مەسرور بارزانی كابینەی یاریدەدەر درووست دەكات
2019-09-27 18:08:47
درەو میدیا:
مەسرور بارزانی جگە لە جێگری سەرۆكی حكومەت پێنج یاریدەدەر بۆ خۆی دیاری دەكات، بەم هەنگاوەش كابینەكەی دەبێتە كابینەی یاریدەدەر.
جیاواز لە كابینەكانی پێشووی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كابینەی نۆیەمدا ( یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت) وەك پۆستێكی نوێ و بە ژماریەكی زۆر دیاریكراوە، كە ئەمەش لە گفتوگۆ و رێككەوتنی نێوان لایەنەكاندا بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان باس نەكراوەو رێككەوتنی لەسەر نەكراوە، تەنها رێككەوتن لە سەر جێگری سەرۆكی حكومەت( قوباد تاڵەبانی ) كە لە پشكی یەكێتی دەبێت، یاریدەدەرێك بۆ سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی، ئەویش دوای دەركردنی یاسایەك لە پەرلەمانی كوردستان لە پشكی بزووتنەوەی گۆڕان دەبێت.
بەڵام تا ئێستا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان فەرمانی بۆ چوار یاریدەدەر دەركردووە، بۆ كاروبارەكانی ( وزە، وەبەرهێنان و راژەی گشتی، تەندروستی، دارایی و ئابوری)، فەرمانەكان راستەوخۆ لەلایەن مەسرور بارزانیەوە دەركراوە بەبێ رێككەوتن لەگەڵ لایەنەكانی بەشدار لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە بریتین لە:
• ئاشتی هەورامی یاریدەدەرێك بۆ كاروباری وزەو سامانە سروشتیەكان
• رێباز حەملان یاریدەدەرێك بۆ كاروباری وەبەرهێناو راژەی گشتی
• محەمەد حاجی یاریدەدەرێك بۆ كاروباری تەندرووستی
• د. رانیا مەجید یاریدەدەرێك بۆ كاروباری ئابوری
• یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی كە پشكی بزوتنەوەی گۆڕانەو هێشتا دیاری نەكراوە
بەپێی زانیارییەكانی(درەو میدیا) هەریەك لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و بزتنەوەی گۆڕان نیگەرانن لە دیاریكردنی ئەو ژمارە زۆرەی یاریدەدەر بۆ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێیان وایە سەرەڕای ئەوەی لە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتدا گفتوگۆ لەسەر یاریدەدەرەكانی سەرۆكی حكومەت نەكراوە، لە هەمانكاتدا ئەو لایەنانە گومانیان هەیە كە دیاریكردنی ئەو یاریدەدەرانە بۆ سنورداركردنی دەسەڵاتی وەزیرەكانیان بێت لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان.