Draw Media

"دەوڵەتی توركیا هێشتا خاوەندارێتیی روونی لە پرۆسەی ئاشتیی نەكردووە"

"دەوڵەتی توركیا هێشتا خاوەندارێتیی روونی لە پرۆسەی ئاشتیی نەكردووە"

2025-01-10 13:06:38


(درەو):
"دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی ئەنجام دەدەن، بەڵام دەوڵەت هێشتا خاوەندارییەکی ڕوونی لێ نەکردووە، زمانی راگەیاندنەكانی توركیا ژەهراوییە، زاراوەی (سەرکردەی تیرۆریست و بکوژی منداڵ) سوکایەتیکردنە بە ئیرادەی گەلی کورد.. لەکوێی دنیا بینراوە، ئاشتی بە شەڕ و هەڕەشە بێتەدی؟" ئەمانە دواین قسەی موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەكەكەیە سەبارەت بە هەوڵەكانی ئاشتی لە توركیا. 

"بۆ هەمیشە گرێدراوی ڕێبەر ئاپۆین"
موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پارتی كرێكارانی كوردستان "پەکەکە" رایگەیاند" پاش ماوەیەکی درێژ لە گۆشەگیریی، پاش سەردانەکەی عومەر ئۆجالان، شاندی دەم پارتی سەردانی ڕێبەرمانیان کرد. ئەمە لەڕووی ئاگاداربوونمان لە تەندروستی ڕێبەرێتی و وەرگرتنی سڵاو و بڵاوکردنەوەی پەیامەکانی سەبارەت بە پرۆسەکە لە ڕاگەیاندندا، بۆ پارتەکەمان و گەلەکەمان جێی خۆشحاڵی بوو. ئەمە ڕەوشێکی زۆر گرنگە بۆ ئێمە. بە تایبەتی دیداری بەڕێز سری سورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ زۆر گرنگە، بەوپێیەی پێشتر لە ڕابردوودا چەندین جار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ کۆبوونەتەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر. هەروەها بەوردی چاودێری ئەم پرۆسەیە دەکەین".
"ڕێبەر ئاپۆ لە ماوەی ٣٢ ساڵی ڕابردوودا بەردەوام هەوڵی داوە چارەسەری سیاسی-دیموکراتیک بۆ پرسی کورد بدۆزێتەوە، هەوڵیداوە هەموو دەرفەتەکان بۆ ئەم مەبەستە بەکاربهێنێت. تا ئێستا ئەم ئامانجە هەوڵی زۆری داوە. ڕێبەر ئاپۆ، لە دوایین جاردا لەسەر بانگەوازی سەرۆکی مەهەپە دەوڵەت باخچەلی، جارێکی دیکە دەیەوێت هەنگاو بنێت بۆ چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد. ئێمە دەبینین کە رێبەرمان هەوڵێکی گرنگ لەم ڕووەوە دەدات" لەو چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات، قەرەیلان وا دەڵێ.
باسلەوە دەكات" ئێستا دەم پارتی زنجیرە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ چەند پارتێک ئەنجام دەدات. ئەمە کارێکی زۆر بەنرخ و گرنگە. ئێمە وەک تەڤگەرەکەمان بە فەرمی ڕامانگەیاندووە کە پشتیوانی ئەو پرۆسەیە دەکەین کە ڕێبەر ئاپۆ پێشی دەخات. تەڤگەرەکەمان و پارتەکەمان بۆ هەمیشە گرێدراوی ڕێبەر ئاپۆیە و باوەڕێکی پتەوی هەیە. لەم ڕووەوە هیچ کێشەیەک نییە".

ئەمە بێڕێزییە بە گەلی كورد !
لەبارەی كاردانەوەی دەوڵەتی توركیا سەبارەت بە دەستپێشخەریی عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ ئاشتیی، قەرەیلان ئاماژە بەوە دەكات" تائێستا لەلایەن دەوڵەت و دەسەڵاتەوە ئاماژەیەک نییە بۆ پرۆسەی نوێ. بەپێچەوانەوە ڕۆژانە هەڕەشەی لەناوبردن و توندوتیژیمان لێ دەکەن. ئەمە ناکۆکییە. ئێمە لەم پێشهاتانە تێدەگەین کە بەرپرسانی دەوڵەت هەندێک دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی ئەنجام دەدەن، بەڵام دەوڵەت هێشتا خاوەندارییەکی ڕوونی لێ نەکردووە. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە هەوڵەکانی ڕێبەر ئاپۆ بۆ خوشک و برایەتی تورک-کورد لەم پڕۆسە مێژووییەدا هەوڵی ئاسایی نین، بەڵکو هەوڵی مێژوویین. ئەمە بۆ ئایندە و بەرژەوەندیی هەموو کۆمەڵگەی تورکیا گرنگە. نابێت ئەم هەوڵە گرنگانە بێ وەڵام بمێننەوە. تائێستا هیچ وەڵامێکی فەرمی نەدراوەتەوە. لەبری ئەوەی وەڵامێکی ئەرێنی بدەنەوە، جووڵە و قسەگەلێک دەکەن کە دەبنە مایەی نیگەرانیی و مەترسیی قوڵ".
"لە ڕاگەیاندنی ئازاددا، هەندێک نوسەر ئسلوبی ڕاگەیاندنی تورک بە (زمانی ژەهراوی) پێناسە دەکەن. زمانی ئەم ڕاگەیاندنانە، بەتایبەت ئەوانەی سەر بە ئاکەپە، نەوەک هەر ژەهراوی، بەڵکو ئاژاوەسازە. هەڵوێست و مەیلێکی وەهایە، کە هەوڵەکان بۆ چارەسەر بێمانا دەکات و لەناوی دەبات و لەبری چارەسەر بەدوای شەڕدا دەگەڕێت. وەک زۆر جار وتراوە ئەم زمانە زمانی توندوتیژیی و دوژمنایەتیییە، خوشک و برایەتی لەگەڵ کوردو ئاشتی ناوخۆیی بەهێز ناکات. زاراوەی وەک "سەرکردەی تیرۆریست، بکوژی منداڵ" کە تا ئێستاش بۆ وەسفکردنی ڕێبەرمان بەکاریدەهێنن، تەنها زمانی ئاژاوەگێڕیی نین؛ لەڕاستییدا بێڕێزییە بەرامبەر ئیرادەی گەلەکەمان. پێناسەی وەها دژی مرۆڤێک کە گەلی کورد وەک ڕێبەری خۆی قبوڵی دەکات و باوەڕی پێیەتی، بێڕێزیی و سوکایەتیکردنە بە ئیرادەی گەلی کورد. مادام ڕێبەر ئاپۆ کەسێکی ئاسایی نییە، بەڵکو ڕێبەرێکە کە نوێنەرایەتی گەلێکی دێرین دەکات، بۆیە هەر نزیکایەتییەک بەرامبەر ڕێبەر ئاپۆ، نزیکایەتییە بەرامبەر تەواوی گەلەکەمان. بۆیە هەڵوێستی دوورخستنەوەی ڕێبەرێتی و تەڤگەر و گەلی کورد لە یەکتر، سیاسەتی شەڕی تایبەتە، زمانی شەڕی تایبەتە".
هەر لەبارەی دەستپێشخەریی ئاشتییەوە، موراد قەرەیلان زیاتر قسە دەكات و دەڵێ: هەمووان دەزانن ئەمە ڕاست نییە و زۆرینەی کورد لەپشتی ڕێبەر ئاپۆن. چونکە ڕاستی دەزانن، بۆیە ڕوو لە ڕێبەر ئاپۆ دەکەن. لەلایەک ئەم تێکۆشانەی دەکرێت، ئەو بەرخۆدانەی پێش دەخرێت، ئەو پێشهاتانەی لەگەڵ جەنگی جیهانیی سێیەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرکەوتن، ئەوانی ناچارکرد لە دەرگای ڕێبەر ئاپۆ بدەن. گوتیان ناچارن کە بچنە بەر پێی ڕێبەر ئاپۆ، کەچی لەولاوە هێشتا زمانی ڕق و سوکایەتی بەکاردەهێنن. ڕاگەیاندنی ئۆپۆزیسیۆنیش ڕۆڵی هەیە و لەم ڕووەوە هەڵوێستی جیاواز نیشان دەدات.

ئاشتی بە شەڕ دێتە دی؟
قەرەیلان زیاتر قسە دەكات" ئەگەر وەک ئەوان دەڵێن تەڤگەری ئازادیی کوردستان بە قۆناغێکی سەختدا تێدەپەڕێت، یان وەک خۆیان دەڵێن تەڤگەرەکەمان بێکاریگەر کراوە، ئەوا پێویستیان بە شتێکی لەم جۆرە نەدەبوو. لە ڕەوشێکی وەهادا نەدەچوونە بەر دەرگای ڕێبەر ئاپۆ. ئاشکرایە کە تێکۆشانی ئێمە خاوەن هێز و ئیرادەیە و ئەکتەرێکی سەرەکییە لەو پرسەدا کە داهاتووی تورکیا دیاری دەکات. گوایە مەبەست لەمە ڕێکخۆشکردنە بۆ چەند پێشکەوتنێک، بەڵام ئسلوب و زمان و نزیکایەتییەکەیان پێچەوانەی ئەمەیە. هیچ پرۆسەیەک بەم زمان و نزیکایەتییە پێش ناکەوێت. بۆیە دەبێت ئەم ئسلوبە بگۆڕدرێت. ئەگەر لەم ڕووەوە، هەڵوێست و نزیکایەتییەکەیان بەرامبەر گەلی کورد جدی بێت و خواستی خوشک و برایەتی و ئاشتی ناوخۆییان هەبێت، هەر بە قسە نابێت، لانی کەم با سەرەتا زمانی شەڕی خۆیان و هەڵوێستی خۆیان بگۆڕن. لەکوێی دنیا بینراوە، ئاشتی بە شەڕ و هەڕەشە بێتەدی؟".

كورد كێشەی متمانەی هەیە
ئەم ئەندامەی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پارتی كرێكارانی كوردستان باسلەوە دەكات كە" پێش هەموو شتێک، پێویستە بەرپرسانی تورک ئەمە بزانن: گەلی کورد کێشەی متمانەی لەگەڵ دەوڵەتی تورک هەیە. سەرەتا ڕێوشوێنی دروستکردنی متمانە پێویستە. دەوڵەت دەبێ سەرەتا بە هەڵوێست و زمانی خۆی متمانە پەیدا بکات و دواتر هەنگاوی پراکتیکی بنێت. تا ئێستا گۆشەگیریی ڕێبەر ئاپۆ هەڵنەگیراوە، هێرش لە گۆڕەپانی سەربازی بەردەوامە، هێرشی ئاسمانی ڕۆژانە بەردەوامە، فشار و گرتن لە دژی گەلەکەمان بەردەوامە. بەگوێرەی دوایین زانیارییەکانی ڕاگەیاندنەکان، ٦٥ کەس دەستبەسەر کراون و سیاسەتی فشاری فاشیستی بەردەوامە. لە ڕۆژئاوا ڕەوشی شەڕ هەیە و پێداگرن لەسەر هەڵوێستی شەڕ، بە واتایەکی تر بچوکترین گۆڕانکاری لە سیاسەتی توندوتیژی و لەناوبردن نییە. بۆ نموونە؛ جێگری سەرۆکی گشتی مەهەپە چەندین جار پرسی ئازادکردنی زیندانیانی نەخۆش و بەساڵاچووی وروژاندووە. ئەمە شتێکە کە دەکرێت لە هەر وڵاتێک و بە شێوەیەکی ئاسایی ڕووبدات، بەڵام دەنگێک لە بەرەی ئاکەپەوە هیچ هەڵوێستێک نییە، گوێیان لێی داخستووە. ئایا نیازو نزیکایەتی چارەسەر، بەم جۆرەیە؟ ڕوونە کە هیچ شتێکی لەو جۆرە لە بەرەی ئاکەپەوە نییە".

ئیرادەی چارەسەر لەنێوان (مەهەپە)و (ئاکەپە)دا؟
"لە ئێستاوە، لە چەپەوە بۆ ڕاست، زۆربەی سیاسەتی تورکیا، چارەسەری پرسی کورد لەو چارەسەرەدا دەبینن کە ڕێبەر ئاپۆ دەستنیشانی کردووە. بەگوێرەی چاودێرییەکانی ئێمە، سەرەڕای نزیکایەتیی نابوێرانەو هەڵوێستی لاواز، لێدوانی پشتیوانی بۆ پرۆسەکە سەری هەڵداوە. بەڵام لەبەرامبەر ئەمەدا، ئەو لایەنەی بە ئاشکرا هەڵوێست نیشان نادات و دەست لە زمانی شەڕو توندوتیژی هەڵناگرێت و بەردەوامە لە شەڕخوازی، تەیب ئەردۆغان و ئاکەپەن. ڕەوشی ئێستا وا دێتە بەرچاو. ئێستاش لەبری ڕاستی، پەنا بۆ تاکتیک و زمانی شەڕی تایبەت دەبات. بۆ ڕەوشی چارەسەر دەبێت ڕاستییەکان ببینن. دەست لە زمان و هەڵوێست و پراکتیکی پێشوویان هەڵبگرن".

"چوار ساڵە نەیانتوانیوە بگەنە زاپ"
لە وەڵامی ئەو قسانەی بەرپرسانی توركیادا كە دەڵێن پەكەكە لاواز بووەو هێزی سەربازییان خەریکە تەواو دەبێت، قەرەیلان رایگەیاند" راستییەکان بەو شێوەیە نییەو تەواو پێچەوانەکەیەتی. ئێمە لە باشترین و سەرکەوتووترین قۆناغی مێژووی تێکۆشانمانداین.. ئەندامانی کۆنسەی فەرماندەییمان تائێستاش لە ناوچەکانی سنوری تورکیان، هێزەکانی گەریلامان لە سەرانسەر سنور جێگیربوون. لەم بارەیەوە، ناتوانن بڵێن کۆتاییمان بە تەڤگەرەکە هێناوە. هەروەها ساڵانە چەندین چالاکی و پێکدادان ڕوودەدەن. بۆیە لە باکوری کوردستان، واتە لەناو سنورەکانی تورکیادا شەڕ هەیە. ساڵانە ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام دەدرێن و ژمارەی سەربازەکانیان لە 10 هەزار سەرباز تێدەپەڕێت. بابەتی هەرە سەیر ئەوەیە، ئەمە چوار ساڵە لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، واتە لەسەر خاکی باشوری کوردستان، بە پشتیوانی ناتۆ و پەدەکە و دەوڵەتی عێراق، پرۆژەی داگیرکاری هەیە. ئامانجی ئەم پرۆژەیە ئەوە بوو، لەماوەی ٢ بۆ ٣ مانگدا، کۆتایی بە ئێمە بهێنن و هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا نەهێڵن. بەڵام ئەوە چوار ساڵە نەیانتوانیوە بگەنە زاپ. بە هەموو هێزی خۆیان و بە بەکارهێنانی تەکنیک و چەکی قەدەغەکراو و چەتەکانی سوریاو هێزەکانی پەدەکە و دەوڵەتی عێراق، ویستیان لە زاپ و مەتینا ئەنجامێک بەرامبەر گەریلا بەدەست بهێنن. بەڵام کامە ئەنجام، چیان بەدەست هێنا؟
لە كۆتایدا سەبارەت بە هەوڵەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ ئاشتیی لە توركیا، قەرەیلان دەڵێ: گەر دەسەڵاتداری ئاکەپە بە شێوەیەکی دروست نزیکی نەبێتەوە، پێش هەموو شتێک خۆی لە ناودەبات. لەگەڵ ئەم ڕاستیانەدا نزیکایەتییەکی پێچەوانە دەبێتە هۆکاری دۆڕاندنی ئەوان. یانی لەم قۆناغەدا نەک بە تەنها گەلی کورد، گەلانی تورکیاو دەوڵەتی تورکیش پێویستی بە چارەسەری هەیە. لەگەڵ هەموو ئەمانەدە گەر شەڕ هەڵبژێرن، ئەمە دەبێتە شتێکی جیاواز. ڕێبەر ئاپۆ بژاردەی گەلی کوردی دەرخست، بەڵام گەر ئەوان گوێ نەدەنێ و بە کەمی سەیربکەن و لە فریودان و شەڕی تایبەت بەردەوام بن، ئەوان لەناودەچن. ئایدیای ئێمە لەم بابەتەدا ڕوون و ئاشکرایە. ئایدی سەرکەوتنمان لە بواری سەربازییدا لە هەموو هەنگاوەکاندا بەهێزترەو بە ئەزموونی ٤٠ ساڵی قوڵاتی تاکتیکی، پێرفۆرمانسی سەربازیمان، ئاستی تەنکنیکی و ڕوحی فیدایانەی هێزەکانمان لە شەڕی ڕەوای پاراستندا سەردەکەون. ئەزموونێک کە ستراتیژ و تاکتی ئەمە پێش دەخەن لە ئارادایە. بەڵام لە کاتی سەرلەنوێ دیزانکردنەوەی هەرێمدا پرۆسەی چارەسەری لە لایەن ڕێبەرێتیمانەوە پێشخراوە، بۆ هەموو کەسێک زۆر گرنگە. هەڵسەنگاندنی ئەمە زۆر گرنگە. لە دۆخی پێچەوانەدا شەڕ لە هەرێمەکەدا بەهێزتر دەبێ و ئیمکانی سەرکەوتنی دەوڵەتی تورک لەم شەڕەدا نییە. هاوسەنگییەکان گۆڕی. شانس و دەرفەتی سەرکەوتنی گەلی کوردو هێزە شۆڕشگێڕەکانی هەرێمەکە لە هەموو هەنگاوەکاندا زیاتر بووە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand