سەدر: نەخێر بۆ دەنگدانی نهێنێ و دەموچاوە كۆنەكان
2018-10-24 09:52:34
( درەو میدیا):
موقتەدا سەدر، گەڕانەوەی دەموچاوە كۆنەكان و متمانەدان بە كابینەی نوێی حكومەت لەڕێی دەنگدانی نهێنی ڕەتدەكاتەوە.
ڕابەڕی ڕەوتی سەدر لە تویتێكدا كە ئەمڕۆ لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردوەتەوە ڕایدەگەیەنێت "نەخێر بۆ دەنگدانی نهێنی و نەخێر بۆ دابەشكردنی دەستكەوتەكان و نەخێر بۆ پشكێنە تائیفی و نەخێر بۆ دەموچاوە كۆنەكان و نەخێر بۆ هەژمونی دەرەكی و نەخێر بۆ گەندەڵی و گەندەڵكاران و نەخێر بۆ تۆراندنی گەل".
سەدر ڕاشیگەیاندووە: گەل دەیەوێت چاكسازی لە سیستمی حوكمڕانی بكرێت لەڕێی حكومەتی دەستپاكی باوكانەوە بە خەڵكانی تەكنۆكراتی بێلایەن كە سەرۆك وەزیران سەرپەرشتیان بكات، بەبێ هیچ فشارێك لەلایەن پارت و كوتلە سیاسییەكانەوە.
ڕابەڕی ڕەوتی سەدر داواشی لە سەرجەم كوتلە سیاسییەكان كردووە"دەست هەڵبڕن، چونكە گەل چاوی لە ئازادی و كەرامەتە و بێدەنگ نابێت".