Draw Media

ده‌ره‌نجام و لێكه‌وته‌ سیاسییه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌ خۆجێیه‌كانی توركیا چین؟

ده‌ره‌نجام و لێكه‌وته‌ سیاسییه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌ خۆجێیه‌كانی توركیا چین؟

2024-04-02 08:01:52


هێمن خۆشناو
دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ (31 ئاداری 2024) هه‌ڵبژاردنی خۆجێی (شاره‌وانی) له‌ توركیا ئه‌نجامدرا. به‌گوێره‌ی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌ نافه‌رمییه‌كان، پارتی گه‌وره‌ی ئۆپۆزسیۆن پارتی گه‌لی كۆمار (جه‌هه‌په‌) سه‌رۆكایه‌تی 35 شاره‌وانی به‌ده‌ستهێناوه‌و بووه‌ براوه‌ی یه‌كه‌مینی هه‌ڵبژاردن‌. پارتی ده‌سه‌ڵاتدار پارتی دادو گه‌شه‌پێدان (ئاكپارتی) به‌ پله‌ی دووه‌م دێـت و له‌ 24 شاره‌وانیدا سه‌ركه‌وتوو بووه‌‌. هه‌روه‌ها پارتی یه‌كسانی و دیموكراتی گه‌لان (ده‌مپارتی) كه‌ وه‌كو نوێنه‌ری كورد له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێت له‌ 10 شاره‌وانیدا سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه‌ كه‌ سێیان گه‌وره‌ شاره‌وانین. جگه‌ له‌مانه‌ش هه‌ریه‌ك له‌ پارتی بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌په‌رستی (مه‌هه‌په‌) هه‌شت شاره‌وانی، پارتی ره‌فای نوێ 2 شاره‌وانی، هه‌ریه‌ك له‌ پارتی یه‌كێتی گه‌وره‌و ئیپارتی 1 شاره‌وانیان به‌ده‌ستهێناوه‌. 
له‌ ده‌ره‌وه‌ی ژماره‌و داتاكاندا، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ چه‌ندین راستی و لێكه‌وته‌ی چاوه‌ڕوانكراو و چاوه‌ڕواننه‌كراوی لێكه‌وته‌وه‌. گرنگترینیان سه‌ركه‌وتنی (ئه‌كره‌م ئیمائۆغڵو) بوو، له‌ ئیستانبۆڵ به‌ جیاوازی زیاتر له‌ ملیۆنێك ده‌نگ له‌ به‌رامبه‌ر كاندیدی ئاكپارتی (موڕاد قوروم). سه‌ركه‌وتنی ئیمامئۆغڵو به‌رێژه‌ی (51.9٪) پلان و به‌رنامه‌ی پارتی ده‌سه‌ڵاتداری بۆ داهاتوو سه‌راوبن كرد. هه‌روه‌ها ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ ئیمامئۆغڵو ده‌كاته‌ كاراكته‌رێكی گرنگ له‌ دیاریكردنی نه‌خشه‌ی سیاسی داهاتووی توركیادا. لێكه‌وته‌یه‌كی دیكه‌ی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ به‌نده‌ به‌ هه‌ڵوێستی ده‌نگده‌ری كورد، سه‌ره‌ڕای هه‌موو فشاره‌كان، هه‌ڵمه‌تی ناشیرین كردن، فرتوفێڵ و سه‌خته‌كاری، كورد هه‌نگاوی بۆ دواوه‌ نه‌نا، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ (ده‌مپارتی) چه‌ند هه‌نگاوێكی چووه‌ پێشه‌وه‌. له‌ هه‌مان كات پڕۆژه‌ی (هوداپار) كه‌ سه‌ركۆماری توركیا هیوای له‌سه‌ر چنیبوو بۆ دروستكردنی ئه‌لته‌رناتیفێك له‌به‌رامبه‌ر بزوتنه‌وه‌ی سیاسی كورد له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ هه‌ره‌سی هێنا. لایه‌نێكی دیكه‌ شكستخواردووی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ پارتی كۆمۆنیستی توركیا (TİP)و پارت و بزوتنه‌وه‌ی چه‌پڕه‌وه‌ی توركه‌. 
ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانیه‌‌كانی ئه‌مجاره‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی گشتی له‌ (ئایاری 2023)دا پێچه‌وانه‌ی پێشبینییه‌كان بوو. به‌ر له‌ رۆژی (31 ئاداری 2024) به‌ لایه‌نی براوه‌ی هه‌ڵبژاردنیش، كه‌س پێشبینی نه‌ده‌كرد‌ ئه‌نجامه‌كان بگه‌نه‌ ئه‌و ئاسته‌ی نه‌خشه‌ی سیاسی توركیا بگۆڕن و پارتی ده‌سه‌ڵاتدار (ئاكپارتی) توشی ئه‌م شكسته‌ گه‌وره‌یه‌ بێت. 
چه‌ند سه‌ردێرێك ده‌رباره‌ی ده‌ره‌نجام و لێكه‌وته‌كانی هه‌ڵبژاردنی 31 ئادار:
- ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ برینێكی قوڵی له‌ جه‌سته‌ی رژێمی سته‌مكارو تاكه‌ كه‌سی ئه‌ردۆغان دروستكردو ئاكپارتی گه‌ڕاندنه‌وه‌ سنوری هه‌ڵبژاردنی ساڵی (2002). به‌شێوه‌یه‌ك جارێكی دیكه‌‌ خۆكۆكردنه‌وه‌ی رێكخستنه‌وه‌ی زۆر زه‌حمه‌ته‌ (مه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ی ستراتیژی ئۆپۆزسیۆن وه‌كو هه‌ڵبژاردنی گشتی ساڵی 2023 رووبدات). ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن ده‌رفه‌تی خۆ له‌سه‌ر پێ راگرتن، مانه‌وه‌و به‌رده‌وامبوونی هاوپه‌یمانیه‌تی (ئاكپارتی – مه‌هه‌په‌) له‌باربرد، كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای دوژمنایه‌تی و قه‌تیسكردنی كورد دامه‌زراوه‌.
- پارتی ده‌سه‌ڵاتدار و هاوبه‌شه‌كانی، هه‌موو توانای ده‌وڵه‌تیان خسته‌گه‌ڕ‌ بۆ راگرتنی (جه‌هه‌په‌و ئیمامئۆغڵو)، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كان له‌ جاران زیاتر پێگه‌ی (ئیمامئۆغڵو) به‌هێزتر ده‌كه‌ن و ده‌یكاته‌ كاراكته‌رێكی گرنگ له‌ دیاریكردنی نه‌خشه‌و دواڕۆژی سیاسی له‌ توركیا. به‌ دوور نازانرێت كه‌ ئیمامئۆغڵو ببێته‌ كاندیدی هه‌ر به‌هێزی هه‌ڵبژاردنی داهاتووی سه‌ركۆماری توركیا.
سه‌ركۆمار و 17 وه‌زیر بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ 15 رۆژ له‌ ئیستانبۆڵ مانه‌وه‌، به‌رنامه‌شیان رێگرتن بوو له‌ دووباره‌ سه‌ركه‌وتنه‌وه‌ی (ئیمائۆغڵو). به‌ڵام شكستی ده‌سه‌ڵات، كاراكته‌ری‌ سیاسی ئیمائۆغڵو‌، ده‌كاته‌ سه‌مبۆلێكی زۆر جدی و ئیتر كاریگه‌ری ته‌نیا به‌ ئیستانبۆڵ سنوردار نابێت، به‌ڵكو هه‌موو توركیا ده‌گرێته‌وه‌. له‌ دیدی ده‌نگده‌ری تورك (ئیمامئۆغڵو) ده‌بێته‌ ئه‌و كاندیده‌ی كه‌ ده‌توانێ پشتی (ئه‌ردۆغان) له‌ زه‌ویدا بدات. 
سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی ئیمائۆغڵو به‌م رێژه‌یه‌ زۆر، له‌وانه‌یه‌ بۆ (ئوزگور ئۆزه‌ل) سه‌رۆك گشتی جه‌هه‌په‌ش چاوه‌ڕواننه‌كراو بێت. لایه‌نێكی دیكه‌ی ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ی (جه‌هه‌په‌) شكاندنی باوه‌كانه‌، تا ئه‌مڕۆ له‌ توركیا ئه‌وه‌ی باوه‌ رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی (جه‌هه‌په‌) جێگیره‌و 25٪ تێپه‌ڕ ناكات، به‌ڵام هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كان ده‌نگی ئه‌م پارته‌ی گه‌یانده‌ سه‌رووی 37٪. ئیتر ئه‌و لۆژیكه‌ی پێیوابوو كه‌ جارێكی دیكه‌ جه‌هه‌په‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌ڵبژاردنی 31 ئاداری 2024 بووه‌ مێژوو. 
- ده‌نگده‌ری كورد سه‌ره‌ڕای گوشار، ناشیرین كردن، فرتوفێڵ و ساخته‌كاری هه‌نگاوی بۆ دواوه‌ نه‌نا. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ (ده‌مپارتی) چه‌ند هه‌نگاوێكی بۆ پێشه‌وه‌ ناوه‌، ده‌رهێنانی شاره‌وانییه‌كانی ئاگری، موش و ئیغدر له‌ ده‌ستی ئاكپارتی، سه‌ركه‌وتنه‌ ره‌هاكه‌ی له‌ وان و به‌رزبوونه‌وه‌ی ژماره‌ و رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی له‌ روها، ئاماژه‌یه‌كی زه‌قه‌ كه‌ هێشتا ئیراده‌ی كورد له‌ جێگای خۆیه‌تی. 
له‌ سایه‌ی هه‌ڵبژاردندا جارێكی دووپات كرایه‌وه‌‌ كه‌ سیاسه‌تی گوشاری ئه‌ردۆغان له‌ ماوه‌ی 10 ساڵی رابردوو‌ ئه‌نجامێكی ئه‌وتۆی لێنه‌كه‌وتۆته‌وه‌و لێناكه‌وێته‌وه‌، سیاسه‌تی قه‌یوم كاریگه‌ری نابێت و ده‌بێت ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ئاسایی بكرێته‌وه‌و پێویسته‌ ده‌ستبه‌جێ سیاسه‌تی دانوستاندن جێگای گوشارو قه‌یوم بگرێته‌وه‌. 
- ده‌ره‌نجامێكی دیكه‌ ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن، ره‌شبوونه‌وه‌و بێ سودبوونی سیاسه‌تی (مه‌ڕال ئاكشه‌نه‌ر) سه‌رۆكی (ئیپارتی‌) بوو. هه‌ڵبژاردنی 31 ئادار نیشانیدا كه ده‌نگده‌ری تورك گرنگی نادات به‌‌ سیاسه‌تی ناسه‌قامگیر، پڕ ناكۆكی و بێ بنه‌ما. هه‌روه‌ها ده‌ركه‌وت كه‌ هه‌وڵی ئاكشه‌نه‌ر بۆ چوونه‌ ناو هاوپه‌یمانی كۆمار (هاوپه‌یمانی ئاكپارتی – مه‌هه‌په‌) بێ ئه‌نجامه‌. ئه‌گه‌ر له‌ چوونه‌ ناو ئه‌م هاوپه‌یمانیه‌تییه‌ش سه‌ركه‌وتوو بێت، ئه‌وه‌ ناتوانێ ئه‌نجامی سیاسی به‌ده‌ست بهێنێت.
- هه‌ره‌سهێنانی پڕۆژه‌ی (هوداپار) ده‌ره‌نجامێكی دیكه‌ی هه‌ڵبژاردنی خۆجێی بوو. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئاكپارتی هاوكاری سیاسی، ئابوری و بیرۆكراتیانه‌ی پێشكه‌ش به‌ (هوداپاری ئیسلامی) كرد، به‌ڵام ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ شكستی هێناو له‌ هه‌ڵبژاردندا ئه‌م پارته‌ نه‌یتوانی 1٪ ده‌نگ به‌ده‌ست بێنێت. پڕۆژه‌ی (هوداپار) كه‌وته‌ ناو زبڵدانه‌وه‌ كه‌ ده‌وڵه‌ت دیزاین و ئه‌ندازیاری بۆ ده‌كرد. 
- له‌ هه‌ڵبژاردنی 31 ئاداردا ره‌وتی نه‌ته‌وه‌په‌رستی – فاشیست له‌ توركیا توشی نسكۆیه‌كی گه‌وره‌ بوو. (پارتی زه‌فه‌ر) كه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات به‌ نهێنی و له‌لایه‌ن ئۆپۆزسیۆنیش به‌ ئاشكرا پشتگیری لێده‌كرا، بۆ پڕ كردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشایه‌ی له‌ سیاسه‌تی توركیا به‌ده‌یده‌كرێت، نه‌یتوانی هیچ ئه‌نجامێك به‌ده‌ست بێنێت. ئیتر ده‌ركه‌وت كه‌ پارتی زه‌فه‌ر له‌ گروپێكی بچوك به‌ولاوه‌، هیچ پێگه‌یه‌كیان نه‌بووه‌. 
- چه‌پ و كۆمۆنیستی تورك، لایه‌نێكی دیكه‌ی شكستخواردووی هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كانی توركیا بوون. سه‌ركه‌وتنه‌ بچوكه‌كه‌ی هه‌ڵبژاردنی گشتی ساڵی 2023 كه‌ پارتی كۆمۆنیستی توركیا (TİP) به‌ده‌ستیهێنا، ئه‌م پارته‌و بزوتنه‌وه‌ی چه‌پی كه‌مالیستی توركی توشی سه‌رخۆشی و زێده‌ڕۆیی له‌ خه‌مڵاندنی هێزی خۆی كرد. ئه‌م پارته‌ به‌ بژارده‌ی پۆپۆلیستیانه‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو له‌ شكستپێهێنانی (جه‌هه‌په‌)و سه‌رخستنی كاندیدی (ئاكپارتی) له‌ شاری (هاتای) عه‌له‌وی نشین. به‌م شێوه‌یه ‌(TİP) و بزوتنه‌وه‌ی چه‌پی كه‌مالیست بووه‌ نمونه‌یه‌كی ناشیرینی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand