Draw Media

هەڵبژاردن چۆن دوادەخرێت؟

هەڵبژاردن چۆن دوادەخرێت؟

2024-05-01 12:40:48



درەو:
هەفتەی داهاتوو بەر لە وادەی دەستپێكردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، وادەیەكی نوێ بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاری دەكات، بەپێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم نێچیرڤان بارزانی دەسەڵاتی دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی هەیە.
دوای سەردانەكەی بۆ بەغداد و وەرگرتنی رای لایەنە سیاسی و حكومییەكانی عێراق، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو وادەیەكی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری بكات، بەپێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم نێچیرڤان بارزانیدەسەڵاتی دیاریكردنی وادەی هەیە بۆ هەڵبژاردن، بەڵام رێواز فایەق سەرۆكی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی دواخستنی هەڵبژاردنی نیە، بەڵكو دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردن لە دەسەڵاتی ئەودایە.
واتا سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەبێت بیانوویەكی هەبێت بۆ دیاریكردنی وادەیەكی نوێ بۆ هەڵبژاردن:
•    حكومەتی عێراق داوا لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بكات كارەكانی كۆمسیۆن رابگرێت تا هەموو لایەنەكانی هەرێم بەشدار دەبن، هەروەك دوێنی محەمەد شیاع سودانی لەگەڵ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كۆبووەوەو رایگەیاند: "هەڵبژاردنی كوردستان دەبێت تەوافوقی سیاسی لەسەر بێت و هەموو پێكهاتەكانی كۆمەڵگە تێیدا بەشدار بن"، كۆمسیۆنیش داوا لە سەرۆكایەتی هەرێم بكات وادەیەكی نوێ دیاری بكات.
•    سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە بیانووی پاراستنی ئاساییشی ناوخۆی هەرێمی كوردستان سازانی لایەنەكان، وادەیەكی نوێ دیاری بكات بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان.
•    بەپێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتی دواخستنی هەڵبژاردنی نیە، تەنیا دەسەڵاتی دیاریكردنی كاتی هەڵبژاردنی هەیە، بۆیە دەبێت بیانوویەكی یاسایی هەبێت بۆ دواخستنی هەڵبژاردن.
بە پێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و یاسای هەڵبژاردنەكان، سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنەكانی هەیە.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان پاڵپشت بە بڕگەی (دووەم) لە مادەی (دەیەم) رۆژی هەڵبژاردن دیاری دەكات و لەو بڕگەیەدا هاتووە: "لە حاڵێكدا پەرلەمانی كوردستان هەڵبوەشێتەوە، یان ماوەی خولی هەڵبژاردنەكە كۆتایی هاتبێ، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەماوەی (15) رۆژدا فەرمان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی دەردەچوێنێ".
تا ئێستا سەرۆكی هەرێمی كوردستان چوار مەرسومی تری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەركردووە، بەبێ ئەوەی پرۆسەكە دوابخات، واتا بەپێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێم تەنیا دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنە:
•    مەرسوومی یەكەم لە 24/2/2022 دەركراوەو رۆژی 1/10/2022 دیاری كراوە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان .
•    مەرسوومی دووەم لە 26/3/2023 دەركراوەو رۆژی 18/11/2023 دیاری كراوە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان.
•    مەرسوومی سێیەم لە 3/8/2023 دەركراوەو رۆژی 25/2/2024 دیاری كراوە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان
•     مەرسوومی چوارەم لە 3/3/2024 دەركراوەو رۆژی 10/6/2024 دیاری كراوە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان
•    مەرسومی پێنجەم ؟
بەپێی ئەو مەرسومانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەریكردوون، تەنیا رۆژی هەڵبژاردنی دیاریكردووەو ئاماژەی بە دواخستن نەركردووە.
دواین مەرسومی نێچیرڤان بارزانی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەریكردووە كە لە رۆژی 3/3/2024 بووە: "پاڵپشت بە بڕگەی (دووەم) لە ماددەی (دەیەم) لە یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ژمارە (1)ـی ساڵی 2005ـی هەمواركراو، رۆژی 10-6-2024 بە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاریكرا، هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان پابەند دەبن بە ئەنجامدانی كاری پێویست بۆ هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بۆ جێبەجێكردنی ئەم فەرمانە،‌ كە هەر ئەمڕۆ لە رۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەكرێت".

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand