هاوپەیمانی بەسەر سێ بۆچوندا دابەشبووە
2018-10-22 17:01:12
(درەو میدیا):
لەدوای گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستانو بەشدارینەكردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا، ئێستا چارەنووسی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەروەری لەبەردەم ئاسۆیەكی ناڕووندایە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، چەند رۆژێكە لەناو هاودیدەكانی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەروەری گفتوگۆی چڕ دەستیپێكردووە لەبارەی چارەنوسی حزبەكەیانەوە.
سێ بۆچونی جیاواز
(درەو میدیا) زانیویەتی، ئێستا هاودیدەكانی هاوپەیمانیو هاوڕێكانی پێشووی بەرهەم ساڵح لەبارەی چارەنوسی حزبەكەیانەوە دابەشبوون بەسەر سێ بۆچونی جیاوازدا.
بۆچونی یەكەم: ئەمانە داوا دەكەن هاودیدانی هاوپەیمانی هاوشێوەی بەرهەم ساڵحی سەرۆكی پێشووی هاوپەیمانێتییەكەیان بگەڕێنەوە بۆ ناو یەكێتی نیشتمانی.
بۆچونی دووەم: ئەمانە بۆچونیان وایە دەبێت هاوپەیمانی بەردەوام بێتو لەدوای رۆشتنی بەرهەم ساڵحەوە جارێكی تر خۆی رێكبخاتەوەو ئامادەكاری بۆ قۆناغی ئایندەی كاری سیاسی بكات.
بۆچونی سێیەم: ئەم بۆچونە داوا دەكات هاوپەیمانی هەڵوەشێندرێتەوەو كۆتایی بە خولی ژیانی نوێترین حزب لەسەر گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستان بهێنرێت.
سێ گروپو یەك چارەنوس
ئەو سێ بۆچونەی كە لەناو هاوپەیمانێتیدا هەن سەبارەت بە چارەنوسی حزبەكەیان، دابەشبوون بەسەر سێ گروپی جیاوازدا، كە لەدوای رۆشتنی بەرهەم ساڵحەوە لەناو هاوپەیمانیدا ماونەتەوە.
گروپی یەكەم:
ئەم گروپە پێكدێت لە پاشخان ئیسلامییەكان، ئەمانە لەگەڵ ئەوە نین بچنە ناو یەكێتیو دەیانەوێت هەرچۆنێك بێت هاوپەیمانی بمێنێتەوەو بەردەوام بێت.
گروپی دووەم:
ئەم گروپە پێكدێن لەوانەی كە لەناو یەكێتییەوە هاتوونو پێشتر پۆستی باڵاو مامناوەندییان هەبووە لەناو یەكێتیداو ئێستا دەیانەوێت هەرچۆنێك بێ بگەڕێنەوە بۆ ناو حزبی دایكو پۆستەكانیان وەرگرنەوە.
گروپی سێیەم:
ئەم گروپە بریتین لەو گەنجە ناڕازییانەی كە بەشێكیان پێشتر یەكێتی بوونو بەشێكی تریان گەنجانی ناڕازی دەرەوەی حزبەكان بوون، ئەمانە دەیانەوێت بەمەرجەوە بچنە ناو ریزەكانی یەكێتییەوە.
گفتوگۆیەكی نهێنی!
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئەو گروپەی ناو هاوپەیمانی كە پێشتر لەناو یەكێتی پۆستیان هەبووە، لە ماوەی رابردوودا چەندجارێك لەگەڵ سەركردەكانی یەكێتی كۆبونەتەوە بەمەبەستی گەڕانەوە، بەڵام سەركردەكانی یەكێتی لەگفتوگۆكانیاندا لەگەڵ ئەو گروپە زۆر جدی نەبوون، رەنگە ئەمەش بەهۆی ئەوە بێت دوای گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح چیتر هاوپەیمانی ئەو جادووەی نەماوە كە یەكێتی ترسی لێی هەبێت.
داوای رۆڵی بەرهەم ساڵح دەكرێت
گروپی سێیەم لەناو هاوپەیمانی واتە ئەو گروپەی كە پێكهاتوون لە گەنجە ناڕازییەكانو هەندێكیان پێشتر یەكێتی بوون، نیگەرانن لە كۆبونەوەی گروپی یەكێتییە كۆنەكان لەگەڵ سەركردایەتیو یەكێتی.
ئەم گروپە داوا دەكەن، هاودیدانی هاوپەیمانی بەشێوەیەكی راستەوخۆو وەكو حزبێكی جیاواز گفتوگۆ لەگەڵ یەكێتیدا بكەن بۆ گەڕانەوە بۆ ناو یەكێتی، نەك وەكو كادری پێشووی یەكێتی.
ئەم گروپە پرۆژەیەكیان ئامادەكردووەو بۆ گەڕانەوە بۆ ناو یەكێتیو داوا دەكەن لە گفتوگۆكاندا زامنی جێبەجێكردنی بكرێت، كورتەی پرۆژەی ئەم گروپە خۆی لە دوو خاڵدا دەبینێتەوە:
یەكەم: بەفەرمی لەگەڵ یەكێتی دانیشتنو گفتوگۆ بكرێت وەك قەوارەیەكی سیاسی، نەك وەك گروپێك كە پێشتر لەناو یەكێتی بوون.
دووەم: سەرۆكی پێشووی قەوارەی هاوپەیمانی (بەرهەم ساڵح) خۆی سەرپەرشتی دانیشتنو گفتوگۆكان بكات لەگەڵ یەكێتی.
ناڕەزایەتی لەناو یەكێتیدا
(درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە زانیاری دەستكەوتووە، لەناو یەكێتی ناڕەزایی دروستبووەو داوا دەكرێت ئەو گروپەی كە پێشتر یەكێتییان جێهێشتووەو چونەتە ناو هاوپەیمانییەوە، بەهەمان پۆستی پێشووتریانەوە لە یەكێتی وەرنەگیرێنەوە، چونكە بەوتەی ئەوانەی بانگەشە بۆ ئەم بۆچونە دەكەن، ئەو هاودیدانەی هاوپەیمانی بەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان نەگەڕاونەتەوە بۆ ناو یەكێتیو گەڕانەوەی ئێستایان بێسودە.