Draw Media

تاوكێ.. دووەم گەورەترین كێڵگەی كوردستان

تاوكێ.. دووەم گەورەترین كێڵگەی كوردستان

2025-01-11 14:43:14


 

راپۆرت: درەو
بلۆكی (تاوكێ) دەكەوێتە رۆژهەڵاتی قەزای زاخۆ لە  پارێزگای دهۆك، لەگەڵ كێڵگەی (فیشخاپور) یەك گرێبەستیان بۆ كراوە، بۆیە كاتێك باسی بەرهەمی ئەم كێڵگەیە دەكرێت ئاماژەیە بۆ تێكڕای بەرهەمی هەردوو كێڵگەی (تاوكێ)و (فیشخاپور) كە لەچوارچێوەی یەك بلۆكی نەوتیدان.
رێژەی (75%)ی پشكەكانی گرێبەستی كێڵگەی (تاوكێ) بۆ كۆمپانیای (DNO)ی نەرویژی‌و (25%)ی دراوە بە كۆمپانیای (گەنەڵ ئینێرجی) توركی.
كۆمپانیای DNO كە زۆرینەی پشكەكانی كێڵگەكەی هەیە، رۆژی 25ی حوزەیرانی 2004 گرێبەستی "هاوبەشی لە بەرهەمهێنان"دا لەم كێڵگەیە لەگەڵ حكومەتی هەرێم واژۆ كردووە.
رووبەری ئەم كێڵگەیە (594) كیلۆمەترەو یەدەگی خەمڵێندراوی نەوت لەم كێڵگەیە بە بڕی (1.9 ملیار) بەرمیل خەمڵێندراوە.

وێنەیەك لە گرێبەستەكە
لەڕووی ئاستی بەرهەمهێنانەوە، لە كۆی (14) كێڵگەی نەوت لە هەرێمی كوردستان، (تاوكێ) لەدوای (خورمەڵە)وە دووەم گەورەترین كێڵگەی كوردستانەو؛ پێشتر بەرهەمی ئەم كێڵگەیە رێژەی 25،51%ی تێكڕای بەرهەمی نەوتی هەرێمی كوردستانی پێكهێناوە.
بەرهەمهێنانی (رۆژانەی) نەوت لە كێڵگەی تاوكی لەماوەی ساڵانی 2015 بۆ 2020 بەمشێوەیە بووە:
•    2015: 135 هەزار بەرمیل
•    2016: 107 هەزار بەرمیل
•    2017: 109 هەزار بەرمیل
•    2018: 113 هەزار بەرمیل
•    2019: 124 هەزار بەرمیل (بەهۆی سەرهەڵدانی پەتای كرۆناوە بازاڕی جیهانی نەوت شكا، لە كۆتایی ئەم ساڵەوە ئیتر ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەم كێڵگەیە بۆ 83 هەزار بەرمیلی رۆژانە دابەزیوە)
•    2020: 110 هەزار بەرمیل
•    2021: 100 هەزار بەرمیل
•    2022: 108 هەزار بەرمیل

 
بەر لە راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم بە بۆری بۆ بەندەری جەیهانی توركیا لە 25ی ئازاری 2023دا بەهۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریسەوە، لە كێڵگەی (تاوكی) رۆژانە بە تێكڕا (107 هەزار و 102) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرا، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لەدوای راوەستانی هەناردەی نەوت بە بۆریی و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت بە تانكەر بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی و هەناردەكردنی بۆ وڵاتانی دراوسێ، بەرهەمی ئەم كێڵگەیە لە شوباتی 2024دا گەیشتوەتە (90 هەزار) بەرمیلی رۆژانە، واتا بەگشتیی بەراورد بە بەر لە راوەستانی هەناردە لەرێگەی بۆرییەوە، لەسەردەمی هەناردەی نەوتدا بە تانكەر بەرهەمی كێڵگەی تاوكێ بەرێژەی 16% كەمیكردووە.
وەكو كۆمپانیای (DNO) خۆی باسی دەكات، لەدوای راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم بە بۆریی بۆ بەندەری جەیهانی توركیا، بەرهەمهێنان لە كێڵگەی تاوكی راوەستاوەو لە مانگی تەموزی 2023دا دەستی بە وەبەرهێنانی نەوت كردوەتەوە لە كێڵەی (تاوكێ)، لە كێڵگەی (فیشخاپور) بەرهەمهێنان لە مانگی ئۆكتۆبەری 2023 دەستیپێكردوەتەوە، لەم ماوەیەدا ئاستی بەرهەمهێنان لە هەردوو كێڵگەكەی ناوچەی گرێبەستی "تاوكێ" بریتی بووە لە (80 هەزار) بەرمیلی رۆژانەو نەوتەكە بە تانكەر رەوانەی پاڵاوگەكانی ناوخۆی كوردستان و بە تێكڕا هەر بەرمیلێكی بە بڕی (30 دۆلار) فرۆشراوە.

كورتەیەك لەبارەی كۆمپانیای (DNO)
کۆمپانیای DNO ASA کۆمپانیایەکی نەوت و غازی نەرویجییەو لە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەریای باکور و رۆژئاوای ئەفریقا كاردەكات.
ئەم کۆمپانیا لە ساڵی 1971 دامەزراوەو بارەگا سەرەكییەكەی لە (ئۆسلۆ)یەو لە بۆرسەی ئۆسلۆ تۆماركراوە، پشكی لە مۆڵەتەكانی دۆزینەوەو پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی نەوتدا هەیە لە چەند ناوچەیەكی جیهان لەوانە (هەرێمی کوردستانی عێراق- نەرویج- بەریتانیا- کۆت دیڤوار- هۆڵەندا- یەمەن).
10ی شوباتی 2022، كۆمپانیای  DNOئاشكرایكرد" ریكۆردێكی نوێی لە داهات تۆمار كردووەو بۆ یەكەمجار داهاتەكانی كۆمپانیاكە گەیشتووەتە زیاتر لە (ملیارێك) دۆلار، كە 63% زیاترە لە ساڵی 2021، ئەمەش وەكو خۆی ئاماژەی بۆ كردبوو، لە دەرەنجامی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گازو بەرزی تواناو ئاستی بەرهەمهێنانی كۆمپانیاكە، كە وایكردووە قازانجی ساڵانەی كۆمپانیا بگاتە 321 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی.
بیجان موسەڤەر سەرۆكی جێبەجێكاری (DNO) لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی فەرمی كۆمپانیاكەی وتبووی:" لە پەنجاهەمین ساڵیادی دامەزراندنیدا، لەگەڵ بەردەوامی كاریگەری پەتای كۆرۆنا، DNO ساڵی 2021 بوو بە كۆمپانیایەكی (ملیار دۆلاریی)".
ئەوەی جێگەی سەرەنجە، لەو ساڵەدا كە خۆی وەكو كۆمپانیایەكی "ملیار دۆلاریی" ناساندووە، هاوكات DNO
باسی لەوە كردووە كە زۆرینەی بەرهەمهێنانی كۆمپانیاكە لە هەرێمی كوردستاندا بووە، بەجۆرێك لە 2021دا بە تێكڕا لە هەموو ئەو ناوچانەی كاریكردووە بڕی (94 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانەی بەرهەمهێناوە، لەمە بە تەنیا (81 هەزار) بەرمیلی رۆژانەی لە هەرێمی كوردستاندا بووەو  تەنیا 12 هەزارو 900 بەرمیلی رۆژانەی لە دەریای باكوردا هەبووە، واتا (86%) تێكڕای بەرهەمی نەوتی ئەم كۆمپانیا نەرویجییە لە هەرێمی كوردستاندا بووە.


تاوكێ و ناڕەزایەتیی
رۆژی 11ی تشرینی دووەمی 2023 هاوكات لەگەڵ سەردانێكی وەزیری نەوتی عێراق بۆ هەولێر بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەبارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، هاوڵاتیانی (11) گوندی سنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لەبەردەم كێڵگەی نەوتی (تاوكێ) دەستیان بە گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی كرد.
ناڕەزایەتییەكە بەهۆی ئەوە بوو كۆمپانیای DNO تاوكێ گرێبەستی كاركردنی كرێكارەكانی ئەم گوندانەی هەڵوەشاندبووەوە، ئەمە حەوت مانگ دوای راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم بوو بۆ توركیا، كۆمپانیاكان ترسیان هەبوو زیانی دارایی زیاتر بكەن، بەوهۆیەوە كاركردنیان لە كێڵگە نەوتییەكان رادەگرت یاخود سنورداریان دەكرد بۆ ئەوەی ئاستی خەرجییەكانیان كەمبكەنەوە.
ئەوە جاری دووەم بوو خەڵكی ئەو گوندانە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی كۆببنەوە، پێشتریش جارێكی تر گردبونەوەیان كردبوو، بەڵام بێ ئەنجام بووە، ئەم كرێكارانە داوای ئەوەیان دەكرد بچنەوە سەر كارەكانیان.  
ئەو رۆژەی ناڕەزایەتییەكە رێكخرا، ژمارەیەك لە میدیاكان بۆ رووماڵی ناڕەزایەتی خەڵكی ئەو گوندانەی نزیك كێڵگەی تاوكێ، پەیامنێری خۆیان ناردە ناوچەكە، بەڵام لەلایەن پۆلیسی كێڵگە نەوتییەكانەوە رێگرییان لێكرا.
سەنتەری میترۆ كە پێشێلكارییەكان دژی رۆژنامەنوسان لە هەرێمی كوردستان تۆمار دەكات، ئەوكات لە راگەیەندراوێكدا وتی:" خۆپیشاندان‌و گردبوونەوەی هاوڵاتیان بە یاسای رێكخستنی خۆپیشاندن‌و دەستوری عێراق، رێگە پێدراوەو روماڵكردنیشی بە یاسای رۆژنامەگەریی، پارێزراوە. ئەو هێزەی بۆ پاراستنی یاسا لە داهاتی گشتی موچە وەردەگرن، لەبەرژەوەندی كۆمپانیا نەوتییەكان یاسا پێشێلدەكەن‌و نایانەوێ دەنگی ناڕەزایەتی كرێكارو كارمەندانی  كۆمپانیاكان بگاتە رایگشتی".
كانونی یەكەمی 2021 وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم ئاشكرایكرد، زیاتر لە  14 كۆمپانیا لە كەرتی نەوت‌و گازی هەرێمی كوردستان كاردەكەن.
بەپێی قسەی وەزارەت، ئەوكات (6 هەزارو 196) كەس لە كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان كاریان كردووە، لەم ژمارەیە (5 هەزارو 44) كەسیان خەڵكی هەرێمی كوردستان بوون، واتا رێژەی زیاتر لە 81%ی كرێكاری كۆمپانیاكانی كەرتی نەوت لە هەرێم دەستی ناوخۆیی بووە.
بەر لە راوەستانی هەناردەی نەوت بە بۆری بۆ بەندەری جەیهانی توركیا، هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان رێژەی 0,5%ی كۆی گشتی هەناردەی نەوتی لەسەر ئاستی جیهان پێكدەهێنا.

سەرچاوەكان:
•    ناوەندی روپێوی ئابوری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (Mees)
https://www.mees.com/country/iraq
•    سایتی حكومەتی هەرێمی كوردستان- وەزارەتی سامانە سروشتییەكان
https://gov.krd/mnr/publications/%DA%AF%D8%B1%DB%8E%D8%A8%DB%95%D8%B3%D8%AA%DB%95%DA%A9%D8%A7%D9%86/
•    سایتی كۆمپانیای DNO
https://www.dno.no/en/media-center/
•     پشکی کۆمپانیا بیانییەکان لە بلۆکە نەوتییەکانی هەرێمدا (سایتی درەو)  https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9680
•    کێلگە نەوتیەکانی پارێزگای دهۆک و توانای بەرهەمهێنانیان (سایتی درەو)  https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=10264

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand