هەرێمی کوردستان سێ ساڵە لە بۆشایی یاساییدایە!
2025-12-03 20:24:27
راپۆرتی: درەو
🔻 هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەت لە هەرێمی کوردستان 1992 - 2025
🔹 خولی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 19/5/1992 بەڕێوەچوو، پاش تێپەڕبوونی (46) ڕۆژ و لە 4/7/1992 کابینەی یەکەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهێنرا.
🔹 خولی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 30/1/2005 بەڕێوەچوو، پاش تێپەڕبوونی (462) ڕۆژو لە 7/5/2006 کابینەی پێنجەم _یەکگرتنەوە_ حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهێنرا.
🔹 خولی سێیەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 29/7/2009 بەڕێوەچوو، پاش تێپەڕبوونی (95) ڕۆژو لە 28/10/2009 کابینەی شەشەم و دوای دوو ساڵ کابینەی حەوتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهێنرا.
🔹 خولی چوارەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 21/9/2013 بەڕێوەچوو، پاش تێپەڕبوونی (270) ڕۆژو لە 18/6/2014 کابینەی هەشتەمی _بنکە فراوان_ حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهێنرا.
🔹 خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 30/9/2018 بەڕێوەچوو، پاش تێپەڕبوونی (282) ڕۆژو لە 10/7/2019 کابینەی نۆیەمی _سێ قۆڵی_ حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهێنرا.
🔹 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لە (20/10/2023) لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، تا ئێستا کە ساڵیک و زیاتر لە مانگێک _408 ڕۆژ_تێپەڕیوە بەسەر ئەو هەڵبژاردنەدا و تا ئێستا ئاسۆیەکی ڕوون نییە بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سیناریۆی جیاواز لە ئارادایە.
🔹 ڕۆژی (2/12/2025) ساڵێك بەسەر یەكەم دانیشتنی سوێندخواردنی ئەندامانی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندا تێدەپەڕێت، تا ئێستاشی لەگەڵدابێت دانیشتنەكە بە كراوەیی هێڵدراوەتەوە، وێڕای سێ ساڵ بۆشایی یاسایی و دواتریش تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردندا، كەچی هێشتا هەرێمی كوردستان بێ پەرلەمانە!
هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەت لە هەرێمی کوردستان 1992 - 2025
یەکەم جار نیە پێکهێنانی حکومەت لە هەرێمی کوردستان دوادەکەوێت!، ئەو کابینە حکومییانەی وەک دەرهاویشتەی دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان پێکهێنراون، کات ماوەی جیاوازیان بڕیوە، تا لایەنە براوەو پێکهێنەرەکانی حکومەت، لەسەر دابەشکردنی پۆستە وزاری و ئیدارییەکان گەیشتوون بە ڕێکەوتن، ئەگەر بە ئاوڕدانەوە لە مێژوو حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان، ئەوە ڕاستییەمان بۆ دەردەکەوێت، کە؛
1. خولی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 19/5/1992 بەڕێوەچوو، بەڵام دواتر بەهۆی ڕێكنەكەوتنی لایەنەكان، هەردوو حیزب (پارتی و یەكێتی) بڕیاریاندا پێكەوە پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبەرن و بە سیستمی فیفتی بە فیفتی (پەنجا بە پەنجا) پەرلەمانیان پێكبهێنا، پەرلەمانیش یەكەم دانیشتنی خۆی گرێدا لە (4/6/1992)، بە کەمتر لە دوو مانگ و دوای (46) ڕۆژ، لە (5/7/1992) پەرلەمانی کوردستان متمانەی بە كابینەی یەكەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەخشی، هەردوو حیزب پۆستە حكومییەكانیشیان لە نێوان خۆیان و چەند پارتێكی دیکە دابەشکردن، (د.فواد مەعسوم) و بووە سەرۆکی کابینەکەو (ڕۆژ نوری شاوەیس) کرا بە جێگری سەرۆک وەزیران.
زۆری نەبرد و لە (25/4/1993) کابینەی دووەم بە سەرۆکایەتی (کۆسرەت ڕەسوڵ) و جێگرایەتی (ڕۆژ نوری شاوەیس) پێکهێنرا.
دوای بەروپێشچوونێكی كەم لە حكومڕانی خۆماڵی، ئەزمونەكە شكستی خواردو توشی شەلەل بوو، ئەویش بەهۆی ململانێی نێوان هەردوو پارتی دەسەڵاتدار (پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان)، سەرەڕای ئەوەی حكومەتێكی هاوبەشیان دروستكردبوو، ململانێكەیان هێند گەرم بوو لە (1/5/1994) هەموو شت تێکچوو، دروستبوونی شەڕی ناوخۆ ڕێگربوو لەبەردەم هەر پێشكەوتنێكی سیاسی، یاسایی، و ئابووری ... هتد لە هەرێمی كوردستان، ئەم شەڕەش تا كۆتاییەكانی 1996ی خایاند، هۆكاریش بوو بۆ جیاكردنەوەی هەرێمی كوردستان لە نێوان سەوز و زەردداو، هەر لایەنەو لە نفوزی خۆی حكومەتی هەولێر و سلێمانیان پێكهێنا، پارتی دیموكراتی كوردستان لەماوەی نێوان (26/09/1996 – 06/05/2006) دوو كابینەی حكومەتی لە ناوچەی زەردا دروستكرد. یەكێتیش بە هەمان شێوە لە (كۆتاییەكانی 1996 – 06/05/2006) دوو حكومەتی دروستكرد.
2. خولی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 30/1/2005 بە ڕێوەچوو، دوای ئەوەی شەڕی ناوخۆ لە 01/05/1994 لە نێوان یەكێتی و پارتی هەڵگیرسا، ئەم شەڕە درێژەی هەبوو تا ڕێككەوتنی واشنتۆن لە 17/09/1998 لە نێوان هەردوولادا، ئەو ڕێككەوتنەش لە ژێر فشاری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بوو، باردۆخەكەی پێشوو (دووئیدارەیی) هەر بەردەوام بوو، ڕێككەوتنی واشنتۆنیش تەنها بوو بە هۆی غیابی شەڕ لە نێوان ئەم دوو پارتەدا، تا پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2002، یاسای ژمارە (16)ی ساڵی 2002ی پەسەند كرد بەناوی ( قانون تصدیق اتفاقیة واشنطن لإحلال السلام في إقلیم كوردستان العراق المبرمة بین قیادتي الحزب الدیقراطي الكوردستاني وأتحاد الوطني الكوردستاني). ئەم هەنگاوانە تەنها ڕێگربوون لە هەڵگیرسانەوەی شەڕی ناوخۆ، ئەگەر نا لە ڕووی گۆڕانكاری ئیداری و بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستان، هیچ گۆڕانكاری دروست نەكرد، بارودۆخەكە بە دۆگمایی مایەوە تا پرۆسەی ئازاد كردنی عێراق لە (19/04/2003) لە لەیەلان ئەمریكاو هاوپەیمانەكانییەوە، لێرە بەدواوە زەرورەتی گۆڕنكاری ناوخۆی هەرێمی كوردستان لە ڕووی بەڕێوەبردنەوە زۆر زیادی كرد، دیسانەوە پرسی هەڵبژاردن هاتە كایەوەو لە (30/1/2005) یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە ئەنجامدرا بووە خولی دووەمی پەرلەمان، دواتریش لە (21/01/2006) تاڵەبانی و بارزانی ڕێككەوتننامەیەكیان مۆركرد بە ناوی (رێككەوتنی سەرلەنوێ یەكگرتنەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان)، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵێک و چوارمانگ و چەند ڕۆژێک لە (07/05/2006) پەرلەمانی كوردستان متمانەی بە كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێم بەخشی.
3. خولی سێیەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان کە لە (25/07/2009) بەڕێوەچوو، پارتی و یەكێتی بەهۆی ئەوەی پێشتر ڕێككەوتننامەیەكی ستراتیجیان ئیمزا كردبوو لە نێوان خۆیاندا، بەپێی ئەو رێككەوتنەو بەدەستهێنانی زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان، دوای سێ مانگ و چەند ڕۆژێک كابینەی شەشەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان پێكهێنا، كە لە (28/10/2009) متمانەی لە پەرلەمانی كوردستان وەرگرت.
هەر بەپێی هەمان ڕێككەوتنی ستراتیجی هەردوو حیزب لەسەر ئەوە ڕێككەوتبوون كە هەریەكەیان (2) ساڵ حكومەت بەڕێوەبەرن، بۆیە دوای ئەوەی كابینەی شەشەم لە (28/10/2009 – 04/04/2012) یەكێتی پۆستی سەرۆك وەزیرانی لەلابوو، لە (05/04/2012) ئەم پۆستە درایەوە بە پارتی و كابینەی حەوتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان پێكهێنا.
4. خولی چوارەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە (21/9/2013) بەڕێوەچوو، پێكهێنانی ئەم كابینە گفتوگۆیەكی زۆری لە بارەوەكراو نزیكەی نۆ مانگی خایاند تا ئەوەی لایەنە سیاسییەكان گفتوگۆی خۆیان بكەن و بگەنە ڕێككەوتنێك بۆ دروستكرنی حكومەتێكی بنكە فراوان، سەرئەنجام كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە (18/06/2014) متمانەی لە پەرلەمانی كوردستان وەرگرت.
5. خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە (30/9/2018) بەڕێوەچوو، دوای نۆ مانگ و 10 ڕۆژ كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە (10/7/2019) بە بەشداری هەرسێ لایەنی (پارتی، یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕان) متمانەی لە پەرلەمانی كوردستان وەرگرت.
6. هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لە (20/10/2023) لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، ئێستا کە ساڵیک و یەک مانگێک و چەند ڕۆژێک تێپەڕیوە بەسەر ئەو هەڵبژاردنەدا و تا ئێستا ئاسۆیەکی ڕوون نییە بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سیناریۆی جیاواز لە ئارادایە.
.jpeg)
دوای ساڵێک لە یەكەم دانیشتنی سوێندخواردنی ئەندامانی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان
وەک لە دواین ڕاپۆرتی " دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان"دا هاتووە ڕۆژی (2/12/2025) ساڵێك بەسەر یەكەم دانیشتنی سوێندخواردنی ئەندامانی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندا تێدەپەڕێت، تا ئێستاشی لەگەڵدابێت دانیشتنەكە بە كراوەیی هێڵدراوەتەوە، وێڕای سێ ساڵ بۆشایی یاسایی و دواتریش تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردندا، كەچی هێشتا هەرێمی كوردستان لەئەنجامی ململانێی هێزە سیاسییەكان (بەتایبەتی پارتی و یەكێتی) هێشتا بێ پەرلەمانە. لەكاتێكدا لەماوەی ئەم ساڵەی رابردوودا دەبوایە پەرلەمان ئەم كارانەی بكردایە:
1. دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرایە.
2. لیژنەكانی پەرلەمان (كە نۆزدە لیژنەن) دروست بكرانایەو هەڵبژاردنی ئەندامەكان و دەستەی سەرۆكایەتیان بۆ بكرایە.
3. سەرۆكی تازەی هەرێم هەڵبژێردرایە.
4. كابینەی نوێی حكومەت (كابینەی دەیەم) هەڵبژێردرایەو ئێستا لەكاردا بووایە.
5. یاسای بودجەی هەرێم بۆ ساڵانی 2025 و 2026 پەسەند بكرانایە.
6. چەندین یاسای نوێ دەربچوێنرانایە.
7. چەندین یاسا كە بەسەرچوونە هەموار بكرابوونایەتەوە.
8. دەستەی دەستپاكی (نەزاهە) ماوەی (8) ساڵە سەرۆكەكەی ماوەی یاسایی بەسەر چووە، ئەركی پەرلەمان بوو لەو ساڵەدا سەرۆكێكی نوێی بۆ هەڵبژاردایە.
9. دیوانی چاودێری دارایی ماوەی (4) ساڵە بێ سەرۆكە و كارەكانی پەكیان كەوتووە، ئەركی پەرلەمان بوو لەو ساڵەدا سەرۆكێكی نوێی بۆ هەڵبژاردایە.
10. كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی ماوەی (6) ساڵە ماوەی یاسایی كۆمسیارەكانی بەسەر چوونەو دامەزراوەكە بەپێی یاسا پەكی كەوتووە، ئەركی پەرلەمان بوو کۆمسیاری نوێی بۆ هەڵبژاردایە.
11. دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ماوەی یاسایی سەرۆكەكەی بەسەرچووە، ئەركی پەرلەمان بوو سەرۆكێكی نوێی بۆ هەڵبژاردایە.
12. چاودێری ئەو دەیان یاسایەی بكردایە كە لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێكردنەوە پێشێلكراون و رۆژانە پێشێل دەكرێن.
13. چاودێری وردی دەسەڵاتی جێبەجێكردنی بكردایە لەو لەیاسادەرچوونانەی دەكرێت.
14. كاری بكردایە بۆ ئامادەكردنی رەشنوسی دەستوری هەرێمی كوردستان و دەبووایە ئێستا دەنگی لەسەر بدرایە.
15. پەرلەمان كە بەپێی یاسا بەرزترین دامەزراوەو مەرجەعی خەڵكی كوردستانە لە یەكلاكردنەوەی پرسە چارەنوسسازەكاندا، رۆڵی خۆی بگێڕایە لە پرسی بودجە و موچەی موچەخۆراندا، كە ساڵانە بەهۆی ململانێی نێوان هەولێر و بەغداوە چەند موچەیەكیان دەفەوتێت.
ئەمانەو چەندین پرسی گرنگی تر ئەركی پەرلەمان بوو ئەنجامیان بدات، بەڵام هیچكام لەو ئەركە پەیرەوی و یاساییانەی ئەنجامنەدا، وێڕای ئەو دەیان بەڵێنەی لایەنە سیاسییەكان بە هاوڵاتیانیاندا، وێرای ئەو سەدان بەڵێنەی كاندیدەكان بە دەنگدەرانیاندا، تاكە كارێك پەرلەمانتارەكان كردبێتیان وەرگرتنی موچەی مانگانەیان بووە! كە ئەمەش لەگەڵ هیچ دەستور و یاسا و داب و نەریتێكدا وێكنایەتەوە! دەتوانرێت ناوی پەرلەمانی كوردستان و ئەندامەکانی لە درێژترین كۆبوونەوەی كراوە و بێدەنگترین پەرلەمانتاردا بخرێنە كتێبی گینزەوە! لەكاتێكدا هەق بوو پەرلەمانتارانی ئەم خولە كار بۆ گێڕانەوەی شكۆی پەرلەمان بكەن!
كەچی بە پێچەوانەوە، نەك هیچ هەنگاوێکیان بۆ نەنا، بەڵكو کاراکتەرێکی ئەو ڕەوشە بوون کە دەگوزەرێت، کە خۆی لە بێبەهاكردنی پرۆسەی هەڵبژاردن، لێدان لە شكۆی دەسەڵاتی یاساداناندا دەبینێتەوە، ناهەقیەكی ئاشكرا دەکەن بەرامبەر ئیرادەی خەڵك و دامەزراوە شەرعیەكانی هەرێم، ئەمەش لەگەڵ هیچ كام لە پەیڕەو و كارنامەی قەوارە سیاسییەكان و بەڵێنەكانیاندا وێك نایەتەوە، ئەگەر زیاتر بخایەنێت سەردەكێشێ بۆ سەرەنگومكردنی ئەو قەوارە سیاسییەی بەخوێن و ئارەقی خەڵكی كوردستان درووستبووەو بەرپرسیاری یەكەمی بەردەم مێژووش هەردوو حزبی دەسەڵاتداری (پارتی و یەكێتی)ن.
