ریفراندۆم.. پرۆسەیەك هەرێمی بچوكو پارتی گەورە كرد
2019-09-24 16:57:38
راپۆرت: فازل حەمە رەفعەت – محەمەد رەئوف
ریفراندۆم سنوری ئیداریو دەسەڵاتی هەرێمی كوردستانی بچوككردەوە، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان گەورە كرد، یەكێتی نیشتمانی كوردستان دۆڕاوی گەورەی ریفراندۆم بوو، پشتیوانی ریفراندۆمی كرد، بەڵام وەكو "خیانەتكارێك" لە پرۆسەكە كرایە دەرەوە.
ریفراندۆم وەك بۆنەیەكی نیشتمانی
پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەكاری دەكات بۆ یادكردنەوەی پرۆسەی ریفراندۆمو دەیەوێت لە یادی دوو ساڵەی ریفراندۆمدا لە زورینەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان مەراسیمو بۆنەی تایبەت رێكبخات.
پارتی كە خۆی رێبەرایەتی ریفراندۆمی كرد، وردە وردە دەیەوێت رۆژی 25ی ئەیلول بكات بە رۆژێكی نیشتمانی لە پاڵ رۆژەكانی تردا، دورنییە لە داهاتوودا بە یاسایەك لە پەرلەمانی كوردستانەوە ئەم رۆژە نەكات بە پشووی فەرمی.
ئەمساڵ بۆ یەكەمجار لە ناو پەرلەمانی كوردستانەوە رێز لە یادی ریفراندۆم دەگیرێت، رێواس فایەق سەرۆكی پەرلەمان كە سەربە یەكێتی نیشتمانییە، سبەینێ دانیشتنی پەرلەمان بە خوێندنەوەی وتارێك لەبارەی یادی دوو ساڵەی ریفراندۆمەوە دەستپێدەكات.
ریفراندۆم.. لە خەونەوە بۆ كاڵا
هەموو وڵاتانی زلهێزی جیهانو ناوچەكە لەوانە، ئەمریكا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، توركیاو ئێران، تەنانەت نەتەوە یەكگرتووەكانیش داوایان كرد دەستبەرداری ریفراندۆم ببێت، بەڵام مەسعود بارزانی قسەكەی خۆی بردەسەرو لە وادەی دیاریكراودا ریفراندۆمی كرد، ئەوكات خەونی سەربەخۆییو جیابونەوە لە عێراق تەواوەتی دیمەنەكەی داگیركردبوو، بەڵام ئێستاو دوای دوو ساڵ ریفراندۆم تەنیا وەكو كاڵایەكی بانگەشە ماوەتەوە كە پارتیو سەركردەكانی دەیانەوێت لەڕێگەوە زیاتر جڵەوی پرسی كێشە نەتەوایەتییەكانی كورد بكەن لە عێراقو ئەو پرسە لە چنگی خۆیاندا بهێڵنەوە، وەك چۆن بەهۆی ریفراندۆمەكەوە پارتیو بارزانی ئاڵای شەڕی نەتەوایەتییان لەدەستی هێزەكانی تر سەندەوە.
ئێستا پارتیو سەركردەكانی لەڕێگەی تەقدیسكردنی ریفراندۆمەوە دەیانەوێت وای نیشان بدەن هێشتا دەستبەرداری خەونی سەربەخۆیی نەبوون، بەڵام بە كردار دانیان بە شكستی ریفراندۆمدا ناوەو گەڕاونەتەوە بۆ بەغداد.
بەرهەمی ریفراندۆم
ریفراندۆم بەكارهێنانی كارتێكی بەهێزو مێژوویی كورد بوو بۆ سەربەخۆیی، بەكارهێنانی ئەو كارتە لە كاتێكی نەگونجاودا (نەگونجاو بەو واتایەی ئەوكات زۆرینەی وڵاتانی زلهێزی جیهان دژی ریفراندۆمەكە بوون، جگە لە ئیسرائیل كە بە فەرمی پشتیوانی كرد، روسیاش تا كۆتایی هەڵوێستی خۆی یەكلانەكردەوە)، وایكرد كورد بۆ ماوەیەكی درێژ جارێكی تر نەتوانێت بەئاسانی پەنا بۆ بەكارهێنانی ئەو كارتە بباتەوە.
بارزانی كە رێبەرایەتی ریفراندۆمی كرد، بۆ سازدانی ریفراندۆم هیچ زەمانەتێكی نێودەوڵەتی وەرنەگرت، تەنیا شەڕی پێشمەرگەی دژ بە چەكدارانی "داعش" كرد بە سیمبولی جیابونەوە، بەڵام ئەمە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی قایل نەكرد.
بەرهەمی ریفراندۆمو هەوڵی سەربەخۆیی لەدەستدانی رێژەی 51%ی خاكی كوردستان بوو لە "16ی ئۆكتۆبەر"و رۆژانی دواتریدا، سەرباری ئەمە هەرێمی كوردستان بۆ ماوەیەكی درێژ كەوتە ژێر سزای عێراقو ئێرانو توركیاو ئاسمانو زەوی لێداخرا.
ریفراندۆم پارتی گەورە كرد ؟
هەرێمی كوردستان بە گشتی لەسەر ئاستی دەرەوە بە زیان لە پرۆسەی ریفراندۆم دەرچوو، بەڵام لەسەر ئاستی ناوخۆ، پارتی دیموكراتی كوردستان كە سەرۆكەكەی رێبەرایەتی رێفراندۆمەكەی كرد، دەستكەوتی سیاسی گەورەی چنییەوە.
پارتی لە یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەدوای ریفراندۆمەكەوە، بوو بە گەورەترین حزب لەسەر ئاستی عێراقو (28) كورسی پەرلەمانی بردەوە، كە هیچ حزبێك بە تەنیا نەیتوانی ئەو ژمارە كورسییە بباتەوە.
دواتر پارتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا بەهەمان شێوە بوو بە هێزی ژمارەیەكو بێ ركابەرو ژمارەی كورسییەكانی لە (38) كورسییەوە كرد بە (45) كورسی، پارتی لە هەردوو هەڵبژاردنەكەدا كەیسی ریفراندۆمی بەشێوەیەكی بەهێز بەكارهێناو دەنگی دەنگدەرانی بۆ خۆی راكێشا، واتە ریفراندۆم لەبری بچوككردنەوە، پارتی گەورە كردو كردی بە حزبی حاكم.
لەبەرامبەردا یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە لە ریفراندۆمدا پاڵپشتی پارتیو بارزانی كرد، بە زیان لە پرۆسەكە دەرچوو، پارێزگای كەركوكی لەدەستدا، پارێزگایەك كە لەدوای دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، بەردەوام خاڵی پارسەنگ بوو بۆ یەكێتی، لەڕووی سیاسیشەوە نە توانی ببێت بە خاوەنی شانازییەكانی ریفراندۆم، نە توانی دوای ریفراندۆمیش بەڕەكە لەژێر پێی پارتی راكێشێتو وەكو نوێنەری كورد لە عێراق خۆی پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغداد رێكبخاتەوە، سەرباری هەموو ئەمانەش، پارتی دەیەوێت لەڕێگەی رووداوەكانی "16ی ئۆكتۆبەر"ەوە بەرپرسیارێتی شكستی ریفراندۆمەكە بخاتە ئەستۆی یەكێتیو تۆمەتێكی تری "خیانەت" لە مێژوودا لەسەر یەكێتی ساغ بكاتەوە.
دوو ساڵ دوای ریفراندۆم
دوای دوو ساڵ لە ریفراندۆم، ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان چاوی لەوەیە لە بودجەی گشتی عێراق زامنی موچەی فەرمانبەرانی بكات، واتە لە خەونی جیابونەوەوە پاشەكشێی كردووە بۆ خەونی زامنكردنی موچە.
ئێستا شەڕی گەورەی بەرپرسانی هەرێم، لەسەر چارەنوسی نەوتو بودجەیە، نەك ئەو خاكەی كە لەدوای ریفراندۆمەوە لەدەستدرا.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، مەسعود بارزانی هێشتا لەسەر هەمان بیرۆكەی رۆژانی پێش ریفراندۆمەو لەگەڵ ئەوەدا نییە حكومەتی هەرێم كە كوڕەكەی سەرۆكایەتی دەكات (مەسرور بارزانی) نەوت رادەستی بەغداد بكاتو لەبری ئەوەی بودجە لە عێراق وەرگرێت، بارزانی رادەستكردنی نەوت بە بەغداد وەكو "شكاندنی ئیرادەی هەرێمی كوردستان" لێكدەداتەوە، ئیرادەیەك كە خۆی بەر لە كێشەی نەوت، لە پرسی ریفراندۆمو سەربەخۆیدا وردوخاش كرا.
دوای ساڵێكو دوو مانگ لە ریفراندۆم، مەسعود بارزانی سەردانی بەغدادی كرد، دوای ئەم سەردانە ئیتر پارتی گەڕایەوە سەر ئاڕاستە كۆنەكەی پێش ریفراندۆمو كەوتەوە ناو شەڕو ململانێ لەگەڵ لایەنە كوردستانییەكان لەسەر كێكەكەی بەغداد.
پارتی بۆ یەكەمینجار لەدوای شكستی ریفراندۆمەوە، كاندیدی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق پێشكەش كرد (فوئاد حسێن)، شەڕی گەورەشی كرد پۆستی سەرۆك كۆمار وەرگرێت، پاشان لەسەر پۆستی وەزیری دادی عێراق چەند مانگێك لەگەڵ یەكێتی كێڵای.
دواین چیرۆكی ریفراندۆم
دواین چیرۆكی پشتی پەردەی ریفراندۆم، ئەیاد عەلاوی جێگری پێشووی سەرۆك كۆمار عێراق گێڕایەوە.
مانگی ئایاری ساڵی رابردوو، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (الغد)ی ئوردنی، عەلاوی ئاشكرایكرد، دوای ئەوەی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا ریفراندۆم بكات، سەردانی شا عەبدوڵای دووەم پادشای ئوردنی كردووە، بەوپێیەی سەرۆكی لوتكەی عەرەبی بووە، داوای لێكردووە كارێك بكات بۆ رێگرتن لە دابەشبوونی عێراق.
وەكو خۆی لەو چاوپێكەوتنەدا باسی دەكات، شا عەبدوڵا بە عەلاوی وتووە، دەتوانین چ كارێك بكەین بۆ رێگرتن لە دابەشبوونی عێراق، لەبەرامبەردا عەلاوی داوای لێكردووە دوور لە چاوی میدیاكان هەریەكە لە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقو مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بانگهێشتی عەممان یان عەقەبە بكاتو پاڵپشتیان بكات بۆ ئەوەی دابنیشنو كێشەكان چارەسەر بكەن، شا عەبدوڵا پێشنیازەكەی قبوڵكردووە، دوای چەند كاتژمێرێك شا عەبدوڵا تەلەفۆنی بۆ كردووەو ئاگاداری كردووە لەوەی مەسعود بارزانی ئامادەیە بۆ ئەو دیدارە بێتە ماڵی شا لە عەقەبە، دواتر پەیوەندی بە حەیدەر عەبادییەوە كردووە، بەڵام عەبادی مەرجی هەبووەو وتویەتی بەر لە دەربڕینی رەزامەندیم بۆ ئەو كۆبونەوەیە، دەبێت بارزانی بچێتەسەر تەلەفزیۆنو داوای لێبوردن بكات.
هەر لەو چاوپێكەوتنەدا ئەیاد عەلاوی دەڵێ" سێ رۆژ بەر لە ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ بارزانی بە زمانێكی توند قسەی كردووەو پێی وتووە:" كەركوك هێڵی سورە، ریفراندۆم هەنگاوێكی شكستخواردووە، پێویستە لەسەرت بۆ عێراقییەكانی ئاشكرا بكەیت چۆن گەیشتویت بەم بڕیارە، بارزانی وەڵامی دایەوەو وتی: حكومەت وەكو سەگ مامەڵەمان لەگەڵ دەكات، بۆچی لە عێراق بمێنینەوە ؟".
لە وەڵامی پرسیارێكی رۆژنامەكەدا سەبارەت بەوەی بۆچی بارزانی سوربوو لەسەر ئەوەی ریفراندۆم بكات، عەلاوی دەڵێ:" هەڵەی كرد، ئەوە پلانگێڕی بوو، نامەوێت بچمە ناو ئەو بابەتەوە".