Draw Media

راپۆرت: درەو بارزانی رێككەوتنی كردبوو (4) مانگ پۆستی پارێزگاری كەركوكی بەدەستەوە بێت، بافڵ تاڵەبانی بۆ (2) ساڵ وەریگرتەوە، ئەمە لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا كە (پارتی)و (بەرەی توركمانی)و نیوەی عەرەبەكان تێیدا بەشدار نین، لەناو ئەم ئاڵۆزییەدا، بە بەهانەی ئەوەی یاسای هەڵبژاردنی دیاری نەكردووە، توركمانە شیعەكان نزیك لە ئێران دەیانەوێت پشكی بەرەی توركمانی لە پۆستەكانی كەركوك وەربگرن، كە جگە لە پۆستەكانی (جێگری پارێزگارو جێگری سەرۆكی ئەنجومەن) 16 پۆستی تر لەخۆدەگرێت و یەكێكیان پۆستی قایمقامی كەركوكە. وردەكاری رێككەوتنی پرۆسەی پێكهێنانی دووەم حكومەتی خۆجێی كەركوك لەدوای كەوتنی سەددامەوە، لەم راپۆرتەدا.  پارێزگاری كەركوك لە بەغداد هەڵبژێردرا دوێنێ شەو، بەبێ پارتی دیموكراتی كوردستان، بەرەی توركمانیی و نیوەی كوتلەی عەرەبی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، ئەنجومەن لە هۆتێل (رەشید)ی شاری بەغداد كۆبووەوەو پارێزگارو سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاو جێگرەكانی هەڵبژارد.  لە كۆی 16 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا، 9 ئەندام بەشدارییان لە كۆبوونەوەكەی بەغداد كرد كە بریتی بوون لە:  •    5 ئەندامی یەكێتیی (رێبوار تەها- ئەحمەد كەركوكی- هۆشیار كاكەیی- نەشئەت جەوازات- پەروین فاتیح) •    1 ئەندامی "كۆتا"ی مەسیحی (ئەنجیل زیا شیبا) كە سەربە رەیان كلدانی سەرۆكی بزوتنەوەی بابلیۆنەو هاوپەیمانی یەكێتییە. •    3 ئەندامی كوتلەی عەرەبی (كە بریتی بوون لە هەریەكە لە رەعد ساڵح و محەمەد ئیبراهیم حافز لە هاوپەیمانی قیادەو زاهیر عاسی لە فراكسیۆنی عروبە). بەم ژمارەیە، هاوپەیمانێتیی نێوان یەكێتیی و نیوەی كوتلەی عەرەبی و "كۆتا"ی مەسیحی توانی نیسابی سازدانی دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگا كۆبكاتەوە كە 50+1 بوو، لە كۆی 16 ئەندام، بە 9 ئەندامی ئەنجومەن نیسابی تەواوكردو دانیشتنەكەی بەڕێوەبرد.  لەبەرامبەردا بەتێكڕا (7) كەس لە ئەندامانی ئەنجومەن بایكۆتی دانیشتنەكەیان كردو دانی پێدا نانێن، ئەوانەی بایكۆتیان كرد ئەمانەن:  •    فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان (حەسەن ئەحمەد- شۆخان حەسیب) •    هاوپەیمانی عەرەبی (راكان جبوری- سەلوا مەفرەجی- ئەحمەد حەمدانی) •    بەرەی توركمانی (ئەحمەد رەمزی- سەوسەن جەدوع) كەركوك جارێكی تر بەگوێرەی یاسا، دۆخێكی تایبەتی پێدراوە، بڕگه‌ی (چواره‌م) له‌ مادده‌ی (13)ی یاسای ژماره‌ی (4)ی ساڵی 2023 (هه‌مواری سێیه‌می یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان) ده‌ڵێ:" ده‌سه‌ڵات به‌ نوێنه‌رایه‌تییه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ دابه‌شده‌كرێت، به‌جۆریك زامنی به‌شداری هه‌موو پێكهاته‌كان پارێزگای كه‌ركوك بكرێت، به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن)، بەپێی ئەم بڕگە یاساییە بەبێ بەشداری نوێنەرانی توركمانیی نەدەبوو حكومەتی خۆجێی دروست بكرێت، بەڵام یەكێتیی بۆ بڕینی ئەم بەربەستە پەنای بۆ ئەوە بردووە پۆستەكانی توركمان بە بەتاڵی بەجێبهێڵێت، سەرباری ئەمەش لە بەغدادەوە هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی ئەم بڕگە یاساییە وا لێكبدرێتەوە بەشداریكردنی پێكهاتەكان لە ئەنجومەنی پارێزگا بە واتای بەشداریكردن لە دەسەڵات نایەت، واتا ئەو توركمانانەشی كە كوردسی ئەنجومەنیان نەبردووە دەتوانن بەناوی پێكهاتەی توركمانەوە دانوستان بكەن و پشكی پێكهاتەی توركمان لە پۆستەكانی ئیدارەی كەركوك وەربگرن، ئەگەر ئەمە سەربگرێت، توركمانە شیعەكانی نزیك لە ئێران گورزێكی بەهێز لە پێگەی توركمانە نەتەوەییەكانی نزیك لە توركیا دەدەن.  راكان جبوری پارێزگاری پێشوو كە ئێستا ئەندامی ئەنجومەنە لەگەڵ حەسەن تۆران سەرۆكی بەرەی توركمانی هەردووكیان هەڕەشەی ئەوە دەكەن رێكاری یاسایی دژی دانیشتنەكەی هۆتێل رەشید دەگرنە بەر، بەڵام پێناچێت سكاڵاكان كاریگەرییەكی ئەوتۆی هەبێت، بەتایبەتیش لەكاتێكدا دانیشتنەكەی دوێنێ شەو لە سێبەری محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران و لە بەغداد لەبەرچاوی لایەنە سیاسییەكان بەڕێوەچووە. بەیاننامەی ناڕەزایەتیی حەسەن تۆران سەرۆكی بەرەی توركمانی دژی دانیشتنەكە كوردو پارێزگار بە نۆرە ! لەدوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە 18ی كانونی یەكەمی 2023، بۆ یەكەمجار توركمان و دواتریش عەرەبەكان بیرۆكەی ئەوەیان هێنایە پێشەوە پۆستی پارێزگاری كەركوك "بەنۆرە" لەنێوان پێكهاتەكان بەڕێوەببرێت. پارتی دیموكراتی كوردستان كە لەسەرەتای گفتوگۆكانەوە جەختی لەسەر ئەوە دەكرد پۆستی پارێزگار لای كورد بێت و "كوردێكی بێلایەن" دابنرێت، لەسەر ئەمە لەگەڵ یەكێتیی نەگەیشتە هیچ رێككەوتنێك، بەتایبەتیش لەكاتێكدا هەردوو حزبەكە لەناوخۆی هەرێمی كوردستان چەند ساڵێكە گفتوگۆی پێكەوەبوونیان راوەستاوەو قۆناغی "نە شەڕ نە ئاشتیی" بەرێدەكەن. پارتی لە كۆتایدا لێكتێگەیشتنێكی لەگەڵ بەرەی توركمانی كردو قایل بوو بەوەی پۆستی پارێزگار "بەنۆرە" بێت. سێ كەسی سەربە خەمیس خەنجەری سەرۆكی هاوپەیمانی سیادەی سوننەكانیش لە كوتلەی عەرەبی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەدواین ساتەكاندا هاتنە ناو ئەم رێككەوتنەوە، ئەم بەرەیە بە تێكڕا (7) دەنگی ئەنجومەنی پارێزگای كۆكردەوە (2ی پارتی+ 2ی بەرەی توركمانی+ 3ی عەرەب)، بەم ژمارەیەوە پارتی هەر لە بنەڕەتەوە نەیتوانی نیسابی سازدانی دانیشتنی ئەنجومەن تەواو بكات و رێككەوتنە سیاسییەكەی بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە، بۆیە وردەكاری رێككەوتنەكەش تائێستا ئاشكرا نەكراوە، بەڵام ئەوەی باس دەكرێت بارزانی لەرێگەی ئەم هاوپەیمانێتییەوە ویستویەتی پۆستی پارێزگار بەشێوەیەك دابەشكرێت (4) مانگ جارێك لای پێكهاتەكانی ئەم بەرەیە بێت و دواتر رادەستی بەرەكەی تری بكرێت كە یەكێتیی سەركردایەتیی دەكات، رەنگە بارزانی بەم هەنگاوە ویستبێتی چوار مانگی یەكەم پۆستی پارێزگاری كەركوك وەربگرێت و بەمە لەڕووی میدیاییەوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە 20ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت، گورزێكی بەهێز لە یەكێتیی بدات (لەكاتی بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی بارزانی و خەمیس خەنجەرو حەسەن تۆراندا، سایتی شەفەق نیوزی نزیك لە پارتی ئەم زانیارییەی پشتڕاستكردەوە).  لەبەرامبەردا، یەكێتیی نیشتمانی كوردستان كە براوەی یەكەمی دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بوو، سەرباری ئەوەی لە سەرەتاوە دژی ئەوە بوو پۆستی پارێزگار "بەنۆرە" بێت، بەڵام بەپێی ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ نیوەی كوتلەی عەرەبی كردوویەتی، قایل بووە بەوەی تەنیا (2 ساڵ) پۆستی پارێزگاری بەدەستەوە بێت، رەنگە جیاوازییەكە تەنیا ئەوە بێت، لەم رێككەوتنەدا لەبری سێ پێكهاتە (كورد+ عەرەب+ توركمان) پۆستی پارێزگار لەنێوان دوو پێكهاتە (كورد+ عەرەب) دابەشكراوە. ئێستا ئیتر بەگوێرەی رێككەوتنەكە، رێبوار تەها لە فراكسیۆنی یەكێتیی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك هەڵبژێردراوەو، چیتر لە ئەنجومەنی پارێزگا نابینرێت و چاوەڕوانی ئەوەیە لە سەرۆكایەتیی كۆمارەوە مەرسومی بۆ دەربكرێت و وەكو پارێزگار دەستبەكار ببێت، لە حاڵەتی رۆیشتنی رێبوار تەهادا، (عەبدوڵا میروەیس) لە لیستی یەكێتیی شوێنەكەی لە ئەنجومەنی پارێزگا پڕدەكاتەوە، میروەیس (4 هەزارو 789) دەنگی بەدەستهێناوەو زۆرترین دەنگی لیستی یەكێتیی هەیە.  عەبدوڵا میروەیس جێگرەوەی رێبوار تەها یەكێتیی لەم كاتەدا كە بەرەو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەنگاو دەنێت و لە كێبركێیەكی سەختدایە لەگەڵ پارتی، بە یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك لە بەرژەوەندی خۆی، كارتێكی بەهێزی هەڵبژاردنی لەبەردەم لایەنگرو دەنگدەر هاوكاتیش نەیارە سیاسییەكانی ناوخۆیدا دەستكەوت، بەتایبەتیش لەكاتێكدا بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی حزبەكە لە 2017وە بانگەشەی گەڕاندنەوەی پۆستی پارێزگار بۆ یەكێتیی دەكات، پۆستێك كە لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە لەدەستیدابوو.   پارتی و یەكێتیی كە لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە ئیتر ئەگەری كاركردنی پێكەوەییان لە كەركوك زۆر لاواز بوو، بەتایبەتیش لەكاتێكدا یەكێتیی لە تەموزی 2019دا، لە رێككەوتنی سیاسی خۆیدا لەگەڵ پارتی، وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوكی كرد بەمەرجی بەشداربوونی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دواتر پارتی پابەندی ئەم مەرجە نەبوو، تاوەكو لە كۆتایدا بە بڕیاری پەرلەمانی عێراق و لە دوای خۆپیشاندانەكانی تشرینی 2019وە پەرلەمانی عێراق ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەڵوەشاندەوەو ئیتر هیچ چانسێك لەبەردەم یەكێتیدا نەما لەرێگەی زۆرینەی ئەنجومەنەوە پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك دابنێت لە شوێنی (نەجمەدین كەریم) كە لەدوای ریفراندۆمی 2017ی سەربەخۆیی كوردستانەوە كەركوكی بەرەو هەولێر بەجێهێشتبوو.  پارتی و یەكێتیی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، لە كەركوك بە دوو لیستی جیاواز بەشدارییان كرد، یەكێتیی (5) كورسی بردو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن بوو، پارتی (2) كورسی برد، بە هەردووكیانەوە وەكو نوێنەری پێكهاتەی كورد لە كۆی (16) كورسی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك (7) كورسییان برد. پارتی و یەكێتیی وەكو دوو هێزی سەرەكی كورد لە كەركوك، بە پەرتبوونیان، حزبە سیاسییەكانیان لە پێكهاتەكانی (عەرەب و توركمان) بەسەر ناكۆكییەكانی خۆیاندا پەرت و دابەشكرد. پشكی عەرەب لە ناكۆكی حەلبوسی و خەنجەردا لەبەرامبەردا، بەپێی رێككەوتنەكە، محەمەد ئیبراهیم حافز لە هاوپەیمانی (قیادە) بە سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا هەڵبژێردرا. قیادە هاوپەیمانێتییەك بوو كە بە سەرۆكایەتیی (محەمەد تەمیم)ی وەزیری پلاندانان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كەركوك دروستكرا، هەریەكە لە حزبی (تەقەدوم)ی محه‌مه‌د حه‌لبوسی ‌و (سیادە)ی خه‌میس خه‌نجه‌ری لەخۆدەگرت و، (2) كورسی ئەنجومەنی پارێزگای بردەوە، بەڵام بەهۆی ناكۆكی حەلبوسی و خەنجەرەوە، هاوپەیمانێتییەكە لەبەر یەك هەڵوەشا، خەنجەر كە هاوكات لە كەركوك لەگەڵ (هاوپەیمانی عەرەبی) بەشداری هەڵبژاردنی كردبوو، بە سێ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكەوە خۆی گەیاندە لای مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لە پیرمام، حەلبوسیش دوێنێ شەو لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی چووە دانوستان، لەم نێوەندەدا (محەمەد ئیبراهیم حافز) كە لەنێوان هەردووكیاندا یاری دەكرد، ئیتر بەلای حەلبوسیدا شكایەوەو پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای وەرگرت. محەمەد تەمیم كە سەرۆكایەتی هاوپەیمانی قیادەی دەكرد، ئەویش پۆستێكی بۆ براكەی خۆی زامن كرد، (ئیبراهیم تەمیم) بوو بە جێگری پارێزگاری كەركوك بۆ كاروباری هونەریی. ئیبراهیم تەمیم جێگری پارێزگار بۆ كاروبار هونەریی واتا ئەو عەرەبانەی كە بەشدارییان لە رێككەوتنە سیاسییەكەدا كردووە لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانی بریتین لە هەریەكە لە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی حزبی تەقەدوم و محەمەد تەمیمی وەزیری پلاندانان، بەپێی رێككەوتنەكە، یەكێتیی نیشتمانی دوای دوو ساڵی تر دەبێت پۆستی پارێزگاری كەركوك رادەستی ئەمان بكات و لەبەرامبەردا پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا وەربگرێت.  رێككەوتنی سیاسی بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك دەریخست ئەوە تەنیا كورد نییە لە پارێزگایەكی هەستیاری وەكو كەركوك كە ناوچەیەكی جێناكۆكە، هێزە سیاسییەكان ناكۆك و ناتەبان، بەڵكو عەرەبەكانیش ناكۆكییە ناوخۆییەكانیان قوڵتر بووەتەوە. توركمان چی بەركەوت ؟ دەرەنجامی هەڵبژاردنی 18ی كانونی یەكەمی 2023 وایكرد لە كەركوك تەنیا (بەرەی توركمانی) نوێنەرایەتی پێكهاتەی توركمان بكات، ئەم پێكهاتەیە (2) كورسی ئەنجومەنی پارێزگای بردەوە كە هەردوو كورسییەكە سەربە بەرەی توركمانی بووە.  بەرەی توركمانی تاكە هێزی سیاسی توركمانە لە عێراق كە توركیا وەكو دەوڵەت پشتیوانی دەكات، تاڕادەی دەستوەردان لە كاروبار ناوخۆییەكانی.  دەستوەردانی توركیا، ئەمدواییە (ئەرشەد ساڵحی) ناچار كرد دەست لە پۆستی سەرۆكی بەرەكە بكێشێتەوەو (حەسەن تۆران) لە شوێنی ئەو ئەركی سەرۆكایەتیی بەرەكە بگرێتە ئەستۆ. لەوكاتەوە لە پۆستی سەرۆكی بەرەی توركمانی دورخراوەتەوە، ئەرشەد ساڵحی سەرۆكایەتیی كوتلەی توركمانی دەكات لە پەرلەمانی عێراق و نیگەرانیی پێوە دەبینرێت.  حەسەن تۆران دوای لێكتێگەیشتنەكەی لەگەڵ پارتی، سەردانی پیرمامی كردو بارزانی بینی، پابەند بوو بە بەڵێنەكەی لەگەڵ پارتی، ئەمانە وەكو بەرەكەی توركیا لە كەركوك دەبینران، لەسەر ئەم بنەمایە تۆران دوێنێ نەیهێشت ئەندامەكانی بەرەكەی بەشداری لە كۆبوونەوەكەی بەغداد بكەن، بەڵام سەرباری ئەمەش بەرەكە زۆر تۆكمە دەرنەكەوت.   دوو ئەندامەكەی بەرەی توركمانی لە ئەنجومەنی پارێزگا یەكێكیان (سەوسەن عەبدولواحید جەدوع) سەربە حەسەن تۆرانەو ئەوی تریان (ئەحمەد رەمزی كۆپەرلو) سەربە ئەرشەد ساڵحییە، ئەو ئەندامەی كە سەربە تۆران بوو دژی كۆبوونەوەكەی بەغداد راگەیەندراوی بڵاوكردەوە، بەڵام ئەوەی سەربە ئەرشەد ساڵحی بوو بێدەنگیی لێكرد. لە پرسی كۆبوونەوەی دوێنێ شەوی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكدا ناتەبایی ئەرشەد ساڵحی و حەسەن تۆران دەركەوت، تۆران دژی كۆبوونەوەكەیەو هەڕەشەی سكاڵاكردن دەكات، ساڵحی كە بەوە ناسراوە بۆ هەموو شتێك بەیاننامە دەردەكات، تائێستا هیچی نەوتووە.  بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لەلایەن یەكێتییەوە هەوڵ هەبووە بۆ ئەوەی ئەندامەكەی سەربە ئەرشەد ساڵحی ببرێتە ناو كۆبوونەوەی دوێنێ شەوی ئەنجومەنی پارێزگاوە، بەڵام ئەم هەوڵە سەركەوتوو نەبوو، پێدەچێت ئەرشەد ساڵحی نەیویستبێت لەم قۆناغەدا سەرچڵی بە چارەنوسی بەرەی توركمانیی و پەیوەندییەكانییەوە بكات لەگەڵ توركیا.   ئیتر بەهۆی ئەم دۆخەوە، بەبێ بەرەی توركمانیی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك لە بەغدادەوە تێپەڕی، ئەوەی بۆ پێكهاتەی توركمان بەجێهێڵدراوە بریتییە لە دوو پۆستی سەرەكی (جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا+ یەكێك لە جێگرەكانی پارێزگار)، ئەگەر بەرەی توركمانی پەیوەندی بە رێككەوتنەكەی یەكێتییەوە بكات، ئەم دوو پۆستە وەردەگرێت و دەكرێت لەسەر هەندێك پۆستی تریش لە كەركوك دانوستان بكات. بەڵام ئەگەر لەسەر هەڵوێستی خۆی سور بێت، یەكێتیی كە خۆی لەسەر بەرە ئێرانییەكەی عێراق ئەژمار دەكرێت، لەرێگەی بەغدادەوە پلانی بەدیلی ئامادە كردووە، ئەوەش پڕكردنەوەی پۆستەكانی توركمانە لە كەركوك لەلایەن ئەو توركمانانەی كە شیعەن و وەلائیان بۆ مەزهەب لە هەستە نەتەوەییەكەیان بەرزترە.  (غەریب عەسكەر توركمانی) كە یەكێك لە پەرلەمانتارە توركمانەكانی عێراقە، دوێنێ ئەوەی ئاشكرا كرد كە بە نوێنەرایەتی توركمان بەشداری لە كۆبوونەوە سیاسییەكان كردووەو لەسەر بنەمای ئەو رێككەوتنەی بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك كراوە، ئەم پۆستانە بۆ پێكهاتەی توركمان دانراوە:  •    جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا •     جێگری پارێزگار •    یاریدەدەری پارێزگار •    راوێژكاری پارێزگار 2 راوێژكار لە كۆی 6 راوێژكار •    راوێژكاری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا •    یاریدەدەری فەرماندەی پۆلیس •    بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی كەركوك •    بەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی كارەبای كەركوك •    بەرێوەبەرایەتی رێگاوبان و پردەكان •    بەڕێوەبەرایەتی ئاوی كەركوك •    یاریدەدەری شارەوانی كەركوك •    یاریدەدەری شارەوانییەكانی كەركوك •    قائیمقامی قەزای ناوەندی كەركوك •    بەڕێوەبەری ناحیەی یایچی •    بەڕێوەبەری ناحیەی تازە •    بەڕێوەبەری ناحیەی لەیلان •    سكرتێری لیژنەی ئەمنیی •    بەرێوەبەرایەتی ژینگەی كەركوك بەپێی قسەی غەریب عەسكەر، لەچوارچێوەی ئەو رێككەوتنەی كە كراوە، پۆستەكانی كەركوك لە بەش و فەرمانگەو پارێزگاو ئەنجومەنی پارێزگا بەرێژەی 32% لە نێوان هەر سێ پێكهاتەكەدا دابەشدەكرێت.   ئەگەر ئەم رێككەوتنە ئیمزا كرابێت وەكو ئەوەی غەریب عەسكەر بانگەوازی بۆ كردووە، دەردەكەوێت بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگار، یەكێتیی پۆستی زۆری كەركوكی بە لایەنە نزیك و دۆستەكانی ئێران بەخشیوە.  كورتەیەكی مێژوویی له‌ یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی خۆجێی دوای كه‌وتنی رژێمی پێشووی عێراقدا كه‌ ساڵی 2005 به‌ڕێوه‌چوو، ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌ (41) كورسی پێكهاتبوو، كورسییه‌كان به‌مشێوه‌یه‌ به‌سه‌ر پێكهاته‌كانی كه‌ركوكدا دابه‌شبوو بوو:  •    پێكهاته‌ی كورد: 26 كورسی (كورد ئه‌وكات به‌ لیستی برایه‌تی كه‌ركوك به‌شدار بوو كه‌ زۆرینه‌ی حزبه‌ كوردییه‌كانی له‌خۆگرتبوو، له‌م هه‌ڵبژادنه‌دا كورد رێژه‌ی 63%ی تێكڕای كورسی پارێزگای وه‌رگرتبوو).  •    پێكهاته‌ی توركمان: 9 كورسی (به‌ره‌ی توركمانی و هاوپه‌یمانی ئیسلامی توركمانی نوێنه‌رایه‌تی ئه‌م كورسیانه‌یان ده‌كرد). •    پێكهاته‌ی عه‌ره‌بی: 6 كورسی (گردبوونه‌وه‌ی عه‌ره‌بی و گردبوونه‌وه‌ی نیشتمانی عێراق نوێنه‌رایه‌تی ئه‌م كورسیانه‌یان ده‌كرد) ساڵی 2005 له‌چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنی حكومه‌تی خۆجێی كه‌ركوكدا كورد پۆستی پارێزگاری برد (عه‌بدولڕه‌حمان مسته‌فا پۆسته‌كه‌ی وه‌رگرت، وه‌كو سه‌ربه‌خۆیه‌ك و به‌ نوێنه‌رایه‌تی پێكهاته‌ی كورد)و  دواتر جێگری پارێزگاری كەركوك درا بە (راكان جبوری)، پێكهاتەی توركمان پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا وەری نەگرت، كورد ئەم پۆستەشی پڕكردەوەو (رزگار عەلی ) بووە سەرۆكی ئەنجومەن و (رێبوار تاڵەبانی) بە جێگری دانرا. 19 ساڵ دوای یەكەم حكومەتی خۆجێی كەركوك، دووەم حكومەت دروستكرا، حكومەتێك كە كورد تێیدا ئیتر ئەو پێگە بەهێزەی جارانی نییەو ژمارەی لە نوێنەرەكانی لە ئەنجومەنی پارێزگا لە رێژەی 63%ی بۆ كەمتر لە 50% دابەزیوە.   


مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو) بەرەو ھەڵبژاردن -  بەشی سێھەم لە دوو بەشی رابوردووی ئەم نووسینەدا لەوەدوام کە ھەڵبژاردن لە دوای کۆتایی جەنگی سارد و روخانی دیواری بەرلینەوە بووە بە ئامرازێک سیستمە دەسەڵاتگەر و ستەمگەرەکانیش بەکاریدەھێنن. ھێزی نادیموکراس و دەسەڵاتگەریش پەنای بۆدەبات بۆ بەخشینی رەوایەتی بە سیستمە سیاسییە ستەمگەرەکەی.  ئەمە وادەکاتگەر لە شوێنێک ھەڵبژاردن ھەبوو، ئەمە مانای ئەوە نییە سیستمە سیاسییەکەی ئەو شوێنە سیستمێکی دیموکراسە. سیستمی سیاسیی دەتوانێت لەیەککاتدا ھەم دەسەڵاتگەر و خێزانیی و سوڵتانیی بێت، ھەم ھەڵبژاردنیش ئەنجامبدات. ھەرێمی کورستان نموونەیەکی بەرچاوی ئەو دۆخەیە. ھەر لەو دووبەشەدا باسی ئەوەشم کرد کە سیستمە خێزانیی و سوڵتانییەکەی کوردستان ناکرێت لە رێگای ھەڵبژاردنەوە بگۆرێت و دەسکاریبکرێت، چونکە شتێک بەناوی دەستگۆڕکێکردنی دەسەڵاتەوە لە لۆژیکە خێزانیی و سوڵتانییەکەی، ئەو حوکمڕانیەدا بوونی نییە. جگە لەمە باسم لەوەشکرد کە لە سیستمی دیموکراسیدا، پەرلەمان، ئەو شوێنەی نوێنەرەکانی میلەتی بۆ دەروات، دەبێت جێگەی بەھێزترین دەسەڵاتی ناو سیستمە سیاسییەکەبێت. لە پەیوەندیدا بە ھەرێمی کوردستانەوە باسم لەوەکرد کە پەرلەمان جگە لە دیکۆرێکی سیاسیی کۆمیدیی شتێکی دیکە نییە و لە دەرەوەی پەرلەماندا چەندان دەزگا و بازنەی تری دەسەڵات ھەن، بڕیارئەدەن و دەسەڵاتدارێتیەکە بەڕێوەدەبەن. لەم بەشە و بەشی داھاتووی ئەم نووسینەدا دەمەوێت باس لەو ئۆپۆزیسیۆنە سیاسییە بکەم کە لە ھەرێمەکەدا ھەیە و دروستبووە.   لەناوەندە سیاسیی و رۆشنبیرییەکەی ئێمەدا دوو روانیان بۆ ئۆپۆزیسۆن ھەیە کە ھەردووکیان پڕکێشە و ناڕاستن. یەکێکیان دیدگایەکی رۆمانسیی لینینیە دەخوازێت ئپۆزیسیۆن پێشڕەوی کۆمەڵگا بێت و دەسکاری سەرجەمی کۆمەڵگاکە بکات، نەک تەنھا دەسکاری سیستمە سیاسییەکە بکات بەڵکو دونیایەکی تەواو نوێ لە شوێنی دونیا کۆنەکە دروستبکات. وەک چۆن شاعیران دەستکاری زمان و ریتمی ناو قەسیدەیەک دەکەن و دەیانگۆرن، پێویستە ئۆپۆزیسۆنیش بەھەمان شێوە دەسکاری کۆمەڵگا و ناوەندە سیاسییەکە بکات و ھەمووشتەکانی ناویان بگۆرێت، بە گۆڕینی ژیان و کولتور و بەھا و ئەخلاق و ڕۆشنبیریی و سیستمە رەمزییەکانی ناو کۆمەڵگاوە. ئۆپۆزیسیۆن لێرەدا ھێزێکی ھەمەتوانا و ھەمەکارە، ھەم ھێزێکی سیاسییە، ھەم فەیلەسوف و شاعیر و هونەرمەندە، ھەم داھێنەرێکە پێویستە ھەمووشتێک تازەبکاتەوە. ھەرچی ڕوانینی دووھەمە، ئۆپۆزیسیۆن وەک ھێزێک دەبینێت کە بە وەرگرتنی بەشێک لە کێکە سیاسییەکە رازیدەبێت و لە ھەوڵی ئەوەدایە چەند ئەندامێکی پارتەکەی خۆی بخاتە پێگەی دەسەڵاتەوە، بەبێ ھیچ ھەواڵدانێک بۆ گۆڕین و دەسکاریکردنی شێوازی کارکردنی سیستمی دەسەڵاتەکە. ئەم دوو دیدە ھەردووکیان دوو دیدی تەواو پڕ کێشە و ناڕاستن. یەکەمیان ھەڵگری رۆمانسیەتێکی لینینیە کە تیایدا حیزبی سیاسیی حیزب-فەیلەسوفە. دووھەمیان نوێنەری پراگماتیزمێکی بێبەرنامە و بێئەلتەرناتیڤ و بێدیدگا و تەماحکارە. ھێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن لەمڕۆکەی ھەرێمدا زیاتر سەربە ڕوانینی دووھەمن. بەڵام ئۆپۆزیسیۆن چییە؟ بەر لە ھەموو شتێک ئۆپۆزیسیۆن زاراوەیەکی سیاسییە لە سیستمی دیموکراسیدا هێما بۆ ئەو ھێز و ڕێکخراوە سیاسییانە دەکات کە بەشێکن لە سیستمە سیاسییەکە، بەڵام لە دەرەوەی ئەو حکومەت و ئۆرگانانەی حوکمڕانیدان کە ھێزە براوەکانی ھەڵبژاردن دەیانگرنەدەست و بەڕێوەیان دەبەن. ئۆپۆزیسیۆن لە سیستمی دیموکراسیدا ھێزێک نییە لە دەرەوەی سیستمەکەدا، ”دەرە سیستم“ نین، بەڵکو بەشێکن لە سیستمە سیاسییەکە بەڵام بە دیدگا و بەرنامە و پلان و پێشنیاریی جیاوازەوە. هەر هێزێک بخوازێت رۆڵی ئۆپۆزیسیۆن ببینێت پێویستی بەوەیە خاوەنی شوناسێکی تایبەت بە خۆی بێت، کە هێما بۆ دیدگا و جیھانبینیی و بەرنامە و پلانە تایبەتەکانی ئەو بکات. بە کۆمەڵگا بڵێت دەخوازێت چی بگۆڕێت و چی وەک خۆی بھێڵێتەوە، کام پەیوەندیی دەگۆڕێت و کام پەیوەندیی دەھێڵێتەوە. چ ڕوانینێکی بۆ ئێستا و ئایندەی ئەو کۆمەڵگایە ھەیە. ئەم شوناسە پێویستە هێما بۆ جۆرێکیتر لە سیاسەت و جۆرێکیتر لە حوکمرانیی و جۆرێکی تر لە بەڕێوەبردن و جۆرێکیتر لە پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگا و پەیوەندیی بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگا بەیەکەوە، بکات، ئەلتەرناتیڤی ئەوەی لە ئێستادا هەیە بە ڕوونی بخاتەڕوو. باسی جۆرێک لە بەڕێوەبردن و ماف و یاسا بکات، لەھی ھێزە حوکمڕانەکان باشتر و دیموکراسیتر و دادپەروەرتر بن. ئەوەی ئۆپۆزیسیۆن خەریکی دەبێت دەستنیشانکردنی مەسەلە و کێشە و تەحەدا سەرەکیی و گرنگەکانی ناو کۆمەڵگاکەیە و دانانی بەرنامەی سیاسییە بۆ چۆنیەتی چارەسەرکردن و بەڕێوەبردنی ئەو مەسەلانە. کاتێکیش بەشداریی لە ھەڵبژاردندا دەکات بەناوی ئەو بەرنامە و پلانە سیاسییانەوە بچێتە هەڵبژاردنەوە و دەنگداران بزانن ئەم ھێزە کام کۆمەڵگا و حوکمڕانیی و ماف و بەرپرسیارێتی دەوێت. ئاشکرایە ئۆپۆزیسیۆنی پەرلەمانی تەنها لەناو سیستمێکی سیاسیدا مانای هەیە کە سیستمەکە توانای دەستگۆڕکێی دەسەڵاتی دەستەبەرکردبێت، واتە توانای ئەنجامدانی گۆڕانکاریی لە ڕێگای دەنگدانەوە مەیسەر کردبێت. گۆڕانکاریی ئەگەرێکی یاسایی و سیاسیی یەکسان بێت لەبەردەم ھەموو ئەو ھێزانەدا کە لە ھەڵبژاردنەکاندا بەشدارن. هەر سیستمێک ئەم ئەگەر و توانا ناوەکییەی دەستگۆڕکێی دەسەڵاتی تیادانەبێت، واتە ھەڵبژاردن ئامرازی دەستگۆڕکێی دەسەڵات نەبێت، هیچ مانایەک بۆ ھەڵبژاردن و بۆ ئۆپۆزیسیۆنبوونی پەرلەمانی ناهێڵێتەوە. دیموکراسیەت ئەو تاکە سیستمە سیاسییە کە لەسەرەتای سەرەتاکانییەوە تا دروستکردنی حکومەت و ھەڵبژاردنی حوکمڕانان، ئەگەری دەستگۆڕکێی دەسەڵات  و بڕیاردانی جیاواز دەخاتە بەردەمی کۆمەڵگاکەوە. ئۆپۆزیسیۆن کاتێک مانای هەیە کە «حکومەتێک لە چاوەروانید»ا بوونی ھەبێت، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنیش سەرکوەزیرانێک بێت لە چاوەروانیدا، پەرلەمانتاری ھێزە براوەکەش بەڕێوەبەرانی سیستمە سیاسیەکە بن و ھێزی پیادەکردنی بەرنامە سیاسییەکەیان ھەبێت. بە مانایەکی ئۆپۆزیسیۆنی پەرلەمانی تەنھا لەو دۆخەدا مانایەکی ھەیە رێگای گەیشتن بە دەسەڵات و دەستگۆڕکێکردنی کۆی پۆستە سیاسییەکان، بەشێک بێت لە چۆنیەتی رێکخستنی کایە سیاسییەکە خۆی. واتە ئۆپۆزیسۆن ئەگەری بەڕێوەبردنی وڵاتەکەی لەبەردەمدا بێت.  ئەرکی ژمارە یەکی هێزی ئۆپۆزیسیۆنیش ئەوەیە جیاواز لە پارتە حوکمڕانەکان بیربکاتەوە و بەشدارنەبێت لەو سیاسەتانەدا کە ھێزە حوکمڕانەکان گەشەی پێئەدەن و جێبەجێیدەکەن. ئیشی ئۆپۆزیسۆن ئەوەیە رەخنەی ئەو سیاسەتانە بکات و دیدگای باشتر و گونجاوتر و پێشکەوتوتر، پێشکەشبکات. لە دۆخی زۆر تایبەت و دەگمەندا نەبێت، کە پەیوەندیی بە مەسەلەیەکی تەواو نیشتیمانییەوە ھەبێت، هێزی ئۆپۆزیسۆن پاڵپشتی پارتە حومکڕانەکان ناکات. هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان زۆربەی کات هەوڵی ڕێگرتن، یان هەموارکردنەوەی پێشنیارەکانی ئەو هێزانە دەکەن کە حکومەتیان پێکهێناوە و حوکمدەکەن. ئۆپۆزیسیۆن دەبێت بیەوێت خۆی حوکمڕانی بکات، بەتەنھا یان لەگەڵ چەند پارتێکی تردا، و ئەو دیدگا و بەرنامەیە پیادەبکات کە هەڵگریەتیی و بەرگریی لێدەکات. ئۆپۆزیسیۆن بوون لە ناوەندێکی سیاسیی دەسەڵاتگەر و خێزانیدا کە تیایدا پارتە سیاسییەکانیان خاوەنی دەیان و سەدان کۆمپانیابن، هێزی چەکداریان هەبێت، خاوەنی پۆلیس و ئاسایش و میلیشیای نهێنی و ئاشکرای خۆیا بن، قسەکردن لە ئۆپۆزیسۆنبوونی پەرلەمانی گاڵەتکردنە بە هەمووشتێک، لە پێش ھەمووانیشەوە گاڵتەکردنە بە خودی کۆمەڵگاکە. ئەوەی ڕوووئەدات ھەڵبژاردنی دیموکراسییانە نییە، بەڵکو سێرکێکی سیاسییە کۆمەڵێک ئەکتەری خراپ بەڕێوەیدەبەن.  


(درەو): ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە هۆتێلێكی بەغداد كۆدەبێتەوە، ئەمڕۆ یەكلادەبێتەوە پۆستی پارێزگار بۆ كێ دەبێت، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) لە چەند رۆژی رابردووەوە تائێستا پارتی و یەكێتیی دەیان ملیۆن دۆلاریان خەرجكردووە بۆ بەدەستهێنانی دەنگی ئەندامانی عەرەب و توركمان لە ئەنجومەنی پارێزگاو تادێت نرخی دەنگ بەرزتر دەبێتەوە، یەكێتیی تائێستا دەنگی سێ ئەندامی عەرەبی زامن كردووەو گرەو لەسەر بردنی دەنگێكی توركمانیش دەكات، پارتییش بە هەمان شێوە دەنگی سێ عەرەب و دەنگێكی توركمانی زەمانەت كردووە. ئێوارەی ئەمڕۆ لە هۆتێل (رەشید) لە بەغداد، ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كۆدەبێتەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق خۆی سەرپەرەشتی بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەكە دەكات و تێیدا دوای نزیكەی 9 مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، پۆستی پارێزگارو سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا یەكلادەكرێتەوە.  لەژێر فشار محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، رۆژی 11ی تەموزی رابردوو ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك یەكەم كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا، بەپێی یاسا دەبوو لەو كۆبوونەوەیەدا پۆستی سەرۆكی ئەنجومەن و جێگرەكەی یەكلابكرێتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن نەگەیشتبوونە رێككەوتن، كۆبوونەوەكە تاوەكو ئێستا بە كراوەیی هێڵدراوەتەوە، سەرۆك وەزیرانی عێراق مەرجی بۆ لایەنەكان داناوە ئەمڕۆ تاوەكو سبەینێ لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان بگەنە رێككەوتن.  ئەوەی تائێستا هەیە، پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرەی توركمانیی كە لە تێكڕای (16) كورسی ئەنجومەنی پارێزگا، هەریەكەیان 2 كورسییان هەیە، پێكەوە لێكتێگەیشتنیان هەیەو داوا دەكەن پۆستی پارێزگار بە "نۆرە" بێت لەنێوان سێ پێكهاتە سەرەكییەكەدا (كورد+ عەرەب+ توركمان)، بەڵام بەگوێرەی دواین بەدواداچوونەكانی (درەو)، یەكێك لە ئەندامەكانی بەرەی توركمانیی كە سەربە ئەرشەد ساڵحییە، هەڵوێستی نەرمەو زۆر پابەند نییە بەو لێكتێگەشتنەی كە حەسەن تۆرانی سەرۆكی حزبەكە لەگەڵ پارتی كردویەتی، ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی بەرەی توركمانیی بەمدواییە لە پۆستی سەرۆكی حزب لادراو حەسەن تۆران لە شوێنەكەی دانرا، توركیا دەستی لەم ئاڵوگۆڕەدا هەبوو، لەوكاتەوە جۆرێك لە هەستیاریی لە پەیوەندییەكانی ساڵحی و تۆراندا دەبینرێت، یەكێك لە ئەندامەكانی بەرەی توركمانیی لە ئەنجومەنی پارێزگا لە ساڵحییەوە نزیكەو یەكێتیی دەیەوێت لەسەر ئەم هێڵە هەستیارەی بەرەی توركمانیی كاربكات.  لەناو پێكهاتەی عەرەبیش، بەپێی دواین زانیارییەكان (3) ئەندامی ئەنجومەن كە لەگەڵ خەمیس خەنجەری سەرۆكی هاوپەیمانی (سیادە)ن، یەكلابوونەتەوە بۆ ئەوەی پابەندی رێككەوتنەكەیان بن لەگەڵ پارتی، بەمەش تائێستا وا دەردەكەوێت پارتی بە كورسییەكانی خۆیەوە، بە تێكڕا لە كۆی 16 كورسی ئەنجومەن، 6 بۆ 7 دەنگی هەبێت.  لەبەرامبەردا یەكێتیی نیشتمانی كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەو 5 كورسی هەیەو كورسییەكی "كۆتا"ی مەسیحییەكانیشی لەگەڵدایە، بە تێكڕای 6 كورسییەوە بانگەشەی ئەوە دەكات دەنگی (3) ئەندامی پێكهاتەی عەرەبی بەدەستهێناوەو ئێستا رێژەی 50+1ی ئەنجومەنی پارێزگای هەیە كە 9 دەنگە لە كۆی 16 دەنگ، بەڵام گرفتەكە ئەوەیە، بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردن، كەركوك دۆخێكی تایبەتی پێدراوەو بەبێ بەشداری پێكهاتەیەكی سەرەكیی، لایەنە براوەكان ناتوانن حكومەتی خۆجێی دروستبكەن، یەكێتیی كێشەی توركمانی هەیە، پێكهاتەی توركمان 2 كورسی بردووە، هەردوو كورسییەكەش بەرەی توركمانی بردویەتییەوە، یەكێتیی گرەو لەسەر ئەوە دەكات دەنگێكی بەرەی توركمانی ببات و بەمە بەربەستە یاساییەكە ببڕێت. پێكهاتەی عەرەب كە بە سێ بەرەی جیاوازەوە 6 كورسی ئەنجومەنی پارێزگایان بردووە، بانگەشەی ئەوە دەكەن لەناو خۆیاندا یەكگرتوون و دەیانەوێت پۆستی پارێزگار وەربگرنەوە، بەڵام ئەوەی دەبینرێت دابەشبوون بەسەر دوو بەرە ناكۆكەكەی كورددا (پارتی و یەكێتیی)و ئەمان ناكۆكییەكە یەكلادەكەنەوە.  بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لە كەركوك دەست (درەو) كەوتووە، تەنیا لە چەند رۆژی رابردوودا پارتی و یەكێتیی بۆ بەدەستهێنانی دەنگی ئەندامانی پێكهاتەی عەرەب و توركمان "دەیان" ملیۆن دۆلاریان خەرجكردووە. ئەو سەرچاوە كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە وتی:" لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی دانیشتنی ئەنجومەن، تادێت نرخی دەنگ بەرزدەبێتەوەو گەیشتوەتە سەروو یەك ملیار دینار".  20ی ئۆكتۆبەری داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانیی لە كوردستان بەڕێوەدەچێت، پارتی و یەكێتیی هەردوولایان دەیانەوێت بە یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك لە بەرژەوەندی خۆیان، پێگەی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەر بەهێز بكەن، بەتایبەتیش كە هەڵبژاردنەكە دەكەوێتە مانگی ئۆكتۆبەرەوە. یەكێتیی كە لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە پۆستی پارێزگاری كەركوك لەدەستداوە، ئەمجارە بە سەرۆك و سەركردایەتییەكی نوێوە دەیەوێت پۆستەكە وەربگرێتەوەو ئەمە بكات بە دەستكەوتێكی ئەم قۆناغە ژیانی سیاسیی ناوخۆی حزبەكە، پارتیش كە لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە كاری لەسەر لێدان لە پێگەی یەكێتیی لە كەركوك دەكردو تۆمەتباری دەكرد بە "خیانەت"و لەمەشدا سەركەوتوو نەبوو (یەكێتیی لە دوو هەڵبژاردنی دوای 16ی ئۆكتۆبەردا براوەی یەكەم بوو لە كەركوك)، ئەمجارە دەیەوێت لەرێگەی رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پێكهاتەكان لە پێگەی یەكێتیی بدات، بەتایبەتیش لەكاتێكدا یەكێتیی لە پارێزگای نەینەوا پابەند نەبوو بە "یەكڕیزیی كورد"و بە جیا لەگەڵ دۆستەكانی خۆی لەو پارێزگایە چووە ناو رێككەوتن بۆ دابەشكردنی پۆستەكان.   


(درەو): دواجار لەسەر داوای نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم، لیژنەی ئیدارەدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بارەگای خۆی لە بەغدادەوە گواستەوە بۆ هەولێر. سبەینێ كۆمسیۆن تیروپشك دەكات بۆ ژمارەی هاوپەیمانی و حزب و كاندیدە تاكەكەسییەكان، تیروپشكەكە ئەوانە ناگرێتەوە پێشتر ژمارەیان پێدراوە، پارتی لەوانەیە ژمارەی وەرنەگرتووە. كوردستان بۆ هەڵبژاردن چوار بازنەیە، بەڵام كۆمسیۆن بۆ سەرپەرەشتیكردنی هەڵبژاردن سێ لیژنەی دروستكردووەو سلێمانی و هەڵەبجەی بەیەكەوە بەستوەتەوە. نزیكەی پێنج مانگ لەمەوبەر، كاتێك پارتی دیموكراتی كوردستان ناڕازیی بوو لە شێوازی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم كە هاوكاتیش جێگری سەرۆكی پارتییە، لە نوسراوێكدا ژمارەیەك داواكاری و هۆشداریی خستە بەردەم كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق.  یەكێك لە داواكارییەكانی نێچیرڤان بارزانی لەو نوسراوەكە كە رۆژی 11ی ئازاری ئەمساڵ ئاڕاستەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی كردبوو، ئەوە بوو "  به‌ته‌واوه‌تی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌باره‌گای ده‌سته‌ی كۆمسیۆن له‌ هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ بكرێت و به‌ش به‌ش نه‌كرێت، به‌وپێیه‌ی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ به‌ ته‌نیا تایبه‌ته‌ به‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، ئه‌مه‌ بۆ ئاسانكاری ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری قه‌واره‌ سیاسییه‌كان له‌باره‌گای ده‌سته‌كه‌". لەسەر بنەمای ئەم نوسراوە، ئەمڕۆ لیژنەی ناوەندیی ئیدارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق كاركردنی خۆی گواستەوە بۆ بارەگای نوێیەكەی لە شاری هەولێر.  لیژنەی ئیدارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە لایەن دادوەر (عامر موسا حسێنی) سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردنەكانەوە سەرۆكایەتیی دەكرێت، لیژنەكە چەند ئەندامێكی هەیە لەوانە یاریدەدەرەكانی سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردن بۆ كاروباری تەكنیكی و ئیداریی و بەڕێوەبەری بەشەكان و فەرمانگەی نوسینگەی نیشتمانی و تیمی پێشكەوتووی كۆمسیۆن، تیمی یارمەتیدەری نێودەوڵەتیی نەتەوە یەكگرتووەكانیش لەناو لیژنەكەدایە.  كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان دەڵێ ئامانج لە گواستنەوەی بارەگای كاركردنی لیژنەی ئیدارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بۆ هەولێر ئەوەیە سەرپەرەشتی مەیدانی و راستەوخۆی پرۆسەی جێبەجێكردنی خشتەی زەمەنیی هەڵبژاردن بكرێت و چاودێری كاری ئۆفێسەكانی هەڵبژاردن بكرێت لە پارێزگاكانی هەرێم.  لە پاڵ داواكردنی گواستنەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن لە بەغدادەوە بۆ هەولێر، لە نوسراوەكەی مانگی ئازاردا نێچیرڤان بارزانی داوای ئەوەشی كردبوو  نوێنه‌ری پسپۆڕی هه‌رێمی كوردستان له‌بواری ته‌كنه‌لۆژیای هه‌ڵبژاردن له‌ سه‌نته‌ری ته‌كنیكی كۆمسیۆن ئامادەیی هەبێت و ده‌سه‌ڵاتی پێویستی هه‌بێت بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌ركه‌كانی له‌ هه‌موو قۆناغه‌كانی هه‌ڵبژاردندا، ئەوكات پارتی گومانی لە ساختەكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەبوو، دیار نییە تائێستا كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق كە دادوەرێكی خەڵكی سلێمانی سەرۆكایەتیی دەكات ئەم داواكارییەی جێبەجێ كردووە یاخود نا.  رۆژی 20ی ئۆكتۆبەری داهاتوو وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانە، هەڵبژاردنێك كە ماوەی زیاتر لە ساڵێك و 10 مانگ لەوادەی دیاریكراوی خۆی دواكەوتووە.  كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كە سەرپەرەشتی پرۆسەی هەڵبژاردنەكەی كوردستان دەكات، سبەینێی دیاریكردووە بۆ سەرلەنوێ ئەنجامدانی تیروپشك بۆ ژمارەی هاوپەیمانی و حزب و كاندیدە تاكەكەسییە بەشدارەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام تیروپشكەكە ئەوانە ناگرێتەوە بەر لە دواین دواخستنی هەڵبژاردن تیروپشكیان بۆ كراو ژمارەیان پێدرا، وەكو كۆمسیۆن دەڵێ: تیروپشكی سبەینێ ئەو حزب و كاندیدە تاكەكەسییانەیە كە ژمارەیان وەرنەگرتووە، پارتی دیموكراتی كوردستان پێشتر بایكۆتی هەڵبژاردنی كردبوو، بۆیە ژمارەی لە تیرو پشكەكەدا وەرنەگرتبوو، سبەینێ ژمارەی پێدەدرێت، تیروپشكەكە ئەوانەش دەگرێتەوە كە پێشتر خۆیان لەسەر كورسییە گشتییەكان كاندید كردووەو ئێستا شێوازی كاندیدبوونی خۆیان بۆ كورسی "كۆتا"كان گۆڕیوە. سبەینێ كۆمسیۆن لە ژمارە (170)وە دەست بە تیروپشك دەكات.    هاوكات كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بەگوێرەی فەرمانێك سێ لیژنەی دروستكرد بۆ سەرپەرەشتیكردنی بازنەكانی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان.  یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دوای هەڵوەشاندنەوەی هەموارەكانی لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە، هەرێمی كوردستانی كردووە بە چوار بازنەی هەڵبژاردن (هەولێر- سلێمانی- دهۆك- هەڵەبجە)، بەڵام كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بۆ پرۆسەی سەرپەرەشتی هەڵبژاردن كوردستانی كردووە بە سێ ناوچەو سلێمانی و هەڵەبجەی پێكەوە بەستوەتەوە.  بۆ زانینی ناوی ئەندامانی لیژنەی سەرپەرەشتیاری بازنەكانی هەڵبژاردن لە كوردستان، تەماشای نوسراوی كۆمسیۆن بكە لە خوارەوە: 


راپۆرتی: درەو 🔻 بەپێی دواین ڕاپۆرتی کۆمپانیای "گه‌نێڵ ئەنێرجی"ی تورکی بۆ نیوەی یەکەمی (2024)، لە سەرجەم ئەو کێڵگە نەوتیانەی هەرێمی کوردستان کە کۆمپانیاکە تێدا پشکدارە، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەم جۆرە بوە؛ 🔹 ئاستی بەرهەمی نەوتی ڕۆژانە لەناوچەی گرێبەستی تاوکێ (78 هەزار و 50) بەرمیل بووە، هەر بەرمیلێک نەوت بە (34 – 37) دۆلار لە ناوخۆدا فرۆشراوەو تێکڕای نرخی نەوتی برێنت (84) دۆلار بووە. 🔹 بەرهەمی کێڵگە نەوتییەکانی (تەق تەق و سارتە) بە ڕێژەی (100%) دابەزیوە. هیچ بەرهەمێکیان نەبووە. 🔹 داهاتی کۆمپانیاکە لە شەش مانگی یەکەمی (2024) بڕی (37 ملیۆن و 600 هەزار) دۆلار بووە. ئاستی بەرهەم لە کێڵگه‌ نه‌وتییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان بۆ نیوەی یەکەمی (2024) رۆژی (6/8/2024) کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی ڕایگەیاند، لەو کێڵگە نەوتییانەی کاری تێدا دەکات نیوەی یەکەمی (2024) تێکڕای ئاستی بەرهەمی کێڵگەی تاوکێ گەیشتووە بە (78 هەزار و 50) بەرمیل نەوتی رۆژانە، بە جۆرێک لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بەرهەمی رۆژانە (76 هەزار و 310) بەرمیل نەوتی رۆژانە بووە، بەڵام لە چارەکی دووەمی (2024) ئاستی بەرهەمی کێڵگەکە بەرزبووەتەوە بۆ (79 هەزار و 780) بەرمیل نەوتی رۆژانە. هەروەها کۆمپانیاکە ئەوەشی ڕاگەیاندووە، کە داهاتی کۆمپانیاکە لە شەش مانگی یەکەمی (2024) بڕی (37 ملیۆن و 600 هەزار) دۆلار بووە. هەر بە پێی ڕاپۆرتەکەی گەنێڵ ئێنێرجی لە دوای ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمەوە بە درێژایی ساڵی (2023) هەر بەرمیلێک نەوت (34) دۆلار لە ناوخۆدا فرۆشراوە، بەڵام لە دوو مانگی کۆتایی نیوەی یەکەمی ئەمساڵ تێکڕای فرۆشتنی بەرمیلێک نەوتی هەرێم بە (37) دۆلار فرۆشراوە، ئەمە لە کاتێکدا تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ (84) دۆلار بووە هاوکات لە هەردوو کێڵگەکانی (تەق تەق و سارتە) کە کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی کاریان تێدا دەکات، لە دوای ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لە (25/3/2023)ەوە بە پێی بڕیارەکەی دادگای نێوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت لەو دوو کێڵگەیەی یەکەم نەکراوەتەوە، بۆیە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ هیچ بەرهەمێکیان نەبووە. ئەمە لە کاتێکدایە لە چارەکی یەکەمی (2023) ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی سنوری کاری کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی بەم شێوەیە بووە؛ -    کێڵگەی نەوتی تاوکێ بەتێکڕا (93 هەزار و 880) بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەبووە. -    کێڵگەی نەوتی تەق تەق بەتێکڕا (3 هەزار و 610) بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەبووە. -    کێڵگەی نەوتی سارتە بەتێکڕا (3 هەزار و 160) بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەبووە. تایبەت بە تێکڕای بەرهەمی رۆژانەی هەرسێ کێڵگەی نەوتی (تاوکێ، تەق تەق و سارتە) لە سنوری ناوچەی گێبەستەکانی گەنێڵ ئەنێرجی ڕێڕەوە داراییەکان بڕوانە خشتەی ژمارە (1 و 2)دا هاتووە.   گه‌نێڵ ئەنێرجی له‌ کێڵگه‌ نه‌وتییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ کۆمپانیای "گه‌نێڵ ئەنێرجی"ی تورکی هه‌یه‌ له‌ هه‌ر یه‌ک کێڵگه‌کانی (تاوکێ، ته‌ق ته‌ق، سارتە و قه‌ره‌داغ)، سێ کێڵگەی یەکەمیان لە پێش بڕیاری ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لە بەرهەمهێناندا بوون. بەڵام لە دوای (25/3/2023) بەرهەمهێنان لەو کێڵگانەش ڕاگیراوە، بەڵام تەنها کێڵگەی نەوتی (تاوکێ) بە ئاستێکی تا ڕادەیەک نزم بەرهەمێنانی تێدا دەکرێت. بە جۆرێک تێکڕای بەرهەمی کێڵگەکە لە نیوەی یەکەمی (2024) گەیشتووە بە سەرو (78 هەزار) بەرمیک نەوتی رۆژانە، سەبارەت بە وردە کاری هەر کێڵگەیەک، زانیارییەکان بەم جۆرەن؛ یەکەم؛ کێڵگه‌ی تاوکێ هەریەک لە کۆمپانیاکانی دی ئێن ئۆی (DNO)ی نەرویجی وکۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی (Genel Energy) تورکی لە کێڵگەی تاوکێ خاوەن پشکن. کۆمپانیای دی ئێن ئۆ(DNO)  خاوەنی (75%)ی پشکەکانەو گەنێڵ ئەنێرجی خاوەنی (25%)ی پشکەکانە. ناوچەی گرێبەستی تاوکێ لە پارێزگای دهۆکە. دووەم؛ کێڵگەی تەق تەق ئەم کێڵگەیە ده‌كه‌وێته‌ ناحیه‌ی "ته‌ق ته‌ق"ەوە لە قه‌زای كۆیه‌، ڕووبه‌ره‌كه‌ی (951) كیلۆمه‌تر دووجایه‌، پشكه‌كانی کێڵگەی ناوبراو دابەشبوون بەسەر كۆمپانیای "ئەداکس پیترۆلیۆم" کە (36%)ی پشکەکان و "گه‌نێڵ ئەنێرجی" توركی (44%)ی پشکەکان و (20%)ی پشكی (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستانە.‌ سێیەم؛ کێڵگەی سارتە کێڵگەی سارتا دەکەوێتە پارێزگای هەولێرەوە، "گنێڵ ئەنێرجی" (30%)ی پشکەکان و (20%)ی پشكی (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستانە.‌ چوارەم؛ کێڵگەی قه‌ره‌داغ دەکەوێتە پارێزگای سلێمانییەوە لە ناوچه‌ی قه‌ره‌داغ و خۆرهه‌ڵاتی چیای سه‌گرمه‌ و ڕۆژئاوای ڕووباری سیروان ده‌گرێته‌وه‌ تا ده‌گاته‌ ده‌ربه‌ندیخان و ڕووبه‌ری ئه‌م بلۆكه‌ (846) كیلۆمه‌تر دووجایه‌، پێشتر (80%)ی پشكه‌كانی درا بە كۆمپانیای (ئیكسۆن مۆبایل)ی ئه‌مریكی و (20%)ی پشكەکانی بۆ (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستان مایەوە. بەڵام دوای کشانەوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکە (40%)ی پشکەکانی دراوە بە‌ کۆمپانیای "گه‌نێڵ ئەنێرجی"ی تورکی. بەڵام تا ئێستا ئەم کێڵگەیە نەگەیشتووە بە بەرهەمهێنان و کۆمپانیا تورکییەکە بەردەوامە لە کارکردن تێیدا. سەرچاوە Genel Energy plc - Unaudited results for the period ended 30 June 2024, at 6/8/2024; -    https://genelenergy.com/wp-content/uploads/2024/08/HY2024-results_FINAL.pdf    


  راپۆرت: درەو پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق زۆر لە سیاسەتە داراییەكانی خۆی رازییە، تا ئەو ئاستەی دەڵێ بەرپرسێكی ئەمریكی بە سودانی وتوە دەبێت ئاهەنگ بگێڕن بۆ ئەو سەركەوتنەی لە بواری رێكخستنەوەی حەواڵەو بازگانی دەرەكیدا بەدەستتان هێناوە، ئەم پارێزگارە باوەڕی بە بەرزبوونەوەو دابەزینی نرخی دۆلار نییە، دەڵێ ئەوە نرخی بازاڕی رەشە، ئەوەی بۆ دۆلار لەبری نرخی فەرمی پەنا بۆ بازاڕی رەش دەبات بازرگانی ماددە هۆشبەرەكانە یاخود پارە گەندەڵییە، دۆلار یەك نرخی هەیە ئەویش نرخی فەرمییە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. هەندێك لە بازرگانە بچوكەكان خۆیان دەدزنەوە! عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، ئاڵنگاری دەرەكی و ناوخۆیی هەیە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتیی دۆخی دارایی لە عێراق بەو شێوەیە بەڕێوەدەچێت كە لە بودجەی گشتیی دەوڵەتدا پلانی بۆ دانراوە. لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی دەنگوباسەكانی عێراق، عەلاق وتی:" بانكی ناوەندیی لە ناو پرۆسەیەكی گەورەی گۆڕانكاریدایە لەبواری دووبارە رێكخستنەوەی بازرگانی دەرەكیی، بە جۆرێك لە یەك كاتدا چەند ئامانجێك مسۆگەر بكات، لەوانە شەفافیەت لە پرۆسەكانی حەواڵەی دەرەكی و ئەو لایەنەی لەرێگەیەوە حەواڵە دەكرێت تا ئەو لایەنەی كە سودمەند دەبێت لە حەواڵەكە، ئەمەش لەڕێگەی هەموو ئەو داتاو زانیارییانەی كە هاوتای لایەنی واقعین". "یەكەمجارە لە مێژووی عێراقدا بازرگانیی دەرەكی رێكدەخرێتەوەو دامەزراوەكان نێودەوڵەتییەكان بەشداری لە پرۆسەی وردبینیدا دەكەن و هەڵدەستن بە وردبینیكردن لە زانیارییەكان بەر لە گەیشتن بە قۆناغی جێبەجێكردن، پرۆسەكە سەرجەم مەرج و پێوەرە ناوخۆییەكان جێبەجێ دەكات كە خۆی دەبینێتەوە لە یاسای روبەڕووبوونەوەی شتنەوەی پارەو پارەداركردنی تیرۆرو پێوەرە نێودەوڵەتییەكانی تری پرۆسەی حەواڵەكردنی پارە، خۆ ئەگەر هەر كەموكورتییەك یاخود كێشەو گومانێكی تێدا بێت، ئەوا بەشێوەیەكی راستەوخۆ حەواڵەكە رەتدەكرێتەوەو دەگەڕێندرێتەوە" پارێزگاری بانكی ناوەندیی وا دوەڵێ. لەبارەی ئەوەی ئایا تا چ ئەندازەیەك كۆمپانیاكان پابەندی سیاسەتی نوێی حەواڵەو بازرگانی دەرەكیی بوون، عەلاق باسی لەوەكرد كۆمپانیا گەورەو مامناوەندەكان ئەم سیستەمە نوێیەی حەواڵەكردنیان قبوڵكردووەو بەمە لە ئاستێكی بەرزدا هەموو هاوردەكانی خۆیان پاراستووە، بەڵام بازرگانە بچوكەكان هەندێكیان هاتونەتە ناو پرۆسەكەو هەندێكی تریان بە دوای ئامرازی دیكەدا دەگەڕێن بۆ روماڵی بازرگانییەكەیان، ئیتر ئەمە بە هەڵاتن لە رێوشوێنەكانی باج و گومرگ بێت یاخود بە رێوشوێنەكانی پرۆسەی كردنەوەی حساب بێت. عەلاق ئاماژەی بەوەكرد، ئەوەی لە قۆناغی ئێستاو داهاتوودا سەرەنجی دەخەنە سەر ئەوەیە وا بكەن هەمووان پابەند بن بە كەناڵە ئوسوڵیی و پارێزراوەكانی پرۆسەی حەواڵەكردنەوە، چونكە بەوتەی ئەو "مانەوەی ئەو بازرگاكانە لە دەرەوەی سیستەمەكە فشار لەسەر بازاڕی نەختینەی دۆلار دروستدەكات و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەكەی". بەوتەی پارێزگاری بانكی ناوەندیی، چەندین چارەسەر هەن كە لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتیی و داراییەكان كاری لەسەر دەكەن لەپێناو رێكخستنەوەی كاری بازرگانە بچوكەكان، دوێنێ لەمبارەیەوە كۆبوونەوەیەك بەڕێوەچووە، كە تەواوكاری كۆبوونەوەكانی پێشوو بووە، "پێویستیان بە هەندێك كات هەیە بۆ رێكخستنەوەی ئەم بوارەی بازرگانی دەرەكیی". پارێزگاری بانكی ناوەندیی زیاتر لەبارەی دۆخی بازاری دراو قسەدەكات و دەڵێ: لەبەر رۆشنایی ئەو رێكخستنە نوێیەی كە بۆ پرۆسەی حەواڵەی دەرەكیی كراوە، دەبێت تەماشای ئەو نرخە فەرمییە بكرێت كە رۆژانە بانكی ناوەندیی زیاتر لە 250 ملیۆن دۆلاری پێ دەفرشێت، ئەمە بەو واتایە دێت كە بانكی ناوەندیی روماڵی بازرگانیی دەرەكیی دەكات و هەڵاوسان و بەرزبوونەوە لە نرخ و خواستەكانی تردا نییەو  بازاڕی رەش بریتییە لە بازاڕی ئەوانەی كە نایانەوێت بەرێگا یاساییەكانی حەواڵەكردندا بڕۆن و بازرگانییەكەیان نایاساییە، وەكو بازرگانی ماددە هۆشبەرەكان و بازرگانیی مرۆڤ یاخود پارەی گەندەڵیی و شتی تر. بەرزبوونەوەو دابەزینی نرخی دۆلار ! پارێزگاری بانكی ناوەندیی باوەڕی بەوە نییە شتێك بەناوی بەرزبوونەوەو دابەزینی نرخی دۆلار هەبێت، تیشك دەخاتەسەر ئەوەی " ئەگەر مەبەستێكی ناڕەوا نییە، بۆچی هەر لایەنێك پەنا بۆ كڕینی دۆلار بە نرخێكی بەرزتر دەبات لەكاتێكدا دۆلار بە نرخی فەرمیی هەیە ؟ ئەو تێڕوانینەی كە پێیوایە نرخی دۆلار بەرزبووەتەوە یاخود دابەزیوە ئاماژەیەكی دروست نییە، دەبێت تەماشای ئەوە بكرێت ئایا بانكی ناوەندیی چەنێك دۆلاری بە نرخی فەرمی فرۆشتووە بۆ پڕكردنەوەی سەرجەم پێداویستییەكان". " ئامانجی سەرەكی بانكی ناوەندیی پاراستنی ئاستی گشتیی نرخەكان و سنورداركردنی هەڵاوسانەو دەبێت ئەمە پێوەری سەركەوتنی سیاسەتی نەختینەیی بێت، كە سیاسەتەكەمان لەم لایەنەوە سەركەوتوو بووەو ئاستی هەڵاوسان بەبەراورد بە وڵاتانی تر تەنانەت لە ساڵانی پێشوو زۆر كەمترە، ئەمەش بەو واتایە دێت ئەو بازرگانییە دەرەكییەی كە عێراق بە شێوەیەكی بنەڕەتی بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی هاوڵاتیان پشتی پێ بەستوە، بەنرخی فەرمی دابین دەكرێت". پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق زۆر لە سیاسەتە داراییەكانی خۆی رازییە، تا ئەو رادەی دەڵێ لە هەموو كۆبوونەوەكاندا لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لەوانەش سندوقی دراوی نێودەوڵەتیی و بانكی فیدراڵیی و گەنجینەی ئەمریكا ستایشی ئەو "گۆڕانكارییە گەورەو بەڕێوەبردن و رێكخستنە دەكرێت كە بانكی ناوەندی عێراق بۆ پرۆسەی حەواڵەی دەرەكیی كردویەتی"، لەمەش زیاتر بە وتەی ئەو یاریدەدەری بریكاری وەزیری گەنجینەی ئەمریكا لە دیدارێكدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق وتویەتی:" دەبێت ئاهەنگ بگێڕن بۆ ئەو دەستكەوتانەی كە لە بواری حەواڵەی دەرەكی و ئەو قۆناغانەدا بەدەستتان هێناوە كە بانكی ناوەندیی بڕیویەتی لە بواری پلاتفۆرمی ئەلیكترۆنی، كە بە قۆناغی سەختدا تێپەڕی و لە هەندێك حاڵەتدا رێژەی رەتكردنەوەی پرۆسەكە دەگەیشتە 80%و ئێستا وای لێهاتووە رێژەی 5% تێناپەڕێنێت. كۆبوونەوە لە نیویۆرك عەلی عەلاق ئاشكرایكردووە، كۆتایی ئەم مانگە كۆبوونەوەی لەگەڵ بانكی فیدراڵی ئەمریكا دەكەن بۆ پێداچوونەوە بە تەواوی رەهەندەكانی پرۆسەی حەواڵەی دەرەكی و گفتوگۆ لەبارەی ئەو سزایانەی كە بەسەر ژمارەیەك لە بانكە عێراقییەكاندا سەپێندراون. دۆلاری گەشتیاران پارێزگاری بانكیی ناوەندیی عێراق دان بەوەدا دەنێت پرۆسەكانی پێشووی پێدانی دۆلار بە گەشتیاران كێشەی زۆری بۆ دروستكردوون، دەڵاڵەكانی پارە بە چەندین شێواز ویستویانە بچنە ناو ئەم پرۆسەیەوە، بۆیە ئەمەش رەنگدانەوەی نەرێنیی دروستكردووە لەسەر نرخی دۆلارو پاسپۆرتی خەڵكانی تر لەم كارەدا بەكارهێنراوە. بەڵام بەپێی قسەی عەلاق میكانیزمە نوێیەكە ئەوەی مسۆگەر كردووە كە بتوانن روبەڕووی ئەم شێوازە ببنەوە، چونكە بە میكانیزمە نوێیەكە لەدوای مۆركردنی چونەدەرەوە لە فڕۆكەخانەو گەشتكردن، دۆلار بە گەشتیاران دەدرێت، ئەم پرۆسەیەش بەر لە چەند رۆژێك لە دەستیپێكردووەو تیم لە فڕۆكەخانەكان دانراون بۆ چاودێریكردن بۆ دڵنیابوون لەوەی دۆلار بە دەستی گەشتیاری راستەقینە دەگات، كارەكە لە فڕۆكەخانەكانی بەغدادو بەسرەو ئێستاش لە فڕۆكەخانەی نەجەف دەستیپێكردووەو وەكو پارێزگاری بانكیی ناوەندیی دەڵێ  ئێستا رێوشوێن دەستپێكردووە بۆ كردنەی پەنجەرەی تایبەت بە پێدانی دۆلار بە گەشتیاران بە نرخی فەرمی لە فڕۆكەخانەكانی هەولێرو سلێمانی و كەركوك. دەقی چاوثیكەوتنەكەی عەلی عەلاق  


(درەو): ئەو پارەی كە ئەمریكا لەرێگای هاوپەیمانانەوە بە وەزارەتی پێشمەرگەی دەدات و مانگانە نزیكەی 20 ملیار دینارە، چیتر وەكو موچەی پێشمەرگە ئەژمار ناكرێت و تەنیا وەكو هاوكارییەك بەسەر ئەفسەرو پلەدارانی پێشمەرگەدا دابەش دەكرێت، لە مانگی حەوتەوە بڕی یارمەتییەكە لە (432 هەزار) دینارەوە بۆ (380 هەزار) دینار كەمدەكرێتەوە.  بڕیار بوو ئەمڕۆ پلەدارو ئەفسەرانی لیواكانی پیادە ئەو هاوكارییە داراییە وەربگرن كە لەلایەن ئەمریكاوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دابین كراوە، هەندێك لە ئەفسەران چونە بەردەم بانكەكان بۆ وەرگرتنی پارەكە، بەڵام دابەشكردنی هاوكارییەكە دواكەوت.  بەڕێوبەرایەتی گشتی بودجەو بەرنامەکان (ژمێریاری سەربازی) نیگەرانی خۆی نیشاندا لە بڵاوكردنەوەی هەواڵی دابەشكردنی یارمەتییەكەی هاوپەیمانان لە میدیاكانەوە. دوای ئەم نیگەرانییە، وەزارەتی پێشمەرگە بە فەرمی سبەینێی وەكو وادەی دابەشكردنی هاوكارییەكەی ئەمریكا "هاوپەیمانان" راگەیاند.  ئەو هاوكارییەی دابەشدەكرێت بۆ مانگی (7)ە، وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ:" ئەم برە پارەیە، لێرە بەدواوە وەک هاوکاری دەدرێت بە هێزی پێشمەرگەو هیچ پەیوەندیەکی بە موچەوە نیە". ئەو هاوكارییەی كە پارەی هاوپەیمانان بە لیواكانی پیادەی هێزی پێشمەرگە دەدرا بڕەكەی (432 هەزار) دینار بوو بۆ هەر پلەدارو ئەفسەرێك،  بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە سبەینێوە ئیتر بڕی پارەكە بۆ (380 هەزار) دینار كەمدەكرێتەوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت دوێنێ شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە بە فەرمی ئاشكرایكرد فەرماندەی پشتوانی دوو خراوەتە چوارچێوەی ئەو هاوكارییە داراییەی كە هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگەی دابین دەكەن.  بڕیارە تاوەكو ئەیلولی 2026 شێوازی دابەشكردنی هاوكارییەكەی هاوپەیمانیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بەمشێوەیە بەردەوام بێت و لە قۆناغی داهاتوودا لیواو فەوجەكانی تریش زیاد بكرێن بۆ سودوەرگرتن لەو پارەیە. 


(درەو):  كۆمپانیای (طاقە)ی ئیماراتی هەموو پشكەكانی خۆی لە كێڵگەی نەوتی (ئەتروش)ی هەرێمی كوردستان بە كۆمپانیایەكی بەریتانیی فرۆشت و بە یەكجاری لە كەرتی نەوتی هەرێم كشایەوە، ئەو كێڵگەی كە كۆمپانیا ئیماراتییەكە لێی كشایەوە، بە یەكێك لە گەورەترین ناوچەكانی دۆزینەوەی نەوت لە كوردستان ئەژمار دەكرێت و بەپێی خەمڵاندنەكان نزیكەی 2 ملیارو 600 ملیۆن بەرمیل نەوتی تێدایە.  كۆمپانیای (ئەبوزەبی) نیشتمانیی بۆ وزە كە بە " طاقە" ناسراوەو كۆمپانیایەكی ئیماراتییە، پرۆسەی فرۆشتنی پشكی خۆی لە كێڵگەی نەوتی (ئەتروش) لە هەرێمی كوردستان راگەیاند.  پشكی ئەم كۆمپانیا ئیماراتییە لە گێڵگەی ئەتروش 47.4% بوو، ئەم پشكەی بە كۆمپانیای (ژەنەراڵ ئیكسپلرۆیشن بارتنرز)ی بەریتانیی فرۆشتووە، رێككەوتنە لەسەرەتای ئەمساڵدا كراوەو ئێستا بەتەواوەتی یەكلایی بوەتەوە.  كۆمپانیای (ئەبوزەبی) لەرێگەی كۆمپانیای (طاقە ئینتەرنەشناڵ بی ڤی) كە یەكێك لە كۆمپانیایەكی سەربە خۆیەتی، پشكەكانی ئەتروشی بە كۆمپانیا بەریتانییەكە فرۆشتووە، سەرەتای ئەمساڵ كاتێك رێككەوتنی بەرایی كرا، راگەیەندراوی هاوبەشی كڕیارو فرۆشیار باسی لەوەكردبوو دەبێت هەر سێ لایەنی گرێبەستەكە رەزامەند بن لەسەر ئەم مامەڵەیە.  ئەم كۆمپانیا ئیماراتییە ساڵی (2013) سەرەتا بە بەهای (600) ملیۆن دۆلار رێژەی (53.2%) پشكەكانی كێڵگەی ئەتروشی لە كۆمپانیای ئیكسپلۆرەیشن بارتنرز كڕی، دواتر رێژەی بۆ 47.4% دابەزی.  تاوەكو بەر لە پرۆسەی فرۆشتنی پشكەكانی كۆمپانیای ئەبوزەبی، دابەشبوونی پشكی كۆمپانیاكان لە كێڵگەی ئەتروش بەمشێوەیە بوو:  •    كۆمپانیای ئەبوزەبی "طاقة،: 47.4% •    پشكی (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستان:  25% •    كۆمپانیای شاماران پیترۆلیۆمی کەنەدی:  27.6% بەڵام دوای فرۆشتنی پشكەكانی ئەبوزەبی، ئیتر كۆمپانیای ئیكسپلۆرەیشن بارتنرز بەریتانی دەبێت بە خاوەنی (47.4%)ی پشكەكانی كێڵگەی ئەتروش.  لەبارەی كێڵگەی ئەتروش بلۆكی ئەتروش دەكەوێتە پارێزگای دهۆکەوە، بە نزیكەی (85) كیلۆمەتر لە باكوری رۆژئاوای هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستانەوە دورە، رووبەرەكەی (269) كیلۆمەتر چوارگۆشەیە. ئەتروش، یەکێکە لە کێڵگە گرنگ و بەرهەمهێنەرەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2011دا نەوتی تێدا دۆزرایەوە، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2017دا دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت کراوە لەم کێڵگەیە. لە تەموزی 2019دا بەرهەمی كێڵگەكە 34 هەزار بەرمیلی رۆژانە بووە، لەكۆتایی ساڵی (2019)دا بەرهەمی ئەم كێڵگەیە بۆ نزیكەی 50 هەزار بەرمیل رۆژانە بەرزبووەتەوە، بەڵام لە ساڵی 2023و دوای راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم لەرێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهانی توركیا، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەم كێڵگەیە بۆ 25 هەزار بەرمیلی رۆژانە دابەزیوە، دواین داتاكان ئاماژە بەوە دەكەن ئەمساڵ و تاوەكو ئێستا بە تێكڕا ئاستی بەرهەمهێنان لەم كێڵگەیە لە 20 هەزار بەرمیلی رۆژانەدا راوەستاوە.  وەکو کۆمپانیا نەوتییەکانی کێڵگەکە ئاماژەی بۆ دەکەن، نەوتی کێڵگەکە "كوالیتی بەرزەو بنکەیەکی گەورەی بەرهەمهێنانی هەیەو توانای گەشەکردنی بەرچاوی هەیە". بەگوێرەی خەمڵاندنەكان، ناوچەی ئەتروش نزیكەی 2 ملیارو 600 ملیۆن بەرمیل نەوتی تێدایە، بۆیە ئەم ناوچەیە بە یەكێك لە گەورەترین ناوچەكانی دۆزینەوەی نەوت لە هەرێمی كوردستان ئەژمار دەكرێت، هەروەك خەمڵاندنەكان ئاماژە بەوە دەكەن زیاتر لە 40 ملیار بەرمیل سامانی نەوتیی نەدۆزراوە لە ناوچەكەدا هەبێت.   


راپۆرتی: درەو 🔻 رۆژی (6ی ئابی 2024) وەزارەتی دارایی عێراق داهات و خەرجی خۆی نیوەی یەکەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە؛ 🔹 تا کۆتایی مانگی حوزەیرانی ساڵی (2024)، کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتی)یەوە  پتر لە (65 ترلیۆن و 921 ملیار) دینار بووە. زۆرتر لە (58 ترلیۆن و 802 ملیار) دیناری بە رێژەی (89.4%) داهاتی نەوت و نزیک لە (7 ترلیۆن و 119 ملیار) دیناری بە رێژەی (10.6%) داهاتی نانەوتی بووە. 🔹 کۆی گشتی خەرجییەکانی وەزارەتەکە بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، نزیکەی (58 ترلیۆن و 254 ملیار) دینار بووە، کە (90.3%)ی بۆ خەرجی بەگەڕخستن و (9.7%) بۆ خەرجی وەبەرهێنان بووە. 🔹 دوای لێدەرکردنی سەرجەم خەرجییەکان لە کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی، بەڕێژەی (11.8%) داهات لە خەرجی زیاتر بووە و زۆرتر لە (7 ترلیۆن 620 ملیار) دینار داهات سەرڕێژی کردووە. 🔹 زیاتر لە (5 ترلیۆن و 194 ملیار) دینار خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکە بووە، ئەنجومەنی نوێنەران زۆرتر لە (283 ملیار) دینارو سەرۆکایەتی کۆمار زیاتر لە (27 ملیار و 823 ملیۆن) دینار و ئەنجومەنی وەزیران پتر لە (4 ترلیۆن و 883 ملیار) دینار خەرجیان هەبووە. داهات و خەرجی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق لە نیوەی یەکەمی (2024)دا رۆژی (6ی ئابی 2024) وەزارەتی دارایی عێراق داهات و خەرجی خۆی بۆ نیوەی یەکەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە؛ یەکەم: داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق لە نیوەی یەکەمی 2024 پاڵپشت بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، کە دواترینیانی بۆ حوزەیرانی ساڵی (2024) لە (6ی ئابی 2024) بڵاو کردووەتەوە، کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (65 ترلیۆن و 921 ملیار و 601 ملیۆن و 657 هەزار) دینار، بەجۆرێک بڕی (58 ترلیۆن و 802 ملیار و 897 ملیۆن و 993 هەزار) دیناری بەڕێژەی (89.4%)ی لە داهاتی نەوتەوە سەرچاوەی گرتووە، بڕی (7 ترلیۆن و 118 ملیار و 703 ملیۆن و 664 هەزار) دیناری بەڕێژەی (10.6%)ی داهاتی نانەوتی پێکیهێناوە. سەبارەت بە وردەکاری هەر شەش مانگەکانی کانونی دووەم، شوبات، ئازار، نیسان، ئایار و حوزەیرانی (2024) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (1)). خشتەو چارتی ژمارە (1)   دووەم: خەرجی گشتی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ی وەزارەتی دارایی عێراق لە نیوەی یەکەمی 2024 هەر بەپێی بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە مانگی یەک، دوو، سێ، چوار، پێنج و شەشی ساڵی (2024)، کۆی گشتی خەرجییەکانی وەزارەتەکە بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (58 ترلیۆن و 253 ملیار و 981 ملیۆن و 48 هەزار) دینار، بەجۆرێک بڕی (52 ترلیۆن و 402 ملیار و 803 ملیۆن و 397 هەزار) دیناری بەڕێژەی (90.3%)ی لە لەبواری خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (5 ترلیۆن و 851 ملیار و 177 ملیۆن و 651 هەزار) دیناری بەڕێژەی (9.7%)ی بۆ بواری خەرجی وەبەرهێنان تەرخان کراوە. سەبارەت بە وردەکاری هەر شەش مانگەکانی کانونی دووەم، شوبات، ئازار، نیسان، ئایار و حوزەیرانی (2024) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (2)). خشتەو چارتی ژمارە (2) سێیەم: بوارەکانی خەرجی وەبەرهێنان لە وەزارەتی دارایی عێراق لە نیوەی یەکەمی 2024 خەرجییە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لە بواری خەرجی وەبەرهێنان لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی (2024)، کەرتەکانی (کشتووکاڵ، پیشەسازی، گواستنەوەو گەیاندن، بیناسازی و پەروەردەو فێرکردن)ی گرتووەتەوەو بە سەرجەمیان بڕی (5 ترلیۆن و 851 ملیار و 177 ملیۆن و 651 هەزار) دیناری بەڕێژەی (9.7%)ی خەرجییە گشتییەکانی بۆ تەرخان کراوە، بە جۆرێک؛ 1.    کەرتی کشتوکاڵ بڕی (87 ملیار و 443 ملیۆن و 700 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (1.5%) بۆخەرج کراوە. 2.    کەرتی پیشەسازی بڕی (955 ملیار و 597 ملیۆن و 911 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (16.3%) بۆ خەرج کراوە. 3.    کەرتی گواستنەوە گەیاندن بڕی (ترلیۆنێک و 111 ملیار و 913 ملیۆن و 460 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (19%) بۆ خەرج کراوە. 4.    کەرتی بیناسازی و خزمەتگوای و ڕێگاوبان بڕی (3 ترلیۆن و 137 ملیار و 322 ملیۆن و 29 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (53.6%) بۆ خەرج کراوە. 5.    کەرتی پەروەردەو فێرکردن بڕی (558 ملیار و 900 ملیۆن و 549 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (9.6%) بۆ خەرج کراوە. بۆ وردەکاری خەرجییەکانی وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکان لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی (2024) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (3)). خشتەو چارتی ژمارە (3) چوارەم: بەراوردکردنی کۆی داهات و خەرجی وەزارەتی دارایی عێراق لە نیوەی یەکەمی 2024 لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی (2024)، کۆی گشتی خەرجییەکانی عێراق بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (58 ترلیۆن و 253 ملیار و 981 ملیۆن و 48 هەزار) دینار. لە کاتێکدا کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (65 ترلیۆن و 921 ملیار و 601 ملیۆن و 657 هەزار) دینار. واتە بڕی (7 ترلیۆن و 667 ملیار و 620 ملیۆن و 609 هەزار) دیناری بەڕێژەی (11.8%) لە داهاتی گشتی ماوەتەوە و سەرڕێژی کردووە. سەبارەت بە وردەکاری مانگەکانی کانونی دووەم، شوبات، ئازار، نیسان، ئایار و حوزەیرانی ساڵی (2024) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (4)). خشتەو چارتی ژمارە (4) پێنجەم: خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە نیوەی یەکەمی 2024 لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی (2024)، کۆی خەرجییەکانی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق (ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران)، بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (5 ترلیۆن و 194 ملیار و 599 ملیۆن و 965 هەزار) دینار. بە جۆرێک؛ 1.    ئەنجومەنی نوێنەران بڕی (283 ملیار و 455 ملیۆن و 759 هەزار) دیناری خەرجکردووە، لەو بڕەش تەنها (93 هەزار) دیناری لە بواری خەرجی وەبەرهێنان بووە. 2.    سەرۆکایەتی کۆمار بڕی (27 ملیار و 823 ملیۆن و 279 هەزار) دیناری خەرجکردووە، سەرجەم خەرجییەکانی لە بابی خەرجی بەگەڕخستن بووە. 3.    ئەنجومەنی وەزیران بڕی (4 ترلیۆن و 883 ملیار و 320 ملیۆن و 926 هەزار) دیناری خەرجکردووە، بڕی (3 ترلیۆن و 964 ملیار و 241 ملیۆن و 484 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (81%) لە چوارچێوەی خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (919 ملیار و 79 ملیۆن و 442 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (19%) بۆ وەبەرهێنان بەخەرج دراوە. بۆ وردەکاری خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی (2024) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (5)). خشتەی ژمارە (5)       سەرچاوەکان؛ ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق -    حساب الدولة لغایة کانون الثاني لسنة 2024 للموازنە الاتحادیة -    حساب الدولة لغایة شباط لسنة 2024 للموازنە الاتحادیة -    حساب الدولة لغایة آذار لسنة 2024 للموازنە الاتحادیة -    حساب الدولة لغایة نیسان لسنة 2024 للموازنە الاتحادیة -    حساب الدولة لغایة ایار لسنة 2024 للموازنە الاتحادیة -    حساب الدولة لغایة حزیران لسنة 2024 للموازنە الاتحادیة http://www.mof.gov.iq/pages/MOFPublicReports.aspx  


د. ئارام رەفعەت دواجار دوای سەدان قوربانی خەڵکی ناڕازی بەنگلادیش توانییان شێخ حەسینەی سەرۆک وەزیران ناچار بە  راکردن  کرد و کۆتاییان بە حوکمی ١٥ ساڵەی ئەو ژنە ٧٧ ساڵەیە هێنا. چیرۆکی بەنگلادیش چیرۆکێکی خەمناکە. ئەوان لەدوای جەنگی جیهانی دووەمدا، لەگەڵ هیندییە موسوڵمانە ئوردوو زمانەکان فریوی برایەتی ئایینییان خوارد، هاوشێوەی کورد لەگەڵ تورکەکان لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمدا. بەنگلادیشییەکان، وەک پابەندبوونێکی برایەتی ئایینی بڕیاریان دا کە لەبری سەربەخۆیی وڵاتەکەیان بەشێک بن لە قەوارە تازە سەربەخۆکەی پاکستان. ئەوان پێویستیان بە چارگە سەدەیەک و هەزاران قوربانی هەبوو تا لەژێر دەستی  حوکمی پاکستانییە هاوئایینییەکانییان رزگارییان بێت. پاڵەوانی ئەم داستانی سەربەخۆییە، شێخ مەجبورو رەحمان بوو، باوکی شێخ حەسینە.  ئەو سەرۆک و دامەزرێنەری کۆمەڵە ئەوامی  بەنگلادیشی بوو. سەربەخۆیی بەنگلادیش لە ١٩٧١دا سەقامگیری بۆ ئەو وڵاتە پڕدانیشتوانە نەهێنا. لەماوەی چوار ساڵدا پێنج جار سەرۆک و حکومەتیان گۆڕی، تا سوپا کودەتای کرد و دەسەڵاتی گرتە دەست. لەوساوە و تا ساڵی ٢٠٠٩، سوپا یان ژەنەڕاڵەکان  بوونە حاکم و بڕیاردەری ئەم وڵاتە. واتە یان کەسێکی دیاری کراوی خۆیان حکومەتی پێک دەهێنا، یان بە موبارەکەی سوپا حیزبێک سەرۆک وەزیرانی دیاری دەکرد. لە ١٩٧٥  شێخ مەجبورو رەحمان کوژرا و شێخ حەسینەی کچی وەک  میراتگری باوکی دەرکەوت. لە ١٩٩٦ شێخ حەسنیە بۆ یەکەم جار دەسەڵاتی گرتە دەست. دووەم جار لە ٢٠٠٩دا بوو. لە ساوە حوکمڕانی بەنگلادیش بوو و تاڕادەیەک پاشەکشەی بە سوپاکرد. شێخ حەسینە بە ژنە پۆڵایینەکە و بە  یەکێک  لەو سەرۆک وەزیرانە دەناسرێت کە زۆرترین ساڵ  حوکمڕانی کردووە. پێش شێخ حەسینە، ژنێکی تر لەدەسەڵاتدابوو، کە خالیدە زیا بوو. چیرۆکی  خالیدەش  لە هی حسینە دەچێت و  سەرۆکی حیزبی نەتەوەیی بەنگلادیشە.     هاوشێوەی بنەماڵەکانی تاڵەبانی و بارزانی لەباشور، لەبەنگلادیشیش نیو سەدەیە بنەماڵەی  خالیدە و حەسینە قۆرغی کایەی سیاسی بەنگلادیشیان کردووە. لە ٢٠٠٧ کە خالیدە سەرەک وەزیران بوو، حەسینە لەزینداندا بوو، لە ٢٠٠٩ خالیدە هاتە سەرکار، دواتر حەسینە خرایە زیندان. دوای راکردنی حاسینە لە چەند رۆژی رابردوودا، خالیدە لەزیندان ئازاد کرا. سوپا هەلی رۆیشتنی  حەسینەی قۆستەوە و جارێکی تر هاتەوە سەر شانۆ. سوپا کۆتایی بە حوکمی حەسینە هێنا و ئەو بوو مۆڵەتی ٤٠ خولەکی دا بە حەسینە تا وڵات جێبێڵێت. هەر سوپاشە پەیمانی دیموکراسی و دادپەروەی دوای حاسینەی داوە. ئەمە چیرۆکە غەمبارەکەی بەنگلادیشە. ئەوان لەنێوان دوو بنەماەی گەندەڵ و سوپا گیرییان خواردووە تا ئێستا هیچ هێزێک نەیتوانیوە ئەم یاری سێ کوچکەیە تێک بدات. نارەزایەتییەکان بۆ دادپەروی لەهەلی کار دەستی پێکرد. شۆڕشگێڕە دێرنەکان کۆتای ٢٥٪یان هەیە. واتە چارەگی هەلی کار بۆ ئەو بنەماڵانەیە کە لەشەڕی سەربەخۆیی لە پاکستان بەشداربوون. جگە لەوە گەندەڵی ئەو کۆمەڵگایەی وێران کردووە. پێشتر خالیدە بەتۆمەتی گەندەڵی خرایە زیندان، ئێستاش حەسینە بەتۆمەتی گەندەڵی لەحکم لایدا. بەنگلادیش قوربانی پێگە جوگرافییەکەیەتی، ئەو دەبێت لەنێوان دوو زلهێزی ناوچەکەدا، چین و هیندستان، هەم هاوسەنگی رابگرێت و هەم خۆی لەدەست تێوەردانییان بپارێزێت. بەنگلادیش  وردە حیزبی زۆری نیشتیمانی و فیرقەیی (ئیسلامی سیاسی) هەن. هەندێکیان سێبەری دەسەڵاتن و فیرقەییەکانیش  پەرتەوازەن و زیاتر لە دەرزەنێک حیزبن هەندێکیان لە کاری تیرۆرەوە گلاون.  ئایا سوپا بوار بەهیچ کام لەو وردە حیزبانە دەدات یاری خالیدە و حاسنیە بشێوێنن؟ هاوپێچ خاتو حەسنییەی سەرۆک وەزیرانی تا پێرێی بەنگلایدشە.


راپۆرت: درەو پێدانی رێژەی 30%ی پشكی دامەزراندن لە حكومەت بە كەسوكاری جەنگاوەرە دێرینەكان، سەری درێژترین تەمەنی حوكمڕانیی لە بەنگلادیش خوارد كە خاتوو (شێخە حەسینە) سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە بوو، ئەم ژنە بڕیاریدا بە "مشتی پۆڵاین" روبەڕبووی ناڕەزایەتی قوتابیان و خوێندكاران بوەستێتەوە، زیاتر لە 300 كەسی لێ كوشتن و 11 هەزاری لێ دەستگیركردن، بەڵام نەیتوانی كۆنترۆڵی بكات، دواجار دادگای وڵات بڕیاریدا پشكی دامەزراندنی كەسوكاری جەنگاوەرە دێرینەكان بۆ 5% كەمبكاتەوە، بەڵام ئەمەش ئیتر سودێكی نەما بوو، چونكە خوێنڕژا. وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.  خاتوون هەڵات ! خاتوو (شێخە حەسینە) سەرۆك وەزیرانی بەنگلادیش دواجار بە ناچاری دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوەو بەرەو هیندستان هەڵات، ئەمەش دوای بەرزبوونەوەی سەقفی داواكاری خۆپیشاندەران لە رەتكردنەوەی سیستەمی (پشكی دامەزراندن)ەوە بۆ روخاندنی حكومەتەكەی.  دەستلەكاركێشانەوەو رۆیشتنی شێخە حەسینە دوای ئەوە هات، ئەمڕۆ خۆپیشاندەران دژی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ وەستانەوە كە سوپا رایگەیاندبوو، بڕیاریاندا بەرەو شاری (دەكا)ی پایتەخت بڕۆن، هەر وایان كرد، لە پایتەخت چونە سەر بارەگای سەرۆك وەزیران.  هەزاران كەس لە خۆپیشاندەران توانییان بچنە ناو بارەگای سەرۆك وەزیرانەوە، ئەمەش دوای چەند هەفتەیەك لە خۆپیشاندان و پێكدادانی توند لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان.  فەرماندەی سوپا: حكومەتی كاتیی دروستدەكەین ژەنەراڵ واكر زەمان فەرمانجەی سوپای بەنگلادیش هاتە سەر شەشەی تەلەفزیۆن، لە وتەیەكدا دەستلەكاركێشانەوەی خاتوونی سەرۆك وەزیرانی راگەیاندو وتی: ئاشتی دەگەڕێنینەوە و گفتوگۆ هەیە بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی كاتیی بەمەبەستی بەڕێوەبردنی كاروباری وڵات.  "لێكۆڵینەوە دەكرێت لە هەموو پرۆسەكانی كوشتن كە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا روویانداوەو پێویست بە سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆو هیچ رێوشوێنێكی بەپەلەی تر ناكات" فەرماندەی سوپا وای وت، ئەمەش دوای ئەوەی سوپاكەی لە كۆتا ساتەكانی تەمەنی شێخە حەسینەی سەرۆك وەزیراندا قەدەغەی هاتوچۆی سەپاند.  فەرماندەی سوپا داوای لە هاوڵاتیان كرد دەست لە توندوتیژی هەڵگرن و متمانە بە سوپا بكەن، رایگەیاند" داوا لە خوێندكاران دەكەم بگەڕێنەوە بۆ ماڵەكانیان و ئارام ببنەوە".  100 كوژراو بڕینی ئینتەرنێت لە كۆتایی هەفتەی رابردوودا، ئاستی ئاڵۆزییەكان لە بەنگلادیش زیادیان كرد، نزیكەی 100 كەس لە پێكدادانی خۆپیشاندەران و لەلایەك و هێزە ئەمنییەكان و ئەندامانی پارتی پەیوەندی عەوامی (عەوامی بەزمانی ئوردیی بە واتای گەل دێت) كە شێخە حەسینە سەرۆكایەتیی دەكات لەلایەكی تر، كوژران.  یەكێك لە رۆژنامەكانی ناوخۆی بەنگلادیش ئاشكرایكرد، تەنیا دوێنێ لە شاری (دەكا)ی پایەخت 95 كەس كوژراون، 14 كەسیان لە هێزە ئەمنییەكان بووە، ئەمە سەرباری برینداربوون سەدانی كەسی تر لە پێكدادانەكاندا.  دوای ئەو رۆژە خوێناوییە، خۆپیشاندەران بەڵێنیاندا ئەمڕۆ بەرەو پایتەخت بڕۆن و داوای كەوتنی حكومەتەكەی شێخە حەسینە بكەن، بۆ ئەمەش گوێیان بە فەرمانی سوپا نەدا لەبارەی قەدەغەی هاتوچۆوە.  قەدەغەی هاتوچۆ، هاوكات بوو لەگەڵ بڕینی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت بۆ كۆنترۆڵكردنی شەقامی توڕەی بەنگلادیش. ناڕەزایەتی دژی چی ؟ ماوەی چەند هەفتەیەكە بەنگلادیش خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی بەخۆوە دەبینێت، ئەوانەی سەركردایەتی ئەم ناڕەزایەتییەیان كرد قوتابیان و خوێندكاران بووە، ناڕەزایەتییەكە دژی سیستەمێكە كە ناوی لێنراوە "پشكی دامەزراندن لە حكومەت"، سەرەتا تەنیا ناڕەزایەتی دژی ئەم سیستەمەی دامەزراندن هەبوو، بەڵام كە حكومەت وەڵامی داخوازییەكانی خۆپیشاندەرانی نەدایەوە، داخوازییەكان سەریكێشا بۆ خستنی سەرۆك وەزیران و حزبی دەسەڵاتدار.  بەگوێرەی ئەم سیستەمەی دامەزراندن لە بەنگلادیش، بڕیاردرابوو 30%ی تێكڕای پشكی دامەزراندن لە حكومەت بۆ ئەو كەسانە بێت كە سەربە خانەوادەی ئەو سەربازانەن، كە بەشدارییان لە جەنگی سەربەخۆیی بەنگلادیش و رزگاربوونی لەژێر دەستی پاكستان كردووە لە ساڵی 1973دا، خوێندكاران و دەرچوان پێیانوا بووە ئەمە بڕیارێكی نادادپەروەرانەیە.  حكومەت و حزبەكەی سەرۆك وەزیران لە سەرەتاوە هەوڵیاندا لەرێگەی بەكارهێنانی هێزەوە ناڕەزایەتییەكان سەركوت بكەن، ئەمە وایكرد نزیكەی 300 كەس بكوژرێن، سەرباری ئەمە لەم چەند هەفتەی دوایدا (11 هەزار) كەس دەستگیركران.  شێخە حەسینە خەڵكی ناڕازیی تۆمەتبار كرد بە "تێكدەر"و وتی:" ئەمانە بوون بە تاوانكارو دەبێت بە مشتی پۆڵاین مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت".  بەڵام كاتێك سەركوتكارییەكانی سودی نەبوو، بازنەی ناڕەزایەتیی فراوان بوو، ئیتر دادگای باڵای بەنگلادیش بڕیاریدا پشكی دامەزراندن بۆ كەسوكاری جەنگاوەرە دێرینەكان لە 30%وە بۆ 5% كەمبكرێتەوەو رێژەی 95%ی دامەزراندن لەسەر بنەمای توانای كەسەكان بێت، بەڵام ئیتر كار لە كار ترازابوو، خۆپیشاندەران داواكارییەكانیان زیادی كردبوو بۆ لێپرسینەوە لەوانەی لە بەكارهێنانی توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران تێوەگلابوون.  كۆتایی حوكمی 15 ساڵەی خاتوو حەسینە خاتوو شێخە حەسینە سەرۆك وەزیرانی بەنگلادیش و خوشكەكەی بە سواری هێلیكۆپتەرێكی سەربازیی وڵاتیان بەجێهێشت، بەمەش كۆاتایی بە حوكمڕانییەك هات كە تەمەنی دەگەیشتە 15 ساڵ. ئەم ژنە كە تەمەنی (76 ساڵ)ە، كانونی دووەمی رابردوو لە هەڵبژاردنێكدا كە نەیارە سیاسییەكانی بایكۆتیان كرد، بۆ خولی چوارەمی سەرۆكایەتی حكومەت هەڵبژێردرایەوە.  ئەو هەڵبژاردنە پرسیارو گومانی زۆری دروستكرد لەبارەی خاوێنیی پرۆسەكەو ئازادی دەنگدان تێیدا، بەتایبەتیش كە لە قۆناغی بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكەدا هەزاران كەس لە لایەنگرانی ئۆپۆزسیۆن زیندانیی كران، بەڵام حكومەتەكەی شێخە حەسینە بەرگری لە هەڵبژاردنەكە دەكردو دەیوت "دیموكراتیترین هەڵبژاردن بووە".  شێخە حەسینە بە تەمەندرێژترین فەرمانڕەوای دادەنرێت كە لە بەنگلادیش لەسەر كورسی دەسەڵات ماوەتەوە، وڵاتێك كە ژمارەی دانیشتوانەكەی (160 ملیۆن) كەسەو دەكەوێتە نێوان هیندو میانمارەوە، زۆرینەی دانیشتوانەكەی موسوڵمانن. پێشترو بەر لە خۆپیشاندانەكانی ئەمدواییەش، نەیارانی شێخە حەسینە باسیان لەوە دەكرد، حوكمڕانییەكەی ئەم ژنە بەرەو ستەمكاریی دەڕوات، وەكو "هەڕەشە بۆ سەر دیموكراتی" ناویان دەبرد، زۆرێك وای دەبینن ئەو خوپیشاندانەی كە كۆتایی بە حوكمڕانییەكەی هێنا بەرەنجامی ستەمكارییەكەی بوو. 


راپۆرتی: سان ساراڤان   شارەکانی هەرێم رۆژ لەدوای رۆژ بەرەو فراوانبوون دەچن و  ژمارەی یەکەی نیشتەجێبوون و باڵاخانەکان  وەک گڕتاوی بوورکانەکان هەڵئەچێت و بازاڕی دروستکردنی یەکەی نیشتە جێبوون جمەی دێت. کار گەیشتۆتە ئەوەی هەر پانتاییەک بەدی بکرێت لە هەر کووچەو کۆڵانێک و چواردەوەری شاردا یەکسەر  لەلایەن دەستەڵاداران و وەبەرهێنەرەکانیانەوە بەخۆیان و سەرماییەکانیانەوە نەخشیەکی بیناسازی پێشتر ئامادەکراو بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەم کردە سەرشێتانانە جگە لە پرسی قازانج و کەڵەکەبوونی سەرمایە، هیچ پرسێکی دیکەی وەک پرسی ژینگەیی و تەندروستی و کێشەکانی خزمەتگوزاری و رەچاوکردنی ژمارەی دانیشتوان وسەرچاوەکانی  ئابووری و گواستنەوە و ئاسانکاری کۆمەڵایەتی و شوێنی کاتبەسەربردن و پەروەردە و  گۆڕینی سیستمی خاک بە مێشکیانە گوزەر ناکات. هەڵبەتە لە هەرێمی کوردستاندا لە دوای وەبەرهێنان لە نەوت و داهاتی گومرگ ئێستا بیناسازی بە پلەی باڵادا دێت بۆ دەستکەوتنی سەرمایە. زۆرینەی ئەم  بیناسازییانەی هەرێم لە ناو سێکتەر و کەرتی گشتیدا گشتیدا ڕوودەدات و داهاتەکەی  لە رووکاردا دابەشدەکرێت بەسەر چەند وەبەرهێنەرێک و پشکی شێری بۆ دەستەلادارانە. دەستبردن بۆ سێکتەری گشتی و لە پێناو بەرژەوەندی چەند کەس و چەند  پارتێکیی دەستەڵاتدار واتە  بەتاڵانبردنی سێکتەرو موڵکی  گشتی. ئامارەکانی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەریدەخەن لە ساڵی  ٢٠٠٦ەوە تا ئەم ساڵ، نزیکەی ٢١٤ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان دروستکراون، کە زیاتر لە ١٠٥ هەزار ئاپارتمانەوە و زیاتر لە ٩٢ هەزار خانوو و نزیکەی ١٧ هەزار ڤێلا دروستکراون. لەشاری سلێمانیدا  ٢٢٢بە کۆی گشتی هەزار یەكەی نیشتەجێمان هەیە بەخانوو ئاپارتمانەوە ، جگە لە باخ و ئەو ڤێلایانەی كەلە ناوچەكەدا هەڵتۆقیوون، مۆڵەت و پلانی دروستكردنی ٤٧ هەزار یەكەی نیشتەجبوونی تریان لە كاربەرێوەبەرانی سلێمانی و حكومەتی هەرێمەوە وەرگرتووە بۆ ئەم ساڵ و ساڵی ئایندە. لە شاری هەولێردا، لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا  ١٣١ پڕۆژەی نیشتەجێبوون دروستکراون کە ١٢٨ هەزار و ٥٤٢ ئاپارتمان و خانوون و ڤێلان. ئەوەی داتاکان دەریدەخەن تەواوبوونی زیاتر لە ٥٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوونە لە هەولێر لە ماوەی ئەمساڵدا. ئەم پرۆسەی فراوانبوونە زۆر لەخۆڕا و رەمەکیانە دروست بووە هیچ بنەمایەکی گەشەسەندنی تیابەدی ناکرێت، بۆیە هەموو ئەم گۆڕانکارییانە ناکرێت ناوزەند بکرێت بە گەشەسەندن. چونکە گەشەسەندنی شار پرۆسەیەکی فرەلایەن و گشتگیرە لە هەموو ڕوویەکەوە.   هەمیشە لە گەشەی شاردا وابەستەگیەکی ڕوون هەیە بە چەند پرسێکی گەورەی خزمەتگوزاری سەرەکی وپایەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و دیموکراسی و  ژینگەییەوە. گەر سەرنج بخەینە سەر پێگەی ژینگە لە گەشەی شاردا و کاریگەرییەکانی گۆڕانی ژینگەش بەرجەستە بکەین لەم فراوانبوونەدا، ئەوا دەبێت پایەکانی گەشەی  ژینگەیی لەشاردا لەبەرچاو بگیرێت کە بریتین لە: ئاو، خاشاک، ووزە، ئیکۆلۆژی، هەوا، داڕشتنی کۆمەلایەتی. ئاو: ئاوەدانی وابەستەیە بە ئاوەوە، بەردەوام بوونی سەرچاوە ئاوییەکانیش لەگەشەی شاردا پابەندە بە تێگەیشتن و بەڕێوەبردنی کاریگەرانەی پرسەکانی پاراستنی ئاو، پاراستنی کوالیتی ئاو، خۆشگوزەرانی ناوچە ئاوییەکان، و بەڕێوەبردنی ئاوی ژێرزەوی و سەرزەوی. لە هەسارەی زەویدا رێژەی ئاوی پاکژ تەنها  نزیکەی لە ٣% کۆی ئاوەکانی زەوییە، لەو ڕێژەیەش تەنیا نزیکەی لە١.٢%  دەتوانرێت وەک ئاوی خواردنەوە بەکاربهێنرێت، ئەوەی دەمێنێتەوە، لە بەستەڵەکەکان و جەمسەرە سەهۆڵبەندانەکاندایە  کە قەتیسیان بەستووە و لە قووڵایی زەویدا نێژراون. بۆیە زۆربەی ئەو  ئاوەی کە شیاوە بۆ  خواردنەوە لە ڕووبار و چەم و ئاوی ژێر زەویی پێمان دەگات. ئەو  سەرچاوە ئاوییانە کامانەن لە هەرێمدا کە سوودیان  لێ وەردەگیرێت: ئاوی ژێر زەوی: هەرچەندە هیچ داتایەکی ورد لەسەر ئاوی ژێر زەوی لە هەرێمی کوردستاندا نییە، بەڵام بە گشتی دەوترێت کە ناوچەکە دەوڵەمەندە بە ئاوی ژێر زەوی بڕی ئاوی ژێر زەوی کە دەتوانرێت بقۆزرێتەوە لە یەکێک لە لێکۆڵینەوەکاندا بە (٥،٤) ملیار/ مەترسێجا خەمڵێندراوە، توێژینەوەیەکی تر ئەم بڕەی زیاتر خەمڵاندووە کە زیاتر لە (٨) ملیار/مەترسێجا، (٣.٦٤) ملیار/ مەترسێجا لە ناوچەی شاخاوی و (٤،٤٣) ملیار/ مەترسێجا لە ناوچەی نیمچە شاخاویەکانەوەیە. لێکۆڵینەوەکانی وەزارەتی سامانە ئاوییەکانی عێراق ئاماژە بە بوونی (٣،٧٢) ملیار لیتر/ مەترسێجا ئاوی ژێرزەویی لە ناوچە نیمچە شاخاوییەکە دەکەن. ئاوی سەر زەوی: ڕووباری دیجلە و لقەکانی، (خابوور، زێی گەورە، زێی بچووک و سیروان)، سەرجاوەی سەرەکی ئاوی سەر زەوی هەرێمی کوردستانن. سەبارەت بە دەستکەوتنی کۆی ئاوی ڕووبارەکانی هەرێمی کوردستان کە ساڵانەی بە کوردستاندا تێدەپەڕن، لە دەیەی یەکەمی سەدەی بیست و یەکدا، کۆی ئاو (٣٦،٣) ملیار مەترسێجا بووە، (١٨،٧٦) ملیار مەترسێجا بڕی ئاوی ڕووباری دیجلە و (١٧،٥٨) ملیار مەترسێجا لە لقەکانیەوە بووە. https://journal.uod.ac/index.php/uodjournal/article/view/1647/1052 گۆڤاری زانکۆی دهۆک،   بەرگی٢٥ ، ژمارە:١- ئازاد محمد ئەمین نەقشبەندی – ٢٠٢٢ لە هەرێمدا سوود لە ئاوی ڕووبار و دەریاچە و بەنداو و ئاوی ژێر زەوی دەکرێت بۆ خواردنەوە و پیشەسازی بەڵام ساڵانە ئەم رێژەیە لە کەمبوونەوە و پیسبووندان. گۆڕانی ژینگەیی، سیاسەتی ئاوی نێودەوڵەتی و پرسەکانی پاراستنی ئاو کاریگەری و مەترسی کردۆتە سەر کەمبوونەوەی سەرچاوە ئاوییەکانمان.  لە ڕووی ژینگەییەوە کاریگەریەکانی وەک کەم بارانی و پیسبوون و گەرمبوونی گۆی زەوی هەروەها لە ڕووی سیاسەتی ئاوەوە  بەهۆی دروستکردنی بەنداوەکان و گۆڕینی ڕاڕەوی ئاوی سەرزەوی لەلایەن هاوسێکانەوە. لەڕووی و پرسەکانی پاراستنی ئاو بەرێوەبردنێکی نابەرپرسانە و نادادپەروەرانە هەیە لە چوارچێوەی ئەم هەرێمەدا.   گەر هەردوو شاری سلێمانی و هەولێر بە نموونە وەرگرین لە دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەکانی ئاوی پاکژ بۆ بەکارهێنانی رۆژانە، ئەوا دەبینین لە شاری سلێمانیدا سەرچاوەی ئاوی دوکان سەرچاوەکەی زێی بچوکە کە لە ئێرانەوە سەرچاوە دەگرێت و دێتە دەریاچەی دوکان، كۆی قەبارەی ئاوی دوكان ئەگەر كەم بارنی نەبێت دەگاتە  ٦،٨ كیلۆمەتر سێجا ئاو واتە لەكاتی پڕبوونی تەواوەتی ٨،٣ كم٣  واتە ٦،٨ كواردلیۆن لیتر  دەگرێت. جگە لە سوودی گەورە بۆ ناوچەو گوندەكانی دەوروبەر تا دەگاتە دەشتی كۆیەو تەقتەق و پردێ و كەركوك و تا دەرژێتە ناو ڕووباری دیجلە. لەڕێگەی بۆرییوە بە ناو كۆمەڵگای پیرەمەگرون و بازیان تێپەڕ دەبێت و دەگاتە شاری سڵێمانی و دەروروبەری. ئەو بڕەی كە دەگاتە سلێمانی و دەوروبەری ڕۆژانە دەگاتە ٢٣٠ هەزار مەتر سێجا واتە ٢٣٠ ملیۆن لتر دەدرێتە ماڵان. گەرەكەكانی سلێمانی كەژمارەیان ٢٥٠ گەرەكە، هەفتەی جارێك یان بە دەستنیشانكراوی ٤ رۆژ جارێك لە هاویندا و ٣ رۆژ جارێك لە زستاندا ئاویان بەردەكەوێت، كە ئەمەش پێویستی هاولاتیان سارێژ ناكات، زۆربری جار هاولاتیان لە ڕێگەی تەنكەرە ئاو دەكڕن. هەندێك گەڕەکیش هەیە تا ئێستا ئاوی بۆرییان بۆ ڕانەکێشراوە  رۆژان بە تەنکەر ئاو دابین دەکەن. لە پاش ڕاپەڕینەوە رێژەییەکی بێشومار لە بیر هەڵکەنراون کە نزیکەی دە هەزار بیر دەبێت لە سلێمانی و دەوروبەری، هەر لە مەڵبەندی شاری سلێمانی نزیکەی ١٨٠٠ بیری تۆمارکراو هەیە، ئەمە جگە لەو بیرە قاچاغانەی کە ڕۆژانە هەڵدەکەنرێت. ئەوەی تێبینی دەکریت لە هەڵکەکنینی بیرەکاندا، دابەزینی ئاستی ئاوە، کە لە زۆر شوینی سلێمانیدا دەگاتە زیاتر لە ١٥٠ مەتر قولایی کە ئەمە لە ڕابرددودا بەم شێوەیە نەبووە.باڵاخانەکانیش بەبەردەوام پشت بە بیرە قوڵەکان دەبەستن. بەهەمان شێوە لەشاری هەولێردا رۆژانە ٥٧٥ هەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێن بەرهەمدەهێندرێت، هاوڵاتیان پشت بە دووسەرچاوە دەبەستن بۆ بەرهێنانی  ڕۆژانە ئەوانیش  پرۆژەی ئیفرازەکانی یەک و دوو و سێ و هەروەها ئاوی ژێر زەوی لە ڕێگەی بیری ئاوەوە .ئیفرازی یەک لە ساڵی ١٩٦٧ دروستکراوە  ٢٨ هەزار مەتر سێجا ئاو، ئیفراز دوو ساڵی ١٩٨٢ دروستکراوە دوو ٦٠ هەزار مەتر سێجا ئاو، ئیفراز سێ ٢٠٠٧کەوتۆتە کارەوە  رۆژانە ٢٤٠ ملیار لیتر ئاوی رووباری زێی گەورە دەچیتە ناو وێستگەکەوە، لە رۆژێکدا  ١٨٧ هەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێن بەرهەمدەهێنێت. ژمارەی بیرەکانیش خۆی لە دە هەزار بیر دەدات لە بیری پیشەسازی و کشتوکاڵی و ماڵانەوە.  ئاستی ئاو بەشێوەیەکیش دابەزییوە کە لە هەند شوێن  دەگاتە٤٠٠بۆ  ٧٠٠ مەتر. باڵاخانەی وا هەیە ٤ بیر زیاتری هەڵکەندووە بە قوڵاییەکی زۆر. بەهەمان شێوەی سلێمانی زۆرینە گەڕەکە هەژارنشینە نوێیەکان رۆژانە ئاو بە تەنکەر دەکڕن وزۆرینەی گەڕەکەکانی تر بە ٤ رۆژ جارێک ئاویان بەردەکەوێت. خاڵێکی لەمە گرنگتر ئەوەیە کە عەمباری  دوکان و ئاوەکانی ئیفراز سەر زێی گەورەیە کە  لە دوو ڕێگاوە کۆدەبێتەوە، ئاوی باراناو و ئەو سەرچاوانەی کە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەو وباکووری کوردستانەوە دێن،  لە ئەگەری بێبارانی و دروستکردنی بەنداوی زیاتر لەدیوی ڕۆژهەڵاتەو و باکوورەوە ئەوا ئاوی دوکانیش و زێی گەورە ئەم توانا سنووردارەی ئێستای لەدەست دەدات. ئایە بەنداوەکان پاککراونەتەوە؟ لەڕووی  بەکتریا، قەوزە، ڤایرۆس و کەڕو بەڵێ پاکژکرنەوە هەیە،  بەڵام  لە ڕووی کیمیاییەوە  بێگومان نەخێر،  هیچ سیتمێکی  فلتەرەیشنیشی نییە بۆ پاکردنەوەی مادە قورسەکان. لە ڕووی تەندروستیشەوە، مێژووی بەکارهێنانی ئاوی هەر بەنداوێک لە ٢٥ بۆ ٥٠ ساڵە بەپێی جۆری بەنداوەکەش دەگۆڕێت، کۆنکرێت بێت یان گڵ، واتە بە تێپەڕبوونی کات ئەم ئاوانە لە ڕووی کیمیاییەوە پیس دەبن و مادە قورسەکانی وەک (کادمیۆم، کرۆم، مس، مەنگەنیز، لێد یان رەساس، نیکل)کۆدەبێتەوە.  ئەگەر بەڕێوەبردنی ئاوی بەنداو  بەشێوەیەکی زانستی پاکنەکرێتەوە لەم مادە قورسانە ئەوا ئەم کاریگەرییە تەندروستیانەی دەبێت:   پرسیارە جەوهەرییەكە ئەمەیە: لە ئەگەری زیادبوونی ٧٠ هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لە سلێمانی و  زیادبوونی ٥٠ هەزار یەکەی نیشتەجبوونلە هەولێر ، دابەشكردنی ئاو چەند جار ئەبێت لە هەفتەیەكدادەبێت؟ وەلامەكەی ئاسانە ڕەنگە بگاتە یەك جار لە هەفتەیەك یان زیاتر لە هەفتەیەك. ئایا ئێمە خاوەنی  تێگەیشتنێکی ڕوونین سەبارەت بە گرنگی ئاو لە ژیانماندا لەسەر ئاستی  تاک و کۆمەڵگا و ئیدارەی هەرێم؟ پێناچێت تاک و کۆمەڵگا دیدێکی ڕوونیان هەبێت، بەتایبەتی  لە تێگەیشتنی قەیرانی ئاو، ئەو  ئاڵەنگارییەی کە ڕووبەروی مرۆڤایەتی و زیندەوران بۆتەوە لە کەمبوونەوەی ئاودا لە ناوچەکەماندا، بە بەڵگەی ئەوەی تاکەکان لەم هەرێمەدا تا ئێستاش ئۆتۆمبێلەکانیان بە ئاوی پاکژ دەشۆن و تانکی ئاوەکانیان بە هەمیشە سارێژەو لەسەری دەروات و بەفیڕۆدانێکی گەورەش بەدی دەکرێت لەبوارەکانی پیشەسازیدا.  لەسەر ئاستی حکومەت و هەرێمدا و  لە ڕووی فراوانبوونی شارەوە، سیستەمێکی ڕوون نییە کە چۆن ئاو بەڕێوەببرێت، ئەوەتا  یەکەکانی نیشتەجێبوون تاو دەسێنن و ڕۆژانە هەزارەها یەکە دروستدەکرێت بەبێ ئەوەی هەژمار بۆ بڕی  ئاوی  سەر زەوی و ژێر زەویدا بکرێت ، هەروەها  کواڵیتی ئەو ئاوەی کە شیاوە بۆ خواردنەوە بە هەند وەربگیرێت.لە هەندێک جێگەدا زێراب و پاشماوە نەوتییەکان تێکەڵ بە سەرچاوە ئاوییەکانمان دەبن کە دەبنە هۆکاری سەرچاوەی پیسبوونی ئاوی سەرزەوی و ژێر زەویش دروستبوونی بوونی  دەیەها نەخۆشی کوشندە. تێگەیشتن لە ئاو لەهەموو ئاستەکانەوە زۆر گرنگە چونکە دەبێتە هۆکاری بەستەنەوەی  کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و فەرهەنگیش،  بە دروستبوونی قەیرانی ئاو کێشە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و   فەرهەنگییەکانیش پەرە دەسێنن. کەواتە رۆژ بەرۆژ شارەکانی هەرێم تینووتر دەبن، مرۆڤەکان رۆژانە دەرژێنە سەر شەقامەکانی  هەولێر و سلێمانی و گەرمیان داوای ئاوی رۆژانە دەکەن. سەرچاوە ئاوییەکانی کەم بونەتەوە و ژەهراوی دەبن، خەلک لە تینوتیدا ئەپرسن :ئەی چارەسەر؟ خاشاک: بەهۆی فراوانبوونی پرۆژەی بیناسازییەوە قەیرانی خاشاک و تەندروستی زیاتر دەبێت جیهان ساڵانە زیاتر لە ٢ ملیار تۆن پاشماوەی ڕەق بەرهەم دەهێنێت و ئەم رێژەیە لە زیاد بووندایە بە هۆی چالاکیییەکانی مرۆڤبەێی لێکۆڵینەوەی شارەزایان "پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٥٠ ئەمە بەڕێژەی لە ٧٠ % زیاد بکات". لە هەرێمی کوردستاندا رۆژانە ٨ هەزرا تۆن خاشاکی ڕەق لە دەشتەکان و سەرچاوە ئاوییەکانماندا کەڵەکە دەبن وکاریگەری مەترسیدار دەکاتە پێکهاتەکانی سیستمی خاک و ئاوی سەرزەوی و ژێر زەوی و هەواکەی، ئەمە جگە لە پاشماوە شلەکانی وەک گازوایل و بەرهەمە نەوتییەکان و زێرابەکان. زبڵخانەکانی تانجەرۆ کە ٥ کم دوورە لە شاری سلێمانی و زبڵخانەی کانی قرژاڵە(٣٠٠لەسەر ڕووبەری دۆنم) کە تەنها ٧ کم دوورە لە هەولێرەوە بوونەتە گەورەترین مەترسی بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ و زیندەوەرەکانی تر. رۆژانە زەوییەکشوتکاڵییەکان ژەهراوی دەکەن و سەرچاوەکانی ئاوی سەر زەوی و ژێر زەویش تا بێت پیستر دەکەن. هەروەها  بەهۆی سوتانیەوە بڕێکی زۆر لە گازی ژەهراوی وەک میتان و دووەم ئۆکسیدی کاربۆن هەڵدەمژرێت و رێژەی گازە گەرمە خانەییەکایش زیاتر دەکەن. تا ئێستا هیچ چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ بەڕێوەبردنی خاشاکانە نەدۆزراونەتەوە لە کاتێکدا زۆرێک لە وڵاتان لەناو پێشکەوتنە خێراکانی پیشەسازی و تەکنەلۆژیادا ڕیسایکلکردنیان پلانی پێشینەی گەشەی شارە.پرۆژەکانی ڕیساکڵکردنەوە لە هەرێمی کوردستاندا  هێندە زۆر نین تا بارتەقای ئەم بڕە بن و زۆر بێئاگاییانە خاشاک پشتگوێ خراوە و تەکنیکى (لاندفیڵ) واتە بەژێرخاککرنەوە بەکار دەهێنرێت، کە تەکنیکێکی زۆر باو و نادروستە ، هەزارەها مەتر داگیر دەکات ، بەس بەتەنها زەوی داگیر ناکات، کشتوکاڵ ژەهراوی دەکات، ئاو پیس دەکات، هەوا پڕ دەکات لە ژەهر و کاریگەر دەکاتە سەر بایۆدایڤێرستی. جۆرەکانی خاشاک بەم شێوەیەی خوارەوە پۆلێن دەکرێت: پرسیارەکە ئەوەیە ئایا بە زیاد بوونی ئەم پرۆژە بیناسازییانە چەند خاشاکی تر لە ژینگەکەماندا زیاد دەبن، چ ڕێکارێکی بەڕێوەبردن بۆ خاشاک بە گەڕ دەخرێت؟ و کاریگەرییە نەرێننیەکانی تێکچوونی خاک و ئاو و هەوا گەشە دەکات و تا چەند مرۆڤ و دەوروبەر دەخاتە مەترسیەوە ؟ رۆژانە ٨ هەزار تۆن لەخاشاک!  خاشاک تا بینەقاقای شارەکان گەشتووە و خەڵک لەناو خاشاکی کانی قرژاڵە و تانجەرۆدا زبڵدانەکانی تردا گوزەر دەکەن،  نەخۆشییەکان کە بەهۆی خاشاکەوە تەشەنەی سەندووە لە خۆراک و ئاو هەوای شارەکانی هەرێمدا وەک پێخەف ئاڵاوەتە باڵامان. خەلک دەپرسن ئەی ئەم هەموو نەخۆشیانە لە پای چی؟   ووزە كەباس لە ووزەی بەرهەمهێنراو دەکرێت یەکسەر سووتەمەنییە بەردینییەکان وەک خەلوز و گاز و بەرهەمەکانی نەوت گووزەر دەکات بە هزرماندا، ئەگەر چی سووتەمەنی بەردینی لەسەردەمی کاربۆنفرۆس  کە ملیۆنان ساڵ لەمەوبەر لە پاشماوەی دەوڵەمەند بە کاربۆنی ئاژەڵ و ڕووەکەکان دروست بوون و لە ژێر زەوی قەتیس بوون و بوونەتە هۆکاری شیبوونەوە و پاڵەپەستۆ و گەرمکردنی ژێر زەوی، بەڵام هەر لەسەرەتای شوڕشی پیشەسازییەوە تاوەک ئێستا بۆتە هۆکارێکی گرنگ کە مرۆڤ پشتی پێبەستووە بۆ سەرچاوەی فێنکی ، گەرمایی،ڕووناکیی، هاتوچۆ و بزاوتکردن، کارەبا و ماددە کیمیاییەکان. سەرچاوە ووزەییەکانی هەرێم نزیکەی ٣٠ ساڵە بۆتە داهاتی چەند کەسێکی فەرمانرەوا لە ناوچەکەدا، داتاکانی کۆمپانیای دیلۆیت ئاشکرای دەکەن، لەڕووی بەرهەمهێنانی ساڵانەی نەوت، بەرهەمهێنان لە ساڵی ٢٠١٩دا گەشتۆتە لوتکە و ١٧٠ ملیۆن بەرمیل بەرهەم هاتووە، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢٣  بەرهەمهێنانی نەوت گەشتۆتە ٩٣،٧ ملیۆن بەرمیل.   هەرجی دەربارەی بەرهەمهێنانی گازیشە کۆمپانیای دانەگاز کە گەورەترین کۆمپانیای تایبەتی بەرهەمهێنانی گازە لە رۆژهەڵاتی ناویندا لەراپۆرتی دارایی ساڵی ٢٠٢٣ـی بڵاوکردەوە کە  لە هەرێمی کوردستان ئاستی بەرهەمهێنان گەیشتووەتە رۆژانە ٥٢٠ ملیۆن پێی سێجا. کە وەم رێژەیە بە بەراورد بە ٢٠٢٢ بە رێژەی ٨٪ بەرزبووەتەوە. پیشەسازی بەرهەمهێنانی نەوت و گازی سروشتی کۆمەڵێک رێکار و کار و ئامێریسازی بەرفراوان لەخۆدەگرێت، لە قۆناغی بیرەوە تا هێڵەکانی کۆکردنەوەی غازی سروشتی و دامەزراوەی پرۆسێسکردن، تا تانکی هەڵگرتن، و بۆری گواستنەوە و دابەشکردن. ئەم پیشەسازییە سەرچاوەیەکی بەرچاوی دەردانی چەندەها گازی کوشندەیە وەک: میتان:   دەردانی پێکهاتە ئۆرگانییە هاڵاوەکان ((VOCs:   کێشەکانی ووزە و ژینگەی ئێستامان  پەیوەندییەکی نزیکی هەیە و سەرجەم کێشە ژینگەییەکان کە ڕاستەوخۆش بە بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی وزەوە هەیە کە بریتین لەکێشەی  پیسبوونی هەوا، گۆڕانی کەشوهەوا، پیسبوونی ئاو، پیسبوونی گەرمی و فڕێدانی پاشماوەی ڕەق. کاتێک سووتەمەنی بەردینی دەسوتێنرێت، کاربۆنی هەڵگیراو و گازە گەرمخانەییەکانی دیکە دەردەچن بۆ بەرگەهەوا و هۆکاری سەرەکی پیسبوونی هەوای شارەکانە. جگە لەوەی کە سەرچاوەکانی ووزە سەرچاوەی داهاتێکی بێئەندازەن بۆچەند ماڵباتێک بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو ووزانە وەک پێویست ماڵەکانی هەرێمی ڕووناک نەکردۆتەوە و سەرچاوە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی نەیتوانییوە رۆژانە کارەبای تەواو دابین بکات بۆ هاولاتیان،   هەر لەبەر ئەم هۆکارە بۆ دەستەبەر کردنی چەند کاتژمێرێک لە کارەبا پەنا براوەتە بەر  موەلیدەی کارەبای گەڕەکەکان وپیشەسازییەکان، ئەم موەلیدانەش بەبەرددەوامی گازە ژەهراوییەکان دەکەنە گەرووی تاکیی ئەم کۆمەڵگایەوە،کە بۆتە سەرچاوەی زۆرێک لە نەخۆشییە کوشندەکان. پرسیارەکە ئەوەیە لەدوای فراوانبوونی شار و پڕکرنی بە باڵەخانەو ئەپارتمانت ئەبێت پێدانی کارەبا چۆن بێت؟ چەند موەلیدەی کارەبایی تر بخەینە شارەوە؟ زیاتر لە ٣٠ ساڵە تاکی ئەم هەرێمە خەون بە  (گەرمایی,  فێنکی ، ڕووناکی, هاتوچۆ , ووزەی کارەباوە) دەبینن. نادادپەروەری وایکردووە ئەوەی بۆ هاولاتی خەونە بۆ وەبەرهێنەر مافی ئاساییە. ئەی چارەسەر؟ هەربۆیە ووزە لەم دەڤەرەدا بۆتە نەفرەتێکی گەورە نەک نیعمەت. ئیکۆلۆژیا: ئیکۆلۆژی بریتییە لە کارلێکەکانی نێوان سەرجەم  زیندەوەران وپەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ژینگە فیزیکییەکاندا لەوانە توخمە فیزیاییەکانی وەک ئاو و بەرد و خاک و هەوا و  پێکهاتەی ئەندامی و نائەندامی و فرە جۆری بایلۆجیەکان. هەروەها ئیکۆلۆژی زانیاری و تێگەیشتنە  دەربارەی ئیکۆسیستەمەکان و چۆنێتی پاراستنی سەرچاوەکانی زەوی و بەکارهێنانی پێکهاتەکان و کارکردنی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ڕووەک و بوونەوەرەکان و جیهانی دەوروبەریان و پاراستنی هاوسەنگی نێوان ئەم پێکهاتانەیە.  ئیکۆسیستەمەکان کاتێک تەندروستن کە پێکهاتە سەرەتاییەکانیان وەک خۆیان بن بەڵام هەندێک فاکتەر هەن کە ئیکۆسیستەم دەشێوێنێت لەوانە گەشەسەندنی شارەکان و کارکردنی نەرێنی لەسەر  سیستەمی سروشت  و ئاگرکەوتنەوە و لافاو و لەناوبردنی زیندەوەران. گەورەترین هۆکاری تێکدانی ئیکۆسیستەم لە کوردستاندا لە دوای ساڵەکانی ٢٠٠٦ وە پەرەی سەندووە ئەویش لەڕێگای ئەو پەلکێشییە ناپەساندانەیە کە لە گۆڕینی سیستەمی خاک دەستی پێکردووە تا ئەمڕۆش بەردەوامی هەیە. خاکە کشتوکاڵییەکانی دەشتی شارەزوور کە رۆژانێک بوون خۆراکی ٩٠ ملێون کەسیان دابین دەکرد، هەروەها دەشتەکشتوکاڵییەکانی دەوروبەری شاری هەولێر کە سەرچاوەی گوزەران و بەرهەمی کشتوکاڵی بوون بۆ ناوچەی هەولێر و دەوروبەری ، لە ئێستادا ئەم دەشتانە بوونەتە شوێنی نیشتەجێبوون و باڵاخانەو کارگەی پیشەسازی. ئامارەکانی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەریدەخەن لە ساڵی  ٢٠٠٦ەوە تا ئەم ساڵ، نزیکەی ٢١٤ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان دروستکراون، کە زیاتر لە ١٠٥ هەزار ئاپارتمانەوە و زیاتر لە ٩٢ هەزار خانوو و نزیکەی ١٧ هەزار ڤێلا دروستکراون. گەر بەراوردێک بکەین لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٧ بۆ ساڵی ٢٠٢٤ لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی ئەوا بەڕوونی وەم پەلکێشانانە لە م وێنانەدا دەدەکەونکەسارەکان چۆن فراوانبوون لەسەر ئەژماری دەشتە کشتوکاڵییەکان وسەرچاوە ئاوییەکان و چیا و شاخەکان. شاری سلێمانی: شاری هەولێر:  ئەم گۆڕانکارییانە وای کردووە تەندروستی خۆراک و بەرهەمی کشتوکالیش بە جۆرێک کەم بکات کە  کە زۆرینەی بەرووبومە کشتوکاڵییەکان هاوردە بکرێن لە وڵاتانی دەووروبەر و هیچ کوالیتیەکی ستانداردی خۆراکی تەندروستی تیا نەکرێت، هەرچی بەرهەمە ناوخۆیەکانیشە  سەدان مادەی زیانبەخشی کیمیایی و قڕکەری تێدا بەکاردەهێنرێت تا زووتر گەشە بکات، کە ئەمانە بوونەتە سەرجاوەی زۆرێک لە نەخۆشییە کووشندەکان. لەگەڵ فراوانبوونی شارەکاندا رێژەی ستانداردی سەوزایی بە جۆرێک کەمی کردووە کەناوچە سەوزاییەکان فریای ئەو پەلکێشانانە ناکەون کە لە شارەکاندا ڕوودەدەن، بەپێی ووتە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێژەی سەوزایی لە شاری سلێمانی ١٢%، هەولێر بووەتە ١٩،٥٪ و دهۆکیش  ١٣،٦ %.ئەگەر چی بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە دەبێت ڕێژەی سەوزایی لە سارەکاندا لە ١٥% بێت بەڵام لە گەڵ گۆڕانە ژینگەییەکاندا ئەم ڕێژەیە ستاندارت نییە،چونکە ژمارەی دانیشتوان و پیشەسازی و بەرهەمهێنانی ووزەی بەردین کاریگەری زۆری هەیە، بۆیە توێژینەوەکان ئاماژە بە لانیکەم ٩مەتر دووجا  شوێنی سەوزایی بۆ هەر تاکێک دەکەن  و فەزای سەوزی شارەکان( UGS) ی لە باشترین حاڵەتدا دەبێت  ٥٠ مەتر دووجا سەوزایی بێت بۆ هەر تاکێک. ژمارەی دانیشتوانی ناو قەزای  سلێمانی بە بەکرەجۆ و تانجەرۆو بازیانیشەوە دەگاتە نزیکەی ٩٩٢،٩٢٢  کەس، بۆیە هەرگیز سەوازیی پێویست فەراهەم نەبووە بۆ ئەم ڕێژەیە لە دانیشتوان. بە هەمان شێوە گەر ناوەندی شاری هەولێریش ٢ ملێۆن کەسێکی تێدایە بژی ئەوا ئەو ڕێژە سەواییەی کە ئێستا هەیە هەرگیز ناگاتە رێژەی ستاندارد. هەرچی ئەو سەوزاییانەشە کە هەیە لە هەرێمی کوردستاندا یا تەلبەند کراوەوە و سیفەتی سروشتی لێسەندراوەتەوە کە ڕێبەندی لە گوزەرانی ئاژەلی کێوی دەکات و مەترسی دەخاتە سەر هەموو ژیانیان، یا پڕ کراوە بە درەختی نامۆ بە سروشتی ناوچەکە، کە بەداخەوە بڕێکی زۆری داری داگیرکەری بۆ هێنراوە کە زیانی گەورەی بە سەوازیی ناوچەکە گەیاندووە. چاوی سەرمایە سەوزایی و ئاژەڵ و بوونەوەرە هەمەجۆرەکان نابینێت. گۆیژە تەخت بێت بە ئەو چی، دەشتە کشتوکاڵییەکانی هەولێرو شاخەکانی ناوچەی دهۆک بگوڕن بۆ بیناسازی بە ئەو چی، سەرچاوە گەشتوگوزارییەکان وئاوییەکان داگیر بکەن بە ئەو چی، سروشت تەلبەند بکەن بە ئەو چی، زیندەورو باڵندە ڕەو بکەن و لەناوچن بە ئەو چی. هەوا: هەوا پێکهاتووە لە چەند تێکەڵەیەکی نەبینراوی گازەکان کە دەوری زەوی دەدەن. نایترۆجین و ئۆکسجین نزیکەی لەسەدا ٩٩ی هەوای زەوی پێکدەهێنن، هەوای وشکی ستاندارد لە نایترۆجین، ئۆکسجین، ئارگۆن، دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، نیۆن، هیلیۆم، کریپتۆن، هایدرۆجین و زینۆن پێکهاتووە. هەڵمی ئاو ناگرێتەوە چونکە بڕی هەڵمەکەی بە پێی شێ و پلەی گەرمی دەگۆڕێت. مرۆڤ و ئاژەڵەکانی تر پێویستیان بە ئۆکسجین هەیە بۆ ئەوەی بژین، دووەم ئۆکسیدی کاربۆن کە گازێکە کە ڕووەکەکان پشتی پێ دەبەستن، کەمتر لە سەدا ٠.٠٤ پێکدەهێنێت. ڕووەک و گیاندار هەریەکەیان ئەو گازانە بەرهەم دەهێنن کە ئەوی دیکە پێویستی پێیەتی بۆ ئەوەی بژی. ڕووەکەکان پێویستیان بە دووەم ئۆکسیدی کاربۆن هەیە- مرۆڤ و ئاژەڵەکانی تر دووەم ئۆکسیدی کاربۆن وەک پاشماوە هەناسە دەدەن. مرۆڤ و ئاژەڵەکانی تر پێویستیان بە ئۆکسجین هەیە- ڕووەکەکان ئۆکسجین بەرهەم دەهێنن لە کاتی پرۆسەیەکی گرنگدا کە پێی دەوترێت فۆتۆسێنتێز، کە وزەی خۆر دەکاتە ماددە خۆراکیەکان. وەک پێشتر ئامژەمان پێکردووە هەندێک گاز لە هەوادا لەئەنجانی تەقینەوەی گڕکانەکانەوە سەرچاوە دەگرن و  هەڵمی ئاو و  گازەکانی تری وەک یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن و دووەم ئۆکسیدی گۆگرد بەرهەمدەهێنن کە بۆ زۆربەی زیندەوەران ژەهراوین و ژینگە پیسدەکەن، بەڵام گەورەترین زیان کە بۆتە هۆکاری گەرمبوونی گۆی زەوی مرۆکردە، بە هۆی بەرهەمهێنانی ووزەی بەردین و سووتانی دارستانەکانەوە دێت.    بەداخەوە پیسبوونی هەوا کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەو هەوایە کەبۆتە سەرچاوەی  هەناسەدانمان. پیسبوونی هەوا کاتێک ڕوودەدات کە بەرهەمە زیانبەخشەکان وەک پاشماوەی گازی ئۆتۆمبێلەکان وکارگە و پیشەسازییەکان  بچنە ناو هەواوە. ئەم پیسکەرانە دەتوانن بە تەم و مژ، کە تێکەڵەیەک لە دوکەڵ و تەم، بەرگەهەوا دابخەن. هەروەها دەتوانن هەوری ژەهراوی تۆز دروست بکەن. پرسیارک دێتە گۆڕێ کە ئایا گەر هەوا چەند گازێکی نەبینراو بێت ئەی ئەو قەتماغەیە چیە لە ئاسمانی شارەکانی هەرێمدا دەبینرێت؟ بە سانایی وەلامەکەی ئەمەیە: لە شاری  سلێمانیدا ٦٨٠ هەزار ئۆتۆمبێلی تایبەت و گشتی و بارهەڵگرو ماتۆرسکیلی تۆمارکراو هەیە و زیاتر لە یەک ملیۆن ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیل لە شاری هەولێر هەیە هەزارەها کارگە و پیشەسازی و پاڵاوگەی نەوت لەناو جەرگەی شارەکانی هەرێمدا بوونیان هەیە ئەمە جگە لەبوونی نزیکەی ٧  هەزار  موەلیدەی کارەبا دابینکراوە بۆ ماڵان و کارگەکان لە ٢٥٠ کەیڤییەوەKVA دەستپێدەکەن و تاوەکو ١٢٥٠ کەیڤ. هەرموەلیدەیەکی کارەبا بەپپێ ئەم خشتەیە پێویستی بە سووتانی ئەم بڕە گازوایلە هەیە:   لە کاتی سووتانی یەک لەسەر پێنجی ٥\١ هەر لیترێک گازوایل بڕی ١ کیلۆ و  ٨٠٠ گرام گازی ژەهراوی دەخاتە هەواوە ئەمە جگە لە پاشماوەی سووتانی بەنزینی ئەو ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێل کە لە هەرێمدا بوونیان هەیە.  ئەنجامی سووتانی ووزەی گازوایل دەبێتە هۆی دەردانی چەند جۆرێک گازی کوشندە، دیارترینیان گازی (یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن و هایدرۆجینی سەلفاید- گۆگرد) کە دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە و بەهۆی زوو تێکەڵبوونیش لەگەڵ خوێندا دەبنەهۆی تووشبوونی مرۆڤ بە شێرپەنجە و نەخۆشی قوورس. پانتایی و ئاسمانی شارەکانی هەرێم  بۆتە قەتماغەیەک لە گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و گازە ژەهراوییەکان بەهۆی دەرئەنجامی پیشەسازی وتەلارسازییەکانەوە، چونکە تا تەلار سازی بەردەوامبێت ژمارەی موەلیدە و ئۆتۆمبێلەکان و کارگەکان زیاتر دەبن. نادادپەروەریش وای کردووە کە مرۆڤە هەژارەکانی  ئەم ناوچەیە تەنانەت  لە نەخۆشخانەکاندا و لەکاتی نەخۆشییە سەختەکانیشدا  ناتوانێت هەوایەکی پاکژ هەلمژێت. خەڵک رۆژانە بە هۆی پیسکردنی هەواوە وەک گەڵای پایزەی دارەکان هەڵدەوەرن. کێ بەرپرسیارە؟ دارشتنی کۆمەلایەتی: دیزاینی کۆمەڵایەتی لەبەرچاوگرتنی دیدگا و پێداویستییەکانی هەموو ئەندامانی کۆمەڵگەیەک، دیزاینی کۆمەڵگە ئامانجی دڵنیابوونە لەوەی کە هەموو کەسێک دەتوانێت بە ئاسانی و دادپەروەرانە دەستی بەو سەرچاوانەی کە پێویستیانە بۆ ژیانێکی تەندروست. دەکرێت تەلارسازی کاریگەری گەورەی هەبێت لەسەر داڕشتنی کۆمەڵایەتی وە بە ئەم دەستەواژەیە بەپێچەوانەشەوە هەر ڕاستە. دوای زیاتر لە ٣٠ ساڵ لە فشارەکانی نەبوونی پێداویستی سەرەتایی لە ئاو و کارەبا و خزمەتگوزارییەکانی تری گوزەران وای لە خەڵک کردووە پەنا بەرێتە بەر ژیانکردن لە ناو ئەو جۆرە بیناسازییەی وەک کۆمەڵگای بچووک و ستییەکان هاتوونەتە گۆڕێ. ژمارە بێشومارەی باڵاخانەکان وا دەکات خەڵک ڕاپێچ بکەن بۆ ئەوەی خانووەکانیان بە جێبهێڵن و روو بکەنە ناو بینایی ستوونیەوە. لە رابووردودا خانوو بریتی بوو لە ماڵ و باخ و خزمەتگوزرەییەکانی تری وەک ئاو و ئاوەڕۆ و پەیوەندی کۆمەلایەتی لەگەڵ هاوسێ و گەڕەکەکەدا.کە خانووت هەبووبێت واتە باخت دەبێت و بژاردەی تایبەت بە خۆت دەبێت و سەربەخۆییت دەبێت، پەیوەندییەکانت بەئاستێکی ئاسۆیی گەشەی کردووە. لەئێستادا ڕاکردن بەدوای خزمەتگوزاری سەرەتاییدا وای لە خەڵک کردووە هەموو سەرنجێکی لەسەر خۆی بێت و هەستی کۆمەڵایەتی وونبکات و کێبڕکێی کۆمەڵایەتی دروست ببێت و پەیوەندییەکان فشەڵبکاتەوە.  ئەم دیزایینەی بیناسازیییەی لە هەرێمدا روودەدات پەیوەندییەکان سەر لە نوێ دادەرێژێتەوە،پەیوەندیی مرۆڤەکان بەرەو هێڵی ستوونی دەبات، کەشخەکان لە نەدەارەکان جیادەکاتەوە و پێشبڕکی کۆمەڵایەتی قورستر دەکات و خزمەتگوزاری تا دێت کەمتر ببنەوە. ئەم گۆڕانانە لە پێناو کێدا؟ سەرئەنجام دەرهاویشتەکانی ئەم فراوانبوون و پەلکێشانە لە بیناسازیی و یەکەی نیشتەجێبونانە لە هەرێمی کوردستانداوادەکەن کە  شارەکان جگە لە باڵەخانەی کۆنکریتی، هەرێمێکی  پڕ لە پەتا و نەخۆشی و ئێسکەپەیکەرمان بۆ بمێنێتەوە و شارەکان ببنە شاری تارمایی      


🔻لەكۆی شەش ئەندامی عەرەبی چوار ئەندامیان لە كۆبوونەوەكەی بارزانی بوون 🔻هەشت ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ئامادەی كۆبوونەوەكەی پیرمام بوون. درەو: هەشت ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ئامادەی كۆبوونەوەكەی پیرمام بوون كە بەسەرۆكایەتی خەمیس خەنجەر سەرۆكی هاوپەیمانی سیادە ئەمڕۆ گەیشتە پیرمام و مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانیان بینی. لەكۆی شەش ئەندامی كوتلەی عەرەبی چوار ئەندام و هەردوو ئەندامەكەی كوتلەی توركمان و دوو ئەندامەكەی پارتی ئامادەی كۆبوونەوەكە بوون.  ئەو ئەندامانەی كوتلە عەرەبی و توركمانیەكان كە ئامادەی كۆبوونەوەكەی بارزانی بوون 🔹هاوپەیمانی عەرەبی 1- راكان جبوری 2- سەلوا مەفرەجی (بەشدار نەبوو) 3- ئەحمەد حەمدانی 🔹بەرەی توركمانی 1- ئەحمەد رەمزی 2- سەوسەن جەدوع 🔹فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان 1- حەسەن ئەحمەد 2- شۆخان حەسیب 🔹هاوپەیمانی قیادە 1- رەعد ساڵەح 2- محەمەد ئیبراهیم ئەو ئەندامانەی بەشدار نەبوون. 🔹فراكسۆنی عروبە 1- زاهر عاسی 🔹فراكسیۆنی بابلیۆن (كۆتا) 1- ئەنجیل زیا شیبا 🔹هاوپەیمانی كەركوك هێزو ئیرادەمانە (یەكێتی) 1- رێبوار تەها 2- ئەحمەد كەركوكی 3- هۆشیار كاكەیی 4- نەشئەت جەوازات 5- پەروین فاتیح واتا ئێستا ئەو ئەندامانەی سەردانی بارزانیان كرد (هەشت) ئەندام بوون و ئەوانەشی سەردانیان نەكرد (هەشت) ئەندامن، بەپێی ئەو دابەشكارییە بێت هیچ لایەكیان ناتوانن نیشابی یاسایی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك پێكبهێنن كە (9) ئەندامە لە كۆی (16) ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك. پێكهاتەی كوتلە عەرەبییەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك: 🔹 هاوپەیمانی عەرەبی: 3 كورسی (ئه‌م هاوپه‌یمانێتییه‌ (راكان جبوری) پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات، هەریەكە لە پرۆژەی عەرەبی خەمیس خەنجەرو كەرامە‌و یەكێتی هێزە نیشتمانییەكان لەخۆدەگرێت‌) 🔹قیادە:  2  كورسی (ئه‌مه‌ هاوپه‌یمانێتییه‌ محەمەد تەمیم سەرۆكایەتی دەكات‌و هەریەكە لە حزبی (تەقەدوم)ی محه‌مه‌د حه‌لبوسی ‌و (سیادە)ی خه‌میس خه‌نجه‌ر لەخۆدەگرێت)‌ 🔹  عروبە:  1 كورسی (ئه‌م هاوپه‌یمانێتییه‌ وه‌سفی عاسی سه‌رۆك هۆزی عوبێد سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات و هاوپه‌یمانی عه‌زمی موسه‌ننا سامه‌ڕائی و به‌ره‌ی یه‌كگرتووی عه‌ره‌بی له‌خۆده‌گرێت)  


(درەو): "سودانی ستایشی كردین كە وەكو كوتلەی گەورەی ئەنجومەن سورین لەسەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگار" ئەمە كاردانەوەی كوتلەی عەرەبیی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكە، لەبەرامبەر سەردانی دوێنێی فراكسیۆنی پارتی و یەكێتیی بۆ لای سودانی، عەرەبەكان دەیانەوێت جەخت لەوە بكەن بە یەكگرتوویی ماونەتەوەو پەرت نەبوون، بەڵام یەكێتیی ئاماژە دەنێرێت لەبارەی ئەوەی سێ كەسیانی بەلای خۆیدا راكێشاوەو چیتر عەرەبیش وەكو كورد یەكڕیز نین. ئەمە لە كاتێكدا روودەدات دەبێت تا رۆژی 11ی ئەم مانگە پۆستی پارێزگار یەكلابكرێتەوە. كوتلەی عەرەبی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە كاردانەوەی سەردانی دوێنێی فراكسیۆنی پارتی و یەكێتیی بۆ لای محەمەد شیاع سودانی، روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە. كوتلەی عەرەبی، كە بەر لە كورد خۆی گەیاندە لای سەرۆك وەزیران لە بەغداد، لە روونكردنەوەكەیدا دەڵێ: لە دیدارەكەیدا لەگەڵ ئێمە، سەرۆك وەزیران جەختی لەسەر ئەوە كرد بەبێ تەوافوقی هەموو پێكهاتەكان، حكومەتی خۆجێی لە كەركوك دروست ناكرێت.  بەگوێرەی روونكردنەوەكە، لە دیدارەكەدا سودانی ئاماژەی بە رۆڵی ئەم كوتلەیە كردووە لە دەستگرتنی بە پۆستی پارێزگاری كەركوكەوە، بەوپێیەی بەوتەی خۆیان ئەمان "كوتلەی گەورەی ناو ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك"ن. دوێنێ فراكسیۆنی پارتی و یەكێتیی بە جیا سەردانی سەرۆك وەزیرانی عێراقیان كرد لە بەغداد، یەكێتیی تاكە ئەندامەكەی مەسیحیشی لەگەڵ خۆی بردبوو، ئەمە وەكو ئاماژەیەك بۆ ئەوەی ئەم كورسییەی بۆ یەكلابوەتەوە، دوای بینینی سودانی، فراكسیۆنی یەكێتیی سەردانی رەیان كلدانی سەرۆكی بزوتنەوەی بابلیۆنی كرد.  ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە 16 كورسی پێكدێت، لایەنە عەرەبییەكان پێكەوە 6 كورسییان بردووە، یەكێتیی نیشتمانی كوردستان وەكو حزب بەتەنیا براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەو (5) كورسی بردووە، پارتی دیموكراتی كوردستان (2) كورسی بردووە، پێكهاتەی توركمان (2) كورسی بردووەو هەردوو كورسییەكە لای بەرەی توركمانییە، تاكە كورسی "كۆتا"ی مەسیحی بزوتنەوەی بابلیۆنی سەربە رەیان كلدانی بردویەتی، تاكە كورسییەكەی مەسیحی یەكلابووتەوە بۆ یەكێتیی، چونكە پێشترو لە هەڵبژاردندا بە دەنگی یەكێتیی سەركەوتووە، واتا بە گشتیی ئێستا یەكێتیی 6 كورسی ئەنجومەنی پارێزگای بەدەستەوەیەو پێكهاتەی عەرەبیش بە هەموو حزبەكانیانەوە 6 كورسییان هەیە، بەپێی قسەی سەرچاوە ئاگادارەكان، یەكێتیی بەمدواییە دەنگی 3 ئەندامی پێكهاتەی عەرەبی بەدەستهێناوە، بەڵام كوتلەی عەرەبی ئەمە رەتدەكاتەوەو باسلەوە دەكات هێشتا بە یەكگرتوویی ماوەتەوەو پەرت نەبووە.  لەم نێوەندەدا، پارتی دیموكراتی كوردستان بە 2 كورسییەوە لێكتێگەیشتنی لەگەڵ بەرەی توركمانی كردووە كە ئەویش 2 كورسی هەیە، بەمە 4 كورسی كۆبووەتەوەو بە سودوەرگرتن لە یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاكان كە دۆخێكی تایبەتی بە كەركوك داوەو رێگری دەكات لەوەی بەبێ بەشداری هەموو پێكهاتەكانی حكومەتی خۆجێی دروست بكرێت، پارتی دەیەوێت لەرێگەی بەرەی توركمانییەوە رێگری بكات لە هەوڵەكانی یەكێتیی بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگار. لەبەرامبەردا، سەرچاوەكان لەناو یەكێتییەوە باسلەوە دەكەن، یەكێتیی ئێستا 9 دەنگی ئەنجومەنی پارێزگای زامن كردووە، 5 دەنگی خۆی+ 1 دەنگی نوێنەری مەسیحی+ 3 دەنگی كوتلەی عەرەبی، بەمەش نیسابی بۆ تێپەڕاندنی هەر رێككەوتنێكی سیاسی بۆ دابەشكردنی پۆستەكان لە ئەنجومەنی پارێزگا بەدەستهێناوەو بەبێ پارتی و بەرەی توركمانی رێككەوتنەكە تێدەپەڕێنێت و پۆستێكی باڵای كەركوك بۆ بەرەی توركمانی بەجێدەهێڵێت تا ئەوكاتەی خۆیان پەیوەندی بە بەرەكەی یەكێتییەوە دەكەن.  زیاتر لە 7 مانگە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە عێراق تەواو بووە، كەركوك تاكە پارێزگایە كە هێشتا لایەنە براوەكانی لەسەر دروستكردنی حكومەتی خۆجێی نەگەیشتوەنەتە رێككەوتن، كەركوك تائێستا بە دەرەنجامی ئەو تاكە هەڵبژاردنە بەڕێوەدەچێت كە ساڵی 2005 كراوە.  محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق كە لەدوای هەڵبژاردنەوە هەوڵەكانی بۆ دروستكردنی رێككەوتنێك لەنێوان لایەنە براوەكانی كەركوك شكستی هێنا، بۆ فشار لەسەر لایەنەكان، رۆژی 11ی تەموزی رابردوو فەرمانیكرد یەكەم دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگا بەڕێوەبچێت، دانیشتنەكە كرا، بەڵام وەكو ئەوەی لە یاسادا هاتوو، سەرۆكی ئەنجومەن و جێگرەكەی هەڵنەبژێردرا، لەسەر داوای یەكێتیی دانیشتنەكە تا ئێستا بە "كراوەیی" ماوەتەوە، ئەمە لەكاتێكدا بوو ئەگەر 11ی تەموز سەرۆكی ئەنجومەن و جێگرەكەی هەڵبژاردنیان بۆ بكرایە، دەبوو تاوەكو 11ی ئەم مانگەش پۆستی پارێزگار یەكلابكرێتەوە.  ئێستا كە دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگا بە "كراوەیی" ماوەتەوە، سودانی فشار دەكات بۆ ئەوەی تاوەكو رۆژی 11ی ئەم مانگە لایەنەكان بگەنە رێككەوتن، ئەگەر نەگەن، وەكو خۆی وتویەتی: كەسێك بە وەكالەت لە پۆستی پارێزگای كەركوك دادەنێت، هەندێك لە سەرچاوەكان باسلەوە دەكەن سودانی دەیەوێت (خالید شوانی) وەزیری داد لە پۆستی پارێزگار بە وەكالەت دابنێت، شوانی سەربە یەكێتییە، مەبە پۆستی پارێزگار بە ناڕاستەوخۆ دەداتە دەست لایەنی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن لە كەركوك، بەڵام بە وەكالەت تا ئەوكاتەی لایەنەكان رێككەوتنی كۆتایی دەكەن. 


بەرەو هەڵبژاردن - بەشی دووهەم مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)   یەکێک لە ئاکارە هەرە سادە و سەرەکییەکانی دیموکراسیەت ئەوەیە کە ئەو کەسانەی دەنگیان پێدەدرێت و هەڵدەبژێردرێن بۆ پەرلەمان، بێگومان لەناو هەڵبژاردنێکی دادپەروەر و بێ گزیی و تەزویردا، پیویستە ببن بە "بەهێزترین بڕیاردەرانی» ناو سیستمە سیاسییەکە، نەک لە دەرەوەی ئەواندا بازنەی تری دەسەڵات بوونیان هەبێت، لەوانەی هەڵبژێردراوان و لە پەرلەماندا کۆبوونەتەوە بڕیاردەری بەهێزتر و دەسەڵاتدارتربن. دیموکراسیەت تەنها یەک بڕیاردەر دروستدەکات، ئەویش ئەوانەن کە لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە دەچنە ناو پەرلەمان. بەم مانایە لە دیموکراسیەتدا پەرلەمان بەهێزترین دەزگای ناو سیستمە سیاسییەکەیە، پەرلەمەناتاران دەسەڵاتدارەکانی ناو سیستمەکەن و لە دەرەوەی ئەواندا بنکەی تری دەسەڵات بوونی نییە کە خواست و بڕیارەکانی بەسەر پەرلەماندا بسەپێنێت. لە دەرەوەی پەرلەماندا نابێت بازنەی تری دەسەڵاتی سەربازیی، دەسەڵاتی بیرۆکراتیی، یان دەسەڵاتی ئۆلیگارشیی تەریب بە دەسەڵاتی پەرلەمان، بوونی هەبێت، یان دەسەڵاتیان لە دەسەڵاتی پەرلەمان بەهێزتر و بڕیارەکانیان لە بڕیاری پەرلەمان کاریگەرتربێت.  پەرلەمان بۆ ئەوەی ببێت بە پەرلەمانێکی راستەقینەم پێوسیتە ئەو مەرجە سەرەکییەی تێدابێت، واتە ببێتتە شوێنی کۆبوونەوەی "بەهێزترین بڕیاردەرانی» ناو سیستمە سیاسییەکە.   لەم ڕوانینەدا پەرلەمان ئەو شوێنەیە کە گرنگترین و بەهێزترین پۆستە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی ناو وڵاتەکە لەخۆی دەگرێت، جا چ ئەوانەی دەزگاکا سەرەکییەکانی حوکمڕانیی دەگرنەدەست یان ئەوانەی دەبن بە ئۆپۆزیسیۆن. پۆستەکانی دەسەڵاتیش پێشتر لە ڕێگای ململانێ و کێبڕکێیەکی راستەقینە و یاساییەوە و بەدەنگی ڕاستەقینەی خەڵک، پڕکراونەتەوە. بەم مانایە دیموکراسی نەک تەنیا پێویستی بە هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە و کێبڕکێکارانە هەیە، بەڵکو پێویستی بە ڕێکخستنی بازنە و پێگەکانی دەسەڵاتیش هەیە، بەجۆرێک لەدەرەوەی پەرلەماندا سێنتەری تری دەسەڵات و بڕیاردان بوونی نەمێنێت تەریب بە دەسەڵاتی پەرلەمان یان بەهێزتر و کاریگەرتر لە پەرلەمان. لە دیموکراسیەتدا پەرلەمان سێنتەری سیستمە سیاسییەکەیە و ئەو شوێنەیە بڕیارە گەورە و بچوکەکانی تیادا دەدرێت. ئەوەی لە هەرێمدا هەیە و کاردەکات پەرلەمان نییە بەو مانایەی باسمانکرد، پەرلەمان لە هەرێمدا نەک تەنها شوێنی بڕیادەرە هەرەبەهێزەکانی ناو سیستمە سیاسییەکە نییە، نەک ئەو سێنتەرە سەرەکییەی دەسەڵات نییە کە دەسەڵاتەکانی دەرەوەی خۆی دەکاتە دەسەڵاتی پەراوێزی لاواز و سنوورێکی گەورە بۆ کاریگەریی و نفوزیان دادەنێت، بەڵکو خودی پەرلەمان خۆی هەڵقە هەرە لاوازەکەی بڕیاردن و دەسەڵاتدارێتییە لە هەرێمدا. ئەزموونی داخستنی پەرلەمانیش لە ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٥دا بۆ ماوەی دوو ساڵ، بە بڕیاری مەسعود بارزانی سەرۆکی ئەوکاتی هەرێم و سەرۆکی ئێستای پارتی دیموکراتی کوردستان، راستیی ئەو دۆخە تاڵ و تاریکەی بوونی پەرلەمانمان نیشئنئەدات. کە بارزانی پەرلەمانی داخست، هێشتا پەرلەمان لە پێگە لاواز و پەراوێزییەکەی خۆیەوە، دەیتوانیی هەندێک کێشە بۆ سیستمە سیاسییە خێزانیی و بنەماڵەییەکە دروستبکات. سیستمە سیاسییەکەی کوردستان، بەڕادەیەک نایاسیی و تاکڕەو و نابەرپرسیار بوو، تەنانەت گیریشی بەدەست ئەو پەراوێزەوە بچووکەشەوە دەخوارد کە خۆی وەک دیکۆرێکی دیموکراسیی بۆ ئەزموونە سوڵتانیەکە، دروستیکردبوو. داخستنی پەرلەمان لەلایەن سەرۆکی پارتییەوە لابردنی ئەو پەراوەزە بچووکەی دەسەڵات بوو کە بەتەواوی کۆنترۆڵ نەکرابوو. کاراکردنەوەی پەرلەمان لە ٢٠١٨دا دوای بە دیکۆرکردنی تەواوەتی دەزگاکە بوو. لەو ساتەوە تا ئەمڕۆ پەرلەمان لەناو رۆڵە دیکۆرییەکەی خۆیدا خنکێنراوە. ئەم دۆخە بە ئاستێک گەیشتوە نزیکەی ٧٠ لەسەدی خەڵکی کوردستان لە دواهەمین هەڵبژاردندا بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان کرد. زۆرینەیەکی کۆمەلایەتی دروستبووە پەرلەمان بەلایانەوە جگە لە شوێنێک بۆ دەوڵەمەندبوونی شەخسیی پەرلەمانتارەکان خۆیان، شتێکی دیکە نەبێت.ئەم  دۆخەی پەرلەمان لەچەند ساڵی رابردوودا بە ئاستێکی تراژدیی وا گەیشتوە چەندان دەنگی ئاسایی ناو کۆمەڵگاکە داوای داخستنی هەمیشەیی پەرلەمان، بکەن.   لە هەرێمدا چەندان دەزگا و ناوەندی بڕیاردان لە دەرەوەی پەرلەماندا هەن کە زۆر لە پەرلەمان بەهێزترن و بەشێوازی هەمەجۆر بڕیارەکانی خۆیان بۆ پەرلەمان دەنێرن بۆئەوەی پەرلەمانتاران لە دەنگدانێکی شانۆییدا رەوایەتی بەو بڕیارانە ببەخشن. لە دۆخێکی لەو باباتەدا پەرلەمان جگە لە دیکۆرێکی ناشیرین بۆ سیستمە سیاسییە خێزانیی و بنەماڵەییە داخراوەکە، شتێکی دیکە نییە. هەندێک لە دیارترینی ئەو دەزگایانەش بریتین لە: ١- بارەگای بارازانی. هەمووان دەزانن ئەم بارەگەیە نە پێگەیەکی فەرمیی هەیە و نە بەشێکە لە سیستمە سیاسییەکەی ناو هەرێم، کەچی دەسەڵاتدارترین و بڕیاردەرترین دەزگای سیاسیی ناو هەرێمەکەیە. کۆی بڕیارە گەورە و سەرەکییەکان لەو بارەگەیەدا دەدرێت و لەوێوە دادەبەزێت بۆ ناو سیستمە سیاسییەکە. کێشێی ئەم بارەگەیە تەنها ئەوە نییە کە پێگەیەکی یاسایی نییە و بەشێک نییە لە سیستمە سیاسییەکەی هەرێم، بەڵکو لەوەشدایە هیچ میکانیزم و توانایەکیش نییە بتوانێت ئەم بارەگایە بەرامبەر بە بڕیارەکانی بەرپرسیاربکات، یان چاودێریبکرێت و تووشی لێپرسینەوە ببێت. ٢- دەباشانی ناوچەی سەوزیش هەمان رۆڵی بارەگای بارزانی دەبینێت و ئەویش بازنەیەکی دەرەکی دەرەوەی دەسەلاتی پەرلەمانە و بڕیارەکانی زۆنی سەوز لەوێ دەدرێن، نەک لە پەرلەمان. ٣- مەکتەبی سیاسیی حیزبەکان و کەسەر خاوەن هێزەکانی ناو حیزبەکان. کە هەموویان لە دەرەوەی پەرلەمان و سیستمە سیاسییە فەرمیەکەدان و کاریگەرییان لەسەر بڕیارەکان لە کاریگەریی هەموو پەرلەمانتارەکان بەسەریەکەوە زیاترە.   ٤- ئینجا ئەو هەم و لق و مەڵبەند و ناوچە حیزبییانە کە بەبێ بڕیاری ئەوان زۆر کاری حکومیی و زۆرکاری ماشێنە بیرۆکراسییەکەش، بەڕێوەناچێت. بە کورتییەکەی، پەرلەمان لە هەرێمدا هەرچییەک بێت شوێنی "بەهێزترین بڕیاردەرانی» ناو سیستمە سیاسییەکە نییە. پەرلەمان کاتێک مانای دەبێت، بتوانێت لەڕێگای هەڵبژاردن و نوێنەرایەتیکردنی خەڵکەوە دەستکاری نەخشە سیاسییەکان و دابەشبوونی هێزەکان و هاوکێشەکانی دەسەڵات بکات، بتوانێت یاسا دەربکات بۆ جۆرێک لە حوکمڕانیی کە ڕێزی یاسا بگریت، چاودێری حوکمڕانان بکات تا ئەو شوێنەی هێزی لێپرسینەوە و لابردنی دەسەلاتدارەکانی هەبێت. بەڵام هیچ یەکێک لەمانە نە لە توانای پەرلەمان و پەرلەمانتارانی هەرێمدایە، نە فۆرمی ئەو حوکمڕانییەش کە هەیە ئەم ڕۆلە لە پەرلەمان قبووڵدەکات. پەرلەمان لە هەرێمدا هەڵقەیەکی لاوازی ناو سیستمێکە کە بڕیارەکانی لەناو بارەگا و ژووری داخراو و دیوەخان  و لق و مەڵبەندەکاندا پیادەدەکرێت. پەرلەمانی ڕاستەقینە شوێنی گفتوگۆی ئاشکراو و کراوەیە، شوێنی لێپرسینەوەی بینراو و بەرچاوە، شوێنی پیادەکردنی ئاشکرای ئەو سیاسەتانەیە کە لە وڵاتەکەدا پەیڕەوی دەکرێت. لەهەر شوێنێکدا سیاسەتکردن بەنهینی بوو، رێکەوتنەکان لە ژووری نهێنیدا بوون، کۆنتراکتەکان بەنهێنی بەڕێوەچوون، پەیوەندییەکان بەنهێنی بوو، پەرلەمان هەشبێت، دەزگایەکی مرد و بێئاکار و بێئیش و بێکاریگەرییە.  پەرلەمان لە هەرێمدا وەک دەزگایەکی پەراوێزیی توانای کردنەوەی ئەو داخرانە خێزانیی و بنەماڵەیی و شەخسییەی نییە کە سیستمە سیاسیەکە بەڕێوەدەبات. پەرلەمان ناتوانێت دەسکاریی پێگەی سەربازیی و ئەمنیی و میدیایی و ئابوورییە دوو هێزە حوکمرانەکە بکات.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand