Draw Media

بایه‌خی ستراتیژی كێڵگه‌ی غازی كۆرمۆر

بایه‌خی ستراتیژی كێڵگه‌ی غازی كۆرمۆر

2024-04-27 08:38:20


د. نه‌بیل مه‌رسومی- پسپۆڕی بواری وزه‌

هه‌ڵكه‌وته‌ی كێڵگه‌كه‌: قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ له‌ سلێمانی، روبه‌ره‌كه‌ی 135 كیلۆمه‌تری چوارگۆشه‌یه‌
ناساندنی كێڵگه‌كه‌: گه‌وره‌ترین كێڵگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی غازه‌ له‌ عێراق
یه‌ده‌گی پشتڕاستكراوه‌: 8.2 ترلیۆن پێ سێجا
وه‌به‌رهێنان: 452 ملیۆن پێ سێجا غازی وشك و 15،000 به‌رمیل كۆندێنسێت و زیاتر له‌ 1000 ته‌ن غازی شل له‌ رۆژێكدا. كێڵگه‌كه‌ غازی پێویست به‌رهه‌مده‌هێنێت بۆ به‌رهه‌مهێنانی 4200 مێگاوات كاره‌با له‌ رۆژێكدا، له‌و بڕه‌ 2800 مێگاواتی بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌چێت و ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ ره‌وانه‌ی هه‌ردوو پارێزگای كه‌ركوك و موسڵ ده‌كرێت.
كێڵگه‌ی كۆرمۆر له‌رێگه‌ی بۆرییه‌وه‌ غازی سروشتی ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ هه‌ردوو وێستگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌بای چه‌مچه‌ماڵ و هه‌ولێر، رێژه‌ی 67%ی كاره‌بای هه‌رێمی كوردستان دابین ده‌كات. 
وه‌به‌رهێنه‌رانی بیانی: كۆمپانیای "دانه‌غاز"و كۆمپانیای "هیلال" هه‌ریه‌كه‌یان پشكی 35%یان هه‌یه‌و 10% بۆ هه‌ریه‌كه‌ له‌ كۆمپانیاكانی (OMV)و (MOL)و (RWE).
دیدگای ئاینده‌: به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی به‌رهه‌مهێنان بۆ ستانداردی 630 ملیۆن پێ سێجا له‌ 2023دا، به‌ڵام به‌هۆی چه‌ند هۆكارێكه‌وه‌ كاره‌كه‌ زۆر دواكه‌وت، له‌دیارترین ئه‌و هۆكارانه‌ش دووباره‌بوونه‌وه‌ی بۆردومانكردنی كێڵگه‌كه‌، كه‌ بووه‌ هۆی راگرتنی كاركردن بۆ فراوانكردنی به‌رهه‌مهێنان له‌ كێڵگه‌ی كۆرمۆرو كۆمپانیای (ئیكستران)ی ئه‌مریكی كاركردنی له‌ كێڵگه‌كه‌ به‌جێهێشت، كه‌ به‌شێكی پاره‌كه‌ی له‌رێگه‌ی رێككه‌وتنێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیای پاره‌داركردنی گه‌شه‌پێددانی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌مریكییه‌وه‌ دابین ده‌كرا، به‌ به‌های 250 ملیۆن دۆلار. 
هۆكاری دووباره‌بوونه‌وه‌ی بۆردومانكردنی كێڵگه‌ی كۆرمۆر: له‌باربردنی پلانه‌كانی حكومه‌تی عێراق بۆ به‌دیهێنانی خۆبژێویی وزه‌و به‌دیهێنانی ئاسایشی وزه‌ له‌ عێراقدا. به‌ سه‌ره‌نجدان له‌ بوونی پلانی ئومێدبه‌خش له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ له‌بواری ناردنی غازی سروشتی بۆ ئه‌وروپا، ئه‌م پلانانه‌ به‌مدواییانه‌ بایه‌خی گه‌وره‌ی نێوده‌وڵه‌تییان وه‌رگرتووه‌، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر رۆشنایی زیادبوونی لێكه‌وته‌كانی قه‌یرانی روسیا- ئۆكراینا له‌سه‌ر كه‌رتی وزه‌ له‌ ئه‌وروپا، بۆیه‌ هه‌نگاوه‌كان خێراتر بوون بۆ دانانی پلانێكی ستراتیژی بۆ دروستكردنی بۆرییه‌ك بۆ گواستنه‌وه‌ی غازی سروشتی، كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی له‌ كێڵگه‌ی كۆرمۆره‌وه‌ ده‌رده‌چێت و به‌ هه‌ولێردا تێده‌په‌ڕێت و له‌ شاری دهۆك كۆتایی دێت، دواتر ده‌به‌سترێته‌وه‌ به‌ تۆڕی بۆرییه‌كانی توركیا، تۆڕێك كه‌ رێگه‌ی پێده‌دات بگوازرێته‌وه‌ بۆ وڵاتانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand