Draw Media

ئایا پارتی و یەكێتی زۆرینەی دەنگی هاوڵاتیانی هەرێمیان بەدەستهێناوە؟

ئایا پارتی و یەكێتی زۆرینەی دەنگی هاوڵاتیانی هەرێمیان بەدەستهێناوە؟

2018-10-22 18:37:02


راپۆرتی: محەمەد رەئوف
ئەگەر  لێكدانەوەیەكی وردتر بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكرێت و بایكۆت و دەنگی لایەنەكانی دەرەوەی دەسەڵات ئەژماربكرێت، پارتی و یەكێتی دەبنە كەمینە و بەپێی شیكارییەكی ( درەو میدیا)ش پارتی و یەكێتی پێكەوە نزیكەی ( 32%)ی دەنگی ئەو هاوڵاتیانەی هەرێمیان بەدەستهێناوە  كە مافی دەنگدانیان هەبووە بە دیوێكی تر 68%ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە دەنگیان بە پارتی و یەكێتی نەداوە.
 بەپێی ئاماری دەستەی ئاماری هەرێم ژمارەی دانیشتوانی هەرێم (5.577.815) پێنج ملیۆن و پێنج سەد و حەفتاو حەوت هەزارو هەشت سەدو پانزە كەسە، لەو ژمارەیە بۆ هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی 2018 پەرلەمانی كوردستان ( 3,088,642) سێ ملیۆن و هەشتاو هەشت هەزارو شەش سەدو چل و دوو كەس مافی دەنگدانیان هەبوو واتا لە 55%ی كۆی دانیشتوانی هەرێم مافی دەنگدانیان هەبووە .
بەپێی راگەیەندراوی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمیش ( 1.845.979 ) یەك ملیۆن و هەشت سەدو چل و پێنج هەزارو نۆسەد و حەفتاو نۆ كەس بەشداریان لە پرۆسەكەدا كردووە  کە دەکاتە رێژەی ( 59%).
لەو ژمارەیە (1.242.663) یەك ملیۆن و دوسەد و چل و دوو هەزارو شەش سەدو شەست و سێ كەس دەنگی نەداوە یاخود بایكۆتی هەڵبژاردنیان كردووە كە دەكاتە ( 41%)ی كۆی ئەو كەسانەی كە مافی دەنگدانیان هەبووە.
پارتی دیموكراتی كوردستان (686،070 ) دەنگی بەدەستهێناوە ئەگەر رێژەكە لە كۆی ئەوانە وەرگرین كە مافی دەنگدانیان هەبوە كە( 3,088,642) كەسە  دەكاتە ( 22.2%) كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە، واتا( 77.8%)ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبوە دەنگیان بە پارتی نەداوە وە دەنگەكانی پارتی تەنها لە 12%ی كۆی ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی هەیە لەكۆی ژمارەی دانیشتوانی هەرێم . 
یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیش(319،912) دەنگی بەدەستهێناوە رێژەكە لە كۆی ئەوانە وەرگرین كە مافی دەنگدانیان هەیە كە ( 3,088,642) كەسە  دەكاتە ( 10.3%) كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە ( 89.7%) دەنگیان بە یەكێتی نەداوە.
واتا بە یەكێتی و پارتی ( 32.5%)ی كۆی دەنگی ئەو هاوڵاتیانەی هەرێمیان بەدەستهێناوە كە مافی دەنگدانیان هەبووە، واتا ( 67.5%) هاوڵاتیان دەنگیان بە یەكێتی و پارتی نەداوە.
ئەمە سەرەڕای ئەوەی زۆربەی لایەنەكان جەخت لەوە دەكەنەوە كە تەزویر و ساختەكاریی كراوە، تەنانەت بەشیك لە ئەندامانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنیش دانیان بەوەدا نا  كە ساختەكاری كراوە ، ئەندامانی پارتی و یەكێتی لە كۆمسیۆن ئەنجامەكەیان پەسەند كرد رایانگەیاند ئەو دەنگانەی كە رەتكراونەتەوە بەهۆی ئەوەی گومانی لەسەر بووە دەستكاریكراوە: 
-    دەنگی هەژمار نەكراو ( 119617 ) سەد و نۆزە هەزارو شەش سەدو حەڤدە بەهۆی قردێلەی سورەوە كە ساختەكاری تیاكراوە.
-    دەنگی پوچەڵ ( 116383 ) سەدو شانزە هەزارو سێسەد و هەشتاو سێ.
-    دەنگی بەتاڵ ( 42432 ) چل و دوو هەزارو چوارسەدو سی و دوو.

لە كاتێكدا پارتی و یەكێتی هەمیشە بەناوی هاوڵاتیانی كوردستانەوە قسە دەكەن و بڕیار دەدەن و دەڵێن زۆرینەی هاوڵاتیانمان لەگەڵە ، بەڵام بەپێی ئەم شیكاری و لێكدانەوەیەی سەرەوە بێت پارتی 22% ی دەنگی هاوڵاتیانی لەگەڵە و یەكێتی 10%ی دەنگی هاوڵاتیانی  هەرێمی كوردستانی لەگەڵە، بەهەردووكیشیان لە 32%ی دەنگی هاوڵاتیانیان لەگەڵە، لە كاتێكدا 41%ی هاوڵاتیانی كوردستان بەهۆی نائومێدیان لە حوكمڕانی ئەوان بایكۆتیان كردووەو بەشێكی تریش دەنگی بەلایەنەكانی دەرەوەی ئەو دوو هێزە داوە. كە كۆی گشتی دەكاتە لە 68%ی هاوڵاتیان دەنگیان بەو دوو حزبە نەداوە.    

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand