Draw Media

د. سانا كەمال، پارێزەری ڕاوێژکار   لە چەند رۆژی رابردودا دوو ڕوداو ناخی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستانی هەژاند، ڕوداوی یەکەم: دکتۆرێک خێزانەکەی ودایک وباوک وخوشکی خێزانەکەی کوشت. ڕوداوی دووەم: چەند چەکدارێک تەقەیان کرد لە ناو کافتریایەکی شاری سلێمانی. هەردوو روداوەکە بە چەک ئەنجام دراوە، وە بەرزبوونەوە هەیە لە ژمارەی تاوانەکانی کوشتن لە ناوچەکەدا کە بەهۆکاری بڵاوبونەوەی چەک و فرۆشتنی هەڕەمەکی لە شارە جیاوازەکانی هەرێمدا بەبێ لێپرسینەوە و چاودێری پێویست. لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە، ئایا بۆچی بەم شێوازە چەک بڵاوبۆتەوە لەناو تاکەکانی کۆمەڵگا؟ ئایا کێشەی بڵاوبونەوەی چەک لە هەرێم ڕەهەندێکی بازرگانی یا خود سیاسی و یاسای هەیە؟ سەبارەت بە دیوە بازرگانیەکەی ئەم بابەتە، خۆی بەرجەستە دەکات لە دیوێکی شاراوەی چاو چنۆکی قێزەون، ئەویش بەهۆی ئەوەی بازرگانی چەک چەندین کۆمپانیای زەبەلاح وکەسانی دەسەڵاتداری لە پشتە، بەرادەیەک قەبارەی هاوردەکردنی جیهانی  بۆچەکی ئاسایی گەورە،  لە ساڵی ١٩٩١دا گێشتە نزیکەی ٢٣.٦ ملیار دۆلار. ئەم ژمارەیە لە ساڵی ١٩٩٥دا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزی بۆ نزیکەی ١٩.٢ ملیار دۆلار، وە لە ساڵی ٢٠٠٠دا بۆ ١٥.٣ ملیار دۆلار دابەزی.  هەر لەبەر ئەمەش بوو کۆمپانیا گەورەکانی چەک پەلەیان کرد لە هەوڵی ڕزگارکردنی بازاری چەک، بۆ ئەم بابەتەش هەستان بە بەکارهێنانی کارتی ( بارودۆخە نێودەوڵەتی و ناوخۆیەکانی وڵاتانی جیهان). وە وەک رێگایەک بۆ پاراستنی بازاڕی چەک و قازانج، کۆمپانیاکانی چەک و کارگە و دەڵاڵەکان ئەو شتانە بڵاودەکەنەوە کە بە "سیناریۆی هەڕەشەی ئاسایشی نیشتمانی" لە وڵاتە جیاوازەکاندا دەناسرێت.  کە ئەمەش سیناریۆی هەڵبەستراوە و ئامانج لێى بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێیە لە نێوان ئەو ناوچانەی کە بە شەڕ و نائارامی ڕاهاتون و بەم رێگایەش بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ فشار دەخەنە سەر حکومەتەکان بۆ ئەوەی بەشداری گرێبەستە گەورەکانی چەک کرین بکەن بە مەبەستی "بەرگریکردن لە ئاسایشی نیشتمانی" لە بەرامبەر مەترسی و هەڕەشە ئەگەریەکان کە بەشێکی زۆرى ساختە وناراستن کە لە لایەن "شارەزایانی ستراتیژی"ەوە دائەرێژرێن کە کار بۆ کۆمپانیا و کارگەکانی چەک دەکەن بە تایبەت چەکی گەورە. وە هەرێمی کوردستان وعێراق بەدور نین لە ئامانجگرتنیان لە لایەن ئەو کۆمپانیایانەوە بە هۆکاری ئەوەی لە ساڵی (٢٠٢٣)دا عێراق بە بەهای (١١.١) ملیۆن دۆلار چەکی هاوردە کردووە، وە لە پلەی ٩٢ ی جیهاندا بووە لە هاوردەکردنی چەک.  هەر لەو ساڵەدا چەک لەڕوی بەرهەمە هاوردەکراوەکان بۆ عێراق لە پلەی بیستەمدا بوو، ئەمە سەرەرای ئەوەی لە عێراق زیاتر لە یەک کارگەی بەرهەمهێنانی چەکی سووک و زرێپۆشی و چەکی مامناوەند هەیە. هەروەها سۆشیاڵ میدیا ڕۆڵی لە گەرمکردنی بازاڕی چەکدا هەیە لە ناوچەکەدا، بە شێوازێک کە فرۆشتنی چەک لە عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە "بەربڵاو بووە"،  بە تایبەت لە رێگەی فەیسبووک بە شێوازی شاراوە، یا خود بە ڕوونی لە رێگەی هەندێ پرۆفایلەوە کە بانگەشە بۆ فرۆشتنی دەمانچە دەکات. لایەنێکی تری کێشەی هەڵگرتنی چەک لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە ئەندامانی حزبە دەسەڵاتدارەکان و لایەنگرانیان، بەشێکی باشن لەوانەی کە چەک هەڵدەگرن . وە لە یادمان نەچێت کە لە کاتی شەڕی ناوخۆی ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوی نێوان حیزبە کوردستانیەکان، برێکی ئێجگار زۆر لە چەکی سوک لەدوای ئەو شەرە بەجێما. وە هەروەها نەبونی متمانە لە نێوان حیزبەكاندا و تاڵانکردن لە کاتی شەڕدا وای لە خەڵکی مەدەنی کرد کە چەک بۆ بەرگریکردن لە خۆیان هەڵبگرن. وە بە شێک لە چیرۆکی چەکەکانی تر کە بە دەست هاوڵاتیانەوەیە دەگەرێتەوە بۆ کاتی ڕژێمی سەدام وە لەکاتی هەڵوەشانەوەی سوپای بەعسدا هەزاران سەربازی پێشوو چەکەکانیان هێشتەوە لە لای خۆیان کە بەشێکیان نیشتەجێ هەرێمن لە کاتی ئێستا. نەک تەنها ئەمە بەڵکو  لە کاتی دروستبونی شەری داعش، سەرەڕای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر داعش، بەڵام نیگەرانیەکانی هاوڵاتیان کەم نەبۆوە، وە ترس ودڵە راوکێ بەرادەیەک زیادی کرد، کە  بازاڕی چەک لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان گەشەی زۆری کرد لەو ماوەیە و بوژاندنەوەی بەخۆیەوە بینی، چونکە کڕینی چەک لە لایەن هاوڵاتیانەوە ئامادەکاریەک بوو بۆ بەرگریکردن لە مەترسی. وە هەروەها چەند لێکوڵینەوەیەک دەریانخست، کە بەشێک لەو چەکانەی حکومەتی ئەڵمانیا ڕادەستی کوردەکانى کردووە بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش،  لە بازاڕەکانی هەولێر و سلێمانی دەفرۆشرێن. ئەم زانیاریانە دەرخستەی ئەوەیە کە پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان جوڵەی بازاری چەک و سیاسەتی نێودەوڵەتیدا هەیە، وە پەیوەندی لەنێوان ئەم بازاڕە و ململانێی وڵاتانی گەورەدا هەیە، وە هەروەها پەیوەندی لە نێوان ئەم بازارە وململانێ ناوخۆییە سیاسیەکانیش هەیە. دیوەکانی  ئەم بابەتە تەنها لێرەدا ناوەستێتەوە بەڵکو دیوێکی یاسای هەیە لەم بابەتەدا، کە ئەویش ئەوەیە تا چەند یاسا بابەتی چەکی رێکخستوە، لە هەرێمی کوردستان یاسای چەکمان هەیە، کە لەم یاسایەدا دەسەڵاتی مۆڵەتدانی هەڵگرتنی چەکی داوە بە وەزارەتی ناوخۆ، کە ساڵانە لە ماوەی ٣٠ رۆژدا دەبێت مۆڵەتەکە تازە بکرێتەوە، وە چەند مەرجێک دانراوە بۆ پێدانی ئەو مۆڵەتە بە کەسی داواکار، کە ئەویش خۆی لەم چەند مەرجە دەبینێتەوە:   ١- داواکار عیراقی بێت ودانیشتوی هەرێم بێت. ٢-تەمەنی لە ٢١ ساڵ کەمتر نەبێت. ٣ـ ڕەوشت چاک و ڕەفتار و ناوبانگ باش بێت. ٤-بە جینایەتێکی نا سیاسی یاخود کەتنێکی ئابڕوبەر حوکم نەدرابێت. ٥- لەڕوی جەستەی و دەرونی و عەقڵيەوە شیاوی هەڵگرتنی چەکی هەبێت. ٦-لە رووی تەکنیکیەوە شیاو بێت بۆ هەڵگرتنی چەکی ئاگرین. ٧-چەکەکەی بە شێوەیەکی ڕەوا دەستخستبێ و پاساوێکی ڕەوای هەبێت بۆ هەڵگرتنی. دەرخستنەی سەرەوە دەمانگەیەنێتە ئەو ئەنجامەی کێشەی چەک لەگۆرەپانی یاسادا بەهۆی کەم وکوری یاساکەوە نییە، چونکە یاساکە بەجوانی ئەم بابەتەی رێک خستوە و مەرجداری کردوە، بەڵام کێشەکە لەجێبەجێکردنی یاساکەیە لە سەر ئەرزی واقعدا. لە کۆتایدا دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە کێشەی چەک لە هەرێم بازرگانی سیاسیە و دورە لە یاساوە، وە تەنها کێشە کەهەیە لەگۆرەپانی یاسادا خۆی لەجێبەجێنەکردنی یاساکان وەک خۆی دەبینێتەوە نەک خودی یاساکە، وە بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتە دەبێت پلان و هەوڵەکانی حوکمەت بۆ قەتیس کردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا چر تر بکرێتەوە، وڕێکارەکانی پێدانی مۆڵەتی چەک توند و توڵتر بکرێت، وە بازاری چەک چاودێریەکی تایبەتری بۆ تەرخان بکرێت، بە هۆکاری ئەوەی سروشتی زۆرێک لە مامەڵەکانی چەک لەناو بازاڕی ڕەشدا ئەنجام دەدرێت، ودەبێتە هۆی لەدەستدانی داهاتی باج. وە هەروەها هۆشداری یاسای زیاتر بڵاو بکرێتەوە دەربارەی سزای هەڵگرتنی چەکی بێ موڵەت و سزای ئەو تاوانانەی کە ئەگەری هەیە لە رێگەی چەکەوە ئەنجام بدرێت.  


مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)  ڕاگەياندنە دەستوورييەکەی ئەحمەد شەرع لەزیاد لە سەرێکەوە شایانی لەسەر وەستان و خوێندنەوە و پێداجونەوەی رەخنەییانەیە. ئەمەش لە زیاد لە روویەکەوە. دەکرێت بەر لە هەمووشتێک بە رەخنەکردنی نووسەران و ئامادەکەرانی راگەیاندنە دەستوریەکە خۆی دەستپێبکەینن. ئەوانەی بەو کارە هەستاون کەسانێکن شەرع و گروپەکەی دایان ناون، لە کاتێکدا نووسینەی تێکستێکی لەو بابەتە، کە وەک رەشنووسی دەستور وایە، دەبوایە بە لیژنەیەکی نیشتیمانی بسپێردرایە، دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕکێ و پرس و ڕاکردنی ئاشکرا و نیشتیمانی لە سەرجەمی وڵاتەکەدا.  دەبوایە دیدگا و بۆچوونی بەش و پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگاکە وەربگیرایە و ئەو دیدگا و بۆچوونانە نوێنەریان لەو لیژنەیەدا هەبووایە. بۆ نموونە دەبوایە نوێنەری کورد و دروز و عەلەوی و مەسیحی و ئاشوری و تورکمان و ئەوانیتریش لەو لیژنەیەدا هەبوونایە و بەشداربوونایە لە دارشتنی بەندەکانی دەستورێکدا کە ژیانی هەموویان بەڕێوەدەبات. ئەوەی روویدا بڵاوکردنەوەی راگەیاندنێکی دەستورییە کە لە فۆرمی واقیعێکی دروستکراودا بەسەر هەموواندا سەپێنراوە، تیایدا جگە لە باسکردنی عەرەب و ئیسلام، باسی هیچ پێکهاتەیەک لە پێکهاتە ئتنی و دینییەکانی تری سوریای بە کۆنکریتی تیادا نەکراوە، نە مەسیحییەکان، نە یەزیدیەکان،  نە ئاشوریەکان، نە کوردەکان نە تورکمانەکان کەسیان ناویان نەهاتووە ئەمەش وایکردوە. راگەیاندنە دەستوریەکە تەنها راگەیاندنی دەستوری عەرەبی سوریا و موسڵمانەکان بێت. لە راستیدا پێکهاتە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگای سوری تەنها لە لیژنەی نووسینەوەی راگەیاندنە دەستوریەکە وەدەرنەنراون، بەڵکو لە چۆنیەتی پێناسەکردنی دەوڵەتی سوری خۆیشیدا، وەک «کۆمارێکی عەرەبی» و لە کەسایەتی سەرۆکی دەوڵەتەکەشدا وەک «کەسێکی موسڵمان» بەتەنها و لە سەرچاوەکانی یاسادانانیش دانانی «فیقی ئیسلام وەک سەرچاوەی سەرەکیی» هەمان شت روویداوە. سەرەتا ناونانی دەوڵەتەکە بە «کۆمارێکی عەرەبی» کردنە دەرەوەی سەرجەمی بەشە ناعەرەبەکانی ئەو وڵاتەیە لە بەش هەبوون لەناوی دەوڵەتەکەدا. کردنی دەوڵەتەکە بە دەوڵەتێکی عەرەبی بێبەشکردنی سەرجەمی ناعەرەبەکانی وڵاتەکەیە لە بەش هەبوون لە ناونانی دەوڵەتەکەدا. قۆرخکردنی مافی بە سەرۆکبوونیش تەنها بۆ موسڵمانان، سەندنەوەی هەمان مافە لە سەرجەمی پێکهاتە دینیی و نادینییەکانی تری ناو وڵاتەکە. بەم مانایە مەسیحییەک یان دروزیەک یان هەر خاوەن دینێکی دیکە لە سوریادا بۆی نییە و ناتوانێت خەونی بوون بە سەرۆکی وڵاتەکە ببینێت. هاوکات دانانی «فیقی ئیسلامی وەک سەرچاوەی سەرەکیی» یاسادانان، سەپاندنی دیدگایەکی دینیی زۆر تایبەتە بەسەر سەرجەمی دەوڵەتەکە و سەرجەمی دانیشتوانی وڵاتەکەدا. گرێدانی ئەم مەسەلەیە بە بیر و بۆچوون و پاشخانی ئیسلامی ئەو هێزانەوە کە ئەمڕۆکە لە دیمەشقدا حوکمدەکەن، بەو دەرەنجامەمان دەگەینەێت کە ئەم فیقە ئیسلامییە فیقی بەسەلەفیکردنی یاسا و دین و دینداریی دەوڵەتەکەیە. ئەمە جگە لەوەی پێداگرتن لەسەر ئەوەی «فیقی ئیسلامی» سەرچەوەی سەرەکیی یاسادانان بێت، لە قووڵاییدا گاڵتەجاڕییەکی گەورەیە بە بیرۆکە و چەمکی یاسا خۆی. ئاخر راگەیاندنە دەستوریەکە باس لە کام فیق و کام حوکم و کام فەتوا دەکات. «فیقی ئیسلام»ی پڕیەتی لە یاسا و حوکم و فەتواو و داوەریکردنی جیاواز و ناکۆک و دژ بەیەک. هیچ دیاردەیەک نییە لە «فیقی ئیسلامیدا» ناکۆکی قوول و هەمەجۆری لەسەر نەبێت و داوەریکردنی دژبەیەک ئاراستەی نەکات. ئیتر لە جل و بەرگی ژنانەوە بیگرە،  بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردنی کەسانی ناموسڵمان و بۆ چۆنیەتی رێکخستنی ژیانی سێکسی و مەسەلەی گوێگرتن یان نەگرتن لە مۆسیقا و گۆرانیی و حەرامبوون و یان نەبوونی هونەر و ئەدەبیات، ئینجا مەسەلەی حەڵال بوون و یان نەبوونی بانک و مامەڵەکردنی بانکیانە بە پارەوە، تا بە یادکردنەوە یان نەکردنەوەی مەولود و هەبوون یان نەبوونی پەیکەر، دەگات... ئەمە جگە لەوەی کردنی فیقی ئیسلامی بە سەرچاوەی سەرەکیی یاسادانان لە وڵاتێکی فرەدینی پڕ لە جیاوازیدا نەک ناکۆکی لەنێوان دیندارە جیاوازەکاندا دروستدەکات، بەڵکو لە نێوان فیرقە دینییە ئیسلامییە جیاوازەکان خۆشیاندا.   هەموو ئەو خاڵانەی باسمانکردن تەواو ناکۆکن بەو بەشانەی راگەیاندنە دەستوریەکە کە باس لە هاوڵاتیبوونی یەکسان لە سوریادا دەکات. ئەگەر هاوڵاتیانی سوریا بەیەکتری یەکسانبن لە ماف و بەرپرسیارێتیدا، بە چ مانایەک دینی سەرۆکی وڵاتەکە دەبێت تەنها ئیسلام بێت و جگە لە موسڵمان، مەسیحی یان دروز یان عەلەوی یان کەسێک دین بنەمای شوناسەکەی نەبێت، نەتوانێت سەرۆکی ئەو وڵاتەبێت. ئەم بە موسڵمانکردنەی سەرۆکی وڵات و بێگومان لەوێشەوە بە موسڵمانکردنەی دەوڵەتەکە، رێزنەگرتن و پیادەنەکردن و هەڵوەشاندنەوەیەکی راستەوخۆی بیرۆکەی هاووڵاتیبوونە. هەمان مەسەلە لە پەیوەندیدا بە سەپاندنی «فیقی ئیسلامی» بەسەر هەموواندا راستە. ئەم سەپاندنە یاساییەش شەپازلەیەکی گەورەی ترە لە روخساری بیرۆکەی هاوولاتیی و هاووڵاتیبوون. فیکرەی دامەزراندنی «دەوڵەتی هاوڵاتی» و «دەوڵەتی پاراستنی ئازادی» و «پاراستنی کەرامەت» و «دەولەتی یاسا» و «دەولەتێکی لەسەر فیکرەی یەکسانی دروستبووبێت»، کە هەموویان لە راگەیاندنە دەستوریەکەدا باسکراوە،، تەواو ناکۆکن بەو بە ئیسلامیکردنەی دەوڵەت و سەرۆک و یاساکان. «دەوڵەتی هاوڵاتی» و «دەوڵەتی پاراستنی ئازادی» و «پاراستنی کەرامەت» و «دەولەتی یاسا» شتێک نین بە دەوڵەتێک جێبەجێبکرێن کە مەرجی یەکەمی ئەوەبێت سەرۆکی وڵاتەکە موسڵمان بێت و سەرچاوەی سەرەکیی یاساکانیشی فیقی ئیسلامی بێت. ئینجا دەسەڵاتەکانی ئەحمەد شەرع وەک سەرۆک کۆمار. ئەو دەسەڵاتانەی راگەیاندنە دەستوریەکەدا، بە ئەحمەد شەرعی بە خشیوە وەک سەرۆک کۆمار، دەسەڵاتەکانی حافز ئەسەد و بەشار ئەسەد و سەدام حوسەین و زۆرێک لە دیکتاتۆر و ستەمگەرەکانی ناوچەکە بە بیری خەڵکی سوریا و دەرەوەی سوریا دەهێنێتەوە. لە راگەیاندنە دەستوریەکەدا زۆربەی هەرەزۆری دەسەڵاتە سەرەکییەکانی دەوڵەتەکە بە سەرۆکی وڵاتەکە بەخشراوە. ئەحمەد شەرع لەیەک کاتدا هەم سەرۆکی هێزە چەکدارەکانە، هەم دەسەڵاتی دانانی وەزیرەکانی هەیە، هەم یەک لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان ئەو دایاندەنێت، هەم ئەندامەکانی دادگای دەستورییش. پێش ئەمانەش و لە سێ مانگی رابردوودا لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سەربەخۆیەوە دەسەڵاتی دروستکردنی «ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی» پێبەخشرا، بەپێی ئەم دەسەڵاتەش ئەحمەد شەرع توانی ئەندامەکانی ئەو ئەنجومەنە دەستنیشانبکات و ئەوانەیشی کە داینان کەسانی سەر بە «هەیئەی تەحریری شام» خۆی بوون کە شەرع بەر لە بوونی بە سەرۆک کۆمار، سەرۆکیان بوو. واتە شەرع لەیەک کاتدا هەم دەسەڵاتی جێبەجێکردن، هەم دەسەلاتی داوەریکردن و هەم دەسەڵاتی یاسادانانی لەژێر دەستی خۆیدا کۆکردۆتەوە و بەتاڵیکردونەتەوە لەتوانا و ئەرکە سەرەکییەکانی خۆیان. شەرع بەو هەموو دەسەڵاتەوە و بەو بازنە تەسک و تایبەتەی بە دەوری خۆیدا دروستیکردوە، سەرۆک کۆمارێکە ڕاگەیاندنە دەستوریەکە هیچ میکانیزمێکی یاسایی و دەزگایی بۆ لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردنی پێشنیار ناکات. دەسەڵاتی شەرع لە راگەیاندنە دەستوریەکەدا رەهایە و بەبێ لانی هەرەکەمی چاودێریکردن و لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردن کاردەکات. بەم شێوەیە لێرەشدا رێگا بۆ دروستبوونی دەسەڵاتەێکی شەخسیی و ستەمگەرانە خۆشکراوە کە لە شەستەکانی سەدەی بیستەمەوە خەڵکی ناوچەکە دەیبینن و کارەساتە گەورەکانی ئەزموون دەکەن. ئەم فۆرمەش لە دەسەڵاتی جاودێرینەکراو، ڕێگری ژمارە یەکە لەبەردەم دروستبوونی دەوڵەتی هاوڵاتیی و دەولەتی یاسا و دەولەتی ئازادیی دا. لەمانەش ترسناکتر یاساغکردنی ژیانی سیاسیی و حیزبایەتییە بەجۆرێک تیایدا هیج کەس و گروپێک توانای دروستکردنی پارتی سیاسیی تایبەتیان نەبێت و نەتوانن لە رێگای ئەو پارتانەوە لە ژیانی سیاسیی وڵاتەکەدا بەشداربن. ئەم یاساغکردنە لانیکەم تا کۆتایی پێنج ساڵ لە دەسەڵاتی رەهای شەرع بەردەوام دەبێت. شەرع کە لە ئێستادا دەسەڵاتەکەی ناجێگیر و لاواز و بێبنەمای پتەوی هەیە رێگە بە دروستبوونی ژیانێکی سیاسیی پلورال و کراوە نادات، دوای پێنج ساڵی تر کە بەهێزبوو، مەگەر تەنها دوعاکردن و کڕوزانەوە بمێنێتەوە بۆ قبووڵکردنی ژیانێکی سیاسیی کراوە. ئەم یاساغکردنەی ژیانی سیاسیی رێکخراو وادەکات گروپەکەی شەرع لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا، حوکمی رەهای سوریا بکەن و دەزگا سەرەکییەکان بەوشێوەیە دروستبکەن کە خۆیان و پاراستنی پێگەکانی خۆیان پێویستیان پێیەتی، لە سوپا و پۆلیس و ئاسیش و هەواڵگرییەوە بیگرە بۆ پەرلەمان و دەزگاکانی تر. بە کورتییەکەی، ئەم راگەیاندنە دەستورییە، کە دەستوری سوریایە بۆ پێنج ساڵی داهاتوو، ڕەچەتەیەکی ترسناکە بۆ دروستکردنی دەسەڵاتێکی تاکەکەسیی دینیی داخراو. ئەوانەی ئەم راگەیاندنە دەستوریەیان لە ئێستادا بەم شێوەیە نووسیوە، دوای پێنج ساڵیتر زۆر لە ئێستا بەهێزتر دەبن. ئەوەیشی لەپاڵ و بە هۆی ئەم راگەیاندنە دەستوریەوە دروستیان کردوە، نەک لاینابەن و نایگۆڕن، بەڵکو زیاتر و زیاتر دەیچەسپێنن و دەیسەپێنن. بۆیە ئەم راگەیاندنە دەستورەیە نەخشە رێگایەکی ترسناکە، جگە لە ستەمگەریی دینیی و سیستمێکی دیکتاتۆریی، هیچی تری لێ چاوەڕوان ناکرێت و هیچی تریشی لێ سەوز نابێت. بەخشینی پێنج ساڵ حوکمڕانی بە ئەحمەد شەرع و گروپەکەی، بەو هەموو دەسەڵاتە زۆرەوە جاودێرینەکراوەوە، پرۆژەی دروستکردنی بەشار ئەسەدێکی دیکەیە، بەڵام ئەمجارە یان بەشار ئەسەدێکی ئیسلامی سونی سەلەفی. دەسەڵاتەکانی شەرع وەک سەرۆک کۆمار لە راگەیاندنە دەستوریەکەدا لە دەسەڵاتی سەرۆکی وڵاتێکی مۆدێرن ناچێت، بەڵکو لە دەسەڵاتی خەلیفە کۆنەکانی ئیسلام دەچێت، کە دوای یەکجار بەیعە پێبەخشین، کەس بۆی نەبووە و نەیتوانیوە تا مردنیان یان کوشتنیان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات. دروستکردنی ئەمجۆرە خەلیفە و سیستمی خەلافەتیش لە رێگای یاسا و راگەیاندنی دەستورییەوە کە سوریای ئەمڕۆدا، ترسناکی سیستمە سیاسییەکە دەیانجار گەورەتر و هەمەلایەنتر دەکات. ئەوەی لە سوریای دوای ئەسەد چاوەروان دەکرێت دروستکردنی دەوڵەتێکی مۆدێرنە، بە دەستورێکی هاوچەرخ و بە دەزگا و میکانیزمی حوکمڕانیکردنی هاوچەرخەوە، ئەوەی چاوەڕوان دەکرێت دروستبوونی عەقڵیەتێکی سیاسیی و ئیداریی کراوەی هاوچەرخە کە لەودیوی دروستکردنی دەوڵەتی دینیی و تائیفییەوە کاربکات. بە تایبەتی لەودیوی سەپاندنی دەسەڵاتی سەلەفیەت بەسەر وڵاتەکەدا.       


  درەو: مامۆستا كەمال خدر پەستەك سۆر كە خەڵكی شاری كۆیەیەو لە هەولێر دادەنیشێت، شەوی رابردوو لەلایەن زاواكەیەوە (د. سیروان مەحمود) خۆی و هاوسەری و دووكچی كوژران و نەوەیەكیشی برینداركراوە، لە بیرەوەرییەكانیدا كە دەنوسێت: ھەرچەندە من باش لەوە گەیشتووم کە ژن ھێنان و منداڵ دروست کردن چەندەی خۆشی ژیان تێدایە ئەوەندەش تووشی کۆمەڵێ بەرپرسیارەتی گرانت دەکا. مەڵبەندی هەولێری حزبی شیوعی کوردستان، لە پرسەنامەیەكدا دەڵێت: مامۆستا كەمال خدر پەستەك سۆر هاوڕێ و کەسایەتی ڕۆشنبیرو پێشمەرگەی دێرینی حزبی شیوعیمان بووە. کەمال خدر مستەفا ناسراو بە "پەستەک سۆر" لە ساڵی 2017 کتێبی بیرەوەریەکانی خۆی نووسیوەتەوە لە ژێر ناونیشانی (بەسەرھات و بیرەوەرییەکان). هیوا سەید سەلیم نوسینێكی لەسەر مامۆستا كەمال و بیرەوەرییەكانی بڵاوكردووەتەوەو لە نوسینەكەیدا هاتووە:  مامۆستا كەمال لە لاپەڕە 83 کتێبی بیرەوەرییەكانیدا نووسیوەیەتی:- "ھەرەتم بوو، حەزم بەژیانێکی ھێمن دەکرد، حەزم دەکرد ژن بھێنم و ماڵ و منداڵم ھەبێ، ئەو ساڵانەی پێش ژن ھێنانم زۆر شەکەت بووم" لە بەشێکی دیکەی بیرەوەریەکانی نووسیوەیەتی: "ھەرچەندە من باش لەوە گەیشتووم کە ژن ھێنان و منداڵ دروست کردن چەندەی خۆشی ژیان تێدایە ئەوەندەش تووشی کۆمەڵێ بەرپرسیارەتی گرانت دەکا. بە تایبەتی منداڵ ئەگەر باش پەروەردە کرا ئەوە رەحمەتێکە بۆ خۆی و خێزان و گەل و نیشتمانەکەی، خۆ جاری وا بووە منداڵ لەدەست دەرچووە بوو بەبەڵ بەھۆی درووستکردنی سەر ئێشە بۆ خۆی و خێزانەکەی." کەمال خدر، لە 1/7/1970 ھاوسەرگیری لەگەڵ سەباحەت کردووە کە ئەویش لەگەڵ کەمال و دوو کچەکەی بوو قوربانی جۆری دووەم لە پەروەردەی خێزان بۆیە نووسیویەتی: من لە لایەنی خوێندن و پەروەردەکردنی منداڵەکانم سەرم ئاسوودەیە: -    منداڵی دووەمم دکتۆرە (سانا) کە پزیشکی بواری منداڵ بوونەو ماستەر و دکتۆرای لەم بوارە بەدەستھێناوە. -    منداڵی سێیەمم دکتۆر(سەھەند) دکتۆراکەی لە زانکۆی (نۆتنگام) ھێناوە. -    منداڵی چوارەمم (سیابۆ) بەکالۆریسی لە ماتماتیک هەیە. -     منداڵی پێنجەمم (سایە) پزیشکی پێستە -     منداڵی شەشەمم (ھەرێم) پزیشکی گشتییە لە بواری چاو -     منداڵی حەوتەمم (سەناریا ) پزیشکی گشتییە. -     منداڵی ھەشتەمم خوێندکاری کۆلیژی دەرمانسازییە. مامۆستا  كەمال خدر پەستەك سۆر   - ساڵی ١٩٤٠ لەگەرەكی بایز ئاغای شاری كۆیە لە دایكبووە . - ⁠-خوێندنی سەرەتای لە قوتابخانەی ئولای كۆیە و خوێندنی ناوەندی لە كۆیە تەواوكردووە . - ⁠-ساڵی ١٩٥٦ لە خانەی مامۆستایانی بەعقوبە وەرگیراوە. - ⁠-ساڵی ١٩٦٠ بە مامۆستا لە گوندی باغەجنێر لە كۆیە دامەزراوە دواتر گواستراوەتەوە قوتابخانەی باواجی لە ناو شاری كۆیە تاكو كودەتای ٨ی شوباتی ١٩٦٣ . - ⁠-لە ماوەی مامۆستایەتیدا لەم قوتابخانانە ش بە ئەركی پیرۆزی پەروەردە هەڵساوە” بەیان ، حاجی قادر” لەكۆیە و كورەك و بنەسڵاوە و زەهاوی لە هەولێر و ماوەیەكیش دورخراوەتە بۆ شاری رومادی” - ⁠لە ساڵی ٢٠٠٦ خانەنشیكراوە. - ⁠-مامۆستا كەمال لە ساڵی ١٩٧٠ هاوسەرگیری لەگەڵ مامۆستا سەباحەت زاهیر  كردووە.


راپۆرت: درەو 4ی حوزەیرانی 2009 وادەی خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی دەهات، بەر لەمەو لە 5ی كانونی دووەمی ئەو ساڵەدا (عەدنان موفتی) كە لە پشكی یەكێتیی سەرۆكی پەرلەمان بوو، نامەیەكی ئاڕاستەی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم كرد؛ تێیدا پێشنیازی ئەوەی بۆ كرد لە رۆژی 19ی ئایاری 2009دا هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمان بەڕێوەبچێت، هەڵبژاردنی ئەم رۆژەشی گەڕاندبووەوە بۆ یادی یەكەم هەڵبژاردن لە كوردستاندا كە رۆژی 19ی ئایاری 1991 بوو. بارزانی لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كە سەرپەرەشتی هەڵبژاردنی كوردستانیشی دەكرد، تاوتوێی پێشنیازەكەی عەدنان موفتی كرد بۆ دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردن لە 19ی ئایاری 2009دا، رۆژی 11ی نیسانی 2009 بارزانی بە نامەیەك وەڵامی عەدنان موفتی دایەوەو رایگەیاند: (له‌به‌ر ته‌رخان نه‌كردنی بودجه‌ی تایبه‌ت بۆ كۆمسیۆنی باڵا له‌لایه‌ن حكومه‌تی فیدراڵ و نه‌بوونی پلانی دارایی روون و توانای ته‌كنیكی پێویست،  كۆمسیۆن ناتوانێت له‌رۆژی 19/5/2009 هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدات). رۆژی 2ی ئایاری 2009 كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە نوسراوێك سەرۆكایەتیی هەرێمی ئاگادار كردەوە لەوەی لەدوای 20ی تەموزی 2009وە دەتوانێت هەڵبژاردنی كوردستان بەڕێوەببات. 5ی ئایار بارزانی چووە بەردەم پەرلەمان و لە وتارێكدا رۆژی 25ی تەموزی 2009ی وەكو وادەی هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان دیاریكرد. بارزانی؛ كە هەر لە بنەڕەت و لەدوای ئیمزاكردنی رێككەوتنی ستراتیژییەوە لەگەڵ تاڵەبانی، بە مەرجی ئەوە پۆستی سەرۆكی هەرێمی وەرگرتبوو كە پۆستەكە دەسەڵاتی هەبێت، لەم كۆبوونەوەیەدا بە فەرمی داوای لە پەرلەمان كرد كە دەبێت هاوتەریب لەگەڵ پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەماندا، هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیش بەڕێوەبچێت، ئیتر لێرەوە مشتومڕەكان لەبارەی روخساری سیستەمی حوكمڕانی لە كوردستان سەریهەڵدا، لەبارەی ئەوەی ئایا سیستەمەكە سەرۆكایەتیی یان پەرلەمانیی، یاخود تێكەڵە، ئەوەی رێبەرایەتی وروژاندنی ئەم بابەتەی دەكرد لەو سەروبەندەدا، بزوتنەوەی گۆڕان بوو كە بۆ یەكەمجار بوو وەكو هێزێكی نوێ خۆی بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردن ئامادە دەكردو نەوشیروان مستەفا بە قورسایی سیاسی خۆیەوە رێبەرایەتی ئەم تەوژمە سیاسییە نوێیەی دەكرد، كە بۆ یەكەمجار لە مێژووی سیاسی هەرێمدا گەرموگوڕییەكی بێ پێشینەی بە پرۆسەی هەڵبژاردنەكە بەخشی بوو. نەوشیروان مستەفا كە جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی بوو، جیابونەوەی خۆی راگەیاند، رەخنەی لە هاوپەیمانی ستراتیژیی نێوان تاڵەبانی و بارزانی دەگرت، ئەمە وایكرد زیاتر لە جاران تاڵەبانی وابەستەی رێككەوتنەی بێت لەگەڵ بارزانی، بەتایبەتیش كە رێككەوتنە ستراتیژییەكە تاكە گەرەنتی بوو بۆ ئەوەی بتوانێت لە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقدا بەردەوام بێت، لەبەرامبەریشدا بارزانی زیاتر لە جاران دەرفەتی ئەوەی بۆ خۆش بوو بوو كە فشاری زیاتر لە تاڵەبانی بكات بۆ چەسپاندنی سیستەمی سەرۆكایەتیی لە كوردستاندا. 25ی تەموزی 2009 هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمان و سەرۆكایەتیی هەرێم بەڕێوەچوو، بۆ یەكەمجار هەڵبژاردنەكە كێبركێیەكی بەهێزی بەخۆوە بینی، (تاڵەبانی و بارزانی) پێكەوە لەبەرامبەر (نەوشیروان مستەفا) راوەستا بوون، ئەمانە سێ كارەكتەری سەرەكی گۆڕەپانی سیاسی كوردستان بوون كە لە هەفتەكانی سەدەی رابردووەوە جێپێی خۆیان لەناو شۆڕشی چەكداری كورددا لە عێراق قایم كردبوو. لەم هەڵبژاردنەدا، تاڵەبانی لەناوچەی سەوز بانگەشەی بۆ بارزانی دەكرد، داوای لە لایەنگرانی یەكێتیی دەكرد دەنگی پێبدەن، وەكو ئاماژەیەكیش بۆ نەوشیروان مستەفا قسە بە ناوبانگەكەی كرد كە وتی: (بەكوێرایی چاوی ناحەزان، كاك مەسعود ئەم خولەو خولی داهاتووش سەرۆكی هەرێم دەبێت). نەوشیروان مستەفاو بزوتنەوە نوێیەكەی (گۆڕان) ئەم گوتارەی تاڵەبانییان قۆستەوە بۆ راكێشانی سەرەنجی لایەنگرو دەنگدەرانی یەكێتیی بەلای خۆیاندا، هەرواش دەرچوو، لە هەڵبژاردنەكەدا بزوتنەوەی گۆڕان بۆ یەكەمجار وەكو هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی بەهێز دەركەوت؛ (25) كورسی پەرلەمانی بردەوە، كە ئەنجامێكی بێ پێشینە بوو، ئەمە لە كاتێكدا بوو كە پارتی و یەكێتیی لە هەڵبژاردنەكەدا بە لیستێكی هاوبەش بەناوی (لیستی كوردستانی) بەشدارییان كرد، لەسەر بنەمای رێككەوتنی ستراتیژیی 2004. لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 2009دا، 24 لیست كێبركێیان كرد لەسەر بردنەوەی (111) كورسی پەرلەمان، 11 لیست رێژەیی یاساییان بەدەستهێنا بۆ چوونە ناو پەرلەمان. پارتی و یەكێتیی لەگەڵ چەند حزبێكی تر پێكەوە (59) كورسی پەرلەمانیان برد، بزوتنەوەی گۆڕان (25) كورسی بردو بوو بە براوەی دووەمی هەڵبژاردن. ئەنجامی هەڵبژاردنی 25ی تەموزی 2009     هەڵبژاردنی راستەوخۆی سەرۆك هاوتەریب لەگەڵ هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەماندا، هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی هەرێم بەشێوەی راستەوخۆو لەناو خەڵكەوە بەڕێوەچوو. بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی هەرێم، بزوتنەوەی گۆڕان كە پێگەیەكی جەماوەریی بەهێزی هەبوو، كاندیدی پێشكەش نەكرد؛ ئەمە لەبەر رۆشنایی ئەوەی بزوتنەوەكە باوەڕی بە سیستەمی پەرلەمانیی هەیە نەك سەرۆكایەتیی و پشتیوانی ئەوە ناكات سەرۆك راستەوخۆ لەناو خەڵك هەڵبژێردرێت و دەسەڵاتی بەرفراوانی هەبێت، بەجۆرێك پەرلەمان نەتوانێ لێپرسینەوەی لێ بكات. لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا (5) كەس كاندید بوون كە ئەمانەن بوون: •    مەسعود بارزانی (سەرۆكی پارتی و كاندیدی هاوبەشی پارتی و یەكێتیی) •    كەمال میراودەلی •    هەڵۆ ئیبراهیم ئەحمەد •    ئەحمەد محەمەد رەسوڵ •    حسێن گەرمیانی بارزانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی بردەوەو بۆ جاری دووەم پۆستی سەرۆكی هەرێمی وەرگرتەوە، ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی بەمشێوەیە بوو:   پارەی بەغدادو كابینەی شەش و حەوت لەسەر بنەمای رێككەوتنە ستراتیژییەكەی نێوانیان، تاڵەبانی و بارزانی رێككەوتن لەسەر پێكهێنانی كابینەی شەشەمی حكومەت،  كابینەی پێنجەم پۆستی سەرۆك وەزیران هەر چوار ساڵەكە لای پارتی (نێچیرڤان بارزانی) بوو لە كاتێكدا بەپێی رێككەوتنی نێوانیان  دووساڵ بە دووساڵ بوو، دووساڵی یەكەم لای پارتی و دووساڵی دووەم لای یەكێتی، بەڵام دوای تەواو بوونی دووساڵەكەی نێچیرڤان بارزانی، تاڵەبانی دووساڵەكەی یەكێتیشی دایەوە بە پارتی و نێچیرڤان بارزانی دوو ساڵەكەی پارتی و دووساڵەكەی یەكێتی سەرۆكی حكومەت بوو بەوەش تاڵەبانی روبەرووی رەخنەی زۆری ناوخۆی حزبەكەی بوەوە، بەڵام لە كابینەی شەشەمدا  تاڵەبانی و بارزانی وا رێككەوتنەوە پۆستی سەرۆك وەزیران و سەرۆكی پەرلەمان جارێكی دیكە دوو ساڵ بە دوو ساڵ بێت، دووساڵی یەكەمی كابینەكە بۆ یەكێتی بوو لەمەشدا تاڵەبانی مەبەستی بوو لە دابەشكردنی پۆستەكاندا هەندێك هاوسەنگیی بگەڕێنێتەوە بەتایبەتیش لەسەردەمێكدا كە گوتاری سیاسیی نەوشیروان مستەفاو بزوتنەوەكەی لە سلێمانی رەواجی گەورەی هەبوو، كاریگەریی بنیادی لەسەر پەیكەری سیاسیی یەكێتیی و ئایندەی حزبەكەی تاڵەبانی هەبوو، بارزانیش كە لەچوارچێوەی رێككەوتنە ستراتیژییەكەدا لەبەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقدا گەرەنتی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كردبوو، لەبەرامبەر نەوشیروان مستەفادا پشتی لە تاڵەبانی نەكرد، بەتایبەتیش لەكاتێكدا گوتاری سیاسی نەوشیروان مستەفا لە یەككاتدا هەم تاڵەبانی و هەم بارزانیشی دەپێكاو دژی بە بنەماڵەیكردنی حوكمڕانی بوو لە كوردستاندا. بارزانی كە لە ساڵی 1992ەوە رێككەوتنی "فیفتی بە فیفتی" لەگەڵ تاڵەبانی رەتدەكردەوە، ئەمجارە قایل بوو كابینەی "دوو ساڵ بە دوو ساڵ" لەگەڵ تاڵەبانی تەشكیل بكات. بەمجۆرە لە 28ی ئۆكتۆبەری 2009دا كابینەی شەشەمی حكومەتی هەرێم كە كابینەی هاوبەشی پارتی و یەكێتیی بوو لەدایكبوو، دوو ساڵی یەكەمی تەمەنی كابینەكە (لە 28ی ئۆكتۆبەری 2009 بۆ تاوەكو 4ی نیسانی 2012) پۆستی سەرۆك وەزیران بەدەست یەكێتییەوە بوو، (د. بەرهەم ساڵح) سەرۆكایەتیی حكومەتی دەكرد، پێكهاتەكەی حكومەتەكەش بەم جۆرە بوو:   لەو دوو ساڵەی كە یەكێتیی سەرۆكایەتیی حكومەتی دەكرد، ناوچەكە پەرەسەندنێكی بێ پێشینەی بەخۆوە بینی، بەهۆی ناڕەزایەتیی جەماوەریی و خۆپیشاندانەوە لە چەند وڵاتێكی عەرەبی دەسەڵاتی سیاسی گۆڕاو چەند وڵاتێكی تر كەوتنە بەردەم گۆڕانكاریی، شەپۆلەكە وڵاتانی (تونس- میسر- ليبيا- یەمەن- بەحرەین و دواجاریش سوریا كە سەریكێشا بۆ شەڕیكی خوێناویی كە سەرباری كەوتنی رژێمی ئەسەدیش هێشتا كۆتایی نەهاتووە). خۆپیشاندانەكانی بەهاری عەرەبی هاوكات بوو لەگەڵ دروستبوونی بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆن لە كوردستان (بزوتنەوەی گۆڕان+ یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی) بە رابەرایەتی نەوشیروان مستەفا، ئەم بەرەیە بەردەوام پشتیوانی خۆی بۆ گۆڕانكارییەكانی لە وڵاتانی ناوچە نیشاند دەدات، لەبەر رۆشنایی كاریگەریی بەهیزیی رووداوەكاندا، لە 17ی شوباتی 2011دا لە سلێمانییەوە شەپۆلێك ناڕەزایەتیی دەستیپێكرد كە داوای لەناوچوونی دەسەڵاتی پارتی و یەكێێتیی دەكرد، هێزەكانی یەكێتیی بەتوندی روبەڕووی شەپۆلی ناڕەزایەتییەكان بوونەوەو كۆتاییان پێ هێنا، بەڵام كاریگەرییەكانی لەسەر پێگەی یەكێتیی دواترو لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا دەركەوت.   دوو ساڵی یەكەمی كابینەی شەشەم كە پۆستی سەرۆك وەزیران لای یەكێتیی بوو، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بەدەست پارتییەوە بوو (كەمال كەركوكی) بۆیە، كاتێك لە 5ی نیسانی 2012دا ئاڵوگۆڕی پۆستەكان كرا لەنێوان پارتی و یەكێتیی، (نێچیرڤان بارزانی) پۆستی سەرۆك وەزیرانی لە بەرهەم ساڵح وەرگرتەوە، كەمال كەركوكیش پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی رادەستی (ئەرسەلان بایز) كرد، بەمجۆرە (نێچیرڤان بارزانی) جارێكی تر گەڕایەوە بۆسەر كورسی پۆستی سەرۆك وەزیران و كابینەی حەوتەمی حكومەتی تەشكیل كرد، كابینەكەی تاوەكو 17ی حوزەیرانی 2014 بەردەوام بوو، كە پێكهاتەكەی بەمجۆرە بوو:     بەهۆی بوونی ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز بە رێبەرایەتی (نەوشیروان مستەفا)، ئەم كابینەیە هەندێك دەستكەوتی نوێی بۆ خۆی تۆماركرد كە لە كابینەكانی پێش خۆیدا نەبوو، بەتایبەتیش لەو دوو ساڵەدا كە بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتیی حكومەتەكەی دەكرد، لەوانە كردنەوەی پرۆژەی (تواناسازیی) بۆ ناردنەدەرەوەی خوێندكارانی كورد بۆ خوێندن لە دەرەوەی وڵات هەروەها كردنەی سولفەی نیشتەجێبوون و هاوسەرگیریی و ئامادەكردنی یاسای بودجەو پرساندنی سەرۆك وەزیران و وەزیرەكان لەبەردەم پەرلەمان. یەكێك لە دیارترین تایبەتمەندییەكانی ئەم حكومەتە كە دوو كابینەی لەخۆیدا كۆكردبووەوە (كابینەی بەرهەم ساڵح+ كابینەی نێچیرڤان بارزانی) ئەوە بوو، كە پشكی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراق بەشێوەیەكی سیستەماتیك و مانگانە دەگەیشتە هەرێم و مانگانە بڕەكەی (ترلیۆنیك و 200 ملیار) دینار بوو، كە بە تەنیا (850 ملیار) دیناری بۆ موچەو (350 ملیار) دیناریش بۆ پرۆژەكانی وەبەرهێنان و خزمەتگوزاریی دەرۆیشت، ئەمەش جۆرێك لە بوژانەوەو گەشەسەندنی بە هەردوو كابینەكە بەخشی، لەكۆتایی تەمەنی كابینەی حەوتەمدا لە حوزەیرانی 2014دا، بەغداد بەشە بوجەی هەرێمی بڕی و كابینەی هەشتەم كە دواتر باسی لێوە دەكەن كابینەی قەیرانی دارایی بوو. سەرچاوەكان: •    سایتی پەرلەمانی كوردستان https://www.parliament.krd/about-parliament/parliament-terms/term-3/ •    سایتی حكومەتی هەرێمی كوردستان https://8th.cabinet.gov.krd/?l=13 •    سایتی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان https://presidency.gov.krd/krp/kurdish/default.aspx •    سایتی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان https://archive.gorran.net/Detail.aspx?id=1088&LinkID=106 •    كێن ئەوانەی بە فعلی وەزیری بوون، راپۆرتی (درەو) https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=8847 پاشكۆ: لیستی ناوی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان (خولی سێیه‌م) لیستى كوردستانى 1-    ئه‌رسه‌لان بایز ئیسماعیل (بوو بە سه‌رۆكی په‌رله‌مان) 2-    حسن محمد سوره‌ محمد (بوو بە جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان) 3-    فه‌رسه‌ت احمد عبدالله (بوو بە سكرتێری په‌رله‌مان) 4-    محمد قادر عبدالله‌ ناسراو به ‌دكتۆر كه‌مال كه‌ركوكی (سه‌رۆكی په‌رله‌مان بوو لە پشكی پارتی، بۆ سەرسەلان بایز لە پشكی یەكێتیی  ده‌ستی له‌كار كێشایەوە‌) 5-    به‌كر كریم محمد صالح 6-    بێریڤان إسماعیل سه‌رهه‌نگ 7-    په‌روین عه‌بدولڕه‌حمان عه‌بدوڵا 8-    تارا تحسین یاسین ئه‌سعه‌دى 9-    تارا عبدالرزاق محمد عمر 10-    جلال علی عبدالله عوسمان 11-    جمال تاهر ئیبراهیم محمد 12-    حازم تحسین سعید على 13-    خه‌لیل عوسمان حمد امین رسول 14-    خورشید احمد سلیم یونس 15-    د. رۆژان عه‌بدولقادر 16-    احمد بایز دزه‌یی 17-    د. لیلی امیرعاض عزیز 18-    د. ئاراس حسین محمود 19-    د.به‌شیر خه‌لیل تۆفیق 20-    د.سه‌روه‌ر عبدالرحمن عمر 21-    د.عمر حمدامین نوره‌دینى 22-    د.محمد موسى مصطفى 23-    دانا سه‌عید سۆفى 24-    دڵشاد شه‌هاب حاجى (ده‌ستی له‌كار كێشایەوە‌‌) 25-    رازاو محمود فه‌ره‌ج 26-    رزگار محمد امین حمه‌سعید (ده‌ستی له‌كار كێشایه‌وه) 27-    رفیق صابر قادر ته‌ها (ده‌ستی له‌كار كێشایه‌وه‌) 28-    زكیه‌ صالح عبدالقادر رشید 29-    ژیان عومه‌ر شه‌ریف 30-    سالار مه‌حمود موراد عه‌لی 31-    سه‌ردار رشید محمد احمد 32-    سه‌میره‌ عبدالله ئیسماعیل 33-    سۆزان شه‌هاب نوری 34-    شڤان ئه‌حمه‌د عه‌بدولقادر 35-    شلێر محه‌مه‌د نه‌جیب 36-    شلیر محى الدین صالح محمد 37-    شه‌ونم محمد غریب ته‌ها 38-    شوان عبدالكریم جلال محمود 39-    شۆرش مجید حسین مرسل 40-    شێروان ناسح عبدالله‌ سبفه‌ الله‌ حیده‌ری (ده‌ستی له‌كار كێشایه‌وه‌) 41-    شیلان عبدالجبار عبدالغنى ابراهیم 42-    صباح بیت الله‌ شكری مه‌حمود 43-    صبیحه ‌احمد مسته‌فا شوان 44-    عبدالسلام مسته‌فا صدیق على 45-    عبدالله على ئیبراهیم حسین (ده‌ستی له‌كار كێشایه‌وه‌) 46-    على حسین محمد حسن 47-    عمر صدیق محمد ئیبراهیم 48-    عمر عبدالرحمن على عبدالله 49-    عونی كمال سعید عزیز البزاز 50-    عیماد محه‌مه‌د حوسێن 51-    فازڵ محه‌مه‌د قادر 52-    قادر احمد سمایل 53-    قادر حه‌سه‌ن قادر 54-    كاوه‌ محمدامین حسین 55-    كه‌یلی ئه‌كره‌م مه‌نتك 56-    گه‌شه‌ دارا جلال ئه‌حمه‌د 57-    گۆران ئازاد محه‌مه‌د عه‌بدوڵا 58-    لانه‌ ئه‌حمه‌د محمود عبدالقادر 59-    محه‌مه‌د دلێر مه‌حمود فه‌تاح 60-    محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د عه‌لی 61-    نیشتمان مورشد ساڵح 62-    نەژاد عزیز قادر 63-    ئامینه‌ زكری سعید یوسف 64-    ئاواز عبدالواحد خضر على 65-    ئه‌ڤین عومه‌ر ئه‌حمه‌د 66-    ئیسماعیل مه‌حمود عه‌بدوڵا بزوتنەوەی گۆڕان 1-    ئاشتى عزیز صالح ئیسماعیل 2-    ئاهه‌نگ عارف ره‌ئوف 3-    ئیسماعیل سعید محمد على گه‌ڵاڵه‌یی 4-    بورهان رشید حسن 5-    په‌ریهان قبلاى محمد على (ده‌ستی له‌كار كێشایەوه‌) 6-    په‌یام ئه‌حمه‌د محمد ئه‌مین 7-    په‌یمان عبدالكریم عبدالقادر رسول 8-    په‌یمان عزالدین عبدالرحمن 9-    پێشه‌وا تۆفیق مه‌غدید حوسێن 10-    جعفر على ره‌سول محمد (ده‌ستی له‌كار كێشایه‌وه‌) 11-    دڵشاد حسێن قادر 12-    رێباز فتاح محمود نادر 13-    زانا ره‌ئوف حمه‌كریم (ده‌ستی له‌كار كێشایه‌وه‌) 14-    سه‌رهه‌نگ فرج محمد محمود 15-    سیوه‌یل عوسمان ئه‌حمه‌د 16-    شاهۆ سه‌عید فتح الله (ده‌ستی له‌كار كێشایه‌وه‌) 17-    شێرزاد عبدالحافز شریف فقێ محمد 18-    عبدالرحمن حسین ابابكر (زاخۆیی) جیابوەوە، لیستی سەربەخۆی دروستكرد 19-    عبدالله محمد امین 20-    عبدالله محمد نورى 21-    عدنان عوسمان محمد على 22-    عه‌زیمه‌ نه‌جمه‌دین حه‌سه‌ن 23-    فه‌رمان عزالدین محمود 24-    كاردۆ محمد پیرداود حاجى 25-    كاروان صالح ئه‌حمه‌د جیابووەوەو لیستی سەربەخۆی دروستكرد 26-    كوێستان محمد عبدالله معروف على 27    - نه‌ریمان عه‌بدوڵا قادر ئه‌حمه‌د 28-     نه‌سرین جمال مسته‌فا نجیب 29-    ڤیان عبدالرحیم عبدالله عبدالرحیم     لیستى خزمه‌تگوزارى و چاكسازى 1-    عمر عزیز بهاْ الدین 2-    سه‌رگوڵ ره‌زا حسن حمه‌خان 3-    عبدالله محمود محمد سان ئه‌حمه‌د 4-    به‌یان ئه‌حمه‌د حسن كۆچه‌رى 5-    فازل حسن ئیسماعیل حسن 6-    صباح محمد نجیب حسن 7-    هاوراز شێخ ئه‌حمه‌د حمد مام بایز 8-    سمیر سلیم ئه‌مین به‌گ حمه‌ به‌گ 9-    ئه‌حمه‌د سلێمان عبدالله حمه 10-    ‌به‌فرین حسین محمد وه‌لدخان 11-    حمه‌ سعید حمه‌على ئه‌ورحمان محمد 12-    ئه‌یوب نعمه‌ت قادر رحمان 13-    ناسك تۆفیق عبدالكریم عبدالرحیم 14-    بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى كوردستان 15-    ئه‌حمه‌د ئیبراهیم على ئه‌حمه‌د 16-    گولیزار قادر ئیسماعیل ئه‌مین 17-    ئازادی و عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی هاژه‌ سلیمان مسته‌فا  لیستى رافیده‌ین سالم تۆما كاكۆ برایمۆك جهان ئیسماعیل بنیامین ئیسماعیل ئه‌نجومه‌نى میللى كلدانى سریانى ئاشورى سائر عبدالاحد ئۆگستى موشى سۆزان یوسف خۆشابه‌ العصرانى ئه‌میر گوگه‌ یوسف عودیش بزووتنه‌وه‌ى دیموكراتى توركمانى له‌ كوردستان یه‌شار نجم الدین نورالدین عبدالله حمدیه‌ معروف ئه‌حمه‌د ته‌ها یاووز خورشید عوسمان یونس لیستى توركمانى هه‌ولێر شێردڵ تحسین محمد حمادى لیستى چاكسازى توركمانى عبدالقادر ئه‌كره‌م جمیل عبدالصمد  ئه‌رمه‌ن ئارام شاهین داود باكۆیان     لەوكاتەی كە مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بووە، سایتی سەرۆكایەتیی هەرێم بەمشێوەیە پێناسەی سەرۆكایەتیی و دەسەڵاتەكانی سەرۆكی كردووە: سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێكهاته‌یه‌كی سیاسی، ئیداری و یاساییه‌، به‌پێی مادده‌كانی (یه‌كه‌م ودووه‌م و سێیه‌م) له‌یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 2005 ی هه‌مواركراو، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سه‌رۆكی باڵای دەسەڵاتی جێبه‌جێكردنه له‌هه‌رێمی كوردستان و فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی پێشمەرگەی‌‌ ‌هه‌رێمی كوردستانه، سه‌رۆكی هه‌رێم به‌ده‌نگدانی گشتیی نهێنی راسته‌وخۆ بۆماوه‌ی چوار ساڵ له لا یه‌ن هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستا نه‌وه هه‌ڵده‌بژێردرێت و ده‌شێ بۆ جاری دووه‌م هه‌ڵبژێردرێته‌وه‌. به‌ڕێز ( مسعود بارزانی ) بۆ یه‌كه‌م جار له‌ هه‌ڵبژاردنی رۆژی 31 / ی كانوونی دووه‌می 2005، وه‌ك یه‌كه‌م سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان لەلایەن ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی كوردستان - عیراق، هه‌ڵبژێردرا. به‌پێی مادده‌ی یه‌كه‌م له‌یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 2005 ی هه‌مواركراو، سه‌رۆكی هه‌رێم جێگرێكی دەبێت هاوكاریی دەكات لە راپەڕاندنی ئەركەكانی و لە كاتی ئامادەنەبوونیدا جێگەی دەگرێتەوە وهەر خۆیشی جێگری فەرماندەی هێزی پێشمەرگەیە، سه‌رۆكی هه‌رێم هەندێك لە ئەرك ودەسەڵاتەكانی خۆی بە جێگرەكەی خۆی دەدات. سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئاستی ناوه‌خۆ و ده‌ره‌وه‌ نوێنه‌رایه‌تی پێكهاته‌ی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، سه‌رپه‌رشتیی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم وده‌سه‌ڵاته‌ فیدراڵییه‌كان ده‌كات، نوێنه‌رایه‌تی گه‌لی كوردستان ده‌كات له‌ئه‌نجومه‌نی باڵای ناوه‌ندی سیاسی عێراق كه‌ له‌ (سه‌رۆكی كۆمار - سه‌رۆكی وه‌زیران - سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی) پێكهاتووه‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌ مه‌به‌ستی پاراستن وبەجێگەیاندنی مافه‌كانی گه‌لی كوردستان كه له ‌ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراقدا چه‌سپاون، به‌ناوی گه‌لی كوردستان راوێژ وگفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان ده‌كات وهه‌ماهه‌نگیی له‌نێوان ده‌سه‌ڵاته‌ فیدراڵییه‌كان وده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێم رێكده‌خات. له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندیی نێوان سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان وسه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌سه‌ر بنه‌مای یاسایی ڕێكخراوه‌، به‌و پێیه‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران داواكاریی دامه‌زراندن به‌ پله‌ی تایبه‌ت و به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌، بۆ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌رزده‌كاته‌وه‌، دوای ره‌زامه‌ندی سه‌رۆك، به‌ده‌رچوونی( فه‌رمانی هه‌رێمیی) بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. لەسەر ئاستی پەیوەندیی نێوان سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەپێی بڕگەی یەك لە ماددەی (10) لە یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 2005 ی هه‌مواركراو، دەسەڵاتی دەركردنی ئەو یاسایانەی هەیە كە پەرلەمانی كوردستان پەسەندی دەكات لە ماوەی (15) رۆژ لە بەرواری وەرگرتنی لە دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم، هەروەها لەم ماوەیەشدا بۆی هەیە تانه له کۆی یان به شێکی بدات و ره وانەی پەرلەمانی بکاته وه تاکو چاوی پێدا بخشێنێته وه، بڕیاری پەرلەمان له م باره یه وە بنبڕه. پێكهاته‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان *  دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان: ئه‌م ده‌زگایه‌ به‌یاسای دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان - عیراق ژماره‌ (2) ساڵی 2005 له‌1/8 /2005 دامه‌زراوه‌ و خاوه‌ن كه‌سایه‌تی مه‌عنه‌وییه‌ و ئه‌م ئه‌ركانه‌ی خواره‌وه‌ی هه‌یه‌: 1 - سه‌رپه‌رشتیكردنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی دیوان. 2- رێكخستنی په‌یوه‌ندیی له‌نێوان سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم وسه‌رۆكایه‌تی پەرلەمانی كوردستان - عیراق وسه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان - عیراق. 3 - رێكخستنی په‌یوه‌ندیی له‌نێوان سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم وده‌سه‌ڵاته‌كانی عێراقی فیدراڵ. 4 - رێكخستنی چالاكی وپه‌یوه‌ندییه‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ناوه‌وه ‌و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان. *  سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم: به‌ڕێز (مسعود بارزانی ) سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌پێی ماده‌ی یه‌كه‌م ودووه‌م وسێیه‌م له‌یاسای دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌فه‌رمانی هه‌رێمیی ژماره‌ (1)ی ساڵی 2005، به‌ڕێز (فۆاد محمد حسین )ی به‌یه‌كه‌م سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان دامه‌زراند به ‌پله‌ی وه‌زیر و دەسەڵاتی هه‌یه له‌هه‌موو كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌شداربێت و سه‌رپه‌رشتیی سه‌رجه‌م كاروباره‌كانی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بكات. *  نوسینگه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان: ئه‌م نوسینگه‌یه‌ پێكهاته‌یه‌كی كارگێڕی تایبه‌ته‌ به‌ رێكخستن و راپه‌ڕاندنی چالاكی وكاروباری رۆژانه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان. *  نوسینگه‌ی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان: ئه‌م نوسینگه‌یه‌ پێكهاته‌یه‌كی كارگێڕی تایبه‌ته‌ به‌ رێكخستن و راپه‌ڕاندنی چالاكی وكاروباری رۆژانه‌ی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان. *  به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه گشتییەكانی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم: له‌دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمدا چه‌ند به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كی گشتیی هەن وئەم به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییانه له‌پێناو جێبه‌جێكردنی ئه‌وئه‌ركانه‌ دامه‌زراون كه‌ به‌یاسا خراونه‌ته‌ ئه‌ستۆی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان:- 1- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی كارگێڕی و دارایی. 2- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی هه‌ماهه‌نگیی و به‌دواداچوون. 3- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی كاروباری یاسایی. 4- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی په‌یوه‌ندییه‌كان. 5- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی كاروباری كۆمهڵایه‌تی و‌ سكاڵا. 6- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی راگه‌یاندن.           بروسكه‌ی پیرۆزبایی مام جه‌لال له‌ساڵیادی دامه‌زراندنی پ.د.ك و له‌دایكبوونی بارزانی بۆ برای زۆر به‌ڕێزو خۆشه‌ویستمان جه‌نابی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌بۆنه‌ی یادی دامه‌زراندنی پارته‌ تێكۆشه‌ره‌كه‌تان، پارتی دیموكراتی كوردستانی دۆست و هاوپه‌یمان، هه‌روه‌ها به‌بۆنه‌ی یادی له‌دایكبوونی جه‌نابیشتانه‌وه‌ خۆم به‌به‌خته‌وه‌ر ده‌زانم كه‌گه‌رمترین پیرۆزباییتان ئاراسته‌ بكه‌م و له‌ڕێگه‌ی جه‌نابیشتانه‌وه‌ پیرۆزبایی گه‌رمی خۆم به‌هه‌موو هه‌ڤالانی مه‌كته‌بی سیاسی و كۆمیته‌ی ناوه‌ندی و ئه‌ندام و دۆست و لایه‌نگران و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانی پارتی رابگه‌یه‌نم. دیاره‌ رۆڵ و تێكۆشان و سه‌روه‌رییه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌مێژووی پرشنگداری بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌له‌كه‌ماندا جێگه‌ی ستایش و قه‌در گرتنن و هه‌ڵبه‌ت مێژووی گه‌لی كوردستان ئه‌و رۆڵه‌ مێژوویی و گه‌وره‌ی پارتی و به‌رخۆدانه‌كانی له‌لاپه‌ره‌ دره‌وشاوه‌كانی خۆیدا به‌ئه‌مانه‌ته‌وه‌ تۆمار ده‌كات. من ئه‌و بۆنه‌ مێژووییه‌ به‌هه‌ل ده‌زانم بۆئه‌وه‌ی ته‌ئكید له‌سه‌ر بایه‌خی هاوكاری و هاریكاری و چاره‌نووسسازیی هاوپه‌یمانیی ستراتیژیی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بكه‌مه‌وه‌ كه‌دیاره‌ ئه‌م هاوپه‌یمانییه‌ هاوشانی هاوخه‌باتیمان له‌گه‌ڵ هه‌موولایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی تری كوردستان به‌ردی بناغه‌ی پاراستنی هه‌موو ده‌ستكه‌وته‌كان و به‌دیهێنانی هه‌موو ئه‌و ئاوات و ئامانجانه‌شه‌ كه‌هێشتا میلله‌ته‌كه‌مان له‌خه‌باتی به‌رده‌وامدایه‌ بۆ به‌دیهێنانیان. هاوخه‌باتی و هاوپه‌یمانیی ستراتیژیی نێوانمان كه‌جه‌نابتان ده‌ورێكی بنه‌ڕه‌تیتان له‌بنیاتنان و گه‌شه‌پێدانی هه‌یه‌و له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تیی خۆی له‌لیستی كوردستانیدا بینییه‌وه‌، ده‌ستكه‌وتێكی زۆر بایه‌خداری میلله‌ته‌كه‌مانه‌و زامنی ئێستاو ئاینده‌ی ئه‌زموونه‌ دیموكراتییه‌كه‌مانه‌ له‌كوردستان و پارێزه‌ری پێگه‌و قوورسایی كوردیشه‌ له‌ناو هاوكێشه‌كانی عیراقی نوێی ئه‌مڕۆدا. دوا ده‌ستكه‌وتی گه‌له‌كه‌مان كه‌ له‌سایه‌ی ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌دا به‌رجه‌سته‌ بوو، ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ پاك و دیموكراتی و شارستانییه‌ بوو كه‌بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و سه‌رۆكی هه‌رێم به‌ڕێوه‌چوو، كه‌تێیدا جه‌نابتان متمانه‌ی كۆمه‌لانی خه‌ڵكی كوردستانتان به‌ده‌ستهێنایه‌وه‌و جارێكی تریش گه‌لی كوردستان ئه‌و به‌رپرسیارێتییه‌ مێژووییه‌ی خسته‌وه‌ ئه‌ستۆی به‌ڕێزتان، كه‌دڵنیام جه‌بتان ئه‌هلی ئه‌و ئه‌ركه‌ گرنگه‌ن و به‌شایسته‌ییه‌وه‌ ئه‌ركی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی سه‌رشانتان جێبه‌جێده‌كه‌ن. من جارێكی تریش پیرۆزبایی خۆم نوێده‌كه‌مه‌وه‌ به‌بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنتان بۆ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و جه‌ژنی دامه‌زراندنی پارتی و له‌دایكبوونی جه‌نابیشتان دووباره‌ پیرۆز بێت. هه‌رشادو سه‌ربه‌رزو سه‌ركه‌وتووبن. برای دڵسۆزتان مام جه‌لال 2009/8/15       دەقی وتاری مەسعود بارزانی بەبۆنەی سوێندخواردنی بۆ ویلایەتی دووەمی سەرۆكایەتیی هەرێم لە رۆژی 20ی ئابی 2009دا: به‌ناوی خوای گه‌وره‌و میهره‌بان برای به‌ڕێز جه‌نابی سه‌رۆك مام جه‌لال سه‌رۆك كۆماری عێراقی فیدرال برایانی به‌ڕێز نوێنه‌رانی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی عێراق نوێنه‌ری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق وه‌زیره‌ به‌ڕێزه‌كان و حیزبه‌ هاوپه‌یمان و دۆسته‌كانی عێراقی سه‌فیر و نوێنه‌رانی ده‌وڵه‌تانی دۆست ئاماده‌بووانی به‌ڕێز به‌خێرهاتنه‌كی گه‌رمی هه‌موو لایه‌كتان ده‌كه‌م و سوپاستان ده‌كه‌م بۆ به‌شداربوونتان له‌م رۆژه‌دا له‌گه‌ل ئێمه‌ی خه‌لكی هه‌رێمی كوردستان و پێش ئه‌وه‌ی من ده‌ست به‌ وتاره‌كه‌م بكه‌م به‌ پێویستی ئه‌زانم ئاماژه‌ به‌و كاره‌ تیرۆریستیه‌ی كه‌ دوێنیَ روویدا له‌ به‌غدا ئاماژه‌ی پێ‌ بكه‌م كه‌ ئێمه‌ی هه‌ژاندووه‌ و زۆر ئازاری داوین، چونكه‌ خه‌ڵكێكی ئێكجار زۆر به‌ ده‌یان شه‌هید و به‌ سه‌ده‌ها برینداری لێكه‌وته‌وه،‌ ئه‌و كاره‌ تیرۆریستییه‌ كه‌ هه‌موویان خوشك و برای ئێمه‌ن و زۆرمان پێناخۆش بوو، زۆریش دڵگیر و غه‌مگین بووین. من له‌ كاتێكدا كه‌ سه‌ره‌خۆشی له‌ خۆمان و له‌ هه‌موو خه‌ڵكی عێراق ئه‌كه‌م، سه‌ره‌خۆشی له‌ كه‌سوكاری شه‌هیدان ئه‌كه‌م، دوعای شیفای به‌په‌له‌ ئه‌كه‌م بۆ برینداره‌كان و‌ لێره‌شه‌وه‌ راده‌گه‌ینم كه‌ ئێمه‌ ئاماده‌ین بۆ هه‌موو هاوكارییه‌ك له‌گه‌ڵ برایانمان له‌ حكوومه‌تی فیدراڵ بۆ هه‌ر كارێك كه‌ پێویست بێت و‌ پێشم وایه‌ ته‌نها وه‌ڵام بۆ ئه‌م كاره‌ تیرۆریستیانه‌ و بۆ دوژمنانی عێراق یه‌كیه‌تی رێزه‌كانی ئێمه‌یه‌ وه‌كو خه‌ڵكی عێراق و پته‌وكردنی برایه‌تی خۆمان. ئه‌مه‌ وا نیشان ده‌دات كه‌ دوژمنانی عێراق هێشتا له‌ كه‌میندان و خه‌ریكی پیلانگیَڕانن و نایانه‌وێت وه‌زعی عێراق ئیستقرار بكات و نایه‌نه‌وێت برایه‌تی كورد و عه‌ره‌ب و برایه‌تی هه‌موو خه‌ڵكی عێراق پیكه‌وه‌ جێگیر بێت، بۆیه‌ ئومێده‌وارم ئه‌م كاره‌ تیرۆریستیانه‌ و ئه‌م تاوانانه‌ ببنه‌ مایه‌ی پته‌وكردنی هاوكاری و دۆستایه‌تی و برایه‌تیمان و به‌رگریكردنمان له‌ عێراق و له‌ گیانی خوشك و برایانی خۆمان له‌ هه‌موو پارچه‌یه‌ك له‌عێراق. سوپاسی بی پایان بۆ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی پێشوو، بۆ هه‌موو ئه‌ندامانی په‌رله‌مان پێشوو بۆ ئه‌و ئه‌ركه‌ی كه‌ ئه‌نجامیان دا و زه‌حمه‌تیان كێشا و هه‌روه‌ها به‌خێرهاتن و پیرۆزبایی له‌ په‌رله‌مانتاره‌كانی تازه‌ ده‌كه‌م، پیرۆزبایی له‌ سه‌رۆك و سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ده‌كه‌م و له‌ هه‌موو خوشك و برایان له‌ په‌رله‌مانی تازه‌ و داوای سه‌ركه‌وتنتان بۆ ده‌كه‌م و ده‌زانم كه‌ ئێمه‌ پێمان نا بۆ قۆناغێكی تازه‌ به‌ڵام من دڵنیام كه‌ به‌هه‌ست كردن به‌ مه‌سئوولییه‌ت و ده‌ست له‌ ناو ده‌ستی یه‌ك ئه‌توانین خزمه‌تێكی گه‌وره‌ به‌ گه‌له‌كه‌مان بكه‌ین. من پێموایه‌ خۆشك و برایانی خوشه‌وێست بیروڕای جیاواز و بۆچوونی جیاواز و فره‌ئایینی و مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌یی له‌م په‌رله‌مانه‌دا ئه‌بێ‌ ببێته‌ مایه‌ی به‌هێزبوونی هه‌رێمه‌كه‌مان، ئه‌بێ‌ په‌رله‌مانی ئێمه‌ جوانتر و چالاكتر بكات، ده‌توانین ره‌خنه‌ له‌یه‌كتری بگرین، ره‌خنه‌گرتن بۆ ئه‌وه‌ كاره‌كانمان باشتر بن ، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌مووكوڕیه‌كان نه‌هێڵین نه‌ك بۆ شكاندنی یه‌كتری بیت. من دڵنیام كه‌ هه‌مووتان پابه‌ندی ئه‌م سوێنده‌ ده‌بن كه‌ خواردووتانه‌ چونكه‌ سوێندێكی گه‌وره‌یه‌ و هه‌مووشمان ئه‌بێ‌ پابه‌ندی ئه‌م سوێنده‌ بین كه‌ هه‌وڵ بده‌ین بۆ یه‌كڕیزی و بۆ ته‌بایی و بۆ پاراستنی به‌رژه‌وندییه‌كانی گه‌له‌كه‌مان. من خۆم به‌ برای هه‌موو یه‌كێك له‌ ئێوه‌ ئه‌زانم و به‌ بێ‌ جیاوازی و ئاماده‌م گوێ‌ له‌ هه‌موو ره‌خنه‌یه‌ك بگرم هه‌تا ئه‌گه‌ر ره‌قیش بیت ئه‌گه‌ر له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل و نیشتمان دا بیت. پێش هه‌ڵبژاردن هه‌موو لایه‌نێك به‌رنامه‌ خۆی پێشكه‌ش كرد و ئێستاش كاتی جێبه‌جێ‌ كردنی ئه‌و به‌ڵێنانه‌یه‌ كه‌ به‌گه‌له‌كه‌مان داوه‌. له‌ناوه‌وه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ هه‌موو چاودێری هه‌رێمه‌كه‌مان ده‌كه‌ن، چاودێری هه‌نگاوه‌كان وبڕیاره‌كانمان ده‌كه‌ن، ئایا ئێمه‌ له‌ئاست ئه‌و به‌ڵینانه‌ ده‌بین، له‌ ئاست ئه‌و مه‌سئوولییه‌ته‌ ده‌بین یان نا؟ به‌ڵێ‌ ئه‌گه‌ر هه‌موومان پێكه‌وه‌ هه‌وڵ بده‌ین و ده‌ست بخه‌ینه‌ ناو ده‌ستی یه‌كتری، به‌ڵێ‌ له‌و ئاسته‌ ئه‌بین و زیاتریش، من دڵنیام، چونكه‌ خه‌ڵكانێكی زۆر دڵسۆز هاتوون بۆ ناو ئه‌م په‌رله‌مانه‌، هه‌مووتان كوڕی ئه‌م میلله‌ته‌ن وهه‌مووتان دڵسۆزی ئه‌م میلله‌ته‌ن، با به‌ بیروباوه‌ڕی جیاوازه‌وه‌ بێت به‌ڵام ماده‌م ئامانجه‌كه‌ خزمه‌تی گه‌ل ونیشتمانه‌ ئه‌وه‌ی تر هه‌مووی به‌و ئه‌همیه‌ته‌ ناهێت. به ‌بڕوایه‌كی ته‌واوه‌وه‌ هه‌نگاو ئه‌نێین به‌ره‌و ئایینده‌، رابردوو ئه‌بێ‌ بۆ ئه‌وه‌ بێت كه‌ سوودی لێوه‌ربگرین، ئێمه‌ ئه‌بێ‌ هه‌وڵ بده‌ین هه‌رچی پێمان بكرێت گه‌له‌كه‌مان به‌خته‌وه‌رتر و چاكتر بكه‌ین. به‌ نیسبه‌ت په‌یوه‌ندیمان له‌ گه‌ڵ برایانمان له‌ به‌غدا هه‌روه‌ك خۆشتان ئه‌زانن بڕیاری په‌رله‌مانی كوردستانه‌ كه‌ ئێمه‌ له‌ چوارچێوه‌ی عێراقدا ده‌مێنین، له‌چوارچێوه‌ی عێراقی فیدراڵی دیموكرات. دوای رووخانی رژێم له‌گه‌ڵ جه‌نابی سه‌رۆك مام جه‌لال پێكه‌وه‌ چووینه‌ به‌غدا و به‌ كرده‌وه‌ ئیسباتمان كرد كه‌ ئێمه‌ حه‌ریسین له‌ سه‌ر یه‌كیه‌تی عێراق و برایه‌تی كورد و عه‌ره‌ب و برایه‌تی كوردو عه‌ره‌ب و توركمان و كلدان و ئاشوور. ئیستاش ئێمه‌ دووباره‌ی ئه‌كه‌ینه‌وه‌ حه‌تا ئه‌گه‌ر هه‌ندێكجار بۆچوونی جیاوازیش هه‌بێت به‌ڵام نابێت نه‌ ئێمه‌ نه‌ برایانمان له‌ به‌غدا نابیَ ئه‌و مه‌جاله‌ بده‌ین به‌ دوژمنانی عێراق كه‌لێنێك بدۆزنه‌وه‌ كه‌ ره‌خنه‌ بكه‌ن و بێن ئه‌و برایه‌تییه ‌و ئه‌و وه‌زعه‌ و ئازادییه‌مان لێ تێك بده‌ن. ئێمه‌ ده‌ستوورێكمان هه‌یه‌ كاتی كه‌ خیلاف دروست بوو ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ئه‌و ده‌ستووره‌ و كێشه‌كانمان به‌ پێی ئه‌و ده‌ستووره‌ چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین. ئێمه‌ هه‌موو هاوپه‌یمانی یه‌كتری بووین، خه‌باتمان كردووه‌ پێكه‌وه‌، خوێنمان داوه‌ پێكه‌وه‌، له‌مه‌ودواش پێكه‌وه‌ ده‌بین له‌ بنیادنانی عێراقی فیدراڵی دیموكرات، كه‌موكوڕییه‌كانیش بێگوومان ئه‌بیَ له‌به‌رچاو بگیرێن و خسووسییه‌تی كوردستانیش ئه‌بێ‌ له‌به‌رچاو بگیرێت. جارێكی تر من ئه‌لێم ئێمه‌ ئه‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ده‌ستوور له‌كاتی سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ر گرفتێك، چه‌كی هه‌ردوولامان ده‌ستووره‌ و چه‌كی گه‌لی عێراقیش ده‌ستووره‌. له‌گه‌ڵ دراوسێیه‌كانمان ئێمه‌ خۆشحاڵین كه‌ په‌یوه‌ندیمان رۆژ به‌ رۆژ به‌ره‌و پێشتر و باشتر ده‌چێت و هه‌موو هه‌وڵێك ئه‌ده‌ین كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانمان زۆر زۆر به‌هێزتر ببن، باشتر ببن و من به‌خۆشحاڵیه‌وه‌ ئه‌ڵێم ئه‌و جه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ توركیا دروست بووه‌ زۆر جێی خۆشحاڵیه‌ و ئێمه‌ ئومێده‌وارین كه‌ ئه‌م موناقه‌شاته‌ به‌رده‌وام بیت تا گه‌یشتن به‌ئامانجێكی وه‌ها كه‌ له‌ خزمه‌تی هه‌موو لایه‌ك بێت. ئێمه‌ دڵخۆشی خۆمان راده‌گه‌ینین به‌و جه‌وه‌ تازه‌یه‌ی كه‌ له‌ توركیا دروست بووه‌، له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ش هه‌موو هه‌وڵێك ئه‌ده‌ین كه‌ باشترین په‌یوه‌ندیمان هه‌بێت له‌گه‌ڵ دۆسته‌كانمان، ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی كه‌ هه‌یه‌ فراوانتر و به‌هێزتر و قووڵتر بكرێن كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی عێراق و به‌ تایبه‌تی گه‌لی كوردستان و ئه‌و دۆستانه‌ماندا بێت. من نامه‌وێ‌ بچمه‌ ته‌فاسیلی به‌رنامه‌كانمان چونكه‌ له‌ كاتی هه‌ڵبژاردن به‌رنامه‌ی لیستی 54 راگه‌ییَنرا كه‌ ئه‌وه‌ ئه‌بێ‌ ببێته‌ به‌رنامه‌ی حكوومه‌تی ئایینده‌ و له‌هه‌مان كاتیشدا به‌دڵنیاییه‌وه‌ به‌ هه‌موو برایان و هه‌موو خوشكان ئه‌لێم ئێمه‌ سوود له‌ به‌رنامه‌ی لایه‌نانی تریش وه‌رده‌گرین، به‌ نیسبه‌ت خۆشم من ئه‌وله‌وییاتی خۆم راگه‌یاند له‌كاتی هه‌ڵبژاردن. ئومێده‌وارم خوای گه‌وره‌ پشتیوانمان بێت بۆ ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی كه‌ به‌گه‌له‌كه‌مان داوه‌ جێبه‌جێیان بكه‌ین و ته‌ئكید له‌سه‌ر هه‌مان ئه‌وله‌وییات ده‌كه‌مه‌وه‌ و ئومێدم زۆره‌ كه‌ سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست دیَنین و له‌سه‌رووی هه‌موو ئه‌وله‌وییاتی منیش پاراستنی یه‌كڕیزی گه‌له‌كه‌مانه‌. هه‌روه‌ها ته‌ئكید ده‌كه‌مه‌وه‌ له‌سه‌ر پاراستنی په‌یوه‌ندیمان، په‌یوه‌ندی دێرینمان له‌ گه‌ل برایانی عه‌ره‌ب، ئه‌بێ‌ هه‌میشه‌ برایه‌تی كورد وعه‌ره‌ب به‌ردی بناغه‌ بیَت بۆ عێراق، برایه‌تی كورد و توركمان و كلدان وئاشوور، ئێمه‌ به‌و برایه‌تییه‌وه‌ به‌هێزین، هه‌موومان پێكه‌وه‌ به‌هێزین و نابێ‌ ئینشائه‌ڵڵا جارێكی تر دوژمنانی عێراق و دوژمنانی كوردستان دڵیان خۆش بێت به‌وه‌ی كه‌ له‌ناو عێراقدا برایه‌تیمان تێك بچێت. ئینشائه‌ڵڵا قه‌ت ناهێڵین تێك بچێته‌وه‌ و هه‌روه‌ها داكۆكی ده‌كه‌ین له‌سه‌ر قووڵكردنی دیموكراسی و ئازادی له‌هه‌رێم و هه‌وڵدان بۆ به‌خته‌وه‌ری گه‌له‌كه‌مان و خزمه‌تی گه‌له‌كه‌مان و من له‌ كۆتاییدا سوپاسی بێ پایان ئه‌نێرم بۆ گه‌لی كوردستان كه‌ به ‌راستی سه‌ری ئێمه‌یان به‌رز كرده‌وه‌ له‌و هه‌ڵبژاردنه‌، به‌ڵێ‌ به‌چه‌ند قه‌واره‌ی جیاواز ئێمه‌ چووینه‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ به‌ڵام سه‌ركه‌وتن سه‌ركه‌وتنی هه‌موولایه‌ك بوو. من پێش هه‌ڵبژاردنیش وتم و ئێستاش ده‌ڵێم ئه‌وه‌ گرنگ نییه‌ كام لیست چه‌ند كورسی هێناوه‌ گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ رووی گه‌شی گه‌له‌كه‌مان پیشانی جیهان دا و ئێمه‌ به‌وه‌ سه‌ربه‌رزین و بۆ ئه‌و متمانه‌ی كه‌ به‌ منیان كردووه‌، من پڕ به‌دڵ سوپاسیان ده‌كه‌م و ئومێده‌وارم كه‌ خوای گه‌وره‌ پشت و په‌نامان بێت، به‌ڵام داوای هاوكاری له‌ هه‌مووتان ده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موومان پێكه‌وه‌ بتوانین له‌ ئاست ئه‌و مه‌سئوولییه‌ته ‌و ئه‌و بڕوایه‌ بین كه‌ میلله‌ته‌كه‌ پێی داوین و له‌ كۆتاییدا سڵاو ئه‌نێرین بۆ گیانی شه‌هیدانی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستان وعێراق و هه‌موو ئازادیخوازانی جیهان و زۆر سوپاستان ده‌كه‌م و جارێكی تر به‌خێربێن. به‌لاغی كۆتایی كۆبونه‌وه‌ی هاوبه‌شی هه‌رسێ لایه‌نی ئۆپۆزسیۆن به‌ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان ئه‌مڕۆ چوار‌شه‌ممه 17/10/2012 له‌هه‌ولێر و له‌باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كگرتوی ئیسلامی كوردستان، سه‌ركرده‌ی‌ هه‌رسێ لایه‌نی ئۆپۆزسیۆن و وه‌فدی‌ یاوه‌ریان كۆبونه‌وه‌یه‌كیان ئه‌نجامدا. له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا وێڕای تاوتوێكردنی بارودۆخی سیاسی هه‌رێم و عێراق و ناوچه‌كه‌، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه ‌كرایه‌وه‌: 1- به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رسێ لایه‌ن و كاری ‌هاوبه‌ش و لیژنه‌ی هه‌ماهه‌نگی ئۆپۆزسیۆن له‌پێناو چاكسازی بنه‌ڕه‌تی و زیندوراگرتنی ژیانی سیاسی و ئامانجه ‌هاوبه‌شه‌كان و پرسه ‌نیشتیمانییه‌كان. 2-كاركردن له‌پێناو گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پرۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێم و ئه‌و یاسایانه‌ی ره‌هه‌ندی ده‌ستوری‌ نیشتیمانیان هه‌یه ‌بۆ (ته‌وافق) له‌سه‌ر كردن و تێپه‌ڕاندنیان و به‌ په‌رله‌مانی كردنی سیسته‌می حوكمڕانی. 3-پێداگرتن له‌سه‌ر بایه‌خی زه‌مینه خۆشكردن له‌پێناو هه‌ڵبژاردنێكی ئازاد و رون و دادپه‌ره‌وه‌رانه‌ی په‌رله‌مانی و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌قۆناغی داهاتودا وه‌ك رێگایه‌كی سروشتی بۆ چاكسازی و گۆڕانی ئاشتیخوازانه‌ له‌ سۆنگه‌ی جێبه‌جێنه‌بونی پاكێجه‌كان ونه‌گه‌یشتن به ‌پڕۆژه‌یه‌كی نیشتیمانی چاكسازی و دورخستنه‌وه‌ی هه‌رێم له‌ئه‌گه‌ری هه‌ر بنبه‌ستنێكی سیاسی چاوه‌ڕوانكراو. 4- داواكردن بۆ گه‌ڵاڵه‌كردنی ستراتیژێكی كوردستانی سه‌ربه‌خۆی هاوبه‌ش له‌پێناو باشتر ئیداره‌كردنی ململانێكانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ی خۆی و به‌رگریكردن له ‌به‌رژه‌وه‌ندییه ‌باڵاكان و خۆدورگرتن له‌وه‌ی هه‌رێم ببێته‌ گۆڕه‌پانی ته‌سفییه‌ حساباتی سیاسی هێزه‌ هه‌رێمایه‌تییه‌كان. 5-پشتیوانی كردن له‌گه‌لی سوریا به‌گشتی له‌پێناو روخاندنی رژێمی دیكتاتۆری به‌عس و گه‌لی رۆژئاوای كوردستان به‌تایبه‌تی له‌پێناو ئازادی و سه‌رفرازی و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد له‌و وڵاته‌دا، یه‌كڕیزی نێوان هێزه‌ كوردییه‌كانیشیان له‌م رووه‌وه‌ به‌مه‌سه‌له‌یه‌كی چاره‌نوسساز له‌قه‌ڵه‌م درا. بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان       كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان       یه‌كگرتوی ئیسلامی كوردستان  


راپۆرتی: درەو 🔹 هەناردەی تورکیا بۆ عێراق لە ساڵی 2024دا گەیشتووەتە (11.2 ملیار) دۆلار، بەراورد بە ساڵی (2023) کە هەناردەی تورکیا بۆ عێراق گەیشتبووە (11 ملیار) دۆلار، واتا بەڕێژەی (2.33%) زیادیکردووە. 🔹 هەناردەکردنی زێڕی تورکیا بۆ عێراق بەڕێژەی (36%) دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، لە ساڵی (2023) بە بەهای (ملیارێک و 580 ملیۆن) دۆلار زێڕ هەناردەی عێراق کراوە، کەچی لە ساڵی (2024) بۆ تەنها (ملیارێک و 7 ملیۆن) دۆلار دابەزیوە. 🔹 هەناردەی عێراق بۆ تورکیا لەساڵی (2024)دا تەنها (548 ملیۆن) دۆلاری تێپەڕاندووە، لەکاتێکدا لەساڵی (2023)دا (693 ملیۆن) دۆلار بووە، کە زۆربەی هەناردەکردنی عێراق لە لێگیراوەکانی نەوت و سووتەمەنی کانزایی پێکهاتووە. 🔹 ئەم جیاوازییە گەورەیەی نێوان هەناردەکردن و هاوردەکردن بە ڕێژەی (95%)، هاوسەنگی بازرگانی عێراق توشی کورتهێنانێکی گەورەی (10.7 ملیار) دۆلاری کردووەتەوە لەگەڵ تورکیا. یەکەم؛ بەهای هەناردەی شمەک و کاڵای تورکیا بۆ عێراق لە ساڵی 2024دا لەساڵی (2024) تورکیا بەبەهای زیاتر لە (11 ملیار و 276 ملیۆن و 17 هەزار) دۆلار دەیان جۆر شمەک و کاڵاو کەلوپەلی کاڵای جۆربەجۆری هەناردەی عێراق کردووە، هەناردەکردنی زێڕ لە سەرووی ڕیزبەندی ئەو کەلوپەلانەیە کە لە تورکیاوە هەناردەی عێراق کراوەو بەهاکەی بریتی بووە لە سەروو (ملیارێک و 7 ملیۆن) دۆلار و بە نزیکەی ڕێژەی (9%) کۆی بەهای ئەو کەلوپەلانەیە کە هەناردەی عێراقی کردووە. لە دوای زێڕیشەوە ئامێرە کارەباییەکان دێت کە کۆی بەهاکەیان (650 ملیۆن) دۆلاری تێپەڕاندووە بەڕێژەی (5.77%)ی بەهای کەلوپەلە هەناردەکراوەکان، دواتریش کەلوپەلی میکانیکییەکان پلەی سێیەمی هەناردەکردنی ئەو وڵاتەی بۆ عێراق گرتووە بە بەهای نزیک لە (620 ملیۆن) دۆلار و بە ڕێژەی (5.5%)ی کۆی بەهای ئەو کاڵایانەی هەناردەی کردووە پێکدەهێنێت. (وەک لە خشتەکەی خوارەوەدا ڕونکراوەتەوە) ئەمە لە کاتێکدایە، هەناردەی عێراق بۆ تورکیا لەساڵی (2024)دا تەنها (548 ملیۆن) دۆلاری تێپەڕاندووە، کە زۆربەی هەناردەکردنی عێراق لە لێگیراوەکانی نەوت و سووتەمەنی کانزایی پێکهاتووە. بەم پێیە هەناردەی تورکیا بۆ عێراق (10 ملیار و 728 ملیۆن) دۆلاری بە ڕێژەی (95%) زیاترە لەوەی عێراق هەناردەی تورکیای کردووە. دووەم؛ بەهای هەناردەی شمەک و کاڵای تورکیا بۆ عێراق لە ساڵی 2023دا لەساڵی (2023) تورکیا بەبەهای زیاتر لە (11 ملیار و 19 ملیۆن و 618 هەزار) دۆلار دەیان جۆر شمەک و کاڵاو کەلوپەلی کاڵای جۆربەجۆری هەناردەی عێراق کردووە، هەناردەکردنی زێڕ لە سەرووی ڕیزبەندی ئەو کەلوپەلانەیە کە لە تورکیاوە هەناردەی عێراق کراوەو بەهاکەی بریتی بووە لە سەروو (ملیارێک و 580 ملیۆن و 628 هەزار) دۆلار و ڕێژەی (14.34%) کۆی بەهای ئەو کەلوپەلانەیە کە هەناردەی عێراقی کردووە. لە دوای زێڕیشەوە بەرهەمە پیشەسازییەکانی ئارد دێت کە کۆی بەهاکەیان (603 ملیۆن و 671) دۆلاری تێپەڕاندووە بەڕێژەی (5.48%)ی بەهای کەلوپەلە هەناردەکراوەکان، دواتریش کەلوپەلە میکانیکییەکان پلەی سێیەمی هەناردەکردنی ئەو وڵاتەی بۆ عێراق گرتووە بە بەهای سەروو (595 ملیۆن و 429 هەزار) دۆلار و بە ڕێژەی (5.4%)ی کۆی بەهای ئەو کاڵایانەی هەناردەی کردووە پێکدەهێنێت. دوای ئەویش ئامێرە کارەباییەکان دێت بە بەهای سەروو (566 ملیۆن و 316 هەزار) دۆلار بە ڕێژەی (5.14%)ی کۆی بەهای شمەکە هەناردەکراوەکان (وەک لە خشتەکەی خوارەوەدا ڕونکراوەتەوە) ئەمە لە کاتێکدایە، هەناردەی عێراق بۆ تورکیا لەساڵی (2023)دا تەنها (693 ملیۆن) دۆلاربووە، کە زۆربەی هەناردەکردنی عێراق لێگیراوەکانی نەوت و سووتەمەنی کانزایی پێکیهێناوە. بەم پێیە هەناردەی تورکیا بۆ عێراق زۆرتر لە (10 ملیار و 326 ملیۆن 618 هەزار) دۆلاری بە ڕێژەی (93%) زیاتربووە لەوەی عێراق هەناردەی تورکیای کردووە. سێیەم؛ بەهای هەناردەی شمەک و کاڵای تورکیا بۆ عێراق لە نێوان ساڵانی 2023 و 2024 هەناردەی تورکیا بۆ عێراق لە ساڵی 2024دا بەراورد بە ساڵی (2023) گەشەیەکی کەمی بەخۆیەوە بینیوە و گەیشتووەتە (11.2 ملیار) دۆلار، ئەمەش بە بەراورد بە ساڵی (2023) کە هەناردەی تورکیا بۆ عێراق گەیشتووەتە (11 ملیار) دۆلار، بەڕێژەی (2.33%) زیادیکردووە. سەرەڕای ئەم گەشەسەندنە، هەناردەکردنی زێڕی تورکیا بۆ عێراق بەڕێژەی (36%) دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، لە ساڵی (2023) بە بەهای بڕی (ملیارێک و 580 ملیۆن) دۆلار زێڕ هەناردەی عێراق کراوە، کەچی لە ساڵی (2024) بۆ تەنها (ملیارێک و 7 ملیۆن) دۆلار دابەزیوە، پێشتر زێڕ (14%)ی کۆی هەناردەی تورکیا بۆ عێراق پێکدەهێنا، بەڵام ئەو پشکە لە ساڵی 2024دا بۆ تەنها (9%) دابەزیوە. بەڵام بە هەناردەکردنی کاڵاو شەمەکی دیکە توانیویەتی ئەم دابەزینە پڕبکاتەوە بکاتەوە، ئامێرە کارەبایی و میکانیکییەکان، مۆبیلیات، جلوبەرگ و فەرش گەشەیەکی بەرچاویان تۆمارکردووە، ئەمەش یارمەتیدەر بوو بۆ ئەوەی کۆی هەناردەی تورکیا لە ئاستێکی بەرزدا بمێنێتەوە. لەبەرامبەردا هەناردەی عێراق بۆ تورکیا لەساڵی (2024)دا تەنها (548 ملیۆن) دۆلاری تێپەڕاندووە، لەکاتێکدا لەساڵی (2023)دا (693 ملیۆن) دۆلار بووە، کە زۆربەی هەناردەکردنی عێراق لە لێگیراوەکانی نەوت و سووتەمەنی کانزای پێکهاتووە. لە ئەنجامی ئەم جیاوازییە گەورەیەی نێوان هەناردەکردن و هاوردەکردن، هاوسەنگی بازرگانی عێراق توشی کورتهێنانێکی گەورەی (10.7 ملیار) دۆلاری بووەتەوە لەگەڵ تورکیا، ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لەو سێ وڵاتە گەورە کە عێراق کورتهێنانی بازرگانی گەورەی لەگەڵدا هەبێت، هاوشانی ئیمارات و ئێران. خشتەی قەبارەی هەناردەی شمەک کاڵای تورکی بۆ عێراق لە ساڵی 2023 و 2024


راپۆرتی: درەو 🔹 توانای خودی وێستگەکانی کارەبای عێراق لە دەوروبەری (30 گیگاوات)ە لەسەر کاغەز دوور نییە لە دابینکردنی لوتکەی خواست، بەڵام لە ڕاستیدا توانای ڕاستەقینەی وێستگەکانی کارەبا  بە کەمتر لە (60%) ی زۆرترین توانای مەزەندە دەکرێت، 🔹 جگە لە کەمی کارایی وێستگەکانی کارەبا، (58.5%)ی کارەبای بەرهەم هێنراو پێش ئەوەی بگاتە دەستی بەکارهێنەری کۆتایی لەدەست دەچێت. ئەم دۆخە دەگەڕێتەوە بۆ کێشەی تەکنیکی کە لە ئەنجامی خراپی چاککردنەوە و زیانەکانی شەڕ و دزییەوە دروست دەبێت. 🔹 ئەگەر دابینکردنی غازی ئێرانی بوەستێنرێت، دەبێتە هۆی لەدەستدانی زیاتر لە (10 هەزار) مێگاوات توانای بەرهەمهێنان لە سیستەمی کارەبادا. 🔹 باسم خەزرەجی بانگەشەی ئەوەی کردووە کە نوری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق "بە ئەنقەست دوو وێستگەی کارەبای غازی لە نزیک ئێران دروستکرد بۆ ئەوەی چارەنووسی پێداویستییەکانی وزەی عێراق بە تارانەوە ببەستێتەوە" 🔹 بەئامانجگرتنی ئێران بە گوشار خستنە سەر عێراق ئەگەری زۆرە بە پلەی یەکەم ئەو دەستکەوتە ناسکە ئابووری و ئەمنییانەی بەغدا لە ساڵانی ڕابردوودا بەدەستی هێناوە بخاتە مەترسییەوە. سەرەتا ئیدارەی دۆناڵد ترامپ ڕەتیکردەوە دەستبەرداربوون لە سزاکانی سەر هاوردەکردنی کارەبای عێراق لە ئێرانەوە نوێ بکاتەوە، ئەمەش ترسی قەیرانی وزەی لە بەغدا بەرزکردوەتەوە. لە چوارچێوەی سیاسەتی "زۆرترین فشار"ی ترامپ بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی و لەگەڵ ئەوەی کەرتی بانکی عێراقیش لە چوارچێوەی فشارەکانی واشنتۆندایە، ئەم هەنگاوە مەترسی ئەوەی دروستکردووە کە ڕەنگدانەوەی هەبێت لەسەر دەستکەوتە هەستیارەکانی ئابووری و ئاسایشی عێراق، بەتایبەتیش وا بڕیارە لە ئەمساڵدا وڵاتەکە بەرەو هەڵبژاردن هەنگاوبنێت. هەرچەندە هاوردەکردنی کارەبا تەنیا بەشێکی کەم لە بەکاربردنی عێراق دابین دەکات، بەڵام لە ئەگەری بەئامانجگرتنی غازی سروشتی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە دەتوانێت لێکەوتەی دوور مەودای هەبێت. هاوکات بەهۆی کەمی غازی ناوخۆیی لە ئێران لە چەند مانگی ڕابردوودا وایکردووە هەناردەی غاز کەم بکاتەوەو چاوەڕوان دەکرێت تاران لە هاوینی ئەمساڵدا خۆی بۆ پچڕانی کارەبا ئامادە بکات و سزاکانی ئەمریکا بۆ هەموو جۆرەکانی هەناردەکردنی وزە بۆ عێراق بگرێتەوە. بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتەی چاوەڕوان دەکرێت ڕوبەڕووی عێراق ببێتەوە، حکومەتی عێراق لەگەڵ دوو وڵاتی عەرەبی دانوستان دەکات بۆ تەواوکردنی دوو گرێبەستی غازی شل بەشێوەی گرێبەستی درێژخایەن، ئەمەش لە چوارچێوەی کۆمەڵێک چارەسەر کە بەغدا دوای قەیرانی وەستاندنی غازی ئێرانی پەنای بۆ بردووە. ئێران لە 24ی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو، بە بیانووی ئەنجامدانی چاکسازی پێویست بۆ ماوەی 15 ڕۆژ پەمپکردنی غازی بۆ عێراق ڕاگرتبوو، بەڵام لەو کاتەوە پێداویستییەکان بە پچڕاوی ماونەتەوە. بەپێی زانیارییەکان لە ئێستادا گفتوگۆ لەگەڵ هەردوو وڵاتی قەتەر و جەزائیر هەیە بۆ هاوردەکردنی غازی شل. ڕۆژی 7ی شوباتی 2022، عادل کەریم، وەزیری پێشووی کارەبای عێراق، دانوستانەکانی لەگەڵ قەتەر بۆ هاوردەکردنی غازی شل بەشێوەی گرێبەستی درێژخایەن ڕاگەیاند. لە لێدوانێکی تایبەتدا لە 24ی هەمان مانگدا، وتەبێژی وەزارەتەکە، ئەحمەد موسا، بە پلاتفۆرمی وزەی ڕاگەیاندووە؛ کە بەپێی ڕێککەوتنێکی سەرەتایی قەتەر ئامادەیی خۆی دەربڕیوە، بۆ ئەوەی ساڵانە (1.5 تەن) لە غازی پاڵەپەستۆکراوی شل هەناردەی عێراق بکات. بەپێی لێدوانی بەرپرسێکی وەزارەتی کارەبای عێراق ڕۆژی سێشەمە 11ی ئازاری 2025 بە پلاتفۆرمی ئینێرجیی ڕاگەیاندووە: پشتڕاستی دەکاتەوە کە وەزارەتی کارەبا پابەندە بە ڕێنماییەکانی حکومەت سەبارەت بە هاوردەکردنی غاز، ناوبراو ئەوەشی وتووە: ئەگەر دابینکردنی غازی ئێرانی بوەستێنرێت، دەبێتە هۆی لەدەستدانی زیاتر لە 10 هەزار مێگاوات توانای بەرهەمهێنان لە سیستەمی کارەبادا. لەم چوارچێوەیەدا حکومەت هەوڵی زۆر دەدات بۆ چارەسەرکردنی ئەم ئاستەنگانە وەزارەتی نەوت کاردەکات بۆ تەواوکردنی سەکۆیەک لە بەندەری بەسرە بۆ هاوردەکردنی غازی سروشتی شل لەڕێگەی کەشتیەکانەوە. هاوکات عێراق و تورکمانستان ڕێککەوتنێکیان هەیە بۆ هاوردەکردنی غاز لە ڕێگەی ئێرانەوە، بە کۆی گشتی (20 ملیۆن) مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا، بەڵام تا ئێستا ڕێککەوتنەکە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەهۆی ڕێکنەکەوتن لەسەر ئەو کۆمپانیا نێوەندگیرەی کە ئەو ئەرکە ڕادەپەڕێنێت. زیادبوونی فشارەکانی سەر عێراق ترامپ لە ماوەی یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا، لە ساڵی 2017 تا 2021، بە بەردەوامی بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ عێراق دەردەکرد بۆ هاوردەکردنی کارەبا و غاز لە ئێرانەوە. ئەم سیاسەتە لە سەردەمی جۆبایدن (2021 - 2025) بەردەوام بوو. بەڵام یاداشتنامەی ئاسایشی نیشتمانی سەرۆکایەتی کە ترامپ تەنها چەند هەفتەیەک دوای دەستبەکاربوونی لە مانگی یەکدا واژۆی کرد، ڕێگەی خۆشکرد بۆ ئەو گۆڕانکارییە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیاندنی گۆڕانکارییەکەدا پشتڕاستی کردەوە کە "پێداچوونەوە" بۆ هەموو ئەو دەستبەرداربوونانەی سزاکانی ئێستا دەکات کە "هەر پلەیەک لە یارمەتی ئابووری یان دارایی بە ئێران دەبەخشن". میدیا عێراقییەکان ئەم پێشهاتەیان وەک "ئاڵنگارییەکی گەورە بۆ عێراق لە دەستەبەرکردنی سەرچاوەی وزەی بەدیل" نیشان دا، تیشکیان خستە سەر هەوڵەکان بۆ هاوردەکردنی غاز لە تورکمانستانەوە، پڕۆژەیەک کە بەهۆی ئاستەنگی دارایی و لۆجستییەوە کۆسپی بۆ دروست بووە. دەزگا عەرەبییە هەرێمییەکان ئەو بڕیارەیان بە هەڕەشەیەک بۆ سەر عێراق زانی و دەیانگوت ترەمپ "لە پاڵ ئێران سزای عێراق دەدات" و هۆشداریشیان دا لە "بەغدا لە چاوەڕوانی قەیرانی کارەبادایە". چارتی ژمارە (1) بەکاربردن و بەرهەمهێنان و هاوردەکردنی غازی شل لە ماوەی (2017 بۆ 2023) لە عێراق نیشان دەدات. چارتی ژمارە (1) لە هەفتەکانی پێش ئەم گۆڕانکارییەدا، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە ئەمریکا کرد کە ڕێگە بدات دەستبەرداربوونەکان تا ساڵی 2028 بەردەوام بێت، ئەو ساڵەی عێراق پێشبینی دەکات "سەربەخۆیی وزە" بەدەستبهێنێت. بەڵام لەگەڵ کۆتایی هاتنی دەستبەرداربوونی پێشووی ئەمریکا لە 8ی ئازار، بەپێی زانیارییەکان سودانی ڕایگەیاندووە کە عێراق پابەند دەبێت بە سزاکانی ئەمریکاوە. هەروەها ترسی قەیرانی وزەی لەماوی نزیکدا لە سۆشیال میدیای عێراقیش ڕەنگدانەوەی هەبوو، یەکێک لە شرۆڤەکاران بە ناڕەزایی دەربڕی کە عێراق "چاوەڕوانی هاوینێکی گەرم دەکات بەبێ کارەبا". هەندێکی تریش هەوڵیاندا تیشک بخەنە سەر ئەوەی کە تا چەند کێشەکانی وزەی عێراق لە تەنها ململانێ لەسەر هاوردەکردنی گاز و کارەبا زیاتر درێژدەبێتەوە. هەندێکی دیکەش باسیان لەوە کردووە ئەو قەیرانی وزەیەی کە لە ئارادایە، بە مەبەست و هەوڵی هاوبەشی هاوپەیمانانی ئێرانە لە عێراق بۆ ئەوەی بەغدا وابەستەی تاران بێت. هاوکات لەگەڵ تەواوبوونی ماوەی لێخۆشبوونی هاوردەکردنی کارەبا، بەرپرسانی ئەمریکا هانی عێراقیان دا کە لە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە غازی سروشتی هاوردەبکات ئەو بەرپرسە ئەمریکییە ڕایانگەیاندووە؛ "دەرفەتێک دەبێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی ناوخۆی عێراق".  چارتی ژمارە (2) هاوردەکردنی کارەبا لە ئێرانەوە لە ساڵانی (2004 بۆ 2023) بۆ عێراق نیشان دەدات. چارتی ژمارە (2) هاوکات داوای سزادانی زیاتری ئەمەریکا بۆ سەر بانکی ڕافیدەین کە سەر بە دەوڵەتە، بووەتە هۆی دروستبوونی جەنجاڵی لە کەرتی بانکی عێراقدا. لە 30 کانونی دووەم، کۆنگرێسمانێکی ئەمریکی ئیدعای کرد کە ئەو دامەزراوەیە بووەتە "ئامێری سپیکردنەوەی پارە بۆ ڕژێمی ئێران و بریکارەکانی بۆ دەستڕاگەیشتن بە دۆلاری ئەمریکی". لە مانگی شوباتدا، ڕاپۆرتی دواتر دەرکەوت کە بانکی ناوەندی عێراق، دوای کۆبوونەوەکانی نێوان بەرپرسانی عێراق و نوێنەرانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، هەنگاوی ناوە بۆ قەدەغەکردنی مامەڵەکردن لەگەڵ پێنج بانکی ناوخۆیی بە دۆلاری ئەمریکی و سنووردارکردنی دەرهێنانی دۆلار. شکستهێنان لە هەمەچەشنکردن عێراق لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی زۆر پشتی بە هاوردەکردنی وزە لە ئێرانەوە بەستووە، دوای چەندین ساڵ لە ململانێ و سزا نێودەوڵەتییەکان کە بەشێکی زۆری ژێرخانی وزەی وڵاتەکەی لەناوبرد. سەرەڕای ئەوەی عێراق خاوەنی یەکێک لە گەورەترین یەدەگی نەوتی جیهانە، بەڵام دامەزراوەی پێویستی پرۆسێسکردنی غاز و توانای بەرهەمهێنانی کارەبای نییە بۆ دابینکردنی پێداویستییە ناوخۆییەکان. ئەم واقیعە وایکردووە هاوردەکردنی وزەی ئێران بۆ ڕێگریکردن لە پچڕانی بەربڵاوی کارەبا، بەتایبەتی لە مانگەکانی هاویندا کە پلەکانی گەرما 50 پلەی سەدی تێدەپەڕێنن، وایکردووە کە هاوردەکردنی وزەی ئێران پێویست بێت. ئێران لە ڕووی دابینکردنی ڕاستەوخۆی کارەباوە یاریزانێکی سەرەکی نییە، بە تێکڕا تەنها (1.2 گیگاوات) هەناردەی عێراق دەکات، کە بەشێکی کەمی داواکارییەکان پڕدەکاتەوە. بەڵام گازی سروشتی ئێران سووتەمەنی بە چەندین وێستگەی کارەبا لە باشووری وڵات و هەروەها دامەزراوەی بیسمایە بە توانای (3 گێگاوات) لە بەغدا سووتەمەنی دابین دەکات. سەرچاوەیەکی باڵای پیشەسازی عێراق پێشتر بە ئەمواج میدیای ڕاگەیاندبوو، قەبارەی هاوردەکردنی غازی گرێبەستکراو کە (50 ملیۆن) مەتر سێجایە، دەتوانرێت کەمێک زیاتر لە یەک لەسەر سێی دابینکردنی غاز کەڵک وەربگیرێت. وەزارەتی کارەبای عێراق بە ڕاشکاوی تیشکی خستە سەر ئەم بابەتە دوای ڕاگەیاندنی ئەمەریکا لە قەدەغەکردنی کارەبای ئێران. چارتی ژمارە (3) پشت بەستنی عێراق بە وزەی ئێران لە ساڵانی (2010 بۆ 2023) نیشان دەدات. چارتی ژمارە (3) بەڵام ڕاستییەکی دیکە هەیە کە دەبێت لەبەرچاو بگیرێت: هەناردەی غازی ئێران بە شێوەیەکی ڕۆتینی لە خوار قەبارەی گرێبەستکراوەوە دابەزیوە بە هۆکاری جۆراوجۆر، لەوانەش خواستی زۆری ناوخۆیی لە ئێران و نەدانی پارەی لەلایەن عێراق و کەڵەکەبوونی قەرزەکان. وەزارەتی کارەبای عێراقیش ئەمەی پشتڕاست کردەوە و ئاماژەی بەوەداوە کە تاران پێشتر هەناردەکردنی بۆ بسمایە ڕاگرتبوو و وێستگەکانی کارەبای باشووریش کاریگەرییان لەسەر بوو. ماوەی چەند مانگێکە ئێران ڕووبەڕووی کەمیی بەرهەمی ناوخۆیی بووەتەوە. بەپێی زانیارییەکان، لە مانگەکانی هاوینی داهاتوودا، وەزارەتی وزەی ئێران پێشبینی کورتهێنانی دابینکردنی (25 هەزار مێگاوات) دەکات، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە بە دوور نازانرێت هەناردەی غاز بە دەستبەرداربوون لە سزاکانی ئەمریکا یان بەبێ دەستبەرداربوون لە سزاکان بەدی بهێنرێت. بەم شێوەیە، چاودێرانی ئاگادار بە تایبەتی ئاماژە بەوە دەکەن کە قەدەغەکردنی تەواوەتی ئەمریکا بۆ هەناردەکردنی وزەی ئێران بۆ عێراق، لانیکەم لە ڕووی سیاسی و مامناوەندەوە دەتوانێت ببێتە مایەی خێر و بەرەکەت بۆ تاران و ڕێگەی پێدەدات واشنتۆن تاوانبار بکات بەهۆی هەر شکستهێنانێک لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی. گومانی تێدا نییە کە هەناردەکردنی وزە داهاتی زۆر پێویستی دراوی قورس بۆ ئێران دابین دەکات. بەڵام گەمارۆ بانکییە جیاجیاکانی ئەمەریکا لەمێژە ئاستەنگیان لە توانای ئێران بۆ دەستڕاگەیشتن بەو جۆرە داهاتانە خستووەتە بەردەم، لەوانەش سنووردارکردنی بە چالاکییە سزانەدراوەکانی وەک هاوردەکردنی خۆراک. چارتی ژمارە (4) هاوردەکردنی کارەبای ئێران لە ساڵانی (2004 بۆ 2023) بۆ عێراق نیشان دەدات. چارتی ژمارە (4) هەروەها ڕەهەندێکی سیاسی عێراقیش هەیە کە پێویستە لەبەرچاوی بگرێت کە لە مێژە تۆمەتەکان باس لەوە دەکەن کە پشتبەستنی بەغدا بە وزەی ئێران زیاتر بە هۆی هاوپەیمانی نوخبە و سیاسییەکانی شیعەی وڵاتەوەیە نەک واقیعی ماددی. لەم چوارچێوەیەدا، شرۆڤەکاری عێراقی باسم خەزرەجی، دوابەدوای کۆتایی هاتنی وازهێنان لە سزاکان لەسەر هاوردەکردنی کارەبا لە ئێرانەوە، بانگەشەی ئەوەی کرد کە نوری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق (2006 - 2014) "بە ئەنقەست دوو وێستگەی کارەبای غازی لە نزیک ئێران دروستکرد بۆ ئەوەی چارەنووسی پێداویستییەکانی وزەی عێراق بە تارانەوە ببەستێتەوە". وێنەی گەورەتر ئەوەیە کە بە جێبەجێنەکردنی ئەرکە گرێبەستییەکانی ئێران بە شێوەیەکی ڕۆتینی تۆمەتی زیانبەخشی لێکەوتەوە کە کەمکردنەوەی هەناردەکردن وەک ئامرازێکی سیاسەتی دەرەوە بەکاردەهێنرێت. لە کاتێکدا بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵدا عێراق هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەنجام بدات، پێدەچێت پچڕانی کارەبا لە مانگەکانی هاوینی داهاتوودا فشار بخاتە سەر سودانی کە پێدەچێت داوای خولی دووەمی پۆستەکەی بکات. بەڵام ئەگەری هەڵگیرسانی ناڕەزایەتی جەماوەری لەسەر پچڕانی کارەبا گەرەنتی نییە کە سوودی بۆ نەیارانی ئێران لە عێراقدا هەبێت. ئەم داینامیکییانە ئەوە دەردەخەن کە تاکە نەگۆڕ ئەوەیە کە بەئامانجگرتنی ئێران بە گوشار خستنە سەر عێراق ئەگەری زۆرە بە پلەی یەکەم ئەو دەستکەوتە ناسکە ئابووری و ئەمنییانەی بەغدا لە ساڵانی ڕابردوودا بەدەستی هێناوە بخاتە مەترسییەوە. بە هەمەچەشنیکردن ئامادەیە، بەڵام درەنگ وەختە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق چاوپۆشییان لە پێویستی بەپەلە نەکردووە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و هەمەچەشنکردنی دابینکەرانی وزە، بەتایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی فشارە بەردەوامەکانی ئەمریکادا. لە ڕاستیدا بەرپرسانی عێراقی لە مێژە پێیان وایە پشتبەستن بە ئێران بۆ وزە بابەتی پێویستییە نەک پەسەندکردنی سیاسی، بەو پێیەی سەرچاوەی بەدیل پێویستیان بە پەرەپێدانی ژێرخانی کات بەفیڕۆدەر هەیە. تا ئێستا ئەم داواکارییەی دوایی پێویستی بە گۆڕانکاری بەرەو دەوڵەتانی کەنداوی عەرەبی هەبووە. عێراق لە ساڵی 2022 ڕێککەوتنێکی لەگەڵ دەسەڵاتی پەیوەندییەکانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو واژۆکرد بۆ بەستنەوەی پارێزگاری بەسرە باشووری وڵات بە تۆڕەکانی کارەبای وڵاتانی دراوسێ. هەر لەو ساڵەدا لەگەڵ سعودیە ڕێککەوتنێک بۆ (435 کیلۆمەتر) بەرامبەر (270 میل) هێڵی کارەبای نوێ بە توانای (1 گیگاوات) واژۆ کرا، کە عەرعەر لە باکووری سعودیە بە یوسفیە لە نزیک بەغدا دەبەستێتەوە. دەسەڵاتداران و بەرپرسانی سعودیە ئەو پڕۆژەیەیان بە بەشێک لە دیدگای 2030ی ڕیاز و هەنگاوێک بۆ دروستکردنی بازاڕی کارەبای ناوچەیی وەسف کرد. لەو چوارچێوەیەشدا عێراق ساڵی ڕابردوو گرێبەستی هاوردەکردنی کارەبای لە ئوردنەوە واژۆکرد. چارتی ژمارە (5) پشت بەستنی عێراق بە کارەبای ئێران لە ساڵانی (2004 بۆ 2023) نیشان دەدات. چارتی ژمارە (5) تەنها چەند هەفتەیەک پێش ئەوەی ئەمریکا ڕایبگەیەنێت کە ئەو دەستبەرداربوونە نوێ ناکاتەوە، کە ڕێگە بە عێراق دەدات کارەبای ئێرانی بکڕێت، بەغدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە "پلانێکی فریاگوزاری بۆ هاوین" لە شوێنی خۆیدا هەیە، ئاماژەی بەوەدا کە تاران دەتوانێت سێیەکی ئەو (3 گیگاوات)ە چاوەڕوانکراوە لە توانای هاوردەکراو دابین بکات. بەگوێرەی ئەو پلانە، تورکیا دابینکردنەکەی دوو هێندە دەکات بۆ (600 مێگاوات) و (500 مێگاوات)یش لە تۆڕی عەرەبی کەنداو کە تاڕادەیەکی زۆر تەواو بووە و (150 مێگاوات)یش لە ئوردنەوە دابین دەکرێت. بەڵام بەو پێیەی کورتهێنان لە مانگەکانی هاویندا بە شێوەیەکی ئاسایی دەگاتە (5000 مێگاوات)، پێدەچێت پچڕانی کارەبا ڕووبدات. سەبارەت بە وزەی نوێبووەوە، بەغدا گرێبەستی دروستکردنی وێستگەی وزەی خۆر لەگەڵ کۆمپانیای زەبەلاحی وزەی تۆتاڵی فەرەنسی و کۆمپانیای ACWA Power ی سعودیە و مەسدەری ئیماراتی واژۆ کردووە. بەڵام پێشبینی ناکرێ هیچ کام لەم پڕۆژانە بۆ ساڵانێک بێتە سەرهێڵ، هەرچەندە پێشبینی دەکرێت بە کۆی گشتی نزیکەی (7.5 گیگاوات) بەشداری لە تۆڕەکەدا بکەن. بەهەمان شێوە لە کاتێکدا دەرهێنانی غاز لە کوردستانی عێراقدا توانای بەرچاوی هەیە، بەڵام بەدیهێنانی دەرئەنجامێکی ئاسان نییە، پێشبینی دەکرێت ساڵانێکی زۆری بخایەنێت. چارتی ژمارە (6) هاوردەکردنی غازی سروشتی ئێران لە ساڵانی (2017 بۆ 2023) بۆ عێراق نیشان دەدات. چارتی ژمارە (6) هەرچەندە "توانای خودی" وێستگەکانی کارەبای عێراق لە دەوروبەری (30 گیگاوات)ە، لەسەر کاغەز دوور نییە لە دابینکردنی لوتکەی خواست، بەڵام هەندێک لە پسپۆڕان بەرهەمی ڕاستەقینە بە زۆر کەمتر لەم ژمارەیە مەزەندە دەکەن. لە ڕاستیدا توانای ڕاستەقینەی وێستگەکانی کارەبا کە بە کەمتر لە (60%) ی زۆرترین توانای مەزەندە دەکرێت، هۆکاری ئەوەش بە شێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی دەستڕاگەیشتن بە سووتەمەنی گونجاو. جگە لە کەمی کارایی وێستگەکانی کارەبا، هەندێک لە شارەزایان پشتڕاستیان کردووتەوە کە (58.5%)ی کارەبای بەرهەم هێنراو پێش ئەوەی تەنانەت بگاتە دەستی بەکارهێنەری کۆتایی لەدەست دەچێت. ئەم دۆخە دەگەڕێتەوە بۆ کێشەی تەکنیکی کە لە ئەنجامی خراپی چاککردنەوە و زیانەکانی شەڕ و دزییەوە دروست دەبێت. لە بەرامبەر ئەم پاشخانەدا، چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ زیادکردنی کارایی، ڕەنگە ڕێگایەک بێت کە بەغدا کۆنترۆڵی زیاتری بەسەردا بێت. سەرچاوەکان -    امواج میدیا؛ تحليل معمق: العراق بين الأزمة والفرصة بعد إنهاء أميركا إعفاءه من شراء الكهرباء الإيرانية، 10/3/2025؛ https://shorturl.at/7Sjso -    عبدالرحمن صلاح، حصري - العراق يتفاوض مع دولتين عربيتين لاستيراد الغاز المسال 11/3/2025؛ https://shorturl.at/3WaKm  


  درەو: بەپێی فەرمانێكی سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی، بۆ لەمەودوا یاسای ڕۆژنامەنووسی 2007 پیادە دەکرێت و دادوەری تایبەت دەبێت بە كەیسی رۆژنامەنووسان. دادوەر عومەر ئەحمەد سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی بە نوسراوێك فەرمانێكی كارگێڕی دەردووەو دوو بڕیاری لەبارەی رۆژنامەنووسان و كەیسەكانی رۆژنامەنووسانەوە دەرکردتیایدا هاتووە"لەبەر بەرژەوەندی گشتی و باشتر راپەڕاندنی کارەکان بڕیارماندا بە: یەکەم: دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی/1 تایبەتمەند دەبێت بە بینینی ئەو سکاڵایانەی کە پەیوەندیدارن بە رۆژنامەنووسان لەناو شاری سلێمانی وە یاسای ژمارە 35ـی ساڵی 2007 یاسای رۆژنامەگەری لە کوردستان بەسەریدا پیادە دەبێت. دووەم: سەرجەم داواکانی سەرەوە لە دوای کۆتایی هاتنی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە، هەواڵەی دادگای کەتنی سلێمانی/6 دەکرێت بۆ یەکلایی کردنەوەیان. ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم فەرمانە لە بەرواری دەرچوونیەوە کاری پێدەکرێت. یاسای ژماره‌ (35)ی ساڵی 2007ـی یاسای رۆژنامه‌گه‌ری له‌ كوردستان دەڵێت: یەکەم: رۆژنامه‌گه‌ری ئازاده‌ و هیچ سانسۆرێكی له‌سه‌رنییه‌ و ئازادیی ده‌ربڕین و بڵاوكردنه‌وه‌ بۆ هه‌موو هاووڵاتیان ده‌سته‌ به‌ره‌، له‌ چوارچێوه‌ی رێزگرتنی ماف و ئازادییه‌ تایبه‌تیه‌كانی تاكه‌كان، تایبه‌تمه‌ندیی ژیانیان به‌پێی یاسا پابه‌ند بوون به‌ ئیتیكی رۆژنامه‌گه‌ری به‌پێی به‌لێننامه‌ی فیدراسیۆنی نێوده‌وڵه‌تیی رۆژنامه‌نووسان (ساڵی 1954 هه‌مواركراو) دووه‌م: رۆژنامه‌نووس بۆی هه‌یه‌ له‌ سه‌رچاوه‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌ هه‌ر زانیارییه‌ك كه‌ بایه‌خی بۆ هاوڵاتیان هه‌بێت و په‌یوه‌ندییان به‌ به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیه‌وه‌ بێت وه‌ده‌ست بێنێت به‌پێی یاسا. سێیه‌م: سه‌باره‌ت به‌و داواكارییانه‌ی ده‌خرێنه‌ به‌رده‌م دادگا رۆژنامه‌نووس بۆی هه‌یه‌ سه‌رچاوه‌ی زانیاری، یان ئه‌و هه‌واڵانه‌ی كه‌ به‌ده‌ستیان دینێ نهێنیان بپارێزێ، مه‌گه‌ر دادگای تایبه‌تمه‌ند به‌ پێچه‌وانه‌ بڕیار بدا. چواره‌م: هه‌ر كه‌سێكی سروشتی یا مه‌عنه‌وی مافی خاوه‌ندارێتیی رۆژنامه‌ی هه‌یه‌ و ده‌توانێ به‌ پێی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ده‌ری بكا. پێنجه‌م: رۆژنامه‌ قه‌ده‌غه‌ ناكرێ و ده‌ستی به‌سه‌ردا ناگیرێت.     دەقی یاسای رۆژنامەگەری ژمارە (35)ی ساڵی 2007 - https://www.parliament.krd/media/2403/%DB%8C%D8%A7%D8%B3%D8%A7%DB%8C-%DA%98%D9%85%D8%A7%D8%B1%D9%87-35-%DB%8C-%D8%B3%D8%A7%DA%B5%DB%8C-2007-%DB%8C%D8%A7%D8%B3%D8%A7%DB%8C-%D8%B1%DB%86%DA%98%D9%86%D8%A7%D9%85%D9%87-%DA%AF%D9%87-%D8%B1%DB%8C-%D9%84%D9%87-%D9%87%D9%87-%D8%B1%DB%8E%D9%85%DB%8C-%D9%83%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86.pdf دەقی بڕیارەكەی سەرۆكی دادگای سلێمانی


د. راام رەفعەت هەریەک لە رۆنی رەها و بەدران دەرە، کە دوو شرۆڤەکاری باکورن، ٢٠ خاڵی رانەگەیەنراوی رێککەوتنەکەی نێوان ژەنەڕاڵ کۆبانێ و جۆلانی ئاشکرا دەکەن کە گوایە لە ئەندامێکی کۆمیتەی دانسوانکاری رۆژاڤا پێیاندراوە. هیچ زانیارییەکم نییە کە ئەم خاڵە راگەیەنراوانە چۆن و بە چ مەبەستێک کەوتۆتە دەستی ئەوان، چەندە راستن، وە بۆچی بەشێک نین لە  رێککەوتنە فەرمییە هەشت خاڵەکە. ئەوەی خوارەوە پوختەی ٢٠ خاڵەکەیە، لە کۆتاییشدا چەند سەرنجێکی خۆم دەنوسم: ١) دۆسییەی داعش دەدرێتە دەست سوریا. ٢) هەسەدە بەشێک دەبێت لە سیستەمی بەرگری سوریا، بەڵام فەرمان لە مەزڵوم کۆبانی وەردەگرێت. ٣) بێ رەزامەندی هەسەدە، سوپای سوریا ناتوانێت بێتە ناو (پارێزگای) حەسەکە. ٤) لەهەر  ناوچەیەکی سوریا کورد هەبيت دەتوانێت هێزی تایبەتی  بۆ پاراستنی ناوچەکەی، بەڵام سەر بە دیمەشق، هەبێت. ٥) کۆمەڵگای کوردی مافی هاوڵاتی هەیە  لە سوریا. ٦) دامەزراوە سورییەکان لە ژير چاودێری هەسەدە دەتوانن بێنە (پارێزگای) حەسەکە. ٧) پاريزگاری حەسەکە لەلایەن مەزڵوم عەبدییەوە دیاری دەکرێت. ٨) مەزڵوم عەبدی مافی لەکار لادانی بەرپرس و لێپرسراوە ئیداریەکانی حەسەکەی هەیە. ٩) لەسەدا ٢٥ی نەوت و غازی سوریا بۆ حەسەکە دەبيت. ١٠) پارێزگای حەسەکە مافی کڕینی چەکی لەوڵاتان هەیە. ١١) خاڵە بازرگانییەکانی سنووری حەسەکە لەدەست کورد دەبێت. ١٢) ئاگربەست  لە سوریا دريژخایەن دەبێت. ١٣) مەزڵوم عەبدی فەرماندەی  هێزێکی سەربەخۆ، سەرلەشکر، دەبێت لەناو سوپای سوریا. ١٤) سوریا ناتوانێت هیچ بەرپرسيک لەدەرەوەی (پارێزگای) حەسەکە لەو پارێزگایە دابمەزرێنيت. ١٥) فرۆکەخانەی قامیشلۆ دەبێتە نێودەوڵەتی و لەژێر ئیدارەی هاوبەشی کورد و دیمەشقدا دەبێت. ١٦)  پێکهاتەی کورد بە چوار وەزارەت و باڵوێز لە حکومەتی دیمەشقدا بەشدار دەبێت. ١٧) دیبلۆماسییەتی کورد لەلایەن سوریا نوێنەرایەتی دەکرێت. ١٨) بەپێی ئەو رێککەوتنەی لە نێوان کورد و ئەمریکا کراوە، هێزە ئەمریکییەکان لانی کەم تا دە ساڵ وەک گەرەنتیکار (زامن)ی کورد دەمێننەوە. ١٩) فەرماندەکانی پێشووی سوپا ناتوانن ببنە وەزیری بەرگری و ناوخۆ. ٢٠) پاراستنی سنووری حەسەکە لەژێر چاودێرئ ئەمریکی و فەرەنسییەکاندا دەبێت. .. چەند سەرنجێک… یەکەم، ئەگەر ئەو خاڵانە بەشێک بن لە رێککەوتنەکە، ئەوا رۆژاڤا دەبێتە هەرێمێکی فیدراڵی خاوەن مافی فراوان و تێر و تەسەل. دووەم، ئەگەر راست نەبێت و رێککەوتنەکە لەسەر بنەمای هەشت خاڵەکە و وەک خۆی جێبەجێبکرێت، ئەوا کارەسات و تەسلیمبوونی بێ پاساو و خیانەتە. سێیەم، رۆشن نییە، مەبەست لە حەسەکە تەنها پارێزگای حەسەکەیە، یان حەسەکە وەک پایتەختی رۆژاڤا و باکوری سوریا.   هەر کامێکیان بێت، لێکەوتەی باشە و خراپەی خۆی هەیە. حەسەکە وەک پارێزگا… ئەگەر مەبەست پارێزگا بێت، ئەوا دەبێت هەردوو پارێزگای رەققە و دێرەزۆر رادەستی عاڕەبەکان بکرێت و لەژێر قەڵەمڕەوی کورد دەردەچن وە دەسەڵات و خۆسەری کوردی بە ناوچە کوردستانییەکان (رۆژاڤا) سنووردار دەبێت. باشیەکەی لەوەدایە کە کورد ئیدارەی هەرێمێکی نیمچە یەکرەنگی بێکێشەی زۆرینەی کوردی دەکات. کورد لە پارێزگای حەسەکە ٦٠٪ی دانیشتوان پێکدێنێت و زۆرینەیە، عەڕەبەکانیش لەسەرووی ٣٠٪ ی و باقییەکەی کریستیانەکانن. پاريزگای حەسەکە روبەرەکەی ٢٣ هەزار کیلۆمەتر دووجایە و لە وڵاتگەلی وەک قوبرس و لوبنان و قەتەر گەورەترە ق هەموو سنوورەکانیشی درێژکراوەی باشور و باکوری کوردستانە. خراپییەکەی لەوەدایە، کورد دەسەڵات و ئابووری و خاک و هەژموونێکی فراوان و سەرچاوە ئاوی و نەوتییەکانی لەدەست دەچێت و  لە پارێزگایەک و ناوچەیەکی سنوورداردا گۆشەگیر دەکرێت. لەوەش گرنگتر، کۆباني کەسەر بەپارێزگای حەسەکە نییە چارەنوسی نادیار دەبێت و دەکەوێتە دەرەوی ئیدارەی کورد. حەسەکە وەک پایتەختی باکور و رۆژهەڵاتی فورات…. ئەگەر مەبەستیش حەسەکە وەک پایتەختی ئیداری رۆژهەڵاتی فورات بێت، بەهەمان شێوە باشە و خراپەی خۆی هەیە. باشییەکەی ئەوەیە سنورێکی سرووشتی ئەم هەرێمە فراوانە پڕ لەسەروت و سامانە و هێزی مرۆیی لەباقی سوریا جیادەکاتەوە و ئەگەر کورد هەژموونی خۆی بەسەر هەرێمەکەدا بپارێزێت ئەوا بەقورساییەکی زۆرەوە لە دیمەشق دەبێت. جگە لەوە، کۆبانێ بەشێک دەبێت لەم هەرێمە فیدراڵە… خراپییەکەیشی ئەوەیە، کورد وەک کەمینەیەک دەبێت ئیدارەی هەرێمێکی  زۆرینە عەڕەبی پڕلەکێشە و دووبەرەکی خێڵەکی و قەومەجی سۆزدار بۆ جۆلانی رەوتە تیرۆریستییەکانی تر بکات. ئەم دیموگرافیا زۆرینە عاڕەبیە هەمیشە وەک بۆمبێکی تەویتکراوە و عاڕەبە حاکمەکانی دیمەشق دەتوانن بەڕووی کوردا بیتەقێننەوە. رۆژاڤا رێگەیەکی سەخت و پڕ لەهەوراز و نشێویان کە پێشە، بەڵام سەرکردایەتییەکی دڵسۆز و وشیار و نیشتمانپەروەیان هەیە.


  پ . د. سەعید عەلی محەمەد ڕۆژی دوو شەممە لە دیمەشقی پایتەختی سوریا (ئەحمەد شەرع) سەرۆكی سوریا و (مەزڵوم عەبدی) سەرۆكی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) ڕێكەوتنێكی دوو قۆڵیان ئیمزا كرد ، ڕێكەوتنەكە داوا دەكات هێزەكانی هەسەدە تێكەڵ بە دامەزراوە فەرمییەكانی دەوڵەت ببن ، سەرجەم دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەكانی باكوری ڕۆژهەڵاتی سوریا هەر لە خاڵە سنورییەكان و فڕۆكەخانەكان و كێڵگە نەوتیەكان و كێڵگەكانی غاز بچنە ژێر ئیدارەی دەوڵەتەوە  ، هەروەها بەپێی ڕێكەوتنەكە هەموو جۆرە داواكاری و بیرۆكە و پڕۆژەیەك بۆ دابەشكردنی خاكی سوریا و پارچە پارچەكردنی كۆمەڵگەی ئەو وڵاتە ڕەتدەكرێتەوە  ، پێکهاتەی کوردیش وەک پێکهاتەیەکی ڕەسەنی دەوڵەتی سوریا تەماشا دەکرێ و ، مافی هاوڵاتیی بوون و سەرجەم مافە دەستوریەکانیشی زامن دەکرێن ،  ڕێكەوتنەكە هەروەها داوا دەكات هێزەكانی هەسەدە شان بە شانی هێزەكانی حكومەت هەوڵی ڕیشەكێشكردن و كۆتایی هێنان بە پاشماوەكانی ڕژێمی ڕووخاو بدەن ! ئەوەی من دەمەوێ لەم نوسینەدا پەیوەست بەو ڕێكەوتنە مێژووییە بیخەمەڕوو ئەم چەند سەرنجەی خوارەوەیە  : یەكەم  /  ڕێكەوتنەكە خەونی ئەوانەی لەگۆڕنا گرەویان لەسەر پارچە پارچەكردنی سوریا و ناكۆكی ناوخۆیی و نەتەوەیی و ، بڵاوكردنەوەی فەوزا و تاوان و پاشا گەردانی دەكرد لەسوریای نوێدا ، ڕێكەوتنەكە بەكارهێنانی كارتی ( هێزەكانی سوریای دیموكرات ) ی لەدەست ئەو دەوڵەت و لایەنانە دەرهێنا كە بەردەوام یاری و گوشاریان پێدەكرد و ، لەناوخۆ و دەرەوە و ژوورە تاریكەكاندا سەرگەرمی دانان و داڕشتنی پیلان و نەخشەی جەهەننەمی بوون بۆ ڕووخاندن و لەباربردنی ئەزموونی دەسەڵاتی نوێی سوریا ! ڕێكەوتنەكەی (شەرع) و (عەبدی) هاوكات لەگەڵ ڕێكەوتنێكی تری ئەمڕۆی حكومەتی دیمەشق لەگەڵ پیاو ماقوڵانی شاری ( سوەیدا )ی باشوور بۆ گێڕانەوەی شارەكە و تەواوی دامودەزگاكانی بۆ ژێر كۆنتڕۆڵی ئیدارەی حكومەت كارەساتێكی جیۆسیاسیی و جیۆستراتیژیی بوو كە ڕووبەڕووی پڕۆژە و ئەجێنداكانی ئیسرائیل و دەوڵەتانی تری ناوچەكەی دوژمن بە دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا بوویەوە !! بۆیە وەك ڕق و توڕەیی و کاردانەوەیەک بەرانبەر بەو ڕێکەوتنە فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل خێرا زنجیرەیەك بۆردومانیان بۆ سەر كۆمەڵێ بارەگا و مۆڵگەی چۆڵكراوی سوپاكەی ئەسەد لەناوچەكانی باشوری سوریا ئەنجامدا.   دووەم /  ڕێكەوتن لەگەڵ لایەنی كوردی و خەڵكی شاری ( سوەیدا ) ی درووزنشین پەیامێكی بەهێزی دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا بوو بۆ قەوارەی زایۆنی و دەوڵەتانی نزیك و دراوسێ و دەزگا هەواڵگرییەكانیان كە سوریای ئەمڕۆ جیاوازە و ،  پێویستە هەمووان سنووری خۆیان بزانن و ، دەست لەپیلان و سەركێشیەكانیان لە خاكی سوریادا هەڵگرن!   سێهەم /  كات و تەوقیتی ئیمزاكردنی ڕێكەوتنەكە ماناو ئاماژەی تایبەتی خۆی هەڵگرتبوو كە دیارترینیان ئەوەیە  : شكست پێهێنانی كودەتاكەی چەند ڕۆژی ڕابردوو كە ( كودەتایەكی دەرەكی بوو بە كەرەستەی ناوخۆیی ) ڕۆڵێكی كاریگەر و یەكلاكەرەوەی هەبوو لەخێراكردنی زیاتری  ئەنجامدان و ئیمزاكردنی ڕێكەوتنەكە  ، ئەمە جگە لە هەڵوێستی توندی دەوڵەت و ،  لایەنگیری توركیا و ، پشتیوانی گەلی سوریا كە هەر زوو لەیەكەم ڕۆژی كودەتاكەوە ڕژانە سەر شەقامەكان بۆ یارمەتیدانی هێزەكانی پۆلیس و سوپا و ڕووبەڕووبوونەوەی یاخیبووان و پاشماوەكانی ڕژێمی پێشوو! چوارەم /  لەپاڵ ئەو خاڵەی سەرەوەدا فاكتەرێكی تری گرنگ و سەرەكی بۆ لەدایكبوونی ئەو ڕێكەوتنە مێژووییەی حكومەتی دیمەشق و لایەنی كوردی  ، جگە لە سەركەوتنی شۆڕشەكەی سوریا و دەركردنی ئێرانیەكان و ڕووسەكان ، دەستهەڵگرتنی ئەمریكیەكان بوو لە دۆسیەی سوریا (وەك لایەنی چاودێر) و ، سپاردنی ئەو دۆسیەیە بە دەوڵەتی توركیا ، هەروەها لاوازبوونی هەیمەنە و پاشەكشەكردنی ڕۆڵی فەڕەنسییەكان لەناوچەكەدا و  ، شكست هێنانیان لە پاراستنی ئەوەی خۆیان ناوی دەنێن  : مافی مێژوویی كەمینە دۆستەكانیان!   پێنجەم /  ڕێكەوتنەكە (ئەحمەد شەرع) ئیمزای كرد وەك سەرۆكی سوریا ئەمە لەلایەك  ، لەلایەكی تریشەوە بەزمانی عەرەبی نووسراوە كە تاكە زمانی فەرمی دەوڵەتە  ، كە ئەمە خۆی لەخۆیدا دانپێدانانی ئاشكراو بێ پێچ و پەنای هێزەكانی سوریای دیموكراتە بە حكومەت و دەسەڵاتی شەرعی نوێی سوریا! شەشەم /  ڕێكەوتنەكە مێژوویی بوو بەو پێیەی ئەو پەیامەی بەگوێی هەموواندا دا  كە سوریا بۆ یەكەمجار لەدوای ڕووخانی خەلافەتی ئیسلامی لە ساڵی 1926وە جارێكی تر بە یەكگرتوویی و یەكپارچەیی كەوتەوە ژێر ڕكێف و دەسەڵاتی قیادە و نوخبەیەكی سیاسیی سوننی مەزهەب ! واتە سەرجەم ئەو پڕۆژانەی كە پێشتر پێشكەش دەكران بۆ دامەزراندنی دەوڵەتۆكەیەكی كوردی لە باكوور و ، دەوڵەتۆكەیەكی دوورزی لە باشوور و  ، بەدیهێنانی خەونی (دەوڵەتی ئیسرائیلی گەورە لە فوراتەوە بۆ نیل ) سەرجەمیان كۆتاییان هات و لەباربران.   حەوتەم /  ئەو ڕێكەوتنە و ڕێكەوتنەكانی تریش كە دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا لە ناوخۆدا ئەنجامی دەدەن ئەو ڕاستیە بۆ هەمووان دەسەلمێنێ كە گەلان و وڵاتانی جیهانی ئیسلامیی ئەگەر لایەنی سێهەم بچێتە دەرەوە و دەست هەڵگرێ لە دەستوەردان و پیلانگێڕی ، زۆر بە ئاسانی دەتوانن ناكۆكی و گرفتە ناوخۆییەكانیان چارەسەر بكەن ، هەروەك چۆن ئەفغانیەكان و گەلانی كەنارەكانی ئەفریقیا توانیان لەماوەیەكی كورتدا لەنێوخۆیاندا  یەكبگرن و  ، ئێستاش ئەوەتانێ سوریەكان دەتوانن پێكەوە ئاشت ببنەوە  ، كە گومانی تێدانیە یەمەنیەكان  و لیبیاییەكان و سودانیەكانیش ئەگەر لایەنی دەرەكی بهێڵێ دەتوانن هەمان ئەزموون دووبارە بكەنەوە.


بڵند دلێر شاوەیس  ئەوەی لە ڕۆژی ٢٠٢٥/٣/١٠ بە ناونیشانی ڕێککەوتنی نێوان (احمد الشرع) و (مەزڵوم عەبدی) بڵاوکرایەوە زیاتر یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی سەرەتاییە دەرئەنجامی وتووێژ و دانوستانی چەندین مانگەیە کە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتیوانی دەکات و بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیوەندی هەیە بە (پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا) و دانوستانی نێوان حکومەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان، بەتایبەتی کە ئیدارەی نوێی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی (ترامپ) هاوپەیمانی (تورکیا) و پاڵپشتی (ئەردۆغان) و لە هەمانکاتدا پشتیوانی هێزەکانی سوریای دیموکرات و (مەزڵوم عەبدی) دەکات. ڕێککەوتنەکە لە هەشت خاڵدا خۆی دەبینێتەوە کە هەریەک لە لایەنەکانی ڕێککەوتنەکە دەستکەوتەکانی خۆیان تیا جێکردۆتەوە: یەکەم- دەستکەوتەکانی (احمد الشرع):  ١- دان پێدانان بوو لەلایەن بەڕێز (مەزڵوم عەبدی) بە (احمد الشرع) وەک سەرۆک کۆماری سوریای عەرەبی! ٢- بڕیاری ئاگربەست لە هەموو خاکی سوریا (خاڵی ٣ی ڕێککەوتنەکە)، ئەمەش لەکاتێکدایە هێزەکانی (احمد الشرع) فشاری سەربازی پاشماوەکانی (ئەسەد)یان لەسەرە و ڕوبەڕوی هێرشی سەربازی و بەرەنگاربوونەوەی عەلەویەکان لە ناوچەکانی (طرطوس) و (لاذقیة) بونەتەوە و پێویستییەکی زۆریان بەم ئاگر بەستە هەیە. ٣- پشتیوانی دەوڵەتی سوریا بۆ لەناوبردنی پاشماوەکانی چەکدارانی (ئەسەد) و هەموو ئەو مەترسییانەی ڕوبەڕوی ئاسایش و یەک پارچەیی سوریە دەبێتەوە،(خاڵی ٦ و ٧ ی ڕێککەوتنەکە)، ئەمەش زامن کردنی یەک پارچەیی خاکی سوریا دەکات. دووەم- دەستکەوتەکانی (مەزڵوم عەبدی): ١- یەکسانی هاوڵاتیان لە بەشداری سیاسی و حوکمڕانی و نوێنەرایەتی لە دەسەڵاتەکاندا بەدەر لە ئاین و نەتەوە. زامن کردنی مافی هەموو سوریەکان لە نوێنەرایەتی و بەشداری پرۆسەی سیاسی و سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەت لەسەر بنەمای توانا بەدەر لە ئاین و نەتەوە، (خاڵی ١ی ڕێککەوتنەکە). ٢- دانپێدانان بە بوونی کورد وەک پێکهاتەیەکی ڕەسەنی کۆمەڵگای سوریا، لەگەڵ زامن کردنی مافی هاوڵاتیبوون و سەرجەم مافە دەستورییەکان، (خاڵی ٢ی ڕێککەوتنەکە). ئەم خاڵە ماف دەگەڕێنێتەوە بۆ دەیان هەزار کورد لە سوریا کە بێبەشکراون لە ڕەگەزنامە. ٣- دانپێدانان بە هەموو دامەزراوە کارگێڕی و سەربازییەکانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (ھ.س.د) و بەو سنورانەی بەڕێوەی دەبەن بە خاڵە گومرگی و فڕۆکەخانە و کێڵگەکانی نەوت و غازیشەوە و تێکەڵکێشکردنیان لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریا، (خاڵی ٤ی ڕێککەوتنەکە)، ئەمە لەکاتێکدا (ھ.س.د) نزیکەی چوار پارێزگای سوریا کۆنترۆڵ دەکات ( حلب، الرقة، الحسكة، دير الزور). ٤- زامنکردنی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەکان بۆ شار و شارۆچکە و گوندەکانی خۆیان و گەرەنتی پارێزگاریکردنیان لە لایەن دەوڵەتی سوریاوە، (خاڵی ٥ی ڕێککەوتنەکە). ئەم خاڵە لە داهاتودا بۆ ئاوارەکان بە تایبەت ئاوارەکانی (عفرین) سوود و کرنگی زۆری هەیە. سێیەم - خاڵە لاوازەکانی ڕێککەوتنەکە: ١- باس لەسیستەمی سیاسی و حوکمڕانی سوریای نوێ نەکراوە، ئەم بڕگەیەش یەکێکە لە گرنگترین ناکۆکیەکان کە لە ئایندەدا دروست دەبێت، بۆیە پێویستە کورد لە سوریا بە ستافێکی شارەزا و پسپۆری یاسایی و دەستوری وسیاسی بەشدار بێت لە داڕشتنەوەی دەستوری نوێی سوریا، بۆ ئەوەی سود وەرگرن لەو هەڵانەی ئێمە تێی کەوتین لە هەرێمی کوردستان لەسەردەمی نوسینەوەی دەستوری هەمیشەیی عێراق ٢٠٠٥. ٢- لە خاڵی هەشتەمی ڕێککەوتنەکەدا باس لە ماوەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دەکات کە پێویستە لیژنەکانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە تا کۆتایی ساڵ جێبەجێی بکەن. ئەمەش وادەکات ڕێککەوتنەکە ئاڵەنگاری زۆری بێتە بەردەم بەتایبەت بە هۆکاری دەست تێوەردانی دەرەکی و ئیقلیمی و بەرژەوەندی لایەنە ناکۆکەکانی ناوخۆی سوریا. ٣- بەڕای من ئەم ڕێککەوتنە پەیوەندی هەیە بە دانوستانی نێوان حکومەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان و ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی (pkk) لەلایەن (ئۆجه‌لان)ەوە، هەر کاتێک پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا شکستی خوارد ڕێککەوتنی نێوان (احمد الشرع) و (مەزڵوم عەبدی) بەئەگەرێکی زۆرەوە هەڵدەوەشێتەوە. لە کۆتایشدا عیبرەت لە جێبەجێکردندایە.


  . ✍️ سەرتیپ جەوهەر ئەو رێككەوتنەی لەنێوان مەزلوم كۆبانیی و ئەحمەد شەرع دا كرا، پێشتر لەكۆبونەوەی فرۆكەخانەی زومێر لەسەرەتای ئەمساڵ كرابوو، بەڵام لەم چەند رۆژە بەهۆی تاوانی كۆمەڵكوژیی عەلەوییەكان فشارێكی زۆر گەورەی ناوخۆو نێودەوڵەتی لەسەر ئەحمەد شەرع دروستبوو، بۆیە بەهەندێ گۆڕانكاریی و زیادكردنی چەند خاڵێك رێككەوتنەكە خرایە سەر كاغەزو ئیمزاكرا. لەم كاتەدا شەرع پێویستی بەرووداوێكی گەورەهەبوو تاوەكو فۆكەس و تەركیزی ناوخۆو دەرەوە لەسەر كۆمەڵكوژیی و تاوانەكانی عەلەوییەكان لاببات و و فشاری نێودەوڵەتیی و ناوخۆ كەمبكاتەوە. هەربۆیە دەبینین میدیای عەرەبیی بەتایبەت میدیاكانی سعودیەو ئیمارات و قەتەر بەشێوەیەكی زۆر چڕوپڕ هەموو هەواڵێكیان لاداو بەرنامەكانیان تایبەتكرد بەو رێككەوتنە تاوەكو چاوی دونیا لەسەر كۆمەڵكوژییەكە لاببەن كە تاوان و شەرمەزارییەكی زۆر گەورەبوو بۆ ئەحمەد شەرع و گروپە چەكدارەكانی دەستەی تەحریری شام. هەر بەهۆی ئەو فشارە زۆرەی لەماوەی چەندرۆژی رابردوو ئەحمەد شەرع پێویستی بەهەواڵێك یاخود پێشاندانی بەدەستكەوتێك هەبوو تاوەكو توڕەیی شەقامی سوریای كەمبكاتەوەو پێشكەوتنێك پێشانبدات لەدۆخی سیاسی و ئەمنی، بۆیە هەموو تەركیزی میدیای عەرەبی لەسەر یەك خاڵی رێككەوتنەكەبوو ئەویش تێكەڵكردنەوەی هێزەكانی قەسەد بەسوپای سوریا! بۆ كورد پێشاندانی ئیمزای رێككەوتن گرنگی خۆی هەبوو، دەرفەتێك بوو بۆ پێشاندانی سەرەتایەكی نوێ‌. بۆیە ئەمریكیەكان كوردیان ئاگاداركردەوە كە دەرفەتێكی باش هەیە رێككەوتنەكە ئاشكرابكرێت و ئەحمەد شەرع ناچارە بێتەژێرباری هەندێك داخوازیی لەبەر ئەم هۆكارانە: یەكەم: یەكەمجارە لەمێژوو كاربەدەستێكی باڵای سوریا ئیمزا لەسەر رێككەوتنێك بكات كە داننانی روون بێت بەكوردو رۆڵی لەسوریا. دووەم: داننانی دەسەڵاتدارانی نوێی سوریابوو بەهێزەكانی سوریای دیموكرات وەك هێزێك كە شەرعیەتی شۆڕشگێڕیی سەربەخۆی هەیە دوور لەكاریگەری دەرەكی بەتایبەتیش تۆمەتی كاریگەری پەكەكە بەسەر ئەو هێزەوە. سێیەم: ئەم رێككەوتنە رەنگە ببێتەهۆی دوورخستنەوەی رۆژئاوای كوردستان لەپەلاماردانی توركیا بەتایبەتیش لەبەنداوی تشرین و ناوچەكانی دیكە لەلایەن گروپە تیرۆرستیەكانی سەر بەتوركیا. چوارەم: ئەم رێككەوتنە دەبێتەهۆی كەمكردنەوەی فشار لەسەر عەبدوڵلا ئۆجالان سەبارەت بەرۆژئاوای كوردستان، یان دەكرێت بڵێین دوور خستنەوەی رۆژئاوای كوردستانە لەهەر لێكەوتەیەكی رێككەوتنی نێوان عەبدوڵلا ئۆجالان و دەوڵەتی توركیا كە ناكرێت ئێستا وردەكاریی بخرێتەڕوو. دیوێكی دیكەی خوێندنەوە بۆ ئەم رێككەوتنە بەمشێوەیەی خوارەوەیە: یەكەم: ئەم رێككەوتنە سەرەتایەكی باشە بۆ هەوڵی رێككەوتن، بەڵام خاڵەكانی رێككەوتنەكە گشتییەو نەخشەڕێی تێدا نییە بۆ چارەسەریی و یەكلاییكردنەوەی ئایندەی كوردو رۆژئاوای كوردستان. نەخشەڕێ بریتیە لەچارەسەری قۆناغبەندیی دیموكراتیانەی كێشەكان بەنوسینەوەی دەستورێكی هەمیشەیی بەبەشداریی هەموو پێكهاتەكان كە تێیدا گرەنتی ماف و بەشداریی حوكمڕانیی و بەركەوتەی نەتەوەو پێكهاتەكان بكات. ئەوەی دەبینرێـت تائێستا دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق نازانن چی دەكەن. نەخشەڕێیەكی واقعییان نییە بۆ چارەسەری كێشەكان و بەشداری پێكهاتەكان، هاوكات لەبیرنەكەین چارەسەری پرسی كورد بەشێكە لەچارەسەری گشتیی بارودۆخی سوریاو گرێدراوی بارودۆخی گشتیی ئەو وڵاتەیە. بۆیە ئەم رێككەوتنە زیاتر لەبەیانێكی ئیعتیرافكردن دەچێت و هیچی دیكە نییە. دووەم: زۆر زەحمەتە جێبەجێكردنی ئەو خاڵەی پەیوەندی بە بەتێكەڵكردنەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات و سوپای سوریا هەیە، چونكە ئێستا سوریا خاوەنی سوپا نییە تا هێزەكانی سوریای دیموكراتی تێكەڵ بكرێتەوە، بۆیە دەتوانین بڵێین مومكین نییە. ئەوەی لەدیمەشق هەیە كۆمەڵێك میلیشیای گروپە چەكدارەكانن و هیچیتر، هێزەكانی سوریای دیموكرات هێزێكی پڕچەكی نوێ‌ و بەدیسپلینن و ژمارەیان زۆر زیاترە لەو هێزەی ئەحمەد شەرع ناوی ناوە سوپای سوریا و جگە لەچەكی سوك و مامناوەند هیچی دیكەیان نییە. تێكەڵكردنەوەی هێز پێویستی بەمیكانزمی وردو بڕیاری پەرلەمان و دامودەزگای شەرعیی و یاسا هەیە، ئەوەی لەم رێككەوتنەدا هاتووە تەنها بۆ هێوركردنەوەی شەقامە، ئەگینا زۆر زەحمەتە هیچ شتێك بكرێت. ئەگەرچی پێشتر بیرۆكەیەك هەبوو كە هێزەكانی سوریای دیموكرات لەچوارچێوەی یەكەیەكی سەربازیی جێگەیان بكرێتەوەو ئەركی پاراستنی رۆژهەڵاتی فوراتیان بێ‌ بسپێردرێت، بەڵام ئەمەش جارێ‌ زەحمەتە، چونكە پێویستی بە بڕیار و میكانزمی شەرعی هەیە. سێیەم: رستەو دەستەواژەكانی رێككەوتنەكە گشتگیرو عمومین، بە رێككەوتنەكەوە دیارە تەنها بۆ بارودۆخێكی تایبەتە. چۆن ئەحمەد شەرع بۆ بەتاڵكردنەوەی توڕەیی شەقام و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەیەوێت سودی لێ‌ ببنێت، ئاوهاش بۆ كورد بۆ ئەم قۆناغە سودی هەیە ئەگینا جێبەجێكردنی زۆر زەحمەتە.


درەو: بە پشتبەستن بە کۆبونەوەیەک کە لە نێوان ئەحمەد شەرع،  سەرۆكی كاتی سوریاو مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات، لە رۆژی دووشەممە ١٠ی ئازاری ٢٠٢٥ بەڕێوەچوو، لەسەر ئەمانەی خوارەوە ڕێککەوتن کرا: 1-دەستەبەرکردنی مافی هەموو سوریاکان بۆ نوێنەرایەتی و بەشداریکردن لە پڕۆسەی سیاسی و هەموو دامودەزگاکانی دەوڵەت لەسەر بنەمای لێهاتوویی، بەبێ گوێدانە پاشخانی ئاینی و نەتەوەیی. 2-پێکهاتەی کورد پێکهاتەیەکی ڕەسەنی دەوڵەتی سوریایە، دەوڵەتی سوریاش مافی هاوڵاتیبوون و هەموو مافە دەستورییەکانی زامن دەکات. 3-راگرتنی ئاگربەست لە تەواوی خاکەکانی سوریا. 4-تێکەڵکردنی سەرجەم دامودەزگا مەدەنی و سەربازییەکانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا لە ئیدارەی دەوڵەتی سوریا، لەوانە، دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتی و عازییەکان. 5-دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارە سورییەکان بۆ شارۆچکە و گوندەکانیان و پاراستنیان لەلایەن دەوڵەتی سوریاوە. 6-پاڵپشتیکردنی دەوڵەتی سوریا لە شەڕی دژی پاشماوەکانی ئەسەد و هەموو هەڕەشەکانی سەر ئاسایش و یەکڕیزی وڵاتەکە. 7- رەتکردنەوەی بانگەوازەکانی دابەشبوون و گوتاری رق و كینەو هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی ناتەبایی لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سوریادا. 8- لیژنه جێبەجێكارەكان کاردەکەن بۆ جێبه جێکردنی رێککەوتننامەكە بە جۆرێك لە كۆتایی ئەمساڵ تێنەپەڕێت.


د. سانا كەمال،  پارێزەری ڕاوێژکار کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژەی "ڕوناکی" ڕاگەیاند وە بەپێی ڕاگەیاندنەکەیان ئامانجی پرۆژەکە ئەوەیە چاکسازییەکی گشتگیر لە سێکتەرەکانی کارەبا بکرێت بە مەبەستی دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان. لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە، ئایا پرۆژەی روناکی دەستکەوتە بۆ ئەم کابینەیە یا خود شکستە؟ سەرەتا ئەبێت پێناسەیەکی «دەستکەوتی حکومەت» بکەین، تا بتوانین پۆلێنی ئەم پرۆژەیە بکەین لە ژێر چەتری دەستکەوت یا شکست، ( دەستکەوتی حکومەت ئاماژەیە بۆ ئەو سەرکەوتن و دەستکەوتانەی کە حکومەت لە گەیشتن بە ئامانجەکانیدا بەدەستی دەهێنێت).  ئەم  ئامانجانە بەزۆری لە کارنامەی سیاسەتی حکومەتێکدا دادەنرێت، کە لە ڕێگەی پرۆسەیەکی سیاسیەوە پەرەی پێدەدرێت. گەیشتن یاخود نەگەیشتن بەم ئامانجانە بەزۆری لەڕێگەی پێوانەکردنی پێشکەوتنەکان دەکرێت لە بوارە جیاوازەکاندا، بۆ نمونە  گەشەی ئابووری، کەمکردنەوەی هەژاری، پەروەردە، چاودێری تەندروستی، پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و ئاسایشی نیشتمانی، وە بۆئەوەی ناوی دەستکەوت لە پرۆژەیەک بنرێت کە حکومەت پێشکەش بە هاوڵاتیانی دەکات دەبێت کاریگەری و دەرئەنجامەکانی پرۆژەکە، هەروەها کارایی و کاریگەریی تێچونەکەی و ئاستی بەدەستهێنانی رەزامەندی هاوڵاتیان بەرامبەر پرۆژەکە لەبەرچاو بگیرێت. بەواتایەکی دیکە ئەم پرۆژەیە بۆ پولێنکردنی لە ژێر ناونیشانی دەستکەوتی حکومەت دەبێ ئەم مەرجانەی تێدا بێت: ١- جێبەجێکردنی پرۆژەکە لە ڕوی ناوەرۆکەوە ( دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری ) وەک خۆی، وە لەدوای چەند مانگێک یان ساڵێک حکومەت پەکی نەکەوێ لە دابینکردنی کارەبای پیویست، چونکە وەک ئاگادارین چەندین جار بەڵێنی باشترکردنی دۆخی کارەبا بە هاوڵاتیان دراوە و جێبەجێنەکراوە. ٢- نرخی دابینکردنی کارەبا، ناکرێ نرخی یەکەیەکی کارەبا لە ١٨ دینارەوە بە یەکجار بازی پێ بدرێ بۆ ١٥٦ دینار، بەڵکو دەکرێت نرخێکی گونجاو دابنرێت بەڕەچاوکردنی بارودۆخی دارایی هاوڵاتیانی هەرێم. ٣- پاڵپشتی کردنی نرخ لە لایەن حکومەتەوە، ئەرکە لەسەرشانی حکومەت کارەبا بەهاوڵاتیان بدات بەکەمتر لەو نرخەی کەلەسەری کەوتووە، ئەمەش وەک پاڵپشتیەک بۆ هاوڵاتیان و وەک بەشێک لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی گشتی. ٤ـ بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی (٢و٣)پێویستە حکومەت پێش نرخ دانان دراسەی بارودۆخی دارایی هاوڵاتیان بکات، وە ڕاوێژ بکات بە پارێزگار وئەنجومەنی پارێزگاکان، وە لێکۆڵینەوە بکات لەسەر نرخی بەرهەمهێنان وگواستنەوەی کارەبا، بۆئەوەی بتوانێ نرخێکی گونجاو دانێت (نە شیش بسوتێ ونە کەباب). ٥- بڵاوکردنەوەی هۆشداریی پێویست سەبارەت بە پرۆژەکە، بە هۆکاری ئەوەی تا ئەم کاتە جۆرێک لە نارونی و تاریکی بە پرۆژەکەوە دیارە. ٦- بڵاوکردنەوەی هۆشداری زیاتر سەبارەت بە کاریگەری پرۆژەکە لەسەر پاکبونەوەی ژینگە، بە هۆی وەستانی دوکەڵی کوشندەی مۆلیدەکان، کە هۆکارێکی سەرەکیە بۆ بڵاو بونەوەی نە خۆشییە کوشندەکان لە هەرێمدا. ئایا پرۆژەی روناکی جێبەجێکردنی یاسایە یاخود پێشێڵکردنی یاسایە ؟ بەو پێيەی دابینکردنی کارەبا یەکێکە لە ئەرکە سەرەکیەكانی حکومەت، کە لەرێگەی وەزارەتی کارەباوه جێبەجێى دەکات، بەپێی یاسای وەزارەتی کارەبای بەرکار لە هەرێمی کوردستان. وە لەگەڵ ئەوەی لە دەستوری عیراقدا دەقێکی ڕون و ئاشکرا نەهاتووە کە بتوانرێت بە گەرەنتیەکی دەستوری هەژمار بکرێت بۆ ئەوەی حکومەت واجب بێت لەسەر شانی کە کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ هاوڵاتیان دابین بکات، بەڵام دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بە یەکێک لە پێکهاتەکانی ژیانێکی شایستە دادەنرێت کە لە دەستور گەرەنتی کراوە، وە ئەرکی گەرەنتیکردن و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆخەڵکی عێراق خراوەتە ئەستۆی دەوڵەت، وە ڕون وئاشکرایە یەکێک لەپایە گرنگەکانی ژیانیکی شایستە دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێریە بۆ هاوڵاتیان. بەهۆکاری گرنگی کارەبا وەک سەرچاوەی ژیانێکی شایستە، دەستدرێژیکردنە سەر سەرچاوەی وزە و ئامرازەکانی گواستنەوە، یان زیان گەیاندن، تێکدان، یان هەوڵدان بۆ تێکدانی کارەبا بە تاوان ئەژمارکراوە و سزای بۆ دانراوە بۆ ماوەیەک لە ٧ ساڵ زیاتر نەبێت، بەپێی یاسای سزادانی عێراقی بەرکار لە هەرێم. حکومەتی کاربەرێکەر بە وەزارەتەکانیەوە دەسەڵاتی جێبەجێکردنی هیچ جۆرە پرۆژەیەکیان نییە ئەگەر ئەو پرۆژەیە ببێتە هۆی زیادکردنی بارگرانی سەر شانی هاوڵاتیان نەک تەنها ئەمە بەڵکو دابینکردنی کارەبا بۆ هاوڵاتیان بە ڕادەیەک گرنگە، کە هاوڵاتی لە کاتی برینی کارەباکەیدا دەتوانێت پەنا بەرێت بۆ دادگا بەپێی مادەی ١٤٣ لە یاسای ڕێکاری مەدەنی عێراقی بەرکار لە هەرێم. بەڵام گرنگترین خاڵ لەم بابەتە ئەوەیە کە ئایا حکومەتی ئێستا کە حکومەتێکی کاربەرێکەرە، دە توانێت پرۆژەیەکی لەو شێوەیە بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە؟ بە پێی یاسای وەزارەتی کارەبا حکومەتێکی ئاسايی کە کاربەرێکەر نەبێت دەتوانێت نرخەکانى کارەبا لەلایەن وەزیری کارەبا بە ڕەزامەندى ئەنجومەن و بەرزکردنەوەى بۆ ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم نرخ زیاد بکات، بەمەرجێك ئەو بارودۆخ و گۆڕانکاریانەى لەسەر تێچوى کارەبا و بژێوى هاوڵاتیان و ئابورى هەرێم ڕودەدەن لەبەرچاو بگیرێن. بەواتایەکی دیکە ئەگەر حکومەتەکە کاربەرێکەریش نەبێت ئەوە دەسەڵاتی رەهای نییە بۆ زیادکردنی نرخی کارەبا، بەڵکو چەند مەرجێک هەیە ( وەک ئاماژەمان پێدا ) دەبێت لەبەرچاو بگیریت. بەڵام بەو پێیەی ئێمە لەکاتی ئیستادا لەژیر سایەی حکومەتێکی کاربەرێکەرداين وە دەسەڵاتەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر دەسەڵاتێکی سنوردارە، بەوپێەى دەستەڵاتەکانی قەتیسکراوە لە بەڕێوەبردنی کاروباری پێویستی رۆژانەی وڵات کە ناتوانرێت دوابخرێت، وەک پێدانی موچە و بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی ڕۆژانە و مامەڵەکردن لەگەڵ بارودۆخی نائاسایی. هەربۆیە حکومەتی کاربەرێکەر بە وەزارەتەکانیەوە دەسەڵاتی جێبەجێکردنی هیچ جۆرە پرۆژەیەکیان نییە ئەگەر ئەو پرۆژەیە ببێتە هۆی زیادکردنی بارگرانی سەر شانی هاوڵاتیان، وەدەکرێت پێشبینی هەڵوەشاندنەوەی پرۆژەکە بکرێ ( ئەگەر نرخەکەی بە شێوازێک بێت بارگرانی سەر شانی هاوڵاتیان قورس بکات) لە حاڵەتی پەنا بردن بۆ دادگا. لەدەستى حکومەت خۆیدایە ئەم پرۆژەیە بکات بەخزمەت بۆ هاوڵاتیان یا بیکات بە نیقمەت وتورەیی خەڵکی پێ زیاد بکات نەک تەنها ئەمە بەڵکو دەکرێت لێپیچینەوە لە حکومەتی کاربەڕێکەر بکرێت بەو پێیەی بەر پرسیار دەبێت لە کاتی بەزاندنی دەسەڵاتەکانی بە پێی یاسای سزادانی عیراقی. لە کۆتایدا دەڵێن، دەکرێت بەحکومەتی ھەرێم بوترێت کە بانگەشەی ئەوە دەکەن جۆرێک لە هەڵمەتی میدیای مەبەستدار  لەپشتی ئەم بابەتەوە هەیە بۆ لێدان وناشرینکردنی پرۆژەکە، ئەوە گەر بونی ئەو هەڵمەتە ڕاستبێت  ئەرکی سەر شانی ئێوەیە بیسەلمێنن بۆ هاوڵاتیەکانتان کە ئەم پرۆژەیە بۆ بەرژەوەندی هاوڵاتیانە و ڕەچاوی بارودۆخیان کراوە، چونکە بڕوا ناکەین هاوڵاتیەکی دڵسۆز لەم هەرێمە هەبێت کارەبای ٢٤ کاتژمێری نەوێت، یاخود پیسبونی ژینگە و دوکەڵی مۆلیدەی پێ خۆش بێت، بەڵام قبوڵکردنی ئەم پرۆژەیەتان لە لایەن هاوڵاتیانەوە و ئەژمارکردنی لە ژێر چەتری دەستکەوت یاخود شکست دەوەستێتەوە سەر نرخی پێدانی یەکەکان، بە واتایەکی دیکە لەدەستى حکومەت خۆیدایە ئەم پرۆژەیە بکات بەخزمەت بۆ هاوڵاتیان یا بیکات بە نیقمەت وتورەیی خەڵکی پێ زیاد بکات.  


(درەو):  گرێبەستی پەرەپێدانی چوار کێڵگەی نەوتی کەرکوک لەگەڵ کۆمپانیای بی پی بەریتانی واژو كرا.  ئەمڕۆ وەزارەتی نەوت بە نوێنەرایەتی کۆمپانیاکانی نەوتی باکورو غازی باکور، گرێبەستێکی  پەرەپێدانی کێڵگەکانی (کەرکوک بە دوو قوبەی ئاڤاناو باباگوڕگوڕەوە، بای حەسەن، خەبازو جەمبور) لەگەڵ کۆمپانیای بی پی بەریتانی واژو کرد. وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، واژوکردنی گرێبەستی پەرەپێدانی کێڵگەکانی کۆمپانیای نەوتی باکور دەستکەوتێکی گەورەیە، بەتایبەتی دوای ماوەیەک لە ڕاگرتن، ئاماژەی بەوەشکردووە، کارەکانی پەرەپێدان و نۆژەنکردنەوەی، بڕی بەرهەمی نیشتمانی زیاد دەکات، جگە لە وەبەرهێنان لە غاز و زیادکردنی بڕی بەرهەمەکەی بۆ پاڵپشتیکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا.


  درەو: راپۆرتی روانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ:  (72) کاتژمێر لە هەڵكشانی پرۆسەی تۆڵەسەندنەوە لە ساحل و شاخەکانی.. لە نزیکەی (40) کۆمەڵکوژی تائیفیدا  (973) هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا، بەبێ ێگریکردنێك. ناوچەكانی ساحلی سوریا و چیای لازقیە شایەتحاڵی روداوی بە ئازارو پرۆسەی پاكتاوكردن بوون لەسەر بنەمای تائیفی و ناوچەیی بە سەدان هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا، لەنێویاندا ژن و منداڵ هەن، کە تیایدا هێزە ئەمنییەکان و کارمەندانی وەزارەتی بەرگری و هێزەكانی تری سوریا، تاوانی جەنگ و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤیان ئەنجامدا، بەبێ‌ بوونی  کە رێگرییەکی یاسایی لێیان. ژمارەی کۆمەڵکوژییەکان لە ساحل و شاخەکانی سوریا، گەیشتووەتە (39) پرۆسەی كۆمەڵكوژی، لەدوای بەهۆی هێرشەکانی چەکدارە عەلەوییەکانەوە لە (6)ی ئازاردا دژی هێزەکانی وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری سوریا سەریهەڵدا. بەدوایدا پرۆسەی کوشتن و گوللەبارانكردنی مەیدانی و پرۆسەی پاکتاوکردنی رەگەزی لە (7)ی ئازارەوە دەستیپێکردووە، لە ماوەی 72 کاتژمێری رابردوداو تا ئێستاش درێژەی هەیە،  كە کۆمەڵکوژیی  نوێ لە گەڕەکی قونەیترە لە تەرتوس و شاری بانیاس و گەڕەکی داعتور لە لازقیە و گوندەکانی رەملیە و ڕەسافا لە گوندەواری مەسیاف تۆماركراوە. کۆی گشتی كوژراوانی مەدەنی کە گوللە بارانكراون گەیشووەتە (973)کەس کە ژن و منداڵیشیان تێدایە. كوژراوانی مەدەنی بە گوێرەی پارێزگاكان: لە لازقیە (545) كەس لە تەرتوس (262) كەس لە حەما (156) كەس لە حمس (10) كەس روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، كوژرانی (807)هاوڵاتی لە پارێزگاکانی لازقیە و تەرتوس، لە ئاكامی پرۆسەكانی پاكتاوكردن، کە  نێویاندا هاوڵاتییانی غەیری مەزهەبی عەلەوییەکانیانیش هەیە، بە دكۆمێنت كردووە. پارێزگاری لازقیە لە پلەی یەكەمدا هاتوو لە رووی رێژی قوربانیان، دواتر تەرتوس، پاشان حەما و دوای ئەو شاری حمس. ئەم تاوانانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە بەربڵاوەکانی تۆڵەسەندنەوەدا دێن کە هاوڵاتیانی تائیفەی عەلەوی كردووەتە ئامانج، لە نێو بەردەوامی کوشتنی بەکۆمەڵ و سووتاندنی ماڵەکان و ئاوارەبوونی زۆرەملێ، بەهۆی نەبوونی  هیچ دەستێوەردانێکی نێودەوڵەتی بۆ وەستاندنی ئەم کۆمەڵکوژیانە. ژمارەی کوژراوانی بەخێرایی لە زیادبووندایە، لەو کاتەوەی چەکدارەكان بۆ پاڵپشتیکردنی هێزە ئەمنییەکان و پێکهاتەکانی وەزارەتی بەرگری هاتوونەتە ناوەوە، بەجۆرێك کۆی گشتی کوژراوان گەیشتووەتە: (973)كەس. ٦ی ئازار: حمس: 1 كوژراو ٧ی ئازار: تەرتوس: ٦٢ كوژراو لازقیە: 98 كوژراو ٨ی ئازار: لازقیە: ٢٢٧ كوژراو تەرتوس: ٥٥ كوژراو حەما: 79 كوژراو حمس: 5 كوژراو ٩ی ئازار: تەرتوس: 103 كوژراو لازقیە: ١٩٤ كوژراو حەما: ٦ كوژراو ١٠ی ئازار: لازقیە: ٢٦ كوژراو تەرتوس: ٤٢ كوژراو حەما: 71 كوژراو حمس:4 كوژراو بە پشتبەستن بەو ئامارانەی سەرەوە و هۆشدارییەکانی مەترسی پەرەسەندنی توندوتیژی دژ بە هاووڵاتیانی مەدەنی لە سوریا، روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات رێوشوێنی بەپەلە بگرنەبەرو تیمی تایبەتمەندی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی بنێرن بۆ بەڵگەنامەکردنی ئەو پێشێلکارییە جدیانەی کە هاوڵاتیانی مەدەنی كردووە. روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، بانگەوازێکی بەپەلە ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی سوریا دەکات لە دیمەشق، بۆ لێپرسینەوە لە کارمەندانی ئەمنی و بەرگری، کە بەشدارن لە لەسێدارەدانی مەیدانیدا، پێیشیوایە قوتار بوون لە سزادان هاندەری دووبارەبونەوەی تاوانەکانە لە داهاتوودا، کە ئەمەش مەترسی لەسەر سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە سوریا لە دوای روخانی ئەسەد دروست دەکات.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand