوات. بەگوێرەی لێكدانەوەكانی (درەو)، لە ساڵی 2024دا بڕی (111 ملیۆن و 600 هەزار) بەرمیل نەوت فرۆشراوە، بەرمیلی بە (31.3) دۆلار، كۆی داهاتەكەی دەكاتە (3 ملیارو 493 ملیۆن) دۆلار بەرامبەر بە (4 ترلیۆن و 610 ملیار) دینار (ئەگەر 1 دۆلار بەرامبەر هەزار و 320 دینار بێت)، لەو پارەیە (55%)ی بۆ حكومەت بووە (ملیارێك و 921 ملیۆن) دۆلار واتا (2 ترلیۆن و 535 ملیار) دینار، رێژەی (45%)ی داهاتی نەوت بۆ كۆمپانیاكان بووە بە بڕی (1 ملیار و 571 ملیۆن) دۆلار بەرامبەر بە (2 ترلیۆن و 74 ملیار) دینار. بەهۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی پاریس و راوەستانی هەناردەی نەوت بە بۆریی بۆ توركیا، حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتیی (مەسرور بارزانی)، بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی كە توشی هات، لەیاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراق (2023-2024-2025) ناچار بوو مل بدات بە رادەستكردنی پرۆسەی فرۆشتنی نەوت بە كۆمپانیا بە بازاڕخستنی نەوتی عێراق، لەمەش زیاتر ملكەچ بوو بۆ ئەوەی داهاتی نەوتی هەرێم چیتر نەگەڕێتەوە بۆ كوردستان و راستەوخۆ بچێتە سەر ژمارە حسابی وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە بەغداد؛ هەموو ئەمانەش لەبەرامبەر ئەوەدا كە حكومەتی فیدراڵ مانگانە پشكی هەرێم لە بودجەی گشتیی فیدراڵ بدات (یاسای بودجەی فیدراڵ لە كۆتاییەكانی حوزەیرانی 2023وە كەوتە بواری جێبەجێكردن). سەرباری ئەوەی لە ئۆكتۆبەری 2023وە، لایەنی توركیا بە فەرمی حكومەتی عێراقی لەوە ئاگاداركردەوە ئامادەیە بەگوێرەی رێوشوێنە نوێیەكانی بەغداد نەوتی كوردستان هەناردە بكاتەوە، تائێستا حكومەتی فیدراڵی عێراق ئامادە نییە نەوتی كوردستان هەناردە بكاتەوە. حكومەتی سودانی هاوشێوەی حكومەتی كازمی فشاری لە كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێم كرد بۆ هەمواركردنەوەی گرێبەستەكانیان لە هەرێم، بۆ ئەمەش ئۆفەرێكی نوێی پێدان كە گرێبەستی جۆری (هاوبەشیكردن لە قازنج)ە، بەڵام كۆمپانیا بیانییەكان سورن لەسەر گرێبەستەكانی خۆیان لە جۆری (هاوبەشیكردن لە بەرهەم). 2ی شوباتی ئەمساڵ (2025)، دوای نزیكەی دوو ساڵ ناكۆكی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ، پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای بودجەی تایبەت بە تێچوونی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی كوردستان پەسەند كرد. بەپێی هەموارەكە عێراق تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوتی لە كوردستان لە (6) دۆلارەوە بەرزكردەوە بۆ (16) دۆلار، بەو مەرجەی لەماوەی دوو مانگدا لیژنە یان كۆمپانیایەكی پسپۆڕی بیانی خەمڵاندن بۆ تێچووی راستەقینەی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەر كێڵگەیەكی كوردستان بكات و ئەم خەمڵاندنە نوێیە بكرێت بە بنەما بۆ تێچووی نەوت لە كوردستان. 28ی شوباتی 2025 وەزارەتی نەوتی عێراق دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی راگەیاند، رۆژانە داوای 185 هەزار بەرمیلی لە هەرێم كرد، بەو جۆرەی كە دواتر هەنگاو بە هەنگاو بڕی نەوتی رادەستكراو بگەیەندرێتە ئەو ئاستەی لە بودجەدا ئاماژەی بۆ كراوە (واتا 400 هەزار بەرمیلی رۆژانە). بەگوێرەی بەدواداچونەكانی (درەو)، سەرباری ناڕەزایەتیی كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێم (بەر لە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت داوای قەرزەكانی پێشتر لە حكومەتی هەرێم دەكەنەوە)، حكومەتی عێراقیش رەتیكردوەتەوە بڕی (16) دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی 400 هەزار بەرمیلی رۆژانەی نەوت بە هەرێم بدات، بەوپێیەی هەرێم ئێستا رۆژانە ئامادەیە تەنیا 185 هەزار بەرمیل رادەستی كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" بكات بەمەبەستی فرۆشتنی. لەبەرامبەردا حكومەتی هەرێم داوا دەكات بۆ تێكڕای ئەو بڕە نەوتەی بەرهەم دەهێنرێت بۆ هەر بەرمیلێك بەغداد بڕی 16 دۆلار بدات. ناوەڕاستی ئەم مانگە، لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق میوانداری وەفدی وەزارەتی نەوتی عێراقی كرد، لەم كۆبوونەوەیەدا (بەپێی قسەی پەرلەمانتار رێبوار ئەوڕەحمان)، بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق باسی لە دواین بەربەستەكانی بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان كردووە بۆ بەندەری جەیهانی توركیاو وتویەتی: - هەرێمی كوردستان داوای (46) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دەكات بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی. - هەرێمی كوردستان داوای (69) هەزار بەرمیل نەوتی تر دەكات وەك شایستەی كۆمپانیاكانی نەوت. - هەرێم تێبینی لەسەر ئەو كۆمپانیا راوێژكارییە هەیە كە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و وەزارەتی نەوتی عێراق دەچنە هەرێمی كوردستان تا خەمڵاندن بۆ ئاستی تێچوو و بەرهەمهێنان و گواستنەوەی بەرمیلێك نەوت بكات - ئێستا هەرێم رایانگەیاندووە كە توانای بەرهەمهێنانی (300) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەیە، لەمەش بڕی (115) هەزار بەرمیل نەوتی دەوێت بۆخۆی و دەیەوێت عێراق پارەی بەرهەمهێنانی ئەو (115) هەزار بەرمیل نەوتەش بدات. بەمشێوەیە، دوای دوو ساڵ لە راوەستانی هەناردەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان، هێشتا ئاسۆی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان بۆ بۆریی نادیارەو پێدەچێت چارەنوسی لە كابینەی ئایندەی هەردوو حكومەت لە بەغدادو هەولێر یەكلابكرێتەوە.
راپۆرتی: درەو 🔻 شمەک و کاڵای هاوردەکراو بۆ عێراق لە ساڵی (2024)دا؛ 🔹 عێراق بە بەهای نزیکەی (65 ملیار و 293 ملیۆن) دۆلار کاڵاو شمەکی لە وڵاتانی (ئیمارات، چین، تورکیا، هند، بەرازیل و ئەمریکا)ەوە هاوردە کردووە. 🔹 زۆرترین بەهای کاڵاو شمەک بۆ عێراق لە ئیماراتەوە هاوردە کراوەو بەهاکەی نزیکەی (31 ملیار و 197 ملیۆن) دۆلار بووە، کە بەرامبەرە بە (48%)ی کۆی هاوردەی وڵاتانی ناوبراو. 🔹 زۆرترین بەهای کاڵاو شمەکی هاوردەکراو بۆ عێراق زێڕو کانزا بەنرخەکان بووەو بەهاکەی (12 ملیار) دۆلاری تێپەڕاندووە، بەهای نزیک لە (11 ملیار) دۆلاری بە ڕێژەی (91.5%)ی زێڕەکەش لە ئیماراتەوە هاوردەکراوە. سەرەتا عێراق لە ساڵی (2024)دا، بە بەهای نزیکەی (65 ملیار و 293 ملیۆن) دۆلار کاڵاو شمەکی لە وڵاتانی (ئیمارات، چین، تورکیا، هند، بەرازیل و ئەمریکا)ەوە هاوردە کردووە، زۆرترین بەهای کاڵاو شمەک بۆ عێراق لە ئیماراتەوە هاوردە کراوەو بەهاکەی نزیکەی (31 ملیار و 197 ملیۆن) دۆلار بووە، کە بەرامبەرە بە (48%)ی کۆی هاوردەی وڵاتانی ناوبراو. زۆرترین بەهای کاڵاو شمەکی هاوردەکراو بۆ عێراق زێڕو کانزا بەنرخەکان بووەو بەهای (12 ملیار) دۆلاری تێپەڕاندووە، بەهای نزیک لە (11 ملیار) دۆلاری بە ڕێژەی (91.5%)ی زێڕەکەش لە ئیماراتەوە هاوردەکراوە. لە نێو ئەو وڵاتانەشدا هندستان گەورە هەناردەکاری دانەوێڵەو گوشت بووە بۆ عێراق و پلەی یەکەمی گرتووە، لەم ڕاپۆرتەدا وردەکاری زیاتر خراوەتەڕوو. یەکەم؛ قەبارەی شمەک و کاڵای هاوردەکراوی عێراق لە (ئیمارات)ەوە لە ساڵی 2024 ئیمارات زۆرترین شمەک و کاڵای هەناردەی عێراق کردووە، بە بەهای زۆرتر (31 ملیار 196 ملیۆن) دۆلار، (48%)ی هاوردەکراوی عێراقی لە چوارچێوەی وڵاتانی (چین، تورکیا، ئەمریکا، بەرازیل و هند) پێکهێناوە. قەبارەی هاوردەش بۆ عێراق لە ئیماراتەوە بە پلەی یەکەم زێڕ و کانزا بەنرخەکانی گرتووەتەوە، بەهاکەی نزیکەی (10 ملیار و 398 ملیۆن) دۆلارو سەرو ڕێژەی (35%)ی کۆی کاڵا هاوردەکراوەکانی ئیماراتی پێکهێناوە. لە دوای ئەویشەوە هاوردەی ئامێرە ئەلکترۆنییەکان بەهای زۆرتر لە (6 ملیار و 397 ملیۆن) دۆلاری بەڕێژەی (20.5%)ی شمەکە هاوردەکراوەکانی ئیماراتی لەخۆگرتووە، هەر لە ئیماراتەوە بە بەهای سەروو (5 ملیار و 139 ملیۆن) دۆلار بەڕێژەی (16.5%) ئۆتۆمبێل هاوردەکراوە. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە خشتەو چارتەکان. دووەم؛ قەبارەی شمەک و کاڵای هاوردەکراوی عێراق لە (چین)ەوە لە ساڵی 2024 لە دوای ئیماراتەوە چین زۆرترین شمەک و کاڵای هەناردەی عێراق کردووە، (24%)ی هاوردەکراوی عێراقی لە چوارچێوەی وڵاتانی (ئیمارات، تورکیا، ئەمریکا، بەرازیل و هند) پێکهێناوە، بەپێی داتا فەرمییەکانی دەستەی گومرگی چین، هەناردەی چین بۆ عێراق لە ساڵی (2024)دا گەیشتووەتە نزیکەی (16 ملیار) دۆلار. قەبارەی هاوردەش بۆ عێراق بە پلەی یەکەم ئامێرە میکانیکییەکانی گرتووەتەوە، بەهاکەی (3 ملیار و 176 ملیۆن) دۆلاری تێپەڕاندووەو نزیکەی ڕێژەی (20%)ی کۆی کاڵا هاوردەکراوەکانی چینی پێکهێناوە. لە دوای ئەویشەوە هاوردەی ئامێرە ئەلکترۆنییەکان بەهای (2 ملیار و 234 ملیۆن) دۆلاری بەڕێژەی (14%)ی شمەکە هاوردەکراوەکانی چینی لەخۆگرتووە. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە خشتەو چارتەکان. سێیەم؛ قەبارەی شمەک و کاڵای هاوردەکراوی عێراق لە (تورکیا)ەوە لە ساڵی 2024 تورکیا لە ساڵی (2024) لە دوای ئیمارات و چینەوە زۆرترین شمەک و کاڵای هەناردەی عێراق کردووە، (17%)ی هاوردەکراوی عێراقی لە چوارچێوەی وڵاتانی (ئیمارات، چین، ئەمریکا، بەرازیل و هند) پێکهێناوە، بەجۆرێک هەناردەی تورکیا بۆ عێراق لە ساڵی (2024)دا گەیشتووەتە سەروو (11 ملیار و 249 ملیۆن) دۆلار. قەبارەی هاوردەش بۆ عێراق بە پلەی یەکەم زێڕو کانزا بەنرخەکانی گرتووەتەوە، بەهاکەی (ملیارێک و 7 ملیۆن) دۆلاری تێپەڕاندووە بە ڕێژەی (9%)ی کۆی کاڵا هاوردەکراوەکانی تورکیای پێکهێناوە. لە دوای ئەویشەوە هاوردەی کەلوپەلی میکانیکی بەهای نزیکەی (620 ملیۆن) دۆلاری بەڕێژەی (5.5%)ی شمەکە هاوردەکراوەکانی تورکیای لەخۆگرتووە، پاشان کەلوپەلی ناوماڵی هاوردەکراو لە دوای زێڕ و پیداویستییە میکانیکییەکان لە تورکیاوە بە بەهای زیاتر لە (608 ملیۆن) دۆلار بە ڕێژە (5.4%)ی شمەکە هاوردەکراوەکانی تورکیا لەخۆگرتووە. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە خشتەو چارتەکان. چوارەم؛ قەبارەی شمەک و کاڵای هاوردەکراوی عێراق لە (هندستان)ەوە لە ساڵی 2024 هندستان لە ساڵی (2024) لە دوای ئیمارات و چین و تورکیاوە زۆرترین شمەک و کاڵای هەناردەی عێراق کردووە، (5%)ی هاوردەکراوی عێراقی لە چوارچێوەی وڵاتانی (ئیمارات، چین، تورکیا، ئەمریکا و بەرازیل) پێکهێناوە، بەجۆرێک هەناردەی هندستان بۆ عێراق لە ساڵی (2024)دا گەیشتووەتە سەروو (3 ملیار و 313 ملیۆن) دۆلار. قەبارەی هاوردەش بۆ عێراق بە پلەی یەکەم لە هندەوە دانەوێڵەی گرتووەتەوە، بەهاکەی (935 ملیۆن) دۆلاری تێپەڕاندووە بە ڕێژەی (28%)ی کۆی کاڵا هاوردەکراوەکانی هندستانی پێکهێناوە. لە دوای ئەویشەوە هاوردەی سوتەمەنی کانزایی بەهای سەروو (467 ملیۆن) دۆلاری بەڕێژەی (14%)ی شمەک و کاڵا هاوردەکراوەکانی هندستانی لەخۆگرتووە، پاشان گۆشتی هاوردەکراو لە دوای دانەوێڵەو سوتەمەنی لە هندەوە بە بەهای (377 ملیۆن) دۆلار بە ڕێژەی (11.4%)ی شمەکە هاوردەکراوەکانی هندستانی لەخۆگرتووە. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە خشتەو چارتەکان. پێنجەم؛ قەبارەی شمەک و کاڵای هاوردەکراوی عێراق لە (بەرازیل)ەوە لە ساڵی 2024 بەرازیل لە ساڵی (2024) لە دوای ئیمارات، چین، تورکیاو هندستانەوە زۆرترین شمەک و کاڵای هەناردەی عێراق کردووە، (3%)ی هاوردەکراوی عێراقی لە چوارچێوەی وڵاتانی (ئیمارات، چین، تورکیا، هندستان و ئەمریکا) پێکهێناوە، بەجۆرێک بەهای هەناردەی بەرازیل بۆ عێراق لە ساڵی (2024)دا گەیشتووەتە سەروو (ملیارێک و 886 ملیۆن) دۆلار. قەبارەی هاوردەش بۆ عێراق بە پلەی یەکەم لە "بەرازیل"ەوە شەکرو بەرهەمە شیرینییەکانی گرتووەتەوە، بەهاکەی سەروو (669 ملیۆن) دۆلار بووە بە ڕێژەی (35.5%)ی کۆی شمەک و کاڵا هاوردەکراوەکانی بەرازیلی پێکهێناوە. لە دوای ئەویشەوە هاوردەی گۆشت بەهای نزیکەی (432 ملیۆن) دۆلاری بەڕێژەی نزیک لە (23%)ی شمەک و کاڵا هاوردەکراوەکانی بەرازیلی لەخۆگرتووە، پاشان ئاسنی هاوردەکراو لە دوای شەکر و گۆشتەوە لە بەرازیل بە بەهای نزیکەی (83 ملیۆن) دۆلار بە ڕێژەی (4.4%)ی شمەکە هاوردەکراوەکانی بەرازیلی لەخۆگرتووە. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە خشتەو چارتەکان. شەشەم؛ قەبارەی شمەک و کاڵای هاوردەکراوی عێراق لە (ئەمریکا)ەوە لە ساڵی 2024 ئەمریکا لە ساڵی (2024) لە دوای ئیمارات، چین، تورکیاو هند و بەرازیلەوە زۆرترین شمەک و کاڵای هەناردەی عێراق کردووە، (3%)ی هاوردەکراوی عێراقی لە چوارچێوەی وڵاتانی (ئیمارات، چین، تورکیا، هندستان و بەرازیل) پێکهێناوە، بەجۆرێک بەهای هەناردەی ئەمریکا بۆ عێراق لە ساڵی (2024)دا گەیشتووەتە سەروو (ملیارێک و 660 ملیۆن) دۆلار. قەبارەی هاوردەش بۆ عێراق بە پلەی یەکەم لە "ئەمریکا"ەوە ئۆتۆمبێلی گرتووەتەوە، بەهاکەی سەروو (513 ملیۆن) دۆلار بووە بە ڕێژەی نزیک لە (31%)ی کۆی شمەک و کاڵا هاوردەکراوەکانی ئەمریکای پێکهێناوە. لە دوای ئەویشەوە هاوردەی کەلوپەلی میکانیکی بەهای سەروو (271 ملیۆن) دۆلاری بەڕێژەی سەروو (16%)ی شمەک و کاڵا هاوردەکراوەکانی ئەمریکای لەخۆگرتووە، پاشان کەلوپەلی ئەلیکترۆنی هاوردەکراو لە دوای ئۆتۆمبێل و ئامێرە میکانیکییەکانەوە لە ئەمریکا بە بەهای سەروو (128 ملیۆن) دۆلار بە ڕێژەی (7.7%)ی شمەکە هاوردەکراوەکانی ئەمریکای لەخۆگرتووە. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە خشتەو چارتەکان. خشتەو چارتەکان
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو) لە کاتێکدا جەژنی نەورۆز لە ناو کوردانی باکور و ڕۆژەهەڵات و رۆژئاوادا بە حەماسەتێکی گەورە و رۆحیەتێکی کەم وێنەی ژیاندۆستییەوە یاددەکرێتەوە، لە کاتێکدا کوردانی ئەو بەشانە یادکردنەوەکە بە جەندان مانای سیاسیی ئازادیخوازانە بارگاوی دەکەن و لەم رێگەیەوە پێ لەسەر کوردبوونی خۆیان لە دونیای ئەمرۆدا دادەگرن. لە هەمان ئەو کاتەدا نەوەیەک لە دیندار و مەلا و بانگخوازی سەلەفیی و سەلەفی مەشرەب، کە بە کۆمەڵ دەچنەوە ناو وەهابیەت و سەلەفیەتی سعودی و خەلیجی، خەریکی تەکفیرکردنی نەورۆزن وەک جەژن و تەکفیری یادکردنەوەکردنەکەشی وەک دەرچوون لە دین. یادکردنەوەی نەورۆز، دوای زیاد لە سەدەیەک لە خەباتی سیاسیی و فەرهەنگیی و ئینسانیی و دوای هەوڵ و کۆشش و قوربانیدانی زیاد لەنەوەیەک، خەریکە دەبێتە رووداوێکی سیاسیی و فەرهەنگیی و کۆمەلایەتی گرنگی ناو ژیانی کوردان لە جیهاندا، خەریکە دەگۆڕێت بۆ یەکێک لە بۆنە هەرەسەرەکییەکانی کۆکردنەوەی خەڵکی کوردستان لەدەوری شوناسێکی یەکگرتوو، دەڵێم رێک لەوکاتەدا ئەم نەوە لە بانگخوازی سەلەفی لە هەرێمدا دەیانەوێت، نەک تەنها دیوارێک لە نێوان دینداربوون و جەژنەکەدا دروستبکەن، بەڵکو دەخوازن بە تەواوەتی لە کوردبوونیش دایببڕن. لە چەند رۆژی رابردوودا گوێمان لە دەنگی زیاد لە جەندان بانگخوازی ئیسلامیی سونی سەلەفیی بوو کە هێرشیان دەکردە سەر نەوروۆز و سەر ئەوانەیش کە یادی جەژنەکە دەکەنەوە. ئەمانە دەیانگوت ئێمە میلەتێکی موسڵمانین و ئیسلامیش تەنها دوو جەژنی هەیە، جەژنی قوربان و رەمەزان، کە خەڵک تیایدا دەتوانن جەژنە پیرۆزە لەیەکتری بکەن. لە دەرەوەی ئەمەدا جەژنە پیرۆزەکردن حەرامە و خودا و پێغەمبەرەکەی پێیان ناخۆشە. لە هەمانکاتدا دەڵێن نەورۆز نەک جەژنی موسڵمانان نییە، لەناویشیاندا کوردان، بەڵکو جەژنێکی «هاوردە»یە و یادکردنەوەی، یان پیرۆزباییکردنی نەک تەنها نەشیاو و نەگونجاوە، بەڵکو دەچێتە خانەی گوناه و کوفرەوە. هەندێکیان یادکردنەوەی نەورۆز وەک پیلانی ناحەزانی ئیسلام دەبینن و مەبەست لێی لێدانە لە ئیسلام و موسڵمانان. جگە لەمە ئەو کۆبوونەوە و تێکەڵبوون و رەشبەڵەک و هەڵپەرکێ و سەماکردنەش لە دۆخی یادکردنەوەی نەورۆزدا ڕووئەدات، هەمووی بە حەرام دەزانن و وەک هێمای بێدینیی و بەدئەخلاقی وێنایدەکەن. یەکێک لە بانگخوازەکان لەم بارەیەوە دەڵێت: ئەوەی لە نەورۆزدا رووئەدات «دینی ئیسلامی لەگەڵدا نییە، قورئانی لەگەڵدا نییە و خودایشی لەگەڵدا نییە» بۆیە «بە موتڵەقی حەرامە». ئەوەی بەشداری ئاهەنگەکانی نەورۆز بێر گوناهی کردوە و گوناهی پێدەگات. «ئێمە وەکو موسڵمان نابێت نەورۆز بە جەژن دابنێین». «ئاهەنگگێران و گۆرانی وتن و مۆسیقا لێدان لە نەورۆزدا، بە تایبەتی نەورۆزێک کەوتبێتە رەمەزانەوە»، «بێحورمەتی کردنە بەرامبەر بە خودای گەورە». بانگخوازێکی دیکە دەڵێت جەژنی نەورۆز «بیدعەیە»، جەژنی «بتپەرستەکانی پێش ئیسلامە»، نەورۆز «هیچ پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە» و «لاساییکردنەوەی کافر و موشریکانە». "نەورۆز کوفرە.. ئەوەی بیکات پێێ کافر دەبێت". بە کورتییەکەی نەورۆز جەژنی ئیسلام نییە و یادکردنەوەشی لەسەر موسڵمانان حەرامە. بێگومان هەموو جەژن و بۆنەیەکی کۆمەڵایەتی گشتگیر کە خەڵک هەمووی یان زۆرینەی یادی بکەنەوە، تەنها بۆ جەژنە دینییەکان کورتانکرێنەوە، بەڵکو جەژن و بۆنەی نادینش هەن کە جیهانبینیی و خولیا و خواست و بیروباوەڕی ئەو خەڵکانە بەرجەستە دەکات کە یادی دەکەنەوە. دەچنە خانەی ئەو سروتانەوە کە دەتوانن پاشخانی ڕۆحی و نەتەوەیی و نیشتیمانی کۆمەڵگاکە بەرجەستەبکەن و وەک هێزێک بۆ لەیەکنزیکبونەوە و پێکەوەبوون و گەشەدان بە رۆحیەتی هاودەردیی و هاوچارەنووسیی کاربکات. ڕۆحیەتی کۆمەڵایەتیبوون بەهێز دەکات و تیایاندا یەکگرتوویی و هارمۆنیەتی کۆمەڵایەتی پەروەردە دەکرێت. بەشداربووان لە یادکردنەوەی ئەم جەژنەدا ئەو هەستە لای بەشداربووەکان دروستدەکات کە سەر بە یەک میلەت و نەتەوە و کۆمەڵگا و نیشتیمانن و ئەم هەستەش پەیوەندیی کۆگیریی لەنێوانیاندا بەهێزدەکات. تەنانەت ئەو کەسانەی لە رۆژانی ئاسایی و لەناو ژیانی رۆژانەیاندا پەیوەندییان بەیەکەوە نییە، یان لاوازە، لەناو اەو جۆرە بۆنانەدا کۆدەبنەوە و بەتەنیشت یەکەوە ئەو پێکەوەبوونە ئەزموون دەکەن. هیچ کۆمەڵگایەک نییە لە دونیادا بۆنەی لەو بابەتەی تێدانەبێت. بە کورتییەکەی بۆنە دینییەکان تاکە شێوەیەکی بۆنەی کۆمەڵایەتیی نین و نەبوون. هەر هەوڵدانێک بۆ کورتکردنەوەی بۆنەکان بۆ بۆنە دینییەکان بەتەنها، بە دیکتاتۆریەت و تۆتالیتاریزم کۆتایی دێت. ئەمە لە دۆخی دونیای ئێمەدا مانای ژیان لەبەردەم رەحمەت و تێگەیشتنی ئەو بانگخوازە سەلەفیانەدا، کە زۆرینەی موسڵمانانی کۆمەڵگاکەش بە موسڵمان نازانن. ئەم گروپە سەلەفییە وەک هەڵگری تاکە دینداریی ڕاستەقینە، بەسەر خەڵکدا بیسەپێنن چۆن بژیی و چۆن نەژی، چی حەرام و چی حەڵال بکات. هەرچی نەورۆزە وەک جەژن و بۆنەیەک بۆ یادکردنەوە لە مێژووی ئێمەدا، بە تایبەتی لە مێژووی سەدەی بیستەمەوە،کە تیایدا میلەتی ئێمە دەبێت بە چوار کەمینەی چەوساوە، کۆمەڵێک مانای تایبەتی هەیە، کە مانایەک بە ژیانی چەندان نەوەی جیاواز لە زیاد لە سەدساڵی رابردوودا، دەبەخشێت. بەر لە هەمووشتێک یادکردنەوەی نەورۆز سەرلەنوێ پێداگرتنەوەیە لەسەر شوناسی کوردبوون وەک شێوازی تایبەتی مرۆڤبوون لە سەدەی بیستەمدا. کوردبوون بە مانا بەرفراوانەکەی، کە یەکسانە بە هەموو ئەوانەی خۆیان بە کورد دەزانن، بە دیندار و بێدین و خاوەن دینە جیاوازەکانی دیکەوە. نەورۆز لە سەدەی بیستەمدا بە توندی گرێدراوە بە خەبات و هەوڵ و کۆششی میلەتی ئێمەوە بۆ بەرگریکردن لە مافە هەرە سەرەتاییەکانی، مافی ژیان وەک کورد لە جیهاندا. بەم مانایە نەورۆز بەشێکە لە مێژووی نەتەوەیی و نیشتیمانی میلەتی ئێمە و بەشێکی دانەبراویشە لە خەباتی رزگاریی نیشتیمانیی ئەو میلەتە. هاوکات نەورۆز بەشێکە لەو ویژدانە سیاسییەی میلەتی ئێمە لە سەدەی بیستەمدا دروستیدەکات، ویژدانێکی بریندار تیایدا میلەتێک بەزۆر بە «کەمینە» دەکرێت، لەناو کۆمەڵێک هاوکێشەی هێزی تەواو نایەکسان و سەپێنراودا. بەشێوازی جیاوازیىش رەگەزە سەرەکییەکانی ناو ژیانی وەک کەمینە، لە زمانەوە بۆ جل و بەرگ و لە نووسین و کتێبەوە بۆ بۆنە کۆمەڵایەتییەکانی، یان یاساغ کراوان، یان لە ژێر فشار و سنووردارکردنێکی بەردەوامدا دانراون. یادکردنەوەی نەورزۆ بەشێکە لە یادکردنەوەی مێژووی ئەو خەباتە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگییەی دژ بەم دۆخە نایەکسانە ئەنجامدراوە و قبووڵنەکردنی سەرجەمی ئەو زوڵم و زۆرانەبووە لەم دۆخەدا بەسەر کوردبوونی کورددا سەپێنراوە. لە پێش هەمووانیشەوە زوڵمی تواندنەوە و بێماف کردن، هەوڵدان بۆ سڕینەوەی فۆرمە جیاوازەکانی کوردبوون لە جیهاندا. لە ڕاستیدا بە جەژنی نەورۆز لە سەدەی بیستەمدا، بە پلەی یەکەم، مانای قبووڵنەکردنی زوڵم و ستەمکاریی بەخشراوە. هەر لەم رووەشەوە بووە رەمزێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی یەکگرتوو، کە بەشە جیاوازەکانی میلەتەکە و ناوچە جیاوازەکانی بەیەکترییەوە کۆدەکاتەوە و هیوا و ئومێدێکی هاوبەش و یەکگرتویشیان پێدەخشێت. هەموو ئەمانە وادەکەن نەورۆز وەک جەژن بە توندویی گرێدرابێت بە کوردبوونی میلەتی ئێمەوە لەسەدەی بیستەمدا. کوردبوونێک بە دوو ئاکاری سەرەکییەوە. یەکەم، قبووڵنەکردنی لەلایەن ئەو دەوڵەتانەوە کە کورد وەک کەمینە دەخرێتە ناو سنوورەکانییەوە. دووهەمیان بەرگریکردنی بەردەوامی ئەم میلەتە لە کوردبوونی خۆی و بەدەستهێنانی مافە سەرەتاییەکانی وەک شێوازێک لە مرۆڤبوونی تایبەت لە جیهاندا. نەورۆز هێزێکی پێرفۆرماتیڤیشی تێدایە، واتە هێزی دروستکردن و ئەنجامدان. چەندە شوناسێک وەبیردەهێنێتەوە کە بە درێژایی زیاد لە سەدەیەکە لەژێر فشاردایە، هاوکات سەرلەنوێ دروستکردنەوە و داهێنانەوەی ئەو شوناسەیە لەو گردبوونە گەورەیەدا. بەم مانایە نەورۆز لەسەرێکەوە وەیادهێناوەی شوناسێکی ستەملێکراوە، بەڵام لەسەرێکی دیکەوە سەرلەنوێ دروسترکردنەوە وداهێنان و بەردەوامیدانە بەو شوناسە. هیچ کۆمەڵگایەک تەنها بە دین ناژی، جەژنی نادینیی بەشێکی گرنگ و گەورەی ژیانی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگاکانی جیهانە. تەنها سەلەفییەکی داخراو و تەکفیری بە ئەرکی خۆی دەزانێت پەلاماری ئەم راستییە سادەیە بدات و هەمووان لەناو ئەو دیدگا تەسک و ترسناک و توندوتیژەدا بەندبکات کە خۆی وەک تاکە فۆرمی دینداریی راستەقینە وێنایدەکات و کەسانی لەخۆی نەچوو بە «ئەبو جەهل» و «ئەبو لەهەب» ناودەبات. من دەزانم ئەم جۆرە لەکدانەوە و شیکردنەوەیە ناچێتە مێشکی ئەو بانگخوازە سەلەفییانەوە کە لە دوو دەیەی رابردوودا نەک تەنها دروستبوون بەڵکو بەردەوام قسەدەکەن. قسەکردنێک پر لە توندوتیژیی و هێرش و پەلامار و تەکفیرکردن. تا بە تەکفیرکردنی نەورۆز دەکات وەک هێما بۆ شواناسێکی ستەملێکراو و شوناسێک کە دەیەوێت بە بەردەوامی خۆی دروستبکاتەوە و بژی. هەموو ئەمانە وادەکەن دژایەتیکردنی نەورۆز دژایەتیکردنی سەرجەمی ئەو مانا ئینسانیی و نەتەوەیی و نیشتیمانییە رزگاریخواز و عەدالەتخوازانە بێت کە ئەم جەژنە لە رۆژگارە سەختەکانی سەدەی بیستەمەوە تا ئەمڕۆ لەخۆی گرتوە. بەم مانایە جەژنی نەورۆز تەنها جەژنی هاتنی بەهار و شادی دەربڕین نییە، بەڵکو بەشێکە لەو خەزێنە رەمزییە گەورەیەی بەرگریکردنی میلەتی ئێمە لە کوردبوونی خۆی لە مێژووی هاوچەرخدا.
درەو: بەمزووانە كتێبی (پەرلەمانی كوردستان، دیوی پشتەوەی ململانێ و ناكۆكییەكان) بڵاو دەكرێتەوە كە بەرهەمی (دامەزراوەی میدیایی درەو)ەوەو بەشێكە لە زنجیرە كتێبەكانی (خەرمانی درەو) . ئەم پەرتوکەى بەردەستت گێرانەوەى دیوی پشتەوەی ململانێ و ناکۆکییەکانى پەرلەمانى کوردستانە بەتایبەت خولى چوارەم و پێنجەمى پەرلەمان لە سێ دیدو سێ ئاڕاستەى جیاوازەوە کە خۆیان کارەکتەرى سەرەکى ڕووداوەکان بوون (د. یوسف محەمەد سادق- سەرۆکى خولى چوارەمى پەرلەمان)و (د. ڕێواز فایەق- سەرۆکى خولى پێنجەمى پەرلەمان)و (د. هێمن هەورامى- جێگرى سەرۆکى خولى پێنجەمى پەرلەمان).
د. یاسین تەها- پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق دەسپێك لە ساڵی هەڵبژاردن و لەنێو پێشهاتی گوشارو هەڕەشەكانی ئیدارەی ترەمپدا، ململانێی هێزە شیعەكان لەبارەی یاسایەكی تایبەت بە هێزەكانی “حەشدی شەعبی” توند بووەتەوە. ئامانجی راگەیەنراوی یاساكە رێكخستنی خزمەت و خانەنشینی و مافە دارایییەكانی حەشدی شەعبییە، بەڵام لە ناواخندا لێكەوتەو كاریگەریی لەسەر شوناس (ناسنامە)و سروشت و داڕشتنەوەی ئەم قەوارە ئەمنییە دەبێت، كە رۆڵی دامەزراوەیەكی سێبەرو هاوئاستی سوپاو هێزە ئەمنییەكانی دیكە دەبینێت. ئەم شرۆڤەیە لەبارەی وردەكاریی ناكۆكییەكان و سیماكانی یاسا پێشنیاركراوەكە هەڵوێستە دەكات، لەگەڵ هەڵوێستەكردن لەسەر ئەو دۆخەی، كە مشتومڕەكانی پەیوەست بە یاساكەی تێدا دەگوزەرێت. یاسای حەشدو یاسای خزمەت و خانەنشینی ئەگەرچی بەشێك لە هێزەكانی حەشدی شەعبی پێش 2014 وەك گروپ یان باڵی چەكداری هێزە سیاسییەكانی شیعە لە عێراقدا چالاك بوون، بەڵام فەتوای مەرجەعی باڵای شیعە، عەلی سیستانی، لە 13ی حوزەیرانی 2014 بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و بانگەوازكردن بۆ هاوكاریكردنی هێزە ئەمنییەكان لەلایەن “خۆبەخشان”ەوە (الكفائی)، زەمینەی شەرعییەتپێدانی ئەم هێزەی رەخساند، لەكاتێكدا كە موسڵ و سەڵاحەددین لە كۆنترۆڵی دەوڵەت دەرچوبوو[1]. لەپاش ئەم فەتوایەی مەرجەعییەت كە دەنگدانەوەو بەدەمەوەچوونی زۆر بوو، نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی ئەوكات، بەفەرمانێكی دیوانی (47ی 2014) شەرعییەتی یاسایی بەم هێزە بەخشی و لەوكاتەدا بەڕێوەبەرایەتییەك بە ناوی “بەڕێوەبەرایەتیی حەشدی شەعبی” كرایەوەو پەیوەست كرا بە “فالح فەیاز”ی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراقەوە[2]؛ دواتر فەیاز بوو بە سەرۆكی “دەستەی حەشدی شەعبی” كە وەك دەستەیەكی سەربەخۆ ناسێنراو تائێستاش لەم پۆستەدایە. لە ساڵانی جەنگی داعشدا (2014-2018) كە حەشد پەلی هاوێشت و گەورەتر بوو، پێویستی بە كەڤەری یاسایی زیاتر هەبوو؛ بۆ پڕكردنەوەی ئەمەش لە ساڵی 2016دا یاسایەكی لە پەرلەمان بۆ دەركرا كە كورت و گشتییە. ئەمەش لەگەڵ پەلهاوێشتنی ئێستای حەشددا ناگونجێت، چونكە پاش ئەوەی لە دەمی دامەزراندندا لە 2014دا ژمارەی میلاكی 60 هەزار كەس بووە، لە 2021دا هەڵكشاوە بۆ 100 هەزار كەس. بەپێی زانیاریی پەرلەمانتارانیش، ئێستا ژمارەیان لە سەروو 200 هەزار كەسەوەیەو باس لە 236 هەزار كەسیش هەیە بە بودجەی ساڵانەی سێ ترلیۆن دینار[3]. ئەمەش راستییەك دەردەخات كە ئەركی حەشد تەنیا بەرەنگاربوونەوەی داعش نییەو رۆڵی دامەزراوەیەكی هاوئاست دەبینێت لەگەڵ هێزە ئەمنییە فەرمییەكان؛ جیاوازیشی ئەوەیە ئەم، هێزێكی عەقیدەییەو زیاتر جێگە متمانەی شیعە دەسەڵاتدارەكانە تا هێزە ئەمنییە ئاساییەكان كە تێكەڵن و زیاتر وەك موچەخۆر تەماشا دەكرێن. لە یاسای حەشدی شەعبیدا (40ی 2016) ئەم دامەزراوەیە بە خاوەن “كەسایەتیی مەعنەوی” ناسێنراوە كە “بەشێكە لە هێزە سەربازییەكانی عێراق”. جەخت لەوەش كراوەتەوە، پەیوەستە بە “فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان” كە دەكاتە سەرۆك وەزیران. هەروەها ئەوەشی تێدا هاتووە كە حەشد لە سەركردایەتی و هەیئەی ئەركان و لیوا شەڕكەرەكان پێكدێت، ملكەچی سیاقە سەربازییەكانە، موچەو دەرماڵەو ئەرك و فەرمانیشی بە هەمان شێوە، هاوشێوەی تەشكیلە سەربازییەكانە. ئەوەشی جێگەی هەڵوێستەیە یاساكە جەخت لەوە دەكاتەوە، دەبێت حەشد داماڵراو بێت لە چوارچێوە سیاسی و حزبی و كۆمەڵایەتییەكان؛ بەو مانایەی پاشكۆو باڵی هێزە سیاسییەكان نەبێت، رێگەش بە كاری سیاسی لە ریزەكانیدا نەدات، هەروەها لە پێكهاتەكانی گەلی عێراق پێكبێت، پشتئەستور بە ماددەی 9ی دەستور كە باس لە هاوسەنگیی هێزە سەربازییەكان دەكات و بەجۆرێك لە پێكهاتەكانی گەلی عێراق پێكبێت و رەچاوی هاوسەنگییان بكات بەبێ جیاكاری و هەڵاواردن و ملكەچی دەسەڵاتی مەدەنی بێت، بەرگری لە عێراق بكات و ئامرازێك نەبێت بۆ سەركوتكاریی گەلی عێراق و، دەستوەردانیش لە كاروباری سیاسی و دەستاودەستیی دەسەڵات نەكات[4]. لەبارەی هۆكاری دەرچواندنی یاساكەی حەشدیشەوە وتراوە: بۆ رێزگرتنە لە “خۆبەخشانی رۆڵەكانی گەلی عێراق” كە بەرگرییان لە دەوڵەت كردووە بەرامبەر هێرشی داعش و “ئەوانەی دژی سیستەمی نوێی عێراقن”.[5] لەمەشدا رێگە بە بەردەوامبوونی دراوە، وەك دەزگایەكی سەربازیی. لە ساڵی 2024دا حكومەتی سودانی و هێزە شیعەكان كاریان لەسەر گەڵاڵەكردنی یاسایەك كرد بە ناوی “خزمەت و خانەنشینیی حەشد”. ئەم پرۆژەیاسایە لە 78 ماددە پێكدێت و هەندێ نوسخەیشی زیاترە لە 80 ماددە. ئەوەی جێگەی سەرنجە پرۆژەكە كارمەندی حەشد بە “موجاهید” دەناسێنێت؛ ئیتر چ چەكدار بێت یان ئەفسەر، یان فەرمانبەرانی مەدەنی و پیاوە ئایینییەكانی نێو حەشد كە كاریان رێنوێنی و بانگخوازییەو، ئەمەش جگە لەوەی مۆركێكی ئایینی و مەزهەبییە، جیاكارییە لە سەربازانی سوپا. پرۆژەكە بەگشتی موچە و دەرماڵەی حەشد رێكدەخات و مافی بریندارو بێسەروشوێنان و خانەنشینەكانی دیاریدەكات، لەگەڵ مینحەو پلەبەرزكردنەوەو مۆڵەت و بیمەی تەندروستی. بۆ تەمەنی كاركردنیش لەنێو حەشدی شەعبی پرۆژەكە ئەوپەڕی بە 63 ساڵ دیاریی كردووە بۆ فەریق ئەوەل و 50 ساڵیش بۆ پلەی نەقیب؛ لەگەڵ ئەوەشدا دەسەڵاتی درێژكردنەوەی پێنج ساڵی داوە بەوانەی بەر لە دەرچوونی ئەم یاسایە چوونەتە ریزەكانی حەشدی شەعبی[6]. یاسا پێشنیاركراوە نوێیەكە جگە لە مافی خانەنشینی، پەیكەری هێزەكە جارێكی دیكە دادەڕێژێتەوە؛ جگە لەوەش دامەزراندنی ئەكادیمیایەكی سەربازی لەخۆدەگرێت كە دیسان حەشدو چۆنێتیی بەخشینی پلە سەربازییەكانی رێكدەخاتەوە[7]. بە قسەی فالح فەیازی سەرۆكی دەستەكەش، یەكێك لە هۆكارەكانی هەوڵدان بۆ دەرچوواندنی ئەوەیە دەزگاكانی دەوڵەت گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی ئەو یاسایەی پێشوو (40ی 2016) كرچوكاڵ و كەمەو دۆخی حەشدی شەعبی پڕناكاتەوە، بەتایبەت مەسەلەی خزمەت و خانەنشینی و ماف و شایستە داراییەكانی؛ بەو پێیەی تەنیا سێ ماددەیەو دەرفەتی ئەوەی نییە هەموار بكرێتەوە[8]. لە دەرەوەی لایەنە یاساییەكەی، ئەم یاسا پێشنیاركراوە نوێیەش لەكاتێكدایە، هێشتا هەندێك بڕگەی یاساكەی پێشوو جێبەجێ نەكراوە، وەك: ئینتیمای سیاسیی گروپە چەكدارەكانی ناو حەشدو بابەتی باڵانسی پێكهاتەیی لە ریزەكانیدا، هێشتا لیواكانی حەشد سەر بە هێزە سیاسییەكان و مۆركی زاڵ و باوی سەر دەزگاكەش شیعییەو فرەچەشنییەكەی (حەشدی مەسیحی و عەشایەری و پێكهاتەكانی دی) زیاتر رووكەشە. ئەم پرۆژەیاسایەش لە دۆخێكدا خراوەتەڕوو كە دوو كارتێكەریی گەورە سێبەریان بەسەر رەوشی عێراقەوە كردووە: یەكەمیان گوشارەكانی ئیدارەی ترەمپە لەسەر عێراق و باڵە چەكدارە شیعەكان، بە حەشدی شەعبیشەوە. دووەمیشیان نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنی گشتیی چاوەڕوانكراوی عێراقە لە مانگی تشرینی یەكەمی 2025 كە لیست و جەمسەرە شیعەكانی بەسەر ئاڕاستەی جیاجیادا دابەشكردووە. ئەم دوو كارتێكەرە دەشێت بەم جۆرە كاریگەرییان لەسەر ناكۆكییەكانی پەیوەست بە یاساكەوە هەبێت: كاریگەریی گوشارە ئەمریكییەكان پێش ئەوەی ئیدارەی بایدن كۆشكی سپی جێبهێڵێت، هەواڵی ئەوە بڵاوبووەوە كە لەڕێگەی “بلینكن”ی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە پاش كەوتنی ئەسەد، بە “محەمەد شیاع سودانی” راگەیاندووە ئێران ئێستا لە لاوازترین دۆخی خۆیدایە؛ عێراقیش چانسی هەیە لەڕێگەی گرتنەبەری رێوشوێنی توند بەرامبەر گروپە شیعە عێراقییەكان، دەستڕۆیشتوویی (نفوز)و هەژمونی تاران لەنێوخۆی خۆیدا كەمتر بكاتەوە[9]. دوای دەستبەكاربوونی ئیدارەی نوێی “ترەمپ”یش لە سەرەتای 2025 هەندێك زانیاری دزەیان كرد كە تیمی نوێی ترەمپ پەیامی ئەوەیان گەیاندووەتە حكومەتی سودانی، كە دەبێت پەیكەری هێزەكانی حەشدی شەعبی رێكبخاتەوە. هەندێكیش زیاتر دەڕۆن و باس لە پلانی ئیدارەی ترەمپ بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم هێزە عەقیدەییە مەزهەبییە هاوئاستەی سوپای عێراق دەكەن[10]. هەندێك بەرپرسی تری باڵای شیعە نایشارنەوە، داوا كراوە هێزی حەشدی شەعبی بەسەر دامەزراوە ئەمنییەكانی دیكەدا دابەش بكرێت و وەك قەوارەی ئێستا نەمێنێتەوە[11]، بەڵام تێكڕای بەرپرسە شیعەكان ئەوە رەتدەكەنەوە پابەندی ئەم داوایە بن؛ هەر لە سەرۆك وەزیرانەوە تا سەركردەی هێزە سەرەكییەكانی چوارچێوەی شیعی لە عێراق. لەدەرەوەی وڵاتیش ئەوە پێداگری و جەختكردنەوەی عەلی خامنەیی، رێبەری شۆڕشی ئێران بوو لە دیدار لەگەڵ سودانی كە پارێزگاری لە حەشد بكرێت[12]. ئەو خواست و گوشارانەی لە ئێستادا لەبارەی چارەنوسی حەشدی شەعبییەوە هەن، دەشێت بەم جۆرە پۆلێن بكرێن: هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتیی حەشدی شەعبی. ئەمەش گێڕانەوەو باسوخواستی نێو میدیا راستڕەوە ئیسرائیلییەكانە؛ گوایە ئیدارەی ترەمپ داوای ئەوەی لە عێراق كردووە[13]، بەتایبەت هەندێك لە پێكهاتەكانی نێو حەشد لە لیستی سزاكانی ئەمریكا یان تیرۆردان و لەپاش 7ی ئۆكتۆبەری 2023 بەشدارییان لە هێرشەكانی سەر ئیسرائیل كردووەو، دەبێت هاوشێوەی حزبوڵڵای لوبنان و كۆمەڵی ئەنساروڵڵای یەمەنی باج بدەن. ئاوێتەكردنی هێزەكانی حەشد لەگەڵ سوپای عێراق و دانانی ئەفسەرێكی باڵا لە سەروو هەیكەلی حەشدەوە (عەبدولئەمیر یارەڵڵا بە نموونە). گوایە ئەمەش پێشنیاری فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران “ئیسماعیل قائانی” بووە لە 7ی كانوونی دووەمی 2025 بۆ گروپەكانی حەشد. ئامانج لەمەش شاردنەوەی حەشدو پاراستنییەتی لە بەئامانجگرتنی دەرەكی لەڕێگەی پۆشینی جلی سەربازیی سوپای عێراق لەلایەن هێزەكانی حەشدەوە[14]. زانیارییەكیش هەیە كە لەنێوخۆی هێزە شیعەكاندا بۆچونێك هەیە پشتیوانی لە ئاوێتەكردنی حەشدو دەزگا ئەمنییە نیزامییەكانی دیكە دەكەن، لە پێناو ئەوەی نەبنە ئامانجی سزاو بلۆككردن و هێرشی ئەمریكا[15]؛ بەڵام ئەم بۆچوونە هی ئەو لایەنانەیە كە كاریگەریی كەمیان لەسەر بڕیارەكانی حەشد هەیە. دەركردنی یاسایەكی نوێ بۆ حەشد لە پەرلەمان. ئەم بەیاساییكردنەش ببێتە لەمپەر لە بەردەم بەئامانجكردنیدا. ئەمەش ئەو بژاردەیە شیعەكان كاری لەسەر دەكەن و رەشنوسێكیان بۆ ئامادە كردووە (یاسای خزمەت و خانەنشینی). بەپێی ئاماژەكانیش سیاسەتی ترەمپ بەرامبەر عێراق هانی زیاتری شیعەكان بۆ كاركردن لەسەر یاساكە دەدات، بەئامانجی وەرگرتنی شەرعییەتی زیاترو چەسپاندنی دەزگاكە لەنێو پەیكەری یاسایی عێراقدا و دیاریكردنی رێوشوێنەكانی خانەنشینبوون و پلەبەرزكردنەوەی چەكدارو كارمەندانی كە مافەكانیان دەستەبەر دەكات. ناكۆكییە ناوخۆیییەكانی شیعە بژاردەی لایەنە شیعەكان بۆ پاراستن و پەرەپێدانی حەشدی شەعبی، دەركردنی یاسایەكی نوێیە بۆ رێكخستنەوەی. لە یاساكەشدا ئاڵۆزترین پرس دیاریكردنی تەمەنی خانەنشینییە. ئەمەش ئەگەر تێپەڕێت شوناسی حەشد دەگۆڕێت، چونكە جگە لەوەی سەرۆكی ئێستای دەستەكە “فالح فەیاز” خانەنشین دەبێت (68 ساڵ)، زۆر لە فەرماندەكانی ریزی یەكەمیش بە هەمان شێوە دەگرێتەوە. لەم نێوەندەشدا باس لە چوار هەزار فەرماندە و كادیری پێشكەوتوو هەیە كە بەر خانەنشیبوون دەكەون؛ ئەمەش لەناوخۆی چوارچێوەی شیعیدا ناكۆكییەكی زۆری دروستكردووە چونكە كاریگەری لەسەر چۆنێتیی داڕشتنەوەی حەشدی شەعبی دروستدەكات. دەكرێت گرنگترین ناكۆكییە شیعییەكان لەمبارەیەوە بەمجۆرە بخرێنەڕوو: نوری مالیكی سەرۆكی دەوڵەتی یاسا، كە خۆی بە دامەزرێنەری حەشد دەزانێت، سورە لەسەر رەتكردنەوەی گوشاری دەرەکی بۆ هەڵوەشانەوەی حەشدی شەعبی و تەنانەت تێكەڵكردنیشی لەگەڵ دامەزراوە ئەمنییەکانی دیکەدا، چونكە بە بۆچوونی ئەو “ئەگەر تێکەڵ بە دەزگا ئەمنییەکانی دیکە بکرێت، واتە “کۆتایهاتنی حەشد”. لەگەڵ ئەوەشدا مالیكی مشتومڕێكی گەورەی دروستكرد كاتێك بەئاشكرا دانی بەوە دانا كە لەنێو حەشد “بندیوار” هەن و بەپێویستی دەزانێت حەشدی شەعبی لە کەسانی بندیوارو ئەوانەی دەرەوەی دامەزراوەکەن پاکبکرێتەوە[16]. بەم پێیەش مالیكی پشتیوانی لە دەرچواندنی یاساكە دەكات بە هەر نرخێك بووە. بزوتنەوەی عەسائیب، پێداگرە لەسەر پارێزگاریكردن لە حەشدو دەركردنی یاسا نوێیەكەو گۆڕینی سەرۆكەكەی، فالح فەیاز[17]. لەمەشدا لەگەڵ نوری مالیكی بەرژەوەندییان یەكدەگرێتەوە؛ هەروەها زۆر دەگوترێت عەسائیب بەدیلیان بۆ “فالح فەیاز” هەیەو چاویان لەسەر پۆستەكەیەتی. رێكخراوی بەدری هادی عامری و رەوتی حیكمەی حەكیم و حەیدەر عەبادی، لەگەڵ ئەوە نین سەرۆكی حەشد، فالح فەیاز، بگۆڕدرێت، كە یاساكە بقۆزرێتەوە بۆ گۆڕانكاریكردن لە سەركردایەتیی ئێستای حەشد[18]. ئەم لایەنانە ترسی ئەوەیان هەیە حەشد بكەوێتە دەست توندڕەوەكان. ئەمەش زیاتر عێراق دەكاتە ئامانج[19]. هەندێك لە هێزە شیعەكان دەستی ئێرانیان هێناوەتە نێو ململانێكانی پەیوەست بە حەشد، بەتایبەت كە بەرژەوەندیی ئێران ئەوەیە كەسایەتییەكانی نزیك لە تاران لە سەركردایەتیی حەشددا بمێننەوە. ئەگەر ئەوانە لەم یاسا نوێیەدا بەر خانەنشینی بكەون، گرفت بۆ پەلكێشانی نفوزی ئێران دروستدەكات. بۆ چارەسەری ئەمەش قسە لەسەر درێژكردنەوەی تەمەنی خانەنشینی هەیە[20]، لە كاتێكدا ئەمە بۆ دەزگا ئەمنییەكانی دیكە وا نییەو لە كات و ساتی خۆیاندا خانەنشین دەبن و لە یاساكەی پێشووشدا (40ی 2016) جەخت لەوە كراوەتەوە حەشد پابەندی رێوشوێنە سەربازییەكان بێت. هەر لەم بەینەشدا فالح فەیاز، سەرۆكی حەشدی شەعبی، سەردانی تارانی كردو بەپێی سەرچاوەكان ویستویەتی لە ڕێگەی تارانەوە گەرەنتیی مانەوەی لە پۆستەكەی بكات[21]. سەرۆكی دەستەی حەشد كە شەڕ لەسەر مانەوەی لە پۆستەكەی دەكات، پێیوایە هێزە سیاسییەكان خۆیان ئاڵاندوەتە یاسای حەشدی شەعبی و دەیانەوێت بەقازانجی خۆیان دایڕێژنەوە. فەیاز پێیوایە حەشد پارێزەری سیستەمی سیاسی بووە بەرامبەر ئەوانەی ویستویانە لە دەرەوەی سندوقەكانی دەنگدان بیگۆڕن (تشرینییەكان بۆ نموونە)؛ هەروەها شەڕیش بۆ یەكڕیزیی دەوڵەتی عێراق دەكات و دژی دابەشكردنی دەبێت[22]. ئەمەش شوناسێكی نوێیە كە فەیاز لە دەرەوەی یاسای 40ی 2016 بە حەشدی دەدات كە زیاتر جەخت لە بەرەنگاربوونەوەی داعش دەكاتەوە. محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران، كە جەمسەرێكی سەرەكیی پەیوەندیدارە بە حەشدو لەگەڵ سەرۆكەكەی بەنیازی هاوپەیمانیی سیاسییە بۆ هەڵبژاردن، یاساكەی حەشدی لە پەرلەمان كشاندەوە. بەمەش لەئێستادا گرەوی لە مالیكی و قەیس خەزعەلی بردەوە كە دەیانویست لە پەرلەمان بە جۆرێك تێپەڕێت لە بەرژەوەندیی ئەواندا بێت. سودانی لەگەڵ درێژكردنەوەی تەمەنی خانەنشینییە بۆ چەكداران و كارمەندانی حەشد[23]. ناكۆكییەكانی پەیوەست بە یاسای حەشدی شەعبی، هاوپەیمانێتیی هێزە شیعەكانی هەڵوەشاندوەتەوە. هەر چەشنە گۆڕانكارییەكەیش لە سەرۆكایەتیی ئەم دەستەیە، كاریگەریی لەسەر پۆستی سەرۆك وەزیران، یان چانسی سەرۆك وەزیرانی ئێستا، محەمەد شیاع سودانی دەبێت؛ بەتایبەت دەنگۆیەك هەیە سەرانی چوارچێوەی شیعی هاوڕا بن لەسەر خانەنشینكردن و لادانی[24]. پاساویش بۆ ئەمە بەردەستە چونكە ناوبراو جگە لەوەی تەمەنی تێپەڕیوە، لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا لیستی هەبووە بۆ هەڵبژاردن و، ئەمەش پێچەوانەی یاسای حەشدە. ئەگەرێكی بەهێز هەیە لە پرۆژەیاساكەدا دەسەڵات بە سودانی بدرێت تەمەنی فەرماندەكانی حەشد درێژبكاتەوە؛ ئەمەش مشتومڕەكانی ئێستا بۆ پاش هەڵبژاردنەكان دوادەخات. بۆ تێپەڕاندنی بێكێشەی یاساكەی حەشدی شەعبیش، پێویستە لایەنە سوننی و كوردییەكان هاوكار بن. بۆ چارەسەری ئەمەش باس لە ئامادەكردنی سەبەتەیەكی یاسایی هەیە كە لە پەنا یاسای حەشدی شەعبیدا یاسای “لێپرسینەوەو دادگەریی” لەخۆ بگرێت كە تایبەتە بە بەعسییەكان و زیاتر سوننەن، لەگەڵ یاسای بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە كە لە بەرژەوەندیی لایەنە كوردییەكانە [25]. كۆبەند لەكاتێكدا كە عێراق لەژێر گوشاری ئیدارەی نوێی ترەمپدایە، بەتایبەت لەبارەی گروپە شیعەكان و حەشدی شەعبی، هەروەها بە ساڵی هەڵبژاردنیشدا تێپەڕ دەبێت، دەركردنی یاسایەك بۆ چەسپاندنی پێگەی حەشدی شەعبی، “چوارچێوەی هەماهەنگی”ی شیعەی پەرتكردووە. ئەم یاسا نوێیەی كە بەدەستەوەیە، رۆڵی دەبێت لە گۆڕینی شوناسی حەشدو داڕشتنەوەی پایەكانی و، ئەمەش لەنێوان هێزە توندڕەوەكانی حەشد لە لایەك و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران و لە پشت ئەویشەوە هێزە شیعەكانی دیكەی وەك رەوتی حیكمەو عەبادی و رێكخراوی بەدر، جێگەی مشتومڕو ململانێیە. یاسا پێشنیاركراوەكە لێكەوتەی زۆری هەیەو پێویستیی بە رەزامەندیی سوننەو كورد هەیە بۆ ئەوەی مۆركێكی نیشتمانی وەرگرێت و بەئاسانیش لە پەرلەمان تێپەڕێت. ئەمەش دەرچەیەكە، دەكرێت هێزەكانی دەرەوەی شیعە كەڵكی لێوەرگرن بۆ جێكردنەوەی داواكارییەكانیان یان تێپەڕاندنی ئەو یاسایانەی لە بەرژەوەندییانە. بۆ هەرێمی كوردستان، دەشێت بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە، یان یاسای نەوت و گاز، یان ماف و شایستەییەكانی پێشمەرگە، بكرێنە كارتی گوشار؛ بەوپێیەی یاسای حەشد جێگەی بایەخ و گرنگیدانی زۆری هێزە شیعەكانەو، ئامادەن بۆ ئەو سەبەتەی ئامادە دەكرێت گفتوگۆی لەبارەیەوە بكەن. سەرچاوەكان [1] https://2h.ae/Dhld [2] https://2h.ae/ZpwS [3] https://2h.ae/HBdR [4] https://2h.ae/IswR [5] https://2h.ae/zWxD [6] https://2h.ae/tfJr [7] https://2h.ae/Fdtn [8] https://2h.ae/Fdtn [9] https://2h.ae/JwYU [10] https://2h.ae/esJV [11] https://2h.ae/shcm [12] https://2h.ae/tmmh [13] https://bit.ly/3QpZds0 [14] https://2h.ae/frYl [15] https://2h.ae/vXgc [16] https://2h.ae/shcm [17] https://2h.ae/vXgc [18] https://2h.ae/vXgc [19] https://2h.ae/TuNz [20] https://2h.ae/SzvJ [21] https://2h.ae/TuNz [22] https://2h.ae/Fdtn [23] https://2h.ae/HPQy [24] https://2h.ae/FcZp [25] https://2h.ae/OKwP ئەم بابەتە بۆ (خانەی هزریی كوردستان) نوسراوە
راپۆرتی: درەو 🔻 پاڵپشت بە داتاو ئامارەکانی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان لە ماوەی ساڵانی (2014 - 2024) دا؛ 🔹 لە ساڵی 2024 زۆرترین هاوسەرگیری و جیابوونەوە لە پارێزگای سلێمانی تۆکار کراوە. 🔹 لەساڵی (2024)دا ژمارەی جیابوونەوە لە هەولێر و دهۆک و گەرمیان بەراورد بە ساڵی (2023) کەمی کردووە، بەڵام لە سلێمانی ژمارەکە زیادی کردووە. 🔹 ژمارەی لێکجابوونەوەکان بەراورد بە تۆمارکردنی گرێبەستی هاوسەرگیری لە ساڵی (2014) لە رێژەی (18%)ەوە بۆ ساڵی (2024) بەرزبووتەوە بۆ رێژەی (24%). 🔹 لەماوەی (11) ساڵدا (526 هەزار و 690) حاڵەتی هاوسەرگیری لە دادگاکان تۆمار کراوە، کە (29 هەزار و 438) حاڵەتیان پەسەندکرنی مارەبڕینی دەرەکی بووە. 🔹 لە ماوەی (2014 - 2024) (108 هەزار و 428) خێزان هەڵوەشاونەتەوە، بەو مانایەی هەموو رۆژێک (27) حاڵەتی تەڵاق تۆمارکراوە. یەکەم؛ هاوسەرگیری و هەڵوەشانەوەی خێزان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2024 ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان رۆژی (18/3/2025) داتاو ئامارو دادبینییە تۆمارکراوەکانی خۆی لە ماوەی (1/1/2024 – 31/12/2024) لە سەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و ئیدارەی گەرمیان، بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکان؛ ئامارەکانی هاوسەرگیری لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان (51 هەزار و 18) پرۆسەی هاوسەرگیری ئەنجامدراوەو زۆرترین رێژەی هاوسەرگیری لە پارێزگای سلێمانی بووە، وەک لە (چارتی ژمارە (1)) هاتووە، بە جۆرێک؛ 1. لە سنوری پارێزگای هەولێر: (17 هەزار و 591) پرۆسەی مارەبڕین ئەنجام دراوە بە رێژەی (34%). 2. لە سنوری پارێزگای سلێمانی: (18 هەزار و 522) پرۆسەی مارەبڕین ئەنجام دراوە بە رێژەی (36%). 3. لە سنوری پارێزگای دهۆک: (12 هەزار و 199) پرۆسەی مارەبڕین ئەنجام دراوە بە رێژەی (24%). 4. لە سنوری ئیدارەی گەرمیان: (2 هەزار و 7068) پرۆسەی مارەبڕین ئەنجام دراوە بە رێژەی (5%). چارتی ژمارە (1) ئامارەکانی لێکجیابوونەوە و تەڵاق لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان (12 هەزار و 384) حاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراوە، وەک لە (چارتی ژمارە (2)) دا هاتووە بەرزترین رێژەی جیابوونەوە لە پارێزگای سلێمانی بووە، بە جۆرێک؛ 1. لە سنوری پارێزگای هەولێر: (3 هەزار و 878) حاڵەتی جیابوونەوە بە رێژەی (31%) تۆمار کراوە. 2. لە سنوری پارێزگای سلێمانی: (5 هەزار و 745) حاڵەتی جیابوونەوە بە رێژەی (46%) تۆمار کراوە. 3. لە سنوری پارێزگای دهۆک: (2 هەزار و 33) حاڵەتی جیابوونەوە بە رێژەی (16%) تۆمار کراوە. 4. لە سنوری ئیدارەی گەرمیان: (728) حاڵەتی جیابوونەوە بە رێژەی (6%) تۆمار کراوە. چارتی ژمارە (2) هۆکارەکانی لێکجیابوونەوە و تەڵاق لە پارێزگای هەولێر وەک لە داتاکانی ئەنجومەنی دادوەریدا ئاماژەی پێدراوە هۆکارەکانی لێکجابوونەوەکانی لە "پارێزگای هەولێر" بە کۆمەڵێک هۆکاری دیاریکردووە؛ کە حاڵەتەکانی نەگونجان زۆرترین هۆکاری جیابوونەوە بووەو (828) حاڵەت بووە بە ڕێژەی (14%) و لە دوای ئەویش داوێن پیسی و خیانەت بە (523) حاڵەت و بە ڕێژەی (9%) سێیەم بەرزترین هۆکاریش نەبونی ماڵی جیا بووەو (494) حاڵەت بە رێژەی (8.4%)ی هۆکاری جیابوونەوە تۆمار کراوە، بڕوانە (چارتی ژمارە (3)). چارتی ژمارە (3) دووەم؛ داتاو ئامارەکانی هاوسەرگیری و هەڵوەشانەوەی خێزان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان 2014 – 2024 هاوسەرگیری (مارەبڕین) پاڵپشت بە داتاو ئامارەکانی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان لە ماوەی (11) ساڵی ڕابردوودا سەرجەم ئەو گرێبەستانەی بەمەبەستی هاوسەرگیری لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان بە فەرمی تۆمار کراون ژمارەیان (497 هەزار و 252) گرێبەست بوونەوە بەزترین ئاستی ژمارە مارەبڕین لە ساڵی (2022) تۆمار کراوە کە بریتی بووە لە (55 هەزارو 896) حاڵەت، کەمترین مارەبڕینیش لە ساڵی (2016) تۆمار کراوە کە ژمارەکەی بریتی بووە لە (31 هەزار و 183) حاڵەت. (خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (4)). هاوکات هەر بەپێی داتاکان (پەسەندکردنی مارەبڕینی دەرەکی) کە بریتین لەو مارەبڕینانەی لە دەرەوەی دادگا ئەنجامدراون و دواتر لە دادگاکان تۆمار کراون لە ماوەی ساڵانی (2014 - 2024) ژمارەیان بریتی بووە لە (29 هەزار و 438) حاڵەت بۆ وردەکاری بڕوانە (خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (5)). کەواتە سەرجەم ئەو مارەبڕینانەی لە ناو و دەرەوەی دادگا ئەنجام دراون پێکەوە ژمارەیان (526 هەزار و 690) مارەبڕین بووەو، بە تێکڕای ساڵانە دەکاتە (47 هەزار و 881) حاڵەت و مانگانەش دەبێتە (3 هەزار و 990) حاڵەتی مارە بڕین. وەک لە خشتەی ژمارە (1) رونکراوەتەوە. خشتەی ژمارە (1) چارتی ژمارە (4) چارتی ژمارە (5) جیابوونەوە (تەڵاق) بەپێی داتاکان لە ماوەی (2014 - 2024) ژمارەی هەڵوەشانەوەی خێزان بریتی بووە لە (108 هەزار و 428) حاڵەتی جیابوونەوەو کە بە تێکڕا؛ ساڵانە (9 هەزار و 857) حاڵەت، مانگانە (821) حاڵەت و هەموو رۆژێک (27) حاڵەتی تەڵاق تۆمارکراوە. (وەک لە خشتەی ژمارە (1))دا هاتبووە. هەر بەپێ ئامارەکان ساڵی (2023) بەرزترین ڕێژەی جیابوونەوەی تێدا تۆمارکراوە کە ژمارەکەی گەیشتووە بە (14 هەزار و 312) حاڵەت. (چارتی ژمارە(6)). کەواتە هەر بەپێی داتاکان ژمارەی لێکجابوونەوەکان بەراورد بە تۆمارکردنی گرێبەستی هاوسەرگیری لە دادگاکانی هەرێم لە ساڵی (2014) لە رێژەی (18%)ەوە بۆ ساڵی (2024) بەرزبووتەوە بۆ (24%). چارتی ژمارە (6) ڕێگەپێدان بە هێنانی ژنی دووەم پاڵپشت بە داتاکان لە (11) ساڵی ڕابردوودا (هەزار و 65) حاڵەت؛ بە تێکڕا؛ ساڵانە (97) حاڵەت، مانگانە (8) حاڵەت و هەموو سێ رۆژ جارێک پیاوێک ڕێگەی پێدراوە ژنی دووەم بهێنێت. بەرزترین حاڵەتی ڕێگەدان بە هێنانی ژنی دووەم لە ساڵی (2016) تۆمارکراوە کە (239) حاڵەت و کەمترینیشی لە ساڵی (2017) بووە کە (41) حاڵەتی تێدا تۆمار کراوە. بڕوانە (خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (7)) چارتی ژمارە (7) سێیەم؛ داتاو ئامارەکانی هاوسەرگیری و هەڵوەشانەوەی خێزان لەسەر پارێزگاکانی هەرێم 2014 – 2024 هاوسەرگیری (مارەبڕین) بەپێی داتاکان لە ماوەی (11) ساڵی ڕابردوودا پارێزگای هەولێر (184 هەزار و 466) حاڵەتی مارەبڕین و پارێزگای سلێمانی لە دوای پارێزگای هەولێر دێت و (171 هەزار و 534) حاڵەت و پاشان پارێزگای دهۆک بە (125 هەزار و 311) حاڵەتی تۆمارکراو دێت. لە دوای ئەوانیش بەپێی ئەو داتایانەی ئەنجومەنی دادوەری بڵاوی کردووەتەوە کە ساڵانی (2015 - 2020)ی تێدا نیە (15 هەزار و 941) حاڵەتی مارەبڕین لە ئیدارەی گەرمیان تۆمار کراوە. بۆ وردەکاری (بڕوانە خشتەی ژمارە (2) و چارتی ژمارە (8 - 11)) جیابوونەوە و تەڵاق بەپێی داتاکان لە ماوەی ساڵانی (2014 - 2024) پارێزگای هەولێر (41 هەزار و 737) حاڵەتی تەڵاقی تێدا تۆمار کراوەو پارێزگای سلێمانیش بەرزترین رێژەی تەڵاقی تێدا تۆمارکراوە کە بریتی بووە لە (44 هەزار و 544) حاڵەت و پاشان پارێزگای دهۆک بە (17 هەزار و 428) حاڵەتی تۆمارکراو دێت. لە دوای ئەوانیش بەپێی ئەو داتایانەی ئەنجومەنی دادوەری هەرێم بڵاوی کردووەتەوە کە ساڵانی (2015 - 2020)ی تێدا نیە (4 هەزار و 709) حاڵەتی جیابوونەوەی تێدا تۆمار کراوە. بۆ وردەکاری (بڕوانە خشتەی ژمارە (2) و چارتی ژمارە (8 - 11)). پەسەندکردنی مارەبڕینی دەرەکی لە (11) ساڵی ڕابردوودا پارێزگای هەولێر زۆرترین حاڵەتی مارەبڕینی دەرەکی تێدا تۆمارکراوە کە (11 هەزار و 179) حاڵەتی مارەبڕینی دەرەکی و پارێزگای سلێمانی لە دوای پارێزگای هەولێر دێت و بە (9 هەزار و 870) حاڵەت و پاشان پارێزگای دهۆک بە (8 هەزار و 170) حاڵەتی تۆمارکراو دێت. لە دوای ئەوانیش بەپێی ئەو داتایانەی ئەنجومەنی دادوەری هەرێم بڵاوی کردووەتەوە کە ساڵانی (2015 - 2020)ی تێدا نیە تەنها(219) حاڵەتی مارەبڕینی دەرەکی تێدا تۆمار کراوە. بۆ وردەکاری (بڕوانە خشتەی ژمارە (2) و چارتی ژمارە (8 - 11)) خشتەی ژمارە (2) چارتی ژمار (8) چارتی ژمار (9) چارتی ژمار (10) چارتی ژمار (11) سەرچاوە: ئەنجومەنی باڵای دادوەری هەرێمی كوردستان
درەو: بەپێی نوسراوێكی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێم كە ئەمڕۆ دەریكردووە سەڵاحیەتی سەرپەرشتی موچەی سلێمانی لە بانكی ناوەندی هەرێم لقی سلێمانیەوە گۆڕی بۆ بانكی ئاشتی لە سلێمانی، دەسەڵاتی سەرپەرشتی موچەی لە بانكی ناوەندی هەرێم لقی سلێمانی سەندەوە، هۆكاری بڕیارەكەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە پێشتر لە سلێمانی دەستكاری پارەی نەختینەی موچەو پارەی هاوڵاتیان دەكرا لە بانكەكان. لە نوسراوەكەی ئاوات شێخ جەناب كە ئەمڕۆ 20/3/2025 دەرچووەو گشاندنی بۆكراوە دەڵێت: بەمەبەستی پاراستنی نەختینەو بەتایبەت نەختینەی دابینكراو بۆ موچەو درووستنەبوونی كێشە بۆ پێشینەی مانگانە فەرمانگەكان و خەرجییە بەردەوامەكان: - تەمویلی موچەی موچەخۆران و فەرمانبەران راستەوخۆ لە بانكی منارەوە دەنێردرێت بۆ بانكی ئاشتی لەوێشەوە بۆ بانكەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەكانی راپەڕین و گەرمیان. - بەهیچ جۆرێك دەستكاری پارەی هاوڵاتیان ناكرێت لە بانكەكان بەپێچەوانەوە رێكاری یاسایی دەگیرێتە بەر. - نابێت كێشە بۆ پێشینەی مانگانەی فەرمانگەكان و كۆمپانیاكان و بەڵێندەران درووستبكرێت. - دەبێت هەفتانە هەموو بانكەكان لیستی داهات و خەرجییەكان ئاراستەی وەزارەتی دارای بكەن. سەرچاوەیەكی باڵا لە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند: سەرپەرشتی نەختینەی موچە لە لقی سلێمانی بانكی ناوەندی وەرگیراوەتەوەو لەمەودوا پارەی موچەی موچەخۆرانی سلێمانی كە نزیكەی (400) ملیار دینارە لە بانكی منارەی هەولێرەوە كە پێشتر دەچووە بانكی ناوەندی هەرێم لقی سلێمانی بەڵام لەمەودوا ناچێتەوە لقی سلێمانی بانكی ناوەندی بەڵكو راستەوخۆ دەچێتە بانكی ئاشتی لە سلێمانی و لەوێشەوە بەسەر بانكەكاندا دابەشدەكرێت، پێشتر لقی سلێمانی بانكی ناوەندی سەرپەرشتی پارەی نەختینەی موچەی دەكرد لەمەودوا لقی سلێمانی بانكی ناوەندی ئەو دەسەڵاتەی نامێنێت، هەژماری داخراوی وەزارەتی دارایی هەرێم لە بانكی ئاشتییە لە سلێمانی لەوێوە بەسەربانكەكاندا دابەشدەكرێت، ئەوسەرچاوەیە هۆكاری دەركردنی بڕیارەكەی وەزیری دارایی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە پێشتر لە سلێمانی دەستكاری پارەی نەختینەو پارەی هاوڵاتیان و ئەمانات ، وەدائیع ، توفیر، لەمەودوا بانكەكان هەفتانەی راپۆرتی داهات و خەرجی بنێرنەوەو بەهیچ جۆرێك دەستكاری پارەی هاوڵاتیان ناكرێت. مانگانە بانكی منارە لە هەولێر پارەی موچەی موچەخۆران لە لقی ناوەندی هەولێری بانكی ناوەندی وەردەگرێت و بەشی هەولێر و دهۆك و سلێمانی موچەی لێدەنێرێت. دوێنێ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی، لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێوەبەری بانک و گەنجینەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: نابێت لە هیچ بانکێک کێشە و گرفت بۆ هاووڵاتیان و فەرمانگەکان و بەڵێندەران دروست بکرێت، بەپێچەوانەوە هەر کێشەیەکی نەخوازراو بەدەر لە یاسا و ڕێنماییەکان دروست بکرێت ئیجرائاتی پێویست لەگەڵ بەڕێوەبەری بانکەکان دەکرێت. نابێت لە هیچ بانکێک دەستکاری پارەی هاووڵاتیان ( ئەمانات ، وەدائیع ، توفیر ،هتد.....) بکرێت بەپێچەوانەوە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە. بەهیچ جۆرێک نابێت لە ژێر هیچ بیانوویەکدا پارەی تەرخانکراو بۆ مووچە بۆ هیچ بوارێکی تر بەکاربهێنرێت. لەحاڵەتی دووبارە بوونەوەی سەرپێچیەکان و هەرکەس و لایەنێک پێچەوانەی ئەم ڕێنماییانە جوڵایەوە، داوا لەفەرمانبەران و مووچەخۆران و بەڵێندەران دەکەین ڕاستەوخۆ وەزارەتمان ئاگادار بکەنەوە تا ڕێکاری پێویست بگرینەبەر. لە نزیکەوە چاودێری بەڕێوەچونی کاروباری بانکەکان و جێبەجێکردنی بڕیارەکان دەکەین و کەمتەرخەمی قبوڵ ناکەن و چاوپۆشی لە هیچ بانکێک ناکەن.
درەو: موراد قەرەیلان دەڵێت، پەکەکە خاوەنی چەکی كاریگەرو پێشکەوتووە، کە توانای گەیشتن بە مەودای (800) کیلۆمەتر هەیە، جەختیشیکردەوە، هێشتا هەندێک لە سەرکردەکانی پارتەکەیان قەناعەتیان بە بیرۆکەی دانانی چەکە نەكردووەو پێویستیان بە رونکردنەوەی زیاترە. ئاژانسی هەواڵی" العهد" چاوپێکەوتنێکی تایبەتی لەگەڵ موراد قەرەیلان، فەرماندەی هێزەكانی پاراستنی گەلی پارتی كرێكاران ئەنجامداوە، تیایدا باسی لە روداوەکانی ئەم دواییەی دوای بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان رابەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان کردووە. قەرەیلان لەو چاوپێكەوتنەدا رایگەیاندووە، خاوەنی چەکی پێشكەوتوین، هێزەکانمان لە باکور (باشوری تورکیا) چالاکیی سەربازی کاریگەر ئەنجام نادەن، بە هۆکاری تاکتیکی پەیوەست بە گۆڕانکاری لە ستراتیجی جەنگ. رەنگە لە هەر ساتێکدا بە شێوەیەکی کاریگەرتر دەست پێبکەینەوە. قەرەیلان دووپاتی کردەوە، لەم دواییانەدا کۆبونەوەیەکی گرنگمان سەبارەت بە شەڕو ستراتیجەکەی ئەنجامداوە، تورکیا هەموو جۆرە چەکێکی بەکارهێناوە، هەروەها هەندێک لە شێوازەکانیمان بۆ رای گشتی ئاشکرا نەکردووە لەبەر هۆکاری پەیوەست بە نهێنییەکانی سەردەمی جەنگ. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتویەتی: لە نێو ئەو شێوازانەدا بەکارهێنانی رۆبۆتەکان بوو لە لایەن تورکیاوە لە دژی گەریلاكانمان لە تونێلەکاندا، بەڵام کاریگەرییان بە سەرکەوتویی پوچەڵکرایەوەو، ئێمە لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ شەڕ و ئاشتی و لەهەموو كاتێك بەهێزترین. رونیشیکردەوە، لە ساڵی (2018)ەوە، کاردەکەین بۆ دانانی سنورێك بۆ تەکنەلۆژیای دەوڵەتی تورکیاو، توانیومانە سوود لە زیرەکی دەستکرد وەربگرین بۆ پوچەڵكردنەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بەوپێیەی زۆربەیان ناتوانن بەسەر ئاسمانی ئێمەدا بفڕن، وتیشی، یەشار گولەر وەزیری بەرگری تورکیا درۆ دەکات، سەبارەت بە توانی هێزەکانمان و بوونیان لە باکوری وڵات. قەرەیلان لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە بزوتنەوەیەکی سەرکردایەتیین، هەرچی سەرکردە بڵیێت جێبەجێی دەکەین، بەڵام نەک لەسەربنەمای شکستی لایەنێک و سەرکەوتنی لایەنێكی تر، بەڵکو بەپێی پرەنسیپی دوو هێز شەڕی یەکتر دەکەن بۆ ماوەی (41)ساڵ. داواشی لە بەرپرسانی تورکیا کرد واز لە قسەکردنی هەڕەمەكیانە بهێنن، ئەگەر ئاشتییان دەوێت، دەبێت هەلومەرجەکە دروست بکەن، بە پێچەوانەوە ئەوان بەبێ مەرج و بەبێ بەرامبەر چەکەکانيان دانانێین.
(درەو): دوو لایەنە ناكۆكەكەی كورد لە رۆژئاوای كوردستان، بەئامادەبوونی نێردەی ئەمریكا یەكەم كۆبوونەوەیان كرد، دەیانەوێت وەفدێكی هاوبەشی كوردی بۆ دانوستان لەگەڵ دەسەڵات لە دیمەشق دروست بكەن. پارتی یەكێتیی دیموكراتی (پەیەدە)و دەستەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی باڵای نیشتمانی كورد لە سوریا (ئەنەكەسە) كۆبوونەوە، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات و (سكوت بوڵز) نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ ناوچەكانی باكوری سوریا، بەشداری كۆبوونەوەكەیان كرد. كۆبوونەوەكە لە شاری حەسەكە بەڕێوەچوو، لەبارەی یەكخستنی روانگەی كورد بۆ ئایندەی سوریا گفتوگۆ كرا، بەپێی راگەیەندراوی (ئەنەكەسە)، هەردوولا رێككەوتوون لەسەر تەواوكردنی هەنگاوەكان و راگەیاندنی رێككەوتنەكە لە زوترین كاتدا. محەمەد ئیسماعیل سەرۆكی (ئەنەكەسە) رایگەیاند، وەفدی هەردوولا گەیشبینن بەوەی بگەنە رێككەوتن لەسەر دروستكردنی وەفدی هاوبەش بۆ دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دیمەشق لەسەر مافەكانی كورد. ئەنەكەسەو پەیەدە كە دوو لایەنی ركابەری یەكتر بوون لە رۆژئاوای كوردستان، لە گفتوگۆكانیاندا وەكو محەمەد ئیسماعیل دەڵێ زۆر خاڵیان یەكلاكردوەتەوە. مەوڵوم عەبدی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (X) لەبارەی كۆبوونەوەكە نوسیی:" بۆ دیاریکردنی نەخشەڕێیەکی هاوبەش و یەکخستنی ریزیی کورد لە قۆناغی هەنوکەدا پەیەدەو ئەنەكەسە کۆبوونەوە، هەڵوێست و بۆچوونی هەردوولا جێگەی خۆشحاڵی بوو". " ئەمە هەنگاوی یەکەمی زنجیرە کۆبوونەوەکان بوو بۆ دروستکردنی یەکڕیزیی کورد، لەپێناو سوریایەکی فرەڕەنگ و دیموکراسیدا کە مافی هەموو پێکهاتەکانی تێدا مسۆگەر بێت، سورین لەسەر ئەوەی ئەم دیالۆگە سەربخەین". ئەنەكەسە نزیكن لە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، نزیكبوونەوەیان لەگەڵ پەیەدە، دوای دیدارو پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانی ئەمدواییەی نێوان مەسعود بارزانی و مەزڵوم عەبدی دێت.
ئەم كتێبە بە ووردی باس لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان و بەرهەم و فرۆشی كێڵگە نەوتییەكان دەكات، لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانەی كار دەكەن لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم. لینكی كتێبی (رێبەری كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان ) https://drive.google.com/.../1ucIOIyQph9AljxsmR.../view... ئەم كتێبە دەبێتە (چوارەم) كتێبی (دامەزراوەی میدیایی درەو) تایبەت بە (نەوت) : - نەوتی هەرێمی كوردستان (شیكاری و لێكدانەوەی ژمارەو داتاكان) 2023. - بارگرانی و لێكەوتەكانی ئابوری سەربەخۆ لەرووی (دارایی و یاسایی و سیاسی و كۆمەڵایەتی)یەوە - نەوتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2023 دا - رێبەری كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان لە 2025
راپۆرتی: درەو 🔹 هەناردەی ئەمەریکا بۆ عێراق لە ساڵی 2024دا دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە بەراورد بە ساڵی 2023، چونکە بەهای قەبارەی هەناردە لە (2 ملیار و 257 ملیۆن) دۆلارەوە، دابەزیوە بۆ (ملیارێک و 662 ملیۆن) دۆلار، بەم پێیەش بەهای قەبارەی هەناردە بە ڕێژەی (26.4%) و بڕی (595 ملیۆن) دۆلار کەمی کردووە. 🔹 هەناردەی ئۆتۆمبێل و کەرەستەی گواستنەوەی ئەمریکی بۆ عێراق بە ڕێژەی (42%) زیادی کردووە و گەیشتووەتە (513 ملیۆن) دۆلار لە ساڵی (2024)دا لە کاتێکدا لە ساڵی (2023) کاڵای ناوبراو بە بەهای (361 ملیۆن) دۆلار هەناردەی عێراق کرابوو. 🔹 هەناردەی عێراق بۆ ئەمەریکا بەراورد بە ساڵی 2023 بەڕێژەی (12%) دابەزیوە و لە (8.4 ملیار) دۆلارەوە بۆ (7.4 ملیار) دۆلار دابەزیوە و نەوتی خاویش پشکی شێری ئەو هەناردەکردنە پێکدەهێنێت. 🔹 قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و ئەمریکا لە ساڵی 2024دا گەیشتووە بو نزیکەی (9 ملیار) دۆلار، بەڵام ساڵی (2023) (10.7 ملیار) دۆلار بوو. بەڵام هاوسەنگی بازرگانی بە بڕی (5.7 ملیار) دۆلار لە بەرژەوەندی عێراق بووە. شمەک و کاڵای هەناردەکراوی ئەمریکا بۆ عێراق لە نێوان 2023 و 2024 هەناردەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ عێراق لە ساڵی 2024دا دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە بەراورد بە ساڵی 2023، چونکە بەهای قەبارەی هەناردە لە (2 ملیار و 257 ملیۆن) دۆلارەوە، دابەزیوە بۆ (ملیارێک و 662 ملیۆن) دۆلار، بەم پێیەش بەهای قەبارەی هەناردە بە ڕێژەی (26.4%) و بڕی (595 ملیۆن) دۆلار کەمی کردووە. سەرەڕای ئەم دابەزینە، هەناردەی ئۆتۆمبێل و کەرەستەی گواستنەوەی ئەمریکی بۆ عێراق بە ڕێژەی (42%) زیادی کردووە و گەیشتووەتە (513 ملیۆن) دۆلار لە ساڵی (2024)دا لە کاتێکدا لە ساڵی (2023) کاڵای ناوبراو بە بەهای (361 ملیۆن) دۆلار هەناردەی عێراق کرابوو. بەڵام ئەم گەشەکردنە ڕاست نیە بۆ دابەزینی هەناردەکردنی کەرەستەکانی فڕۆکە و پارچەی یەدەگ و هەروەها دانەوێڵە، کە بووەتە هۆی دابەزینی بەرچاوی کۆی هەناردەکردنی ئەمریکا بۆ عێراق. لەبەرامبەردا هەناردەی عێراق بۆ ئەمەریکا بەراورد بە ساڵی 2023 بەڕێژەی (12%) دابەزیوە و لە (8.4 ملیار) دۆلارەوە بۆ (7.4 ملیار) دۆلار دابەزیوە و نەوتی خاویش پشکی شێری ئەو هەناردەکردنە پێکدەهێنێت. بەم شێوەیە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و ئەمریکا لە ساڵی 2024دا گەیشتووە بو نزیکەی (9 ملیار) دۆلار، ئەمەش لە ئاستی ساڵی (2023) دابەزینی بەخۆوە بینیوە کە (10.7 ملیار) دۆلار بوو. بەڵام هاوسەنگی بازرگانی بە بڕی (5.7 ملیار) دۆلار لە بەرژەوەندی عێراق بووە، ئەمەش گوزارشتە لە بەردەوامی باڵادەستی هەناردەی عێراق سەرەڕای دابەزینی کۆی گشتی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات. بۆ وردەکاری قەبارە و شمەک کاڵای هەناردەکراوی عێراق، بڕوانە خشتەو چارتی ژمارە (1). خشتەو چارتی ژمارە (1) ژمارەو بەهای ئۆتۆمبێلی هەناردەکراوی ئەمریکا بۆ عێراق لە 2020 - 2024 لە ساڵی 2024دا ژمارەی ئۆتۆمبێلی بەکارهێنراوی هاوردەکراو لە ئەمریکاوە بۆ عێراق زیادکردنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و گەیشتووەتە زیاتر لە (22 هەزار 450) ئۆتۆمبێل، کە بەهای کۆی گشتییان سەروو (255 ملیۆن) دۆلار بووە. ئەم ژمارەیە بازدانێکی بەرچاوە بەراورد بە ساڵی 2023 کە سەروو (12 هەزار 600) ئۆتۆمبێل بە بەهای (133 ملیۆن 470 هەزار) دۆلار هاوردەکراون. بەرزبوونەوەی ئاستی ئۆتۆمبێلی هاوردەکراوی بەکارهاتووی ئەمریکی بۆ عێراق دوو هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە. یەکەمیان هەموارکردنەوەی یاساکانی عێراقە، کە ڕێگە بە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی بەکارهێنراو و چاککردنەوەیان لە ناوخۆی عێراق دەدات، ئەمەش کارێکە کە پێشتر قەدەغەکرابوو. لە ماوەی ڕابردوودا زۆربەی ئۆتۆمبێلە بەکارهێنراوەکانی ئەمریکی دەگوازرانەوە بۆ ئیمارات و ئوردن بۆ چاککردنەوە و دواتر هەناردەی عێراق دەکرانەوە. هۆکاری دووەم پەیوەندی بە زیادبوونەوەی خواستە لەسەر ئۆتۆمبێلی ئەمریکی لە بازاڕی عێراقدا، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی بەرچاوی قەبارەی هاوردەکردن. بۆ وردەکاری هاوردەی ژمارەو بەهای ئۆتۆمبێلی بەکارهاتووی ئەمریکی بۆ عێراق لە ساڵانی (2020 - 2024)، بڕوانە خشتەو چارتی ژمارە (2). خشتەو چارتی ژمارە (2)
راپۆرت: درەو 7ی ئاب 2013 وادەی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی هات، بەر لەم وادەیەو لە 5ی كانونی یەكەمی 2012دا ئەرسەلان بایز سەرۆكی پەرلەمان نوسراوێكی ئاڕاستەی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد، داوای لێكرد مەرسومێكی هەرێمیی دەربكات و وادەی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمان دیاری بكات، بەجۆرێك ماوەی (6) مانگ بۆ ئامادەكاریی كۆمسیۆن بۆ هەڵبژاردنەكە، لەبەرچاو بگیرێت. 18ی نیسانی 2013، بارزانی مەرسومێكی دەركردو رۆژی 21ی ئەیلولی 2013ی وەكو وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی هەرێم دیاریكرد، چونكە هاوكات لەگەڵ تەواوبوونی وادەی خولی سێیەمی پەرلەماندا، وادەی سەرۆكی هەرێمیش تەواو دەبوو. وەكو بارزانی خۆی دەڵێ: (لە دوای ئەو فەرمانی دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردن و پێش دەرچوونیشی، جیاوازیی بیروڕا هەبوو لەسەر میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كە ئایا بەپێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ژمارە 1ی ساڵی 2005ی هەمواركراو و پڕۆژەی دەستوور بێت، كە سەرۆكی هەرێم راستەوخۆ لە لایەن خەڵكەوە هەڵبژێردرێت، یان بە پێی بۆچوونی چەند حیزبێك كە داوا دەكەن سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە نێو پەرلەماندا هەڵبژێردرێت). دەستورو درێژكردنەوەی ویلایەتی بارزانی بۆ چارەسەری پرسی چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم، پرسی رەشنوسی دەستوری هەرێمی كوردستان هێنرایە پێشەوە، رەشنوسێك كە لە كۆتایی خولی دووەمی پەرلەمانداو بەدیاریكراوی لە 24ی ئابی 2009دا پەسەندكرا بوو؛ لەڕێگەی بریكارەكانی دابەشكردنی خۆراكەوە، دەقی پرۆژە دەستورەكە بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشكرابوو، ئەم پرۆژەیە لە (122) ماددە پێكهاتبوو، لەكۆی (97) ئەندامی ئامادەبووی دانیشتنی پەرلەمان، (96) دەنگی هێنابوو. دوای پەسەندكردنی پرۆژەی دەستورەكە، پەرلەمانی كوردستان بڕیاریدا بوو، پرۆژەكە بخرێتە راپرسیی گشتییەوە، ئەم بڕیارەش لەكاتێكدا دەرچوو بوو كە ماوەی یاسایی خولی دووەمی پەرلەمان كۆتایی هاتبوو، بەوپێیەی لە تەموزی 2009 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو بوو، بەڵام هێشتا پەرلەمانتارە نوێیەكان دەستبەكار نەبووبوون. خولی سێیەم سەرەتای دەركەوتنی بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆنی بەهێزبوو لەناو پەرلەمان بە سەرۆكایەتی بزوتنەوەی گۆڕان؛ كە پێكەوە لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامیو یەكگرتووی ئیسلامیدا لەكۆی (111) كورسی (35) كورسی پەرلەمانیان هەبوو، ئەم بەرە نوێیە ناڕەزایەتی لەسەر رەشنوسەكە هەبوو، رێگری كرد لە تێپەڕاندنی دەستورەكە بۆ راپرسی گشتیی. 17ی شوباتی 2011 لەژێر كاریگەریی خۆپیشاندانەكانی "بەهاری عەرەبی"دا، شەپۆلێك خۆپیشاندان لە هەرێمی كوردستان دەستی پێكرد، یەكێك لەداواكارییەكانی خۆپیشاندانەكانی 17ی شوبات، گەڕاندنەوەی دەستور بوو بۆ پەرلەمان، مانگێك دوای ئەم خۆپیشاندانانەو بە دیاریكراوی لە 17ی ئازاردا، لەژێر فشاری شەقامو لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان، پەرلەمانی كوردستان بڕیاری ژمارە (2)ی پەسەندكرد، یەكێك لە خاڵەكانی ئەم زنجیرە بڕیارە ئەوە بوو، دەستورە پەسەندكراوەكە نەخرێتە راپرسی گشتییو جارێكی تر بگەڕێندرێتەوە بۆ پەرلەمان بەمەبەستی هەمواركردنو دروستكردنی كۆدەنگییو سازانی نیشتمانیی لەسەری. بۆیە كاتێك بۆ پرسی چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم بابەتی دەستور هێنرایەوە پێشەوە، لە 19ی ئابی 2013دا هەر چوار فراكسیۆنی (گۆڕان+ یەكگرتوو+ كۆمەڵ+ ئایندە) راگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوەو تێیدا ئاماژەیان بەوەكرد: • چوار ساڵ بەسەر رەشنوسی دەستوردا تێپەڕیوەو راپرسی بۆ نەكراوە. • رۆژی 17ی ئازاری 2011 (واتا لەسەروبەندی خۆپیشاندانەكانی شوباتدا لە سلێمانی) بەزۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران دەنگدراوە بە بڕیاری ژمارە (2)، لەم بڕیارەدا هاتووە (چاوخشاندنەوەی بە رەشنوسی دەستوری هەرێمدا بەمەبەستی داڕشتنی دەستورێكی هاوچەرخی دیموكرات كە تێیدا گشت مافە مەدەنی و سیاسی و یاساییەكانی هاونیشتمانیان بە رەسمی ناسرا بن و دەسەڵاتەكان بە ئاشكرا جیاكرابنەوەو سەربەخۆییان پارێزراو بێت). • بەپێی پەیڕەوە یاساییەكان، ئەم بڕیارەی سەرەوە هەر بڕیارو یاسایەكی تر هەڵدەوەشێنێتەوە كە رێگر بێت لە گێڕانەوەی رەشنوسی دەستور بۆ پەرلەمان، بۆیە گێڕانەوەی ئەو رەشنوسە نەك پێچەوانەی یاسا نییە، بگرە نەهێنانەوە بەمەبەستی هەمواركردن پێچەوانەی ئەم بڕیارەیە. • 60 پەرلەمانتار یاداشتیان بۆ گێڕانەوەی دەستور بۆ پەرلەمان ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە، لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە بە هەند وەرنەگیراوە. • بەپێی بڕیاری ژمارەی (27)ی ساڵی 2008 لە یاسای پەسەندكردنی دەستوری هەرێمی كوردستان؛ بڕیاری ریفراندۆم لەسەر دەستور لە دەسەڵاتی سەرۆكایەتی پەرلەمان و حكومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەكاندایە. • هاودەنگین كە گۆڕانكارییە ناوچەیی و ناوخۆییەكان دەخوازن پرۆژەی رەشنوسی دەستور پێداچوونەوە پێدا بكرێت و ئەو ماددەو بڕگانەی هەموار بكرێنەوە كە تایبەتن بە شێوەی سیستمی حوكمڕانی و پشتبەستن بە ماددەی 140 لە دیاریكردنی دەستورو شێوازی دانانی ئەندامانی دادگایی دەستوریی. بڕیاری ژمارە (2)ی پەرلەمان كە پشتیوانی لە گەڕاندنەوەی پرۆژەی دەستور دەكرد بەمەبەستی هەمواركردنەوەی، لە رۆژنامەی "وەقایعی كوردستان"دا بڵاونەكرایەوە، بەهۆیەوە دواجار دەستورەكە نەگەڕێندرایەوە بۆ پەرلەمان، بەڵام نەشخرایە راپرسی گشتیی و پشتگوێ خرا. لەم نێوەندەدا، پەرلەمان رۆژی 30ی حوزەیرانی 2013 دوو یاسای دەركرد: - یاسای درێژكردنەوەی تەمەنی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان لە (20ی ئابی 2013 تاوەكو 1ی تشرینی دووەمی 2023). - یاسای درێژكردنەوەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێم بۆ ماوەی (2 ساڵ)و لە (20ی ئابی 2013 تاوەكو 19ی ئابی 2015) بەوجۆرەی كە (ئیتر یارای درێژكردنەوەی نەبێت). بەمشێوەیە پەرلەمان دەرگای لەسەر مشتومڕەكان لەسەر پرسی چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم (لەناو پەرلەمانەوە یاخود راستەوخۆ لەناو خەڵكەوە) دواخست. 16ی تەموزی 2013 مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە، تێیدا درێژكردنەوەی ویلایەتی سەرۆكایەتییەكەی قبوڵ كردو رایگەیاند: (یاسای درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمانی كوردستانم ئیمزا كرد تاوەكو هیچ بۆشاییەكی یاسایی و دەستووری لە هەرێمی كوردستاندا دروست نەبێت. ماوەو ویلایەتی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، لە لایەن پەرلەمانی كوردستانەوە بە دەنگی فراكسیۆنی كوردستانیی پارتی و یەكیێتی لەگەڵ فراكسیۆنەكانی حیزب و نەتەوەكانی دیكەی ناو پەرلەمان و سەربەخۆكان جگە لە فراكسیۆنەكانی حیزبەكانی ئۆپۆزیسیۆن، درێژكرایەوە. ئێستا من لەبەردەم ئەركەكانی ئەو هاوپەیمانییەتەدام كە لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا هەیە.. ئەمڕۆش كە جەنابی مام جەلال لەبەر باری تەندروستی لە كوردستان نییە هەست دەكەم بەرپرسیارێتییەكەی ئەویش دەبێ من ئەنجامی بدەم لە پاراستن و بەهێزكردنی ئەو هاوپەیمانییەتییەدا وەك وەفادارییەك بۆ پێكەوەكاركردن و هاوخەباتیی و هاوكاریی چەندساڵەی نێوانمان لە پێناو گەل و وڵاتەكەماندا.. هەروەها بۆ رەچاوكردنی نیگەرانییەكانی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستان.. یاسای درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانم رەتنەكردەوە.. درێژەی راگەیەندراوەكە لە پاشكۆی ئەم بەشەدا دانراوە). هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمان بەمجۆرە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی لە هەڵبژاردنی پەرلەمان جیاكرایەوەو لە 21ی ئەیلولی 2013دا هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكە بەڕێوەچوو، (31) لیست بهشدارییان تێیدا كرد. (17) لیست سەركەوتوو بوون، ئهنجامی هەڵبژاردنەكەش بەمشێوەیە بوو: ئەوەی جێگەی سەرەنجە؛ لەم هەڵبژاردنەدا بەپێچەوانەی رێككەوتنی ستراتیژییەوە، پارتی و یەكێتیی بە لیستی جیاواز بەشدارییان كرد، ئەمە هەم بۆ ئەوەی قەبارەی دەنگی هەریەكێكیان دەربكەوێت هەم بۆ ئەوەش ئیتر بزوتنەوەی گۆڕان پرسی بەیەكەوە بوونەكەی یەكێتیی لەگەڵ پارتی نەكاتە خاڵی لاواز بۆ راكێشانی دەنگی خەڵك لە سنوری سلێمانی. بۆ جاری یەكەم لەدوای دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنی بەهێزەوە بە رێبەرایەتی نەوشیروان مستەفا، بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنەكەدا بە جیاوازی (6) كورسی كەوتە پێش یەكێتیی نیشتمانی بوو بە هێزی دووەم لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان. ئیتر لێرەوەو دوای 4 ساڵ لە ریبەرایەتیكردنی ئۆپۆزسیۆنێكی تاڕادەیەك رادیكاڵتر بەراورد بە پێش خۆی، بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاریدا بەشداری حكومەت بكات و ببێت بە بەشێك لە دەسەڵات، بەوهۆیەوە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكومەت لە هەرێمی كوردستان ماوەی نزیكەی (9) مانگی خایاند. كابینەی هەشتەم.. پێنج قۆڵییەكە رۆژی 18ی حوزەیرانی 2014 كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی (نێچیرڤان بارزانی) پێكهات. ئەم كابینەیە (بنكە فراوان) بوو، لەپاڵ پارتی و یەكێتیی دا، سێ لایەنە سەرەكییەكەی ئۆپۆزسیۆن (بزوتنەوەی گۆڕان+ یەكگرتوو+ كۆمەڵ) بەشدارییان تێدا كرد، واتا كابینەكە (پینج قۆڵی) بوو. لێرەوە بۆ یەكەمجار درز كەوتە ناو رێككەوتنە ستراتیژییەكەی نێوان بارزانی و تاڵەبانی، بۆ پێكهێنانی كابینەكە، پارتی كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردن بوو، بەر لە یەكێتیی رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان ئیمزا كرد. رێككەوتنی لایەنەكان بۆ پیكهێنانی حكومەت، پۆست و وەزارەتەكانی كابینەكەی (كە 23 پۆست بوو) بەمشێوەیە دابەشكرد: • پارتی: سەرۆكی حكومەت + 5 وەزارەت (ناوخۆ، سامانە سروشتییەكان، پلاندانان، پەروەردە، شارەوانی) • گۆڕان: پۆستی سەرۆكی پەرلەمان + 4 وەزارەت (دارایی و ئابوری، پێشمەرگە، پیشەسازی و بازرگانی، ئەوقاف و كاروباری ئاینی) • یەكێتیی: جێگری سەرۆك وەزیران + 5 وەزارەت (تەندروستی، ئاوەدانكردنەوە، رۆشنبیری، خوێندنی باڵا، شەهیدان و ئەنفال) • یەكگرتووی ئیسلامی: 3 وەزارەت (كاروباری كۆمەڵایەتی، كارەبا، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان) • كۆمەڵی ئیسلامی: 2 وەزارەت (كشتوكاڵ، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری ژینگە) ناوی ئەندامانی كابینەی هەشتەم نێچیرڤان بارزانی بەرنامەی كابینە پێنج قۆڵییەكەی لەبەردەم پەرلەماندا خوێندەوە، جەختی لەسەر چەند خاڵێك كرد كە ئەمانەن بوون: • بهدامهزراوهكردنی حكومهتێكی كاراو شهفاف. • بنهمای هاوڵاتیبوون، جیاكردنهوهی دهسهڵات. • سهروهریی یاسا و یهكسانی له بهردهمیدا. • چاكسازیی ههمهلایهنه و ڕاستهقینه. • دۆزینهوهی چارهسهری گونجاو بۆ بهرهنگاربوونهوهی ههموو جۆره گهندهڵییهك له دامودهزگاو دامهزراوهكاندا. • لێكجیاكردنهوهی دهسهڵات و ئهرك و بهرپرسیاریهتیی حكومهت له كارو چالاكیی حزبی. • پێكهاتهكانی ئهم كابینهیه هاوبهشی ڕاستهقینهن له حكومهدا، چ له ههڵسوكهوتی بهڕێكردنی ئهركی حكومهت و چ له بڕیاردان و، چ له ئهستۆگرتنی بهرپرسیاریهتیی بهرامبهر گشت ئهو بریارانهى كه دهدرێت. • هاوبهشان لهم كابینهیهدا بهڵێنیان له ئاستی بهرپرسیاریهتی و توانای ئابوری و دارایی و كارگێڕیی دهسهڵاتی حكومهتدا دهبێت و پێكهوه بهرپرس دهبن له بڕیارهكانی. هیچ لایهنێك نابێته ڕێگر له جێبهجێكردن و پیادهكردنی بڕیارهكانی. • یهكێك له ئهركهكانی ئهم كابینهیه، گرتنهبهری سیاسهتی ئاشتیخوازانه دهبێت بۆ چارهسهركردنی كێشه چارهسهرنهكراوهكانی تائێستا و ئایندهی ههرێم لهگهڵ حكومهتی فیدڕاڵی عێراق، بهتایبهتى كێشهی ناوچه كوردستانییهكانی دهرهوهی ئیدارهى ههرێم و جێبهجێكردنی مادهی 140ی دهستور. • ههوڵ دهدهین پێكهوه، به ههماههنگی لهگهڵ سهرۆكایهتیی ههرێم و پهرلهمانی كوردستان و به هاوكاریی لایهنه سیاسییهكان، ههنگاوی پهله بنێین بۆ دامهزراندنی ئهنجومهنێكی دانوستاندن بۆ ڕێكهوتنی سیاسیمان كه گوزارشت له ئیرادهی خهڵكی كوردستان بكات. • كابینهی ههشت زهمینهی لهبار دهڕهخسێنی بۆ كاراكردنی ڕۆڵی چاودێریی پهرلهمان لهسهر كاری حكومهت. له ههمان كاتدا ئێمه داوای متمانه و پاڵپشتیی پهرلهمان دهكهین تا پێكهوه خزهمهتی چاوهڕوانكراوی هاووڵاتیانى ههرێمى كوردستان بكهین. • كابینهی ههشت پهیوهندی و هاوكاری و ههماههنگیی بهردهوام و پتهوى لهگهڵ پهرلهمانی ههرێمی كوردستان و دهستهی سهرۆكایهتیی پهرلهماندا دهبێت. • ئامانجمان بهدیهێنانی بهردهوام و جۆراوجۆركردنی سهرچاوهكانی داهات و خۆنهبهستنهوه به تاكه سێكتهری نهوت. كار دهكهین بۆ گهشهپێدانی كهرتی كشتوكاڵ و پشهسازی و بازرگانی و خزمهتگوزاری و كهمكردنهوهی جیاوازیی ههلومهرجی ژیانی گوند و شار. • بهرزكردنهوهی ئاستی خزمهتگوزارییه سهركییهكانی كار و ئاو و كارهبا و ڕێگاوبان كه گونجاو بێت لهگهڵ گهشهی ئابووریی بهرچاوی كوردستان. • بهرزكردنهوهی ئاستی بژێوی تاك و پهرهسهندنی وهبهرهێنانی خۆماڵی و بیانی له ڕێی بهگهڕخستنی تهواوی توانا و سهرمایهی ماددی و مرۆیی له ههرێمى كوردستان. • كار دەكهین بۆ جێبهجێكردن و چهسپاندنی لامهركهزی، جیاكردنهوهی دهسهڵاتهكان، ڕێككهوتن لهسهر ههمواركردنی ئهو یاسایانهی ڕهههندی نیشتیمانییان ههیه. • بهردهوام دهبین لهسهر چاكسازیی سیستهمی پهروهرده و خوێندنی باڵا و فێركردن به دابینكردنی پێداویستییهكانیان و بهرزكردنهوهی ئاستی زانستیی مامۆستایان. • كار دهكهین بۆ پهیڕهوكردنی سیستهمی تهندروستیی پێشكهوتوو و جیاكردنهوهی كهرتی گشتی و تایبهت له خزمهتگوزارییهكانی تهندروستیدا. • ههوڵ دهدەین به ڕێكاری یاسایی چاو به سیستهمی خانهنشینی و موچهدا بخشێنێتهوه، به جۆرێك كه هاوڵاتیان به شێوهیهكی دادپهروهرانه لێی سوودمهند بن. • كار دهكەین بۆ دروستكردنی سندوقی كوردستان بۆ داهاتی نهوت و دامهزراندنی كۆمپانیای نهوتی ههرێم وهك له یاسای ژماره (22)ی 2007ی تایبهت به نهوت و گازی ههرێمدا هاتووه. ئەمە بەشێكی ئەو بەڵێنانە بوو كە كابینەی پینج قۆڵی بە خەڵكی كوردستانی دا (لە پاشكۆدا دەقی وتارەكەی نێچیرڤان بارزانی دانراوە كە چەندین بەڵێنی تری تێدایە)، ئەم بەڵێنانەش لەكاتێكدا بوو بەغداد بەشە بودجەی هەرێمی راگرتبوو، نێچیرڤان بارزانی لە كۆتاییەكانی كابینەی حەوتەمەوە كە هەر خۆی سەرۆكایەتیی حكومەتی دەكرد، لەرێگەی پەرلەمانەوە ئامادەكاریی كردبوو بۆ راگەیاندنی پرۆسەی "ئابوری سەربەخۆ"، ئابورییەك كە تێیدا حكومەتی هەرێم خۆی بەشێوەی راستەوخۆو بێ گوێدانە ناڕەزایەتییەكانی بەغداد نەوت هەناردەی دەرەوە بكات و بە داهاتەكانی ئیدارەی كاروباری خۆی بدات. بۆیە كابینەی هەشتەم هاوكات لەگەڵ پرۆسەی ئابوری سەربەخۆو دەستپێكردنی شەڕی "داعش" لەدایكبوو، كە دۆخێكی ئابوری وای بۆ دروستكرد تەنانەت نەتوانێت موچەی موچەخۆران دابین بكات و پەنا بۆ "پاشەكەوتكردنی موچە" ببات. وێنەی یادەوەریی كابینەی پێنجەم لەناو پەرلەمانی كوردستاندا سەرباری بەشداری بزوتنەوەی گۆڕان وەكو لایەنیكی "ریفۆرمخواز"و بەڵێنەكانی كابینە پێنج قۆڵییەكە، ئەم حكومەتە لەدوای دەستبەكاربوونییەوە یاسای بودجەی نەبوو (لەوكاتەوە تائێستا هەرێمی كوردستان هیچ یاسایەكی بودجەی نییە، ئەمە لەكاتێكدایە كە لەماوەی ساڵانی 2007 تاوەكو 2013 كە پشكی هەرێم لە بەغدادەوە هاتووە، یاسای بودجە بەشێوەیەكی رێكخراو دەرچووە)، سەرباری ئەمەش بەهۆی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆوە كە ئەم كەبینەیە پەیڕەوی كرد، فرۆشی سەربەخۆی نەوت لەڕووی داهاتەوە نەیتوانی شوێنی پشكی هەرێم بە بودجەی گشتیی عێراق بگرێتەوە، ئەمەش بووە هۆكاری پاشەكشێی هەرێم لە پەندین رووەوە، بەجۆرێك: • (5) هەزار پڕۆژە وەستاون، (3 هەزار و 500) کارگەی گەورەو بچوک داخراون. زیاتر لە (1000) کۆمپانیا مایەپوج بوون. • حکومەتی عێراق لە دوای ساڵی (2014)ەوە بە بڕی (81 ترلیۆن و 611 ملیار و 422) ملیۆن دینار بودجەی لە پشکی هەرێمی کوردستان راگرت. لەبەرامبەردا حکومەتی هەرێمی کوردستان توانی بڕی (1 ملیار و 103 ملیۆن و 857 هەزار 335) بەرمیل نەوت لە ماوەی (8) ساڵدا هەناردە بکات و بڕی (30 ترلیۆن و 863 ملیار 374 ملیۆن و 220 هەزار 231) دینار _دوای لێدەرکردنی خەرجییەکان و هەرزانتر فرۆشتنی_ بۆ بمێنێتەوە. ئەو جیاوازییەی لە بەراوردی فرۆشی سەربەخۆی نەوت و بودجەی گشتی عێراق دەکەوێتەوە؛ بریتییە لە (50 ترلیۆن و 748 ملیار و 47 ملیۆن 779 هەزار و 769) دینار بووە. • بههۆی كورتهێنانه بهردهوامهكان و بهتایبهتیش بههۆی قهیرانهكانی ساڵانی (2014-2017 و2020) ههرێمی كوردستان كهوته ژێر باری قهرزێكی زۆرهوه، کە بەشی زۆری قەرزی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و بەدوای ئەویشدا پابەندییە داراییەکان و قەرزی دەرەکی و قەرزی بانکی (تی بی ئای)و قەرزی ناوخۆیین و بڕەکەی زیاترە لە (31 ملیار) دۆلاری ئەمریکی، بەشێکی گەورەی قەرزەکانیش دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی كابینەی هەشتەم. • کۆی شایستەی دارایی موچەخۆران، بەهۆی لێبڕین و پاشەکەوتی موچە لەلایەک و؛ راگرتنی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران لەلایەکی تر لە هەردوو كابینەی هەشتەم و نۆیەم، گەیشتوەتە نزیكەی (25 ترلیۆن) دینار. • زیادبوونی رێژەی كۆچكردن لە ناو گەنجانی هەرێمی كوردستان، هاوكات بەرزبوونەوەی رێژەی تەڵاق لەناو خێزانەكاندا بە بەراورد بە ساڵانی بەر لە راگەیاندنی ئابوری سەربەخۆ. • چەندین لێكەوتی تری ئابوری و كۆمەڵایەتی و سیاسی دەریدەخەن پرۆسەی ئابوری سەربەخۆ، لەبری گەشانەوە، پاشەكشێی لە هەرێم دروستكردووە، بۆ وردەكاری زیاتر خوێنەر دەتوانێت سود لە كتێبی (بارگرانی و لێكەوتەكانی ئابوری سەربەخۆ لەڕووی یاسایی، دارایی و ئابوری، سیاسی و كۆمەڵایەتی) ببینێت، كە بەرهەمێكی چاپكراوی (دامەزراوەی میدیایی درەو)ەوە لە ساڵی 2023دا. داخستنی پەرلەمان و تێكچوونی كابینە 13ی حوزەیرانی 2015، مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم فەرمانیدا بەوەی رۆژی 20ی ئابی 2015 هەڵبژاردنی گشتیی بۆ سەرۆكی هەرێم ئەنجام بدرێت، چونكە لە 19ی ئابی ئەو ساڵە ماوەی درێژكراوەی ویلایەتی بارزانی بۆ (2 ساڵ) كۆتایی دەهات. بانگەوازی بارزانی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو خەڵكەوە لەكاتێكدا بوو كە تا ئەوكات فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان لەسەر هەمواری یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم و چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆك نەگەیشتبوونە رێككەوتن. ئیتر لەوكاتەوە تاوەكو 23ی حوزەیرانی 2015 لایەنە سیاسییەكان چوونە ناو زنجیرەیەك كۆبوونەوە بۆ رێككەوتن لەسەر چۆنیەتی هەمواری یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم بەڵام نەگەیشتنە رێككەوتن، بەتایبەتیش پارتی و بزوتنەوەی گۆڕان. بارزانی لە بیرەوەرییەكانی خۆیدا لەبارەی كۆبونەوەكان بۆ رێككەوتن لەسەر هەمواری یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم دەڵێ: (18ی ئابی 2015 لە هۆڵی مامۆستا سەعد عەبدوڵا كۆبوونەوەیەكی فراوان بە بەشداری نوێنەری نەتەوەیە یەكگرتووەكان و ئەمریكا و بەریتانیا بەڕێوەچوو؛ تا بەربەیانی خایاند لە كۆبوونەوەكەدا برێت مەكگۆرك بەناوی ئەمریكاوە رایگەیاندبوو: من نوێنەری ئەمریكام، ئێمە زانیاریمان هەیە كە داعش چی بەرنامەو پلانێكی هەیە بۆ كوردستان. حەمە تۆفیق رەحیم ئەندامی وەفدی گۆڕان وەڵامی داببوەوە كە "ئێوە بۆخۆتان شەڕ دەكەن، نەك بۆ ئێمە" كۆبوونەوەكە تا بەیانی رۆژی 19ی ئاب بەردەوام بوو، لەسەر ئەوە رێككەوتبوون كە كۆبوونەوەی پەرلەمان دوابخرێت، بەڵام لە ئەنجامدا بەبەرچاوی نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەمریكا و بەریتانیا، بەپێی رێنمایی سەركردایەتییان، یوسف محەمەدو فەخرەدین قادر هەوڵیاندا پەرلەمان كۆببێتەوە، بەڵام رێژەی یاساییان پێتەواو نەكرا، ژمارەی ئامادەبووان بەمشێوەیە بوو: 24 پەرلەمانتاری گۆڕان، 18 پەرلەمانتاری یەكێتیی، 4 پەرلەمانتاری كۆمەڵ، 5 پەرلەمانتاری یەكگرتوو، پێنج پەرلەمانتاری تری یەكگرتوو بەشدار نەبوون. رێژەی یاسایی تەواو نەبوو، بۆیە یەكێتیی توشی شكستی گەورەبوو، گۆڕانیش بەتەواوی بێ هیوا بوو، دوای ئەم بارودۆخە كاتی وەڵامدانەوەیان هات). 23ی حوزەیرانی 2015 یوسف محەمەد سەرۆكی خولی پێشووی پەرلەمان كە سەربە بزوتنەوەی گۆڕان بوو، هەموار یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی خستە بەرنامەی كاری دانیشتنی پەرلەمانەوە، پارتییەكان كە دەیانزانی بزوتنەوەی گۆڕانو هاودەنگەكانی لەو پرسەدا، دەیانەوێت لەو كۆبونەوەیەدا كۆتایی بە ماوەی درێژكراوەی سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی بهێنن، هەوڵی شكاندنی نیسابی یاساییان دا، بەشێوازی یاسایی نەیانتوانی رێگری لە دانیشتنی پەرلەمان بكەن، دواجار پەنایان بۆ رێگەچارەی سەربازی بردو رێگرییان كرد لە گەڕانەوەی سەرۆكی پەرلەمان كرد بۆ هەولێر. لەم مەسەلەیەدا پارتییەكان، یوسف محەمەدی سەرۆكی خولی پێشووی پەرلەمانو بزوتنەوەی گۆڕانیان تۆمەتبار دەكرد بەوەی سازانو تەوافوقو رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتیان شكاندووەو لە پرسێكی هەستیاردا (سەرۆكایەتییەكەی بارزانی) لەسەر بنەمای زۆرینەو كەمینە بڕیاریانداوە. دوای رێگری لە گەڕانەوەی سەرۆكی پەرلەمان لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر، پارتی بەفەرمی وەزیرەكانی گۆڕانیشی لە حكومەت دەركردو رێككەوتنی سیاسی خۆی لەگەڵ گۆڕان هەڵوەشاندەوە. لەبارەی ئەم رووداوە، بارزانی بەهانە بۆ داخستنی دەرگای پەرلەمانی كوردستان دەهێنێتەوەو لە بیرەوەرییەكانی خۆیدا دەڵێ: (لەو سەروبەندەی ئێمە سەرقاڵی روبەڕووبونەوەی داعش بووین، رۆژی 23ی حوزەیرانی 2015 هەوڵی كودەتایاندا، لای من زۆر سەیر بوو بەیەك دەنگی پەرلەمانتاری حزبی شیوعی رێژەی یاسایی تەواو بوو، لە كۆبوونەوەكەدا پەرلەمانتارێكی بزوتنەوەو ئاشوریەكیش ئامادەبوون، بەڵام زۆر باش بۆمان دەركەوت كە كێ لە پشت ئەم پیلانەوەیە! بەر لە كۆبوونەوەكەی پەرلەمان، هێمن هەورامیم ناردە لای سەرۆكی پەرلەمان و هەواڵم بۆ نارد پێویست ناكات ئەو كارە بكەن، ئەمە شەڕ فرۆشتن و كۆدەتایەو بەهیچ شێوەیەك قبوڵناكرێت، ئەگەر بەردەوام بن لەسەر هەڵوێستەكانتان دواتر گلەیی نەكەن، ئێمە باوەڕی تەواومان بە پرۆسەی دیموكراسی هەیە بەڵام بە شێوەیەكی تر وەڵامی كودەتا دەدرێتەوە. سەرۆكی پەرلەمان لوتبەرزانەو نابەرپرسانە وەڵامی دابووەوە دیار بوو هێشتا لە دونیا نەگەیشتبوو). لەدوای داخستنی دەرگای پەرلەمان لەسەر فەرمانی بارزانی و بەهۆی هەمواری یاسایی سەرۆكایەتییەكەوە، ئیتر كابینەی پێنج قۆڵی حكومەت توشی لێكترازان بوو، لەو دۆخە ئاڵۆزەدا، بارزانی لە 25ی ئەیلولی 2017دا رێبەرایەتیی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان و جیابوونەوەی لە عێراق كرد، ریفراندۆمەكە روبەڕووی كاردانەوەی توندی حكومەتی عێراق و ئێران و توركیا بووەوە، بەناچاریی و لەژێر فشاردا ئەنجامەكانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان سڕكرا، بارزانی بە ناچاریی رێگەی گفتوگۆی لەگەڵ بەغداد گرتەوەبەر، لەدوای ئەم روداوانە، ئیتر بارزانی بڕیاریدا دەست لە پۆستی سەرۆكی هەرێم هەڵگرێت. سەرچاوەكان: • سایتی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان https://presidency.gov.krd/krp/kurdish/articledisplay.aspx?id=hHO2PW7aZI8= • سایتی پەرلەمانی كوردستان https://www.parliament.krd/about-parliament/parliament-terms/term-4/ • سایتی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان https://8th.cabinet.gov.krd/p/page.aspx?l=13&s=000000&r=424&p=355&h=1&t=0 • نێچیرڤان بارزانی گرەو لەسەر دەستور دەكات، راپۆرتی (درەو) https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=8403 • بارگرانی و لێكەوتەكانی ئابوری سەربەخۆ، دامەزراوەی میدیایی درەو، چاپی یەكەم 2023 • بارزانی و بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد، بەرگی شەشەم پاشكۆكان: دەقی مەرسومی هەرێمی بۆ دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمان و سەرۆكایەتیی هەرێم بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان دوای ئەوەی بە پشتبەستن بە برگەی (دوو) لە ماددەی (دە) و ماددەی (چوار)ـی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم ژمارە (1)ـی ساڵی (2005)ـی هەمواركراو و پابەندبوون بە بنەما دیموكراتییەكانی سیستەمی سیاسیی هەرێمی كوردستان لە ڕێكەوتی 8ـی 4ـی 2013ـدا بە نووسراوێكی فەرمی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانم ئاگادار كردەوە كە پێویستە ئامادەكاریی بۆ سازدانی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكی هەرێم و پارلەمانی كوردستان بكەن، لە ڕۆژی 16ـی 4ـی 2013 كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بە نووسراوی ژمارە (خ 13490) وەڵامی ئیجابی بۆ نامەكەمان دایەوە و ئامادەیی خۆیان ڕاگەیاند كە دەتوانن لە ماوەی نێوان (5ـی ئەیلوولی 2013) هەتا (5ـی تشرینی یەكەمی 2013) لە هەر ڕۆژێكدا بێت هەڵبژاردنەكانی سەرۆكی هەرێم و پارلەمانی كوردستان بەڕێوە ببەن. بە پێی ئەو دەستەڵاتەی لە یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم پێمان دراوە و بەلەبەرچاوگرتنی ئامادەیی كۆمیسیۆن، بە فەرمانێكی هەرێمی بڕیارمدا ڕۆژی شەممە ڕێكەوتی(21ـی ئەیلوولی 2013) وەك ڕۆژی سازدانی هەر دوو هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم و پارلەمانی كوردستان دیاری بكرێت. داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەم هەموو ئامادەكاریی پێویست بكەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێكی شارستانی و ئازاد ئەنجام بدرێت و نابێت هیچ لایەك بە هیچ شێوەیەك دەست بخاتە ناو كاروباری سەرپەرشتیارانی پڕۆسەی هەڵبژاردن. مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان 18ـی 4ـی 2013 دەقی راگەیەندراوی مەسعود بارزانی سەبارەت بەو ناكۆكییانەی لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمەوە دروستبوون بەناوی خوای گەورە و میهرەبان گەلی خۆشەویستی كوردستان.... هێز و لایەنە سیاسییەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی... بۆ من خۆشترین بڕیار ئەوە بووە كە لە تەمەنی 16 ساڵیدا لە پێناو ئازادی و مافە نەتەوەیی و دیموكراتییەكانی گەلی كوردستان و ڕزگاركردنی خاكی كوردستاندا بوومە پێشمەرگەی كوردستان. پێشمەرگایەتیش گەورەترین شانازیی ژیانی منه و، لە هەر پلە و پۆستێكدا بووبم بە گیانی پێشمەرگانە كار و خەباتم كردووە و، بە بیروباوەڕی پێشمەرگانەوە كارم بۆ بەرژەوەندیی گەلەكەم كردووە و، هەر لەو ڕوانگەشەوە هەموو پۆستەكانم بۆ بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانەكەم بەكارهێناوەن. زۆریش سەربەرزم بەوەی كە هەر لە سەرەتای راپەڕینی شكۆداری گەلی كوردستان لە بەهاری 1991ـەوە وەك پابەندبوون بە ئامانجەكانمان لە ئازادی و دیموكراسی لە كاتی شۆڕش و خەباتی پێشمەرگایەتیدا لە شاخ، هەروەها وەك ئەركێكی نیشتمانی و چەسپاندنی بنەماكانی دیموكراسی و دامەزراندنی سیستەمێكی سیاسی و ئیداریی دیموكراسیانە، داوام كرد بەرەی كوردستانی بە زووترین كات هەڵبژاردنێكی ئازاد ئەنجام بدات، بۆ ئەوەی گەلی كوردستان لە ڕێگەی سندوقەكانی دەنگدانەوە، چارەنووس و سیستەمی سیاسیی خۆی دیاری بكات. لەوكاتەوە گەلی كوردستان، بە هاوكاریی هەموو لایەنە شۆڕشگێرەكانییەوە پڕۆسەیەكی دیموكراسییانەی دەستپێكرد. ئێستاش بە پشتێوانیی خوای گەورە و هاوكاریی دڵسۆزان و خەبات و خۆڕاگریی گەلەكەمان، پێشكەوتنی گەورە لە هەموو ئاستەكانی ژیانی خەڵكی كوردستاندا بەدیهاتوون. هەر بەو هۆیەوە كوردستان ئەمڕۆ نێوبانگێكی باشی هەیە لە ڕووی جێگیریی سیستەمی سیاسی و سەقامگیریی باری ئەمنی و پێكەوەژیان. هەروەها پێشكەوتنەكان لە بواری ئابووری و ئاوەدانیدا، ڕۆژ بە ڕۆژ پێگەی كوردستان لە جیهاندا بەهێزتر دەكەن. لە ماوەی ڕابردوودا لە هەرێمی كوردستاندا، وەك بەشێك لە نەریتی دیموكراسی، گفتوگۆ و گەنگەشەیەكی زۆر لەسەر سروشت و پێناسەی سیستەمی سیاسی و پڕۆژەی دەستوور هاتە ئاراوە. بۆ پێشكەشكردنی نموونەیەكی جوانتری پڕۆسەی دیموكراسی و پابەندبوون بە یاساوە، نامەی فەرمیم نارد بۆ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، تاوەكو لە مانگی 9ی ئەمساڵدا هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێن. بەو شێوەیە ئەوەی ئەركی سەرشانی من بووە بەجێمگەیاندووە، لە نامەناردن و داواكردنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان و پاشان دیاریكردنی كاتی هەڵبژاردنەكان، كە ئەویش رۆژی 21/9/2013 بووە. لە دوای ئەو فەرمانە و پێش دەرچوونیشی، جیاوازیی بیروڕا هەبوو لەسەر میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كە ئایا بەپێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ژمارە 1ی ساڵی 2005ی هەمواركراو و پڕۆژەی دەستوور بێت، كە سەرۆكی هەرێم راستەوخۆ لە لایەن خەڵكەوە هەڵبژێردرێت، یان بە پێی بۆچوونی چەند حیزبێك كە داوا دەكەن سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە نێو پەرلەماندا هەڵبژێردرێت. ئەمەیش جیاوازی خستە ناو لایەنەكانەوە پاشان پرسی پڕۆژەی دەستووری هەرێمی خرایە سەر و دەرئەنجام بەداخەوە مامەڵەكردنی توندی هەندێ لایەن پڕۆسەی سیاسی بەرەو قەیران برد. بۆ ئەوەی بتوانین زەمینەی پێكەوەكاركردنێكی باشتر بهێنینە ئارا سەبارەت بەو پرسانە و بۆ ئەوەی نموونەیەكی جوانتری پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان پێشانی خەڵكی خۆمان و دەرەوەش بدەین، هەروەها بۆ ئەوەی بتوانین زەمینەی تەوافوق بڕەخسێنین و لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی كوردستان، سەرنج و تێڕوانینی خۆیان لەسەر شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك و پڕۆژەی دەستوور بخەنەڕوو، بەنامەیەك لە 25ـی 5ـی 2013 داوام لە هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كرد، تێبینی و سەرنجەكانیان لەسەر پڕۆژەی دەستوور بۆ ئێمە بنێرن. دوای گەیشتنی وەڵامەكان، داوام لە سەرۆكایەتیی پەرلەمان كرد لەگەڵ سەرجەم لایەن و پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی كوردستان كۆ ببنەوە بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجامێك. ئامانجی من لە ناردنی تێبینیی لایەنەكان بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان بۆ ئەوە بوو كە تەوافوقی لایەنەكانی ناو پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمان و سەرنجی هەموو پێكهاتەكان ببێتە نەخشەڕێگەیەكی باشتر و زەمینەیەكی گونجاوتر دابین بكەین بۆ پڕۆژەی دەستوور و هەڵبژاردنەكان، ئینجا بە هەموو سەراحەتێكەوە بە گەلی كوردستان ڕابگەیێنم كە من وەك شەخسی خۆم هیچ نییەتێكم بۆ خۆكاندیدكردنەوە نییە و ڕێز لە هەموو یاساكان دەگرم و ئەمانەتی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ڕادەستی هەر بەڕێزێكی دیكە دەكەم كە هەڵدەبژێردرێت. بەڵام بە داخەوە ئۆپۆزیسیۆن سەركەوتوو نەبوون لە هاوكاریكردن بۆ سەرخستنی پڕۆسەكە، بەڵكو بەو شێوە ڕەفتارەیان كە قبووڵیان نەكرد لایەنەكانی دیكە لە كۆبوونەوەكانی سەرۆكایەتی پەرلەماندا بەشدار بن، هەوڵ و پرۆسەكەیان پەكخست. لەوەدا دەركەوت كە مەفهوومی تەوافوق لای ئۆپۆزیسیۆن تەنیا سەپاندن و جێبەجێكردنی ئەو داوایانەیە كە خۆیان هەیانە، بە بێ گوێدانە داواكانی لایەنەكانی دیكە. دەمەوێت لێرەدا زۆر بە ڕاشكاوی بیڵێم، تەوافوق ئەوە نییە كە تەنیا پارتی و یەكێتی و سێ لایەنەكەی ئۆپۆزیسیۆن رێكبكەون، بەڵكو پەیوەستە بەوان و هەموو لایەن و پێكهاتە جیاجیاكانی دیكەی كوردستانیشەوە. پڕۆژەی دەستوور كاتی خۆی لە لایەن 36 حیزب و هەموو نەتەوەكانی كوردستانەوە گفتوگۆی لەسەر كراوە، لەبەر ئەوەش ئەمڕۆ نابێ پشتگوێ و پەراوێز بخرێن، چونكە كوردستان هەر تەنیا ئەو پێنج لایەنەی تێیدا نییە. لێرەشدا دووبارە داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەمەوە، لەسەر پرسی دەستوور بەرەو تەوافوق هەنگاو بنێن و منیش بە هەموو توانایەكەوە پشتیوانیتان دەكەم، با قەیرانی سیاسی دروست نەبێ و بۆ ئەوەی ئارامیی ژیان لە خەڵكی كوردستان تێكنەدرێت و، هەموو هێز و توانای خۆمان بخەینە گەڕ بۆ ئەوەی سوود لەو دەرفەتانە وەربگرین كە ئەمڕۆ بۆ گەل و نیشتیمانەكەمان لە ناوچەكەدا هاتوونەتە پێش. هەموو هەوڵێكی خۆم دەخەمە گەڕ بۆ ڕەخساندنی زەمینەیەكی نوێی گەییشتن بە تەوافوق. خەڵكی كوردستان و حیزبەكان شایەتی ئەوەم بۆ دەدەن، كە لە سەروبەندی پەسەندكردنی پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2009دا لە لایەن پەرلەمانەوە، هەوڵێكی زۆرمدا بۆ ئەوەی تەوافوقی لەسەر دروست ببێ و بە دڵی هەموو لایەنەكانی كوردستان بێت و، پێداگیریم لەسەر ئەوە كرد كە دەبێ تێڕوانینی هەموو نەتەوە و پێكهاتە ئایینییەكانی تێدا جێبكرێتەوە. هەرواش كرا و، دوای ئەوە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر درا. ئەمجارەش دەمویست دوور لە هەموو گرژی و هەڵچوونێكی ناو پڕۆسەی سیاسی هەمان زەمینە دروست بكەمەوە بۆ گەییشتن بە تەوافوق. بەداخەوە ئۆپۆزیسیۆن بە ڕەفتار و شێوەی مامەڵەكردنیان لەو چوار ساڵەی رابردوودا، ئەو تێڕوانینەی بەشێكی زۆر لە خەڵك و لایەنەكانیان لەسەر خۆیان چەسپاندووە، كە بە هیچ شتێك رازی نابن و، تەوافوق لە ڕوانگە و بە لێكدانەوەی ئەوان سەپاندنی بیروڕاكانی خۆیانە كە ئەوەش پێچەوانەی ڕێسا و عورفە سیاسی و دیموكراسییەكانە. سێ لایەنەكەی ئۆپۆزیسیۆن دەبێ بزانن كە جگە لە پارتی و یەكێتی، زۆر حیزبی دییش هەن لە كوردستاندا لە سەختترین ڕۆژگاری ژێر دەستەییدا ئەو پەڕی فیداكارییان نواندووە بۆ بەرگریكردن لە هەبوونی گەلەكەمان و مانەوەی ناوی كوردستاندا، هەروەها زۆر حیزبی دیكەی مۆڵەتپێدراو هەن ئەمڕۆ ڕا و قسەیان هەیە بۆ پێشكەوتنی كوردستان. نابێ سێ لایەنەكەی ئۆپۆزیسیۆن ڕێگە بە خۆیان بدەن و هەوڵی ئەوە بدەن لە لایەن دەزگا باڵاكانی كوردستانەوە ڕا و بۆچوونی لایەنەكانی دیكە نادیتە بگیرێن. یان رێگە بە خۆیان بدەن بە شێوەیەك لە سووكایەتی پێكردنەوە باسیان بكەن، چونكە بە هیچ شێوەیەك ئەوە نەریتێكی دیموكراسیانە نییە. بۆیە داوا لە برایانی ئۆپۆزیسیۆن دەكەم بە سینگێكی فراوانی یەكترقبوڵكردنەوە و بە پێی بنەما دیموكراسییەكان كار و چالاكییە سیاسییە یاساییەكانیان ئەنجام بدەن و، هەموو ڕەفتار و مامەڵەكانیان لەسەر بنەمای قبوڵكردنی ئەوانیترەوە بێت. خەڵكی خۆڕاگری كوردستان.... پەرلەمانی كوردستان، لە ڕۆژی 30/6/2013 دا بە دەركردنی دوو یاسا، ماوەی پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانی درێژ كردەوە، ئەوەش دواكەوتنی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی لێكەوتەوە. لێرەدا دووپاتی دەكەمەوە هیچ كات خولیای كورسی و پۆست نەبوومە. ئەمڕۆش نامەوەێ مێژووی خۆم لە خەبات بۆ رزگاری و ئازادی كوردستان بە هیچ شتێكی دیكە بگۆڕمەوە. مرۆڤ زیاتر بە خەبات و كار و بەخشش بۆ گەل و نیشتمان و مرۆڤایەتی دەناسرێتەوە نەك بە پلە و پۆست و ناونیشانی وەزیفی و ئیدارییەوە. یاسای درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمانی كوردستانم ئیمزا كرد تاوەكو هیچ بۆشاییەكی یاسایی و دەستووری لە هەرێمی كوردستاندا دروست نەبێت. ماوە و ویلایەتی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، لە لایەن پەرلەمانی كوردستانەوە بە دەنگی فراكسیۆنی كوردستانیی (پارتی و یەكیێتی) لەگەڵ فراكسیۆنەكانی حیزب و نەتەوەكانی دیكەی ناو پەرلەمان و سەربەخۆكان جگە لە فراكسیۆنەكانی حیزبەكانی ئۆپۆزیسیۆن، درێژكرایەوە. ئێستا من لەبەردەم ئەركەكانی ئەو هاوپەیمانییەتەدام كە لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا هەیە، كە پێكەوە لەگەڵ چەند حیزب و نەتەوەی كوردستاندا لەناو پارلەمان بڕیاریان داوە ماوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بۆ دوو ساڵ درێژ بكرێتەوە، بە بێ ئەوەی من تێیدا بەشدار بووبم. هەروەها من لەبەردەم بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی و كۆمەڵێ ئەرك و كاری هاوبەشی درێژخایەندام لەگەڵ برای خۆشەویستم مام جەلال بۆ درێژەدان بە هاوپەیمانێتییەكە، بۆ ئەوەی وەفاداری ئەو كاروانە بم كە دەستمان پێكرد و ئەنجامەكانیشی بە ئیجابییەوە بەردەوام بن و، ئینشاڵڵا كە ئەویش بە خۆشی دەگەڕێتەوە بۆ كوردستان، هەموو شتێك لەوپەڕی سەقامگیریدا ببینێ. لە هەمانكاتدا من باش لە ئەركەكانی هاوپەیمانێتی نێوان یەكێتی و پارتی تێدەگەم، كە بە ڕاستیش ئەو هاوپەیمانێتییە سەقامگیری و پێشكەوتنێكی زۆر گەورەی لە كوردستاندا دروستكردووە، كە بەرهەمەكەشی ئەوەیە كە ئێستا هەرێمی كوردستان جێگەی سەرنجی هەموو جیهانە، هەروەها وایكرد كورد بەشدارێكی چالاك بێت لە گۆڕانكارییەكانی عێراق و ناوچەكەدا. ئەمڕۆش كە جەنابی مام جەلال لەبەر باری تەندروستی لە كوردستان نییە هەست دەكەم بەرپرسیارێتییەكەی ئەویش دەبێ من ئەنجامی بدەم لە پاراستن و بەهێزكردنی ئەو هاوپەیمانییەتییەدا وەك وەفادارییەك بۆ پێكەوەكاركردن و هاوخەباتیی و هاوكاریی چەندساڵەی نێوانمان لە پێناو گەل و وڵاتەكەماندا. هەروەها بۆ رەچاوكردنی نیگەرانییەكانی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستان لەمەڕ ئەگەری قوڵتربوونی قەیرانی سیاسی و پاراستنی سەقامگیری لە كوردستاندا و، لەبەردەم داوای كەسایەتییە خەباتگێڕەكانی كوردستانی عێراق و پارچەكانی دیكەی كوردستاندا، و پاش ڕاوێژكردن لەگەڵ زۆربەی هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان یاسای درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانم ڕەتنەكردەوە. بەڵام ئەو ڕەتنەكردنەوەیەش بەو مانایە نییە كە من لەگەڵ شێواز و ناوەڕۆكی یاسای درێژكردنەوەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێمدا بم، بۆیەش ئیمزام نەكرد. لێرەدا وەك ڕێزگرتنێك لە دەنگی زۆربەی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان و بۆ ئیحراج نەكردنیان، بە گەلی خۆشەویستی كوردستان رادەگەیێنم، كە من بە شێوەیەكی كاتی تا وەكو خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان دەست بەكار دەبێت و بە پەلە دەگەنە تەوافوقێك، ئەو ئەرك و ئەمانەتەی كە خراوەتە سەرشانم بەجێیدەگەیێنم، هەر لە ئێستاشەوە داوا لە سەرۆكایەتیی خولی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان دەكەم كە لەژێر ڕۆشنایی ئەو نامەیەم كە لە 12ـی 6ـی 2013ـدا ئاراستەی سەرۆكایەتیی خولی ئێستای پەرلەمانم كردبوو، دوای هەڵبژاردنەكانی 21/9/2013 دەستبەجێ لە كۆبوونەوە دەستپێكییەكانی سەرۆكایەتیی پەرلەماندا بە زووترین كات میكانیزمێك بدۆزنەوە بۆ ئەوەی لە ماوەی كەمتر لە ساڵێكدا بگەنە تەوافوق لەسەر هەمواركردنی پڕۆژەی دەستوور و ئالییەتی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم. ئەو كات هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت و ئەو ئەمانەتەی لە دەست ئێمە دایە بدەینە هەر بەڕێزێكی دیكە كە متمانەی گەلی كوردستان بەدەست دەهێنێت. خۆم و كاك كۆسرەت، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان و دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیش، وەك دەزگای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەموو هاوكارییەكی سەرۆكایەتی پەرلەمانی تازە دەكەین بۆ ئەو مەبەستە. دەبێ بە هەموومان نموونەیەكی جوانی دیموكراسی پێشكەش بكەین، نابێت هیچ كەس بە كورسییەكەیەوە بچەسپێت و، نابێت ڕێگە بدرێت سەرۆكی هەتا هەتایی هەبێت لە كوردستاندا. من خۆم باوەڕێكی تەواوم بەوە هەیە كە كاتێك پۆستێك لە لایەن كەسێكەوە بەجێدەهێڵدرێت، دەبێ گەل ئەو پرسیارە بكات كە بۆچی ئەو پۆستە بەجێدەهێڵێت، نەك گەل بگاتە رادەی ئەوەی ئەو پرسیارە بكات كە بۆ چی ناڕوات. گەلی خۆشەویستی كوردستان من دڵنیاتان دەكەمەوە كە تەنیا ئێوە دەتوانن بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆتان بدەن و، كەس ناتوانێ ئەو مافەتان لێ زەوت بكات. بژی كوردستان... نەمری بۆ شەهیدانی ڕێگەی رزگاری كوردستان و سەرفرازی سەربەرزی بۆ گەلی كوردستان مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان 16ـی 7ـی 2013 دەقی نوسراوی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان بۆ گەڕاندنەوەی پرۆژەی دەستور بۆ ناو پەرلەمان وتارى سەرۆک وەزیران نێچیرڤان بارزانى له ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی کوردستان بهڕێز سهرۆكى پهرلهمان، بهڕێزان ئهندامانى بهڕێزى پهرلهمانى كوردستان، ئێوارهتان باش.. ئهمڕۆ ئێمه كابینهی ههشتی حكوومهتی ههرێمی كوردستان له ههلومهرجێكی زۆر ناسكدا ڕادهگهیهنین. ههر چۆن ساڵی 2003 پێویستیمان به یهكدهنگی و هاوكاری و ههماههنگی ههبوو بۆ پاراستنی بهرژهوهندی و دهستكهوتهكانی ههرێمی كوردستان، لهم ساتهشدا كه عێراق به بارودۆخێكی سهختدا تێپهر دهبێت، ههمان بیركردنهوهی ستراتیژیمان پێویسته تا هیچ لهو دهسكهوتانهى كه به دهستمان هێناوه، تا ژیانی هاووڵاتیان له ههرێم و ناوچه كوردستانییهكانى دهرهوهى ئیدارى ههرێمى كوردستان بپارێزین، تا بڕیارمان لهسهر ئاستی بهرپرسیاریهتیی مێژوودا بێت بهرامبهر به خهڵكی خۆشهویستى كوردستان. بهڕێزان، كابینهی ههشت كابینهی هاوبهشی بنكهفراوانه كه گوزارشت له خواستی هێزو لایهنه سیاسییهكانی ناو ههرێمی كوردستان دهكات. ئهم ئهركه وای دهخواست به ئارامی و نهفهسدرێژی مامهڵه لهگهڵ پێكهێنانی ئهم كابینهیه بكهین بۆ ڕێكهوتن لهسهر بنهمای هاوبهشیی ڕاستهقینه لهسهر ئاستی ئهرك و پێداویستییهكانی ژیانی سیاسیی ئێستای ههرێمى كوردستان. زۆر سوپاسی هاووڵاتیانی ههرێمی كوردستان دهكهم بۆ خۆڕاگرییان دهرباری پرۆسهی پێكهێنانی ئهم كابینهیه، بهتایبهتیش پاش ئهوهی حكوومهتی فیدراڵ له بهغدا مووچهی ههرێمی بڕی. ئهم كاره ناههقه و دژی دهستوورییه، ژیانی خهڵكی ههرێمی كوردستانی گهلێك سهخت كردووه، كاریگهریی خراپی لهسهر ئابووریی ههرێم و وهبهرهێنان ههیه. ئێمه هاوسۆز و هاوخهمی گشت گرفتی هاووڵاتیانی ههرێمى كوردستانین. له چهند ساڵی داهاتوودا خۆڕاگریی ئێستای خهڵكی كوردستان وهك قۆناغێكی نوێی ڕووبهڕووبوونهوهی زوڵم له قهڵهم دهدرێت. ئێمه بێ وچان ههوڵی چارهسهركردنی ئهم كێشانه دهدهین تا جارێكى تر تووشی قهیرانی سیاسی و دارایی نهبینهوه له ههرێمى كوردستان. ئهم كابینهیه ههوڵی تهواو دهدات بۆ بهدامهزراوهكردنی حكوومهتێكی كارا و شهفاف. بنهمای هاووڵاتیبوون، جیاكردنهوهی دهسهڵات، ئاشتی و دادپهروهریى كۆمهڵایهتی، مافی مرۆڤ و بهتایبهتى مافی ئافرهت و منداڵ، سهروهریی یاسا و یهكسانی له بهردهمیدا، دابینكردنی خۆشگوزهرانی، چاكسازیی ههمهلایهنه و ڕاستهقینه، پاراستنی ژینگهی كوردستان، دۆزینهوهی چارهسهری گونجاو بۆ بهرهنگاربوونهوهی ههموو جۆره گهندهڵییهك له دامودهزگا و دامهزراوهكانی ههرێمى كوردستاندا. هاووڵاتیبوون پرهنسیپ و بهها و پێوهری یهكهمی كارو ههڵسوكهوتی حكوومهته له دابینكردنی ماف و دهستنیشانكردنی ئهرك و ڕهخساندنی دهرفهتى یهكسان و وهك یهك بۆ گشت دانیشتوانی ههرێمى كوردستان بێ جیاوازیی سیاسی و نهتهوهیی و ئایینی. كابینهی ههشت به پشتبهستن به میكانیزمی سهروهریی یاسا و به دامهزراوهبوون كار دهكات بۆ لێكجیاكردنهوهی دهسهڵات و ئهرك و بهرپرسیاریهتیی حكوومهت له كار و چالاكیی حزبی. كابینهی ههشت كابینهی حكوومهتی هاوبهشه، پێكهاتهكانی ئهم كابینهیه هاوبهشی ڕاستهقینهن له حكوومهدا، چ له ههڵسوكهوتی بهڕێكردنی ئهركی حكوومهت و چ له بڕیاردان و، چ له ئهستۆگرتنی بهرپرسیاریهتیی بهرامبهر گشت ئهو بریارانهى كه دهدرێت. حكوومهت موڵكی ههموو تاكێكی كوردستانه و كار بۆ خۆشگوزهرانی و دهستهبهركردنی خزمهتگوزاری و بهرژهوهندییهكانی دهكات. هاوبهشان لهم كابینهیهدا بهڵێنیان له ئاستی بهرپرسیاریهتی و توانای ئابووری و دارایی و كارگێڕیی دهسهڵاتی حكوومهتدا دهبێت و پێكهوه بهرپرس دهبن له بڕیارهكانی. هیچ لایهنێك نابێته ڕێگر له جێبهجێكردن و پیادهكردنی بڕیارهكانی. ئێمه وهك لایهنه هاوبهشهكانی پێكهاتهی ئهم كابینهیه به دهنگ و متمانهی هاووڵاتیان، حكومڕانیی ئهم ههرێمه دهكهین، به ئیرادهیهكی بههێزهوه كار دهكهین بۆ هێنانهدی ئهو بهڵێنانهی به هاووڵاتیانمان داوه و خزمهتیان دهكهین. كاركردنی چهند حیزبێكی جیاواز له حكوومهتی هاوبهش دهكهینه هۆكارێك بۆ پتهوكردنی بنهمای دیموكراسی له كوردستاندا. پێكهوهژیانی ئاشتی، ڕێزگرتن له جیاوازیی بیروبۆچوون و ئازادیی ڕۆژنامهگهری و حوكمڕانى لهژێر چهتری كاری هاوبهش، سنگفراوانیی گهلی كوردستان دهباته ئاستێكی نوێ له مێژووی سیاسیماندا. ئێمه دهبێت ههنگاوی گهوره بنێین بۆ بهدیهێنانی خهونی نهوهی پێش خۆمان بۆ كوردستانێكی ئارام و سهقامگیر له سایهی دهسهڵاتی خۆماڵیدا. ئێمه بهرپرسیارانه داهاتووی خۆمان دهستنیشان دهكهین و ههنگاوی پێویستی بۆ دههاوێژین. بهڕێزان، یهكێك له ئهركهكانی ئهم كابینهیه، گرتنهبهری سیاسهتی ئاشتیخوازانه دهبێت بۆ چارهسهركردنی كێشه چارهسهرنهكراوهكانی تا ئێستا و ئایندهی ههرێم لهگهڵ حكوومهتی فیدڕاڵی عێراق، بهتایبهتى كێشهی ناوچه كوردستانییهكانی دهرهوهی ئیدارهى ههرێم و جێبهجێكردنی مادهی 140ی دهستوور. ههوڵ دهدهین پێكهوه، به ههماههنگی لهگهڵ سهرۆكایهتیی ههرێم و پهرلهمانی كوردستان و به هاوكاریی لایهنه سیاسییهكان، ههنگاوی پهله بنێین بۆ دامهزراندنی ئهنجومهنێكی دانوستاندن بۆ ڕێكهوتنی سیاسیمان كه گوزارشت له ئیرادهی خهڵكی كوردستان بكات. كابینهی ههشت زهمینهی لهبار دهڕهخسێنی بۆ كاراكردنی ڕۆڵی چاودێریی پهرلهمان لهسهر كاری حكوومهت. له ههمان كاتدا ئێمه داوای متمانه و پاڵپشتیی پهرلهمان دهكهین تا پێكهوه خزهمهتی چاوهڕوانكراوی هاووڵاتیانى ههرێمى كوردستان بكهین. كابینهی ههشت پهیوهندی و هاوكاری و ههماههنگیی بهردهوام و پتهوى لهگهڵ پهرلهمانی ههرێمی كوردستان و دهستهی سهرۆكایهتیی پهرلهماندا دهبێت. ههرێمی كوردستان ناوچهیهكی تا ڕادهیهك دهوڵهمهنده، بۆیه ئامانجمان بهدیهێنانی بهردهوام و جۆراوجۆركردنی سهرچاوهكانی داهات و خۆنهبهستنهوه به تاكه سێكتهری نهوته لهم ههرێمهدا. كار دهكهین بۆ گهشهپێدانی كهرتی كشتوكاڵ و پشهسازی و بازرگانی و خزمهتگوزاری و كهمكردنهوهی جیاوازیی ههلومهرجی ژیانی گوند و شار. بهرزكردنهوهی ئاستی خزمهتگوزارییه سهركییهكانی كار و ئاو و كارهبا و ڕێگاوبان كه گونجاو بێت لهگهڵ گهشهی ئابووریی بهرچاوی كوردستان و بهرزكردنهوهی ئاستی بژێوی تاك و پهرهسهندنی وهبهرهێنانی خۆماڵی و بیانی له ڕێی بهگهڕخستنی تهواوی توانا و سهرمایهی ماددی و مرۆیی له ههرێمى كوردستان. لهم بوارهدا دهبێت ئێمه چالاكانه كار بكهین بۆ جێبهجێكردن و چهسپاندنی لامهركهزی، جیاكردنهوهی دهسهڵاتهكان، ڕێككهوتن لهسهر ههمواركردنی ئهو یاسایانهی ڕهههندی نیشتیمانییان ههیه له وڵاتهكهماندا. گرنگی دهدهین به كهرتی پیشهسازی و گهشتوگوزار. پشتگیریی كهرتی تایبهت دهكهین بۆ ئهوهی ڕۆڵی خۆی ببینن له ئاوهدانكردنهوه و گهشهی ئابوورى له ههرێمى كوردستاندا. پهره دهدهین به سیاسهتی وهبهرهێنان له كوردستان به شێوهیهك كه گونجاو بێت لهگهڵ گهشهی ئابووری و كۆمهڵایهتیی قۆناخی داهاتووی كوردستان. له بهرنامهی كابینهی ههشتدا بهردهوام دهبین لهسهر چاكسازیی سیستهمی پهروهرده و خوێندنی باڵا و فێركردن به دابینكردنی پێداویستییهكانیان و بهرزكردنهوهی ئاستی زانستیی مامۆستایان. بایهخ دهدهین به توێژینهوهی زانستی و خوێندنی پێشهیی بهمهبهستی فهراههمكردنی دهستی كاری كارامه و بهتوانا بۆ بازاڕی كار و كهمكردنهوهی ڕێژهی نهخوێندهواری له ههرێمدا. ههروهها له كهرتی تهندروستیشدا كار دهكهین بۆ پهیڕهوكردنی سیستهمی تهندروستیی پێشكهوتوو و جیاكردنهوهی كهرتی گشتی و تایبهت له خزمهتگوزارییهكانی تهندروستیدا. كابینهی ههشت ئاوڕى زیاتر له ژیان و گوزهرانی كهسوكاری شههیدان و قوربانیانی ئهنفال و كیمیاباران و زیندانیانی سیاسی دهداتهوه، كار دهكهین بۆ باشتركردنی ژیان و گوزهرانیان. كار دهكهین بۆ ڕێكخستنهوهی بهرنامهی نیشتهجێبوون به شێوازێكی هاوچهرخ و چارهسهركردنی كێشهی نیشتهجێبوون بهتایبهتی بۆ چین و توێژه كهمدهرامهتهكان. ئێمه شانازی بهم بارودۆخه ئارام و ئاسایشه دهكهین كه له جهرگهی ناوچهیهكی پڕ توندوتیژی و شهڕ و تیرۆر و تۆقاندندا به هیممهت و وریایی و كاری دڵسۆزانهی هێزی پشمهرگه و پۆلیس و ئاسایش بۆ ههموو خهڵكی كوردستان دهستهبهر كراوه. لهم ڕوانگهیهوه حكوومهتی ههرێم كار دهكات بۆ باشتركردنی ژیان و گوزهرانی هێزه چهكدارهكانی ههرێم و بهرزكردنهوهی ئاست و توانا و لێهاتووییان، بهنیشتمانیكردنیان ئهركی گرنگی ئهم كابینهیه دهبێت. كابینهی ههشت ههوڵ دهدات به ڕێكاری یاسایی چاو به سیستهمی خانهنشینی و مووچهدا بخشێنێتهوه، به جۆرێك كه هاووڵاتیان به شێوهیهكی دادپهروهرانه لێی سوودمهند بن. هاوبهشان لهم كابینهیدا كار دهكهن بۆ دروستكردنی سندووقی كوردستان بۆ داهاتی نهوت و دامهزراندنی كۆمپانیای نهوتی ههرێم وهك له یاسای ژماره (22)ی 2007ی تایبهت به نهوت و گازی ههرێمدا هاتووه. كابینهی ههشت بهردهوام دهبێت له پهرهپێدان و هاوكاری و هاندانی كهرتی تایبهتی ناوخۆ و ڕهخساندنی ههلومهرجی گونجاو بۆ كۆمپانیا و سهرمایهگوزارانی دهرهوه بهمهبهستی فهراههمكردنی دهرفهتى كار و كهمكردنهوهی ڕێژهی بێكاری، بهتایبهتى له ناو چینی گهنج و دهرچووی پهیمانگه و زانكۆكاندا، به گرتنهبهری سیاسهتی كارپێكردنی سهردهمیانه و ڕێگرتن له پاوانكاریی بازاڕ و كۆمپانیا و پڕۆژهی وهبهرهێنان. بهڕێزان، ئهوهی لێرهدا ئاماژهم پێ كرد، هێڵه گشتییهكانی كارنامهی حكوومهتی هاوبهشه، وردهكاریی ئهم كارنامهیه دهبێته پلان و پڕۆژه و پڕۆگرامی سیاسهتگوزاریی گشتیی حكوومهت و له كار و بهرنامهی وهزارهتهكاندا به تهواوهتى ههوڵ دهدهین ڕهنگ دهداتهوه. له كۆتاییدا پیادهكردن و سهركهوتنی پرۆگرامی حكوومهت، سهركهوتنی هاووڵاتیی خۆڕاگر و ناخۆشیدیدهی كوردستانه. خزمهتی كۆمهڵایهتی و ئابووری، سهرفرازیی حكوومهت دهبێت. دانیشتوانی كوردستان شایستهی ئایندهیهكی گهشترن، شایستهی ئازادی، سهربهستی و دیموكراسیی پتهوترن. به پشتیوانیی هێزی ئاسایش و پێشمهرگه و پۆلیس و هاووڵاتیان، دهتوانین ئهنجامی باشتر به دهست بهێنین، خهونی گهورهتر بهێنینه دى. جارێكی دیكهش زۆر سوپاستان دهكهم. یاسای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان یاسای درێژكردنەوەی ویلایەتی سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی ئەندامانی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان لیستی پارتی 1- جمال عوسمان كارسول رحمن (جمال مورتكه) 2- بهیار طاهر سعید دیوالی 3- ئومێد عبدالرحمن حسن عبدالله 4- بهشار مشیر أسماعیل صالح 5- دڵَشاد شعبان عبدالغفار عبدالله 6- فرست صۆفی علی أسماعیل 7- جعفر أبراهیم حاجی بیرۆ (جعفر ئیمنكى) 8- علی علی هالۆ علی 9- محمد علی یاسین طه محمد 10- ئیدریس علی ئیسلام یاسین 11- ئهنهس محمد شریف طاهر مصطفى (مهلا ئهنهس) 12- مهردان خدر مصطفى عزۆ 13- ناظم كبیر محمد سعید ئهودل 14- ئیبراهیم أحمد سمۆ أحمد 15- ئهمینه زكرى سعید یوسف 16- نورى علی محمد رحمن 17- سیراج أحمد محمد حمدأمین 18- فرحان جوهر قادر مهلا 19- عهباس غزالی میرخان غالی 20- صالح بهشار صالح عبدی 21- شوان أحمد نعمان جرجیس 22- ئارى محمد عبدالرحیم محمد (ئارى ههرسین) 23- ڤمان فیصل سلیم طه 24- محمد صادق سعید محمد شریف 25- تهحسین أسماعیل أحمد علی 26- زیاد حسێن عبدالكریم رشید 27- عبدالله جاسم رجب قطاس 28- هیڤا حجی میرخان أحمد 29- فیرز طه عبدالخالق نجم الدین 30- شیرین حسنى رهمهزان كۆچهر 31- نجات محمد عبدالله أحمد 32- ئاواز حمید حسێن حمد 33- حهیات مجید قادر محمد 34- زۆزان صادق سعید مصطفى 35- ڤالا فرید أبراهیم حسێن 36- ڤیان عباس عمر أحمد 37- شیلان جعفر على عبدالعزیز 38- مدینه ئهیوب أحمد مصطفى 39- شامۆ شێخۆ نهعمۆ لیستى گۆڕان 1- علی حمه صالح طه محمد 2- یوسف محمد صادق عبدالقادر 3- شێركۆ حمه أمین قادر عبدالله 4- بێستون فائق محمد أحمد 5- برزۆ مجید عبدالله یوسف 6- عادل عزیز شكور أحمد 7- رابون تۆفیق معروف خضر 8- عمر عینایهت حمه سعید خوامراد 9- ئهیوب عبدالله أسماعیل عبدالله 10- ئێڤار أبراهیم حسێن أبابكر 11- حسن صالح محمد حمه شریف 12- منیره عثمان علی حسێن 13- ئومێد حمه علی صالح رۆستهم 14- محمود عمر صالح سعید 15- ئهنوهر قادر مصطفى عثمان 16- فائق مصطفى رسول حمد 17- عبدالرحمن علی رضا حمه أمین 18- قارهمان قادر فتاح مولود 19- پروا علی حمه محمد 20- زولفا محمود عبدالله كوێخا مارف 21- جوان أسماعیل عزیز رسوڵ 22- رۆزا محمود عثمان مصطفى 23- بههار محمود فتاح أحمد 24- پهرێ صالح حمید صالح لیستى یهكێتى نیشتمانی كوردستان 1- دهرباز عبدالله رسوڵ علی 2- ئهرسلان بایز أسماعیل محمد 3- عزهت صابر أسماعیل عبدالله 4- بێگهرد دڵشاد شكورالله فاضل 5- سالار محمود مراد علی 6- گۆران ئازاد محمد عبدالله 7- زانا عبدالرحمن عبدالله قادر 8- فرهاد حمه صالح كریم 9- قادر ئوتمان رسوڵ عبدالله 10- ئاواز جهنگى بورهان نورى 11- خهلهف أحمد معروف قادر 12- رێواز فائق حسێن محمد 13- صالح فقێ محمد أمین كاكه أحمد 14- سعید محمد سعید سهیدا 15- دلێر مصطفى حسن أحمد 16- تهلار لطیف محمد قادر 17- مریم صمد عبدى حسێن 18- گهشه دارا جهلال أحمد 19- سةركةوت سةرحةد 20- عباس فەتاح سالح لیستی یهكگرتووى ئیسلامى 1- كهنعان نجم الدین أحمد محمد (حاجی كاروان( 2- عمر صالح عمر فارس 3- شێركۆ جهودهت مصطفى عبدالله 4- مولود مراد محی الدین سیدا 5- سههراب میكائیل محمدأمین رسول 6- أبوبكر عمر عبدالله سعید (أبوبكر ههڵهدنى) 7- غریب مصطفى حمهخان حسێن 8- سوهام عمر قادر عمر 9- بههار عبدالرحمن محمد مارف 10- كهژاڵ هادی فقێ داود 11- بهزاد درویش درویش لیستی كۆمهڵى ئیسلامى 1- ههورامان حهمه شریف حهمه رشید محی الدین 2- حسێن أسماعیل حسێن رسول 3- سۆران عمر سهعید أحمد 4- فخرالدین قادر عارف مصطفى 5- نجیبه لطیف أحمد قادر 6- شوكریه سمایل مصطفى حمدأمین ئهنجومهنى گهلى كلدانى سریانى و ئاشوورى 1- وحیده یاقو هرمز نونا 2- كمال یڵدا مرقوز دمیانۆس لیستی سۆسیالیست عبدالله محمود محمد سان أحمد لیستى پێشكهوتنى توركمان 1- جودهت جرجیس لطیف فتاح 2- منى نبی نادر عبدالله لیستى بزووتنهوهى ئیسلامى كوردستان عمر مصطفى باوهمیر پیرۆت لیستى رافدین ( قائمه الرافدین ) 1- یهعقوب گورگیس یاقو گلیا 2- لینا عزریا بههرام شابۆ لیستى ئاڕاستهى سێیهم باپیر كاملا سلێمان كاملا لیستی ئازادی عبدالرحمن فارس عبدالرحمن محمد لیستى گۆڕان و نوێبوونهوهى توركمانى محمد سعدالدین أنور شكور لیستى ههولێرى توركمانى ماجد عثمان توفیق سلێمان لیستى جبههى توركمانى عێراقی ئایدن معروف سلیم أحمد لیستی ئەرمەن یروانت نیسان ماركۆس بطرس لیستی ابناء النهرین سرود سلیم متى یوسف دەقی راگەیەندراوی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان سەبارەت بە درێژكردنەوەی ویلایەتی سەرۆكایەتیی بارزانی