Draw Media

هه‌ڵبژاردن ئاڕاسته‌ی پارتی و یه‌كێتیی له‌نێوان تاران و واشنتۆندا ده‌گۆڕێت

هه‌ڵبژاردن ئاڕاسته‌ی پارتی و یه‌كێتیی له‌نێوان تاران و واشنتۆندا ده‌گۆڕێت

2024-05-04 15:37:34


(دره‌و): 
بافڵ تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی ده‌چێته‌ ئه‌مریكا، نێچیرڤان بارزانیش به‌نیازی سه‌ردانی ئێرانه‌، هه‌ڵبژاردن ئاڕاسته‌ی پارتی و یه‌كێتیی له‌نێوان تاران و واشنتۆندا ده‌گۆڕێت.
نوسینگه‌ی رۆژنامه‌وانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان رایگه‌یاند، بافڵ تاڵه‌بانی بە سەردانێکی رەسمی دەچێتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، له‌م سه‌ردانه‌دا بافڵ تاڵه‌بانی زنجیرەیەک دیدار لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاو لەناویاندا وەزارەتی دەرەوەو کۆنگرێسی ئەمریکاو ناوەندەکانی توێژینەوە ئەنجام دەدات. 
به‌ر له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ واشنتۆن، بافڵ تاڵه‌بانی له‌ به‌غداد له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی حزبی ته‌قه‌دومی سوننه‌كان كۆبووه‌، سودانی له‌ راگه‌یه‌ندراوی دیداره‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی هیچ ئاماژه‌یه‌كی بۆ پرسی سازدانی هه‌ڵبژاردنی كوردستان نه‌كرد، به‌ڵام حه‌لبوسی رایگه‌یاند یه‌كێك له‌ ته‌وه‌ره‌كانی گفتوگۆكانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی یه‌كێتیی پرسی هه‌ڵبژاردن بووه‌. 
نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كه‌ هاوكات جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانیشه‌، به‌مدواییه‌ سه‌رۆك وه‌زیران و لایه‌نه‌ شیعه‌كانی عێراقی قایل كردووه‌ به‌ دواخستنی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ بریاری 10ی حوزه‌یران به‌ڕێوه‌بچێت، بۆ ئه‌مه‌ش پێشوه‌خته‌ پارتی له‌گه‌ڵ ئێران گفتوگۆی كردووه‌و بڕیاره‌ به‌مزوانه‌و هاوكات له‌گه‌ڵ سه‌ردانی بافڵ تاڵه‌بانی بۆ واشنتۆن، نێچیرڤان بارزانیش بگاته‌ تاران. 
ئه‌گه‌ر سه‌ردانی بافڵ تاڵه‌بانی بۆ واشنتۆن بێئومێدبوون بێت له‌ ئێران، سه‌ردانی نێچیرڤان بارزانی دوای چه‌ندین ساڵ بۆ تاران، كرانه‌وه‌یه‌كی نوێیه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی و ئێراندا، واتا پرسی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ئاڕاسته‌ی پارتی و یه‌كێتیی له‌نێوان تاران و واشنتۆندا ده‌گۆڕێت. 
هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان ده‌بوو له‌ رۆژی 1ی ئۆكتۆبه‌ری 2022 به‌ڕێوه‌بچێت، به‌ڵام پارتی و یه‌كێتیی له‌سه‌ر چۆنیه‌تی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن و كاراكردنه‌وه‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێم نه‌گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن، خاڵی سه‌ره‌كی ناكۆكییه‌كانیش (11) كورسی "كۆتا"ی پێكهاته‌كان بوو، ئه‌مه‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی ناچار كرد دواتر سێ مه‌رسومی تر بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردن ده‌ربكات، مه‌رسومی چواره‌می سه‌رۆكی هه‌رێم كه‌ سازدانی هه‌ڵبژاردنه‌ له‌ 10ی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ هێشتا به‌ركاره‌، به‌ڵام نێچیرڤان بارزانی ده‌یه‌وێت به‌ مه‌رسومێكی نوێ هه‌ڵبژاردن دوابخات، به‌تایبه‌تیش كه‌ پارتی له‌ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردن كشاوه‌ته‌وه‌. 
یه‌كێتیی دوای ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ پارتی له‌سه‌ر هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردن و كورسی "كۆتا"ی پێكهاته‌كان نه‌گه‌یشته‌ رێككه‌وتن، پرسی هه‌ڵبژاردنی برده‌ به‌رده‌م دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، دادگا له‌سه‌ر بنه‌مای سكاڵای یه‌كێتیی یاسای هه‌ڵبژاردنی كوردستانی گۆڕی، سیسته‌می هه‌ڵبژاردنی له‌ (یه‌ك بازنه‌)ییه‌وه‌ كرد به‌ (فره‌ بازنه‌)و كورسی "كۆتا"ی پێكهاته‌كانیشی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردنی كوردستانیشی دایه‌ ده‌ست كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، ئه‌م بڕیاره‌ پارتی نیگه‌ران كرد، ئاماده‌ نییه‌ به‌م هاوكێشه‌ نوێیه بچێته‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌.
له‌به‌رامبه‌ردا یه‌كێتیی كه‌ بۆ جاری یه‌كه‌م له‌ ساڵی 1992وه‌ تائێستا یاسای هه‌ڵبژاردنی به‌وشێوه‌یه‌ گۆڕیوه‌ كه‌ خۆی ده‌یه‌وێت، ئاماده‌ نییه‌ بچێته‌ دانوستان له‌گه‌ڵ پارتی بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردن، مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی بڕیاریداوه‌ هه‌ڵمه‌تێكی یاسایی و دیپلۆماسی رێكبخات بۆ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی هه‌وڵی دواخستنی هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌، سه‌ردانی بافڵ تاڵه‌بانی بۆ واشنتۆن، له‌چواچێوه‌ی  هه‌وڵه‌ دیپلۆماسییه‌كه‌دایه‌، بۆ هه‌وڵه‌ یاساییه‌كه‌ش هێشتا دیار نییه‌ ئایا ئه‌مجاره‌ش یه‌كێتیی سكاڵای خۆی ده‌باته‌وه‌ به‌رده‌م دادگای فیدراڵ یاخود نا.   
پارتی هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ پێی وابوو ئێران له‌ پشت بڕیاری دادگای فیدراڵییه‌وه‌یه‌ بۆ گۆڕینی یاسای هه‌ڵبژاردن به‌وشێوه‌ی كه‌ یه‌كێتیی ده‌یه‌وێت، بۆیه‌ له‌بری یه‌كێتیی، دانوستانی له‌گه‌ڵ تاران ده‌ستپێكرد، یه‌كێتیش كه‌ گێمی یه‌كه‌می یارییه‌كه‌ی له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆی یه‌كلاكرده‌وه‌، بۆ گێمی دووه‌م ده‌یه‌وێت رێگای واشنتۆن تاقی بكاته‌وه‌و په‌یامێكی ناڕه‌زایه‌تیش به‌ تاران بدات. 
به‌گوێره‌ی رێوشوێنه‌كانی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، ده‌بێت رۆژی 10ی ئه‌م مانگه‌ هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ستپێبكات، به‌ر له‌م واده‌یه‌ ده‌بێت نێچیرڤان بارزانی وه‌كو ئه‌وه‌ی پلانی بۆ داناوه‌، پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن دوابخات، چونكه‌ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن تائێستا نه‌چووه‌ته‌ ژێر باری دواخستنی هه‌ڵبژاردن و ئاماده‌كارییه‌كانی خۆی رانه‌گرتووه‌. سه‌رۆكی هه‌رێم به‌نیازه‌ له‌م هه‌فته‌یه‌دا لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بانگهێشتی كۆبونه‌وه‌یه‌ك بكات بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر چاره‌نوسی هه‌ڵبژاردن، یه‌كێتیی و به‌شێك له‌لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی تر ئاماده‌ نین به‌شداری له‌م كۆبونه‌وه‌یه‌دا بكه‌ن و پشتیوانی بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردن ده‌رببڕن.
دواخستنی هه‌ڵبژاردن بۆ مانگی ئۆكتۆبه‌ری ئه‌مساڵ یاخود ساڵی داهاتوو، ئه‌و سوده‌ی بۆ پارتی ده‌بێت لانی كه‌م كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق سه‌رپه‌ره‌شتی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی كوردستان نه‌كات، چونكه‌ ئه‌م كۆمسیۆن له‌ رۆژی 7ی ته‌موزی ئه‌مساڵدا واده‌ی یاسایی كۆتایی دێت و پێشبینی ناكرێت په‌رله‌مانی عێراق جارێكی تر بۆی درێژبكاته‌وه‌، به‌وپێیه‌ی عێراقیش ساڵی داهاتوو هه‌ڵبژاردنی له‌به‌رده‌مدایه‌و لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی كه‌ كوتله‌ی زۆرینه‌ی ناو په‌رله‌مانن، دیانه‌وێت له‌به‌ر رۆشنایی بڕیارێكی دادگای فیدراڵیدا سه‌رله‌نوێ و له‌سه‌ر شێوازه‌ كۆنه‌كه‌ی پشك پشكینه‌ی حزبی، كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان دروستبكه‌نه‌وه‌و له‌م كۆمسیۆنه‌ی ئێستا رازی نین كه‌ دادوه‌ره‌كان به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن، له‌سه‌رده‌می ئه‌م كۆمسیۆنه‌دا لایه‌نه‌كانی نزیك له‌ ئێران له‌ هه‌ڵبژاردنی ئۆكتۆبه‌ری 2021دا روبه‌ڕووی شكستێكی گه‌وره‌ بوونه‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر ره‌وته‌كه‌ی موقته‌دا سه‌دردا. 
كۆمسیۆنی ئێستای عێراق دادوه‌رێكی سنوری پارێزگای سلێمانی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، پارتی له‌ رێكاره‌كانی ئه‌م كۆمسیۆنه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی كوردستان رازی نییه‌، بۆیه‌ پارتی ئه‌گه‌ر به‌ دواخستنی هه‌ڵبژاردن نه‌توانێت بڕیاره‌كانی دادگا سه‌باره‌ت به‌ یاسای هه‌ڵبژاردن بگۆڕێت، لانی كه‌م ده‌توانێت كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن بگۆڕێت، هه‌رچه‌نده‌ تێبینییه‌كانی پارتی له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی كوردستان زیاتر له‌پرسی كۆمسیۆن و داوای گه‌ڕاندنه‌وه‌ی كورسی "كۆتا" پێكهاته‌كانیش ده‌كات. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand