پارەی حزبەکان لە فەیسبووکدا؛ کام لایەن زۆرترین پارە لە سپۆنسەرکردندا خەرج دەکات؟

Draw Media

2024-04-02 22:08:03



 

ڕێنوار نەجم – تایبەت بە کوردستان تایمز

لە ماوەی دوو ساڵ و 7 مانگی ڕابردوودا پەڕە فەرمی و سێبەرەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر فەیسبووک نزیکەی نیو ملیۆن دۆلاریان تەنیا لە سپۆنسەرکردندا خەرج کردووە، دوای ئەویش پەڕەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان و نەوەی نوێ دێن لە ڕووی زۆریی بڕی خەرجکردنی پارە لە فەیسبووکدا.

داتاکان ژمارەی فەرمیی فەیسبووکن و لە بەشی شەفافیەتی فەیسبووک (Facebook Transparency) بۆ هەمووان بەردەستن، کە تێیدا وردەکاریی تێدایە لەبارەی ناوی ئەو پەڕانەی فەیسبووک و بڕی ئەو پارەیەی لە سپۆنسەرکردنی پۆست و پەڕەکاندا خەرجیان کردووە. کوردستان تایمز شیکاری بۆ داتاکان لە ماوەی نێوان 25ی ئابی 2021 تا 27ی ئاداری 2024 کردووە. داتاکانی پێش ئەو بەروارە بەردەست نییە، بەڵام بەردەوام ڕۆژانە داتای نوێ داخڵ دەکرێت.

داتای جیاکراوە بەپێی پارێزگاکانی عێراق پیشانی دەدەن کە لە دوای بەغدادی پایتەخت کە لە ماوەی دوو ساڵ و 7 مانگی ڕابردوودا بڕی 787 هەزار و 484 دۆلار لە سپۆنسەرکردنی فەیسبووک لەو شارەدا خەرج کراوە، هەریەک لە هەولێر و سلێمانی زۆرترین پارەیان بۆ ئەو مەبەستە خەرج کردووە کە لە هەولێر 397 هەزار و 814 دۆلار و لە سلێمانیش 384 هەزار و 858 دۆلار دراون بە سپۆنسەرکردنی پۆست و پەڕەکانی فەیسبووک. لە سەرتاسەری عێراقیشدا بڕی 3 ملیۆن و 868 هەزار و 833 دۆلار بۆ هەمان مەبەست خەرج کراوە.

زۆرینەی ئەو پارانە لە لایەن حزبە سیاسییەکانەوە خەرج کراون، چ لەڕێی پەڕە فەرمییەکان بێت یاخود پەڕە سێبەرەکان. کوردستان تایمز نموونەی ئەو 100 پەڕە (پەیج) کوردییەی فەیسبووکی وەرگرتووە کە زۆرترین پارەیان لە فەیسبووکدا لەسەر ئاستی عێراق خەرج کردووە و بەپێی حزب و کەسایەتییەکان شیکاری بۆ کردووە، بێگومان بە شیکارکردنی هەموو داتاکان (نەک تەنها 100 پەڕە) بڕی پارەی خەرجکراوی حزبەکان زۆر زیاتر دەبن وەک ئەوەی لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژەی بۆ دەکرێت.

داتاکان دەریدەخەن کە پارتی دیموکراتی کوردستان لانی کەم بڕی 447 هەزار و 535 دۆلار (نزیکەی 45 دەفتەر و نیو) تەنیا بۆ سپۆنسەرکردن لە فەیسبووکدا خەرج کردووە. لە دوای ئەویش یەکێتی نیشتمانی کوردستان دێت بە خەرجکردنی 201 هەزار و 348 دۆلار (زیاد لە 20 دەفتەر دۆلار). هەروەها بزوتنەوەی گۆڕان 25 هەزار و 22 دۆلار و نەوەی نوێ 24 هەزار و 736 دۆلاریان بۆ هەمان مەبەست خەرج کردووە لە مانگی ئابی 2021 تا مانگی ڕابردوو.

بۆ دانەپاڵی پەڕەیەکی فەیسبووک بە لایەنێکی سیاسی، کوردستان تایمز پشتی بە دوو پێوەر بەستووە. یەکەمیان پەڕەی فەرمیی حزبەکان و کەسایەتیی حزبەکان. بۆ نموونە پەڕەکانی مەسرور بارزانی، دژەتیرۆری کوردستان (هەولێر)، باسنیوز، ئاڤا میدیا، کوردستان تیڤی، پشتیوان سادق، مەکتەبەکانی ڕێکخستنی پارتی و بارەگای بارزانی وەک وەک پەڕەی پارتی؛ مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتی، شێخە مەمەند ئاغای هەمەوەند، ڕێبوار تەها و پیوکەی میدیا وەک پەڕەی یەکێتی؛ KNN، ڕادیۆ گۆڕان، بزوتنەوەی گۆڕان، شوناس شێرکۆ وەک پەڕەی گۆڕان، نەوەی نوێ و NRT وەک پەڕەی نەوەی نوێ دانراون.

پێوەری دووەمیش بریتییە لە هەڵسەنگاندنی گوتاری ئەو پەڕە نافەرمیانەی کە پارەیەکی زۆریان لە سپۆنسەرکردندا خەرج کردووە و پاش بە وردی هەڵسەنگاندنی ئەو پۆستانەی کە لەو پەڕانەوە سپۆنسەرکراون، بڕیار دراوە بدرێنە پاڵ حزبێکی سیاسی و وەک پەڕەی سێبەری ئەو لایەنە لەم شیکارییەدا هەژمار بکرێن. بۆ نموونە باز، خواکورک، ئاسان، ڕێچکە، نامە و داو نموونەی ئەو پەڕانەن وەک پەڕەی سێبەری پارتی دیموکرات دانراون بەو پێیەی بە ئاشکرا برەو بە گوتاری پارتی دەدەن و لە زۆر حاڵەتیشدا لەو پەڕانەوە هێرش دەکرێتە سەر نەیارانی سیاسیی ئەو حزبە. لە دوای پارتی، نەوەی نوێ خاوەن دوو پەڕەی سێبەرە کە زۆرترین چالاکییان بریتییە لە بڵاوکردنەوەی پۆست و پەیامەکانی شاسوار عەبدولواحیدی سەرۆکی جوڵانەوەکە، دوو پەڕەکەش بریتین لە مەلیک و ڕاڤە. ئەوەی مایەی سەرنجە، یەکێتی کەمترین پارە لە پەڕەی سێبەردا خەرج دەکات و بەشێوەیەکی گشتی پۆستی پەڕە فەرمییەکانی سپۆنسەر دەکات، پەڕە نافەرمییەکانیشی لۆگۆی حزبەکەیان لەسەرە وەک پەڕەکانی ئێمە یەکێتین و شکۆی گەل. هیچ کام لە پەڕەی سێبەری حزبەکان کە لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژەیان بۆ کراوە، سەرچاوەی دارایی خۆیان ئاشکرا نەکردووە.

هاوکات چەند پەڕەیەکیش هەن کە سەرەڕای خەرجکردنی پارەیەکی زۆر لە ڕیکلام و سپۆنسەرکردندا، ڕوون نییە سەر بە چ لایەنێکی سیاسین و گوتارێکی میدیایی ڕاستەوخۆ و ئاشکرایان نییە، یاخود ئەو بابەتانەی بڵاوی دەکەنەوە کەمتر سیاسین، وەک پەڕەکانی کوردپۆست، کۆدمیدیا، تەون پرێس و کوردستان تودەی. هەروەها پەڕەی هەندێک کەسایەتیی سیاسیش کە پێشتر لە حزبێکی دیاریکراودا بوون و وازیان هێناوە، لەم شیکارییەدا نەدراونەتە پاڵ هیچ حزبێک لەوانە ڕابوون مەعروف، د. ڕێبوار کەریم مەحموود، برزۆ مەجید و سەرکەوت شەمسەدین.

بەپێی کەسایەتییەکان، بەیار عومەر عەبدوڵا، کوڕی سەرکردەی پێشووی یەکێتی ملازم عومەر، کە لەماوەی ڕابردوودا سه‌رۆكایەتیی کەمپینێکی دەکرد بەناوی «ده‌سته‌ى به‌هه‌رێمكردنى سلێمانى»، زۆرترین بڕی پارەی لە سپۆنسەرکردنی فەیسبووکدا خەرج کردووە کە دەکاتە 51 هەزار و 602 دۆلار، (واتە زیاد لە پێنج دەفتەر دۆلار). دوای ئەویش مەسرور بارزانیی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دێت بە خەرجکردنی 31 هەزار و 644 دۆلار. ئەوەی مایەی سەرنجە، داتاکانی فەیسبووک ئاشکرای دەکەن کە پۆستەکانی پەڕەی مەسرور بارزانی و دژە تیرۆری کوردستان (پارتی) لە لایەن هەمان هەژماری فەیسبووکەوە سپۆنسەر دەکرێن.

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، پەڕەی کوردستان تایمز نزیکەی 200 بۆ 250 دۆلاری لە سپۆنسەرکردنی بابەتەکانیدا خەرج کردووە (فەیسبووک داتای وردی ئەو پەڕانە پیشان نادات کە بە بڕێکی کەم سپۆنسەریان کردووە). کوردستان تایمز وەک هاوبەشێکی دامەزراوەی ڕۆزا لوکسەمبۆرگی ئەڵمانی لە ماوەی ساڵانی2023  و 2024 دوو پڕۆژەی بچووکی میدیایی جێبەجێ کردوون، تێچووی سپۆنسەرکردنی بابەتەکانیشی لەو سەرچاوە داراییەوە بەخشراون.

 

 

 

ڕێنوار نەجم

دەرچووی بەشی زمان و ئەدەبیاتی ئینگلیزییە، لە ڕۆژنامەی ئاوێنەوە دەستی بەکاری ڕۆژنامەنووسی کردووە و ماوەی زیاد لە ١٠ ساڵە لەو بوارەدا کاردەکات. خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە بواری ئاشتی و ململانێ لە زانکۆکانی کەنت لە بەریتانیا و ماربۆرگ لە ئەڵمانیا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand