Draw Media

كورد له‌ سوریا دادگای ده‌ستوریی دروستكرد

كورد له‌ سوریا دادگای ده‌ستوریی دروستكرد

2024-03-29 18:48:19


راپۆرت: دره‌و
ئیداره‌ی كورد له‌ باكورو خۆرهه‌ڵاتی سوریا دوای په‌سه‌ندكردنی ده‌ستوری خۆی، دادگای ده‌ستوری دروستكردو (پێنجوێن عه‌لی)و (حه‌سه‌ن ئه‌حمه‌د) بوون به‌ هاوسه‌رۆكی دادگاكه،‌ ئیداره‌ی كورد كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنی دروستكردووه‌و ئێستا ئاماده‌كاری ده‌كات بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كان له‌ رۆژی 30ی ئایاری داهاتوودا، چانسی سه‌ركه‌وتن و شكستی ئه‌زمونی حوكمڕانی كورد له‌ سوریاو به‌راوردێك له‌گه‌ڵ ئه‌زمونی حوكمڕانییه‌كه‌ی كورد له‌ عێراق، له‌م راپۆرته‌دا. 

كورد دادگای ده‌ستوری دروستكرد
ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی و هاوسه‌رۆكانی دادگای پاراستنی (گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی) هه‌رێمی باكورو خۆرهه‌ڵاتی سوریا هه‌ڵبژێردران، ئه‌مه‌ دادگای ده‌ستوری ئیداره‌ی كورده‌ له‌ ناوچه‌كانی باكورو رۆژهه‌ڵاتی سوریا. 
ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی ئه‌ندامانی دادگاكه‌دا ئه‌نجامدرا، كه‌ تێیدا هاوسه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی گه‌لانی دیموكرات (دامه‌زراوه‌ی په‌رله‌مانی ئیداره‌كه‌) ئاماده‌بوو، كۆبونه‌وه‌كه‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی دادگای پاراستنی (گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی) واتا دادگای ده‌ستوری خۆبه‌ڕێوه‌به‌رێتی باكورو رۆژئاوای سوریا هه‌ڵبژارد. 
(پێنجوێن عه‌لی)و (حه‌سه‌ن ئه‌حمه‌د) بوون به‌ هاوسه‌رۆكی دادگاكه‌، هه‌ریه‌كه‌ له‌ (فایا شه‌معون)و (سائیر كرید) به‌ جێگرانی هاوسه‌رۆكی دادگاكه‌ هه‌ڵبژێردران. 
ئه‌نجومه‌نی گه‌لانی دیموكرات له‌ ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌رێتیی باكورو خۆرئاوای سوریا (ئه‌م ئیداره‌یه‌ له‌ میدیای كورددا به‌ ئیداره‌ی رۆژاڤای كوردستان ناوده‌برێت، هه‌رچه‌نده‌ له‌ ده‌ستوری خۆبه‌ڕێوه‌به‌رێتییه‌كه‌دا به‌ هیچ جۆرێك ناوی كوردستان نه‌هێنراوه‌) رۆژی 14ی ئه‌م مانگه‌ ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ناوی (10) ئه‌ندامی دادگای ده‌ستوریی (دادگای پاراستنی گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی) ده‌ربڕی، هه‌ر 10 ئه‌ندامه‌كه‌ سوێندی یاساییان خوارد. 
له‌كاتێكدا ئه‌زمونی حوكمڕانی كورد له‌ سوریا دادگای ده‌ستوری تایبه‌ت به‌خۆی دروست ده‌كات، كورد له‌ هه‌رێمی كوردستان روبه‌ڕووی شه‌پۆلێك له‌ بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ده‌بێته‌وه‌، بڕیارگه‌لێك كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتی هه‌رێمی نیگه‌ران كردووه‌و به‌شێك له‌ شه‌قامی ناڕازیش پێی دڵخۆشن، به‌تایبه‌تیش ئه‌و بڕیاره‌ی كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ پرسی دابینكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌ هه‌یه‌.
 

ده‌ستوری كورد له‌ سوریا
رۆژی 12ی كانونی یه‌كه‌می 2023، خۆبه‌ڕێوه‌به‌رێتی باكورو خۆرهه‌ڵاتی سوریا (گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی) راگه‌یاند، ئه‌مه‌ وه‌كو ده‌ستوری ئه‌و ناوچانه‌یه‌ كه‌ ده‌كه‌ونه‌ ژێر كۆنترۆڵی ئه‌م خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ له‌ناو سوریا. 
ئه‌م ده‌ستوره‌ وه‌كو سه‌ركه‌وتنێك بۆ ئیداره‌ی كوردی له‌ رۆژئاوای كوردستان هه‌ژمارده‌كرێت، به‌تایبه‌تیش له‌كاتێكدا كه‌ هه‌رێمی كوردستان دوای 32 ساڵ له‌ خۆبه‌ڕێوه‌به‌رێتیی و تا ئاستی نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆیش، هێشتا ده‌ستوری خۆی نه‌نوسیوه‌ته‌وه‌. 
له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م ده‌ستوره‌، خۆبه‌رێوه‌به‌رێتی باكورو خۆرهه‌ڵاتی سوریا دادگایه‌كی بۆ پاراستنی ده‌ستوره‌كه‌ دروستكردووه‌. 

دادگاكه‌ ئه‌ركی چییه‌ ؟
به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستوری ئیداره‌ی باكورو خۆرئاوای سوریادا هاتووه‌ یان ئه‌وه‌ی ناوی لێنراوه‌ (گرێبه‌ست یاخود په‌یمانی كۆمه‌ڵایه‌تی)، دادگای ده‌ستوری ئه‌م ئه‌ركانه‌ی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شان: 
•    لێكدانه‌وه‌ی ده‌قه‌كانی ده‌ستور (گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تیی). 
•    ته‌ماشاكردنی ئه‌وه‌ی ئایا ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی گه‌لانی دیموكرات ده‌رده‌چێت یان ئه‌و بڕیارانه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی جێبه‌جێكردن و ئه‌نجومه‌نی هه‌رێمه‌كانه‌وه‌ ده‌رده‌چن دژیه‌ك نین له‌گه‌ڵ ده‌ستوردا، له‌حاڵێكدا ئه‌گه‌ر تانه‌یان لێدرا.  
•    یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ناكۆكی تایبه‌ت به‌ جێبه‌جێكردنی ده‌ستور له‌نێوان ئه‌نجومه‌نی گه‌لانی دیموكرات و ئه‌نجومه‌نی جێبه‌جێكردن و ئه‌نجومه‌نی هه‌رێمه‌كان و ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی. 
•    یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كان له‌نێوان ئه‌نجومه‌نی جێبه‌جێكردنی خۆبه‌ڕێوه‌به‌رێتیی باكورو خۆرهه‌ڵاتی سوریا یاخود له‌نێوان ئه‌نجومه‌نی هه‌رێمه‌كان یان له‌نێوان ئه‌نجومه‌نه‌كانی جێبه‌جێكردن له‌ناو هه‌رێمه‌كاندا، یاخود له‌نێوان ئه‌نجومه‌نی گه‌لانی دیموكرات و ئه‌نجومه‌نه‌كانی تردا. 
•     هه‌ر كه‌س یان دامه‌زراوه‌یه‌ك مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ تانه‌ له‌ بڕیار یان یاسایه‌ك بده‌ن كه‌ پێیان وابێت دژه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستور (گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تیی)، ئه‌گه‌ر ئه‌و دادگایه‌ی ته‌ماشای تانه‌كه‌ ده‌كات زانی تانه‌كه‌ جدییه‌و ده‌بێت ته‌ماشا بكرێت، ئه‌وا تانه‌كه‌ ره‌وانه‌ دادگای ده‌ستوری ده‌كات. 
•    كه‌س و گردبوونه‌وه‌ رێكخراوه‌كان و حزب و دامه‌زراوه‌كان مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ تانه‌ پێشكه‌شی دادگای ده‌ستوریی بكه‌ن و ئه‌مه‌ش به‌ یاسا رێكده‌خرێت.  
•    په‌سه‌ندكردنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن و راپرسییه‌ گشتییه‌كان به‌گوێره‌ی بنه‌ماكانی ده‌ستور (گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تیی). 

دوای دادگای ده‌ستوریی، هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت !
ئه‌نجومه‌نی گه‌لانی دیموكرات كه‌ په‌رله‌مانی ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریتی باكورو خۆرهه‌ڵاتی سوریایه‌، رۆژی 28ی شوباتی رابردوو یاسای كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌سه‌ند كرد، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوره‌ په‌سه‌ندكراوه‌كه‌ی 12ی كانونی یه‌كه‌می 2023، كه‌ له‌ مادده‌ی (118)دا باس له‌ پێكهێنانی ئه‌م كۆمسیۆنه‌ ده‌كات.
كۆمسیۆنه‌كه‌ له‌ (20) ئه‌ندام پێكدێت كه‌ نوێنه‌رایه‌تی ناوچه‌ جیاوازه‌كانی ئیداره‌ی باكورو خۆرهه‌ڵاتی سوریا ده‌كه‌ن.  
یه‌ك مانگ دواترو به‌ دیاریكراویش دوێنێ (واتای 28ی ئازار)، كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان یه‌كه‌مین كۆبونه‌وه‌ی خۆی كردو رۆژی 30 ئایاری ئه‌مساڵی وه‌كو واده‌ی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كان له‌ناوچه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌رێتیی دیاریكرد. 
كۆمسیۆن له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنی واده‌ی هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كان، جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرد" ده‌یه‌وێت دادپه‌روه‌ریی به‌دی بهێنێت و به‌گوێره‌ی باشترین پێوه‌ره‌كان هه‌ڵبژاردنێكی خاوێن به‌ڕێوه‌ببات و دیموكراتیه‌ت له‌رێگه‌ی سندوقه‌كانی ده‌نگدانه‌وه‌ به‌دی بهێنێت". 
له‌ یه‌كه‌م هه‌نگاوی ئاماده‌كاریشدا بۆ هه‌ڵبژاردن، كۆمسیۆنه‌كه‌ سێ ئۆفێسی دروستكردووه‌ كه‌ بریتین له‌ ئۆفێسه‌كانی (چاودێری و وردبینی و تانه‌كان- فه‌رمانگه‌ی هه‌ڵبژاردن- فه‌رمانگه‌ی راهێنان).
له‌ 29ی شوباتیشدا په‌رله‌مان (ئه‌نجومه‌نی گه‌لانی دیموكرات) یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی ده‌ركردو بۆ رایگشتی بڵاوكرده‌وه‌.

ئیداره‌ی كورد له‌ سوریا
گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی باكورو خۆرهه‌ڵاتی سوریا كه‌ 12ی كانونی یه‌كه‌می 2023 ده‌رچوو، هه‌نگاوێكی تری كورد بوو له‌ رۆژئاوای كوردستان بۆ قایمكردنی جێ پێی خۆی له‌و ناوچانه‌ی كه‌ به‌ڕێوه‌یان ده‌بات. 
گرێبه‌ست یان ده‌ستوره‌كه‌ ده‌سته‌واژه‌ی "كوڕان و كچان و گه‌لانی باكوری خۆرهه‌ڵاتی سوریا"ی به‌كارهێناوه‌و خۆی له‌ به‌كارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی "كۆماری عه‌ره‌بی سوریا" پاراستووه‌، به‌ڵام هاوكات به‌ هیچ جۆرێك وشه‌ی "كوردستان" یاخود "رۆژئاڤای كوردستان"و "فیدراڵی"ی به‌كارنه‌هێناوه‌، به‌ڵكو ئاماژه‌ی به‌و ناوچانه‌ كردووه‌ كه‌ ده‌كه‌ونه‌ ژێر كۆنترۆڵی خۆبه‌ڕێوه‌به‌رێتیی هه‌رێمی باكورو خۆرهه‌ڵاتی سوریاوه‌. 
ده‌ستوره‌كه‌ جوگرافیای خۆبه‌ڕێوه‌به‌رێتییه‌كه‌ی به‌ (7) هه‌رێم دیاریكردووه‌ كه‌ بریتین له‌ (جزیره‌- دێرزوور- ره‌قه‌- فورات- مه‌نبه‌ج- عه‌فرین- شه‌هبا- ته‌بقه‌)، جه‌ختی كردووه‌ له‌سه‌ر پرسه‌كانی ژنان و لاوان، له‌پاڵ ئه‌مانه‌دا باس له‌ ئازادكردنی خاكه‌ داگیركراوه‌كان ده‌كات، ئه‌مه‌ش وه‌كو ئاماژه‌یه‌ بۆ عه‌فرین و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری. 
خۆبه‌ڕێوه‌به‌رێتییه‌كه‌ كه‌ كورد رێبه‌رایه‌تی ده‌كات و پێكهاته‌كانی تری سوریاش تێیدا به‌شدارن، له‌ ساڵی 2017وه‌ ناوچه‌یه‌كی به‌رفراوانی باكورو خۆرهه‌ڵاتی سوریای كۆنترۆڵ كردووه‌، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا بوو كه‌ له‌ هه‌مان ساڵدا (واتا 2017) له‌ هه‌رێمی كوردستان و به‌هۆی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییه‌وه‌، كورد به‌شی زۆری ئه‌و خاكه‌ی له‌ده‌ستدا كه‌ له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان له‌دوای هاتنی داعشه‌وه‌، كۆنترۆڵی كردبوون. 
ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ ئێستا به‌ده‌ست خۆبه‌ڕێوه‌به‌رێتییه‌كه‌ی كورده‌وه‌یه‌، ناوچه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ی سوریایه‌و نه‌وتی تێدایه‌و روبه‌ری به‌رفروانی كشتوكاڵ له‌خۆده‌گرێت، كه‌ سه‌رتاسه‌ری پارێزگای ره‌قه‌و حه‌سه‌كه‌و به‌شێك له‌ ریفی حه‌له‌ب و پارێزگای دێرزوور له‌خۆده‌گرێت. 
به‌به‌راورد به‌و ناوچانه‌ی كه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی رژێمی سوریادان، تاڕاده‌یه‌ك ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی ئیداره‌ی كورد له‌ڕووی ئاسایش و ئابورییه‌وه‌ دۆخیان باشتره‌. 
گروپی قه‌یرانه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ راپۆرتێكی خۆیدا باس له‌وه‌ ده‌كات، خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌و موچه‌ی كه‌ به‌ فه‌رمانبه‌ره‌كانی ده‌دات 10 هێنده‌ زیاتر له‌و موچه‌ی كه‌ رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د ده‌یدات، هه‌روه‌ك ئیداره‌كه‌ توانیویه‌تی ئاو و كاره‌با بۆ نزیكه‌ی 70%ی دانیشوانی ئه‌و ناوچانه‌ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ كه‌ له‌ژێر كۆنترۆڵی خۆیدان، ئه‌مه‌ له‌پاڵ سه‌قامگیری دۆخی ئه‌منیی و كاراكردنی دامه‌زراوه‌كان، كه‌ له‌ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی رژێمدا زۆر لاوازن.
ئه‌م شایه‌تیدانه‌ بۆ ئیداری كورد له‌ سوریا به‌تایبه‌تی له‌ بواری موچه‌دا له‌كاتێكدایه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان (ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری كورد له‌ عێراق) به‌ده‌ست گرفتی نه‌بوونی موچه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت و له‌دوای پرۆژه‌ی "ئابوری سه‌ربه‌خۆ"وه‌ ئێستا بۆ دابینكردنی موچه‌ چاوی له‌ به‌غداد، به‌تایبه‌تیش له‌كاتێكدا كه‌ ماوه‌ی ساڵێكه‌ هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم كه‌ شاده‌ماری داهاتی حكومه‌ت بوو به‌ رێژه‌ی (80%) راوه‌ستاوه‌.
راپۆرته‌كه‌ هۆكاری ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ی ئیداره‌ی كورد له‌ باكوری سوریا به‌ پله‌ی یه‌كه‌م بۆ پاڵپشتی وڵاتانی خۆرئاواو به‌دیاریكراویش بۆ پشتیوانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ده‌گه‌ڕێنێته‌وه، بوونی ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌كه‌ پاره‌و خه‌رجی به‌كارخستنی ‌پێویستی بۆ فه‌رمانگه‌و دامه‌زراوه‌كانی ئیداره‌ی كورد فه‌راهه‌م كردووه‌. 
له‌پاڵ ئه‌مه‌شدا، ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانه‌كانی پاڵپشتی مه‌یدانی و راهێنانی ئه‌منیی و سه‌ربازییان بۆ هێزه‌كانی سوریای دیموكرات و هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ دابین كردووه‌ كه‌ سه‌ربه‌ خۆبه‌ڕێوه‌به‌رێتییه‌كه‌ن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ پاڵپشتی سیاسی و دیپلۆماسی ئیداره‌ی كورد له‌ناو كۆڕبه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان. 

مه‌ترسییه‌كان له‌به‌رده‌م ئه‌زمونی كورددا
له‌به‌رامبه‌ردا ئیداره‌ی كورد له‌ سوریا، هێشتا له‌به‌رده‌م مه‌ترسی شانه‌ نوستووه‌كانی رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی "داعش"و رژێمی به‌شار ئه‌سه‌دو ئه‌و گروپه‌ چه‌كدارانه‌ لۆكاڵیانه‌دایه‌‌ كه‌ له‌لایه‌ن توركیاوه‌ پاڵپشتیان لێده‌كرێت. 
به‌پێی راپۆرتی سه‌نته‌ری عه‌ره‌بی بۆ توێژینه‌وه‌كان، رێكخراوی داعش نامۆبوونی هاوڵاتیانی عه‌ره‌بی ناوچه‌كه‌ به‌ ئیداره‌ خۆجێییه‌كه‌ی كورد ده‌قۆزێته‌وه‌ بۆ ئه‌نجامدانی هێرش بۆسه‌ر بازگه‌و هێزه‌كانی سوریای دیموكراتی و ئاسایشی ناوخۆ، هه‌روه‌ك به‌مدواییه‌ش به‌ریه‌ككه‌وتن له‌نێوان هێزه‌كانی رژێمی سوریاو هێزه‌كانی سوریای دیموكراتی زیاتر بووه‌، ئه‌مه‌ له‌پاڵ هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رده‌وامی توركیا بۆ داگیركردنی ته‌واوه‌تی ناوچه‌كه‌، هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ردوو هه‌ڵمه‌تی "چڵه‌ زه‌یتون"و "به‌هاری ئاشتی" له‌ ساڵانی 2018و 2019دا كردی. 
به‌ڵام بوونی سه‌ربازی ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌كه‌ وایكردووه‌ تائێستا دۆخه‌كه‌ له‌ ده‌ستی ئیداره‌ی كورد ده‌رنه‌چێت، به‌تایبه‌تیش كه‌ ئه‌مریكییه‌كان پاڵپشتی ئیداره‌ی كورد ده‌كه‌ن بۆ  روبه‌ڕووبونه‌وه‌ی داعش و وه‌ستانه‌وه‌ به‌ڕووی رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د له‌لایه‌ك و سوپای توركیا له‌لایه‌كی تره‌وه‌. 
سه‌رباری ئه‌و گه‌ره‌نتییانه‌ی كه‌ ئیداره‌ی كورد له‌ ناوچه‌كه‌ له‌رێگه‌ی ده‌ستوره‌وه‌ فه‌راهه‌می كردووه‌ بۆ به‌شداری عه‌ره‌ب و پێكهاته‌كانی تر له‌ بڕیاری سیاسی ناوچه‌كه‌، به‌ڵام هێشتا به‌شێك له‌ پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب دوردوونگن و رژێمی به‌شار ئه‌سه‌دیش به‌رده‌وامی توڕه‌یی پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب له‌م ناوچه‌یه‌ ده‌قۆزێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌رێگه‌ی دڵنیاكردنه‌وه‌ی سه‌رۆك هۆزه‌ عه‌ره‌به‌كانی ناوچه‌كه‌و به‌هێزكردنی هه‌ستی ئه‌وه‌ی سته‌ملێكراون، هه‌روه‌ها هاندانیان بۆ راپه‌ڕین له‌دژی ده‌سه‌ڵاتدارێتیی كورد، ئه‌مه‌ش به‌ته‌واوه‌تی له‌ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی نێوان چه‌كدارانی هۆزه‌كان و هێزه‌كانی سوریای دیموكراندا له‌ هه‌ندێك گوندو شارۆچكه‌ی ناوچه‌ی ریفی دێرزووردا به‌دی كرا. 
ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیداریشه‌ به‌ توركیاوه‌، به‌گوێره‌ی راپۆرتی گروپی قه‌یرانه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ئیداره‌ی كورد له‌ سوریا هیچ هه‌وڵێكی كرده‌یی نه‌داوه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌نكه‌ره‌، چاره‌سه‌رێك كه‌ رێگه‌ بگرێت له‌ هێرشی زه‌مینی توركیا بۆسه‌ر ناوچه‌كه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هێشتا یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل به‌رده‌وامن له‌سه‌ر هێرشه‌كانیان بۆسه‌ر سوپای توركیا. 
ئه‌نكه‌ره‌ وای ده‌بینێت په‌یوه‌ندی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات له‌گه‌ڵ پارتی كرێكارانی كوردستان "په‌كه‌كه‌" هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆسه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی توركیا. 
ئه‌گه‌ر تائێستا یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل به‌ پشتیوانی ئه‌مریكییه‌كان به‌ره‌نگاری سوپای توركیایان كردبێت، له‌دوای لێكتێگه‌یشتنی ئه‌مدواییه‌ی ئه‌مریكاو توركیاوه‌ بۆ ئه‌ندامبوونی سوید له‌ رێكخراوی "ناتۆ"و كڕینی فڕۆكه‌ی (ئێف 16)ی ئه‌مریكی له‌لایه‌ن توركیاوه‌، پێشبینی ده‌كرێت یه‌كینه‌كان ناچار بن زیاتر له‌ ناوچه‌ سنورییه‌كانی توركیا بكشێنه‌ دواوه‌. 
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانی سه‌رۆكی توركیا به‌نیازه‌ رۆژی 9ی ئایاری داهاتوو سه‌ردانی واشنتۆن بكات، رۆژنامه‌ی (حوڕییه‌ت)ی توركیا ده‌ڵێ: توركیا ده‌یه‌وێت واشنتۆن پشتیوانی خۆی بۆ یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌لی كورد رابگرێت و پابه‌ندبێت به‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ی ساڵی 2019وه‌ كه‌ یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل به‌ دووری (30 كیلۆمه‌تر) له‌ سنوره‌كانی توركیا دو‌رده‌خاته‌وه‌. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand