دەربارەی متمانە

Draw Media

2024-03-31 19:31:30



مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)

لە ماوەی ڕابردوودا زیاد لە کەسایەتییەکی سیاسیی باسیان لەوەکرد کە گیریان بەدەست میلەتێکەوە خواردوە، باوەڕ بە ھیچ شتێکی ئەوان ناکات و متمانەیان بە ھیچ گوتە و لێکدانەوەیەکی حوکمڕانییەکەیان، نەماوە. تۆمەتی بێمتمانەیشییان بە ئاکاری گریمانکراوی میلەتەکەوە گرێداوە، نەک بە ئاکاری ئەو حوکمڕانییەوە کە لە سێ دەیەی ڕابردوودا دروستکراوە. ھاوکێشەکە لای ئەم دەسەڵاتدارانە زۆر سادەیە: ئەوان کۆمەڵێک خەباتگێڕ و دڵسۆز و تێکۆشەری خۆڕاگرن، بەڵام گیریان بە دەستی میلەتێکی بێممانە و تدڕدۆنگەوە، خواردوە. 

بێگومان چەمکی متمانە یەکێکە لە چەمکە گرنگەکانی ناو ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی سەرجەمی کۆمەڵگا مۆدێرنەکان، ھێما بۆ پشت بەستن بەیەکتریی و ئامادەگیی دڵنیایی و ئاستێکی دیاریکراوی ھاریکاریی و بەدەمیەکەوەچوونی کۆمەڵایەتییو سیاسیی، دەکات.  متمانە سیفەتێکی بایۆلۆژیی نییە لەم میلەتدا ھەبێت و لەویتردا نەبێت، پێدراوێکی خودایی یان سروشتیی نییە، بەڵکو دروستکراوێکی کۆمەڵایەتیی مێژووییە، بەرھەمی پەیوەندیی فرەجەمسەری نێوان مرۆڤەکانە لەگەڵ یەکتریدا، بە تایبەتی بەرھەمی پەیوەندیی ێوان کۆمەڵگا و حوکمڕانان و بەڕێوەبەران و ئاراستەکەرانی ئەو کۆمەڵگایەیە. متمانە  دروستکراوێکی ئینسانیی ناسکە، دەشێت بە ئاسانی بشکێنرێت. کە شکاش ئیتر ئێمە لەبەردەم مەترسیی لەدەستدانی متمانەداین. 

لەزۆر سەرەوە متمانە پەیوەندییەکی پتەوی بە پشتبەستنەوە ھەیە بەو کەسانەی کە چاوەڕوانی ئەوەیان لێدەکەیت ئەو کارە بکەن کە پێویستە بیکەن. متمانە بە کەسێک مانای پشت بەستنە بەو کەسە کە بتوانێت ئەو مەسەلەیەی لە نێوان ئەو کەسە و کۆمەڵگادایە، بە دڵسۆزیی و ڕاستگۆییەوە جێبەجێبکرێت. بەم مانایە متمانە بە حکومەت، یان بە حوکمڕان واتە پشتبەستن بەو حکومەت و حوکمڕانە بەوەی ئەو شتانە ئەنجامبدات کە کەسەکان چاوەڕواندەکەن ئەنجامیبدات. پشتبەستن بەوەی کە ئەوان دەتوانن و دەیانەوێت، ئەو شتانە ئەنجامبدەن کە ئەرکیانە ئەنجامیبدەن. متمانە لەم ئاستەدا ئەگەر و توانای کاری پێکەوەیی و ھاریکاریی و بەدەمەوەچونی یەکتری زیاتر و بەھێزتر دەکات.

متمانە ھەمیشە پێویستیی بە جۆرێک لە شەرعیەتیش ھەیە، دەبێت بسەلمێنرێت کە ئەم یان ئەو کەس، ئام یان گروپ و دەزگا، ئام یان حوکمڕان و سیاسیی و ڕۆشنبیر شایستەی متمانەن، ئەم سەلماندنەش تەنھا لە باوەرەوە، یان لە دۆخێکی سایکۆلۆژیی تایبەتەوە نایەت، بەڵکو لە بەرخوردێکی عەقڵانییەوە سەرچاوەدەگرێت کە ئەزموونی مێژووییی و ئینسانیی دۆخێکی تایبەت، دەیخاتە بەردەمی مرۆڤەکان. مرۆڤ لەرێگای تێفکرین و ڕوانین و ئەزموونکردنەوە دەتوانێت متمانە بە کەسێک یان دەزگایەک یان حوکمڕانییەک بکات، نەک لە رێگای پەیوەندییەکی سایکۆلۆژییەوە کە بنەمایەکی عەقڵانی نەبێت. بەم مانایە متمانە تەنھا دیاردەیەکی سایکۆلۆژیی نییە، بەڵکو بە پلەی یەکەم دیاردەیەکی سیاسییە. بەڵام سیاسەت بە کام مانا؟ سیاسەت بەمانای چۆنیەتی دروستکردن و بەڕێوەبردنی ژیانی گشتیی مرۆڤەکان بەیەکەوە، واتە دروستکردنی چوارچێوە گەورە و ھاوبەشەکانی ژیانێکی گشتیی و پێکەوەیی، کە تیایدا مرۆڤەکان بتوانن پشت بەیەکتری ببەستن و باوەڕ و متمانەیان بەیەکتری ھەبێت. لە ھەر شوێنێکی دونیادا ئەرکی ژمارە یەکی سیاسەت بریتییە لە دەستەبەرکردنی متمانە، گەرەنتیدان بە متمانە. ئەمە وادەکات یەکێک لە پێوەرەکانی جیاکردنەوەی سیاسەتی باش لە سیاسەتی خراپ، توانای دروستکردنی متمانەبێت لە کۆمەڵگادا. بەڵام گەرەنتیکردنی متمانە لە رێگای ئەم یان ئەو کەسایەتی سیاسییەوە نا، بەڵکو لە رێگای ئەو دەزگا و چوارچێوە سەرەکییانەوە کە ژیانی گشتیی لە وڵاتێکدا رێکدەخەن و بەڕێوەدەبەن. چونکە دەشێت وڵاتێک خاوەنی سیاسیی خراپ و کورتبین و گەمژەبێت، بەڵام ھاوکات خاوەنی دەزگای بەھێز و یاسایی و سەربەخۆی، متمانەپێکراوبێت. لە دۆخێکی لەو بابەتەدا دەزگاکان دەتوانن متمانەی ھاوڵاتیان بەدەستبھێنن، با متمانە بە سیاسییەکانیش لە دەستبدەن. 

بێگومان ھەموو متمانەیەک بڕێک لەڕریسک و مەترسیی لە ھەناوی خۆیدا ھەڵگرتوە. مەترسی ئەوەی کەسی متمانەپێکراو نەتوانێت یان نەیەوێت شایانی ئەو متمانەیە بێت، واتە نەیەوێت ئەو شتانە ئەنجامبدات کە پێویستە و چاوەڕواندەکرێت ئەنجامیانبدات. بوونی ئەم بڕە لە مەترسیی لەناو متمانەکردندا، بەشێکە لە خودی ژیان  و لەو پەیوەندییانەش لە کۆمەڵگادا دروستدەبن. ئەگەر ئەم بڕە لە مەترسیی بوونی نەبێت، کەواتە ئێمە لە کۆمەڵگایەکی پێرفێکتی بێنووقسانیی و بێکەموکوڕیی ئایدیالیی و نموونەیدا، دەژین. واتە لە دەرەوەی مێژوودا دەژین، چونکە کۆمەڵگای ئایدیالی بێکەموکوڕیی و نووقسانیی بوونی نییە، کۆمەڵگایەک خاڵی لە ریسک و لە مەترسیی تەنھا لە خەیاڵ و سەری کەسە یۆتۆپیستەکاندا بوونی ھەیە. بێگومان بوونی کەمێک مەترسیی لە پەیوەندیدا بە متمانەوە، تەواو جیاوازە لە بێمتمانەیی. لە دووھەمیاندا متمانەنەکردن گۆڕاوە بۆ دۆخی سایکۆلۆژیی و سیاسیی باڵادەستە، متمانە گۆڕاوە بۆ دژەکەی، واتە بۆ بێمتمانەیی.
لەدەستدانی متمانە وەک دیاردەیەکی ئینسانیی و کۆمەڵایەتیی پەیوەندیی بە سێ شتەوە ھەیە. 
یەکەمیان، 

یەکەمیان، بێمتمانەیی پەیوەندییەکی پتەوی بە نەبوونی دادپەروەرییەوە ھەیە، مرۆڤ کە زانی کەسێک دادەپروەرانە ئەو ئەرکانە جێبەجێناکات کە پێویستە جێبەجێیان بکات، ئەودەم ئەو کەسە وەک خراپەکار یان گوێپێنەدەر یان نابەرپرسیار، یان کەمخەم یان گەمژە، دەبینرێت و مامەڵەدەکرێت. ھەر یەکێک لەو ئاکارانەش دەتوانن سەرچاوی بێمتمانەیی و لەناوچوونی متمانەبن. 

دووھەم، متمانە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆشی بەڕێزلێگرتنەوە ھەیە. مرۆڤ کە متمانەی بە کەسێک یان بە ھێزێک یان بە کۆمەڵەیەک ھەبوو، ئەوەدەگەیەنێت کە رێزی بۆ ئەو کەس و ھێز و کۆمەڵەیە ھەیە. بەڵام کە متمانە بەرامبەر بەو شتانە لەدەستئەدات و بێمتمانەیی دەبێتە جەوھەری ئەو پەیوەندییەی بەیەکەوە گرێیانئەدات، ئەودەم بێڕێزیی دەبێتە دەرەنجامی ئەو پەیوەندییە. 

سێھەم، پەیوەندییەکی بەھێز لە نێوان لەدەستدانی متمانە و دروستبوونی نائومێدیدا ھەیە. نائومێدبوون دەرەنجامی بەخشینی متمانەیە بە کەسێک، ھێزێک، لایەنێک، مرۆڤێک، کە ئەو ئەو متمانەیەی نەپارستبێت، پێچەوانەی متمانەکردنەکە و چاوەروانییەکانی ئەنجامدابێت، یان ھەر لە بنەڕەتەوە شایەنی متمانەپێبەخشین نەبووبێت. نائومێدبوون کاردانەوەیەکی ئاسایی و گونجاوە بەرامبەر بە شکاندنی متمانە و بەرامبەر بە ناپاکیکردن لە متمانەبەخشین.

حوکمڕانانی ھەرێم لە دۆخی بێمتمانەییەکی تەواودا دەژین و ئەو لانی ھەرەکەمەی متمانەشیان لەدەستداوە کە بۆ کەمترین ئاستەکانی گوێلێگرتن و ڕێزگرتن و بەدەمەوەچوونیان، پێویستە. ھیچ شتێک لە ھەرێمدا بوونی نییە وا لە خەڵک بکات متمانە بە حوکمڕانەکانی بکات. ئەو ژینگەیەش کە دروستکراوە ھەرچییەکی تیادا دروستبکرێت ناتوانرێت متمانەی تیادا دروستبکرێت. کۆی سیستمە سیاسییەکە و سەرجەمی دەزگا سەرەکییەکانی، بە پەرلەمان و حکومەت و جیھازی بیرۆکراسیی و حیزب و ڕێکخراوەکانیانەوە، قابیلی متمانەپێکردن نین. بەشی ھەرزۆری ئەو سیاسییانەش کە لە ھەرێمەکەدا بڕیاریان بەدەستە ھەموو جۆرەکانی متمانەپێکردنیان لەدەستداوە. ئەو نوخبە میدیایی و ڕۆشنبیرییەش کە لەپاڵ ئەو حوکمڕانیی و حیزب و بنەماڵە حوکمڕانەکاندا، دروستبوون و کاری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان بۆدەکەن.
 
لە ھەرێمدا نە متمانەی دەزگایی ھەیە، نە متمانەی تاکەکەسیی، نە متمانەی دەستە و تاقم و گروپ، نە متمانەی حیزبیی، نە متمانەی خێزنیی و بنەماڵەیی، تەنانەت نە متمانەی مەعریفیی و نە متمانەی دینییش. سەرجەمی بکەرەکانی ناو ئەم بوارانە، بە تایبەتی لە ئاستی سیاسیدا، تەواو بێمتمانەبوون و توانای باوەڕپێکردنیان لەدەستداوە. 
ھەلومەرج و پێشمەرجی دروستبوونی متمانەش لە ھەرێمدا بە تەواوی غائیبە، ھەرێمێک تیایدا لانی ھەرەکەمی کۆگیریی تێدانەماوە، چوارچێوە سەرەکییەکانی پارچەپارچە و دابەشبوو و لەتلەتە. ھێزەکانی ناویشی، بە تایبەتیش ھێزە سیاسییەکانی، ھێندەی ھێزێکن بۆ پارچەپارچەکردن و لەت لەتبوون ھێندە ھێزی یەکخستنی لانی ھەرەکەمی پێکەوەبوونی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی نین. سیستمی حوکمڕانیی و دەزگاکانی، جیھازی بیرۆکراسیی، زمانی قسەکردنیان، ھەموویان ھێزی دابەش و پارچەپارچەکەرن. تەنانەت دینیش وەک ھێزێک بۆ دابەشبوون کاردەکات. ھەندێک کەس پێیانوایەن ڕاستە بەشی زۆری ئەو ھێزانەی باسکران، ڕۆڵی پارچەپارچەکردن دەبینن، بەڵام دین، واتە ئیسلام، تاقە ھێزێکە کە توانای کۆکردنەوەی خەڵک و پاراستنی ئەو لانیکەمەی پێکەوەبوون و متمانەی، ھەیە. بەبۆچوونی من ئەمەش خورافەتێکی گەورەی پاڵ خورافەتەکانی تری ناو دونیای ئێمەیە. کایەی دین لە ھەرێمدا وەک کایەی سیاسیی بەش بەش و پارچەپارچەیە، ئەگەر زیاتر پارچەپارچە نەبێت. بە ھیچ مانایەک  کایەی دین لە کایەی سیاسیی کەمتر دابەش و پارچەپارچە نییە. ئەگەر سیاسییەکان یەکتری بە خائین و ناپاک و خۆڕانەگر تۆمەتباربکەن، بکەرە دینییەکان یەکتری بە گومڕا و موشریک و بیدعەچیی تۆمەتبار دەکەن و یەکتری ڕەوانەی جەھەنم دەکەن.   


بە کورتییەکەی ئێمە لە بەردەمی دۆخێکداین کە تیایدا کۆمەڵگاکە ھەڵگری ھیچ دیدگا و ڕوانینێکی پۆزەتیڤ و ئومێدبەخش نییە بەرامبەر بە حوکمڕان و نوخبە باڵادەستەکانی ناوی، باوەڕی بە توانای ھیچ یەکێکیان لە سەرکەوتن بەسەر تەماح و خواستە شەخسیی و خێزانیەکانیاندا نییە و ھەموویان وەک بکەری کورتبین و قازانجپەرستیی تایبەت وێنادەکات. ھیچ ئیرادەیەکیش بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە نابینێت. 
زۆرینەی ھەرەزۆری بکەرەکانیش توانای باوەڕپێکردنیان لەدەستداوە، ئیتر لە ناپاکیکردنەوە بیگرە بۆ دانی وادە و مژدەی درۆ، تا بە گوتنی شتێک و ئەنجامدانی پێچەوانەکەی دەگات. 


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand