ئۆتیزم له كوردستان
2024-04-02 13:03:43
راپۆرت: دره‌و
له هه‌رێمی كوردستان نزیكه‌ی (4 هه‌زار) منداڵی ئۆتیزم هه‌یه، به‌ڵام ته‌نیا (8) سه‌نته‌ری حكومی هه‌یه، 89%ی منداڵانی توشبوو سودمه‌ند نین له موچه‌ی 150 هه‌زار دیناری حكومه‌ت، ئۆتیزم چییه؟ نوێترین توێژینه‌وه‌كان له‌باره‌ی ئه‌م نه‌خۆشییه‌و ئه‌گه‌ری دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ره‌كانی چی ده‌ڵێن؟ ورده‌كاری له‌م راپۆرته‌دا.
"له راوه‌ستانه‌وه بۆ گه‌شه‌كردن"
ئه‌مڕۆ رۆژی جیهانی (ئۆتیزم)ه، دروشمی ئه‌مساڵ كه نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان دیاریكردووه بریتییه له "گواستنه‌وه له راوه‌ستانه‌وه بۆ گه‌شه‌كردن".
له‌وكاته‌وه كه له ساڵی 2007وه كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان رۆژی 2ی نیسانی وه‌كو رۆژی جیهانی هۆشیاری ئۆتیزم دیاریكردووه، نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ئه‌م رۆژه‌ی به‌رز راگرتووه، ئه‌مه‌ش وه‌كو ئامرازێك بۆ دووپاتكردنه‌وه‌و پێشخستن و جێبه‌جێكردنی هه‌موو مافه‌كانی مرۆڤ و ئازادییه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ئه‌و كه‌سانه‌ی له سه‌رتاسه‌ری جیهان توشبووی ئۆتیزمن، له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌كسان و هه‌مه‌لایه‌نه له‌گه‌ڵ كه‌سانی تردا.
نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌ڵێ بڕیاری كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی (A/RES/62/139) كه له 2007 ده‌رچووه، جه‌خت له‌سه‌ر بایه‌خی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاری گشتی ده‌كات له‌باره‌ی نه‌خۆشی ئۆتیزمه‌وه. "ئه‌مڕۆ دوای تێپه‌ڕینی 17 ساڵ، له‌وه‌ی ته‌نیا ئاستی هۆشیاری به‌رزبكه‌ینه‌وه، گواستومانه‌ته‌وه بۆ قبوڵكردن و رێزگرتن له توشبووانی ئۆتیزم و به‌شداریكردنیان له كۆمه‌ڵگه‌دا".
به‌یاننامه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان به‌بۆنه‌ی رۆژی جیهانی ئۆتیزمی ئه‌مساڵه‌وه ده‌ڵێ: یادی ئه‌مساڵ ئامانج لێی راكێشانی سه‌ره‌نجی گشتگیری جیهانه بۆ ئۆتیزم، ئه‌مه‌ش له‌رێگه‌ی سه‌ره‌نجدانێكی ناوازه له ده‌نگ و ئه‌زمونی توشبووانی ئۆتیزم خۆیان، ئه‌مه له‌پاڵ جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر بایه‌خی جێبه‌جێكردنی ئامانجه‌كانی گه‌شه‌پێدانی به‌رده‌وامی كه‌سانی توشبووی ئۆتیزم، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنن.
له چالاكییه‌كانی ئه‌مڕۆدا كۆمه‌ڵێك كه‌س قسه ده‌كه‌ن كه خۆیان توشبووی ئۆتیزمن و نوێنه‌رایه‌تی 6 ناوچه‌ی جیهان ده‌كه‌ن (ئه‌فریقا- ئاسیا- زه‌ریای ئارام - ئه‌وروپا- ئه‌مریكای لاتین و ناوچه‌ی كاریبی- ئه‌مریكای باكورو ئۆقیانوسیا).
ئۆتیزم چییه ؟
تێكچوونی ئاوێزه‌ی گۆشه‌گیریی – كه به كورتی به ئۆتیزم- ناسراوه، حاڵه‌تێكی هه‌تاهه‌تایی ده‌ماره كه له قۆناغی پێشوه‌خته‌ی منداڵی‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌مه به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی ره‌گه‌زو نه‌ته‌وه‌و دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری.
به‌گوێره‌ی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی، ئۆتیزم بریتییه له كۆمه‌ڵێك تێكچوونی هه‌مه‌چه‌شن له نمونه‌ی سه‌ختی كارلێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌یوه‌ندیكردن، شێوازێك له چالاكی و ره‌فتار وه‌كو سه‌ختیی گواستنه‌وه له جۆرێك چالاكییه‌وه بۆ جۆرێكی تر‌و، نقومبوون له‌ناو ورده‌كاری و كاردانه‌وه‌ی نائاسایی به‌رامبه‌ر به هه‌سته‌كان.
دیارترین نیشانه‌كانی ئه‌م نه‌خۆشییه په‌یوه‌ندی به تواناكانی په‌یوه‌ندیكردن و كارلێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه هه‌یه. به‌گوێره‌ی سه‌نته‌ری ئه‌مریكا بۆ كۆنترۆڵی نه‌خۆشییه‌كان و خۆپاراستن لێیان، دیارترین نیشانه‌كانی ئۆتیزم ئه‌مانه‌ن:
• خۆبه‌دورگرتنی منداڵ له په‌یوه‌ندیكردن له‌رێگه‌ی چاوه‌وه، یاخود په‌یوه‌ندی ده‌گرێت به‌ڵام ناتوانێت پارێزگاری لێبكات و به‌رده‌وام بێت.
• كۆرپه له ته‌مه‌نی 9 مانگی‌دا وه‌ڵامدانه‌وه‌ی نابێت كاتێك به‌ناوی خۆیه‌وه بانگ ده‌كرێت.
• كۆرپه له ته‌مه‌نی 9 مانگی‌دا هیچ ئاماژه‌یه‌ك له روخساریدا ده‌رناكه‌وێت له نمونه‌ی دڵخۆشی و دڵته‌نگی و توڕه‌یی و سه‌رسوڕمان.
• له ته‌مه‌نی 12 مانگی‌دا یاری ئاسایی ناكات.
• له ته‌مه‌نی 12 مانگی‌دا ئاماژه‌ی كه‌م به‌كارده‌هێنێت یاخود هه‌ر به‌كاری ناهێنێت له نمونه‌ی (ئاماژه‌ی ده‌ست بۆ خواحافیزی و بای بای كردن).
• له ته‌مه‌نی 15 ساڵیدا له‌گه‌ڵ كه‌سانی تردا بایه‌خ به بابه‌ته هاوبه‌شه‌كان نادات.
• له ته‌مه‌نی 18 مانگی‌دا دایك و باوكی له‌و بابه‌تانه ئاگادار ناكات كه جێگه‌ی بایه‌خن بۆی.
• له ته‌مه‌نی 24 مانگی‌دا هه‌ست به ئازاری كه‌سانی تر یان بێزاربوونیان ناكات.
• له 36 مانگی‌دا هه‌ست به منداڵانی تر ناكات و له یاریكردندا تێكه‌ڵاوییان ناكات.
• له ته‌مه‌نی 48 مانگی‌دا كاتێك یاری ده‌كات وه‌كو كاره‌كته‌رێكی تر ده‌رناكه‌وێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی وا خۆی نیشان بدات مامۆستا یان سۆپه‌رمانه.
• له ته‌مه‌نی 60 مانگی‌دا هیچ شتێكی دیاریكراو ناكات كه سه‌ره‌نجی خێزانه‌كه‌ی رابكێشێت وه‌كو گۆرانی وتن.
نیشانه‌كانی ئۆتیزم له ره‌فتاردا:
منداڵانی توشبووی ئۆتیزم هه‌ندێك ره‌فتارو بایه‌خیان هه‌یه كه ره‌نگه هه‌ندێك نائاسایی ده‌ربكه‌وێت، له‌وانه:
• رێكخستنی یاری و كه‌لوپه‌له‌كانی تر‌و نیگه‌رانبوون به ده‌ستكاریكردن و گۆڕینی رێكخستنهكه.
• هه‌مان وشه یاخود ده‌سته‌واژه زۆر دووباره ده‌كه‌نه‌وه.
• هه‌موو جارێك به هه‌مان شێواز یاری به یارییه‌كانی ده‌كات.
• سه‌ره‌نج له‌سه‌ر به‌شێكی شته‌كان داده‌نێت (بۆ نمونه تایه‌كان له ئۆتۆمبیلی یاریكردندا).
• به‌گۆڕانكاری بچوك دڵته‌نگ ده‌بێت.
• له‌راندنه‌وه‌ی ده‌سته‌كانی یاخود سوڕاندنی به‌شێوه‌ی بازنه‌یی.
• له ده‌ركه‌وتن، بۆن و تام و روخساری و ده‌ستلێدانی شته‌كان كاردانه‌وه‌ی نائاسایی نیشان ده‌دات.
نیشانه‌كانی ئۆتیزم له‌ڕووی زمان و باری ده‌رونییه‌وه:
• دواكه‌وتنی گه‌شه‌كردنی تواناكانی فێربوونی زمان.
• دواكه‌وتنی گه‌شه‌كردنی تواناكانی جوڵه.
• دواكه‌وتنی توانای مه‌عریفی و فێربوون.
• ره‌فتاری هه‌ڵه‌شه.
• نه‌خۆشی سه‌رئێشه یان گێژبوون.
• خووی نائاسایی خواردن و خه‌وتن.
• كێشه‌ی كۆئه‌ندامی هه‌رس (بۆ نمونه قه‌بزی)
• باری ده‌روونی نائاسایی و كاردانه‌وه‌ی سۆزداری.
• دڵه‌ڕاوكێ و فشاری ده‌روونی.
• نه‌بوونی ترس یاخود ترسی زیاتر له‌وه‌ی پێشبینی ده‌كرێت.
له‌دوای دیاریكردنی ئه‌م نیشانانه، پسپۆڕان هۆشداری ده‌ده‌ن له‌وه‌ی گرنگه بزانرێت كه ده‌كرێت منداڵانی توشبوو به ئۆتیزم هه‌موو یان هیچ یه‌كێك له‌م ره‌فتارانه‌یان تێدا نه‌بێت.
به‌گوێره‌ی خه‌مڵاندنی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی، له‌كۆی هه‌ر 100 منداڵێك له جیهاندا منداڵێك توشی ئۆتیزم ده‌بێت، ئۆتیزمیش چه‌ند جۆرێكی هه‌یه، كه هه‌ریه‌كه‌یان به‌گوێره‌ی نیشانه‌كانیان پله‌یه‌كی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه له‌نێوان توند‌و مامناوه‌ندو هێواش.
تائێستا نه‌خۆشی ئۆتیزم هیچ چاره‌سه‌رێكی نییه، ئه‌وه‌ی هه‌یه هه‌وڵدانه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی نیشانه‌كانی نه‌خۆشییه‌كه كه كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ژیانی رۆژانه‌ی منداڵ یان توشبووه‌كان هه‌یه، كه ئه‌وه‌ش خۆی ده‌بینێته‌وه له پرۆگرامه‌كانی گۆڕینی هه‌ڵسوكه‌وت و په‌ره‌پێدان و په‌روه‌رده‌و فێركردن و په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی، واتا ده‌رمانێكی دیاریكراو بۆ ئه‌م نه‌خۆشییه بوونی نییه، هه‌ندێك ده‌رمان كه به‌كارده‌هێنرێت ته‌نیا بۆ یارمه‌تیدانی چاكردنی به‌شێك له‌و ره‌فتارانه‌یه كه توشبووانی ئۆتیزم هه‌یانه.
ئۆتیزم له هه‌رێمی كوردستان
به‌گوێره‌ی ئاماری كۆمه‌ڵه‌ی ئۆتیزمی كوردستان، زیاتر له (3 هه‌زارو 665) منداڵی توشبووی ئۆتیزم له هه‌رێم هه‌یه كه زۆرینه‌یان كوڕن، ئه‌مه ته‌نیا ئه‌و رێژه‌یه كه له‌م كۆمه‌ڵه‌یه تۆماركراوه، واتا ده‌كرێت رێژه‌كه زۆر زیاتریش بێت.
حاڵه‌ته‌كانی ئۆتیزم به‌مشێوه‌یه دابه‌شبوون به‌سه‌ر ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا:
• هه‌ولێر: 1300 حاڵه‌ت
• سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه: 900 حاڵه‌ت
• دهۆك: 850 حاڵه‌ت
• زاخۆ: 300 حاڵه‌ت
• ئیداره‌ی گه‌رمیان: 315 حاڵه‌ت
به‌گشتی له هه‌رێمی كوردستاندا (49) سه‌نته‌ری راهێنانی ئۆتیزم هه‌یه، له‌م رێژه‌یه (41) سه‌نته‌ریان ئه‌هلین، واتا له‌به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنی بڕه‌پاره‌یه‌كی مانگانه یاخود رۆژانه‌دا چاره‌سه‌رو راهێنان به منداڵانی ئۆتیزم ده‌كه‌ن، له‌به‌رامبه‌ردا حكومه‌تی هه‌رێم ته‌نیا (8) سه‌نته‌ری راهێنانی ئۆتیزمی دروستكردووه كه به‌خۆڕایی خزمه‌تگوزاری پێشكه‌شی توشبووانی ئۆتیزم ده‌كه‌ن، ئه‌مه له‌كاتێكدایه به‌پێی قسه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی ئۆتیزم رێژه‌ی 40%ی ئه‌و خێزانانه‌ی كه منداڵی ئۆتیزمیان هه‌یه، هه‌ژارن ناتوانن منداڵه‌كانیان بنێرن بۆ سه‌نته‌ره ئه‌هلییه‌كان.
سه‌رباری ئه‌م دۆخه، وه‌زاره‌تی كار‌و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی كه وه‌زیره‌كه‌ی (كوێستان محه‌مه‌د)هو سه‌ربه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه، شانازی ده‌كات به‌وه‌ی له رابردوودا تەنها لە شاری هەولێرو سلێمانی و دهۆک سەنتەری ئۆتیزم هەبووه‌و ئێستا لە شاره‌كانی (هەڵەبجە- حاجی ئاوا- کۆیە- بازیان) سەنتەری ئۆتیزم کراوەتەوەو بەمزوانه‌ش لە هەردو قەزای (کفری و ئاکرێ) سەنتەر دەکرێتەوە، واتا له‌سه‌رده‌می كابینه‌ی مه‌سرور بارزانیدا ته‌نیا (4) سه‌نته‌ری نوێی ئۆتیزم له كوردستان كراونه‌ته‌وه.
سه‌رباری ئه‌م هه‌نگاوانه‌ش، له‌كۆی نزیكه‌ی (4 هه‌زار) توشبوو، تائێستا ته‌نیا ته‌نیا 12%ی توشبووان له سه‌نته‌ره حكومییه بێ به‌رامبه‌ره‌كاندان.
له هه‌رێمی كوردستان منداڵانی توشبووی ئۆتیزم و دایك و باوكیان هه‌ندێك تایبه‌تمه‌ندییان پێدراوه، یه‌كێك له‌و تایبه‌تمه‌ندییان پێدانی موچه‌یه‌كی مانگانه‌یه به‌بڕی (150 هه‌زار) دینار، به‌ڵام له‌كۆی نزیكه‌ی (4 هه‌زار) توشبوو، ته‌نیا 11%ی توشبووه‌كان ئه‌م موچه‌یان بۆ بڕدراوه‌ته‌وه‌و زۆینه لێی بێ به‌شن، ئه‌مه له‌كاتێكدایه ئاماری كۆمه‌ڵه‌ی ئۆتیزم باس له‌وه ده‌كات (40%) خێزانه‌كانی ناو ئه‌م گروپه هه‌ژارن.
وه‌زاره‌تی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ڵێ: بەشێکی تری توشبووانی ئۆتیزم ناوەکانیان رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە بۆ بەستنی موچە.
خزمه‌تگوزارییه‌كی تری حكومه‌تی هه‌رێم بۆ ئه‌م توێژه‌ی كۆمه‌ڵگه بریتییه له وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری بێ به‌رامبه‌ر له نه‌خۆشخانه حكومییه‌كان، بواردنیان له هه‌ندێك رێوشوێن له‌ناو فڕۆكه‌خانه‌كاندا، ئه‌مه له پاڵ مافی وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی به‌خێوكه‌ر له داموده‌زگاكانی حكومه‌ت بۆ ئه‌و دایك و باوكانه‌ی كه منداڵی ئۆتیزمیان هه‌یه.
سه‌رباری ئه‌مه‌ش، دۆخی ئه‌و خێزانانه‌ی كه منداڵی ئۆتیزمیان هه‌یه له ناسه‌قامگیریداو به‌گوێره‌ی ئاماری كۆمه‌ڵه‌ی ئۆتیزم هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م خێزانانه له‌زیادبووندایه.
نوێترین توێژینه‌وه‌كان له‌باره‌ی ئۆتیزم
نوێترین توێژینه‌وه‌كان له‌باره‌ی ئۆتیزمه‌وه باس له هه‌ندێك هۆكار بۆ توشوبوون به‌م نه‌خۆشییه ده‌كه‌ن، كه دیارترینیان ئه‌مانه‌ن:
• (دوركه‌وتنه‌وه‌ی دایكان و باوكان له مادده ژه‌هراوییه‌كان مه‌ترسی توشبوونی منداڵه‌كانیان به ئۆتیزم كه‌مده‌كاته‌وه)، ئه‌م توێژینه‌وه‌یه مانگی رابردوو له‌لایه‌ن سه‌نته‌ری زانسته ته‌ندروستییه‌كان له زانكۆی تێكسای ئه‌مریكا بڵاوكرایه‌وه.
• (ره‌نگه ئۆتیزم به‌و ده‌رمانانه باش ببێت كه ئێستا هه‌ن)، ئه‌م توێژینه‌وه‌یه مانگی رابردوو له‌لایه‌ن زانكۆی (رۆتجه‌رز)ی ئه‌مریكاوه بڵاوكراوه‌ته‌وه، توێژه‌ره‌كان شیكارییان كردووه بۆ چۆنیه‌تی گه‌شه‌ی مێشكی توشبووان به شێوازه جیاوازه‌كانی ئۆتیزم، ئه‌و میكانیزمه بنه‌ڕه‌تیانه‌یان دیاریكردووه كه ره‌نگه وه‌ڵامده‌ره‌وه بن بۆ ئه‌و ده‌رمانانه‌ی كه ئێستا هه‌ن، ئه‌م توێژینه‌وه‌یه بوار له‌به‌رده‌م چاره‌سه‌ری كارا بۆ نه‌خۆشی ئۆتیزم ده‌كاته‌وه له‌رێگای ئه‌و ده‌رمانانه‌ی كه ئێستا هه‌ن.
• (دیاریكردنی نه‌خۆشی ئۆتیزم له‌رێگه‌ی تاقیكردنه‌وه‌ی چاوه‌وه)، ئه‌م توێژینه‌وه‌یه كه مانگی شوباتی ئه‌مساڵ له‌لایه‌ن زانكۆی كالیفۆرنیا- سان فرانسیسكۆی ئه‌مریكاوه بڵاوكرایه‌وه، ئاماژه به‌وه ده‌كات زاناكان رێگایه‌كی نوێیان بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی نه‌خۆشی ئۆتیزم دۆزیوه‌ته‌وه كه ئه‌وه‌ش پێوانه‌كردنی چۆنیه‌تی جوڵه‌ی چاوی منداڵانه له‌كاتێكدا كه سه‌ریان ده‌سوڕێنن، بۆیان ده‌ركه‌وتووه ئه‌و منداڵانه‌ی كه جینات (بۆهێڵ)ێكی جیاوازیان هه‌یه كه په‌یوه‌ندیداره به ئۆتیزمی تونده‌وه، جوڵه‌یه‌كی دیاریكراوی خۆیان هه‌یه.
• (كاریگه‌ری بۆهێڵه‌كان له‌سه‌ر مه‌ترسی توشبوون به ئۆتیزم)، ئه‌م توێژینه‌وه‌یه له مانگی یه‌كی ئه‌مساڵدا له‌لایه‌ن سه‌نته‌ری (RIKEN) بۆ زانستی ده‌ماره‌كان له ژاپۆن بڵاوكرایه‌وه، توێژه‌ره‌كان پشكنینی بۆماوه‌ییان بۆ تێكچوونی ئاوێزه‌ی گۆشه‌گیری كردووه له‌رێگه‌ی شیكاریكردنی گۆڕانكاری له جینۆمی تاك و خێزانه‌كان، بۆیان ده‌ركه‌وتووه جۆرێكی تایبه‌تی گۆڕانی بۆهێڵه‌كان ده‌بێته هۆی توشبوون به ئۆتیزم.
• (چاره‌سه‌ری فشاری خوێن ره‌نگه دڵه‌ڕاوكێ له توشبووانی ئۆتیزمدا كه‌م بكاته‌وه)، ئه‌م توێژینه‌وه‌یه له مانگی یه‌كی ئه‌مساڵدا له‌لایه‌ن زانكۆی میزوری- كۆڵۆمبیا له ئه‌مریكا بڵاوكرایه‌وه، توێژه‌ران بۆیان ده‌ركه‌وتووه ده‌رمانی (پرۆپرانۆلۆل) كه ده‌رمانێكه بۆ چاره‌سه‌ری فشاری خوێن، ره‌نگه یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی دڵه‌ڕاوكێ له منداڵ و لاوانی توشبوو به ئۆتیزم.
• (گه‌وره‌بوونی هه‌ندێك ناوچه‌ی مێشكی منداڵ په‌یوه‌ندی به زیادبوونی مه‌ترسی ئۆتیزمه‌وه هه‌یه)، ئه‌م توێژینه‌وه‌یه له مانگی یه‌كی ئه‌مساڵدا له‌لایه‌ن زانكۆی نۆرس كارۆلینای ئه‌مریكاوه بڵاوكرایه‌وه، توێژه‌ران بۆیان ده‌ركه‌وتووه گه‌وره‌بوونی بۆشاییه‌كانی ده‌وروبه‌ری خوێنبه‌ره‌كان له مێشكی منداڵدا به‌هۆی زیادبوونی شله‌ی مۆخ، دواتر‌و له قۆناغێكی تری ژیاندا ئه‌گه‌ری توشبوون به ئۆتیزم به‌رێژه‌ی 2.2 جار زیاد ده‌كات.
• (ئه‌وانه‌ی ئۆتیزمیان هه‌یه كه‌متر توشی كاریگه‌ریی ته‌ماشاكه‌ران ده‌بن)، ئه‌م توێژینه‌وه‌یه له ئۆكتۆبه‌ری 2023دا له‌لایه‌ن زانكۆی (یورك) له كه‌نه‌دا بڵاوكرایه‌وه، یه‌كێك له تیۆرییه ده‌رونییه چه‌سپاوه‌كان باسله‌وه ده‌كات كه زۆربه‌مان كه‌متر له‌بارودۆخه خراپه‌كاندا ده‌ستوه‌ردان ده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر كه‌سانی تر هه‌بن، ئه‌مه پێی ده‌وترێت "كاریگه‌ریی ته‌ماشاكه‌ر"، ئه‌مه له‌سه‌ر شوێنی كاركردنیش ده‌چه‌سپێت، به‌ڵام ئه‌م توێژینه‌وه‌یه ده‌ریخستووه ئه‌و كه‌سانه‌ی كه توشی ئۆتیزم بوون كه‌متر توشی ئه‌م جۆره ده‌رده كۆمه‌ڵایه‌تییه ده‌بن به‌به‌راورد به كه‌سانی ئاسایی، ئه‌مه‌ش لایه‌نێكی ئه‌رێنی نه‌خۆشی ئۆتیزمه كه ده‌كرێت دامه‌زراوه‌كان سود له‌م توێژه‌ی خه‌ڵك ببینن بۆ هه‌ندێك كاری خۆیان.
• (هه‌وكردنی مێشك ره‌نگه ببێته هۆی ئۆتیزم)، ئه‌م توێژینه‌وه له ئۆكتۆبه‌ری 2023دا له‌لایه‌ن كۆلیژی پزیشكی زانكۆی (میریلاند) له ئه‌مریكا بلاوكراوه‌ته‌وه، توێژه‌ره‌كان باسله‌وه ده‌كه‌ن هه‌وكردنی توند له قۆناغی سه‌ره‌تای منداڵی‌دا یه‌كێك له هۆكاره مه‌ترسیداره‌كانی توشبوونه به ئۆتیزم، چونكه هه‌وكردن گه‌شه‌كردنی خانه‌كانی مێشك ده‌گۆڕێت، ئه‌م دۆزینه‌وه‌یه ده‌كرێت ببێته هۆی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ چه‌ندین نه‌خۆشی جیاوازی گه‌شه‌ی ده‌ماره‌كان كه له قۆناغی منداڵی‌دا ده‌رده‌كه‌ون.
• (ئاشكراكردنی دوو رێگا بۆ ئۆتیزم له مێشكی گه‌شه‌سه‌ندوودا)، ئه‌م توێژینه‌وه‌یه له ئابی 2023دا له‌لایه‌ن زانكۆی (ییل) له ئه‌مریكا بڵاوكرایه‌وه، توێژه‌ران بۆیان ده‌ركه‌وتووه دوو تێكچوونی گه‌شه‌ی ده‌ماره‌كان كه ته‌نیا چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك دوای ده‌ستپێكردنی گه‌شه‌ی مێشك ده‌رده‌كه‌ون، په‌یوه‌ندییان به تێكچوونی ئاوێزه‌ی ئۆتیزمه‌وه هه‌یه، ئه‌م توێژینه‌وه‌یه ده‌كرێت له ئاینده‌دا یارمه‌تی پزیشك و توێژه‌ران بدات له دیاریكردنی نه‌خۆشی ئۆتیزم و چاره‌سه‌ركردنی.
• (په‌یوه‌ندی نێوان ئۆتیزمی منداڵان و نه‌خۆشییه‌كانی دڵ و خوێنبه‌ره‌كان)، ئه‌م توێژینه‌وه‌یه له ئازاری 2023دا له‌لایه‌ن سه‌نته‌ری زانسته پزیشكییه‌كان له زانكۆی ته‌كنه‌لۆژی تێكساس بڵاوكراوه‌ته‌وه، توێژه‌ران بۆیان ده‌ركه‌وتووه تێكچونی ئاوێزه‌ی گۆشه‌گیری په‌یوه‌ندیداره به مه‌ترسی گه‌وره‌تری توشبوون به نه‌خۆشییه‌كانی دڵ و خوێنبه‌ره‌كان و نه‌خۆشی شه‌كره به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی، له‌وانه نه‌خۆشی شه‌كره له جۆری یه‌كه‌م و دووه‌م، هه‌روه‌ك توێژینه‌وه‌كان ده‌ریانخستووه ئه‌و منداڵانه‌ی ئۆتیزمیان هه‌یه مه‌ترسی زیاتریان له‌سه‌ره بۆ توشبوون به نه‌خۆشی قه‌ڵه‌ویی، نه‌خۆشی قه‌ڵه‌ویش به‌ستراوه‌ته‌وه به زیادبوونی مه‌ترسی توشبوون به نه‌خۆشییه‌كانی دڵ و خوێنبه‌ره‌كانه‌وه، وه‌كو نه‌خۆشی شه‌كره‌و به‌رزبوونه‌وه‌ی كۆلیسترۆڵ و چه‌وری خوێن.
• (ئه‌و منداڵانه‌ی مه‌ترسی ئۆتیزمیان له‌سه‌ره، به‌زه‌حمه‌ت هه‌ست به ناته‌بایی ده‌نگ و ڤیدیۆ ده‌كه‌ن)، ئه‌م توێژینه‌وه‌یه له ئازاری 2023دا له‌لایه‌ن زانكۆی (رۆتجه‌رز) له ئه‌مریكا بڵاوكراوه‌ته‌وه، توێژه‌ران بۆیان ده‌ركه‌وتووه، به‌به‌راورد به‌و كۆرپانه‌ی كه مه‌ترسی گه‌وره‌ی توشبونیان به ئۆتیزم له‌سه‌ره، كۆرپه‌ی ئاسایی باشتر هه‌ست به هاوتابوونی ده‌نگ له‌گه‌ڵ بینین ده‌كه‌ن، ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ش به هه‌مان شێوه ده‌كرێت یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ نه‌خۆشی ئۆتیزم.
• (داتاكانی شه‌پۆلی مێشك و پشكنینی بیستن بۆ ده‌ستنیشانكردنی ئۆتیزم)، ئه‌م توێژینه‌وه‌یه له شوباتی 2023دا له‌لایه‌ن زانكۆی (رۆتجه‌رز) له ئه‌مریكا بڵاوكراوه‌ته‌وه، توێژینه‌وه‌كه ده‌ریخستووه داتاكانی شه‌پۆلی مێشك كه به‌شێوه‌ی رۆتینی له‌رێگه‌ی پشكنینی بیستنه‌وه بۆ منداڵانی تازه‌له‌دایكبوو كۆده‌كرێنه‌وه، ده‌كرێت یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ پزیشكه‌كان له دۆزینه‌وه‌ی تێكچوونی گه‌شه‌ی ده‌مار له‌سه‌ره‌تای منداڵی‌دا، له‌نمونه‌ی ئۆتیزم.