پێشبینیەكان بۆ كورسی لیستەكان لە هەرێمی كوردستان
.png)
2025-10-11 19:26:06
راپۆرتی شیكاری: (درەو)
زیاتر لە هەفتەیەكە هەڵمەتی هەڵبژاردن بەساردی دەستیپێكردووە، لیست و كاندیدەكان بەدوای چارەنووسی خۆیاندا دەگەڕێن، بۆ ئەوەی پێگەی راستەقینەی خۆیان دەربخەن، بە پشتبەستن بە چەند راپرسییەك و دەنگی پێشووی حزبەكان و دۆخی ئەمڕۆی حزبەكان، (درەو) پێشبینی بۆ دەنگ و كورسی لیستە جیاوازەكان دەكات، بەپێی پێشبینییەكان و بەلەبرچاوگرتنی سیستمی سانت لیگۆ، حزبە بچووكەكان زەرەرمەندی سەرەكی و حزبە گەورەكان قازانجی گەورە دەكەن.
لەم راپۆرتەدا پێشبینی بۆ كورسییەكانی (پارتی، یەكێتی، نەوەی نوێ، هەڵوێست، یەكگرتوو، كۆمەڵ، بەرەی گەڵ) كراوە.
بەشی راپرسی درەو لەماوەی دوو مانگ دا دوو راپرسی لەناو خەڵك (فەیس تو فەیس) ئەنجامداوە، یەكێكیان لەسەرتای مانگی ئاب و یەكێكیان لە سەرەتای مانگی ئۆكتۆبەر و سەرەتای هەڵمەتی هەڵبژاردن، ئەنجامی ئەودوو راپرسیە بەهەند وەرگیراوە لەم شیكارییەدا.
خولی شەشەمی پەرلەمانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
بڕیارە هەڵبژاردنی خۆلی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 11/11/2025 بەڕێوەبچێت، هەڵبژاردنێكی چارەنووسساز دەبێت بۆ تەواوی هێزو لایەنە سیاسیەكانی كوردستان، لەبەر ئەوەی بە شێوازی (سانت لیگۆی 1.7) ئەنجامدەدرێت، زیان لە پێگەو دەنگی حزبە بچوكەكان دەدات، بەپێی شیكاریی و پێشبینییەكان كورسیەكانی بەم شێوەیە دەبێت؛
- پارتی، ئەگەری بەهێز (31) و ئەگەری لاواز (25) کورسی.
- یەكێتی، ئەگەری بەهێز (22) كورسی و ئەگەری لاواز (19) كورسی.
- نەوەی نوێ، ئەگەری بەهێز (10) كورسی و ئەگەری لاواز (5) كورسی.
- یەكگرتوو، ئەگەری بەهێز (5) كورسی ئەگەری لاواز (2) كورسی.
- هەڵوێست، ئەگەری بەهێز (4) كورسی و ئەگەری لاواز (2) كورسی.
- كۆمەڵ ئەگەری بەهێز (3) كورسی و ئەگەری لاواز (1 ) كورسی.
- بەرەی گەل ئەگەری بەهێز (1) كورسی و ئەگەری لاواز (0).
درێژەی ئەم پێشبینی و شیكاریە لەم راپۆرتەدا بە ووردی بخوێنەوە
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە سێ پارێزگاكەی هەرێم كە (44) كورسی گشتی و (2) كورسی كۆتای مەسیحیەكان تەرخانکراوە، ( 3 ملیۆن و 883 هەزارو 501) كەس مافی دەنگدانی هەیە، بەڵام ئەوانەی كارتی بایۆمەتریان وەرگرتووەو دەتوانن دەنگ بدەن لە خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق تەنیا (3 ملیۆن و 68 هەزارو 350) كەسە، بەڕێژەی (79%)، واتا (815 هەزارو 150) كەس ناتوانن دەنگ بدەن بەڕێژەی (21%)، بەم پێیە لە ئێستاوە (21%)ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە ناتوانن دەنگ بدەن.
لە (3 ملیۆن و 68 هەزارو 350) دەنگدەر (224 هەزارو 333) كەسی دەنگدەری تایبەتە بەرێژەی (7%) و (2 ملیۆن و 844 هەزارو 51) كەسی دەنگدەری گشتییە بەڕێژەی (93%).
لەسەر ئاستی پارێزگاكانی هەرێم:
• هەولێر: كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە (ملیۆنێك و 87 هەزارو 880) كەس، دەنگدەری گشتی (ملیۆنێك و 2 هەزار) كەس دەنگدەری تایبەت (85 هەزارو 793) كەس.
• سلێمانی: كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە ( ملیۆنێك و 201 هەزارو 846) كەس، دەنگدەری گشتی (ملیۆنێك و 119 هەزارو 111) كەس، دەنگدەری تایبەت (82 هەزارو 547) كەس.
• دهۆك: كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە ( 778 هەزارو 846) كەس، دەنگدەری گشتی (722 هەزارو 853) كەس، دەنگدەری تایبەت (55 هەزارو 993) كەس.
یەكەم/ بازنەی هەولێر:
لە سنوری بازنەی هەولێر (16) كورسی هەیە، (15) كورسی گشتی و (1) كورسی كۆتا، لە كاتێكدا (ملیۆنێك و 410 هەزارو 112) كەس مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام (ملیۆنێك و 2 هەزارو 87) كەس كارتی بایۆمەتری وەرگرتووەو بۆ خولی شەشەم مافی دەنگدانی هەیە، بۆیە نزیكەی ( 408 هەزار) كەس كارتیان وەرنەگرتووەتەوەو ناچن بۆ دەنگدان واتا هەر لەسەرەتاوە (29%)ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە ناچن بۆ دەنگدان، بۆیە رێژەی دەنگدان لەو ژمارەیە دەردەكرێت (ملیۆنێك و 2 هەزارو 87) لەبەر ئەوە رێژەی دەنگدان بەرز دەبێت، خۆ ئەگەر رێژەی دەنگدان دوای دەركردنی (29%)ە لە نێوان (55% - 60%) بێت ئەوا نزێكەی (550 هەزار بۆ 600هەزار) كەس دەنگدەدات.
بە پێی پێشبینی و بەدواداچوونەكانی (درەو) كە بۆ دیاریكردنی كورسی و پێگەی لیستەكانی پشت بە چەند سەرچاوەیەك دەبەستێت (راپرسیەكانی درەو، دەنگی پێشووی لیستەكان، خوێندنەوەی بۆ دۆخی ئێستای حزبەكان، گفتوگۆكردن لەگەڵ بەرپرسانی حزبەكان خۆیان) .
پارتی دیموكراتی كوردستان:
پارتی دیموكراتی كوردستان، كە وەك زۆنی زەرد بازنەی هەولێر بەبێ كۆیە دەكەوێتە ژێر دەسەڵاتدارێتی پارتیەوە، پارتی لە هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە 2021 كە بە شێوەی چوار بازنە بەڕێوەچوو پارتی (10) كورسی ئەو پارێزگایەی بردبوو، لە هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی كوردستان كە لە 20ی ئۆكتۆبەری 2024 بەڕێوەچوو لە پارێزگای هەولێر (347 هەزارو 786) دەنگی ئەو پارێزگایەی بەدەستهێنا بەڕێژەی (52%)، ئەگەر چی پێشبینی ناكرێت پارتی ئەو دەنگانە بهێنێتەوە، چونكە لەلایەن دەنگدان بۆ پەرلەمانی عێراق كەمترە و ئەگەری رێژەی بایكۆتیش زۆرە، بەڵام لەبەر ئەوەی سیستەمی سانت لیگۆیە بۆیە لە قازانجی لیستە گەورەكانە، پێشبینی دەكرێت پارتی لەبەرزترین حاڵەتدا (10) كورسی و لە نزمترین ئەگەردا (8) كورسی ئەو پارێزگایە بەدەستبهێنێت، هەرچەندە پارتی خۆی پێی وایە (11) كورسی ئەو پارێزگایە دەبات، بەجۆرێک؛
- بەرزترین: 9 كورسی
- نزمترین: 8 كورسی
یەكێتی نیشتمانی كوردستان:
یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەم جارە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت سەرپەرشتی بازنەی هەولێر دەكات، لە هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی كوردستان كە لە 20ی ئۆكتۆبەری 2024 بەڕێوەچوو لە پارێزگای هەولێر یەکێتی نیشتمانی کوردستان (111 هەزار و 102) دەنگ بە ڕێژەی (17%)، لە هەڵبژاردنی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەكێتی لەو پارێزگایە تەنیا (2) كورسی بەدەستهێنابوو، بەپێی پێشبینییەكان دەنگەكانی یەكێتی لە پارێزگای هەولێر كەم دەكات، رەنگە لە نێوان (85 – 95) دەنگ بەدەستبهێنێت، بەپێی شێوازی سانت لیگۆ، بەو رێژە دەنگە ئەگەری (3) كورسی هەیە بە ماوەی بەهێزی سانت لیگۆ.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) یەكێتی خۆی بە نیازی (3) كورسیە لەو پارێزگایە، بەڵام ئەگەری لاواز (2) كورسی بەدەست دەهێنێت، ئەری بەهێز (3) كورسی لەو پارێزگایە بەدەستدەهێنێت.
- بەرزترین: 3 كورسی
- نزمترین: 2 كورسی
جوڵانەوەی نەوەی نوێ
جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پارێزگای هەولێر لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 2021 لە پارێزگای هەولێر نەوەی نوێ هێزی دووەم بوو (79 هەزارو 245) دەنگی ئەو پارێزگایەی بەدەستهێنا بەڕێژەی (18%)، (3) كورسی لەو پارێزگایە بەدەستهێنا، لە هەڵبژاردنی 20ی ئۆكتۆبەری 2024ی پەرلەمانی كوردستان نەوەی نوێ (104 هەزار و 222) دەنگ بەرێژەی (16%)ی بەدەستهێنا، رەنگە بەهۆی رێژەی زۆری بایكۆت و هاتنەپێشەوەی كاندیدی نوێ و لیستی نوێ دەنگەكانی لە پارێزگای هەولێر كەم بكات، بەڵام ئەگەر لە نێوان (80 – 90) هەزار دەنگیش بهێنێت ئەگەری هێنانەوەی (3) كورسی هەیەو بە ئەگەری لاوازیش (2) كورسی بەدەستدەهێنێت، چونكە شێوازی سانت لیگۆكە ئەگەر نەوەی نوێ (60) هەزار دەنگیش بەدەستبهێنێت، (2) كورسی هەر مسۆگەر دەبێت.
- بەرزترین: 3 كورسی
- نزمترین: 2 كورسی
كۆمەڵی دادگەری كوردستان:
كۆمەڵی دادگەری كوردستان لە هەڵبژاردنی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق 2021، بەشداربوون (19 هەزارو 517) دەنگیان بەدەستهێنابوو، بەڵام كورسیان نەبرد، لە هەڵبژردنی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە 20ی ئۆكتۆبەری 2024 بەڕێوەچوو، کۆمەڵی دادگەری (20 هەزار و 265) دەنگ، بۆیە ئەگەر هەمان دەنگ بەدەستبهێننەوە، ئەوا ئەگەری بەدەستهێنانی كورسی لەو پارێزگایە ئەستەمە، چونكە بەشێوازی سانتلیگۆ دەنگەکانی دابەشی (1.7) بكرێت دەكاتە (11 هەزارو 921) ئەوەش ماوەیەكی لاوازەو كورسی نابات، خۆ ئەگەر ژمارەی دەنگەكانی بگەیەنێتە نزیكەی (30) هەزار دەنگ، ئەوا ئەگەری بەدەستهێنانی كورسی دەبێت.
- بەرزترین: 1 كورسی
- نزمترین: سفر
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان:
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە هەڵبژاردنی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان كە لە 20ی ئۆكۆتبەری 2024 بەرێوەچوو (24 هەزار و 178) دەنگ بە ڕێژەی (4%)، ئەم رێژەیە توانای بەدەستهێنانی كورسی نیە، چونكە دەنگەکانی دابەشی (1.7)ی سانت لیگۆ بكرێت دەكاتە (14 هەزارو 222) دەنگ كە ئەگەری بەدەستهێنانی كورسی لاوازە.
بەڵام یەكگرتوو لە پارێزگای هەولێر سەرۆكی لیستێكی نوێ هەڵمەتێكی بەهێزی دەستپێكردووەو بە پێی وتەی خۆیان ژمارەی دەنگەكانیان بۆ زیاتر لە (30) هەزار دەنگ بەرز دەكەنەوە، ئەویش ئەگەری بەدەستهێنانی كورسیەكیان دەبێت.
- بەرزترین ئاست: 1 كورسی
- نزمترین ئاست: سفر
رەوتی هەڵوێست:
رەوتی هەڵوێست، لە پارێزگای هەولێر عەلی حەمەساڵح سەرۆكی لیستەكەیە، كە خۆی بڕیاردەری رەوتەكەشیەتی، لە هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی كورستان لە 20ی ئۆكتۆبەری 2024، كە یەكەمجار بوو بەشداری هەڵبژاردن بكات ڕەوتی هەڵوێست (16 هەزار و 871) دەنگی بەدەستهێنا، ئەم ژمارەیە بەشی كورسی ناكات و بەپێی شێوازی سانت لیگۆ، (9 هەزارو 924) دەنگ دەكات و ئەگەری بەدەستهێنانی كورسی لاوازە، بەڵام بەپێی راپرسیەكان رێژەی دەنگەكانیان زیادی كردووە، بەپێی وتەی خۆیان لە نێوان (35 – 40) هەزار دەنگ دەهێنن، خۆ ئەگەر ئەو رێژەیە بهێنن ئەوا كورسیەكیان مسۆگەر دەبێت.
- بەرزترین ئاست: 1 كورسی
- نزمترین ئاست: سفر
بەرەی گەل:
بەرەی گەل بەسەرۆكایەتی لاهور شێخ جەنگی لە پارێزگای هەولێر، لە هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی كوردستان (9 هەزار و 776) دەنگی بەدەستهێناوە، ئەگەری بەدەستهێنانی كورسیان لاوازە، بەڵام پێیان وایە پرسی دەستگیركردنی سەرۆكی بەرەی گەل و گرتنی لالەزار رێژەی دەنگەكانیانی زیادكردووە و ئەگەری بەدەستهێنانی كورسیەكیان هەیە، هەرچەندە بەدەستهێنانی كورسی قورسە.
- بەرزترین: 1 كورسی
- نزمترین : سفر
پێشبینی كورسیەكان بۆ پارێزگای هەولێر:
- پارتی: بەرزترین 10 كورسی، نزمترین 8 كورسی
- یەكێتی: بەرزترین 3 كورسی، نزمترین 2 كورسی
- نەوەی نوێ: بەرزترین 3 كورسی، نزمترین 2 كورسی
- هەڵوێست: بەرزترین 1 كورسی، نزمترین سفر
- یەكگرتوو: بەرزترین 1 كورسی، نزمترین سفر
- كۆمەڵ: بەرزترین 1 كورسی، نزمترین سفر
- بەرەی گەل: بەرزترین 1 كورسی، نزمترین سفر
دووەم/ بازنەی سلێمانی:
لە سنوری بازنەی سلێمانی (18) كورسی بەردەكەوێت، لە كاتێكدا (ملیۆنێك و 532 هەزارو 893) كەس مافی دەنگدانیان هەبووە، بەڵام (ملیۆنێك و 201 هەزارو 846) كەس كارتی بایۆمەتری وەرگرتووەو بۆ خولی شەشەم مافیی دەنگدانیان هەیە، بۆیە نزیكەی (331 هەزار) كەس كارتیان وەرنەگرتووەتەوەو ناچن بۆ دەنگدان واتا هەر لەسەرەتاوە (22%)ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە ناچن بۆ دەنگدان، بۆیە رێژەی دەنگدان لەو ژمارەیە دەردەكرێت (ملیۆنێك و 201 هەزارو 846) لەبەر ئەوە رێژەی دەنگدان بەرز دەبێت و چاوەڕوان دەكرێت لە نێوان (50% بۆ 55%) بێت لە پارێزگای سلێمانی ئەوا نزیكەی (600) هەزار كەس دەنگ دەدات، كە ئەگەر رێژەی ئەوانە وەربگیرێت كە مافی دەنگدانیان هەبووەو (ملیۆنێك و 532 هەزار) كەسە دەكاتە نزیكە (40%)، بەڵام وەك باسكرا رێژەكە لەو ژمارەیە وەرناگیرێت بەڵكو لە (ملیۆن و 201 هەزار) وەردەگیرێت و ئەوات دەكاتە (55%).
یەكێتی نیشتمانی كوردستان:
یەكێتی نیشتمانی كوردستان كوردستان چاوی لە زۆرترین كورسی پارێزگای سلێمانیە لەبەر ئەوەی جێنفوسی خۆیەتی و پێگەی هێزە ئەمنییەكانی یەكێتی لێیە كە كورسیەكانی هەڵبژاردن یەكلا دەكەنەوە.
لە هەڵبژاردنی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە 20ی ئۆكتۆبەری 2024، (257 هەزار و 359) دەنگی بە ڕێژەی (41%)ی دەنگە دروستەکانی پارێزگاکەی هێنابوو، بەرپرسانی یەكێتی باس لە بەدەستهێنانی (11) كورسی پارێزگای سلێمانی دەكەن، بەڵام بەشێوازی سانت لیگۆ بە پشت بەست بە دەنگەكانی پێشووی (8 – 9) كورسی بەدەستدەهێنێت، بەڵام بەلەبەرچاوگرتنی ئەو راپرسیانەی تا ئێستا كراوەو پێگەی ئەو حزبە لە نزمترین ئاستدا (8) كورسی و لەبەرزترین ئاستدا (10) كورسی بەدەستدەهێنێت.
- بەرزترین: 10 كورسی
- نزمترین: 8 كورسی
نەوەی نوێ
نەوەی نوێ لە هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی كوردستان بەپێی دەنگەكانی هێزی دووەم بووە لە پارێزگای سلێمانی نەوەی نوێ (141 هەزار و 179) دەنگی بە ڕێژەی (21%) هێنابوو. لە هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی عێراقیش كە بەشێوەی بازنەیی بەڕێوەچوو (5) كورسی بەدەستهێنابوو، لەسەرەتای مانگی ئابەوە شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە زیندانە ئەمەش كاریگەری لەسەر دەنگەكانیان دەبێت، بۆیە بەرپرسانی نەوەی نوێ چاویان لەوەیە (5-6) كورسی بەدەستبهێنن، بەڵام بەپێی پێشیبینی و راپرسیەكان، چاوەڕوان دەكرێت رێژەی بایكۆت زیاتر بێت و هێزی دیكەش لە گۆڕەپانەكەیە، نەوەی نوێ لە نێوان (3- 5) كورسی بەدەستدەهێنێت.
- بەرزترین: 5 كورسی
- نزمترین: 3 كورسی
پارتی دیموكراتی كوردستان:
پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی رابردوو هێزی سێیەم بووە لە پارێزگای سلێمانی، لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای سلێمانی (54 هەزارو 891) دەنگی ئەو پارێزگایەی بەدەستهێنا و لە هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی كوردستان كە لە 20ی ئۆكتۆبەری 2024 بەڕێوەچوو پارتی دیموکراتی کوردستان (62 هەزار و 856) دەنگی بە ڕێژەی (9%)ی دەنگە دروستەکانی هێنابوو، پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی بە نیازی (3) كورسیییە، بەڵام بە پێی راپرسیەكان و ئەو پێشبینیانەی هەیە (2) كورسی مسۆگەرە.
- بەرزترین: 3 كورسی
- نزمترین: 2 كورسی
كۆمەڵی دادگەری كوردستان:
كۆمەڵی دادگەری كوردستان لە هەڵبژاردنی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق 2021، بەشداربوون (44 هەزارو 639) دەنگیبەدەستهێناوە، لە هەڵبژاردنی 20ی ئۆكتۆبەری 2024دا كۆمەڵی دادگەری (40 هەزار و 922) دەنگی بەدەستهێناوە.
بەرپرسانی كۆمەڵی دادگەری پێان وایە (2) كورسی لە بازنەی سلێمانی دەبەن، بەڵام ئەگەر دەنگی هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی عێراق بهێنەوە (1) كورسی و ماوەیەكیش دەمێنێتەوە.
- بەرزترین: 2 كورسی
- نزمترین: 1 كورسی
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان:
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە هەڵبژاردنی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق 2021، بەشداربوون تەنیا (22 هەزارو 876) دەنگیان بەدەستهێنابوو، بەڵام لە هەڵبژاردنی 20ی ئۆكتۆبەری 2024دا (50 هەزارو 534) دەنگی بەدەستهێناوە، بەپێی شێوازی سانت لیگۆ بێت، یەكگرتوو بە نزیكەی كورسیەك و ماوەیەكی بەهێز واتا نزیكەی دوو كورسی دەبات.
بۆیە ئەگەری بەهێز ئەوەیە یەكگرتوو لە بازنەی سلێمانی (2) كورسی بەرێت و بە ئەگەری لاوازیش (1) كورسی دەبات.
- بەرزترین: 2 كورسی
- نزمترین: 1 كورسی
بەرەی گەل:
بەرەی گەل بەسەرۆكایەتی لاهور شێخ جەنگی كە لە ئێستادا لە زیندانە، لە یەك هەڵبژاردندا بەشداریكردووەو لە هەڵبژاردنی 20ی ئۆكتۆبەری 2024 دا (21 هەزارو 80) دەنگی بەدەستهێناوە.
ئەگەر بە شێوازی سانت لیگۆ بێت، ئەوا ئەو دەنگەی بەرەی گەل بەشی كورسیەك ناكات، هەرچەندە بەرپرسانی بەرەی گەل چاویان لە كورسیەكە، بەڵام ئەگەر رێژەی دەنگەكانیان زیاد بكات و بگاتە نزیكەی (30) هەزار دەنگ ئەوا كورسیەك مسۆگەر دەكەن.
- بەرزترین: 1 كورسی
- نزمترین: سفر
رەوتی هەڵوێست:
رەوتی هەڵوێست بەسەرۆكایەتی عەلی حەمەساڵح تا ئێستا یەك جار بەشداری هەڵبژاردنی كردووە، لە هەڵبژاردنی پێشوودا (30 هەزارو 699) دەنگی بەدەستهێناوەو بەپێی راپرسی و پێشبینییەكان رێژەی دەنگەكانیان زیادیكردووە.
ئەگەر دەنگی هەڵبژاردنی پێشوو لەبەرچاو بگیرێت ئەوا بە شێوازی سانت لیگۆ كورسیەك مسۆگەر دەكەن، خۆ ئەگەر ئاستی دەنگەكانیان زیاد بكات ئەوا ئەگەری مسۆگەر كردنی دوو كورسیان هەیە.
- بەرزترین: 2 كورسی
- نزمترین: 1 كورسی
پێشبینی كورسیەكان بۆ پارێزگای سلێمانی:
- یەكێتی: بەرزترین 10 كورسی، نزمترین 8 كورسی
- نەوەی نوێ: بەرزترین 5 كورسی، نزمترین 3 كورسی
- پارتی: بەرزترین 3 كورسی، نزمترین 2 كورسی
- هەڵوێست: بەرزترین 2 كورسی، نزمترین 1
- یەكگرتوو: بەرزترین 2 كورسی، نزمترین 1
- كۆمەڵ: بەرزترین 2 كورسی، نزمترین 1
- بەرەی گەل: بەرزترین 1 كورسی، نزمترین سفر
بازنەی دهۆك:
لە سنوری بازنەی دهۆك (11) كورسی دانراوە، (1) كورسی كۆتا، لە كاتێكدا (940 هەزارو 496) كەس مافی دەنگدانیان هەبووە، بەڵام (778 هەزارو 846) كەس كارتی بایۆمەتری وەرگرتووەو بۆ خولی شەشەم مافیی دەنگدانیان هەیە، بۆیە نزیكەی (161 هەزار 650) كەس كارتیان وەرنەگرتووەتەوەو ناچن بۆ دەنگدان واتا هەر لەسەرەتاوە (17%)ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە دەركراوە، بۆیە رێژەی دەنگدان لەو ژمارەیە دەردەكرێت (778 هەزارو 846) لەبەر ئەوە رێژەی دەنگدان بەرز دەبێت و چاوەڕوان دەكرێت لە نێوان (65% بۆ 70%) بێت لە پارێزگای دهۆك كە دەكاتە (545) هەزار دەنگدەر.
بە پێی پێشبینی و بەدواداچوونەكانی (درەو) كە بۆ دیاریكردنی كورسی و پێگەی لیستەكانی پشت بە چەند سەرچاوەیەك دەبەستێت (راپرسیەكان، دەنگی پێشووی لیستەكان، خوێندنەوەی بۆ دۆخی ئێستای حزبەكان، گفتوگۆكردن لەگەڵ بەرپرسانی حزبەكان خۆیان) .
پارتی دیموكراتی كوردستان:
پارتی دیموكراتی كوردستان، كە وەك زۆن دهۆك دەكەوێتە ژێر دەسەڵاتدارێتی پارتیەوە، پارتی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای دهۆك (261 هەزارو 543) دەنگی ئەو پارێزگایەی بەدەستهێنا بەڕێژەی (66%) و لە هەڵبژاردنی 20ی ئۆكتۆبەری 2024 لە پارێزگای دهۆك (402 هەزار و 157) دەنگی بە ڕێژەی (73%)ی دەنگە دروستەکانی پارێزگاکەی هێنابوو.
بەرپرسانی پارتی پێان وایە لەو پارێزگایە (9) كورسی دەبەن لەبەر ئەوەی زۆرینەی دەنگی ئەوپارێزگایەیان بردووە ئەگەر هەمان دەنگی پێشوو ببەنەوە، بەپێی شێوازی سانت لیگۆ بێت، نۆیەم كورسی پارتی (44) هەزار دەنگ دەكات، بۆیە زۆرینەی دەنگی هێزە بچووكەكان دەفەوتێت، لەكاتێكدا بەرزترین ماوەی بەهێز هی نەوەی نوێیە بۆ كورسی یەكەم تەنیا (27) هەزار دەنگە، خۆ ئەگەر هەر (11) كورسیەكەی دهۆك بخەیتە خشتەی شێوازی سانت لیگۆوە (11)یەم كورسی پارتی لە (36) هەزار دەنگە و بەرزترینە، كەواتا ئەگەر پارتی دەنگی هەڵبژاردنی پێشوو بەرێتەوە و حزبەكانی تریش هەمان دەنگ ئەوا لە سنوری پارێزگای دهۆك و زاخۆ هیچ هێزێكی تر كورسی نابەن و هەمووی بۆ پارتی دەبێت.
- بەرزترین: 10 كورسی
- نزمترین: 9 كورسی
نەوەی نوێ
نەوەی نوێ لە پارێزگای دهۆك لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 2021 دا (19 هەزارو 292) دەنگی ئەو پارێزگایەی بەدەستهێناو لە هەڵبژاردنی 20ی ئۆكتۆبەری 2024دا بووە هێزی دووەم و (46 هەزار و631) دەنگی بەدەستهێنا، بەرپرسانی نەوەی نوێ چاویان لە كورسیەكی پارێزگای دهۆكە، ئەگەر رێژەی دەنگەكانیان زیاد بكات و دەنگی پارتی كەم بكات ئەوا ئەگەری بەدەستهێنانی كوریەك هەیە.
- بەرزترین: 1 كورسی
- نزمترین: سفر
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان:
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پارێزگای دهۆك لە هەڵبژاردنی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق 2021، بەشداربوون (81 هەزارو 144) دەنگی بەدەستهێنابوو بەڕێژەی (20%)و لە هةڵبژاردنی 20ی ئۆكتۆبەری 2024دا یەکگرتووی ئیسلامی (42 هەزار و 732) دەنگی بەدەستهێناوە، ئەگەر هەمان دەنگی هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی عێراق بهێنێتەوە ئەوا ئەگەری (2) كورسی هەیەو ئەگەر دەنگی پێشووی هەلبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بهێنێتەوە ئەوا ئەگەری (1) كورسی هەیە.
- بەرزترین: 2 كورسی
- نزمترین: 1 كورسی
یەكێتی نیشتمانی كوردستان:
یەكێتی نیشتمانی كوردستان كوردستان لە پارێزگای دهۆك لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (25 هەزارو 40) دەنگی ئەو پارێزگایەی بەدەستهێنا بەڕێژەی (6%)، و لە هةڵبژاردنی 20ی ئۆكتۆبەری 2024 دا (28 هەزار و 577) دەنگی بە ڕێژەی (5%)ی دەنگە دروستەکانی پارێزگاکەی هێنابوو. ئەگەر یەكێتی هەمان دەنگەكانی پێشوو بهێنێتەوە ئەگەری بەدەستهێنانی كورسی زۆر لاوازە چونكە شێوازی سانت لیگۆ 1.7 دەنگەكانی دەبێتە نزیكەی (16 ) هەزار دەنگ و ئەگەری لاواز كورسی دەبات بەڵام ئەگەر دەنگەكانی زیاد بكات ئەوا ئەگەری بەدەستهێنانی كورسی هەیە بەتایبەت بە ژنێك سەرۆكی لیستەكەیەتی و بە كۆتای ژنان بڕوات.
- بەرزترین: 1 كورسی
- نزمترین: سفر
رەوتی هەڵوێست:
رەوتی هەڵوێست لە هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی كوردستان (8 هەزارو 438) دەنگی بەدەستهێناوە بۆیە ئەگەر ژمارەی دەنگەكانی سێ قاد زیاد بكات ئەوكات بە ئەگەری لاواز كورسیەك دەبات.
كۆمەڵی دادگەری كوردستان:
كۆمەڵی دادگەری كوردستان لە هةڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە 20ی ئۆكتۆبەر (3 هەزار و 677) دەنگی بەدەستهێناوە بۆیە ئەگەری بەدەستهێنانی كورسی نیە.
بەرەی گەل:
بەرەی گەڵ لە هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی كوردستان (2 هەزار و 605) دەنگی بەدەستهێناوە بۆیە ئەگەری بەدەستهێنانی كورسی نیە.
پێشبینی كورسیەكان بۆ پارێزگای دهۆک:
- پارتی: بەرزترین 10 كورسی، نزمترین 9 كورسی
- یەكگرتوو: بەرزترین 2 كورسی، نزمترین 1 كورسی
- نەوەی نوێ: بەرزترین 1 كورسی، نزمترین سفر
- یەكێتی: بەرزترین 1 كورسی، نزمترین سفر
- هەڵوێست: بەرزترین 1 كورسی، نزمترین سفر
- كۆمەڵ: سفر
- بەرەی گەل: سفر
ئەنجامی گشتی لەسەر ئاستی هەرێم:
بە پێی پێشبینی و بەدواداچوونەكانی (درەو) دوای ئەوەی لەماوەی رابردوو و بەتایبەت لە ماوەی پێش دەستپێكردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن بەشی (راپرسی درەو) راپرسیەكی راستەوخۆ لەناو خەڵك لەگەڵ هاوڵاتیان ئەنجامداوەو لەهەفتەی یەكەمی هەڵمەتی هەڵبژاردن راپرسیەكی تری ئەنجامداوە، بە پشت بەستن بە راپرسیەكان و خوێندنەوەی دۆخی ئێستای حزبەكان و ئاست و رێژەی دوو هەڵبژاردنی راپردوو لەگەڵ بڵاوكردنەوە كتێبی (هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق) و بڵاوكردنەوەی (بۆكسی هەڵبژاردن) كە (6) كتێبی لەسەر هەڵبژاردن لەخۆگرتووە، ئەنجامدانی چەند دیبەیتێكێ تایبەت بە هەڵبژاردن، نزیكترین پێشبینی بۆ كورسی لایەنەكان (بۆ ئەم ساتە) دەخاتەروو، كە بۆ دیاریكردنی كورسی و پێگەی لیستەكان، پشت بە چەند سەرچاوەیەك دەبەستێت (راپرسیەكانی درەو، دەنگی پێشووی لیستەكان، خوێندنەوە بۆ دۆخی ئێستای حزبەكان، گفتوگۆكردن لەگەڵ بەرپرسانی حزبەكان خۆیان) .
كورسیەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئاستی هەرێم :
- بازنەی هەولێر: 8 – 10 كورسی
- بازنەی سلێمانی: 2 – 3 كورسی
- بازنەی دهۆك: 9 – 10 كورسی
- بازنەی نەینەوا: 5 – 6 كورسی
- كەركوك: 1 – 2 كورسی
كورسیەكانی پارتی لە سێ پارێزگاكەی هەرێم لەكۆی (44) كورسی ئەگەری بەهێز (23) كورسی بەڕێژەی (52%) و لەئەگەری لاوازیش (19) كورسی دەبات بەرێژەی (43%) سەرەرای دوو كورسی كۆتاكان.
پارتی لە تەواوی عێراق بە ئەگەری لاواز (25) كورسی بە ئەگەری بەهێز (31) كورسی دەبات، جگە لە كورسی كۆتاكان.
كورسیەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەسەر ئاستی هەرێم :
- بازنەی هەولێر: 2– 3 كورسی
- بازنەی سلێمانی: 8 – 9 كورسی
- بازنەی دهۆك: 0 – 1 كورسی
- بازنەی نەینەوا: 1- 2 كورسی
- بازنەی كەركوك: 4-5 كورسی
- بازنەی سەڵاحەدین: 0-1 كورسی
- بازنەی دیالە: 0-1 كورسی
كورسیەكانی یەكێتی لە سێ پارێزگاكەی هەرێم لەكۆی (44) كورسی ئەگەری بەهێز (13) كورسی بەڕێژەی (30%) و لەئەگەری لاوازیش (10) كورسی دەبات بەرێژەی (23%).
یەكێتی لە تەواوی عێراق بە ئەگەری لاواز (15) كورسی بە ئەگەری بەهێز (22) كورسی دەبات، جگە لە كورسی كۆتاكان، بەڵام بەپێی پێشبینییەكان لە نێوان (18-20) كورسی دەهێنێت
كورسیەكانی نەوەی نوێ لەسەر ئاستی هەرێم :
- بازنەی هەولێر: 2 – 3 كورسی
- بازنەی سلێمانی: 3- 5 كورسی
- بازنەی دهۆك: 0– 1 كورسی
- بازنەی كەركوك: 0- 1 كورسی
نەوەی نوێ لە كۆی گشتی سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان و كەركوك بەگەری بەهێز (10) كورسی بەدەستدەهێنێت، لەئەگەری لاواز (5) كورسی.
كورسیەكانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەسەر ئاستی هەرێم :
- بازنەی هەولێر: 0 – 1 كورسی
- بازنەی سلێمانی: 1- 2 كورسی
- بازنەی دهۆك: 1– 2 كورسی
- بازنەی كەركوك: سفر
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە كۆی گشتی ئەگەری بەهێز (5) كورسیە و كورسی بەدەستدەهێنێت، لەئەگەری لاواز (2) كورسی بەدەستدەهێنێت.
كورسیەكانی كۆمەڵی دادگەری لەسەر ئاستی هەرێم :
- بازنەی هەولێر: 0 – 1 كورسی
- بازنەی سلێمانی: 1- 2 كورسی
- بازنەی دهۆك: 0– 0 كورسی
- كۆمەڵی دادگەری كوردستان لە ئەگەری بەهێز (2) كورسی و بە ئەگەری لاواز (1) كورسی
بەرەی گەل لەسەر ئاستی هەرێم :
- بازنەی هەولێر: 0 – 1 كورسی
- بازنەی سلێمانی: 0- 1 كورسی
- بازنەی دهۆك: 0– 0 كورسی
بەرەی گەل بە ئەگەری بەهێز (1-2) كورسی و بە ئەگەری لاواز (0) كورسی.
رەوتی هەڵوێست لەسەر ئاستی هەرێم :
- بازنەی هەولێر: 1 – 2 كورسی
- بازنەی سلێمانی: 1- 1 كورسی
- بازنەی دهۆك: 0– 0 كورسی
رەوتی هەڵوێست لە ئەگەری بەهێز (4) كورسی و بە ئەگەری لاواز (2) كورسی.
لەبارەی دابەشکردنی کورسییەکانی سنوری پارێزگاکانی هەرێم بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، پاڵپشت بە دوا هەڵبژاردن پەرلەمانی کوردستان، بە شێوازی سانتلیگۆ؛
- ڕکاربەری لایەنەکان بۆ کورسییەکانی بازنەی هەولێر؛
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=17448
- ڕکاربەری لایەنەکان بۆ کورسییەکانی بازنەی پارێزگای سلێمانی؛
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=17451
- ڕکاربەری لایەنەکان بۆ کورسییەکانی بازنەی پارێزگای دهۆک
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=17455
