كێشە كەڵەكەبووەكانی عێراق چاوەڕوانی عەبدولمەهدی دەكەن
2018-10-25 10:09:53
راپۆرتی: درەو میدیا
كۆمەڵێك دۆسیەی ئاڵۆزو پرسی دڕكاویی لە چاوەڕوانی شەشەم كابینەی حكومەتی عێراقدایە، كە لەدوای ساڵی 2003وە پێكدەهێنرێت و، دەكرێت بە حكومەتی ئاستەنگە ناوخۆیی و دەرەكییەكان، ئاستەنگە ئەمنیی و سیاسی و ئابورییەكان وەسف بكرێت، هاوكات دەكرێت بە یەكەم حكومەتیش دابنرێت كە لە دەرەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن پێكدەهێنرێت، بەوپێیەی سەرۆكەكەی بەشداری هەڵبژاردنی نەكردووە، هەروەك زۆربەی وەزیرە كاندیدكراوەكانیش بۆ پۆستە خزمەتگوزراییەكان بەشدارییان لە پرۆسەكە نەكردووە.
لەگەڵ ئەوەی زۆرینەی كوتلە سیاسیيەكان بەشێوەیەكی ئاشكرا پشتیوانی لە عەبدولمەهدی دەكەن، وێڕایی مەرجەعیەتی نەجەف، بەڵام بەشێك لە چاودێران و كەسانی نزیك لە عەبدولمەهدی ترسیان هەیە لەوەی سەرۆكی حكومەت و حكومەتەكەی بتوانن دۆسیەی گەورەو گرنگ یەكلابكەنەوە كە خەڵك چاوەڕوانیی لێیەتی و، سیناریۆی دەستلەكاركێشانەوەش وەك یەكێك لە پێشبینیە چاوەڕوانكراوەكان دەخەنەڕوو، لەحالێكدا عەبدولمەهدی زانی لە شكستەوە نزیكترە لەو ئەركەی پێی سپێردراوە.
حكومەتی پسپۆِرییەكان چی پێدەكرێت لە عێراق؟
حكومەتەكەی عەبدولمەهدی بەیەكێك لەو حكومەتانە دادەنرێت كە زۆرترین پسپۆڕی تێدا كۆبوەتەوە بەبەراورد بەحكومەتەكانی ڕابردوو، بەڵام لاوازترینە لەوەستان بەڕووی هێزە سیاسیيەكان كە زۆرینەیان لەگەندەڵییەوە تێوەگلاون و هەموژمنێكی بەهێزیشیان هەیە لەناو دامەزراوەكانی دەوڵەت، بەتایبەت لە وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆ و دارایی و بازرگانی، وێڕایی بوونی كیانێكی هاوتەریب بە هێزە نیزامییەكان كە ئەویش حەشدی شەعبیە.
بەرپرسێكی باڵا لە ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید)ی، ڕاگەیاندووە"حكومەتی نوێ لەلایەن مەرجەعیەتی باڵای نەجەفەوە پشتیوانیيەكی گەورە دەكرێت، بەجۆرێك هیچكام لە حكومەتەكانی پێشوو ئەو پشتوانیيەیان نەبووە".
لەبارەی دورو نزیكی حكومەتیش لە میحورەی ئێرانی و ئەمریكی كە ململانێیانە لە عێراق، سەرچاوەكە ڕایگەیاندووە" حكومەتی نوێ لەناوچەی خۆڵەمێشیدا دەمێنێتەوە" واتەخۆی بۆ هیچ لایەكیان یەكلاناكاتەوە.
حكومەتی نوێی عێراق ڕوبەڕوی 20 دۆسیەی سەرەكی گەورەو هەستیار دەبێتەوە، كە پێویستە لەسەری بەئەنجامیان بگەیەنێت یان لایەنی كەم بەرەوپێشچونیان تێدا ئەنجامبدات لەماوەی چوار ساڵی داهاتوودا.
دیارترین دۆسیە هەڵواسراوەكان
* سەرلەنوێ بنیاتانەوەی ناوچە ئازاداكراوەكان لەباكورو ڕۆژئاواو ناوەڕاستی عێراق، كە ژمارەیەیان 48 شارو شارۆچكەیە، بەتێچوی 88 ملیار دۆلار .
* دابینكردنی خزمەتگوزرای ئاو و كارەباو ژێرخانی ئابوری لەڕێگاوبان و پرد لەسەرانسەری وڵات و بە دیاریكراوی لەباشور.
* چارەسەری قەیرانی ئاو و كەمبونەوەی ئاوی دیجلەو فورات دوای بڕینی 61 سەرچاوەی ئاوی هەردوو ڕوبارەكەو دروستكردنی بەنداو لەسەریان لەلایەن ئێران و توركیاوە.
* دۆسیەی هێزی بێگانە: هێزی 13 دەوڵەت لەعێراق بوونی هەیە، دیارترینیان (ئەمریكا- بەریتانیا- فەرەنسا- كەنەداو- ئوسترالیا- ئەلمانیا- ئیتالیا- ئێران- توركیا)و چەند وڵاتێكی دیكەش لەچوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ جەنگ لەدژی تیرۆر.
* ڕێكخستنی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغدادو چارەسەركردنی دۆسیەی ناوچە كێشەلەسەرەكان لەنێوان هەردوولا، بەشاری كەركوكیشەوە.
* دۆسیەی نەوت و غاز.
* دۆسیەی بێكاری و هەژاری كە بەشێوەیەكی بەردەوام لەهەڵكشاندایە.
* دۆسیەی لەناوبردنی پاشماوەكانی داعش.
* دۆسیەی گێڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانی خۆیان كە ژمارەیان دەگاتە نزیكەی 3 ملیۆن كەس.
* دۆسیەی كشانەوەی گروپە چەكدارەكان لەناوچە ئازادكراوەكان (هەندێك لەناوچە سونییەكان).
* دۆسیەی مافی مرۆڤ وەك پڕبونی بەندینخانەكان لە زیندانی، بەبێ ئاڕاستەكردنی هیچ تۆمەتێك.
وێڕایی چەند پرس و دۆسیەی تری تایبەت بە بوارەكانی سیاسی و ئەمنیی و ئابوری و كۆمەڵایەتی وكۆی بوارە ژیارییەكانی تر.
عەبدولمەهدی ئەركەكەی سەختە
زۆرێك لەئاگایانی دۆخی سیاسی عێراق كۆكن لەسەر ئەوەی، ئەركەكەی عادل عەبدولمەهدی زۆر سەختە، فائق شێخ عەلی پەرلەمانتاری عێراق لەتویتێكدا لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی" ئەو پرۆگرامە حكومییەی عادل عەبدولمەهدی لەپەرلەمانی عێراق پێشكەشی كرد، (چەرچڵ) ناتوانێت جێبەجێیبكات ئەگەر (هێتلەر و سەدام حسێن)یش، پشتیوانی بكەن".
درەنگانێكی شەوی ڕابردوو، عادل عەبدولمەهدی "سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو" كابینەی حكومەتەكەی پێشكەش بە پەرلەمانی عێراق كردو دوای مشتومڕێكی زۆرو تێبینی پەرلەمانتاران لەسەر ناوی ژمارەیەك لە وەزیرەكانی كابینەكەی و دواخستنی دانیشتنەكە بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك، سەرەنجام پەرلەمانی عێراق متمانەیدا بە سەرۆكی حكومەت و 14 وەزیری كابینەی حكومەتەكەی.
وەزیر متمانە پێدراوەكان و وەزارەتەكانیان
1- وەزیری دەرەوە - محەمەد عەلی حەكیم
2- وەزیری دارایی - فوئاد حسێن
3- وەزیری نەوت- سامر غەزبان
4- وەزیری كشتوكاڵ- ساڵح ئەلحەسەنی
5- وەزیری گەیاندن- د.نەعیم رووبەیعی
6- وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن- بەنگین رێكانی
7-وەزیری كارەبا- لوئەی خەتیب
8-وەزیری لاوان و وەرزش - ئەحمەد عوبەیدی
9-وەزیری تەندروستی- عەلا عەلوان
10-وەزیری پیشەسازی- ساڵح جبووری
11-وەزیری گواستنەوە- عەبدوڵڵا ئەلمالیكی
12-وەزیری سەرچاوە ئاوییەكان- جەمال ئەلعادلی
13-وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی- باسم رووبەیعی
14-وەزیری بازرگانی- محەممەد هاشم جاسم
وەزیرە متمانە پێنەدراوەكان
1-فالح فەیاز-وەزیری ناوخۆ
2-فەیسەل فەنەر جەربا-وەزیری بەرگری
3- حەسەن توعەمە گەزار-وەزیری ڕۆشنبیری
4-ئەسما سالم سادق-وەزیری داد
5-قوسەی سوهێل-وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی
6-سەبا خەیرەدین ئەلتائی-وەزیری پەروەردە
7-ئەیاد ساڵح سامەرائی-وەزیری پلاندانان
8-وەزیری كۆچ و كۆچبەران -( )