سەرچاوەیەك لە كۆبونەوەكە: باسی هیچ پۆستێك نەكراوە، چونكە كاری لیژنەكە نیە
2025-01-09 19:17:49
درەو:
"ئەركی لیژنە تەكنیكیەكەی نێوان یەكێتی و پارتی ئامادەكردنی وەرقەیەكی هاوبەشە بۆ بەردەم لیژنەی دانوستانكاری نێوان هەردوو كە بڕیارە هەفتەی داهاتوو كۆببنەوە، بۆیە باسی هیچ پۆستێك نەكراوە چونكە كاری لیژنە تەكنیكیەكە نیە باس لە پۆستەكان بكەن و یەكلای بكەنەوە" ئەمە وتەی سەرچاوەیەكی ناو كۆبوونەوە هاوبەشەكانە كە بۆ (درەو) قسەی كردووە.
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە هەفتەی داهاتوو لیژنە تەكنیەكیە جارێكی تر بۆ سیەغەكردن و ئامادەكردنی وەرقە هاوبەشەكە كۆدەبنەوەو ئامادەی دەكەن بۆ بەردەم لیژنەی باڵای دانوستانكاری نێوان هەردوو پارتی و یەكێتی كە بڕیارە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو كۆببنەوە بەمەبەستی پەسەندكردنی ئەو وەرەقە هاوبەشە.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەی بۆ (درەو) باسكرد: لە كۆبوونەوەكانی لیژنە تەكنیەكیە بەهیچ شێوەیەك باسی پۆستەكان نەكراوە، لەبەر ئەوەی رەك و وەزیفەی ئەم لیژنەیە نیە، ئەركی ئەم لیژنەیە تەنیا ئامادەكردنی ئەو وەرەقە هاوبەشەیە بۆ بەردەم لیژنە باڵاكە، وەرەقەكەش تایبەتە بە شێوازی سیستەمی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان بابەتە گشتییەكان و شێوازی حوكمڕانی بەتایبەتیش باسی پرسی مەبدەئی شەراكەت كراوە لە حوكمڕانیدا، بۆیە خاڵی هاوبەش هەبووە نوسراوەو خاڵی جیاوازیش هەبووە نوسراوە لەسەر چەند خاڵێك جیاوازییان هەبووە.
هەبووە
ئەمڕۆ بۆ جاری سێیەم لیژنەی تەكنیكی هاوبەشی نێوان پارتی و یەكێتیی بۆ گفتوگۆ لەسەر رەشنوسی رێككەوتنی نێوان هەردوو حزب كۆبوونەوەو هەفتەی داهاتوو دوا كۆبوونەوە دەكرێت بۆ سیاغەی كۆتایی وەرەقە هاوبەشەكە،
ئەندامانی پارتی لەناو ئەم لیژنەیەدا بریتین لە هەریەكە لە:
🔹پشتیوان سادق- دڵشاد شەهاب- ئومێد سەباح
ئەندامانی یەكێتیش لەناو لیژنەكە بریتین لە:
🔹رێواز فایەق- ئامانج رەحیم- شاڵاو شێخ سەلاح
لەدوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانەوە لە 20ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو، وەفدی باڵای پارتی و یەكێتیی دووجار كۆبونەتەوە، كۆبوونەوەی یەكەم لە 30ی تشرینی دووەمی 2024 بەڕێوەچوو، كۆبوونەوەی دووەمیش لە رۆژی 17ی كانونی یەكەمی 2024، لەم كۆبوونەوەیەدا هەردوولا رێككەوتن لەسەر ئەوەی هەریەكەیان بەجیا كارنامەی خۆی لەبارەی پێكهێنانی كابینەی دەیەم ئامادە بكات و دواتر گفتوگۆی لەسەر بكەن، لەبەر رۆشنایی ئەمەدا لیژنە تەكنیكییەكە دەستبەكاربوو.
دەرەنجانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، كورسییەكانی پەرلەمانی (100 كورسی) بەمشێوەیە دابەشكرد:
🔹پارتی دیموكراتی كوردستان: 39 كورسی
🔹یەكێتیی نیشتمانی كوردستان: 23 كورسی
🔹جوڵانەوەی نەوەی نوێ: 15 كورسی
🔹یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان: 7 كورسی
🔹رەوتی هەڵوێست: 4 كورسی
🔹كۆمەڵی دادگەریی كوردستان: 3 كورسی
🔹بەرەی گەل: 2 كورسی
🔹بزوتنەوەی گۆڕان: 1 كورسی
🔹هاوپەیمانی هەرێمی كوردستان (شیوعی+ سۆسیال دیموكرات+ زەحمەتكێشان): 1 كورسی
بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، ئەو هاوپەیمانێتییەكەی كە حكومەت پێكدەهێنێت لانی كەم پێویستی بە دەنگی (51) پەرلەمانتار هەیە لە كۆی 100 كورسی پەرلەمان (واتا زۆرینەی رەهای ئەندامان 50+1)، لەدوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانەوە (كە بەهۆی رێكنەكەوتنی پارتی و یەكێتییەوە لە 20ی ئۆكتۆبەرەوە تائێستا پەكی كەوتووە) لەماوەی 30 رۆژدا سەرۆكی هەرێم هەڵدەبژێردرێت، پاشان لەماوەی 30ی دواتردا كاندیدی سەرۆك وەزیران لەناو پەرلەمان ناولێنانی بۆ دەكرێت و ئەویش كابینەكە دەخاتە بەردەم پەرلەمان بۆ ئەوەی متمانەی پێبدرێت.