هاوپەیمانێتی ئاكەپە و مەهەپە كۆتاییهات
2018-10-23 13:49:05
( درەو میدیا):
هاوپەیمانێتی پارتی داد و گەشەپێدانی توركیا " ئاكەپە"ی دەسەڵاتدار و پارتی بزوتنەوەی نەتەوە پەرستی توركیا " مەهەپە" كۆتاییهات.
دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپە لە وتەیەكیدا لەبەردەم پەرلەمانتارانی حزبەكەی كۆتاییهاتنی هاوپەیمانی ئاكەپە و مەهەپەی راگەیاند و وتی:" هیچ سودێكی نییە ئەو هاوپەیمانێتییە بەردەوام بێت و هیچ ئەگەرێك نییە بۆئەوەی بۆ هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی مانگی ئازاری داهاتوو هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئاكەپە بكەن".
ئاكەپە و مەهەپە بۆ هەڵبژاردنی رابردووی سەرۆكایەتی و پەرلەمانیی توركیا كە حوەزیرانی رابردوو بەڕێوەچوو هاوپەیمانێتییان پێكهێنا و بە هەردوو حزب زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمانی توركیایان بەدەستهێنا.
بە گوێرەی هەواڵی میدیاكانی توركیا، هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانێتی نێوان ئاكەپە و مەهەپە بۆئەوە دەگەڕێتەوە، دەوڵەت باخچەلی داوای لە ئەردۆغان كردووە فەرمانی لێخۆشبوون بۆ چەند تاوانبارێكی نەتەوە پەرست دەربكات، بەڵام ئەردۆغان رەتیكردوەتەوە و رایگەیاندووە نایەوێت لە داهاتوودا ناوی وەك سەركردەیەك بهێنرێت كە بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ مافیا و تاوانبارانی مادە هۆشبەرەكان دەركردووە.
لایخۆشیەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا و سەرۆكی ئاكەپە لە وتەیەكیدا لە پەرلەمان رایگەیاند خوازیاربوو هاوپەیمانێتییان لەگەڵ مەهەپە بەردەوام بوایە، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی ئازاری 2019 بە جیا بەشداری دەكەن.