تەیف سامی: پارەی تر نانێرم.. موچەی مانگی 12 رەوانەی لیژنە كرا
2025-01-11 16:08:16
(درەو):
تەیف سامی وەزیری دارایی فیدراڵ لەبەردەم لیژنەی دارایی پەرلەماندا وتویەتی لە 2024دا موچەی 12 مانگی بۆ هەرێم ناردووە، بۆیە هیچ بڕە پارەیەكی تر نانێرێت، چارەنوسی موچەی مانگی 12ی موچەخۆرانی هەرێم رادەستی لیژنەیەكی پەرلەمانی عێراق كرا، لیژنەكە پێداچوونەوە دەكات بەو جیاوازییانەی كە لە (تەراووی پێداچوونەوە)ی هەرێم و بەغداد هەیە.
لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ بە میوانداریی (تەیف سامی) وەزیری دارایی فیدراڵ كۆبووەوە. لە بنەڕەتەوە كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن دەربارەی هەمواری مادەی 12 بڕگەی دووەم/ج لە یاسای بودجەی گشتی، کە تایبەتە بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی ئامادەکردنی راپۆرتی لیژنەی دارایی بۆ خوێندنەوەی دووەم لە رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیەدا.
بەڵام لە پەراوێزی بابەتی هەمواری یاسای بودجەو پرسیار سەبارەت بە چارەنوسی موچەی مانگی 12ی ساڵی 2024ی موچەخۆرانی هەرێم لە وەزیری دارایی فیدراڵ كرا. عەتوان عەتوانی سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كە سەربە ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسای نوری مالیكییە، دوای كۆبوونەوە قسەی بۆ میدیاكان كردو رایگەیاند، دڵنیایی بە هەموو فەرمانبەران دەدەن كە موچەی هەموو فەرمانبەران لەسەرتاسەری عێراق بەتەواوی زامنكراوەو بارودۆخی ئابوری زۆر باشە.
"دەنگۆكان راست نین، دۆخی داراییمان زۆر باشە، نرخی نەوت لەوە زیاترە كە پێشبینی كرابوو، جگە لەمە داهاتی نانەوتیش زیادی كردووە، پارەداركردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیش بەردەوامە، بەڵام چەند خاڵێكی ناكۆك هەیە، لیژنەیەكمان پێكهێناوە بۆ پێداچوونەوە بە جیاوازییەكانی تەرازووی پێداچوونەوە لەنێوان حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان" سەرۆكی لیژنەی دارایی وای وت.
ئیخلاس دلێمی ئەندامی لیژنەی دارایی لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانیش سەبارەت بە چارەنوسی موچەی مانگی 12ی هەرێم قسەی كرد، وتی:" هەڵە تێگەیشتن لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە هەیە، حكومەتی فیدراڵی دەڵێ بڕی شایستەی هەرێم بریتییە لە 11 ترلیۆن و 300 ملیارە، ئەگەر ئەمە دابەشی 930 ملیار دینار بكرێت مانگانە 450 بۆ 600 ملیار دینار كورتهێنانی دەبێت، بڕیاری دادگای فیدراڵی روونە، پێوییستە موچە گەرەنتی بكرێت، دادگای باسی ئەوەی نەكردووە گەرەنتیكردنی موچە لەچوارچێوەی بڕگەی قەرەبووكردنەوەی فەرمانبەراندا بێت، بەڵكو لەچوارچێوەی 20 ترلیۆن دیناری پشكی هەرێمی كوردستاندایە لە بودجەدا، ئەوەی خەرجكراوە 10 ترلیۆن و 500 ملیار دینارە".
دلێمی باسی لەوەكرد، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ موچەی مانگی 12ی فەرمانبەرانی هەرێم بڕی تەنیا 400 ملیار دیناری ناردووە، واتا زیاتر لە 500 ملیار دینار كورتهێنان هەیە، لە ئەنجامیشدا حكومەتی هەرێم ناتوانێت موچەی مانگی 12 خەرج بكات، رەنگە چەند رۆژێك دوابكەوێت، بەڵام پێموایە میكانیزمێك لەنێوان هەردوو حكومەت دەبێت بۆ خەرجكردنی موچەی مانگی 12.
جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە فراكسیۆنی یەكگرتوو قسەیەكی جیاوازتر دەكات لەبارەی كرۆكی كۆبوونەوەكەو دەڵێ:" كە پرسیاری موچەی مانگی 12ی موچەخۆرانی هەرێم لە تەیف سامی كرا، ئەو وتی: لە 2024دا موچەی 12 مانگی ناردووەو ئەگەر بڕیارێك لەوبارەیەوە نەدرێت هیچ پارەیەکی تر نانێرم".
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لەرۆژی 2ی مانگەوە بڕی پارەی تەرخانكراو بۆ موچەی مانگی (12) رەوانەی هەرێمی كوردستان كراوە، كە (441 ملیارو 900 ملیار) دیناربووەو بەدوو گوژمە هاتووە، یەكێكیان (264 ملیار) و ئەوەی دووەم بە (177) ملیار دینار بووە.
ئەم بڕە پارە بۆ موچەی مانگی 12 هاتووە، بەڵام هەرێمی كوردستان بۆ كورتهێنانی موچەی مانگی 11 تەرخانی كردووە؛ ئەو بڕە پارەیەی كە بۆ موچەی مانگی 12 نێردراوە خۆی نزیكەی (ترلیۆنێك) دینار بووە، بەڵام بڕی نزیكەی (485) ملیار دیناری داهاتای ناوخۆ و بڕی (76) ملیار دیناری لێبڕینی خانەنشینی لێبڕاوە، ئەوەی ماوەتەوە (441 ملیارو 900) ملیۆن دینارە، واتا هەرێمی كوردستان داهاتی ناوخۆی رادەستنەكردووە، بۆیە بەغداد راستەوخۆ لە موچەی مانگی 12یان بڕیوە.
ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق تەسفیەی تەواوی ساڵی 2024ی لەگەڵ هەرێمی كوردستان كردووەو موچەی هەر (12) مانگەكەی ناردووە، بە لێبڕین و تەسفیەكردنی داهاتی دامەزراوە فیدراڵیەكانی هەرێم، كە مانگانە نزیكەی (78 -80) ملیار دینارەو هەرێم رادەستی بەغدادی نەكردووە، واتا لە نزیكەی (900) ملیار دیناری داهاتی ناوخۆی دامەزراوە فیدراڵیەكانی هەرێم، لە ساڵی 2024دا هەرێمی كوردستان نزیكەی (415) ملیار دیناری ناردووە، بۆیە لە كۆتاییدا بەغداد خۆی راستەوخۆ پارەی داهاتی ناوخۆی لە موچەی مانگی 12 بڕیوە.
وەزارەتی دارایی عێراق لە راپۆرتی خۆیدا بڵاوی كردەوە كە لە ساڵی 2024 بڕی (10 ترلیۆن و 901 ملیار) دیناری بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە بە بێ ئەو (441) ملیار دینارەی كە بۆ موچەی مانگی (12) ناردوویەتی.