Draw Media

جیهان چاوەڕێی قسەكانی ئەردۆغان دەكات

جیهان چاوەڕێی قسەكانی ئەردۆغان دەكات

2018-10-23 08:49:55


راپۆرتی: ( درەو میدیا) 

جیهان ئەمڕۆ چاوی لەئاشكراكردنی ڕاستیەكانە سەبارەت بەوردەكاریی كوشتنی جەمال خاشقچی نوسەر و ڕۆژنامەنوسی سعودی، لەلایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیاوە.
ئەردۆغان ڕۆژی یەكشممەی ڕابردوو ڕایگەیاند: ڕۆژی سێ‌ شەممە واتە ئەمڕۆ لەبەردەم كوتلەی پەرلەمانیی پارتی داد و گەشەپێدان تەواوی زانیارییەكانی تایبەت بەدۆسیەی خاشقچی بەشێوەیەكی جیاواز ئاشكرادەكات.

زانیاری مەترسیدار ئاشكرادەبێت 

سات لەدوای زانیاری نوێ‌ لەبارەی ئەو دۆسیەیە ئاشكرادەبێت، شەوی ڕابردو ئاژانسەكانی هەواڵی توركیا دۆزینەوەی یەكێك لەئوتۆمبیلانەی كونسوڵخانەی سعودیەیان لەئەستنەبوڵ لەیەكێك لەگەراجەكانی ئەو شارە ڕاگەیاند، كەگومان دەكرێت یەكێك بێت لەو سێ‌ ئۆتۆمبیلەی كە دەسەڵاتدارانی توركیا بەدوایدا دەگەڕێن و گومانیان هەیە  لاشەكەی خاشقچیان شوێن بزر كردبێت.
لەتازەترین پێشهاتیشدا، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بلاویكردەوە (سعود قەحتانیی) كە بەدەستە ڕاستی شازادە(محەمەد بن سەلەمان) دادەنرێت، بەشێوەیەكی شەخسی سەرپەشتی پرۆسەی كوشتنی خاشقچی كردووە لەڕێی سكایپەوە، پێشتریش سەرپەرشتی دەستبەسەركردنی (سەعدحەریری) سەرۆك وەزیرانی لوبنانی كردووە، لەگەڵ دەستگیركردنی شازادەكانی سعودیە و بەندكردنیان لە ئۆتێل(ریتز كارلتۆن) .

پرۆسەی كوشتن و پارچەكردنی خاشقچی تۆماركراوە

ڕۆیتەرز لەزاری سەرچاوە هەواڵگرییەكانەوە ڕایگەیاندووە، (قەحتانیی) پەیوەندی كردووە بەتیمەكەی لەناو كونسوڵخانەكە بوون و جوێن و قسەی ناشرینی بەخاشقچی وتووە و ئەویش وەڵامی داوەتەوە، دوای  ئەوەی فەرمان داوە بەكوشتنی خاشقچی بەتیمەكەی وتووە"سەری ئەو سەگەم بۆبێنن".
بەگوێرەی ئاژانسەكە، سەرۆك كۆماری توركیا ئەو تۆمارەی لایە كە لەڕێی سكایپەوە ئەنجامدراوەو ڕەتیكردۆتەوە بیدات بەئەمریكییەكان.  
پێشتریش كەناڵی جەزیرە لەزاری سەرچاوەیەكی توركیەوە ڕایگەیاند: تەواوی پرۆسەی كوشتن وپارچە پارچەكردنی خاشقچی لەلایەن تیمە سعودیەكەوە تۆماركراوە.
(سعود قەحتانیی) كە ڕاوێژكاربوو بەپلەی وەزیر لەدیوانی شاهانەی سعودیە لەچەند ڕۆژی ڕابردودا بەفەرمانێكی شاهانە لەپۆستەكەی دورخرایەوە.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوەداوە، سێ‌ لەهاوڕێكانی خاشقچی ڕایانگەیاندووە، دوای چەند مانگێك لەڕۆیشتنی خاشقچی بۆ ئەمریكا قەحتانیی چەند جارێك پەیوەندی پێوەكردووە و دوای لێكردووە بگەڕێتەوە بۆ سعودیە و مامەڵەیەكی باشی لەگەڵ دەكەن، پێشنیازی پۆستی باڵاشی بۆ كردووە، بەڵام خاشقچی متمانەی پێنەكردووە.

لەسەعد حەریری داوە

ڕۆیتەرز باسی لەڕۆڵی (قەحتانیی) كردووە لەڕوداوی دەستبەسەركردنی (سەعد حەریری) سەرۆك وەزیرانی لوبنان و دەڵێت، (قەحتانیی) كە پێشتر لەتویتێكدا ڕایگەیاندووە، ئەو هیچ شتێك ناكات لەخۆیەوە بەفەرمانی پادشا و شازادەی جێنشین نەبێت، سەرپەرشتی پرۆسەی دەستبەسەركردنی سەرۆك وەزیرانی لوبنانی كردووە.
بەگوێرەی ڕۆیتەرز، (قەحتانیی) لەژوورەكەی خۆی  پێشوازی لە(حەریری) كردووەو بەتیمەكەی وتووە لێیبدەن و جوێنیشی پێداوە، پێش ئەوەی ناچاری بكات دەستلەكاركێشانەوە لە(ڕیاز)ەوە پێشكەشبكات.
ڕۆیتەرز لەزاری سەرچاوەیەكەوە ئەوەشی ئاشكراكردووە، (قەحتانیی) بە(حەریری) وتووە"هیچ بژاردەیەكت لەبەردەمدانیە جگە لەدەستلەكاركێشانەوەو خوێندنەوەی بەیاننامەكە"، سەرچاوەكە تەئكیدی كردووە بەهۆی دەستوەردانی (ئیمانوێل ماكرۆن)ی سەرۆكی فەرەنساوە حەریری ئازادكراوەو گەڕاوەتەوە بۆ لوبنان.
سەبارەت بەدەستگیركردنی شازادە و پیاوانی كاری سعودیەو زیندانیكردنیان لە ئوتێل (ریتز كارلتۆن) لەڕیاز لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2017دا، ئاژانسەكە لەزاری سەرچاوەكانیەوە وتویەتی، (قەحتانیی) سەرپەرشتی لێكۆڵینەوەكانی كردووە لەگەڵیان.


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand