Draw Media

سیروان عوبەید - ئەرمینیا جوڵەکانی شەترەنجی زلهێزەکان لە دەوری ئێران و داڕمانی خێرای شەرعیەتی ناوخۆیی ڕژێم، پێمان دەڵێن کە کاتژمێری سفر لە تاران نزیکبووەتەوە. بێگومان کاتێک قەڵای ستەم دەلەرزێت، مژدەی ئازادی بۆ کورد دەبێتە واقیع، بەڵام هاوکات دەرگای مەترسییەکی گەورەش دەکرێتەوە. پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: کاتێک تەپوتۆزی هەرەسی ڕژێم دەنیشێتەوە، ئایا حزبەکانی ڕۆژهەڵات وەک هێزێکی یەکگرتوو خاوەن پڕۆژەی نیشتمانی دەچنەوە ڕۆژهەڵات و مژدەی ئازادی دەدەن بە گەلەکەیان، یان بەرژەوەندی تەسکی حیزبایەتی و پەرتەوازەیی ناوماڵی کورد دەبێتە دەرفەتێک بۆ داگیرکەران تا بتوانن دوبارە بۆ سەدەیەکی تر لەپایتەختەکانی خۆیان نەخشەی ژیانمان بۆ دابڕێژنەوە. لەکاتێکدا ئەمڕۆ جیهان زیاتر لەهەرکات باسی لەرزینی پایەکانی قەڵای ڕژێمی ستەمکاری تاران دەکات و کاتژمێری ڕژێمە مەلاییەکەی تاران نزیکە لەوەستان. بۆ ئێمەی کورد؛ هەستێکی تێکەڵ لە دڵخۆشی و دڵەراوکێ باڵی بەسەر شەقامی کوردیدا کێشاوە. لەلایەک بێگومان، وەک هەر کوردێکی نیشتمانپەروەر، دڵمان بە نەمانی ڕژێمێکی مەلایی خۆشە کە دەیان ساڵە جگە لە سێدارە، داگیرکاری، زیندان و سڕینەوەی ناسنامە، هیچی تری بۆ نەتەوەکەمان پێنەبووە. دیمەنی هەرەسی سیستەمێکی ستەمکاری لەمجۆرە کە بە خوێنی ڕۆڵەکانمان تینووە، مژدەیەکە بۆ هەموو کوردێک، بۆهەموو ئەو دایکە جەرگسووتاوانەی کە ساڵانێکە لەبەردەم زیندانەکاندا چاوەڕێی سۆراغی ئازیزانیان دەکەن. بەڵام، لە پشت ئەم دڵخۆشیەوە، ترسێکی قووڵ و بێدەنگ هەیە، کە سەرچاوەی سەرەکی لەناکۆکی و پەرت و بڵاوی ناوماڵی خۆمانەوەیە. دەپرسین: ئایا پاش نەمانی ئەم ستەمکارە، هەمان ستەمکارەکانی پێش ئەو ڕژێمە دیسان بە پشتیوانی ڕۆژئاوا دێنەوە سەر کورسی دەسەڵات کە پێشتر بەهەموو شێوازێکی نامرۆڤانە ستەمیان لە کورد کردووە و کۆمارە ساواکەی کوردیان لەناوبردووە؟ یان ئێمە وەک کورد لەڕۆژهەڵات چ پاشخانێکمان بۆ خۆمان ئامادە کردووە و بە چ پڕۆژەیەکەوە دەچینە ناو دۆخی دوای ڕووخانی ڕژێم؟ ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کە مێژوو تەنها بە هاوار و خۆشی ناگۆڕێت، بەڵکو بە پلان و یەکگرتوویی دەنووسرێتەوە. بەڵام، کاتێک سەیری پەرت و شەق بوونی نێو ماڵی کورد دەکەین، ئەو دووبەرەکی و پەرتەوازەییەی نێوان پارتە کوردییەکان دەبینین، پرسیارێک کە لەمێشکی هەر کوردێکی دڵسۆز سەرهەڵدەدات ئەوەیە: ئایا حزبەکانی ڕۆژهەڵات بەو حاڵەی ئێستایان دەبێ چ پلانێکی ستراتیژی هاوبەشیان لە هەگبەدابێت کە هەم نیشتمانمان بۆ ئازاد بکات و هەم وەک قەڵغانێک بمانپارێزێت لەو باهۆزە دەرەکی و ناوەخۆییەی کە بێگومان لە پاش ڕووخانی ڕژێمی ئێستاش بەرۆکمان دەگرن؟ ئەمڕۆ وەک هەموو کوردێکی دڵسۆز، بەپەرۆش بۆ ئازادی نیشتمان و گەلەکەم، بیرم لەوە دەکردەوە؛ ئەگەر ئەمڕۆ تاران هەرەسی هێنا و ئێمە هەرئاوا کەرت و پەرت مابینەوە، چۆن دەتوانین بەرگەی ئەو هەموو پیلانە شوومە بگرین کە لەئێستاوە دراوسێکانمان بۆمانیان چنیوە؟ ئایا تفەنگی براکانمان دیسان لولەیان ڕوو لە یەکدی دەبێتەوە، یان ئەمجارە وانەیەک لە مێژوو فێر بووین؟ ئاخر ئازادی تەنها بە نەمانی دوژمن نایەتەدی، بەڵکو یەکمجار بە ڕێکخستن و ئاشتبوونەوەی نێوماڵی خۆمان دەست پێ دەکات. بۆ ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەینەوە، و بتوانین بەرگەی ئەم زریانە بگرین، نابێت تەنها سەیری ناوخۆی کوردستان بکەین. ئێمە لە بۆشاییدا ناژین؛ بەڵکو چارەنووسی ڕۆژهەڵات بەستراوەتەوە بەو ململانێیە گەورەیەی کە لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەکە تارانی گەمارۆ داوە. بۆیە، پێش ئەوەی بێینە سەر باسی نێو ماڵی خۆمان، دەبێت سەرەتا لەو گەمە مەترسیدارەی زلهێزەکان تێبگەین کە سێبەری شەڕی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە: ١. تاران لە نێوان بەرداشی هاوپەیمانەکان و تەماعی دراوسێکاندا: بۆ ئەوەی تێبگەین داهاتووی ئەم ناوچەیە بەرەو کوێ دەچێت، نابێت تەنها سەیری ناو تاران بکەین، بەڵکو دەبێت چاومان لەو تەپوتۆزە بێت کە زلهێزەکان و وڵاتانی دراوسێ لە دەوری ئێران دروستیان کردووە. ئێستا دۆخەکە وەک کایەکی شەترەنجی لێهاتووە کە هەمووان خۆیان بۆ ئەگەری ڕووخانی ڕژێمەکەی تاران ئامادە دەکەن و دەیانەوێت پشکی خۆیان لەم هەرەسە ببەن. ئاماژەی زۆر هەیە کە ئەمریکا و ئیسرائیل؛ بڕیاری یەکلاکەرەوەی خۆیان دابێت سەبارەت بە هێرشی دووەم و لێدان لە ڕژێمی مەلاکانی تاران. بە واتایەکی تر ئەوەی ئێستا دەیبینین چیتر تەنها شەڕەدەنووکی دیپلۆماسی نییە. بەڵکو پێدەچێت ئیسرائیل و ئەمریکا گەیشتبێتن بەو بڕوایەی کە ڕژێمی تاران تەنها بە فشارناگۆڕێت، بۆیە ستراتیژیی لێدان لە سەری جەستەکەیان گرتووەتە بەر. بەتایبەت ئەگەر دۆخی ناوەخۆیی ئێران بەرەو ئاڵۆزتربچێت و ئەو خۆپیشاندانەی ئێستا لە وڵاتەکە لەئارادایە بەردەوام بێت، ئەگەری هێرشی ئەمەریکا زیاتر دەکات. ئەگەریش هێرش بکرێت ئەمجارە ئامانجەکە تەنها تێکدانی چەند بنکەیەکی ئەتۆمی نییە، بەڵکو ئامانجەکە سەری مارەکە و شکاندنی شکۆی سەربازی ڕژێمە لە ناوخۆدا، تا هێزە ئەمنییەکان ورەیان بڕووخێت و کۆنترۆڵی شەقامیان بۆ نەکرێت. ئەمەریکا و ئیسڕائیل دەیانەوێ دەرفەتی تەواو بۆ خەڵکی ئێران بڕەخسێنن، تا خۆیان کۆتایی بەم دەسەڵاتە ستەمکارەی تاران بهێنن. تورکیا؛ یاریزانە چاوچنۆکەکە و مەترسییەکانی بۆ سەر کورد لەڕۆژهەڵات… لێرەدا دەبێت بە وردی سەیری جوڵەکانی ئەنقەرە بکەین. تورکیا لە هەر گۆڕانکارییەکدا لە ئێران، چاوەڕێ دەکرێت بە سێ ئاراستەی سەرەکی جوڵە بکات کە دەکرێت ئەمانە بن: ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان. سەپاندنی هەژموونی خۆی بەسەر ناوچە ئازەری نشینەکان. لەڕووی ئابووریشەوە؛ تورکیا ڕووخانی ڕژێم، وەک دەرفەتێک دەبینێت بۆ نەخشەی نوێی وزە و هەوڵدان بۆ دروستکردنی ڕێڕەوی تورکستان کە ئەگەر بۆی بچێتەسەر لەسەر حیسابی خاکی کورد بنیادی دەنێت. بۆیە لە ئەگەری ڕووخانی ڕژێمی تاران، دەستوەردانی تورکیا ئەگەرێک نیە، بەڵکو حەتمی و ستراتیژییە؛ لەو دۆخەشدا تورکیا دروستبوونی هەر بۆشاییەکی ئەمنی دەقۆزێتەوە، کە چاوەڕوان دەکرێت بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی خۆی، هێزەکانی بەرەو ناو ڕۆژهەڵاتی کوردستان بجوڵێنێت یان ئاژاوەیەکی زۆر لەڕۆژهەڵات بنێتەوە. چ لەڕێگەی دروستکردنی شەڕی ناوەخۆی بێت یانیش لە ڕێگەی میلیشیاکانی و سوپاکەیەوە ناوچە سنوورییەکان و ئەو شوێنانەی کورد تێیاندا بەهێزبێت بکاتە ئامانج بەنیازی ڕێگری کردن لەدروستبوونی هەر قەوارەیەکی کوردی لە ڕۆژهەڵات کە ئامانجە سەرەکییەکەیەتی. ڕووسیا و چین؛ لەنێوان پشتیوانی ڕژێم و تەماشاکار؟  ئاستی گوشارە دەرەکی و ناوەخۆییەکانی سەر ڕژێمی تاران، پێمان دەڵێن؛ ئەمجارە دۆخەکە جیاوازە لەدۆخی خۆپیشاندانەکانی پێشوو. تەنانەت ڕووسیا و چین کە تا ئەو کاتە لەگەڵ تاراندان سوودیان هەبێت. بەواتیەکی تر، ئەگەرهێرشی ئەمەریکا هاوکاتی فراوانبوونی خۆپیشاندانەکانی ناوەخۆی ئێران، دەستپێبکات، چین و ڕووسیا، خۆیان ناکەنە قوربانی ڕژێمێک کە لە لێواری مەرگدایە. بەو پێیەی ڕووسیا ئێستا سەرقاڵی جەنگی ئۆکرانیایە و تەنها ئێران وەک کارتێکی فشار بەکاردەهێنێت. چین-یش تەنها سەیری گیرفانی خۆی دەکات ئەگەر بزانێت تاران بەرەو نەمان دەچێت، یەکەم لایەن دەبێت کە ڕێککەوتنەکانی پشتگوێ دەخات و لەگەڵ دەسەڵاتی نوێدا دادەنیشێت. ئەوەی لە ڤەنزوێلا، بەسەر مادۆڕی هاوپەیمانیاندا هات، هیچیان نەکرد. ڕاستیەک بوو لەسەر ئاستی دڵسۆزی و شێوازی سیاسەتی دەرەوەی چین و ڕووسیا، لەبەرامبەرهاوپەیمانەکانیان کاتێک دوچاری تەنگانە و هێرشی ئەمەریکا دەبنەوە. گەمەی زلهێزەکان پێمان دەڵێت کە دۆخەکە زۆر ئاڵۆزو دژوارترە بۆ ڕژێمی ئێران کە چین و ڕووسیا بۆ ماوەیەکی درێژ قووتاری بکەن، لەکاتێکدا ڕژێمەکە ڕۆژ بە ڕۆژئاگری دەرەکی لێ نزیکتر دەبێتەوە و خۆشی بەرەو داڕمانی ناوخۆیی دەچێت. ئەمەش دەکرێ دەرفەتێکی مێژوویی بێت بۆ ئازادی ڕۆژهەڵاتی نیشتمان، بەڵام ئەوەی لێی دەترسیین ئەوەیە؛ ئەگەر ئێمە بەم شێوازەی ئێستا پەرتەوازە بین، تورکیا و نەیارەکانی تری کورد نەک تەنها دەرفەتەکانمان دەسووتێنن، بەڵکو دەبنە مەترسییەکی تر کە بۆ چەندین نەوە کاریگەری دەمێنێتەوە. بۆیە ڕۆژهەڵات لەناو هەموو ئەو مەترسی و کێبڕکێیە نێودەوڵەتییەدا، نابێ وەک دوورگەیەکی دابڕاو لە هاوکێشەکان دەربکەوێت. بەڵکو دەکرێ ببێتە چەقی کێشکردن بۆ هەموو نەتەوە ستەملێکراوەکانی تری ناو ئێران. وەک مۆدێلی ڕۆژئاوای کوردستان، کاتێک جیهان دەبینێت کورد خاوەنی پڕۆژەیەکی دیموکراسی وایە کە مافی بەلوچ و عەرەب و ئازەرییەکانیش لەبەرچاو دەگرێت، ئەو کات دەکرێ وەک ڕابەری گۆڕانکاری ڕاستەقینە مامەڵەمان لەگەڵ بکەن، نەک وەک کێشەیەکی لاوەکی کە تەنها لە سنوورەکاندا قەتیس مابێتەوە. ٢. ڕۆژهەڵات لە نێوان ئازادی و لەدەستدانی دەرفەتێکی مێژووییدا: کاتێک سەیری ئەو هەورە ڕەشە دەکەین کە بەسەر تارانەوەیە؛ دەبێت بزانین کە ئێمە وەک کورد تەنها تەماشاکار نین. هەر لەرینەوەیەک لە تاران، بومەلەرزەیەک لە کوردستان دروست دەکات. لێرەدا چەند ڕێگەیەک لەبەردەمماندایە کە دەبێت بۆ هەموویان پلان و تفەنگمان، ئامادە بێت. ئەگەری یەکەم: هەرەسی لەناکاوی تاران و دروستبوونی بۆشایی ئەمنی.. ئەمە ئەو کاتەیە کە هەموو شتێک تێکدەچێت؛ کاتێک هێرشی دەرەکی و ڕاپەڕینی شەقام یەک دەگرن و دەسەڵات کۆنترۆڵی نامێنێت. لێرەدا گەورەترین مەترسی بۆشایی ئەمنیە. ئەگەر پارتە کوردییەکان لەو ساتەدا وەک یەک دەست نەبن، شارەکانمان دەبنە گۆڕەپانی تاڵانی و پشێوی. کورد دەبێت لەم سیناریۆیەدا خێرا بێت؛ نابێت چاوەڕێ بکەین کەسێک لە تارانەوە پێمان بڵێت فەرموون، بەڵکو دەبێت خۆمان شارەکانمان بپارێزین و ئیدارەی بدەین. ئەگەری دووەم: شەڕێکی ناوخۆیی درێژخایەن بە واتای سووریایەکی تر.. ئەمە ترسناکترین ڕێگەیە. کاتێک ڕژێم بە ئاسانی خۆ نادات بە دەستەوە و میلیشیاکان و سوپا لە ناوچە جیاوازەکاندا بەردەوام دەبن لە شەڕ. لێرەدا کوردستان دەکەوێتە نێوان دوو بەرداش. ئەگەرهێزەکانمان یەک نەبن، دەبینە قوربانی شەڕی وەکالەت؛ واتە ڕێگەدان بەوەی هەر لایەنێکی ناوخۆیی یان دەرەکی گروپێکی کورد بەکاربهێنێت بۆ بەرژەوەندی خۆی. ئەمەش بەواتای لەدەستدانی خوێنی گەنجەکانمان دێت بۆ بەرژەوەندی تەسکی حیزبی و دەسەڵاتێک کە لە کۆتاییدا هیچمان ناداتێ. ئەگەری سێیەم: گەڕانەوەی میلیشیا توندڕەوەکان و جەنگی وەکالەت..ئ ەگەردەسەڵاتی ناوەندی لاواز بوو، ئەو گروپە چەکدارانەی کە ئێستا لە ناوچەکەدا وەک حەشدی شەعبی یان گروپە توندڕەوەکانی تر هەن، ڕەنگە بیانەوێت ئەو بۆشاییە پڕبکەنەوە. ئەوان بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی تاران یان وڵاتانی تر، هێرش دەکەنە سەرناوچە کوردییەکان. کورد لێرەدا کورد تەنها یەک بژاردەی هەیە: بەرگری نیشتمانی یەکگرتوو. نابێت لێگەڕێین کوردستان ببێتە شوێنی یەکلاکردنەوەی حیساباتی وڵاتانی دراوسێ. هەروەها، دەبێ ئەو ئەگەرەش نادیدە نەگرین؛ کودەتای جەنەڕاڵەکان و گۆڕینی ماسکەکانی ڕژێم. لەئەگەری فشارو تەنگاوی زۆر بۆسەر ڕژێم، ڕەنگە سوپای پاسداران یان بەشێکی سوپا، بۆ ئەوەی ڕێگری لە ڕووخانی تەواوەتی بکەن، یان ژێربەژێر لەگەڵ تڕەمپ ڕێکەوتنێک بکەن و کودەتا بکەن. جۆرێک لە شێواز و بەمیکانیزمی ڤەنزوێلا و لادانی مادۆڕ لەدەسەڵات. ئەگەر خەڵک ئێران ڕژێم نەگۆڕن، ڕەنگە ئەوان دەموچاوە سیاسییەکان لابەرن و خۆیان ببنە حاکمی سەربازی. بۆ کورد، لەڕاستیدا ئەمە یانی توندوتیژی زیاتر. جەنەڕاڵەکان هەمیشە بە چاوی جیاکاریی ،  نەژاپەرستییەوە، سەیری کورد دەکەن. لێرەدا نابێت کورد تەنها بە بەڵێنی درۆینەی دیموکراسی فریو بخوات، بەڵکو دەبێت لەسەر زەوی پێگەی خۆی ئەوەندە بەهێزبکات کە لەدۆخێکی وادا کودەتاچییەکانیش ناچار بن دان بە مافەکانماندا بنێن. هەنگاوە سەرەتاییەکانی کورد دەبێ چی بن؟ بۆ ئەوەی لەم باهۆزەدا نەخنکێین، دەبێت ئەم سێ خاڵە وەک " بەڵێن و سوێندی نەتەوەیی" ببینین..  یەکخستنی بڕیار: نابێت چیتر بڵێین ئەم حزبە و ئەو حزبۆکە. دەبێت ژوورێکی عەمەلیاتی هاوبەش هەبێت کە تەنها یەک بڕیار بدات. هەر حزبێک لەم کاتەدا بیر لەبەرژەوەندی خۆی بکاتەوە، خیانەتێکی مێژوویی بەرامبەر نەوەکانی ئێستا و داهاتوو دەکات. لەو دۆخەدا، دەبێت هەموو تفەنگەکان بەرەو یەک ئاراستە بن. ڕاستییەکە ئەوەیە؛ لە کاتی پشێویدا، ئەگەر دوو هێزی جیاوازی کورد لە شارێکدا بن، ئەوا جەنگی ناوخۆیی هیچ دوور نییە. دەبێت پێشمەرگە ببێتە قەڵغانی هەموو خەڵکی کوردستان بەبێ جیاوازی نەک گرووپی بچوک بچوک و بارێکی تر بەسەر نیشتمان و هاونیشتمانیاندا. پەیوەندیەکان لەگەڵ جیهان: دەبێت بەزوویی و بە یەکگرتوویی؛ بە زمانی مۆدێرن بە جیهان بڵێین و بیسەلمێنین، کە ئێمەی کورد فاکتەری سەقامگیریین نەک سەرئێشە بۆیان. بۆ ئەوەی تێبگەن کە تەنها کورد دەتوانێت ڕێگری لە تیرۆر و فەوزا بگرێت لەم ناوچەیەدا نەک خۆمان ببینە هۆکاربۆ فەوزایکی تری ناوەخۆیی خۆمان. ترسی ئێمە لەوە سەرچاوە دەگرێت؛ بەداخەوە، مێژوو پێمان دەڵێت کە کورد هەمیشە لە "دوا ساتدا" هەلەکانی لەدەست داوە. با ئەمجارە وا نەبێت. یەکگرتوویی ئێمە لەم سیناریۆیانەدا تەنها بژاردەیەک نییە بۆ باشترکردنی ژیان، بەڵکو مەرجی ئازادی و مانەوەمانە وەک نەتەوەیەکی ئاشتی و ئازادیخواز. ٣. مەترسی پەرتەوازەیی وەک ژەهرێکی بێدەنگ ئەگەر بمانەوێت بە ڕاستگۆیی سەیری دۆخی نێو ماڵی ئێستای خۆمان بکەین، دەبێت دان بەو ڕاستیە تاڵەدا بنێین، گەورەترین مەترسی کە تا ئێستا بەرۆکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووە، نە تۆپخانەکانی تارانە و نە هەڕەشەی تورکیا، بەڵکو ئەو پەرتەوازەیی و پارچەپارچەبوونە ناوخۆییەیە کە وەک "کرمی ناودار" ساڵانێکە جەستەی خۆمان دەخوات. ئێستا کاتی ئەوەیە ئەم کرمە" لەناوبەرین بۆ ئەوەی ئەم مەترسیەی کە ئێستا هەیە، لە ساتەوەختی بۆشایی دەسەڵاتدا کاتێک ڕژێم کۆنترۆڵی نامێنێت، وەک بۆمبێکی تەوقیتکراو پێماندا نەتەقێتەوە و بەدەستی خۆمان ئەو دەرفەتە مێژووییەی دێتەگۆڕێ ئاگری تێبەرنەدەین. ئەگەرپێش ئەوەی دەسەڵاتی ناوەندی بڕووخێت، حزبەکانمان لەسەرمێزێکی نیشتمانی کۆنەبنەوە و هەرلایەنە و بیەوێت ناوچەیەک بۆ خۆی زەوت بکات. واتە دەرفەت دان بە دوژمن تا لەبری ئەوەی هەموو وزەکانمان دژی دوژمن بێت، لولەی تفەنگەکان ڕوو لە یەکدی بن. ئەگەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی نیشتمان بەڕاستی لە خەمی ئازادکردنی نیشتمان و گەلەکەیان بن، دەبێ لەئێستاوە نەخۆشی حیزبایەتی و عەقڵییەتی "من نەبم با کەس نەبێت" و هەوڵدان بۆ سەپاندنی ئایدۆلۆژیای حزبی بەسەر بەرژەوەندی نەتەوەییدا، چارەسەر بکەن، کە وای کردووە جەماوەریش تووشی دڵساردی ببێت. کاتێک خەڵک دەبینن حزبەکان ناتوانن لەسەر پرسی نیشتمانی ڕێکبکەون، ئەوانیش متمانەیان نامێنێت. بەدیوێکی تر بەردەوامیدان بەو پەرتەوازەییەی ئێستا دەبێتە هۆی ئەوەی کە جیهانیش پشتمان تێبکات. تەنانەت ئەمریکا و ئەوروپاش نایەنە ناو هاوکێشەیەکەوە کە لایەنی کوردی تێیدا یەک بڕیار و یەک گوتاری نەبێت. ئەوان ناچنە ژێر باری سەرئێشەی گرووپی بچوک بچوکی دابەشبوو. ئەوەش وادەکات دوژمنەکانمان دەرفەتەکە بقۆزنەوە وهەروڵاتێکی دەوروبەر بەتایبەت تورکیا و میلیشیاکان. بە واتایەکی تر، ئەمە ئەو ئەگەرە ترسناکەیە کە دەبێت لە ئێستاوە ڕێگری لێ بکەین. ئەگەر پارتەکانمان یەک نەبن، وڵاتانی ناوچەکە دێن و پارە و چەک دەدەنە لایەنە جیاوازەکان بۆ ئەوەی یەکدی تێکبشکێنن. کەواتە، پێش ئەوەی ئەمانە ڕووبدات دەبێ بپرسین: ئایا دەکرێ ئێمە لەبری ئەوەی خەریکی چارەسەری پرسی نەتەوە و بونیادنانی دەسەڵاتێکی کوردی نیشتمانی بین، ببینە کۆڵبەری بەرژەوەندی بێگانەکان لە ناو خاکی خۆماندا؟ یان کام حیزب و گرووپ و سەرکردەی چاوقایم دەتوانێ بەرپرسیاریەتی دۆڕانێکی وا گەورە و مێژوویی هەڵبگرێت؟ کە ڕێک بەواتای ئەوەیە: با خوێنی گەنجانی ئێمە بڕژێت بۆ ئەوەی ئەنقەرە یان هەر پایتەختێکی ترنەهێڵێت قەوارەیەکی کوردی سەقامگیردروست ببێت." لەبەرئەوەیە؛ لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی نیشتمان پێویستە لەئێستاوە تێبگەن کە قۆناغی داهاتوو چیتر قۆناغی سەپاندنی ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو نییە، بەڵکو کاتی تێپەڕینە بەرەو دامەزراوەی نیشتمانی. خەڵکی ڕۆژهەڵاتی نیشتمان تینووی ئەوە نین حزب و گرووپات جێگەی ڕژێم بگرێتەوە، بەڵکو چاوەڕوانی ئەنجومەنێکی باڵای نیشتمانی دەکەن کە تێیدا هەموو دەنگە جیاوازەکان و نوخبە ئەکادیمییەکان جێگەیان ببێتەوە. تەنها ئەم جۆرە ئامادەکارییە دەتوانێت متمانە بۆ شەقام بگەڕێنێتەوە و ڕێگری لە هەرەسی کۆمەڵایەتی و پیلانی دەرەکی بگرێت و گەلو نیشتمان ئازاد بکات. لێرەدا دەرمانی چارەسەر بەواتای دانانی بەرژەوەندیی نەتەوەییە لە سەرووی پیرۆزی حزبی و کەسی. هەروەک چۆن دەبێ شەقامی کوردیش فشار بخاتە سەرلایەنەکان. نابێت ڕێگە بدەین خوانەکردە مێژووی تاڵی براکوژی یان ململانێی ناوخۆیی زیانمەند لە ڕۆژهەڵات دووبارە ببێتەوە. یەکگرتوویی ئێمە لەم قۆناغەدا تەنها دروشم نییە، بەڵکو تاکە زامنی ئەوەیە کە پاش داڕمانی تاران، ڕۆژهەڵاتی نیشتمان ئازاد بێت و کورد وەک هێزێکی ڕاستەقینە بمێنێتەوە نەک وەک گرووپی پەرتەوازە کە با بەهەر لایەکدا بیەوێت بیبات. ٤. نەخشەڕێگای ڕزگاری ئەگەر دەمانەوێت بینەری سووتانی ئەو دەرفەتە مێژووییەمان نەبین و مێژوو بەسەرماندا تێنەپەڕێت، پێویستە لە قسەی ناو کۆڕ و کۆبوونەوەکان بێینە دەرێ و ئەم چوار هەنگاوە بکەینە کردار. ئەمە تەنها پێشنیارێک نییە، بەڵکو تاکە دەرچەیە بۆ ئەوەی ڕۆژهەڵات لەناو ئەو باهۆزەدا گێژەڵووکە نەیبات. یەک: بەزوویی پێکهێنانی ناوەندێکی سیاسی یەکگرتوو.. پارتە کوردییەکان دەبێت تێبگەن کە جیهان تاقەتی گوێگرتن لە دە مفاوز و دە پەیامی جیاوازی نییە. دەبێت دەستبەجێ ناوەندێکی باڵای بڕیار دروست بکرێت. کاتێک تاران دەڕوخێت، دەبێت تەنها یەک دەنگ لە کوردستانەوە بێتە دەرێ. بەو واتایەی کە بەرژەوەندی خەڵکی مەهاباد و سنە و ئیلام و کرماشان لە هەموو پەیڕەو و پڕۆگرامی حزبەکان لەپێشترو مەزنترو پیرۆزتربێت. بەبێ ئەم ناوەندە، کورد لەڕۆژهەڵات وەک کەشتییەکی بێ سوکان دەبێت لە ناو زەریایەکی تووڕەدا. دوو: هێزی پاراستنی نیشتمانی یان بەرەیەکی سەربازی کوردستانی، هەرناوێک لەمانه.. ئەمە خاڵی هەرە هەستیارە. لە کاتی داڕمانی دەسەڵاتدا، وەک لەسەرەوە باسمان کرد، ئەگەر هەر شارێک چەند هێزێکی جیاوازی تێدا بێت، مەترسی شەڕی براکوژی دروست دەکات و فەوزا دروست دەبێت. پێویستە لە ئێستاوە هەموو هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات بەزوویی چەکدارەکانیان لەژێریەک فەرماندەییدا ئامادە بکەن و ڕێکیان بخەن. ئەرکی ئەم هێزە تەنها بەرگرییە لە خاک و خەڵک، نەک سەپاندنی دەسەڵاتی حزب. ئەگەر تفەنگەکان یەک ئاراستەیان نەبێت، ترسی ئەوە هەیە کە شەڕی ناوخۆیی و تۆڵەسەندنەوە هەموو دەرفەت و دەستکەوتەکانمان لەڕۆژهەڵات لەناوبەرێت. سێ: دیپلۆماسییەت کورد نابێت چاوەڕێ بکات زلهێزەکان بانگی بکەن، بەڵکو دەبێت خۆی بسەپێنێت. دەبێت بە جیهان بڵێین کە ئێمە بەدیلێکی ئامادەین بۆ بەڕێوەبردنی باشی ناوچەکانی خۆمان. دەبێت نیشانی بدەین کە کوردستان دەبێتە پەناگەیەکی ئارام بۆ پێکەوەژیان و دوور دەبێت لەو توندڕەوییەی کە ڕەنگە ناوچەکانی تری ئێران بۆ ماوەیەکی درێژ بگرێتەوە. ئەمە ئەو زمانەیە کە ئەوروپا و ئەمریکا لێی تێدەگەن نەک سیاسەتی حزبۆکانێ و گرووپ و میلیشیایی بچوک، کە لەڕووانگەی ڕۆژئاواوە تەنها سەر ئێشەی زیاتریان بۆ دەنێتەوە. چوار: پلانی ئیدارەدانی کاتی بەپەلە.. ئەمە ئەو خاڵەیە کە نابێ پشتگوێ بخرێت. داڕمانی ڕژێم یانی پچڕانی کارەبا، نان، سووتەمەنی و دەرمان. ئەگەر لە ئێستاوە تیمێکی شارەزا لە ئابووریناس و بەڕێوەبەران ئامادە نەبن بۆ ئەوەی کە چوونەوە ڕۆژهەڵات دەستبەجێ خزمەتگوزاریەکان بەڕێوەببەن، خەڵک تووشی نائومێدی دەبن و فەوزا دروست دەبێت. هاوکات دەرفەتی پلانگێڕی دەرەکی زیاتر دێتە پێشەوە. بۆیە دەبێت پلان هەبێت کە چۆن شارەکان بەڕێوەدەبرێن تا ئەو کاتەی دۆخەکە جێگیر دەبێت. ئەم ئیدارەدانە تەنها بە تفەنگ و هێزی سەربازی ناکرێت؛ ڕۆژهەڵات خاوەنی سوپایەکی بێدەنگە لە پزیشکان، ئەندازیاران و چالاکوانانی مەدەنی کە ساڵانێکە لەناو دڵی تەنگەژەکاندا مەشقی بەڕێوەبردنیان کردووە. ئەم هێزە نەرمە گەورەترین سەرمایەی ئێمەیە بۆ ئەوەی ڕێگری لە فەوزا بگرین و نیشانی جیهانی بدەین کە کوردستان نەک هەر نابێتە لیبیا و سۆماڵێکی تر، بەڵکو دەبێتە نموونەیەکی مۆدێرن لە ئاوەدانکردنەوە وسەقامگیری لە ناوچەکەدا. هەنگاوی پێنجەم: ڕێکخستنی جەماوەر هێزی ڕاستەقینە لە دەستی خەڵکدایە نەک حزب. دەبێت پارتەکان پردێکی پتەو لەگەڵ ناوەوەی وڵات دروست بکەن؛ لەگەڵ مامۆستایان، خوێندکاران، کرێکاران و چالاکوانان. ئەگەر لە کاتی گۆڕانکارییەکاندا خەڵک و حزبەکان یەک دەست نەبن، مەترسی هەیە کە گروپە توندڕەوەکان یان دەستەو تاقمی سەربە بێگانە جڵەوی شەقام بگرنە دەست و پشێوی بنێنەوە. ڕێکخستنی جەماوەری زامنی ئەوەیە کە هەرەسی ڕژێم بەرەو ئاراستەیەکی دیموکراتی بڕوات نەک بەرەو وێرانکاریەکی تر. چونکە هەموو ڕۆژێک مێژوو دەرگای دەرفەتی وا گرینگ بەڕووماندا واڵا ناکات. ئەگەر ئەم چوار پێنج هەنگاوە نەنرێت، داڕمانی تاران لەبری ئەوەی ببێتە مژدەی ئازادی بۆ ڕۆژهەڵاتی نیشتمان، مەترسی جدیی هەیە ببێتە سەرەتایەک بۆ ململانێی ناوخۆیی و دەستوەردانی دەرەکی و تێپەڕینی دەرفەتێکی تری زێڕین کە ڕەنگە تا سەد ساڵی تریش پێینەگەینەوە. بۆیە ئێستا کاتی ئەوەیە کە هەموومان بپرسین: ئایا دوای هەرەسی ڕژێم، دەمانەوێت ببینە بەشێک لە چارەسەرو بەژداری لەئازادکردن و بنیادنانی نیشتمان بکەین یان بە عەقڵییەتی حزب حزبێنە دەچینە ناو گۆڕانکارییەکان و دەبینە هۆکارێک بۆ وێرانکاریەکی زیاترو دۆڕانێکی تری مێژوویی؟ ڕاستییەکە ئەوەیە مێژوو بەزەیی بە کەسدا نایەتەوە، بەتایبەت بەو لایەنانەی لەبەردەم هەڕەشە گەورەکاندا ناتوانن لە بەرژەوەندییە تەسکییەکانی خۆیان تێپەڕن. لەکاتێکدا کاتژمێری سفر لە تاران خەریکە لێ دەدات و ئەمە دوا دەرفەتە بۆ ئەوەی بیسەلمێنین کە ئێمە بکەرین نەک پاشکۆ. ئەگەر ئەمڕۆ ماڵی خۆمان ڕانەماڵین و ڕێکی نەخەین، سبەی دەبێت چاوەڕێ بکەین کەسانی تر لەبری ئێمە بڕیار لەسەر چارەنووسمان بدەن. کاتەکە کاتی بڕیاردانە، نەک چاوەڕوانی. لە کۆتاییدا، تاران چ ئەمڕۆ یان سبەی، هەرەس دەهێنێت و ئەو دیوارەی سێدارەی لەسەر هەڵچنراوە، دەڕووخێت؛ بەڵام پرسیاری گەورە ئەوەیە: ئایا پاش ڕووخانی قەڵای ستەم لەتاران، پارتەکانی ڕۆژهەڵات دەبنە مژدەی ئازادی بۆ نەتەوەکەمان، یان دەبنە بەشێک  فەوزایەکی تر؟ ئێستا کاتی ئەوەیە پارتە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات بیسەلمێنن کە لە بەرژەوەندییە تەسکییەکانی خۆیان مەزنترن. ئەگەر ئەمڕۆ ماڵی خۆمان ڕێکنەخەین، سبەی حەقی سکاڵامان لەسەر کەس نابێت کاتێک بێگانەکان جارێکی تر نەخشەی چارەنووسمان بۆ دەکێشنەوە. ڕۆژی نیشتمانی و یەکگرتنە، نەک حزبایەتی؛ مێژوو تەنها بۆ ئەوانە دەنووسرێتەوە کە ئامادەن نەخشەی داهاتووی خۆیان بە دەستی خۆیان بنووسنەوە.  


د. یوسف محەمەد سادق هێرشەکانی ئەم جارەی دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا بۆسەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب، مەترسیدارن. ئەم مەترسییە هەر بۆ کوردانی حەلەب نییە، بەڵکو بۆ کۆی ئەزمونی حوکمڕانیی رۆژاڤایە. چونکە ئەم هێرشانە هاوکاتە هەڵگرتنی سزا نێودەوڵەتی و ئەمریکییەکانی سەر سوریا پاش ئاسایی بونەوەی تەواوەتی حوکمڕانیی «جۆلانی»ی ئەمیری گروپێکی تیرۆرستیی پێشو و «ئەحمەد شەرع»ی سەرۆکی ئێستای سوریا و، لە هەمان کاتیش کردنەوەی دەرگای ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیی نێوان ئەم دەسەڵاتە و ئیسـ.رائیل.  ئەوەی لە رۆژاڤا رودەدات، جگە لە رەهەندی هاوسۆزییە نەتەوەییەکەی، بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەریی دەبێ لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی و نەتەوەیی هەرێمی کوردستان و، دۆخی کورد لە ناوچە جێناکۆکەکان و، تەنانەت پێگەی هەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراق.   هەنگاوی کردەیی و کاریگەر و بونیاتنەر بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان و یارمەتیدانی رۆژاڤا بۆ روبەڕوبونەوەی هێرشەکان و، بەردەوامیدان بە رێچکەی ئاشتییانە بۆ جێگیرکردنی ئەزمونەکەی لەچوارچێوەی دەوڵەتی سوریا، پێویستی بە نەخشەڕێیەکی فرە ئاست و رەهەند هەیە.  یەکەم: لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان 1. گرنگە دەسەڵاتدارانی هەرێم لەڕێی ئەو پەیوەندییە دیبلۆماسییانەی لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە و وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا هەیانە، فشار بکەن بۆ هێنانەکایەی کۆدەنگییەکی نێودەوڵەتی بۆ راگرتنی هێرشەکان و، چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان لەڕێی دانوستانەوە.  2. جەخت کردنەوەی بەردەوام لەسەر دۆزینەوەی چارەسەری ناناوەندی بۆ سەرجەم پێکهاتەکانی سوریا و، بەستنەوەی دۆزی کورد بە دۆزی دروز و عەلەوی و کریستیانەکانی سوریا.  3. ئەنجامدانی پەیوەندیی بەردەوامی رەسمی و ئاشکرا و فرەئاست لەگەڵ دەسەڵاتی رۆژاڤا بۆ نیشاندانی پشتیوانیی سیاسی و مرۆیی. هەمو ئەمانەش پاساودراو و شەرعی پشتئەستور ئەبن بە بڕیاری ژمارە (24)ی ساڵی 2014ی پەرلەمانی کوردستان.  4. کردنەوەی دەرگای وتووێژ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دیمەشق و، تەنانەت ناردنی شاند بۆ دیمەشق بەمەبەستی گەیاندنی نیگەرانی لەو پەلامارانە و، فشار بۆ راگرتنی هێرشەکان و، نیشاندانی ئامادەیی بۆ هاوکاریی کردن لە دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی. ئەم هەڵوێستانەی هەرێم پاساودراون نەک تەنها بە دۆزی نەتەوەیی، بەڵکو بە هۆی کاریگەریی راستەوخۆی ئەو ئاڵۆزی و شەڕانە بۆسەر هەرێمی کوردستان چ لە روی ئەمنییەوە چ لە روی مرۆییەوە بەتایبەت ئاوارەبونی خەڵک ناوچەکە بۆ هەرێمی کوردستان.  5. کردنەوەی پردێکی هاوکاریی مرۆیی بەردەوام بۆ روبەڕوبونەوەی هەر پێشهاتێکی نەخوازراو.  6. لەسەر ئاستی گوتاری راگەیاندنیش، زۆر گرنگە کەناڵەکانی راگەیاندنی هەرێم، بە زمانە زیندوەکانی دنیا ستۆریی روداوەکان لەگۆشەنیگای هەرێمی کوردستانەوە بۆ رای گشتیی جیهانی بگوازنەوە. 7. لەسەر ئاستی جەماوەریش، جیا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، گرنگە بە خۆپیشاندانی مەدەنیی ئیدانەی ئەو پەلامار و هێرشانە بکرێت، بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە خۆپیشاندانی گەورە لە هەولێر ئەنجام بدرێ بۆ گەیاندنی پەیام بۆ نێردە دیبلۆماسییەکان لە پایتەختی هەرێم.  دووەم: لەسەر ئاستی عێراق 1. هەرێمی کوردستان خاوەنی نوێنەرایەتییە لەسەر ئاستی هەر دو دەسەڵاتی جێبەجێ کردن و یاسادانانی فیدڕاڵ. لە ئێستادا دو پۆستی جێبەجێکاری گرنگ بەدەست نوێنەرانی هەرێمەوەیە کە ئەوانیش سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەیە. گرنگە پەیامێکی رەسمیی عێراق لەڕێی یەکێک لەو دو پێگەیە سەبارەت نیگەرانی لە هێرشەکان دەرببڕدرێت. 2. فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران ئەتوانن فشار بکەن بۆ نواندنی هەڵوێست لە لایەن سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران. بە لانی کەم خۆیان هەڵوێستیان هەبێت و، بەهەمان شێوە جێگری دوەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران.  3. لە ئاستی کرداریش دەکرێ لەڕێی کەناڵی دیبلۆماسیی راستەوخۆی نێوان عێراق و سوریا، فشار بکرێت بۆ کۆتایی هێنان بە پەلامار و هێرشەکان و، سەرخستنی رێگای ئاشتی و دانوستان.  4. نوێنەرانی کوردستان لە ئاستی هەر دو دەسەڵاتی جێبەجێ کردن و یاسادانان و تەنانەت لە ئاستی دەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق پێویستە کار بکەن کە عێراق پرسی کەمایەتییەکانی سوریا بکاتە فایلێکی سەرەکی لە پەیوەندییەکانی دەرەوەی دا. ئامادەیی بۆ ئەمە لە ناوەندی دیکەی عێراقیش هەیە. عێراق زیاتر لە دەوڵەتانی دیکەی هاوسنوری سوریا بەڵگەی هەیە بۆ مەترسییەکانی لە سەرهەڵدانی هەر ئاڵۆزییەک لە سوریا. سەرهەڵدانی داعش و پەلاماردان و گرتنی نزیکەی سێیەکی خاکی عێراق هێشتا کۆن نەبوە. هەروەها ئۆردوگای هۆل و زیندانییانی داعش لای هێزەکانی سوریای دیموکرات، مەلەفێکی ئەمنیی مەترسیدارە بۆ عێراق. لەهەمان کاتدا بونی کورد لە عێراق و لەناو دەسەڵاتەکانی و، چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی کورد لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراق، پێگەی ئەم دەوڵەتە لە لەخۆگرتن (تبني) کردنی فایلی پێکهاتەکانی سوریا بەهێزتر ئەکات و، پشتیوانیی نێودەوڵەتیش بۆ عێراق دەستەبەر ئەکات و، ئەیکاتە یەکێک لەو دەوڵەتانەی کورسییان هەیە لەسەر مێزی چارەسەری کێشەکانی سوریا.  5. عێراق ئەتوانێت هەندێک پاڵنەر (حوافز)ـی ئابوریش بۆ سەرکەوتنی هەڵەکانی لەو بارەیەوە بەکاربهێنێت، بەتایبەت بەگەڕخستنی هێڵی بۆریی نەوتی بانیاس و پەیوەندیی ئابوری لەگەڵ سوریا و بەستنەوەی سوریا بە (رێگای گەشە).  سێیەم: لەسەر ئاستی رەوەندی کوردستانی و دیاسپۆرا 1. ئەنجامدانی خۆپیشاندانی گەورە لە پایتەختەکانی وڵاتانی رۆژاوا بۆ هێنانەکایەی فشاری نێودەوڵەتی لەسەر دەسەڵاتدارانی سوریا بە هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرایەتییەکانی رۆژاڤا و، حیزب و رێکخراوە کوردییەکانی پارچەکانی تری کوردستان.  2. ئەنجامدانی دیدار و کۆبونەوە و ناردنی پەیام لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و پەرلەمانی ئەو وڵاتانە لە لایەن حیزب و رێکخراو و کەسایەتییە کوردستانییەکان بۆ هەمان مەبەست.  3. هەر دو حیزبی حوکمڕانی هەرێم لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا پارەیەکی زۆر بۆ لوبی کردن سەرف ئەکەن، ئەتوانن بەشێک لە هەوڵەکانیان بۆ لۆبی کردن لە پێناو چارەسەری سیاسی و ئاشتیانە دادپەروەی دۆزی کورد لە رۆژاڤا بخەنەکار.  4. پەیوەندی گرتن لەگەڵ پێکهاتەکانی تری سوریا بەتایبەت کریستیان و دروز و عەلەوییەکان بۆ هەمانگی و کاری هابەش.  ئەم نەخشەرێگایە دەقێکی سەرەتاییە کە دەکرێ دەوڵەمەندتر بکرێت بۆ هەنگاوی کرداریی فرە ئاست و رەهەندی کاریگەر بۆ پشتیوانیی رۆژاڤا. دەربڕینی ناڕەزایی و دژوەستانەوە چاکە. بەڵام لەوە گرنگتر بونی دیدگای رونە بۆ چۆنییەتی کاریگەریی روداوەکان لەسەرمان و، ئەو مەترسی و دەرفەتانەی لەگەڵ خۆیان دەیهێنن و، چۆنییەتیی روبەرونەوەی مەترسییەکان و سودوەرگرتن لە دەرفەتەکان. ئەمە وا دەکات پارێزگاری لە هەرێمی کوردستان بکرێت و، پشتیوانی لە رۆژاڤاش بکرێت و، مەترسییەکان بگۆڕدرێن بۆ دەرفەت.


درەو: ئەمڕۆ وەفدی پارتی و یەكێتی كۆبوونەوە، بڕیارە بۆ هەڵسەنگاندنی پێشنیازی هەردوولا هەفتەی داهاتوو جارێكی تر كۆببنەوە، پارتی داوای كردووە هەردوولا كاندیدێكی هاوبەشیان هەبێت بۆ پۆستی سەرۆكۆكمار، یەكێتی رەتی كردووەتەوەو وتویەتی بۆچی بۆ پۆستەكانی خۆتان خۆتان دیاری دەكەن و بۆ پۆستەكانی یەكێتی دەبێت كۆدەنگی لەسەر بێت. بەپێی یەدواداچوونەكانی (درەو) لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لەسەر پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم و پۆستی سەرۆككۆماری عێراق، گفتوگۆیان كردووە، ئەگەرچی رێككەوتن نەكراوەو بەرەو پێشچوونی جەوهەری نەبووە، بەڵام هەردوولا پێشنیازی خۆیان هەبووە: -    وەفدی پارتی وتوویانە لە ئێستادا ئەولەویەتی بۆ ئێمە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمەو دواتر لەسەر پۆستی سەرۆككۆمار دەگەینە ئەنجام و رێككەوتن. -    وەفدی یەكێتی جەختیان لەوە كردووەتەوە كە هەردوو پرسەكە (پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و پۆستی سەرۆككۆمار) یەك فایلن و پێویستە پێكەوە هاوتەریب رێككەوتنی لەسەر بكەین. -    وەفدی پارتی جەختیان كردووەتەوە كە بۆ پۆستی سەرۆككۆمار با هەردوولامان كاندیدی خۆمان بكشێنینەوەو كاندیدێكی هاوبەشمان هەبێت و لەسەر كاندیدێك رێكبكەوین لەدەرەوەی كاندیدی فەرمی پارتی و یەكێتی، دەبێت پۆستی سەرۆككۆمار كۆدەنگی لایەنە كوردییەكانی لەسەر بێت.  -    وەفدی یەكێتی بە وەفدی پارتیییان وتووە ئێمە سورین لەسەر كاندیدی فەرمی یەكێتی و ئەو پۆستە بە پشكی یەكێتی دەزانین. -    لە كۆبوونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی بە وەفدی پارتیان راگەیاندووە بۆچی كە دێتە سەر سەرۆككۆمار دەڵێن پێویستە كۆدەنگی لەسەر بێت و بەهەمولایەك كاندیدێكمان هەبێت، بەڵام كە دبێتە سەر پۆستەكانی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئەڵێن پشكی خۆمانەو كۆدەنگی ناوێ؟   بڕیارە هەفتەی داهاتوو جارێكی تر وەفدی هەردوولا كۆببنەوەو پێشنیازەكانی خۆیان تاوتوێ بكەن و جارێكی تر گفتوگۆی لەسەر بكەنەوە لەسەر پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و پۆستی سەرۆككۆماری عێراق.  وەفدەكەی پارتی -    هۆشیار زێباری -    پشتیوان سادق -    ئومێد سەباح  -    دڵشاد شەهاب وەفدی یەكێتی -    قوباد تاڵەبانی -    دەرباز كۆسرەت رەسوڵ -    رێواز فایەق -    ئامانج رەحیم  -    شاڵاو شێخ سەڵاح  


درەو: جارێكی تر وەفدی دانوستانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەبارەی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم كۆبوونەوە. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) كە قسەی لەگەڵ كەسانی ئاگاداركردووە، كۆبوونەوەكە هیچ رێككەوتن، نزیكبوونەوە لە رێككەوتن و بەرەوپێشچوونی جەوهەری لە گفتوگۆكان بەدی نەكراوەو تەنیا گفتوگۆی بابەتەكانی پێشوو بووە. ئەو سەرچاوانەی (درەو)ی قسەی لەگەڵ كردوون ئاماژەیان بەوەكردووە كە ئەم كۆبوونەوەیە لەكۆبوونەوەكەی پێشتر باشتر بوو، لەرووی لێكتێگەیشتن و گفتوگۆ لەسەر بابەتەكان، چونكە كۆبوونەوەی پێشوو بە بنبەست گەیشت كاتێك وەفدی پارتی بە وەفدی یەكێتیان وت، پێش هەڵبژاردن شتێكەو دوای هەڵبژاردن شتێكی ترە، بۆیە وەفدی یەكێتی كۆتاییان بە گفتوگۆهێنا، ئێستا لەم كۆبوونەوەیەدا پرسی هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆككۆماریش هاتە پێشەوە و هەردوو پرسەكە (سەرۆككۆمار و پێكهێنانی كابینەی نوێی هەرێم) پێگەوە گتوگۆی لەسەر دەكرێت، چونكە هەردووكیان لەیەك كات و ساتدایەو هەردوولا لەم كۆبوونەوەیە پێشنیازو دیدی خۆیان لەسەر هەردوو پرسی كابینەی نوێ و سەرۆككۆمار.   وەفدەكەی پارتی -    هۆشیار زێباری -    پشتیوان سادق -    ئومێد سەباح  -    دڵشاد شەهاب وەفدی یەكێتی -    قوباد تاڵەبانی -    دەرباز كۆسرەت رەسوڵ -    رێواز فایەق -    ئامانج رەحیم  -    شاڵاو شێخ سەڵاح  


درەو: راپۆرتی رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە تێپەڕینی ١٠ ڕۆژ لە خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە ئێران و بە پێی ئاماری کۆ کراوە لە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لانی کەم ٢٧ هاووڵاتیی لەوانە ٥ منداڵی ژێر ١٨ ساڵ کوژراون و زیاتر لە ٢٧ کەس دەستبەسەر کراون. بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، تا ئێستا ناسناوی ٢٧ کەس کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی ١٠ ڕۆژی ڕابردوو بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتەکەرە حکوومەتییەکان کوژراون ئاشکرا و پشتڕاست کراوەتەوە. لە کۆی ٢٥ کەسی گیانبەختکردوو لانی کەم ٥ کەس منداڵ و ژێر ١٨ ساڵ بوون کە دوو کەسیان لە شاری کرماشان، دوو کەس لە ئەزەنا و یەک کەس لە قوم کوژراون. هەروەها ١٢ کەس لە هاووڵاتییانی کوژراو لوڕ و ١١ هاووڵاتی کورد بوون.   جیاکردنەوەی گیانبەختکردووان بە پێی پارێزگان؛ پارێزگای لوڕستان: ٨ حاڵەت پارێزگای ئیلام: ٥ حاڵەت پارێزگای کرماشان: ٤ حاڵەت پارێزگای فارس: ٤ حاڵەت پارێزگای چوار مەحاڵ و بەختیاری: ٢ حاڵەت پارێزگای قوم: ٢ حاڵەت پارێزگای هەمەدان: ١ حاڵەت پارێزگای ئیسفەهان: ١ حاڵەت   هەروەها بە پێی زانیاری کۆکراوە لە لایەن هەنگاو، تا ئێستا زیاتر لە ١٥٠٠ کەس لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانە دەستبەسەر کراون کە ناسناوی ٥٤٦ کەسیان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە. لە کۆی ٥٤٦ هاووڵاتیی کە ناسناویان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە، ٥١ منداڵی ژێر ١٨ ساڵ، ٥٧ ژن و ٢٢٠ هاووڵاتیی دیکەی کورد.. بە پێی ئەو بەڵگە و ڤیدیۆیانەی كە بە دەستی هەنگاو گەیشتووە نیشانی دەدات، هێزە حكوومەتییەكان لە ڕەوتی سەركوتی خۆپیشاندان لە چەكی گەرم، گوللەی ساچمەیی و ئۆتۆمبێلی ئاوپڕژێن كەڵكیان وەرگرتووە و لە چەند حاڵەتێكدا بە تایبتی لە لوڕستان، ئیلام و کرماشان  هەوڵی تەقەكردنی ڕاستەوخۆیان دژی خۆپیشاندەران داوە. هەنگاو بەپێی ئەزموونی پێداچوونەوەی جۆری توندوتیژی و سەركوتەكانی كۆماری ئیسلامی لە ناوچەكانی دەوروبەر، لە ڕەوتی ئەم خۆپیشاندانانەش، نزیكبوونەی حكوومەت لە ناوچەكانی دەوروبەر لە هەمبەر ناوەند جیاواز لێكدانەوەی كردووە و بە پێی چاوەدێری جدی، نزیكبوونەوەی حكوومەت لەگەڵ ئەم ناوچانە نزیكبوونەوەیەكی شەڕی لێک دەداتەوە. دیمەنی هەژێنەر لە هەندێك شارەكانی كوردستان، تەنانەت دەرخەری دەکرێت وەکوو تاوانی شەڕ دژی خەڵکی سڤیل ناو ببردرێت. هەروەها پچڕان و تێكچوونی بەرفراوانی ئینتەرنێت لە هەندێ لە ناوچەكان، پرۆسەی دەستپێڕاگەیشتن بە زانیارییەكان و پشتڕاستكردنەوەی ئاماری گیانبەختكردووان و دەستبەسەركراوان دژوار كردووەتەوە. هەنگاو سەرەڕای نیگەرانی لە بارودۆخی خۆپیشاندەران لە ئێران،بە تایبەت ناوچەكانی دەوروبەر داوا لە كۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەكات، لە هەمبەر ئەم توندوتیژیانە بە شێوەیەكی یەكلاكەرەوە و جدی مامەڵە بكەن.


✍️ سەرتیپ جەوهەر پەلاماردانی گەڕەكە كوردنشینەكانی حەلەب لەلایەن رژێمی سوریا دەكرێت بەمشێوەیە خوێندنەوەی بۆ بكەین: 1- رژێمی نوێی سوریا كە چەند گروپێكی ئیسلامیی توندڕەون لەگەڵ هیچ كام لەپێكهاتەكانی سوریا هەڵناكەن. بڕوایان بەمافی هیچ پێكهاتەیەكی نەتەوەیی و مەزهەبیی و سیاسی نییە.  2- پەلاماردانی گەڕەكە كوردنیشینەكان، دەبێتە سێیەم تاوانی كۆمەڵكوژیی و لەناوبردنی پێكهاتە جیاوازەكان لەلایەن رژێمی نوێ‌ لەماوەی یەك ساڵدا.  3- ئەم پەلاماردانە باشتر روون دەبێتەوە بوون و مانەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات و چەك بۆ كوردو پێكهاتەكانی دیكەش چەندە گرنگە. ئەو كۆمەڵكوژیی و وێرانكارییەی ئێستا كورد لەحەلەب رووبەر\ِووی دەبێتەوە، ئەگەر هێزەكانی سوریای دیموكرات و چەكبەدەستبوونی كورد نەبوایە، هەر لەسەرەتای كەوتنی رژێمی ئەسەد كورد رووبەرووی دەبویەوە. ئێستاش هەسەدە بەنزیكەی 45 كیلۆمەترێك لەرووداوەكە دوورە، بەپێی بەیاننامەی ئەمڕۆ ئێوارەبێت ئاماژە بەوەدراوە كە دەرگای شەڕ لەبەرەكانی دیكە رووبەرووی رژێمی سوریا بكرێتەوە، بەو مانایەی رەنگە لەبەرامبەر پەلاماردانی كورد لەحەلەب، هێزەكانی هەسەدە بەرەی شەڕكردن لەشوێنی دیكە بكەنەوە. 4- رژێمی بەشار ئەسەد لەلایەن ئەمریكاو ئەوروپاوە پشتیوانی نەدەكراو بەڵكو جۆرێك لەدژایەتی دەكرا، بەڵام ئەم رژێمە نوێیە كە هەڵگری هەمان بیروباوەڕی شۆڤینی و دەمارگیریی عەرەبییە، ئێستا لەلایەن ئەمریكاو ئەوروپاو وڵاتانی عەرەبی بەتایبەت سعودیە پشتیوانیی دەكرێت. بۆیە دەبینین بەبەرچاوی ئەوانەوەو كوردو پێكهاتەكانی دیكەی سوریا كۆمەڵكوژ دەكرێن، كەچی لێی بێدەنگن. 5- بەپەلاماردانی گەڕەكە كوردنشینەكانی حەلەب، دەبێتە سێیەم رووداوی تاوانكاریی و داگیركاریی دژ بەكورد لەبەر رێككەوتنی پێشوەختەو بەرژەوەندی ئەمریكا خۆی لێ‌ بێدەنگ دەكات. یەكەمیان پەلاماردان و داگیركردنی عەفرین لەلایەن توركیا لەسەرەتای 2018 دووەمیان؛ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكاو رادەستكردنی سەرێكانی تا گرێ سپی بەجەندرمەی تورك بەدرێژایی 120 كیلۆمەتر لەئۆكتۆبەری 2019 لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەوكات و ئێستای ئەمریكا. پەلاماری ئەمجارەش، دوو رۆژ دوای كۆبونەوەو رێككەوتنی ئەمریكاو ئیسرائیل دێت لەگەڵ رژێمی سوریا لە پاریس! بۆیە دەبینین ئەمریكاو ئیسرائیل بەتەواوی لەرووداوەكە بێدەنگن، وەك ئاماژەیەك بۆ رەزامەندبوونیان لەپەلاماردانی كورد لەحەلەب. 6- كورد قەت نابێت گرەو لەسەر پەیمانی درۆو دروشمە بریقەدارەكانی ئەمریكاو ئەوروپاو ئیسرائیل بكات. هەڵوێستی ئەمریكاو ئەوروپا هەتا ئێستا لەبارەی كورد لەسوریا روون نییە. سەبارەت بەكورد هەمیشە دەستەواژەی گشتیی بەكاردێنن و خۆیان دەدزنەوە. ئەمریكاو ئەوروپاو ئیسرائیل بەچاوی بازرگانیی لەچارەسەری پرسی گەلانی ژێردەستەو ستەملێكراو دەڕوانن بۆیە دوای رێككەوتن و دابینكردنی بەرژەوەندیان، دەستبەجێ خۆیان دەدزنەوەو گەلان بەسینگی خالی و روون، دەخەنە بەر خەنجەری رژێمە ستەمكارو داگیركەرەكان و بێ‌ پشت و پەناو توانا، لەدەشتایی چۆڵ جێیان دەهێلن. لەماوەی 100 ساڵی رابردوو كورد لەهەموو پارچەكان رووبەرووی ئەم واقعە بۆتەوە، چ لەلایەن ئەمریكاو ئەوروپاوە بوبێت، یان لەلایەن فەرەنساو سۆڤیەتەوە بوبێت. ئەنجام؛ ئەوەی ئێستا لەگەڕەكە كوردنشینەكانی حەلەب روودەدات، لەژێر فشاری راستەوخۆی توركیاو بەڕەزامەندی ئەمریكاو ئیسرائیل و بێدەنگی ئەوروپایە. لەدوای رووخانی رژێمی ئەسەد پەلاماری ئەو گەڕەكانە دەدرا، بەڵام زیاتر گروپە تیرۆریستیەكانی نزیك توركیا بوون، بەڵام ئەمجارە هەموو گروپە تیرۆریستیەكانی سەربەتوركیاو چەكدارانی تیرۆریتیی دیمەشق كۆبونەتەوە بۆ پەلاماردانی كورد لەحەلەب. ئێستا ئەمریكا هەم نێوانگرەو هەم رێگر، لەلایەك تێگەیشتنی سەبارەت بەچارەنوسی كوردو خەڵكی سوریا روون نییە، لەلایەكی دیكە نێوانگری كوردو دیمەشق دەكات، بەڵام مەیلی رێككەوتنی كوردو دیمەشقی نییە، بەڵكو دەیەوێت ئەم دۆخە بەمشێوەیەی هەیە بەردەوام بێت تاوەكو بەرژەوەندی خۆی و ئیسرائیل مسۆگەر دەبێت.


د. ئارام رەفعەت پانۆرامای ١٣ ساڵ بەرخۆدانی ئەفسانەیی شەڕڤانان لە شێخ مەقسود لە چلەکانی سەدەی رابردوودا، کوردێکی دیندار و پیاوچاک بەناوی شێخ مەقسود، لە گوندەواری عەفرینەوە روو دەکاتە حەڵەب و لە نزیک گردێکی کەنار شار، کە بە گردی سەیدە ناسرابوو و هەندێک کریستیان و کوردی لەدەوروبەر نیشتەجێ ببوون، خانویەک دروست دەکات. لە ساڵی ١٩٥٢، شێخ مەقسود کۆچی دوایی دەکات و گۆڕەکەی دەبێتە مەزارێک و لەهەموو لایەکەوە خەڵك بەئامانجی بەدیهاتنی مرازەکانیان زیارەتی دەکەن. ساڵ دوای ساڵ گەڕەک گەورە دەبێت و دەبێتە بەشێک لە شاری حەڵەب و شۆرەتی شێخ مەقسود هەڵدەگرێت. پێشتر حەڵەب وەک مەکینەیەکی تەعریب وابوو، هەر کوردێکی رۆژاڤا رووی تێکردبا، ناسنامە کوردیەکەی دەهاڕی و زمان و کەلتور و ناسنامەکەی لەناو کوچە و کۆڵانەکانی ئەم شارەدا لەدەست دەچوو و دەبوو بە عاڕەب. شێخ مەقسود، دەبێتە پەناگەیەک و هەزاران لەو کوردانەی بەهۆی تەعریب یان سیاسەتی برسیکردنی دەوڵەتی فاشی و داگیرکەری سوریەکان لەو گەڕەکە کرد و بێ ئەوەی نیگەرانی لەدەستدانی ناسنامە و زمانە زاگرۆسیەکەیان بن. رەنگە نە بەخەیاڵی شێخ مەقسود و نە بەخەونی هیچ کام لە کوردە نیشتەجێکانی ئەوسادا هاتبێت کە رۆژێک دێت نەوەکانیان شێخ مەقسود دەکەنە قەڵایەکی بەرخۆدان. ١٣ ساڵە، شێخ مەقسود بەرزترین قەڵای بەرخۆدانە لەسەر ئاستی دونیا. ئەم ئەفسانەی بەرخۆدانە لە ئەیلول و ئابی ٢٠١٢ دەست پێدەکات، ئەوسا دانیشتوانی شێخ مەقسود یەکینەکانی پاراستنی گەلیان پێک هێنا و گەڕەکەکەیان لە سوپای داگیرکەری سوریا پاک کردەوە. دوای ئازاد بوونی شێخ مەقسود، سێ تایبەتمەندی ئەو گەڕەکە وایکرد کە لە ١٣ ساڵی رابردوودا ببێتە ئامانجی بەردەوامی داگیرکاری عاڕەبەکانی کیانە دەسکرد و فاشیەکە. تایبەتمەندی یەکەمی شێخ مەقسود ئەوەیە بەرزترین ناوچەی حەڵەبە، ئەوەی بەسەر شێخ مەقسودا زاڵ بێت بەسەر هەموو حەڵەبدا زاڵە. تایبەتمەندی دووەمی ئەوەیە شێخ مەقسود بەسەر هەموو رێگا سەرەکییانەدا زاڵە کە حەڵەب بە گوندەواری ئەو پارێزگایە و بە ناوچەکانی عەفرین و شەهباوە دەبەستێتەوە.  سێیەم تایبەتمەندێتیشی بوونی کوردە لەو گەڕەکە و هێرش و پەلاماربۆ سەر ئەم گەڕەکە بەئامانجی قەتڵ و عامی و ئاوارەکردنی کوردەکانی مەنفەزێک بووە بۆ عاڕەبە سوریەکان، بە فیرقەیی و بەعسیەوە، بە حاکم و مەحکومەوە تا هەناسەی فاشیستانەی خۆیان تێدا بدەن. چیرۆکی بەرخۆدانی ئەم قەڵایە، رێک لە رۆژی ئازادبوونیەوە لەسەر دەستی کیژ و کوڕە شەڕڤانە زاگرۆسیەکان دەست پێدەکات. یەکەم داستانی بەرخۆدانی شەڕڤانانی شێخ مەقسود  دژی سوپا داگیرکەرەکەی ئەو کیانە بوو لە ئەیلولی ٢٠١٢. رژێمە فاشیەکەی بەعس لە هێرشێکی فراوان و بە بەکارهێنانی فرۆکەی جەنگی، هەوڵی دا شێخ مەقسود داگیر بکاتەوە. تەنها بە بۆردومانی ئاسمانی زیاتر لە ٢٠ هاوڵاتی کورد شەهید بوون.  شەڕڤانان، بە بەرخۆدانی کەم وێنەیان توانیان ئەم هەوڵەی کیانە فاشیەکە بۆ داگیرکردنەوەی شێخ مەقسود پوچەڵ بکەنەوە. دووەم بەرخۆدانی شێخ مەقسود، لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربانی ئەوساڵەدا بوو. ئەم جارەیان دژی چەتە سوریەکان و کرێگرتە کوردەکانیان بوو لە گروپی سەلاحەدینی ئەییوبی. بەرخۆدانەکە هەفتەیەک درێژەی کێشا و لە کۆتایی ئۆکتۆبەری ئەو ساڵەدا، بەتەواوی هێرشی چەتە ئۆپۆزسیۆنەکانی کیانە فاشیستەکە تێکشكێنرا. سێیەم و سەختترین بەرخۆدانی شێخ مەقسود شەڕی ١٥ رۆژەی بوو لەگەڵ رژێمی داگیرکەری ئەسەد. لەم شەڕە ١٥ رۆژەییەدا، رژێمە داگیرکەرەکەی سوریا چەکی کیمیاوی دژی ئەم قەلای خۆڕاگرییە و دەیان کەس بوونە قوربانی.  بەڵام کیمیاویش دادی نەدا و دواجار لە ١٨ی ئایاری ئەوساڵەدا داگیرکەر بە تێکشکاوی لەسەر دەستی نەوەکانی شێخ مەقسود پاشەکشەی کرد . ساڵی ٢٠١٤ شێخ مەقسود سەختترین ساڵی بەڕێ کرد و بۆ شێخ مەقسود ساڵی بەرمیلە بارودەکانی رژێمە داگیرکەرەکەی ئەسەد بوو. سەختی ئەو ساڵە هەر لەبەرمیلە بارودەکاندا نەبوو، لەوەشدا بوو لەهەردوو لاوە، داگیرکەرە سوریەکان گەمارۆیان خستبووە سەر شێخ مەقسود و ئەم گەڕەکە بەدرێژایی ساڵ لە حاڵەتی شەڕدا بووە. لەم ساڵەدا، زۆرجار رژێم و چەتەکان لەیەک کاتدا و هەریەک لە لایەکەوە هێرشیان دەکردە سەر شێخ مەقسود و شەڕڤانان لەیەک کاتدا لە دوو بەرەدا جەنگاون، هەم لەگەڵ داگیرکەرە بەعسیەکان و هەم داگیرکەرە تیرۆریستە فیرقەییەکان. لە رۆژهەڵات و باکورەوە عاڕەبە داگیرکەرە تیرۆریستەکان، و بەتایبەتیش جەبهەی ئەلنوسرەی جۆلانی و ئەحراری شام و لە باشور و رۆژاڤاش سوپا و شەبیحەکانی داگیرکەرە بەعسییەکان. ساڵی ٢٠١٥ بە بۆردومانکردنی شیخ مەقسود لەلایەن رژێمە داگیرکەرەکەی سوریا دەستی پێکرد، بەتایبەت لەکۆتایی مانگی یەک و سەرەتای شوبات. شەڕ و پەلامارەکانی چەتەکانی جۆلانی و گروپە کرێگرتەکانی دیکەی داگیرکەر، بەدرێژایی ساڵ بەردەوام بوو. یەکێک لەسەختترین شەڕەکانی ئەو ساڵە لە مانگی نیساندا بوو. رژێمی داگیرکەری بەعش دەیەویست بەهەر نرخێک بێت شێخ مەقسود بگرێت، بۆ ئەوەی رێگای نێوان حەڵەب و شار و شارۆچکەکانی دەوروپشتی لە چەتە داگیرکەرەکانی ئۆپۆزستۆن بگرێت. لەبەرامبەریشدا، چەتەکانی ئۆپۆزسیۆن شیخ مەقسودیان بەدەروازەی حەڵەب دەزانی. بۆ ئەو چەتە فیرقەییانە داگیرکردنی ئەو دەروازەیە بەمانای کۆنترۆڵکردنی هەموو حەڵەب دەهات. مانگی ئایاری ٢٠١٥، مانگی گەلەکۆمەکێی گروپە چەتە و تیرۆریستە عاڕەبەکان بوو. لەو مانگەدا ١٥ گروپی چەتە، کە تا ئەوساش خوێنی یەکتریان دەڕشت، بڕیاریان دا بەرەیەکی هاوبەش و ژورێکی ئۆپەراسیۆن دژی کورد لە شێخ مەقسود پێک بێنن و بەرەی نوسرە و جەبهەی شامی و جەیشی ئیسلام و نوردەین زەنگی بەشێک بوون لەو باندە تیرۆریستانە. لە مانگی حوزەیراندا، دووبارە رژێمە فاشیستەکەی سوریا بە بەرمیلی بارود کەوتەوە هێرشکردن بۆ سەر شێخ مەقسود. ئەم جارەش کوڕان و کیژانی وڵاتی خۆر و ئاگر، بەرخۆدانی کەموێنەیان کرد. دوای بێ ئومێد بوونی سوپاو شەبیحەکانی رژێمی داگیرکەر و چەتەکانی ئۆپۆزسیۆن، ئەم جارە دەروازەیان بۆ داعش کردەوە ئەرکی داگیرکردنی شێخ مەقسود بگرێتە ئەستۆ. لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەردا، داعش بەختی خۆی بەم قەڵایەی کوردان تاقی کردەوە. داعش بە بێ ئومێدی کشایەوە و جارێکی دی و لەمانگی ١٢دا جەبهەی نوسرەی جۆلانی پەلاماری شێخ مەقسودیان دایەوە. بە کۆتایی هاتنی ساڵی ٢٠١٥دا، دوا پلەامارەکانی جۆلانی شکستی خوارد و ناچار بوو رێککەوتنێکی دیکە لەگەڵ شەڕڤانان واژۆ بکات. ساڵی ٢٠١٥ بەدوا جەولەی هێرشە ناکامەکانی جەبهەی تیرۆریستی جۆلانی و بە تێکشکاندنی هێرشەکە کۆتایی هات. ئەم تێکشکانە بوو وایکرد کە لەسەرەتای مانگی ئۆکتۆبەر چەتەکانی جۆلانی و گروپەکانی دیکە بەناچاری لەژێر زەبری شەڕڤانان لە دەورو بەری شێخ مەقسود بکشێنەوە و رێککەوتنامەیەک لەگەڵ شەڕڤانان واژۆ بکەن. ساڵی ٢٠١٦، بە هێرشی ئاسمانی تورکەکان بۆ سەر شێخ مەقسود دەستی پێکرد و ئەم هێرشە لە مانگی شوباتدا و هاوکات و هاوئاهەنگ بوو لەگەڵ هێرشی هەمەلایەنەی چەتەکانی سوڵتان موراد و عەمشات و جەبهەی نوسرەی جۆلانی و باندە تیرۆریستە نێودەوڵەتیەکانی وەک ئۆیغور و تورکستان و چیچانی. لەناوەراستی مانگی تەموزدا، روانگەی سوری مافەکانی مرۆڤ ئاشکرای کرد کە چەند مانگێکە بەسەر یەکەوە و بێ پسانەوە و رۆژانە چەتە سوریەکان و بە پشتیوانی چەک و تەقەمەنی و لۆجیستی تورکەکان گەڕەکی شێخ مەقسود بە تانک و تۆپ بۆردومان دەکەن. دوا هێرشی بێئومێدانەی جەبهەی تەحریری جۆلانی لە ئەیلولی ئەو ساڵەدا بوو، کە بەهاوکاری زۆربەی گروپە چەتەکانی تر هێرشێکی فراوانی کردە سەر شێخ مەقسود. لەم هێرشانەدا و بەتایبەتی لە هێرشەکەی ٢٦ی ئەیلولدا، چەتەکانی جۆلانی بە خراپی تێکشکان. هەر لەو مانگەدا بوو، پەیامنێرەکان وێنەی ژاندرمەی تورکیان لەدەوروبەری شێخ مەقسود بڵاوکردەوە کە بەشداری و سەرپەرشتی هێرشێکی دیکەی هەمەلایەنەی تەواوی گروپە تیرۆریسەتە عاڕەبەکانی کیانە فاشیەکەی سوریایان دەکرد. لە شکستی تورکەکان و چەتە مورتەزیقەکانی سەر بە ئۆپۆزسیۆن و لە ناوەڕاستی مانگی ٨ئابدا جارێکی دیکە رژێمە فاشیەکەی ئەسەد ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی و ئاسمانی بۆ سەر شێخ مەقسود دەست پێکرد. لەم هێرشەدا حیزبوڵلای لوبنانیش تێوەگلا و رایگەیاند شەڕکردن لە گەڵ کورد لە حەڵەب وەك شەڕکردن لەگەڵ زایۆنیستەکان لە ئیسرائیل وایە.  ئەمجارەش قەڵای بەرخۆدان شکستی بەداگیرکەر و حیزبوڵای لوبنانی هێنا. ساڵی ٢٠١٧ ساڵێکی ئارام بوو. شەڕڤانانی کورد بەری بەرخۆدانی ئەفسانەیی پێنج ساڵی رابردوویان چنییەوە و کەشێکی ئارامتریان بۆ خەڵکی ئەم قەڵای بەرخۆدانەیان دابینکرد.  ٨ ساڵی رابردوو تا ئێستاش، ئەم قەڵایە لەلایەک لەژێر گەمارۆی ئابووری و هەمەلایەنەدا بووە. تا دیسەمبەری ٢٠٢٤ گەمارۆی رژێمە داگیرکەرەکەی بەعس و لەوساشەوە هی باندەکانی جۆلانی.  جگە لەوە، لەم هەشت ساڵەدا، جاروبار کەوتۆتە ژێر پەلامار و هێرشی سەربازی و هێرشەکەی شەوی رابردوو تازەترین هێرش، بەڵام پێناچێت دو اهێرش بێت.  کورد هەزاران شانازی نەتەوەیی هەیە، بەڵام گریمان هیچ شانازییەکی نییە، تەنیا بەرخۆدانی ئەفسانەیی ١٣ ساڵی رابردووی شیخ مەقسود بەسە کە خۆی بە شکۆمەندترین نەتەوەی جیهان بزانێت.


مەنار عوبێدی- شارەزای ئابوری لەگەڵ سەرەتای 2026دا ژمارەیەکی زۆر لە بازرگانان توشی سەرسامی بوون بە جێبەجێکردنی کۆمەڵێک ڕێکاری نوێ پەیوەست بە هاوردەکردنی کاڵا بۆ عێراق. هەرچەندە ئەم ڕێکارانە لەدایكبووی ئەم ساتە نین و، پێش چەند مانگێک لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان سیمینار و گفتوگۆ و کۆبوونەوەیان لەسەر كراوە، بەڵام واقیعەکە ئەوەیە کە -وەک هەمیشە- ئێمە بە تەواوی لە رەهەندەكانی گۆڕانكارییەكە تێناگەین تا نەكەوێتە بواری جێبیەجێكردنەوە.  لەم چوارچێوەیەدا دەتوانرێت لە سێ خاڵی سەرەکیدا گرنگترین پێشهاتەکان کورتبكرێتەوە:  یەكەم: جێبەجێكردنی پێناسی گومرگی هەندێک پێیانوایە ئەو باجی گومرگییەی کە لە سەرەتای ساڵی 2026وە جێبەجێ کرا، بڕیارێکی ئەم دواییەی حکومەتی ئێستایە، بەڵام ڕاستییەکە تەواو پێچەوانەیە. ئەم باجە لە ساڵی 2010وە بەپێی یاسای پێناسی گومرگی ژمارە (22)ی ساڵی 2010 بەشێوەیەکی یاسایی پەسەندكراوە، بەڵام بەدرێژایی ساڵانی رابردوو بەشێوەیەكی راستەقینە جێبەجێ نەكراوە. بۆیە ئەوەی ڕوویداوە بڕیارێکی نوێ نییە، بەڵکو دواکەوتنی جێبەجێکردنی یاسایەک بووە كە زیاتر لە دەیەیەك دەسەڵاتی یاسادانان دەریكردووە.  دووەم: ئەژماركردنی پێشەوەختەی گومرگ لە مێژە لە گفتوگۆ گشتییەكاندا حەواڵەی دەرەكی دەبەسترێتەوە بە پرسەکانی سپیکردنەوەی پارەو هەڵئاوسانی پسوڵەكانەوە. ئەوەی ئەمڕۆ ڕوویدا وەڵامێکی پراکتیکییە بۆ ئەم نیگەرانیانە لە ڕێگەی پەسەندکردنی میکانیزمێکی پێشوەختەی حیساباتی گومرگی. ئەمەش واتە دیاریکردنی باجی گومرگی و پابەندبوونەکان پێش ئەوەی حەواڵەی دارایی ئەنجام بدرێت، لەگەڵ کۆکردنەوەی پارەدان لە کاتی چوونە ژوورەوەی راستەقینەی کاڵاکان. ئەم هەنگاوە ئامانجی ڕێگریکردنە لە حەواڵەی وەهمی و، کەمکردنەوەی هەڵاوسانی پسوڵەكان و، دڵنیابوون لە هاتنە ژوورەوەی كاڵاكان بەشێوەیەمی فەرمی و یاسایی، لەهەمان کاتدا کۆکردنەوەی تەواوی باجەکانی دەوڵەت. سێیەم: گەرەنتی باج بە کەڵکوەرگرتن لە سیستەمی (ئەسیكۆدا)، حکومەت دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی سیستەمی گەرەنتی باج بۆ کاڵا هاوردەکراوەکان لە کاتی گەیشتنیان، بەپێی ڕێژەی دیاریکراوی پێشوەختە. بۆ ئەوەی لە كۆتایی ساڵ دارایدا پاكتاوی كۆتایی باج بكرێت، کە شایستەی باج لەسەر کۆمپانیا ئەژماردەكرێت و لەو بڕە پارەی گەرەنتییە دەبڕدرێت؛ كە لە پرۆسەكانی هاوردەكردن كۆكراوەتەوە.  ئەم سێ رێوشوێنە كرۆكی ئەو شتانەن کە لە سەرەتای ساڵی 2026وە دەست بە جێبەجێكردنیان كراوە. رەنگە پرسیارێک سەبارەت بە بەرزی ڕێژەی پێناسی گومرگی سەرهەڵبدات. دەبێت ئەوە ڕوون بکرێتەوە کە دانانی ئەم رێژانە لە چوارچێوەی دەسەڵاتی جێبەجێکردندا نییە، بەڵکو لە پسپۆڕی دەسەڵاتی یاساداناندایە کە لە ساڵی 2010 یاساکەی دەرکردووە، بۆیە هەر هەوڵێک بۆ هەموارکردنەوەی ئەو رێژانە دەبێت ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت، حکومەت بەرپرسیارێتی یاسا بەركارەكانی ناكەوێتە ئەستۆ.  پرسیارێکی تر کە ڕەنگە سەرهەڵبدات ئەوەیە: بۆچی ئێستا ئەم میکانیزمانە جێبەجێ کران؟ وەڵامەمە بەسادەیی ئەوەیە کە دواجار دەوڵەت ئەو پڕۆژەیەی تەواو كردووە کە لەمێژە چاوەڕوان دەکرا بۆ ئۆتۆماتیکیکردنی گومرگی و دەروازە سنورییەکان، پڕۆژەیەک کە دواکەوتنەکەی لە ساڵانی رابردوودا سوودی بۆ زۆر کەس هەبووە. سەبارەت بە هۆکاری پشت بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، رەنگدانەوەی لایەنێکی بەرچاوە لە دابەزینی قاچاخی دراو و هەڵئاوسانی پسوڵەكان. لەگەڵ توندكردنەوەی چاودێری و جێبەجێكردنی ئەم رێكارانە، ئەوانەی بۆ مەبەستی ناڕەوا بەدوای دۆلاردا دەگەڕێن، ڕوویان لە بازاڕی هاوتەریب "بازاڕی رەش" کردووە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کەمییەی لە بازاڕی فەرمیدا هەیە. سەبارەت بە گلەیی بەشێک لە بازرگانان لەبارەی سەختی دەستڕاگەیشتن بە پلاتفۆرمەکان یان وەڵامدانەوەی خاو لەلایەن هەندێک لە بانکەکانەوە، ئەمە لە قۆناغە سەرەتاییەکانی جێبەجێکردندا چاوەڕوانكراوەو، پێویستی بەكاتە بۆ لەخۆگرتنی هەموو بازرگانەكان و رێكخستنی كارەكانیان و دڵنیابوون لە یاسایی و دروستی رێکارەکان. گرنگترین پرسیار كە دەمێنێتەوە: ئایا نرخەكان بەرزدەبنەوە؟ واقیعەکە ئەوەیە کە بەرزبوونەوەی دۆلار تاکە کاریگەری نابێت. پێشبینی دەکرێت نرخی زۆرێک لە کاڵاکان بەتایبەت کاڵا بەکاربەرەکان بەرزببێتەوەو ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان. لەم چوارچێوەیەدا، پێویستی بە ڕێوشوێنی ئابوری "نەشتەرگەری" هەیە بۆ زیادکردنی داهاتی نانەوتی، سەرەڕای لێکەوتەكانی لەسەر هاوڵاتی لە قۆناغی ئایندەدا. گرنگترین ئاڵنگاری لەبەردەم دەوڵەتدا بمێنێتەوە بریتییە لە پارێزگاریكردن لە سەقامگیری نرخی كاڵا بنەڕەتییەكان، لە پێش هەمووشیانەوە خۆراک، دەرمان و گواستنەوە، ئەمەش بۆئەوەی هاوڵاتی ئاسایی قورسایی ئەم گۆڕانكارییەی نەكەوێتە سەرشان. 


*سه‌نگه‌ر رسول له‌ئێستادا پرۆسه‌ی دادگاییكردنی نیكۆلاس مادۆرۆ سه‌رۆكی ڤه‌نزوێلا، له‌دادگاكانی نیویۆرك له‌خاكی ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌رێوه‌ده‌چێت. ئه‌مه‌ش له‌رووی یاسایی بوونی دادگاییكردنه‌كه‌و یاسا و په‌یماننامه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و سه‌روه‌ری ده‌وڵه‌تان و چۆنییه‌تی ده‌سگیركردنی، كۆمه‌ڵێك پرسی یاسایی په‌یوه‌سته‌ به‌كرده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و په‌یوه‌ندی رێكخراوی ده‌وڵه‌تان دێنێته‌ پێشه‌وه‌.  له‌م شیكاره‌دا، له‌سه‌ر دوو پرسی سه‌ره‌كی ده‌وه‌ستین؛ 1) له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌كی یاسایی، دادگاكانی ئه‌مریكا ده‌توانن سه‌رۆكی ووڵاتێك دادگایی بكه‌ن به‌بێ گه‌رانه‌وه‌ بۆ بابه‌ته‌كانی پێشێڵكردنی سه‌روه‌ری و پارێزبه‌ندی و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان؟ ئایا مادۆرۆ ده‌توانرێت به‌ دیلی جه‌نگ هه‌ژمار بكرێت؟ ئه‌كه‌ر ناكرێت، هۆكاری دادگاكانی ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی چییه‌؟ 2)كه‌یسی مانوێل نۆریگا كه‌ فه‌رمانڕوای په‌نه‌ما بوو، به‌هه‌مانشێوه‌ی مادۆرۆ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئه‌مریكا ده‌ستگیركراو له‌سه‌ر خاكی ئه‌مریكا دادگایی كراو ئه‌م كه‌یسه‌ش ده‌كرێت ببێته‌ بنه‌مایه‌ك بۆ دادگاییكرنی مادۆرۆی سه‌رۆكی ڤه‌نزوێلا یه‌كه‌م: دادگاییكردنی كه‌سایه‌تییه‌ بیانییه‌كان له‌ژێر ڕۆشنایی یاساو سیاسه‌ته‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌كاتی دادگاییكردنی هه‌ر سه‌ركرده‌وه‌ فه‌رمانڕه‌وایه‌كی بیانی له‌دادگاكانی  ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، به‌تایبه‌ت له‌حاڵه‌تی ده‌گمه‌نی وه‌ك فڕاندن و ده‌سگیركردنی له‌ده‌ره‌وه‌ی سنووری ووڵاته‌كه‌ی و روودانی پێشێڵكاری یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ئه‌وا كه‌سی تۆمه‌تبارو ده‌سگیركراو (وه‌كو مادۆرۆ)، ده‌توانێت له‌سه‌ر بنه‌مای یاساو په‌یماننامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌رگری له‌خۆی بكات و مادده‌و حوكمه‌كان له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆی به‌كاربهێنێت. ئه‌م به‌رگریكردنه‌ یاساییانه‌ش به‌پێی ده‌ستوور، یاسا كارپێكراوه‌كان و په‌یماننامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌پێی ته‌فسیری جیاوازی یاسایی له‌هه‌ردوو لقی/ده‌سه‌لاتی (یاسادانان و جێبه‌جێكردن)، رێكخراون و به‌پێی سروشتی كه‌یسه‌كه‌و په‌یوه‌ندی به‌ سیاسه‌ته‌كانی ده‌ره‌وه‌، ئه‌وا دامه‌زراوه‌ یاساییه‌كانی ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ دا ده‌كه‌ن. به‌مشێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌: أ)سه‌روه‌ری و پارێزبه‌ندی سه‌رۆكی ووڵاتان به‌پێی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌ باوه‌كان و ته‌نانه‌ت یاساكانی په‌یوه‌ست به‌سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاش، سه‌رۆكی ووڵاتان و به‌شێك له‌ پله‌داره‌ به‌رزه‌كانیش پارێزبه‌ندییان هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر هه‌ر گرتن و دادگاییكردنێك، تاوانكاریش بێت. ته‌نها له‌و حاڵه‌تانه‌ نه‌بێت، كه‌ به‌پێی یاسا سه‌رۆكه‌كه‌ شه‌رعییه‌تی نه‌بێت یاخود له‌ده‌ستی دابێت، یاخود به‌هه‌ر هۆكارێكی دیكه‌ پارێزبه‌ندییه‌كه‌ی نه‌مابێت. ئه‌مه‌ش ده‌یانپارێزێت له‌هه‌ر دادگاییكردنێك و له‌زۆر باریشدا ته‌نانه‌ت دوای جێهێشتنی كورسی سه‌رۆكایه‌تیش ئه‌و پارێزبه‌ندییه‌ هه‌ر ده‌مێنێت.  بۆیه‌ لێره‌دا، له‌ كه‌یسی مادۆرۆ، به‌دوو میتۆدوبنه‌مای یاسایی، دادگاكانی ئه‌مریكا ده‌توانن ئه‌و پارێزبه‌ندییه‌ پوچه‌ڵ بكه‌نه‌وه‌، ئه‌وانیش له‌رێگه‌ی دوو پرسیار:     ئایا ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، نیكۆلاس مادۆرۆی وه‌كو سه‌رۆكی شه‌رعی و هه‌ڵبژێردراوی په‌نه‌ما قبوڵ كردووه‌؟     ئایا كرده‌ تاوانكارییه‌كانی مادۆرۆ، وه‌كو بازرگانیكردن و كارئاسانی بۆ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان، ده‌چنه‌ خانه‌ی كارو ئه‌ركی سه‌رۆكی ڤه‌نزوێلا یاخود ده‌بنه‌ كرده‌ی تایبه‌تی و كه‌سی؟  ب)بنه‌ما یاساییه‌كانی ده‌وڵه‌ت بۆ ده‌وڵه‌ت ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌پێی بنه‌ما یاساییه‌كانی ده‌وڵه‌ت، دادگاكانی ئه‌مریكای ناچاركردووه‌، ئه‌و كه‌یسانه‌ی دژ به‌ چالاكییه‌كانی ده‌وڵه‌تی بیانی له‌سه‌ر خاكه‌كه‌ی ئه‌نجام ده‌درێن، نه‌بینرێن. ئه‌مه‌ش زیاتر له‌وكه‌یسه‌ مه‌ده‌نیانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌چاڵاكییه‌كانی ده‌وڵه‌تی بیانی، نه‌ك كرده‌ی تاوانی راسته‌وخۆ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دادگاكانی ئه‌مریكا خوێندنه‌وه‌و ته‌فسیری خۆیان ده‌كه‌ن و له‌سه‌ر چه‌ند بنه‌مایه‌ك بڕیار ده‌ده‌ن كه‌ كه‌یسه‌كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ سیاسه‌ت و كاری ده‌وڵه‌ت بۆ ده‌وڵه‌ت؟ به‌تایبه‌تیش له‌رێگه‌ی ئه‌م پرسیارانه‌وه‌؛     ئایا ئه‌گه‌ر دادگا رێككاره‌ یاساییه‌كانی بگرێته‌به‌ر، ئه‌وا نابێته‌ ده‌ستوه‌ردان له‌كاری ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن و سیاسه‌ته‌كانی ده‌ره‌وه‌ی؟ ئایا ئیحراجی گه‌وره‌ بۆ ده‌وڵه‌ت دروست ده‌كات؟     ئایا ئه‌و كرده‌یه‌ له‌چوارچێوه‌ی كاری ده‌وڵه‌تی دابووه‌ له‌سه‌ر خاكی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی یاخود نا؟ بۆیه‌ به‌ته‌ماشاكردنی ئه‌و پرسیاره‌ یاساییانه‌، تێده‌گه‌ین له‌كه‌یسی مادۆرۆ دا، مه‌حاڵه‌ رێگری یاسایی هه‌بێت بۆ دادگاكانی ئه‌مریكا، له‌به‌رئه‌وه‌ی تاوانی مادده‌ی هۆشبه‌ر ناچێته‌ خانه‌ی كارو چاڵاكی ده‌وڵه‌تدارییه‌وه‌و په‌یوه‌ست نابێت به‌سه‌روه‌ری ده‌وڵه‌تی بێگانه‌وه‌. ج)ئاڵنگارییه‌كانی به‌رده‌م پرۆسه‌ی دادگاییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌ی ده‌وڵه‌ت له‌كه‌یسی مادۆرۆ دا، له‌وانه‌یه‌ ئه‌و پرسه‌ بێته‌ پێشه‌وه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر تۆمه‌ته‌كانی راستیش بن، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كرده‌كه‌ له‌ناو خاكی ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ئه‌نجامنه‌دراوه‌، كه‌واته‌ نابێت حوكم و یاساكانی ئه‌و ووڵاته‌ی به‌سه‌ردا جێبه‌جێ بكرێـت به‌تایبه‌تیش كه‌ راسته‌وخۆ تاوانه‌كه‌ له‌ناو ووڵاته‌كه‌ ئه‌نجام نه‌دراوه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ش به‌پێی بنه‌ما یاساییه‌كانی ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا ره‌تده‌كرێنه‌وه‌، به‌و پێیه‌ی:     ده‌وڵه‌ت رێپێدراوه‌ هه‌ر تۆمه‌تبارێك له‌ده‌ره‌وه‌ی خاكی خۆشی بێت، ئه‌وا بێنێته‌ به‌رده‌م دادگا ئه‌گه‌ر راسته‌وخۆ تاوانه‌كه‌ی كاریگه‌ری له‌سه‌ر ناوخۆی ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاوه‌ هه‌بووبێت.     بۆیه‌ له‌كه‌یسی مادۆرۆ، كه‌ تێوه‌گلاوه‌ به‌هه‌نارده‌كردنی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان بۆ ناو خاكی ئه‌مریكا ئه‌وا راسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌وڵه‌ت و هاووڵاتیان هه‌بووه‌و بۆیه‌ به‌پێی عورف و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش ئاساییه‌ به‌و تۆمه‌تانه‌ دادگایی بكرێـت. هه‌رچه‌نده‌ تاوانه‌كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌نجامدراوه‌ به‌ڵام ئامانجه‌كه‌ی ووڵاته‌كه‌ بووه‌و ئه‌مه‌ش ده‌ستی دادگاكان زیاتر واڵا ده‌كات. د)ئاڕگومێنته‌ یاساییه‌كانی چۆنییه‌تی ده‌سگیركردن و دادپه‌روه‌ری دادگا له‌پرسی ده‌سگیركردنی مادۆرۆ دا، چه‌ند پرسێكی یاسایی په‌یوه‌ست به‌ سیستمی نێوه‌ده‌وڵه‌تی و سه‌روه‌ری ده‌وڵه‌تان دێته‌ پێشه‌وه‌ كه‌ ده‌بنه‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ی وه‌كو مادۆرۆ له‌به‌رگری كردن له‌خۆیان پشتی پێده‌به‌ستن، له‌وانه‌:     شێوازی گرتنه‌كه‌ دژ به‌ بنه‌ما ده‌ستووری و یاساییه‌كانه‌؟     تۆمه‌تبار ده‌توانێت بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ برگه‌ی چواره‌می مادده‌ی 2 له‌ جارنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، كه‌ تێیدا هاتووه‌: نابێت سه‌روه‌ری ده‌وڵه‌تان پێشێڵ بكرێت و ده‌ستوه‌ردان بكرێت و هێزی (سه‌ربازی) به‌كاربێت دژی وولاته‌كه‌     یاخود به‌پێی رێككه‌وتننامه‌كانی ژنێڤ، ئه‌وا مادۆرۆ داوا بكات وه‌كو دیلی جه‌نگ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت و دادگایی بكرێت! له‌به‌رامبه‌ردا، دادگاكانی ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بۆ ئه‌و پرسانه‌ وه‌ڵام و رێككاری یاسایی خۆیان هه‌یه‌و سه‌رجه‌م به‌رگرییه‌كانی مادۆرۆ ره‌ت ده‌كرێنه‌وه‌، چونكه‌:     دادگای ئه‌مریكا، كێشه‌ی له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی گرتن و گواستنه‌وه‌ی تۆمه‌تباره‌كه‌ نییه‌، به‌ڵكو ئاماده‌بوونی له‌دادگا گرنگه‌ بۆ ته‌واوكردنی رێككاره‌ یاساییه‌كانی و جێبه‌جێكردنی دادپه‌روه‌ری.     له‌باره‌ی پرسی سه‌روه‌ری و یاخود پێشێڵكاری به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تی دیكه‌، ئه‌وا دادگاكانی ئه‌مریكا زیاتر پشت به‌ یاسای كارپێكراو یاخود په‌سندكراو له‌لایه‌ن كۆنگرێسه‌وه‌ كه‌ ده‌رده‌چن، رێككاره‌ یاساییه‌كانی خۆی رێك ده‌خات و ناگه‌رێته‌وه‌ بۆ یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان. واتا ده‌بێت یاسایه‌ك هه‌بێـت رێگری بكات یاخود كۆنگرێس یاسایه‌ك ده‌ربكات بۆ رێگه‌گرتنی دادگاییه‌كه‌.     دادگاكانی ئه‌مریكا رێز له‌یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی ده‌گرن به‌ڵام تۆماتیكی و راسته‌وخۆ جێبه‌جێ ناكرێت، ده‌بێت بنه‌مایه‌كی یاسایی هه‌بێت بۆ جێبه‌جێكردنیان. بۆیه‌ ئه‌و ره‌خنه‌و تێبینیانه‌ی له‌لایه‌ن شاره‌زاو كه‌سانی ئه‌كادیمی و ئه‌وانی دیكه‌وه‌ كه‌ ئاراسته‌ی دادگاییكردنه‌كه‌ی مادۆرۆ ده‌گیرێن، بۆ دادگاكانی ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا نابنه‌ بنه‌مایه‌كی یاسایی و به‌ڵكو وه‌كو پرسێكی سیاسی لێی ده‌روانن. به‌شی دووه‌م: كه‌یسی هاوشێوه‌؛ ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر نۆریگا(دیكتاتۆری په‌نه‌ما 1983-1989 ) كه‌یسی دادگاییكردنی نیكۆلاس مادۆرۆ سه‌رۆكی ڤه‌نزویڵا له‌لایه‌ن دادگاكانی ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاوه‌، هاوشێوه‌ی كه‌یسی مانوێل نۆریگا(دیكتاتۆری په‌نه‌ما 1983-1989 ). هه‌رچه‌نده‌ نۆریگا وه‌كو پۆست سه‌رۆك نه‌بوو، به‌ڵام 6 ساڵ حوكمی ووڵاته‌كه‌ی كرد. له‌دواجاریشدا له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئه‌مریكاوه‌ ده‌سگیركراو به‌تاوانی قاچاخی وبازرگانی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌ساڵانی 1991-1992 له‌ ولایه‌تی فلۆریدای ئه‌مریكا دادگایی كرا، كه‌ ده‌توانرێت ببێته‌ بنه‌مایه‌كیش بۆ پێشبینكردن و تێگه‌یشتن له‌ دادگاییكردنی مادۆرۆ. أ)دادگاییكردنی كه‌سانی بیانی دادگاییكردنی نۆریگا، به‌دادگاییكردنێكی دادپه‌روه‌رانه‌ له‌قه‌ڵه‌م دراوه‌ به‌وپێی ناكۆك نه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ یاساكانی نێوده‌وڵه‌تی و یاسا كارپێكراوه‌كانی ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، به‌وه‌ی:     دادگا ئه‌وه‌ی سه‌لماند كه‌ نۆریگا جێی بۆ به‌رهه‌مهێنانی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان فه‌راهه‌م كردووه‌و رێگه‌شی بۆ هه‌نارده‌كردنی كاڵاكه‌ بۆ ناوخاكی ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا خۆشكردووه‌و ئه‌مه‌ش به‌به‌شداری راسته‌وخۆی تاوانه‌كه‌ له‌ناوه‌وه‌ی ووڵات هه‌ژمار ده‌كرێت.     ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كه‌ ده‌ستوه‌ردان له‌هه‌ر كرده‌یه‌كی ده‌ره‌وه‌ بكات كه‌ كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر ووڵات دروست بكات و ئازارو نه‌هامه‌تی بهێنێت. ب)پارێزبه‌ندی سه‌رۆكی ووڵات  دادگاكانی ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، ره‌تیكرده‌وه‌ مانوێل نۆریگا خاوه‌ن پارێزبه‌ندی سه‌رۆكی ووڵات بێت، به‌وپێیه‌ی:     به‌پێی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن (حكومه‌تی ئه‌مریكی)، نۆریگا شه‌رعییه‌تی سه‌رۆكی ووڵاتی نه‌بووه‌.     كرده‌كانی زیاتر كرده‌ی كه‌سین و ناچنه‌ چوارچێوه‌ی كرداری ده‌وڵه‌تدارییه‌وه‌. ج)داواكاری بۆ جێبه‌جێكردنی یاسا و په‌یماننامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان نۆریگا داوایكرد به‌پێی په‌یماننامه‌ی ژنێڤ، وه‌كو دیلی جه‌نگ هه‌ژمار بكرێت و دادگایی بكرێت، له‌ئێستاشدا مادۆرۆ هه‌مان داوای له‌دادگا كردووه‌، چونكه‌ به‌هۆی هێزی سه‌ربازی ده‌ره‌كییه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌. به‌ڵام ئه‌و داوایه‌ش له‌لایه‌ن دادگاكانی ئه‌مریكاوه‌ ره‌تكراوه‌و ئاماژه‌یان به‌وه‌دا:     په‌یماننامه‌كانی ژنێڤ راسته‌وخۆ وه‌كو یاسا له‌دادگا مه‌ده‌نییه‌كانی وولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا جێبه‌جێ ناكرێن.     هه‌روه‌ها دادگا مه‌ده‌نییه‌كانی وولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا رێز له‌ناوه‌رۆك و حوكمه‌كانی په‌یماننامه‌كانی ژنێڤ ده‌گرن، به‌ڵام له‌رووی پراكتیزه‌كردنی وه‌كو خۆی كێشه‌ی یاسایی هه‌یه‌. د)نایاساییبوونی پرۆسه‌ی ده‌ستگیركردن دادگاكانی ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ره‌تی كرده‌وه‌ تانه‌ له‌چۆنییه‌تی ده‌سگیركردنی مانوێل نۆریگا حوكمڕانی ئه‌وكاتی په‌نه‌ما بگرێت و ببێته‌ هۆكارێك بۆ دادگایی نه‌كردنی. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی خسته‌روو، كه‌ چۆنییه‌تی ده‌سگیركردنی تۆمه‌تباران هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌تایبه‌تمه‌ندی رێككاره‌كانی دادگاییكردن و دادپه‌ره‌وه‌رییه‌وه‌ نییه‌ و دادگا كاری خۆی دیاره‌. له‌باره‌ی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیشه‌وه‌ دادگا ئه‌وه‌ی خسته‌روو، كه‌ هیچ یاسایه‌كی نێوده‌وڵه‌تی رێگری له‌دادگایه‌كی مه‌ده‌نی ناكات تۆمه‌تبارێك به‌تۆمه‌تی ئه‌نجامدانی تاوان له‌ناوخۆ ووڵاته‌كه‌ دادگایی بكات و ئه‌مه‌ش یه‌كانگیره‌ له‌گه‌ڵ بنه‌ما یاساییه‌كان. ده‌رئه‌نجام: له‌كه‌یسی دادگاییكردنی نیكۆلاس مادۆرۆ سه‌رۆكی ڤه‌نزوێلا و دادگاییكردنی له‌سه‌ر خاكی ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و په‌یوه‌ندی به‌په‌یماننامه‌ و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ئه‌و شیكاره‌ هه‌وڵیدا ئه‌وه‌ بخاته‌روو كه‌ سیستمی یاسایی و دادپه‌روه‌ری ئه‌مریكا سیستمێكی سه‌ربه‌خۆو ئاڵۆزه‌و ده‌بێت خوێندنه‌وه‌ت بۆ یاساكانی ئه‌و ووڵاته‌و شێوازی كاری ده‌سه‌ڵاته‌كانی یاسادانان و جێبه‌جێكردن له‌پرسی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ ئاشنا بیت ئه‌وكات روون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ بۆ چی دادگاییكردنی سه‌رۆكی ووڵاتێك به‌ كرده‌یه‌كی نایاسایی یاخود پێشێڵكردنی سه‌روه‌ری یاسای ده‌وڵه‌تێك هه‌ژمار ناكرێت؟  ئه‌وه‌ی روونه‌، مادۆرۆی سه‌رۆكی ڤه‌نزوێلا، به‌پێی خوێندنه‌وه‌ی یاساكانی ئه‌مریكاو شێوازه‌كانی پارێزبه‌ندی و چۆنییه‌تی جێبه‌جێكردنی یاساو په‌یماننامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌چوارچێوه‌ی دادگا مه‌ده‌نییه‌كانی ئه‌مریكاو هه‌روه‌ها كه‌یسی هاوشێوه‌ی حاكمی په‌نه‌ما كه‌ به‌هه‌مان تۆمه‌ت دادگاییكراوه‌ له‌سه‌ره‌تای 1990كاندا، ئه‌وا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ مادۆرۆ زیاتر وه‌كو بازرگانێكی ماده‌ی هۆشبه‌ر و تاوانه‌كانی دیكه‌ی وه‌كو پیلان گێران و دروستكردنی كارگه‌ی چه‌كی درۆن به‌پاڵپشتی ئێران دادگایی ده‌كرێت نه‌ك وه‌كو سه‌رۆك ووڵاتێكی خاوه‌ن سه‌روه‌ری و شه‌رعییه‌تی سیاسی. خاڵێكی دیكه‌ش گرنگه‌ باس بكرێت ئه‌وه‌یه‌، كه‌ گرتن و دادگاییكردنی مادۆرۆ كاری سه‌عاتێك نییه‌، به‌ڵكو چه‌ند مانگێكه‌ ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكی خۆی بۆ ئاماده‌كردووه‌و بۆ هه‌ر تۆمه‌تێكیش به‌دڵنییاییه‌وه‌ به‌ده‌یان به‌ڵگه‌و دۆكیومێنت و شاهێدیش ئاماده‌كراون.  ئه‌وه‌ی پێویسته‌ بوترێت، مادۆرۆی سه‌رۆكی ڤه‌نزوێلا نه‌ شه‌رعییه‌تی سه‌رۆكی هه‌یه‌ تاوه‌كو پارێزبه‌ندی هه‌بێت، نه‌ ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاش به‌فه‌رمی جه‌نگی له‌گه‌ڵ ڤه‌نزوێلا راگه‌یاندووه‌ تا وه‌كو دیلی جه‌نگ له‌چوارچێوه‌ی په‌یماننامه‌ی ژنیڤ دادگایی بكرێت. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و زانایان و پسپۆرانی په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ره‌خنه‌ له‌شێوازی هێرش كردن و ده‌سگیركردنی سه‌رۆكی ووڵاتێك ده‌گرن و به‌پێشێڵكردنی سه‌ره‌وه‌ری ده‌وڵه‌ت حسابی ده‌كه‌ن. ئه‌و ره‌خنه‌و تۆمه‌تانه‌ش نابنه‌ بنه‌مای یاسایی له‌دادگاكانی ئه‌مریكا و مادۆرۆی پێ رزگار ناكرێت. چونكه‌ دادگانی ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، ئه‌وله‌وییه‌تییان یاسا ناوخۆییه‌كانیانه‌ له‌تاوانی وه‌كو ماده‌ی هۆشبه‌رو زیان گه‌یاندن به‌خه‌ڵك و خاكی ئه‌مریكا نه‌ك په‌یماننامه‌و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان. *توێژه‌ر له‌بواری په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وله‌تییه‌كان و ئابووری سیاسی    


درەو: لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا هەرێمی كوردستان بەداهاتی نەوت و نانەوتیەوە بڕی (1 ترلیۆن و 577 ملیار) دیناری داوە بە حكومەتی عێراق، لەبەرامبەردا بەغداد بڕی (2 ترلیۆن و 830 ملیار)ی بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە، جیاوازییەكە دەكاتە بڕی (1 ترلیۆن و 253 ملیار) دینار. شیكاری بۆ راپۆرتێكی (فەرمانگەی میدیاو زانیاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان) هەرێمی کوردستان لە بەرواری 27-9-2025 تاوەکو 31-12-2025 دەستی بە هەناردەی نەوت كردووە لە رێگای سۆمۆوە -    كۆی گشتی نەوتی فرۆشراوی هەرێم: 19،584،871 بەرمیل بووە -    مانگی 9: 814،491 بەرمیل -    مانگی 10: 6،030،574 بەرمیل -    مانگی 11: 6،542،088 بەرمیل -    مانگی 12: 6،207،718 بەرمیل بە تێكڕا بەرمیلی نەوت بە (62) دۆلار فرۆشراوە -    كۆی داهاتی نەوتی هەرێم لەو سێ مانگەدا: 1,214,882,002 دۆلار -    كۆی داهاتی نەوتی هەرێم بە دینار: 1,640,090,702,700 دینار لەو ماوەیەدا: كۆی پارەی هاتوو لەبەغدادەوە بۆ موچەی موچەخۆران: ( 2,830,536,618,822) دینار بووە: -    مانگی 10: 945،817،430،551 دینار -    مانگی 11: 941،874،188،271 دینار -    مانگی 12: 942،845،000،000 دینار كۆی پارەی نانەوتی نێردراوی هەرێم بۆ بەغداد (360،000،000،000) ملیار دینار بووە: -    مانگی 8: 120،000،000،000 دینار -    مانگی 9: 120،000،000،000 دینار -    مانگی 10: 120،000،000،000 دینار كۆی پارەی كرێی كۆمپانیاكان بەرمیلی (16) دۆلار كە لە داهاتی نەوتی هەرێم دەركراوە : -    كۆی پارەی كۆمپانیاكان:  313,357,936 دۆلار -    كۆی پارەی كۆمپانیاكان:  423,033,213,600 دینار كۆی گشتی داهاتی نەوتی هەرێم بۆ بەغداد: 1,640,090,702,700 دینار  -    كۆی پارەی كرێی كۆمپانیاكانی نەوت:  423,033,213,600 دینار كۆی پارەی هەرێم بۆ بەغداد:  -    پوختەی داهاتی نەوتی هەرێم دەكاتە: 1,217,057,489,100 دینار -     داهاتی سێ مانگی نانەوتی بۆ بەغداد: 360،000،000،000 ملیار دینار كۆی گشتی پارەی هەرێم بۆ بەغداد: 1,577,057,489,100 دینار كۆی گشتی پارەی بەغداد بۆ هەرێم و پارەی هەرێم بۆ بەغداد: -    پارەی بەغداد بۆ هەرێم سێ مانگ : 2,830,536,618,822 دینار -    كۆی گشتی پارەی هەرێم بۆ بەغداد: 1,577,057,489,100 دینار جیاوازییەكە دەكاتە: 1,253,479,129,722 دینار كۆی پارەی هاتوو لە بەغداد بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان زیاتر لە (2 ترلیۆن و 830 ملیارو 536 ملیۆن و 618 هەزارو 822) دینار بووە. كۆی پارەی داهاتی نانەوتی و نەوتی هەرێم بۆ بەغداد (بە لێدەركردنی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك بۆ كۆمپانیاكان)، ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ هەرێم لەو پرۆسەیەدا لە ماوەی سێ مانگادا (10-11-12) بریتییە لە :  بڕی (1 ترلیۆن و 253 ملیار و 479 ملیۆن و 129 هەزار و 722) دینار


مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو) ئەوەی لە ماوەی پێشوودا ئاگای لە شێوازی هەڵبژاردنی جێگری دووهەمی سەرۆکی پەرلەمان لە بەغداد بووبێت، ئەو راستییە سادەیەی بۆ دەردەکەوێت، کە شتێک لە دونیای ئێمەدا بەناوی «چوارچێوەیەکی نیشتیمانیی» و «نەتەوەیی»ەوە بوونی نییە. هاوکات نە هۆشیارییەکی بان-بنەماڵەیی و بان-حیزبیی بوونی هەیە، نە هیچ میکانیزم و هەوڵێک بۆ دروستکردنی ئەو چوارچێوە نەتەوەیی و نیشتیمانیانە. تاقە یەک بکەری سیاسییش بوونی نییە کە دروستکردنی ئەو چوارچێوانە بنەمای بیرکردنەوە و ژێرخانی سایکۆلۆژیا سیاییەکەی، بێت. ئەوەی هەیە سەرجەمی یەکە سیاسیی و فەرهەنگیی و سایکۆلۆژییەکانی بەر لە دروستبوونی نەتەوە و نیشتیمانە. بێگومان ئەمە یەکەمینجار نییە ئەم راستییە سادانە ببیندرێن و باسبکرێن، یەکەمجار نییە کۆمەڵگای ئێمە ڕووی  بەڕووی ئەم راستییە سادانەدا بتەقێتەوە، هاوکات دروستنەبوونی ئەو چوارچێوانە  راستییەکی تریشمان نیشانئەدات، کە نەبوونی توانای بیستن و بینینە لای ئەم بکەرانە و نیشتەجێبوونیانە لەناو دەیان چاڵ و قۆرت و تەڵەی خێزانیی و بنەماڵەیی و حیزبییدا، کە هاتنە دەرەوە لێیان، لەناو ئەو سیستمانەدا کە سەروەر کراون، لە مەحاڵ نزیکبۆتەوە.  هۆکاری سەرەکیی ئەم ئیفلیجبوونە سیاسییەش پەیوەندیی بەو ڕاستییەوە هەیە کە «هۆشیاریی نیشتیمانیی» و «نەتەوەیی»، تەنها سەر بە بزاوتێکی ئایدیۆلۆژیی نین، تەنها بەرهەمی بزوتنەوەیەکی سیاسییش نییە، هەرگیز پروپاگەندەی بەتاڵ و زمانێکی رەمزیی بێناوەرۆکیش ناتوانێت دروستیانبکات، بەڵکو ئەو جۆرە هۆشیاریە شێوازێکی تایبەتە لە ژیان، جۆرێکە لە تاکەکەسبوون و سیاسەتێکی تایبەتی خودسازیی دروستیدەکات. بەشێکە لە ژیانی رۆژانە و لەو بڕیار و وێنە و رەمزانەی لە ژیانی رۆژانەدا دروستدەکرێن. «هۆشیاری نیشتیمانیی» و «نەتەوەیی» هۆشیاریەک نییە لە ساتەوەختی دروستبوونی تەماحی سیاسییدا پەنای بۆبرێت، یان ویستی دەرکەوتنی ئەم یان ئەو سیاسیی و یان ئەم یان ئەو بکەر دروستیبکات، بەڵکو بەشێکی دانەبڕاوە لە ژیانی رۆژانەی کۆمەڵگا و خودی کۆمەڵگاکەش بە بەردەوامیی لەناو تەفاسیلەکانی ئەو ژیانەدا، دەژیی و کاردەکات. لەم دۆخەدا ئەو هۆشیارییە کاریگەریی هەمەلایەن لەسەر شێوازی وێناکردنی خود بۆ خۆی و وێناکردنی بۆ ئەوانیتر و بۆ جیهان، جێدەهێڵێت. دەستنیشانی ئەوەدەکات مرۆڤەکان چۆن ئەزموونی شوناسی خۆیان و جۆری ژیان و شێوازی پەیوەندییەکانیان لەناو جیهاندا دەکەن. «هۆشیاری نیشتیمانیی» و «نەتەوەیی» کاتێک دەتوانێت وەک هۆشیارییەکی باڵادەست کاربکات، کە لەوەکەوتبێت وەک ئیادیۆلۆژیا و بزاوتێکی سیاسیی سەیربکرێت و بووبێت بۆ دیاردەیەکی «سروشتیی» ناو ژیانی رۆژانەی مرۆڤەکان.  ئەم جۆرە هۆشیارییە سەر بە دروستبوونی دونیای مۆدێرنە، دونیایەک لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەهەمەوە لە دروستبووندایە. تەنهاش کورتنەبۆتەوە بۆ ئایدیۆلۆژیایەک لە ئایدیۆلۆژیاکان، بەڵکو بەشێکە لە «هەبیتۆسی» تاکەکەسەکان لە کۆمەڵگادا. چەمکی «هەبیتۆس» یەکێکە لە چەمکە سەرەکییەکانی ناو کارەکانی کۆمەڵناسی فەرەنسی پیار بۆردیۆ. هێما بۆ ئەو مەیلە ناوەکییە قووڵ و ریشەدارە دەکات کە لەناو تاکەکەسەکاندا دروستدەبێت و کاریگەریی لەسەر شێوازەکانی بیرکردنەوە و هەستکردن و کار و کاردانەوەکان، بەجێدەهێڵێت. بە مانایەک لە ماناکان «هەبیتوس»  ئەو غەریزە کۆمەڵایەتییەیە کە ڕێنمایی چۆنیەتی ڕەفتارکردنی مرۆڤەکان دەکات.  ئەگەر هۆشیاریی نیشتیمانیی و نەتەوەیی وەک «هەبیتوس» ببینین، ئەمە مانای ئەوەیە ئەم هۆشیارییە تەنها بیرۆکە و قەناعەتێکی سیاسیی نییە، بەڵکو دیدگا و هەست و جۆرێک لە ئامادەگیی ناوەکیشە، کە کەسەکان وەک بەشێک لە خودی خۆیان و لە کەسایەتییان لەناویدا، دەژین. ئەم هۆشیارییە رۆڵ دەبینێت لە جۆری ئەو زمانەدا کە کەسەکان بەکاریدەهێنن، لەو دروستبوونی ئەو جۆرە هەست و باوەڕانەدا کە هەڵگرین، پەیوەندیی بە هیوا و ترس و گومانەکانیانەوە هەیە، لەناو جۆری خەمبارییە دەستەجەمعییەکانییاندا ئامادەیە. لەپێش هەمووانیشەوە پەیوەندیی بە جۆر و توانای شەرمکردنی نیشتیمانیی و سیاسییانەوە هەیە. هۆشیاریی نیشتیمانیی و نەتەوەیی جۆرێک لە شەرمی سیاسیی دروستدەکات کە وەک حەرام و سنوورێکي قايم کاردەکات، کە هیچ کەس و لایەن و هێزەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی، نەتوانێت لێی لابدات و حەرامەکانی پێشێل بکات.  لە ئاستی سیاسیشدا ئەم شێوازە لە هۆشیاریی نیشتیمانیی و نەتەوەیی، جۆرێک لە کەسایەتی سیاسی دروستدەکات، کە بەر لە هەمووشتێک، بوونەوەرێکی ئەخلاقیی و کۆمەڵایەتیی کراوەیە، نەک نارسیستێکی رقاویی داخراو.  لەم ڕوانینەدا بۆ هۆشیاریی نیشتیمانیی و نەتەوەیی دەتوانین بەو دەرەنجامە بگەین کە دونیای ئێمە، بە تایبەتی ناوەندە سیاسییەکەی، تەواو خاڵییە لەم جۆرە هۆشیارییە. ئەوەی هەیە و کاردەکات تێکەڵێکی بیمارە لە رق و بوغز و نارسیزم و داخران، لە تەماح و سایکۆلۆژیایەکی کۆنترۆڵنەکراو. ئەوەی غائیبە نیشتیمانە وەک نیشتیمان و نەتەوەشە وەک نەتەوە. ئەوەی سڕاوەتەوە یاداوەریی گشتیی کۆمەڵگاکەیە، وەک یاداوەرییەکی نیشتیمانیی و نەتەوەیی. نەبوونی شوناسێکیشە کە شوێنی بەشی هەرەزۆری ئەندامانی کۆمەڵگاکەی، تێداببەتەوە. ئەم هۆشیارییە هەڵگری دیدگایەکە بۆ مرۆڤ کە وەک بوونەوەرێکی خاوەن ماف و خاوەن کەرامەت دەیبینێت و ئەم ماف و کەرامەتەش لەناو کۆی دەزگا سیاسیی و کۆمەلایەتیی و بیرۆکراسییەکاندا ئامادەدەکات و دەیخاتەگەڕ.  هۆشیاریی نیشتیمانیی ونەتەوەیی چوارچێوەیەک دروستدەکات تیایدا هەستکردن بە خەمباری دەستەجەمعیی، شانازیی کۆیی، هاریکاریی و بەدەمەوەچوونی هاوبەش، دروستببێت. وێنەی مرۆڤەکان وەک هاوڵاتیی یەکسانی ناو یەک نیشتیمان سەروەردەکات. لە هەمانکاتدا چوارچێوەکی هاوبەشیش بۆ شەرمکردن، شەرمکردنێکی دەستەجەمعیی و تاکەکەسیی، دروستدەکات کە بتوانێت سنوورێک بۆ ناشیرینییەکانی ناو کۆمەڵگاکە و بۆ توانای پیادەکردنی حەرامی سیاسیی و تێپەراندنی حەرامە نیشتیمانییەکان، دابنێت. هۆشیاریی نیشتیمانیی و نەتەوەیی، هۆشیاریی دانانی چەندان سنووری ئەخلاقییە کە نەهێڵێت ناشیرینییەکان بە ئاستێک بگەن، مرۆڤ شەرم لە ئینتیمای بۆ نیشثیمان و بۆ نەتەوەکەی، بکاتەوە.  ئەوەی لە دونیای ئێمەدا پێویستە دروستببێت، بەر لە هەر شوێنێک لە ناوەندە سیاسیی و میدیایەکەدا، کە پرن لە سیاسیی رقاوی و بوغزاوی و لە میدیاکارنێکیش کە ئەو رق و بوغزەیان بەناوەکیکراوە. دەڵێم ئەوەی پێویستە دروستببێت، تێگەیشتنە لە هۆشیاریی نیشتیمانیی و نەتەوەیی وەک شێوازێک لە ژیان. وەک چوارچێوەیەک بۆ ڕێکخستنی تێگەیشتن و هەست و ئەخلاق و شوناسەکان. لە ڕێگای سیاسەتێکی تایبتیشەوە بۆ شەرمکردن سنوورێک بۆ ناشیرینییەکان دابنێت. لەم ئاستەدا ئەوەی دونیای ئێمە پێویستی پێیەتی دوو شتە. یەکەمیان، تاکەکەسێکی سەربەخۆیە، کە بوێریی و ئازادبوون دروستکردنی شوناس و شێوازی بیرکردنەوەی سەربەخۆی خۆی هەبێت. دووهەمیان "ئێمە"یەکی نیشتمانیی بەکۆمەڵە، کە شوێنی بۆ کۆی تاکە سەربەخۆ و خاوەن بڕیارەکانی تێداببێتەوە. ئەوەی کۆمەڵگای ئێمە پێویستیی پێیەتی ئاسۆیەکی ئەخلاقیی گشتییە لە چوارچێوەیدا مرۆڤەکان مێژو و ئازار و تەحەدا و پێشکەوتن و خەون و چاوەڕوانییەکانیان، نیشتەجێبکەن و مانایان پێببەخشن. لە کۆمەڵگای ئێمەدا، هۆشیاریی نیشتیمانیی و نەتەوەیی نەبۆتە بەشێک لە ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتییان. زۆربەی هێزە سیاسییەکان بە لۆژیکی بەر لە لەدایکبوونی نەتەوە و نیشتیمان بیردەکەنەوە و هەڵسوکەوت دەکەن.  بە هەمان لۆژیک کاری سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و بیرۆکراسیی و تەنانەت مەدەنی خۆیشیان ئەنجامئەدەن. ئەوەی لە سەروبەندی هەڵبژاردنی جێگری دووهەمی پەرلەماندا بینیمان و ئەوەی دەشێت لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراقدا بیبینین، سەدبارەبوونەوەی ئەم بیمارییە سیاسییە و ئەو باڵادەستییە گەورەیەی لۆژیکی بەر لە دروستبوونی نەتەوە و نیشتمان، بێت. سیاسەت لە هەرێمدا بووە بە چالاکیی پڕکردنی دەخیلە تایبەتەکان، نەک چالاکییەک لە هەوڵی دروستکردنی ژیانێکی گشتی هاوبەش و پێکەوەیی باشتردابێت.     


درەو: چەند سیناریۆیەك هەیە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری عێراق، هەرچەندە بەدوو ئاراستەو كاندیدی جیا دەچنە ناو پرۆسەكەوە، بەڵام جۆرێك لە لێكتێگەیشتن لە نێوان یەكێتی و پارتی درووستبووە لەسەر پۆستی سەرۆككۆمار و پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام هەردوولا داوای گرنتی دەكەن، یەكێتی داوای كردووە پارتی كاندیدی نەبێت بۆ پۆستی سەرۆككۆمار، لەبەرامبەردا یەكێتیش رازی بێت بە پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان. بەڵام بەهۆی نەبوونی متمانەو گرنتی، پارتی دیموكراتی كوردستان دوو كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆككۆمار پێشكەشكرد (فوئاد حسێن و نەوزاد هادی)، ئەمەش بۆ دوو ئەگەر دەگەڕێتەوە: -    پارتی دەیەوێت هاوشێوەی هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان كێشە بۆ یەكێتی درووست بكات، (سێ یەكی پەكخەر ) درووست بكات، چونكە دەبێت دوو لەسەر سێ ئامادەبن، كە دەكاتە (220) ئەندام لە كۆی (329) ئەندام بە پێچەوانەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان پێویستی بە (50+1) هەیە واتا لە كۆی (329) پێویستی بە (166) ئەندام هەیە، واتا پارتی و هاوپەیمانەكانی رێگە نەدەن نیساب تەواو بێت. -    پارتی داوای زەمانەت دەكات و متمانەی نیە بەوەی ئەكەر كاندیدی نەبێت، یەكێتی رازی دەبێت بە پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم. بەو پێیەی لە چەند رۆژی رابردوو چەندین گفتوگۆو كۆبوونەوە هەبووە، یەكێتی داوای لە پارتی كردووە كاندیدی نەبێت لەبەرامبەر ئەوەی پشتیوانی كاندیدی یەكێتی بكات، یەكێتی ئامادەیە بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان و هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكانی و دواتر هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم و راسپاردنی مەسرور بارزانی بۆ كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام پارتی داوای زەمانەتی كردووە بەوەی یەكێتی بەڵێنەكەی بەرێتە سەرو لە هەمانكاتیشدا كاندیدی هاوبەش یان كاندیدی یەكێتی بە رەزامەندی پارتی هەبێت. سەرچاوەیەكی باڵا بە (درەو) ی راگەیاند: لە دوو رۆژی رابردوودا گفتوگۆی چڕوپڕ هەبووە لە نێوان بەرپرسانی یەكێتی و پارتی، هەردوولا لێكتێگەیشتنیان هەبووە، كە لە كۆتایی پرۆسەكەدا پارتی كاندیدەكەی خۆی بكشێنێتەوە و دەنگ بدات بە كاندیدەكەی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عێراق، بە مەرجێك پێش هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری عێراق كە دواوادە 28/2/2026ە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێدرێت و سەرۆكی هەرێم سوێندی یاسایی بخوات و كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران (مەسرور بارزانی) رابسپێردرێت. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكرد كاندیدكردنی فوئاد حسێن بۆ ئەوەیە كە زەمانەت هەبێت كە یەكێتی لەو هەنگاوانەدا لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان دەڕوات، هەركات ئەو هەنگاوانە نراو سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێدراو سەرۆكی هەرێم سوێندی یاسایی خوارد و مەسرور بارزانی راسپێردرا بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەت پێش هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری عێراق ئەوا پارتی كاندیدی خۆی دەكشێنێتەوە و بە یەك كاندید لەگەڵ یەكێتی دەچنە كێبەركێی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری عێراق.  بەڵام پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری عێراق لەبەردەم چەند سیناریۆیەكدایە:  یەكەم: ئەگەر رێككەوتن و لێكتێگەیشتن نەكرێت بەتایبەت لە نێوان پارتی و یەكێتی، هەموو كاندیدەكان دەچنە  هۆڵێ پەرلەمان و هەڵبژاردن دەكرێت، لە گەڕی یەكەم كەس دوو لەسەر سێ واتا (220) دەنگ ناهیێنێت و دەچێتە گەڕی دووەم، لە گەڕی دووەم ئەگەری سەركەوتنی كاندیدەكەی یەكێتی بەهێز دەبێت چونكە پێویستی بە دەنگی زۆرینەیە. دووەم: ئەگەر رێككەوتن و لێكتێگەیشتن نەكرێت بەتایبەت لە نێوان پارتی و یەكێتی، پارتی لەگەڵ هاوپەیمانەكانی سێیەكی پەكخەر درووست دەكەن و رێگە نادەن نیساب تەواو بێت، یەكێتی ناچار دەبێت بە داوای پارتی رازی بێت، بەتایبەت دەبێت كاندێدێك بێت كە رەزامەندی پارتی لەسەر بێت، كە لەو حاڵەتەدا یەكێتی ناچار دەبێت كاندیدە فەرمیەكەی خۆی بكشێنێتەوە (نزار ئامێدی) كاندێدێك كە رەزامەندی هەردوولای لەسەر بێت (مەلا بەختیار یان لەتیف رەشید). سێیەم: ئەگەر رێككەوتن و لێكتێگەیشتن بكرێت بەتایبەت لە نێوان پارتی و یەكێتی، ئەویش دوو ئەگەر هەیە: -    یەكێتی و پارتی كاندیدەكانیان دەكشێننەوە بۆ كاندیدی هاوبەش لەو حاڵەتەدا كاندیدێك دەبێت كە رەزامەندی هەردوولای لەسەر بێت. -    پارتی رازی دەبێت بە كاندیدە فەرمییەكەی یەكێتی، لەبەرامبەردا یەكێتی رازی دەبێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم كە ئەویش كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان و سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێم و راسپاردنی مەسرور بارزانی بۆ كابینەی نوێ.  هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار بە پێی دەستور: لەدوای دانیشتنی یەكەم و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانەوە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت لەماوەی (30 رۆژ)دا؛ بەدەنگی (دوو لەسەر سێ) واتا لە كۆی (329 كورسی) بە دەنگی (220) كورسی، سەرۆك كۆماری نوێ هەڵبژێرێت (ئەمە بەگوێرەی ماددەی 72ی دەستور). خۆ ئەگەر لە خولی یەكەمی دەنگدان هیچ یەكێك لەوانەی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید كردبوو دەنگی (دوو لەسەر سێ)یان نەهێنا، ئەوا بەگوێرەی ماددەی (70ی دەستور)، لە گەڕی دووەمی دەنگداندا هەر كاندیدێك زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا دەبێت بە سەرۆك كۆمار.  


درەو: ڕاپۆرتی فەرمانگەی میدیاو زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان 🔹 لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا کۆی بودجەی فیدڕاڵیی عێراق (622  ترلیۆن و 632  ملیار و 967  ملیۆن) دینار بووە، لەو ژمارەیە پشکی هەرێمی کوردستان (58 ترلیۆن و 368  ملیار و 697 ملیۆن) دینار بوو بەڵام لەو بڕە تەنها (24 ترلیۆن و 324  ملیار و 514 ملیۆن) دینار بۆ هەرێمی کوردستان خەرج کراوە بە رێژەی (%41.6)ی پشکی شایستەی هەرێمی کوردستان و (%3.9)ی کۆی بودجەی عێراق لە سێ ساڵی ڕابردوودا. 🔹 ڕاگرتنی هەناردەی نەوت (25 ملیار) دۆلار زیانی بە ئابووری عێراق گەیاندووە. لەدوای دەستپێکردنەوەی هەناردە لە کۆتاییەکانی 2025، حکومەتی هەرێم نیازپاکیی خۆی سەلماندووە بە ناردنی (19.5 ملیۆن) بەرمیل لە ڕێگەی کۆمپانیای "سۆمۆ"وە. پوختە بە ژمارە: •    بەپێی ژمارەکان، قەبارەی "کەلێنی دارایی" هەیە و تەنها (41%)ی شایستە داراییەکانی حکومەتی هەرێم خەرجکراوە و (0%) بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان. •    جیاوازیی نێوان شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەوەی بە کردەیی لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا خەرجکراوە، بە قەبارەیەکی گەورە خەمڵێندراوە و هەرێم ڕووبەرووی "گەمارۆی وەبەرهێنان" و "کەلێنی گەورەی دارایی" بووەتەوە. •    ژمارەکان دەریانخستووە، کۆی شایستەی دارایی هەرێم گەیشتووەتە (58.3 ترلیۆن) دینار، بەڵام ئەوەی بە کردەیی بۆ هەرێم نێردراوە لە (24.3 ترلیۆن) دینار تێپەڕی نەکردووە، کە دەکاتە %41ی مافە داراییەکان و تەنها %3.9ی کۆی بودجەی عێراقە. •    داتاکان ڕوونیانکردووەتەوە، سەرەڕای تەرخانکردنی بڕی (165 ترلیۆن) دینار لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بۆ خەرجییەکانی وەبەرهێنان، پشکی هەرێم (0%) بووە، کە بووەتە هۆی فشار بۆ پەکخستنی پڕۆژەکانی ژێرخان لە هەرێمی کوردستان. •    لە دۆسیەی نەوتدا، داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن، ڕاگرتنی هەناردەی نەوت (25 ملیار) دۆلار زیانی بە ئابووری عێراق گەیاندووە. لەدوای دەستپێکردنەوەی هەناردە لە کۆتاییەکانی 2025، حکومەتی هەرێم نیازپاکیی خۆی سەلماندووە بە ناردنی (19.5 ملیۆن) بەرمیل لە ڕێگەی کۆمپانیای "سۆمۆ"وە. •    حکومەتی فیدراڵ لە ساڵەکانی (2025-2024-2023)، مووچەی ساڵێکی تەواوی (12 مانگ)ی خەرج نەکردووە، ئەمەش بووەتە هۆی کەڵەکەبوونی شایستە داراییەکان بۆ چەندین مانگ. •    حکومەتی هەرێم پابەندبوونی دارایی نیشانداوە، بەشێوەیەک لە ساڵی  2025دا بڕی (919 ملیار) دیناری لە داهاتی نانەوتی ڕادەستی گەنجینەی فیدراڵی کردووە. پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدڕاڵیی عێراق      لەدوای پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵیی عێراق لە 21ـی حوزەیرانی ساڵی 2023 کە بۆ هەر سێ ساڵی دارایی (2023 – 2024 – 2025) لەخۆ گرتبوو، تیایدا پشکی هەرێمی کوردستان دوای چەندین گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لەنێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق، ئەم یاسایە پەسەند کرا، لە یاساکە پشکی هەرێمی کوردستان دیاری کراوە بە مەرجی ناردنی داهاتی نانەوتی بە گوێرەی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی و پێدانی نەوتی بەرهەمهێندراو بە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) یاخود وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدڕاڵ، لەبەرامبەر ئەمەشدا حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق، دەبێت پشکی هەرێمی کوردستان خەرج بکات بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵی، بەڵام لە تەواوی ئەو سێ ساڵەدا ئەو بڕەپارەیە بۆ هەرێمی کوردستان نەنێردراوە کە لە یاسای بودجە دیاری کرابوو. (خشتەی1)     لە سێ ساڵی ڕابردوودا، کۆی بودجەی فیدڕاڵیی عێراق (622,632,967,000,000) دینار بووە، لەو ژمارەیە پشکی هەرێمی کوردستان (58,368,697,000,000) دینار بوو بەڵام لەو بڕە تەنها (24,324,514,000,000) دینار بۆ هەرێمی کوردستان خەرج کراوە کە دەکاتە رێژەی %41.6ـی پشکی شایستەی هەرێمی کوردستان و %3.9ـی کۆی بودجەی عێراق لە سێ ساڵی ڕابردوودا.  خشتەی 1 بودجەی وەبەرهێنان سەرەڕای دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە، هاوکات بەگوێرەی یاساکە، پێویست بوو هەرێمی کوردستان لەو بڕەپارەیەی کە وەك بودجەی وەبەرهێنان دیاری کراوە، پشکی هەبێت؛ بەڵام لە کۆی 12.5 تریلیۆن دیناری بودجەی وەبەرهێنان، هەرێمی کوردستان  بۆ هەر سێ ساڵی دارایی 2023-2024-2025، تەنانەت یەك دیناریش لەو بودجەی وەبەرهێنانە بۆ هەرێم نەنێردراوە. (خشتەی2). خشتەی 2 وردەکاریی پارەی نێردراو لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵیی عێراقەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2023 لەدوای پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵی، پشکی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2023، بریتی بوو لە 16,497,871,089,000 دینار، بەڵام لەو ساڵەدا پارەی نێردراو لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵییەوە بۆ هەرێمی کوردستان بریتی بوو لە  4,698,000,000,000دینار کە بەشی زۆری بەشێوەی قەرز بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان ناردووە، بەمەش تیکڕای ئەو پارانە دەکاتە پارەی مووچەی پێنج مانگ، لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو ساڵەدا نۆ مووچەی دابەش کرد کە ئەو چوار مووچەیەی دیکە، لە داهاتی ناوخۆ و داهاتی نەوتی سێ مانگی یەکەمی 2023ـەوە تەرخان کرا و پارەی سێ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردسیان ساڵی 2023ـش لەلای حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ ماوە.  وردەکاریی پارەی نێردراو لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵیی عێراقەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2024 لە ساڵی 2024ـدا پشکی هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵی، بریتی بوو لە 20,910,463,950,000 دینار، بەڵام کۆی گشتیی پارەی دابینکراو بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە 2024ـدا بریتی بووە 10,709,736,357,000  دینار (دوای لێبڕینی خانەنشینی و باج)، 10,026,445,000,000 دینار لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵییەوە نێردراوە و 683,291,000,000  دیناریش لە داهاتی ناوخۆ بۆ تەواوکاریی مووچە خەرج کراوە. ئەو پارەیەی کە حکومەتی فیدڕاڵی ناردبووی، پارەی مووچەی تەنها 10  مانگ بوو، مووچەی مانگێکی دیکەش لە داهاتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە تەرخان کرا، بەمەش مووچەی مانگێكی ساڵی 2024 لای حکومەتی فیدڕاڵی ماوە و خەرج نەکراوە. ئەمە لە کاتێکدایە، لە ساڵی 2024، دوای ئەوەی ڕێککەوتن و لیکتێگەیشتن لەسەر ناردنی پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێم  لەنێوان هەولێر و بەغدا کرا، لە  ناوەڕاستی ساڵەکەوە بۆ ماوەی 5 مانگ، بڕی 399,168,961,500  دینار خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی داراییی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. وردەکاریی پارەی نێردراو لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵیی عێراقەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2025 حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق، لە ساڵی 2025، بڕی 9.6 تریلیۆن دیناری بۆ مووچەی مووچەخۆرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناردووە و سەرجەم ئەو پارەیەی کە نێردراویشە بۆ دابەشکردنی مووچە خەرج کراوە، ناردنی  ئەو بڕەپارەیە لە کاتێکدایە کە پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە بۆ ساڵی 2025 بریتییە لە 20.9 تریلیۆن دینار، ئەو بڕەپارەیەی کە نێردراوە، کەمترە لە 50%ـی پشکی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵیی عێراق. لە ساڵی 2025ـدا، کۆی گشتیی پارەی خەرجکراو بۆ هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵییەوە بریتی بووە لە 10,414,555,154,731 دینار. لەم بڕەدا، دوای لێدەرکردنی لێبڕینی بڕی  814,486,145,690  دینار (لێبڕینی خانەنشینی، باجی لێبڕینی مووچە، ڕەسمی پوول، کردنەوەی ژمارەی وەزیفی و گەڕاندنەوەی قەرزی لە %3ـی خانەنشینان)، کۆی پارەی نێردراوی ماوە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان 9,599,971,607,631 دینار بووە بۆ 10 مانگ. هەروەها بەگوێرەی ڕێککەوتنی هەردوو شاندی وەزارەتی دارایی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی، بڕی تەرخانکراوی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2025 بریتی بووە لە 13,334,587,000,000 دینار، کە وەزیری داراییی عێراقی فیدڕاڵ لە پشکی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی تەرخان کرد، بەڵام لەمساڵدا تەنها بڕی 9.6 تریلیۆن دینار بۆ حکومەتی هەرێم نێردراوە. ئەمە لە کاتێکدا بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتی، پشکی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2025 بریتییە لە 20,910,463,950,000  دینار، بەمەش حکومەتی فیدڕاڵی لە ماوەی ئەمساڵەدا تەنها 45%ـی پشکی هەرێمی کوردستانی ناردووە. بەمەش لە کۆی 12 مووچەی ساڵی 2025، تەنها پارەی 10 مووچەی خەرج کردووە و ناردوویەتی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان. (خشتەی3) خشتەی وردەکاریی ناردنی پارە (داهاتی نانەوتی) لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق لە ساڵی 2025 بەگوێرەی یاسای بودجەی فیدڕاڵیی عێراق، دەبێت هەرێمی کوردستان داهاتی نانەوتی، لەسەر بنەمای یاسای بەڕێوەبردنی دارایی ڕادەستی گەنجینەی گشتیی عێراق بکات، بەمەش پێویستە مانگانە 50%ـی داهاتە فیدڕاڵییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گەنجینەی گشتیی حکومەتی فیدڕاڵی بنێردرێت، وەك یەکێك لە بەندەکانی یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵی، ئەمەی خوارەوەش خشتەی ناردنی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستانە بۆ حکومەتی فیدڕاڵی عێراق. (خشتەی4)   بیانووەکانی عێراق بۆ نەناردنی پشکی هەرێمی کوردستان سـاڵی 2024 سەرەڕای پەسەندکردنی یاسای بودجە و ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵییەوە، بەڵام حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق لەلایەن وەزارەتی داراییەوە، بەردەوام بوو لە دۆزینەوەی بیانوو بۆ نەناردنی پشکی کوردستان و دروستکردنی ئاستەنگ بۆ حکومەت و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لێرە بیانووەکانی حکومەتی فیدڕاڵی و چارەسەرکردنیان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەخەینە ڕوو: •    کێشەی لیستی مووچە لە ساڵی 2024 حکومەتی فیدڕاڵی کۆمەڵێك بیانووی هەبوو لەبارەی لیستی مووچە و داوای دەکرد لیستەکە بە زمانی عەرەبی بۆ بەغدا بنێردرێت و دواتر داوای ناوی چواریی مووچەخۆران و ناوی دایکی مووچەخۆرانی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەی مووچە، سەرجەم ئەم بیانووانە لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە نەهێڵدران و داواکارییەکانی بەغدا چارەسەر کران. کێشەی UPN و بایۆمەتری دوای ئەوەی بەغدا داوای گۆڕانکاریی لە لیستی مووچە کرد و بەوجۆرەی کە لە خاڵی (کێشەی لیستی مووچە) هاتووە، ئەمجارە داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد دەبێت کۆدی تایبەت بە زانیاریی فەرمانبەران UPN و بایۆمەتریی مووچەخۆرانیان بۆ بنێرین، ئەمەش بیانوویەکی دیکە بوو بۆ دواخستن و نەناردنی مووچە دروست کرابوو، وەزارەتی دارایی بە چەند قۆناغێک و لە ماوەیەکی دیاریکراودا کۆدی UPN و بایۆمەتریی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی بۆ وەزارەتی داراییی حکومەتی فیدراڵ نارد، لە ئێستادا نزیکەی 600  فەرمانبەر و مووچەخۆر UPN و بایۆمەتریان نەکردووە، بەوهۆیەوە مووچەکانیان ڕاگیراوە، ئەمەش ئەو کەسانەن کە مۆڵەتی بێمووچەی درێژخایەنیان هەیە و بەشی زۆریان دانیشتووی دەرەوەی وڵاتن. •    راپۆرتی داراییی تەرازووی پێداچوونەوە  دوای هەردوو بابەتی لیستی مووچە و کێشەی UPN و بایۆمەتری، ئەمجارە وەزارەتی داراییی حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق، داوای ناردنی ڕاپۆرتی داراییی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی کرد، لە کاتێکدا لە ساڵی 2023ـەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی بۆ وەزارەتی داراییی عێراقی فیدڕاڵ ناردووە و سەرجەم داتا و زانیاریی داهات و خەرجییەکانی هەرێمی کوردستانی لەخۆ گرتووە، هەموو وەرزێکیش لە لایەن تیمە  هاوبەشەکانی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە، بەشێوەی مەیدانی وردبینیی بۆ کراوە. •    ناردنی تیمەکانی چاودێریی داراییی عێراق دوای هەریەك لە بابەتەکانی لیستی مووچە، کێشەی UPN، بایۆمەتری و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە، ئەمجارە حکومەتی عێراق داوای کرد تیمەکانی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق، بێنە هەولێر و بە مەبەستی وردبینکردن لە ڕاپۆرتەکانی تەرازووی پێداچوونەوە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەرگای بۆ کردنەوە و ئاسانکاریی تەواوی بۆ کردن، لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەی مووچە. •    کێشەی تەرخان دوای هەموو ئەم بیانوو و داواکارییانەی بەغدا، لە بابەتی کێشەی تەرخان لە ساڵی 2024، جارێکی تر وەزارەتی داراییی حکومەتی فیدراڵ، کێشەی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دروست کرد و لە سێ مانگی کۆتایی ساڵدا تەمویلی مووچەی بەتەواوی نەنارد و بە کۆی ساڵەکەش، تەنها 10 مووچەی بەتەواوی نارد؛ حکومەتی هەرێم لەو ساڵەدا 11 مووچەی دابەش کرد کە مووچەیەکیان لە سەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بوو. ساڵی 2025 لەدوای نەهێشتن و چارەسەرکردنی سەرجەم بیانووەکانی حکومەتی فیدڕاڵی لە ساڵی 2024، هەر لە دەستپێکی ساڵی 2025ـدا، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوای لە وەزارەتی دارایی عێراقی فیدڕاڵ کرد کە کێشەی تەرخان دووبارە نەبێتەوە، داوا لە وەزارەتی دارایی عێراق کرا، لە خشتەکانی بودجە، تەرخانی پێویستی بۆ جێگیر بکرێت، دوای ئەمەش بڕی 13,334,587,000,000   دیناری لە خشتەکانی بودجە وەك تەرخانی دارایی بۆ مووچە جێگیر کرا.  بەپێی کۆنووسی نێوان وەزارەتی داراییی حکومەتی فیدڕاڵ و نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە 1ـی شوباتی 2025 کۆنووسەکە لەلایەن خودی وەزیری دارایی و سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ پەسەند کراوە، بەپێی ئەو کۆنووسە، هەردوولا ڕێک کەوتن مووچەی هەر 12 مانگ، تەرخانی پێویستی هەیە و کێشەی تەرخان چارەسەر کرا، بەڵام لە ساڵی 2025، دووبارە گەڕێکی دیکەی بیانووەکانی بەغدا بۆ پرسی مووچە دەستی پێکردەوە، کە ئەمانە بوون: •    جێبەجێەکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو  وەزارەتی داراییی حکومەتی فیدڕاڵی عێراق ڕایگەیاند، یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو جێبەجێ دەکەن و دەبێت وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، پابەندی ئەم جێبەجێکردنە بێت، بەهۆی ئەم هەنگاوە، مووچەخۆرانی لەدایکبووی ساڵەکانی 1962-1963-1964 کە ژمارەیان 30 هەزار فەرمانبەر بوو، پێکەوە خانەنشین کران. •    ڕاگرتنی سەرەمووچە، گواستنەوە و دامەزراندن هەرچەندە لە ساڵی 2013ەوە، حکومەتی فیدڕاڵی یەک فەرمانبەریشی بۆ هەرێمی کوردستان دانەمەزراندووە، ئەوەش ستەمێکە لە هەرێمی کوردستان کراوە، سەرەڕای ئەوەی حکومەتی فیدڕاڵ، لە ماوەی 12 ساڵی ڕابردوودا، سەدان هەزار فەرمانبەری نوێی دامەزراندووە، بەڵام میلاکی هەرێمی کوردستان لە 2013وە پەسەند کراوە و هیچ گۆڕانکاریی تیادا نەکراوە، لە سەرەتای ساڵی 2025ـیش، بە بیانووی دروستنەبوونی پابەندیی دارایی، وەزارەتی داراییی عێراق، گواستنەوە و سەرەمووچە و هەموو جۆرە دامەزراندنێکی ڕاگرت، تا پەسەندکردنی یاسای بودجەی ساڵی 2026. •    نەمانی تەرخانی دارایی  لە مانگی ئایار 2025، جارێکی دیکە حکومەتی عێراق، بە بیانووی فرۆشتنی نەوت و نەمانی تەرخانی دارایی، گرفتی بۆ ناردنی مووچە دروست کرد و دواتر بە ڕێککەوتنێك ئەم بابەتەش چارەسەر کرا. •    داهاتی نانەوتی  لە دوای نەهێشتن و چارەسەرکردنی سەرجەم بیانووەکانی وەزارەتی داراییی حکومەتی فیدڕاڵی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، ئەمجارە پرسی داهاتی ناوخۆ خرایەوە بەرباس و بەغدا داوای 100٪ـی سەرجەم داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستانی دەکرد و کردی بە مەرجێك بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، هەرچەندە پێشتر لە ساڵی 2024ـەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی  داراییی عێراق، پشکی حکومەتی فیدڕاڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستانی دەخستە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی داراییی حکومەتی فیدڕاڵ، بەڵام لە دوای ڕاگرتنی مووچەی هەرێمی کوردستان بە بیانووی نەمانی تەرخانی دارایی، لە ناوەڕاستی ساڵی 2025، بابەتی داهاتی نانەوتییان وەک کێشەیەکی نوێ هێنایەوە بەرباس، هەرچەندە هیچ بنەمایەکی یاساییی نەبوو، بەڵام حکومەتی هەرێم لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران کە قووتی خەڵکە، لەو پێناوەدا نەرمیی زیاتری نواند و ڕەزامەندیی دا مانگانە 120 ملیار دینار لە داهاتی نانەوتی، ڕادەستی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ بکات. هەرچەندە ئەو پابەندبوونە فشارێکی زۆری لەسەر خەرجیی بەکارخستن و پارەدارکردنی پڕۆژەکان و دابینکردنی پێداویستییەکانی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دروست کردووە. •    هەناردەی نەوت  لە دوای ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر ناردنی داهاتی ناوخۆ، ئەمجارە پرسی نەوت جوڵێندرا و داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا کە دەبێت سەرجەم نەوتی بەرهەمهاتوو ڕادەستی وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق بکرێت، دوای ڕێککەوتن لەنێوان هەرسێ لایەنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، دوای دوو ساڵ لە ڕاگرتنی، هەناردەی نەوتی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان دەستی پێکردەوە و پڕۆسەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانیش ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ کرا. •    پرسی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان یەکێکی تر لە کێشە و بیانووەکانی حکومەتی فیدراڵ و وەزارەتی داراییی عێراق بۆ مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، پرسی بەبانکیکردنی مووچە بوو، هەرچەندە ساڵێک پێش ئەو داواکارییە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێی پرۆژەی "هەژماری من"ەوە دەستی بە پرۆسەکە کردبوو، دوای گفتوگۆ و خستنەڕووی وردەکاریی پرۆژەکە بۆ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵ کە خزمەتگوزارییەکانی بەراورد بە پرۆسەی تەوتین زۆر زیاتر و پێشکەوتووترە و تێچووی مانگانەشی زۆر لەو سیستمەی عێراق کەمترە، ئەو بیانووەش نەما و لە ئێستادا زیاتر لە %90ـی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەکە تۆمار کراون و لە قۆناغی کۆتاییدایە. دۆسیەی نەوت لەنێوان هەولێر و بەغدا لە 25ـی ئاداری ساڵی 2023، بەهۆی سکاڵایەکی حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق لە دادگای نێودەوڵەتیی نێوبژیوانیی پاریس، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان وەستا، دوای ساڵێك لە وەستانی هەناردەی نەوت، گفتوگۆکان لەنێوان هەولێر و بەغدا دەستی پێکرد و لە نیسانی 2024، هەردوولا گەیشتنە ڕێککەوتنێك بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەڵام سەرەڕای ڕێککەوتنەکە، هەناردەکردنەوەی نەوت دەستی پێنەکردەوە، پیشەسازیی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی وەبەرهێنانی دەرەكی و بەبێ خەرجكردنی یەك دینار لە بودجەی وڵات دامەزراوە، كەچی لە یاسای بودجەدا، هاوشێوەی ئەو پیشەسازییەی نەوتی عێراق هەژمار كراوە، كە لەسەر ملیاران دۆلار لە بودجەی گشتیی وڵات دامەزراوە.  ئەو بڕەپارەیەی بۆ (بەرهەمهێنان و گواستنەوە)ـی نەوتی هەرێم تەرخان كرابوو، بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ تێچووی ڕاستەقینەی پرۆسەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی كوردستان نەدەگونجا، حکومەتی هەرێم لە سۆنگەی نیازپاکی بۆ چارەسەکردنی کێشەکان، بڕی زیاتر لە 11 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕادەستی حکومەتی فیدڕاڵ کرد، بەڵام بەرامبەر ئەو ڕادەستکردنە، یەک دیناری وەرنەگرت، بۆ ئەوەی بتوانێ لایەنی کەم شایستە داراییەکانی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت بدات. پرسی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت، بووبە لەمپەرێکی گەورە لەبەردەم پرۆسەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان، بەڵام دواتر، هەرسێ لایەن دوای گفتوگۆیەکی قوڵ و ورد، ڕێک کەوتن، کاتژمێری 7ـی بەیانیی ڕۆژی شەممە، 27ـی ئەیلوولی 2025، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆڕییەوە، سەرکەوتووانە دەستی پێکرد و 190 هەزار بەرمیل بە بۆڕییەکە ڕەوانەی بەندەری جەیهان کرا.  لەو ماوەیەی کە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگیرابوو، زیانی زیاتر لە 25 ملیار دۆلار بەر ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان کەوت، دوای دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان تاکوو ئێستا، زیاتر لە 19.5 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە کراوە. (خشتەی5) خشتەی 5   وەك لە خشتەکەی سەرەوەدا ئاماژەی پێکراوە، لە ماوەی 95 ڕۆژی کۆتایی ساڵی 2025ـدا، بە تێکڕا، ڕۆژانە زیاتر لە 206 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) هەناردە کراوە.  *- ئەم ڕاپۆرتە بە هاوکاریی تیمە تەکنیکییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادە کراوە.      


(درەو): ئامانج رەحیم- سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان هەرێمی کوردستان لە بەرواری 27-9-2025 تاوەکو 31-12-2025 بڕی 19 ملیۆن و 594 هەزار و 871 بەرمیلی ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ کردووە، بە تێکڕای 218 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا. تێکڕای نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت لە سێ مانگی کۆتایی 2025 بریتی بوو لە 62$، لەسەر ئەم بنەمایە، کۆی گشتی داهاتی ئەو نەوتەی لە سێ مانگی کۆتایی دراوە بە سۆمۆ دەکاتە بڕی 1 ملیار و 215 ملیۆن دۆلار.


درەو: بەپێی راپۆرتی تایبەتی رێكخراوی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ لە 2025دا لە ئێران (1858) زیندانی لە سێدارەدراون، (74) هاوڵاتی مەدەنی بەتەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەكان كوژراون، (59) زیندانی لەناو زینداندا گیانیان لەدەستداوە، (1552) هاوڵاتی دەستگیركراون، (24) چالاكی سیاسی و ناڕازی لە سێدارەدراون، (454) چالاكی سیاسی سزای بەندكردن دراون، (207) ژن بەهۆی توندوتیژییەوە لەلایەن بنەماڵەكەیانەوە كوژراون.     ڕاپۆرتی تایبەتی هەنگاو لەسەر پێشێلکردنی بەرفراوانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران لە ماوەی ساڵی ۲۰۲۵ دا   ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێکی گشتی لەسەر بارودۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران لە ماوەی ساڵی ۲۰۲۵ی زایینیدا، ئاماژەی بە قەبارە بەربڵاوەکانی پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتییان کردووە. ئەم ڕاپۆرتە ئامارییە کە بە پێی زانیارییە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی هەنگاو ئامادە کراوە، وێنەیەک لە زۆربوونی ڕێژەی لەسێدارەدران، دەستبەسەرکرانە سەرەڕۆیانەکان، توندوتیژیی ڕێکخراوانە و حاڵەتەکانی دیکەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە تەواوی ئێران دەخاتە ڕوو.   بە پێی زانیارییە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی هەنگاو، لە ساڵی ۲۰۲۵دا: ۱۸۵۸ بەندکراو لەسێدارە دراون. ۷۴ هاووڵاتیی سڤیل بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژراون. ۵۹ بەندکراو لە بەندیخانەکان گیانیان لەدەست داوە. ۴۶ هاووڵاتی قوربانیی تەقینەوەی مین و ماددە تەقەمەنییەکان بوون. ۱۵۵۲ هاووڵاتی کە ناسنامەیان ئاشکرا کراوە دەستبەسەر کراون. ۲۴ چالاکی سیاسی و ناڕازی لەسێدارە دراون. ۴۵۴ چالاکی سیاسی سزای بەندکران و لێدانی قامچییان بەسەردا سەپێندراوە. ۲۰۷ ژن بەهۆی توندوتیژیی خێزانی لە لایەن ئەندامانی بنەماڵەیانەوە کوژراون. کوژرانی ئەندامێکی کۆمەڵگای پەلکەزێڕینەکان و شرۆڤەیەکی کورت لەسەر بارودۆخی ئەو چینە لە کۆمەڵگا لە وڵاتی ئێراندا   وردەکارییەکانی ئەم ڕاپۆرتە لەسەر هەر یەک لە بابەتەکان لە ماوەی ڕۆژانی داهاتوودا بڵاو دەکرێتەوە.   لەسێدارەدانی لانی کەم ۱۸۵۸ بەندکراو لە ماوەی ساڵی ۲۰۲۵ بە پێی زانیارییە تۆمارکراوەکان، لە ماوەی ساڵی ۲۰۲۵دا سزای سێدارەی ۱۸۵۸ بەندکراو لە بەندیخانە جیاوازەکانی ئێران جێبەجێ کراوە. ئەو ئامارە بەراورد بە ساڵی ۲۰۲۴ زیاتر لە ۱۰۰٪ زیادی کردووە. ساڵی ڕابردوو ۹۰۹ بەندکراو لە ئێران لەسێدارە درابوون. گرینگ لەسەر ئاماری لەسێدارەدران؛ ـ ناسنامەی ۱۷۹۶ بەندکراوی لەسێدارەدراو ئاشکرا کراوە و بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی ۶۲ بەندکراوی دیکە بەدواداچوون دەکرێت. لانی کەم ۵۵ ژن لەسێدارە دراون. ـ لانی کەم یەک منداڵی تاوانبار لەسێدارە دراوە. ـ تەنیا ۷۵ حاڵەتی لەسێدارەدرانەکان لە میدیا حکومەتییەکان بڵاو کراوەتەوە. ـ لانی کەم ۸۱ بەندکراو بەشێوەی نهێنی و بەبێ مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان لەسێدارە دراون. ـ سزای سێدارەی لانی کەم ۱۱ بەندکراو لە شوێنە گشتیەکاندا جێبەجێ کراوە. زانیاریی زیاتر لەسەر هۆکاری لەسێدارەدرانی بەندکراوان؛ تۆمەتی سیاسی، مەزهەبی و سیخوڕی: ۴۳ بەندکراو تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست: ۹۱۵ بەندکراو تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان: ۸۵۲ بەندکراو تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی: ۳۶ بەندکراو تۆمەتی دزیی چەکدارانە: ۱۲ بەندکراو تۆمەتباری ئابووری: ۱ بەندکراو جیاکردنەوەی بەندکراوانی لەسێدارەدراو بەپێی کەمینە نەتەوەیی و پێکهاتەکان؛ بەندکراوانی کورد: ۲۶۴ بەندکراو بەندکراوانی لوڕ: ۲۳۹ بەندکراو بەندکراوانی تورک: ۱۶۴ بەندکراو بەندکراوانی بەلووچ: ۱۴۲ بەندکراو بەندکراوانی گیلەک: ۹۲ بەندکراو بەندکراوانی عەرەب: ۷۳ بەندکراو بەندکراوانی تورکمان: ۱۳ بەندکراو بەندکراوانی تات: ۵ بەندکراو بەندکراوانی قەشقایی: ۲ بەندکراو ناسنامەی نەتەوەیی ئاشکرانەکراو بۆ هەنگاو: ۲۷۱ بەندکراو بەندکراوانی فارس: ۵۰۶ بەندکراو بەندکراوانی خەڵکی ئەفغانستان: ۸۵ بەندکراو   کوژرانی ۷۴ هاووڵاتیی سڤیل لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە ماوەی ساڵی ۲۰۲۵ لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، کوشتنی هاووڵاتییان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان بریتی لە (سوپای پاسداران، بەسیج، هێزە ئینتزامییەکان و پۆلیس) بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بەشێوەیەکی بەرچاو زیاتر بووە و زۆربەی قوربانییان بەهۆی کەشی ئەمنیلە ئێران ڕەوتی شەڕی دوازدە ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل کوژراون. بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ۲۰۲۵دا لانی کەم ۷۴ هاووڵاتیی سڤیل بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژراون کە ئەو ئامارە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لانی کەم ۴۶ حاڵەت واتا ۱۶۴٪ زۆرتر بووە. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە؛ ـ لانی کەم ۵۹.۵٪ی هاووڵاتییانی سڤیلی کوژراو واتا ۴۴ کەس لە هاووڵاتییانی بەلووچ بوون. ـ هەروەها لانی کەم ۱۵ هاووڵاتی (۲۰٪) لە هاووڵاتییانی کورد بوون. ـ لانی کەم ۶ ژن بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژراون. ـ لانی کەم ۳ منداڵ لە ماوەی ساڵی ڕابردوو بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژراون کە ناوەکانیان لە درێژەی ئەم بەشەدا دێت؛ یووسف شەهلیبۆر تەمەن ۵ ساڵ خەڵکی ئێرانشار ڕەها شێخی تەمەن ۴ ساڵ خەڵکی خومەین زۆڵفەقار شەریفی تەمەن ۷ ساڵ خەڵکی حۆوەیزە شایەنی باسە کە، لانی کەم ۴۰ کەس لەو هاووڵاتییانە لە ماوەی ۴۰ ڕۆژ دوای دەستپێکی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل و لە ئاکامی میلیتاریزەکردنی شارەکان و بەتایبەت دانانی خاڵی پشکنین لە ڕێگای چوونەژوورەوەی شارەکان لە لایەن هێزە سەرکوتکەرە حکومەتییەکانەوە کوژراون کە بەرانبەر بە ۵۵٪ی کۆی حاڵەتەکانی کوژرانی هاووڵاتییانی سڤیل لە ماوەی ساڵی ۲۰۲۵ بووە.   بارودۆخی بەندیخانەکان: گیانبەختکردنی لانی کەم ۵۹ بەندکراو لە ماوەی ساڵی ۲۰۲۵   بە پێی زانیارییە تۆمارکراوەکان لە لایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ۲۰۲۵دا لانی کەم ۵۹ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران گیانیان لەدەست داوە. ئەو ئامارە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لانی کەم ۳۷ حاڵەت بەرانبەر بە ۱۶۸٪ بەرز بووەتەوە. پوختەیەک لە ئامار؛ ـ لانی کەم ۷ بەندکراو بریتی لە ۳ بەندکراوی کورد لەژێر ئەشکەنجەدا کوژراون. ـ بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی هەنگاو ۳۴ بەندکراو بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی گیانیان لەدەست داوە. ـ لانی کەم ۱۱ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە. ـ لانی کەم ۸ بەندکراوی سیاسی بریتی لە ۳ بەندکراوی کورد و ۲ بەندکراوی عەرەب گیانیان لەدەست داوە. بە پێی زانیارییەکانی هەنگاو: ـ لانی کەم ۲۱ بەندکراوی گیانبەختکردوو بریتی لە ۳۵.۵٪ی کۆی حاڵەتەکان لە بەندکراوانی کورد بوون. ـ ۸ بەندکراوی بەلووچ، ۴ بەندکراوی گیلەک، ۴ بەندکراوی عەرەب و ۲ بەندکراوی لوڕ گیانیان لەدەست داوە. ـ لانی کەم دوو هاووڵاتیی بیانی خەڵکی وڵاتانی سویس و ئەفغانستان گیانیان لەدەست داوە. ـ لانی کەم ۱۳ کەس لە بەندکراوان، فارس بوون و زانیارییەک لەسەر ناسنامەی ۵ بەندکراو لەبەر دەستدا نییە.   ئاشکراکردنی ناسنامەی ۱۵۵۲ هاووڵاتیی دەستبەسەرکراو لە ماوەی ساڵی ۲۰۲۵ لە ماوەی ساڵی ۲۰۲۵دا، لانی کەم ۱۵۵۲ هاووڵاتی لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون یان ڕفێندراون کە ناسنامەیان بە تەواوی بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە. ئەم ئامارە تەنیا ئەو کەسانە لەخۆ دەگرێت کە بە هۆکاری سیاسی، کولتووری، مەدەنی و مەزهەبی دەستبەسەر کراون و ناسنامەیان ئاشکرا کراوە. جیاکردنەوەی دەستبەسەرکراوان بەپێی کەمینە نەتەوەیی و پێکهاتەکان؛ لە سەرجەم ۱۵۵۲ هاووڵاتیی دەستبەسەرکراو کە ناسنامەیان بە تەواوی ئاشکرا کراوە لانی کەم ۷۲۹ حاڵەت واتا ۴۷٪ی کۆی دەستبەسەرکراوان لە هاووڵاتییانی کورد بوون. ـ تۆمارکردنی دەستبەسەرکرانی ۷۲۹ هاووڵاتیی کورد ـ تۆمارکردنی دەستبەسەرکرانی ۲۷۲ هاووڵاتیی فارس ـ تۆمارکردنی دەستبەسەرکرانی ۲۵۶ هاووڵاتیی بەلووچ ـ تۆمارکردنی دەستبەسەرکرانی ۷۹ هاووڵاتیی لوڕ ـ تۆمارکردنی دەستبەسەرکرانی ۷۴ هاووڵاتیی عەرەب ـ تۆمارکردنی دەستبەسەرکرانی ۵۵ هاووڵاتیی تورک ـ تۆمارکردنی دەستبەسەرکرانی ۳۳ هاووڵاتیی گیلەک ـ تۆمارکردنی دەستبەسەرکرانی ۱۵ هاووڵاتیی بیانی ـ تۆمارکردنی دەستبەسەرکرانی ۵ هاووڵاتیی سیستانی ـ تۆمارکردنی دەستبەسەرکرانی ۴ هاووڵاتیی قەشقایی ـ تۆمارکردنی دەستبەسەرکرانی ۲ هاووڵاتیی تورکمان ـ زانیارییەکی ورد لەسەر ناسنامەی نەتەوەیی ۲۹ هاووڵاتی بۆ هەنگاو ئاشکرا نەکراوە. دەستبەسەرکرانی منداڵان؛ لە ماوەی ساڵی ۲۰۲۵ و بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لانی کەم ۴۸ منداڵی ژێر ۱۸ ساڵ لە لایەن ناوەندە حکومەتییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون کە زیاتر لە ۹۸٪یان لە منداڵانی کورد، بەلووچ و لوڕ بوون. سێ منداڵی دەستبەسەرکراو کچ (۳ کچی کورد) و ۴۵ منداڵ، کوڕ بوون. منداڵانی کورد: ۲۵ حاڵەت واتا ۵۲٪ی کۆی منداڵانی دەستبەسەرکراو. منداڵانی بەلووچ: ۱۸ حاڵەت واتا ۳۷.۵٪ی کۆی منداڵانی دەستبەسەرکراو. منداڵانی لوڕ: ۴ حاڵەت واتا ۸.۵٪ی کۆی منداڵانی دەستبەسەرکراو. منداڵانی عەرەب: ۱ حاڵەت واتا ۲٪ی کۆی منداڵانی دەستبەسەرکراو. زانیاریی زیاتر لەسەر دەستبەسەرکرانی ۱۶۷ ژن؛ بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ساڵی ۲۰۲۵دا لانی کەم ۱۶۷ چالاکی ژن دەستبەسەر کراون کە ۱۰.۵٪ی کۆی دەستبەسەرکرانەکانی ئەو ساڵە پێکدێنن. ـ لانی کەم ۵۱ ژنی بەهایی دەستبەسەر کراون. ـ لانی کەم ۴۱ ژنی کورد دەستبەسەر کراون. ـ لانی کەم ۱۴ ژنی گیلەک دەستبەسەر کراون. زانیاریی زیاتر لەسەر دەستبەسەرکرانی ۱۷۷ چالاکی کەمینە ئایینییەکان؛ لە ساڵی ۲۰۲۵ لانی کەم ۱۷۷ کەس بەهۆی چالاکی ئایینی لە لایەن هێزە حکومەتییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون کە زۆربەیان لە پەیڕەوانی ئایینی بەهایی و سوننەمەزهەب بوون. ـ تۆمارکردنی دەستبەسەرکرانی ۸۲ چالاکی بەهایی ـ تۆمارکردنی دەستبەسەرکرانی ۵۸ چالاکی سوننەمەزهەب ـ تۆمارکردنی دەستبەسەرکرانی ۲۱ چالاکی پەیڕەوی ڕەوتی یەمانی ـ تۆمارکردنی دەستبەسەرکرانی ۸ نوێباوەڕی مەسیحی ـ تۆمارکردنی دەستبەسەرکرانی ۵ چالاکی پەیڕەوی ئایینی یارسان ـ تۆمارکردنی دەستبەسەرکرانی ۳ مامۆستای شیعەمەزهەبی ناڕازی   زانیاریی زیاتر لەسەر دەستبەسەرکرانی چالاکانی پیشەیی و هونەرمەندان و پارێزەران؛ ـ لانی کەم ۴۱ مامۆستای قوتابخانە و زانکۆ دەستبەسەر کراون. ـ لانی کەم ۱۹ خوێندکاری زانکۆ دەستبەسەر کراون. ـ لانی کەم ۱۴ پارێزەر دەستبەسەر کراون. ـ لانی کەم ۲۱ چالاکی میدیایی و ڕۆژنامەنووس دەستبەسەر کراون. ـ لانی کەم ۴۵ هونەرمەند و نووسەر دەستبەسەر کراون.   قوربانییانی تەقینەوەی مین لە ماوەی ساڵی ۲۰۲۵ لە ماوەی ساڵی ۲۰۲۵دا، لانی کەم ۴۶ هاووڵاتی لە ئێران قوربانیی تەقینەوەی مین یان ماددە تەقەمەنییەکان بوون. ئەو مینانە بریتی لە بەجێماوی تەقەمەنییەکانی شەڕی نێوان ئێران و عێراق و مینە چێندراوەکانی سوپای پاسداران و هەروەها ماددە تەقەمەنییە کارنەکردووەکانی کاتی شەڕی ۱۲ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیلن. ساڵی ڕابردوو لانی کەم ۵۷ کەس قوربانیی تەقینەوەی مین بوون. لەو کەسانە: ۲۰ کەس گیانیان لەدەست داوە. ۲۶ کەس بریندار بوون یان ئەندامێکی جەستەیان بڕدراوەتەوە. ۲۳ کەس واتا ۵۰٪ی قوربانییان، لە هاووڵاتییانی ژن و منداڵان بوون. زانیاریی زیاتر لەسەر قوربانییان: ـ لانی کەم ۱۸ منداڵی ژێر ۱۸ ساڵ قوربانی بوون کە ۵ کەسیان گیانیان لەدەست داوە. ـ لانی کەم ۵ ژن بریتی لە ۳ منداڵی ژێر ۱۸ ساڵ قوربانی بوون. ـ لانی کەم ۱۶ هاووڵاتیی کورد قوربانی بوون. ـ لانی کەم ۱۱ هاووڵاتیی بەلووچ و ۱۰ هاووڵاتیی لوڕ قوربانی بوون. ـ لانی کەم ۳ هاووڵاتیی خەڵکی ئەفغانستان و ۳ هاووڵاتیی عەرەب قوربانی بوون. ئەم ئامارە درێژەی مەترسیی مین و ماددە تەقەمەنییەکان لەسەر هاووڵاتییان، بەتایبەت لە ناوچە سنوورییەکان و ناوچە گەشەپێنەدراوەکان نیشان دەدات.   سەپاندنی سزای قورس: لەسێدارەدان، بەندکران و لێدانی قامچی بەسەر چالاکانی سیاسی، مەدەنی و مەزهەبی لە ماوەی ساڵی ۲۰۲۵دا، لانی کەم ۴۵۴ چالاکی سیاسی، مەزهەبی و مەدەنی لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دادگایی کراون و سزای لەسێدارەدان، بەندکران و لێدانی قامچییان بەسەردا سەپێندراوە. زیاتر لە ۴۹٪ی ئەو چالاکانەی دادگایی کراون و سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە (۲۱۹ حاڵەت)، لە چالاکانی کورد بوون. لانی کەم ۳۰ کەس لەو چالاکانە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە کە سزای ۶ کەسیان لە لایەن دادگای پێداچوونەوەدا هەڵوەشێندراوەتەوە و سزای دوو کەسیان جێبەجێ کراوە. لە نێوان ئەو ۲۶ کەسەی کە تا ئێستاش لەگەڵ سزای سێدارە ڕووبەڕوون: ۵ کەس گیلەک ۵ کەس کورد ۳ کەس بەلووچ ۳ کەس عەرەب ۲ کەس تورک و ۳ کەس فارسن. سێ ژنی بەندکراو بەناوەکانی نەسیم ئیسلامزەهی هاووڵاتیی بەلووچ، زەهرا شەهباز تەبەری هاووڵاتیی گیلەک و شەریفە محەممەدی هاووڵاتیی تورک سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە. ئەگەرچی سزای سێدارەی شەریفە محەممەدی ڕەت کراوەتەوە و بۆ ۳۰ ساڵ بەندکران گۆڕاوە، مەترسیی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ئەو دوو بەندکراوەی دیکە تا ئێستاش لە ئارادایە. سەرەڕای ئەوە: ئەو ۴۵۴ چالاکە سیاسی، مەزهەبی و مەدەنییە سزای بەندکران، لێدانی قامچی و بەربەستە کۆمەڵایەتییەکانیان بەسەردا سەپێندراوە.   ئەو چالاکانە سەرجەم: سزای ۱۷۶۶ ساڵ و ۱۱ ڕۆژ بەندکران، ۳۲ ساڵ و ۸ مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و ۱۱ کەسیان سزای لێدانی سەرجەم ۷۲۸ زەربەی قامچییان بەسەردا سەپێندراوە. سەپاندنی سزا بەسەر کەمینە نەتەوەیی و پێکهاتەکاندا؛ ـ لانی کەم ۲۱۹ چالاکی کورد سەرجەم سزای ۵۸۰ ساڵ و ۱۱ مانگ و ۲۱ ڕۆژ بەندکران، ۲۹ ساڵ و ۸ مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و لێدانی ۱۸۸ زەربەی قامچییان بەسەردا سەپێندراوە. هەروەها ۱۰ چالاکی کورد سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە کە سزای سێدارەی ۵ کەسیان ڕەت کراوەتەوە و لە چاوەڕوانی بۆ سەپاندنی سزای نوێدان. ـ لانی کەم ۳۱ چالاکی تورک سەرجەم سزای ۱۵۸ ساڵ بەندکران و ۲ کەس سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە. ـ لانی کەم ۲۴ چالاکی لوڕ سزای ۱۰۳ ساڵ و ۸ مانگ بەندکران و یەک کەس سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە. ـ لانی کەم ۱۹ چالاکی عەرەب سەرجەم سزای ۱۷۲ ساڵ و ۸ مانگ بەندکران و ۳ کەس سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە. ـ لانی کەم ۱۱ چالاکی گیلەک سزای ۱۸ ساڵ و ۸ مانگ و ۱۷ ڕۆژ بەندکران و ۵ چالاکی گیلەک سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە. ـ لانی کەم ۶ چالاکی بەلووچ سزای ۲۶ ساڵ و ۶ مانگ بەندکران و ۳ چالاک سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.   زانیاریی زیاتر سەبارەت بەو بابەتە؛ ـ دوو منداڵی تەمەن ۱۷ ساڵی کورد و بەلووچ سەرجەم سزای ۱۲ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە. ـ لانی کەم ۷۸ ژن سەرجەم سزای ۳۵۴ ساڵ و ۱۰ مانگ و ۱۲ ڕۆژ بەندکران، ۹ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و لێدانی ۲۵۲ زەربەی قامچییان بەسەردا سەپێندراوە و ۲ ژن سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە. ـ لانی کەم ۱۲ چالاکی میدیایی سزای ۲۶ ساڵ و ۶ مانگ و ۱۵ ڕۆژ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.   کەمینە ئایینی و مەزهەبییەکان؛ ـ لانی کەم ۱۵ نوێباوەری مەسیحی سەرجەم سزای ۱۳۹ ساڵ و ۲ مانگ بەندکران و لێدانی ۱۷۴ زەربەی قامچیان بەسەردا سەپێندراوە. ـ لانی کەم ۲۹ چالاکی بەهایی سەرجەم سزای ۱۴۲ ساڵ و ۲ مانگ و ۱۷ ڕۆژ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە. ـ لانی کەم ۲۹ چالاکی سوننەمەزهەب سەرجەم سزای ۹۲ ساڵ و ۵ مانگ بەندکران، ۹ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و هەروەها ۳ چالاک سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.   کوژران و برینداربوونی ۵۹ کۆڵبەر لە ماوەی ساڵی ۲۰۲۵ بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ۲۰۲۵ی زایینیدا لانی کەم ۵۹ کۆڵبەر لە سنوورەکانی پارێزگای کرماشان، سنە و ئورمیە قوربانی بوون. ئەم ئامارە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لانی کەم ۲۸۰ حاڵەت واتا ۸۲.۵٪ کەم بووەتەوە. لە ساڵی ۲۰۲۴ لانی کەم ۳۳۹ کۆڵبەر و کاسبکار کوژرابوون. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە لانی کەم ۲۵ کۆڵبەر و کاسبکار کوژراون کە ۴۲.۵٪ی کۆی ئامارەکان بوون و لانی کەم ۳۴ کۆڵبەریش بریندار کراون. لانی کەم ۴۹ حاڵەت بەرانبەر بە ۸۳٪ی ئەو کۆڵبەرانەی کوژراون یان بریندار کراون بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران قوربانی بوون. ۴ کۆڵبەر بەهۆی ڕووداوی سروشتی و ۳ کۆڵبەر بەهۆی تەقینەوەی مین قوربانی بوون. ۳ کۆڵبەری دیکە بە ڕووداوی هاتووچۆ، وەستانی دڵ و لێدان و کوتان لە لایەن هێزە چەکدارەکانەوە قوربانی بوون.   زانیاریی زیاتر؛ ـ لانی کەم دوو منداڵی کۆڵبەری تەمەن ۱۷ ساڵ لە سنوورەکانی نەوسوود و بانە بریندار کراون. ـ زیاترین ژمارەی کۆڵبەران لە سنوورەکانی شاری بانە قوربانی بوون کە لە ۲۳ حاڵەتدا تۆمار کراوە. ـ زیاترین کۆڵبەران لە سنوورەکانی پارێزگای سنە قوربانی بوون کە ۴۳ حاڵەت واتا ۷۳٪ی کۆی حاڵەتەکان پێکدێنن.   کوژرانی ۲۰٧ ژن لە ماوەی ساڵی ۲۰۲۵ بە پێی زانیارییەکانی ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ۲۰۲۵ی زایینیدا، کوژرانی لانی کەم ۲۰٧ ژن لە ئێران تۆمار کراوە. لەو ژمارە ۳۱ ژن (۱۴.۵٪) بە پاساوی ئەوەی بە "پاراستنی نامووس" ناو دەبردرێت، کوژراون. زانیاریی زیاتر؛ ـ لانی کەم ۱۳ ژن بەهۆی ڕەتکردنەوەی داوای هاوسەرگیری کوژراون. ـ لانی کەم ۱۰ ژن بەهۆی داوای جیابوونەوە لە لایەن هاوژینەکانیانەوە کوژراون. ـ لانی کەم ۱۰ ژنی قوربانیی منداڵ هاوسەری لە لایەن هاوژینەکانیانەوە کوژراون. ـ لانی کەم ۷ ژنی قوربانیی هاوسەرگیریی زۆرەملێ کوژران. پێڕستی پارێزگاکانی خاوەن زیاترین ئاماری ژنکوژی: تاران: ۳۲ حاڵەت پارێزگاکانی مازەندەران، کرماشان، خوراسانی ڕەزەوی و ئورمیە: هەر یەک ۱۴ حاڵەت پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، فارس و سیستان و بەلووچستان: هەر یەک ۱۱ حاڵەت پارێزگاکانی گیلان و لوڕستان: هەر یەک ۱۰ حاڵەت پارێزگای کرمان: ۷ حاڵەت پارێزگاکانی خووزستان و ئەلبۆرز: هەر یەک ۶ حاڵەت کوژرانی زۆربەی ئەو ژنانە لە لایەن کەسانی نزیکی خۆیان، وەکوو هاوژین، هاوژێنی پێشوو، باوک، برا و ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکانیانەوە ئەنجام دراوە. تۆمارکردنی ئەم ئامارە لەحاڵێکدایە کە بەهۆی یاسا دژەژنانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەروەها بۆنە پیاوسالارەکان و پاساوی پاراستنی نامووس لە نێو کۆمەڵگای ئێران، بەشێکی بەرچاو لە ژنکوژییەکان لە دەستەی «ئاماری نهێنی»دا دەمێننەوە. بە پێی ستانداردە جیهانییەکان، لە هەر جێیەک کە ئامارێکی ناڕوونی دادوەری لە ژنکوژییەکان هەیە، کارەساتێکی گەورەتر ڕووی داوە. هەروەها لە نەبوونی ڕێوشوێنی یاساییدا، تەنیا ناوەندە سەربەخۆکانن کە دەتوانن ئاماری ژنکوژییەکان تۆمار بکەن. لە زۆربەی شوێنەکانی ئێران ئەو چەشنە ڕێکخراوانە بوونیان نییە و ئەوە خۆی یەک لە هۆکارەکانی نەبوونی زانیاریی ئاماریی ڕوون لەسەر ژنکوژییەکان لە هەندێک شوێنی ئێرانە.   بارودۆخی کۆمەڵگای کەمینە سێکسی و ڕەگەزییەکان: کۆماری ئیسلامی بۆ پەیوەندی سێکسی نێوان هاوڕەگەزەکان سزای لێدانی قامچی تا لەسێدارەدانی لەبەر چاو گرتووە. وتاری ڕەگەزیی ئازادانەی ترەنسەکان، لە ڕێگای یاسای حیجابی زۆرەملێ لە یاسای سزادانی ئیسلامیدا و دیاریکردنی دووانە و لێ‌سەندنەوەی ڕەگەزی لە ئێران، بە تاوان ناسراوە. نەشتەرگەرییەکانی ناسراو بە «گۆڕینی ڕەگەز» لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامی، کە لەڕاستیدا «پشتڕاستکردنەوەی دووبارە و هاوتەریبکردنی ڕەگەزی»یە، لەگەڵ ستانداردە جیهانییەکان مەودایەکی زۆریان هەیە و هێستا لە شێوازی ئەشکەنجەواری ئەم ڕەوتە کەڵک وەردەگیرێت. هیچ ئامارێکی دروست لەسەر ژمارەی بەندکراوانی ئەم بەشە لە کۆمەڵگا لەبەر دەستدا نییە. بارودۆخی بەندکراوانی ترەنسی بەندیخانەی ئێڤین دوای گواستنەوەیان بۆ بەندیخانەکانی قەرچەک و شاری ڕەی و گەڕانەوە بۆ ئێڤین نادیار ماوەتەوە. ئامارێکی ڕوون لەسەر کوشتنی ئەندامانی کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە بەهۆی ویستی سێکسی یان شوناسی ڕەگەزییان لەبەر دەستدا نییە کە ئەوە خۆی نیشاندەری ناڕوونیی دەزگای دادوەریی ئێران و هاوڕایی میدیاکان لەگەڵ ناوەندی بنەماڵەی پیاو/باوک سالار و حکومەت ڕوو دەدات. هەنگاو توانیویەتی لە ساڵی ۲۰۲۵ بە لێکۆڵینەوە لەسەر کوشتنی ترەنسێک لە شیراز، قەبارەی کارەساتی کوشتنی ژنێکی ترەنس بەناوی «سەوگەند پاکدڵ» تۆمار بکات.   دەرەنجام؛ بە پێی ئامار و بەڵگەنامەکان لەسەر پێشێلکردنی ڕێکخراوانەی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران لە ماوەی ساڵی ۲۰۲۵، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بارودۆخی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران لە ئێستادا و بەتایبەت دوای شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل بە ناجێگیر دەزانێت. کوشتاری ڕێکخراوانەی کۆماری ئیسلامی ئەمساڵ نە تەنیا زیادی کردووە، بەڵکوو ئامارەکان لە ئاماری چەند دەیەی ڕابردووی ئێرانیش زیاتر بوون. بارودۆخی سەرکوت و چەوساندنەوە سەختتر و وەپاڵدانی تۆمەتی «هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل» زۆرتر بووە. سەرەڕای ئاماری نهێنی لە پەیوەندی لەگەڵ ژنکوژییەکان، ئاماری تۆمارکراوی هەنگاو لەو بوارەدا دیسان ڕەوتی زیاتربوونی بەراورد به ساڵانی ڕابردوو نیشان داوە. هەروەها هەنگاو به لێکدانەوەی وردی زانیاری و ئامارە شاراوەکان، بارودۆخی سەرکوتی کەمینە نەتەوەیی/پێکهاتەکان، مەزهەبی، ڕەگەزی و سێکسی بە ناجێگیر لێک دەداتەوە. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو داوا لە کۆمەڵگای ئێران و جیهان دەکات کە نە تەنیا ڕێوشوێنی تایبەت بۆ لێکدانەوەی ئاماری سەرسووڕهێنەری لەسێدارەدران و سەرکوت لە ئێران بگرنە پێش، بەڵکوو داوا دەکات بە گرنگیدان بە ڕێکخراوانەبوونی ستەم و سەرکوت لە ئێران دژ بە چین و توێژە جیاوازەکان، تیشک بخەنە سەر بارودۆخی ناهاوسەنگی چەوساندنەوەی کەمینە و گرووپە پەراوێزخراوەکان. سەرچاوە: Hengaw  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand