Draw Media

فازڵ میرانی: ئەنجومەنی باڵای حزبەكان پێشنیازی یەكگرتوو بوو

فازڵ میرانی: ئەنجومەنی باڵای حزبەكان پێشنیازی یەكگرتوو بوو

2019-09-25 06:30:10


(درەو میدیا): 
"لەگەڵ یەكێتی پەیوەندیمان ئەوەندە بەهێزە بە شتێكی وا تێكناچێت، ئەوەی من ئاگادارم دەڵێن كاك مەحمود تەحەمولی  نەكردووە ... ئێمە دژی درووستكردنی ئەنجومەنێك نین بۆ حزبەكان و ئەم ئەنجومە یارمەتیدەرێكی باش دەبێت بۆ حكومڕانیەكی باش) ئەمە وتەی فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانە كە بۆ دەنگی ئەمریكای كردووە.
 میرانی لەسەر روداوی رێگرتن لە مەحمود سەنگاوی دەڵێت" لەگەڵ وشەی ڕێگرتن نیم لە "مەحمود سەنگاوی" بەڵكو ئەوەی من ئاگادارم دەڵێن كاك مەحمود "تەحەمولی" نەكردووە تا پەیوەندییەك بكرێت گوایە "قافڵەیەكی" زۆری ئۆتۆمبێلی لەگەڵ بووە، ڕاستە كاك مەحمود پێشتر هەندێك قسەی كردبوو ئێمە هەموومان پێی ناڕەحەت بوین بەندەش یەكێك بوو لەوانەی پێی ناڕەحەت بوو، بەڵام بەرژەوەندی هەردوولامان و كوردستان و خوێنی شەهیدەكانمان لە ئێمەی "ئەشخاس" گرنگترە جا ئێمە ئەندامی مەكتەبی سیاسین یا هەر پۆستێك."
سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی بانگەشەی دوو ئیدارەیی شەڕی براكوژی بە بێبنەما لەقەڵەم دەدات" لەڕاگەیاندنەكانەوە گوێم لێبووە، گوایە یەكێتی لەحكومەت دەكشێتەوە، یا شەڕی براكوژی دەست پێدەكاتەوە، یا هەندێك نەفام و كاڵفام كە ڕەنگە دەستی خەڵكی تری تێدابێت تەقەیان لەبارەگای لقی چوار لەسلێمانی كرد وە تەقەیان لە كۆمیتەیەكی یەكێتی كرد لەهەولێر كە خۆشبەختانە هەردولایان گیراون، جا ئەمانە هیچ بنەمایەكی نیە چونكە ئەم دوو حیزبە (پارتی و یەكیتی" ئەزمون دیدەن و بەرپرسیارێتی لەوە گەورەتریان لەسەر شانە وەشتێكی گەورەیان بەدەست هێناوە ئەمڕۆ كە فیدراڵی كوردستانە، لەبەر ئەوە وەك كوردەواری دەڵێ " باران دیدەن ئەم دوو حیزبە" بەهەورێكی بەهاران تەڕنابن، واتە پەیوەندیمان ئەوەندە بەهێزە بە شتێكی وا تێكناچێت، ڕاستە ئێمە خاڵی جیاوازیمان لەزۆر مەسەلەدا هەیە بەڵام خاڵی هاوبەشمان ئێجگار زۆرە دەكرێت جیاوازیمان هەبێت بەڵام دەبێت كۆببینەوە ناكرێت لەبەر ئەوەی جیاوازیمان هەیە كۆنەبینەوە."
میرانی دژایەتی خۆی بۆ زۆنی سەوز و زەرد نیشان دەدات" لەڕاستیدا ئێمە خۆمان دژی زۆنی زەرد و سەوزین پێمان باشە زۆنەكان بكەینە یەك ببێتە زۆنێكی زەیتونی كوردستانی بۆ هەموو كوردستان، چونكە بەرنامەی هەڵبژاردنی ئێمە ئەوەبوو كە حكومەتێكی بەهێز لەكوردستانێكی بەهێزدا بێت"

"ئەنجومەنی سیاسی حزبەكان پێشنیازی یەكگرتوو بوو"

سەبارەت بە بۆچونی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئەنجومەنێك بۆ لایەنە سیاسیەكان؟ فازڵ میرانی دەڵێت" بۆچونی فەرمی ئێمەش پێویستی بە گفتوگۆكردن هەیە لە سەركردایەتی كە هێشتا گفتوگۆمان نەكردووە لەوبارەیەوە، بەڵام ئێمە   دژی دروستكردنی ئەو ئەنجومەنە نین چونكە ئەزمونێكی پێشتر هەبوو كە ئەسڵی پێشنیارەكە لە برایانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانەوە بوو هەموو حیزبەكان ڕەزامەندبووین و كاریشی بۆكرا خودی "مامۆستا سەڵاحەدین بەهائەدین" كاری بۆی كرد ولە كۆبونەوەیەكدا بۆی شیكردینەوە، دەمەوێت ئەوەش بڵێم ئەم ئەنجومەنە هەرگیز "بەدیلی" پەرلەمان و حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم نیە لەهەموو دنیادا ئەم ئەنجومەنانە هەن ئەمە بۆ بابەتی ستراتیژییە شەخسی یەكەمی حیزبەكان دادەنیشن كە ڕاسپاردەیەك بدەنە سەرۆكایەتی حكومەت و هەرێم و پەرلەمان ئەوە بەهێزكردنی ئەم حكومەتەیە ناتوانێت بڕیار بدات، هەندێك توانج هەیە كەدەڵێن سودی چیە كە بڕیار نەدات؟ وەڵام ئەوەیە خۆ هیچ قازانجی نەبێت ئەو قازانجە گرنگەی هەیە كە بەشێوەیەكی دەوری كە ئەو ئەنجومەنە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی خۆیان دایدەنێن كەسی یەكەمی حیزبەكان لە شوێنێك كۆدەبنەوە كە قسە و گللەیی و گازاندەی خۆیان دەكەن و نانێك پێكەوە دەخۆن كە بێ ئەو ئەنجومەنە ڕەنگە بە مانگ و ساڵەكان ئەو حیزبانە پێكەوە كۆنەبنەوە."
سەبارەت بە سەرۆكایەتیكردنی ئەنجومەنەكە فازڵ میرانی رایدەگەیەنێت" بەبۆچونی من ئەگەر ئەو ئەنجومەنەمان پێكهێنا سەرۆكایەتیەكەی گرفت نیە، لەناو خەڵكی كوردستان و حیزبەكاندا خەڵكی زانا و شایستە زۆرن بەڵام من دەڵێم "مێژوو، جوگرافیا ، توانا واتە ئەزمون" خۆی فەرز دەكات كە "ئەولەویەت" بۆ ئەو بێت واتە بۆ خاوەنی ئەو سیفەتانە بێت ، ئەویش "جەنابی سەرۆك بارزانی" یە، "ئێ خۆ ئەگەر "سەرۆك بارزانی" نەبێت ئەی كێ بێت؟ خۆ من نابم، دەتانەوێت من بم ئێ وەڵا من نابم !" هەردەبێت جەنابی سەرۆك بارزانی بێت ئەو سیفەتانە له جەنابیاندایە."

سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەشی وت " ئێمەی كورد دەبێت خەڵك بۆ پۆست و ئیش بدۆزینەوە نەك پۆست و ئیش بۆ خەڵك بدۆزینەوە، "وە جەنابی سەرۆك بارزانی" ئەگەر پۆست و ئیش پێویستی بەو نەبێت، ئەو پێویستی بە ئیش و پۆست نیە چونكە مێژوو وە توانا وە پێگەی خۆی هەیە بۆیە ئەگەر ئێمە پێویستمان بەو نەبێت ئەو پێویستی بە ئێمە نیە بیكەینە سەرۆكی ئەو ئەنجومەنە."
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand