كێشه‌ی موچه‌ چاره‌سه‌ر ده‌بێت؟

Draw Media

2024-04-03 10:13:52



(دره‌و):
تێكڕای ئه‌و پاره‌ی كه‌ وه‌زاره‌تی دارایی عێراق بۆ خه‌رجی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بۆ مانگی (2) ده‌ینێریت، بۆ بڕی (951 ملیار) دینار به‌رزده‌بێته‌وه‌، خه‌رجی مانگانه‌ی موچه‌ به‌پێی قسه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم ئێستا بڕی (949 ملیار) دیناره‌، ئه‌گه‌ر ئه‌م مانگه‌ بكرێت به‌ بنه‌ما، كێشه‌ی موچه‌ له‌نێوان هه‌رێم و به‌غداد چاره‌سه‌ر ده‌بێت.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ بڕی (352 ملیارو 700 ملیۆن) دینار بۆ موچه‌ی مانگی دووی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی هه‌رێم ده‌نێرێت. 
ئه‌مه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی وه‌فدی هه‌رێم بۆ به‌غداد به‌ سه‌رۆكایه‌تی (ئاوات شێخ جه‌ناب) وه‌زیری دارایی.
پێشتر وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم بڕی (599 ملیار) دیناری بۆ خه‌رجی موچه‌ی مانگی دووی فه‌رمانبه‌ران له‌ وه‌زاره‌تی دارایی عێراق وه‌رگرت و به‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ ده‌ستی به‌ دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی شوبات كرد.
ئێستا به‌و بڕه‌ پاره‌ی كه‌ بۆ موچه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ره‌وانه‌ ده‌كرێت، تێكڕای ئه‌و پاره‌ی كه‌ وه‌زاره‌تی دارایی عێراق بۆ موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی له‌ مانگی شوباتدا دابینی كردووه‌، به‌رزده‌بێته‌وه‌ بۆ بڕی (951 ملیار) دینار، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم دواینجار رایگه‌یاند، تێكڕای خه‌رجی موچه‌ی موچه‌خۆران له‌ هه‌رێم بۆ هه‌ر مانگێك بڕی (949 ملیار) دیناره‌.
واتا به‌گوێره‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ بێت كه‌ بۆ مانگی شوبات نێردراوه‌، حكومه‌تی عێراق دوو ملیار دینار زیاتریشی بۆ خه‌رجی موچه‌ی هه‌رێم ناردووه‌و ئه‌مه‌ ده‌بێت به‌ بنه‌ما بۆ خه‌رجی موچه‌ی هه‌رێم له‌چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی به‌ بانكیكردنی موچه‌دا. 
ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ هۆكاره‌كه‌ بێت كه‌ ئه‌مڕۆ سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ وته‌بێژی یه‌كێتیی رایگه‌یاند" ئه‌مڕۆ تاڕاده‌یه‌ك ده‌رگای ره‌حمه‌ت له‌به‌رده‌م خه‌ڵك كرایه‌وه‌، ئه‌وه‌ له‌م مانگه‌دا ئیشاڵا دوو موچه‌ وه‌رده‌گرن و له‌داهاتوودا موچه‌ رێكده‌خرێت و ئیتر له‌و دڵه‌ڕاوكێییه‌ نه‌جاتیان ده‌بێت".
دوای ماوه‌یه‌ك دواخستن، دواجار وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم له‌ رۆژی 30 ئازاره‌وه‌ ده‌ستی به‌ دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی شوبات كرد. 
پرسی دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی دوو كێشه‌ی له‌نێوان تیمی پارتی و یه‌كێتیی له‌ حكومه‌ت دروستكرد، یه‌كێتیی رایگه‌یاند پشتیوانی دواخستنی دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی دووی نه‌كردووه‌، پارتی وه‌ڵامی دایه‌وه‌و رایگه‌یاند، یه‌كێتیی له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا دژی بڕیاره‌كه‌ نه‌بووه‌. 
ئه‌گه‌ر ئه‌و (951 ملیار) دیناره‌ وه‌كو خه‌رجی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌ به‌غداد بچه‌سپێندرێت، كێشه‌ی موچه‌ چاره‌سه‌ر ده‌بێت و ته‌نیا پرسی چۆنیه‌تی (ته‌وتین)كردنی موچه‌ له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غداد ده‌مێنێته‌وه‌، هه‌روه‌ك به‌ چاره‌سه‌ربوونی ئه‌م بابه‌ته‌، ده‌رگایه‌كی نوێش له‌به‌رده‌م به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان له‌ 10ی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵدا ده‌كرێته‌وه‌، به‌وپێیه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان بابه‌تی موچه‌ی به‌ پرسی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ به‌ستوه‌ته‌وه‌و پێیوایه‌ به‌بێ چاره‌سه‌ری ئه‌م بابه‌ته‌، به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردن به‌ زیانی پارتی ده‌شكێته‌وه‌، چونكه‌ پارتی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ته‌كه‌ ده‌كات.  
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand