Draw Media

(درەو): ئەم هەفتەیە مەكتەبی سیاسی پارتی‌و یەكێتیی بۆ جاری سێیەم كۆدەبنەوە، ئەمجارەیان مەكتەبی سیاسی پارتی دەچێتە سلێمانی‌و پرسی سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان‌و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان تەوەری سەرەكی كۆبونەوەكە دەبێت.  بەپێی هەواڵێك كە سایتی (كوردستان 24)ی نزیك لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت لەزاری سەرچاوەیەك لە مەكتەبی سیاسی پارتییەوە بڵاویكردوەتەوە، لە چەند رۆژی رابردوودا، مەكتەبی سیاسی یەكێتی بروسكەیەكی بۆ مەكتەبی سیاسی  پارتی ناردووەو تێیدا داوای كۆبوونەوەی كردووە‌و پارتی وەڵامی بروسكەكەی داوەتەوەو ئامادەیی خۆی بۆ كۆبوونەوە دەربڕیوە. رۆژی 18ی ئەم مانگە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە نوسراوی فەرمی وەڵامی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانی دایەوە، ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 18ی شوباتی 2024دا.  لەسەر ئەم بنەمایە، سەرۆكایەتیی هەرێم لە گفتوگۆدایە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان‌و دەیەوێت مەرسومێك دەربكات‌و رۆژی 25ی شوبات وەكو وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاری بكات، بەڵام هێشتا ئەو مەرسومەی دەرنەكردووە.  رۆژی 18ی كانونی یەكەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە عێراق بەڕێوەدەچێت، ئەم هەڵبژاردنە پارێزگاكانی كوردستان ناگرێتەوە، پارتی‌و یەكێتیی بەجیا سەرقاڵی دانوستانن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی تر بەمەبەستی پێكهێنانی لیستی هاوبەش‌و هاوپەیمانێتی لەناوچە جێناكۆكەكان.  رۆژی 30ی ئەم مانگە دواین وادەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنە بۆ وەرگرتنی ناوی هاوپەیمانێتییەكان، هێشتا لایەنە كوردییەكان هیچ هاوپەیمانێتییەكان بۆ كەركوك‌و ناوچەكانی تر رانەگەیاندووە، ئەمەش بەهۆی ناكۆكی پارتی‌و یەكێتییەوە.   بەر لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كوردستان بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، پارتی‌و یەكێتیی لەسەر ئەوە رێككەوتن یاسای هەڵبژاردن هەموار بكەنەوە‌و شێوازی هەڵبژاردن لە یەك بازنەییەوە بگۆڕن بە فرەبازنەیی (4 بازنەی هەڵبژاردن)، لەسەر كورسی كۆتای پێكهاتەكانیش پارتی قایل بوو بەوەی لە كۆی (11) كورسی (3) كورسی تەرخان بكات بۆ سنوری پارێزگای سلێمانی، بەڵام ئەم رێككەوتنە لە پەرلەمان پەسەندنەكراو یاسای هەڵبژاردن هەموار نەكرایەوە، بۆیە هەڵبژاردنی داهاتوو بە یاسا كۆنەكە بەڕێوەدەچێت‌و كورستان یەك بازنەی هەڵبژاردن دەبێت‌و كورسی پێكهاتەكانیش هەر لە سنوری هەولێرو دهۆكدا دەمێنێتەوە، ئەمە ئەو شتەیە كە دڵخوازی یەكێتیی نییە‌و رەنگە گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت.  لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیشەوە، یەكێتیی كە لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە پۆستی پارێزگاری كەركوكی لەدەستداوە، دەیەوێت لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا لەگەڵ پارتی سەرلەنوێ ئەو پۆستە وەربگرێتەوە، بەڵام پارتی كە لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە گوتاری میدیایی خۆی لەسەر بە "خیانەتكار"ناساندنی یەكێتیی لە كەركوك هەڵچنیوەو دەیەوێت لەم رێگەیەوە لە پێگە مێژووییەكەی یەكێتیی بدات لە كەركوك، بەئاسانی ئامادە نییە رێككەوتن بكات بۆ رادەستكردنەوەی پۆستەكە بە یەكێتیی. لە رێككەوتنی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا، پارتی قایل بوو بەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك بە یەكێتیی بداتەوە، ئەمەشی لەسەر كاغەرێك ئیمزا كرد، بەڵام دواتر بەڵێنەكەی نەبردەسەر‌و پەرلەمانی عێراق ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەڵوەشاندەوە، یەكێتیی چانسی وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری لەرێگەی دەنگدانی ئەنجومەنەوە لەدەستدا.    


درەو: کارکردن لە کێڵگەی نەوتی (چیا سورخ) لە گەرمیان رادەگیرێت، کۆمپانیای (پێت ئۆیڵ) کارمەندەکانی ئاگادار کردوەتەوە نەگەڕێنەوە بۆ کارکردن، حكومەتی هەرێم پارەی كۆمپانیاكەی نەداوە. سەردار محەمەد، بەڕێوبەری ناحیەی قۆرەتو لە گەرمیان، بە رادیۆی دەنگی راگەیاندووە: کۆمپانیاکە بەفەرمی لە سەری مانگەوە (١ـی ئاب) کارەکانی رادەگرێت، بەهۆی خەرج نەکردنی پارە بۆ کۆمپانیاکە، سەرجەم کرێکارەکان تەنها ژمارەیەکی کەم نەبێت ئاگادار کراونەتەوە نەگەڕێنەوە بۆ کارکردن لەو وادەیەوە، چونکە بەشێوەیەکی کاتی کارەکانی کۆمپانیاکە رادەگیرێت . یەكێك لەو كرێكارانەی لەو كێلگەیە كاردەكات بە رادیۆی دەنگی وتووە:  ئەمڕۆ ئیزن دراوین و کۆمپانیاکە پێی وتوین لە سەری مانگەوە مەیەنەوە بۆ دەوام.   بەپێی زانیارییەکانی رادیۆی دەنگ، بەرهەمی نەوتی ئەو کێڵگەیە دەدرێتە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و رەوانەی دەرەوە ناکرێت، هەربۆیە کاتێک بەهۆی داخستنی بۆڕیی نەوتی هەرێم لەلایەن تورکیاوە بەرهەمهێنانی نەوت لە سەرجەم کێڵگەکانی هەرێم راگیرا، لە چیاسورخ بەردەوام بو، بەڵام راگرتنی ئەمجارەی بەرهەمی کێڵگەکە پەیوەندیی بەوەوە هەیە حکومەت پارەی بەکۆمپانیای پیت ئۆیڵ نەداوە لەبەرامبەر کارکردنی لەم ماوەیەی پێشوی دا، ئەویش رەتیکردوەتەوە بەردەوام بێت لە کارکردن.   کێڵگەی نەوتی چیاسورخ ده‌كه‌وێته‌ سنوری ناحیه‌ی قۆره‌تو لە ئیدارەی گەرمیان‌، لەلایەن کۆمپانیای پیت ئۆیڵی تورکییەوە کاری بەرهەمهێنانی نەوتی تێدا دەکرێت، بەپێت زانیارییەکان بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەکە لەنێوان (١٥٠٠-٢٠٠٠) هەزار بەرمیل نەوت دابوە.  


درەو: 🔻 ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، داتاکانی خۆی لەسەر ئاستی (15) پارێزگاکەی عێراق تایبەت بە ژمارەی (هاوسەرگیری و جیابوونەوە) بۆ مانگی حوزەیرانی (2023) بڵاو کردەوە، بەپێی ئامارەکە لە مانگی (6)دا؛ 🔹 (25 هەزار و 687) حاڵەتی هاوسەرگیری ئەنجامدراوە کە (22 هەزارو 688) گرێبەستیان لە دادگاکان و (2 هەزار 999) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دراوە و دواتر لە دادگا پەسەند کراون. 🔹 (5 هەزار و 880) حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە کە (4 هەزارو 431) حاڵەتیان لە دادگاکان و (هەزار 449) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان یەکلابونەتەوەو دواتر لە دادگا پەسەند کراون. 🔹 بە هەڵدانەوەی ئامارەکانی مانگەکانی پێشووی ئەمساڵ، حاڵەتەکان لە نیوەی یەکەمی (2023)دا دەگاتە (152 هەزار و 161) هاوسەرگیری تۆمارکراو و (36 هەزار و 251) حاڵەتی جیابوونەوەی هاوسەران، واتا رێژەی جیابوونەوە 24% ئامارەکانی هاوسەرگیری و جیابوونەوە لە عێراق بۆ نیوەی یەکەمی 2023 رۆژی (26/7/2023) ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، داتاکانی خۆی لەسەر ئاستی (15) پارێزگاکەی عێراق تایبەت بە ژمارەی (هاوسەرگیری و جیابوونەوە) بۆ مانگی حوزەیرانی (2023) بڵاو کردەوە، تێیدا هاتووە، کە (25 هەزار و 687) حاڵەتی هاوسەرگیری ئەنجامدراوە کە (22 هەزارو 688) گرێبەستیان لە دادگاکان و (2 هەزار 999) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دراوە و دواتر لە دادگا پەسەند کراون. هاوکات (5 هەزار و 880) حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە کە (4 هەزارو 431) حاڵەتیان لە دادگاکان و (هەزار 449) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان یەکلابونەتەوەو دواتر لە دادگا پەسەند کراون. بە هەڵدانەوەی ئامارەکانی مانگەکانی پێشووی ئەمساڵ حاڵەتەکان لە نیوەی یەکەمی (2023)دا دەگاتە (152 هەزار و 161) هاوسەرگیری تۆمارکراو و (36 هەزار و 251) حاڵەتی جیابوونەوەی هاوسەران. بە جۆرێک؛ لە کانونی یەکەمی 2023 دا، (25 هەزار و 406) حاڵەتی هاوسەرگیری ئەنجامدراوە کە (22 هەزارو 300) گرێبەستیان لە دادگاکان و (3 هەزار 106) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دراوە و دواتر لە دادگا پەسەند کراون. هەر لە هەمان ماوەدا (6 هەزار و 335) حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە کە (4 هەزارو 907) حاڵەتیان لە دادگاکان و (هەزار 428) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان یەکلابونەتەوەو دواتر لە دادگا پەسەند کراون. لە کانونی شوباتی 2023 دا، (27 هەزار و 510) حاڵەتی هاوسەرگیری ئەنجامدراوە کە (22 هەزارو 16) گرێبەستیان لە دادگاکان و (5 هەزار 494) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دراوە و دواتر لە دادگا پەسەند کراون. لەگەڵ ئەوەشدا (6 هەزار و 147) حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە کە (4 هەزارو 641) حاڵەتیان لە دادگاکان و (هەزار 506) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان یەکلابونەتەوەو دواتر لە دادگا پەسەند کراون. لە مانگی ئازاری 2023 دا، (27 هەزار و 613) حاڵەتی هاوسەرگیری ئەنجامدراوە کە (24 هەزارو 376) گرێبەستیان لە دادگاکان و (3 هەزار 237) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دراوە و دواتر لە دادگا پەسەند کراون. هاوکات (6 هەزار و 518) حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە کە (4 هەزارو 833) حاڵەتیان لە دادگاکان و (هەزار 685) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان یەکلابونەتەوەو دواتر لە دادگا پەسەند کراون. لە مانگی نیسانی 2023 دا، کەمترین ڕێژەی هاوسەرگیری تۆمارکراوە بەراورد مانگەکانی دیکەی نیوەی یەکەمی ئەمساڵ، بەجۆرێک؛ (17 هەزار و 105) حاڵەتی هاوسەرگیری ئەنجامدراوە کە (14 هەزارو 786) گرێبەستیان لە دادگاکان و (2 هەزار 319) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دراوە و دواتر لە دادگا پەسەند کراون. بە هەمان شێوەی ئامارەکانی هاوسەرگیری کەمترین ڕێژەی جیابوونەو لەم مانگەدا تۆمار کراوە کە بریتی بووە لە؛ (4 هەزار و 643) حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە کە (3 هەزارو 317) حاڵەتیان لە دادگاکان و (هەزار 326) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان یەکلابونەتەوەو دواتر لە دادگا پەسەند کراون. بە پێچەوانەی مانگی نیسان لە مانگی ئایاری 2023 دا، بەرزترین ڕێژەی هاوسەرگیری تۆمارکراوە بەراورد مانگەکانی دیکەی نیوەی یەکەمی ئەمساڵ، بەجۆرێک؛ (28 هەزار و 840) حاڵەتی هاوسەرگیری ئەنجامدراوە کە (25 هەزارو 610) گرێبەستیان لە دادگاکان و (3 هەزار 230) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دراوە و دواتر لە دادگا پەسەند کراون. بە هەمان شێوەی ئامارەکانی هاوسەرگیری بەرزترین ڕێژەی جیابوونەو لەم مانگەدا تۆمار کراوە کە بریتی بووە لە؛ (6 هەزار و 728) حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە کە (4 هەزارو 932) حاڵەتیان لە دادگاکان و (هەزار 796) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان یەکلابونەتەوەو دواتر لە دادگا پەسەند کراون. بەم پێیە وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا لەگەڵ مانگی حوزەیراندا، حاڵەتەکان (هاوسەرگیری و جیابوونەوە) لە نیوەی یەکەمی (2023)دا دەگاتە (152 هەزار و 161) هاوسەرگیری تۆمارکراو و (36 هەزار و 251) حاڵەتی جیابوونەوە. (بڕوانە خشتە و چارتی هاوپێچ)


(درەو): كۆمپانیا بیانییەكانی بواری نەوت لە هەرێمی كوردستان لەبەیاننامەیەكدا هۆشداری دەدەن لەوەی، ئەگەر راوەستانی هەناردەی نەوت بەردەوام بێت، پیشەسازی نەوت لە هەرێم زیانی پێدەگات‌و رەنگە نەتوانن وەكو ئەوەی لە یاسای بودجەی عێراقدا كوردستانی پێوە پابەندكراوە، رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنن.   كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان كە بە (APIKUR) ناسراوە، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، چوار مانگ بەسەر داخستنی بۆریی عێراق-توركیا (ITP)دا تێدەپەڕێت. داخستنی بەردەوام كاریگەری بەرچاوی لەسەر وەبەرهێنانی بیانی لە كوردستان هەیە‌و داخستنی درێژخایەنیش هەڕەشە لە هەزاران هەلی كار لە هەرێم دەكات. ئەو كۆمپانیایانەی كە لە كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستاندا ئەندامن بریتین لە كۆمپانیاكانی (DNO- Genel Energy- Gulf Keystone Petroleum- HKN Energy - ShaMaran Petroleum). بەیاننامەكەیان باسلەوە دەكات، كۆمپانیاكان پلانەكانی خەرجكردنیان لە ناوچەكەدا بەنزیكەی 400 ملیۆن دۆلار لە ساڵی 2023دا كەمكردووەتەوە، سەرباری ئەمە پێداچوونەوە بۆ پلانی خەرجییەكانیان لە ساڵی 2024دا دەكەن.   كۆمەڵەكە دەڵێ:" بەبێ دڵنیابوون لەوەی كەی بۆری نەوتی عێراق- توركیا دەكرێتەوە، یان كەی پرۆسەی پارەدان بۆ هەناردەی نەوتی كوردستان دەستپێدەكاتەوە، كۆمپانیا ئەندامەكانمان ناچاربوون هەنگاو بنێن بۆ كەمكردنەوەی خەرجییەكانیان، ئەمەش بوەتە هۆی دەركردنی سەدان كارمەند".  كۆمەڵەكە هۆشداری دەدات لەوەی" ئەگەر پچڕانی بۆرییەكان بەردەوام بێت، ئەوا وەبەرهێنانی بیانی زیاتر كەمدەبێتەوە، ئەمەش لە بەرامبەردا هەلی كار زیاتر دەخاتە مەترسییەوەو توانای گەیاندنی پیشەسازیش بۆ پێشكەشكردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دەخاتە مەترسییەوە، كە بەگوێرەی یاسای بودجەی 2023 بۆ 2025ی عێراق داواكراوە". كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان بەناو كۆمپانیا بیانییەكانەوە بانگەواز لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات كە هەوڵەكانیان دوو هێندە بكەن بۆ چارەسەركردن راوەستانی هەناردەی نەوت لەكاتێكی گونجاودا.  دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس‌و یەكلابوونەوەی ئەو سكاڵایەی كە عێراق دژی بەكارهێنانی بۆرییەكانی نەوت لەسەر توركیای تۆماركردبوو، توركیا لە بەرەبەیانی رۆژی 25ی ئازاری ئەمساڵەوە هەناردەی نەوتی كوردستانی راگرت، لەوكاتەوە تائێستا هەناردەی نەوتی كوردستان دەستی پێنەكردوەتەوە، ئەمە سەرباری رێككەوتنی هەردوو حكومەتی بەغدادو هەولێر بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردە.  سەرچاوە ئاگادارەكان دەڵێن، توركیا دەیەوێت عێراق لێخۆشبوونی بۆ بكات لەو (ملیارو 500 ملیۆن) دۆلارەی كە دادگای پاریس وەكو قەرەبوو بەسەریدا سەپاندووە.  یاسای بودجەی 2023ی عێراق كە تا 2025 كاری پێدەكرێت، چارەسەری بۆ ئەم دۆخە دۆزیوەتەوە‌و دەڵێ" ئەگەر نەتوانرا نەوتی هەرێمی كوردستان هەناردەی دەرەوە بكرێت، ئەوا دەبێت هەرێم رۆژانە بڕی 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی عێراق بكات بەمەبەستی بەكارهێنانی لە ناوخۆدا".  بەپێی قسەی ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بەمدواییە هەرێم رۆژانە 50 بۆ 60 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی عێراق دەكات بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی.  سەرباری ئەمە، یاسای بودجەی فیدراڵی عێراق نرخی بەرهەمهێنانی نەوتی لە كوردستان بەو نرخە دیاریكردووە كە لە وەزارەتی نەوتی عێراق هەیە، ئەمەش هەرێمی كوردستان روبەڕووی كورتهێنان دەكاتەوە، چونكە نرخی بەرهەمهێنانی نەوت لە كوردستان زیاترە لە عێراق.  هەموو ئەمانە ئاڵنگارین لەبەردەم كاری كۆمپانیا بیانییەكان لە هەرێمی كوردستان، دوێنێ هەردوو حكومەتی هەرێم‌و فیدراڵ رێككەوتنێكیان ئیمزا كرد، بەگوێرەی رێككەوتنەكە لەبەرامبەر پێدانی بەشە بودجە، هەرێمی كوردستان ناچار دەكات بەتەواوەتی پابەند بێت بە هەموو ماددەو بڕگەكانی تری یاسای بودجەوە.   


(درەو): حكومەتی هەرێم لە یاسای بودجەدا قایل بوو داهاتی نەوتەكەی رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بكات، لە دانوستانی جێبەجێكردنی یاسای بودجەشدا داهاتە نانەوتییەكانی بەرێژەی 100% رادەستی بەغداد كرد.  ئاژانسی دەنگوباسەكانی عێراق لەزاری سەرچاوەیەكی حكومییەوە ئاشكرایكرد، بەغدادو هەولێر ئیمزایان لەسەر رێككەوتنێك كردووە سەبارەت بە پابەندبوونی تەواوەتی بە جێبەجێكردنی دەقەكانی یاسای بوجەی گشتی، بەپێی رێككەوتنەكە دەبێت حكومەتی هەرێم نەوت رادەستی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بكات.  سەرچاوە حكومییەكە دەڵێ:" ئەوەی لە ماددەی 12/دووەم/ج هاتووە جێبەجێ دەكرێت، حكومەتی هەرێم نەوت رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق دەكات‌و دواتر وەزارەتی دارایی عێراق قەرەبووی حكومەتی هەرێم دەكاتەوە لە خەرجی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی ئەو نەوتەی لە هەرێمی وەردەگرێت، بەپێی ئەوەی لە دەقی یاساكەدا هاتووە، بەگوێرەی خەرجی بەرهەمهێنان نەوت لە وەزارەتی نەوتی عێراق خەرجی بەرهەمهێنانی نەوت لە كوردستان ئەژماردەكرێت".  باسلەوە دەكات" بەگوێرەی رێككەوتنەكە، حكومەتی هەرێم هەموو داهاتە نانەوتییەكانی بەرێژەی 100% رادەستی بەغداد دەكات‌و دەخرێتە حسابی وەزارەتی دارایی عێراق لە بانكی ناوەندیی، ئەمەش بەگوێرەی یاسای ئیدارەی دارایی، دواتر وەزارەتی دارایی بەگوێرەی ماددەی 21/ دووەمی یاسای بودجە، هاوشێوەی پارێزگاكانی عێراق رێژەی 50%ی داهاتی دەروازە سنورییەكان بۆ هەرێم دەگەڕێنێتەوە". "رێككەوتنەكە پێكهێنانی لیژنەیەك لە هەردوولا لەخۆدەگرێت بۆ چاودێركردنی داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم‌و بەگوێرەی یاسای بودجە دەبێت لیژنەكە لەماوەی مانگێكدا كارەكانی تەواو بكات" سەرچاوەكە وا دەڵێ.  ئاماژە بەوە دەكات، بەپێی ماددەی 12/دووەم/ه لە یاسای بودجە، بەو مەرجە پارە بە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان   دەدرێت كە حكومەتی هەرێم بەردەوام بێت لە جێبەجێكردنی یاسای بودجە بەتایبەتی ماددەی 12/دووەم/ 1،ب،ج، د، بەگوێرەی ئەو میكانیزمەی رێككەوتنی لەسەر كراوە.   


(درەو): "هەرێمی كوردستان پابەند كراوە بە پێدانی پارەی كۆمپانیا نەوتییەكان هاوشێوەی بەغداد، داهاتە نانەوتییەكانی دەخاتە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی عێراق، وەزارەتی دارایی 50%ی داهاتی دەروازە سنورییەكان دەگەڕێنێتەوە بۆ هەرێم، تا ئەو كاتەی هەرێم پابەند دەبێت بە رێككەوتنەكەو بەغداد بە پێی یاسای بودجە تەمویلی هەرێم دەكات" ئەمە بەشێكە لە خاڵەكانی رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد كە لەلایەن د. ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و كازم حەسەنی راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراقه‌وه‌ ئیمزای له‌سه‌ر كراوه‌. شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرەبەیانی ئەمڕۆ بڵاویكردەوە، لەگەڵ شاندی حكومەتی ئیتیحادی كۆبووه‌ته‌وە سەبارەت بە جێبەجێكردنی یاسای بودجه،‌ بەمەبەستی ناردنی شایستە داراییە‌كانی هەرێمی كوردستان، لە دەرئەنجامی كۆبوونەوەكە هەردوولا گەیشتنە رێككەوتن و كۆنوسێكی هاوبەش لەنێوان هەردوو شاندەكە واژۆ كرا. بەپێی زانیارییه‌كانی (درەو)، بە ئامادەیی د. فوئاد حسێن یاریدەدەری سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و كازم حەسەنی راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری ئابوری رێككه‌وتنه‌كه‌یان ئیمزاكردووه‌.   (درەو) زانیویه‌تی، رێككەوتنەكەی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵ لە (5) خاڵ پێكهاتووە ككه‌ ئه‌مانه‌ن:  یەكەم؛ حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند كراوە، پارەی ئەو كۆمپانیا نەوتیانە بدات كە لە كه‌رتی نەوتی هەرێم كار دەكەن، لەسەر بنەمای ئەو نرخەی كە نەوتی عێراقی پێ بەرهەمدەهێندرێت و  كۆمپانیا نەوتییەكانی وەزارەتی نەوتی عێراق كاری پێدەكەن. دووه‌م؛ هەرێمی كوردستان داهاتە نا نەوتییەكانی دەخاتە هەژمارێكی وەزارەتی دارایی عێراق، لەگەڵ ئەوەی وەفدی هەرێمی كوردستان لێكدانەوەی تریان هەیە بۆ ئەو بابەتەو دەیانەوێت تەنیا 50%)ی داهاتی دامەزراوە فیدراڵییەكان لە هەرێم رادەستبكەن. سێیه‌م؛ دوای ئەوەی هەرێم داهاتە نانەوتییەكانی رادەستكرد، وەزارەتی دارایی عێراق، 50%ی داهاتی دەروازە سنورییەكان دەگەڕێنێتەوە بۆ هەرێم. چواره‌م؛ لیژنەیەكی هاوبەش پێكدەهێنرێت بۆ بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە لە پرسی داهاتی نانەوتی هەرێم، بۆ ئەوەی بزانرێت، چەند لەو داهاتە دەبێت بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی عێراق و چەندی بۆ هەرێم بگەڕێندرێتەوە. پێنجه‌م؛ كاتێك هەرێم پابەند دەبێت بەو خاڵانەی سەرەوە، وەزارەتی دارایی عێراق هەڵدەسێت بە تەمویلكردنی هەرێم بەپێی یاسای بودجەی ٢٠٢٣، تا ئەو كاتەی هەرێم بەردەوام دەبێت لە پاندبوونی بەو خاڵانە.    


شیكاری: درەو پشت بەست بە دواین هەڵبژارنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای کەرکوک؛ کورد بە یەکڕیزی لە کەرکوک براوەی یەکەم دەبێت بە مسۆگەر کردنی (6) کورسی، پێکهاتەی عەرەب (4) کورسی و تروکمانیش (2) کورسی بەدەستدەهێنێت و (3) کورسیش بە خۆڵەمێشی دەمێنێتەوە و بێگومان کورد پشکی تێیدا دەبێت. بە پەرتەوازەییش لایەنە کوردییەکان، کوتلەی گەورەی نێو ئەنجومەن لەدەست دەدەن، بەپێی یاسای هەڵبژاردن پۆستی پارێزگار بۆ ماوەیەکی نادیار و درێژ لە لایەک و ئومێدی پێکهاتەی کوردیش لە کەرکوک دەدۆڕێنن. یەکەم؛ پارێزگای کەرکوک لە چوارچێوەی یاسای هەڵبژاردندا ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق، لە كۆتایی (2019)دا بەپێی هەمواری دوەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەلایەن پەرلەمانەوە كۆتایی بە كارەكانیان هێنرا، وەک بەشێک لە وەڵامدانەوەی داواكاری خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئەوكاتی بەغدا و چەند پارێزگایەكی دیكە. لەو کات بەدواوە بەردەوام هەوڵ هەبووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق. دواجار پەرلەمانی عێراق لە )27ی ئازاری 2023) بە زۆرینەی دەنگ هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاكان و قەزاكانی پەسەند كرد، بەپێی ئەو هەموارە، تەنیا یاسایەک بۆ هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكان لە عێراق بەرکاردەبێت، ئەویش یاسای ژمارە (12) ی ساڵی (2018)ی هەموارکراو دەبێت. هەموارەكە چەندین گۆڕانكاری لە هەردوو هەڵبژاردنەكەدا كردووە، بە تایبەت لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا كە بۆ (10) ساڵ دەچێت لە عێراق ئەنجام نەدراوە، لە پارێزگای کەرکوکیش (18) ساڵە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەڕێوە نەچووە، بەشێكی گۆڕانكارییەكان لە نێو یاساکە پەیوەستن بە ژمارەی كورسییەكانی ئەنجومەنی پارێزگاکان، تۆماری دەنگدان و دەنگدانی ئاوارە لە كەركوك. لە ماددەی (5) ی هەمواری یاساكەدا هاتووە؛ "ئەنجومەنی وەزیران بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان وادەی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەئەمساڵدا دیاریدەكات، كە ئەو وادەیە لە 20ی كانونی یەكەمی 2023 تێنەپەڕێت". لە سەر بنەمای ئەو دەقە یاساییە رۆژی (20/6/2023)دا نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە؛ "ئەنجومەنی وەزیران ڕۆژی (18ی کانونی یەکەمی 2023)ی وەک وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاکان دیاریکردوە". ئەوەشی تایبەتە بە پارێزگای کەرکوک لە چوارچێوەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن، ماددەی (35)ی یاسای ژمارە (12)ی ساڵی (2018) هەڵوەشێنراوەتەوەو چەند بڕگەیەكی یاسایی جێگەی گرتووەتەوە. لە بڕگەی یەكەمی ماددەی (13)ی هەموارەكەدا هاتووە؛ "كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بە هەماهەنگی وەزارەتەكانی (ناوخۆ، تەندروستی، داد، بازرگانی و پلاندانان) لەگەڵ نوێنەرانی هەموو پێكهاتە كۆمەڵایەتییەكانی پارێزگای كەركوك لە پەرلەمان وردبینی بۆ تۆماری دەنگدەرانی پارێزگاكە دەكات لەسەر چەند بنەمایەك". بەپێی بنەمای یەكەمی وردبینییەكە؛ ئەو هاوڵاتیانەی لەچوارچێوەی سەرژمێری ساڵی (1957) تۆماركراون، جگە لە هاوڵاتیانی ناحیەکانی (زاب و سەرگەڕان)، ناویان لەتۆماری هەڵبژاردنی پارێزگای كەركوك دەبێت كە لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاكان پشتی پێدەبەسترێت. لە بنەمای دوەمدا هاتووە؛ ئەو هاوڵاتییانەی راگوێزرابون و گەڕاونەتەوە و رێكارەكانی لیژنەی تایبەت بە ماددەی (140)ی دەستوریان تێپەڕاندووە یان رێكارەكانی ئەو لیژنەیە تێدەپەڕێنن، ئەوا ناویان لە تۆماری دەنگداندا دەبێت. هەروەها بنەمای سێیەمی وردبینی تۆماری دەنگدەران باس لەوە دەكات؛ هاوڵاتیانی نیشتەجێبی پارێزگای كەركوك كە لەڕێی كۆبۆنی خۆراك پێش ساڵی (2003)ەوە دەتوانن نیشتەجێبونیان لە سنورەكەدا بسەلمێنن، مافی دەنگدانیان دەبێت. بڕگەی دووەمی ماددەی (13)ی پەیوەست بە كەركوك لە هەموارەكەدا هاتووە؛ "ئەنجامی هەڵبژاردنەكان نابنە بنەمای یاسایی و ئیداری په‌یوه‌ست به‌ دیاریكردنی داهاتووی كه‌ركوك". ته‌واوی پارێزگای كه‌ركوك، ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی عێراق و هه‌رێمی كوردستان، یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی چاره‌نوسیشی له‌ چوارچێوه‌ی مادده‌ی (140)ی ده‌ستوردایه‌ له‌رێی سێ قۆناغی ئاساییكردنه‌وه‌، سه‌رژمێری و راپرسی. لە بڕگەیەكی دیكەی یاسای هەڵبژاردندا هاتووە كە حوكمەكانی ماددەی (13)ی تایبەت بە كەركوك تەنیا بۆ یەك خولی هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكانە. بەپێی بڕگەی چوارەم و كۆتایی ئەو ماددەیە؛ "دەسەڵات بەپێی نوێنەرایەتیكردنێكی دادپەروەرانە دابەشدەكرێت. كە زامنی بەشداریكردنی پێكهاتەكانی پارێزگاكە بكات بەدەر لەئەنجامی هەڵبژاردنەكان". ئەوەش لە كاتێكدایە پێشتر لە ماددەی (35)ی هەمواركراوی یاساكەدا كە ئێستا هەڵوەشێنراوەتەوە، دەبوو ئه‌نجومه‌نی پارێزگا رێكارێك دابنێت بۆ دابه‌شكردنی پۆسته‌ باڵاكانی كه‌ركوك، به‌ده‌ر له‌ پۆسته‌ فیدراڵییه‌كان، بە رەچاوكردنی پشكی نه‌ته‌وه‌كان. پارێزگای كەركوك، لە دوای ساڵی (2003)ەوە لەسەر بنەمای پرۆژەیەكی جەلال تاڵه‌بانی، سكرتێری ئەوکاتی یەكێتیی پۆستەكانی لەسەدا (32) بۆ هەریەك لە پێكهاتەكانی كورد، عەرەب ‌و توركمان دیاریكرا، لەگەڵ سەدا چوار بۆ كریستیان، به‌ڵام چەند ساڵێكە ناكۆكی له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش هه‌یه. هەروەها هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكان، زنجیرەیەك گۆڕانكاری دەربارەی دەنگدانی ئاوارە ناوخۆییەكانی ناو كەمپ و دەرەوەی جێگیركردووە، لە ماددەی (3)دا هاتووە؛ "ئاوارە ئەو عێراقییەیە كە لە دوای (9 ی كانونی یەكەمی 2013) لە شوێنی هەمیشەیی خۆیەوە بۆ شوێنێكی دیكەی ناو وڵات ئاوارە بووە". بەپێی ماددەی (16)ی هەموارەكە، ماددەی (47)ی یاسای ژمارە (12)ی (2018) هەڵدەوەشێنرێتەوە و چەند بڕگەیەكی دیكە جێگەی دەگرێتەوە، لە بڕیەكیاندا هاتووە كە؛ "تۆماری دەنگدەرانی ئاوارە پشت بە دوایین ئاماری رەسمی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران دەبەستێت و ئاوارەی ناو كەمپ، مافی ئەوەی هەیە لە كەمپەكەوە دەنگ بۆ دائیرەی هەڵبژاردنی زێدی خۆی بدات". لە هەمواری سێیەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكاندا؛ "كورسییەكانی ئەنجومەنی پارێزگا زیاتر لە نیوەی نامێنێت بەراورد بە پێشتر، بەڵام ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان و دابەشكارییان بەپێی پارێزگاكان، وەك خۆی دەمێنێتەوە. بەپێی بڕگەی دوەم لە ماددەی (9) ی هەموارە نوێیەكە؛ "ئەنجومەنی پارێزگا لە 12 كورسی پێكدێت، بۆ هەر 200 هەزار كەسێك كورسییەكی دیكە زیاد دەكرێت كاتێك ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاكە لە ملیۆنێك كەس تێپەڕێت، ئەوەش پاڵپشت بە ئاماری وەزارەتی پلاندانان بۆ ساڵی 2019". لەو دابەشكارییەدا ئەنجومەنی پارێزگای كه‌ركوك دەبێتە (16) كورسی، كە كورسییەكی بۆ كۆتای كریستیانە، ئه‌وه‌ش به‌پێی ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی ده‌گاته‌ زیاتر له‌ (ملیۆنێك و 600 هه‌زار) كه‌س، لەكاتێكدا لە هەڵبژاردنی (2005) ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە (41) کورسی پێکهاتبوو. بەپێی ماددەی (19)ی هەموارەكە هیچ پەرلەمانتار یان ئەندامێكی ئەنجومەن یان حزب یاخود كوتلەی براوەی هەڵبژاردن ناتوانێت بگوازێتەوە بۆ هاوپەیمانی یان حزب یاخود كوتلەی دیكە تا دوای پێكهێنانی حكومەت یان هەڵبژاردنی پارێزگار و جێگرەكانی. هەر پارێزگایەك یەك بازنەی هەڵبژاردن دەبێت، بەپێی ماددەی (12) لە یاسا هەموارەكە، كە لە هەڵبژاردنی رابردوی پەرلەماندا هەر پارێزگایەك كرابوو بە چەند بازنەیەكی هەڵبژاردن. بەپێی ماددەی (7)ی هەموارەكە لەمەودوا یەكلاكردنەوەی كورسییەكانی هەڵبژاردن و دابەشكاری دەنگەكان بەپێی سیستەمی سانتلیگۆی هەموارکراو (1.7 – 3 – 5 - 7 – 9 .....هتد) دەبێت. دووەم؛ بەشداری کورد لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە نێوان یەکڕیزی پەرتەوازەییدا لەبەر رۆشنایی ئەو چوارچێوە یاساییەی لە بەشی پێشتردا ئاماژەمان پێدا، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، بە تایبەتیش لە پارێزگای کەرکوک لە دۆخێکی تەواو جیاوازدا بەڕێوە دەچێت، بەتایبەتیش ئەم هەڵبژاردنە بۆ پێکهاتەی کورد لە کەرکوک چارەنوسسازەو بۆ بەشداریکردنیش لەبەردەم چەند ئەگەرێکدایە و هەر ئەگەرێکیش لێکەوتەی خۆی هەیە بۆ پێکهاتەی کورد لە کەرکوک، کە لەم بەشەدا لەسەر بنەمای دەنگی پێکهاتە و لایەنەکانی بەشدار لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە (10/10/2021) بەڕێوەچوو، لەو پارێزگایە لێکدەدەینەوە. 1.    پێگەی پێکهاتەکان لەسەر بنەمای یەکڕیزیان لە پارێزگای کەرکوک بەپێی دواین ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای کەرکوک کە لە (10/10/2021) بەڕێوەچوو _ کە پارێزگاکە لە سێ بازنەی هەڵبژاردن پێکهاتبوو وردەکاری ئەنجامە پەسەند کراوەکە هاوپێچی ئەم ڕاپۆرتەیە_ لە سەر ئاستی هەرسێ بازنەکەی هەڵبژاردن (409 هەزار و 494) دەنگی ڕاستەقینە بەدەستهاتووە، بەجۆرێک؛ پێکهاتەی کورد زۆرینەی دەنگەکانی پارێزگاکەی بردووەتەوە بە (160 هەزار و 370) دەنگ، پێکهاتەی عەرەب بە پلەی دووەم دێت بە (120 هەزار و 672) دەنگ و پێکهاتەی تروکمان پلەی سێیەمی هەیە بە (45 هەزار و 773) دەنگی و سەربەخۆکانیش (82 هەزار و 679) دەنگیان بەدەستهێناوە (لێرەدا بە دەنگی خۆڵەمێشی مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین). بڕوانە خشتەی ژمارە (1).   ئەگەر پێکهاتەکان (کورد، عەرەب و تروکمان) هەر یەکەو بە لیستێکی سەربەخۆ و بەیەکڕیزی بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بکەن، بەپێی ماددەی (7)ی هەموارەكە یەكلاكردنەوەی كورسییەكانی هەڵبژاردن و دابەشكاری دەنگەكان بەپێی سیستەمی سانتلیگۆی هەموارکراو (1.7 – 3 – 5 - 7 – 9 .....) پەیڕەو بکرێت. ئەوا پێکهاتەی کورد (6) کورسی مسۆگەر دەکات و پێکهاتەی عەرەب (4) کورسی و تروکمان (2) کورسی و (3) کورسیش بە خۆڵەمێشی دەمێنێتەوە و بێگومان کورد پشکی تێیدا دەبێت وەک لە گریمانەی یەکەم ڕونکراوەتەوە. گریمانەی یەکەم 2.    پێگەی پێکهاتەکان لەسەر بنەمای پەرتەوازەیی کورد لە پارێزگای کەرکوک تا ئێستا لایەنە کوردییەکانی پارێزگای کەرکوک نەگەیشتوون بە هیچ هاوپەیمانێتی یاخود لیستێکی هاوبەشی پێکهاتەی کورد، لە ناوچە جێناکۆکەکان، بە تایبەتیش لە پارێزگای کەرکوک. بۆیە ئەگەر تا کاتی دەرگا داخستی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق بەڕووی تۆمارکردنی هاوپەیمانێتییەکان بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاکان لیستی هاوبەشی کورد تۆمار نەکرێت، ئەوا ئەم بژاردەیە بۆ پێکهاتەی کورد نزیک دەبێتەوە لە بەدیهانتی. پاڵپشت بە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای کەرکوک کە لە (10/10/2021) بەڕێوەچوو، لە سەر ئاستی هەرسێ بازنەکەی هەڵبژاردن (409 هەزار و 494) دەنگی ڕاستەقینە بەدەستهاتووە، بەجۆرێک؛ پێکهاتەی کورد دەنگەکانی دابەشبووە بەسەر (یەکێتی (82 هەزار و 286) دەنگ، پارتی (49 هەزار و 538) دەنگ، نەوەی نوێ (25 هەزار و 391) دەنگ، بزوتنەوەی گۆڕان (2 هەزار و 481) دەنگ، سۆسیالست (425) دەنگ، زەحمەتکێشان (249) دەنگ و کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی بەهۆی ئەوەی کاندیدیان نەبووە بۆیە هیچ دەنگێکیان بەدەست نەهێناوە)، پێکهاتەی عەرەب (120 هەزار و 672) دەنگ و پێکهاتەی تروکمان (45 هەزار و 773) دەنگی و سەربەخۆکانیش (82 هەزار و 679) دەنگیان بەدەستهێناوە (لێرەدا بە دەنگی خۆڵەمێشی مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین). بڕوانە خشتەی ژمارە (2).   ئەگەر کورد بە پەرتەوازەیی و پێکهاتەکانی (عەرەب و تروکمان) هەر یەکەو بە لیستێکی سەربەخۆ و بەیەکڕیزی بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بکەن، بەپێی ماددەی (7)ی هەموارەكە یەكلاكردنەوەی كورسییەكانی هەڵبژاردن و دابەشكاری دەنگەكان بەپێی سیستەمی سانتلیگۆی هەموارکراو (1.7 – 3 – 5 - 7 – 9 .....) پەیڕەو بکرێت. یەکێتی (3) کورسی و پارتی (2) کورسی و نەوەی نوێ (1) کورسی بەدەستدەهێنێت و (بزوتنەوەی گۆڕان، سۆسیالست، زەحمەتکێشان و ئیسلامییەکان) هیچ کورسییەک نابەنەوەو پێکهاتەی عەرەب (4) کورسی و تروکمان (2) کورسی و (3) کورسیش بە خۆڵەمێشی دەمێنێتەوە وەک لە گریمانەی دووەمدا ڕونکراوەتەوە. گریمانەی دووەم ئەگەر لە دەرەنجامی گریمانەی دووەم (کە پەرتەوازەیی کورد) نیشان دەدات، ورد ببینەوە، ئەوا جیاوازی ئەوتۆ بەدیناکرێت لە گەڵ (یەکڕیزی کورد) لە ڕووی ژمارەی کورسییەوە، بۆ پێکهاتەکانی کەرکوک بە کورد و پێکهاتەکانی دیکەشەوە، بەڵام بۆ پێکهاتەی کورد دوو خاڵی هەرە لاواز ئەوە دەبێت کە؛ یەکەم؛ لاوازی لایەنە کوردییەکان دەردەخات بۆ گەیشتن بە لێکنزیکبوونەوەیەکی هاوبەش، بەتایبەت لە پرسێکی گرنگی نەتەوەیی و پەیوەست بە "خاک"، ئەگەری قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکانیش زیاتر دەکات بە تایبەت لە ڕەنگدانەوەی دەبێت لە سەر دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستانیش، سەرباری ئەوەی جۆرێک لە بێهیوایی لای هاوڵاتیانی کورد لە پارێزگای کەرکوک دروست دەکات و دوور نییە ببێتە هۆی دابەزینی ئاستی ڕێژەی بەشداری کورد لە هەڵبژاردن. دووەم؛ بەپێی ماددەی (19)ی هەموارەی یاساکە "هیچ پەرلەمانتار یان ئەندامێكی ئەنجومەن یان حزب یاخود كوتلەی براوەی هەڵبژاردن ناتوانێت بگوازێتەوە بۆ هاوپەیمانی یان حزب یاخود كوتلەی دیكە تا دوای پێكهێنانی حكومەت یان هەڵبژاردنی پارێزگار و جێگرەكانی". ئەمەش ڕێگە خۆشدەکات بۆ ئەوەی گەورەترین کوتلەی نێو ئەنجومەنی پارێزگا، کانیدی خۆی پێشکەش بکات بۆ پۆستی پارێزگار، بێگومان ئەو کوتلەیەش پێکهاتەی کوردی نابێت، ئەگەر کورد بە پەرتەوازەیی بەشداری ئەم هەڵبژاردنە بکات. هاوپێچەکان ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە پارێزگای کەرکوک -    ئەنجومەنی نوێنەران یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2023ی هەمواری سێیەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاکانی ژمارە (12)ی ساڵی 2018ی لە (26/3/2023). -    کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 10/10/2021. https://ihec.iq/12986-2/ -    کەرکوک ناو، وردەكاری گۆڕانكارییەكانی یاسای هەڵبژاردن، (ڕاپۆرت)، 11/5/2023. https://kirkuknow.com/ku/news/69421 -    درەو میدیا، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، (ڕاپۆرت)، 22/6/2023. https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=13180    


(درەو): لەسەر سكاڵای حاجی (كامیل)، دادگای سلێمانی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ حاجی (عیرفان) دەركرد، ئەم دوو پیاوە هەردووكیان خۆیان بە رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی دەناسێنن، دادگا‌و فەرمانگەی حزبە سیاسییەكان لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق هێشتا ئەم ناكۆكییەی یەكلانەكردوەتەوە. فەرمانی دەستگیركردن بۆ رابەری بزوتنەوە دادگای سلێمانی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ (عیرفان عەلی عەبدولعەزیز) رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی دەركرد. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، فەرمانی دەستگیركردنەكە لەسەر سكاڵایەكە كە (كامیل حاجی عەلی)ی تۆماریكردووە، حاجی كامیل رۆژی 11ی ئایاری ئەمساڵ بەفەرمی خۆی وەكو رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی ناساند، ئیتر لێرەوە ناكۆكیی نێوان هەردوو حاجییەكە كەوتە قۆناغێكی نوێوە.  رۆژی 5ی شوباتی 2022 كۆنگرەی 12ی بزوتنەوەی ئیسلامی لە هەولێر بەڕێوەچوو، لەم كۆنگرەیەدا تەنیا یەك كاندید هەبوو بۆ پۆستی رابەری گشتی كە ئەویش كامیل حاجی عەلی بوو، بەڵام بەهۆی ئەو سەقفەی بۆ دەنگی رابەر دانرابوو، وەكو رابەر دانەنراو حاجی (عیرفان عەلی عەبدولعەزیز) وەكو رابەری بزوتنەوەكە مایەوە. ئەم دۆخە ناكۆكییەكی نوێی لەناو بزوتنەوەدا دروستكرد، كامیل حاجی عەلی و لایەنگرەكانی ئەنجامی كۆنگرەكەیان رەتكردەوە، هەردوو تەرەفی ناكۆك كێشەكانیان بردە فەرمانگەو حزب و رێكخراوە سیاسییەكان لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، كۆمسیۆن هێشتا بڕیاری كۆتایی نەداوە لەبارەی ئەوەی كام یەكێك لەو دوو تەرەفە دەبێت بە خاوەنی ناوی (بزوتنەوەی ئیسلامی)، بەڵام ئێستا ئەم دوو تەرەفە دوو بزوتنەوەی ئیسلامییان دروستكردووە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بەر لە جیابونەوەی تەواوەتی، كۆبونەوەیەك لەنێوان هەردوو حاجییەكەدا بەڕێوەچووە، لەم كۆبونەوەیەدا حاجی كامیل تەئكیدی كردوەتەوە كە باڵەكەی ئەو جیابونەوەی خۆیان رادەگەیەنن، ئیتر مشتومڕ دروستبووە، ئێستا حاجی كامیل بانگەشەی ئەوە دەكات لە كۆبونەوەكەدا حاجی عیرفان هەڕەشەی كوشتنی لێكردووە‌و بۆ ئەمەش لە دادگا سكاڵای تۆماركردووە.  سه‌رچاوه‌ ئاگاداره‌كان ده‌ڵێن، سكاڵا یاساییه‌كه‌ نوێ نییه‌، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی حاجی عیرفان نه‌چووه‌ته‌ به‌رده‌م دادگا، بۆیه‌ فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ ده‌رچووه‌. لەبارەی بزوتنەوەی ئیسلامییەوە بزوتنەوەیەكی ئیسلامی كوردستان ساڵی 1987 لەلایەن مەلا (عوسمان عەبدولعەزیز) لە ئێران دامەزراوەو تا ئێستا (12) كۆنگرەی بەستووە. ئایاری 2001 عەلی باپیرو ژمارەیەك لەسەركردەكانی تری ئەم بزوتنەوەیە جیابونەوە‌و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستانیان راگەیاند كە ئێستا ناوەكەی گۆڕدراوە بۆ (كۆمەڵی داگەریی كوردستان).  دوای كشانەوەی دامودەزگاكانی حكومەتی بەعس لە هەرێمی كوردستان، یەكەم شەڕی ناوخۆیی لە هەرێمی كوردستان ساڵی 1993 لەنێوان بزوتنەوەی ئیسلامی‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا روویدا، لەم شەڕەدا یەكێتی رابەری گشتی بزوتنەوە (عوسمان  عەبدولعەزیز)ی دەستگیركرد‌و دواتر لەسەر داوای مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی ئازادی كرد‌و بارزانی لە پیرمام پێشوازی لێكردن، لەچوارچێوەی هەوڵێكی ئێرانییەكاندا دوای یەكەمین شەڕی ناوخۆیی، بزوتنەوەی ئیسلامی‌و یەكێتی نیشتمانی كۆتاییان بە شەڕ هێناو رێككەوتنیان كرد، لەوكاتەوە تاوەكو ساڵی 2001 ناوچەی هەڵەبجە‌و خورماڵ‌و هەورامان بوو بە ناوچەی جێ هەژموونی بزوتنەوەی ئیسلامی‌و لەو ساڵەدا لەچوارچێوەی شەڕی "دژ بە تیرۆر"دا، هێزەكانی ئەمریكا هێرشیان كردەسەر هەندێك گروپ كە لە بزوتنەوەی ئیسلامی جیابوبونەوە، (عەلی عەبدولعەزیز) دووەم رابەری بزوتنەوەی ئیسلامیشیان دەستگیركرد، ئیتر لێرە بەدواوە بزوتنەوە ناوچەی هەژمون‌و هێزی چەكداری خۆی لەدەستدا‌و كۆمەڵی ئیسلامیشی لێ جیابووەوە.  رۆژی 11ی ئایاری ئەمساڵ، لایەنگرانی حاجی كامیل لە هۆڵی هونەر لە شاری سلێمانی ویستیان كۆنگرە رێكبخەن، بەڵام رێگەیان پێنەدرا سندوقی دەنگدان دابنێن، بۆیە لە باخچەی هۆڵی هونەردا بەشێوەی "بەیعەت"، حاجی كامیلیان وەكو رابەری بزوتنەوەی ئیسلامی ناساند.  لە یەكەم هەڵبژاردنی كوردستاندا كە ساڵی 1992 بەڕێوەچوو، بزوتنەوەی ئیسلامی لەژێر ناوی "لیستی ئیسلامی" بەشداریكرد‌و (49 هەزارو 108) دەنگی بەدەستهێنا، كە رێژەی 5%ی تێكڕای دەنگەكانی ئەو هەڵبژاردنەی پێكدەهێنا.  ساڵی 2009 لە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستاندا ئەم بزوتنەوەیە (27 هەزارو 147) دەنگی بەدەستهێناو دوو كورسی پەرلەمانی بردەوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی ساڵی 2010ی پەرلەمانی عێراقدا ژمارەی دەنگەكانی كەمیكرد‌و تەنیا (7 هەزارو 481) دەنگی بەدەستهێنا‌و هیچ كورسییەكی نەبردەوە.  ساڵی 2013 لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا، بزوتنەوەی ئیسلامی (21 هەزارو 834) دەنگی بەدەستهێنا‌و یەك كورسی بردەوە.  بەپێی داتاكانی بەردەستی (درەو)، لە ساڵی 1992 بۆ 2013 دەنگی بزوتنەوە لە هەڵبژاردنەكاندا لە (49 هەزار) دەنگەوە بۆ (21 هەزار) دەنگ كەمیكردووە، واتە نزیكەی 50%ی دەنگەكانی خۆی لەدەستداوە. لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا كە ئەیلولی 2018 بەڕێوەچوو، بزوتنەوەی ئیسلامی بە لیستێكی هاوبەش لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی بەشداری كرد‌و هیچ یەكێك لە كاندیدەكانی سەرنەكەوت بۆ پەرلەمان، لەهەمان ساڵدا كە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، بزوتنەوەی ئیسلامی بایكۆتی هەڵبژاردنی كرد‌و بەشداری نەكرد. ده‌قی فه‌رمانی ده‌ستگیركردنه‌كه‌:


(درەو):  ئەندامێكی لیژنەی نەوت‌و غاز لە پەرلەمانی عێراق باس لە خاڵە ناكۆكەكانی نێوان هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی فیدراڵ دەكات سەبارەت بە یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ.  عەلی سەعدون لامی ئەندامی لیژنەی نەوت‌و غاز لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرایكرد، هیچ بەرەوپێشچوونێك لەبارەی یاسای نەوت‌و غازەوە نییە‌و ناكۆكی نێوان هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی فیدراڵ لەبارەی یاساكە بەردەوامە.  لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی دەنگوباسەكانی عێراق، عەلی لامی دەڵێ:" دیارترین خاڵی ناكۆكی نێوان هەرێم‌و بەغداد بریتییە لە بەڕێوەبردنی كێڵگە نەوتییەكان لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە، كورد داوا دەكەن هەرێم ئیدارەی ئەو كێڵگە نەوتییانە بدات".  بەپێی قسەی ئەم پەرلەمانتارە، جگە لە بەڕێوەبردنی كێڵگەكانی نەوت، هەرێم‌و بەغداد لەبارەی میكانیزمی بەبازاڕخستنی نەوتەوە ناكۆكن، ئایا سۆمۆ بیفرۆشێت یان هەرێمی كوردستان، ئەمە جگە لە ناكۆكی سەبارەت بە داهاتەكانی نەوت.  "گفتوگۆو دانیشتن لەسەر مێز باشترین چارەسەرە بۆ لێكنزیككردنەوەی بیروبۆچوونەكان، ئەندامانی لیژنەی نەوت لە پەرلەمان چاویان بە لەتیف رەشیدی سەرۆك كۆمارو محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران‌و سەركردەی لایەنە سیاسییەكان كەوتووە، هەموویان پاڵپشتی خۆیان بۆ پەسەندكردنی یاسای نەوت‌و غاز دەربڕیوە بەمەبەستی تێپەڕاندنی كێشەیەكی گرنگ" عەلی لامی وا دەڵێ.  بەپێی قسەی ئەم پەرلەمانتارە، لیژنەی نەوت‌و غازی پەرلەمانی عێراق داوای دیداری نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان كردووە بەمەبەستی گوێگرتن لە بۆچونەكانی‌و گفتوگۆكردن‌و لێكنزیككردنەوە، بەڵام ئەم دیدارە تائێستا نەكراوە. یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ یەكێك لەو یاسا گرنگانەیە كە ساڵی 2005 دوای پەسەندكردنی دەستوریی هەمیشەیی عێراق دەبوو لە پەرلەمانەوە پەسەند بكرێت، بەڵام بەهۆی ناكۆكی نێوان هەولێرو بەغداد ئەم یاسایە تائێستا پەسەند نەكراوە.  كابینەی محەمەد شیاع سودانی یەكێك لە بەڵێنەكانی بۆ كورد ئەوە بوو، دوای دەستبەكاربوونی حكومەت، لەماوەی شەش مانگدا ئەم یاسایە ئاڕاستەی پەرلەمان بكات بەمەبەستی پەسەندكردنی، بەڵام جارێكی تر ناكۆكی هەرێم‌و بەغداد رێگر بووە لەوەی لەوادەی دیاریكراودا یاساكە لە پەرلەمان پەسەندبكرێت.  هەرێمی كوردستان بەهۆی نەبوونی یاسای نەوت‌و غاز لە عێراق، ساڵی 2007 یاسای نەوت‌و غازی تایبەت بەخۆی دەركردو بەپێی ئەو یاسایە نەوتی هەناردەی دەرەوە كرد، بەڵام ناوەڕاستی شوباتی 2022 دادگای فیدراڵی یاساكەی هەرێمی هەڵوەشاندەوە، ئێستا ئیتر زیاتر لە حكومەتی فیدراڵ، حكومەتی هەرێم چاوی لە دەرچوونی یاسای نەوت‌و غازە لە پەرلەمانی عێراق، چونكە بەبێ بوونی ئەم یاسایە پرۆسەی نەوت‌و غازی هەرێم هیچ كەڤەرێكی یاسایی نابێت، بەتایبەتیش لەكاتێكدا بەهۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریسەوە، توركیا لە بەرەبەیانی رۆژی 25ی ئازاری ئەمساڵەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی راگرتووە.  حكومەتی هەرێم دەیەوێت لە یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵدا بەشێك لەو دەسەڵاتانە بگەڕێنێتەوە كە بەمدواییە بەهۆی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق‌و بڕیاری دادگای پاریسەوە لە كەرتی نەوتدا لەدەستیداوە، لایەنە شیعەكانی عێراقیش كە پێكهێنەری سەرەكی حكومەتی سودانین، بەئاڕاستەی پێچەوانەدا فشار دەكەن‌و دەیانەوێت نەوتی هەرێم بخە ژێر كۆنترۆڵی حكومەتی بەغدادەوە.    سه‌ره‌تای شوباتی ئه‌مساڵ، وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵ چوونه‌ ناو دانوستانه‌وه‌ بۆ رێككه‌وتن له‌سه‌ر یاسای نه‌وت و غاز، به‌ڵام به‌گوێره‌ی به‌دواداچوونه‌كانی (دره‌و)، دانوستانه‌كه‌ بێ ئه‌نجام بووه‌، چونكه‌ حكومه‌تی فیدراڵی عێراق دژی ئه‌وه‌یه‌ له‌ یاسای نه‌وت و غازدا ده‌سه‌ڵاتی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت، فرۆشتنی نه‌وت و به‌ڕێوه‌بردنی كێڵگه‌كان بدات به‌ حكومه‌تی هه‌رێم، سه‌رباری ئه‌مه‌ دژی ئه‌وه‌یه‌ هه‌رێم یاسای نه‌وت و غازو ئه‌نجومه‌نی نه‌وت و غازی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌بێت، بۆری نه‌وتی خۆی هه‌بێت.   


شیكاری: درەو 🔻 پاڵپشت بە داتاکانی دەزگای ناوەندی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق و بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم لە ماوەی ساڵانی (2018 - 2022)؛ 🔹لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا لە هەرێمی كوردستان (2779) كەس گیانیان لەدەستداوەو زیاتر لە (30) هەزار كەسیش برینداربوون. 🔹 (70 هەزار و 303) روداوی هاتوچۆ تۆمارکراون، کە (73%)ی لە پارێزگاکانی عێراق و (27%)یان لە سێ پارێزگاکەی هەرێم رویانداوە. 🔹 لە نێو روداوەکانی هاتوچۆ (16 هەزار و 183) کەس گیانیان لەدەست داوە، کە (83%) یان لە پارێزگاکانی عێراق و (17%)یان لە پارێزگاکانی هەرێم تۆمار کراون. 🔹 لە بارەی بریندارانی روداوەکانی هاتوچۆوە، ژمارەکە گەیشتووە بە (85 هەزار و 266) کەس کە (64%)یان لە عێراق و (36%)یان لە سێ پارێزگاکەی هەرێم تۆمارکراون. یەکەم؛ ئامارە تۆمارکراوەکانی روداوەکانی هاتوچۆ لە عێراق و هەرێمی کوردستان 2018 – 2022 تا دێت ئاماری روداوەکانی هاتوچۆ لە عێراق و هەرێمی کوردستان، روو لە هەڵکشان دەکەن و بەپێی بەدواداچونێک بۆ روداوە تۆمارکراوەکانی هاتوچۆ و کۆکردنەوەی داتاکانی دەزگای ناوەندی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق و بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم لە ماوەی ساڵانی (2018 - 2022)، واتە لە (5) ساڵی ڕابردوودا (70 هەزار و 303) روداوی هاتوچۆ لە سەرتاسەری عێراق تۆمار کراوە، کە (50 هەزار و 973) روداویان بە ڕێژەی (73%) لە (15) پارێزگاکەی عێراق تۆمارکراون و (19 هەزار و 330) روداویشیان بە ڕێژەی (27%) لە سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون. زۆرترین ژمارەی ڕوداوی هاتوچۆی لە پارێزگاکانی عێراق لە ساڵی (2022) تۆمار کراوە، بەڵام زۆرترین روداوی هاتوچۆی تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2019) بووە. بەڵام بە تێکڕا لە هەرێم و عێراق زۆرترین روداوی تۆمار کراو لە ساڵی (2022) بووە. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (1)) دووەم؛ ئاماری "گیان لە دەستدان"  لە نێو ئامارە تۆمارکراوەکانی روداوەکانی هاتوچۆ  لە عێراق و هەرێمی کوردستان 2018 – 2022 هەر بەپێی داتاکانی دەزگای ناوەندی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق و بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم لە ماوەی ساڵانی (2018 - 2022)، واتە لە (5) ساڵی ڕابردوودا لە چوارچێوەی روداوە تۆمارکراوەکانی هاتووچۆدا (16 هەزار و 183) کەس لە سەرتاسەری عێراق گیانیان لەدەست داوە، کە (13 هەزار و 404) کەسیان بە ڕێژەی (83%) لە (15) پارێزگاکەی عێراق تۆمارکراون و (2 هەزار و 779) کەسیشیان بە ڕێژەی (17%) لە سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون. زۆرترین ژمارەی گیان لەدەستدان لە نێو ڕوداوەکانی هاتوچۆی لە پارێزگاکانی عێراق لە ساڵی (2022) تۆمار کراوە کە ژمارەیان (3 هەزار و 21) کەس بووە، بەڵام زۆرترین گیان لەدەستدانی تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2018) بووەو (665) کەس گیانیان لەدەستداوە. بەڵام بە تێکڕا لە هەرێم و عێراق زۆرترین گیان لەدەستدان بە روداوی تۆمار کراو لە ساڵی (2021) بووە. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (2)). سێیەم؛ ئاماری "بریندابووان"  لە نێو ئامارە تۆمارکراوەکانی روداوەکانی هاتوچۆ لە عێراق و هەرێمی کوردستان 2018 - 2022 پاڵپشت بە داتاکانی دەزگای ناوەندی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق و بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم لە ماوەی ساڵانی (2018 - 2022)، واتە لە (5) ساڵی ڕابردوودا لە چوارچێوەی روداوە تۆمارکراوەکانی هاتووچۆدا (85 هەزار و 266) کەس لە سەرتاسەری عێراق بریندربوونە، کە (54 هەزار و 380) کەسیان بە ڕێژەی (64%) لە (15) پارێزگاکەی عێراق تۆمارکراون و (30 هەزار و 886) کەسیشیان بە ڕێژەی (36%) لە سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون. زۆرترین ژمارەی برینداربوون لە نێو ڕوداوەکانی هاتوچۆی لە پارێزگاکانی عێراق لە ساڵی (2022) تۆمار کراوە کە ژمارەیان (12 هەزار و 677) کەس بووە، بە هەمان شێوە زۆرترین برینداربونی تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2022) بووەو ژمارەکە گەیشتووە بە (7 هەزار و 250) کەسی بریندار. هاوکات بە تێکڕا لە هەرێم و عێراق زۆرترین بریندار بە روداوی هاتوچۆی تۆمار کراو لە ساڵی (2022) بووە. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (3)).    


درەو: د. رێواز فایەق سەرۆكی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە نوسینێكدا بەناوی " شێروان شێروانی و هاوڕێكانیم چۆن بینی؟!" دەڵێت لە زیندان سەردانی شێروان شێروانیم كرد و پرسیم دۆخت چۆن؟ شێروان وتی: بۆمن ئەمە زیندان نیە ڕاهاتووم، ئێوە كە لە دەرەوەن لە زیندانن. سەرۆكی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت" دۆسیەی سزادراوانی بادینان دەمێكە لەوە دەرچووە وەك دۆسیەیەكی ئاسایی و یاسایی بەردەم دادگا لێكدانەوەی بۆ بكرێت و لەسەر ئاستی ناوخۆیی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەرگای بەسەر دۆزەخێكدا كردووەتەوە كە داخستنی هەروا ئاسان نیە دەقی نوسینەكەی د. رێواز فایەق شێروان شێروانی و هاوڕێكانیم چۆن بینی؟!   دۆسیەی سزادراوانی بادینان چەند ساڵێكە دۆسیەیەكی كراوەیە، بەردەوام لە ڕێگەی ئاڕاستەكردنی بەشێك لە دادگاكان كەیسی دیكەی بۆ زیاد دەكرێت، بۆیە دەمێكە لەوە دەرچووە وەك دۆسیەیەكی ئاسایی و یاسایی بەردەم دادگا لێكدانەوەی بۆ بكرێت و لەسەر ئاستی ناوخۆیی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەرگای بەسەر دۆزەخێكدا كردووەتەوە كە داخستنی هەروا ئاسان نیە.   ڕێكەوت وابوو كە دەستگیركردنی چالاكوانان و ڕۆژنامەوانانی بادینان هاوتا بێت لەگەڵ دەستبەكاربوونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، (بەدەر لە هەڵسەنگاندنمان بۆ دۆسیەكە لەڕووی یاساییەوە كە هەڵدەگرێت لە كاتێكی دیكەدا قسەی لەبارەوە بكرێت) ئەم بابەتە بەردەوام جێگەی باس و خواسی لیژنە تایبەتمەندەكانی پەرلەمان و هۆڵی دانیشتنەكانی پەرلەمانیش بوو، چونكە بەشێك لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنە جیاوازەكان جگە لەوەی ئامادەی دانیشتنەكانی دادگاییكردنەكە دەبوون، پەرۆشییان بۆ بەدواداچوونی دۆسیەكە لە ئاستێكی بەرزدا بوو، بۆیە دەیانجار داوای درووستكردنی لیژنەی تایبەتیان بۆ بەدواداچوون بەپێی ماددەی (٤٣)ی پەیڕەوی ناوخۆ دەكرد، هەروەها داوایاندەكرد سەرۆكایەتی پەرلەمان دەرفەتی چاوپێكەوتنیان لەگەڵ سزادراوان بۆ بڕەخسێنێت.   بۆ جێبەجێكردنی ئەم دوو داواكاریە كە هەردووكیان هەڵقووڵاوی پەرۆشی و هەستی بەرپرسیارێتی پەرلەمانتاران بوون، چەند بەربەستێك هەبوون، لەوانە پابەندبوون بە پرەنسیپی جیاكردنەوەی هەرسێ دەسەڵاتەكە و ڕێزگرتن لە سەربەخۆیی دادگاكان، پێكهاتەو نەخشەی ناو هۆڵی پەرلەمان و دەقی بڕگەی (سێهەم) لە ماددەی (٤٣) ی پەیڕەوی ناوخۆ كە تێیدا هاتووە :- (بابەتە تاوانكارییەكان و هەر بابەتێك كە لە ژێر تێڕوانینی دادگاكاندا بێت، نابێتە بابەتی لێكۆڵینەوەی لیژنە تایبەتییەكانی پەرلەمان)، هاوكات لیژنەیەكی هەمیشەیی تایبەتمەند لە پەرلەمان هەبوو كە ئەركی بەدواداچوونی دۆخی زیندانیانی لە ئەستۆیە ئەویش لیژنەی (كاروباری كۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ)ە ، بۆیە ئەوان جەختیان لەسەر تایبەتمەندی لیژنەكەیان دەكردەوەو پێداگربوون لەسەر ئەوەی پێكهێنانی هەر لیژنەیەكی كاتی پێشێلكردنی تایبەتمەندی و دەسەڵاتەكانی لیژنەكەیە، بە گشتیش لەو باوەڕدا بووم كە خستنە دەنگدانی بڕیاری درووستكردنی لیژنەیەكی كاتی تەنانەت بۆ بەدواداچوونی دۆسیەكەش نەك لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكە كە دەسەڵاتی پەرلەمان نیە، لەناو هۆڵی پەرلەمان دەنگی پێویست بەدەست ناهێنێت، لە هەمان كاتدا بێئومێدبووم لەوەی دەسەڵاتی دادوەریی هیچ جۆرە دەستپێشخەریەكی ئێمە بۆ دەربازبوون لەو دۆخە قبووڵ بكات، بە تایبەت بەڕێزیان تەنها لە پای تویتێكمان لە ١٦/٢/٢٠٢١ كە ڕۆژی حوكمدانی چالاكوانان بوو، و تێیدا  نووسیبوومان :- (باوەڕی نەگۆڕم بە پرەنسیپی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان هەیە، بەڵام ئەوەی لە پەرلەمانتارانم بیستووە سەبارەت بە دادگاییكردنی ئەمڕۆی بەندكراوانی بادینان، دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان دەخاتە بەردەم بەرپرسیاریەتیەكی قورس، هیواخوازم ئەوان بێ متمانەیی بە دەسەڵاتی دادوەریی تۆختر نەكەنەوە)، ڕۆژی ١٧/٢/٢٠٢١ لە ڕوونكردنەوەیەكیاندا سەبارەت بە بەڕێوەچوونی دادگاییكردنەكە ناڕاستەوخۆو بەبێ ناوهێنان بە دەستێوەردان لە كاروبارەكانیان تۆمەتباریان كردبووین و تێیدا هاتبوو :- (هەندێ دام و دەزگای فەرمی و یاسایی و لایەنی سیاسیی لێدوانی جیاجیایان لەسەر پرۆسەی دادگاییكردن و بڕیارەكە داوە كە ئەمەش بێگوومان دەچێتە چوارچێوەی دەستتێوەردان لە كاروباری دەسەڵاتی دادوەری، چونكە دادگا نوێنەرایەتی دەسەڵاتی دادوەری دەكات و دەسەڵاتی دادوەریش بڕوای بە بنەمای جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان هەیە و نەدەبوو ئەو لایەنە فەرمییانە پێشێلی بنەمای جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان بكەن)، ئەم ڕاگەیەندراوەی ئەنجومەنی دادوەرییش بۆ ڕەتكردنەوەی هەر هەڵوێستێكی ئێمە زۆر ئاسایی دەخوێنرایەوە ئەگەر ئەنجومەنەكە بەهەمان شێوە قسە و لێدوان و هەڵوێستی هەموو دامەزراوەكانی دیكەی ڕەتبكردایەتەوە و دەستوەردانی كردارەكی وئاراستەكردن و لێدوانی هەمووانی وەك یەك قبوڵ نەبووایە.   دواجار كە دڵنیابووین لەوەی ناتوانین ڕۆڵمان لە ڕەتكردنەوە یان كەمكردنەوەی سزادانەكەدا هەبێت و ئەو بابەتە دەسەڵاتێكی تایبەتمەندی ڕەهای دادگایە و دەسەڵاتی دادوەریش هەر هەوڵێك بۆ چارەسەر بە دەستێوەردان هەژمار دەكات، ئیتر دەبوو ئەركێكی تەواو ئەخلاقیی خۆمان لە بەرامبەر زیندانیان و كەسوكاریان و تیمی پارێزەرانیان جێبەجێبكەین، بۆیە دوای ڕاوێژ لەگەڵ تیمەكەمان و لەگەڵ بەرٍِێز (بەشدار حەسەن) سەرۆكی تیمی پارێزەرانی زیندانیانی بادینان كە تا دواساتەكانی كاركردنم پەیوەندی پتەو و ڕاوێژی بەردەوام لە نێوانماندا هەبوو، بڕیاماندا بیر لە ڕێگەی تر بكەینەوە بۆ كەمكردنەوەی ئازارەكانیان، بە مەرجێك مەرامی دەسكەوتی تایبەت و خۆنواندنی میدیایی لە كۆی كارەكانمان دووربخەینەوە و كارێكی ئیستیفزازی واش نەكەین كە بە زیان بۆ سزادراوان بشكێتەوە، و بۆ ئەوەش بڕیارماندا خۆمان سەردانی زیندانی ئاسایشی گشتی بكەین و ڕووبەڕوو سزادراوانی بادینان ببینین، بە تایبەت لەو سەروبەندەدا زیاتر لە جارێك كەسوكاریان لە ڕێگەی سەردانی پەرلەمان، ڕاگەیەندراوی هۆشداریی و كۆنگرەی ڕۆژنامەوانی، هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكانیان لە خراپی دۆخی زیندانییەكان ئاگاداركردبووەوە، هاوكات بە پاساوی پەتای كۆرۆنا هەموو جۆرە سەردانێكی كەسوكار و پارێزەرانیان لێ قەدەغەكرابوو.   دوای وەرگرتنی ڕێوشوێنی یاسایی پێویست و قسەكردن لەگەڵ بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی هەرێم، دوور لە چاوی میدیا، ڕۆژی ١٠/٦/٢٠٢١ هاوڕێ لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێك سەردانی زیندانی ئاسایشی گشتیمان بۆ ڕێكخرا، ئەوكات زیندانیانی بادینان لە زیندانی ئاسایشی گشتی بوون،سەرەڕای ئەوەی لە(١٦/٢/٢٠٢١)ەوە حوكمیان بەسەردا درابوو، و دەبوو لە چاكسازیی گەورانی هەولێر بوونایە نەك زیندانی ئاسایش، بەڵام كە پرسیمان بۆچی لێرەتان داناون سەرەڕای حوكمدانیان؟ وەڵامیان داینەوە كە بینایەی چاكسازی گەورانی هەولێر لە ژێر نۆژەنكردنەوەدایە بۆیە حوكمدراوان لەگەڵ لەگەڵ ڕاگیراوان لە زیندانی ئاسایشن و هەركات نۆژەنكردنەوە كۆتایی پێبێت حوكمدراوان دەبردرێنەوە بۆ چاكسازیی، لە ڕاستیشدا دوای بەدواداچوون بۆمان دەركەوت كە ئەو بابەتە ڕاستە و بینایەی چاكسازی نۆژەندەكرێتەوە.   ئێمە لە سەردانەكەماندا بۆلای سزادراوان، دوای ڕاوێژ لەگەڵ هاوڕێیانی پەرلەمانتار، بڕیارماندا بێگوێدانە ئەوەی چەند كاتمان پێویستە دەبێت یەك یەك سزادراوان ببینین و پرسیاریان لە دۆخی گشتی زیندان و دۆخی تایبەتیان لێ بكەین، و هاوكات داوام لە هاوڕێیانم و تیمی نووسینگەكەم كرد كە تكایە مۆبایلەكانتان لەم چاوپێكەوتنە بەكارمەهێنن، چ بۆ وێنەگرتن بێت یان تۆماركردنی قسەكان، بۆئەوەی هەمووان دڵنیابن كە ئێمە مەرامی كەسییمان لەم سەردانەدا نیە و تەنها خەمی ئەوانمانە و تا بتوانن بە ئازادییش قسە بكەن.     ئێمە سێ سەعات و پەنجا دەقیقە لە زیندانەكە بووین، یەك یەك لەسەر داوای خۆمان بانگ دەكران و دەمانبینین و هەواڵی هەموو شتمان لێدەپرسین، ڕەنگە لێرەدا پێویست نەبێت هەمووی باس بكەم و بەشێكی هەڵدەگرم بۆ كات و بۆنەیەكی دیكە، بەڵام پەیوەست بە وورە بەرزی و خۆنەویستی و مۆراڵی بەرزی ئەوان چەن شتێكی كەم باسدەكەم:-     مامۆستا(بەدەل بەرواری) كێشی جەستەی زۆر دابەزیبوو، بە زەحمەت دەناسرایەوە، بەڵام هەر ڕووی خۆش و وورەی بەرز و بە ئومێدەوە لە داهاتووی خۆی دەڕوانی، بۆخۆم گومانێكم لەو لاوازیەی كێشی بۆ درووست بوو، هەندێ جاریش بیستبووم كە ڕەنگە بە جۆرێك لە جۆرەكان بیر لە تەصفیەی جەستەییان بكرێتەوە، بۆیە داوام كرد پشكنینی گشتی بۆ مامۆستا بكەن و بە زووترین كات بۆمان بنێرن، بە سوپاسەوە ئیدارەی زیندانەكە لەماوەی ٤٨ كاتژمێر ئەنجامی پشكنینەكەیان بۆ ناردین سوپاس بۆخوا سەلامەت بوو  و گومانەكەم ڕاست دەرنەچوو     كاك (شڤان سەعید)، زۆر وێرانی بینینی منداڵەكانی بوو، ووتی تەنها منداڵەكانم ببینم  ئیتر گرنگ نیە دوای ئەوە چی ڕووئەدات. پرسیمان بۆ ڕێگەی سەردانیكردن نادرێت؟ ئیدارەی زیندانەكە ووتیان قەدەغەكردنی سەردان بۆ هەموو زیندانیانە بەهۆی پەتای كۆرۆنا و ڕێوشوێنی تەندروستی، ئێمە داوامانكرد لە چوارچێوەی ڕێوشوێنی تەندروستی پێویست دەرفەتی بینینی خێزانەكانیان بۆ بڕەخسێنن چونكە لەو كاتەدا كۆرۆنا تا ڕادەیەكی باش كۆنترۆڵا كرابوو.    هەفتەیەك دوای سەردانەكەی ئێمە هەموویان خێزان و منداڵ و كەسوكاریان بینی، ئەو ڕۆژە بۆ بەندە یەكێك بوو لە ڕۆژە خۆشەكانم، چونكە توانیمان كەمێك لە ئازاری دووری خێزان و كەسوكاریان كەم بكەینەوە، هاوكات دەرگای زیندان بەڕووی تیمی پارێزەرانیشدا كرایەوە وەك مافێكی زۆر ئاسایی و یاسایی.     لە شێروان شێروانییم پرسی:- باشی؟ دۆخی زیندانەكە چۆنە؟ دۆخی خۆت چۆنە؟ ووتی:- من زۆر باشم دۆخیشم وەكو دۆخی هەموو زیندانیانە، زیندانەكە زۆر قەرەباڵغە، شوێنی هەمووان زۆر خراپە نەك تەنها ئێمە، پێویستە كتێبمان لابێت بەڵام لامان نیە، كام كەناڵی تەلەفزیۆن ئیستفزازمان دەكات ئەوەمان بۆ دادەنێن و كەناڵاە خەزنكراوەكان سنووردار كراون، بەڵام لەدوای حوكمدانمەوە باشترم بەراورد بە  قۆناغی لێكۆڵینەوە، بۆمن ئەمە زیندان نیە ڕاهاتووم، ئێوە كە لە دەرەوەن لە زیندانن. دواتر هاوڕێكانی تریانمان بینی، هەر هەموویان بەكۆ وەك ئەوەبوو قسەی یەكتریان گوێ لێ بووبێت، وورە بەرز و خۆنەویست بوون، زیاتر لە جارێك لێم پرسین ئەگەر ناتانەوێت بەڕێوەبەری زیندانەكە لێرەبێت ئەتوانین داوای لێ بكەین بچێتە دەرەوە، یەك بە یەكیان ئەیووت :- (هیچ پێویست ناكات، ئەوەی بمەوێت دەیڵێم، جا بەڕێوەبەر لێرەبێت یان لە دەرەوە).   لە كۆتاییدا دەمەوێت بڵێم:- دادگا نێوبژیوانی خاوەن بەرژەوەندییە ناكۆكەكان دەكات و ئەو یەكلاییدەكاتەوە كێ خاوەن مافە و كێ دەبێت سزا بدرێت، ئەسڵ ئەوەیە هەموومان چاومان لەوەیە دادگا دادپەروەریی بەرقەرار بكات و تەنها دادگا دوا پەناگەمانە بۆ داواكردنی مافەكانمان، هیوادارم لەوە زیاتر لەكەردار و نابووت و بێ ئیرادە نەكرێت، دادگا دامەزراوەیەكی سیاسی نییە و تا دەستی سیاسی و سیاسەتی لێدوور بێت زیاتر بە ئیرادە و یەكلاكەرەوە و جێگەی باوەڕ و متمانە ئەبێت، دوورنیە ڕۆژێك بێت یەكێك یان زیاتر لە دەستەبژێری سیاسی حوكمڕان لەم هەرێمە یان یەكێك لە مناڵەكانمان یان نەوەكانمان بچینە بەردەم هەمان دادگا و داوای ماف بكەین یان داوای مافمان لێبكرێت. د.ڕێواز فایەق حسێن                                                                                      


  درەو: وەفدی هەرێم و بەغداد لەسەر چەند خاڵێكی یاسای بودجە ناكۆكن و تا ئێستا یەكلا نەكراوەتەوە، بەتایبەتیش بڕگەكانی تایبەت بە (داهاتە نانەوتییەكانی هەرێمی كوردستان، خەرجی بەرهەمهێنانی نەوت، سوی قەرزی  TBI). دوێنی ئومێد سەباح سەرۆكی تیمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغداد رایگەیاند: لە پێنج رۆژی رابردوودا لە دانوستانەكانماندا لە بەغداد، ئامادەیمان دەربڕیوە هەر پابەندییەك كە لەیاسای بودجەدا هەبێت سەرباری ئەوەی تێبینیمان هەبێت لەسەریان، جێبەجێ بكەین. سەرچاوەیەك لە وەفدی هەرێمی كوردستان بۆ بەغداد بە (درەو)ی راگەیاند: وەفدی هەرێم و بەغداد لە كۆبوونەوەكانیاندا كە ماوەی هەشت كاتژمێری خایاندووە لەسەر چەند خاڵێك رێككەوتوون، بەڵام لەسەر چەند خاڵێكیش ناكۆكبوون ئەو خاڵانەی كە وەفدی هەردوولا لەسەریان ناكۆكبوون بریتی بوون لە: 🔹 ناكۆكی یەكەم (داهاتی نانەوتی):   وەفدی هەرێم و بەغداد لەسەر مادەی 12 بڕگەی دووەم (د)ی یاسای بودجە ناكۆك بوون و نەگەیشتنە رێككەوتن، ئەو بڕگەیە دەڵێت" حكومەتی هەرێم پابەندە بە رادەستكردنی داهاتە نانەوتییەكان بە خەزێنەی دەوڵەت بەگوێرەی یاسای ئیدارەی دارایی فیدراڵ .....".  لەسەر ئەم بڕگەیە هەردوولا ناكۆكبوون، وەفدی عێراقی جەختیان لەسەر ئەوە دەكردەوە دەبێت هەرێمی كوردستان تەواوی داهاتە نانەوتییەكان بگەڕێنێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق و دواتر بەغداد لە داهاتە فیدراڵیەكان (50%)ی بۆ هەرێم بگەڕێنێتەوە. لەبارەی ئەو بڕگەیەوە د. ئومێد سەباح لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا رایگەیاند: سەبارەت بە داهاتە نانەوتییەكان، حكومەتی عێراقمان ئاگاداركردووە لە هەفتەی داهاتووەوە ئامادەین سەرجەم داهاتە فیدراڵییەكان بگەڕێنینەوە بەپێی ئەو بڕو رێژانەی لە بودجەدا دیاریكراون. 🔹 ناكۆكی دووەم، خەرجی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم:  وەفدی هەرێم و بەغداد لەسەر مادەی 12 بڕگەی دووەم (ج)ی یاسای بودجە ناكۆك بوون كە دەڵێت " وەزارەتی دارایی فیدراڵ قەرەبووكردنەوەی خەرجییەكانی وەبەرهێنان‌و گواستنەوەی بڕی ئەو نەوتە وەبەرهێنراوەی هەرێم دەگرێتە ئەستۆ ......"، هەردوو وەفدەكە لەسەر چۆنیەتی جێبەجێكردنی ئەم بڕگەیە ناكۆك بوون بەتایبەت لەسەر چۆنیەتی ئەو بڕە پارەیەی كە بۆ دەرهێنان و رەوانەكردنی نەوتی هەرێم خەرج دەكرێت، بۆیە هەردوولا یاداشتێكیان نوسی و ئاراستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و عێراق كرا بۆ ئەوەی ئەوان بڕیاری لەسەر بدەن و یەكلای بكەنەوە. 🔹 ناكۆكی سێیەم:  قەرزی TBI وەفدی هەرێم و بەغداد لەسەر مادەی 12 بڕگەی دووەم (و)ی یاسای بودجە ناكۆك بوون كە دەڵێت " ئەو پارانەی بانكی بازرگانی عێراق TBI ، كە لەئەستۆی حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە لە بانكە حكومی‌و تایبەتەكاندا، پاكتاو دەكرێت‌ ......" ئەم بڕگەیە ناكۆكی وەفدی هەرێم  و بەغدای لەسەرە، وەفدی بەغداد سەرەڕای داوای گەڕانەوەی قەرزەكانی TBI لە هەرێم، داوای گەڕانەوەی سوی قەرزەكەشیان كردووە، بۆیە وەفدی هەرێم ناڕازی بوون و لەسەر ئەو بڕگەیە هێشتا ناكۆكن و نەگەیشتوونەتە رێككەوتن. هەرچەندە د. ئومێد سەباح لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا راگەیاند: سەبارەت بە  بڕگەی ( TBI)هەرێمی كوردستان ئامادەیی تەواوەتی نیشان داوە، هەموو ئەو باڵانسانەی لە تی بی ئایدا هاتووە جێبەجێیان بكات، بەڵام ئاماژەی بە بڕی ئەو سووە نەكرد كە وەفدی عێراق داوایان كردووە. راپۆرتی پەیوەندیدار دەقی ماددەكانی هەرێم لە بودجەی عێراقدا


یاسین تەها، خوێندكاری دكتۆرا لە مێژووی ئایین و ئایینزاكان، هەروەها شارەزا لە كاروباری عێراق تێپەڕاندنی بودجەی سێ ساڵە لە حوزەیرانی 2023 ئەگەرچی زیاتر لە شەش مانگ لە ساڵی دارایی دواكەوت، بەڵام ڕووداوێكی بێپێشینە بوو لە مێژووی عێراقدا. بەگوێرەی ئەم یاسایە تا سێ ساڵی تر حكومەتی سودانی دەبێتە خاوەن بودجەو، لە مشتومڕو سازشەكانی تێپەڕاندنی ڕزگاری دەبێت كە سیمای زاڵی بودجەكانی ئەم ساڵانەی دوایییە. بۆ دوو ساڵی ئایندە (2024و 2025) ئەنجومەنی وەزیران تەنیا خشتەی نوێی داهات و خەرجیی پێش كۆتایهاتنی ساڵی دارایی دەنێرێت بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بەمەبەستی پەسەندكردنی. سەبارەت بە هەرێمی كوردستانیش بودجەكە لایەنی باش و لێكەوتەی خراپیشی هەیە. ئەم شرۆڤەیە هەوڵ دەدات ئاماژە بە گرنگترین لێكەوتە سیاسی و ئابورییەكانی تێپەڕاندنی یاساكە لەسەر هەرێمی كوردستان بكات. هەرێم لە ژمارەكانی بودجەدا پرۆژەی بودجەی گشتیی فیدراڵی عێراق لە 13ی ئازاری 2023 ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران كرا. لە پرۆژەكەی حكومەتی سودانی، ڕەچاوی بەرنامەی كاری پەسەندكراوی كابینەكەو ڕێككەوتنی حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم كرابوو لەبارەی نەوت و پشكی هەرێم و شایستە دارایییەكانی([1])، بەڵام لەماوەی سێ مانگ تاوتوێكردنی پرۆژەكە لە لیژنەی دارایی و فلتەرەكانی پەرلەمان و لە شەوەكانی دەنگدان لەسەر ماددەكان و لە دوا خولەكەكانی پەسەندكردندا لە سپێدەی 12ی حوزەیرانی 2023، گۆڕانكاریی جۆراوجۆر بەسەر بڕگەو ماددەكانی پرۆژەكەی حكومەتدا هات؛ چ ئەوانەی پەیوەستن بە هەرێمی كوردستان و چ ئەو بڕگەو ماددانەی تری پەیوەست بە حكومەتی فیدراڵ. لە یاساكەدا بودجەكە بۆ ئەمساڵ (2023) لەسەر 196 ترلیۆن دینارو كورتهێنانی 64 ترلیۆن خەمڵێنراوە، لەسەر بنەمای نرخی 70 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك نەوت بە هەناردەی 3.5 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێكدا؛ لەنێو ئەو بڕە نەوتەیش 400 هەزار بەرمیلی، دەبێت لە هەرێمی كوردستانەوە بێت، ئیتر چ بە هەناردەكردن یان بەكارهێنانی بۆ پاڵاوتنی ناوخۆ([2]). پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجە لەڕووی ڕێژەوە بە 12.67% دیاری كراوە، بەڵام بەشێكیشی به ‌پارە نییه، بەڵكە لە شێوەی بەشەخۆراك و دەرمان و كۆمەڵێك بڕ‌گەی دیكەی خەرجی جۆراوجۆرە كە لەسەر هەرێمی كوردستان ئەژمار كراوەو "خەرجیی سیادی"یە. بە گوێرەی داتاكانی لیژنەی داراییی پەرلەمان، بڕیارە ساڵانە ترلیۆنێك و نزیكەی 250 ملیار دینار بگاتە هەرێمی كوردستان كە بەشێكی شتومەكەو پارەی كاش نییەو، ئەوەی پارەیە دەچێتە سەروو 15 ترلیۆن؛ لەم بڕەیش دەوروبەری 9 ترلیۆنی دەڕوات بۆ موچە. بەگوێرەی یاساكەیش حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەبێت ئەولەوییەت بدات بە دابەشكردنی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان؛ هەروەها پشكی پارێزگاكان بەپێی بودجەی پڕ‌ۆژەكان و بەپێی ئەو پێوەرانەی لەناو پرۆژەیاسای بودجەدا دانراون دابەش بكات كە ڕێژەی دانیشتووان و ئاستی هەژارییە‌([3]). بەپێی وردكردنەوەی سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمیش، بڕی شایستە دارایییەكانی هەرێم بەم جۆرەی خوارەوە دەبێت([4]): ـ 9 ترلیۆن و 300 ملیار دینار بۆ موچەی 681 هەزارو 979 فەرمانبەر بە مانگانەی 775 ملیار دینار ـ  ترلیۆنێك و 346 ملیار دینار بۆ خانەنشینی هەرێم بە مانگانەی 112 ملیار دینار كە كەمترە لە 2021. ـ 228 ملیارو 304 ملیۆن دینار بۆ پێشمەرگە بە مانگانەی 19 ملیار دینارو، ئەمەیش پاڵپشتییەكی یاسایییە، لەبەر ئەوەی پێشمەرگەی هەرێم بەشێكە لە سیستەمی بەرگری. شایستە دارایییەكانی هەرێم مەرجدار كراوە بە كۆمەڵێك پابەندی كە بریتین لەمانەی خوارەوە: ـ باركردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، چ بۆ هەناردە یان پاڵاوتن. ـ گیڕانەوەی 50%ی داهاتی خاڵە سنورییەكان بۆ خەزێنەی فیدراڵی. ـ گیڕانەوەی قەرزەكانی بانكی بازرگانیی عێراقی (TBI) بەشێوەی قیست. ـ وردبینیی هەردوو دیوانی چاودێریی داراییی بەغداو هەرێم و ڕاسپاردنی كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتی بۆ وردبینیی داهات و خەرجیی هەرێم. گرێی بڕگەی 8ی ماددەی 13 لە یاسای بودجەدا ئەو ماددەو بڕگانەی پەیوەستن بە هەرێمی كوردستان، بریتین لە 11و 12و 13. یەكێك لە بڕگەكانی ماددەی 13 بە دەق باس لەوە دەكات؛ ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دابەشكردنی بودجەدا یەكسانی و دادپەروەریی پەیڕەو نەكرد، ئەوا سەرۆكوەزیرانی حكومەتی فیدراڵی دەستوەردان دەكات بۆ جێبەجێكردنی پرۆژە‌یاساكه،‌ تەنانەت ئەگەر به ‌پێدانی پارەیش بێت (تمویل) بەو پارێزگایەی هەرێم كە ناڕ‌ازییە. ئەم بڕگەیە كە زیادكراوی ناو لیژنەی داراییەو هەموو پاڵپشتییەكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی هەبووە لە ئەنجومەنی نوێنەران، كێشمەكێش و مشتومڕی زۆری دروستكردووە لەبارەی گونجانی لەگەڵ سیستەمی فیدراڵی و دژوەستانەوەی لەگەڵ دەسەڵاتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان؛ تا ئەو ئاستەی سەرۆكوەزیران، هەڵوێستی پشتیوانانی تێپەڕاندنی ئەم بڕگەی، پەیوەست كردەوە بە "ناپاكیی نیشتمانفرۆشی"و بە هەوڵی لاوازكردنی هەرێمی كوردستان و پێشێلكردنی مافە دەستورییەكانی لە قەڵەمدا([5])، بەڵام یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێیوایە لەم بڕگەیەدا "كوردستانی دیموكرات و كوردایەتیی ڕاستەقینە بەسەر مەیلی جیاكاری و ناوەندێتیی حوكمڕانیدا سەر كەوت"([6]). هەروەها فراكسیۆنەكەیشی پێدادەگرێت لەسەر ئەوەی هیچ مەترسییەك لەم بڕگەیەدا نییە، چونكە "ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان دڵنیایە لە دادپەروەری، ئەم بڕگەیە هیچ مانایەكی نامێنێت بەڵكو كۆتاییی پێ دێت"([7]). لە كاتی تێپەڕاندنی ئەم بڕگەیەیشدا لە پەرلەمان، هەراو بشێوی هۆڵەكەی گرتەوە بەهۆی ناڕەزاییی پەرلەمانتارانی پارتییەوە؛ لە دەمی تێپەڕاندنیشیدا فراكسیۆنی پارتی چوونە دەرەوەی هۆڵەكەو پەرلەمانتارە شیعە ڕكابەرو نەیارەكانیشیان دەستیان كردە چەپڵەڕێزان و خۆشیدەربڕین و دواتریش "سەركەوتنیان بەسەر هەرێمی كوردستان" ڕاگەیاند([8]).  داوە دارایییەكانی بودجە لەسەر ئاستی فەرمی لە كوردستان تێپەڕاندنی بودجە وەك دیفاكتۆ قبووڵ كرا؛ بەهۆی ئەوەیشی پارتی دیموكراتی كوردستان پێیوایە پلانگێڕیی گەورەتر لە بودجەدا هەبووە، خێرا پەڕییەوە بۆ قۆناغی پاش پەسەندكردنی بودجەو چاودێریكردنی چۆنێتیی جێبەجێكردنی([9])و، پاشان سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەولێر تانەی دا لە ماددەكانی (2، 11، 12، 13)ی بودجە([10]). لە دەرەوەی ئەم هەڵوێستە فەرمییەو ڕازیبوونی فراكسیۆنە كوردییەكان بە كۆی بودجەكە، هێشتا هەر مەترسی و نیگەرانی و بەدگومانیی زۆر هەن لە "مینەكانی بودجە" كە هەندێك بە "تەڵە" ناوی دەبەن لەبەر ئەم هۆكارانەی خوارەوە([11]): ـ  لە ماددەی 12یشدا كە تایبەتە بە ڕادەستكردنی نەوتی هەرێم، خەرجكردنی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم لەسەر هەمان پشكی تەرخانكراو بۆ هەرێم ئەژمار كراوە. ـ واڵاكردنی دەستی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە دەستوەردان لە خەرجییە دارایییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەگەری گۆڕانی سیستەمی فیدراڵی لە عێراق بۆ فیدراڵیزمی پارێزگاكان لەڕووی دارایییەوە لانی كەم. ـ حیسابنەكردن بۆ گرانیی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان بەراورد بە نەوتی بەغداو قورسكردنی باری بەشە بودجەی هەرێم بە خستنەئەستۆی تێچوونی بەرهەمهێنانی نەوت كە دەگاتە نزیكەی 4 ترلیۆن و 500 هەزار دینار لە كۆی 16 ترلیۆن كە كۆی گشتیی پشكی هەرێم. ـ هەرزانیی نرخی نەوتی بەكارهاتووی هەرێمی كوردستان لە ناوخۆ بەراورد بە هەناردە، پاش ڕاگرتنی بۆریی توركیا. ئەمەیش كۆمپانیاكان تووشی مایەپووچی و زیانی زۆر و ئەگەری دەستبەرداربوون لە نەوتی هەرێم دەكاتەوەو، سەرەنجامیش دەبێتە شكست بۆ كەرتی نەوت لە هەرێمی كوردستان. هەندێكی تر لە شارەزایانی كارگێڕی و دارایی لەوە زیاتر ڕەشبینن و پێ دادەگرن لەسەر ئەوەی تەنانەت یەك ماددەو بڕگەیش نییە لە بودجەكە كە لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان بێت، لەبەر هۆكارێكی سەرەكی ئەویش ئەوەیە كە، لە سەرجەم ماددەو بڕگەكانی پەیوەست بە داهات و كۆكردنەوەی، هەرێمی كوردستان خراوەتە پاڵ پارێزگاكانی سەر بە حكومەتی فیدراڵ و ناچار كراوە بە بەشداریكردن لە پارەداركردنی خەزێنەی گشتی، بەڵام بەپێچەوانەی ئەمەوە لە خەرجییەكان و تەرخانكردنەكان هەرێمی كوردستان هەڵاواردە كراوەو وەك پارێزگاكانی سەر بە حكومەتی فیدراڵی سودمەند نابێت لە خەرجییەكان([12]). بەپێی زانیارییە فەرمییەكانیش ئەگەر نەوتی هەرێم بە نرخی كۆمپانیای سۆمۆ بفرۆشرێت، زیاتر لە 13 ترلیۆن دینار دەكات بۆ ساڵی 2023 ([13])؛ جگە لە داهاتەكانی ناوخۆ كە بەپێی بودجە، دەبێت 50% بگەڕێتەوە بۆ بەغدا وەك پێشتر ئاماژەی پێ كرا. لێكەوتە سیاسییەكانی ناوەندگەراییی دارایی گەڕانەوەی داراییی هەرێمی كوردستان بۆ ژێر دەستی حكومەتی فیدراڵی لە بودجەی سێ ساڵە، تەنیا دۆسیەی نەوت ناگرێتەوە، بەڵكو هەموو ئەو داهاتانەی دەست هەرێمی كوردستان دەكەون ملكەچ دەبن بۆ وردبینی و چاودێریی داراییی بەغدا. جگە لەوەیش دەسەڵاتی خەرجكردنیش لەلایەن سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانەوە دیسانەوە ملكەچە بۆ ئەگەری دەستوەردان، كە ئەمەیش لێكەوتەیەكی سیاسیی هەیە كە مافی دەستوەردانە لە كێشەو سكاڵا كوردییە ناوخۆیییەكان؛ ئەمە لە كاتێكدا كۆی دۆسیە دارایی و ئابورییەكانی هەرێمی كوردستان ملكەچە بۆ دادگەی باڵای فیدراڵی كە جگە لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گازی هەرێم (شوباتی 2022) دوا داوا كە دادبینیی تێدا كردووە، سكاڵای پەرلەمانتارێكی بەسرەی سەر بە "بزووتنەوەی عەسائیب"ە لەبارەی هەژماری بانكیی تایبەت بە نەوتی هەرێمی كوردستان لە Citibankو، سەرنەگرتنی سكاڵاكەیش بەهۆی ئەوە بووە ئەم ڕێكارە لە یاسای بودجەدا هەڵگیراوەو دادگەكەیش دەڵێت "تەنیا دادبینی لە یاساو ڕێنماییی بەركاردا دەكات" ([14]). لە یاسای بودجەداو لە ماددەی 13 كە لە پەرلەمان داڕێژرایەوە، دوو هەژماری بانكی دەكرێنەوە: هەژماری یەكەم تایبەتە بە حیسابی داهاتی 400 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم؛ ئەم هەژمارە سەر بە وەزارەتی دارایی دەبێت لە بانكی ناوەندیی عێراق و، كەسی تر مافی نییە هیچ بڕەپارەیەكی لێ گل بداتەوە، تەنانەت بۆ هەقدەستی كۆمپانیا نەوتییەكان و خەرجیی گواستنەوەكەیشی. هاوكات لەگەڵ ئەمەیشدا سەرجەم هەژمارەكانی ئێستای حكومەتی هەرێمی كوردستان دادەخرێن، لەناویشیاندا هەژماری Citibank كە تاوەكو 25-03-2023 داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەو بانكە نێودەوڵەتییە گل دەدرایەوە([15]). بەپێی هەندێك هەڵسەنگاندیش كە لە ناوەندی ئەمریكییەكان بڵاوكراونەتەوە، كۆی ئەم پاشەكشەی لە بودجەدا بەسەر دەسەڵاتی هەرێمدا هات، بە دیوێكی تردا پاشەكشەیە لە حوكمڕانی و گەشەپێدان؛ هەروەها لاوازیی توانای هەرێم پیشان دەدات لە بنیاتنانی دامەزراوەی بەهێز. لەمەیش خراپتر، متمانەو پێگەی حكومەتی هەرێم لە ئاستی نیشتمانی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا دەخاتە بەر مەترسی، بەتایبەت كە لەكاتی مشتومڕی بودجەدا كە زۆر هەستیارە، لایەنە كوردییەكان نەیانتوانی سیاسەتێكی هاوسەنگ دابڕێژن و لەسەر بنەماو نەگۆڕەكانی پەیوەست بە پێگەو دۆخی هەرێمی كوردستان ڕێكبكەون؛ بگرە بەپێچەوانەوە "خەریكی زیانگەیاندن بوون بە خۆیان". ئەمەیش هەرێمی لە هەموو كات لاوازتر كرد([16]). هەندێكی تر لە شارەزایانی ئەمریكی باس لەوە دەكەن، ڕەنگە بودجەی ئێستای عێراق ببێتە هۆی ئەوەی حكومەتی فیدراڵ زیاتر كۆنترۆڵی نەوتی هەرێمی كوردستان بكا. لەم نێوەیشدا ئیمیلی هاوسۆرن، گەورە شرۆڤەكاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ‌و باكووری ئەفریقا لە كۆمپانیای RANE دەڵێت: "نەوت بەرامبەر بە پێدانی پارە لە بودجەكەدا زیاتر كۆد كراوە." هەروەها ڤلادیمیر ڤان ویلگنبێرگ، پسپۆڕی كاروباری كورد، باسی لەوە كردووە ڕەنگە ئەو بودجەیە پلانی بووژاندنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی ڕاوەستاویش لە هەرێم ئاڵۆزتر بكات"([17]).  دیوە سیاسییە پشتپەردەكانی بودجەكە ئەگەرچی ئامادەكردن و پەسەندكردنی بودجە پرۆسەیەكی ئابوری و دارایییە، بەڵام بەدەر نییە لە هەژموونی سیاسەت و هەڵوێستی هێزە حوكمڕانەكان. لە تێپەڕاندنی بودجەی سێ ساڵەدا ئاماژەكانی هەوڵی كەمكردنەوەی ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی دەستوری لەسەر حسابی ناوەند، تا ڕاددەیەكی زۆر ڕوون بوون، بەتایبەت لە ڕێگەی گروپێكی بچوككراوە لە پەرلەمانتارانی هێزە شیعەكانەوە كە لە میدیادا بە "هەڵۆكانی لیژنەی دارایی" ناسران. ئەم پەرلەمانتارانە بەشی زۆریان لینكی بەهێزیان لەگەڵ هێزە ڕاستڕەوەكانی حەشدی شەعبی هەیە([18])؛ هەندێكیشیان بەكردەیی هەر ئەندامی گرووپ و هێزە شیعەكانن وەك: بزوتنەوەی عەسائیب (عودەی عەواد)، كەتیبەكانی حزبوڵڵا (حسێن موئنیس)؛ هەیشیانە پێشتر بەرپرسیارێتیی لە حەشدی شەعبی هەبووە (یوسف كیلابی)، ئەوانی تریش كە لەم گرووپە پەرلەمانییەن یان پاڵپشتییان لێ دەكەن، هەر لە بەرەی حەشدن (مستەفا سەنەد) یان لەو بازنەیەن كە لە ئەدەبیاتی شیعیدا ناو نراوە "أمە الحشد". ئەم گرووپە پەرلەمانتارە شیعەیە كە دوا خولەكی تێپەڕاندنی بودجە خۆیان وەك ڕكابەرو نەیاری هەرێمی كوردستان ناساند، كەڵكی زۆریان لە دابەشبوون و پەرتەوازەییی هێزە كوردییەكان لە هۆڵی پەرلەمان وەرگرت. ئەم گرووپە ئەگەر بە ئاراستەكردنی ڕاستەوخۆی چوارچێوەی شیعە كاریان نەكردبێت، ئەوە بەناڕاستەوخۆ خزمەتی زۆریان بە سیاسەتەكانی چوارچێوەی شیعەی حوكمڕان كردووە لە بەهێزكردنی ناوەندگەرایی و سنورداركردنی تواناو پێگەو دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان كە سەرباری هەموو كێشە كەڵەكەبووەكانی ناوخۆی، لە ئێستادا تەنیا قەوارەی خۆبەڕێوەبەرە لە چوارچێوەی سیستەمێكی شلۆق و نەمەییوی فیدراڵی لە عێراق. یارمەتیدەرو هاندەری ئەم گرووپەو چوارچێوەی شیعەیش لە سنورداركردنی توانای جموجۆڵی هەرێم، جگە لە پلانە شیعییەكان دوو فاكتەری تر بوون كە یەكەمیان كێشە ناوخۆیییەكانی هەرێم و دابەشبوونی قووڵی هەردوو جەمسەری حوكمڕانی (پارتی و یەكێتی) بوو لەناو پەرلەمان؛ دووەمیشیان كەڵكوەرگرتنی پەرلەمانتارانی شیعەیە لەو ناڕەزایی و گلەیی و ڕەخنە ناوخۆیییانەی هەرێم كە لەشێوازی حوكمڕانی و سیاسەتی نەوت و كێشەو لێكەوتە خراپەكانی ئابوریی سەربەخۆ هەبوون و، لەم چوارچێوەیەیشدا ئەو پەرلەمانتارە شیعانە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان لەگەڵ ناڕازییەكانی هەرێم كردووەو پێشوازییان لێ كردوون و لە گوتارو بەیاننامەكانیشیاندا هەوڵیان داوە بیاندوێنن و سەرنجیان ڕابكێشن([19]). ئەگەر بارودۆخە سیاسییە شڵۆقەكەیش نەبێت، لە ڕووی یاسایییەوە لیژنەی داراییی پەرلەمان و هیچ گرووپێكی تری پەرلەمانی بەپێی دوو بڕیاری پێشووی دادگەی فیدراڵی (25/2012) و (35/2021)، دەسەڵاتی ئەوەی نییە هەمواری جەوهەری لە پرۆژەیاسای بودجەی ڕەوانەكراو لە حكومەتەوە بكات. هەر بەهۆی ئەم پڕەنسیپە یاسایییەیشەوە، حەیدەر عەبادی لە كابینەی خۆیدا (2017) كۆمەڵێك تانەی یاساییی دژی هەمواری بودجە لە پەرلەمان بردەوەو جێبەجێكردنی ئەو ماددانەیشی ڕاگرت كە پەرلەمان بۆ پرۆژەكەی حكومەت زیادی كردبوو([20]). تانەی بەغداو تانەی هەرێم وەك چاوەڕوان دەكرا حكومەتی فیدراڵی تانەی لە یاسای بودجە دا، پاش بڵاوبوونەی لە ڕۆژنامەی وەقایعی عێراقی، بەڵام سەرباری ئەوەی ماددەكانی پەیوەست بە هەرێم (11، 12، 13) جیاواز لە كارنامەی پەسەندكراو تێپەڕێنران و ناڕەزاییی توندی وەزارەتی دارایی و سەرۆكایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بەدوادا هات، بەڵام هیچ لە تانەكانی حكومەتی سودانی، كە سێ هەفتە پاش پەسەندكردنی بودجە پێشكەش كران، بە لای پشكی هەرێمدا نەچوون و بەڵكوو 12 ماددەی پەیوەست بە گرێبەست و دامەزراندن و قەرەبووكردنەوە و لێبڕینی موچەی لەخۆگرتبوو كە خۆیان لە ماددەكانی 2، 16، 20، 28، 62، 63، 65، 70، 71، 72 و 75دا دەبیننەوە([21]). ئەمەیش گومانی ئەوە دروستدەكات كە سەرجەم دەستكارییەكانی پشكی هەرێم، كاری چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە بێت. تانەكانی سودانییش تەنیا لەو ماددانەیە كە بارگرانیی بودجە زیاتر دەكەن؛ ئەمەیش پێچەوانەو دژ نییە لەگەڵ خواست و سیاسەتی چوارچێوەی شیعە كە لەگەڵ كەمكردنەوەی خەرجیدان و، ئەمەیش بەڕوونی لە لێدوانی سەركردەكانیاندا دیارەو لەم چوارچێوەیەیشدا عەممار حەكیم لە وتاری نوێژی جەژنی قوربان باسی لەوە كرد؛ دامەزراندنی زۆر لە كەرتی گشتی، بۆمبێكی چێنراوە لەناو بودجەو كاتێك دێت بتەقێتەوە([22]). باوەڕێكیش هەیە لە پەرلەمان كە حكومەت تانەكەی بباتەوە چونكە دادگەی فیدراڵی بە فرمانی سالاری (ولائی) جێبەجێكردنی هەڵپەساردوون تا یەكلاییكردنەوەیان؛ ئەگەریش ماددەكان جێبەجێ بكرێن، ئەوە بوودجە كورتهێنانی زۆری دەبێت و بە ڕاگرتنیشیان دەستكارییەكانی لیژنەی دارایی و فراوانكردنی خەرجی كەم دەبنەوە([23]). ئەوەیشی پەیوەندیی بە هەرێمەوە هەیە، هەر ئەوەی كە هیچ تانەیەكی حكومەت گۆڕانكارییەكانی ماددەكانی پەیوەست بە هەرێم ناگرێتەوە، ئاماژەیەكە كە ئەگەرچی چوارچێوەی شیعەو حكومەتی سودانی بەڕواڵەت پشتیوانی "هەڵۆكانی داراییی پەرلەمان" نەبوون، بەڵام لە ناوەڕۆكدا ئەم گرووپە بەرنامەی پشتپەردەی چوارچێوەی شیعەیان جێبەجێ كردووە یان خزمەتی گەورەیان پێشكەش كردوون بەبێ ئەوەی لەڕووی سیاسییەوە لەسەریان بكەوێت. پوختە ـ بودجەی سێ ساڵە هەنگاوێكی بێپێشینە بوو لە عێراق و هەرێمی كوردستان، بەشپرزەییی زۆرەوە چووە ناو ئەم نەخشەڕێ ئابوری و دارایییەی، كە بارودۆخی پاش ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم بەسەربەخۆ ڕێكدەخات و سەردەم و قۆناغێكی جومگەیی و نوێیە. ـ دۆخی خراپی هەرێمی كوردستان لەم بودجەیەدا بەرەنجام و ڕەنگدانەوەی دابەشبوون و كێشە ناوخۆیییەكانی هەردوو جەمسەری حوكمڕانین لە كوردستان. جگە لەوەیش لێكەوتەی كێشە كەڵەكەبووەكانی دۆسیەی نەوت و هەبوونی ناڕەزایین لە ناوخۆی كوردستان؛ بە جۆرێك دەنگێكی بیستراو هەیە لەبەر بێهیوایی بە ناوخۆ، بەغدا وەك چارەسەرو فریادڕەس دەبینێت و بە دوای ئۆقرەییی دارایی و ئابووریدا دەگەڕێت كە نزیكەی 10 ساڵە شلۆق و شێواوە.  ـ ئەم بودجەیە سیاسەتی پشتپەردەو ڕاستەقینەی چوارچێوەی شیعەی بۆ حوكمڕانیی عێراق و مامەڵەكردن لەگەڵ هەرێم ئاشكرا كرد لە ڕێگەی بێدەنگی لە هەموارەكانی لیژنەی دارایی و مامەڵەكردنی لەگەڵ ئەنجامی بودجە؛ لە كاتێكدا حكومەتەكەی، تانەی لەو ماددەو بڕگانە دا كە بارگرانی بوون بۆ بودجەی فیدراڵی لەسەر ئاستی ناوەند. ـ ماددەو بڕگەكانی بودجە پێشینەو بنەما دەبن بۆ یاسای نەوت و گازی فیدراڵی كە بڕیارە لە وەرزی نوێی یاسادانان لە چوارچێوەی ئەو یاسایانەدا بێت كە تێدەپەڕێنرێت. ـ بودجەی سێ ساڵی لێكەوتەی سیاسیی دەبێت لەسەر دۆخ و پێگەی هەرێمی كوردستان، بەتایبەت لە كاتی جێبەجێكردن. ئەمەیش وریایی و پەیوەندیی بەردەوامی پێویستە لەگەڵ بەغدا بۆ زاڵبوون بەسەر كەندو كۆسپەكانی ئەو "داو"انەی لە بودجەدا هەن لەم ڕێگەیانەی خوارەوە: - چڕكردنەوەی هەوڵ بۆ چارەسەركردنی تێچووی بەرهەمهێنان و هەناردەكردن و گواستنەوەی نەوتی هەرێم لەسەر بنەمایەكی گونجاو بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی شكستهێنانی پیشەسازیی نەوت. - هەوڵدانی بەردەوام بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و كەڵكوەرگرتن لە نرخەكانی سۆمۆ. دەستپێكردنەوەی هەناردە بە میكانیزمی نوێ، كوردستان دەخاتەوە سەر نەخشەی وزە لە لایەك و، نرخە نوێیەكانیش چارەسەری ناڕەزایی و كێشە كەڵەكەبووەكانی فرۆشتنی نەوت بە شێوەیەكی سەربەخۆ دەكات. - هەوڵدان بۆ جیاكردنەوەی ڕەوشی داراییی هەرێم لە ململانێ سیاسییە ناوخۆیییەكانی هەرێم و لە ناكۆكییە درێژخایەنە كەڵەكەبووەكانی نێوان هەولێرو بەغدا، بەوپێیەی دۆسیەی دارایی هۆكارێكە بۆ ڕاگرتنی ئۆقرەییی سیاسی و كۆمەڵایەتی. ([1])https://2u.pw/EoLJHyt ([2])https://moj.gov.iq/view.7273/ ([3])https://2u.pw/8Zqfv3M ([4])https://2u.pw/52PjdJR ([5])https://2u.pw/OyqNn26 ([6])https://2u.pw/RDuliwu ([7])https://2u.pw/uXmkCXj ([8])https://2u.pw/bOeSZYo ([9])https://2u.pw/rJ8psXV ([10])https://2u.pw/uJMlyq4 ([11])https://2u.pw/B8cFPLs ([12])https://2u.pw/mFEty7X ([13])https://2u.pw/GwOlJNu ([14])https://2u.pw/hm4zE0z ([15])https://2u.pw/GwOlJNu ([16])https://2u.pw/iSc7TxY ([17])https://2u.pw/ZyXZJhI ([18])https://2u.pw/bOeSZYo ([19])https://2u.pw/HhCY0PR ؛ https://2u.pw/yBGfmaJ ؛ https://2u.pw/uGm7qge ؛ https://2u.pw/tqIGDVe ([20])https://2u.pw/FuexlyU ([21])https://2u.pw/cnXeFsN ([22])https://2u.pw/MTaHyQu ([23])https://2u.pw/odKUchJ


  راپۆرت: درەو سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەیەوێت مەرسومی سێیەم بۆ سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەربكات، رۆژی 25ی شوبات وەكو وادەی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەكە دیاری بكات، بۆ ئەمەش پەیامی بۆ لایەنە سیاسییەكان ناردووە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. سەرۆكی هەرێم مەرسومی سێیەم دەردەكات سەرچاوەیەك لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند، سەرۆكایەتیی هەرێم پەیامی بۆ حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان ناردووە‌و ئاگاداریكردوون لە وادەیەكی نوێ بۆ سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان. (درەو) زانیویەتی، سەرۆكایەتیی هەرێم پێشنیازی رۆژی (25ی شوبات)ی ساڵی داهاتووی كردووە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن. ئەم پەیامەی سەرۆكایەتیی هەرێم بۆ حزبە سیاسییەكان دوای ئەوە دێت، رۆژی 18ی ئەم مانگە كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە فەرمی‌و لە نوسراوێكدا وەڵامی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانی دایەوە‌و تێیدا رۆژی (18ی شوبات)ی ساڵی داهاتووی وەكو وادەی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەكەی كوردستان دیاریكرد. رۆژی 10ی ئەم مانگە، سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان نوسراوێكی ئاڕاستەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق كرد، تێیدا داوایكرد: •    كۆمسیۆنەكەی عێراق هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەببات كە رۆژی 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵە. •    ئەگەر كۆمسیۆن نەیتوانی لەوادەی دیاریكراودا هەڵبژاردنەكە بەڕێوەببات، با هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقدا هەڵبژاردنەكەی كوردستانیش بەڕێوەببات، واتا رۆژی 18ی كانونی یەكەمی ئەمساڵ. كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە نوسراوێك وەڵامی سەرۆكایەتی هەرێمی دایەوە، تێیدا رایگەیاند، بەهۆی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانەوە ناتوانێت هەڵبژاردنی كوردستان لەو دوو دوایەدا بەڕێوەببات كە سەرۆكایەتی هەرێم دیاریكردووە، كۆمسیۆن رۆژی 18ی شوباتی ساڵی داهاتووی دیاریكرد. ئێستا لەسەر بنەمای ئەو وادەی كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق دیاریكردووە، دەبێت سەرۆكایەتی هەرێم بۆ جاری سێیەم مەرسوم بۆ دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەربكات، ئەمە هۆكارەكەیە كە سەرۆكایەتیی هەرێم پەیامی بۆ حزبە سیاسییەكان ناردووە.   مەرسومی یەكەمی هەڵبژاردن رۆژی 24ی شوباتی 2022 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە مەرسومێك رۆژی 1ی تشرینی یەكەمی 2022ی وەكو وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاریكرد، واتە (7) مانگ بەر لە وادەی تەواوبوونی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكی هەرێم وادەی سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی دیاریكرد. دوای دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە، لەماوەی مانگەكانی ئایاری 2022ەوە بۆ مانگی ئابی هەمان ساڵ، كەسی یەكەمی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆ لەسەر هەڵبژاردن سێ كۆبونەوەیان كرد: • كۆبونەوەی یەكەم: رۆژی 26ی ئایاری 2022 لە بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێر بەسەرپەرەشتی خاتوو (جینین پلاسخار) نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق بەڕێوەچوو، لایەنەكان نەگەیشتنە رێككەوتن. • كۆبونەوەی دووەم: رۆژی 9ی حوزەیرانی 2022  لە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم لە هەولێر بەڕێوەچوو، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم سەرپەرەشتی كرد‌و خاتوو پلاسخارت ئامادە بوو، جارێكی تر لایەنەكان لەسەر چۆنیەتی‌و وادەی بەڕێوەنی هەڵبژاردن نەگەیشتنە رێككەوتن، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەم كۆبونەوەدا نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان داوایكردووە بەر لە جەژنی (نەورۆز)ی ساڵی 2023 بەدیاریكراوی لە رۆژی (4ی ئازار)دا هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان بەڕێوەبچێت، لەم كۆبونەوەیەدا بڕیاردرا لیژنەیەك لە سەرۆكایەتی هەرێم بە سەرپەرەشتی (مستەفا سەید قادر) دروست بكرێت بۆ لێكنزیككردنەوەی بۆچونی لایەنەكان لەبارەی هەڵبژاردن‌و لە رۆژی 1ی تەموزدا لیژنەكە راپۆرتی خۆی بۆ سەرۆكایەتی هەرێم بگەڕێنێتەوە، لیژنەكەی مستەفا سەید قادر چەند كۆبونەوەیەكی لەگەڵ بەرپرسی ژوری دەزگاو ژوری هەڵبژاردنی لایەنەكان كرد، بەڵام نەیتوانی بیانگەیەنێتە رێككەوتن. • كۆبونەوەی سێیەم: رۆژی 10ی ئابی 2022 جارێكی تر كەسی یەكەمی حزبە سیاسییەكان بەئامادەبوونی نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان‌و بە سەرپەرەشتی نێچیرڤان بارزانی كۆبونەوە، ئەم كۆبونەوەیە ئاڵۆزی تێیدا دروستبوو، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی لەبەرچاوی نوێنەرەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان وتی: دوای گەڕانەوەی لەسەردانێكدا بۆلای بارزانی لە پیرمام، رۆژی 4ی ئاب كەسێكی "جاش" بەقەناس چاودێری كردووە‌و هەوڵیداوە تەقە لە فڕۆكەكەی بكات، هەروەها باسی لە دۆخی خراپی دارایی سلێمانی كرد، ئەمە كەشوهەوای كۆبونەوەكەی ئاڵۆز كرد‌و كەسی یەكەمی لایەنەكان بەبێ رێككەوتن لەسەر هەڵبژاردن كۆبونەوەكەیان بەجێهێشت، ئەم كۆبونەوەیە خاتوو پلاسخارتی نیگەران كرد‌و وتی" من جارێكی تر بەشداری كۆبونەوەكانتان ناكەم"، بۆ راگرتنی دڵی خاتوونی نوێنەر، نێچیرڤان بارزانی بەڵێنی پێدا كۆبونەوەی مانگی ئەیلولی 2022دا رێككەوتنی كۆتایی لەنێوان لایەنەكاندا بكرێت لەبارەی هەڵبژاردنەوە. لەم سێ كۆبونەوەیەدا مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی بەشداری نەكرد‌و لەبری خۆی نوێنەری نارد، شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێش بەشداری هیچ كۆبونەوەیەكی نەكرد‌و تەنیا بۆ كۆبونەوەی یەكەم نوێنەری خۆی نارد. كۆبونەوەكان بۆ سزادانی هەڵبژاردن هیچ شتێكیان لێ سەوز نەبوو، بەمشێوەیە سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی لە رۆژی 1ی تشرینی یەكەمی 2022دا لەبارچوو، ئەوكات بەگشتی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانەوە دابەشبوون بەسەر دوو بەرەی ناكۆكدا، پارتی‌و یەكێتی وەكو دوو هێزی باڵادەستیی سەرەكی پێكەوە كۆك نەبوون‌و هەریەكەیان سەركردایەتیی بەرەیەكی ناكۆكییەكە دەكرد، كرۆكی ناكۆكی لەبارەی هەڵبژاردن لەنێوان لایەنەكان پەیوەندی بە (چۆنیەتی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و پشكی لایەنەكان لە كۆمسیۆن)‌و (هەمواری یاسای هەڵبژاردن)ەوە هەبوو، لەناو هەمواری یاسای هەڵبژاردندا سێ بابەت ناكۆكی سەرەكی لەسەر بوو كە بریتین بوون لە بابەتەكانی (بازنەكانی هەڵبژاردن)‌و (تۆماری دەنگدەران)‌و (كورسی كۆتای پێكهاتەكان)، بەڵام زیاتر ناكۆكییەكە لەسەر شێوازی هەڵبژاردن چڕبوەوە. ئەوكات بەرەیەك داوا دەكرد شێوازی هەڵبژاردن وەكو هەڵبژاردنەكانی پێشوو بمێنێتەوە‌و كوردستان (یەك بازنەی) هەڵبژاردن بێت، بەرەكەی تر داوا دەكرد هاوشێوەی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق سیستەمی هەڵبژاردن بكرێت بە (فرە بازنە)‌و هەر پارێزگایەكی كوردستان بازنەیەكی هەڵبژاردن بێت. ساڵی رابردوو بەرلەوەی وادەی یەكەمی هەڵبژاردن پەكی بكەوێت، پارتی بەزۆرینەی پەرلەمانیی لەتوانایدا بوو بەبێ لایەنەكانی تر یاسای هەڵبژاردن بەوشێوەیە تێپەڕێنێت كە خۆی دەیەوێت، بەڵام ئەمەی نەكرد، چونكە زانی بەبێ رەزامەندی یەكێتیی وەكو دەسەڵاتداری ناوچەی سلێمانی هەڵبژاردن بەڕێوەناچێت، بۆیە بابەتەكە بۆ دانوستان‌و رێككەوتن بەجێهێشت، بەڵام دەوترا پارتیش هاوشێوەی یەكێتیی زۆر تامەزرۆی هەڵبژاردن نییە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا كە پۆستی سەرۆكی هەرێم‌و سەرۆكی حكومەت‌و سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی لەدەستدایە. وەكو ئەوەی سەرۆكی هەرێم دیاریكردبوو، هەڵبژاردن لە رۆژی 1ی تشرینی یەكەمی 2022دا بەڕێوەنەچوو، لایەنەكان نەگەیشتنە رێككەوتن، بەهۆیەوە رۆژی (6ی تشرینی دووەمی 2022) تەمەنی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی هات. نزیكەی مانگێك بەر لە تەواوبوونی تەمەنی یاسایی خۆی، پەرلەمان لە رۆژی 9ی تشرینی یەكەمی 2022دا لە دانیشتنێكدا بۆ ماوەی یەك ساڵ تەمەنی خۆی درێژكردەوە. بە دەنگی (80) پەرلەمانتاری فراكسیۆنەكانی (پارتی، یەكێتی، هەشت پەرلەمانتاری گۆڕان، پێكهاتەكان) تا كۆتایی وەرزی پایزەی 2023 تەمەنی پەرلەمانی كوردستان درێژكرایەوە. مەرسومی دووەمی هەڵبژاردن 26ی مانگی ئازاری ئەمساڵ، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەرسومی دووەمی دەركردو تێیدا وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانی دیاریكردەوە، ئەمجارە رۆژی 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی بۆ هەڵبژاردن دیاریكرد، واتە ئەمجارەش ماوەی 8 مانگ دەرفەت بە لایەنەكان درا بۆ ئەوەی بگەنە رێككەوتن لەسەر كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و هەمواری یاسای هەڵبژاردن لەناو پەرلەماندا، ئەم وادەیەك تێپەڕی‌و لایەنەكان بەدیاریكراویش پارتی‌و یەكێتیی نەگەیشتنە رێككەوتن. رۆژی 30ی ئایاری ئەمساڵ، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری خۆی لەبارەی ئەو سكاڵایانە راگەیاند كە دژی درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان تۆماركرابوون، دادگا درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستانی رەتكردەوە‌و بەمشێوەیە پەرلەمانی كوردستان هەڵوەشایەوە. ئەگەری دواكەوتنی هەڵبژاردن وەكو ئەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق رەزامەندی لەسەرداوە، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەكەوێتە شوباتی ساڵی داهاتووە، واتە لە وەرزی زستاندا بەڕێوەدەچێت. كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق خۆی لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا وادە یاساییەكەی تەواو دەبێت، بەر لە تەواوبونی وادەكەی خۆی، كۆمسیۆن دەیەوێت پابەندی سازدانی هەڵبژاردنی كوردستانی بكەوێتە ئەستۆ بۆ ئەوەی سەرلەنوێ تەمەنی خۆی درێژبكاتەوە. ئێستا ئیتر هیچ بەهانەیەك لەبەردەم لایەنە سیاسییەكانی هەرێم بۆ سازدانی هەڵبژاردن نەماوە، بەهۆی ئەوەی لایەنە سیاسییەكان نەیانتوانی لە پەرلەمانەوە یاسای هەڵبژاردن هەموار بكەنەوە، هەڵبژاردنی داهاتوو بەهەمان یاسا كۆنەكە بەڕێوەدەچێت‌و كوردستان یەك بازنەی هەڵبژاردن دەبێت‌و كورسی پێكهاتەكانیش وەكو خۆی لە سنوری هەولێرو دهۆكدا دەمێنێتەوە.


  درەو: كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق پێشنیازێكی هەرێمی كوردستانی رەتكردووەتەوە كە هەرێمی كوردستان پێشنیازی كردووە"ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكات بەڵام كۆمسیۆنی هەرێم بەبێ كۆمسیارەكانی پرۆسەی هەڵبژاردن بەرێوە بەرێت". سەرچاوەیەك لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق بە (درەو)ی راگەیاند: هەرێمی كوردستان پێشنیازی كردووە، بەهۆی ئەوەی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەرێم وادەكەیان بەسەرچووە، بۆیە داوایان لە كۆمسیارانی كۆمسیۆنی عێراق كردووە، سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكەن، بەكەرەستەو لۆجستی كۆمسیۆنی هەڵبژادن و راپرسی هەرێم، واتا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن كۆمسیۆنی هەرێمی كوردستانەوە بەڕێوە ببرێت بە بێ كۆمسیارەكانی، ئەنجومەنی كۆمسیارانی بەغداد سەرپەرشتیبكات، ئەم پێشنیازە لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە رەتكراوەتەوە. عیماد جەمیل, سەرۆكی تیمی راگەیاندنی كۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند: كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق دیاریكردنی كاتی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان لەئێستادا قورسە و ناتوانین هەڵبژاردنی هەرێم لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق ئەنحامبدەین، كاری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم تەواوبووەو ناتوانێت هەڵبژاردن بەڕێوەبەرێت, هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان لەلایەن كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە ئەنجامدەدرێت. سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان رۆژی 10ی ئەم مانگە بەنوسراو داوایان لەكۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق كردووە ئایا دەتوانن لە رۆژی 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەببەن، ئەگەر كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق نەتوانێت لە رۆژی 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەببات، داوامان كردووە رۆژی 18ی كانونی یەكەم، واتا لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەببات، بەپێی وتەی فەوزی هەریری سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم بۆچونی سەرۆكی هەرێم ئەوەیە پێش كۆتایی ئەمساڵ هەڵبژاردن بكرێت، نەتەوە یەكگرتووەكانیش پێیوایە دەكرێت كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە هەمان رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش بەڕێوەببات. ژمارەی دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان بەپێی ئاماری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق: پارێزگای سلێمانی:  ملیۆنێك و 441 هەزار و 855 دەنگدەر  پارێزگای هەولێر: ملیۆنێك 312 هەزار و 601 دەنگدەرە پارێزگای دهۆك: 887 هەزار و 120 دەنگدەر كۆی گشتی: 3 ملیۆن و 642 هەزارو 976 دەنگدەر    



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand