Draw Media

"ئه‌مه‌ نۆیه‌م جاره‌ هێرش ده‌كرێته‌ سه‌ر كۆرمۆر"

"ئه‌مه‌ نۆیه‌م جاره‌ هێرش ده‌كرێته‌ سه‌ر كۆرمۆر"

2024-04-29 13:02:39


(دره‌و): 
وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ وه‌كاله‌ت دوا له‌ ئه‌مریكا ده‌كات ژێرخانی وزه‌ی هه‌رێم بپارێزێت و ده‌ڵێ (9) جار هێرشكراوه‌ته‌سه‌ر كێڵگه‌ی كۆرمۆر. 
كەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەكان بەوەکالەت لەگه‌ڵ (مارك سترۆ) كۆنسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان كۆبووه‌وه‌. به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی سامانه‌ شروشتییه‌كان، له‌م كۆبونه‌وه‌یه‌دا كونسوڵی ئەمەریكا  نیگەرانیی خۆی لە هێرشە درۆنییەكەی سەر كێڵگەی كۆرمۆڕ و گیان لەدەستدانی چوار كارمەندی كێڵگەكە دەربڕیوه‌و،  هێرشەکەی بە "تیرۆرستی" ناساندووه‌ كه‌ ئامانج لێی زیانگەیاندنە بە لایەنی ئەمنی و ژێرخانی ئابوریی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق. 
كوسنوڵی ئه‌مریكا وتیویه‌تی:  وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی لە نزیكەوە چاودێری و بەدواداچوونی گۆڕانكارییەكان دەكات و هەوڵەكانی بۆ پشتگیریی لە ئارامی و ئاسایشی هەرێمی كوردستان و رێگرتن لە بەزاندنی سەروەری خاكی عێراق و هێرشی تیرۆریستی بەردەوام دەبێت. 
كەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەكان بەوەكالەت داوای له‌ ئه‌مریكا كردووه‌ هەوڵەكانیان بۆ پاراستنی ژێرخانی وزەو ئابوریی هەرێم چڕ بكەنەوەو رایگه‌یاندووه‌" ئەمە نۆیەمین هێرشە دەکرێتە سەر کێڵگەی كۆرمۆرو زیانی بە ئابوریی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدراڵی گەیاندووە".
كێڵگه‌ی كۆرمۆر سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی غازی ماڵان و وێستگه‌كانی كاره‌بایه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، ئه‌م كێڵگه‌یه‌ ده‌كه‌وێته‌ نزیك قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ له‌ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان، هێرشی ئه‌مدواییه‌ بۆسه‌ر كێڵگه‌كه‌ دوای سه‌ردانی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانی سه‌رۆكی توركیا هات بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، كه‌ یه‌كێك له‌ ته‌وه‌ره‌كانی هه‌نارده‌كردنی غازی كوردستان بوو بۆ توركیا. 
تائێستا هیچ لایه‌نێك به‌رپرسیارێتیی هێرشه‌كه‌ی كێڵگه‌ی كۆرمۆری له‌ئه‌ستۆ نه‌گرتووه‌، به‌ڵام په‌نجه‌ی تۆمه‌ت ئاڕاسته‌ی ئه‌و گروپه‌ چه‌كدارانه‌ی شیعه‌ ده‌كرێت كه‌ سه‌ربه‌ ئێرانن. 
ئێران سه‌رباری ئه‌و سزایانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاو وڵاتانی خۆرئاواوه‌ به‌سه‌ریدا سه‌پێندراوه‌، به‌ڵام هێشتا غاز هه‌نارده‌ی عێراق و توركیا ده‌كات، هه‌رجۆره‌ وه‌به‌رهێنانێك له‌ كێڵگه‌ی غازی كۆرمۆرو هه‌نارده‌كردنی بۆ ناوچه‌كانی تری عێراق و ده‌ره‌وه‌، به‌زیان بۆ ئابوری ئێران ده‌شكێته‌وه‌. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand