Draw Media

پارە كەمە یان خراپ ئیدارە دەدرێت؟

پارە كەمە یان خراپ ئیدارە دەدرێت؟

2025-01-09 15:29:14




راپۆرتی: درەو
كۆی داهاتەكانی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2024 نزیكەی (17) ترلیۆن دیناربووە، (10 ترلیۆن و 752 ملیار دیناری پارەی بەغداد، 4 ترلیۆن و 347 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ، 240 ملیار دیناری پارەی هاوپەیمانان، زیاتر لە 2 ترلیۆن دیناری داهاتی نەوت) كۆی پارەی پێویست بۆ موچەی 12 مانگی موچەخۆران ( 11 ترلیۆن و 727 ملیار) دینارە، زیاتر لە (5 ترلیۆن) دینار داهات لە خەرجی موچە زیاترە، چۆن موچەی مانگی 12 لە نزیكەی (ترلیۆنێك) دینارەوە كەمكرایەوە بۆ (442 ملیار) دینار و بۆ موچەی مانگی 11 خەرجكرا؟
راپۆرتێكی وورد لە بارەی داهات و خەرجییەكانی هەرێمی كوردستان لە 2024 بخوێنەوە.

 داهاتەكانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2024 دا
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2024دا بە چوار رێگە داهاتی هاتووەتە بەردەست، (بۆ ژمارەكان پشت بە ئامارە رەسمییەكان بەستراوە) حكومەتی هەرێم بە چەندین رێگای جیاواز داهاتی كۆكردووەتەوەو هاتووەتە بەردەستی:
یەكەم: پارەی بەغداد
بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی هەرێم و كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە 8/1/2025 كۆی ئەو پارەیەی لە بەغدادەوە گەیشتووەتە هەرێم بۆ موچە: (10 ترلیۆن و 752 ملیار ) دینار بووە.
بەڵام بەپێی راپۆرتی بڵاوكراوەی وەزارەتی دارایی عێراق (10 ترلیۆن و 901 ملیار) دینار بۆ هەرێمی كوردستان نێردراوە.
دووەم: داهاتی ناوخۆ
كۆی داهاتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە لە 2024 دا بریتی بووە لە (4 ترلیۆن و 347 ملیار) دینار بە (كاش و چەك و مقاسە)ەوە واتا مانگانە (362 ملیار) دینار. ( ژمارەكە لەسەرچاوەی وەزارەتی دارایی هەرێم وەرگیراوە)
سێیەم: پارەی هاوکاری هاوپەیمانان
مانگانە هاوپەیمانان بڕی (20 ملیار) دینار دەدەنە هەرێمی كوردستان پێشتر دەدرایە موچەی لیوا هاوبەشەكان ئێستا وەك مینحە پێیان دەدرێت، كۆی ئەو پارەیەی هاوپەیمانان خەرجیان كردووە (240 ملیار) دینارە.
چوارەم: داهاتی نەوت
لە 25ی ئازاری 2023ەوە نەوتی هەرێمێكی كوردستان بە بۆری راگیراوە، لە ئێستادا كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم نەوت بەرهەمدەهێنن و دەیفرۆشن بە پاڵاوگەكان و بەشێكیشی بۆ دەرەوە، بەپێی چاوپێكەوتنەكەی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی لەگەڵ رۆژنامەنووسان وتی (بەرمیلێک نەوت بە تێكڕا بە (31.3) دۆلار دەفرۆشرێت (55%)ی داهاتەكەی بۆ حكومەتەو (45%)ی داهاتەكەی بۆ كۆمپانیاكانە) لەبەر ئەوەی كۆمپانیاكان خەرجی گواستنەوە نادەن راستەوخۆ دەیفرۆشن.
ئێستا رۆژانە بە تێكڕا لەسەرجەم كێڵگەكانەوە (310 – 320 هەزار) بەرمیل نەوت دەفرۆشرێت، بە پێی لێكدانەوەكانی (درەو) لە ساڵی 2024دا بڕی (111 ملیۆن و 600 هەزار) بەرمیل نەوت فرۆشراوە، بەرمیلی بە (31.3) دۆلار، كۆی داهاتەكەی دەكاتە (3 ملیارو 493 ملیۆن) دۆلار بەرامبەر بە (4 ترلیۆن و 610 ملیار) دینار (ئەگەر 1 دۆلار بەرامبەر هەزار و 320 دینار بێت)، لەو پارەیە (55%)ی بۆ حكومەت بووە (ملیارێك و 921 ملیۆن) دۆلار واتا (2 ترلیۆن و 535 ملیار) دینار، رێژەی (45%)ی داهاتی نەوت بۆ كۆمپانیاكان بووە بە بڕی (1 ملیار و 571 ملیۆن) دۆلار بەرامبەر بە (2 ترلیۆن و 74 ملیار) دینار.

كۆی داهاتەكانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2024)دا
-    پارەی بەغداد: 10 ترلیۆن و 752 ملیار دینار
-    داهاتی ناوخۆ: 4 ترلیۆن و 347 ملیار دینار
-    پارەی هاوپەیمانان: 240 ملیار دینار
-    داهاتی نەوت بۆ حكومەت: 2 ترلیۆن و 353 ملیار دینار
كۆی گشتی داهاتی هەرێم لە 2024 دا دەکاتە  17 ترلیۆن و 692 ملیار دینار

 

خەرجییەكانی هەرێمی كوردستان
یەكەم: خەرجی موچە
بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی هەرێم و كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە ساڵی 2024 حكومەتی هەرێمی كوردستان  (11 ترلیۆن و 712 ملیار)ی دیناری بۆ موچە خەرجكردووە، بڕی (10 ترلیۆن و 752 ملیار) دیناری پارەی بەغداد و (960 ملیار) دیناری داهاتی ناوخۆ بۆ موچە خەركراوە بۆ موچەی (11) مانگی ساڵەکە، هەرچەندە كۆی خەرجی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە 2024 دا كۆی پێویستی بۆ موچە بۆ 12 مانگی 2024: 11 ترلیۆن و 727 ملیار دینارە.
 


دووەم: خەرجی ناوخۆ
بە پێی زانیارییەكانی (درەو) كە لە وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەستیكەوتووە داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان لە 2024دا: (4 ترلیۆن و 347 ملیار) دینار بووە بە (كاش و چەك و مەقاسە)ەوە واتا مانگانە بە تێكڕا (362 ملیار) دینار بووە.
بەپێی ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی هەرێم، داهاتی ناوخۆ بەم شێوەیە خەرجكراوە:
-    160 ملیار دینار مانگانە بۆ خەرجی بەگەڕخستن (تەشغیلی).  بۆ ساڵی 2024 دەكاتە (2 ترلیۆن) دینار.
-    390 ملیار دینار دراوە بەبەغداد بۆ داهاتی دامەزراوە فیدراڵیەكان بۆ (5) مانگ.
-    960 ملیار دینار بۆ تەواوكاری موچەخۆران خەرجکراوە.
-    350 ملیار – 400 ملیار دینار بۆ پرۆژەكان خەرجكراوە
-    400 ملیار دینار ( چەك و مەقاسە) بووە واتا بەكاش نەهاتووەتە وەزارەتی دارایی.
سێیەم: خەرجی پارەی هاوپەیمانان
مانگانە ئەو پارەیەی كە هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگەی دەنێرن بڕكەی (20 ملیار) دینارەو ساڵانە (240 ملیار) دینار دەکات، تا مانگی ئازاری 2024 وەك موچە دراوە بە لیوا هاوبەشەكان، بەڵام دواتر كراوە بە مینحەو لە موچە دەركراوە.
 چوارەم: خەرجی داهاتی نەوت
داهاتی نەوت لە ساڵی 2024دا  (4 ترلیۆن و 610 ملیار) دینار بووەو، (55%)ی بۆ حكومەت بووە بە بڕی (2 ترلیۆن و 535 ملیار) دینار. ئەم پارەیە ناگەڕێتەوە وەزارەتی دارایی و بەشێكی راستەوخۆ خەرج دەكرێت، ئەو پارەیەی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لە ئەنجومەنی وەزیران بەشێكی بەم شێوەیە خەرجكراوە:
-    بڕی (22) ملیۆن دۆلاری بۆ كرێی غازی تەمویلی كارەبا (دانەغاز + کۆمپانیای كار)
-    پاڵپشتی نەوتی سپی ماڵان
-    دانەوەی قەرز
كۆی گشتی داهاتی نەوت بە وتەی (ئاوات شێخ جەناب) نزیكەی (50) ملیۆن دۆلاری مانگانە دەدرێتە حكومەتی هەرێم، بەڵام ناچێتە خەزێنەی وەزارەتی دارایی، لە رێگای ئەنجومەنی وەزیرانەوە خەرجدەكرێت.  

موچەی مانگی 12ی2024
بە دوو نوسراو وەزارەتی دارایی عێراق، بڕی (441 ملیارو 493 ملیۆن) گوژمەی یەكەم (264 ملیار و 698 ملیۆن و 348 هەزار و 312 ) دینار بوەو گوژمەی دووەم (176 ملیار و 795 ملیۆن و 250 هەزار و 669) دیناری رەوانەی هەرێمی كوردستان كردووە:
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) كۆی ئەو بڕە پارەیەی بڕیاربوو لە مانگی 12/2024 لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بنێردرێت بڕی ( ترلیۆنێك و 131 ملیار) دینار بووە، بەشێكی بۆ موچەی مانگی (12) بووە كە نزیكەی (700 ملیار) دیناربووەو بەشێكی (433 ملیار) دیناری گواستنەوە بووە لە خەرجییەكانی ترەوە بۆ خەرجی موچە، لەگەڵ بڕێك پارەی ماوەی مانگی (11)، بەڵام وەزیری دارایی عێراق داوای لە حكومەتی هەرێم كردووە پارەی داهاتی ناوخۆ بنێرن بۆ ئەوەی تەسفیەی ساڵی 2024 بكرێت، بەڵام حکومەتی هەرێم نەیناردووە بۆیە ئەویش تەسفیەی تەواوەتی ساڵی 2024ی كردووە، دوای لێدەركردنی داهاتی ناوخۆی (7) مانگ كە مانگانە نزیكەی (80 ملیار) دینارە، لەگەڵ (76 ملیار) دیناری خانەنشینان لە كۆی گشتی (441 ملیار و 493 ملیۆن) دیناری ماوەتەوەو ناردوویەتی بۆ هەرێمی كوردستان.
بۆ مانگی 12
-    كۆی گشتی نزیكەی (ترلیۆنێك و 131 ملیار) دینار بۆ هەرێم تەرخان کراوە، بەجۆرێک؛
-    (700 ملیار) دینار بۆ موچەی مانگی 12
-    (430 ملیار) دینار گواستنەوە بۆ موچە
-    كۆی گشتی نزیكەی (ترلیۆنێك و 131 ملیار) دینار
بەڵام
-    لێبڕینی (7) مانگی داهاتی ناوخۆ: (550 ملیار) دینار
-    لێبڕینی خانەنشینی (10%): (76 ملیار) دینار
-    پارەی لێبراو = (626 ملیار) دینار
-    هەندێك لێبڕینی تر
-    پوختەی ئەو پارەیەی بۆ موچەی مانگی  12 دەمێنێتەوە (442 ملیار) دینارە
ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت؛ سەرجەم موچەی مانگەكانی سالێ 2024ی موچەخۆرانی هەرێمی كورستانی ناردووەو ئەو (442 ملیار) دینارەش دوا پشكی موچە بووە كە بۆ مانگی (12) ناردوویەتی، ئیتر فایلی موچەو پشكی هەرێم بۆ 2024 داخراوە.  

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand