بایكۆتی پرۆسەی سیاسی لەئەجێندای هیچ هێزێكدا نییە
2018-10-23 16:17:21
راپۆرتی: (درەو میدیا)
"ساختەكاری" ناونیشانی دیاری دوو هەڵبژاردنی یەك لەدوای یەك بوو، كە لەماوەی كەمتر لەچوار مانگدا لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوون، یەكەمیان هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە (12) ئایارو دووەمیشیان، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە (30) ئەیلول، ئەمساڵ بەڕێوەچوون.
(بزوتنەوەی گۆڕانو جوڵانەوەی نەوەی نوێو یەكگرتوی ئیسلامیو كۆمەڵی ئیسلامی)، كە بەهێزە دیارەكانی دەرەوەی یەكێتیو پارتی ناسراون یان وەك هەندێك بە"ناڕازیی" ناویان دەبەن، لەگەڵ دەركەوتنی ئەنجامە سەرەتاییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئاماژەیان بە ئەنجامدانی ساختەكارییەكی گەورە كرد لەهەردوو هەڵبژاردنەكەو تەواوی پرۆسەكەیان ڕەتكردەوە.
"بایكۆتی پرۆسەی سیاسی" یەكێك بوو لەو بژاردانەی زۆرینەی ئەم هێزانە ئاماژەیان پێكرد، وەك كاردانەوەیەك لەبەرامبەر "بردنی دەنگی دەنگدەرانیان"، بەڵام ئەمە ڕای هەموویان نەبوو، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا (جوڵانەوەی نەوەی نوێ) هەر لەسەرەتاوە ڕایگەیاند، هێزە عێراقییەكان ساختەكارییان لێنەكردون تا بەشداری پرۆسەی سیاسی نەكەن، ئەوەی فێڵی لێكردون (پارتی و یەكێتی)یە، سەرەنجام ئەم ڕایە بووە ڕای (گۆڕانو كۆمەڵو یەكگرتوو)ش، بەو پاساوە بەشداری پرۆسەی سیاسی عێراقیان كرد.
بەڕای هەندێك لە چاودێران، ئەگەر بەشداریكردن لە پرۆسەی سیاسی عێراق بەو پاساوەی سەرەوە واتە پاساوی ئەوەی "هێزە عێراقییەكان ساختەكارییان لێنەكردوین" تائاستێك لۆژیكو مەعقولیەتی تێدابوبێت، ئەوا بەشداریكردن لە پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان پاساوێكی بۆ نەماوەتەوە، بەتایبەت لەدوای ئەو تۆمەتانەی ئەو هێزانە ئاڕاستەی (یەكیتیو پارتی)یان كرد سەبارەت بە ئەنجامدانی ساختەكارییەكی بەربڵاو.
یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان كە یەكێكە لە هێزە"ناڕازییەكان"، دوێنێ ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆی ڕاگەیاند، جوڵانەوەی نەوەی نوێ-ش لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن لەیەكێك لەپێشنیازەكانیدا بۆ هێزەكانی دەرەوەی (پارتیو یەكێتی) داوای "دروستكردنی بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆن دەكات لە پەرلەمان"، (بزوتنەوەی گۆڕان)یش لەمە دورتر دەڕواتو دەڵێ "بەمەرج بەشداری حكومەت دەكات".
تائێستا (كۆمەڵی ئیسلامی) هەڵوێستی خۆی ڕانەگەیاندووە، بەڵام لەدوورترین باریدا ڕەنگە بژاردەی ئۆپۆزسیۆنبوون هەڵبژێرێت، ئەگەر بەشداری حكومەت نەكات.
ئەوەی لەم بۆچونانە گەڵاڵە دەبێت، هیچكام لەم هێزانە بەنیازی بایكۆتی پرۆسەی سیاسی نین، بەڵكو بژاردەكەیان لەنێوان بەشداریكردنو بەشدارینەكردنە لە حكومەت، نەك بایكۆتی پرۆسەی سیاسی و، پێیانوایە بژاردەی ئۆپۆزسیۆنبوونو بەشداریكردن لە پەرلەمانی كوردستان جۆرێكە لە سزادانی یەكێتیو پارتیو چۆڵنەكردنی گۆڕەپانەكەیان بۆیان، لەكاتێكدا زۆرێكی تر پێیانوایە، وەڵامی "ساختەكاریی" یەكێتیو پارتی نەچوونە پەرلەمانو شەرعیەتنەدانە بە دامەزراوەیەك كە لەسەر بنەمای (باتڵو ساختە) دروستببێت، نەك بژاردەی ئۆپۆزسیۆنبوون كە خۆی لەخۆیدا شەرعیەتدانە بە دامەزاراوەیەك لە دەرەنجامی پرۆسەیەكی ناشەرعی "هەڵبژاردنێكی پر لە ساختەكاری" پێكبێتو بۆ چوارساڵی داهاتوو نوێنەرایەتی خەڵكی كوردستان بكات.
بۆچونێكی تریش پێیوایە، بەشداریكردن لە پرۆسەیەك بەم هەموو عەیبو عارەوە وەك پێشتر خۆیان بانگەشەیان بۆ كردووە، خۆی لەخۆیدا ڕازیبوونو تێپەڕاندنی پرۆسەیەكە كە گومانێكی زۆری لەسەر دروستكراوە، جگە لەوەش ئاسایكردنی پرۆسەی ساختەكاریو مامەڵەكردنە لەگەڵی وەك واقیعێكی سیاسی لە هەرێمی كوردستان، كە لەبارە گشتییەكەیدا كاریگەرییەكی نەرێنی لەسەر پرۆسەی دیموكراسی دادەنێتو نائومێدییەكی گەورەش لەسەر ئاستی شەقام دروستدەكات، هاوكات ئەو ڕاستییەش دەچەسپێنێت كە سندوقەكانی دەنگدان گۆڕانكاری دروستناكەنو هەڵبژاردنیش وەك پایەیەكی گرنگی دیموكراسی لەهەموو بەهایەكی خۆی بەتاڵدەكاتەوە، جگە لەوەی تەواوی هێزەكانیش بەڕازیو ناڕازییەوە دەبنە بەشێك لەو پرۆسەیەو پێكیشەوە ئەو وێنە گشتییە تەواو دەكەن كە پێی دەوترێت پرۆسەیەكی سیاسی پڕ لەعەیبو خەوشدار لە هەرێمی كوردستان.