ڕاپۆرتی: گۆران دوکانی ـ ئەمەریکا بەشی دووەم و کۆتایی "پێشەکی" كورد وەک زۆربەی نەتەوەکانی دیکەی جیهان ژمارەیەکی زۆری لە ووڵاتانی تاراوگەدا نیشەتەجێن کە بەملیۆنان کورد مەزەندە دەکرێن، گەلی کورد کەدەکەوێتە ڕۆژئاوای ئاسیاوە، باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا و باکووری ڕۆژئاوای ئێران و باکووری عێراق و باکووری سوریا دەگرێتەوە، لەشارەکانی ڕۆژئاوای تورکیا (بەتایبەت ئیستەنبوڵ) و ئەوروپای ڕۆژئاوا (بەپلەی یەکەم لەووڵاتی ئەڵمانیا) زۆرینەیەکی کورد دەژین، پێکهاتە بەرچاوەکانی ڕەوەندی کورد لە ئەنادۆڵی ناوەڕاست و خوراسان و قەفقازدا ئێکسلاڤەکانی کورد هەن. ژمارەی دانیشتوانی کورد لەنێوان 60 بۆ 65 ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت لەجیهاندا. "کام ووڵاتانە زۆرترین کوردی لێیە" ئەگەرچی سەرژمێریەکی وورد لەبەردەستدا نیە بەڵام ڕێژەی دانیشتوانی کورد بەپێی تازەترین داتا لەووڵاتانی ڕۆژئاوادا بەم جۆرەرە خەمڵێنراوە: ـ گەورەترین ڕەوەندی کوردی لە ووڵاتی ئەڵمانیایە کە مەزەندە دەکرێت نزیکەی 1.5 یەک ملیۆن و نیو کورد لەو ووڵاتەدا بژین و گەورەترین کۆمەڵگای کوردیيش لە شاری کۆڵنە. ـ فەرەنسا بە پلەی دووەم دێت کە زۆرترین کوردی لێ نیشتەجێیەو ژمارەیان نزیکەی 240 هەزار کوردەو گەورەترین کۆمەڵگای کوردیيش لە دەوروبەری شاری پاریسە. ـ هۆڵندا بە پلەی سێهەم دێت، ژمارەی دانیشتوانی کورد لەو وڵاتەدا بەنزیکەی 150 هەزار مەزەندە دەکرێت و گەورەترین کۆمەڵگای کوردیيش لەشاری دانهاخە. ـ سوید بەپلەی چوارهەم دێت، ژمارەی دانیشتوانی کورد لەو وڵاتەدا بەنزیکەی 110 هەزار مەزەندە دەکرێت و گەورەترین کۆمەڵگای کوردیيش لەشاری ستۆکهۆڵمە. ـ شانشینی یەکگرتوو (بەریتانیا) بەپلەی پێنجەم دێت، ژمارەی دانیشتوانی کورد لەو وڵاتەدا بەنزیکەی 90 هەزار مەزەندە دەکرێت و گەورەترین کۆمەڵگای کوردیيش لەشاری بێرمینگهامە. ـ بەلجیکا بەپلەی شەشەم دێت، ژمارەی دانیشتوانی کورد لەو وڵاتەدا بەنزیکەی 75 هەزار مەزەندە دەکرێت و گەورەترین کۆمەڵگای کوردیيش لەشاری برۆکسلە. ـ سویسرا بە پلەی حەوتەم دێت، ژمارەی دانیشتوانی کورد لەو وڵاتەدا بەنزیکەی 65 هەزار مەزەندە دەکرێت و گەورەترین کۆمەڵگای کوردیيش لەشاری باسلە. ـ ويلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەپلەی هەشتەم دێت، ژمارەی دانیشتوانی کورد لەو وڵاتەدا بەنزیکەی 60 هەزار مەزەندە دەکرێت و گەورەترین کۆمەڵگای کوردیيش لەشاری ناشڤێڵە. ـ يۆنان بەپلەی نۆهەم دێت، ژمارەی دانیشتوانی کورد لەو وڵاتەدا بەنزیکەی 50 هەزار مەزەندە دەکرێت و گەورەترین کۆمەڵگای کوردیيش لەشاری ئەسینایە. ـ نەرویج بەپلەی دەهەم دێت، ژمارەی دانیشتوانی کورد لەو وڵاتەدا بەنزیکەی 45 هەزار مەزەندە دەکرێت و گەورەترین کۆمەڵگای کوردیيش لەشاری ئۆسڵۆیە. ـ كەنەدا بەپلەی یانزەهەم دێت، ژمارەی دانیشتوانی کورد لەو وڵاتەدا بەنزیکەی 30 هەزار مەزەندە دەکرێت و گەورەترین کۆمەڵگای کوردیيش لەدەوروبەری شاری تۆرنتۆیە. ـ ئوسترالیا بەپلەی دوانزەهەم دێت، ژمارەی دانیشتوانی کورد لەو وڵاتەدا بەنزیکەی 12 هەزار مەزەندە دەکرێت و گەورەترین کۆمەڵگای کوردیيش لەدەوروبەری شاری سیدنیە. جگە لەم ووڵاتانە ژمارەیەکی زۆری کورد لە ووڵاتەکانی (ئازەربایجان، ڕووسیا، کازاخستان، ئەرمینیا، کیرگستان، جۆرجیا، نیوزلەندا، نەمسا، دانیمارک، فینلەندا، ئایسلەندا، ئایرلەندا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، پرتوگال، لوکسمبۆرگ) دەژین، کەمەزەندە دەکرێت ژمارەی سەرجەمیان زیاتر لە 1.2 یەک ملیۆن و دووسەد هەزار کوردبێت. "کام ووڵاتانە گرنگن بۆ دروستکردنی لۆبی" لەهەموو وڵاتێکی ڕۆژئاوایدا دەتوانرێت پەیامی پرسە نەتەوەیی و ئابوور و سیاسی و دیپلۆماتی و فەرهەنگی و ژیاریەکان بگەێنرێتە ناوەندە پەیوەندیدارەکان بەڵام ئەو وڵاتانەی کە باشترینن بۆ دروستکردنی لۆبی و گەیاندنی دەنگی حکومەت و نەتەوەکان بریتین لە: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، شانشینی یەکگرتوو (بەریتانیا)، یەکێتی ئەوروپا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، کەنەدا، ئوسترالیا" جگە لەناوەندە باڵاکانی ئەم وڵاتانە چەند ناوەندێکی دیکەش هەن کە زۆرجار ڕوویداوە چەند حکومەتێک لۆبی تێدا ئەنجام بدەن ئەو ناوەندانەش دیارترینیان ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ). "كام ووڵاتانە زۆرترین هەوڵی لۆبی دەدەن" گومانی تێدانیە وویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ناوەندە سیاسیەکانی چەقی دروستکردنی گەورەترین لۆبین لەسەر ئاستی جیهاندا بۆیە زۆربەی ووڵاتانی دنیا بەگرنگیەوە لۆبی لە ئەمەریکادا ئەنجام دەدەن، ئەگەر تەنها ساڵی 2010 وەک نموونەیەک وەربگرین حکومەتەکانی دەرەوە نزیکەی 460 ملیۆن دۆلاریان بەتەنها لەو ساڵەدا خەرجکردووە بۆ لۆبیکردنی ئەندامانی کۆنگرێس و بەرپرسانی حکومەتی ئەمەریکا. ئەو ووڵاتانەی کەهەمیشە لەڕێگەی ڕەوەندی نەتەوەکانی خۆیانەوە کەنیشتەجێی ئەمەریکان لە هەوڵی لۆبیکردندان و بۆ ئەو مەبەستەش زۆرترین پارە خەرج دەکەن بریتین لە (ئیسڕائیل، سعودیە، تورکیا، میسر، پاکستان، ئیمارات، چاینا). "كورد و لۆبی" بەشێکی زۆر لە نەتەوەکانی دنیا لەڕێگەی لۆبیکردنەوە لە ووڵاتە ڕۆژئاوایەکاندا مافەکانی خۆیان بە دەست هێناوە یاخود بونە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان بەڵام حاڵی لۆبی کوردی لە تاراوگەدا لەخراپترین ئاستدایە تەنانەت شتێک نیە بەناوی لۆبی کوردی ئەوەشی کەهەیە نەک هەر لۆبیەکی کوردی نەتەوەیی نیە بەڵکو لۆبیەکی حیزبی و خێڵەکی و بنەماڵەیەو لێدانە لە پرسە ڕاستەقینەکەی لۆبی کوردی. "کورد و سیاسەت" ئەگەرچی ناوەندو دامەزراوە كوردیەکان مێژوویەکی دێرینیان هەیە لە تاراوگەدا، تەنانەت لە هەندێک ولاتدا لە ساڵانی چلەکانی سەدەی ڕابردوودا کورد بونی هەبوە بەلام بەهۆی ناتەبایی و خۆخۆری ناوخۆی کورد تاکو ئەمڕۆ کورد خراپترین سیاسەتی کردوە لە ووڵاتانی ڕۆژئاوادا، ئەگەر ویلایەیەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا وەک نموونەیەک وەربگرین کە چەقی لۆبی و سیاسەت و دیپلۆماسیەتە بەلام جگە لەوەی کورد نەک لۆبییەکی حەکیمانەی تێدا ئەنجام نەداوە تەنانەت خراپترین سیاسەتیش دەکەن لەم وولاتە زلهێزەی جیهاندا. ئەگەرچی کورد بەژمارە نوێنەری زۆری هەیە لە ئەمەریکادا بەڵام لەبەر ئەوەی کورد خاوەنی گوتارێکی یەکگرتووی نەتەوەیی نیە و سیاسەتوان و دیپلۆماتی باشی نیەو تەنانەت هەندێک لایەن ئەندامەکانیان لەسەر ئەساسی خزمایەتی و حیزبایەتی و بنەماڵەی دامەزراندوە ئەم نوێنەرانەی کورد لە ئەمەریکا نەیانتوانیوە هیچ شتێکی بەسود بۆ بەرژەوەندی کورد بەدەست بێنن. نوێنەرەکانی کورد لە ئەمەریکادا بریتین لە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، نوێنەرایەتی پارتی دیموکراتی گەلان HDP، پارتی یەکێتی دیموکرات PYD، لەگەڵ چەند نوێنەرایەتیەکی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات. ساڵی 2013 چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیم لەگەڵ پرۆفیسۆری ئەمەریکی "بڕاندن لێری" ئەنجامدا، ناوبراو ڕاوێژکاری پێشوی بێڵ کڵینتنی سەرۆکی ئەمەریکا و ڕاوێژکاری پێشوی بانکی مۆنی سەرۆکی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو بۆ کاروباری سیاسی، لێری کە زۆر خۆی بەدۆستی کورد دەزانێت، لەو دیدارە ڕۆژنامەوانیەدا باسی لەوەکرد "کوردەکان ناتەبایی بەشێوەیەکی زۆر سەرسوڕهێنەر و بەربڵاو ڕووی تێکردون کەمن ئەم دووبەرەکیەم لەناو هیچ نەتەوەیەکی دیکەدا نەبینیوە" هەروەها گوتی "زۆرجار ڕوویداوە لەسەر پرسێکی سیاسی کە پەیوەندی بەچارەنوسی کوردەوە هەبوە پێنج نوێنەری جیاوازی کورد هەریەکەیان داواکاری جیاوازیان پێشکەش بە ئەمریکیەکان کردوە لەسەر ئەو پرسە، ئەمەش نیگەرانی لای ئەمریکیەکان دروست کردوە" هەروەها لێری لەو چاوپێکەوتنەدا زۆر بەڕاشکاوی باسی لەوەکرد "ئەو دۆستایەتیەی ئەمریکیەکان بۆ کورد هەیانە بێ بەرامبەر لەگەڵ هیچ نەتەوەیەکی دیکەدا ئەو دۆستایەتیە بێ بەرامبەرەیان نەکردوە، بەڵام کوردەکان نەیانتوانیوە ئەو دۆستایەتییە بێ بەرامبەرەی ئەمەریکا بقۆزنەوە و بۆ پرسە نەتەوەیەکانیان سودی لێ ببینن". "کورد و ئاین" كوردەکان هيچکات وەک نەتەوە موسوڵمانەکانی دیکەی تاراوگە نەیانتوانیوە ئاین بکەنە فاکتەرێک بۆ بەرژەوەندی نەتەوەکەیان و تەنانەت بۆ خۆشگوزەرانی خۆیان و خێزان و نەوەکانیشیان، کورد لەزۆربەی مزگەوت و ناوەندە ئیسلامیەکانی ئەمەریکاو ئەوروپادا هەتا ئەمڕۆ پاشکۆی تورک و عەرەب و ئەفغانی و پاکستانیەکانە چونکە كوردەکانی ئەمەریکاو ئەوروپا تاکو ئەمڕۆ بە ملیۆنان دۆلاریان بۆ دروستکردنی مزگەوت و مەلاو ناوەندی ئیسلامی کۆکردۆتەوە کەچی زۆربەی ئەو مزگەوت و ناوەندە ئیسلامیانە لەلایەن عەرەب و تورک و پاکستانیەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێن و بەڕێوەدەبرێن بەڵام تاکو ئەمڕۆ کوردەکان ئامادەنین پارە بۆ ناوەندێکی کەلتووری و فەرهەنگی و هونەری کۆبکەنەوە هەرئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی زۆرینەی ئەمەریکی و ئەوروپی و نەتەوە جیاوازەکانی دیکەی جیهان تاکو ئەمڕۆ نازانن وشەی کورد یان کوردستان چیە. موسوڵمانە کوردەکانی تاراوگەنشین ئامادەیی ئەوەیان تێدایە (پارە بۆ کڕینی قەبر کۆبکەنەوە تاکو دوای مردنیان بە دەستوری ئیسلامی بیاننێژن) بەلام تاکو ئەمڕۆ ئامادەنین پارە کۆبکەنەوە بۆ کردنەوەی خوێندنگەیەک کە منداڵەکانیان فێری زمانی کوردی بکەن هەر ئەوەشە وایکردوە زۆربەی منداڵی خێزانە کوردەکانی تاراوگە کوردی نازانن یان کوردیەکی زۆر خراپ قسەدەکەن، بەڵام بەشێک لە خێزانە کوردەکان منداڵەکانیان دەنێرن بۆ فێربونی وانەی ئیسلامی لە مزگەوتەکانی ئەمەریکاو ئەوروپادا کە لەلایەن مەلا تورک و عەرەب و ئەفغانی و پاکستانیەکانەوە وانەی ئاینیان پێ دەگوترێتەوە ئەمەش زۆرجار کارەساتی زۆر گەورەی لێ کەوتۆتەوە، بۆ نموونە "بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی کەناڵی BBC مەدرەسەکانی بەریتانیا لە ماوەی سێ ساڵدا ڕووبەڕووی زیاتر لە 400 تۆمەتی دەستدرێژی جەستەیی بۆسەر منداڵانی موسوڵمان بوونەتەوە" بەو هۆیەشەوە تاکو ئەمڕۆ چەندین مەلا سزا دراون کەچەند مەلایەک تاوانەکانیان هێندە گەورەیە سزای زیندانیکردنی هەتا مردنیان بەسەردا سەپێنراوە، بەشێک لەو سەرپێچیانە بریتین لە "لێدانی منداڵان لەکاتی لێپرسینەوەی وانەی ئاینیدا، فێرکردن و ڕاهێنانی منداڵان لەسەر چۆنیەتی شێوازی سەربڕینی مرۆڤ، دەستدرێژی کردنی سێکسی بۆسەر منداڵان...هتد." لەلایەکیترەوە ئەو هەموو کارەسات و تراژیدیایە بەسەر پارچەکانی کوردستاندا هاتوە تاکو ئەمڕۆ هيچ کۆمەڵگایەکی کوردنشین لە شارە جیاجیاکانی تاراوگەدا نەیانتوانیوە وەک پێویست هاوکاریەکی دەستەجەمعی گەورە کۆبکەنەوە بۆ ئاوارەو لێقەوماوانی کورد کە جێگەی دەستخۆشی و ئافەرین بێت، ئەوەیشی کە کراوە هاوکاریەکی هێندە کەم بوە کە ئەرزشی بۆ کارەساتەکان نەبوە، بۆ نموونە: سەنتەرێکی کوردی لە ئەمەریکا بۆ منداڵانی شەنگال و کۆبانی گەورەترین ڕیکلام و هەڵمەتیان لەهەموو ئەو شارانەی ئەمەریکا ڕاگەیاند کە کوردەکانی لێ نیشتەجێن تەنها 10 هەزار دۆلاریان بۆ کۆکرایەوە لەکاتێکدا نیوەی ئەو بڕە پارەیەش بەتەنها خێرخوازێک بەخشیبوی! ئەمە لەکاتێکدا نزیکەی 60 هەزار کورد لە ئەمەریکادا دەژین!، تەنانەت لەو وڵاتانەی دیکەشدا کە ڕێژەیەکی زۆر کوردی لێیە بەهەمان شێوەیە یان هەر نەبوە یان ئەگەر هاوکاریش کۆکرابێتەوە زۆر کەم بووە، لەکاتێکدا بۆ نموونە تورکەکانی دانیشتوی ووڵاتانی تاراوگە لەکاتی ڕوودانی زەمین لەرزەکەی فێبریوەری ئەمساڵدا بە ملیار دۆلاریان بۆ هاونیشتیمانیانی خۆیان کۆکردەوە بەجۆرێک تەنها 10 کاتژمێر دوای ڕاگەیاندنی سندوقی هاوکاری تورکیا 3 ملیۆن دۆلاریان کۆکردەوە ئەمە لەکاتێکدا پێش ڕاگەیاندنی سندوقی هاوکاریەکەشیان 3,410,000 سێ ملیۆن و چوارسەد و دە هەزار دۆلاریان کۆکردبۆوە! تەنانەت ئەو ڕووحیەتی هاوکاریە لای کوردە دەوڵەمەند و خاوەن بزنسەکانی تاراوگەشدا نیە جگە لە حەمدی ئولکایە کە بازرگانێکی کوردە لە ئەمەریکا هەمیشە بەشێک لە سەروەت و سامانەکەی بۆ ڕووداوە کارەساتبارەکانی کوردستان بەخشیوە هیچ بازرگان و دەوڵەمەندێکی دیکەی تاراوگە نابینیت هاوکاریەکی هێندە گەورەی کردبێت کەجێگەی باس بوبێت. "کورد و کەلتوور" خاڵێکی دیکەی نامۆ و ناشرینی کورد لە تاراوگەدا کە میدیاو ڕێکخراوە جیهانیەکان پێیان وایە لە کەلتوورەوە بۆ کوردەکان ماوەتەوە ئەویش کوشتن و ئازاردانی کچان و ژنانە لەلایەن باوک و برا و مێردو کەسە نزیکەکانیانەوە، ئەم کارەی کوردەکان وێنایەکی تەواو ناشرینی دروست کردوە لای ولاتانی ڕۆژئاوایی چونکە چەندین جار بۆتە مانشێت و ڕاپۆرتی میدیا جیهانیەکان و ناوەند و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان، لەنموونەی ڕاپۆرتی "نەتەوە یەکگرتووەکان، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، یەکێتی ئەوروپا، ڕێکخراوی هیومان ڕایس وەچ، ڕێکخراوی ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ...هتد". بەپێی ناوەڕۆکی ڕاپۆرتە جیهانیەکان بێت کورد یەکێکە لە نەتەوە هەرە پێشەنگەکانی جیهان کە لەسەر ئاستی ناوخۆی کوردستان و لەسەر ئاستی تاراوگەشدا کوردەکان کوشتنی ژنان و ئازاردانی جەستەیی و ڕوحی ژنان بۆتە بەشێک لە کەلتووریان، لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین ژنی کورد لە ووڵاتانی تاراوگەدا کوژراون یان دەستدرێژی سێکسیان کراوەتە سەر یانیش ئازاری جەستەیی و ڕوحی دراون لەژێر بیانوی شەرەف و ناموسدا کە دووان لەو کەیسانە دەنگدانەوەیەکی فراوانی جیهانیان بەدوای خۆیاندا هێنا لەلایەن میدیاکانەوە، کەیسی خنکاندنی بەناز مەحمود لە لایەن کەسوکارەکەیەوە لە وڵاتی بەریتانیا و کەیسی دەستدرێژیکردنە سەر کچێکی ئەڵمانی و دواتریش کوشتنی لەلایەن پەنابەرێکی کوردی باشوورەوە. جگە لە پرسی ڕەگەزی مێینە، کوردەکان لەناوخۆیاندا هەڵگری چەندین بابەتی دیکەی نامۆ و ناشرینی کەلتوورین، کە بەشێک لەو ناشرینیانە مێژوویەکی دوورو درێژیان هەیە، دیارترینیان دووبەرەکی و ناتەبایی کوردەکانە لەناوخۆیاندا بەجۆرێک هەندێکجار ڕوویداوە تەنانەت کوردەکانی تاراوگە لە شین و شایشدا نەیانتوانیوە لەگەڵ یەکتریدا هەڵبکەن، بۆنموونە زۆرجار ڕوویداوە لە ئەوروپا یان ئەمەریکادا کەسایەتیەکی دیاری کورد کۆچی دوایی کردوە بەلام ململانێی ناوخۆیی وایکردوە لەهەمان شاردا دوو پرسەی جیاوازیان بۆ کەسی کۆچکردو داناوە!، یان لە بۆنەیەکی نەتەوەیی وەک نەورۆزدا زۆرجار سێ بۆ چوار ئاهەنگ سازکراوە لەهەمان شاردا، ئاهەنگێکیان هی کوردانی ڕۆژهەلات و ئەوەیتریان هی باکوور و دوو ئاهەنگیش هی پارتی و یەکێتی بوون. "کورد و زانست" لەگەڵ ئەوەی زیاتر لە سەدەیەکە تاکو ئەمڕۆ بە ملیۆنان كورد لە ووڵاتانی تاراوگەدا دەژین بەلام لەناو هەموو زانستەکاندا (زانستی سیاسی، زانستی تەندروستی، زانستی تەکنەلۆژیا، زانستی گەردوون ناسی، زانستی ئابووری و...هتد) کورد زانایەکی ناوداری لێ هەڵنەکەوتوە کە ببێتە مایەی باسکردن و سەرنج و تێڕامانی ئەمریکی و ئەوروپیەکان، ئەگەر هەشبێت ژمارەیان لە پەنجەکانی دەستێک تێپەڕ ناکات، لە کاتێکدا زۆربەی میللەتانی دیکە چەندین زانایان لێ هەڵکەوتوە لە ناوەندە گرنگەکانی ئەمریکا و ئەوروپادا کار دەکەن، جگە لەوە تەنانەت کورد تاکو ئەمڕۆ وەرزشەوانێک یان هونەرمەندێکی بەناوبانگیشی لەسەر ئاستی جیهاندا نیە، لە کاتێکدا چەندین میللەتی دیکەی وەک بەنگالادیشەکان و هیندەکان و تورکەکان و فارسەکان و عەرەبەکان و پاکستانیەکان و ئەرمەنەکان و یۆنانیەکان و فلیپینی و نیپاڵیەکان و...هتد، چەندین کەسایەتی دیاری هونەرمەند و وەرزشەوان و یوتوبەر و کۆمیدیایان تێدا هەڵکەوتوە لە ئەمەریکا و ئەوروپادا کە نموونەکان هێندە زۆرن ناکرێت هەموویان لێرەدا باس بکەین، تەنها باسی بەنگلادیشەکان دەکەین بەتەنها لە ئەمریکادا چەندین کەسایەتی ناوداریان هەیە، لەکاتێکدا بەنگلادیشیەکان یەکێکن لەو نەتەوانەی کە ئەمڕۆ بە سەدان کەسیان لە ماڵەکانی کوردستاندا خزمەتگوزارن و خزمەتی تاکی کورد دەکەن!، تەنها لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا زیاد لە 10 کەسایەتی دیاری بەنگلادیشی بەناوبانگ هەیە کە سەرنجی ئەمریکیەکان و جیهانیان بەلای خۆیاندا ڕاکێشاوە لە بوارەکانی (زانای بایڵۆجی، دیزاینەری ئۆتۆمبێل، ئەندازیاری تەلارسازی لە بینای بەرزدا، بیرۆکەو هاودامەزرێنەری کۆمپانیای یوتوب، بزنسمان، سیاسەتمەدار، ڕۆمان نووس، بڵۆگەر، یوتوبەر، گۆرانیبێژ، میوسیکسیان، کۆمیدیا، ئەکتەر،...هتد). سەرچاوەکان: - ماڵپەڕی The Guardian - ماڵپەڕی BBC News - ماڵپەڕی CNBC News - ماڵپەڕی Al Jazeera - ماڵپەڕی Daily Mail - ماڵپەڕی The New York Times - ماڵپەڕی U.S. Department of State - ماڵپەڕی United Nations OHCHR - ماڵپەڕی Human Rights Watch - ماڵپەڕی Amnesty International - ماڵپەڕی Wales Online - ماڵپەڕی World Population Review - ماڵپەڕی Bolt Burdon Kemp - ماڵپەڕی The Famous People TFP - ماڵپەڕی Middle East Eye - ماڵپەڕی Wikipedia
(درەو): رێككەوتنە داراییەكەی نێوان پارتیو یەكێتیی لەبارەی بەڕێوەبردنی داهاتو خەرجییەكان كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەپێی ئەم رێككەوتنە بوو كە تیمی یەكێتیی كۆتایی بە بایكۆت هێناو گەڕایەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی حكومەت. وەزارەتی دادی هەرێمی كوردستان، ژمارە (307)ی رۆژنامەی وەقایعی كوردستانی بڵاوكردەوە، رۆژنامەكە ژمارەیەك بڕیاری تێدا تۆمار كراوە كە لەكاتی بڵاوبونەوەیانەوە دەكەونە بواری جێبەجێكردنەوە، یەكێك لەوانە بڕیاری ژمارەی (216)ی ساڵی 2023ی ئەنجومەنی وەزیرانە لەبارەی (بەناوەندیكردنی داهات سیولە- خەرجییەكان موچە لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان). ئەم بڕیارە دوای گەڕانەوەی تیمی یەكێتیی بۆ كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران دوای 6 مانگ لە بایكۆت دەركرا، قوباد تاڵەبانیو مەسرور بارزانی ئەوكات كۆبونەوە، یەكێتیی وەرەقەیەكی دارایی خستە بەردەم پارتیو مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت لە كۆبونەوەی 24ی ئایاری ئەمساڵی حكومەتدا پەسەندی كردو كرا بە بڕیار. بەپێی ئەم رێككەوتنە كە كراوە بە بڕیار، دوای بڕیاری بە لامەركەزیكردنی كۆكردنەوەی داهاتو خەرجییەكان لەسەرەتای كابینەی نۆیەمدا، جارێكی تر لەسەر داوای یەكێتیی بابەتی (داهات- نەختیە- خەرجی- موچە) بەناوەندی كرانەوە. یەكێتیی كە لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی بەدەست نەمانی نەختینە لە بانكەكان لەكاتی دابەشكردنی موچەدا گیری خواردبوو، لەم رێككەوتنەدا پارتی قایل كرد بەوەی ئیتر بابەتی موچە بكرێت بە خەرجی سیادی لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان. دەقی بڕیاری حكومەتو رێككەوتنەكە:
شیكاری: درەو 🔻 بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە پێنج مانگی یەکەمی (2023)دا؛ 🔹 عێراق زیاتر لە (495 ملیۆن) بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، بە تێکڕای هەر بەرمیلێک نەوتی عێراق بە (75.24) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە. 🔹 کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ئەو پێنج مانگەدا (50 ترلیۆن) دینار بووەو. 🔻 وەزارەتی دارایی عێراق داهات و خەرجی خۆی بۆ پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە؛ 🔹 تا کۆتایی ئایاری ساڵی (2023)، کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، زیاتر (45 ترلیۆن و 552 ملیار) دینار بووە، کە (95.7%)ی داهاتی نەوت و(4.3%)ی داهاتی نانەوتی بووە. 🔹 هەر بەپێی ئامارەکان، دوای لێدەرکردنی سەرجەم خەرجییەکان لە کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی، بەڕێژەی (13.5%) و زیاتر لە (6 ترلیۆن 199 ملیار) دینار داهات لە خەرجی زیاتر بووە و سەرڕێژی کردووە. تەوەری یەکەم؛ داهاتی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە نێوان وەزارەتەکانی (نەوت و دارایی) عێراق لە پێنج مانگی یەکەمی (2023)دا وەک لە (خشتەی ژمارە (1))دا رونکراوەتەوە، پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، تا مانگی ئایاری ئەمساڵ بە بەهای (50 ترلیۆن و 98 ملیار و 2990 ملیۆن و 4 هەزار) دینار، نەوتی هەناردە کردووە. بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق کە لە (30ی تەموزی 2023) بڵاوی کردووەتەوە، ئەو داهاتەی گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی بریتی بووە لە (45 ترلیۆن و 462 ملیار و 296 ملیۆن و 873 هەزار) دینار بە ڕێژەی (90.8%). بە جۆرێک؛ 1. داهاتی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە نێوان وەزارەتەکانی (نەوت و دارایی) عێراق لە کانونی دووەمی (2023)دا پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە کانونی دووەمی (2023)دا بە بەهای (11 ترلیۆن و 112 ملیار و 492 ملیۆن و 600 هەزار) دینار، نەوتی هەناردە کردووە. بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە ماوەی ناوبراودا ئەو داهاتەی گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی بریتی بووە لە (10 ترلیۆن و 285 ملیار و 546 ملیۆن و 454 هەزار) دینار بە ڕێژەی (92.6%). 2. داهاتی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە نێوان وەزارەتەکانی (نەوت و دارایی) عێراق لە شوباتی (2023)دا پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە شوباتی (2023)دا بە بەهای (9 ترلیۆن و 471 ملیار و 86 ملیۆن و 64 هەزار) دینار، نەوتی هەناردە کردووە. بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە ماوەی ناوبراودا ئەو داهاتەی گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی بریتی بووە لە (8 ترلیۆن و 921 ملیار و 993 ملیۆن و 308 هەزار) دینار بە ڕێژەی (94.2%). 3. داهاتی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە نێوان وەزارەتەکانی (نەوت و دارایی) عێراق لە ئازاری (2023)دا پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە مانگی ئازاری (2023)دا بە بەهای (9 ترلیۆن و 833 ملیار و 385 ملیۆن و 310 هەزار) دینار، نەوتی هەناردە کردووە. بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە ماوەی ناوبراودا ئەو داهاتەی گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی بریتی بووە لە (9 ترلیۆن و 44 ملیار و 906 ملیۆن و 47 هەزار) دینار بە ڕێژەی (92%). 4. داهاتی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە نێوان وەزارەتەکانی (نەوت و دارایی) عێراق لە نیسانی (2023)دا پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە مانگی نیسانی (2023)دا بە بەهای (10 ترلیۆن و 86 ملیار و 46 ملیۆن و 320 هەزار) دینار، نەوتی هەناردە کردووە. بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە ماوەی ناوبراودا ئەو داهاتەی گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی بریتی بووە لە (8 ترلیۆن و 354 ملیار و 118 ملیۆن و 317 هەزار) دینار بە ڕێژەی (82.8%). 5. داهاتی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە نێوان وەزارەتەکانی (نەوت و دارایی) عێراق لە ئایاری (2023)دا پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە مانگی ئایاری (2023)دا بە بەهای (9 ترلیۆن و 595 ملیار و 279 ملیۆن و 710 هەزار) دینار، نەوتی هەناردە کردووە. بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە مانگی ئایاردا ئەو داهاتەی گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی بریتی بووە لە (8 ترلیۆن و 855 ملیار و 732 ملیۆن و 745 هەزار) دینار بە ڕێژەی (92.3%). خشتەی ژمارە (1) تەوەری دووەم؛ داهات و خەرجی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق لە پێنج مانگی یەکەمی (2023)دا رۆژی (30ی تەموزی 2023) وەزارەتی دارایی عێراق داهات و خەرجی خۆی تا کۆتایی ئایاری ئەمساڵ بڵاوکردەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە؛ یەکەم: داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق لە پێنج مانگی یەکەمی 2023 پاڵپشت بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، کە دواترینیانی بۆ ئایاری ساڵی (2023) لە (30ی تەموزی 2023) بڵاو کردووەتەوە، کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (47 ترلیۆن و 488 ملیار و 38 ملیۆن و 593 هەزار و 702) دینار، بەجۆرێک بڕی (45 ترلیۆن و 462 ملیار و 287 ملیۆن و 873 هەزار و 109) دیناری بەڕێژەی (95.7%)ی لە داهاتی نەوتەوە سەرچاوەی گرتووە، بڕی (2 ترلیۆن و 25 ملیار و 750 ملیۆن و 720 هەزار و 593) دینار، بەڕێژەی (4.3%)ی داهاتی نانەوتی پێکیهێناوە. بڕی (ترلیۆنێک و 935 ملیار و 958 ملیۆن و 139 هەزار) دیناری لە داهاتی ئاڵوگۆڕ (الارادات التحویلیە) کورتی هێناوە و بە پوختی (45 ترلیۆن و 552 ملیار و 80 ملیۆن و 454 هەزار و 325) دینار کۆی داهاتی وەزارەتی دارایی بووە. بەم پێیەش و بە تێکڕا داهاتی مانگانە زیاتر لە (9 ترلیۆن و 110 ملیار) دینار و رۆژانە زۆرتر لە (303 ملیار) دینار بووە. سەبارەت بە وردەکاری هەر یەک لە مانگەکانی کانونی دووەم، شوبات، ئازار، نیسان و ئایاری (2023) بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)). خشتەی ژمارە (2) دووەم: خەرجی گشتی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ی وەزارەتی دارایی عێراق لە پێنج مانگی یەکەمی 2023 هەر بەپێی بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە مانگی یەک، دوو، سێ، چوار و پێنجی ساڵی (2023)، کۆی گشتی خەرجییەکانی وەزارەتەکە بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (39 ترلیۆن و 353 ملیار و 32 ملیۆن و 229 هەزار و 385) دینار، بەجۆرێک بڕی (34 ترلیۆن و 413 ملیار و 806 ملیۆن و 598 هەزار و 861) دیناری بەڕێژەی (87.6%)ی لە لەبواری خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (4 ترلیۆن و 939 ملیار و 225 ملیۆن و 630 هەزار و 524) دیناری بەڕێژەی (12.4%)ی بۆ بواری خەرجی وەبەرهێنان تەرخان کراوە. سەبارەت بە وردەکاری مانگەکانی کانونی دووەم، شوبات، ئازار، نیسان و ئایاری (2023) بڕوانە (خشتەی ژمارە (3)). خشتەی ژمارە (3) سێیەم: بوارەکانی خەرجی وەبەرهێنان لە وەزارەتی دارایی عێراق لە پێنج مانگی یەکەمی 2023 خەرجییە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لە بواری خەرجی وەبەرهێنان لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی (2023)، کەرتەکانی (کشتووکاڵ، پیشەسازی، گواستنەوەو گەیاندن، بیناسازی و پەروەردەو فێرکردن)ی گرتووەتەوەو بە سەرجەمیان بڕی (4 ترلیۆن و 939 ملیار و 225 ملیۆن و 630 هەزار و 524) دیناری بەڕێژەی (12.4%)ی خەرجییە گشتییەکانی بۆ تەرخان کراوە، بە جۆرێک؛ 1. کەرتی کشتوکاڵ بڕی (376 ملیار و 957 ملیۆن و 506 هەزار و 138) دیناری بە ڕێژەی (7.6%)ی بۆ خەرج کراوە. 2. کەرتی پیشەسازی بڕی (532 ملیار و 813 ملیۆن و 451 هەزار و 853) دیناری بە ڕێژەی (10.8%)ی بۆ خەرج کراوە. 3. کەرتی گواستنەوە گەیاندن بڕی (ترلیۆنێک و 381 ملیار و 892 ملیۆن و 540 هەزار و 631) دیناری بە ڕێژەی (28%)ی بۆ خەرج کراوە. 4. کەرتی بیناسازی و ڕێگاوبان بڕی (2 ترلیۆن و 128 ملیار و 32 ملیۆن و 315 هەزار و 868) دیناری بە ڕێژەی (43.1%)ی بۆ خەرج کراوە. 5. کەرتی پەروەردەو فێرکردن بڕی (519 ملیار و 529 ملیۆن و 816 هەزار و 34) دیناری بۆ بە ڕێژەی (10.5%) بۆ خەرج کراوە. بۆ وردەکاری خەرجییەکانی وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکان لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی (2023) بڕوانە (خشتەی ژمارە (4)). خشتەی ژمارە (4) چوارەم: بەراوردکردنی کۆی داهات و خەرجی وەزارەتی دارایی عێراق لە پێنج مانگی یەکەمی 2023 لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی (2023)، کۆی گشتی خەرجییەکانی عێراق بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (39 ترلیۆن و 353 ملیار و 32 ملیۆن و 229 هەزار و 384) دینار. لە کاتێکدا کۆی پوختەی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (45 ترلیۆن و 552 ملیار و 80 ملیۆن و 454 هەزار و 325) دینار. واتە بڕی (6 ترلیۆن و 199 ملیار و 48 ملیۆن و 224 هەزار و 941) دیناری بەڕێژەی (13.5%) لە داهاتی گشتی ماوەتەوە. سەبارەت بە وردەکاری مانگەکانی کانونی دووەم، شوبات، ئازار، نیسان و ئایاری ساڵی (2023) بڕوانە (خشتەی ژمارە (5)). خشتەی ژمارە (5) پێنجەم: خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە پێنج مانگی یەکەمی 2023 لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی (2023)، کۆی خەرجییەکانی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق (ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران)، بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (3 ترلیۆن و 832 ملیار و 952 ملیۆن و 824 هەزار و 636) دینار. بە جۆرێک؛ 1. ئەنجومەنی نوێنەران بڕی (223 ملیار و 834 ملیۆن و 83 هەزار) دیناری خەرجکردووە، لەو بڕەش تەنها (191 ملیۆن و 370 هەزار) دیناری لە بواری خەرجی وەبەرهێنان بووە. 2. سەرۆکایەتی کۆمار بڕی (21 ملیار و 39 ملیۆن و 240 هەزار) دیناری خەرجکردووە، سەرجەم خەرجییەکانی لە بابی خەرجی بەگەڕخستن بووە. 3. ئەنجومەنی وەزیران بڕی (3 ترلیۆن و 588 ملیار و 79 ملیۆن و 500 هەزار) دیناری خەرجکردووە، بڕی (2 ترلیۆن و 583 ملیار و 306 ملیۆن و 343 هەزار و 657) دیناری بە ڕێژەی (72%) لە چوارچێوەی خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (ترلیۆنێک و 4 ملیار و 773 ملیۆن و 156 هەزار و 899) دیناری بە ڕێژەی (28%) بۆ وەبەرهێنان بەخەرج دراوە. بۆ وردەکاری خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکە لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی (2023) بڕوانە (خشتەی ژمارە (6)). خشتەی ژمارە (6) تەوەری سێیەم؛ داهاتی نەوتی عێراق لە پێنج مانگی یەکەمی 2023 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق (وەک لە خشتەی ژمارە (7)دا هاتووە)، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی (2023) بڕی (495 ملیۆن و 512 هەزار و 66) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بە تێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 281 هەزار و 835) بەرمیلی فرۆشراو، هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە لەو ماوەیەدا بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (75.24) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە. کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (37 ملیار و 256 ملیۆن و 806 هەزار) دۆلار. لە ماوەی ناوبراودا بەتێکڕا بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی لە بانکی ناوەندی عێراق بەرامبەر (هەزار 344) دینار بووە، بۆیە کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی عێراق بریتی بووە لە (50 ترلیۆن و 98 ملیار و 290 ملیۆن و 4 هەزار) دینار. ئەگەر ئەو ئامارانە وردتر بکەینەوەو بەپێی مانگەکانی ساڵەکە ئاماژەیان پێبدەین، ئەوا داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق بەم شێوەیە دەبێت. 1. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی کانونی دووەمی 2023 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی کانونی دووەمی (2023) بڕی (101 ملیۆن و 245 هەزار و 95) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 265 هەزار و 971) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (75.695) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (82.5) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (6.8) دۆلار هەرزانتر ساغکردووەتەوە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (7 ملیار و 663 ملیۆن و 788 هەزار) دۆلار. لە ماوەی ناوبراودا بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی لە بانکی ناوەندی عێراق بەرامبەر (هەزار و 450) دینار بووە، بۆیە کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی عێراق بریتی بووە لە (11 ترلیۆن و 112 ملیار و 492 ملیۆن و 600 هەزار) دینار. 2. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی شوباتی 2023 هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی شوباتی (2023) بڕی (92 ملیۆن و 255 هەزار و 610) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 294 هەزار و 843) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (76.556) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (82.59) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (6.03) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (7 ملیار و 62 ملیۆن و 704 هەزار) دۆلار. لە ماوەی ناوبراودا بەتێکڕا بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی لە بانکی ناوەندی عێراق بەتێکڕا بەرامبەر (هەزار 341) دینار بووە _لە هەفتەی یەکەمدا بەهای دۆلارێک (هەزار و 450) دینار بووە بەڵام دوای ئەوە دەبەزێندراوە بۆ (هەزار و 310)دینار_، بۆیە کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی عێراق بریتی بووە لە (9 ترلیۆن و 471 ملیار و 86 ملیۆن و 64 هەزار) دینار. 3. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی ئازاری 2023 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی ئازاری (2023) بڕی (100 ملیۆن و 913 هەزار و 27) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 255 هەزار و 259) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (74.385) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (78.43) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (4) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (7 ملیار و 506 ملیۆن و 401) دۆلار. لە ماوەی ناوبراودا بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی لە بانکی ناوەندی عێراق بەرامبەر (هەزار و 310) دینار بووە، بۆیە کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی عێراق بریتی بووە لە (9 ترلیۆن و 833 ملیار و 385 ملیۆن و 310 هەزار) دینار. 4. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی نیسانی 2023 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی نیسانی (2023) بڕی (98 ملیۆن و 634 هەزار و 947) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 287 هەزار و 832) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (76.174) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (84.64) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (8.46) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (7 ملیار و 699 ملیۆن و 272) دۆلار. لە ماوەی ناوبراودا بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی لە بانکی ناوەندی عێراق بەرامبەر (هەزار و 310) دینار بووە، بۆیە کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی عێراق بریتی بووە لە (10 ترلیۆن و 86 ملیار و 46 ملیۆن و 320 هەزار) دینار. 5. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی ئایاری 2023 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی ئایاری (2023) بڕی (102 ملیۆن و 463 هەزار و 387) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 305 هەزار و 271) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (71.485) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (75.47) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (3.985) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (7 ملیار و 324 ملیۆن و 641) دۆلار. لە ماوەی ناوبراودا بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی لە بانکی ناوەندی عێراق بەرامبەر (هەزار و 310) دینار بووە، بۆیە کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی عێراق بریتی بووە لە (9 ترلیۆن و 595 ملیار و 279 ملیۆن و 710 هەزار) دینار. خشتەی ژمارە (7) سەرچاوەکان؛ یەکەم؛ ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق - حساب الدولة لغایة کانون الثاني لسنة 2023 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة شباط لسنة 2023 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة آذار لسنة 2023 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة نیسان لسنة 2023 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة ایار لسنة 2023 للموازنە الاتحادیة دووەم؛ ڕاگەیەنداوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، دەربارە داهات و هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی کۆپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی 2023، لەم لینکانەی خوارەوە بەردەستن؛ - وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر كانون الثاني الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1419 - وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر شباط الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1455 - وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر آذار الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1480 - وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر نیسان الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1527 - وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر ایار الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1555 سێیەم؛ بەهای فرۆشتنی دۆلار لە بانکی ناوەندی عێراق (1/1/2023 – 31/5/2023) - البنک المرکزي العراقي، نتائج نافذة بيع العملة الأجنبية، مزادات سابقة؛ https://cbi.iq/currency_auction/all چوارەم؛ تایبەت بە تێکڕای نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان، بڕوانە؛ https://countryeconomy.com/raw-materials/brent?dr
راپۆرت: درەو ئەنجومەنێكی نەوتو غاز لە عێراق دروستدەكرێت كە كورد تێیدا كەمینەیەو توانای راگرتنی هیچ بڕیارێكی نییە، لەپاڵ ئەمەدا هەرێمی كوردستان مافی ئەوەی نییە بۆری نەوتی تایبەت بەخۆی هەبێت، بەڕێوەبردنی سەرجەم كێڵگەكانی بەرهەمهێنانی نەوتو غاز لەسەرتاسەری عێراق لەژێر كۆنترۆڵی وەزارەتی نەوتی عێراقدا دەبێت، لەبەرامبەر ئەمانەدا هەرێمی كوردستان تەنیا دەستەیەكی تایبەتمەندی لەبواری نەوتو غازدا بۆ دروستدەكرێت كە هیچ دەسەڵاتێكی پێنەدراوە، ئەمانە بەگوێرەی رەشنوسی یاسای نەوتو غازی فیدراڵ كە كۆپییەكی دەست (درەو) كەوتووە، لەدوای كەوتنی سەددامەوە گەورەترین دانوستانە كە كورد ئێستا بە حكومەتێكی كاربەڕێكەوە دەچێتە ناوی. وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. هەرێم لە دواین دانوستاندا لەگەڵ بەغداد محەمەد شیاع سودانی كاتێك لە پۆستی سەرۆك وەزیران دەستبەكاربوو، بەڵێنیدا لەماوەی (6) مانگی یەكەمی تەمەنی كابینەكەیدا یاسای نەوتو غازی فیدراڵ رەوانەی پەرلەمان بكات بەمەبەستی پەسەندكردنی، ئەمە خواستی سەرەكی كورد بە دیاریكراویش پارتی دیموكراتی كوردستان بوو كە پۆستی سەرۆك وەزیرانو زۆرینەی حكومەتی هەرێمی بەدەستەوەیە، بەڵام سودانی بەهۆی یاسای بودجەوە نەیتوانی بەڵێنەكەی جێبەجێ بكاتو ناردنی یاساكە بۆ پەرلەمان تاوەكو ئێستا دواكەوتووە. یاسای نەوتو غازی فیدراڵ یەكێك لەو یاسا گرنگانەیە كە دوای پەسەندكردنی دەستوری هەمیشەیی عێراق لە ساڵی 2005دا دەبوو دەربچوێندرایە، بەڵام بەهۆی ناكۆكی هەرێمو بەغدادەوە ئەم كارە نەكرا، بەتایبەتیش لەكاتێكدا ئەم یاسایە بەشێوەیەكی كۆتایی دەسەڵاتی هەردوو حكومەت لە بەغدادو هەولێر بەسەر سامانە سروشتییەكاندا دیاریو یەكلادەكاتەوە. لە ساڵانی رابردوودا دوو رەشنوسی ئەم یاسایە ئامادە كراوە، یەكەمیان رەشنوسەكەی ساڵی 2007و دووەمیش رەشنوسی ساڵی 2011، كە هەردووكیان بەهۆی ناكۆكی هەولێرەو بەغدادەوە لەبارچوونو لە پەرلەمان پەسەند نەكران. حكومەتەكانی پێشووی هەرێم كە ئەوكات پێگەی سیاسییان بەهێز بوو، لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی عێراق رێككەوتنیان نەكرد، كابینەی نۆیەم كە ئێستا سەرقاڵی دانوستانە لەگەڵ بەغداد بۆ تێپەڕاندنی یاساكە، لە دۆخێكی سیاسیو یاسایی لاوازدایە، لەكاتێكدا دەچێتە ناو دانوستانەوە دوو گورزی كەمەرشكێنی یاسایی بەركەوتووە كە یەكەمیان بڕیاری ناوەڕاستی شوباتی 2022ی دادگای فیدراڵی عێراقە بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوتو غازی هەرێمو رادەستكردنی سامانە سروشتییەكان بە بەغداد، ئەوی تریان بڕیاری شوباتی 2023ی دادگای ناوبژیوانی پاریسە كە بووەتە هۆی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم كە رێژەی 77%ی تێكڕای سەرچاوەی داهاتەكانی حكومەت لە كوردستان پێكدەهێنێت. واتا كابینەی نۆیەم لە دۆخێكی لاوازدا چوەتە ناو دانوستان لەبارەی ئەم یاسا گرنگەو بەهۆی خراپی پێگە سیاسیو یاساییەكەی لەسەر ئاستی عێراقو دەرەوە، توانای ئەوەی نییە هەموو خواستە دەستورییەكانی خۆی لە یاسای نەوتو غازدا بەسەر بەغداد بسەپێنێت، لەبەرامبەریشدا بەبێ بوونی ئەم یاسا فیدراڵییە، پرۆسەی نەوتو غازی هەرێم هیچ كەڤەرێكی یاسایی نابێت لە پرۆسەی هەناردەكردندا، ئەمە جگە لە لێكەوتەكانی لەسەر بەشە بودجەی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراقدا بۆ ماوەی سێ ساڵی داهاتوو (چونكە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵانەكانی 2023-2024-2025 كاری پێدەكرێت). ئەمڕۆ سەرەتای قۆناغێكی نوێی دانوستان لەنێوان هەولێرو بەغداد لەبارەی یاساكە دەستیپێكرد، سەرۆكی كوتلە سیاسییەكان عێراقو لایەنە كوردییەكان لەوانە بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتییو فوئاد حسێنی سەرۆكی تیمی پارتی لە بەغداد، بەشدارییان لە كۆبونەوەیەكدا كرد كە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرۆكایەتیی دەكرد. لەم كۆبونەوەیەدا سودانی بڕیاریدا لیژنەیەكی وزاری هاوبەش دروستبكات بۆ گفتوگۆ لەنێوان هەردوو وەزارەتی نەوتی عێراقو سامانە سروشتییەكانی كوردستان بەمەبەستی رێككەوتن لەسەر رەشنوسی یاسای نەوتو غاز. حكومەتی هەرێم لەكاتێكدا دانوستانە گەورەكە دەكات كە ئێستا حكومەتی كاربەڕێكەرەو پەرلەمانی كوردستانیش هەڵوەشاوەتەوە، لەپاڵ ئەمەشدا پارتیو یەكێتیی وەكو دوو پێكهێنەری سەرەكی حكومەت ناكۆكن. (درەو) دەقی رەشنوسی یاسای نەوتو غازی فیدراڵی دەستكەوتووە، كە لە سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵەوە حكومەتی هەرێمو حكومەتی فیدراڵی عێراق گفتوگۆی لەبارەوە دەكەن. ئەنجومەنی نەوتو غازی فیدراڵ بەگوێرەی رەشنوسەكە، ئەنجومەنێك دروستدەكرێت بەناوی (ئەنجومەنی فیدراڵی بۆ نەوتو غاز)، ئەم ئەنجومەنە لەلایەن سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە سەرۆكایەتیی دەكرێتو پێكدێت لە هەریەكە لە: • وەزیری نەوتی عێراق • وەزیری دارایی عێراق • وەزیری پلاندانانی عێراق • پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق • وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان • پارێزگاری (3) پارێزگای بەرهەمهێنەری نەوت لەو پارێزگایانەی كە لەچوارچێوەی هەرێمدا رێكنەخراون (واتا پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە)، بە مەرجێك نوێنەری پارێزگای بەسرە ئەندامی هەمیشەیی بێت لە ئەنجومەنەكەدا، سەرۆك وەزیرانی عێراق نوێنەری دوو پارێزگاكەی تر بەشێوەی دەوریو ساڵانە هەڵدەبژێرێت، ئەمە بە لەبەرچاوگرتنی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت. • 3 پسپۆڕ لە بواری نەوتو غازدا كە سەرۆك وەزیران بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران دایاندەنێت بۆ ماوەیەك كە لە (3) ساڵ زیاتر نەبێت. ئەنجومەنی نەوتو غاز وەكو ئەوەی لە رەشنوسەكەدا هاتووە، لەسەر بانگهێشتی سەرۆكەكەی (واتا سەرۆك وەزیرانی عێراق) مانگانە لانی كەم یەك جار كۆدەبێتەوە، بڕیار لەناو ئەنجومەنەكەدا بە دەنگی زۆرینەی (دوو لەسەر سێ) دەدرێت، ئەمە بۆ پەسەندكردنی سیاسەتە نەوتییەكانو پلانو پەسەندكردنی نمونەی گرێبەستەكانو رێنماییەكانی دانوستانو ئەنجامدانی گرێبەست، لە دەرەوەی ئەم بابەتانە ئیتر بڕیاردان لەناو ئەنجومەنی بە دەنگی زۆرینەی سادە دەبێت. پێكهاتەی ئەم ئەنجومەنەو دابەشبوونو ئەركەكانی بەگوێرەی پەیڕەوێكی ناوخۆ رێكدەخرێت كە ئەنجومەنی نەوتو غازی فیدراڵ دەریدەكاتو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پەسەندی دەكات. بەپێی ئەم پێكهاتەیە كە لە رەشنوسەكەدا دیاریكراوە، بەگشتی ئەنجومەنی فیدراڵی نەوتو غاز لە (12) ئەندام پێكدێت، لە پرسە گرنگەكاندا بە دەنگی (دوو لەسەر سێ) بڕیارەكان پەسەند دەكرێت، واتا دەنگی (8) ئەندام، لە بڕیارە ئاساییەكانیش بە دەنگی (زۆرینەی سادە) واتا بە (7) دەنگ پەسەند دەكرێت. لە هەموو حاڵەتەكاندا ئەگەر رەشنوسەكە بەمشێوەیە لە پەرلەمان پەسەند بكرێت، كورد تەنیا (1) ئەندامی لە ئەنجومەنەكەدا دەبێت كە وەزیری سامانە سروشتییەكانە، خۆ ئەگەر سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆی سێ پسپۆڕەكەی بواری نەوتو غازیش (1) پسپۆڕ بە كورد بدات، ئەوا بە تێكڕا كورد تەنیا (2) دەنگی دەبێت لەناو ئەنجومەنەكەداو توانای رێگریكردنی نییە لە دەرچوونی بڕیارەكان. رەشنوسەكە، دەسەڵاتی ئەنجومەنی فیدراڵی نەوتو غازی بەمشێوەیە دیاریكردووە: • پەسەندكردنی ئەو رێكارانەی كە پێوەرەكانی دانوستانو گرێبەست لەخۆدەگرن بۆ پێدانی رەزامەندی لەسەر گرێبەستەكانی (دۆزینەوە، پەرەپێدانو بەرهەمهێنان)و پێوەرەكانی لێهاتوویی كۆمپانیاكان لەسەرجەم پنتو كێڵگەكانی عێراقدا. • دەربڕینی رەزامەندی لەسەر فۆرمەكانی گرێبەستی دۆزینەوەو پەرەپێدانو وەبەرهێنانی نەوتو غاز یاخود دەستكاریكردنیان بەگوێرەی پلەبەندی كێڵگەكانو ناوچەكانی دۆزینەوە. • پەسەندكردنی گرێبەستەكانی گەڕانو پەرەپێدانو دۆزینەوەو بەرهەمهێنانی نەوتو غازی پەیوەندیدار بە پرۆسە نەوتییەكانو تانە لێدانیانو هەمواركردنەوەیان. • دیاریكردنی ئەركو پەسەندكردنی سیاسەتو ستراتیژیەتی نەوتو غازو ماددە هایدرۆكاربۆنییەكان لەبەر رۆشنایی بەرژەوەندیی نیشتمانیو دیاریكردنی بڕی وەبەرهێنانو پەسەندكردنی پلانی نرخدانان بە هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقو وەزارەتەكانی هەرێمی كوردستانو پارێزگا ناڕێكخراوەكان لەچوارچێوەی هەرێمدا. • چارەسەركردنی ئەو ناكۆكییانەی كە لەنێوان حكومەتی فیدراڵو هەرێمو پارێزگا وەبەرهێنەكان دروست دەبێت. • ئاسانكاری بۆ هەماهەنگیی لەنێوان حكومەتی فیدراڵو حكومەتی هەرێمی كوردستانو پارێزگا وەبەرهێنەكان كە لەچوارچێوەی هەرێمدا رێكنەخراون. كێ كێڵگەكان بەڕێوەدەبات ؟ بەگوێرەی رەشنوسەكە (حكومەتی فیدراڵ هەڵدەسێت بە ئیدارەدانو پەرەپێدانی سەرچاوە نەوتییەكان لە هەر قۆناغێك لە قۆناغەكانی پرۆسە نەوتیدا). وەزارەتی نەوتی عێراق ئەم دەسەڵاتانەی پێدراوە: • بەڕێوەبردنی كێڵگەكانی بەرهەمهێنانی نەوتو غاز لە سەرتاسەری عێراق بە هەماهەنگیی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستانو پارێزگا وەبەرهێنەكان. • داڕشتنی سیاسەتی وەبەرهێنان لەو كێڵگانەی كە دۆزراونەتەوە، لەگەڵ هەرێمو پارێزگا وەبەرهێنەكاندا. • دانانی سیاسەتو پرۆژە یاساكانی تایبەت بە پیشەسازی ستراتیژی نەوتو دیاركردنی ئاستەكانی وەبەرهێنانی نەوتو غاز لەسەر ئاستی كورتمەوداو دوور مەوداو توانای دامەزراوەكانی هەناردەكردنو فرەچەشنكردنی دەروازەكان. • ئامادەكردنی پرۆژەو دەركردنی رێنماییو كۆنترۆڵ بۆ جێبەجێكردنی سیاسەتو یاساو پلانە نەوتییەكان. • سەرەپەرەشتیكردنی پرۆسە نەوتییەكان لەبەر رۆشنایی یاسا پەیوەندیدارەكانو مەرجەكانی گرێبەستو پێوەرە نێودەوڵەتییەكان بە هەماهەنگیی لەگەڵ دەستەی هەرێمییو پارێزگا وەبەرهێنەكاندا. • پەسەندكردنی فۆرمی گرێبەستەكانی دۆزینەوەو پەرەپێدانو وەبەرهێنان، ئامادەكراو لەلایەن دەستەی تایبەتمەندەوە، لەماوەیەكدا كە (30) تێپەڕ نەكات لە رۆژی پێشكەشكردنیەوە. • ئامادەكردنی فۆڕمی گرێبەستەكانی گەڕانو پەرەپێدانو وەبەرهێنانو هاوكاری لەگەڵ كۆمپانیاو دەستەی هەرێمیی، هەریەكەیان بەپێی بەرپرسیارێتی دیاریكراویان لەم یاسایەدا لەلایەكو كۆمپانیا جیهانییەكانی نەوت لەلایەكی تر. • دڵنیابوون لە كۆكردنەوەی ئەو داهاتانەی دەوڵەت كە لە جێبەجێكردنی گرێبەستەكانی دۆزینەوەو پەرەپێدانو بەرهەمهێنانەوە بۆ دەوڵەت بەدەستدەهێنرێن. • دانوستان لەگەڵ وڵاتانی ترو رێكخراوە نێودەوڵەتیو هەرێمایەتییەكان لەبواری رێككەوتنە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەكان بەگوێرەی یاساو بەرزكردنەوەی بۆ ئەنجومەنی فیدراڵی نەوتو غاز بەمەبەستی پەسەندكردنیان. • نوێنەرایەتیكردنی عێراق لە كۆڕبەندە نێودەوڵەتیو هەرێمایەتییەكان لە پەیوەندیدار بە كاروباری نەوتو غاز بەگوێرەی یاسا. • وردبینیكردنی راپۆرتی ساڵانەی چالاكی گەڕانو پەرەپێدانی كێڵگەو ناوچەكانی دۆزینەوەو تێكڕای بەرهەمی ساڵانە كە كۆمپانیای نیشتمانی نەوتو دەستەی هەرێمیی بەمەبەستی چاودێری بۆ بەدیهێنانی پلانو ئامانجە ستراتیژییەكان. • چاودێریكردنی چالاكی كاركردن لە بەندەرەكانی هەناردەكردنی نەوت لەناوخۆی وڵاتو دەركردنی فەرمان بۆ كۆمپانیاو دەستەی هەرێمیی بۆ بەدیهێنانی سیاسەتی ناوەندی دەوڵەت لەبارەی تێكڕای بەرهەمهێنانو هەناردەو بازاڕە دیاریكراوەكانەوە. • پەسەندكردنی سەرجەم پەیڕەوە ناوخۆییەكانی تایبەت بە كۆمپانیاو فەرمانگەكانی سەربە دەوڵەت. • ئامادەكردنی رەشنوسی یاساو پەیڕەو پێوەرەكان بۆ پەرەپێدانی كەرتی وزە بەگشتیو ملكەچكردنی بۆ پەسەندكردن لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانو دامەزراوەی یاسادانان. بەگوێرەی بەڵگەنامەیەك كە لەبەردەستی (درەو)دایە، لە دانوستانەكانیدا لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق، وەفدی حكومەتی هەرێم داوایكردووە، بەپێی ماددەی (115)ی دەستور پێدانی مۆڵەتی (گەڕانو دۆزینەوە)ی نەوت لە كێڵگەكانی هەرێمدا لە دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمدا بێت، ئەم داواكارییەش پشتگوێ خراوە. سەرباری ئەمە، لە دانوستانەكاندا، وەفدی حكومەتی هەرێم داویكردووە (حكومەتی هەرێم ئەركی سەرپەرەشتیكردنی سەرجەم كارە نەوتییەكان لە هەرێم بگرێتە ئەستۆ، ئەمەش بەگوێرەی ماددەی 115ی دەستور)، بەڵام لە رەشنوسەكەدا وا دانراوە (وەزارەتی نەوتی عێراق كێڵگەكانی نەوتو غاز بەڕێوەدەبات بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی كوردستان). لە ئەنجومەنەوە بۆ دەستە بەپێی ئەوەی لە رەشنوسەكەدا هاتووە، لەبری ئەنجومەنی نەوتو غازی هەرێمی كوردستان، دەستەیەكی تایبەت بەم بوارە لە هەرێمی كوردستان دروستدەكرێت. بەگوێرەی دانوستانەكانی شوباتی رابردووی نێوان حكومەتی هەرێمو وەزارەتی نەوتی عێراق، بەغداد قایل نییە بەوەی لە هەرێمی كوردستان ئەنجومەنی نەوتو غاز هەبێت لە كاتێكدا لە عێراقیشدا ئەنجومەنێكی لەوشێوەیە دروست بكرێت، سەرباری ئەمە ئەنجومەنی نەوتو غازی هەرێم بەگوێرەی یاسای نەوتو غاز دروستكراوە، ئەم یاسایەش ناوەڕاستی شوباتی 2022 بە بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق هەڵوەشاوەتەوە. رەشنوسەكە ئەم دەستەیەی ناو لێناوە "دەستەی هەرێمیی"و وا پێناسەی دەكات كە" لایەنی تایبەتمەندە لە هەرێم"، لەپاڵ ئەمەشدا ئەركی دەستەكەی دیاریكردووە كە ئەمانەیە: • پێشنیاركردنی چالاكیو پلانەكان بە دەستەڵاتە فیدراڵییەكان بە نوێنەرایەتی هەرێم بۆ ئەوەی لەناو پلانە فیدراڵییەكانی تایبەت بە پرۆسە نەوتییەكاندا دابنرێت، هەروەها یارمەتی دەسەڵاتە فیدراڵییەكان بدات لە راوێژكردندا بۆ تەواوكردنی ئەو پلانانە. • تەماشاكردنی فۆرمەكانی گرێبەستو پێوەرەكانی شایستەیی كۆمپانیاكانو ئەو رێنماییانەی لەلایەن ئەنجومەنی نەوتو غازەوە دەردەچن. • ئامادەبوون لە مشورەتەكانی ئەنجومەنی نەوتو غازی فیدراڵ. • پابەندبوون بە سەرجەم پلانو دیاریكراوەكانی وەبەرهێنانو ژینگەو تەندروستیو سەلامەتی كە ئەنجومەنی نەوتو غازو وەزارەتی نەوت دەریدەكەن. • بەشداری وەزارەتی نەوتی عێراق لە رێوشوێنەكانی مۆڵەتپێدانی پەیوەندیدار بە چالاكییەكان لە هەرێمی كوردستان لە بوارەكانی گەڕانو پەرەپێدانی كێڵگە دۆزراوەكان، بە پشتبەستن بەو فۆرمانەی گرێبەستو پێوەری شایستەیی كۆمپانیاكانو ئەو رێنماییانەی كە لەلایەن ئەنجومەنی نەوتو غازی فیدراڵەوە دەردەچێت. • ئامادەكردنو دەركردنی راپۆرتو حساباتی كۆتاییو تێكڕای وەبەرهێنانی نەوتی خاو و ناردنی بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق بە راپۆرتێك لەماوەی هەر سێ مانگێكدا. بەپێی بەڵگەنامەیەك كە لەبەردەستی (درەو)دایە، لە دانوستانەكانی ئەمساڵدا وەفدی حكومەتی هەرێم داوای ئەوەی كردووە، ئەنجومەنی هەرێمی نەوتو غازی كوردستان بەفەرمی لەناو یاسای نەوتو غازی فیدراڵدا دانی پێدابنرێتو ئەم دەسەڵاتانەی هەبێت: • ئامادەكردنی بنەما گشتییەكانی سیاسەتی نەوتو پلاندانان لە هەرێمی كوردستان. • پەسەندكردنی گرێبەستەكانی نەوتی هەرێم. • دیاریكردنی بڕی وەبەرهێنان لە هەرێم. بەپێی ئەم رەشنوسە، نەك ئەنجومەنەكەی هەرێم هەڵوەشێندراوەتەوەو لەبری ئەوەی دەستەیەك دیاریكراوە، ئەو دەسەڵاتانەش بۆ دەستەكەی هەرێم دانەنراوە كە وەفدی هەرێم لە دانوستاندا داوایكردووە. خاوەندارێتی بۆری ! بەگوێرەی رەشنوسی یاسای نەوتو غازی فیدراڵ، (هێڵی بۆرییە سەرەكییەكان موڵكی حكومەتی فیدراڵی عێراقە)، ئەمە لەكاتێكدایە لە دانوستانەكاندا حكومەتی هەرێم داوایكردووە (خاوەندارێتی تۆڕی بۆرییەكانی گواستنەوەی نەوتی خاو بەگوێرەی دەستور رێكبخرێتو هەرێمو پارێزگا رێكنەخراوەكان لەچوارچێوەی هەرێمدا مافی ئەوەیان هەبێت بۆری نەوتو غازی تایبەت بە خۆیان هەبێت). هەر لە سەرەتای دانوستانەكانەوە، وەزارەتی نەوتی عێراق رەتیكردەوە هەرێمی كوردستان بۆری نەوتو غازی تایبەت بەخۆی هەبێت، بۆ ئەمەش بەهانەكەی ئەوە بوو (دەستور دەڵێ گەلی عێراق خاوەنی نەوتو غازنو بۆرییەكانیش توانای گشتینو بەپێی بنەما سەرەكییەكانی یاسای شارستانی عێراق ناكرێت خاوەندارێتی بكرێن. ................
درەو: پارەكەی بەغداد گەیشت، بەشی (66%)ی موچە دەكات، (34%)ی كورتهێنانی موچە بە پارەی داهاتی ناوخۆ یاخود قەرز پڕدەكرێتەوە. ئەمڕۆ بەغداد (598) ملیار دیناری بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێم ناردووە كە مانگانە پێویستی بە (912) ملیار دینارە، واتا ئەو بڕەی كە بەغداد ناردوویەتی بەشی (66%)ی كۆی موچەی موچەخۆرانەو (34%)ی كەمترە لە بڕی تەواوی موچەی موچەخۆران. حكومەتی هەرێمی كوردستان موچەی مانگی (6 و 7)ی دابەشنەكردووەو چاوەڕێی بەغداد بوو كە پشكی هەرێمی كوردستان بنێرێت، وەفدی هەرێمی كوردستان چەند جارێك چوونە بەغداد و دوایین جاریش رایانگەیاند: رێككەوتووین كە لە زووترین كاتدا پشكی هەرێم بنێردرێت كە لانی كەم (906) ملیار دینارە، ئەمڕۆ لە بەغدادەوە بڕی (598) ملیار دینار خرایە سەر ژمارە بانكی وەزارەتی دارایی هەرێم و (314) ملیار دینار كورتهێنانی هەیە بەرێژەی (34%) بۆ موچەی موچەخۆران، وتەبێژی حكومەتی هەرێمیش دەڵێت: ئەو بڕە پارەیەی بەغداد ناردوویەتی نەك شایستەی دارایی هەرێم نیە، بەڵكو پارەی پێویستی موچەش نەنێردراوە، وەزارەتی دارایی هەرێم كورتهێنانەكە پڕ دەكاتەوە. حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێستادا چەند سەرچاوەیەكی داهاتی هەیە: • پارەی بەغداد كە لە ئێستادا (598) ملیار نێردراوە. • داهاتی ناوخۆ بە نزیكەی (300) ملیار • پارەی هاوپەیمانان (30) ملیار دینار بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە پێویستی بە (912) ملیار دینارە، پێشتر (30) ملیار دیناری هاوپەیمانان دابەشدەكرێت بەسەر لیوا هاوبەشەكاندا واتا بە موچەی لیوا هاوبەشەكانەوە كۆی موچە مانگانە (941) ملیار دینارە. سەرچاوەیەك بە (درەو)ی راگەیاند: ئەوەی لەبەردەستی حكومەتی هەرێمە، داهاتی ناوخۆ و پارەكەی بەغدادە، داهاتی ناوخۆ بەشێكی بۆ خەرجی وەزارەتەكان و پێداویستیەكانی حكومەتە، واتا حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستبەدابەشكردنی موچە دەكات و كورتهێنانەكە بە داهاتی ناوخۆ یان بە قەرز پڕ دەكاتەوە. بە پێی رێككەوتنی نێوان وەفدی هەرێم و بەغداد، حكومەتی هەرێم دەبێت تەواوی داهاتە نانەوتییەكانی رادەست بكات و بەغداد، 50%ی داهاتی دەروازە سنورییەكان بگەڕێنێتەوە، بەڵام رێككەوتنەكە لە 1/8ەوە دەكرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بۆیە حكومەتی هەرێم دەتوانێت بۆ موچەی مانگی حەوت داهاتی ناوخۆی بەكار بهێنێت.
(درەو): سودانی بڕیاریدا لیژنەیەكی وزاری دروستبكات بۆ گفتوگۆ لەنێوان وەزارەتی نەوتی عێراقو وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم كوردستان بەمەبەستی رێككەوتن لەسەر یاسای نەوتو غازی فیدراڵ، یاسایەك كە دەبوو بەر لە 18 ساڵ پەسەند بكرایە، دەركردنی ئەم یاسایە خواستی سەرەكی كوردە لە كابینەی شیاع سودانیدا. (فوئاد حسێن) سەرۆكی تیمی پارتی لە بەغدادو (بافڵ تاڵەبانی) سەرۆكی یەكێتییو (ئەحمەد موفتی) بریكاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە بەغداد بەشداری كۆبونەوەیەكیان كرد، كە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرۆكایەتیی دەكردو بەرپرسی كوتلە سیاسییەكانو راوێژكارو پسپۆڕانی هونەریو یاسایی تێیدا ئامادەبوون. ئەم كۆبونەوەیە بۆ گفتوگۆكردن بوو لەسەر رەشنوسی یاسای نەوتو غازی فیدراڵ، یاسایەك كە دەبوو ساڵی 2005 دوای پەسەندكردنی دەستوری هەمیشەیی عێراق دەربچوێندرایەو بەهۆی ناكۆكی هەولێرو بەغدادەوە تائێستا دەرنەچووە. محەمەد شیاع سودانی لە بەرنامەی كاری حكومەتەكەیدا، لەسەر داوای كورد بەڵێنیدا لەماوەی شەش مانگدا دوای دەستبەكاربوونی كابینەكەی، یاسای نەوتو غاز رەوانەی پەرلەمان بكات، بەڵام بەهۆی مشتومڕەكان لەبارەی یاسای بودجەوە، ئەمەی نەكردو بۆ ئێستا دوایخست. پەسەندكردنی یاسای نەوتو غاز گرنگترین پرۆژە یاسای بەردەم وەرزی یاسادانانی ئێستای پەرلەمانی عێراقە، ئەم یاسایە بە پلەی یەكەم بۆ حكومەتی هەرێم گرنگە، چونكە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بە بڕیارێك كە لە ناوەڕاستی شوباتی 2022دا دەریكرد، یاسای نەوتو غازی هەرێمی هەڵوەشاندەوەو هەرێمی پابەند كرد بەوەی نەوتو غازەكەی رادەستی بەغداد بكات، لە شوباتی ئەمساڵیدا دادگای ناوبژیوانی پاریس لەبارەی بۆری نەوتی عێراق- توركیاوە بڕیاری كۆتایی خۆی لەدژی توركیا دەركردو ئەمە وایكرد لە بەرەبەیانی رۆژی 25ی ئازاری ئەمساڵەوە توركیا هەناردەی نەوتی هەرێم رابگرێت، ئەم بڕیارانە وایانكردووە لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان كەڤەری یاسایی بۆ فرۆشتنی نەوت نەمێنێت، هەولێر دەیەوێت لەڕێگەی یاسای نەوتو غازی فیدراڵەوە مافە دەستورییەكانی لە كەرتی نەوتو غازدا بەدەست بهێنێتەوە، بەڵام بەپێی ئەو رەشنوسێكی یاسای نەوتو غاز كە ئێستا لەبەردەستی (درەو)دایە، هەرێمی زۆرێك لە مافەكانی لەو رەشنوسەدا لێ سەندراوەتەوە. لەسەرەتای شوباتی ئەمساڵەوە حكومەتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقدا چووە ناو چەند گفتوگۆیەكەوە لەبارەی ئامادەكردنی رەشنوسی یاسای نەوتو غازی فیدراڵ، بەڵام نەگەیشتنە رێككەوتن، وەزارەتی نەوتی عێراق دژی ئەوەیە هەرێمی كوردستان یاسای نەوتو غازی تایبەت بەخۆی هەبێتو دەڵێ ئەو یاسایە بە بڕیاری دادگای فیدراڵی هەڵوەشاوەتەوە، هەروەها دژی ئەوەیە هەرێم بۆری نەوتی تایبەت بە خۆی هەبێت، ئەنجومەنی نەوتو غازی هەبێت. بەپێی راگەیەندراوی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق" لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆدا دواین رەشنوسەكانی پرۆژە یاسای فیدراڵی نەوتو غاز خراوەتەڕوو لەگەڵ وردەكاری بڕگەكانیو كاری لیژنە هونەریو یاساییو كاركردن لەسەر ئامادەكردنی رەشنوسی كۆتایی یاساكە، وەكو ئامادەكارییەك بۆ پەسەندكردنی لە ئەنجومەنی وەزیرانو بەرزكردنەوەی بۆ پەرلەمان بەمەبەستی دەرچواندنی، بەگوێرەی چوارچێوە یاساییو دەستورییەكان". سودانی وتویەتی:" پرۆژە یاسای نەوتو غاز لە یاسا سەرەكیو گرنگەكانە كە فاكتەری هێزو یەكێتیی عێراقەو ماوەی چەندین ساڵە بە هەڵپەسێراوی ماوەتەوەو ئەمڕۆ وڵات زۆر پێویستی بە دەرچواندنی یاساكە هەیە بۆ سود وەرگرتن لە سامانە سروشتییەكان لە هەموو بوارو كەرتەكاندا، سەرباری ئەمە دەرچواندنی یاساكە پشكدار دەبێت لە چارەسەركردنی زۆرێك لە كێشە هەڵپەسێرراوەكان". سودانی ئاماژەی بەوەكردووە" یاسای نەوتو غاز بەشێكە لە پابەندییەكانی بەرنامەی وزاری حكومەت، كە پەرلەمان دەنگی لەسەرداوەو تێیدا رەچاوی بنەما دەستورییەكان دەكرێت، بەجۆرێك زامنی دابەشكردنی دادپەروەرانەی سامانی نەوت بكرێت". سەرۆك وەزیرانی عێراق فەرمانی كردووە لیژنەیەكی وزاری پێكبهێنرێت بۆ سەرپەرەشتیكردنی گفتوگۆ لەنێوان وەزارەتی نەوتی عێراقو وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستانو پارێزگاری ئەو پارێزگایانەی كە نەوت بەرهەمدەهێنن لەوانە (بەسرە- میسان- كەركوك- زیقار) لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیا نەوتییەكانی حكومەت بانگهێشت بكرێن بۆ ناو گفتوگۆ هونەرییەكان سەبارەت بە یاساكە، بەمەرجێك بەدوای ئەم گفتوگۆیانەدا دیالۆگی سیاسی بۆ رێككەوتن سەبارەت بە پێشكەشكردنی یاساكە تەواو بكرێت.
درەو: درەو: لە بەغداد گفتوگۆ لەسەر یاسای نەوت و غاز دەكرێت بەپێی ئەو رەشنوسەی دەست (درەو) كەوتووە، شتێك نامێنێت بەناوی نەوتی غازی هەرێمی كوردستان. چوارشەمە لە بەغداد گفتوگۆ لەسەر یاسای نەوتی غاز دەكرێت، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: سبەینێ كۆبوونەوەیەكی گرنگ بە ئامادەبوونی سەركردە سیاسییەكان وهونەرییەكان لە وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و یاساییەكان ئەنجام دەدرێت بۆ گفتوگۆكردن لەسەر یاسای نەوت و غاز، لە كۆبوونەوەكە رەشنوسی یاسای نەوت و غاز گفتوگۆدەكرێت، هەندێك دیدگا هەیە پێویستی بە بڕیاری سیاسی هەیە. بەپێی رەشنوسی یاسای نەوت وغازی عێراق كە وێنەیەكی دەست (درەو) كەوتووە لە بڕگەی یەكەمی ماددەی پێنجدا دەڵێت، ئەنجومەنێك پێكدێت بە ناوی (ئەنجومەنی فیدراڵی نەوت و غاز) بە سەرۆكایەتی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران یان هەر كەسێك كە ئەو دیاری دەكات، ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە پێك دێن لە: 1- وەزیری نەوتی عێراق 2- وەزیری دارایی عێراق 3- وەزیری پلاندانانی عێراق 4- پارێزگاری بانكی ناوەندی 5- وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم 6- پارێزگاری سێ پارێزگا لەو پارێزگایەنەی نەوت بەرهەم دەهێنن و لە چوارچێوەی هەرێمی كوردستاندا نین، لەو سێ پارێزگایە پارێزگاری بەسرە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنەكە دەبێت و دوو پارێزگاكەی تر سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بە شێوەی خولی و ساڵانە دەستنیشانی دەكات. 7- شارەزاكانی بواری نەوت و غاز كە نابێت ژمارەیان لە (3) شارەزا تێپەڕ بكات، بۆ ماوەی سێ ساڵ لە لایەن سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانەوە لەو ئەنجومەنە دادەمزرێن. لەبڕگەی دووەمی هەمان ماددەدا واتە ماددەی پێنج دەڵێت، ئەنجومەنی فیدراڵی نەوت و غاز لەسەر بانگهێشتی سەرۆكی ئەنجومەنەكە لانی كەم مانگی جارێك كۆدەبنەوە، بڕیارەكانی ئەم ئەنجومەنە بە زۆرینەی دەنگ پەسەند دەكرێت. بە پێی ئەم بڕگەیە بێت كورد تەنها یەك ئەندامی هەیە لە ئەنجومەنەكە، ئەویش (وەزیری سامانە سروشتییەكان)ە، بەو جۆرە هەرێمی كوردستان بە تەنها یەك ئەندام لەو ئەنجومەنەدا ناتوانێت رێگە لە تێپەڕبوونی هیچ بڕیارێكی ئەنجومەنەكە بگرێت لە كاتێكدا بڕیارەكان بە زۆرینەی دەنگ لە ئەنجومەنەكە تێدەپەڕێت. لە بڕگەی یەكەمی ماددەی هەشتی رەشنوسی پرۆژە یاسای نەوت و غازدا هاتووە كە وەزیری نەوتی عێراق ئیدارەی سەرجەم كێڵگەكانی بەرهەمهێنانی نەوت و غاز دەكات لە هەموو كۆماری عێراقی فیدراڵیدا بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەكانی نەوتدا، بەپێی ئەم ماددەیە بێت هەموو كێڵگەكانی بەرهەمهێنانی نەوت و غازی هەرێم دەكەوێتە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی وەزارەتی نەوتی عێراقەوە. لە ماددەی هەشتەمی رەشنوسی پرۆژە یاساكە دەسەڵاتی وەزارەتی نەوتی عێراقی دیاریدەكات لە بڕگەی یەكەمی ماددەی هەشتدا هاتووە كە وەزیری نەوتی عێراق ئیدارەی سەرجەم كێڵگەكانی بەرهەمهێنانی نەوت و غاز دەكات لە هەموو كۆماری عێراقی فیدراڵیدا بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەكانی نەوتدا، بەپێی ئەم ماددەیە بێت هەموو كێڵگەكانی بەرهەمهێنانی نەوت و غازی هەرێم دەكەوێتە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی وەزارەتی نەوتی عێراقەوە. لە بڕگەی هەشتەمی ماددەی هەشتدا دەڵێت وەزارەتی نەوت دەسەڵاتی دانوستاندنی لەگەڵ دەوڵەتانی تر، رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و ئیقلیمییەكان هەیە سەبارەت بە رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان و هاوشێوەكانی هەیە. لە بڕگەی نۆیەمی ماددەی هەشتدا وەزارەتی نەوتی دەستنیشانكردووە كە نوێنەرایەتی عێراق بكات لە سەرجەم كۆڕبەندە نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەكاندا سەبارەت بە نەوت و غاز، بەپێی ئەم بڕگەیە بێت چیتر هەرێمی كوردستان ناتوانێت راستەوخۆ نوێنەری لەو كۆڕبەندە نێودەوڵەتییانەدا هەبێت كە سەبارەت بە نەوت و غاز دەبەسترێت، چیتر هەرێم ناتوانێت لەگەڵ هیچ لایەنێكی نێودەوڵەتی سەبارەت بە بابەتی نەوت و غاز بڕیاری هەبێت . ماددەی نۆیەم، دەسەڵاتەكانی دەستەی هەرێم، واتە لایەنی پەیوەندیداری هەرێم بە نەوت و غاز دیاریكردووە، لە بڕگەی یەكی ئەو ماددەیەدا دەڵێت، هەرێم پێشنیاری چالاكی و پلان بۆ دەسەڵاتەكانی فیدراڵی دەكات تا بخرێتە چوارچێوەی پلان و بەرنامەكانی حكومەتی ناوەندەوە لە پرۆسەی نەوتدا، هاوكاری حكومەتی ناوەند دەبێت لە پێدانی راوێژ بۆ تەواوكردنی پلانەكان، بە پێی ئەم بڕگەیە حكومەتی هەرێم یاخود ئەو دەستە تایبەتمەندەی هەرێم لە نەوت و غازدا تەنها مافی پێشنیاریان هەیە. ماددەی دەیەم دەسەڵاتی پارێزگا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت دیاری دەكات، لە بڕگەی یەكەمی ئەو ماددەیەدا هەمان دەسەڵاتی هەرێم دراوە بە پارێزگاكان كە لە چوارچێوەی پێشنیاركردن تێناپەڕێت، واتە هەرێم و پارێزگان هاوتای یەك دانراون ماددەی (24) رەشنوسی پرۆژە یاساكە تایبەتە بە گواستنەوە، لە بڕگەیە یەكەمی ماددەكەدا دەڵیت،"بۆرییە سەرەكییەكان خاوەندارێتییەكەی بۆ حكومەتی عێراقی دەگەڕێتەوە" بە پێی ئەم دەقە بێت هەرێمی كوردستان مافی خاوەندارێتی بۆرییە سەرەكییەكانی نەوتی نامێنێت.
(درەو): ناكۆكییە سنورییەكانی نێوان عێراقو كوەیت جارێكی تر كەوتەوە بەر رووناكی، ئەمەش دوای ئەوەی هەردوو وڵات ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ لەبارەی ئەم ناكۆكییە كە ریشەكەی بۆ نزیكەی 200 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. رۆژی یەكشەممەی ئەم هەفتەیە، وەزیرانی دەرەوەی عێراقو كوەیت لە بەغداد چاویان بەیەكتری كەوت، هەردووكیان پابەندبوونی خۆیان بە كۆتایهێنان بە دۆسیەی دیاریكردنی سنوری ئاوی نێوان كوەیتو عێراق راگەیاند. لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ شێخ سالم عەبدوڵا جابر سوباحی هاوتا كوەیتییەكەیدا، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق وتی:" باسمان لە دۆسیەی دیاریكردنی سنور كرد، مشتومڕێكی دورو درێژ لەسەر ئەم بابەتە هەیە". سەرباری ئەوەی لەدوای هێرشی عێراق بۆ سەر كوەیت، سنوری وشكانی نێوان كوەیتو عێراق لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دیاریكرا، بەڵام پرسی سنورە ئاوییەكان لەوكاتەوە تائێستا هەر بە هەڵپەسێردراوی مایەوە. پاسەوانی كەناراوەكانی كوەیت ناو بەناو دەست بەسەر بەلەمی راوچییە عێراقییەكاندا دەگرن، ئەمەش بەتۆمەتی ئەوەی بەشێوەی نایاسایی سنوری ئاویی كوەیتیان بڕیوە. ساڵح موتێری كە لێكۆڵەرێكی سیاسی كوەیتییە دەڵێ:" بەراورد بە سنوری وشكانی، ناكۆكی سنوری ئاوی نێوان دوو وڵات، بەردەوام وەكو بابەتێكی پڕ گرێو گۆڵ دەمێنێتەوە". موتێری قسەی بۆ سایتی (الحرە) كردووە، باس لەوە دەكات" سنوری وشكانی بە تۆپۆگرافیو چەسپاوەكانو ئەو نیشانە دیاریكراوانە دەستنیشان دەكرێت كە لەسەر بنەمای پاشخانی مێژووییو دیمۆگرافی رێككەوتنیان لەسەر دەكرێت.. بەڵام سنوری دەریایی كێشەی لە بابەتە تەكنیكییەكاندا هەیە بۆ دیاریكردنی ئاوە نێودەوڵەتییەكانو دەرەوەیو بنی دەریاو زەریاكان". مێژوو چی دەڵێ؟ هیشام عەوەزی مامۆستای مێژوو لە زانكۆی ئەمریكی لە كوەیت دەڵێ:" بەڵگەنامە نهێنییەكانی بەریتانیا باس لە ناكۆكییە سنورییەكانی نێوان كوەیتو عێراق دەكەن، ئەم بەڵگەنامانە لە 7 بەرگ پێكهاتوون كە هەر بەرگێكیان 700 لاپەڕەیەو ناكۆكییە سنورییەكانی نێوان كوەیتو عێراق لە ساڵی 1830 تاوەكو ساڵی 1994 لەخۆدەگرن". بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ناكۆكی لەبارەی هەردوو دوورگەی (بۆبیان)و (وەربە) كە كوەیت دەستی بەسەردا گرتوون، خاڵی سەرەكی ناكۆكی مێژووی دورو درێژی نێوان هەردوو وڵاتە. ساڵی 1961 كاتێك بەریتانیا پاراستنی خۆی لەسەر كوەیت هەڵگرت، عەبدولكەریم قاسم سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق وتی:" كوەیت بەشێكە لە عێراقو لێی جیاناكرێتەوە"، چونكە لەسەردەمی عوسمانییەكاندا كوەیت بەشێك بووە لە پارێزگای بەسرە. عێراق هەڕەشەی ئەوەی دەكرد سەروەری خۆی بەسەر كوەیتدا بسەپێنێت، بەڵام دواتر بڵاوبوونەوەی هێزی بەریتانیی لە كوەیت، عێراقی ناچار كرد پاشەكشێ بكات. سەرباری ئەوەی رژێمە سیاسییەكانی دواتری عێراق دەستیان لەم بانگەشانە هەڵگرتو دانیان بە سەربەخۆیی كوەیتدا نا، بەڵام حزبی بەعس كاتێك دەسەڵاتی گرتەدەست، بە فەرمی دانی نەنا بە سنوری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتدا، لەگەڵ ئەمەشدا هیچ رووداوێكی گەورەی پەیوەندیدار بە ناكۆكییە سنورییەكان تاوەكو ساڵی 1990 رووی نەدا، لەو ساڵەدا عێراق بەدەست قەیرانی ئابوری دوای كۆتایهاتنی جەنگی ئێرانەوە دەیناڵاند، ئیتر لێرەوە سەردەمێكی نوێی ناكۆكی لەگەڵ كوەیت دەستیپێكرد. تەموزی 1990 سەددام حسێن سەرۆكی پێشووی عێراق هەریەكە لە كوەیتو ئیماراتی عەرەبی تۆمەتبار كرد بەوەی پابەند نین بەو پشكەی كە رێكخراوی ئۆپێك بۆ وڵاتانی ئەندامی دیاریكردووە لەبواری بەرهەمهێنانی نەوتو، نەوتی خاو زیاتر هەناردە دەكەن، ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینی نرخی نەوتو عێراق بێبەش بووە بە داهاتەكانی زێڕی رەش. لە پاڵ ئەمەدا، سەددام بانگەشەی ئەوەی دەكرد كوەیت نەوتی خاو لە كێڵگەی (رومێلە) دەدزێت كە دەكەوێتە سەر سنوری نێوان عێراقو كوەیتەوە، هاوكات داوای ئەوە دەكرد كوەیت دەستبەرداری هەردوو دوورگەی (بۆبیان)و (وەربە) ببێت بۆ عێراق. لە 2ی ئابی 1990دا، هێزێكی عێراقی كە لە (100 هەزار) سەرباز پێكهاتبوو، لە سنوری عێراقەوە بەرەو كوەیت پەڕییەوە، توانی لەماوەی چەند كاتژمێرێكدا بگاتە پایتەختی كوەیت. كاتێك یەكەكانی گاردی كۆماری عێراق بەرەو پایتەختی كوەیت دەرۆیشتن، هێزە تایبەتەكانی عێراق ئەركی پاراستنی پێگە سەرەكییەكانیان دەگرتە ئەستۆ، لەوانە هەردوو دوورگەی (بۆبیان)و (وەربە)و بواری ئاسمانی كوەیتو كۆشكی میری كوەیتو جێنشینەكەی. ئاسایبوونەوەی دۆخەكە دوای هێرشەكەی سەددام كە لە شوباتی ساڵی 1991دا كۆتایی پێهاتو بەهۆی دەستوەردانی نێودەوڵەتییەوە بە سەرۆكایەتی ئەمریكا هێزەكانی عێراق لە كوەیت كشانەوە، لە ساڵی 1993دا نەتەوە یەكگرتووەكان سنوری وشكانیو ئاوی نێوان عێراقو كوەیتی دیاریكرد. سەرباری ئەمە، نەتەوە یەكگرتووەكان ئەو سزایانەی هەڵنەوەشاندەوە كە ساڵی 1990 بەهۆی هێرش بۆسەر كوەیت بەسەر عێراقیدا سەپاند تاوەكو ساڵی 2010، واتا دوای حەوت ساڵ لە روخانی رژێمی بەعس. دوای كەوتنی رژێمی سەددام لە ساڵی 2003دا، پەیوەندی نێوان كوەیتو عێراق وردە وردە بەرەو ئاسایبوونەوە رۆیشتو پەیوەندی دیپلۆماسی نێوانیان دەستیپێكردەوە. لە رابردوودا بەرپرسانی عێراقی ئامادەیی خۆیان بۆ داننان بە سنوری وشكانی لەگەڵ كوەیت نیشانداوە، بەڵام سنوری دەریایی هێشتا خاڵی ناكۆكی نێوانیانە، بەغداد دەیەوێت دیاریكردنی سنوری ئاوی گرەنتی ئەوەی پێبدات كە بتوانێت بگاتە ئاوەكانی كەنداو، چونكە لەڕووی ئابوریو هەناردەی نەوتەوە پێویستی بەم گەرەنتییە هەیە. حكومەتی ئێستای عێراق كە محەمەد شیاع سودانی سەرۆكایەتی دەكات، هەوڵی لێكنزیكبوونەوە لەگەڵ وڵاتانی كەنداوی عەرەبی دەداتو دەیەوێت لەبواری هاوكاری ئابوریو روبەڕووبونەوەی ماددە هۆشبەرەكاندا پەیوەندی خۆی لەگەڵ ئەو وڵاتانە بەهێز بكات. لە چەند مانگی رابردوودا، عێراق پێشوازی لە چەندین بەرپرسی باڵای وڵاتانی هاریكاری كەنداو كردووە، لەناویاندا سەردانی وەزیری دەرەوەی كوەیت لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا. لە سەردانەكەیدا، وەزیری دەرەوەی كوەیت بەڕوونی ئاماژەی بەوەدا كە بۆ پرسی دیاریكردنی سنوری ئاوی لەگەڵ عێراق سەردانی بەغدادی كردووە، بەڵام فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق بەگشتی باسی لە دۆسیە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو وڵات دەكرد لەوانە كێڵگە هاوبەشەكانی نەوتو روبەڕووبونەوەی مافیاكانی ماددەی هۆشبەرو دۆخی ژینگە. وەزیری دەرەوەی كوەیت ئاشكرایكرد، رۆژی 14ی ئەم مانگە لیژنەی هونەریی لە بەغداد كۆدەبێتەوە بۆ تەواوكردنی راوێژ لەبارەی دیاریكردنی سنوری ئاویی نێوان هەردوو وڵات". سروشتی جوگرافی ساڵح موتێری كە لێكۆڵەرێكی سیاسی كوەیتی دەڵێ:" كێشەی گەورەی سنوری دەریایی خۆی لەوەدا دەبینێتەوە دورگەكانی بۆبیانو وەربە دەكەونە بەردەم رێڕەوە گرنگە ئاوییەكانی عێراقەوە". ئەم دورگانە دانیشتوانیان تێدا نییەو لەسەری كەنداوەكەدا هەڵكەوتوون بە دورییەكی كەم لە خاكی هەردوو وڵاتەوە، بۆبیان بەگەورەترین دورگەی كوەیت دادەنرێت كە روبەرەكەی دەگاتە (863 كیلۆمەتر)ی چوارگۆشە، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت یەك لەسەر سێی خاكی كوەیت پێكدەهێنێت (بەگوێرەی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەوروپا). بەڵام دورگەی (وەربە) بچوكترەو دەكەوێت دووری نزیكەی (100 مەتر) لە خۆرهەڵاتی خاكی وشكانی كوەیتو یەك كیلۆمەتر لە باشوری خاكی وشكانی عێراق لەنزیك دەمی شەتول عەرەب، روبەرەكەی بەتێكڕا (37 كیلۆمەتر)ی چوارگۆشەیە (ئەمە بەپێی قسەی هەمان ئاژانسی ئەوروپی). موتێری دەڵێ" عێراق نایەوێت دان بەم سروشتە جوگرافیەدا بنێت هاوشێوەی فراوانكردنی رێڕەوە ئاوییەكان.. عێراق ماوەیەكی دورو درێژە داوای ئەم دوورگانە دەكات، بەڵام دەستبەرداربوون لێیان لەلایەن كوەیتەوە سەختە". لەبەرامبەردا، مەناف موسەوی سەرۆكی سەنتەری بەغداد بۆ توێژینەوە دەڵێ:" كوەیت دەیەوێت خۆی بخزێنێتە قوڵایی عێراقو ناوچەیەكی زۆر هەیە كە لەدوای جەنگو پرۆسەی دیاریكردنی سنورەوە كوەیت لە عێراقی بردووە". موسەوی ئاماژە بەوەدەكات" هەوڵی دیاریكردنی سنور رەنگە ئامانج لێی ئەوە بێت جوڵەی گواستنەوەی دەریایی هەراسانو بەرتەسك بكرێتەوەو ئاستی قوڵایی دیاری بكرێت، هەروەك پەیوەندیداریشە بە پرۆسەی بەندەری موبارەكی كوەیتەوە كە بێدەنگی لێكراوە". ساڵی 2011 كوەیت داواكاری عێراقی بۆ راگرتنی پرۆسەی دروستكردنی بەندەری "موبارەكی گەورە" رەتكردەوەو دەستی بەو پرۆژەیە كرد لە دورگەی بۆبیان، كە عێراق پێیوایە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی بەشێكی زۆر لە ئاوە نێودەوڵەتییەكانی لە كەنداودا. بەڵام دوای مشتومڕێكی سیاسی زۆر كە زیاتر لە دوو ساڵی خایاند، ساڵی 2013 هەردوو وڵات گەیشتنە رێككەوتن لەبارەی رێكخستنی پرۆسەی كەشتیەوانی لە (خور عەبدوڵا) كە دەكەوێتە سەر كەنداو. "پراگماتی" كارەكانی بنیادنانی پرۆسەی بەندەری "موبارەكی گەورە" كە بەهاكەی زیاتر لە (ملیارێك) دۆلارە، تائێستا تەواو نەبووە، ئەمەش دوای ناكۆكی نێوان عێراقو كوەیت لە یەك دەیەی رابردوودا. موتێری وتی:" ئەوەی كوەیت دەستیكردووە بە تەواوكردنی قۆناغەكانی تری دروستكردنی بەندەری موبارەكی گەورە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی جۆرێك لە بەرەوپێشچوون هەیە لە دانوستانی نێوان هەردوو وڵاتدا". لەگەڵ ئەمەشدا موسەوی بە ئاڕاستەی پێچەوانەدا دەڕواتو دەڵێ:" كوەیت زیاتر بایەخ بەم بابەتە دەدات، چونكە دەیەوێت عێراق لەبارەی سنوری كەنداوی عەرەبییەوە بخاتە دۆخێكی شەرمەزاركەرەوە". "كۆتایهێنان بەم كێشەیە كە پەیوەندیدارە بە سەروەری عێراقەوە، لەم كاتە كەمەدا، سەرباری ئەوەی لەو هەموو ساڵەدا هیچ چارەسەرێكی بۆ نەدۆزراوەتەوە، زۆر سەختە" موسەوی وا دەڵێ. فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لەكاتی سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی كوەیتدا رایگەیاند" جەخت لەسەر ئەوە كراوە كۆتایی بە بابەتەكانی سنوری بهێنرێت". لەمڕووەوە موتێری دەڵێ:" پراگماتیزم بەسەر هەردوولادا زاڵە" دەستپێكردنەوەی دانوستان لەم مانگەدا ئاماژەیە بۆ ئەگەری "گەیشتن بە دەرەنجامێك"ی بەرجەستە بۆ چارەسەركردنی ئەم ناكۆكییە. سەرچاوە: الحرة
(درەو): 🔻وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی مانگی تەمووزی نەوتی بڵاوكردەوە: 🔹 داھاتی مانگی رابردووی نەوت گەیشتوەتە (8 ملیارو 1293 ملیۆن) دۆلار. 🔹 بڕی ھەناردەی نەوت (106 ملیۆن و 755 ھەزارو 169 ) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای ھەناردەی رۆژانەی نەوت ( 3 ملیۆن و 444 ھەزار) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای نرخ گەیشتوەتە زیاتر لە (77,69) دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک. 🔻وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی مانگی حوزەیرانی نەوتی بڵاوكردەوە: 🔹 داھاتی مانگی رابردووی نەوت گەیشتوەتە (7 ملیارو 115ملیۆن) دۆلار. 🔹 بڕی ھەناردەی نەوت (100ملیۆن و 59ھەزارو 52) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای ھەناردەی رۆژانەی نەوت ( 3 ملیۆن و 335ھەزار) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای نرخ گەیشتوەتە زیاتر لە (71,11) دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک. 🔻وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی مانگی ئایاری نەوتی بڵاوكردەوە: 🔹 داھاتی مانگی رابردووی نەوت گەیشتوەتە (7 ملیارو 306ملیۆن) دۆلار. 🔹 بڕی ھەناردەی نەوت (102 ملیۆن و 436ھەزارو 387) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای ھەناردەی رۆژانەی نەوت ( 3 ملیۆن و 305ھەزار) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای نرخ گەیشتوەتە زیاتر لە (71,3) دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک. 🔻وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی مانگی نیسانی نەوتی بڵاوكردەوە: 🔹 داھاتی مانگی رابردووی نەوت گەیشتوەتە (7 ملیارو 796ملیۆن) دۆلار. 🔹 بڕی ھەناردەی نەوت ( 98 ملیۆن و 634 ھەزارو 947) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای ھەناردەی رۆژانەی نەوت ( 3 ملیۆن و 288 ھەزار) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای نرخ گەیشتوەتە زیاتر لە (79) دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک.
(درەو): لە ئێران پێی دەوترێت (ئارش)، لە سعودیەو كوەیتیش بە (دوڕە) ناودەبێت، ئەمە كێڵگەیەكی ناكۆكی لەسەری غازە لەنێوان هەر سێ وڵاتەكەدا، ئێران دەڵێ" قبوڵی ناكەم مافم لەم كێڵگەیەدا بفەوتێت"، سعودیەو كوەیتیش دەڵێن" تەنیا ئێمە مافی ئەوەمان هەیە سود لە سامانی ئەم كێڵگەیە وەربگرین". سەرباری نزیكبوونەوەی ئێرانو سعودیە لەیەكترو ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانیان لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا كە لە چین ئیمزایان كرد، لە سەرەتای ئەم مانگەوە سەرلەنوێ ناكۆكییەكی نوێ لەنێوان هەردوو وڵات سەربهەڵداوە سەبارەت بەم كێڵگەیە، تاران وای دەبینێت ئەمە كێڵگەیەكی هاوبەشی وەبەرهێنانە، بەڵام سعودیەو كوەیت دەڵێن خاوەندارێتییەكەی بە تەنیا هی ئێمەیە. ناكۆكی لەبارەی ئەم كێڵگە دەگەڕێتەوە بۆ چەند دەیەی پێشوو، بەدیاریكراویش بۆ شەستەكانی سەدەی رابردوو، ئەوەش كاتێك بوو كە هەریەكەیان مافی گەڕانیان بەدوای سامانی سروشتی لە كێڵگە ئاوییەكان بەخشی بە دوو كۆمپانیای جیاوازو ئەم دوو مافەش لە بەشی باكوری كێڵگەكە توشی یەكتربڕین هات. بەمدواییە ئێران ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێكردنی پرۆسەی گەڕان لە كێڵگەكە راگەیاند، ئەمەش جارێكی تر مشتومڕی لەبارەی مافی خاوەندارێتی كێڵگەكە دروستكردەوە، سعودیەو كوەیت وەڵامیان دایەوەو رایانگەیاند" تەنیا ئەوان مافیان بەسەر كێڵگەكەوە هەیە". جەوادی ئەوجی وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند" ئەگەر خواستی گەیشتن بە لێكتێگەیشتنو هاوكاری نەبێت، ئەوا ئێران دابینكردنی مافو بەرژەوەندییەكانی دەخاتە خشتەی كارەكانییەوە بۆ دەرهێنانو گەڕان بەدوای سامانی سروشتی لەو كێڵگەیەدا". ئەوجی وتی:" ئێران هەمیشە پاڵپشتی لە چارەسەری ئاشتیانە كردووە سەبارەت بە كێشەی سنورە ئاویو وشكانییەكانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بەڵام بەرگەی ئەوە ناگرێت مافەكانی لەدەستبدات، بۆیە ئەگەر لایەنەكانی تر خۆیان لە هاوكاری لەم بوارەدا ببوێرن، ئەوا ئێران بەدوای مافەكانی خۆیدا دەچێت لە كێڵگەی ئارش". سەعد بەراگ وەزیری نەوتی كوەیت قسەی بۆ تۆڕی هەواڵی (سكای نیوزی عەرەبی)ی كردو وەڵامی دایەوە، رایگەیاند" بەبێ چاوەڕوانكردنی دیاریكردنی سنور لەگەڵ ئێران، كوەیت دەست بە پرۆسەی هەڵكەندنو بەرهەمهێنان دەكات لە كێڵگەی دوڕە". سەرەتای ئەم مانگە، هەریەكە لە سعودیەو كوەیت رایانگەیاند، تەنیا ئەوان مافی بەكارهێنانی سامانی سروشتی ئەو كێڵگەیەیان هەیە كە دەكەوێتە ئاوەكانی كەنداوەوە، هاوكاتیش لەگەڵ بانگەوازەكەی ئێران بۆ دەستپێكردنی پرۆسەی گەڕان بۆ نەوتو غاز لە كێڵگەكە، كوەیت داوای لە ئێران كرد دانوستانەكانی تایبەت بە دیاریكردنی سنوری ئاویی دەستپێبكاتەوە. سەرباری ناڕەزایەتییەكانی تاران، ئازاری ساڵی رابردوو ریازو كوەیت رێككەوتنێكیان ئیمزا كرد بۆ پەرەپێدانی كێڵگەكە، ئێران رێككەوتنەكەی بە "ناشەرعی" ناوبرد. ئێران لە ساڵی 2011دا دەستیكرد بە پرۆسەی گەڕان بەدوای سامانی سروشتی لە كێڵگە ئاوییەكەدا، ئەمە وای لە كوەیتو سعودیە كرد رێككەوتنی دیاریكردنی سنوری ئاویی نێوانیان ئیمزا بكەنو پلان دابڕێژن بۆ پەرەپێدانی كێڵگە نەوتییە هاوبەشەكانیان، بەڵام ئەم هەنگاوە هیچ ئەنجامێكی نەبوو. قەبارەی ئەو غازەی كە لەم كێڵگەیەدا هەیەو توانای دەرهێنانی هەیە، بە نزیكەی (200 ملیار) پێ سێجا ئەژماردەكرێت، ئێرانو كوەیت لە چەندین ساڵی رابردوودا دانوستانیان كردووە بۆ یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكانیان سەبارەت بەو ناوچانەی كە دەكەونە دەرەوە سنورە ئاوییە هەرێمییەكانەوە، بەڵام بە ریككەوتن نەگەیشتوون. پێشبینی دەكرێت، پەرەپێدانی ئەم كێڵگەیە وابكات رۆژانە بڕی (یەك ملیار) پێ سێجا بەرهەمی غازی سروشتی بدات، ئەمە بەپاڵ بڕی (84 هەزار) بەرمیل كۆندێنسەیتی رۆژانەدا، ئەم بەرهەمەش بە یەكسانی لەنێوان كۆمپانیا كوەیتیو سعودیەكەدا دابەشبكرێت. كێڵگەی (ئارش) یاخود (دوڕە) كە كێڵگەیەكی غازە، ساڵی 1967 لە ئاوەكانی كەنداودا دۆزراوەتەوە، ئێرانو وڵاتانی عەرەبی تەنانەت لەسەر ناوی كەنداویش ناكۆكن، ئێرانییەكان پێی دەڵێن كەنداوی فارس، عەرەبەكانیش بە "كەنداوی عەرەبی" ناوی دەهێنن، هەردوولا چەندین ناكۆكییان لەسەر سامانو بەرژەوەندییەكانی ئەم ئاوە هەیەو ساڵانێكی دورو درێژە ئەم ناكۆكیانە بەردەوامن. دیارترین وێستگەكانی ناكۆكی لەبارەی كێڵگەكەوه كانونی یەكەمی 2019، كوەیتو سعودیە یاداشتێكی لێكتێگەیشتنیان ئیمزا كرد، بەپێی یاداشتەكە رێككەوتن لەسەر ئەوەی كاری هاوبەش بكەن بۆ پەرەپێدانی كێڵگەی "دوڕە"، رێككەوتنەكەی ئازاری 2022 جێبەجێكردنی ئەم یاداشتە بوو لەنێوان هەردوو وڵات. 21ی ئازاری 2022، سعودیەو كوەیت رێككەوتنیان كرد لەسەر ئەوەی كۆمپانیای كاری هاوبەشی (الخفجی) كە پرۆژەیەكی هاوبەشی نێوان كۆمپانیای (ئارامكۆ)ی سعودیو (كۆمپانی نەوتی كەنداو)ی كوەیتە، تویژینەوەی پێویست بگات بۆ پەرەپێدانی كێڵگەكە. 26ی ئازاری 2022، ئێران توڕەی خۆی نیشاندا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، رێككەوتنەكەی نێوان سعودیەو كوەیت بۆ پەرەپێدانی كێڵگەی "ئارش"، هەنگاوێكی نایاساییە، جەختی كرد ئێران پارێزگاری لە مافی خۆی دەكات بۆ وەبەرهێنان لەم كێڵگە هاوبەشەدا لەنێوان هەرسێ وڵاتدا، باسی لەوە كرد، بەشێك لەم كێڵگەیە دەكەوێتە چوارچێوە ئاوییە دیاری نەكراوەكانی نێوان ئێرانو كوەیتەوە، داوایكرد هەرسێ وڵات لەبارەی وەبەرهێنان لەم كێڵگەی بچنە ناو دانوستانەوە. رۆژی 29ی ئازار، شێخ ئەحمەد ناسر سوباح وەزیری دەرەوەی كوەیت وتی:" ئێران لە كێڵگەی دوڕەدا تەرەف نییەو ئەمە بەتەواوەتی كێڵگەیەكی كوەیتیو سعودیە"
راپۆرت: درەو لەسەر سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان ناكۆك بوون، یەكێتیی هێشتا داوای فرەبازنەییو دابەشكردنی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان دەكات بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا، لەسەر وەزارەتی پێشمەرگەش، یەكێتیی داوای 50 بە 50 دەكات، لەسەر پرسی دروستكردنی لیستی كورد لە كەركوك هیچ رێككەوتنێكیان نەكرد، ئەمە كرۆكی كۆبونەوەی ئەمڕۆی نێوان وەفدی باڵای پارتیو یەكێتیی بوو لە "دەباشان"ی سلێمانی، كۆبونەوەیەك كە بەبێ رێككەوتن كۆتایی هات، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. كۆبونەوەیەكی بێ ئەنجام وەفدی باڵای پارتیو یەكێتیی سێیەم كۆبونەوەی خۆیان دوای ماوەیەك گرژی ئەنجامدا، كۆبونەوەكە لە "دەباشان"ی سلێمانی بوو، دوای كۆبونەوەكە راگەیەندراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە، وا نیشانیاندا رێككەوتوون، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، هێشتا پارتیو یەكێتیی لەسەر بابەتە گرنگەكان ناكۆكن. دوای ئەو گرژییانەی كە لەنێوان هەردوو حزب لەسەر یاسای بودجەی گشتی عێراق دروستبوو، رۆژی 26ی ئایاری ئەمساڵ وەفدی باڵای پارتیو یەكێتیی لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتیی لە هەولێر كۆبونەوە. رۆژی 9ی ئەم مانگە، جارێكی تر كۆبونەوە، ئەمجارەیان وەفدی یەكێتیی بە سەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی چووە پیرمام بۆ كۆبونەوە لەگەڵ پارتی، ئەم كۆبونەوەیە تێكچوو، بافڵ تاڵەبانی بە نیگەرانییەوە هاتە دەرەوەو بە میدیاكانی وت:" یەكێتیی هێزە، یەكێتیی بە بێدەنگی نامێنێتەوە، هەر شتێك رووبدات لەمەودا وەك خۆی وەڵام دەدرێتەوە". وا دەركەوت بافڵ تاڵەبانی لە قسەی ئەندامێكی كۆمیتەی ناوەندیی توڕە بووە كە هاوكات لەگەڵ كۆبونەوەی پارتیو یەكێتیی قسەی كردووەو وتویەتی:" یەكێتیی قەبارەی جارانی نەماوە"، بەڵام بەر لە سالار عوسمانیش، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت چەندجارێك هێرشی كردبووە سەر یەكێتییو وەكو "خیانەتكار" ناوی هێنا بوو، هەموو ئەمانە كاریگەری هەبوو لەسەر ئەوەی كۆبونەوەكە بێ ئەنجام كۆتایی بێت. ئەوەی ئەمڕۆ لە دەباشان بەڕێوەچوو، كۆبونەوەی سێیەم بوو، پرسی سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانو كێشەی هەردوو حزب لە وەزارەتی پێشمەرگە تاوتوێ كراون. ناكۆكییەكانی لە وەزارەتی پێشمەرگە رۆژی 23ی ئەم مانگە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كۆبونەوەی دەوری خۆی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجامدا، لەم كۆبونەوەیەدا هاوپەیمانان رایانگەیاند" ئامانجی بنچینەیی یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا، بەهۆی بارودۆخی سیاسی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە هێواشی بەڕێوە دەچێت". هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند" چاوەڕوانین، هەرێمی كوردستان ویستی سیاسی نیشان بدات بۆ جێبەجێكردنی چاكسازییەكان، پێش پێداچوونەوەو هەڵسەنگاندنی ساڵانە، كە لەمانگی ئەیلولی ئەمساڵدا دەكرێت، بەتایبەت لە دانانی وەزیرێكی كاتی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە". واتا هاوپەیمانان دەیانەوێت لەماوەی یەك مانگی داهاتوودا، پارتیو یەكێتیی كێشەی نێوانیان لەبارەی چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە چارەسەر بكەنو بەشێوەی كاتی كەسێك بەوەكالەت لە شوێنی (شۆڕش ئیسماعیل) دابنرێت، كە ئابی 2022ەوە دەستی لە پۆستی وەزیری پێشمەرگە كێشاوەتەوە. كێشەی پارتیو یەكێتیی لە وەزارەتی پێشمەرگە گەیشتوەتە دۆخێك، لیوا روكن بەختیار محەمەد ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لە پشكی یەكێتیی بە (دەنگی ئەمریكا)ی راگەیاندووە" پەیوەندی نێوان تیمی یەكێتیو پارتی لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە پچڕاوەو ڕێزو حورمەت نەماوە، وەزعێكی زۆر خراپە". وەزارەتی پێشمەرگە ئێستا وەزیری نییە، ململانێكە لەنێوان بریكاری وەزیرو ئەمینداری وەزارەتدایە، یەكەمیان سەربە پارتیو دووەم سەربە یەكێتییە. عەبدولخالق باپیری بریكاری وەزیری پێشمەرگە نوسراوی دەركردووەو دەڵێ هاوشێوەی هەموو بابەتەكانی تر، دەبێت پۆستەكانی وەزارەتی پێشمەرگە بەشێوەی (57%) بۆ پارتیو (43%) بۆ یەكێتیی دابەش بكرێت، بەختیار محەمەد ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە وەڵامی داوەتەوەو نوسراوی كردووە كە بریكار دەسەڵاتی نییە بڕیارێكی لەو جۆرە بدات. یەكێتییو پارتی بەر لە جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی یاداشتی لێكتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگەو هێزەكانی هاوپەیمانان، پشكی خۆیان لە وەزارەتی پێشمەرگە زامن بكەن. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی پارتیو یەكێتیدا، وەفدی یەكێتیی بە وەفدی پارتییان راگەیاندووە" دابەشكردنی پۆستەكانی وەزارەتی پێشمەرگە دەبێت 50 بە 50 بێتو بڕیاری بریكاری وەزیری پێشمەرگە دۆخەكەی شێواندووەو یەكێتیی بە 57 بە 43 رازی نییە". لەبەرامبەردا وەفدی پارتی گلەییان لە یەكێتیی هەبووە لەوەی سەرقاڵی دروستكردنی هێزی ئەمنی نوێنو دەیانەوێت لەبواری ئەمیندا لەبری حكومەتی هەرێم مامەڵە لەگەڵ بەغداد بكەن. (درەو) زانیویەتی، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا وەفدی یەكێتیی گلەیی ئەوەی لە پارتی كردووە، كە رێگری دەكەن لە دانانی كەسێك بە وەكالەت بۆ پۆستی وەزیری پێشمەرگە، كە پشكی یەكێتییەو ئێستا پۆستەكە بەبەتاڵی ماوەتەوە، پارتی پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان بەشێوەی وەكالەت بەڕێوەدەبات، یەكێتیش دەیەوێت وەزارەتی پێشمەرگە بكات بە وەكالەت. هەڵبژاردنی كوردستان لە گفتوگۆی ئەمڕۆدا سەردانی وەفدی پارتی بۆ سلێمانی لەكاتێكدایە ئەم رۆژانە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە گفتوگۆدایە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بۆ ئەوەی مەرسومێكی نوێ بۆ سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەربكات. نێچیرڤان بارزانی بە نوسراوی فەرمی داوای لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كرد پرۆسەی هەڵبژاردنی كوردستان بەڕێوە ببات، كۆمسیۆن وەڵامی دایەوەو رۆژی 18ی شوباتی 2024ی دیاریكرد، ئێستا سەرۆكی هەرێم دەیەوێت بە مەرسومێك رۆژی 25ی شوباتی ساڵی داهاتوو بۆ هەڵبژاردنی دیاری بكات، بەڵام بەبێ پشتیوانی یەكێتیی نایەوێت جارێكی تر سەرچڵی بكاتو مەرسوم دەربكات، بەتایبەتیش لەكاتێكدا لە ماوەی رابردوودا دووجار مەرسومی بۆ هەڵبژاردن دەركردووەو هەڵبژاردنیش نەكراوە. راگەیەندراوی كۆتایی كۆبونەوەی ئەمڕۆی پارتیو یەكێتیی لەبارەی هەڵبژاردنەوە دەڵێ" هەردوولا پشتیوانی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكەین لەو كاتەی لەلایەن سەرۆكی هەرێم دیاریدەكرێت لە دوای راوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان"، ئەم دەقە نیشانی دەدات پارتیو یەكێتیی لەسەر هەڵبژاردن نەگەیشتونەتە رێككەوتن، چونكە دەڵێن دوای راوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان وادەی هەڵبژاردن دیاری بكرێت. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی پارتیو یەكێتییدا، هاوشێوەی دانوستانەكانی بەر لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كوردستان، وەفدی یەكێتیی جەختی لەسەر ئەوە كردووە هێشتا گرفتیان هەیە لەسەر كورسی كۆتای پێكهاتەكانو شێوازی سازدانی هەڵبژاردن". سەرباری ئەوەی ئێستا پەرلەمانی كوردستان نەماوە بۆ ئەوەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن بكاتەوە، بەڵام هێشتا یەكێتیی داوای ئەوە دەكات هەڵبژاردنی داهاتوو بەشێوەی فرە بازنە (4 بازنەی هەڵبژاردن) بەڕێوەبچێتو سەرجەم كورسییەكانی پەرلەمان (111 كورسی) دابەش بكرێت بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا بە (11) كورسی كۆتای پێكهاتەكانیشەوە. (درەو) زانیویەتی، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا، وەفدی پارتی جارێكی تر جەختیان لەسەر ئەوە كردوەتەوە كێشەیان نییە لەگەڵ ئەوەدا هەڵبژاردنەكە بەشێوەی چوار بازنە بەڕێوەبچێت، واتا هەر پارێزگایەكی هەرێمی كوردستان بكرێت بە بازنەیەكی هەڵبژاردن، بەڵام چۆنیەتی دابەشكردنی كورسی كۆتای پێكهاتەكان بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردن، هێشتا لەلایەن پارتییەوە ناڕەزایەتیی لەسەرە، واتا پارتیو یەكێتیی گەڕاونەتەوە بۆسەر هەمان دۆخی ناكۆكییەكانیان بەر لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كوردستان. بەر لەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی لە 30 ئایاری ئەمساڵدا هەڵبوەشێتەوە، پارتیو یەكێتیی لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی كورسی كۆتاكان ناكۆك بوونو نەگەیشتنە رێككەوتن، تەنانەت نێوەندگیری نەتەوە یەكگرتووەكانیش سودی نەبوو، پارتی قایل بوو بەوەی (2) كورسی كۆتاكان بدات بە سنوری پارێزگای سلێمانی، كورسییەكی مەسحییەكان بۆ كۆیەو كورسییەكی توركمان بۆ كفری، بەڵام یەكێتیی قایل نەبوو، داوای چوار كورسی دەكرد، دوو كورسی مەسیحیو دوانی توركمان بۆ سنوری سلێمانی. بەهۆی ئەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەموار نەكراوەتەوە، هەڵبژاردنی داهاتوو دەبێت بە یاسا كۆنەكە بكرێت، ئەمە دڵخوازی یەكێتیی نییە، چونكە یاسا كۆنەكە شێوازی هەڵبژاردنی لە كوردستان بەشێوەی (یەك بازنە) دیاریكردووە، سەرباری ئەمە یاسا كۆنەكە (11) كورسییەكەی پێكهاتەكان هەر لە سنوری هەولێرو دهۆكدا دەهێڵێتەوەو هیچ كوردسییەك بە سنوری سلێمانی نادات. زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سكاڵای لەسەر (5) ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تۆمار كردووە، رۆژی 6ی مانگی داهاتوو واتا هەفتەی داهاتوو، دادگای فیدراڵی عێراق یەكەم دانیشتنی دادبینی لەسەر ئەم سكاڵایە بەڕێوەدەبات. هەڵبژاردن لە كەركوك بڕیاربوو لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی پارتیو یەكێتیدا، تەوەرێكی سەرەكی گفتوگۆكان تایبەت بێت بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق لە ناوچە جێناكۆكەكان. ئەمڕۆ وادەی تۆماركردنی ناوی هاوپەیمانێتییەكان بۆ ئەم هەڵبژاردنە كۆتایی هات، بەڵام كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ماوەی هەفتەیەك مۆڵەتی درێژكردەوە. ئێستا پارتیو یەكێتییو لایەنە سیاسییەكانی تر تەنیا ماوەی هەفتەیەك دەرفەتیان لەبەردەستدا ماوە بۆ ئەوەی خۆیان وەكو هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بە دیاریكراویش لە كەركوك تۆمار بكەن. یەكێتیی كە لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە پۆستی پارێزگاری كەركوكی لەدەستداوە، دەیەوێت جارێكی تر ئەم پۆستە وەربگرێتەوە، بۆ ئەمەش پێویستی بە دروستكردنی هاوپەیمانێتییەكەی كوردی هەیە لە كەركوكدا، بەڵام پارتی كە خۆی وەكو براوەی جەماوەریی دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر دەزانێت، هەرجۆرە یەك لیستییەك لەگەڵ یەكێتیی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كەركوك رەتدەكاتەوە. راگەیەندراوی كۆبونەوەی ئەمڕۆی پارتیو یەكێتیی لە دەباشان، خۆی بوارد لە باسكردنی پرسی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە پارتی بۆ هەڵبژاردن لە كەركوكو ناوچە جێناكۆكەكان بەشێوەی بەتەنیا بەشدار دەبێت.
درەو: ئامادەكردنی: جیهانگیر گوڵپی داهاته نانهوتیهكان یهكێكن لهو بابهتانهی كه له پاش پهسهند كردنی یاسای بودجهی 2023 بونهته گرفت له نێوان ههرێم و بهغدا، ئهمهیش بههۆی جیاوازیی تێڕوانینی ههریهك لهو دو لایهنهوهیه بۆ بابهتهكه. پرسی گهڕاندنهوهی داهاته نانهوتیهكانی ههرێم بۆ بهغدا بابهتێكی نوێ نیه و تاكو ساڵی 2013 كاری پێكراوه بهڵام پرسهكه تاكو ئهودهم ئاڵۆز نهكراوه و نهكراوهته كێشه، وه بههۆی ئهوهی كه لهپاش 2013هوه ئهوهندهی پهیوهندیی به ئهرك و شایستهكانی ههرێمهوه بوبێت یاساكانی بودجهی عێراق وهك پیویست جێبهجێ نهكراون، بۆیه ئێستا ئهم بابهته وهك پرسێكی نوێ دهبینرێت. سهرهڕای ئهوهیش ئهو دهقهی كه ڕادهستكردنی داهاته نانهوتیهكانی ههرێم بۆ بهغدا دهكاته مهرجی ناردنی پشكی بودجهكهی له پێش 2021هوه لهیاساكانی بودجهدا وهك مهرج بهو ڕاشكاویه تێكستی لهسهر نهدهكرا، تهنها لهیاساكانی بودجهی ئهم دوساڵهی دواییدا بهو جۆره هاتوه، بۆیه ئاڵۆزبونی ئهو پرسه له ئێستادا وهك بابهتێكی نوێ دهبینرێت. له ئێستادا گرفتهكه له جیاوازیی تێڕوانیی ههریهك له ههرێم و بهغدایه بۆ داهاته نانهوتیهكان و ڕادهست كردنیان بهبهغدا و گهڕاندنهوهی بهشێكیان بۆ ههرێم. تێڕوانینی كاربهدهستانی ههرێم بۆ داهاته نانهوتیهكان: بهپێی یاسای بودجهی 2023 كه ههمان دهق لهیاسای بودجهی 2021یش هاتبو، ههرێم پابهنده بهوهی كه داهاته نانهوتیهكانی ڕادهستی گهنجیهنهی عێراق بكات بهپێی یاسای كارگێڕی دارایی ئیتیحادی... له ڕوانگهی كاربهدهستانی ههرێمهوه بهگشتی ئهو داهاته نانهوتیانهی كه دهبێ بدرێنه بهغدا تهنها بریتین له داهاتی دهروازه سنوریهكان و داهاتی فهرمانگه ئیتیحادیهكان كه لهههرێم كاردهكهن، وه دهبێ 50%ی كۆی ئهو داهاتانهو بهتایبهتیش داهاتی دهروازه سنوریهكان پاشتر لهلایهن بهغداوه بگهڕێنرێتهوه بۆ ههرێم ئهوهیش بهپێی مادهی 21ی یاسای بودجهی 2023 و مادهی 29ی یاسای كارگێڕی دارایی ئیتیحادی. تێروانینی كاربهدهستانی بهغدا بۆ داهاته نانهوتیهكان: تێڕوانیی كاربهدهستانی بهغدا بۆ ئهو بابهته زۆر جیاوازه، ئهوان پێیان وایه كه داهاته نانهوتیهكان كۆی داهاتهكان دهگرنهوه جگه له داهاته نهوتیهكان، وه داهاتی گشتیی زۆربهی ههرهزۆری فهرمانگهكانیش دهچێته چوارچێوهی ئهو داهاتانهوه نهك تهنها ئهو فهرمانگه ئیتیحادیانهی كه لهههرێم كاردهكهن، وه كاربهدهستانی بهغدا پێیان وایه كه داهاتی گومرگی هیچی ناگهڕێنرێتهوه بۆ ههرێم و ئهو 50%یهی داهاتی دهروازهكان كه دهگهڕێنرێتهوه بۆ ههرێم داهاتی گومرگی ناگرێتهوه بهڵكو ههندێ داهاتی تری دهروازهكان دهگرێتهوه، لهخوارهوه به خوێندنهوهی مادهی 29ی یاسای كارگێڕی دارایی و چهند بهڵگهیهكی تر ئهو تێڕوانیه ڕونتر دهكهینهوه: دهقی مادهی 29ی یاسای كارگێڕی ئیتیحادی : ئهم داهاتانهی خوارهوه ئهخرێنهوه سهر حسابی پارێزگاكان( به پارێزگانی ههرێمیشهوه): 1- %50ی ڕسوم و باجی ئیتیحادی كه لهلایهن ئهو فهرمانگانهوه وهردهگیرێت كه به ناوهندی تمویل دهكرێن(الدوائر الممولە مركزیا) له ههر پارێزگایهك، ئهمهیش بهدهره لهو بڕانهی كه لهداهاتهكانی باج و ڕهسمی گومرگی بهدهستهینراون. 2- پشكی پارێزگا له داهاتی دهروازه سنوریهكان و پترۆدۆلار. 3- داهاته ناوخۆییهكان كه بهدهست هاتون بهپێی یاساو تهشریعاته ناوخۆییهكان ئهوانهی له ئهنجومهنی پارێزگا دهرچون. 4- داهاتهكانی تایبهت به فهرمانگهكانی شارهوانی (ئاو و ئاوهڕۆ نهخشهدانی ئاوهدانی – التخطیط العمرانی- ...) وه دوباره تهرخان دهكرێنهوه بۆ ئهو ئهو فهرمانگانهی كه داهاتهكهیان تێدا بهدهست هێنراوه. تێروانیی جیاوازی ههریهك له ههرێم و بهغدا بۆمادهی 29 لهم چهند خاڵهی خوارهوهدایه: یهكهم/ سهبارهت بهوهی كه لهدهقی خاڵی یهكهمی ماددهكهدا هاتووه ههریهك له ههرێم و بهغدا تێروانیی جیاوازیان ههیه بۆ ئهم دوو بابهته بهم جۆرهی خوارهوه: أ- له ڕوانگهی كاربهدهستانی ههرێمهوه فهرمانگهكانی تهمویلی مهركهزی (المموله مركزیا) تهنها ئهو فهرمانگه ئیتحادیانه دهگرێتهوه كه له ههرێم كاردهكهن وهك فهرمانگهی ڕهگهزنامهو كارتی نیشتیمانی..هتد، بهڵام لهڕوانگهی كاربهدهستانی بهغدا ئهو فهرمانگانه كۆی فهرمانگه حكومیيهكان دهگرنهوه جگه له دامهزراوهكانی تهمویلی ذاتی (الادارات المموله ذاتیا)، فهرمانگهكانی تهمویلی ذاتیش بهپێی خاڵی شازدهیهم له مادهی (1) لهیاسای كارگێڕی دارایی ئیتیحادی بریتین لهو كۆمپانیا گشتیانهی كه خاوهندارێتیان هی دهوڵهته لهگهڵ ئهو بهڕێوهبهرایهتیيه گشتیانهی كه كهسێتی مهعنهوی و سهربهخۆیی دارایی و كارگێڕیان ههیهو پشت بهداهاتی خۆیان دهبهستن بۆ تهمویلی بودجهكهیان، بهم جۆره پێی تێروانینی بهغدا كۆی باج و ڕسومی ئیتیحادی له زۆربهی ههرهزۆری فهرمانگه حكومیيهكانی پاریزگاكان دهدرێتهوه به بهغداو لهوێوهی پاشتر 50%ی دهگهڕێنریتهوه بۆ پارێزگاكان. ب- بهپێی تێروانیی كاربهدهستانی ههرێم لهكۆی داهاتی دهروازه سنوریيهكان كه دهدرێته بهغدا دهبێ لهلایهن بهغداوه 50%ی بگهڕێنرێتهوه بۆ ههرێم، بهڵام بهپێی تێڕوانیی كاربهدهستانی بهغداو بهپێی دهقی خاڵی یهكهی مادهی 29ی یاساكهی سهرهوه، ئهوه داهاتی باج و ڕهسمی گومرگی ناگرێتهوه، واته داهاتی باج و ڕهسمی گومرگی 100%ى بۆ بهغدا دهبێت، ئهم بابهته پێشینهی ههیهو لهپێش دهرچونی یاسای كارگێڕی دارایی ئیتیحادی ههر بهو جۆره مامهڵهی لهگهڵ كراوه. لهمادهی 22ی یاسای بودجهی ساڵی 2012 داهاتبوو كه پێویسته وهزیری دارایی ئیتیحادی 50%ی داهاتی فیعلیی دهروازه سنوریيهكانی پارێزگاكان ئهوهی لهساڵی 2011 بهدهستهاتوه بگهڕێنێتهوه بۆ پارێزگاكان، بهڵام له ڕاپۆرتی وهزارهتی داریی ههرێم بۆ پرۆژه یاسای بودجهی 2013دا هاتوه: حكومهتی ههرێم بۆ ساڵی 2010 بڕی 305 ملیارو بۆ ساڵی 2011 بڕی 326 ملیاری دیناری له داهاتی دهروازه سنوریيهكان گهڕاندهوه بۆ بهغدا بهڵام بهغدا لهبهرامهردا تهنها 8 ملیار بۆ ساڵی 2010و 16 ملیار بۆ ساڵی 2011ی گهڕاندهوه بۆ ههرێم، كه تهنها دهیكرده نزیكهی 4%و 2%، ئهوهیش بهپشتبهستن به ڕینمایی وهزارهتی دارایی ئیتحادی بهنوسراوی ژماره 10989 له 27/2/2012 ئهنجامدرابوو، كه تێیدا هاتبوو له داهاتهكانی دهروازه سنوریيهكان تهنها چهند جۆرێكیان 50%یان دهگهڕێتهوه بۆ پارێزگاكان كه بریتین لهمانه: - ڕهسمی هێنانهوهی تهرمی هاوڵاتیی بهڕهگهز عیراقی .... - ڕهسمی گهشتیاران بهفڕۆكهی مهدهنی لهڕێگهی دامهزراوهكانی فڕۆكهوانیی گشتی مهدهنی... - كرێی خزمهتگوزاری نیشتنهوهو حهواندنهوهی فڕۆكه. - ڕهسمی ئهو ئۆتۆمبێلانهی له عێراق دهچنه دهرێ له ڕێگهی دهستهی گشتی گومرگ. - ڕهسمی دوباره ئاوهدانكردنهوه لهڕێگهی ناوچه سنوریهكان. بهوجۆره داهاتی ڕهسم و باجی گومرگی بهدهركرابوو لهوهی كه هیچی بگهڕێنرێتهوه بۆ ههرێم و پاریزگاكان. دوهم/ سهبارهت بهخاڵی دوهمی مادهی 29 تایبهت به پشكی پارێزگاكان له داهاتی دهروازه سنوریيهكان، ههر بهههمان شێوهی ڕونكردنهوهمان له خاڵی (ب) لهسهرهوه بهغدا پێیوایه كه ئهو پشكه داهاتی گومرگی ناگرێتهوه تهنها چهند جۆرێكی تری داهاتن كه دهبێ 50%یان بگهڕێتهوه بۆ پارێزگاكان ئهوانیش زۆر كهمن. سێیهم/ خاڵی 3و 4 ی مادهی 29 له ڕواڵهتدا وادهردهكهوێت كه هیچ گرفتێك یان جیاوازیهك له تێروانیی ههردولادا نهبێت لهسهری ئهگهر له كاتی جێبهجێكردن گرفتی بۆ دروست نهكرێت. بهگشتی بابهتێك كه جێگهی سهرنجه ئهوهیه كه لهلای كاربهدهستانی بهغدا داهاته نانهوتییهكان كۆی داهاتهكانی حكومهت دهگرنهوهو پێویسته بچنهوه گهنجینهی فیدراڵی به بهغداو پاشتر لهلایهن وهزارهتی دارایی بهغداوه بهپێی مادهی 29ی یاسای كارگێڕی دارایی ئیتیحادی مامهڵهی لهگهڵ بكرێت، بهو پێیهیش ههندێ له داهاتهكانی هیچی نادرێتهوه به ههرێم و پاریزگاكان، ههندێك جۆری تر له دهاتهكان ههموی دهدریتهوه به ههرێم و پاریزگاكان، ههندێ جۆری تریش 50%ی دهگهڕێنریتهوه بۆ ههریم و پارێزگاكان. بۆ سهلماندنی ئهوهی كه كاربهدهستانی بهغدا پێیانوایه داهاته نانهوتییهكان ههموو داهاتهكان دهگرێتهوه جگه له داهاتی نهوتی، سهرهڕای ئهو بهڵگانهی سهرهوه لێرهدا ئاماژه بهوهیش دهدهین كه ههریهك له ئهمینداریهتی گشتیی ئهنجومهنی وهزیرانی عێراق و وهزارهتی دارایی ئیتیحادی لهوهڵامی دادگای ئیتیحادیدا (له كهیسی بڕیاردان لهسهر نایاسایبوونی ناردنی 200 ملیارهكه) سهبارهت بهڕاڤهی دهستهواژهی داهاته نانهوتییهكان جهختیان لهسهر ئهوه كردوهتهوه كه ئهو دهستهواژهیه كۆی داهاتهكان دهگرێتهوه جگه له داهاتی نهوتی. بهپێی تێروانیی كاربهدهستانی بهغدا له عێراقی فیدراڵی ئێستادا 100%ی كۆی داهاتهكان داهاتی ئیتیحادین و دهبێ بگهڕینرێنهوه بۆ بهغدا پاشتر لهوێ بهپیی تێروانینی خۆیان و بهپی یاسای كارگێڕی دارایی ئیتیحادی بهشێكی كهمیان دهنێرێتهوه بۆ ههرێم. ڕاسته بهغدا زهمینهسازیی یاسایی كردوه بۆ ئهو ههنگاوهی بهڵام ئهو جۆره به مهركهزیكردنهی داهاتهكان نهك لهگهڵ فیدراڵیهتدا ناگونجێت، بهڵكو زۆر زۆر خراپتره لهو مامهڵهیهی كه یاسای ناوچهی ئۆتۆنۆمی لهساڵی 1974 سهبارهت بهسهرچاوهی داهاتهكانی ناوچهی ئۆتۆنۆمی له مادهی ههشتهم دهقی لهسهر كردبوو بهجۆرێك كه جگه لهو پشكهی كه له بودجهی گشتییهوه بۆ ناوچهكه تهرخان دهكرا یازده جۆر له باج و ڕسوم و داهاتی جۆراوجۆر بۆ ناوچهی ئۆتۆنۆمی دانرابوون، ئهمه لهكاتێكدا كه ئهو یاسایه لهلایهن كوردهوه بهتهواو ڕهتكرایهوهو هیچ حسابێكی بۆ نهكرا.
مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) یەکێک لە کێشە گەورەو سەرەکییەکانی ناو دونیای ئێمە باڵادەستی ئەو شێوازەیە لە پارتی سیاسیی کە بە «پارتی سەرکردە» ناودەبرێت، بە عەربی «الحزب القائد». لە بنەڕەتدا تیورەی «پارتی سەرکردە» تێزێکی چەپڕەوانەیەو لە کەلەپوری لینینیزمەوە سەرچاوەی گرتوە. لە دیدگا لینینیەکەدا ئەوەی رۆلی سەرکردە دەبینێت «نوخبەیەکی شۆڕشگێر»ە کە لەناو پارتێکی سیاسیی پێشڕەودا خۆیان ڕێکخستوە، هەڵگریی تاقە تێگەیشتن و لێکدانەوەیەکی زانستییانەی واقیعن و دەزانن مێژوو بە چ ئاقارێکدا ئاڕاستە بکرێت. ئەم نوخبە شۆڕشگێرە بەرهەمهێنەری لێکدانەوەی زانستییانەی دیاردەکانەو لەڕێگای ئەم لێکدانەوانەشەوە، پێشڕەوایەتی کۆمەڵگا دەکات. کێشهی ژمارە یەکی ئەم دیدگایە لە دونیای ئێمەدا تەنها لەوەدا نییە کە فیکر لەناو ژیانی سیاسیدا غائیبەو پارتە سیاسییەکان پارتی بێ فیکرو بێبەرنامەو بێ جیهانبینین. بەڵکو لەوەدایە کە هەردوو پارتە حوکمڕان و باڵادەستەکە، ئەوانەی سەرکردایەتی ئەو پارتانە دەکەن و جڵەوی کۆی بڕیارەکانیان لەدەستدایە، کورتبۆتەوە بۆ باڵادەستی چەند خێزان و بنەماڵەیەکی سیاسیی کە خۆیان بە سەرۆکی ئەبەدیی حیزبەکەو وەک خاوەنی ئەبەدیی وڵاتەکەو وەک سەروەری ئەبەدیی میلەتەکە دەزانن. دوای خۆشیان منداڵ و براو برازاو نەوەکانیان درێژە بە هەمان خاوەندارێتی دەدهن. ئەمەش یەکێک لە لەعنەتە سیاسییە گەورەکانی ناو دونیای ئێمەیە: «لەعنەتی تەوریسی سیاسیی». ئەم تەوریسەش بەکردەوە مانای تەوریسی مۆدێلی «حیزبی قائید» خۆی، بە هەموو مەترسییەکانییەوە لە دونیای ئێمەدا. بە کورتییەکەی، سیستمی «حیزبی قائید» لە هەرێمەکەی ئێمەدا سیستمی بە قائیدبوونی کەسانی سەر بە چەند خێزانێکی سیاسیی دیاریکراوە، کە ئەرکی ژمارە یەکیان بریتییە لە پاراستنی پێگەی ئەو خێزانەو هێشتنەوەی پەیوەندییەکانی دەسەڵات لەو شێوازانەدا کە هەیمەنەی ئەو خێزانانە لەناو حیزب و حکومەت و دەزگا ئەمنیی و سەربازییەکاندا بپارێزن. لەم مۆدێلەدا، خێزانە سیاسییەکان حیزبەکان قووتئەدەن و حیزبەکانیش خودی کۆمەڵگاو دەوڵەت و کۆی دەزگا بیرۆکراسییەکان قووتئەدەن. هاوکات قووتدانی حیزب بۆ ئابوریی وڵاتەکەو لەم ڕێگایەشەوە قوتدانی سوپاو دەزگاکانی پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکان. بەم شێوەیە تێکەڵەیەکی سیاسیی و ئابوریی و سەربازیی و ئەمنی دروستدەبێت کە لۆژیکی باڵادەستیی ئەو خێزانانە ئاڕاستەی دەکات. بەمەش حیزب لەوەدەکەوێت ئامرازیی سادەترین گۆڕانکاریی پۆزەتیڤ بێت کە بشێت قازانجی کۆمەڵگای تێدابێت، بەڵام زیانی بنەماڵە حوکمڕانەکان. بەڵام سیستمی «حیزبی قائید» سیستمێکە توانایەکی گەورەی دروستکردنی دەمامکی هەیە، دەتوانێت بە شێوازی جیاواز روخسارە راستەقینەکانی خۆی بشارێتەوە. دەمامک یەکێکە لە ئامرازە سەرەکییەکانی حوکمڕانییەکەیان. حیزبی قائید جارێک، بە زمانێکی چەپگەرانە، بەناوی جەماوەرو خەڵکی زەحمەتکێشەوە قسەدەکات، جارێکی تر بەناوی نەتەوەو نیشتیمانەوە، کەیش پێویستی کرد بەناوی خوداو موقەدەساتی میلەتەوە، جارێکی تریش بەناوی دیموکراسیەتەوە، کە بێگومان بەتاڵکراوەتەوە لە هەر توانایەکی راستەقینەی کێبەرکێی سیاسیی و دەستگۆڕکێی دەسەڵات. حیزبی قائید لە قۆناغێکدا بەناوی خەڵک و میلەت و نەتەوەوە بەگژ دیاردەی فرەحیزبیدا دەچێتەوە، کەچی جارێکی تر، ڕێک بەپێچەوانەی ئەوەوە، باس لە گرنگیی هەڵبژاردن و پەرلەمان و فرەحیزبی دەکات، بەڵام هەموویان لەناو دونیایەکی بە تەزویرو فێڵ و فشاری جۆربەجۆر گەمارۆدراودا. جگە لەمانە تێزی «پارتی سەرکردە» تێزێکە هەڵگرەکانی خۆیان بە کەسانی شۆڕشگێر دەزانن، حیزبەکە خۆیشی حیزبی دەستەیەکی شۆڕشگێرو نەبەردو پێشڕەوی کۆمەڵگایە. ئەم دەستەیە خۆیان وەک بەشە زیندو و دڵسۆزو خوێندەوارو بیرکەرەوەکەی کۆمەڵگا دەناسێنن، بۆیە کاتێک دەسەڵات وەردەگرن، ئیتر ناڕۆن و بەشێوازی جیاواز خۆیان دەسەپێنن و لە دەسەڵاتدا دەمێننەوە. «حیزبی قائید» تەنها خۆی بە پێشرەوی کۆمەڵگاو بە نوێنەری ئەمڕۆکەی کۆمەڵگاکە نازانێت، بەڵکو نوێنەرایەتی خەون و ئامانج و ئایندەی کۆمەڵگاکەش داگیردەکات. خۆی بە نوێنەری خواست و ویستی ئەو نەوانەش دەزانێت کە هێشتا لەدایکنەبوون. هەرچییەکیش ئەوان وتیان و بەرگریان لێکرد، دەبێت هەم ئەوانەی ئێستا لەژیاندان و هەم ئەوانەی هێشتا لەدایکنەبوون، وەک هەقیقەتێکی رەها وەریبگرن. ئەوەی شوێنی لەسەر وەستانە، ئەم مۆدێلە لە پارتی سیاسیی لەو ساتەدا کە بەناوی خەڵک و میلەت و نەتەوەو دین و ئێستاو ئایندەوە قسەدەکات، هاوکات بڕیار لەسەر شێوازی حومکڕانەیەکە لە ژووری داخراو و بارەگای تایبەت و کۆبوونەوە خێزانییە داخراوەکاندا، ئەنجامئەدرێت. ئەوەی غائیبە دەزگایە بە مانای دەزگا، عەقڵیەت و بەهاو یاسای دەزگاییە کە لەژێر سێبەری دۆخی سایکۆلۆژی کەسە خاوەن دەسەڵاتەکانی ناو خێزانە سیاسییەکاندا کارنەکەن. ئەوەی ئەنجامئەدرێت سڕینەوەی کۆی تواناو سێنتەرەکانی هێزو لێپرسینەوەیە، لە دەرەوەی بازنە تەسکە خێزانییە داخراوەکاندا. لەسەرێکی دیکەوە دۆخی «حیزبی قائید» دۆخی غیابی تەواوەتی ئۆپۆزیسیۆنە. ئۆپۆزیسیۆنێکی راستەقینە کە دیدگایەکی بۆ دەسەڵات و حومکڕانیی هەبێت جیاوازو لە دەرەوەی حوکمی بنەماڵە سیاسییەکاندا، ئۆپۆزسیۆنێک سیاسەت بداتەوە بە کۆمەڵگا خۆی و تاکەکەسەکان وەک بوونەوەری سیاسیی دروستبکاتەوە. ئۆپۆزیسیۆنێک لە هەوڵی بەرهەمێنانی کایەیەکی سیاسیی و ئابوریی و سوپایی تازەدابێت و بەرامبەر بە هەر خاڵێکی دەسەڵات خاڵێکی چاودێریکردن دروست و سەروەر بکات. بێگومان چاودێریکردن کاتێک مانای هەیە کە دەزگایی و یاسایی بێت. دەزگای تایبەت هەبێت کاری سەرەکیی چاودێریکردنی دەسەڵات و دەسەڵاتداران بێت، یاسا هەبێت دەسەڵات بەرامبەر بە هەڵەکانی و بەرامبەر بە توانای خراپبەکارهێنانی، بەرپرس و تاوانبار بکات. مەبەست لە چاودێریکردنی دەسەڵات تەنها رێگرتن لە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و ئەنجامدانی گەندەڵیی، نییە، بەڵکو رێگەگرتنیشە لەوەی دەسەڵات بۆ ماوەی درێژ، یان بۆ هەمیشە، لە دەستی خێزان و بنەماڵە، یان کەمینیەکی بچوکدا کۆبکرێتەوەو لەم ڕەگایەوە هەموو کایە سیاسییەکە مۆنۆپۆڵبکرێت. لەم ئاستەدا مەسەلەی چاودێریکردنی دەسەڵات و رەخنەکردنی خراپبەکارهێنانەکانی، لەوە رزگاری دەبێت، تەنها کاری کۆمەڵەک ڕۆشنبیرو چالاکەوان و هەندێک دەزگای کۆمەڵگای مەدەنیی بێت، بەڵکو دەبێتە بەشێک لە میکانیزمەکانی کارکردنی دەسەڵاتدارێتییەکە خۆی، لەناو عەقڵیەت و شێوازی حوکمڕانییەکە خۆیدا ئامادەدەبێت. وەک وتم تێزی «پارتی سەرکردە» لە بنەرەتدا تێزێکی چەپڕەوانەیەو لە کەلەپوری لینینیزمەوە هاتوە، باس لە رۆڵی نوخبەیەکی پێشرەو لە گۆڕانکاریی کۆمەڵگادا دەکات، بەڵام ئەم تێزە لە کۆمەڵگای ئێمەدا سەری کراوە بەناو عەقڵیەت و سایکۆلۆژیای «تەوریسی سیاسیی»دا. پارتی سەرکردە مانای دەسەڵات سەرەتا بۆ «باوک»ە سیاسییەکانی ناو خێزانە سیاسییەکان، دوای ئەوانیش بۆ «منداڵە» سیاسیی و ناسیاسییەکانی هەمان خێزان و بنەماڵە.
درەو: بڕیارە لە دوو رۆژی داهاتوودا بەغداد پارەی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بنێرێت كە بڕەكەی زیاتر لە (900) ملیار دینارە. لەدوای رێككەوتنی نێوان وەفدی هەرێم و بەغداد، پێنجشەممەی رابردوو ئومێد سەباح سەرۆكی وەفدی هەرێم رایگەیاند لە زووترین كاتدا بەغداد تەمویلی هەرێمی كوردستان دەنێرێت و دەستبەدابەشكردنی موچە دەكرێت، بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) بڕیارە لە دوو رۆژی داهاتوودا بەغداد بڕێك پارە بنێرێت بۆ هەرێمی كوردستان. بە پێی لبێكدانەوەكان ئەو بڕەی بەغداد بۆ موچەی دەنێرێت، مانگانە (775) ملیار دینار بۆ موچەخۆران و (112) ملیار دینار بۆ خانەنشینان و (19) ملیار دینارە بۆ پێشمەرگە، كە دەكاتە (906) ملیار دینار. كۆی موچەی مانگانەی موچەخۆرانی هەرێم كە ( ملیۆنێك و 255) هەزار موچەخۆرە بڕی(912) ملیار دیناری پێویستە، كە مانگانە (462) ملیار دینار بۆ موچەی موچەخۆرانی مەدەنییە بەرێژەی (51%) و (450) ملیار دیناری بۆ موچەی موچەخۆرانی سەربازیییە بەرێژەی (49%)،، كە ژمارەی هێزە ئەمنییەكان (433) هەزار كەسە بە (پێشمەرگە، ناوخۆ، ئاسایش، خانەنشینی سەربازی). بە پێی یاسای بودجەی عێراق و خاڵی دووەمی رێككەوتنی نێوان وەفدی هەرێم و بەغداد، هەرێمی كوردستان سەرەڕای نەوتەكەی دەبێت تەواوی داهاتە نانەوتییەكانیش رادەستی بەغداد بكات پشتبەست بە( یاسای ئیدارەی مالی)، لەبەرامبەردا بەغداد شایستەی دارایی بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت لەگەڵ گەڕانەوەی (50%)ی داهاتی دەروازە سنورییەكان كە بەنزیكەی (65) ملیار دیاری كراوە بۆ هەرێم. 🔸ئەو پارەیەی بڕیارە لە بەغدادەوە بێت: 🔹بۆ موچەی فەرمانبەران ساڵانە ( 9 ترلیۆن و 300 ملیار دینار) مانگانە دەكاتە (775) ملیار دینار. 🔹بۆ موچەی خانەنشینی، ساڵانە ( ترلیۆنێك و 346 ملیار) دینار، مانگانە دەكاتە (112 ) ملیار دینار. 🔹بۆ موچەی پێشمەرگە، ساڵانە (228) ملیار دینار، مانگانە دەكاتە (19 ملیار) دینار. 🔹كۆی گشتی ئەو پارەیەی بڕیارە لە بەغدادەوە بێت ساڵانە (10 ترلیۆن و 874 ملیار) دینارەو مانگانە دەكاتە (906) ملیار دینار. 🔸لەبەرامبەردا پابەندییەكانی هەرێم: 🔹هەرێم رۆژانە (400) هەزار بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ دەكات كە داهاتەكەی بە (ترلیۆنێك و 92 ملیار) دینار خەمڵێندراوە. 🔹رادەستكردنی (100%) داهاتی نانەوتی و گەڕانەوەی (50%)ی داهاتی دەروازە سنورییەكان بۆ هەرێم كە داهاتی دەروازە سنورییەكان بە (130) ملیار دینار خەمڵێندراوە، واتا (65) ملیار دینار بۆ هەرێم دەگەڕێندرێتەوە 🔸پێویستی هەرێم بۆ موچەی موچەخۆران: ژمارەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ( ملیۆنێك و 255 هەزارو 273) كەسە، موچەی مانگەیان (912 ) ملیار دینارە، ئەو ژمارەیە دابەش بووە بەسەر دوو بەشدا: 🔹فەرمانبەران: 752 هەزارو 959 فەرمانبەری فیعلی كە 60%ی كۆی موچەخۆران پێكدێنن 🔹خانەنشینی و شەهیدان و كۆمەڵایەتی: 502 هەزارو 364 كەسە رێژەی 40%ی موچەخۆران پێكدێنن 🔸فەرمانبەران پێكهاتووە لە : 🔹مەدەنی : 430 هەزارو 231 🔹سەربازی: 217 هەزارو 979 🔹 پۆلیس و ئاساییش:: 104 هەزارو 699 🔹كۆی گشتی: 752 هەزارو 959 كۆی موچەی مانگانەیان نزیكەی (730 ملیار) دینارە بەرێژەی (80%) 🔸خانەنشینی و شەهیدان و كۆمەڵایەتی: 🔹خانەنشینی ( سەربازی و مەدەنی): 246 هەزارو 269 🔹كۆمەڵایەتی: 159 هەزارو 159 🔹شەهیدان: 96 هەزارو 937 🔹كۆی گشتی: ( 502 هەزارو 364 هەزار) كۆی موچەی مانگانەیان نزیكەی (182 ملیار) دینارە بەرێژەی (20%) 🔸ژمارەی هێزە ئەمنییەكان 🔹پێشمەرگەو ناوخۆ: 217 هەزارو 979 كەس 🔹 پۆلیس و ئاساییش:: 104 هەزارو 699 كەس 🔹 خانەنشینی سەربازی: 110 هەزارو 729 كەس كۆی گشتی هێزی سەربازی: 433 هەزارو 407 كەس 🔸موچەی مانگانەی دەزگا ئەمنی و سەربازییەكان: 🔹وەزارەتی ناوخۆ : 178 ملیار و 489 ملیۆن دینار 🔹وەزارەتی پێشمەرگە: 133 ملیار و 61 ملیۆن دینار 🔹ئەنجومەنی ئاساییش و دەزگا: 62 ملیارو 997 ملیۆن دینار 🔹خانەنشینی سەربازی: 75ملیار و 630 ملیۆن دینار 🔹كۆی گشتی: (450 ملیارو 177 ملیۆن) دینارە، دەكاتە 49%ی كۆی موچەی موچەخۆران كە بۆ مانگێك (912 ملیار) دینارە 🔹 بۆ كۆی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم كە لای بەغداد بە (682) هەزار فەرمانبەر دیاریكراوە، مانگانە (775) ملیار دینار دیاریكراوە، لە كۆی موچەی موچەخۆرانی هەرێم (85%) دەكات. 🔹بۆ كۆی موچەی خانەنشینان كە (246) هەزار خانەنشین هەیە (سەربازی و مەدەنی) لە هەرێم، مانگانە (112) ملیار دیناری لە بەغدادەوە تەرخانكراوە كە هەرێم مانگانە پێویستی بە (116) ملیار دینارە، واتا (96%)ی كۆی موچەی خانەنشینانە. 🔹بۆ كۆی موچەی پێشمەرگە كە لە هەرێم (120) هەزارە، مانگانە (19) ملیار دینار دیاریكراوە كە مانگانە پێویستی بە (133) ملیار دینارە، واتا (19) ملیاری بەغداد دەكاتە رێژەی(14%)ی كۆی موچەی پێشمەرگەیە، بە (31) ملیاری هاوپەیمانانەوە دەكاتە مانگانە (50) ملیار دینار بۆ پێشمەرگە رێژەی (38%)ی كۆی موچەی پێشمەرگەیە. بەو پێیە لە كۆی موچەی موچەخۆرانی هەرێم كە (912) ملیارە، (112) ملیاری خانەنشینی و (19) ملیار دیناری پێشمەرگەی لێدەربكرێت، كە دەكاتە (131) ملیار دینار، ئەوەی دەمێنێتەوە (781) ملیار دینارە، ئەوەی بەغداد دەینێرێت (775) ملیار دینارە، واتا تەنیا (6) ملیار دیناری كەمترە لە كۆی موچەی موچەخۆرانی هەرێم.
(درەو): بزوتنەوەی گۆڕان ئۆفەری هاوپەیمانێتیی لەلایەن پارتیو یەكێتیو جوڵانەوەی نەوەی نوێو لاهور شێخ جەنگییەوە پێگەیشتووە، بەڵام هێشتا خۆی یەكلانەكردوەتەوە، 30 ئەم مانگە وادەی تۆماركردنی ناوی هاوپەیمانێتییەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كۆتایی دێت، ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بڕیاری خۆی لەوبارەیەوە ئامادە دەكات. جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبووەوە، راسپاردەی خۆی لەبارەی یەك لیستی لایەنە كوردییەكان لە كەركوكو ناوچەكانی ماددەی 140ی ئاڕاستەی جڤاتی نیشتمانی كرد. جڤاتی نیشتمانی كە باڵاترین ئۆرگانی بڕیاردانە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ كۆدەبێتەوەو بڕیاری خۆی لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ئامادە دەكات. جڤاتی گشتی لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا وەكو ئەنجومەنی پیرانە، جڤاتی نیشمانیش ئهنجومهنی نوێنهرانی بزوتنەوەكەیە، كۆبونەوەی ئەم دوو ئۆرگانەی گۆڕان لەكاتێكدایە بڕیاری ئەم هەفتەیە جارێكی تر مەكتەبی سیاسی پارتیو یەكێتیی لەبارەی سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كۆببنەوە. پێشبینی دەكرێت ئەمڕۆ جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان هیچ بڕیارێك لەبارەی یەك لیستی لە ناوچە جێناكۆكەكان نەداتو چاوەڕوانی دەرەنجامی كۆبونەوەكەی پارتیو یەكێتیی بێت. چڕبونەوەی كۆبونەوەی حزبەكان لەكاتێكدایە، رۆژی 30ی ئەم مانگە وادەی تۆماركردنی ناوی لیستو هاوپەیمانێتییەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كۆتایی دێتو لایەنە كوردییەكان هێشتا نەگەیشتونەتە هیچ رێككەوتنێك. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەن پارتیو یەكێتییو جوڵانەوەی نەوەی نوێو لاهور شێخ جەنگییەوە دەستپێشخەریی پێگەیشتووە بۆ دروستكردنی هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، بەڵام گۆڕان خوازیارە لە هاوپەیمانێتییەكدا بەشدار بێت كە پارتیو یەكێتیی تێدا بن، نەك هەریەكەیان لە بەرەیەك بن. بزوتنەوەی گۆڕان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا بەشدارەو رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی هەیە، لە حكومەتی خۆجێی سلێمانیش هاوبەشی یەكێتییو نایەوێت بۆ هەڵبژاردن بكەوێتە بەرامبەر هیچ یەكێك لەم دوو حزبە سەرەكییەوە، بەهۆی دابەزینی ئاستی جەماوەریشەوە، نایەوێت بە تەنیا بچێتە ناو هەڵبژاردنەوە.