ئه‌مڕۆ چاره‌نوسی هه‌ڵبژاردنی كوردستان یه‌كلاده‌بێته‌وه‌

Draw Media

2024-03-31 07:43:52



(دره‌و):
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چاره‌نوسی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان یه‌كلاده‌بیته‌وه‌، ئه‌گه‌ر كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان واده‌ی وه‌رگرتنی ناوی كاندیده‌كان درێژ نه‌كاته‌وه‌و پارتیش لیستی كاندید پێشكه‌ش  نه‌كات، هه‌ڵبژاردنی 10ی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌ناچێت. 
ئه‌مڕۆ دواین واده‌یه‌ بۆ وه‌رگرتنی لیستی كاندیدی حزب و هاوپه‌یمانێتی و كاندیده‌ تاكه‌كه‌سییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان. 
به‌پێی قسه‌ی وته‌بێژی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، تائێستا (2) هاوپه‌یمانی و (4) حزب لیستی كاندیده‌كانیان پێشكه‌ش كردووه‌، به‌شێوه‌ی كاندیدی تاكه‌كه‌سیش (53) كه‌س فۆرمی كاندیدبوونیان پێشكه‌ش كردووه‌. 
پارتی و یه‌كێتیی وه‌كو دوو هێزی سه‌ره‌كی ده‌سه‌ڵاتدار، هێشتا لیستی كاندیده‌كانیان پێشكه‌شی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان نه‌كردووه‌. 
مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دوێنێ باڵیۆزی ئه‌مریكای بینی، له‌ دیداره‌كه‌یدا جه‌ختی له‌سه‌ر كرۆكی به‌یاننامه‌كه‌ی رۆژی 18ی ئه‌م مانگه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی كرده‌وه‌ بۆ به‌شدار نه‌بوون له‌ هه‌ڵبژاردن.
دواین واده‌ بۆ وه‌رگرتنی لیستی كاندیده‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان رۆژی 28ی ئه‌م مانگه‌ بوو‌، به‌ڵام له‌سه‌ر داوای پارتی، كۆمسیۆن ماوه‌ی (3) رۆژ واده‌ی وه‌رگرتنی لیستی كاندیده‌كانی درێژكرده‌وه‌. 
به‌پێی زانیارییه‌كانی (دره‌و)، به‌ر له‌ ته‌واوبوونی واده‌ی وه‌رگرتنی ناوی كاندیده‌كان له‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆدا، هه‌وڵێكی تر هه‌یه‌ به‌ ئاڕاسته‌ی درێژكردنه‌وه‌ی واده‌كه‌ بۆ چه‌ند رۆژێكی تر. 
نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم كه‌ هاوكات جێگری سه‌رۆكی پارتییه‌، سه‌رباری ئه‌وه‌ی به‌مدواییانه‌ به‌ نوسراوێك ژماره‌یه‌ك تێبینی و داواكاری ئاڕاسته‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان كرد كه‌ داواكاری پارتی بوون، به‌ڵام هێشتا پێی وایه‌ به‌م بارودۆخه‌شه‌وه‌ هه‌ڵبژاردن بكرێت باشتره‌ له‌وه‌ی نه‌كرێت، پێیوایه‌ هه‌ڵبژاردن نه‌كرێت لێكه‌وتنی خراپتری له‌سه‌ر چاره‌نوسی قه‌واره‌ی فیدراڵی هه‌رێم ده‌بێت، بۆیه‌ به‌درێژكردنه‌وه‌ی واده‌ی وه‌رگرتنی ناوی كاندیده‌كان ده‌یه‌وێت سه‌رۆكی پارتی قایل بكات به‌به‌شداربوون له‌ هه‌ڵبژاردن، به‌ڵام ئایا جارێكی تر كۆمسیۆن واده‌ی وه‌رگرتنی ناوی كاندیده‌كان درێژده‌كاته‌وه‌ یاخود نا. 
نێچیرڤان بارزانی دوێنێ دوای مه‌سعود بارزانی مامی چاوی به‌ باڵیۆزی ئه‌مریكا كه‌وت، به‌ڵام له‌ راگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمدا سه‌باره‌ت به‌ ناوه‌ڕۆكی دیداره‌كه‌، هیچ ناڕه‌زایه‌تییه‌ك له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردن و یاخود ئه‌گه‌ری دواخستنی باس نه‌كراوه‌. 
مه‌سعود بارزانی له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ی دوێنێیدا به‌ باڵیۆزی ئه‌مریكای وتووه‌: "لایه‌نه‌كانی تر دوو ساڵ به‌ربه‌ست بوون له‌به‌رده‌م به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردندا"، ئه‌مه‌ به‌و واتایه‌ دیێت پارتیش مافی خۆیه‌تی به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م هه‌ڵبژاردن دروست بكات تا ئه‌وكاته‌ی مه‌رجه‌كانی بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردن جێبه‌جێ ده‌كرێت. 
راگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆك و مه‌كته‌بی سیاسی پارتی ده‌ریده‌خات، پارتی تایبه‌ت به‌ هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌تانه‌ تێبینی هه‌یه‌: 
•    چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غداد به‌تایبه‌تیش موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌ر له‌ سازدانی هه‌ڵبژاردن (خراپی دۆخی موچه‌ به ‌پله‌ی یه‌كه‌م له‌ هه‌ڵبژاردندا كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ده‌نگه‌كانی پارتی ده‌بێت، به‌وپێیه‌ی پارتی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌).
•    هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی (11) كورسی "كۆتا"ی پێكهاته‌كان. 
•    تێبینی له‌باره‌ی چۆنیه‌تی دابه‌شكردنی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌ر بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن (به‌تایبه‌تی بازنه‌ی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌ سێ كورسی بۆ ته‌رخانكراوه‌و پارتی داوا ده‌كات بكرێت به‌ شه‌ش كورسی). 
له‌به‌رامبه‌ردا یه‌كێتیی نیشتمانی كه‌ له‌رێگه‌ی دادگای فیدراڵییه‌وه‌ یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانی به‌و شێوه‌یه‌ گۆڕیوه‌ كه‌ دڵخوازی خۆیه‌تی، بێده‌نگی لێكردووه‌و چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌یه‌ پارتی لیستی كاندیده‌كانی پێشكه‌ش بكات و دوای پارتی لیستی خۆی بدات به‌ كۆمسیۆن، بۆ ئه‌وه‌ی ناوی كاندیده‌كانی ئاشكرا نه‌بێت له‌حاڵێكدا ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌نه‌چوو. 
ئه‌وه‌ ته‌نیا یاسای هه‌ڵبژاردن نییه‌ كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كێتیدایه‌، به‌ڵكو كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقیش كه‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌بات، سه‌رۆكه‌كه‌ی دادوه‌رێكی خه‌ڵكی پارێزگای سلێمانییه‌. 
لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی تریش له‌چاوه‌ڕوانی یه‌كلابونه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی پارتی بۆ به‌شداربوون له‌ هه‌ڵبژاردندا ماونه‌ته‌وه‌و، به‌شێكیان نایانه‌وێت لیستی كاندیده‌كانیان ئاشكرا بكه‌ن، به‌تایبه‌تیش كه‌ له‌وه‌ تێگه‌یشتوون به‌ بێ به‌شداریكردنی پارتی، هه‌ڵبژاردن له‌ كوردستان به‌ڕێوه‌ناچێت. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand