Draw Media

حەشدی شەعبی... هێزێک بە تەنیشت سوپای عێراقەوە

حەشدی شەعبی... هێزێک بە تەنیشت سوپای عێراقەوە

2025-01-07 19:50:55


راپۆرتی: درەو

🔹 سبەی چوارشەممە، محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەرەو تارانی پایتەختی ئێران بەڕێدەکەوێت، ئەم سەردانە لە کاتێکدایە پێشتر ئیسماعیل قائانی فەرماندەی سوپای قودس لە سوپای پاسدارانی ئێران سەردانی بەغدای کردووە، لە سەردانەکەدا باسیان لە گرنگترین دۆسییەکانی نێو ئەجێندای سەردانەکەی سودانی کردووە، لەسەروو هەمووشیانەوە مەلەفی هێزە هاوبەشەکان کە گرنگترینیان میلیشیا چەکدارەکانن.
🔹 پێکهاتەی شیعە 85%ی ئەندامانی هێزەکانی حەشدی شەعبی و 15%ی پێکهاتەی سوننە پێکیدەهێنێت. سەبارەت بە ئاستی سەرکردایەتیش پێکهاتەی شیعە بە ڕێژەی 100% کۆنتڕۆڵی هێزەکانی کردووە.
🔹 خەرجی پێویستی هێزەکانی حەشدی شەعبی ساڵانە (2 ملیار و 880 ملیۆن) دۆلارەو ژمارەی ئەوانەی لە ڕووی مادییەوە سودمەندن لەو خەرجییانە (238 هەزار) کەسە.


سودانی سەردانی تاران دەکات
سبەی چوارشەممە، محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەرەو تارانی پایتەختی ئێران بەڕێدەکەوێت، ئەم سەردانە لە کاتێکدایە پێشتر ئیسماعیل قائانی فەرماندەی سوپای قودس لە سوپای پاسدارانی ئێران سەردانی بەغدای کردووە، لە سەردانەکەدا باسیان لە گرنگترین دۆسییەکانی نێو ئەجێندای سەردانەکەی سودانی کردووە، لەسەروو هەمووشیانەوە مەلەفی هێزە هاوبەشەکان کە گرنگترینیان میلیشیا چەکدارەکانن.
چاودێرانی سیاسی بۆیان دەرکەوتووە کە هۆکارەکانی سەردانەکەی قائانی پەیوەندی بە هەوڵی ساڕێژکردنی ئەو درزەی نێوان سودانی و چوارچێوەی هەماهەنگییە سەبارەت بە چارەنووسی میلیشیا چەکدارەکانی عێراقە کە ڕووبەڕووی فشاری ئەمریکا بوونەتەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەیان، سودانیش هیچ بژاردەیەکی نییە جگە لە سەرکەوتن لە دۆسیەی کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، ئەمە لەکاتێکدایە سەرچاوەیەکی نزیک لە سەرۆکوەزیران ئەوەی ئاشکرا کردووە، کە قائانی هۆشداریی داوەتە کوتلەکان لە پەرەسەندنی چەک لە دژی ئەمریکا.
هەر لەم بارەیەوە سەرۆکی ناوەندی بیرکردنەوەی سیاسی، ئیحسان ئەلشەمەری لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "ئەلعالەم ئەلجدید" ڕایگەیاندووە، “سەردانە نهێنییەکەی قائانی بۆ عێراق چەند فایلێکی لەخۆگرتبوو، لەوانە بابەتی سیاسی و ئەمنی و ئابووری، بەڵام کاتی سەردانەکە سیمایەکی ئەمنی زیاتری پێدەبەخشێت لە چاو ئەوانی تر، بەڵام لە فایلەکانی تر جیا نەکراوەتەوە".
فەرماندەی سوپای قودس لە سوپای پاسدارانی ئێران، ئیسماعیل قائانی، ڕۆژی یەکشەممە، بە سەردانێکی "نهێنی" گەیشتووەتە بەغدای پایتەخت، لەو ماوەیەدا چاوی بە ژمارەیەک لە سەرکردەکانی کوتلە چەکدارەکانی عێراق و سەرۆک وەزیران (محەمەد شیاع سودانی) کەوتووە.
ئیسان ئەلشەمەری ئەوەشی وتووە "نزیکبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ لە وەرگرتنی دەسەڵات و هەڕەشەی لێدان لە کوتلەو میلیشیا چەکدارەکان، جگە لە پرسی هەڵوەشاندنەوەیان و لێکۆڵینەوە لە سەروەت و سامانە داراییەکانیان و کۆنترۆڵکردنی هەندێک دامەزراوەی دەوڵەت، هەمووی بوونەتە بابەتی زەق و زەق لە عێراق، بەتایبەتی نەگەیشتن بە کۆدەنگی سەرۆک وەزیران و ئەو کوتلانە و هەروەها لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگیدا، دەرخەری ناکۆکی و جیاوازەی نێوانیانە".
ئەو ئاماژەی بەوەش کردووە، کە "قائانی ویستویەتی ئەو ناکۆکییەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی چارەسەربکات بۆ ئەوەی بگەن بە هەڵوێستێکی یەکگرتوو، هەڵوێستێک کە لەسەر بنەمای هەڵوەشاندنەوەی کوتلە چەکدارەکان نەبێت، بەڵکو زیاتر دۆزینەوەی ڕێگایەکی دیکەیە کە هاوپەیمانەکانی ئێران لە ڕێگەیەوە بتوانن پارێزگاری لە چەکەکانیان بکەن، بەڵام لەژێر پەردەیەکی دیکەدا ڕووپۆش بکرێن".
لە لایەکی دیکەوە ئەلشەمەری باس لەوە دەکات کە "قائانی لە ژێر ڕۆشنایی ئەو سەردانەی کە سودانی بۆ تاران دەیکات، ڕەنگە ئەو فایلانەی لەگەڵیدا تاوتوێ کردبێت کە لەوێ پێشکەشی ڕێبەری ئێرانی، عەلی خامنەیی دەکات، بەتایبەتی کە لە خشتەی سەردانەکەیدا کۆبوونەوە لەگەڵ خامنەیی لەخۆدەگرێت و ئەمەش پێشەکییەکە بۆ سەردانەکە، بەتایبەتی کە قائانی بەرپرسە لە مەلەفی عێراقی لە ئێران".
دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە پشتبەستن بە سەرچاوەکان ڕایانگەیاندووە، کە قائانی پەیامێکی بە بەغدا گەیاندووە، کە وڵاتەکەی (ئێران) نایەوێت بەشێک بێت لەو شەڕە، هەروەها هیچ ڕەخنەیەکی نییە لە هیچ بڕیارێک سەبارەت بە کوتلە چەکدارەکانی عێراق، هاوکات میلیشیا چەکدارەکانی لە پێویستی پابەندبوون بە بڕیارەکانی حکومەتی عێراق ئاگادار کردەوەتەوە.
دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئاماژەیان بەوە کردووە، کە ڕەنگە ئامانجی سەردانەکەی سودانی گرتنەبەری ڕێگا و میکانیزم بێت بۆ گۆڕینی بەشێک لەو کوتلەیانە بۆ هێز یان بەرەی سیاسی، سەردانەکە هاوکاتە لەگەڵ کشانەوەی “لیوای ئەلتەفوف” لە دوو خاڵی ئەمنی ستراتیژی لە سنووری ئەلقائیم ناوچەی نزیک سوریا، و ڕادەستکردنی ئەرکەکانی ئەو دوو خاڵە بە فەرماندەیی پۆلیسی ئەنبار. پێش ئەوە میدیاکان باسیان لە کشانەوەی بەشێکی کەتیبەکانی حزبوڵڵا کردبوو لە شاری جرف سەخار لە پارێزگای بابل کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە کۆنترۆڵی کردووە.

 

حەشدی شەعبی... هێزێک بە تەنیشت سوپای عێراقەوە
هێزەکانی حەشدی شەعبی دوای دەرکردنی فەتوای (جیهادی کفائی) لەلایەن مەرجەعی باڵای شیعە "عەلی سیستانی"یەوە، لە ساڵی (2014)، لە کاتی کۆنترۆڵکردنی سێیەکی خاکی عێراقدا لە لایەن "داعش"ەوە پێکهێنرا. دواتر یاسای هێزەکانی حەشدئ شەعبی پەسەندکرا دوای ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران لە 26ی تشرینی دووەمی 2016 دەنگی لەسەردا و کردییە هێزێکی فەرمی ژێر فەرمانی سەرۆکوەزیرانی عێراق. هێزەکانی حەشدی شەعبی لەلایەن فالح فەیاز سەرۆکایەتی دەکرێت، جێگری سەرۆکی هێزەکانی حەشدی شەعبی عەبدولعەزیز ئەلمحەممەداوی (ئەبو فەداک)ە.
بەپێی ئامارەکانی ناوەندی داڕشتنی سیاسەت، پێکهاتەی شیعە 85%ی ئەندامانی هێزەکانی حەشدی شەعبی  و 15%ی پێکهاتەی سوننە پێکیدەهێنێت. سەبارەت بە ئاستی سەرکردایەتیش پێکهاتەی شیعە بە ڕێژەی 100% کۆنتڕۆڵی هێزەکانی کردووە.

بەڕێوەبەرایەتییەکانی حەشدی شەعبی
-    بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی حەشد (ئەبو زەینەب ئەللامی)
-    بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگریی حەشد (ئەبو ئیمان ئەلباهیلی)
-    بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی حەشد (موهەنەد ئەعقابی)
-    بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییە گشتییەکان (محەمەد ڕەزا)
-    بەڕێوەبەرایەتی قەڵاچۆکردنی تەقەمەنی (ئەبو شەمس ئەلعەگیلی)
-    بەرێوەبەرایەتی حەرەکات (جەواد کازم ئەلربیعاوی)
-    بەرێوەبەرایەتی ئاراستەکردن عەقائدی (سەید محەمەد ئەلحەیدەری)

لیواکانی حەشدی شەعبی و شێوازی دابەشبوونیان
ڕێکخراوی بەدر
ڕێکخراوێکی چەکداریە هادی عامری سەرۆکایەتی دەکات. ڕێکخراوەکە (15) لیوای هەیە لە چوارچێوەی "حەشدی شەعبی" هەیە، کە لە سەرانسەری پارێزگاکانی سەلاح الدین، نەینەوا، دیالە، کەرکوک بڵاوبوونەتەوە. لیواکانیش بریتین لە؛
1.    لیوای یەک (لیوای ئیمام محەمەد ئەلجواد)
2.    لیوای سێ (تەشکیلەی ئەسەدی ئامرلی)
3.    لیوای چوار (سەبازانی پێشڕەو)
4.    لیوای پێنج (تەشکیلەی ئەلکەرار)
5.    لیوای نۆ (لیوای کەربەلا)
6.    لیوای دە (لیوای بەدر)
7.    لیوای شانزە (هێزی تورکمان)
8.    لیوای بیست و یەک (رێکخراوی بەدر)
9.     لیوای بیست و دوو (رێکخراوی بەدر)
10.    لیوای بیست و سێ (ڕێکخراوی بەدر)
11.    لیوای بیست و چوار (ڕێکخراوی بەدر)
12.    لیوای بیست و حەوت (هێزەکانی ئەبو مونتەزەر ئەلمحەممەداوی)
13.    لیوای پەنجاو دوو (فوجی ئامرلی)
14.    لیوای پەنجاو سێ (لیوای ئەلحسێن)
15.    لیوای سەدو دە (لیوای کوردانی فەیلی)

حزبی دەعوەی ئیسلامی
یەکێکە لە پارتە سیاسییەکانی عێراق، بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی، چەندین کوتلەی چەکداریی هەیە، لەنێویاندا چوار لیوای لەناو هێزەکانی حەشدی شەعبییە، لە پارێزگاکانی دیالە و سەڵاح الدین و… نەینەوا. لیواکانی حیزبی دەعوەی ئیسلامی بریتین لە؛
1.    لیوای پانزە (هێزەکانی سەدر)
2.    لیوای بیست و پێنج (هێزەکانی سەدری یەکەم)
3.     لیوای سی و یەک (کەتائبی رسالیون)
4.    لیوای سی و پێنج (هێزەکانی سەدر)

ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی (مەجلیسی ئەعلای ئیسلامی)
لە ساڵی 1982 لە ئێران بە سەرکردایەتی جەلال الدین ئەلسەغیر دامەزراوە و چوار لیوای لە ناو هێزەکانی حەشدی شەعبیدا هەیە کە لە پارێزگاکانی ئەنبار و دیالە جێگیرکراون. لیواکانی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی بریتین لە؛
1.    لیوای حەوت (هێزەکانی المونتەزەر)
2.    لیوای هەشت (سەرایا عاشورا)
3.    لیوای بیست و هەشت (سەرایا ئەنسار ئەلعقیدە)
4.    لیوای شەست و شەش (سەرایا ئەنسارولعەقیدە)

ڕەوتی سەدری
لە ساڵی 2003 بە سەرکردایەتی موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدری دامەزراوە و سێ لیوای ناو هێزەکانی حەشدی شەعبی لەخۆدەگرێت، کە لە سەرانسەری پارێزگاری سەلاحەدین بڵاوبوونەتەوە، لیواکانی ڕەوتی سەدری بریتین لە؛
1.    لیوای 313 (سەرایا ئەلسلام)
2.    لیوای 314 (سەرایا ئەلسلام)
3.    لیوای 315 (سەرایا ئەلسلام)
ئەو لیوایانەی لە ڕەوتی سەدری جیابونەتەوە لە سەرانسەری پارێزگاکانی ئەنبار و سەڵاحەدین بڵاوبوونەتەوە؛
1.    لیوای 99 (سوپای موئەمەل)
2.    لیوای 19 (ئەنسار اللەی ئەلئەوفیا)

کەتائبی حزبوڵای عێراق
لیواکانی حزبوڵای عێراق لە ساڵی 2003 بە سەرکردایەتی ئەبو حسێن محەممەداوی و کۆمەڵێک سەرکردەی ڕانەگەیەنراو چالاکییەکانی دەستپێکردووە، چوار لیوای ناو هێزەکانی حەشدی شەعبی لەخۆدەگرێت، و لە سەرتاسەری پشتێنەکانی بەغدا و ئەنبار و سەلاحەدین بڵاوبووەتەوە، ئەوانیش؛
1.    لیوای 45 (سەرایای بەرگری شەعبی)
2.    لیوای 46 (سەرایای بەرگری شەعبی)
3.    لیوای 47 (سەرایای بەرگری شەعبی)
4.    لیوای 17 (سەرایای جیهاد)
5.    لیوای 12 (بزووتنەوەی نوجەبا)
عەسائیب ئەهلی حەق
لە ساڵی ٢٠٠٦ دەستی بە چالاکییەکانی کرد، دوای ئەوەی قەیس خەزعەلی و ئەکرەم کەعبی، لە "سوپای مەهدی"ی سەرکردەی ڕەوتی سەدری موقتەدا سەدر جیابوونەوە بۆ ئەوەی هێزێکی چەکداری تایبەت بۆ خۆی دابمەزرێنێت. عەسائیب سێ لیوای لەناو هێزەکانی حەشدی شەعبیدا هەیە و لە باشووری سەلاحەدین و ئەنبار و پشتێنەی بەغدا بڵاوبوونەتەوە. لیواکانیش بریتین لە؛
1.    لیوای 41 (ئەساعیب ئەهلی حەق)
2.    لیوای 42 (هێزەکانی ئەبو موسا ئەلعامری)
3.    لیوای 43 (سەبع ئەلدوجەیل)

حەشدی عەتەبات
لیواکانی "حەشدی عەتەبات" لە پارێزگاکانی نەینەوا، کەربەلا، نەجەف، ئەنبار و سەڵاح الدین جێگیرکراون. بریتین لە؛
1.    لیوای 44 (ئەنسار ئەلمرجەعیە _ ئەلعەتەبە لە نەجەف)
2.    لیوای دوو (فیرقەی شەڕی ئیمام عەلی)
3.    لیوای 26 (فیرقەی عباسی ئەلقتالی – ئەلعەتەبەی ئەلعباس)
4.    لیوای 11 (عەلی ئەکبر - مەزارگەی ئەلحسێنیە)

مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق
کوتلە چەکدارە جۆراوجۆرەکان کە خۆیان بە "مەقاوەمەئ ئیسلامی لە عێراق" ناودەبرد لە ساڵانی جیاوازدا پێکهاتن و بەشدارییان لە دامەزراندنی هێزەکانی حەشدی شەعبیدا کرد. لە پارێزگاکانی بەغدا و سەڵاحەدین و ئەنبار بڵاوبووەتەوە، لیواکانیشتان بریتین لە؛
1.    لیوای شەش (کەتیبەکانی جوند ئەلئیمام)
2.    لیوای 13 (لیوای التفوف - جیابوونەتەوە لە عەتەبەی ئەلحوسێنیە)
3.    لیوای 14 (کەتیبەکانی سەید ئەلشودا)
4.    لیوای 18 (سارایا ئەلخوراسانی)
5.    لیوای 20 (لیوای ئەلتفوف)
6.    لیوای 29 (کەتیبەکانی ئەنسار ئەلحجه)
7.    لیوای 39 (بزووتنەوەی ئەلئەبدال)
8.    لیوای 40 (کەتیبەکانی ئیمام عەلی)

حەشدی کەمینەکان
1.    حەرەکەی بابلیون
بزووتنەوەیەکی مەسیحیە کە لە ساڵی 2014 دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی یەک لەسەر سێی عێراق پێکهێنرا، لیوایەکی لەناو هێزەکانی حەشدی شەعبیدا هەیە بە سەرۆکایەتی ڕایان ئەلکیلدانی، کە لە پارێزگای نەینەوا جێگیرکراون، بە ناوی؛
لیوای 50 (کەتایبەکانی بابلیون)، بە سەرۆکایەتی ڕەیان ئەلکیلدانی.
2.    هێزەکانی دەشتی نەینەوا
هێزەکانی سەر بە پێکهاتەی شەبەک، گروپێکی دانیشتووانی کورد کە لە نزیکەی 60 گوندی دەشتی نەینەوا لە ڕۆژهەڵاتی شاری موسڵ بڵاوبوونەتەوە، لە ساڵی 2014 هێزێکی چەکداریان پێکهێنا دوای ئەوەی داعش ناوچەکانیان کۆنترۆڵکرد و بەشدارییان کرد لە دامەزراندنی هێزەکانی حەشدی شەعبی، ئەویش؛
-    لیوای 30 (هێزەکانی دەشتی نەینەوا) بە سەرۆکایەتی زەین ئەلعابیدین جەمیل خدر

حزبی فەزیلەی ئیسلامی
پارتێکی سیاسییە کە لە ساڵی ١٩٩١ دامەزرا، سەرکردەی ڕۆحی ئەو پارتە محەممەد موسا ئەلیاقوبییە، پارتەکە لەلایەن عەبدولحسێن عەزیز حەمەد جەلیل موسەویەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، لیوایەکی لەناو هێزەکانی حەشدی شەعبیدا هەیە کە لە سەرانسەری پارێزگاکانی نەینەوا و ئەنباردا بڵاوبووەتەوە، ئەویش؛
-    لیوای 33 (هێزەکانی وەعوالله)، بە سەرۆکایەتی حەقیقی ئیسماعیل ئەمین.

حەشدی عەشائری
لە ساڵی 2014 پێکهێنرا، دوای ئەوەی داعش سێیەکی ناوچەی عێراقی کۆنترۆڵکرد، لە هۆزە سوننەکانی عێراق، و بەشداری لە دامەزراندنی هێزەکانی حشدی شەعبیدا کرد لەڕێگەی کۆمەڵێک لیوا و فەوجەوە، جگە لە بوونی (21) فەوجی سەربازی، لیواکانیش بریتین؛
1.    لیوای 86 (لیوای ئەحرار ئەلعێراق)
2.    لیوای 91 (نەوادر شەمر)
3.    لیوای حەشد ئەلیاوەر
4.    لیوای 51 (لیوای صلاح ئەلدین)
5.    لیوای 56 (لیوای حەشدی شەهیدانی کەرکوک)
6.    لیوای 88 (هێزی ئومەوی ئەلجەبارە)
7.    لیوای 90 ( فورسان ئەلجبور)
8.    لیوای سێ (حەشدی ئەنبار)
9.    لیوای نیدائی دیالە
10.    لیوای حەشدی فەللوجە
11.    لیوای عامریەت ئەلسمود
12.    لیوای 92 (لیوای ئەللویزیین)
13.    لیوای 201 (حەرەس نەینەوا)

ژمارەی موچەخۆران و بوجەی تەرخانکراوی حەشدی شەعبی
بەپێی ڕاپۆرتێکی (ئەمواج میدیا) خەرجی پێویستی هێزەکانی حەشدی شەعبی ساڵانە (2 ملیار و 880 ملیۆن) دۆلارەو ژمارە ئەوانەی لە ڕووی مادییەوە سودمەندن لەو خەرجییانە ژمارەیان (238 هەزار) کەسە، وەک لە خشتەو چارتەکەی خوارەوەدا هاتووە.

 

 


سەرچاوەکان؛
-    الفصائل والسوداني.. من يحدد مصيرها؟ ، العالم الجدید، 7/1/2025؛
https://al-aalem.com/%d8%a7%d9%84%d9%81%d8%b5%d8%a7%d8%a6%d9%84-%d9%88%d8%a7%d9%84%d8%b3%d9%88%d8%af%d8%a7%d9%86%d9%8a-%d9%85%d9%86-%d9%8a%d8%ad%d8%af%d8%af-%d9%85%d8%b5%d9%8a%d8%b1%d9%87%d8%a7%d8%9f/

-    تشكيلات الحشد الشعبي العراقي، موقع الساعة، 8/8/2023؛
https://alssaa.com/post/show/8654
-    نزاع حول إدارة مديرية أمن الحشد الشعبي يكشف عن صراع على السلطة بين العراقيين الشيعة، موقع امواج میدیا، 2/8/2024؛
https://amwaj.media/ar/media-monitor/clash-over-pmu-security-directorate-exposes-iraqi-shiite-power-struggle

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand