Draw Media

كۆمپانیای گارێكس كارەكانی خۆی راگرت

كۆمپانیای گارێكس كارەكانی خۆی راگرت

2019-09-25 15:19:42


(درەو میدیا):
ئەو كۆمپانیایەی كە كاری پاككردنەوەی زبڵ‌و خاشاك دەكات لە پارێزگای هەڵەبجە‌و شارەزوورو پێنجوێن كارەكانی راگرتووە، ئەگەر كێشەكەی چارەسەر نەكرێت، لەماوەی هەفتەیەكدا زبڵ لەو ناوچانە كۆدەبێتەوە‌و دەبێتە هەڕەشە لەسەر تەندروستی گشتی.
سەركۆ ئازاد گەڵاڵی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە یاداشتێكدا كە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و لایەنە پەیوەندیدارەكانی ناردووە، داوایان لێدەكات فریای ژینگەو پاك خوێنی شاری هەڵەبجەو قەزاكانی شارزوورو پێنجوێن‌و سەیدسادق بكەون.
ئەو پەرلەمانتارە باسلەوە دەكات، ‎كۆمپانیای "گارێكس" ئەركی هەڵگرتنەوەی خۆڵ‌و خاشاكی پارێزگای هەڵەبجەو قەزای پێنجوێن‌و ناحیەو گوندەكانی‌و قەزای سەیدسادق‌و ناحیەو گوندەكانی‌و قەزای شارەزوورو ناحیە و گوندەكانی لەئەستۆگرتووە، مانگی یەكی ئەمساڵ ماوەی گرێبەستەكەی تەواو بوو و درێژ كرایەوە تا مانگی حەوت، ئەو ماوەش تەواو بوو، ‎تائێستاش بەردەوامە لە ئیش، بەبێ ئەوەی ماوەشی بۆ درێژ بكرێتەوە یان كۆمپانیای تازە دەستبەكار ببێت.
وەكو لە یاداشتەكەدا هاتووە، كۆمپانیای "گارێكس" ‎ماوەیەك پێش ئێستا كارەكانی بۆ دوو رۆژ راگرتووە‌و گرفتێكی زۆری دروستكردووە، بەهەوڵی هەموو لایەك سولفەیەك بۆ كۆمپانیاكە سەرفكراوەو دەستی بەكار كردەوەتەوە بەبێ ئەوەی چارەسەری كۆتای بكرێ، بەڵام ‎دوێنی دووبارە كارەكانی راگرتوەتەوە.
ئازاد سەرۆك گەڵاڵی دەڵێ:" ئەگەر كێشەكە چارەسەر نەكرێت، بۆماوەی یەك هەفتە زبڵی ماڵان‌و بازاڕ فرێنەدرێت، ئەو شارانە ژیانی تێدا قورس دەبێت.. چارەسەر ئەوەیە بە خێرایی لایەنی پەیوەندیدار بێتە سەرخەت‌و گرێبەست لەگەڵ هەر كۆمپانیەك بكات یاخود گرێبەست درێژ بكرێتەوە".
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand