لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا چی وترا؟
2025-01-11 18:07:56
درەو:
" لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ نوێنەرانی كورد لە بەغداد، د. ئومێد سەباح ژمارەكانی خستەڕو وتی بە سودانیمان وت ئێمە هەموو داهاتی نەوتی و نانەوتی رادەیت دەكەین ئێوە موچەو بودجەی هەرێم بدەن، ئاوات شێخ جەناب وتی، باسی كەموكوڕی لیستی موچەی چی دەكەن، خۆ مانگێكیان ئێمە لیستی موچەشمان نەنارد ئەوان پاری موچەیان نارد، د. فوئاد حسێن لە كۆبوونەوەكەدا وتی، بەهاتنی ترەمپ رەنگە شەڕی ئۆكرانیا بوەستێت، ئەوكات نرخی نەوت دادەبەزێت و رەنگە عێراقیش نەتوانێت موچە بدات" ئەمە بەشێكە لە لێدوانی بەرپرسان لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیە.
بەشداربوویەكی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە حكومەتی فیدراڵی و ئەنجومەنی نوێنەران ووردەكاری كۆبوونەوەكەی بۆ (درەو) باسكرد.
ئەو سەرچاوەیە وتی لە كۆبوونەوەكەدا هەر وەزیرێكی حكومەتی هەرێم بە ژمارەو داتا راپۆرتی خۆیان سەبارەت بە پشكی وەزارەتەكانیان خستە ڕوو كە چەندیان بۆ نێردراوە:
خالید شوانی رایگەیاند ژمارەكان زۆر جیاواز لە میدیا باس دەكرێن، هەریەكەو ژمارەیەك لەسەر بودجەو موچە بڵاو دەكرێتەوە:
د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان وەڵامی دایەوەو بەم شێوەیە ژمارەكانی خستەڕوو:
* پشكی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2024 بریتی بووە لە (16 ترلیۆن و 758ملیار) دینار لەو ژمارەیە:
- پشكی موچە ساڵی 2024 بریتی بووە لە (11 ترلیۆن و 758 ملیار) دینارە، ( 9 ترلیۆن و 556 ملیارو 348 ملیۆن و 002 هەزار) دینار بۆ موچەی فەرمانبەران و (2 ترلیۆن و 20 ملیارو 173 ملیۆن و 330 هەزار) دینار بۆ موچەی چاودێری كۆمەڵایەتی و خانەنشین و كاروكاروباری كۆمەڵایەتی
- بۆ بودجەی تەشغیلی (2 ترلیۆن و 500 ملیار) دینار بووەو خەرج نەكراوە
- بۆ بودجەی وەبەرهێنان (2 ترلیۆن و 500 ملیار) دینار بووەو خەرج نەكراوە
لە بەشی موچە كە (11 ترلیۆن و 758 ملیار) دینارە لە بەغدادەوە (10 ترلیۆن و 758 ملیار) دینار بۆ موچە بووە بەڵام (726 ملیار) دیناری لێبڕاوە هی خانەنشینی (10%) و باجی موچە، ئەوەی ماوەتەوە (10 ترلیۆن و 26 ملیار) دینار بووە كە ئەویش بەشی تەنیا (10) موچەی كردووەو لەگەڵ (960) ملیاری داهاتی ناوخۆی هەرێم كە تەرخانكراوە بۆ موچە ئەوجا (11) موچەمان پێداوە.
لە كۆبوونەوەكەدا د. ئومێد سەباح وتی: چوینە لای محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق پێمان وت ئێمە هەموو داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێمی كوردستان رادەستی بەغداد دەكەین، بەس ئێوە موچەو بودجە بدەن واتا ئەو (16 ترلیۆن و 500 ملیار) دینارەی پشكی هەرێمی كوردستان، بەڵام سودانی وتی: ئێمە ئەوە ناكەین بەڵام سودانی ئەوەی وت ئێوە نیوەی داهاتی ناوخۆی هەرێم رادەست بكەن ئێمە موچەتان بۆ دەنێرین" وتمان ئێمە رازین، بەڵام بە سودانیمان وت ئەمەمان بۆ بكە بە نوسراو نەك وەیری دارایی تەیف سامی بیانوو بگرێت، وتی نوسراو ناكەم، دواتریش كە چوینە لای تەیف سامی باسی ئەو بەڵێنەی سودانیمان بۆ كرد وتی كوا نوسراو بۆیە نەیكرد.
ئەو بەشداربووەی كۆبوونەوەكە ئەوەشی بۆ (درەو) باسكرد، د. فوئاد حسێن جێگری سەرۆكی وەزیرانی عێراق وتی رەنگە لەدوای دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترەمپ شەڕی ئۆكرانیا - روسیا رابگیرێت، ئەوكات نرخی نەوت دادەبەزێت رەنگە نزیك بێتەوە لە 30 دۆلارو رەنگە عێراقیش موچەی پێنەدرێت، مەسرور بارانی وتی بۆچی لە وەختی دێتە سەر ئێمە عێراق توشی كارەسات دەبێت و موچە نامێنێت و توشی فڵان و فڵان شت دەبێت.
ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی سەڕەرای ئەوەی راپۆرتی وەزارەتەكەی خوێندەوەو باسی ئەوە كرا لە بەردەوام دەوترێت لیستەكان و میان مەراجەعە كێشەی هەیە، وتی، كێشەی چی لە لیستی موچەیەدایە ئەوە هەمووی بیانووە، مانگێكیان ئەسڵەن ئێمە هەر لیستی موچەمان نەنارد بەغداد موچەی رەوانەكرد ئێمە سەیرمان لێهات (وابزانم موچەی مانگی نیسان بوو كە سودانی چوو بۆ ئەمریكا بە وتەی سەرچاوەكە)