"نێچیرڤان بارزانی هەڵبژاردن دوادەخات"
2024-04-29 19:40:26
درەو:
لایەنە عێراقییەكان پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیان دایە دەست سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ لایەنەكانی هەرێم كۆدەبێتەوەو بەرلە دەستپێكردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن وادەیەكی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری دەكات.
ماوەی دوو رۆژە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بەغدادیە، لەگەڵ ئیدارەی دەوڵەت و بەشێك لە سەركردەی لایەنە عێراقییەكان كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەكاندا سەركردەی لایەنە سیاسیەكانی عێراق بەتایبەت نوری مالكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای و هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح رایانگەیاند، ئەنجامدان و دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە دەستی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندایەو ئەوان سەرپشكن لە ئەنجامدان یان دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
سەرچاوەیەكی باڵا لە بەغداد بە (درەو)ی راگەیاند لایەنە عێراقییەكان پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیان داوەتە دەست نێچیرڤان بارزانی و گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵكردووە هەڵبژاردن دوابخات بۆ كاتێكی تر.
لەگەڵ دواخستنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بۆ هەر وادەیەكی تر تەمەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق لە 7/7 بەسەر دەچێت و دەبێت لە پەرلەمانی عێراق ئەو پرسە یەكلا بكرێتەوە.,
بە پێی زانیارییەكانی (درەو) دوای گەڕاندنەوەی لە بەغداد نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ لایەنە سیاسیەكانی هەرێمیك وردستان كۆدەبێـتەوەو وادەیەكی نوێ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری دەكات:
زانیارییەكانی (درەو) ئاماژە بە چەند سیناریۆ دەكەن:
• دواخستن یان دیاریكردنی وادەیەكی تر بۆ هەڵبژاردنی پەرەلەمانی كوردستان لە مانگی (10 یان 11)ی ئەمساڵ 2024.
• دواخستنی هەڵبژاردن بۆ مانگی (10)ی ساڵی داهاتوو 2025 و ئەنجامدانی لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
• دواخستنی تا چارەسەركردنی كێشەكان و هەڵبژاردنی كۆمسیۆنێكی نوێی هەڵبژاردن.
تا ئێستا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان چوارجار وادەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاریكردووەو ئەنجامنەدراوە، بۆیە چاوەڕوان دەركێت بە هەمان شێوە جارێكی تر وادەیەكی نوێ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری بكات.
(درەو) پێشتر لەگەڵ چەند بەرپرسێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان قسەی كرد ئەوان باسیان لەوەكرد، كۆمسیۆنی ئێستا پێكهاتەكەی و هەنگاوەكانی پلانێكی دیزایینكراوە دژی پارتی دیموكراتی كوردستان و پارتی نایەوێت بەم ستافەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق، هەڵبژاردن بكرێت، چونكە ئەگەر تەواوی داواكارییەكانی پارتی جێبەجێبكرێت هێشتا هەڵبژاردن ئاستەمە بكرێت، پارتی پێی وایە ئەو پێكهاتەو ستافەی كۆمسیۆن موعەدەلەیەكی عێراقی نیە، پارتی پشك و بڕیارێكی لەم كۆمسیۆنەدا نیە، بۆیە پارتی گومانی لەم كۆمسیۆنە هەیەو نایەوێت بەم كۆمسیۆنە هەڵبژاردن بكرێت.