Draw Media

ئێوارەی ئەمڕۆ كابینەی حكومەتی عێراق ڕادەگەیەنرێت

ئێوارەی ئەمڕۆ كابینەی حكومەتی عێراق ڕادەگەیەنرێت

2018-10-24 10:00:23


راپۆرتی: درەو میدیا
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو كابینەی نوێی حكومەتەكەی پێشكەش بەپەرلەمانی عێراق بكات، ئەم زانیارییانە شەوی ڕابردوو كەناڵی عێراقییەی نیمچە ڕەسمی حكومەتی عێراق ئاشكرای كرد، پێشتریش نوسینگەی عەبدولمەهدی ڕایگەیاندبوو، تاكۆتایی ئەم هەفتەیە سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو كابینەی حكومەتەكەی دەخاتە بەردەم پەرلەمان.

شەڕی وەزارەتە سیادییەكان كۆتایی نەهاتووە

بەگوێرەی سەرچاوەئاگادارەكان، تائێستا مشتومڕو و گفتوگۆی نێوان هێزە سیاسیەكان بۆ گەیشتن بەڕێككەوتنی كۆتایی لەسەر كابینەی حكومەت بەردەوامەو لەسەر زۆرێك لەناوی وەزیرەكانیش ڕێككەوتن كراوە، ئەوەش دوای ئەوەی دوێنێ ئەو مشتومڕانە گەیشتۆتە لوتكە بەتایبەت دوای دزەكردنی ناوی هەندێك وەزیری سەربەخۆ بەتایبەت بۆ وەرگرتنی وەزارەتەكانی نەوت و كارەبا و ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن.
هەر لەوچوارچێوەیەدا، سەرچاوەیەكی نزیك لەعادل عەبدولمەهدی بەڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید)ی،ڕاگەیاندووە" گفتوگۆی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو لەگەڵ حزبەكان كۆتایهاتووە، دوای ئەوەی لە 70% پێكهاتەی كابینەی تەواوكردووە، لەم چەند سەعاتەی لەبەردەستیشیدا ماوە درێژە بەدیدارەكانی دەدات بۆ یەكلاكردنەوەی وەزارەت سیادییەكان كە هێشتا بەهەڵواسراوی ماونەتەوە بەهۆی ناكۆكی كوتلە سیاسیەكان كەبریتین لە وەزارەتەكانی( بەرگریی و ناوخۆ و دەرەوە و نەوت و دارایی)، ئەوە لەكاتێكدایە هەندێك لەسەرچاوەكان دەڵێن، عەبدولمەهەدی ڕەزامەندی لەسەر مەرجەكانی هەندێك لەو كوتلە سیاسیانە دەربڕیوە كە خاوەن كورسی زۆرن لەپەرلەمانی عێراق بەتایبەت هاوپەیمانی "سائیرون"  و هاوپەیمانی "فەتح" كە لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردودا كاریان كردوە بۆ ڕێكخستنی حكومەتی نوێ بەپێی پێوەرێكی هاوسەنگ لەنێوان كوتلە سیاسیەكان و خۆشیان پشكی شێریان بەركەتووە.

پارتی داوای چوار وەزارەت دەكات 

لەگەڵ ئەو فشارانەی لەچەندڕۆژی ڕابردودا عادل عەبدولمەهدی ڕوبەڕوی بۆوە، بەڵام بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەكان  ئاستەنگی سەرەكی كەهاتۆتە بەردەمی بەدیاریكراوی لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بووە و، مەرجی ئەوەی بۆ عادل عەبدولمەهدی داناوە كە چوار وەزارەتیان پێبدرێت و خۆشیان كاندیدی بۆ دەستنیشانبكەن نەك عەبدولمەهدی دەستنیشانی بكات، بەڵام تائێستا ڕوون نیە پارتی لەگەڵ عەبدولمەهدی گەیشتۆتە ڕێككەوتن یان نا.

ئەوناوانەی بڵاوكراونەتەوە ناڕاستن
 
بەقسەی كەسە نزیكەكانی عەبدولمەهدی بێت، وەزیرە بێلایەنەكان ڕێژەی لە 40% حكومەتەكەی پێكدێنن، زۆرینەی ئەوكەسانەشی دەستنیشاینكردون خەڵكی شارەزاو پسپۆڕی ناو وەزارەتەكانن، هاوكات ئەو ناوانەشی كە دزەیان كردۆتە ناو ڕاگەیاندنەكان بەناڕاست و لێكدانەوەی كیانە سیاسەكان وەسفدەكەن.
لەماوەی چەند سەعاتی ڕابردودا میدیا عێراقیەكان بەناوی سەرچاوەی نادیارەوە  زیاد لەلیستێكیان لەناوی وەزیرەكانی كابینەكەی "عادل عەبدولمەهدی" بڵاوكردەوە، بەڵام تائێستا نوسینگەی عەبدولمەهدی بەشێوەیەكی ڕەسمی هیچ لێدوانێكی لەبارەی ڕاستی و ناڕاستی ئەوناوانە بڵاونەكردووە، ئێوارەی دوێنیش مەكتەبی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردبو "تائێستا هچ بەربژێرێكیان بۆ وەزارەتەكانی بەغداد یەكلانەكردۆتەوەو ئەو هەواڵانەشی كەناڵی ڕوداو  لەوبارەیەوە بڵاویدەكاتەوە ناڕاستن".


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand