یەكێتی ژمارەیەك كەناڵی نافەرمی خۆی دادەخات
2019-09-25 18:33:51
درەو میدیا:
یەكێتی نیشتیمانی كوردستان سەرچاوەی دارایی ژمارەیەك لە كەناڵە میدیاییە نافەرمییەكانی رادەگرێت و بەشێك لەو میدیایانەش بەناچاری دادەخرێن.
چەند رۆژێكە سایتی تۆڕی هەواڵی سلێمانی ( SNN ) لەكاركردن راوەستاوە، بەپێی زانیارییەكانی ( درەو میدیا) دەزگای میدیایی كوردسات كە لە پێنج كەناڵ پێكهاتووە لەگەڵ دامەزراوەی خاك، لەبەردەم ئەگەری داخستندان.
ئەم دامەزراوانەی كە رووبەرووی مەترسی داخستن بونەتەوە، ئەو دامەزراوانەن كە لەلایەن (هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد) هاوسەری (جەلال تاڵەبانی) و ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیەوە سپۆنسەر دەكران، بەڵام ئێستا بەهۆی دووركەوتنەوەی (هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد) لە شانۆی سیاسی، پشتیوانی سیاسی و داراییان لەدەستداوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەدوای دووركەوتنەوەی (هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد)ەوە سەرچاوەی دارایی ئەم دامەزراوانە رادەستی دارایی گشتی یەكێتی كراوە، یەكێتی ئێستا لە رێگەی لیژنەیەكەوە بەناوی (لیژنەی دارایی) سەرقاڵی كۆكردنەوەو رێكخستنەوەی سەرچاوە داراییەكانییەتی، لیژنەی دارایی بڕیاریداوە ئەو دەزگایانەی كە راستەوخۆو بەفەرمی سەربە مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی نین و سەربە كارەكتەرەكانی ناو حزبن، سەرچاوەی داراییان لەناو حزبدا ببڕێت، بۆیە دامەزراوەكانی (هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد) بڕیارەكە گرتونیەتیەوە.
لەیەكەم كاردانەوەشدا (شاناز ئیبراهیم ئەحمەد) خۆشكی (هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد) لە تۆری كۆمەڵایەتی فەیس بووك پۆستێكی بڵاوكردۆتەوەو نوسیویەتی(كوردسات یادگاری دادە و مام جەلالە وەك بیلبیلەی چاومان دەیپارێزین).
( درەو میدیا) زانیویەتی بەرپرسانی یەكێتی نیگەرانن لە سیاسەتی كەناڵی كوردسات، كە هەواڵ و چالاكی بەرپرسانی یەكێتی بڵاوناكاتەوە، بەدیاریكراویش هەواڵ و چالاكیەكانی (كۆسرەت رەسوڵ عەلی) جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی و (بەرهەم ئەحمەد ساڵح) سەرۆك كۆمار و جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی بڵاوناكاتەوە.
بەپێی زانیاریەكانی( درەو میدیا) ئێستا كارمەندانی ( SNN) موچەی پێنج مانگ و كەناڵەكانی كوردسات موچەی چوار مانگیان دەكەوێتە لای دەزگاكانیان و چاوەڕەوانن بۆیان بگەڕێننەوەهەرچەندە لەژێر فشاردا ئەمڕۆ موچەیەكی كارمەندانی كوردستان دراوە.