درەو: موچەی خانەنشینانی هەرێمی كوردستان بە پێی یاسای خانەسنینی یەكگرتووی عێراق چی لێدێت؟ جیاوازی موچەی خانەنشینێك ئێستا چەندەو ئەگەر یاسای خانەنشینی عێراق جێبەجێبكرێت چی لێدێت؟ ئەگەر فەرمانبەرێك بەكالۆریۆسی هەبێت و تەمەنی گەیشتبێتە (60) ئەوا كۆی موچەی خانەنشینیەكەی ئێستا (902) هەزار دینار وەردەگرێت، بەپێی یاسای خانەنشینی عێراق موچەكەی دەبێتە ( ملیۆنێك و 556) هەزار دینار. موچەی خانەنشینێك لە (500) هەزار دینار كەمتر نابێت، ووردەكاری ژمارەو لێكدانەوەكان بەمشێوەیەیە لەم راپۆرتەدایە. د. یوسف محەمەد شارەزای دەستوری و ئامادەكاری تیانووسی خانەنشینان لەبەردەم دادگای فیدراڵی لە شیكارییەكدا بۆ یاسای خانەنشینی عێراق وردەكارییەكانی خستووەتەروو كەدوای ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رەزامەندیی دا بە جێبەجێ كردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی و هەمواركردنەوەی موچەی خانەنشینانی هەرێم بەپێی یاسای خانەنشینیی یەكگرتوی عێراق ژمارە (٩)ی ساڵی (٢٠١٤)ی هەموار كراو خەرج دەكرێت، لەوكاتەی یاساكە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە. هاوكێشەی هەژماری خانەنشینی هەژمار كردنی موچەی خانەنشینی بەپێی ئەم یاسایە رێژەیەكی دیاریكراو نییە لە دوا موچە وەك یاساكانی پێشو، بەڵكو هاوكێشەیەكی چەند قۆناغییە كە تیایدا رەچاوی موچەی بنەڕەتی و دەڕماڵەی ژیان و دەرماڵەی بڕوانامە كراوە و، هەوڵ ئەدەین بەچەند خاڵێك رونی بكەینەوە: 1. بۆ هەمو ئەوانەی كە تەمەنیان لە ٤٥ ساڵ زیاترە و لە ١٥ ساڵ زیاتر خزمەتیان هەیە (مادەی ٢١- دووەم):، موچەی "بنەڕەتی"ی خانەنشینییان بریتییە لە موچەی خانەنشینیی "بنەڕەتی" (X)= تێكڕای موچە (معدل الراتب) * ساڵانی خزمەت * 2.5 \ (دابەشی) ١٠٠. لەم هاوكێشەیەدا تێكڕای موچە (معدل الراتب) بریتییە لە (كۆی دوا ٣٦ مانگی موچەی بنەڕەتیی فەرمانبەر "بەبێ هەژماركردنی دەرماڵەكان" \ دابەشی ٣٦) (مادەی ١- شازدەیەم و هەڤدەیەم). 2. دەرماڵەی بژێوی (مخصصات المعیشە) كە بریتییە لە ١%ی موچەی خانەنشینی "بنەڕەتیی" (X) بۆ هەر ساڵێكی خزمەت (مادەی ٣٥- نۆیەم). واتە دەرماڵەی بژێوی (Y)= ١ * موچەی خانەنشینیی "بنەڕەتی" (X) * ساڵانی خزمەت \ (دابەشی) ١٠٠. 3. دەرماڵەی بڕوانامە (Z) كە بریتییە لە رێژەیەكی سەدی لە موچەی خانەنشینیی "بنەڕەتی" (X) (مادەی ٣٥- دەیەم) بەم شێوەیە: - دیبلۆم (٥%)ی موچەی خانەنشینیی بنەڕەتی. - بەكالۆریۆس: (١٠%)ی موچەی خانەنشینیی بنەڕەتی . - دیبلۆمی باڵا و ماجستێر: (١٥%)ی موچەی خانەنشینیی بنەڕەتی . - دكتۆرا: (٢٠%)ی موچەی خانەنشینیی بنەڕەتی. واتە دەرماڵەی بڕوانامە (Z)= (رێژەی هەر دەرماڵەیەكی بڕوانامە\ دابەشی ١٠٠) * موچەی خانەنشینیی "بنەڕەتی" (X). 4. كۆی موچەی خانەنشینی بۆ هەر خانەنشینێك بریتییە لە كۆكردنەوەی ئەو سێ قۆناغەی پێشو. واتە: كۆی موچەی خانەنشینی= موچەی خانەنشینیی "بنەڕەتی" (X) + دەرماڵەی بژێوی (Y) + دەرماڵەی بڕوانامە (Z). ئێستا ئەم لێكدانەوەی سەرەوە كە لەلایەن د. یوسف محەمەدەوە خراوەتە روو (درەو) بە گفتوگۆ لەگەڵ د. یوسف محەمەد چەند نمونەیەكی زیندویی بۆ دەهێنێتەوەو لێكدانەوەی موچەی خانەنشنی دەكات: نمونەی یەكەم: فەرمانبەرێك بڕوانامەكەی بەكالۆریۆس بێت، لە تەمەنی (60) ساڵیدا خانەنشین بێت واتا (38) ساڵ خزمەتی هەیەو كۆی موچەی بنەڕەتیەكەی ( ملیۆنێك و 128) هەزار دینارە. بە سێ هەنگاو كۆی موچەی خانەنشینی دیاری دەكرێت هەنگاوی یەكەم/ كۆی دوا 36 مانگی موچەی بنەڕەتی دیاری دەكەین و دابەشی 36 مانگی دەكەین، موچەی بنەڕەتی فەرمانبەرێك لە ماوەی 36 مانگدا (3) ساڵدا سێ ژمارە بووە. - موچەی بنەڕەتی ساڵی یەكەم ( ملیۆنێك و 88هەزار ) دینار بووە كەڕەتی (12) مانگی یەكەمی دەكەیت دەكاتە (13 ملیۆن و 56 هەزار) - موچەی بنەڕەتی ساڵی دووەم ( ملیۆنێك و 108 هەزار ) دینار بووە كەڕەتی (12) مانگی یەكەمی دەكەیت دەكاتە (13 ملیۆن و 296 هەزار) - موچەی بنەڕەتی ساڵی سێیەم ( ملیۆنێك و 128 هەزار ) دینار بووە كەڕەتی (12) مانگی یەكەمی دەكەیت دەكاتە (13 ملیۆن و 536 هەزار) واتا كۆی موچەی بنەڕەتی ئەو سێ ساڵە (39 ملیۆن و 888 هەزار) دینار دابەشی (36) مانگ دەكرێت دەكاتە ( ملیۆنێك و 108 هەزار) دینار واتا تێكڕای موچەكەی دەكاتە ( ملیۆنێك و 108 هەزار) دینار خانەنشینی بنەڕەتی= تێكرای موچە ( ملیۆنێك و 108 هەزار) دینار X ساڵی خزمەت (38) ساڵ X 2.5 دابەش 100 = 1 ملیۆن و 52 هەزار و 600 هەزار خانەنشینی بنەڕەتی بریتیە لە : 1 ملیۆن و 52 هەزار هەنگاوی دووەم: دەرماڵەی پژێوی كە بریتیە لە (1%) موچەی خانەنشینی بنەڕەتی بۆ هەر ساڵێكی خزمەت. واتا دەرماڵەی بژێوی = 1 X موچەی خانەنشینی بنەڕەتی (ملۆنێك و 52 هەزار) X ساڵی خزمەت 38 ساڵ دابەشی 100 = 399 هەزار دینار دەرماڵەی بژێوی: 399 هەزار دینار هەنگاوی سێیەم: دەرماڵەی بڕوانامە بۆ بەكالۆریۆس (10%) X موچەی خانەنشنی بنەڕەتیە (ملۆنێك و 52 هەزار) = 105 هەزار دەرماڵەی بڕوانامە: 105 هەزار دینار كۆی موچەی خانەنشینی= خانەنشینی بنەڕەتی + دەرماڵەی بژێوی + دەرماڵەی بڕوانامە كۆی موچەی خانەنشینی = (ملۆنێك و 52 هەزار) دینار + (399) هەزار دینار + 105 هەزار دینار= 1 ملیۆنێك و 556 هەزار دینار. واتا كۆی موچەی خانەنشینێك كە تەمەنی گەیشتبێتە 60 ساڵ و 38 ساڵ خزمەتی كردبێت موچەكەی دەكاتە: ملیۆنێك و 556 هەزار دینار بەڵام بڕگەی (5) لە مادەی (21)ی یاسای خانەنشینی یەكگرتوو دەڵێت نابێت كۆی موچەی خانەنشینی لە 100%ی موچەی فەرمانبەر بێ دەرماڵەكانی زیاتر بێت، ئەگەر مەبەستی لە كۆی موچەی بنەڕتی زیاتر بێت ئەوا ئەو كات كۆی موچەی خانەنشێك بەو نمونەیەی سەرەوە دەكاتە (ملیۆنێك و 128 هەزار) دینار نەك ( ملیۆنێك و 556 هەزار) دینار. نمونەی دووەم: فەرمانبەرێك بڕوانامەی بەكالۆریۆسی هەبێت و (23) ساڵ خزمەتی هەبێت و تەمەنی (45) ساڵ بێت. هەنگاوی یەكەم: كۆی دوا 36 مانگی موچەی بنەڕەتی دیاری دەكەین و دابەشی 36 مانگی دەكەین، موچەی بنەڕەتی فەرمانبەرێك لە ماوەی 36 مانگدا (3) ساڵدا سێ ژمارە بووە. - موچەی بنەڕەتی ساڵی یەكەم ( 693 ) دینار بووە كەڕەتی (12) مانگی یەكەمی دەكەیت دەكاتە (8 ملیۆن و 316 هەزار) - موچەی بنەڕەتی ساڵی دووەم ( 705 ) دینار بووە كەڕەتی (12) مانگی یەكەمی دەكەیت دەكاتە (8 ملیۆن و 460 هەزار) - موچەی بنەڕەتی ساڵی سێیەم ( 717 ) دینار بووە كەڕەتی (12) مانگی یەكەمی دەكەیت دەكاتە (8 ملیۆن و 604 هەزار) واتا كۆی موچەی بنەڕەتی ئەو سێ ساڵە (25 ملیۆن و 380 هەزار) دینار دابەشی (36) مانگ دەكرێت دەكاتە ( 705 هەزار) دینار واتا تێكڕای موچەی خانەشنینی دەكاتە ( 705 هەزار) دینار خانەنشینی بنەڕەتی= تێكرای موچە ( 705) دینار X ساڵی خزمەت (23) ساڵ X 2.5 دابەش 100 = 405 هەزار دینار خانەنشینی بنەڕەتی بریتیە لە : 405 هەزار دینار هەنگاوی دووەم: دەرماڵەی پژێوی كە بریتیە لە (1%) موچەی خانەنشینی بنەڕەتی بۆ هەر ساڵێكی خزمەت. واتا دەرماڵەی بژێوی = 1 X موچەی خانەنشینی بنەڕەتی (405 هەزار) X ساڵی خزمەت 23 ساڵ دابەشی 100 = 93 هەزار دینار دەرماڵەی بژێوی: 93 هەزار دینار هەنگاوی سێیەم: دەرماڵەی بڕوانامە بۆ بەكالۆریۆس (10%) X موچەی خانەنشنی بنەڕەتیە (405) هەزار= 40 هەزار دەرماڵەی بڕوانامە: 40 هەزار دینار كۆی موچەی خانەنشینی= خانەنشینی بنەڕەتی + دەرماڵەی بژێوی + دەرماڵەی بڕوانامە كۆی موچەی خانەنشینی = (405 هەزار) دینار + (93) هەزار دینار + 40 هەزار دینار= 538 هەزار دینار. واتا كۆی موچەی خانەنشینێك كە تەمەنی گەیشتبێتە 45 ساڵ و 23 ساڵ خزمەتی كردبێت موچەكەی دەكاتە: 538 هەزار دینار ئەمە بەبێ ئەو دوو پلە بەرزكردنەوەیەی كە راگیراوە لە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە. - لانی كەمی موچەی خانەنشینی بەپێی ئەم یاسایە (٥٠٠,٠٠٠) دینارە (مادە ٢١- چوارەمی هەموار كراو). هەروەها ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەتوانێ بەگوێرەی رێژەی هەڵاوسان (مادەی ٣٦)، ئێستا بەپێی ئەم مادەیەی دوایی حكومەتی فیدڕاڵی (١٠٠,٠٠٠) دیناری دیكەی بۆ موچە نزمەكانی خانەنشینان زیاد كردوە. - بەو پێیە بەشێك لە خانەنشینانی هەرێمی كوردستان موچەكانیان (100%) زیاد دەكات كە بەشێكیان موچەكەیان لە خوار (300) هەزار دینارەوەیە ئەوكات دەبێتە (600) هەزار دینار. - هەر فەرمانبەرێك ٢٥ ساڵ خزمەتی هەبێت ئەوا سەرەڕای مەچەی مانگانەی خانەنشینی، پاداشتی كۆتایی خزمەتیشی پێدەدرێت كە بریتیە لە ١٢ موچەی تەواو (واتە ١٢ * بڕی دوا موچە كە لە وەزیفە وەریگرتوە بە موچەی بنەڕەتی و سەرجەم دەرماڵەكانی) (مادەی ٢١- نۆیەم). واتا ئەگەر فەرمانبەرێك بیەوێت خانەنشین بێت و (25) ساڵ خزمەتی هەبێت ئەوا (12) موچەی كۆتایی وەردەگرێت لە بری (6) موچەی واتا ئەگەر فەرمانبەرەكە ( ملیۆنێك و 200 هەزار) دیناری هەبێت ئەوا (14 ملیۆن و 400 هەزار) دینار وەردەگرێت لەبری (7 ملیۆن و 200) هەزار دینار. خۆ ئەگەر فەرمانبەرێك كۆی موچەكەی گەیشتبێتە (2) ملیۆن دینار و خانەنشین بێت لە بری (6) موچە (12) ملیۆن دینار، ئەوا (12) موچەی كۆتایی (24) ملیۆن دینار وەردەگرێت. - بەپێی یاسای خانەنشینی عێراق بێت موچەی خانەنشینی وەزیرو پەرلەمانتار و پلە باڵاكان كە تەمەنیان نەگەیشتووەتە (45) ساڵ و (15) ساڵ خزمەت هیچ موچەیەك وەرناگرن دەقی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق دەقی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی
د. یوسف محەمەد سادق دواجار پاش تێپەڕبوونی نزیکەی ساڵ و نیوێک بەسەر دەرچونی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی ژمارە (٢١٢- فیدڕاڵی- ٢٠٢٢)[1] سەبارەت بە یاسای بەرکار بۆ خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان، (حکومەتی هەرێم) رەزامەندیی دا بە جێبەجێ کردنی ئەو بڕیارەی دادگاو هەموارکردنەوەی موچەی خانەنشینانی هەرێم بەپێی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوی عێراق ژمارە (٩)ی ساڵی (٢٠١٤)ی هەموار کراو[2]. سەرەتا نەمویست هیچ قسەیەک لەسەر ئەم بابەتە بکەم، بەڵام دواتر بەهۆی زۆریی ئەو پرسیارانەی لەلایەن خانەنشینانی بەڕێزەوە ئاڕاستەمان ئەکرێت و، بەهۆی لێکدانەوەی جیاجیاو هەڵەی زۆر لە دەزگاکانی راگەیاندن و تەنانەت لایەنە پەیوەندیدارە ئیدارییەکانیش بۆ چۆنیەتیی هەژمارکردنی موچەی خانەنشینی بەپێی یاسای ئاماژە پێدراو، بەپێویستم زانی لەڕێی ئەم بابەتەوە زانیاریی پێویست بۆ هەموان بخەمەڕو. هەڵبەت ئێستا کە ئیتر پرسەکانی پەیوەست بە موچەی سەرجەم موچەخۆرانی هەرێم بە حکومەتی فیدڕاڵیییەوە پەیوەست ئەبێتەوە، بڕیاڕی ئاماژەپێدراوی دادگای فیدڕاڵی پاڵپشتێکی باش ئەبێ بۆ دەستەبەرکردنی سەرجەم مافەکانی خانەنشینانی هەرێم هاوشێوەی ناوچەکانی تری عێراق. یەکەم: هەلومەرجی خانەنشینی و چەند رێسا و تێبینییەکی گشتی: 1. ئەم یاسایە یاسایەکی گشتگیرە بۆ هەمو جۆرەکانی خانەنشینیی مەدەنی و سەربازی و دادوەری و.. تادو هەمو پۆست و پلەو ناونیشانە وەزیفییەکان (مادەی ٣)، تەنانەت رەچاوی خانەنشینیی فەرمانبەرە گرێبەستەکانیش کراوە تیایدا (مادەی ٢١- سیازدەیەم). هەر بۆیەش بەجێبەجێ کردنی ئەو پاشاگەردانییەی لە بواری خانەنسینی هەیە کۆتایی پێدێ و، بەشێکی زۆری گەندەڵی لەم بوارەداو موچەی "بندیوار" کۆتایی پێئەهێنێت و، رێگری دروست ئەکات لە بونی دو موچە یان زیاتر بە گوێرەی (مادەی ٢١- یازدەیەم) لە یاسای ژمارە (٩) ی ساڵی ٢٠١٤ و، مادەی (١٠)ی یاسای ژمارە (٢٦)ی ساڵی ٢٠١٩ یاسای هەمواری یەکەمی یاسای خانەنشینیی یەکگرتو[3]. 2. تەمەنی خانەنشینیی یاسایی ٦٠ ساڵە (مادەی ١٠- یەکەم هەموارکراو)و کەمترین خزمەت بۆ هەژمارکردنی خانەنشینی ١٥ ساڵە. بەڵام چەند توێژێک هەڵاوێرد کراون لە بەرزترین تەمەنی خانەنشینیی ناچاری وەک مامۆستایان زانکۆ (پڕۆفیسۆرو پڕۆفیسۆری یاریدەدەر، هەندێک تایبەتمەندیی تایبەتی پزیشکی ...) کە ئەمانە لە تەمەنی (٦٣) ساڵی خانەنشین ئەکرێن جگە لە زیندانییانی سیاسی و کەسوکاری پلەیەکی شەهیدان کە لە تەمەنی ٦٥ ساڵی خانەنشین ئەکرێن (مادە ٢- یەکەم و دوەم یاسای ژمارە (٢٦)ی ساڵی ٢٠١٩ یاسای هەمواری یەکەمی یاسای خانەنشینیی یەکگرتو). هەڵبەت ئەو فەرمانبەرانەش کە تەمەنیان گەیشتۆتە تەمەنی یاسایی خانەنشینی و لە ١٥ ساڵ خزمەتیان کەمترە، پاداشتێکی کۆتایی خزمەت (مادەی ٢٢) یان موچەیەکی مانگانەی خانەنشینیی بڕاوە (مقطوع)یان بۆ رەچاو کراوە (مادەی ٢١- شەشەم). لە هەمان کاتدا هەر فەرمانبەرێک تەمەنی گەیشتە ٤٥ ساڵ و ١٥ ساڵ خزمەتی هەبو ئەتوانێ بە شێوەیەکی ئارەزومەندانە داوای خانەنشینی بکات (مادەی ٢١- یەکەم). 3. لەم یاسایەداو لە کاتی دەنگدان لەسەری لە خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەران لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤، خانەنشینیی تایبەت بۆ خاوەن پۆستە باڵاکانی وەک سەرۆک کۆمارو سەرۆکوەزیران و پەرلەمانتار و وەزیر و راوێژکاران زیاد کرا[4]. بەڵام دواتر بە بڕیارێکی دادگای باڵای فیدڕاڵی (٣٦- فیدڕاڵی- ٢٠١٤)[5] ئەو بەند و مادانەی پەیوەندیدارن بە خانەنشینیی ئەوانەی باس کران هەڵوەشێنرانەوە. هەر بۆیەش ئێستا ئەوانیش وەک هەر خانەنشینێکی ئاسایی و بە هەمان مەرج و هاوکێشە خانەنشین ئەبن و ئەمەش دادپەروەری لە موچەی خانەنشینان دەستەبەر ئەکات. بەڵام چەند توێژێکی وەک (فەرمانبەرانی خوێندنی باڵا، دادوەر، داواکاری گشتی، باڵیۆز، بەڕێوەبەری گشتی و ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان) لەبەر تایبەتمەندیی پسپۆڕی و کارەکانیان خانەنشینیی تایبەتیان بۆ رەچاو کراوە (مادە ٣٥- چوارەم تا هەشتەم). 4. لانی کەمی موچەی خانەنشینی بەپێی ئەم یاسایە (٥٠٠,٠٠٠) دینارە (مادە ٢١- چوارەمی هەموار کراو). هەروەها ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەتوانێ بەگوێرەی رێژەی هەڵاوسان (مادەی ٣٦)، ئێستا بەپێی ئەم مادەیەی دوایی حکومەتی فیدڕاڵی (١٠٠,٠٠٠) دیناری دیکەی بۆ موچە نزمەکانی خانەنشینان زیاد کردوە. 5. ئەم یاسایە ئەو خانەنشینانەش ئەگرێتەوە کە پێش ساڵی ٢٠١٤ خانەنشین بون و پێویستە موچەی خانەنشینییەکەیان بەپێی ئەو هاوکێشەیەی لەم یاسایەدا هاتوە هەموار بکرێتەوە (مادە ٣٥- سێیەم). هەروەها بەپێی مادەی (٣٧- یەکەم)ی پەیڕەوی ناوخۆی دادگای باڵای فیدڕاڵی[6] لە رۆژی (٢٣- ١١- ٢٠٢٢)ەوەوە (کە رۆژی دەرچونی بڕیاڕی دادگایە سەبارەت بە یاسای بەرکار بۆ موچەی خانەنشینانی هەرێم)، سەرجەم خانەنشینانی هەرێم شایستەی وەرگرتنی موچەکانیانن بەو شێوەیەی کە لە یاسای ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠١٤ دا هاتوە و پێویستە قەرەبوی ئەو ماوەیە بکرێنەوە. دووەم: هاوکێشەی هەژماری خانەنشینی هەژمار کردنی موچەی خانەنشینی بەپێی ئەم یاسایە رێژەیەکی دیاریکراو نییە لە دوا موچە وەک یاساکانی پێشو، بەڵکو هاوکێشەیەکی چەند قۆناغییە کە تیایدا رەچاوی موچەی بنەڕەتی و دەڕماڵەی ژیان و دەرماڵەی بڕوانامە کراوە و، هەوڵ ئەدەین بەچەند خاڵێک رونی بکەینەوە: 1. بۆ هەمو ئەوانەی کە تەمەنیان لە ٤٥ ساڵ زیاترە و لە ١٥ ساڵ زیاتر خزمەتیان هەیە (مادەی ٢١- دووەم):، موچەی "بنەڕەتی"ی خانەنشینییان بریتییە لە موچەی خانەنشینیی "بنەڕەتی" (X)= تێکڕای موچە (معدل الراتب) * ساڵانی خزمەت * 2.5 \ (دابەشی) ١٠٠. لەم هاوکێشەیەدا تێکڕای موچە (معدل الراتب) بریتییە لە (کۆی دوا ٣٦ مانگی موچەی بنەڕەتیی فەرمانبەر "بەبێ هەژمارکردنی دەرماڵەکان" \ دابەشی ٣٦) (مادەی ١- شازدەیەم و هەڤدەیەم). 2. دەرماڵەی بژێوی (مخصصات المعيشة) کە بریتییە لە ١%ی موچەی خانەنشینی "بنەڕەتیی" (X) بۆ هەر ساڵێکی خزمەت (مادەی ٣٥- نۆیەم). واتە دەرماڵەی بژێوی (Y)= ١ * موچەی خانەنشینیی "بنەڕەتی" (X) * ساڵانی خزمەت \ (دابەشی) ١٠٠. 3. دەرماڵەی بڕوانامە (Z) کە بریتییە لە رێژەیەکی سەدی لە موچەی خانەنشینیی "بنەڕەتی" (X) (مادەی ٣٥- دەیەم) بەم شێوەیە: - دیبلۆم (٥%)ی موچەی خانەنشینیی بنەڕەتی. - بەکالۆریۆس: (١٠%)ی موچەی خانەنشینیی بنەڕەتی . - دیبلۆمی باڵا و ماجستێر: (١٥%)ی موچەی خانەنشینیی بنەڕەتی . - دکتۆرا: (٢٠%)ی موچەی خانەنشینیی بنەڕەتی. واتە دەرماڵەی بڕوانامە (Z)= (رێژەی هەر دەرماڵەیەکی بڕوانامە\ دابەشی ١٠٠) * موچەی خانەنشینیی "بنەڕەتی" (X). 4. کۆی موچەی خانەنشینی بۆ هەر خانەنشینێک بریتییە لە کۆکردنەوەی ئەو سێ قۆناغەی پێشو. واتە: کۆی موچەی خانەنشینی= موچەی خانەنشینیی "بنەڕەتی" (X) + دەرماڵەی بژێوی (Y) + دەرماڵەی بڕوانامە (Z). 5. هەر فەرمانبەرێک ٢٥ ساڵ خزمەتی هەبێت ئەوا سەرەڕای مەچەی مانگانەی خانەنشینی، پاداشتی کۆتایی خزمەتیشی پێدەدرێت کە بریتتە لە ١٢ موچەی تەواو (واتە ١٢ * بڕی دوا موچە کە لە وەزیفە وەریگرتوە بە موچەی بنەڕەتی و سەرجەم دەرماڵەکانی) (مادەی ٢١- نۆیەم). 6. خانەنشین ئەتوانێت پەڵپ (اعتراض) بگرێت لە بڕیاڕی هەژمارکردنی خانەنشینییەکەی لە ماوەی (٩٠) رۆژ لە پێڕاگەیاندنی بڕی موچەکەی لە بەردەم (ئەنجومەنی وردبینیی پرسەکانی خانەنشینان) کە بەپێی بە مادەکانی (٢٩ و ٣٠)ی یاساکە دروست کراوە بۆ روانین لە تانەکان و، بڕیارەکانی ئەم ئەنجومەنەش شیاوی تانە لێدانن لەبەردەم دادگای پێداچونەوەی فیدڕاڵی لە ماوەی ٦٠ رۆژدا. لە کۆتاییدا هیوادارم لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم لە جێبەجێ کردنی ئەم یاسایەدا بە ئینسافەوە کار بۆ دەستەبەر کردنی سەرجەم مافەکانی خانەنشینانی شایستەی هەرێم بکەن هاوشێوەی سەرجەم ناوچەکانی تری عێراق و، نەیانکەنە قوربانی خانەنشینی نایاسایی وناشایستە و ناڕاست. هەڵبەت حکومەتی فیدڕاڵ کۆمەڵێک ئاسانکاری و ئیمتیازی دیکەی بۆ خانەنشینان رەخساندوە لە بواری سەفەر و تەندروستی و شێوازی پێدانی موچەکانیان کە دەکرێ کار بۆ جێبەجێ کردنی ئەمانەش بکرێ. لەوانەیە بە هۆی نەبونی سندوقی خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان لە ساڵانی رابردو، پرسی چۆنییەتی پارەدار کردنی موچەی خانەنشینانی هەرێم ببێتە کێشە لەنێوان هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ. ئەکرێ خانەنشینانی هەرێم هاوشێوەی ئەوانەی پێش (١- ١- ٢٠٠٨) خانەنشین بون مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ کە بەپێی مادەی (٣٢- دووەم- أ)ی یاساکە موچەکانیان لە لایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە سەرف ئەکرێ و، بۆ لەمەودواش لێبڕینی خانەنشینیی فەرمانبەرانی هەرێم بخرێتە سندوقی خانەنشینی عێراق و بەو پێیەش بۆ داهاتو فەرمانبەران لەڕێی ئەو سندوقەوە خانەنشین بکرێن. [1] . بڕوانە دەقی بڕیارەکە لەم لینکە: https://iraqfsc.iq/krarid/212_fed_2022.pdf [2] . بڕوانە دەقی یاساکە لەم لینکە: https://iraqld.e-sjc-services.iq/LoadLawBook.aspx?page=1&SC=170320149635652&BookID=30802 [3] . بڕوانە دەقی یاساکە لەم لینکە: https://iraqld.e-sjc-services.iq/LoadLawBook.aspx?page=1&SC=121220193727811&BookID=41812 [4] . بڕوانە دەقی مادەی ٣٧ لە یاساکە لە: الوقائع العراقية، العدد (٤٣١٤)، بتاريخ (١٠/ ٣/ ٢٠١٤)، ص ص ٣٠- ٣١. [5] . بڕوانە دەقی بڕیارەکە لەم لینکە: https://iraqfsc.iq/krarid/36_fed_2014.pdf [6] . بڕوانە: الوقائع العراقية، العدد (٤٦٧٩)، بتاريخ (١٣/ ٦/ ٢٠٢٢)، ص ٢٠.
درەو: ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز ": 🔹رۆژانە سەدان بارهەڵگری نەوت لەهەولێرەوە بەرەو توركیا لە باكورو ئێران لە خۆرهەڵات دەڕوات. 🔹بارهەڵگرەكان نمایشی لایەنێكی روونی پرۆسەیەكی زەبەلاح دەكەن بۆ گواستنەوەی نەوت بۆ ئێران و توركیا, لە مامەڵیەكی تەمومژاوی و نا فەرمیدا , كە لە دوای داخستنی هێڵی بۆریەكانی هەرناردەكردنی نەوتەوە لە ساڵی رابردوو گەشەیسەندووە. 🔹رۆیتەرز وردەكاری ئەو بازرگانییە گەشەسەندووەی كۆكردووەتەوە, لەڕێی گفتوگۆكردن لەگەڵ زیاتر لە (20) كەس, كە لەنێویاندا, ئەندازیاری نەوتی عێراق و كوردستان و بەرپرسی حكومی و سیاسی و دیپلۆكاتكارو سەرچاوە لە پیشەسازی نەوت هەیە. 🔹رۆژانە زیاتر لە (1000) بارهەڵگر كە (200) هەزار بەرمیل نەوتی هەڵگرتووە بە نرخێكی هەرزان رەوانەی ئێران دەكرێت, بە ئاستێكی كەمتریش رەوانەی توركیا دەكرێت, كە مانگانە داهاتەكەی (200) ملیۆن دۆلارە. 🔹قەبارەی هەناردەی نا فەرمی, كە پێشتر رانەگەیەندراوە, یەكێكە لەو هۆكارانەی كە عێراق ناتوانێت پابەندنی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بێت, كە لەگەڵ رێكخراوی ئوپێكدا لەسەری رێككەوتووە. 🔹عاسم جیهاد, وتەبێژی وەزارەتی نەوت فرۆشتنی نەوت لەلایەن هەرێمی كوردستان بە رەزامەندی حكومەتی عێراق نیە, سۆمۆ تاكە لایەنی فەرمیە, كە رێگەی پێدراوە نەوت بفرۆشێت. 🔹حكومەتی عێراق هیچ ژمارەیەكی وردی لانیە لەبارەی بڕی ئەو نەوتەی كە بە قاچاغ دەبرێت بۆ ئێران و توركیا. 🔹بەوتەی بەرپرسێكی ئەمریكی, رەنگە ئەم كارە, هەرێمی كوردستان بخاتە دۆخی بەریەككەوتن لە واشنتۆنی هاوپەیمانی, كە سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی ئەوەیە, ئاخۆ ئەو بازرگانیە لەگەڵ ئێران, پێشیلی سزاكانی سەر تاران دەكات یان نا. 🔹بەرپرسە ناخۆییەكانی كوردستان دەڵێن, داهاتەكانی نەوت حساب نەكراون و لە گەنجینەكانی حكومەتی هەرێم تۆمار ناكرێن, كە روبەڕوی كێشەی گەورە بووەتەوە بۆ دابینكردنی موچە فەرمانبەران. 🔹عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری پێشوی كوردستان, كە سەرۆكی لیژنەی نەوت بووە لە پەرلەمان, دەڵێت: داهاتەكانی نەوت هیچ ئاسەوارێكیان نیە, قەبارەی فرۆشتنی نەوتی رۆژانە, بە (300) هەزار بەرمیل مەزەندە دەكرێت. 🔹بەرپرسێكی باڵای یەكێتی ئاماژە بەوەدەكات: نەوت لەڕێی دەروازە سنوریەكانەوەو بە ئاگاداری حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان رەوانە دەكرێت. 🔹بەرپرسانی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان رەتیانكردووەتەوە هیچ قسەیەك لەسەر ئەم پرسە بكەن, وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێمیش, كە سەرپەرشتی بارزگانی نەوتی كوردستان دەكات, وتەبێژی فەرمی نیە. 🔹بەرپرسێكی باڵا لە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان رایگەیاندووە: رۆژانە هەرێمی كوردستان (375) هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت, (200) هەزار بەرمیلی بە بارهەڵگر رەوانەی ئێران و توركیا دەكات, باقییەكەی لەناوخۆدا دەپاڵیورێت. 🔹ئەو بەرپرسە كە داوای كردووە ناوی نەهێنرێت, وتویەتی: كەس نازانێت داهاتی ئەو (200) هەزار بەرمیل نەوت كە بە قاچاغ دەبرێت یان ئەو پێكهاتە نەوتیانەی بە پاڵاوتگەكانی ناوخۆ دەفرۆشرێت, چی لێدێت. 🔹سەرچاوەكانی بواری پیشەسازی نەوت دەڵێن: كۆمپانیاكانی نەوت لە كوردستان نەوت بە كڕیارە ناوخۆییەكان بە نرخێكی هەرزان دەفرۆشێن بەرمیلی لەنێوان (30 بۆ40) دۆلاردایە. 🔹هەشت كۆمپانیای جیهانی بواری نەوت هەژمونیان بەسەر زۆرینەی بەرهەمی نەوتی كوردستاندا كردووە كە ئەوانیش: DNO ASA (DNO.OL)وGenel Energy (GENL.L)، وGulf Keystone Petroleum (GKP.L)وShaMaran. Petroleum (SNM.V) و HKN Energy وWesternZagros وMOL's (MOLB.BU)و Kalegran and Hunt Oil Company. 🔹كۆمپانیای هانت ئۆیل, كە بارەگاكەی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانە, رەتیكردووەتەوە هیچ قسەیەك لەمبارەیەوە بكات, (7) كۆمپانیاكەی تریش وەڵامی داواكارییەكانی رۆیتەرزیان نەداوەتەوە بۆ قسەكردن, هەروەها KAR Group یش, كە كۆمپانیایەكی ناوخۆییە و یاریزانی سەرەكییە لە نەوتی كوردستان. 🔹سەرچاوەكان لە پیشەسازی نەوتی كوردستان دەڵێن: كڕیارە ناوخۆییەكان نەوتە خاوەكە لە كۆمپانیاكان دەكڕن و لەڕێی كەسانی ترەوە دەیفرۆشن, بەبێ ئاگاداری كۆمپانیاكان. 🔹زۆرینەی نەوتە گوازراوەكانە بە بارهەڵگر لە سنورەكانەوە دەچێت بۆ ئێران, لەڕێی دەروازە فەرمیەكانەوە, بە دەروازەی حاجی ئۆمەران و پێنجوینیشەوە. 🔹نەوتەكەی كوردستان رەوانەی بەندەری ئیمام خومەینی و بەندەر عەباس دەكرێت لە كەنداو, كە ئەوەش رێگایەكی كۆنە بۆ گواستنەوەی نەوتی كوردستان یان لەڕێی وشكانیەوە رەوانەی ئەفغانستان و پاكستان دەكرێت. 🔹رۆیتەرز نەیتوانیووە زانیاری ئەوە بەدەستبهێنێت, ئێران لەبەرامبەر ئەمەدا دەستكەوتی چییە, لەكاتێكدا خۆی بەزەحمەت نەوتەكەی دەفرۆشێت بەهۆی سزاكانەوە, وەزارەتی نەوتی پاكستان و بەرپرسانی ئەفغانستانیش, رەتیانكردووەتەوە هیچ قسەیەك لەبارەی ئەم بازرگانیە بكەن. 🔹ئەم بارزگانیە تازەترین كۆپیە لەبازرگانی دورو درێژی نەوت لە بازاڕی رەش, كە بەشێوەیەكی فروان وا تەماشاری دەكرێت, سودەكەی بۆ دەستەبژێری سیاسیە, كە پەیوەیست بوونێكی توندوتۆڵیان هەیە لەگەڵ بارزگانیدا. دیپلۆماتكاری باڵا لە بەغداد رایگەیاندووە: بەرژەوەندیە سیاسیەكان وابەستەن بە بازرگانیەوە بە پلەیەك, دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت كە رۆژێك لە رۆژان وەك ئەولەویەت تەماشای دەكرا, لەئێستادا پاشەكشێی كردووە لە خشتەی كارەكان. 🔹بەرپرسێكی باڵای عێراق كە ئاگاداری وردەكاری ئەم پرسەیە دەڵێت: بەغداد ئاگاداری وردەكاری پرۆسەی فرۆشتنی نەوتی كوردستانە, بەڵام خۆی لە تانە لێدانی ئاشكرا دەپارێزێت, لەگەڵ هەوڵی بەرپرسان بۆ چارەسەركردنی ململانێكانی لەگەڵ هەولێر. 🔹فشاركردن لەسەر هەولێر بۆ راگرتنی بەقاچاغبردنی نەوت, رەنگە ببێتە هۆی گەمارۆدانی هەرێم و لەهەموو سەرچاوەكانی داهات بێبەشی دەكات, كە ئەوەش رەنگە هەرەسی پێبهێنت.
(درەو): رێكخراوی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت "ئۆپێك" چاوەڕوانییەكانی لەبارەی گەشەی تاڕادەیەكی بەهێز لەسەر خواستنی جیهانی بۆ نەوت لە ماوەی ساڵانی 2024 بۆ 2025، وەكو خۆی هێشتەوە. ئۆپێك پێیوایە، نەرمی گەشەی ئابوری و بەهێزیی گەشتی ئاسمانیی پاڵپشت دەبن بۆ بەكارهێنانی سوتەمەنی لەمانگەكانی وەرزی هاویندا. رێكخراوەكە لە راپۆرتی مانگانگەی خۆیدا كە لەسەر سایتەكەی بڵاویكردوەتەوە، دەڵێ: خواستی جیهانیی لەسەر نەوت لە ساڵی 2024دا بۆ (2.25 ملیۆن) بەرمیلی رۆژانە بەرزدەبێتەوە، لە ساڵی 2025دا خواستی رۆژانە بریتی دەبێت لە (1.85 ملیۆن) بەرمیل. ئۆپێك بەمشێوەیە پێشبینی مانگی رابردووی خۆی بۆ دۆخی نەوت دووبارەكردوەتەوەو هیچ گۆڕانكارییەكی تێدا نەكردووە. راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەكردووە، چاوەڕوان دەكرێت گواستنەوەی بەهێزو گەشتی ئاسمانیی پێشبینیكراو لە نیوەی باكوری گۆی زەوی لە وەرزی پشووەكانی هاویندا، خواست لەسەر سوتەمەنی ئامرازەكانی گواستنەوە بەهێز بكات و پاڵ بە گەشەی ئابوری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە بنێت. جیاوازییەكان لە پێشبینی سەبارەت بە گەشەی خواست لە 2024دا تادێت زیاتر دەبێت، ئەمەش بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازیی لەبارەی ئاستی خێرایی گواستنەوەی جیهان بەرەو سوتەمەنی خاوێن. كۆمپانیای (بی پی) رایگەیاند، ساڵی داهاتوو خواست لەسەر نەوت دەگاتە لوتكە. هاوپەیمانی (ئۆپێك +) كە رێكخراوی ئۆپێك و هاوپەیمانەكانی لەخۆدەگرێت لەنێویاندا روسیا، لە كۆتاییەكانی 2022وە زنجیرەیەك كەمكردنەوە لە ئاستی وەبەرهێنان پەیڕەو دەكات، ئەمە بەمەبەستی پاڵپشتیكردن لە بازاڕی نەوت. هاوپەیمانێتییەكە لە 2ی حوزەیرانی رابردوو بڕیاریدا بە درێژكردنەوەی ئاستی كەمكردنەوەی وەبەرهێنان كە دەگاتە (2.2 ملیۆن) بەرمیل لە رۆژێكدا، ئەمەش تاوەكو كۆتایی مانگی ئەیلولی داهاتوو بەردەوام دەبێت و دواتر لە مانگی ئۆكتۆبەرەوە وردە وردە دەست بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكە دەكرێت. هەر لە راپۆرتەكەیدا، ئۆپێك پێشبینی خۆی بۆ گەشەی ئابوری جیهانیی لەمساڵدا لە 2.8% بۆ 2.9% بەرزكردوەتەوەو باسلەوە دەكات ئەگەر هەیە ئەم رێژەیە زیاد بكات، ئەمەش بە ئاماژەدان بەو جوڵەی ئەمساڵ لە دەرەوەی وڵاتانی پێشكەوتوو لە رێكخراوی هاریكاری ئابوری و گەشەپێدان روویداوە.
راپۆرت: درەو دوای نزیكەی حەوت مانگ لە هەڵبژاردن، لەسەر داوای محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیارە سبەینێ ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك یەكەم كۆبوونەوەی خۆی بكات، ئەم كۆبوونەوەیە سەرەتای گۆڕانكاری دەبێت لەو هاوكێشە سیاسییەی كە دەرەنجامی هەڵبژاردنی ساڵی 2005 لە كەركوك جێگیری كردووە، كۆبونەوەی سبەینێ زیاتر بۆ دەستبەكاربوونی ئەندامانی نوێیە، بەڵام فشار لەسەر لایەنە براوەكان دروست دەكات بەشێوەیەكی خێرا لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكان بگەنە رێككەوتن، چونكە بەپێی یاسای بەركار دەبێت لە یەكەم كۆبوونەوەدا سەرۆك و جێگری سەرۆكی ئەنجومەن هەڵبژێردرێت. لەڕووی یاساییەوە ئیدارەی خۆجێی كەركوك چۆن دروست دەكرێت ؟ وردەكاری لەم راپۆرتەدا. سودانی بڕیاریدا محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، سبەینێی وەكو وادەی یەكەمین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دیاریكرد. ماوەی نزیكەی حەوت مانگە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە عێراق تەواو بووە، بەڵام كەركوك هێشتا ناكۆكی تێیدایەو لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن لەسەر چۆنیەتی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی رێكنەكەوتوون، ئەمە لەكاتێكدایە لەدوای هەڵبژاردنەوە سەرۆك وەزیرانی عێراق چوارجار لایەنەكانی لە بەغداد كۆكردوەتەوە بۆ ئەوەی بگەنە رێككەوتن. لەكاتێكدا سبەینێ بڕیارە ئەنجومەنی پارێزگا یەكەم كۆبوونەوەی خۆی بكات، هێشتا هیچ ئاماژەیەك بۆ رێككەوتنی نێوان لایەنە براوەكان لەبەردەستدا نییە، بۆیە پێدەچێت كۆبوونەوەی سبەینێ تەنیا وەكو دەستبەكاربوونی ئەندامانی نوێی ئەنجومەنی پارێزگا بێت. لەماوەی رابردوودا، ئەوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق كردی تەنیا ئەوە بوو بتوانێت لەلایەنە براوەكانی لەناو ئیتئیلافێكدا كۆبكاتەوە بەناوی ئیئتیلافی (ئیدارەی كەركوك)، كە ئەمەش لە ناوی ئیئتیلافی (ئیدارەی دەوڵەت)ەوە وەرگیراوە كە لایەنە بەشدارەكانی كابینەی حكومەتی سودانی لەخۆدەگرێت. ئەوەی تائێستا هەیەو هەڵوێستی فەرمییە، یەكێتیی نیشتمانی كوردستان وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن داوای وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگار دەكات، كە لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە لەدەستیداوە، پارتی دیموكراتی كوردستان مەرجی هەیەو دەڵێ: پارێزگار دەبێت كورد بێت، بەڵام كوردێكی (بێلایەن). لایەنە عەرەبی و توركمانییەكانیش بە هەندێك جیاوازییەوە داوای ئەوە دەكەن پۆستی پارێزگار بە (نۆرە) بێت، هەر ماوەیەك و لای یەكێك لە پێكهاتەكان بێت. نهخشهی سیاسی كهركوك دوای ههڵبژاردن ههڵبژاردنی ئهنجومهنی پارێزگاكان كە 18ی كانونی یەكەمی 2023 بەڕێوەچوو، كورسییهكانی ئهنجومهنی پارێزگای كهركوكی (15 كورسی گشتیی+ 1 كورسی كۆتای مهسیحی) بهمشێوهیه دابهشكرد بهسهر لایهنه سیاسییهكاندا: • یەكێتیی: 5 كورسی • هاوپەیمانی عەرەبی: 3 كورسی (ئهم هاوپهیمانێتییه (راكان جبوری) پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك سهرۆكایهتیی دهكات، هەریەكە لە پرۆژەی عەرەبی خەمیس خەنجەرو كەرامەو یەكێتی هێزە نیشتمانییەكان لەخۆدەگرێت) • بەرەی توركمانی: 2 كورسی • پارتی: 2 كورسی • قیادە: 2 كورسی (ئهمه هاوپهیمانێتییه محەمەد تەمیم سەرۆكایەتی دەكاتو هەریەكە لە حزبی (تەقەدوم)ی محهمهد حهلبوسی و (سیادە)ی خهمیس خهنجهر لەخۆدەگرێت) • عروبە: 1 كورسی (ئهم هاوپهیمانێتییه وهسفی عاسی سهرۆك هۆزی عوبێد سهرۆكایهتیی دهكات و هاوپهیمانی عهزمی موسهننا سامهڕائی و بهرهی یهكگرتووی عهرهبی لهخۆدهگرێت) • بابلیۆن: 1 كوسی "كۆتا"ی مهسیحی (رهیان كلدانی لهچوارچێوهی ریككهوتنێكداو به پشتیوانی یهكێتیی ئهم كورسییهی بردهوه) لهسهر بنهمای ئهم ئهنجامهو بهگوێرهی رێوشوێنهكانی یاسای ژمارەی (10)ی ساڵی 2018ی هەمواری سێیەمی یاسای پارێزگا ناڕێكخراوەكان لەچوارچێوەی هەرێم، سهرۆكی ئهنجومهنی پارێزگاو جێگرهكهی لهگهڵ پارێزگارو دوو جێگرهكهی ههڵدهبژێرێن. سهرۆكی ئهنجومهن چۆن ههڵدهبژێردرێت ؟ یاسای ژمارەی (10)ی ساڵی 2018ی هەمواری سێیەمی یاسای پارێزگا ناڕێكخراوەكان لەچوارچێوەی هەرێم، لە ماددەی (7)دا، رێوشوێنی هەڵبژاردنی سەرۆكو جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاكانی بەمشێوەیە دیاریكردووە: • یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا بە سەرۆكایەتی بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجومەنەكە بەڕێوەدەچێت، لەم كۆبونەوەیەدا سەرۆكو جێگری سەرۆكی ئەنجومەن بە دەنگی (زۆرینەی رەها)ی ئەندامانی ئەنجومەن هەڵدەبژێردرێت، مەبەست لە زۆرینەی رەها دەنگی (50+1)ی تێكڕای ئەندامانی ئەنجومەنەكەیە. واتا ئهو كهسهی دهبێت به سهرۆكی ئهنجومهنی پارێزگای كهركوك، دهبێت لهكۆی (16) ئهندام (9) ئهندام دهنگی پێبدهن. بهتهمهنترین كاندیدی سهركهوتوو بۆ ئهنجومهنی نوێی پارێزگای كهركوك (راكان جبوری) پارێزگاری بهوهكالهتی ئێستای كهركوكه، جبوری هێشتا لەبەردەم دادگا وەكو ئەندامی نوێی ئەنجومەن سوێندی نەخواردووە، بەڵام پێشبینی دەكرێت ئەمڕۆ سوێند بخوات، خۆئەگەر سوێندی نەخوارد لهدوای ئهو بهتهمهنترین ئهندامی ئهنجومهن بریتییه له (پهروین فهتاح) له لیستی یهكێتیی نیشتمانی. پارێزگار چۆن ههڵدهبژێردرێت ؟ بەپێی یاسای پارێزگا ناڕێكخراوەكانی لەچوارچێوەی هەرێمدا، پارێزگارو دوو جێگرەكەی بە دەنگی (زۆرینەی رەها)ی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا هەڵدەبژێردرێن، ئەمە لە ماوەیەكدا كە (30) رۆژ تێپەڕ نەبووبێت بەسەر رێكەوتی یەكەم دانیشتنی ئەنجومەندا، واتا هاوشێوهی سهرۆكی ئهنجومهن، پارێزگاریش دهبێت لهكۆی (16) ئهندامی ئهنجومهن، (9) ئهندام دهنگی پێبدهن . بهڵام ئەگەر هیچ یەكێك لە كاندیدەكان بۆ پۆستی پارێزگار دەنگی (زۆرینەی رەها)ی ئەندامانی ئەنجومەنی بەدەست نەهێنا، لەهەمان دانیشتنی ئەنجومەندا دەنگدانێكی تر رێكدەخرێت، لە دەنگدانی دووەمدا هەر كاندیدێك زۆرینەی دەنگەكانی بەدەستهێنا، دەبێت بە پارێزگار. ئەوەی لە یاسای (پارێزگا ناڕێكخراوەكان لەچوارچێوەی هەرێم) تێبینی دەكرێت ئەوەیە مەرجی دیاری نەكردووە بۆ ئەوەی ئەو كەسەی خۆی بۆ پۆستی پارێزگار یان جێگرانی پارێزگار كاندید دەكات دەبێت ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا بێت، واتا كهسانی دهرهوهی ئهنجومهنی پارێزگا مافی خۆكاندیدكردنیان بۆ پۆستهكه ههیه. یاساكە لەم بوارەدا ناڕوونی تێدایە، هەندێك لەو شارەزا یاساییانەی كە (درەو) لەمبارەیەوە قسەی لەگەڵ كردوون، پێشبینی دەكەن دوای هەڵبژاردنە خۆجێییەكان، ئەم یاسایە روبەڕووی شەپۆلێك تانەی یاسایی ببێتەوە لە دادگای باڵای فیدراڵی. كورتەیەكی مێژوویی له یهكهم ههڵبژاردنی خۆجێیی دوای كهوتنی رژێمی پێشووی عێراقدا كه ساڵی 2005 بهڕێوهچوو، ئهنجومهنی پارێزگای كهركوك له (41) كورسی پێكهاتبوو، كورسییهكان بهمشێوهیه بهسهر پێكهاتهكانی كهركوكدا دابهشبوو بوو: • پێكهاتهی كورد: 26 كورسی (كورد ئهوكات به لیستی برایهتی كهركوك بهشدار بوو كه زۆرینهی حزبه كوردییهكانی لهخۆگرتبوو، لهم ههڵبژادنهدا كورد رێژهی 63%ی تێكڕای كورسی پارێزگای وهرگرتبوو). • پێكهاتهی توركمان: 9 كورسی (بهرهی توركمانی و هاوپهیمانی ئیسلامی توركمانی نوێنهرایهتی ئهم كورسیانهیان دهكرد). • پێكهاتهی عهرهبی: 6 كورسی (گردبوونهوهی عهرهبی و گردبوونهوهی نیشتمانی عێراق نوێنهرایهتی ئهم كورسیانهیان دهكرد) ساڵی 2005 لهچوارچێوهی رێككهوتنی حكومهتی خۆجێی كهركوكدا كورد پۆستی پارێزگاری برد (عهبدولڕهحمان مستهفا پۆستهكهی وهرگرت، وهكو سهربهخۆیهك و به نوێنهرایهتی پێكهاتهی كورد)و دواتر جێگری پارێزگاری كەركوك درایە (راكان جبوری) لهچوارچێوهی رێككهوتنهكهدا، پۆستی سهرۆكی ئهنجومهنی پارێزگا پێكهاتەی توركمان وەری نەگرت (رزگار عەلی ) بووە سەرۆكی ئەنجومەن و (رێبوار تاڵەبانی) بە جێگری دانرا. ئەمە یەكەم هەڵبژاردنی خۆجێی بوو لە كەركوك كە تائێستاش كار بە ئەنجامەكانی دەكرێت سەرباری ئەوەی سەرباری ئەوەی 19 ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە. كۆبوونەوەی سبەینێی ئەنجومەنی پارێزگا سەرەتایەك دەبێت بۆ كۆتایهێنان بە دەرەنجامەكانی هەڵبژاردنی ساڵی 2005ی كەركوك. كەركوك جارێكی تر بەگوێرەی یاسا، دۆخێكی تایبەتی پێدراوە، بڕگهی (چوارهم) له ماددهی (13)ی یاسای ژمارهی (4)ی ساڵی 2023 (ههمواری سێیهمی یاسای ههڵبژاردنهكانی ئهنجومهنی نوێنهران و ئهنجومهنی پارێزگاكان) دهڵێ:" دهسهڵات به نوێنهرایهتییهكی دادپهروهرانه دابهشدهكرێت، بهجۆریك زامنی بهشداری ههموو پێكهاتهكان پارێزگای كهركوك بكرێت، بهبێ لهبهرچاوگرتنی ئهنجامهكانی ههڵبژاردن)، له بهر رۆشنایی ئهم بڕگه یاساییهدا، دهبێت له ههموو سیناریۆكانی پێكهێنانی حكومهتی خۆجێی كهركوكدا، بهشداری سێ پێكهاته سهرهكییهكه (كورد+ عهرهب+ توركمان) لهبهرچاو بگیرێت. ئێستا كە ئیتر بڕیار لەسەر بەڕێوەچوونی دانیشتنی یەكەمی ئەنجومەنی پارێزگا دراوە، سهرهتای دانوستان بۆ پێكهێنانی حكومهتی خۆجێی كهركوك لهسهر دابهشكردنی (5) پۆستی سهرهكی دهبێت كه ئهمانهن: • پۆستی پارێزگار • پۆستی جێگری یهكهمی پارێزگار • پۆستی جێگری دووهمی پارێزگار • پۆستی سهرۆكی ئهنجومهنی پارێزگا • پۆستی جێگری سهرۆكی ئهنجومهنی پارێزگا
راپۆرتی: درەو 🔻 لەسەرەتای ئۆپەراسیۆنەكەی تورکیاوە لە (15ی حوزەیرانەوە تا ئەمرۆ) (238) جار بۆردوومان و هێرشی كردووە لەناو خاكی هەرێم 🔻 لە 1991 – تا ئیێسال (702) هاوڵاتی مەدەنی لەناو هەرێم بوونەتە قوربانی (344) هاوڵاتیان شەهیدن و (358)یان بریندارە 🔻 (162) گوند چۆڵكراوەو (602) گوند مەترسی چۆڵبوونیان لەسەرە. 🔻 لەسەرەتای ساڵی (2024)ەوە تا ئێستا (هەزار و 76) هێرش و بۆردوومانی لە هەرێمی كوردستان ئەنجامداوە بەجۆرێک؛ 🔹 لە پارێزگای دهۆك: (526) هێرش و بۆردومان بەڕێژەی (49%). 🔹 لە پارێزگای هەولێر: (405) هێرش و ۆردومان بەڕێژەی (38%). 🔹 لە پارێزگای سلێمانی: (135) هێرش و بۆردومان بەڕێژەی (12%). 🔹 لە پارێزگای نەینەوا: (10) هێرش و بۆردومان بەڕێژەی (1%). ) 🔻 71( بنكەو بارەگای سەربازی لە هەرێم هەیە، بەجۆرێک؛ 🔹 (17) بنكەو بارەگا دەكەوێتە سیدەكان و مێرگەسور لە ئیدارەی سۆران (%24). 🔹 (23) بنكەو بارەگا لە ئامێدی (32%). 🔹 (31) بنكەو بارەگا لە زاخۆ (44%) لەشكركێشی توركیا لە خاكی هەرێمی كوردستان لە (15ی حوزەیرانی 2024)ەوە سوپای توركیا دەستی بە ئۆپەراسیۆنێکی نوێ كردووە، لەو كات بەدواوە (7) بارەگای نوێی لە سنوری قەزای باتیفی دهۆك داناوە، لە بەرواری باڵا (15) كیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاكی هەرێمەوە. لەم ئۆپەراسیۆنە نوێیدا (1000) سەربازی هێناوەتە نێو خاکی هەرێمی کوردستانەوە کە (درێژكراوەی ئۆپەراسیۆنی چنگی قفڵ). لەسەرەتای ئۆپەراسیۆنەكەوە تا ئەمرۆ (238) جار بۆردوومان و هێرشی كردووە لەناو خاكی هەرێم واتە بە تێكرا رۆژانە (11) بۆردوومان و لەسەرەتای ساڵی (2024) تا ئێستا (هەزار و 76) هێرش و بۆردوومان لە هەرێمی كوردستان ئەنجامدراوە بەجۆرێک؛ - لە پارێزگای دهۆك: (526) هێرش و بۆردومان بەڕێژەی (49%). - لە پارێزگای هەولێر: (405) هێرش و ۆردومان بەڕێژەی (38%). - لە پارێزگای سلێمانی: (135) هێرش و بۆردومان بەڕێژەی (12%). - لە پارێزگای نەینەوا: (10) هێرش و بۆردومان بەڕێژەی (1%). ژمارەی هێرشەكان: لە ساڵی (2020) بۆ حەوت مانگی یەکەمی 2024 گەیشتووە بە (6 هەزار و 185)، تەنها لە ساڵی (2020) بۆ ساڵی (2022) ژمارەی هێرشەکان بە ڕێژەی (105%) زیادی کردووە، بە جۆرێک؛ - ساڵی (2020): 755 هێرش لە هەرێمی كوردستان - ساڵی (2021): (هەزار و 115) هێرش لە هەرێمی كوردستان - ساڵی (2022): (هەزار و 691) هێرش لە هەرێمی كوردستان - ساڵی (2023): (هەزار و 548) هێرش لە هەرێمی كوردستان - حەوت مانگی یەکەمی ساڵی (2024): (هەزار و 76) هێرش لە هەرێمی كوردستان لێکەوتەو قوربانیانی هێرشەکان تەنها لە سەرەتای ساڵی (2024)ەوە تا ئیێستا (8) هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون. لەماوەی ساڵی (2015 بۆ 2022) بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە؛ - (149) هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون و(227) هاوڵاتی مەدەنی برینداربوون و (54%) یان قوربانی درۆنەكان بوونە، (9%)ی قوربانییەكان منداڵن (20%)یان ژنانن. - لە 1991 – تا ئیێسال (702) هاوڵاتی مەدەنی بوونەتە قوربانی (344) هاوڵاتیان شەهیدن و (358)یان بریندارەو (162) گوند چۆڵكراوەو (602) گوند مەترسی چۆڵبوونیان لەسەرە. بنكەو بارەگاكانی توركیا لە هەرێمی كوردستان بەپێی ئەو نەخشیەی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا لە ساڵی (2021) بڵاویكردووەتەوە (37) بنكەو بارەگای توركیا لە هەرێمی كوردستانن. پاشتر و لە ساڵی (2022)عەبدولئەمیر یارەڵا سەرۆك ئەركانی سوپای عێراق ڕایگەیاند: توركیا (5) بنكەی گەورەی سەربازی و فرۆكەخانە سەربازی و (4 هەزار) سەرباز و (100) خاڵی سەربازی لە هەرێمدا هەیە. هاوکات بەپێی ئامارەکانی (CPT) توركیا )71( بنكەو بارەگای سەربازی لە هەرێم هەیە، بەجۆرێک؛ - (64) بنكەو بارەگای كۆن و (7) بنكەو بارەگای نوێ. - (9) بنكەی سەربازی و (62) بارەگای سەربازی. ئەوانیش بەجۆرێک دابەشبوون؛ - (3) بنكەكان لە سیدەكان - (6) بنكە لەناوچەی هەفتانین - (17) بنكەو بارەگا دەكەوێتە سیدەكان و مێرگەسور لە ئیدارەی سۆران (%24). - (23) بنكەو بارەگا لە ئامێدی (32%). - (31) بنكەو بارەگا لە زاخۆ (44%) مێژووی ئۆپراسیۆنەكانی توركیا مێژووی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستان سەرەتاكەی بۆ ساڵی 2007 دەگەڕێتەوە، بەڵام ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای توركیا لە دەرەوەی سنور لەدژی پەكەكە، مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ هەشتاكانی سەدەی رابردوو. توركیا لە ساڵی 1983وە تائێستا لەناو سنوری وڵاتەكەیو لە دەرەوەی سنوریش ئۆپراسیۆنی سەربازی دەكات لەدژی پارتی كرێكارانی كوردستان: - لە ئایاری 1983دا توركیا یەكەمین ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دەرەوەی سنور ئەنجامدا، ئەوەش بە رێككەوتنێك لەگەڵ حكومەتی عێراقدا، لەو ئۆپراسیۆنەدا هەزاران سەربازی تورك بەشدارییان كرد. - لە تشرینی یەكەمی 1984و ئابی 1986 توركیا دوو ئۆپراسیۆنی سەربازی تری ئەنجامدا، بەڵام لە هیچ یەكێكیاندا سەركەوتوو نەبوو لە لەناوبردنی "گەریلا"كانی پارتی كرێكاران. - دوای ماوەیەك بێدەنگی، توركیا ئۆپراسیۆنی چوارەمی لە ساڵی 1991 دەستپێكرد لەژێر ناوی "گۆچان"، ئەوە ئەو ساڵە بوو كە تێیدا بارەگاو بنكە سەربازییەكانی توركیا لەسەرتاسەری پارێزگاكانی كوردسان زیادیان كرد. - لە ساڵی 1992 سەرۆك وەزیرانی كۆچكردووی توركیا (تورگوت ئۆزال) نامەیەكی بۆ (عەبدوڵا ئۆجەلان) رێبەری پارتی كرێكارانی كوردسان (لە ساڵی 1999وە لە توركیا لە زینداندایە) نوسی، تێیدا داوای لێكرد هێرشە سەربازییەكان لەدژی سوپای توركیا كەمبكاتەوە وەكو سەرەتایەك بۆ دەستپێكردنی دانوستان لەنێوان هەردوولادا، بەڵام هەوڵەكان شكستیان هێنا لە گەیشتن بە ئەنجامێكی دیار. - لە هەمان ساڵدا توركیا ئۆپراسیۆنێكی تری كردو (15 هەزار) سەرباز بەشدارییان تێدا كرد، تانكو تۆپهاوێژی قورسو فڕۆكەوانی جەنگیی بەكارهێنرا، بەڵام سەركەوتوو نەبوو، هێزەكان دوای (20 رۆژ) لە دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنەكە، كشانەوە. - دوای ئەوەش ژمارەیەك ئۆپراسیۆنی تر ئەنجامدران لە ساڵەكانی 1993و 1994و 1995 بەبەشداری دەیان هەزار سەرباز، لە دواین ئۆپراسیۆندا بەهاوكاری پارتی دیموكراتی كوردستان (30 هەزار) سەرباز بەشدارییان كرد، ئۆپراسیۆنەكە ماوەی (45 رۆژ)ی خایاند بۆ كۆنترۆڵكردنی ناوچەی "حەفتانین"، بەڵام سەركەوتوو نەبوو، دوای مانگو نیوێك توركیا لە هێرشەكە كشایەوە. - لە سەرەتای 1999دا ژمارەی ئەو ئۆپراسیۆنانەی كە توركیا لەناو هەرێمی كوردستان ئەنجامیدا بۆ لەناوبردنی "گەریلا"كانی پارتی كرێكارانی كوردستان گەیشتە (24 ئۆپراسیۆن)، لە ساڵەكانی 2000و 2007و 2008 توركیا ئۆپراسیۆنی هاوشێوەی كرد. توركیا لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەردەوامی هێرش و لەشكركێشیەكانی توركیا بۆ هەرێمی كوردستان، رۆژ لە دوای رۆژیش بنكە سەربازیو هەواڵگرییەكانی توركیا لەسەر خاكی هەرێم زیاتر دەبن. توركیا دەیان بنكەو بارەگای لە ناو خاكی هەرێمی كوردستاندا هەیە، لەدوای هاتنی "داعش"، بە بیانوی رزگاركردنی موسڵ، جێگەی ئاماژە پێدانە لە مانگی كانوونی یەكەمی (2015)دا توركیا هێزێكی گەورەی هێنایە باشیكی نزیك موسڵ كە نزیكەی (900) سەرباز و (16) تانك و (20) زرێپۆش بوون، بە بیانوی، روبەڕووبونەوەی "داعش"، بەڵام لەماوەی ساڵی (2015)دا لە كۆی (300) هێرشو ئۆپەراسیونی ئاسمانی سوپای توركیا، تەنها (3) هێرشیان بۆ سەر "داعش" بوو، لەبەرامبەردا (297) هێرشی بۆ سەر بنكەو ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی (پەكەكە) بوو، واتا بەڕێژەی (1%)ی هێرشەكانی توركیا بۆسەر "داعش"و (99%)ی هێرشەكان بۆ سەر (پەكەكە) بووە. ئەمە لەكاتێكدایە توركیا لە هەرێمی كوردستان چەندین بنكەی سەربازی دیكەی هەیە، بەتایبەتیش لەدوای شەڕی ناوخۆوە بەرەزامەندی پارتی دیموكراتی كوردستانو لەچوارچێوەی هێزی "ئاشتیپارێز" هێزێكی گەورەی توركیا لە 1997 لە بامەڕنێی سەربە قەزای ئامێدی جێگیر بووە، كە لە فڕۆكەخانەیەكی سەربازیو (38 دەبابە)و (738 سەرباز) پێكهاتووە. هەر لە ساڵی 1997دا توركیا سێ بنكەی دیكەی سەربازی لە ناحیەی دێرەلوكی سەربە قەزای ئامێدی كە 40 كم دەكەوێتە باكوری ئەو قەزایەوە كردەوە، هەمان ساڵ بنكەیەكی دیكەی سەربازی لە ناحیەی كانی ماسی سەربە قەزای ئامێدیو لە گوندی سێرسی كە 30كم باكوری شاری زاخۆیە، بنكەیەكی دیكەی سەربازی جێگیركرد. تەواوی بنكە سەربازییەكانی سوپای توركیا لە خاكی هەرێمی كوردستان، لە نزیكی سنوری نێوان ناوچەی جێنفوزی (پەكەكە)و (پارتی)دان. بوونی ئەو بنكەو بارەگایانەی سوپای توركیا لە هەرێمی كوردستان تەنها لە پێناو پاراستنی ئاسایشی توركیا و كۆكردنەوەی زانیارییە لەسەر باشوری كوردستان و بەتایبەتیش لەسەر پارتی كرێكارانی كوردستان، بونی ئەو هێزە هیچ سودێكی بە هەرێم نەگەیاندووە بە جۆرێك لە كاتی هاتنی هێرشی "داعش" بۆسەر هەولێر توركیا ئامادە نەبوو هێز رەوانە بكات، تەنانەت ئامادە نەبوو هێزی ئەو بنكە سەربازیانەش بەكاربهێنێت لەكاتێكدا بنكەی سەربازی بامەڕنێ فڕۆكەخانەی سەربازیەو توركیا دەیتوانی لەوێوە پەلاماری "داعش" بدات. ئامانجی سەرەكی توركیا لە دروستكردنی بنكەی سەربازی زیاتر لە هەرێمی كوردستان بەتایبەتیش لەناوچەكانی باتۆفانو بامەڕنیو ئامێدی، كۆنتڕۆڵكردنی هەردوو ناوچەی "هەفتانین و مەتینا"یە كە هەردوكیان بە بەدوو ناوچەی ستراتیژی دادەنرێن بۆ جێبەجێكردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان لە داهاتوودا دژ بە پەكەكە. رێككەوتنی بەزاندنی سنور لەشكركێشی سوپای توركیا بۆ ناو خاكی هەرێم بە پێشیلكردنی سەروەری خاكی عێراق دادەنرێت، بەڵام تا ئێستا عێراق جگە لە هەندێك وردە ناڕەزایەتی، بێدەنگەو هەنگاوی كردەیی لەوبارەیەوە هەڵنەگرتووە، چونكە عێراقو توركیا لە ساڵی (1982)دا رێككەوتنێكیان واژووكردووە، بەپێی ئەو رێككەوتنە تائێستاش هەریەكەیان دەتوانن بەقوڵایی (20 كم) سنوری خاكی یەكدی ببەزێنن بەبیانوی پاراستنی سنورەكانەوە، ئەوكات ئامانجی سەرەكی رێككەوتنەكە لای توركیا لێدانی (پەكەكە)و لای حكومەتی عێراقیش لێدانی شۆڕشی كورد بوو لە باشوری كوردستان. ساڵی 1995 رێككەوتنێكی تر لەنێوان عێراقو توركیا واژۆ كرا، ساڵی (2007) لەو سەردەمەی كە (هۆشیار زێباری) وەزیری دەرەوەی عێراق نوێكرایەوە، لەبری كۆتایهێنان بە بەزاندنی سنور، مەودای بەزاندنی سنور لە (20 كیلۆمەترەوە) زیادكرا بۆ (25 كیلۆمەتر)، ئەم رێكەوتنانە هەموویان لەسەر داوای توركیا بووەو فشار بووە لەسەر عێراق بۆ وەردەرنانی گەریلاكانی (پەكەكە) لەسەر خاكی عێراق. بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە ڕاپۆرتە رۆژنامەوانییەکانی درەوە میدیا؛ - توركیا شەڕ دەهێنێتە ناوجەرگەی هەرێمی كوردستانەوە، 22/10/2019؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=4693 - توركیاو پەكەكە لە هەرێمی كوردستان، 19/6/2020؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=6135 - توركیا دەیەوێت شەڕی پەكەكە بە كورد بكات، 9/6/2021 https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=8520 - تورکیا لە ساڵی (2018)ەوە زیاتر لە (6 هەزار) هێرشی ئەنجامداوە، 15/10/2023؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=13982
ئیسلام زێباری- ئەفسەر لە وەزارەتی پێشمەرگە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە چەندین یەکە و دامەزراوەیەک پێکدێت، لەوانە: - وەزارەتی پێشمەرگە - یەکەی 70 - یەکەی 80 - زێرەڤانی - بەرگری فریاکەوتن - ھێزەکانی پشتیوانی یەک - ھێزەکانی پشتیوانی دوو - دژە تیرۆری پارتی - دژە تیرۆری یەکێتی - لیوا تایبەتەکانی پارتی - لیوا تایبەتەکانی یەکێتی - ھێزی سۆسیالیست - پێشمەرگەی ڕۆژ لە وەتەی پێکھێنانی یەکەمین کابینەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دوای ڕاپەرینی 1991 دۆسیەی پێشمەرگە بە نادامەزراوەیی و ناڕێکخراوەیی ماوەتەوە، ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی ھێزەکانی پێشمەرگە بەرەو زیادبوون دەڕوات تائێستا گەیشتووە زیاتر لە 200 ھەزار پێشمەرگە، ئەوەش قورساییەکی زۆر گەورە بەسەر بودجەی ھەرێمی کوردستان دروستکردووەو سرۆشتێکی سەربازی و ئەمنی بەسەر کۆمەڵگای کوردستان بەخشیوە. ماوەی چەندین ساڵە، بەتایبەتی دوای یەکگرتنەوەی وەزارەتی پێشمەرگە لەساڵی 2010، بانگەشەی یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە دەکرێت، بەڵام بەداخەوە پرۆسەکە زۆر بە سستی و خاوی بەڕێوەدەچێت، ڕێگرییەکی زۆری لێ دەکرێت، ئەوەش بووەتە جێگای دڵگرانی ئەفسەرو پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان، هەروەها ھاوپەیمانانیش لەو دۆخە بێزار و نیگەرانن. بەداخەوە، ھێزی پێشمەرگە ھاوشێوەی حەشدی شەعبی، بەش بەش کراوە بەسەر چەندین گروپ و لایەن و کەسایەتی. دەبێ دان بەو راستییە بنێین که ھیچ ھێزێک، بە حکومەتی ھەرێمی کوردستانیشەوە دەسەڵاتی تەواوی نییە بەسەر ھەموو ھێزەکانی پێشمەرگەوە، تەنانەت هێزەکانی پارتی و یەکێتیش، لهژێر دەسەڵاتی یەک چەتردا بەڕێوە ناچن، واتە پارتی و یەکێتیش دەسەڵاتی تەواویان نیە بەسەر ھێزە حیزبییەکانی خۆیاندا. دوای ساڵی 2005 ژمارەی ھێزەکانی پێشمەرگە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد، پارتی و یەکێتی کەوتنە کێبرکێ بۆ ڕازیکردنی خەڵک لە ڕێگای دامەزراندنیان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی حیزبی خۆیان، لەناویاندا ھونەرمەندو ڕاگەیاندکارو بەناو نوسەرو رۆشنبیرو شێخ و ئاغاو کورو کچ و کەسوکاریان، جاش و شوان و گاوان و شۆفێریان دامەزراند، ژمارەیان ھێندە زۆر بوو لە ژێر دەسەڵاتی حیزب و حکومەت دەرچوو، ئەوەش وایکرد نەیانتوانی سوپایەکی رێک و پێک و نیشتیمانی لەو ژمارە زۆرەی پێشمەرگە دروست بکەن، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی متمانە لەنێوانیاندا. سەرەڕای ھەوڵی ھاوپەیمانان بۆ یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە و دروست کردنی سوپایەکی نیشتیمانی بۆ کوردستان، پارتە سیاسییەکان بەردەوامن لە دامەزراندنی پێشمەرگە لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ مسۆگەرکردنی دەنگی خەڵک لە ھەڵبژاردنەکاندا، ئەوەش پاشەرۆژی خەڵکی کوردستان دەخاتە مەترسییەوەو پرۆسەی یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگەش دەخاتە ڕێگایەکی نادیار. ئامانجی پارتی و یەکێتی لە دامەزراندنی پێشمەرگە ھیچ کات بە گوێرەی پێویست و ئامانجێکی نیشتیمانی نەبووە، بەڵکو بۆ بەرژەوەندی تایبەتی حیزبی خۆیانە. ئەو پێشبڕکێیەی پارتی و یەکێتی بۆ زیادکردنی ھێزی پێشمەرگە بەدرێژایی تەمەنی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوامی ھەیە، بەپێی تۆماری بایۆمەتری ساڵی 2020 ژمارەی ھێزەکانی پێشمەرگە زیاتر لە 200 ھەزارە، ھاوپەیمانان داوا دەکەن ببێتە 90 ھەزار پێشمەرگە. سەرەڕای ئەو ژمارە زۆرەی پێشمەرگە، پارتی و یەکێتی و سۆسیالیست بەردەوامن لە دامەزراندنی پێشمەرگە بۆ مەرامی حیزبی، ئەمه لە کاتێکدایه، وەزارەتی پێشمەرگە خۆی خاوەن بەڕێوەبەرایەتییەکە بەناوی (بەڕێوەبەرایەتی تاکەکان و خۆبەخشەکان) کە تایبەتە بە دامەزراندنی پێشمەرگە بەپێی مەرج و ڕێنمایی سەربازی. لێرەوە دەپرسم، ئایا ئەگەر ھەر پارتە سیاسییەکان پێشمەرگە دابمەزرێنن فەلسەفەی هەبوونی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە چیە؟ ژمارەی پلەباڵاکانی ھێزەکانی پێشمەرگە پێچەوانەی ستانداردە جیھانییەکانە. پۆڵ برێمەر لە کتێبەکەیدا دەڵێت: سوپای ئەمریکا 500 - 800 پلەی سەربازی لەنێوان عمید - فریق ھەیە، بەڵام لە ھەرێمی کوردستان پلەی عەمیدو لیواو فریق زۆر زیاترە لە سوپای ئەمریکا. قوباد تاڵەبانیش لە دانیشتنێکی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوو ئاماژە بە زۆربوونی پلەداری ھێزی پێشمەرگە کردو گوتی: پلەی عەمیدو لیوا لە ھەرێمی کوردستان زیاترە لە چین و ئەمریکا. ھێزەکانی پێشمەرگە کەمترین موچەی ھێزە سەربازییەکانی عێراقیان ھەیە، بەداخەوە ئەوانەی خۆیان بە نوێنەری پێشمەرگە دەزانن لە ھەولێرو بەغدا نەیانتوانیوە موچەی پێشمەرگە ھاوتای سوپای عیراق و حەشدی شەعبی بکەن، یاخود ھاوتای ئاسایش و پۆلیسی ھەرێمی کوردستان بکەن، پارتی و یەکێتی ئەو ھەموو شاندە دەنێرن بۆ بەغدا تەنھا جارێک شاندێکیش بنێرن بۆ بەرژەوەندی پێشمەرگە؟ ژمارەی ھێزەکانی پێشمەرگەی دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە زۆر زیاترە لە ھێزەکانی پێشمەرگەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە. بوونی ھیزی حیزبی لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە وایکردووە حکومەتی ھەرێمی کوردستان نەتوانێت کارەکانی خۆی ئەنجام بدات، بۆ نموونە لە 7/1/2021، حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاریدا ھێزێکی تایبەت لە ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگەو ناوخۆ دروستبکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی و کاری نایاسایی لە سەرجەم دەروازە سنورییەکانی ھەرێمی کوردستان، بەڵام بەداخەوە ھێزەکە دروست نەبوو لەبەر بوونی ھێزی حیزبی دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە. بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی دەرچووانی خولی 27ی ئەکادیمیای سەربازیی زاخۆدا گوتارێک پێشکەش کردو گوتی "دەستوەردانی حیزبی لە کاروباری پێشمەرگەدا رێگرە لە پێشکەوتنی پێشمەرگەو وادەکات بەردەوام مەترسیی ئەوە هەبێت پێشمەرگە بکەنە بەشێک لە ناکۆکیی حیزبی، ئەوەش مەترسییەکی جدییە لەسەر پرۆسەی دیموکراسی و یەکڕیزی و یەکێتیی هەرێمی کوردستان، لێرەوە وەکو داخوازییەکی خەڵکی کوردستان، وەکو پێویستییەکی نیشتمانی، وەکو ئەرکی یاسایی خۆم داوا لە پارتی و یەکێتیی دەکەم دەستوەردان لە کاروباری پێشمەرگەدا ڕابگرن." بەڵام بەداخەوە، دەستوەردانی حیزبی لە کاروباری پێشمەرگە لە لایەن پارتی و یەکێتیەوە بەردەوامە. ھێزەکانی جیھان ڕۆژ بە ڕۆژ لە پێشکەوتندان، ئێمەش ڕۆژ بە ڕۆژ لە شوێنی خۆمان دەخۆڵینەوە. یەکێک لەو هێزانە کە بەردەوام لە هەوڵی پێشکەوتندایە، "ھێزی حەشدی شەعبی"یە، کە دوای ماوەیەکی کەم لە دروستبوونیان، توانیان چەندین جۆری چەک بە دەستی خۆیان بەرهەم بهێنن که دیارترینیان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و گولەھاوەن و موشەکی مامناوەندو دوورھاوێژە. بەڵام بەداخەوە دوای ئەو ماوە زۆرە بە سەر دروستبوونی ھێزی پێشمەرگەو ھاوکاری نێودەوڵەتی، ئێمه نەمانتوانیوە فیشەکێکی کلاشینکۆف دروستبکەین یاخود بچوکترین کەرەستەی سەربازی بەرھەم بهێنین، لە کاتێکدا کەسانی شارەزاو دڵسوزمان زۆره لە بوارە جیاجیاکانی سەربازیدا بەڵام پشتگوێخراون و سود لە بەھرەکانیان وەرناگیرێت، چونکە فەرماندە باڵاکانی ھێزی پێشمەرگە هێشتا له بازنەی عەقلی ساڵەکانی شەستدا دەسوڕێنەوهو تێناگەن ھێزی پێشمەرگە پێویستی بە چیەو ئایندەی خاکەکەمان بەرەو چ مەترسییەک هەنگاو دەنێت، بینیمان لە شەڕی داعش بەرپرسان لە بازاری ڕەش چەکیان دەکڕی بۆ ھێزەکانی خۆیان تائێستا پارەی ھەندێک لەو چەک فرۆشانە نەدراوە. هەموومان به باشی دەزانین که چواردەوری کوردستان به دوژمنەوه تەنراوه، چەندین گروپی جۆراوجۆر دروستبوون که لە پاشەرۆژێکی نزیکدا دەبنە مەترسی بەسەر ھەرێمی کوردستان. نابێت بەردەوام چاوەڕێ ھاوکاری نێودەوڵەتی بین، ڕۆژێک دێت ھاوکارییەکان کۆتایی پێی دێت، پێش ئەوەی بگاتە کۆتایی با ئێمە ببینە خاوەن ھێزێکی رێکوپێک و بەرھەمھێنەر. نابێت بەسادەیی سەیری مەترسیەکان بکەین بەڵکۆ دەبێت بیر بکەینەوە چۆن ببینە خاوەن سوپایەکی یەکگرتوو لەماوەیەکی کورتدا بۆ ئەوەی بتوانین بەرگری لە خۆمان و خاکەکەمان بکەین. لە کۆتاییدا، ئەگەر چاکسازی و یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە لەوە زیاتر دوابخرێت و هاوکار نەبین لەگەڵ هاوپەیمانان، دڵنیابن ئەمەریکاو ھاوپەیمانان مامەڵەی حەشدی شەعبی لەگەڵ ھێزەکانی دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە دەکات و بە میلیشیا قەڵەمییان دەدات.
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو) بە درێژایی مێژووی فیکر مرۆڤ بە شێوازی جیاواز پێناسکراوە و ئاکاری تایبەتی، پێبەخشراوە. ھەندێک دەڵێن مرۆڤ ”بوونەوەرێکی سیاسییە“، ھەندێکی دیکە وەک ”بوونەوەرێکی خاوەن زمان“ پێناسیدەکەن، کەسانێکیتر وەک ”بوونەوەرێکی ئامراز دروستکەر“ و ھەندێکی تر وەک ”بوونەوەرێکی خاوەن ویژدان“، ناویدەبەن. دەشێت پێناسێکیتر بۆ ئەم پێناسانە زیادبکەین و بڵێن مرۆڤ ”بوونەوەرێکی وەرزشکارە“. وەرزش وەک چالاکییەکی تایبەت بە مرۆڤ کە تیایدا لە پاڵ چێژوەرگرتندا، کێبڕکێ و بردنەوە و دۆڕاندن پێکھێنەرە سەرەکییەکانیەتی. لە ئێستادا گەورەترین وەرزشێکی جەستەیی کێبڕکێکاری پڕ لە ململانێ لەسەر زەوی، یاری فوتبۆڵ، یان تۆپی پێیە. فوتباڵ یارییەک ھەم شارەزایی و لێزانین و بەھرە و توانا و ڕاھێنان، رۆڵ لە بردنەوەیدا دەبینن، ھەم شانس و رێکەوتیش. یارییەکە ھەم توندوتیژیی تێدایە، ھەم رۆحی ھاریکاریی و پێکەوەکارکردن، ھەم ململانێ و پەلاماردانی یەکتریش. تۆپی پێ یارییەکە دەشێت مرۆڤ تیایدا بپێکرێت، بریندارببێت، پەکیبکەوێت، دەشێت تا ئاستی مردنیش، بڕوات. فوتبۆڵ گەورەترین یاریی سەر زەوییە، ژمارەیەکی گەورە لە مرۆڤ ئەنجامدانی ئەم یارییە بەشێکی گرنگیی ژیانی ڕۆژانەیانە، سەیرکردنی یارییەکەش یەکێکە لە چالاکییە سەرەکییەکانی ناو ژیانیان. یاری کۆتایی جامی جیھان لە ساڵی ٢٠٢٢دا لەلایەن ملیار و نیوێک مرۆڤەوە، سەریکراوە. فوتبۆڵ چیدی دیاردەیەکی ناوچەیی دیارکراو نییە، سەر بەم یان بەو بەش و میلەتی جیھانبێت بەتەنھا، بەڵکو دیاردەیەکی بەجیھانیبووە. یەکێکە لە دیاردە تازەکانی نیوەی دووھەمی سەدەی بیستەم، کە لەدوای پێشکەوتنە بەرچاوەکانی تەکنۆلۆژیای پەیوەندییەوە، بە تایبەتی لەدوای داھێنانی تۆڕەکانی ئینتەرنێت و تەلەفیزیۆنی ساتالایتەوە، چووەتە ھەموو کون و قوژبنێکی جیھانەوە. ئەم دۆخی بەجیھانیبوونە وایکردوە یانە گەورەکانی جیھان و یاریزانە بەناوبانگەکانیان، لە ھەموو شوێنکی جیھاندا ناسراوبن و ھاندەر و بەرگریلێکەری تایبەت بەخۆیان، ھەبێت. ئەگەر لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا فوتبۆڵ بە پلەی یەکەم یاری ناو شارەکان بووبێت، ھەر تیپ و یانەیەک تیپ و یانەی شار یان ناوچەیەکی سنوورداریی بچووک بوووبێت، ئەوا لە ئێستادا ئەو تیپ و یانانە تیپ و یانەی جیھانین و سنوورەکانی دەوڵەتی نەتەوەشیان تێپەڕاندوە و لە زۆر شوێنی جیھاندا ھاندەری سەرسەخت و پەڕگیریان ھەیە. ھەر دوێنێ لە ھەولێر گەنجێک لەسەر بەرگریکردن لە یەکێک لە تیپەکان لەلایەن بەرگریکەران لە تیپێکی ترەوە کوژرا. ئەو ھەڵچون و داچونە سایکۆلۆژییەش کە یارییەکە دروستیدەکات، بووە بە ھەڵچون و داچونێکی جیھانیی و ڕێیکەوتۆتە ناو دونیای سایکۆلۆژیی ملیۆنەھا مرۆڤەوە. خاوەندارێتی یانەکان خۆیشیان بەجیھانیبوون، خاوەی یانەی پاریس سان جێرمان فەرەنسییەکی خەڵکی پاریس یان ھەر بەشێکی تری فەرەنسا نییە، بەڵکو ملیاردلێردێکی خەلیجییە. ئەمڕۆ فوتبۆڵ یەکێک لە رووکارە ھەرەبەرچاوەکانی ئەو سیستمی سەرمایەدارییە بەجیھانیبووەیە کە ملیارەھا دۆلاری لەخۆیگرتوە. تا دێتیش گرانتر و بازرگانیتر و سەرمایەگوزارتردەبێت و دەبێتە یەکێک لە بزنسە پارەپەیداکەرە گەورەکانی جیھان. تیپەکان خۆیشیان تیپی بەجیھانیبوون، ھەڵبژاردەکانی وەک ھۆڵەندا و ئەڵمانیا و فەرەنسا و ئینگلتەرە، تەنانەت ھەڵبژاردەی وڵاتانی ئەسکەندەنافیش، یاریزانی ھەمەجۆریان تێدایە، ھەیانە نیوە ئەفریقیی، نیوە ئاسیایی رەشپێستن، کە پاشخانێکی تەواو جیاوازیان ھەیە، لەو یاریزانە ئەوروپییانە کە چەندان نەوەیە خەڵکی وڵاتەکەن. ھەڵبژاردەی ھەندێک لەو وڵاتانە کەسانی ڕەشپێست و نائەوروپییان لێدەربھێنە ھیچی ئەوتۆیان نامێنێتەوە. ئەم فرەشێوەییەی ھەڵبژاردە نەتەوەییەکان، تەواو نانکۆکە بەو سیاسەتە راستڕەوە و ڕاسیستیی و نیمچەراسیستییانەی ئەمڕۆکە لە بەشێکی زۆری وڵاتە ئەوروپییەکاندا دروستبووە و کاردەکات. ھەڵبژاردە نەتەوەییەکان ھێما بۆ دروستبوونی نەتەوەیەکی تازەدەکەن، لە کاتێکدا ڕاسیستەکان بەرگریی لە مانا کۆن و تێپەڕەکانی نەتەوە، دەکەن. کەم بوار وەک فوتبۆڵ نیشانیئەدات پێکھاتی دانیشتوانی وڵاتانی ئەوروپا، چ گۆڕانکارییەکی گەورە و ھەمەجۆری بەسەرداھاتوە. یەکێک لە جوانییەکانی یارییەکەش لە کۆکردنەوەی ئەو ھەموو مرۆڤە جیاوازەدایە لەناو یەک تیپدا. بەڵام فوتبۆڵ تەنھا فوتبۆڵ نییە، تەنھا یارییەک نییە لە پاڵ یارییەکانی دیکەدا، ھەر وەرزشیش نییە و بەس، بەڵکو ھاوکات چەندان شتی دیکەشە. فوتبۆڵ لە ئێستادا جۆرێکە لە شوناس، شوناسی تاکەکەسیی و دەستەجەمعیی. کەسانێک دروستبوون فوتباڵیان لێبسێنەرەوە شوناسێکی گونجاویان بۆ نامێنێتەوە. شوناسی ”بەرشەیی“ یان ”ڕیاڵی“ دوو جۆر شوناسی بەجیھانیبوون و بوون بە بەشێک لەو شێوازی خۆوێناکردن و خودبینینانەی کەسانێکی زۆر، لە دەرەوەی بەرشلۆنە و مەدریدا، بۆ خۆیان و ناسنامانەی خۆیان ھەیە. ئەم شوناسە بەجیھاینبووانە تاکە شێوازی دروستبوونی شوناسی دەستەجەمعی تازە نییە، لەپاڵ ئەمانەدا تیپە نەتەوەیی و ناوچەییەکانیش ھەوادار و بەرگریلێکەری خۆیان ھەیە و لە فۆری گروپی جیاوازدا ھەریەکێکیان شوناسێکی پێکەوەیی جیاواز بەخۆیان دەبەخشن. واتە فوتبۆڵ ھەم دروستکەری شوناسێکی بەجیھانیبو و ھەم دروستکەری شوناسی ناوچەیی و لۆکاڵیی ھەمەجۆریشە. ھاوکات فوتبۆڵ بووتە ھۆکارێک بۆ گرێدانی تاکەکەس بە دەرەوەی تاکەکەس خۆیەوە، شوناسی تاکەسیی گرێئەدات بە شوناسی گروپیی و دەستەجەمعیەوە، تا گرێدانی بە شوناسی نەتەوەیی و بە شوناسی بەجیھانیبوونیشەوە. گروپەگەرایی و دەستەجەمعیبوون بەشێکی ھێجگار گرنگی شوناسی ئەو گروپە ھاندەرانەیە کە فوتبۆڵ لە کۆمەڵگاکاندا، دروستیاندەکات. ئەم گروپانە دەشچنە پەیوەندیی تایبەتەوە لەناو خۆیان و لەگەڵ گروپەکانی دیکەدا. لەدوای دروستبوونی سوشیال میدیاشەوە جۆرێک لە شوناسی دەستەجەمعی دیگیتاڵی دروستبووە کە بەشێکی سەرەکیی و بنەڕەتیی شوناسی ژمارەیەکی گەورە لە تاکەکەسەکانە. زۆربەی جاریش فوتباڵ دەربڕی شوناسی نەتەوەیی و بەھێزکردنەوە و پێداگرتنەوەیە لەسەر ئەم شوناسە. زۆرجار نەتەوە لەناو فوتبۆڵدا خۆی سەرلەنێ دروستدەکاتەوە و پێ لەسەر بوونی بەھێزی خۆی دادەگرێت. ھاندەرە پرتەقاڵییەکانی ھۆڵەندا لەناو شارەکانی ئەڵمانیا و لەناو یاریگاکاندا، چین، ئەگەر ھۆڵەندییەکی پرتەقاڵیی نەبن و ھێما بۆ نەتەوەی ھۆڵەندیی نەکەن. لە ڕاستیدا فوتبۆڵ، ھەم ئەنجامدانیی و ھەم سەیرکردنی دەتوانێت تا ئەو ئاستە بڕوات کە ببێت بە جۆرێکی تایبەت لە ژیان و شێوازێکی تایبەتی پێکەوەبوونی کۆمەڵایەتیی. بە دەوری فوتبۆڵدا ھەم ژێرخانێکی مادیی گەورە و ھەم پەیوەندیی جیاواز و ھەم فۆرمی تازەی پێکەوەبوون دروستبووە، کە لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا بوونی نەبووە. ھەموو ئەمانە بەشێکن لە ژیانی خەڵک، بە تایبەتی کە ئینتەرنێت و ساتالایت دەتوانن یاریگاکانی جیھان بھێننە ناو ژووری دانیشتن و خەوتنەکانی ژمارەیەکی گەورەوە لە تەماشاکەران. بێگومان شێوازی ھاندەربوون و پشتگیریکردنیش جیاواز و فرەجۆرە. جیاکردنەوەی ھاندەرانی ئاسایی، کە شتێک لە چێژ و شتێک لە ئینتیما و شتێک لە خۆشەویستیی دەیانجوڵێنێت، جیاوازە لەو ھاندەرانەی ناوی ”ئولترا“ و ”ھولیگەن“یان لێنراوە. ”ئولترا“ و ”ھولیگەن“ ئەو ھاندەرانەن کە پەڕگیرن و ئاژاوە دەنێنەوە و پەنا بۆ بەکارھێنانی توندوتیژییش دەبەن، زۆرجار توندوتیژیی رێکخراو و دەستەجەمعیی. بڕێک لە ڕق و بڕێک لە ململانێی توند و بڕێک لە ئاژاوەگێڕی لەناو ھەندێک لە ھاندەراندا ھەیە. ھولیگەنیزم دیاردەیەکە لەئینگلەتەرەدا دروستدەبێت و ھەر لەوێشەوە بەجیھانیی دەبێت. بەڵام دیاردەی ئولترا لە ئیتالیادا دروستدەبێت و لەوێوە بەجیھاندا بڵاودەبێتەوە. ھەردوو دیاردەکە بەستراونەتەوە بە توندوتیژیی و تێکدان و ئاژاوەگێڕییەوە، ھەندێکجار توندوتیژییەکی دڵڕەق و دوژمنکارانەش، کە بە شەڕ و پەلاماردان کۆتاییاندێت و دەشێت تا ئاستی کوشتن و خوێنڕشتنیش، بڕۆن. بەڵام لە زۆر وڵاتدا ھاندەرە پەڕگیرەکان تەنھا کەسانێکی پەڕگیر نین، بەڵکو ھەڵگری دیدگای سیاسیی تایبەتیشن، جا یان سەر بە ھێزە چەپگەرەکانن، یان سەر بە ھێزە ڕاسترەوەکان. لە ساتەوەختی ڕاپەڕینەکانی بەھاری عەرەبیدا، ھاندەرە پەڕگیرەکان لە میسر، ڕۆڵێکی گرنگیان لە بەرفراوانبوونی سنووری خۆپیشاندانەکان و بەجەماوەریکردنی ڕاپەڕینەکاندا، بینیی. لە وڵاتێکی وەک ھۆڵەندادا یانەی ئاجاکس ئەمستردام نوێنەری بەشە دەوڵەمەندەکەی وڵاتەکە و یانەی فاینۆرد نوێنەری بەشە کەم دەرامەتەکەی، وڵاتەکەیە. بە مانایەک لە ماناکان، بەرشلۆنە بەشێکە لە خەونی ھەندێک لە کاتالۆنییەکان بۆ سەربەخۆیی، بەڵام ڕیاڵ مەدریدە نوێنەری دەسەڵاتی ناوەندیی دەوڵەتی ئیسپانیایە. بردنەوەی ھەڵبژاردەی تۆپی پێی ھۆڵەندا لە تورکیا، لە پاڵەوانێتی وڵاتانی ئەوروپادا کە دوێنێ شەو لە بەرلین ڕوویدا، بۆ خەڵکی کوردستان مانایەک و بۆ ھەوادارانی گورگە بۆرەکانی تورکیا مانایەکی دیکەی ھەبوو. لە عێراقیشدا یانەی ”ڕەشید“ی سەردەمی عودەی کوڕی سەدام حوسەین، یانەیەک بوو زۆربەی خەڵکی عێراق ڕقیان لێیبوو، لەبەر ئەوەی خاوەنەکەی عودەی کوڕی سەدام حوسەین بوو. بەم مانایە ھەم فوتباڵ و ھەم یاریگاکان دەتوانن ڕووبەرێکی تایبەتی ئیشکردنی سیاسەت و پەرەدان بە مەیل و ئینتیمای سیاسیی تایبەت، بن. ئەگەرچی بەردەوام پێ لەسەر جیاکردنەوەی وەرزش و سیاسەت دادەگیرێت، بەڵام فوتباڵ دەتوانێت شوێنێک بێت بۆ دەربڕینی ڕەخنەی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ھەمەجۆر. لە جامی جیھانی ڕابردوودا لە قەتەر، ھەم پاڵەوانێتییەکە و ھەم ھەندێک لە یارییەکان وەک جۆرێک لە ڕەخنەکردنی پێگەی مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتەدا بەکارھات. یاریزانەکەی ھەڵژاردەی تورکیاش یاریگاکەی بۆ پرۆپاگەندەکردن لە شوناسی گورگەبۆرەکان بەکارھێنا. لە ھەموو ئەو دۆخانەدا یاریگا دەبێتە ھەڵگری رەھەندێکی سیاسیی تایبەت. فوتبۆڵ لە ھەمانکاتدا ئەزموونێکی ئیستاتیکی تایبەتیشە، جۆرێکی تایبەتە لە جوانیی. ئەم جوانییە ھەندێکجار لە توانا تاکەکەسییەکانی ئەم یان ئەو یاریزانەوە دروستدەبێت، وەک توانا تایبەتییەکانی میسیی یان ڕۆنالدینۆ، یان لە کاریی پێکەوەیی و دەستەجەمعیی تیپەکەوە وەک گشتێک، وەک یارییەکانی ھەڵبژاردەی ھۆڵەندا و ئەڵمانیا و ئیسپانیا. راستە زۆرجار ئەنجامی یارییەکە لە ھەمووشتێکی دیکە گرنگترە، بەڵام ئەنجامی دابڕاو لە جوانیی ئەنجامێکی بێچێژە، دابڕاوە لە رەھەندە ئیستاتیکییەکەی یاریەکە.
راپۆرتی: درەو 🔹 لەسەر ئاستی گشتی عێراق و هەرێمی و کوردستان ژمارە زانکۆکان گەیشتووە بە (145) زانکۆ کە (97) زانکۆیان بە رێژەی (67%) زانکۆی تایبەت و (48) زانکۆیان بە ڕێژەی (33%) زانکۆی گشتی (حکومی)ین. 🔹 لە دوای پارێزگای بەغدا کە (42) زانکۆی تێدایە و (9)یان زانکۆی گشتی و (33)یان زانکۆی تایبەتن، پارێزگای هەولێر دێت و (14) زانکۆی تێدایە کە تەنها (5) یان گشتییەو (9)یان زانکۆی تایبەتن، لە دوای پارێزگای هەولێریشەوە لەسەر ئاستی گشتی عێراق پارێزگای سلێمانی بە پلەی سێیەم دێت لە ڕووی زۆری ژمارەی زانکۆوە کە (12) زانکۆی تێدایە (6)یان گشتی و (6) زانکۆشیان تایبەتن. ژمارەی زانکۆ گشتی و تایبەت (ئەهلی)یەکان لە سەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی گشتی عێراق و هەرێمی و کوردستان ژمارە زانکۆکان گەیشتووە بە (145) زانکۆ کە (97) زانکۆیان بە رێژەی (67%) زانکۆی تایبەت و (48) زانکۆیان بە ڕێژەی (33%) زانکۆی گشتی (حکومی)ین. لە دوای پارێزگای بەغدا کە (42) زانکۆی تێدایە و (9)یان زانکۆی گشتی و (33)یان زانکۆی تایبەتن، پارێزگای هەولێر دێت و (14) زانکۆی تێدایە کە تەنها (5) یان گشتییەو (9)یان زانکۆی تایبەتن، لە دوای پارێزگای هەولێریشەوە لەسەر ئاستی گشتی عێراق پارێزگای سلێمانی بە پلەی سێیەم دێت لە ڕووی زۆری ژمارەی زانکۆوە کە (12) زانکۆی تێدایە (6)یان گشتی و (6) زانکۆشیان تایبەتن. بۆ بەرچاوڕونی بڕوانە (چارتی یەکەم). چارتی یەکەم یەکەم؛ زانکۆ گشتی و تایبەت (ئەهلی)یەکان لە سەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێم لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی و دهۆک)، (32) زانکۆی گشتی (حکومی) و تایبەت (ئەهلی) هەیە، کە (14)یان زانکۆی گشتی و (18)یان زانکۆی تایبەت (ئەهلی)ن، بەجۆرێک؛ 1. زانکۆ گشتی و تایبەتەکانی پارێزگای هەولێر لە پارێزگای هەولێر (9) زانکۆی ئەهلی و (5) زانکۆی حکومی هەن، کە لە ساڵانی جیاوازدا دامەزراون ئەوانیش: • زانکۆ گشتی (حکومی)یەکانی پارێزگای هەولێر - زانکۆی سەڵاحەدین لە ساڵی (1981) دامەزراوە. - زانکۆی هەولێری پزیشکی لە ساڵی (2005) دامەزراوە. - زانکۆی کۆیە لە ساڵی (2003) دامەزراوە. - زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە ساڵی (1996) دامەزراوە. - زانکۆی سۆران لە ساڵی (2009) دامەزراوە. • زانکۆ تایبەت (ئەهلی)یەکانی پارێزگای هەولێر - زانکۆی نۆلیج لە ساڵی (2009) دامەزراوە. - زانکۆی لوبنانی فەرەنسی لە ساڵی (2007) دامەزراوە. - زانکۆی جیهان فەرەنسی لە ساڵی (2007) دامەزراوە. - زانکۆی نێودەوڵەتی هەولێر لە ساڵی (2017) دامەزراوە. - زانکۆی بەیان لە ساڵی (2013) دامەزراوە. - زانکۆی تیشکی نێودەوڵەتی لە ساڵی (2007) دامەزراوە. - زانکۆی کاسۆلیکی هەولێر لە ساڵی (2015) دامەزراوە. - کۆلێژی قەڵای زانکۆیی لە ساڵی (2018) دامەزراوە. - زانکۆی کوردستان – هەولێر لە ساڵی (2006) دامەزراوە. 2. زانکۆ گشتی و تایبەتەکانی پارێزگای سلێمانی لە پارێزگای سلێمانی (6) زانکۆی ئەهلی و (6) زانکۆی حکومی هەن، ئەوانیش: • زانکۆ گشتی (حکومی)یەکانی پارێزگای سلێمانی - زانکۆی سلێمانی لە ساڵی (1968) دامەزراوە. - زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لە ساڵی (1996) دامەزراوە. - زانکۆی چەرموو لە ساڵی (2014) دامەزراوە. - زانکۆی گەرمیان لە ساڵی (2010) دامەزراوە. - زانکۆی ڕاپەڕین لە ساڵی (2010) دامەزراوە. - زانکۆی هەڵەبجە لە ساڵی (2014) دامەزراوە. • زانکۆ تایبەت (ئەهلی)یەکانی پارێزگای سلێمانی - زانکۆی ئەمریکی لە ساڵی (2007) دامەزراوە. - زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی لە ساڵی (2008) دامەزراوە. - زانکۆی جیهان لە ساڵی (2007) دامەزراوە. - زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنۆلۆجیا لە ساڵی (2009) دامەزراوە. - زانکۆی تیشکی نێودەوڵەتی لە ساڵی (2007) دامەزراوە. - زانکۆی گۆیژە لە ساڵی (2018) دامەزراوە. 3. زانکۆ گشتی و تایبەتەکانی پارێزگای دهۆک لە پارێزگای دهۆک (3) زانکۆی ئەهلی و (3) زانکۆی حکومی هەن، ئەوانیش: • زانکۆ گشتی (حکومی)یەکانی پارێزگای دهۆک - زانکۆی دهۆک لە ساڵی (1992) دامەزراوە. - زانکۆی زاخۆ لە ساڵی (2005) دامەزراوە. - زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لە ساڵی (1988) دامەزراوە. • زانکۆ تایبەت (ئەهلی)یەکانی پارێزگای دهۆک - زانکۆی ئەمریکی لە ساڵی (2014) دامەزراوە. - زانکۆی نەورۆز لە ساڵی (2004) دامەزراوە. - زانکۆی جیهان لە ساڵی (2007) دامەزراوە. دووەم؛ زانکۆ گشتی و تایبەت (ئەهلی)یەکان لە سەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق لەسەر ئاستی (15) پارێزگاکەی عێراق (113) زانکۆی گشتی (حکومی) و تایبەت (ئەهلی) هەیە، کە (34)یان زانکۆی گشتی و (78)یان زانکۆی تایبەت (ئەهلی)ن، بەجۆرێک؛ 1. زانکۆ گشتی و تایبەتەکانی پارێزگای بەغداد بەغدای پایتەخت لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق زۆترین زانکۆی حکومی و ئەهلی تێدایە، کە (33) زانکۆی ئەهلی لەخۆدەگرێت کە کۆنترینیان زانکۆی میراتە حزبی دەعوەی ئیسلامی خاوەندارێتی دەکات لە ساڵی 1988 دروستکراوە، هاوکات (9) زانکۆی گشتی (حکومی) لەو پارێزگایەیە، ئەوانیش؛ • زانکۆ گشتی (حکومی)یەکانی پارێزگای بەغداد - زانکۆی بەغدا لە ساڵی (1957) دامەزراوە. - زانکۆی موستەنسریە لە ساڵی (1963) دامەزراوە. - زانکۆی نەهرەین لە ساڵی (1987) دامەزراوە. - زانکۆی تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندییەکان لە ساڵی (2014) دامەزاوە. - زانکۆی عێراقیە لە ساڵی (1989) دامەزراوە. - زانکۆی پۆلیتەکنیکی ناوەند لە ساڵی (2014) دامەزراوە. - زانکۆی کەرخ بۆ زانست لە ساڵی (2014) دامەزراوە. - زانکۆی ئبن سینا بۆ زانستی پزیشکی و دەرمانسازی لە ساڵی (2014) دامەزراوە. - زانکۆی تەکنەلۆجیا لە ساڵی (1975) دامەزراوە. • زانکۆ تایبەت (ئەهلی)یەکانی پارێزگای بەغداد - زانکۆی توراس لە ساڵی (1988) دامەزراوە. - کۆلێژی مەنسوری زانکۆیی لە ساڵی (1988) دامەزراوە. - کۆلێژی رافدەینی زانکۆیی لە ساڵی (1988) دامەزراوە. - کۆلێژی مەئمونی زانکۆیی لە ساڵی (1990) دامەزراوە. - کۆلێژی بەغداد بۆ زانست و ئابوری زانکۆیی لە ساڵی (1996) دامەزراوە. - کۆلێژی بەغداد بۆ زانستی پزیشکی لە ساڵی (2000) دامەزراوە. - کۆلێژی شاری زانستی زانکۆیی لە ساڵی (2004) دامەزراوە. - کۆلێژی دیجلەی زانکۆیی لە ساڵی (2004) دامەزراوە. - کۆلێژی سەلامی زانکۆیی لە ساڵی (2005) دامەزراوە. - کۆلێژی ئسوڵی زانستی زانکۆیی لە ساڵی (2011) دامەزراوە. - کۆلێژی رەشیدی زانکۆیی لە ساڵی (2010) دامەزراوە. - کۆلێژی سەدری عێراقی زانکۆیی لە ساڵی (2009) دامەزراوە. - کۆلێژی حیکمەی زانکۆیی لە ساڵی (2009) دامەزراوە. - ئیمام جەعفەر سادق لە ساڵی (2004) دامەزراوە. - کۆلێژی ئەسرائی زانکۆیی لە ساڵی (2013) دامەزراوە. - زانکۆی فەراهیدی لە ساڵی (2012) دامەزراوە. - کۆلێژی مستەفای زانکۆیی لە ساڵی (2013) دامەزراوە. - کۆلێژی فارابی زانکۆیی لە ساڵی (2013) دامەزراوە. - کۆلێژی ئەلبانی زانکۆیی لە ساڵی (2012) دامەزراوە. - کۆلێژی نوخبەی زانکۆیی لە ساڵی (2014) دامەزراوە. - کۆلێژی نسوری زانکۆیی لە ساڵی (2011) دامەزراوە. - کۆلێژی ئامالی زانکۆیی لە ساڵی (2015) دامەزراوە. - زانکۆی ئوروک لە ساڵی (2015) دامەزراوە. - کۆلێژی هادی زانکۆیی لە ساڵی (2015) دامەزراوە. - کۆلێژی بەیان لە ساڵی (2016) دامەزراوە. - کۆلێژی ئاشور لە ساڵی (2017) دامەزراوە. - کۆلێژی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی زانکۆیی لە ساڵی (2017) دامەزراوە. - کۆلێژی گلگامش لە ساڵی (2019) دامەزراوە. - زانکۆیی ئەمریکی لە ساڵی (2021) دامەزراوە. - زانکۆی مەشرق لە ساڵی (2020) دامەزراوە. - کۆلێژی ئبن خەلدون لە ساڵی (2020) دامەزراوە. - زانکۆی شەعب لە ساڵی (2022) دامەزراوە. - زانکۆی مستەفا ئەمین لە ساڵی (2022) دامەزراوە. 2. زانکۆ گشتی و تایبەتەکانی پارێزگای نەینەوا لە پارێزگای نەینەوا (2) زانکۆی ئەهلی و (5) زانکۆی حکومی هەن، ئەوانیش: • زانکۆ گشتی (حکومی)یەکانی پارێزگای نەینەوا - زانکۆی موسڵ لە ساڵی (1959) دامەزراوە. - زانکۆی نەینەوا لە ساڵی (2014) دامەزراوە. - زانکۆی تەلەعفەر لە ساڵی (2010) دامەزراوە. - زانکۆی حەمدانیە لە ساڵی (2014) دامەزراوە. - زانکۆی پۆلەتەکنیکی باکور لە ساڵی (2014) دامەزراوە. • زانکۆ تایبەت (ئەهلی)یەکانی پارێزگای نەینەوا - کۆلێژی حودەبای زانکۆیی لە ساڵی (1994) دامەزراوە. - زانکۆی نور لە ساڵی (2013) دامەزراوە. 3. زانکۆ گشتی و تایبەتەکانی پارێزگای سەڵاحەدین لە پارێزگای سەڵاحەدین (2) زانکۆی ئەهلی و (2) زانکۆی حکومی هەن، ئەوانیش: • زانکۆ گشتی (حکومی)یەکانی پارێزگای سەڵاحەین - زانکۆی سامەرا لە ساڵی (2012) دامەزراوە. - زنکۆی تکریت لە ساڵی (1987) دامەزراوە. • زانکۆ تایبەت (ئەهلی)یەکانی پارێزگای سەڵاحەین - ئیمام جەعفەر سادق لە ساڵی (2004) دامەزراوە. - کۆلێژی ئیمامی زانکۆیی لە ساڵی (2010) دامەزراوە. 4. زانکۆ گشتی و تایبەتەکانی پارێزگای ئەنبار لە پارێزگای ئەنبار (3) زانکۆی ئەهلی و (2) زانکۆی حکومی هەن، ئەوانیش: • زانکۆ گشتی (حکومی)یەکانی پارێزگای ئەنبار - زانکۆی فەلوجە لە ساڵی (2014) دامەزراوە. - زسنکۆی ئەنبار لە ساڵی (1987) دامەزراوە. • زانکۆ تایبەت (ئەهلی)یەکانی پارێزگای ئەنبار - کۆلێژی مەعاریفی زانکۆیی لە ساڵی (1993) دامەزراوە. - کۆلێژی هودا لە ساڵی (1996) دامەزراوە. - کۆلێژی ئیدریسی زانکۆیی لە ساڵی (2017) دامەزراوە. 5. زانکۆ گشتی و تایبەتەکانی پارێزگای کەرکوک لە پارێزگای کەرکوک (3) زانکۆی ئەهلی و (1) زانکۆی حکومی هەن، ئەوانیش: • زانکۆ گشتی (حکومی)یەکانی پارێزگای کەرکوک - زانکۆی کەرکوک لە ساڵی (2003) دامەزراوە. • زانکۆ تایبەت (ئەهلی)یەکانی پارێزگای کەرکوک - زانکۆی ئیمام جەعفەر سادق لە ساڵی (2004) دامەزراوە. - زانکۆی قەڵەم لە ساڵی (2009) دامەزراوە. - زانکۆی قەڵەم لە ساڵی (2012) دامەزراوە. 6. زانکۆ گشتی و تایبەتەکانی پارێزگای بەسرە لە پارێزگای بەسرە (5) زانکۆی ئەهلی و (3) زانکۆی حکومی هەن، ئەوانیش: • زانکۆ گشتی (حکومی)یەکانی پارێزگای بەسرە - زانکۆی بەسرە لە ساڵی (1964) دامەزراوە. - زانکۆی بەسرە بۆ نەوت غاز لە ساڵی (2014) دامەزراوە. - زانکۆی پۆلەتەکنیکی باشور لە ساڵی (2014) دامەزراوە. • زانکۆ تایبەت (ئەهلی)یەکانی پارێزگای بەسرە - کۆلێژی شەتولعەرەبی زانکۆیی لە ساڵی (1993) دامەزراوە. - کۆلێژی عێراقی زانکۆیی لە ساڵی (2005) دامەزراوە. - کۆلێژی کونوزی زانکۆیی لە ساڵی (2013) دامەزراوە. - زانکۆی معقل (AMIU) لە ساڵی (2020) دامەزراوە. - کۆلێژی فەرقەدینی زانکۆیی لە ساڵی (2015) دامەزراوە. 7. زانکۆ گشتی و تایبەتەکانی پارێزگای نەجەف لە پارێزگای نەجەف (5) زانکۆی ئەهلی و (3) زانکۆی حکومی هەن، ئەوانیش: • زانکۆ گشتی (حکومی)یەکانی پارێزگای نەجەف - زانکۆی کوفە لە ساڵی (1987) دامەزراوە. - زانکۆی جابر بن حەیانی پزیشکی لە ساڵی (2013) دامەزراوە. - زانکۆی فوراتی ناوەندی پۆلەتەکنیکی لە ساڵی (2014) دامەزراوە. • زانکۆ تایبەت (ئەهلی)یەکانی پارێزگای نەجەف - زانکۆی ئیسلامی لە ساڵی (2009) دامەزراوە. - زانکۆی کەفیل لە ساڵی (2005) دامەزراوە. - کۆلێژی شێخ توسی لە ساڵی (2005) دامەزراوە. - زانکۆی ئیمام جەعفەر سادق لە ساڵی (2009) دامەزراوە. - کۆلێژی فقهی زانکۆیی لە ساڵی (2014) دامەزراوە. - ی زانکۆیی لە ساڵی (2015) دامەزراوە. 8. زانکۆ گشتی و تایبەتەکانی پارێزگای کەربەلا لە پارێزگای کەربەلا (10) زانکۆی ئەهلی و (1) زانکۆی حکومی هەن، ئەوانیش: • زانکۆ گشتی (حکومی)یەکانی پارێزگای کەربەلا - زانکۆی کەربەلا لە ساڵی (2002) دامەزراوە. • زانکۆ تایبەت (ئەهلی)یەکانی پارێزگای کەربەلا - زانکۆی ئەهل بەیت لە ساڵی (2004) دامەزراوە. - کۆلێژی حوسێنی زانکۆیی لە ساڵی (2010) دامەزراوە. - کۆلێژی سەفوەی زانکۆیی لە ساڵی (2013) دامەزراوە. - کۆلێژی تەفی زانکۆیی لە ساڵی (2014) دامەزراوە. - کۆلێژی زەهراوی زانکۆیی لە ساڵی (2014) دامەزراوە. - زانکۆی وارس ئەنبیا لە ساڵی (2017) دامەزراوە. - زانکۆی عەمید لە ساڵی (2017) دامەزراوە. - کۆلێژی زەهرای کچان لە ساڵی (2019) دامەزراوە. - کۆلێژی ئەمەلی پزیشکی لە ساڵی (2021) دامەزراوە. - زانکۆی تەهران بۆ زانستە پزیشکییەکان لە ساڵی (2022) دامەزراوە. 9. زانکۆ گشتی و تایبەتەکانی پارێزگای میسان لە پارێزگای میسان (3) زانکۆی ئەهلی و (1) زانکۆی حکومی هەن، ئەوانیش: • زانکۆ گشتی (حکومی)یەکانی پارێزگای میسان - زانکۆی میسان لە ساڵی (2007) دامەزراوە. • زانکۆ تایبەت (ئەهلی)یەکانی پارێزگای میسان - زانکۆی ئیمام جەعفەر لە ساڵی (2004) دامەزراوە. - کۆلێژی منارە بۆ زانستە پزیشکییەکان لە ساڵی (2017) دامەزراوە. - کۆلێژی عەمارەی زانکۆیی لە ساڵی (2017) دامەزراوە. 10. زانکۆ گشتی و تایبەتەکانی پارێزگای موسەننا لە پارێزگای موسەننا (2) زانکۆی ئەهلی و (1) زانکۆی حکومی هەن، ئەوانیش: • زانکۆ گشتی (حکومی)یەکانی پارێزگای موسەننا - زانکۆی موسەننا لە ساڵی (2007) دامەزراوە. • زانکۆ تایبەت (ئەهلی)یەکانی پارێزگای موسەننا - زانکۆی ئیمام جەعفەر لە ساڵی (2009) دامەزراوە. - زانکۆی سەماوە لە ساڵی (2020) دامەزراوە. 11. زانکۆ گشتی و تایبەتەکانی پارێزگای دیالە لە پارێزگای دیالە (3) زانکۆی ئەهلی و (1) زانکۆی حکومی هەن، ئەوانیش: • زانکۆ گشتی (حکومی)یەکانی پارێزگای دیالە - زانکۆی دیالە لە ساڵی (1999) دامەزراوە. • زانکۆ تایبەت (ئەهلی)یەکانی پارێزگای دیالە - کۆلێژی یەرموکی زانکۆیی لە ساڵی (1996) دامەزراوە. - زانکۆی ئیمام جەعفەر لە ساڵی (2010) دامەزراوە. - کۆلێژی بیلاد رافدرینی زانکۆیی لە ساڵی (2014) دامەزراوە. 12. زانکۆ گشتی و تایبەتەکانی پارێزگای زیقار لە پارێزگای زیقار (4) زانکۆی ئەهلی و (1) زانکۆی حکومی هەن، ئەوانیش: • زانکۆ گشتی (حکومی)یەکانی پارێزگای زیقار - زانکۆی زیقار لە ساڵی (2000) دامەزراوە. • زانکۆ تایبەت (ئەهلی)یەکانی پارێزگای زیقار - زانکۆی ئیمام جەعفەر لە ساڵی (2012) دامەزراوە. - کۆلێژی مەزایای زانکۆیی لە ساڵی (2012) دامەزراوە. - زانکۆی نیشتمانی بۆ زانست و تەکنۆلۆژیا لە ساڵی (2015) دامەزراوە. - زانکۆی عەین لە ساڵی (2017) دامەزراوە. 13. زانکۆ گشتی و تایبەتەکانی پارێزگای واست لە پارێزگای واست (1) زانکۆی ئەهلی و (1) زانکۆی حکومی هەن، ئەوانیش: • زانکۆ گشتی (حکومی)یەکانی پارێزگای واست - زانکۆی واست لە ساڵی (2003) دامەزراوە. • زانکۆ تایبەت (ئەهلی)یەکانی پارێزگای واست - کۆلێژی کوتی زانکۆیی لە ساڵی (2012) دامەزراوە. - 14. زانکۆ گشتی و تایبەتەکانی پارێزگای دیوانیە لە پارێزگای دیوانیە (1) زانکۆی ئەهلی و (1) زانکۆی حکومی هەن، ئەوانیش: • زانکۆ گشتی (حکومی)یەکانی پارێزگای دیوانیە - زانکۆی قادسیە لە ساڵی (1987) دامەزراوە. • زانکۆ تایبەت (ئەهلی)یەکانی پارێزگای دیوانیە - زانکۆی ئیسلامی لە ساڵی (2009) دامەزراوە. 15. زانکۆ گشتی و تایبەتەکانی پارێزگای بابل لە پارێزگای بابل (3) زانکۆی ئەهلی و (2) زانکۆی حکومی هەن، ئەوانیش: • زانکۆ گشتی (حکومی)یەکانی پارێزگای بابل - زانکۆی بابل ساڵی (1991) دامەزراوە. - زانکۆی قاسم خەزرا ساڵی (2012) دامەزراوە. • زانکۆ تایبەت (ئەهلی)یەکانی پارێزگای بابل - زانکۆی ئیسلامی لە ساڵی (2018) دامەزراوە. - کۆلێژی حلەی زانکۆیی لە ساڵی (2009) دامەزراوە. - زانکۆی مستەقبەل لە ساڵی (2010) دامەزراوە. سەرچاوە؛ ماڵپەڕی ئەلساعە
راپۆرت: درەو چاككردنی دۆخی ئابوری لە وڵاتێكدا كە ماوەی پێنج ساڵە نرخی هەڵاوسان تێیدا لە 30%ی بەرەو خوار دانەبەزیوە، یەكێك لە گرنگترین ئاڵنگارییەكانی بەردەم مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ریفۆرمخوازی نوێی ئێرانە، ئەو دەیەوێت بە هەڵگرتنی سیستەمی فیلتەرنیگ لەسەر تۆڕەكانی ئینتەرنێت دەرفەتی كار زیاد بكات، بە دانوستانیش لەگەڵ وڵاتانی خۆرئاوا سزا ئابورییەكان هەڵگرێت، لە مەسەلەی حیجابی زۆرەملێدا توند نییەو داوای كرانەوە دەكات، باسی كردنەوەی دەرگاكانی ئێران و راكێشانی سەرمایەگوزاری بیانی دەكات، بەڵام بۆ جێبەجێكردنی ئەم سیاسەتانە دەبێت مل بۆ پەرلەمان بدات كە زۆرینەیان ئوسوڵگەرا توندڕەوەكانن، قسەیەك هەیە دەڵێ تەنانەت لەو كاتانەشدا كە ریفۆرمخوازیان لەسەر دەسەڵات بوون، لە كۆتاییدا ئێران هەر سیاسەتە پارێزگارانەكەی خۆی پەیڕەو كردووە، ئاڵنگارییەكانی بەردەم سەرۆكی نوێی ئێران لەم راپۆرتەدا. دواین ریفۆرمخواز لە سەرۆكایەتیدا تاكە كاندید لە دەرەوەی رەوتی پارێزگاران (یان وەكو فارسەكان خۆیان دەڵێن ئوسوڵگەراكان) كە توانی لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئێراندا سەعید جەلیلی توشی شكست بكات، ئەم پزیشكی نەشتەرگەریی دڵ و وەزیری پێشووی تەندروستییە بوو، كە خوازیاری رێككەوتن لەگەڵ خۆرئاوایە، بەڵام دەبێت ئەوە لەبەرچاوبگیرێت ئایا تا چ ئەندازەیەك لە بەجێهێنانی بەڵێنەكانی هەڵبژاردندا سەركەوتوو دەبێت. پزیشكیان كە تاكە كاندیدی دەرەوەی رەوتی پارێزگاران بوو كە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی كاندیدبوونی قبوڵكرا، لەسەردەمی بانگەشەی هەڵبژاردندا سەركەوتوو بوو لەوەی پشتیوانی رابەران و گروپە ریفۆرمخوازە میانڕەوەكان بۆ خۆی كۆبكاتەوە، لەوانە محەمەد خاتەمی هەروەها (مەهدی كەڕوبی) كە چەندین ساڵە لەلایەن دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامییەوە ماڵبەند كراوە. پزیشكیان لە كابینەی دووەمی ریفۆرمخوازاندا وەزیری تەندروستی بووە، بەرگری لە ناڕەزایەتییەكانی ساڵی 2009 كردووە دژی دەرەنجامەكانی هەڵبژاردن، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی 2021 كاندیدی سەرۆكایەتیی بووەو كاندیدبوونەكەی رەتكراوەتەوە، لە پێنج خولی پەرلەماندا ئەنجام بووەو جارێكیش بووە بە جێگری سەرۆكی پەرلەمان. یەكەمین پرس كە دوای هەڵبژاردن روبەڕووی هەر سەرۆك كۆمارێكی نوێ دەبێتەوە ئەوەیە ئایا كێ لە پۆستە وزەرییەكانیدا دادەنێت. بەگوێرەی دەستوری ئێران، دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، چەند رێوڕەسمێك بەڕێوەدەچن، دەركردنی فەرمانی دەستبەكاربوون لەلایەن رابەری باڵاوە، پاشان مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆك كۆمارو دواتریش رێوڕەسمی پێدانی متمانە بە كابینەی حكومەت، كە لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە پێشكەش دەكرێت. بەگوێرەی ماددەی 121ی دەستور، مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆك كۆماری دەبێت لە دانیشتنێكی ئاشكرای پەرلەماندا بەڕێوەبچێت و سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی و ئەندامانی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوریش ئامادە بن، لە هەمان رۆژی سوێندخواردندا تاوەكو لانی كەم 2 هەفتە دواتر، دەبێت سەرۆك كۆمار لیستی كاندیدەكانی بۆ پۆستە وزارییەكان پیشكەشی پەرلەمان بكات. لە دۆخی ئاساییدا، مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆك كۆمار لە 14ی ئابدا بەڕێوەدەچێت كە هاوكاتە لەگەڵ ساڵیادی دەرچوونی " فرمان مشروطیت" لە ئێران و دروستكردنی ئەنجومەنی شوراو بەشداری خەڵك لە كاروباری حكومەتدا. كابینەی سێیەمی رۆحانی یان كابینەی یەكەمی پزیشكیان؟ لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، لایەنگرانی سەعید جەلیلی هەوڵیاندا لەناو رایگشتیدا ئەوە بچەسپێنن كە مەسعود پزیشكیان درێژەپێدەری رێگاكەی حەسەن رۆحانییە؛ هەروەك جەلیلی خۆشی لە دیبەیتەكانی هەڵبژاردندا داتاو ئاماری لەبارەی كابینەكەی رۆحانییەوە دەخستەڕوو، باسی لە ناكارایی پلانەكانی دەكرد (لە خولی دووەمی سەرۆكایەتیی رۆحانیدا، پاش چونەدەرەوەی ترەمپ لە رێككەوتنی ئەتۆمیی)، هۆشداری دەدا لە دووبارەبوونەوەی ئەم بارودۆخە لەسەردەمی پزیشكیاندا. لەبەرامبەر ئەمەدا، هەندێ لە لایەنگرانی مەسعود پزیشكیان بانگەشەی ئەوەیان دەكرد هەرچەییەك بێ "كابینەی سێیەمی رۆحانی باشتر بووە لە كابینەی یەكەمی جەلیلی"، چونكە بەوتەی ئەوان "توندڕەوی كابینەی جەلیلی هیچ سودێكی بۆ خەڵك نابێ". هەندێكی تر لە شرۆڤەكاران لە میدیاكانی ئێرانەوە، ئاماژەیان بە پێشینەی مەسعود پزیشكیان لە وەزارەتی كابینەی سەید محەمەد خەتەمیدا دەكردو نوسیبوویان "كابینەی پزیشكیان بەرلەوەی دووبارەبوونەوەی كابینەی رۆحانی بێت، بە دووبارەبوونەوەی كابینەی خاتەمی ئەژمار دەكرێت"، ئەمانە پێناسەی خۆیان لە "دەستكەوتە ئابورییەكان"ی كابینەی خاتەمییەوە بۆ خەڵكی ئێران وەرگرتبوو. پزیشكیان لە كاردانەوەدا بەرامبەر بەم بانگەشانە وتی" من كابینەی خۆمم، بەڵام كابینەی رۆحانی چ خراپییەكی هەبوو؟" لەمەشدا مەبەستی لە دانوستانی كابینەی رۆحانی بوو لەگەڵ وڵاتانی زلهێزی جیهان. لەم نێوەندەدا، میدیای نزیك لە ئوسوڵگەراكان، لیستی كابینەی چاوەڕوانكراوی پزیشكیانیان بڵاوكردەوە، كە دەموچاوێكی وەكو (جەواد زەریف وەزیری پێشووی دەرەوەی سەردەمی رۆحانی) وەكو جێگری یەكەمی پزیشكیان ناوی هێنرابوو، ئەمە لەپاڵ چەند روخسارێكی تری وەكو (ئازەری جوهرمی) كە لەناو لیستەكەدا ناوی هاتبوو. بەوتەی زەریف: "كابیەی داهاتووی پزیشكیان كابینەی باڵێك نابێت، بەڵكو كابینەكی گشتیگری نیشتمانی دەبێت"، دەوروبەرەكانی پزیشكیانیش پێشتر باسیان لەوە كردووە كە ئەو "جدییە لەسەر بەكارهێنانی توانای نەتەوەكانی ئێران لە پۆستەكانی بەڕێوەبردندا". ئازەری جەهرومی وەزیری گەیاندن لە كابینەی رۆحانی، رۆژی دەنگدان رایگەیاند كابینەی پزیشكیان كابینەی گشتیگر دەبێت، ریفۆرمخوازان و ئوسوڵگەراو سەربەخۆكان لەخۆدەگرێت، بەواتایەكی تر "كرۆكی هەموو حكومەتە باشەكانی رابردوو تائێستا دەبێت". ئیسحاق جهانگیری جێگری یەكەمی سەرۆك كۆمار لە كابینەی یانزەو دوانزەیەكی رۆحانیدا، دوێنێ دوای دەنگدان وتی: مەسعود پزیشكیان كابینەی خۆی پێكدەهێنێت، كابینەی ئەو درێژكراوەی كابینەو كەسی تر نییە". بەم لێكدانەوەیە، پێشبینی دەكرێت كابینەی پزیشكیان لە رەوتی ریفۆرمخوازان و پارێزگاران و میانڕەوەكان و سیاسەتمەدارانی سەربەخۆ پێكبێت. ئاڵنگاریی و كێشەكانی بەردەم پزیشكیان لە 100 رۆژی یەكەمدا كابینەی پزیشكیان هەرچییەك بێت دەبێت بتوانێت لە ئەنجومەنی شورای ئیسلامی (پەرلەمان) متمانە وەربگرێت، ئەنجومەنی شورا لە هەڵبژاردنی مانگی ئازاردا كە ئاستی بەشداری لاوازی بەخۆوە بینی، توندڕەوەكان كۆنترۆڵیان كردو (محەمەد باقر قالیباف) سەرۆكایەتیی دەكات، كە كاندیدی شكستخواردووی هەڵبژاردنی ئەمساڵی سەرۆكایەتیی ئێرانە. یەكێك لە سەرەتایترین بابەتەكان كە دەبێت پزیشكیان چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە، كێشەی ئابوری ئێرانە. ملیۆنان كەس لەژێر هێڵی هەژارییەوەن و زۆرینەی خەڵك هەوڵ دەدەن ژیانی خۆیان لەناو ئەو ئابورییەدا فەراهەم بكەن كە چەندین ساڵە بەدەست سزاكانی ئەمریكاوە ئیفلیج بووە. پزیشكیان لە یەكێك لە دیدارەكانیدا لەبارەی هەژاریی لە ئێران وتی "كێشەی هەژاریی ئێمەین". لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، نرخی هەڵاوسانی ئابوری لە ئێران لە رێژەی 30% دانەبەزیوە، مانگی رابردوو گەیشتوەتە 36.1%و دۆخی گیرفانی خەڵكی لەسەرتاسەری وڵات خستوەتە ژێر فشارەوە. ئەم هەڵاوسانە بەردەوامە لە بەرەنجامی چونەدەرەوەی ئیدارەی ترەمپ لە رێككەوتننامەی ئەتۆمیی 2015و دەستپێكردنەوەی سزا قورسەكان بۆسەر ئێران سەرچاوەی گرتووە. پزیشكیان جەخت لە بایەخی دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ لەگەڵ خۆرئاواو دۆزینەوەی رێگەچارە بۆ هەڵگرتنی سزاكان دەكاتەوە. مەسعود پزیشكیان پێیوایە كە "كاتێك گەمارۆ هەبێت، حكومەت دەست دەخاتە ناو گیرفانی خەڵكەوە"، ئەو بەڵێنی ئەوەی داوە وا بكات دۆلار تەنیا یەك نرخی هەبێت "تاوەكو بازاڕ بتوانێت خۆی نرخ بدۆزێتەوە"، پێیوایە زیادبوونی هەناردەو دراوی بیانی كەرەستەی حكومەتە بۆ كۆنترۆڵكردنی هەڵاوسان و هەوكردنی بازاڕی دراو، لەوبارەیەوە دەڵێ" دراوی پاڵپشتیكراو بەواتای كرێ دێت، حكومەت دراوی پاڵپشتیكراو بە هەر كەسێك بدات، واتا وایكردووە ئەو كەسە مافی كرێی هەبێت، بۆیە تەنیا بۆ هاوردەكردنی دەرمان و ماددە خۆراكییەكان و كەلوپەلی بنەڕەتی نەبێت، دراوی پاڵپشتیكراو بە كەس نادرێت". یەكێك لە نەریتەكانی سەرۆك كۆمارەكانی پێشوو لە ئێران ئەوە بووە كە راپۆرتی ئەدای كاركردنی خۆی لە 100 رۆژی یەكەمدا بخاتە بەردەم خەڵك. ئەمەش لەكاتێكدایە كە سێ مانگ دوای دەستبەكاربوونی سەرۆك كۆماری هەڵبژێردراوی ئێران، رۆژی 5ی تشرینی دووەم چارەنوسی سەرۆكایەتی كۆماری ئەمریكاش یەكلادەبێتەوە. لەحاڵێكدا كە زۆرێك لە رابەرانی جیهان و هاوپەیمانانی ئەمریكا لە ئەوروپاو ناتۆ ئومێدەوارن جۆ بایدن لە پۆستی سەرۆكایەتیدا بمێنێتەوە، بەڵام خۆیان بۆ ئەوەش ئامادەكردووە كە رەنگە دۆناڵد ترەمپ بگەڕێتەوە سەر دەسەڵات. سەرۆكایەتی نوێی ئەمریكا لە 20ی جێنیوەری 2025وە دەستپێدەكات. پێدەچێت پزیشكیان درێژە بە هەوڵەكانی رۆحانی بدات لەبارەی دانوستانی بەرنامەی ئەتۆمیی و هەڵگرتنی سزاكانی سەر ئێران، بەڵام ئەو دەبێت لە پەرلەمان و لەژێر چەتری ئوسوڵگەراكاندا جموجوڵ بكات. پەرلەمانی ئێران لە ساڵی 2021دا یاسایەكی بەناوی "یاسای هەنگاوی ستراتیژی بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاكان و پاراستنی مافەكانی گەلی ئێران" پەسەندكردو، سەرباری دوودڵییەكانی، كابینەی رۆحانی ناچار كرد پیتاندنی یۆرانیۆم زیاتر بكات، بۆیە پێشبینی دەكرێت پزیشكیان روبەڕووی هەمان ئاڵنگاریی ببێتەوە. سیاسەتی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی ئێران بەرەو كوێ؟ پەیوەندی ئێران لەگەڵ خۆرئاوا لەم مانگانەی دوایدا خراپتر بووە، تاران لەسەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشتیوانی لەو گروپە نیمچە سەربازییانە دەكات كە لەناو شەڕی غەززەدا، بەرژەوەندییەكانی ئیسرائیل و ئەمریكا دەكەنە ئامانج. جگە لەوەش، كۆماری ئیسلامی بەرنامە ئەتۆمییەكەی چڕتر كردوەتەوەو هاوكاری خۆی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم كەمكردوەتەوە. پەرەسەندنە گەرمەكانی ناوچەكە، ئەو پرسیارە دەوروژێنن ئایا هەر بەڕاستی سەرۆكێكی ریفۆرمخواز دەتوانێت گۆڕانكاریی یان بەرەوپێشچوونێك دروست بكات؟ شارەزایان دەڵێن بەو رادەی كە هەندێك لە خۆرئاوا ئومێدەوارن، رەنگە چانسێكی گەورە بۆ ئەم كارە لە ئارادا نەبێت. لە ئێران ئەوەی بڕیاری كۆتایی دەدات (وەلی فەقیهە). بەڵام بەو جۆرەی كە عەلی واعیز بەڕێوەبەری پرۆژەی ئێران لە گروپی قەیرانی نێودەوڵەتیی بە (CNN)ی وتووە" ئەمە بەو واتایە نییە كە سەرۆك كۆمارو تیمی سیاسەتی دەرەوە هیچ بایەخێكیان نییە". ئەم پسپۆڕە بە كەناڵی (الجزیرە)ی وتووە: ئەگەر لەنێوان ئیدارەی ترەمپ و بایدندا گۆڕانكاری گشتیی لە ئەمریكا لە 180 پلە رووبدات، لە ئێراندا بە گۆڕینی سەرۆك كۆمار جیاوازییەكە 45% دەبێت، ئەمەش جیاوازییەكی كەم نییە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی تردا ئەو كاریگەرییەی نییە". پێشینەی ئێران ئەوە نیشان دەدات، كە تەنانەت لە سەردەمێكیشدا كە سەرۆك كۆمارێكی ریفۆرمخواز لەسەر دەسەڵات بووە، لە دوور مەودادا هەر رێبازێكی ئوسوڵگەرانەتر گیراوەتەبەر. بۆیە، دەرەنجام ئەوە بەدوور دەبینرێت سیاسەتی ناوچەیی ئێران بەرامبەر بە ئیسرائیل و بریكارەكانی گۆڕانكاری بەسەردا بێت، بەڵام وەكو تریتا پارسی شرۆڤەكاری ئێرانی دانیشتووی واشنتۆن و جێگری بەڕێوەبەری دامەزراوەی كوئینسی بە (CNN)ی وتووە:" بەم حاڵەشەوە رەنگە پەیوەندییەكی باشتر لەگەڵ خۆرئاوادا دروستبكرێت". لە لابردنی فیلتەرینگەوە بۆ مامەڵە لەگەڵ جیهان پزیشكیان لە دواین دیبەیتی كاندیدەكاندا بەر لە هەڵبژاردن وتی:" بۆ كورتكردنەوەی مەودای زەلیلكردن و جیاكاری و سزاكان هاتومەتە مەیدان و دەمەوێت حكومەت گوێ لەو دەنگانە بگرێت كە گوێیان بۆ نەگیراوە.. هاتووم بە لێكتێگەشتن و كۆدەنگیی نیشتمانیی، بەشوێن خواستی هەموو بێبەش و پەراوێزخراوانەوە بم". بەڵێنی هەڵبژاردنی مەسعود پزیشكیان خۆی لە سێ بنەمای سەرەكیدا دەبینییەوە (دادپەروەری كۆمەڵایەتیی- پەرەپێدانی هاوسەنگ- چاكسازی لە پەیكەر)دا. ئەو بەڵێنی داوە بە دۆزینەوەی سیستەمێكی ئابوری شەفاف روبەڕووی گەندەڵی ببێتەوە، زەمینەی گەشەی ئابوری فەراهەم بكات، پێیوایە بە چاكسازیكردن لە پەیكەری ئابوری و رەخساندنی سەكۆی گونجاو بۆ سەرمایەگوزاریی دەتوانرێت دەرفەتی كار بڕەخسێنرێت و روبەڕووی بێكاری ببێتەوە، بەڵام روون نییە بە چ بەرنامەیەك دەتوانێت ئەم بەڵێنانەی جێ بەجێ بكات. پزیشكیان لە بانگەشەی هەڵبژاردنی خۆیدا جەختی كرد لەسەر ئەوەی كە دەبێت ئێران دەرگاكانی خۆی بەسەر سەرمایەگوزاری بیانیدا بكاتەوە. ئەو وتی چین لە ئێراندا سەرمایەگوزاری ناكات، چونكە ئێران لە لیستی رەشی گروپی كاری دارایی نێودەوڵەتیی (FATF)دایە. لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوەش، ئەو خوازیاری ئەوەیە سنورێك بۆ ناكۆكییە نێودەوڵەتییەكان دابنرێت، دیپلۆماسیەتی كاراو مامەڵەی بنیادنەرانە لەگەڵ جیهان دەستپێبكاتەوە، نەیارە ئوسوڵگەراكانیشی دەڵێن ئەمە دەیەوێت درێژە بە رێگاكەی كابینەی حەسەن رۆحانی بدات، كە بەوتەی ئەوان كابینەیەكی شكستخواردوو بوو. چاكسازیكردن لە سیستەمی تەندروستی و باشكردنی كوالیتی خزمەتگوزارییە پزیشكییەكان و كەمكردنەوەی خەرجی چارەسەركردن لەو بەڵێنانەی ترن كە ئاغای پزیشكیان بە خەڵكی ئێرانی داوە، ئەمە لەپاڵ باشكردنی بارودۆخی خوێندن و زیادكردنی خوێندنگەو زانكۆكان. لەمە زیاتریش، پزیشكیان وتویەتی: هەموو هەوڵێكم بۆ چاكسازیكردن دەبێت لە سیستەمی ناكارای فیلتەرینگ، بۆ ئەوەی هەزاران دامەزراوەی بازرگانی بگەڕێنمەوە بۆ ناو چەرخی ئابوری لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، كە ملیۆنان هاوڵاتی ئێرانی لەو تۆڕانەدا سەرقاڵی كاركردنن. مەبەست لە چاكسازی كردن لە سیستەمی فیلتەرینگ ئەو سانسۆرەیە كە لەژێر ناوی پاراستنی ئاسایشی گشتیی لە ئێران بەسەر تۆڕەكانی ئینتەرنێتدا سەپێندراوەو وای كردووە بەكارهێنەران بە ئاسانیی دەستیان بە هەموو شتێك رانەگات. پزیشكیان كە لە خێزانێكی كوردی ئازەرییە، هەوڵیدا بۆ ئەوەی دەنگی كەمینەكان، ژنان و لاوانی ئێران بەلای خۆیدا كێش بكات، ئەو لە لێدوانێكدا بۆ میدیاكانی ئێران رەخنەی لە مامەڵەی دەسەڵات گرت لەگەڵ ناڕەزایەتییەكانی ساڵی 2022دا، وتی:" ئایا ئەوەی كە بە توندی مامەڵە لەگەڵ خەڵك بكەین و بەزۆر دەمانەوێت باوەڕێك لە خەڵكدا بچێنین فەرمانی دین و پێغەمبەرە؟ ئێمە مافی ئەوەمان نییە فەرمان بە خەڵك بكەین". لەم بوارەشدا ئەو پێشینەی هەبوو، لەوانە بوو كە دژی كوشتنی خاتوو "ژینا ئەمینی" قسەی هەبووە، كچە كوردێك كە لەسەر پرسی حیجاب كوژراو بەدوای خۆیدا شەپۆلێك ناڕەزایەتیی بێ پێشینەی لە ئێراندا دروستكرد. پێدەچێت دەسەڵات و عەلی خامنەیی رابەری 85 ساڵەی ئێران بزانن كە توندكردنەوەی زیاتر لەبواری حیجابی زۆرەملێدا مەترسی هەیە. گەڵاڵەی پەسەندكراوی پەرلەمانی ئێران كە بە پرۆژەیاسای " عفاف و حجاب" ناسراوەو تا زیندانیكردن سزای بۆ پێشێلكردنی حیجاب داناوە، تائێستا لەلایەن ئەنجومەنی پاراستنی دەستورەوە پەسەندنەكراوە كە لەژێر چاودێری خامنەییدایە. پزیشكیان و پورمحەمەدی تەنیا كەسانێك بوون لەناو كاندیدەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا كە رەخنەیان لەو پرۆژەیاسایە گرت و بەڵێنیاندا رێگری لێ بكەن. لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو كچ و ژنانەی كە حیجابی زۆرەملێ لەبەرچاوناگرن، پزیشكیان دەڵێ:" ئێمە كە ئەو هەموو پارەیەمان لە دروستكردنی ناوەندی ئاینیی و مەزهەبیدا بە خەرج داوەو نەمانتوانیوە تا ئەم تەمەنە ئەوان هیدایەت بدەین، ئایا دەتوانین بەم جۆرە راستیان بكەینەوە؟". ئەوەی ماوەتەوە بوترێت ئەوەیە ئایا ئاغای پزیشكیان تا چەند دەتوانێت بەڵێنەكانی بانگەشەی هەڵبژاردن جێبەجێ بكات و تا چ ئەندازەیەك دەستكراوە دەبێت. سەرچاوەكان: بی بی سی یۆرۆنیوز
(درەو): گرێبەستی هاوردەكردنی غازی توركمانستان بۆ عێراق لەرێگەی ئێرانەوە نزیكدەبێتەوە لەوەی بكەوێتە بواری جێبەجێكردن، ئەمەش لەدوای ئەوەی تاران و عیشق ئاباد رێككەوتنیان ئیمزاكرد. محەمەد جەمشیدی یاریدەدەری سیاسی نوسینگەی سەرۆكایەتی ئێران ئەمڕۆ رایگەیاند، ئێران و توركمانستان رێككەوتنێكیان لە بواری غازدا ئیمزا كردووە. بەپێی قسەی جەمشیدی، ئەم رێككەوتنە لە بواری كڕین و ئاڵوگۆڕی غازدا، دەتوانێت كێشەی دانیشتوانی باكوری ئێران لە وەزری زستاندا چارەسەر بكات. بەگوێرەی ئەم رێككەوتنە، بڕیارە توركمانستان ساڵانە 10 ملیار پێ سێجا غاز بۆ ئێران دابین بكات و ئێرانیش ئەم غازە بگۆڕێتەوە بە غازی بەرهەمهێنراوی خۆی و رەوانەی عێراقی بكات. دوای دانوستانێكی چڕ سەبارەت بە دابینكردنی غاز لە عیشق ئابادەوە بۆ بەغداد لەرێگەی تارانەوە، دواجار دوێنێ ئێران و توركمانستان رێككەوتنەكەیان ئیمزا كرد، لە مەراسیمی ئیمزاكردنەكەدا (عەلی روزبەهانی) باڵیۆزی ئێران لە توركمانستان و (مەقسەد بابایێڤ) سەرۆكی كۆمپانیای غازی توركمانستان ئامادەبوون. بەیاننامەی هاوبەشی هەردوو وڵات دوای ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە دەڵێ: توركمانستان و ئێران لەسەر بنەمای دۆستایەتی و هاوسێیەتی باش و رێزگرتن لە یەكتری كار دەكەن.. ئەزمونی ئەرێنیی چالاكی هاوبەش لە بواری هەناردەی غازی توركمانستان بۆ ئێران و لەوێشەوە بۆ وڵاتانی سێیەم، بووە بە بنەمای سەرەكی فراوانكردنی بازنەی هاوكاری دووقۆڵیی. بۆرییەكی نوێ حكومەتی توركمانستان هیچ وردەكارییەكی لەبارەی نرخ و كات و ئامادەكارییە لۆجستییەكانی پرۆژەكە نەخستوەتەڕوو، بەڵام باسی لەوەكردووە كە پلانی هەیە بۆ دروستكردنی هێڵێكی بۆری نوێ دەكات بۆ ئێران. بڕیارە كۆمپانیا ئێرانییەكان پرۆژەی بۆرییە نوێیەكە بە درێژایی 125 كیلۆمەتر (77 میل) جێبەجێ بكەن، ئەمە بۆ بەهێزكردنی توانای توركمانستانە لە گەیاندنی غاز بە ئێران، بەگوێرەی ئەوەی ئاژانسی ئەسۆشەیتد پرێس بڵاویكردوەتەوە. وەزارەتی دەرەوەی توركمانستان رایگەیاند، عشق ئاباد پلانی ئەوەیە ئاستی دابینكردنی غازی خۆی بۆ ئێران ساڵانە بۆ 40 ملیار پێ سێجا بەرزبكاتەوە. ئەگەر ئەم رێككەوتنە بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، پێشبینی دەكرێت چارەسەرێك بۆ قەیرانی كارەبا لە عێراق بدۆزێتەوە، بەتایبەتیش دوای ئەو بچڕانانەی ساڵی رابردوو لە هاوردەی غازی ئێراندا بۆ عێراق روویدا، كە رێژەی نزیكەی 40%ی پێداویستی عێراق پێكدەهێنێت. توركمانستان بەشێوەیەكی زۆر پشت بە هەناردەی یەدەگی گەورەی خۆی لە بواری غازی سروشتیدا دەبەستێت، چین كڕیاری سەرەكی غازی توركمانستانە، سەرباری ئەمە، عیشق ئاباد كار بۆ ئەوە دەكات بۆری دروست بكات بۆ ناردنی غاز بۆ ئەفغانستان و پاكستان و هیند. كارەبا لە عێراق ساڵی رابردوو عێراق رێككەوتنێكی ئیمزاكرد بۆ هاوردەكردنی 10 ملیار پێ سێجای ساڵانە لە غازی توركمانستان، ئەمە لەرێگەی ئاڵوگۆڕكردنەوە لەگەڵ ئێران. وێستگەكانی كارەبا لە عێراق زیاتر پشت بەو غازە دەبەستن كە لە ئێرانەوە هاوردە دەكرێت، كە یەك لەسەر سێی پێداویستی عێراق دابین دەكات، بەڵام ئێران بەردەوام غازەكەی لە عێراق دەگرێتەوە، ئەمەش پچڕانی بەردەوامی تەزووی كارەبای بەشێوەیەكی رۆژانە لێكەوتووەتەوە. زیاد عەلی فازل وەزیری كارەبای عێراق پێشتر جەختی لەسەر ئەوە كرد، عێراق رێككەوتنێكی كردووە بۆ هاوردەكردنی 20 ملیۆن پێ سێجای رۆژانە لە غازی توركمانستان، بەڵام گەورەترین ئاڵنگاری بەردەم رێككەوتنەكە نەبوونی هێڵی گواستەوەی غازەكەیە بۆ عێراق، ئەگەر لەرێگەی تۆڕی ئێرانەوە نەبێت. ئەوكات باسی لەوەكرد، دانوستان لەگەڵ لایەنی ئێرانیدا هەیە بۆ بەكارهێنانی تۆڕی بۆرییەكانی بۆ گواستنەوەی ئەو بڕە غازە لە توركمانستانەوە بۆ عێراق، ئەگەر تاران رەزامەند بوو، دەكرێت بۆ وەزری هاوین پشت بە غازی توركمانستان ببەسترێت. ئەوكات وەزیری كارەبای عێراق وتی: ئەو 20 ملیۆن پێ سێجا غازەی توركمانستان كە عێراق دەیەوێت بەدەستی بخات، دەكرێت پشتی پێ ببەسترێت كاتێك ناردنی غازی ئێران كەمدەبێتەوە.
درەو: ئاژانسی هەواڵی"رۆیتەرز": هێزەكانی توركیا لە باكوری خۆرئاوای سوریا روبەڕوی پەلاماری چەكداری دەبنەوە, ئەوەش دوای ئەو كردەوە توندوتیژیانەی بەنابەرە سورییەكانی لە توركیا كردە ئامانج. سەرچاوەیەك لە ئۆپۆزسیۆنی سوریا رایگەیاند: توركیا دەروازە سنوریە سەرەكییەكانی لەگەڵ باكوری خۆرئاوای سوریا داخستووە, دوای ئەوەی هێزەكانی روبەڕووی هێرشی چەكداری بوونەتەوە لەلایەن هاوڵاتیانی سوری توڕە, بەهۆی ئەنجامدانی توندوتیژی دژی پەنابەرانی سوریا لەتوركیا. عەلی یرلیكایا, وەزیری ناوخۆی توركیا رایگەیاند: پۆلیسی وڵاتەكەی (474) كەسی تێوەگلاویان لەو هێرشانە دەستگیركردووە, كە رەوەندی سوری لەسەرانسەری توركیا كردووەتە ئامانج, كە شەوی یەك شەممەی رابردوو ئەنجامدرا. موڵك و ماڵ ئۆتۆمبیلی سوریەكان روبەڕوی كاری تێكدەرانەو سوتاندن بووەوە لە ویلایەتی قەیسەری ناوەڕاستی ئەو وڵاتە, بەهۆی بڵاوبونەوەی دەنگۆی دەستدرێژیكردنی پیاوێكی سوری بۆ سەر منداڵێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان. ئاژانسی هەواڵگری توركیا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: كارە توندوتیژیەكان گەیشتووەتە هەرێمەكانی, هاتای و غازی عەنتاب و قۆنیاو بۆرسەو ناوچەیەك لە ئەستەنبوڵ, كە تیایدا ژماریەك هاوڵاتی سوری برینداربوون. ئەوەش وایكرد, سەدان هاوڵاتی سوری توڕە بڕژێنە سەر شەقامەكانی چەندین ناوچە لە باكوری خۆرئاوای سوریا, كە چەكدارە یاخیبووەكان كۆنتڕۆڵیان كردووەو توركیا هەزاران سەربازی لەو ناوچانە بڵاوكردووەتەوەو, كردوویەتی بەناوچەی هەژموونی خۆی, بەجۆرێك رێگە بە رژێمی سوریا نادات بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە. بەرپرسێكی ناوچەكە سنوریەكان بە رۆیتەرزی وتووە: توركیا لەوەڵامی ئەو كردەوانەدا دەروازەی"باب ئەلهەوا"ی سنوریی بۆ كاتێكی نادیار دواخستووە, كە دەروازەیەكی سەرەكی بازرگانی و گواستنەوەیە بۆ زیاتر لە سێ ملیۆن هاوڵاتی, هاوشانی "باب ئەلسەلام"و دەروازە بچوكەكانی تر. شاری عەفرینی سنوریی, بووە شانۆی توندترین پێكدادان, كە تیادا لایەنی كەم چوار كەس لە تەقەی نێوان خۆپیشاندەرە چەكدارەكان و هێزەكانی توركیادا كوژران. لەناوچەكانی تریش, بەریەككەوتن و پێكدادانی چەكداری روویداوەو هاوڵاتیانیش لەچەند شارۆچكەیەك بە بەرد پەلاماری هێزەكانی توركیایان داوەو, ئاڵای توركیا لەسەر هەندێك لە نوسینەگەكان پارچە پارچە كردووە. چەندین بەرپرسی توركیا ئەو ئاڵۆزیانەیان لە سوریا بە وروژاندن و كاری ئیستفزازی ناوبردووە. وەزارەتی دەرەوە رایگەیاندووە: هەڵەیە روداوە خەمناكەكان كە لە ولایەتی قەیسەری روویداوە, بكرێتە بنەمایەك بۆ كاری وروژاندن و دەستدرێژی لە دەرەوەی سنورەكانمان. رەجەب تەیب ئەردۆغان, ئۆباڵی "پلانی ئاژاوە"ی نایە ئەستۆی گروپەكانی پەیوەست بە رێكخراوە تیرۆرستیەكان, بەڵێنیشدا ئەو "دەستە پیسانە" ئاشكرابكات كە لەپشتی روداوەكانی ئەم دواییەوەن. ئەردۆغان, دوای دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیران وتی: دەزانین كێیە ئەم جۆرە گەمانە دەكات لەگەڵ بەزیوەكانی رێكخراوی تیرۆرستی, ئێمەو برا سوریەكانمان ناكەوینە ئەو بۆسە پیسە, رادەستی كاری تێكدەرانەی رەگەپەرستی نابین. ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشكرد: زیاتر لە (670)هەزار سوری گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەكانی باكوری سوریا, دوای ئەوەی توركیا بە درێژایی دەیەی رابردوو كاری لەسەر بنیادنانی ناوچەی ئارام كردووە. چارەسەری كێشەی پەنابەران بەشێوەیەكی مرۆیی و ئەخلاقی دەكرێت بەجۆرێك تەریبی دۆخی ئابوری توركیا بێت, كە میوانداری زیاتر لە سێ ملیۆن پەنابەری جەنگی سوریای كردووە. ئەردۆغان هەینی رابردوو وتی: دەكرێت كۆبونەوە لەگەڵ ئەسەد هاوكاربێت لە گێڕانەوەی پەیوەندیە دووقۆڵییەكان, توركیا لەدوای جەنگی ناوخۆی سوریاوە لە ساڵی (2011) پەیوەندیەكانی لەگەڵ سوریا بچڕاندو پشتیوانی یاخیبووەكانی كرد, كە هەوڵی رووخاندنی رژێمی ئەسەد دەدەن.
درەو: 🔻 بەپێی ڕاپۆرتێکی بنکۆکاری مەیدانی "ڕێکخراوی هاریکاریی یاسایی ژنان" بە هاوکاری رێکخراوی (NED) ئەمریکی؛ 🔹 بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە ساڵی (2023) دا (13 هەزار و 489) سکاڵا تۆمارکراوەو (3 هەزار و 786) سکاڵایان لە پارێزگای هەولێر و (3 هەزار و 611) سکاڵایان لە پارێزگای دهۆک و (3 هەزار و 418) سکاڵایان لە سلێمانی و (2 هەزار و 476) سکاڵاش لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی (گەرمیان، ڕاپەڕین، زاخۆ و سۆران بووە. 🔹هەر بەپێی بەدواداچوونەکە؛ لە ساڵی (2023)دا (هەزار و 935) کەسی خێزانی لە (سەنتەری ڕاوێژکاری خێزانی) تۆمار کراوە کە؛ (754) کەیسیان لە هەولێر، (642) کەیسیان لە دهۆک، (283) کەیسیان لە سۆران، (181) کەیسیان لە سلێمانی و (75) کەیسیش کە ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین بوونە. ناوەڕۆکی ڕاپۆرتی چاودێری جێبەجێکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی ڕێکخراوی هاریکاریی یاسایی ژنان بە هاوکاری رێکخراوی (NED) ئەمریکی ئەرکی چاودێریکردنی جێبەجێکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییی خێزانیی ژماره (8)ی ساڵی 2011 له ههرێمی كوردستان - عێراق لە ئەستۆگرتووە، لە ڕاپۆرتێکی دورودرێژدا، لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمەڵێک تەوەری گرنگ وەستاوە، کە بریتین لە؛ پارێزگای سلێمانی: 1. پەرلەمانی کوردستان و مێژووی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی. 2. لایەنە بەهێز و لاوازەكانی یاساكە بە بۆچوونی دادوەرانی دادگای توندوتیژیی خێزانی. 3. لایەنە بەهێز و لاوازەكانی یاساكە بە بۆچوونی ئەندامانی داواكاری گشتی. 4. مێژووی دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی و یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی. 5. نوسینگەكان و رێگری و كێشەكانی بەردەم كاركردنیان . پارێزگای هەولێر: 1. لیژنەی ئاشتەوایی. 2. وەزارەتی ئەوقاف و یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی خێزانی. پارێزگای دهۆك: 1. دەزگاكانی راگەیاندن و رۆڵیان لە بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی یاسایی و كلتوری ناتوندوتیژیی. 2. مالی داڵدەدانی ژنانی هەرەشەلێكراو (شێڵتەرەكان). 3. کێشە و گرفتەكانی شێڵتەر لە پارێزگای دهۆك. پارێزگای هەڵەبجە: 1. لیژنەی ئاشتەوایی. 2. یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی خێزانی و كۆلێژی یاسا لە زانكۆی هەڵەبجە. ئیدارەی راپەرین: 1- نوسینگەی رانیە. 2- رێكارەكانی تۆماركردنی سكاڵا لە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی خێزانی. 3- چیرۆكی سەركەوتن. ئیدارەی گەرمیان: 1- رێگرییەكانی بەردەم تۆماركردنی سكاڵا. 2- پاڵنەرەکانی گۆڕینی بیروڕای خەڵك بەرامبەر نوسینگەكانی توندوتیژیی خێزانی و دادگاكان. 3- دادگاكانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵیی عێراق و یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی خێزانی. 4- فرەژنی و پەیوەندی بە كێشە خێزانییەكان. 5- بۆچوونی مامۆستایانی ئایینی لەسەر فرەژنی و یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی. 6- بەرزبوونەوەی رێژەی جیابونەوە لەنێوان هاوسەران بە هۆكاری هێنانی ژنی دووەم. ئامارو ئەنجامی ڕاپرسی وەک لە ڕاپۆرتەکەی "ڕێکخراوی هاریکاریی یاسایی ژنان" هاتووە، بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە ساڵی (2023) دا (13 هەزار و 489) سکاڵا تۆمارکراوەو (3 هەزار و 786) سکاڵایان لە پارێزگای هەولێر و (3 هەزار و 611) سکاڵایان لە پارێزگای دهۆک و (3 هەزار و 418) سکاڵایان لە سلێمانی و (2 هەزار و 476) سکاڵاش لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی (گەرمیان، ڕاپەڕین، زاخۆ و سۆران بووە. لەم بارەیەوە بڕوانە (چارتی یەکەم). چارتی یەکەم هاوکات بەپێی بەدواداچوونەکە؛ لە ساڵی (2023)دا (هەزار و 935) کەسی خێزانی لە (سەنتەری ڕاوێژکاری خێزانی) شارەکانی هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە کە؛ (754) کەیسیان لە هەولێر، (642) کەیسیان لە دهۆک، (283) کەیسیان لە سۆران، (181) کەیسیان لە سلێمانی و (75) کەیسیش کە ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین بوونە. بڕوانە (چارتی دووەم). چارتی دووەم هەر لە ڕاپۆرتەکەی "ڕێکخراوی هاریکاریی یاسایی ژنان" تایبەت بە "ڕاپۆرتی چاودێری جێبەجێکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی"دا ئاماژە بە ڕاپرسییەکی تایبەت دەکات لەبارەی هۆشیاری بەئاگایی کۆمەڵگا دەربارەی پرسەکانی تایبەت بە توندوتیژی خێزانی و کە لە سەر ئاستی شارەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام دراوەو لە هەردوو ڕەگەز و ئاستی خوێنەواری جیاواز بەشداری ڕاپرسییەکەیان کردووە، وەک لە چارتەکانی خوارەوەدا هاتووە، دەرئەنجامی ڕاپرسییەکە خراوەتەڕوو. دەرەنجامی ڕاپرسی "ڕێکخراوی هاریکاریی یاسایی ژنان" راسپاردە و پێشنیازەکان 1. كردنەوەی شێڵتەری تایبەت بە پاراستنی ئەو كەسانەی لە ئیدارەی راپەرین و زاخۆ رووبەرووی مەترسی دەبنەوە. 2. لایەنە پەیوەندیدارەكان و وەزارەتی ناوخۆ رۆڵی زیاتر ببینن لە بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی دەربارەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی. 3. هەمواركردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی بەجۆرێك هەموو كەمووكورتییە یاسایی و لایەنەكانی جێبەجێكردنی چارەسەربكات، ئەوەش بە ئامادەکردنی لیژنەی پسپۆڕ لە كەسانی شارەزا، دادوەران، مامۆستایانی زانكۆ و ئایینی و لایەنە پەیوەندیدارەكان. 4. هەوڵدان بۆ رێكخستنەوەی كاروباری لیژنەكانی ئاشتەوایی لە هەموو شارەكان بە جۆرێك یەك میكانزمی دیاریكراو و گشتگیری كاركردنیان هەبێت. 5. بڵاوکركردنەوەی هۆشیاریی زیاتر لەسەر یاساكە بە شێوەیەكی گشتی و بەتایبەت لە ئیدارەی گەرمیان. 6. هەوڵدان بۆ زیادكردنی ژمارەی كارمەندانی ئافرەت لە نووسینگەكانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی لە ئیدارەی گەرمیان. 7. هەنگاوی زیاتر بنرێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو ماددانەی جێبەجێنەکراون وەک کردنەوەی دادگایەکی تایبەتمەند بە کێشە خێزانییەکان لە بابەتی ئەو تاوانانەی کە سزاکانیان لە (٥) ساڵ زیاترن لە شار و شارۆچکەکان، چونکە کاریگەری گەورەی لەسەر ڕێگریکردن لە توندوتیژیی هەیە. 8. دابینكردنی پێداویستیی نووسینگە و بەرێوەبەرایەتییەكان لە دامەزراندنیی كارمەند و پێداویستییەكان تا بتوانن رۆڵی گرنگ ببنین وەک یاساكەدا هاتووە. 9. كردنەوەی خولی بەردەوام بۆ ئەندامانی لیژنەی ئاشتەوایی.
درەو: ئەمڕۆ ئەندرۆ بیزلی، كونسوڵی گشتیی نوێی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان و ستافی دیپلۆماسی كۆنسوڵخانە سەردانی ئوفیسی دامەزراوەی میدیایی (درەو)یان كرد، بەمەبەستی وەرگرتنی بۆچوونی (دامەزراوەی میدیایی درەو) سەبارەت بە دۆخی ئەمڕۆی كوردستان و پرسی هەڵبژاردن و ئازادی رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان، (درەو) بە راپۆرت و كتێب و بڵاوكراوەكانی خۆی بە ئامار و داتا پرسی هەڵبژاردن و نەوت و ئازادی رۆژنامەگەری بە ووردی بۆ كونسوڵ و ستافی دیپلۆماسی كونسوڵخانەی بەریتانیا خستەڕوو.
شيكاري: درةو 🔻 بە پێوەرگرتنی ئەنجامی دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی (2021) لەسەر ئاستی سنوری پارێزگا (بازنە)کانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە)، ئەنجامی دەنگی لایەنەکان و بەرکەوتی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان بەجۆرێکە، کە؛ 🔹 پارتی یەکەم بووەو (597 هەزار و 234) دەنگ و ڕێژەی (47%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوەو (40) کورسی پەرلەمانی کوردستانی بەردەکەوێت، بەپێی سیستمی نوێی هەڵبژاردن. 🔹 یەکێتی پلەی دووەمی گرتووە و (214 هەزار و 716) دەنگ و ڕێژەی زیاتر (17%)ی دەنگەکانی بەدەست هێناوەو (20) کورسی پەرلەمانی کوردستانی بەردەکەوێت. 🔹 نەوەی نوێ بە پلەی سێیەم دێت و (204 هەزار و 885) دەنگی بە ڕێژەی سەرو (16%)ی بەدەستهێناوەو (17) کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت. 🔹 یەکگرتوو بەبێ ئەوەی لە چەند بازنەیەکی سنوری پارێزگاکان کاندیدی هەبێت چوارەم بووەو (108 هەزار و 10) دەنگ و نزیک لە ڕێژەی (9%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوەو (8) کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت. 🔹 کۆمەڵ بەبێ ئەوەی لە چەند بازنەیەکی سنوری پارێزگاکان و تەواوی پارێزگای دهۆک کاندیدی هەبێت پێنجەم بووەو (64 هەزار و 156) دەنگ و زیاتر لە ڕێژەی (5%)ی دەنگەکانی بەدەست هێناوەو (6) کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت. 🔹 بزوتنەوەی گۆڕان بەبێ ئەوەی لە دوو بازنەی هەولێر و پارێزگای دهۆک و هەڵەبجە کاندیدی هەبێت شەشەم بووەو (22 هەزار و 91) دەنگ و نزیکەی ڕێژەی (2%)ی دەنگەکانی بەدەست هێناوەو (2) کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت. 🔹 سەربەخۆو لایەنەکانی دیکە (39 هەزار و 835) دەنگ و ڕێژەی زیاتر لە (3%)ی دەنگەکانیان بەدەست هێناوەو (2) کورسی پەرلەمانیان بەردەکەوێت، (5) کورسی کۆتا بۆ مەسیحی و پێکهاتەی تورکمان تەرخان دەکرێت. یەکەم؛ پارێزگا (بازنە)کانی هەڵبژاردن لە چواچێوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان چاوەڕوان دەکرێت پێش کۆتایی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت. لە دوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و بەشێک لە بەندەکانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە بیانووی نادەستوری بوونیانەوە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە لە کۆتاییەکانی مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو. لەوکات بەدواوە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەوڵی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییە بۆ ڕێکخستنی ڕێوشوێنەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. لەو چوارچێوەیەشدا ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە چوارچێوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە (4ی حوزەیرانی 2024) یاسای دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد، کە هەرێمی کوردستان دابەشی سەر (4) بازنەی هەڵبژاردن دەکات. لە دەقی بڕیارەکەی ئەنجومەنی کۆمسیاراندا هاتووە، هەرێمی کوردستان دابەشکراوە بەسەر (4) ناوچە (بازنە)ی هەڵبژاردن ئەوانیش؛ بازنەکانی "هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە"ن. بەپێی بڕیارەکە، پەرلەمانی کوردستان لە (100) کورسی پێکدێت و دابەشکراوە، بەم شێوەیە: هەولێر (34 کورسی) نێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی و (1) کورسی بۆ تورکمان، سلێمانی (38 کورسی) لەنێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی و (1) کورسی بۆ تورکمان، دهۆک ( 25 کورسی) لەنێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی، و بازنەی هەڵەبجە (3 کورسی) بەبێ هیچ کورسییەک بۆ پێکهاتەکان تەرخان کراوە. ئەوەی لەم ڕاپۆرتەدا جێگەی بایەخ دەبێت بە پێوەرگرتنی ئەنجامی دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی (2021) لەسەر ئاستی سنوری پارێزگا (بازنە)کانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە)، ئەنجامی دەنگی لایەنەکان و بەرکەوتی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان دەبێت، بە جۆرێک؛ پارێزگای هەولێر، کە (32 کورسی) گشتی و (2) کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەکانی (تورکمان و مەسیحی) تەرخان کراوە. سنوری ئیداری پارێزگای هەولێر پێکدێت لە (قەزای ناوەندی هەولێر، دەشتی هەولێر، سۆران، شەقڵاوە، کۆیە، خەبات، چۆمان، ڕەواندز و مێرگەسور) و ناحیەکانی سنوری پارێزگا و قەزاکانی پارێزگاکە. بازنەی پارێزگای سلێمانی، کە (36 کورسی) گشتی و (2) کۆتا بۆ پێکهاتەکانی (تورکمان و مەسیحی) تەرخان کراوە. سنوری ئیداری پارێزگاکە پێکدێت لە قەزای ناوەندی سلێمانی و (شارباژێڕ، ماوەت، قەرەداغ، سەیدسادق، شارەزوور، پێنجوێن، پشدەر، ڕانیە، دوکان، کەلار، دەربەندیخان، کفری و چەمچەماڵ) و ناحیەکانی سنوری پارێزگا و قەزاکان. بازنەی پارێزگای دهۆک، کە (24 کورسی) گشتی و (1) کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەی (مەسیحی) تەرخان کراوە. سنوری ئیداری پارێزگای دهۆک پێکدێت لە قەزکانی (قەزای ناوەندی دهۆک، ئامێدی، ئاکرێ، بەردەڕەش، زاخۆ، سیمێل و شێخان) و ناحیەکانی سنوری پارێزگا و قەزاکانی پارێزگاکە. بازنەی پارێزگای هەڵەبجە (3 کورسی) گشتی بۆ تەرخان کراوە. سنوری ئیداری پارێزگای هەڵەبجە پێکدێت لە قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی سیروان، هەورامان (خورماڵ و بیارە). بەپێی گوتەی گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق "جومانە غەلای" کە لە (21ی نیسانی 2024)دا ڕایگەیاندووە؛ کۆی گشتی ژمارەی بنکەکانی دەنگدانی گشتی بریتییە لە (هەزار و 266) بنکە... وێستگەکانی دەنگدان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بریتییە لە (6 هەزار و 298) وێستگە. پارێزگای هەولێر (498) بنکەی هەڵبژاردنی تێدا دەبێت ژمارەی وێستگەکانیش (2 هەزار و 203) وێستگەی دەنگدان دەبێت. پارێزگای سلێمانی (477) بنکەی هەڵبژاردنی تێدا دەبێت، (2 هەزار و 364) وێستگەی دەنگدانیش لە پارێزگای سلێمانی دەبێت. پارێزگای دهۆک (264) بنکەی هەڵبژاردن و (هەزار و 595) وێستگەی دەنگدانی تێدا دەبێت. پارێزگای هەڵەبجە (27) بنکەی هەڵبژاردن و (136) وێستگەی دەنگدانی دەبێت. بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، (2 ملیۆن و 888 هەزار و 162) کەس لە هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەدا؛ کۆی گشتی ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگای هەولێر بریتییە لە (ملیۆنێک 11 هەزار و 348) دەنگدەر، بەشێوەیەک (928 هەزار و 823) کەسیان لە دەنگدانی گشتی و (82 هەزار و 525) کەسیش لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە. دەنگدەرانی پارێزگای سلێمانی بریتییە لە (ملیۆنێک 78 هەزار و 687) دەنگدەر، بەشێوەیەک (ملیۆنێک و 3 هەزار و 772) کەسیان لە دەنگدانی گشتی و (74 هەزار و 915) کەسیش لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە. دەنگدەرانی پارێزگای دهۆک بریتییە لە (735 هەزار و 543) دەنگدەر، بەشێوەیەک (680 هەزار و 443) کەسیان لە دەنگدانی گشتی و (55 هەزار و 100) کەسیش لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە. دەنگدەرانی پارێزگای هەڵەبجەش بریتییە لە (62 هەزار و 584) دەنگدەر، بەشێوەیەک (59 هەزار و 5) کەسیان لە دەنگدانی گشتی و (3 هەزار و 579) کەسیش لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە. دووەم؛ پێگەی لایەنە سیاسییەکان لە سنوری پارێزگا (بازنە)کانی هەڵبژاردن لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەرکەوتیان لە کوردسییەکانی پەرلەمانی کوردستان بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران کە لە (10/10/2021) بەڕێوەچوو لەسەر ئاستی گشتی سنوری پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجەو سەرجەم قەزاکانیان، کە دابەشی سەر (12) بازنەی هەڵبژاردن کرابوون، ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەم شێوەیە بووە کە لە (خشتەی یەکەم، دووەم و گرافیکەکان)دا هاتووە، بەجۆرێک؛ 1. لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان یەکەم بووەو (597 هەزار و 234) دەنگ و ڕێژەی (47%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوەو (40) کورسی پەرلەمانی کوردستانی بەردەکەوێت، بەپێی سیستمی نوێی هەڵبژاردن. بە جۆرێک؛ - لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر کە دابەشی سەر (4) بازنەی هەڵبژاردن کرابوو، (262 هەزار و 800) دەنگی بەدەستهێناوە بە رێژەی (59%)، بەم ئەنجامە (19) کورسی پەرلەمانی کوردستانی بەردەکەوێت. - لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی کە دابەشی سەر (5) بازنەی هەڵبژاردن کرابوو، (51 هەزار و 414) دەنگ و نزیکەی ڕێژەی (28%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوەو (5) کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت. - لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک کە دابەشی سەر (3) بازنەی هەڵبژاردن کرابوو، (261 هەزار و 543) دەنگی بە ڕێژەی (66%)ی دەنگەکانی بەدەست هێناوەو (16) کورسی پەرلەمانی کوردستانی بەردەکەوێت. - لەسەر ئاستی بازنەی هەڵەبجە (ناحیەکانی سیروان و هەورامان) کە بەشێک بوو لە بازنەیەکی پارێزگای سلێمانی (5 هەزار و 214) دەنگی بەدەستهێناوە. بەم ئەنجامەش هیچ کوردسییەکی پەرلەمانی کوردستانیان بەرناکەوێت. 2. لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان یەکێتی پلەی دووەمی گرتووە و (214 هەزار و 716) دەنگ و ڕێژەی زیاتر (17%)ی دەنگەکانی بەدەست هێناوەو (20) کورسی پەرلەمانی کوردستانی بەردەکەوێت. بە جۆرێک؛ - لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر (65 هەزار و 862) دەنگ و نزیکەی ڕێژەی (15%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوەو (5) کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت. - لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی (118 هەزار و 586) دەنگی بە ڕێژەی (32%)ی دەنگەکان بەدەست هێناوەو (12) کورسی پەرلەمانی کوردستانی بەردەکەوێت. - لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک (25 هەزار و 40) دەنگ و بە ڕێژەی زیاتر لە (6%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوەو (2) کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت. - لەسەر ئاستی بازنەی هەڵەبجە (ناحیەکانی سیروان و هەورامان) کە بەشێک بوو لە بازنەیەکی پارێزگای سلێمانی (8 هەزار و 839) دەنگی بەدەستهێناوە. بەم ئەنجامەش کوردسییەکی پەرلەمانی کوردستانی بەردەکەوێت. 3. لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان نەوەی نوێ بە پلەی سێیەم دێت و (204 هەزار و 885) دەنگی بە ڕێژەی سەرو (16%)ی بەدەستهێناوەو (17) کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت. بە جۆرێک؛ - لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر (79 هەزار و 245) دەنگی بە ڕێژەی نزیک لە (18%)ی بەدەستهێناوەو (6) کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت. - لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی (102 هەزار و 922) دەنگی بە ڕێژەی (28%) بەدەستهێناوەو (10) کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت. - لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک (19 هەزار و 292) دەنگ و ڕێژەی نزیک (5%)ی دەنگەکانی سنوری پارێزگای دهۆکی بەدەستهێناوە، (1) کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت. - لەسەر ئاستی بازنەی هەڵەبجە (ناحیەکانی سیروان و هەورامان) کە بەشێک بوو لە بازنەیەکی پارێزگای سلێمانی (3 هەزار و 36) دەنگی بەدەستهێناوە. بەم ئەنجامە هیچ کوردسییەکی پەرلەمانی کوردستانیان بەرناکەوێت. 4. لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان یەکگرتووی ئیسلامی بەبێ ئەوەی لە چەند بازنەیەکی سنوری پارێزگاکان کاندیدی هەبێت چوارەم بووەو (108 هەزار و 10) دەنگ و نزیک لە ڕێژەی (9%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوەو (8) کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت. بەجۆرێک؛ - لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر تەنها لە دوو بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبووەو (3 هەزار و 990) دەنگی بەدەستهێناوە بە کەمتر لە ڕێژەی (1%)ی گشتی دەنگەکان و هیچ کورسییەکی پەرلەمانی کوردستان لە بازنەی پارێزگای هەولێر ناباتەوە. - لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی بەبێ ئەوەی لە سێ بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبێت (15 هەزار و 852) دەنگ و زیاتر لە ڕێژەی (4%)ی دەنگەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی بەدەستهێناوەو (1 بۆ 2) کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت. - لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک تەنها لە دوو بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبووە (81 هەزار و 144) دەنگی بە ڕێژەی (20.5%) بەدەستهێناوەو (5) کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت. - لەسەر ئاستی بازنەی هەڵەبجە (ناحیەکانی سیروان و هەورامان) کە بەشێک بوو لە بازنەیەکی پارێزگای سلێمانی (7 هەزار و 545) دەنگیان بەدەستهێناوە. (1) کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت. 5. کۆمەڵی دادگەری بەبێ ئەوەی لە چەند بازنەیەکی سنوری پارێزگاکان و تەواوی پارێزگای دهۆک کاندیدی هەبێت، پێنجەم بووەو (64 هەزار و 156) دەنگ و زیاتر لە ڕێژەی (5%)ی دەنگەکانی بەدەست هێناوەو (6) کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت. بە جۆرێک؛ - لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر کۆمەڵی دادگەری بەبێ ئەوەی لە دوو بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبێت چوارەم بووەو (19 هەزار و 517) دەنگ و ڕێژەی (4.4%)ی دەنگەکانی سنوری پارێزگای هەولێری بەدەستهێناوەو (1) کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت. - لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی بەبێ ئەوەی لە دوو بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبێت چوارەم بووەو (39 هەزار و 781) دەنگ و نزیکەی ڕێژەی (11%)ی دەنگەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی بەدەست هێناوەو (4) کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت. - لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک هیچ کاندیدێکی نەبوو. - لەسەر ئاستی بازنەی هەڵەبجە (ناحیەکانی سیروان و هەورامان) کە بەشێک بوو لە بازنەیەکی پارێزگای سلێمانی (6 هەزار و 422) دەنگی بەدەستهێناوە. کورسییەکی پەرلەمانی کوردستانی بەردەکەوێت لە بازنەی ناوبراو. 6. بزوتنەوەی گۆڕان بەبێ ئەوەی لە دوو بازنەی هەولێر و پارێزگای دهۆک و هەڵەبجە کاندیدی هەبێت شەشەم بووەو (22 هەزار و 91) دەنگ و نزیکەی ڕێژەی (2%)ی دەنگەکانی بەدەست هێناوەو (2) کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت. بە جۆرێک؛ - لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر بزوتنەوەی گۆڕان (بە بێ ژمارەی دەنگەکانی یەکێتی نیشتمانی کە هاوپەیمانیان هەبوو) و لە (2) بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبووەو (4 هەزار و 245) دەنگی هەیە بە ڕێژەی (1%) و بەم پێیەش هیچ کورسییەکی پەرلەمانی کوردستان لە بازنەی پارێزگای هەولێر ناباتەوە. - لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی (17 هەزار و 846) دەنگ و نزیکەی ڕێژەی (5%)ی دەنگەکانی سنوری بازنەی پارێزگای سلێمانی بەدەست هێناوەو (1 بۆ 2) کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت. - لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک و بازنەی هەڵەبجە (ناحیەکانی سیروان و هەورامان) کە بەشێک بوو لە بازنەیەکی پارێزگای سلێمانی بزوتنەوەی گۆڕان هیچ کاندیدێکی نەبوو. 7. سەربەخۆو لایەنەکانی دیکە لەسەر ئاستی گشتی هەرێم (39 هەزار و 835) دەنگ و ڕێژەی زیاتر لە (3%)ی دەنگەکانیان بەدەست هێناوەو (2) کورسی پەرلەمانیان بەردەکەوێت، (5) کورسی کۆتا بۆ مەسیحی و پێکهاتەی تورکمان تەرخان دەکرێت. - لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر (8 هەزار و 594) دەنگیان بەدەستهێناوە بە رێژەی زۆرتر لە (2%) و هیچ کورسییەکی پەرلەمانی کوردستان لە بازنەی پارێزگای هەولێر نابەنەوە. - لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی (22 هەزار و 283) دەنگ و ڕێژەی (6%)ی دەنگەکانی سنوری پارێزگای سلێمانیان بەدەست هێناوەو (2) کورسی پەرلەمانیان بەردەکەوێت. - لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک (8 هەزار و 958) دەنگیان بەدەستهێناوە هیچ کورسییەکی پەرلەمانی کوردستانیان بەرناکەوێت. خشتەی یەکەم خشتەی دووەم گرافیکەکان