"نەهێشتی بەربەستەكانی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم"
2025-01-08 15:58:58
(درەو):
"تەهێشتنی بەربەستەكانی بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم" تەوەرێكی گفتوگۆی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بوو لەگەڵ سەرۆكی توركیا لە ئەنكەرە.
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا باسی لە ناوەڕۆكی سەردانی رۆژی 7ی ئەم مانگەی خۆی بۆ ئەنكەرەی پایتەختی توركیاو، كۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی ئەو وڵاتەو بەرپرسانی تری توركیا كردووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەی كۆبونەوەی ئەمڕۆی حكومەت، مەسرور بارزانی وتویەتی:" لە کۆبوونەوەکاندا، جیا لە پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە، جەخت لە ڕۆڵی گرنگی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەو چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ کرایەوە، بەتایبەتی نەهێشتنی بەربەستەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا".
هەناردەی نەوتی هەرێم لەرێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهانی توركیا لە 25ی ئازاری 2023وە راوەستاوە، ئەمەش بەهۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی پاریسەوە دژ بە توركیا، بەهۆی بەكارهێنانی بۆری نەوتی عێراق- توركیا بۆ هەناردەی نەوتی هەرێم بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی حكومەتی بەغداد.
كۆتاییەكانی ساڵی رابردوو، هەردوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی عێراق گەیشتنە رێككەوتن لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ توركیا، ئەمەش لەرێگەی رێككەوتنێكی كاتییەوە بۆ دیاریكردنی بڕی 16 دۆلار وەكو نرخی بەرهەمهێنان هەر بەرمیلێك نەوت لە كوردستان تا ئەوكاتەی لە ماوەی 10 رۆژدا كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتیی خەمڵاندنی نرخی بەرهەمهێنانی نەوت لە كوردستان دەكات بۆ هەر كێڵگەیەك بە جیا.
بڕیارە لەسەرەتای ئەمساڵەوە، ئەم نرخە نوێیە كاتییەی بەرهەمهێنانی نەوت لە كوردستان لە خشتەكانی یاسای بودجەدا هەموار بكرێتەوەو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەر بدرێت.
بەهۆی راوەستانی هەناردەی نەوتەوە بۆ توركیا، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2023و لە یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراقدا ملكەچ بوو بۆ ئەوەی پرۆسەی فرۆشی نەوت و داهاتەكەشی بە دۆلار رادەستی حكومەتی فیدراڵ بكات لە بەغداد لەبەرامبەر ئەوەی بەغداد زامنی دابینكردنی موچەو خەرجییەكانی هەرێم بكات، بەڵام هێشتا ناكۆكییە داراییەكانی نێوان هەردوو حكومەت یەكلانەبوونەتەوە، هەروەك پرۆسەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمیش دەستی پێنەكردوەتەوە.
بۆ راگرتنی ناڕەزایەتیی كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوت، لەدوای راوەستانی هەناردەی نەوت بە بۆری، حكومەتی هەرێم رێگەی بە كۆمپانیاكان داوە دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت بكەنەوەو نەوتەكە بە تانكەر رەوانەی وڵاتانی دراوسێ دەكرێت، وەكو سەرچاوەكان بە نافەرمی باسی دەكەن، بەشی زۆری داهاتی تانكەرەكانی نەوت دەچێت بۆ كۆمپانیاكان و هیچ داهاتێك بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم ناگەڕێتەوە، سەرباری ئەوەی بەرپرسانی بەغداد ناوبەناو هەولێر تۆمەتبار دەكەن بە بەقاچاغبردنی نەوت، بەڵام حكومەتی هەرێم هێشتا بەفەرمی هیچ زانیارییەكی بۆ رایگشتنی كوردستان سەبارەت بە تانكەرەكانی نەوت و داهاتەكانی ئاشكرا نەكردووە.